• Google Plus
  • Rss
  • Youtube
October 17, 2021

لیبراڵیزمی سیاسی و لێکدانەوەی لیبراڵیستی لە ئایین: ڕووناکبیرانی ئایینی لە ئێران

توێژەر: د. ئازاد حاجی ئاقایی

بۆ بینینی بابه‌ته‌كه به‌ PDF‌ كلیك له‌م به‌سته‌ره‌ بكه‌:- وەرزنامەی ئێرانناسی ژمارە (١) تشرینی یه‌كه‌می ٢٠٢١ ساڵی یەکەم.

بەرایی

شۆڕشی ساڵی ١٩٧٩ی ئێران لە ئاکامی ڕەوتی سیاسی-کۆمەڵایەتی و هاوکێشەکانی هێز، سەقامگیربوونی دەسەڵاتێکی ئایینیی لێ کەوتەوە. دەسەڵاتی نوێ خۆی وەک دەوڵەتی کۆماری ئیسلامی ڕاگەیاند و هەوڵی ئەوەی ‌دا دەستوور لەسەر بنەمای شەریعەت بنووسرێتەوە و لەناو ژیانی ڕۆژانەی خەڵکیشدا شەریعەت پەیڕەو بکرێت. ئاڵوگۆڕەکانی کۆمەڵگای ئێرانی، دوای شەڕی ئێران-عێراق، وەدیارکەوتنی چینی ناوەندی و ویستی گونجان لەگەڵ نۆرمە جیهانییەکان، وای کرد دیسکۆرسی ئیسلامی سیاسیی دەسەڵاتدار لە زۆر لاوە تووشی ئاڵو‌گۆڕ بێت و هەر لە ناوخۆی ئێرانەوە خوێندنەوە و تەفسیری نوێ لە ئیسلام و چەشنی پەیوەندیی ئایین لەگەڵ سیاسەت؛ مشتومڕی لەسەر بکرێت. لە دووتوێی ئەم ئاڵوگۆڕانەدا دیسکۆرسێک لەژێر ناوی ڕووناکبیری دینی سەری‌هەڵدا، بە بڕوای ئەم ڕووناکبیرە ئایینییانە ئیسلام وەک ئایین بەپێی گۆڕانی کۆمەڵایەتی، هەروەک کڵێسای کاسۆلیکی، توانای ڕیفۆرمی لەناو خۆیدا هەیە و دەکرێ نۆژەن بکرێتەوە. هەوڵدانەکان بە گۆشەنیگایەکی دەرەوەی ئایین خوێندنەوەی کتێبی پیرۆز و نەریتی ئیسلامیان دەست پێ کرد و لەم ڕەوتەدا هەوڵ‌ درا بە کەڵکوەرگرتن لە ئەزموونی مامەڵەی ڕۆژئاوا لەگەڵ ئایین، چەشنە ڕیفۆرمێک لەناو ئایین لە پەیوەندی لەگەڵ دەسەڵاتی سیاسی پێک بهێنرێت. ئەم وتارە بە گرینگیپێدانی گۆشەنیگای لیبراڵیزمی سیاسی بۆ ئایین لە پانتایی فکریی ئێراندا، هەوڵ دەدات بە نیشاندانی ڕەهەندەکانی خوێندنەوەی لیبراڵیزمی سیاسی لە ئایین لە ڕوانگەی جۆن ڕۆڵزەوە ئەم پرسیارە بورووژێنێت ئاخۆ لیبڕالیزمی سیاسی لە پانتایی سیاسیی ئێراندا دەتوانێت بە گرینگیپێدانی عەقڵی گشتی، سیکۆلاریزم و ئایین لەگەڵ یەک بگونجێنێت؟

وشە سەرەکییەکان: لیبراڵیزمی سیاسی، عەقڵی گشتی، سیکۆلاریزم، ڕووناکبیری ئایینی

 

کرانەوەی باس

نزیکەی چل ساڵ بەر لە شۆڕشی ساڵی ١٩٧٩ی ئێران، “ئایەتولڵا مودەریس”، یەکێک لە دژبەرانی ڕەزا شا، لە وتەیەکی بەناوبانگی خۆیدا وتبووی سیاسەتی ئێمە وەک دینداریی ئێمە وایە، دینداریی ئێمەش  وەک سیاسەتی ئێمە وایە، دوای ئەم ماوە دوورودرێژە ئەم دەربڕینە هێشتاکەش ئاسۆی سیاسەتەکانی ئێرانی دوای شۆڕشی ساڵی ١٩٧٩ی نەخشاندووە. لەسەر بنەمای جۆرە تێڕوانینێکی لەم چەشنە، دەسەڵاتی دوای شۆڕش لە پێناو بەشەرعیکردنی یاسا و ڕێساکان، سەپاندنی بنەماکانی شەریعەت لە ژیانی ڕۆژانە و جێبەجێکردنی ئایین تەنانەت لەناو پانتایی ژیانی تاکەکانیشەوە، هەوڵەکانی خۆی خستە گەڕ. بەڵام ڕەوتی گۆڕانی نۆرم و بایەخە جیهانییەکان و  ئاڵوگۆڕەکانی ناوخۆی ئێران لەدوای شەڕی ئێران-عێراق و لاوازبوونی بزاڤە چەپەکان، دەرفەت بۆ خوێندنەوەیەکی نوێی ڕیفۆرمخوازانە لە ئایین، بە چاولێکەری لە کڵێسای کاسۆلیک ڕەخسا. بەشێکی زۆری ئەم دەرفەتە لە پانتای هزریی زانکۆکانەوە هەلی بۆ ڕەخسابوو. بە بڕوای شەهیبزادە، شکستی کۆماری ئیسلامی لە سەپاندنی ئایدۆلۆژیای فەرمی لەسەر پانتایی کولتووری بەگشتی و لە زانکۆکان بەتایبەت نیشاندەری هێزی دیسکۆرسێکی فکریی نوێ بوو و لەم ناوەشدا بەکارهێنانی ڕەخنەی بەردەوام لە دژی ئایدیۆلۆژیای تۆتالیتاری دەسەڵات تایبەتمەندیی ئەم دیسکۆرسە بوو[1]. ڕووناکبیرە ئایینییەکانی ئێرانی بە پێچەوانەی لایەنگرانی خوێندنەوەی فەرمی لە ئایین، داهاتوویان وەک شتێک سەیر دەکرد کە پێویستە لە ئێستاکەدا بخوڵقێت. ئەم ڕووناکبیرانە لەسەر ئەم بڕوایە بوون هەنگاوە کۆتاییەکانیان بە مەبەستی تێگەیشتن لە ئایین و گونجاندنی ئایین لەگەڵ ئاڵوگۆڕەکانی جیهانی هاوچەرخدایە. هەر بۆیە سیکۆلاریزم، مافەکانی مرۆڤ و ئازادی لە چوارچێوەی ڕیفۆرماسیۆنی ئایین؛ بەهایەکی زۆری پێ درا و لە ڕێگای بەسیکۆلارکردنی ئایین، بەسیاسیکردنی ئیسلامیش کەوتە بەر ڕەخنەی ئەم توێژە.

بە لەبەرچاوگرتنی ئاڵوگۆڕەکان و هەڵکشانی ویستی ڕووناکبیرانی ئایینی ئێرانی بەرەو لیبراڵیزمێکی سیاسی، کە سیکۆلاریزم و ئازادییەکان لە ناویدا دەکەونە ناو چەقی پێداگریکردن، ئەم پرسیارە دەورووژێت ئاخۆ لیبراڵیزمی سیاسی لە پانتایی سیاسیی ئێراندا دەتوانێت بە گرینگیپێدانی عەقڵی گشتی، سیکۆلاریزم و ئایین لەگەڵ یەک بگونجێنێت؟ لەوانەیە ئەم پرسیارە تەنیا لایەنێکی پرسی پڕ کێشەی سیاسەت لە ئێراندا بخوێنێتەوە و هەر لەسەر ئەم بنەمایەش تووشی ئاستەنگی شیکاری بێت، بەڵام سەرەڕای ئەوەی ڕەنگە بەڵگاندنە سەرەکییەکانی لیبراڵیزمی سیاسی لە ڕوانگەی “جۆن ڕۆلز”ەوە توانستی وەڵامدانەوەی بەشێک لە کێشە تێکترنجاوەکانی کۆمەڵگەی ئێرانی لە پەیوەندیی لەگەڵ ئاییندا هەبێت، ئەم وتارە ئەم ئەگەرەش لەبەرچاو دەگرێت کە پشتگوێخستنی خاڵی یەکلاکەرەوەی ویستی هێز یان دەسەڵات لەلایەن گرووپە سیاسییەکانی ناوەوە و دەرەوەی ئێران، یەکێک لە ئاستەنگەکانی ئەم شیکردنەوەیە دەبێت.

لیبراڵیزمی سیاسی و پرسی سیکۆلاریزم

لە دیمانەیەکیدا جۆن ڕۆڵز لە وەڵامی پرسیاری مانگنامەی کامۆنویڵ سەبارەت بەوەی کە بۆ پرسی ئایین بووە بە یەکێک لە خاڵە جێگا سەرنجەکانی، دەڵێت: لە ڕوانگەیەکی دیرۆکییەوە پەرۆشی بەردەوامیی دیموکراسی لەسەر بنەمای دەستوورم… پرسیاری سەرەکیی من ئەوەیە چۆن لەناو دیموکراسییەک لەسەر بنەمای دەستوور، بیرۆکە ئایینییەکان، توێژە جیاوازەکان دەتوانن پێکەوە و لەلای یەکتر، بەشداریی لە بەڕێوەبردنی حکومەتێکی خاوەن عەقڵانیەت و خاوەن دەستکەوتی زۆر بکەن[2].

بە ڕوانین لە بەرهەمەکانی ڕۆڵز، لە کتێبی “تیۆرێک لەمەڕ دادپەروەری”یەوە بگرە تاکوو “لیبراڵیزمی سیاسی و یاسای خەڵکەکان”، ئەم ڕاستییە دەردەکەوێت ڕۆڵز ئەرکی سەرشانی فەلسەفەی سیاسی وەک بەرگریکردن لە بڕوای مەعقول بۆ گەیشتن بە سیستمێکی سیاسیی دادپەروەرانە لەسەر بنەمای دەستوور دادەنێت[3].بەپێی ڕۆڵز، بڕوای ئایینیی هاوڵاتیان لەسەر ئیمکانی بەدیهێنان و بەردەوامیی دەستوورخوازییەکی دیموکراتیک لە کۆمەڵگاکەیان و لەسەر هەڵسوکەوتی ڕۆژانەیان و لەویش گرینگتر بەرەوڕووبوونەوەیان لەگەڵ هێزە نادیموکراتیکەکان کاریگەری دادەنێت[4]. دیارە ئەم لایەنە هزرییەی ڕۆڵز داکۆکیی لەسەر دەکات؛ لیبراڵیزمی سیاسییە نەوەک لیبراڵیزمی هەمەلایەنە[5]، لەسەر ئەم بنەمایەش ڕۆڵز خۆی و ڕاڤەکارانی لایەنگریشی لەسەر ئەم بڕوایەن بیرۆکەی لیبراڵیزمی سیاسی بە بەراورد لەگەڵ لیبراڵیزمی هەمەلایەنە، توانای گونجانێکی‌ زۆرتری لەگەڵ جیاوازیی جیهانبینییە ئایینییەکان و سیکۆلارەکانی هاوڵاتیانەوە هەیە، چونکە خوێندنەوە نوێیە  “نیوکانتی”یەکان لە لیبراڵیزمی هاوچەرخ و تەنانەت تێڕوانینی ڕۆڵز بۆ عەقڵی گشتی لە دەقی ساڵی ١٩٩٣ی کتێبی لیبراڵیزمی سیاسی لەسەر ئەم پێشگریمانەیە دامەزراوە کە لیبراڵیزمی سیاسی واتە ڕوونکردنەوەی ئەو دۆخەی کە وەدیارکەوتن و بەردەوامیی کۆمەڵگایەکی بریتی لە هاوڵاتیانێکی پلوراڵ کە ئازاد و هاوسان و بەرابەرن، دەرفەتی بۆ دەڕەخسێت[6]. ڕۆڵز لەسەر بنەمای لیبراڵیزمی سیاسی پێی‌ وایە ئەو دەستوورەی دەنووسرێتەوە، پێویستە دوو مەرجی تیا بێت: لە ئازادییە بنەڕەتییەکانی گشت هاوڵاتیان بەرگری بکات و بە جۆرێک نووسرابێتەوە سیستمێکی دادپەروەرانە و کاریگەری بۆ یاسادانان لە پەرلەمان لێ ببێتەوە[7]. هەر لەسەر ئەم بنەمایە، گشت هاوڵاتیان بە شێوازێکی هاوسان و بەرابەر مافی ئەوەیان هەیە لە پڕۆسەی نووسینەوەی دەستوور و یەکلاکردنەوەی دەرەنجامەکانیدا بەشدار بن[8]. ئەم تێگەیشتنەی  ڕۆڵز لە لیبراڵیزمی سیاسی -کە خۆی ڕیشەی لەناو مشتومڕەکانی سەدەی ١٦-١٧ی دوای شەڕەکانی ئایینی ئەورووپاوە هەیە- تا شوێنێک پەرەی پێ دەدرێت کە پێی ‌وایە دەکرێ گشت ئازادییە بنەڕەتییەکانی ناو لیبراڵیزمی سیاسی بگەڕێننەوە بۆ خەیاڵکردی ئازادی لە ئایین و بڕوا و ویژدان[9].

بە بڕوای محەمەد فازڵ، ئەم ڕوانگەیەی ڕۆڵز نیشاندەری خاڵی دەستپێک و جێگا متمانەیە بۆ توێژینەوەی بەیاساوڕێسای پەیوەندییە بنەڕەتییەکانی تیۆلۆژیک، ئەخلاقی و زاگوونی ئیسلامی لەگەڵ ئەم چەمکانە لەناو لیبراڵیزمی مۆدێرن[10]. لەسەر ئەم بنەمایە، فازڵ پێی وایە لەژێر سێبەری لیبراڵیزمی سیاسی لە جۆرە ڕۆڵزییەکەیدا، ئەو موسوڵمانەی بەپێی شەریعەت هەڵسوکەوت دەکات، دەتوانێ لەوە دڵنیا بێتەوە پێویست ناکات پێداچوونەوەیەک بەسەر پێشگریمانە تیۆلۆژیکەکانی خۆیدا بکات، هەڵبەت تا ئەو کاتەی بڕوا و هەڵسوکەوت بەپێی ئەم پێشگریمانە تیۆلۆژیک-ئەخلاقیانە نەیخاتە دەرەوەی بازنەی هاوڵاتیی مەعقول[11]. بۆ ئەم مەبەستە، جۆن ڕۆڵز لەسەر چەمکی عەقڵی گشتی داکۆکی دەکات.

ڕۆڵز عەقڵی گشتی وەک ویستی ئەخلاقیانەی هاوڵاتیبوون لە کۆمەڵگایەکی دیموکراتیک دەناسێنێ و پێی‌ وایە هەمیشە تێگەیشتنە ئایینی یان نائایینییەکان لە چەمکی خێر بۆیان هەیە بێنە ناو پانتایی گشتی و گفتۆگۆ سیاسییەکانەوە، تەنیا بەو مەرجەی توانای ئەوەیان هەبێت وەربگێڕدرێن[12]. لەسەر ئەم بنەمایە، بیرۆکەی عەقڵی گشتی لە قووڵترین ئاستدا بنەمای بایەخە سیاسی و ئەخلاقییەکان دەستنیشان دەکات کە پێویستە پەیوەندییەکانی حکومەتی دیموکراتیکی دەستووری بۆ هاوڵاتیانی خۆی و پەیوەندییەکانی ئەوان لەگەڵ کەسانی تر دەستنیشان بکات. لەسەر ئەم بنەمایە، عەقڵی گشتی؛ عەقڵی ئەو هاوڵاتییانەیە کە بە شێوازێکی ئازادانە و هاوسان لە پانتایی گشتی و باسوخواسەکانی کۆمەڵگای خۆیاندا بەشداری دەکەن. هەر بۆیە بە بڕوای ڕۆڵز، پێویستە ئەو زمانەی هاوڵاتییان لە پانتایی گشتیی سیاسیدا چالاکیی پێ دەکەن، بە دوور لە بنەمای میتافیزیکی بێت، ئەم زمانە زمانی عەقڵی گشتییە. لەسەر ئەم بنەمایە، ڕۆڵز پێی‌ وایە ئەم تێڕوانینە لە بەردەوامیی شەرعیەتی ئازادیخوازیی لیبراڵەوە سەرچاوەی گرتووە کە بەپێی ئەو، بەکارهێنانی هێزی سیاسی تەنیا ئەو کاتە خاوەن شەرعیەتە کە بەپێی دەستوور بێت و بە شێوازێکی مەعقول چاوەڕوانی ئەو بکرێت گشت هاوڵاتییان بتوانن پێداویستییەکانی ئەمە لەژێر تیشکی پرەنسیپ و ئارمانجەکانیان وەک کەسانی مەعقول و ئاوەزمەند بپەژرێنن[13].

ڕۆڵز بۆ پەرەپێدانی بیرۆکەی لیبراڵیزمی سیاسیی  خۆی، لەنێوان مەودای گۆڕەپانی عەقڵی گشتی و ئەو شتەی ناوی پێشینەی کولتووری کۆمەڵگای مەدەنیی لێ دەنێت و بریتییە لە ئەنجوومەن و دامەزراوەی وەک کڵێسە، زانکۆ و…؛ جیاوازی دادەنێت. لە ڕوانگەی ڕۆڵزەوە، پانتایی باش و شیاوی عەقڵی گشتی؛ “فۆرمی سیاسیی گشتییە” کە سێ دیسکۆرسی جیاوازی بۆ دەسنیشان دەکات: دیسکۆرسی  دادوەرەکان لە بڕیاردان و بەتایبەت دادوەرانی دادگا بڵیندەکان، دیسکۆرسی بەرپرسانی حکوومی، بەتایبەت بەرپرسانی کارگێڕی و یاسادانەرەکان و لە کۆتاییدا دیسکۆرسی بەرئەندامانی کاروباری گشتی و بەڕێوەبەرانی هەڵمەتەکانی هەڵبژاردن، بەتایبەت لە هونەری وتاربێژیی گشتی، پلاتفۆرمی حیزبی و لێدوانە سیاسییەکان. لەم سێ گۆڕەپانەدا، جێبەجێکردنی عەقڵی گشتی ڕوخسارێکی تایبەت و دیاریکراو بەخۆیەوە دەگرێ. ئەگەرچی لەم سێ گۆڕەپانەدا پێداویستییەکانی پاساوهێنانەوە و بەڵگەهێنانەوەی گشتی بۆ بەڵگاندنی بەردەوام وەک یەکن، بەڵام ئەمانە بۆ دادوەرەکان و بەتایبەت لە ئاستی دادگا باڵاکاندا زۆر وردتر جێبەجێ دەکرێن.

ڕوانینی ڕۆڵز لە عەقڵی گشتی بەپێی لیبراڵیزمی سیاسی، لەسەر بنەمای دیموکراسییەکی دەستووریی پاڵپشتیکراو لەلایەن دەسەڵاتی یاساییەوەیە. هاوڵاتیان مافی ئەوەیان هەیە تێڕوانینەکانی خۆیان سەبارەت بەو شتەی ڕێبازە گشتگیرەکان[14] یان جیهانبینییە بەرفرەکانی وەک ئایین، ئەخلاق یان فەلسەفە دادەمەزرێنن؛ دەرببڕن. بەڵام ئەم ڕێبازگەلە نابێ وەک عەقڵی گشتی پێشکەش بکرێن. لە کاتێکدا عەقڵە گشتییەکان نابێ هێرش بکەنە سەر هیچ کام لەم ڕێبازە گشتگیرانە یان ڕەخنەیان لێ بگرن، جا ئایینی بن یان نائایینی، ئەوە پێویستە بەپێی چەمک یان بایەخە سیاسییە بنەڕەتییەکان جومگەبەندی بکرێن. پێداویستیی سەرەکی ئەوەیە بیرۆکەیەکی عەقڵانی ڕەزامەندیی خۆی لەسەر ڕژێمێکی دیموکراتیکی دەستووری و ئایدیای یاوەری، واتە یاسای ڕەوا دەرببڕێ.

بەم حاڵەشەوە وا دەردەکەوێت ڕۆڵز ڕەزامەندیی خۆی لەسەر ئیمکانی داخوازی لە ڕێبازە گشتگیرەکان لە عەقڵی گشتی بە مەبەستی تایبەت نیشان داوە و ئەمەش گرێدراوی ئەوەیە کەسێک سەبارەت بە پرسێک لە دژایەتی لەگەڵ تێڕوانینێکی تایبەت، وەشوێن تێڕوانینێکی گشتگیر بکەوێت. لە تێڕوانینی تایبەتدا هەر چەشنە ڕێبازێکی گشتگیر (وەک ئایین)، تەنانەت ئەو کاتەی ئەم ڕێبازە پاڵپشتی عەقڵی گشتییش بکات، هەرگیز بۆی نییە لەناو عەقڵی گشتیدا خۆی دەربخات. لەم ناوەدا دوو پرسیاری هاوتەریب دەورووژێن: ئەگەر دەوڵەت وەشوێن ڕێبازێکی گشتگیر بۆ سەپاندنی یاساکانی خۆی بکەوێت، چی ڕوو دەدات؟  یان  ئەو پرسیارە کە دەوڵەت لە ئاست بیرۆکە جیاوازەکانی ناو کۆمەڵگا ئەرکی چییە و چۆن دەتوانێ لەنێوان بیرۆکەی دژبەیەکی گشتگیر سەبارەت بە سیکۆلاریزم و باوەڕە ئایینییەکان؛ گونجاندن پێک بێنێت؟

ئەوەی پێویستە؛ ڕاوەستەکردن لەسەر چەمکە سیاسییەکانە، بۆ وێنە زۆر جار دوو چەمکی سیاسەت و دەوڵەت بێ لەبەرچاوگرتنی جیاوازییەکانیان ئاوێتەی یەک دەکرێن، لە کاتێکدا دەوڵەت تۆڕێکی لێکهاڵاوی دامەزراوەکانە یان دامەزراوەیەکی سیاسییە، سیاسەت خۆی پڕۆسەیەکی پڕ لە جموجۆڵی هەڵبژاردن لەناو بژاردە سیاسییە هاودژەکانە. دەوڵەت پێویستی بە مۆنۆپۆلی شەرعیەتی دەکارهێنانی هێز، واتە ویستی سەپاندنی ئیرادەی خۆی هەیە، بێ ‌ئەوەی ئیمکانی مەترسیی ئەوە لەئارادا بێ ئەم خەڵکە لە ئاست لێوەشاوەیی دادپەروەریی دەوڵەت ناڕەزایەتی دەربڕن. هەر بۆیە جیایی نێوان دەوڵەت و سیاسەت لە لایەک لەسەر بنەمای هاوپەیوەندیی بەردەوام لەنێوان ڕێکخراوە و دامەزراوە حکومییەکان ڕاوەستاوە و لە لایەکی ترەوە لەسەر بنەمای ئەکتەرەکانی ڕێکخراوە سیاسی و کۆمەڵایەتی و تێڕوانینە ڕکەبەرەکانیان داکۆکی دەکات کە لەسەر بنەمای خێری گشتی[15] سەقامگیر بووە[16]. دەوڵەت قەوارەیەک نییە بتوانێ خۆی هەست و وشیاریی هەبێ، باوەڕ بکات یان کردەوە لە خۆی نیشان بدات، ئەوە بەردەوام مرۆڤەکانن لەژێر ناوی دەوڵەتەوە کردەوەیان ئەنجام داوە، دەسەڵاتیان گرتووەتە دەست یان بە هۆی ڕێکخراوەکان کردەوەیان ئەنجام داوە.

لەسەر بنەمای ئەم ڕوانینەیە “النعیم” پێی وایە تێگەیشتن لە جیهانی ئیسلام لە دەوڵەتێکی ئیسلامی، خۆی داهێنانێکی پۆستکۆڵۆنیالییە و ئەم دەوڵەتە لەسەر بنەمای مۆدێلێکی ئەورووپی لە دەوڵەت و ڕوانگەیەکی توتالیتاریانەوە بە نیسبەت یاسا و سیاسەتی گشتی، وەک ئامرازی ئەندازیاری کۆمەڵایەتی لەلایەن هەڵبژاردەی دەسەڵاتدارەوە دامەزراوە. لەسەر بنەمای ئەم تێڕوانینە، “النعیم” پێی ‌وایە لایەنگرانی بە ناو دەوڵەتی ئیسلامی لە چوارچێوەی مۆدێرن بەشوێن کەڵکوەرگرتن لە دامەزراوەکان و هێزی دەوڵەتەوەن.

“النعیم” وەک کەسێک کە ڕۆڵز ڕوانگەکانی لەمەڕ چۆنیەتیی بەکارهێنانی لیبراڵیزمی سیاسی پەسەند کردووە[17]، پێی وایە جیایی ئیسلام و دەوڵەت ڕێگای ئەوە ناگرێ موسوڵمانەکان داوای ئەوە بکەن سیاسەت یان یاسادانان بەپێی ئایین یان باوەڕەکانی ئەوانەوە بێت. گشت هاوڵاتیان مافی ئەوەیان هەیە و دەبێ لەم پێشنیارانە، بەو دەستەواژەیەی ناوی عەقڵی گشتیی[18] لەسەر ناوە، پشتیوانی بکەن. دەستەواژەی گشتی ئاماژەیەکە بۆ پێویستیی سیاسەت و یاسادانانێک کە دەبێ لەلایەن جەماوەرەوە ڕەزامەندیی لەسەر درابێ و پڕۆسەی بەڵگەهێنانەوە و تێڕامان بۆ گشت هاوڵاتیان کراوە و لەبەردەست بێ. “النعیم”یش هەروەک ڕۆڵز پێی وایە عەقڵی گشتی ئەوەیە هۆکار یان لۆژیک و ئامانجی سیاسەتی گشتی یان یاسادانان پێویستە لەسەر بنەمایەک یان چەشنە بەڵگەهێنانەوەیەک دامەزرابێت کە زۆرینەی هاوڵاتیان بتوانن ڕەزامەندیی خۆیانی لەسەر دەرببڕن یان ڕەتی بکەنەوە. هاوڵاتیان دەبێ بتوانن بێ ئەوەی لەخواترسیی ئایینییان تووشی خەوشێک بێت، لە ڕێگای مشتومڕی گشتییەوە پلانی دژبەرانەش بەرهەم بێنن. بەڵگەهێنانەوەی گشتی و بەڵگاندن[19]، نەوەک باوەڕە تاکەکان و هاندەرەکان، پێویستییەکی حاشاهەڵنەگرن، جا موسوڵمانەکان زۆرینە یان کەمینەی دەوڵەت پێک بێنن، ئەمە جیاوازییەک بەدی ناهێنێت. تەنانەت گەر موسوڵمانەکان زۆرینەش بن، ئەوە لەگەڵ هەموو چەشنە سیاسەتێک یان یاسادانانێکی هەڵقوڵاوی باوەڕە ئیسلامییەکان هاوڕاییان نەبووەوە و نابێ[20].

وا دێتە بەرچاو پێویستیی بەڵگەهێنانەوەی گشتی و بەڵگاندنی ئەو کەسانەی دەوڵەت کۆنترۆڵ دەکەن، بێلایەنانە نییە. هۆکارەکەشی ئەوەیە خەڵکی لەسەر بنەمای باوەڕ و پاساوهێنانەوەی تاکەکەسیی خۆیان ئامادەن بەردەوام کار و چالاکییەکانی خۆیان بەڕێوە ببەن. پێویستی بەو پاساوهێنانەوە گشتی و ڕاشکاوانەیەی ڕاوەستاو لەسەر ئەو بەڵگانە -جەماوەر دەتوانێ بەئازادی ڕەزامەندیی لەسەریان هەبێ یان ڕەتیان بکەنەوە-، بە درێژایی زەمەن دەتوانێ کۆدەنگییەکی سەرووتر لە باوەڕە بەرتەسکە ئایینییەکان یان هەر باوەڕێکی تری تاک و گرووپەکان هەبێ[21].

ئەزموونی ڕووناکبیرە ئایینییەکانی ئێران و لیبراڵیزمی سیاسی

سەرەڕای ئەوەی ناکرێ گشت ڕووناکبیرە ئایینییە ئێرانییەکان لەناو نەریتێکی فکری هاوبەشدا پۆلێنبەندی بکرێن، بەڵام دەکرێ سیکۆلاریزم و لایەنگری لە چەشنە لیبراڵیزمێکی سیاسی -بە خوێندنەوەیەکی بەهێزتر یان نزمتر- وەک خاڵی هاوبەشی ڕەوتێکی هزری ڕەچاو بکرێت کە بریتییە لە چەند ڕووناکبیری هاودژ کە بەرە بەرە لە ئیسلامیزم و بنەما هزرییەکانی دەوڵەتی ئیسلامی پاشگەز بوونەتەوە[22]. “کەریم سرووش” و ” موجتەهید شەبستەری” و “مستەفا مەلەکیان” وەک سێ کەسایەتیی گرینگی ئەم ڕەوتە فکرییە بنەماکانی لیبراڵیزمی سیاسییان لە ئاستی جیاوازەوە پەرە پێ داوە. سرووش لە خوێندنەوەکانیدا لە ڕوانگەیەکی لیبراڵ-فەلسەفییەوە ڕەخنەکانی خۆی ئاڕاستەی خوێندنەوەی فەرمی لە ئایین کردووە و پێی‌ وایە خوێندنەوەی فەرمی لە ئایین کێشەی بۆ کۆمەڵگا و سیاسەت خوڵقاندووە. سەرەڕای ئەوەی سرووش تا ساڵانی ٢٠٠٠ ڕاشکاوانە دژایەتیی لەگەڵ لیبراڵیزم دەکرد، بەڵام لە ساڵی ٢٠٠٦ بەدواوە ڕاشکاوانە وتی ئێمە لیبراڵین[23]. دیارە ئەم دەربڕینە ڕاشکاوانەیەی سرووش دەگەڕایەوە سەر فەلسەفەی ڕیفۆرمیستی کڵێسەی مەسیحی و نەریتی لیبراڵی، چونکە بەردەوام لە نووسراوەکانیدا داکۆکیی لەسەر عەقڵ، ئازادی و دیموکراسی و سیکۆلاریزم دەکردەوە و ئەم چەند مژارە بەتەواوی کێشەیان لەگەڵ خوێندەوەی فەرمیی دەسەڵات لە ئاییندا هەبوو. لە ڕوانگەی سرووشەوە، بەپێی ڕوانگەی مەعریفەناسانەی دیموکراتیک هەندێک پانتایی هەن کە ئایین لە ناویاندا قسەیەکی بۆ وتن نییە، یان ئەم پانتاییانە بەتەواوی نائایینین یان ناتوانن هەڵگری مەعریفەی ئایینی لەناو خۆیاندا بن. سرووش لێرە مەبەستی پانتایی سیاسەتە و پێی وایە سیکۆلاریزم لەسەر بنەمای عەقڵانیەت دامەزراوە، کەچی بەشێکی بەرفرەی ئایین خۆی لە ڕەوتی مێژوودا بیچمی گرتووە و بەم پێیە مێژووییە. سرووش وەک بەشێک لە پڕۆژەی پۆستئیسلامیزم بیرۆکەی حکومەتی ئایینی ڕەت دەکاتەوە و بەڕوونی باس لەوە دەکات ناکرێ ئایین تەنیا لەلایەن ئەو کەسانەی ئەرکی تەفسیری ئایینیان لە ئەستۆیە بکرێت، ئایین گەورەتر لە ئیسلامی مەلاکان و زەنگینتر لە شەریعەتە.

بیرۆکەکانی “محەمەد موجتەهید شەبستەرییش لەژێر کاریگەریی قەیرانی ئیسلامیزم دەخوێنرێنەوە، بۆ دەربازبوون لە قەیرانی ئیمان و بڕوا، دەسەڵات، ئایدۆلۆژیا و مافەکانی مرۆڤ. “شەبستەری” لەژێر کاریگەریی فەلسەفەی هێرمۆنۆتیک لە هەوڵی سەرلەنوێ خوڵقاندنەوەی ئیمان -نەک ئایین- وەک بابەتێکی تاکەکەسییانەیە. لەسەر ئەم بنەمایە، “شەبستەری” لە ڕێگای لێکدانەوەی زمانناسانەی دەقی پیرۆز لەناو بەستێنی کۆمەڵایەتی-سیاسیی سەردەمی دەرکەوتنی ئیسلام، لە ئایدۆلۆژیای فەرمیی دەسەڵات ڕەخنە دەگرێت و پێی وایە دەقی پیرۆز وتەی مرۆڤە، چونکە لەناو بەستێنێکی کۆمەڵایەتی-سیاسی و زمانیی تایبەتدا خوڵقاوە. هەر بۆیە پێی ‌وایە لێکدانەوەی باو لە ئایین و کتێبی پیرۆز ڕێگای هەر چەشنە خوێندنەوەیەکی عەقڵانی و ئەمڕۆیی لە ئایین گرتووە و بە لێکدانەوەی نوێ و ڕەچاوکردنی هێرمۆنۆتیک تێگەیشتنی چەن لایەنە لە ئیسلام و بەعەقڵانیکردنی دیسکۆرسی ئایینی کارێکی کردەیە. شەبستەری ڕەوایی و بەسوودبوونی خوێندنەوەی ئیسلام لە ڕوانگەی شەریعەتەوە دەخاتە ژێر پرسیار و لەسەر ئەم بڕوایەیە: ئەم بیرۆکەیە کە کتێبی پیرۆز و ” نەریتی ئیسلامی-سووننەت” ژێدەری تەواوی سیستمە یاسایی-سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان لەناو موسوڵمانەکاندان، لەگەڵ ڕاستینەی مێژوویی ناگونجێن، چونکە هەر کام لەم سیستمانە بەبەردەوامی بەستێن و دۆخی تایبەتیی کۆمەڵایەتی-دیرۆکی کۆمەڵگایەکی تایبەتی ئیسلامی دەنوێننەوە[24]. لەسەر بنەمای ئەم تێگەیشتنەیە شەبستەری پێی ‌وایە سەرەڕای ئەوەی لەنێوان ئایین و سیاسەتدا پەیوەندی هەیە، ئەم دووە پێویستە لێک جیا بن، چونکە ئایین پەیوەندییەکی نێوان مرۆڤ و خوایە. ئایین ناتوانێ ببێتە پڕۆگرامێکی سیاسی. شەبستەری لە بەرهەمەکانی خۆیدا بە گرینگیپێدانی ڕەهەندی زمانناسیی کۆمەڵایەتی، لەسەر خوێندنەوەیەکی کراوە لە ئایین، داکۆکی لە ئایینی تاکەکەسییانە و سیکۆلاریزم و مافەکانی مرۆڤ دەکات و پێی ‌وایە  ئەوە دەسەڵاتێکی دیموکراتە  کە دەتوانێ ئایین بپارێزی.

مستەفا مەلەکیان وەک کەسایەتییەکی دیکە لەم ڕەوتە، بە ڕوانگەیەکی تاکەکەسییانەوە هەوڵی ئەوە دەدات خوێندنەوەیەکی عەقڵانی لە کردەی ئایینی و بڕوای ئایینی، بەپێی پێداویستییەکانی هاوچەرخ  بۆ دەربازبوون لە قەیرانی تاکەکەس و هاوکات کۆمەڵگای ئێرانی دەستەبەر بکات. هەر بۆیە بە پێچەوانەی شەبستەری کە زۆرتر سەر بە نەریتی فکری فەلسەفیی ئەڵمانییە، باسەکانی مەلەکیان زۆرتر لەگەڵ نەریتی فەلسەفەی شیکاری و لیبراڵی دەگونجێن. لەسەر ئەم بنەمایەیە مەلەکیان هیومانیزم و مرۆڤی مۆدێرن وەک بەشێکی گرینگ لە فەلسەفەی خۆیدا دەناسێنێ. پڕۆژەی مەلەکیان لەژێر ناونیشانی عەقڵانیەت و مەعنەویەت؛ ڕەنگدەرەوەی ویستی تاکەکەسخوازی، سێکیولاریزم و کولتوورخوازییە و لە ئاکامدا گرینگیپێدانی فەلسەفەیەکی تاکەکەسی ڕەوشتبەرز-تەوەری لێ دەکەوێتەوە. بۆ ئەم مەبەستە مەلەکیان پێی ‌وایە بەرزکردنەوەی خۆشی و کەمکردنەوەی ئێش و ئازارەکان، یەکێک لە ئەرکەکانی هەر پڕۆژەیەکی گرینگ بۆ دەربازبوون لە قەیرانە.

 ئەم هەوڵدانە بە لەبەرچاوگرتنی بیرۆکەی کانت سەبارەت بە مۆدێرنیتی، پوختەبوون و سەربەخۆیی مرۆڤ، شکاندنی بونیاتەکانی بابەتی پیرۆزی  لە ناخی خۆیدا حەشار داوە و  لەسەر ئەم بنەمایە ڕەخنەی قورس ئاڕاستەی ئایینی مێژوویی دەکات و بە لەناوبردنی نێونجەکانی نێوان خوا و مرۆڤ، پێی ‌وایە مرۆڤی مەعنەوی تەنیا لە ئاست حەق -نەک شتێکی ‌ترا- سەر دادەنەوێنێت، ئەمەش دەرکەوتەی سیکۆلاری لێ دەکەوێتەوە. چونکە لەسەر ئەم بڕوایەیە زانستی ئایینی لقێکە لە زانستی مرۆڤ، لە باری کولتووری و مێژووییەوە سنووردارە و هەروەک فۆڕمەکانی دیکەی زانستی مرۆڤە. ئایین و شەریعەت بێدەنگن، ئەوە سوبژێکتی کۆمەڵایەتی و بەستێنی کۆمەڵگایە دەقە ئایینییەکان وەدەنگ دێنێ. پێویستە تاکەکەس بە کاکڵەی ئایینەوە پابەند بێت نەوەک لایەنە مێژووییەکانی ئایین. بە بڕوای ئەم، ئەم ڕەوتە فکرییە، ئیسلام ئایدیۆلۆژی نییە و فۆرمێکی تایبەت لە سیستمێکی سیاسی پێشکەش ناکات. ئایین ئەزموونێکی ڕۆحانیی تاکەکەسییانەیە، ئەگەر بەتەواوییش وا نەبێت، بەڵام تا ڕادەیەکی زۆر پەیوەستە بە پانتایی تاکەکەسییەوە. سیکۆلاریزمی ئایینی ناو هزری ئەم مەعریفەیە وا دەکات دەوڵەت ئایین بە ئایدۆلۆژیای تایبەتەوە بەسەر هاوڵاتیاندا نەسەپێنێت و ئەم بڕوایەش گەشە پێ دەدات کە ئایینی ئیسلام لەگەڵ دەوڵەتێکی سیکۆلاری دیموکرات بگونجێت.

ئەوەی گرینگە ئەم سێ کەسە وەک نموونەی بەرچاو لە هزری پۆست ئیسلامیزم و داکۆکیکار لە لیبراڵیزمی سیاسی لە ئێران، خۆیان بەتوندی لەژێر کاریگەرییەکانی تیۆلۆژیای مەسیحیەت، بەتایبەت تۆماس ئاکویناس و سەنت ئاگۆستین دابوون و چاکسازی کڵێسای مەسیحی وەک ئامانجی سەرەکی و پەرەپێدانی چەشنە ئایینێکی دەروونی-تاکەکەسییش وەک گرینگترین ئامانجی ئەم کەسانە لەناو کۆمەڵگای ئێرانی ڕەچاو کراوە[25].  ئەگەر نەریتی ئیسلامی-شیعە و عیرفانی ئیسلامی بۆ کەسێکی وەک سرووش هۆکارێک بۆ نزیکبوونەوە لە ئایینی مەسیحیەت بووبێ،  شەبستەری بەبەردەوامی لە بەرهەمی کەسانێکی وەک شلایرماخێر، پۆل تیلیش و تیۆلۆژیای نیوئۆرتدۆکسی باریس کەڵکی وەرگرتووە[26] و مەلەکیانیش زۆرتر لە ڕێگای خوێندنەوەی تۆماس ئاکویناس و قوتابخانەی هزریی ئێگزیستانسیالیزم، پۆست-ئیسلامیزمی لە ڕێگای هیوا، بڕوا، تەنیایی و گرینگیپێدانی تاکەکەس و ئەڤین زەق کردووەتەوە. ڕادەی ئەم کاریگەرییە ئەوەندە بەرفراوانە کە مەلەکیان وەک بیرمەندێکی ئیسلامی، بنەمای سیستمی فکریی خۆی لەژێر کاریگەریی تیۆلۆژیای مەسیحیەتدا دامەزراندووە[27]. هەر بۆیە لە ڕوانگەی ئەودا شەریعەت پێگەیەکی ئەوتۆی نییە و هەر ئەوەش بووەتە هۆکاری لەدایکبوونی تاکەکەسێکی عیرفانی کە خۆی نەوەک لەناو پانتایی کۆمەڵایەتیی سیاسی، بەڵکوو لە پانتایی چاکە و ئەڤینی مەعنەویدا دەدۆزێتەوە.

لە ماوەی ١٠ ساڵ، لەنێوان ساڵانی  ١٩٩٦ تا ٢٠٠٦، ڕووناکبیری ئایینی لە ئێران توانیی وەک دیسکۆرسێکی سیاسی بەهەژموون بێت و هاوکات تا ڕادەیەک بەستێنی سیاسیی ئێران بخاتە ژێر باندۆری خۆی. بەڵام  ئەم دیسکۆرسە لە کۆتاییدا لە وەدەستهێنانی هێزی سیاسی تووشی شکست بوو، بەڵام وەک ڕەهەندێکی هزری لەناو چینی ناوەندی و لاوازی کۆمەڵگای ئێرانیی بەردەوامە. بە لەبەرچاوگرتنی دیالێکتیکی ڕابردوو و ئێستاکە، گەر بە تێرمینۆلۆژیایەکی ڕۆڵزییەوە سەیری گفتۆگۆی نێوان لیبراڵیزمی سیاسی و هزریی ئەم ڕووناکبیرانە بکرێت،  دەکرێ لەسەر ئەم چەند خاڵە داکۆکی بکرێت. شەبستەری لە کاتێکدا لە ڕوانگەیەکی تیۆلۆژیک سەبارەت بە ئیمکانی گونجانی ئیسلام و لیبراڵ-دیموکراسی دەدوێت، شەبستەری لە پڕۆژەی ڕیفۆرماسیۆنی ئایینیی خۆیدا هاوکات سێ ستراتیژی دەگرێتە بەر، یەکەم: لەسەر ئەم بڕوایەیە ئەگەر ئازادیی ویژدان و هزر لە کۆمەڵگایەکی سیاسیدا گەرەنتی نەکرێت، بڕوای ئایینی و ئیسلامی دەرفەتی بۆ ناڕەخسێت و دووەم ستراتیژیای شەبستەری پێداچوونەوە لە شەریعەت و فیقهی ئیسلامی و بەشە پەیوەندیدارەکانی لەگەڵ “سنت”ی ئیسلامییە تاکوو لەگەڵ مافی مرۆڤ بگونجێنرێت و لە سێیەم ستراتیژی خۆیدا هەروەک “النعیم” پێی ‌وایە ئەوەی ئەمڕۆکە زانا ئایینیەکان وەک خوێندنەوەی داسەپاو لە شەریعەت پێناسەی بۆ دەکەن، تەنیا یەکێک لە شرۆڤەکانە و دەرفەتی خوێندنەوەی نوێ لە ئایین لەلایەن کەسانی دیکەش هەیە. ئەمە لەسەر بنەمای تێفکرینی ڕۆڵزی بەرەو بەفەرمی ناسینی فرەیی و پلورالیزم لەناو لیبراڵیزمێکی سیاسی هەنگاو دەنێت. تا ڕادەیەکی زۆر سرووشیش وەک شەبستەری لەسەر ئەم بڕوایەیە شەریعەت و فیقهـ دەرهاویشتەی ئیسلامە و هەر بۆیە یاساکانی شەریعەت دوای تێپەڕبوونی کات پێویستیان بە پێداچوونەوە هەیە و هەر لەسەر بنەمای پلورالیزمی ئایینی بەرگری لە دیموکراسی دەکات[28] و بە میتۆدی جیاوازتر لە شەبستەری، بەڵام هەروەک ئەو، پێی‌ وایە ئەوە تێگەیشتنە جیاوازەکان لە ئایینن نەوەک خودی ئایین، کە دادوەری و سیاسەت دەکەن و ڕێزگرتن لە مافەکانی مرۆڤ وەک پێوەری حکومەتی دیموکراتی و نادیموکراتی سەیر دەکات[29]. پێداگرییەکانی سرووش لەسەر عەقڵی گشتی و مافی مرۆڤ، ئەم ڕووناکبیرەش دەخاتە ناو پۆلێنبەندیی لیبراڵیزمی سیاسی. مەلەکیان بە پێشنیارکردنی تیۆری مەعنەویەت، لەسەرووی ئایین و پۆستئیسلامیزمەوە هەنگاو دەنێت و بە زمانێکی ڕۆڵزییەوە پێی ‌وایە پەژراندنی فرەیی و پلورالیزم وەک دەرەنجامی سروشتی بەکارهێنانی عەقڵی مرۆڤ لە چارەسەرکردنی کێشەکاندایە[30].

دەرەنجام: پرسیار لەسەر دەرفەتەکانی خوڵقاندنی لیبراڵیزمی سیاسی لە ئێران

لەسەر بنەمای تێگەیشتن و ناڕەزایەتی دەربڕینی ئەم ڕووناکبیرە ئایینییانە لەمەڕ ناکارامەیی دەوڵەتی ئایینی، چەشنە بەرگریکردنێک لە دەوڵەتێکی سیکۆلار خۆی خستووەتە ڕوو. چەشنی تێگەیشتنی ئەم کەسانە لە دەوڵەتی سێکیۆلار –کەم و زۆر هەروەک ڕۆڵز- دەوڵەتێکی بێلایەن سەبارەت بە بیرۆکەی ئایینە و لەناو ئەم ڕووناکبیرە ئایینییانەدا، بەتایبەت شەبستەری پێی‌ وایە دەوڵەتی سیکۆلار لەبەر ئەوەی بانگەوازی چەسپاندنی ئایین ناکات یان بە درۆ و تەفرەدان هەوڵ نادات یاسای ئایینی ئیسلام بچەسپێنێ، دەتوانێ بەرگریکاری ئیمانی تاکەکانیش بێت.

لە لایەکی ‌ترەوە کۆدەنگییەک لەناو بەشێک لە ڕووناکبیرانی ئێرانی لەئارادایە کە بنەما مەعریفییەکانی مشتومڕ لەسەر باڵادەستیی ئایین لەناو دەوڵەت و فۆرمە سیاسییە گشتییەکان لە ئێرانی ئەمڕۆکە تا ڕادەیەک پەراوێز خراوە، بەڵام ئەم مشتومڕە لە ئاستی توێژی ڕووناکبیریدا پێویستی بە بەردەوامی هەیە. وەک دەرەنجامێکی زەقتربوونەوەی هزری لیبراڵیزمی سیاسی، ڕووناکبیرانی ئایینی و سیکۆلار تا ڕادەیەک بەم دەرەنجامە گەیشتوون کۆدەنگیی سیاسی-ئەخلاقی و پێکەوەسازانی مەعریفەتناسانە نەوەک پێویست نییە، بەڵکوو ئیمکانی خوڵقانیشی بۆ نییە و تەنانەت ئەگەر لە پانتایی حەقیقەتدا ناکۆکییەکان چارەسەر نەکرێن، ئەوە دەکرێ لە پانتایی دادپەروەریدا ئەم دوو توێژە جیاوازە هاوکاریی یەک بکەن. ئەمە وەک دەرەنجامێکی لیبراڵیزمی سیاسی، بەستێنێکی دیموکراتیانەی بۆ وتوێژ و هاوکاریی کۆمەڵایەتی لە ئاستی سەرەوە خوڵقاندووە.

بەڵام ئەوەی خاوەن گرینگییە، بەپێی بەڵگاندنەکانی ڕۆڵز، هەبوونی دەستوور و دەوڵەت وەک قەوارەیەکی بێلایەن لە ئاست ئایین، بێ لەبەرچاوگرتنی تایبەتمەندییە ئایینی، کۆمەڵایەتی و ڕەگەزییەکان لەناو دەستوورە. واتە لە لایەک هاوڵاتیان -وەک کارگێڕانی دەوڵەت- پێویستە بتوانن تێگەیشتنێکی هاوبەشیان لەمەڕ دوو چەمکی چاکەی گشتی و دادپەروەری لەلاوە بخوڵقێت و لە ئاکامدا بۆ گونجاندنی پانتایی گشتی و دەستوورێکی لیبراڵ دیموکرات چاوخشاندنەوەیەک بەسەر شەریعەتدا بکەن، چونکە نابێت پرەنسیپەکانی شەریعەت  لە ڕێگای دەوڵەتەوە وەک یاسا و سیاسەتی گشتی‌ -تەنیا بەو هۆکارەی بەشێک لە کۆمەڵگا وەک شەریعەت باوەڕیان پێی هەیە- بکرێن بە یاسا و بسەپێنرن. شەبستەری لەسەر ئەم بنەمایە و بە مەبەستی چارەسەرکردنی پرسی دەستوور وەک لەمپەرێک، پێی ‌وایە پێویستە لەنێوان لێکدانەوەی فقهی و لێکدانەوەی یاسایی لە دەستوور جیاوازی دابنرێت و گرینگی بخرێتە سەر بەشی دووەم کە پەیوەندیدار بە بەشی فۆڕمی حکومەت، ئەرکەکانی حکومەت و بایەخە یاسایی و سیاسییەکانە. بەڵام ئەوەی ڕوونە بێگومان پێشنیارەکانی شەبستەری و ڕووناکبیرە ئایینییەکانی ‌تریش سەبارەت بە گونجاندنی سیکۆلاریزم یان دابەزاندنی ئاستی هەژموونی شەریعەت لەناو یاساکان و پێگەی مەلاکان لە فۆرمە سیاسییە گشتییەکان ناتوانێ دەفەرتی خوڵقاندنی لیبراڵیزمێکی سیاسی بخوڵقێنن. هەر بۆیە پێویستە دەستوور وەک پێکهاتەیەک سەرلەنوێ بنووسرێتەوە، بەڵام ئەمری واقیعی سیاسی لە ئێران نیشانی داوە پاژنەی دەرگای سیاسەت بە شێوازێکی پێچەوانە دەگەڕێت.

 

سەرچاوەکان:

 

Ferrara, Alessandro. 2014. The Democratic Horizon: Hyperpluralism and the Renewal of Political Liberalism. New York: Cambridge University Press.

Badamchi, M., 2017. Post-Islamist Political Theory: Iranian Intellectuals and Political Liberalism in Dialogue. s.l.:Springer.

Mojtaba Mahdavi, 2011. Post-­Islamist­Trends­­ in­ Postrevolutionary­Iran. Comparative Studies of South Asia, Africa and the Middle East, 31(1), pp. 94-110.

Badamchi, M., 2017. Post-Islamist Political Theory: Iranian Intellectuals and Political Liberalism in Dialogue. s.l.:Springer.

Mojtaba Mahdavi, 2011. Post-­Islamist­Trends­­ in­ Postrevolutionary­Iran. Comparative Studies of South Asia, Africa and the Middle East, 31(1), pp. 94-110.

Shahibzadeh, Y., 2016. Islamism and Post-Islamism in Iran. New York: Palgrave Macmillan.

Tavassoli, S., 2011. Christian Encounter with iran:Engaging Muslim Thinkers after the Revolution. london: I.B.Tauris & Co Ltd.

Rawls, John. 1980. Kantian Constructivism in Moral Theory. The Journal of Philosophy 77 (9): 515–572

Fadel, “Political Liberalism, Islamic Family Law and Family Law Pluralism: Lessons from New York on Family Law Arbitration”, p. 6 of the pdf version available at: http://papers.ssrn.com/sol3/papers. cfm?abstract_

Commonweal Interview with John Rawls. 1999a In Collected Papers, ed. Samuel
Freeman, 616–622. Cambridge, MA/London: Harvard University Press.

Political Liberalism. 1996 Paperback ed. New York: Columbia University Press.

The Idea of Public Reason Revisited. 1997 The University of Chicago Law Review 64
(3): 765–807.

The Law of Peoples; With the Idea of Public Reason Revisited. Cambridge, 1999a MA/
London: Harvard University Press.

The Idea of Public Reason Revisited. 1997 The University of Chicago Law Review 64
(3): 765–807

A Theory of Justice. Revised ed. 1999b Cambridge, MA: Harvard University Press.

عەبدوڵا ئەحمەد النعیم، ئیسلام و دەوڵەتی سیکۆلار، ئازاد حاجی ئاقایی، سلێمانی، چاودێر، ٢٠١٧.

محمد مجتهد شبستری، راه دشوار مردم سالاری، آفتاب، ٢٠٠١، 30-37.

 

[1] Shahibzadeh, 2016, p. 101.

[2] 1 Rawls, “Commonweal Interview with John Rawls”, p. 616.

[3] 2 Rawls, Political Liberalism, p. 172.

[4] 3 Rawls, Political Liberalism, pp. lix–lx; Rawls, The Law of Peoples, p. 128.

[5] Comprehensive  liberalism

[6] Ferrara, The Democratic Horizon, p. 72.

[7] Rawls, A Theory of Justice, Revised Edition, 194.

[8] Rawls, A Theory of Justice, Revised Edition, 194.

[9] Rawls, “Kantian Constructivism in Moral Theory”, pp. 539–540.

[10]  Fadel, “The True, the Good and the Reasonable”, p. 7.

[11] Fadel, “The True, the Good and the Reasonable”, pp. 8–9.

[12] Rawls, “The Idea of Public Reason Revisited”, p. 784.

[13] Rawls, Political Liberalism, p. 217.

[14] Comperhensive doctrines

[15] Public good

[16]  عەبدوڵا ئەحمەد النعیم: ئیسلام و دەوڵەتی سیکۆلار، ٢٤.

[17]  ڕۆڵز لەسەر ئەم باوەڕە بوو خوێندەوەی ڕیفۆرمیستیانەی “النعیم” لە شەریعەی ئیسلامی نموونەیەکی باشە کە پاڵپشتی لە بایەخە سیاسییەکانی عەقڵی گشتی و دەستوورخوازی دەکات. کتێبی ئیسلام و دەوڵەتی سیکۆلار کە لەلایەن نووسەری ئەم وتارەوە کراوە بە کوردی، باشترین نموونەی بەکارهێنانی بەڵگاندنەکانی ڕۆڵزی لەلایەن “النعیم”ەوەیە.

[18] Public reason

[19] Reasoning

[20]  بۆ وردەکاریی زیاتر لەسەر ئەم مژارە، بڕوانە: کتێبی عەبدوڵا ئەحمەد النعیم: ئیسلام و دەوڵەتی سیکۆلار.

 [21]  عەبدوڵا ئەحمەد النعیم: ئیسلام و دەوڵەتی سیکۆلار، ٢٩.

[22] Mojtaba Mahdavi, 2011.

[23]  بۆ زانیاریی وردتر سەبارەت بە وردەکارییەکانی ئەم وەرچەرخانە، بڕوانە: نامەی دکتۆرای نووسەر لەژێر ناوی: مطالعه تطبیقی نقش و جایگاه روشنفکران ایرانی در حوزه عمومی.

[24]  شبستەری ، ٢٠٠١.

[25]  بۆ زانیاریی زیاتر، شبستەری لە کاکڵەی هزری خۆیدا زۆر لەژێر کاریگەریی نامیلکەی خوایی-سیاسیی سپینۆزادایە و سەرەڕای ئەوەی لە نووسراوەکانی خۆیدا ئاماژەیان پێ ناکات، زۆرێک لە لێکدانەوەکانی ڕاستەوخۆ دووپاتەی هەمان لێکدانەوەکانی سپینۆزان. مەلەکیانیش لەژێر کاریگەریی کیێەر کێگۆر، ڤیتگنشتاین و تامس نیگل و سایمۆن ڤێیدایە.

[26] Tavassoli, 2011, p. 151.

[27] Tavassoli, 2011, p. 164.

[28] BadamchiPost-Islamist Political Theory: p 81.

[29] BadamchiPost-Islamist Political Theory: p 82.

[30] BadamchiPost-Islamist Political Theory: p 82.

وەرزنامەی ئێرانناسی ژمارە (١) تشرینی یه‌كه‌می ٢٠٢١ ساڵی یەکەم.

Send this to a friend