• Google Plus
  • Rss
  • Youtube
October 22, 2023

کۆمەڵەی نوور و گرووپەکانی لە تورکیا

نووسین: ناوەندی توێژینەوەی ئێسسام

وەرگێڕانی: ئەحمەد قادر سیروانی

دەستپێک
کۆمەڵەی نوور لەلایەن زانای کوردی باکووری کوردستان سەعید نوورسی-یەوە لە نیوەی یەکەمی سەدەی بیستەمدا دامەزرێنراوە. سەرەڕای ڕێگرییەکانی بەردەمی ئەم کۆمەڵەیە، گرووپەکانی گەشەی فراوان و بەردەوامی بە خۆیەوە بینیوە و بە تورکیا و سەرانسەری جیهاندا بڵاوبووەتەوە، لەبەرئەوە بەردەوام جێگای مشتومڕ و باسی گەرمی تورکیا و جیهانە.
سەعید نوورسی کە بە بەدیعوززەمان سەعید کوردی-ش بەناوبانگە لە ساڵی ١٨٧٧ لە گوندی (نوورس) سەر بە قەزای (هیزان)ی پارێزگای (بەتلیس)ی باکووری کوردستان لە دایک بووە، پاش تەواوکردنی خوێندنی وانەکانی ئیسلامی ئیجازەی مەلایەتی وەردەگرێت و دەستدەکات بە پەروەردەکردنی قوتابیان و قوتابخانەیەک بە ناوی (خوڕخوڕ Hurhur) لە شاری وان دەکاتەوە. لە سەرەتای جەنگی یەكەمی جیهانی وەک

“جەنگاوەرانی خۆبەخش” لە بەرەی وان و بەتلیس دژی سوپای قەیسەری ڕووسیا جەنگاوە. دوای دەستگیرکردنی بە برینداری ماوەی نزیکەی دوو ساڵ بە بەندکراوی بەسەر دەبات و دوای ڕزگاربوونی دەگەڕێتەوە ئیستەنبوڵ و پاشان بۆ وان و ناوچەکانی خۆیان.

کۆمەڵەی نوور
لە پاش دامەزراندنی کۆماری نوێی تورکیا لەلایەن سەرۆک کۆمار مستەفا کەمال ئەتاتورکەوە لە ساڵی ١٩٢٢ داوا لە نوورسی دەکرێت ببێتە نوێنەری سەرۆک کۆمار لە ناوچەکانی باکووری کوردستان لە تورکیا، بەڵام بە هۆی ڕەتکردنەوەی داواکەی سەرۆک کۆمار، ئیدی نەفی دەکرێت بۆ باشووری خۆرئاوای تورکیا. ژیانی نوورسی بە گشتی دەکرێت بە دوو قۆناغەوە، کە قۆناغی یەکەمیان تاوەکو ساڵی ١٩٢٣ بووە و تێیدا هەوڵی داوە لە ڕێگەی چالاکی ئایینی-سیاسییەوە خزمەت بە ئایینی ئیسلام و کۆمەڵگە بکات، بەڵام لەو ساڵە بەدواوە “نەفرەت لە سیاسەت” دەکات و وازی لێدەهێنێت و سەرقاڵی دانانی پەیامەکانی نوور دەبێت.
لە ساڵی ١٩٢٦ لە گوندی بارلا لە باشووری خۆرئاوای تورکیا دەستدەکات بە دانانی پەیامەکانی نوور. نوورسی، پەیامەکانی نوور-ی بە وتن دەربڕیوە و ئەو کەسانەی لە دەوروبەری بوون نووسیویانەتەوە. لێرەوە ئەو نووسەرانە بوون بە قوتابییە یەکەمینەکانی پەیامەکانی نوور و هەر لێرەشەوە بناغەی کۆمەڵەی نوور دادەنرێت. پاش کۆچی دوایی نوورسی لە ٢٣ی ئازاری ١٩٦٠ وردە وردە بە هۆی ڕاجیایی و جیاواز لێکدانەوەی دەقەکانی ناو پەیامەکانی نوور، جیابوونەوە کەوتووەتە ناو قوتابییە یەکەمینەکانی کۆمەڵەی نوور. پاش كودەتای سەربازی ساڵی ١٩٦٠ لە تورکیادا، لەلایەن فەرماندە سەربازییەکانی ئەو کاتەی سوپای تورکیاوە لە ترسی کۆبوونەوەی قوتابیانی نوور و دروستبوونی خۆپیشاندان گۆڕی نوورسی هەڵدراوەتەوە و جەستەکەی بۆ شوێنێکی نادیار لە تورکیا گوێزراوەتەوە، کە تەنها عەبدولمەجید-ی برای و چەند قوتابییەکی تایبەتی نوورسی دەزانن.
ئەوانەی بە شێوەیەکی ئەرێنی لە کۆمەڵەی نوور دەڕوانن، پێیانوایە کۆمەڵەی نوور توانیویەتی کەسێتی تاکی موسوڵمان بپارێزێت لە هێرشی بێباوەڕان و ئەو تەوژمانەی لە جیهانی خۆرئاواوە لە ماوەی سەد ساڵی ڕابروودا هاتوونەتە ناو جیهانی ئیسلامییەوە. هەروەها گرووپەکانی سەر بە کۆمەڵەی نوور پەیوەندییەکی پتەویان لەگەڵ سەرجەم ئەندامانی کۆمەڵگەدا دروستکردووە و لە ڕێگەی بڵاوکردنەوەی پەیامەکانی نوور کە دانراوی ڕابەری ئەم گرووپانە بەدیعوززەمان سەعید نوورسی-یە، تەفسیرێکی تازەی سەردەمیانەی گونجاو لەگەڵ گیانی زانست و پێشکەوتنی تەکنەلۆجیا پێشکەش بە خەڵکی بکەن. ئەم کۆمەڵەیە لەگەڵ ڕەواندنەوەی گومانەکان لەسەر پایەکانی ئیمان و ئیسلام، یارمەتی تاکەکانی کۆمەڵگە دەدات بۆ پەروەردەی دەروون، تێکۆشان لە پێناوی ئیسلام، یەکێتی ئوممەتی ئیسلامی، برایەتی، خۆشەویستی نیشتمان و پەروەردەیەکی تەندروستی گەنجان. لەم چوارچێوەیەدا پەیامەکانی نوور و گرووپە جیاوازەکانی ڕۆڵی بەرچاویان هەبووە لە هۆشیارکردنەوەی کۆمەڵگەدا.
پێچەوانەی ئەم بۆچوونەش ئەوانەی کە بە شێوەیەکی نەرێنی لە خودی سەعید نوورسی و پەیامەکانی نوور و گرووپە جیاوازەکانی سەر بەم کۆمەڵەیە دەڕوانن، پێیانوایە خودی سەعید نوورسی پێویستی بە قسە لەسەر کردنە، هەندێک لە پەیامەکانیشی پێوستی بە لێکۆڵینەوە و تەتەڵەی ورد هەیە و لەو شوێنانەدا کە زیادەڕەوی (افراط)، یاخود کەمڕەوی (تفریط)ی تێدایە ڕاستبکرێنەوە. جگە لەوەش ئەمانە تێبینی دیکەیان لەسەر گرووپەکانی سەر بە کۆمەڵەی نوور هەیە و پێیانوایە ئەو گرووپانە کۆمەڵێک تایبەتمەندییان هەیە، کە بنەمای دامەزراندنی ئەو گرووپانەن، ئەو تایبەتمەندییانەش دەکرێت لەم خاڵانەدا بخرێنەڕوو:
١. گرووپەکانی سەر بە کۆمەڵەی نوور پێیانوایە تاوەکو کۆتایی دونیا خزمەتی ئیسلام لە ڕێگەی پەیامەکانی نوور و گرووپەکانی ئەوانەوە ئەنجام دەدرێت، خودی سەعید نوورسی و پەیامەکانی نوور ئەرکی ئیمام مەهدی جێبەجێ دەکەن، تاوەکو هاتنی محەممەدی مەهدی خۆی.
٢. باسکردنی ئەو مزگێنییە مەعنەوییانەی بە خودی سەعید نوورسی دراون و ڕاسپاردنی بۆ جێبەجێکردنی ئەرکی “ڕزگارکردنی ئیمانی خەڵک” وەک ئەرکی سەرشانی. پاراستن و ڕزگاربوونی نوورسی لە چەندین بەڵا و موسیبەت بە هۆی ڕەحمەتی شێخ عەبدولقادری گەیلانی و ئیلهام وەرگرتن لەو کەسایەتییە.
٣. تەماشاکردنی نوورسی وەک تازەکەرەوەی ئایین (مجدد).
٤. بەرز و پیرۆزکردنی نوورسی لە ڕێگەی کۆمەڵێک پیاهەڵدانی پڕ لە زیادەڕەوی (موبالەغە). تەنانەت نیشاندانی خۆشەویستییەک بۆ سەعید نوورسی کە هیچی کەمتر نییە لە دەربڕینی خۆشەویستی بۆ پێغەمبەری ئیسلام (د. خ) و بگرە تاماشاکردنی نوورسی وەک پێغەمبەرێک.
٥. باسکردنی ژیانی نوورسی پڕ لە ڕووداوی لە عادەتبەدەر و پیرۆزی ڕەفتارەکانی، بۆ نموونە بانگەشەکردن بۆ (فێربوونی ئەو زانست و وانانەی کە قوتابی لە حوجرەدا بە ماوەی ١٥ ساڵ فێریان دەبێت لە ماوەی ٣ مانگدا و وتنەوەی ئەو وانانە وەک مامۆستایەک).
٦. نیشاندانی نوورسی وەک گەورەترین زانای ئیسلامی و تەنانەت جیهانیش لە دوای پێغەمبەری ئیسلام (د. خ).
٧. پێیانوایە کە نوورسی و پەیامەکانی نوور دەتوانن گفتوگۆ و موناقەشە لەگەڵ زانا و زانستەکانی سەردەمدا بکەن و وەڵامی تەواوی پرسیارەکانیان بدەنەوە.
٨. سەرەڕای ئەوەی لە وانەکانیاندا بەردەوام باس لە برایەتی موسوڵمانان دەکەن، بەڵام لە کاتی ئەو وانانەدا دواجار بە جۆرێک قسە دەکرێت، بەشدار بوو هەست دەکات شوێنکەوتەی گرووپێکی دیاریکراوە.
جگە لەم ڕەخنانەی کە لە گرووپەکانی سەر بە کۆمەڵەی نوور و ئەندام و پشتیوانانیان هەیە، ئەوانەی کە بە نەرێنی لەم کۆمەڵەیە دەڕوانن کۆمەڵێک گومانیان لە خودی پەیامەکانی نوور هەیە، کە بریتین لە:
١. باسکردنی زمانی ئاماژە لە ئایەتەکانی قورئانەوە لە پەیامەکانی نووردا، بە جۆرێک لە هەندێک شوێنی ئەو پەیامانەدا باس لەوە کراوە کە هەندێک ئایەتی قورئان بە زمانی ئاماژە، ئاماژەیان بۆ هاتنی سەعید نوورسی و نووسینەوەی پەیامەکانی نوور داوە.
٢. باسکردنی ئەو بابەتانەی کە وەک ئیلهام بۆ دڵی نوورسی هاتوون پەسەندکردنی وەک بەشێک لە زانست و حوکمێکی ئایینی لەلایەن شوێنکەوتوانی نوورسی-یەوە.
٣. بانگەشەکردن بۆ ئەوەی کە پەیامەکانی نوور ئیلهامێکی خوداییە و سەعید نوورسی تەنها ئەو ئیلهامانەی دەربڕیوە و قوتابییەکانی نووسیویانەتەوە. هەروەها هەواڵدانی خەلیفەی چوارەمی موسوڵمانان عەلی كوڕی ئەبو تاڵیب و شێخ عەبدولقادری گەیلانی سەبارەت بە هاتنی نوورسی و دانانی پەیامەکانی نوور لەو سەردەمەدا.
٤. هیچ نووسراو و دانراوێکی دیکە لە ئاستی پەیامەکانی نووردا نابینرێت. هێندە پلەی بەرز و پیرۆزی بە پەیامەکانی نوور دراوە کە نابێت هیچ کەسێک ڕەخنەیان لێبگرێت.
٥. خوێندنەوە و تەماشاکردنی پەیامەکانی نوور وەک موعجیزەیەکی مەعنەوی قورئان.
٦. پەیامەکانی نوور بە هۆکاری گێڕانەوەی بەڵا و موسیبەتەکان دادەنرێت بۆ ئەو کەسانەی دەیخوێننەوە، تەنانەت سزادانی ئەو کەسانەی کە دژایەتی پەیامەکانی نوور دەکەن لەلایەن خودا خۆیەوە هەر لە دونیادا.

لە دوای کۆچی دوایی سەعید نوورسی لە ٢٣ ئازاری ١٩٦٠، کۆمەڵەی نوور دابەش بوو بۆ چەندین گرووپ و تاقمی جیاواز، بەردەوامیش گرووپی نوێ وەک بەشێک لە کۆمەڵەی نوور دەردەکەون. هۆکاری ئەم دابەشبوون و جیاوازییەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەم خاڵانەی خوارەوە:
١. چاپکردنی پەیامەکانی نوور بە زمانی تورکی نوێ بێت، یاخود بە زمانی تورکی عوسمانی.(١)
٢. نووسین و چاپکردنی پەیامەکانی نوور بەو شێوازە ڕەسەنەی خۆی کە نووسراوەتەوە بەردەوام بێت، یاخود سادە بکرێتەوە و ڕاڤەی هەندێک لەو پەیامانە بۆ نەوەی نوێ بکرێت.
٣. بەشداریکردنی کاروباری سیاسی لەلایەن ئەندام و پشتیوانانی کۆمەڵەی نوور و چوونە ناو پرۆسەی سیاسی کۆمەڵەی نوور و دروستکردنی حزبی سیاسی.(٢)
٤. دەرخستن و جەختکردنەوە لەسەر کوردبوونی سەعید نوورسی نازناوەکەی (نوورسی، یاخود کوردی) یاخود چاولێنوقاندنی.
٥. مەسەلەی کورد لە تورکیا، لەگەڵ بانگەشەی ئایینییدا کارکردن بۆ بەدەستهێنانی مافە نەتەوەییەکانی کورد لە تورکیادا و باسکردنی بابەتە نەتەوەییەکان لەپاڵ وانەکانی پەیامەکانی نووردا.
٦. ئەو گۆڕانکارییانەی لە هەندێک دەستەواژە و دەربڕینی ناو پەیامەکانی نوور ئەنجامدران، بە تایبەتی ناکۆکی قووڵ لە نێوان گرووپەکانی کۆمەڵی نووردا هەبووە لەسەر هەردوو دەستەواژەی “کورد و کوردستان”.
گرووپەکانی سەر بە کۆمەڵەی نوور بە گشتی بریتین لە هەشت گرووپی سەرەکی کە ئەندام و لایەنگریان هەم لە تورکیا و هەم لە ئاستی جیهاندا هەیە.

گرووپەکانی کۆمەڵەی نوور
یەکەم: گرووپی کرکینجی (مەهمەت کرکینجی)
مەهمەت کرکینجی یەکێک بووە لە قوتابیانی سەعید نوورسی و وەک ڕابەری ئەم گرووپە ناسراوە. کرکینجی ساڵی ١٩٢٨ لە شاری ئەرزڕۆم لە باکووری خۆرهەڵاتی تورکیا لەدایک بووە. ئەندام و لایەنگرانی ئەم گرووپە خۆیان وەک (گرووپی ڕاوێژ) دەناسێنن. مەهمەت کرکینجی ماوەیەکی زۆر لە قوتابخانە ئیسلامییەکاندا سەرقاڵی خوێندن بووە. ساڵی ١٩٥٥ لە شاری ئیسپارتا لە باشووری خۆرئاوای تورکیا لەگەڵ سەعید نوورسی یەکتر دەناسن. کرکینجی تاوەکو مردنی لە شاری ئەرزڕۆم لە ماڵەکەی خۆیدا لەگەڵ وانەی پەیامەکانی نووردا وانەی ئیسلامی و زمانی عەرەبی وتووەتەوە. لە ٢٤ شوباتی ساڵی ٢٠١٦ کرکینجی کۆچی دوایی کردووە.

دید و بۆچوونی گرووپی کرکینجی
ئامانجی سەرەکی گرووپی کرکینجی خزمەتکردنی ئیمان و ئیسلامە لە چوارچێوەی پەیامەکانی نووردا. بەپێی بۆچوونی شوێنکەوتووانی ئەم گرووپە سەعید نوورسی شوێنگرەوەیەکی ڕاستەقینەی زانایانی پێشووی ئیسلام و نوێکەرەوەی (مجدد) ئیسلامە. لەبەرئەوەی “لە ٣٣ ئایەتی قورئاندا ئاماژە بە هاتنی سەعید نوورسی و دانانی پەیامەکانی نوور لەلایەن ئەو زانایەوە” دراوە. کرکینجییەکان پێیانوایە “سەعید نوورسی ئەو ڕێبەرە مەزنەیە کە چاوەڕێ دەکرێت لە کۆتایی جیهاندا بێت”! جگە لەمانەش ئەوانەی لەگەڵ ئەم گرووپەدان وایدەبینن سەعید نوورسی کەسێکی پیرۆزە کە بە تەواوی و دڵسۆزی لە پێناوی خودا ژیاوە و لە لایەن خوداوە بە تایبەتی ئەرکی ڕزگارکردنی ئیمانی خەڵکی پیسپێردراوە.
مەهمەت کرکینجی پێیوایە کە “پەیامەکانی نوور لەژێر چاودێری و پاراستنی خودا خۆیدایە، لەبەرئەوە لە بابەتە بنەڕەتییەکانی ناو پەیامەکانی نووردا ناکرێت گۆڕانکاری بکرێت و دەستکاری دەستەواژە بنەڕەتییە بەکارهاتووەکانی ناو ئەو پەیامانە بکرێت، بەڵام لەبەرئەوەی وشەی کوردستان وشەیەکی بنەڕەتی و گشتی (کلی) نییە و دەکرێت وەک دەستەواژەیەکی بەشی (جزئی) تەماشا بکرێت و هەروەها بۆ ئەوەی وشەی کوردستان بە هەڵە لە پەیامەکانی نووردا بەکارنەهێنرێت و خوێندنەوەی جیاواز و دوور لە مەبەستە بەکارهێنراوەکانی خۆی بۆ نەکرێت و هەڵە تێگەیشتن ڕوونەدات، هەم وشەی کوردستان و هەم چەند دەستەواژەیەکی دیکەی ناو پەیامەکانی نوور لە لایەن خودی سەعید نوورسییەوە دەرکراون” و بە دەستەواژەی هاوواتا، یاخود واتای نزیک لەوانە جێگایان پڕکراوەتەوە.

چالاکییەکانی گرووپی کرکینجی
چالاکییەکانی گرووپی کرکینجی لەژێر چەتری وەقفی(٣) پەروەردە و کولتووری ئەرزڕۆم، وەقفی سوففا، ڕێکخراوی زانست و گەشەپێدانی فەییاز ئەنجام دەدرێت. ئەم گرووپە کە زیاتر بایەخ بە بابەتی پەروەردەیی دەدات لە ڕێگەی ڕێکخراوی زانست و گەشەپێدانی فەییاز-ەوە لەسەر تۆڕی ئینتەرنێت بە ١٥ زمانی جیاواز کار و چالاکی و وانەکانی بڵاودەکاتەوە.

هەڵسەنگاندن
گرووپی کرکینجی لەگەڵ ئەوەی خۆیان بە ئەهلی سووننەت و جەماعەت دەزانن، بەڵام پێیانوایە لە قورئاندا لە چەندین ئایەتدا ئاماژە بە هاتنی سەعید نوورسی دراوە و پەیامەکانی نوور-یش لە ژێر چاودێری پاراستنی خودادایە. تەنانەت ئەم گرووپە سەعید نوورسی-یان لە ئاستی ئیمامی غەزالی، ڕازی، ئیبن ڕوشد، ئیبن سینا و مەولانای ڕۆمی داناوە و وەک نوێکەرەوەی ئایین تەماشای دەکەن. تەنانەت پێیانوایە نوورسی لە کۆتایی جیهاندا بە تایبەت ئەرکی ڕزگارکردنی ئیمانی لەلایەن خوداوە پێسپێردراوە.

دووەم: گرووپی مێد- زەهرا (م. سدیق شەیهانزادە)
م. سدیق شەیهانزادە و عیزەدین یڵدرم بەهۆی ئەوەی پێیانوابوو لەلایەن گرووپی (ئاسیای نوێ) کە یەکێکە لە گرووپەکانی کۆمەڵەی نوور گۆڕانکاری لە ناوەرۆکی پەیامەکانی نووردا کراوە، کۆمەڵێک وشە و دەستەواژە لابراوە و سانسۆر خراوەتە سەر کوردبوونی سەعید نوورسی و ئەو بۆچوون و دەستەواژانەی دەربارەی کورد دەریبڕیوە، ساڵی ١٩٧١ لە گرووپی ئاسیای نوێ جیابوونەوە و گرووپی مێد-زەهرایان دامەزراند. دواتر ئەم گرووپە لەلایەن عیزەدین یڵدرم بۆ ماوەی چەندین ساڵ ڕابەرایەتی کراوە، بەڵام عیزەدین یڵدرم-یش پێش ئەوەی لە ساڵی ٢٠٠٠ بکوژرێت لەم گرووپە جیابووەتەوە و (گرووپی زەهرا)ی دامەزراندووە. م. سدیق شەیهانزادە-یش لە ساڵی ٢٠١٧ کۆچی دوایی کردووە.
یەکێک لە ئامانجە سەرەکییەکانی ئەم گرووپە وەک خودی سەعید نوورسی هەوڵی بێوچانی بۆ داوە و پێش مردنیشی وەسیەتی کردووە، دامەزراندنی زانکۆیەکە لە شاری وان لە باکووری کوردستان بە ناوی زانکۆی زەهرا(٤) هاوشێوەی زانکۆی ئەزهەر لە قاهیرەی پایتەختی میسر.
گرووپی مێد-زەهرا لە ڕێگەی وەقفی مێد-زەهرا چالاکییەکانی ئەنجامدەدات. ناوەکەشیان لە ناوی ئەو زانکۆیەوە وەرگرتووە کە سەعید نوورسی وەسیەتی کردووە لە شاری وان دروستبکرێت و ناو بنرێت “مەدرەسەی زەهرا”، گرنگترین تایبەتمەندی ئەم گرووپە ئەوەیە کە بە سەدان نووسەر، ڕۆشنبیر، مامۆستای زانکۆ و کەسایەتیی ئەندام و سەردانیکەری ئەم گرووپەن و شەوانە بۆ کۆڕ و کۆبوونەوە و وانەکانی پەیامەکانی نوور سەردانی مەدرەسە و ناوەندەکانی گرووپی مێد-زەهرا دەکەن.

دید و بۆچوونەکانی گرووپی مێد-زەهرا
گرووپی مێد-زەهرا زۆر جەخت لەسەر ناوەندێتی پەیامەکانی نوور دەکەنەوە، بەو واتایەی سەرجەمی مەبەست و ئامانجەکانیان لە چوارچێوەی خزمەتکردنە بە پەیامەکانی نوور و بڵاوکردنەوەیاندا. لەگەڵ ئەوەشدا خۆیان بە ئەهلی سووننەت و جەماعەت دەزانن. خودی سدیق شەیهانزادە دژی سەرجەمی ئەو سیستمە ئایینی، سیاسی، ئابووری و کارگێڕییانە بووە کە داهێنراوی دەستی مرۆڤ بوون و وەک بەشێک لە کوفر و بێباوەڕی لێی ڕوانیون.
یەکێک لە ئامانجە بنەڕەتی و سەرکییەکانی چارەسەرکرنی ئاشتییانەی کێشەی کوردە لە تورکیا لە سایەی بنەما و بەها باڵاکانی ئایینی ئیسلامدا. بۆ ئەم مەبەستەش کاریان کردووە و تەنانەت مێد-زەهرا لە ئێستادا یەکێکە لەو گرووپە ئیسلامییانەی لە تورکیا بە خاوەنی کێشەی کورد و هەوڵدان بۆ چارەسەرکردنی دادەنرێت. جگە لەمانەش گرووپی مێد-زەهرا بە خاوەنی بیرۆکەی “دروستکردنی کوردستان و دەوڵەتی کوردی ناچارییە و ئیسلامیبوونی ئەو دەوڵەتە خەون و خەیاڵە” دادەنرێت.
شوێنکەوتوانی ئەم گرووپە بەردەوام جەخت لەسەر دروستکردنی زانکۆی زەهرا (مەدرەسەی زەهرا) دەکەنەوە، کە گەورەترین ئاوات و ئامانجی بەدینەهاتووی سەعید نوورسی بووە. چونکە بە پێی بۆچوونی ڕابەر و سەرکردە و پەیڕەوانی ئەم گرووپە “بوونی زانکۆیەکی لەو جۆرە لە شاری وان و بەو تایبەتمەندییانەی سەعید نوورسی بۆی دیاریکردووە، کورد و کوردستان ڕزگار دەکات لە پارچە پارچەبوون و دووبەرەکی، لە هەمانکاتدا دەبێتە ناوەندێکی گرنگ بۆ پەروەردەی تاکی کورد و کرانەوەی کوردستان بە ڕووی جیهان بە گشتی و وڵاتانی ئیسلامی بە تایبەتی، جگە لەوەش ئەم زانکۆیە پاڵپشتێکی بەهێز دەبێت بۆ ناساندنی زیاتری کورد و کێشەکانی بە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی”. بەمجۆرە سەرجەم چین و توێژەکانی کۆمەڵگەی کوردی لە سایەی ئەم زانکۆیەدا یەکدەگرن.
گرووپی مێد-زەهرا بەهۆی جەختکردنەوەی بەردەوامی لەسەر مەسەلەی کورد لە تورکیادا، هەروەها لە هەندێک بارودۆخدا پێشخستنی کوردایەتی و کوردبوونی سەعید نوورسی بە سەر موسوڵمانێتیدا، وایکردووە پەیوەندییەکانی لەگەڵ دەوڵەتدا ساردوسڕ بێت. لە هەمانکاتدا هەر ئەم هەڵوێستانەی گرووپی مێد-زەهرا پەیوەندییەکانی لەگەڵ گرووپە ئیسلامییەکانی تورکیا بە گشتی و گرووپەکانی دیکەی نوور بە تایبەتی کاڵوکرچ کردووەتەوە. لەگەڵ ئەوەشدا لەگەڵ هاتنی پارتی داد و گەشەپێدان (ئاکەپە) بۆ سەر دەسەڵات لە تورکیا و ڕاگەیاندنی پرۆسەی ئاشتی و چارەسەرکردنی کێشەی کورد لە باکووری کوردستان بە ڕێگەی ئاشتییانە و گفتوگۆ، گرووپی مێد-زەهرا بە ڕوونی پشتیوانی تەواوی خۆیان بۆ ئەو پرۆسەیە و پارتی داد و گەشەپێدان دەربڕی. لەلایەکی تریشەوە لە ململانێکانی پارتی داد و گەشەپێدان و گرووپی فەتحوڵڵا گولەن(٥)، مێد-زەهرا پشتیوانیان لە ئاکەپە و حکومەت کردووە.
لەگەڵ ساردوسڕی پەیوەندییەکانی گرووپی مێد-زەهرا لەگەڵ حکومەتدا، بەهۆی ئەوەی بۆ یەکەمجار مۆڵەتی چاپکردنی پەیامەکانی نوور لەناو گرووپەکانی کۆمەڵەی نوور-دا لەلایەن سەرۆکایەتی کاروباری ئایینەکان بەم گرووپە دراوە، پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئەو سەرۆکایەتییەدا توندوتۆڵە. سەرەڕای ئەو پەیوەندییە توندوتۆڵەشیان گرووپی مێد-زەهرا بە توندی ڕەخنەیان لەو گۆڕانکارییانە گرت کە لەلایەن سەرۆکایەتی کاروباری ئایینەکانی تورکیا-وە کراوە لەو چاپەی کە لەلایەن ئەو سەرۆکایەتییەوە کرابوو.(٦)
گرووپی مێد-زەهرا لەبەرئەوەی جەختی زۆریان لەسەر کوردبوونی سەعید نوورسی و کوردایەتی کردووەتەوە لە ناوچەکانی باکووری کوردستان، خەڵکی ئیسلامیی و ڕاستڕەوی ئەو ناوچانە بە ئاسانی پشتیوانیان دەکەن. تەنانەت ئەم گرووپە لە چاپکردنی زۆربەی پەیامەکانی نوور-دا ناوی نووسەرەکەیان بە سەعید کوردی نووسیوە. هەر لەبەر ئەم بۆچوونانەشی پەیوەندی ئەم گرووپە لەگەڵ گرووپەکانی دیکەی نوور زۆر ساردوسڕە و تا ڕادەی پچڕانیش ڕۆیشتووە. تەنانەت لەبەر جەختکردنەوەی بەردەوام و توندی لەسەر مەسەلەی کوردایەتی لە شارەکانی خۆرئاوای تورکیا کە زۆرینەی دانیشتوانی بە ڕەگەز تورکن، زۆر بە کەمی پشتیوانی لێ دەکرێن، ئەوانەشی لەو شارانەدا پشتیوانی لە مێد- زەهرا دەکەن زۆربەیان بە ڕەگەز کوردن.
ئەم گرووپە، پشتیوانی تەواوی خۆیان بە ئاشکرا و ڕوونی بۆ ڕیفراندۆمی هەرێمی کوردستان “باکووری عێراق” کە لە ٢٥ ئەیلولی ٢٠١٧ ئەنجامدرا، دەربڕیوە. تەنانەت لە ماوەی بانگەشەی ڕیفراندۆم و ماوەیەکیش دوای کۆتایی هاتنی ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی دەستەواژەی “سەرۆک کۆماریان ” بۆ سەرۆکی ئەو کاتەی هەرێمی کوردستان مەسعود بارزانی دەردەبڕی.

چالاکییەکانی گرووپی مێد-زەهرا
ئەم گرووپە لە سەر تۆڕی ئینتەرنێت لە ڕێگەی سایت و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە تۆڕیکی فراوانی کار و چالاکییان هەیە و لە بڵاوکردنەوەی پەیامەکانی نوور لەو سایت و تۆڕانەدا دەستێکی باڵایان هەیە. جگە لەوەش ئەم گرووپە “گۆڤاری داڤا Dava Dergisi” دەردەکات. هەروەها خاوەنی ناوەندی چاپ و بڵاوکردنەوەی تەنویر-ە، کە پەیامەکانی نوور بەو جۆرەی ئەم گرووپە پەسەندی دەکات و گۆڤاری داڤا و هەر بڵاوکراوەیەکی پەیوەست بە گرووپەکە چاپ و بڵاودەکاتەوە.

هەڵسەنگاندن
جەختکردنەوەی بەردەوام لە سەر کوردبوونی سەعید نوورسی، چاپکردنی پەیامەکانی نوور بە بەرگێکی کوردانە، پێشخستنی مەسەلەی نەتەوایەتی و کوردایەتی بەسەر مەسەلە ئیسلامییەکاندا. جەختی بەردەوامی لەسەر دامەزراندنی دەوڵەتی کوردی و کوردستان و (بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ) ئەو دەوڵەتەش هەرچەندە زەحمەت بێت و لە مەحاڵەوە نزیک بێت بەپێی بنەماکانی دەوڵەتی ئیسلامی دروستبکرێت و بەڕێوەببرێت، تایبەتمەندییە سەرەکییەکانی ئەم گرووپەیە و بەمانە لە گرووپەکانی دیکەی کۆمەڵەی نوور جیادەکرێتەوە. لەم ڕێگەیەوە ئەم گرووپە خاوەن سیاسەتێکی جوداخوازی و ڕەخنەگری بەردەوامە و هەمیشە لە بەرەی “ئۆپۆزسیۆنی ئیسلامی” بەرامبەر حکومەت و دەسەڵات و دەوڵەتی تورکیا چالاکی ئەنجام دەدات.

سێیەم: گرووپی خوێنەرەوەکان (زوبێر گوندوزئالپ)
ڕابەری ئەم گرووپە زوبێر گوندوزئالپ ساڵی ١٩٢٠ لە (کارمان/ ئێرمەنەک) لەدایک بووە و بە یەکێک لە قوتابییە ڕاستگۆ و یەکەمینەکانی سەعید نوورسی و لە دامەزرێنەرانی کۆمەڵەی نوور دادەنرێت. زوبێر گوندوزئالپ ساڵی ١٩٤٤ کاتێک فەرمانبەر بووە لە شاری قۆنیا ئاشنا بووە بە پەیامەکانی نوور. بۆ یەکەمجار لە ساڵی ١٩٤٦ سەردانی سەعید نوورسی لە شارۆچکەی (ئەمیرداغ) سەر بە پارێزگای (ئافیۆن) کردووە. ساڵی ١٩٥٣ زوبێر گوندوزئالپ واز لە کاری فەرمانبەری دەهێنێت و خۆی تەرخان دەکات بۆ خزمەتی پەیامەکانی نوور و تاوەکو مردنی بەردەوام دەبێت. ساڵی ١٩٧١ کۆچی دوایی کردووە.

دید و بۆچوونەکانی گرووپی خوێنەرەوەکان
ئەم گرووپە بە پێچەوانەی گرووپی نووسەرەوەکان کە پێیانوابوو دەبێت پەیامەکانی نوور بەدەست و بە زمانی تورکی عوسمانی بنووسرێتەوە، گرووپی خوێنەرەوەکان پشتیوانی لەو بۆچوونە دەکات کە پێیوایە دەبێت پەیامەکانی نوور بە پیتی لاتینی بنووسرێتەوە و لە پێناوی خێراتر بڵاوبوونەوە و ئاسانی خوێندنەوەیدا لە چاپخانە چاپ بکرێت. وەک گرووپەکانی دیکەی نوور ئەم گرووپەش پەیامەکانی نوور-ی وەک ناوەندی چالاکی و بڵاوکردنەوەکانی داناوە و کۆڕ و کۆبوونەوە و وانەکانیان لەسەر ئەو پەیامانەن. لەم چوارچێوەیەشدا بایەخێکی تایبەت بە پەیامەکانی نوور دەدەن. تا ئەو ڕادەیەی وەک “کتێبێکی پیرۆز” لەم پەیامانە دەڕوانن. جگە لەوەش یەکێک لە بۆچوونە سەرەکەییەکانی ئەم گرووپە ئەوەیە کە سەعید نوورسی مەهدی و تازەکەرەوەی سەدەی بیستەم و تا هاتنی ڕۆژی دوایی بووە.
گرنگترین ئەو چالاکییانەی ئەنجامی دەدات بریتین لە: چاپکردنی پەیامەکانی نوور و دابەشکردن و بڵاوکردنەوەی، وەرگێڕانی پەیامەکان بۆ سەر زمانە جیاوازەکانی جیهان، هەر لەم چوارچێوەیەشدا پشتیوانی تەواوی مامۆستا فاروق ڕەسوڵ یەحیا-یان (وەرگێڕی پەیامەکانی نوور بۆ زمانی کوردی/ سۆرانی) کردووە و پەیوەندی پتەویان لەگەڵیدا هەیە و ساڵانە هەردوولا سەردانی یەکدی دەکەن.
کار و چالاکییەکانی گرووپی خوێنەرەوەکان
کردنەوەی خانوو و ناولێنانی بە “دەرسخانە” یاخود “مەدرەسە” کە تێیدا پەیامەکانی نوور-ی تێدا دەخوێنرێتەوە و وەک وانە دەوترێنەوە و قوتابیانی زانکۆش لەو خانوانەدا دەمێننەوە. لەم ساڵانەی دواییدا دەستیان کردووە بە بەکارهێنانی ئامڕازەکانی ڕاگەیاندن لە تەلەفزیۆن و ڕادیۆ و سایتە ئینتەرنێتییەکان بۆ بڵاوکردنەوەی پەیامەکان و کار و چالاکییەکانیان. ئەنجامدانی سیمینار و پانێڵی نێودەوڵەتی و نیشتمانی یەکێکی دیکەیە لە چالاکییە سەرەکی و بەردەوامەکانی ئەم گرووپە.

هەڵسەنگاندن
گرووپی خوێنەرەوەکانیش بایەخێکی زۆر تایبەت بە سەعید نوورسی و پەیامەکانی نوور دەدەن و تا ئاستی پیرۆزی لێی دەڕوانن. وەک لە گرووپەکانی دیکەیشدا هەیە لەم گرووپەشدا بایەخی زۆر بە ڕابەر و سەرکردایەتیکردن و بابەتەکانی (کەشف و مەعنەوی و خەوبینین و گێڕانەوەی) دەدرێت. هەروەها بابەتەکانی کەرامات و ڕێزلێنانی خودایی بەستراوەتەوە بە بابەتی مەهدی و تازەکەرەوەی ئایین و بەردەوام لای ئەم گرووپە لە نێوان خۆیاندا باسی لێوەدەکرێت، بەمجۆرە بۆچوونەکانی سەعید نوورسی و پەیامەکانی نوور وای لێهاتووە نابێت لێکۆڵینەوە و لێپرسینەوە و بەدواداچوون و گفتوگۆ و موناقەشەی لەسەر بکرێت. بەڵکو تەنها دەبێت بخوێنرێتەوە و وەربگیرێت. ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی شوێنکەوتوانی تەسلیم ببن و هەر شتێک لە پەیامەکانی نوور و مەدرەسەکانی ئەم گرووپەوە بوترێت ڕاستەوخۆ وەریبگرن.

چوارەم: گرووپی تاهشیەجییەکان (محەممەد دۆغان)
دامەزرێنەری ئەم گرووپە محەممەد دۆغان (مەلا محەممەد ئەلكەرسی) لە ساڵی ١٩٤٤ لە گوندی (کەرس) سەر بە قەزای (ڤارتۆ) لە پارێزگای مووش لەدایکبووە. لای باوکی دەستی بە خوێندنی زانستی کردووە و نزیکەی ١٥ ساڵ لای چەندین مامۆستا وانەی مەدرەسەی خوێندووە. لە ساڵی ١٩٧٣-١٩٩٨ لە مزگەوتی ناوەندی مووش وەک ئیمام و خەتیپ کاری کردووە و لە ساڵی ١٩٩٨ خۆی خانەنشین کردووە.
دەوترێت محەممەد دۆغان لە شەستەکانی سەدەی ڕابردوودا کاتێک خوێندکار بووە ئاشنای پەیامەکانی نوور بووە ئەم پەیامانە بۆ ماوەیەکی زۆر بیر و مێشکیان داگیر کردووە، هەر بۆیە پێش تەواوکردنی خوێندن سەرجەمی پەیامەکانی نوور-ی خوێندووەتەوە و ڕێژەیەکی زۆری ئەو پەیامانەی لەبەرکردووە.
دید و بۆچوونەکانی گرووپی تاهشیەجییەکان
گرووپی تاهشیەجییەکان لەگەڵ ئەوەی بایەخێکی تایبەت بە پەیامەکانی نوور دەدەن، بە شانازییەوە جەخت لەسەر “نووربوونی” خۆیان دەکەنەوە و بە ئاشکرا دەستەواژەی “ئێمە نوورین”، یاخود “ئێمە کۆمەڵەی نوورین” دووبارە دەکەنەوە. ئەمەش تایبەتمەندییەکی گرنگ و سەرەکی ئەم گرووپەیە کە لە گرووپەکانی دیکەی کۆمەڵەی نووری جیادەکاتەوە.(٧) هەروەها پێیانوایە تایبەتمەندی “مەعصومیەت- بێکەموکوڕی” تەنها تایبەتە بە پێغەمبەران. بەدەر لەمانە تەنانەت هاوەڵانی پێغەمبەریش (د. خ) و زانایانی ئیسلامیش بێ کەموکوڕی نین.(٨) لەلایەکی دیکەوە ئەم گرووپە بانگەشەی ئەوە دەکەن کە مەبەستی سەرەکی ئەوان زۆربوون و کۆکردنەوەی ئەندام و لایەنگر نییە و خەڵکی بۆ مەشرەب و ڕێباز، یان گرووپێکی دیاریکراو بانگ ناکەن. لەلایەن خودی خۆیانەوە بە ئاشکرا بانگەشەی ئەوە دەکەن کە پەیوەندییان لەگەڵ هیچ گرووپ و پارت و ڕێکخراوێکی سیاسیدا نییە و ئەمەشیان بە تایبەت بەو کەسانە ڕاگەیاندووە. کە پشتیوانیان دەکەن، لە پێناوی ئەوەی کە پشتیوانەکانیشیان پەیوەندی لەگەڵ هیچ گرووپ و پارتێکی سیاسیدا دروست نەکەن.

لەلایەکی دیکەوە تاهشیەجییەکان دەمێکە لەگەڵ گرووپی فەتحوڵڵا گولەن بەهۆی جیاوازی بۆچوونەوە ناکۆکیان هەیە و هەندێکجاریش سەریکێشاوە بۆ ڕووبەڕووبوونەوە و پێکدادان و تەنانەت کار گەیشتووەتە ئەوەی پۆلیس بکەوێتە نێوان لایەنگرانی ئەو دوو گرووپەوە، لەمەش زیاتر لە دادگاکانی تورکیا دۆسیەیەک بە ناوی “دۆسیەی تاهشیەجییەکان” کراوەتەوە و بەردەوام دۆسیەی تازە دروست دەبێت لە نێوانیاندا. بەگشتی خاڵی ناکۆکی نێوان ئەم دوو گرووپە، یاخود ڕەخنەکانی گرووپی تاهشییەجی لە گرووپی فەتحوڵڵا گولەن لەم خاڵانەدا کۆدەکرێتەوە:
١. لابردنی دەستەواژی (محمد ڕسول اللە) لە ناو “دەستەواژەی تەوحید/شایەتومان”دا، کە مرۆڤی ناموسوڵمان بەو دەستەواژەیە موسوڵمان دەبێت و موسوڵمانانیش و بە تایبەت گرووپەکانی نوور زۆر جەختی لەسەر دەکەنەوە و وەک زیکر و پاڕانەوەیەک بەردەوام دەیڵێنەوە.
٢. گرووپی فەتحوڵڵا گولەن پێیان وای “مەسیحی و جولەکەش بەهەشتین”.
٣. کۆکردنەوەی خێر و زەکات و خەرجکردنی بۆ دەزگا جیاوازەکانی گرووپی فەتحوڵڵا گولەن، لە کاتێکدا گرووپی تاهشیەجی پێیانوایە “بە پشتبەستن بە دەقەکانی ئیسلام خێر و زەکات تەنها بە هەژاران دەدرێت”.
٤. بچووککردنەوەی فەرمانی خودایی “لەچککردن، واتە سەرداپۆشینی کچان و ئافراتان” بۆ بابەتە لقییەکانی (فرعی) ئیسلام و تا ڕادەیەک ڕەوایەتی دان بە “بێ سەرپۆشی (سفوری)” لە کۆمەڵگەدا، لە کاتێکدا ئەوەش فەرمانێکی خوداییە و لە قورئاندا بڕیاری لەسەر دراوە.
٥. سازدانی کۆڕ و کۆبوونەوە و کۆنفرانسی نێودەوڵەتی دەربارەی گفتوگۆ و لێکتێگەیشتنی ئایینەکان بە پاساوی پێکەوەژیانی ئاشتییانە.
٥. هاوسەرگیری پێکردن، یاخود ڕەوایەتی دان بە هاوسەرگیریکردنی کچی موسوڵمان لەگەڵ کوری مەسیحی-دا، ئەمەش بە ئاشکرا دژایەتیکردنی فەرمانی خوداییە.
٦. لە ڕێگەی دامەزراندنی بانقی بازرگانییەوە گرووپی فەتحوڵڵا گولەن کەوتوونەتە ناو دۆخی سوو وەرگرتنەوە و بە جۆرێک لە جۆرەکان فەتوای حەڵاڵی ئەو کارەیان دەرکردووە.
٧. بە بیانووی سادەکردنەوە و ئاسانکردنی تاوەکو نەوەی نوێ بە ئاسانی لێیان تێبگات گۆڕانکاری و دەستکاریکردن و تێکدانی دەستەواژە و مانا و مەبەست و ناوەرۆکی پەیامەکانی نوور کە ڕاڤەی گرنگی مەعنەوی قورئانی پیرۆزە لەم سەردەمەدا.
لەگەڵ ئەم ڕەخنانەدا، گرووپی تاهشیەجی بەردەوام جەخت لەسەر کۆمەڵێک خاڵ دەکاتەوە کە وەک کێشەیەک لەناو جیهانی ئیسلامی و کۆمەڵگەدا دەیبینێ:
١. پێدانی زەکات بە دەزگا و دامەزراوەکان دروست نییە.
٢. دیالۆگی ئایینەکان پێچەوانەی بنەماکانی ئیسلامە. بە تایبەتی لە کاتێکدا کە ڕابەرانی ئایینەکانی دیکە ڕەوایەتیان داوە بە کوشت و بڕ و داگیرکاری وڵاتانی ئیسلامی لەلایەن دەوڵەتە داگیرکەرەکانی جیهانەوە.
٣. “بێ کەموکوڕی” (مەعصومییەت) تەنها تایبەتە بە پێغەمبەرانەوە. بەدەر لەمانە تەنانەت هاوەڵی پێغەمبەریش (د. خ) و زانایانی ئیسلامیش بێ کەموکوڕی نین.(٨)
٤.جیهادی مادی (تێکۆشانی) یەکێکە لە پایە گرنگەکانی ئیسلام. بانگەوازی جیهاد تەنها دەوڵەت دەتوانێت بیکات. تاکەکان هەرگیز ناتوانن و نابێت بانگەوازی جیهاد بکەن.
٥. خۆداپۆشینی شەرعی تەنها لەچکی گەورە و پان و عەبایە، بەدەر لەوە حیجابی تورکی و مانتۆ و پانتۆڵ شەرعی نین و ڕێگە بە ڕوخسەتێکی لەو جۆرە نادرێت.
٦. بە پشتبەستن بەوەی کە بەندایەتی و عیبادەتەکان دەبێت بەپێی ساڵنامەی کۆچی بکرێت، کەواتە ئەنجامدانی ئاهەنگ و هەر چالاکییەکی دیکە “هەفتەی لەدایکبوونی پیرۆز” لەیادی لەدایکبوونی پێغەمبەردا بیدعەیەکی خراپە.(٩)
٧. ئەژمارکردنی یادی لەدایکبوونی پێغەمبەر بە بەندایەتی هەڵەیە. لەوەش خراپتر ئەنجامدانی ڕێوڕەسم بۆ یادی لەدایکبوون بۆ کەسێک کە مردبێت بیدعەی خراپە.
چالاکییەکانی گرووپی تاهشیەجییەکان
ئەم گرووپە لە ڕێگەی (ناوەندی چاپ و بڵاوکردنەوە سەمەندەل) پەیامەکانی نوور چاپ و بڵاودەکاتەوە. تا ئێستا زنجیرە کتێبێکیان بڵاوکردوەتەوە کە نزیکەی ٤٠ بەرگە و زۆربەی زۆری ڕاڤە و ڕوونکردنەوەی پەیامەکانی نوورە، وەک خۆیان بانگەشەی بۆ دەکەن ئەو کتێبانەی کە بڵاویان کردووەتەوە لە ڕێگەیەوە موسوڵمانان لەو بیروباوەڕە پووچ و بەتاڵانە و ئەوانەی کە لەلایەن ڕۆژهەڵاتناس و ماسۆنییەکانەوە هەڵدراونەتە جیهانی ئیسلامی و دژی قورئان و سوننەت و كۆدەنگی زانایانی ئیسلام و قیاسی باوەڕی موسوڵمانانە ڕزگار دەکات، جگە لەمانەش ئەم گرووپە خاوەنی سایتی (www.nurmend.com)ە.
هەڵسەنگاندن
ئەم گرووپە، جیاواز لە گرووپەکانی دیکەی نوور خاوەنی ئەو بیروڕاو بۆچونانە نییە کە بەئاشکرا دژیەکییان هەیە لەگەڵ بنەما بنەڕەتیەکانی ئیسلامدا. بۆ نموونە پەیامەکانی نوور و سەعید نوورسی بە “بێ کەموکوڕی” مەعسوم دانانێن و زەکات بۆ دەزگاکانی خۆیان کۆناکەنەوە. جگە لەوانەش ئەم گرووپە بۆ تێگەشتن لە ئیسلام پەیامەکانی نووری لە دوای قورئان و سوننەت و كۆدەنگی زانایان و قیاس داناوە.

پێنجەم: گرووپی نووسەرەوەکان (خەسرەو ئاڵتن باشاک)
خەسرەو ئاڵتن باشاک کە ڕێبەری ئەم گرووپەیە ساڵی ١٨٩٩ لە گوندی (سەنیرجە)ی سەر بە پارێزگای ئیسپارتا لەدایک بووە. کوڕی حاجی ئەدهەم بەگە ئەویش کوڕی عەلی ئەفەندییە کە لە سەردەمی دەوڵەتی عوسمانیدا والی ئیسپارتا بووە. کاتێک سەعید نوورسی دوردەخرێتەوە بۆ گوندی (بارلا)ی نزیک ئیسپارتا لەوێ لەگەڵ خەسرەوە ئاڵتن باشاک یەکدی دەناسن. خەسرەو زۆر دەکەوێتە ژێر کاریگەری پەیامەکانی نوورەوە و دەستدەکات بە نووسینەوەی پەیامەکان بە مەبەستی بڵاوبوونەوەی. خەسرەو ئاڵتن باشاک ساڵی ١٩٧١ بۆ ماوەی سێ ساڵ زیندانی دەکرێت. لە دوای ئازادبوونی، خەسرەو بە مەبەستی نووسینەوەی قورئانی پیرۆز بە تەوافوق(١٠) “وەقفی هایرات” دادەمەزرێت.
باس لەوە دەکرێت کە سەعید نوورسی، خەسرەو ئاڵتن باشاک-ی وەک جێنشینی خۆی دیاریکردووە و چەندین وەسف و پیاهەڵدانی نوورسی دەربارەی خەسرەو هەیە و وەک ڕابەری قوتابیانی نوور تەماشا کراوە. لە دوای سەعید نوورسی خەسرەو ئاڵتن باشاک وەک “ئوستادی دووەم” ژمێردراوە و تەنانەت نازناوی “ئوستادی دووەم”یشی پێدراوە.
دوای ئەوەی بۆ یەکەمجار جیابوونەوە لەناو کۆمەڵەی نووردا(١١) ڕوویداوە، زۆرینەی قوتابی و پشتیوان و ئەندامانی کۆمەڵەکە لەگەڵ خەسرەو ئاڵتن باشاک-دا بوون. خەسرەو لە ساڵی ١٩٧٧ لە ئیستەنبوڵ کۆچی دوای کردووە.

دید و بۆچوونی گرووپی نووسەرەوەکان
خەسرەو ئاڵتن باشاک و ئەوانەی لەگەڵیدان بەردەوام باس لەوە دەکەن کە خۆیان بە بەشێک لە ئەهلی سوننەت و جەماعەت دەزانن و ژیانیان بۆ نووسینەوەی پەیامەکانی نوور بە دەستی و بە تورکی عوسمانی تەرخان کردووە.(١٢) خەسرەو ئاڵتن باشاک کە بە (کاک خەسرەو) لەناو گرووپەکەی و دەرەوەشدا ناسراوە، هەمیشە پێی وابووە کە دەبێت پەیامەکانی نوور بە دەست و بە تورکی عوسمانی بنووسرێتەوە و پەیڕەوانیشی لەسەر هەمان بۆچوون بوون، چونکە بە بۆچوونی ئەوان “ناکرێت بەزمان و نووسینی کوفر خزمەتی قورئان بکرێت”.
ئەم گرووپە پێیانوایە کۆمەڵیک بابەت لە پەیامەکانی نووردا دەربارەی وەهابییەکان و دووڕووەكان لەلایەن گرووپەکانی دیکەی نوورەوە لە پەیامەکانی نووردا لابراون، یاخود دەستکاری کراون.
سەرەڕای ئەوەی چەندین جار خەسرەو ئاڵتن باشاک دەستبەسەرکراوە و زیندانیش کراوە، بەڵام هیچ کاردانەوەیەکی توندوتیژ و یاخیبوونێکی نەبووە. بە هەمانشێوە قوتابییەکانیشی هانداوە بە هەمان جۆر ڕەفتار بکەن و مۆڵەتی پێنەداون چەک و هەر کەرەستەیەک کە بۆ کاری توندوتیژی بەکاربهێنرێت لەگەڵ خۆیاندا هەڵبگرن.
خەسرەو ئاڵتن باشاک و قوتابیانی لەسەر بنەمای دوورکەوتنەوەی مامۆستاکەیان سەعید نوورسی “لە سیاسەت و نەفرەتكردن لێی” ئەوانیش دووریان گرتووە لە سیاسەت، تا هاتنی پارتی داد و گەشەپێدان (ئاکەپە) بۆ سەر دەسەڵات هیچ پەیوەندییەکی نزیکیان بە دەوڵەتەوە نەبووە. وەک چۆن هیچ دژایەتییەکیان بۆ دەوڵەت نەبووە، بە هەمانجۆر هیچ تێکەڵی و کارێکی هاوبەشیشیان لەگەڵ دەوڵەت نەبووە، بەڵام لەم دواییانەدا و بە تایبەتی دوای تێکچوونی پەیوەندییەکانی حکومەتی تورکیا و گرووپی فەتحوڵڵا گولەن و ئۆپەراسیۆنەکانی پۆلیسی تورکی (باڵی فەتحوڵڵا گولەن) بۆ سەر ژمارەیەک وەزیر و کوڕە وەزیری حکومەت لە ١٧- ٢٥ کانوونی یەکەمی ٢٠١٣ و هەوڵی كودەتا سەربازییەکەی ١٥ تەمموزی ٢٠١٦ و دواتر ئۆپەراسیۆنە بەردەوامەکانی پۆلیس بۆ سەر گرووپی فەتحوڵڵا گولەن، نزیکبونەوەی گرووپی نووسەرەوەکان لە دەوڵەتی تورکیا هەستی پێدەکرێت. لەگەڵ ئەوەشدا ئەم گرووپەش وەک هەندێک لە گرووپەکانی دیکەی نوور، دژی چاپکردنی پەیامەکانی نوور بوون لەلایەن سەرۆکایەتی کاروبارە ئایینییەکانی تورکیاوە لە ساڵی ٢٠١٧.

کار و چالاکییەکانی گرووپی نووسەرەوەکان
وەک یەکەم کار و چالاکی ئەم گرووپە و لەسەر هاندان و تەشویقی سەعید نوورسی خەسرەو ئاڵتن باشاک بە دەربڕینی خۆی “قورئانی تەوافوقی”ی نووسیوە و بە مەبەستی چاپ و بڵاوکردنەوەشی “وەقفی هایرات”ی دامەزراندووە. بەهۆی زۆری تیراژی ئەم قورئانە و کڕینی هەم لەلایەن ئەندام و پشتیوانانی ئەم گرووپە و هەم لەلایەن ئەندامانی گرووپەکانی دیکەی نوور و تەنانەت خەڵکێکی ئاسایی کە سەر بەو گرووپانە نین لە ناوەوە و دەرەوەی تورکیا داهاتێکی باشی بۆ وەقفی هایرات و گرووپی نووسەرەوەکان دابین دەکات.(١٣) جگە لەوەش گرووپی نووسەرەوەکان خانوویان کردووەتەوە و ناویان لێ ناوە “مەدرەسەی نووری”، هەروەها ناوەندی دیکەشیان کردووەتەوە و لەو خانوو و ناوەندانەدا چالاکی پەیوەست بە وانەی پەیامەکانی نوور و نووسینەوە و فێرکردن ئەنجام دەدرێت. شوێنکەوتوانی ئەم گرووپە دوای کۆچی دوایی خەسرەو ئاڵتن باشاک-یش بەردەوامن لەسەر نووسینەوەی پەیامەکانی نوور بەدەست و بە زمانی تورکی عوسمانی و بە بەردەوامی جەختی لەسەر دەکەنەوە.
کۆمەڵیک لە ئەندامانی ئەم گرووپە ساڵی ١٩٩٨ پڕۆژەی “نۆشت بێ خواردن”یان دەستپێکرد و لە ساڵی ٢٠٠٦ بە هۆی گەشەکردنی بەردەوام و زۆربوونی کڕیارەوە کارگەیەکی دروستکردنی خواردنیان دامەزراند و تا ئێستا بەردەوامن لەسەر کارەکانیان. ئەم پڕۆژەیە بە دروشمی “ڕۆزی حەڵاڵ بەرەکەتی زۆر” دەستیان بەکار کرد. ئامانجیان بەرهەمهێنانی خواردن و خواردەمەنی پاک بوو تاوەکو مرۆڤەکان بە تەندروستی بژین و سەلامەت بن.
گرووپی نووسەرەوەکان لە نێوان ساڵانی ٢٠٠٨-٢٠١٣دا سێمپۆزیۆمیان لە ژێر ناونیشانی “پەیامەکانی نوور و یەکێتی ئیسلامی” ساز کردووە.
ئەگەر بە وردی سەرنجی پشتیوانانی ئەم گرووپە بدرێت ئەوا دەردەکەوێت کە پشتیوانێکی زۆری هەیە. بەڵگەش بۆ ئەوە هەم لە تورکیا و هەمیش لە دەرەوەی تورکیادا چالاکی جۆراوجۆر و فراوان ئەنجام دەدات. بە تایبەتیش لەم ساڵانەی دواییدا بە جیدی و فراوانی و بەردەوامی خوولی فێربوونی زمانی تورکی عوسمانی دەکاتەوە. جگە لەمانەش گرووپی نووسەرەوەکان ئەم چالاکیانەش ئەنجام دەدات:
١- ڕۆژانە نووسینەوەی پەیامەکانی نوور (نووسینەوە بەدەست بە شێوازێکی تایبەت).
٢- خولی فێربوون و لەبەرکردنی قورئان لە پشووی هاویندا.
٣- پانێڵ و کۆنفرانس و چالاکی وەک (لەدایکبوونی پیرۆز، خواردنی حەڵال، بەدیعوزەمان و … هتد) و پێشبڕکێی لەبەرکردن، کۆڕبەندی گەنجان.
٤- پڕۆگرامی جیاواز و هەمەجۆری وەک (ئیفتار و پێشبڕکێی لەبەرکردنی فەرموودە).
٥- یادکردنەوە و بە پیرۆز ڕاگرتنی جەنگی چەنەکاڵە(١٤) و سەرکەوتنی عوسمانی بەسەر سوپای ئینگلیزدا. هاوکاریکردن و یارمەتیدان.
جگە لەمانەش لە قۆناغی باخچەی ساوایان، سەرەتایی و بنەڕەتی و قۆناغەکانی خوێندندا لە ناوەندەکانی خوێندن چالاکی جیاواز ئەنجام دەدەن.

هەڵسەنگاندن
گرووپی نووسەرەوەکان لە گرووپە یەکەمینەکانی کۆمەڵەی نوورە و ڕابەرەکەشیان خەسرەو ئاڵتن باشاک لە قوتابییە یەکەمین و باوەڕپێکراوەکانی سەعید نوورسییە، ئەم گرووپە تائێستا بەرگری لە بۆچوونی نووسینەوەی پەیامەکانی نوور بە دەست و بە زمانی تورکی عوسمانی دەکات. ئەم گرووپە بەوپەڕی توانایەوە لێبڕاوە بۆ بڵاوکردنەوەی بەردەوام و خێرای “قورئانی تەوافوقی” کە پێیانوایە لەو قورئانەدا وشەی (اللە) لە ڕستەکاندا لەڕێکی یەک دەردەکەون و ئەمەش وەک ئیعجازێکی ئەو قورئانە و وشەی (اللە) دەبینن، بەڵام هەروەک دەستەی باڵای کاروباری ئایینی لە تورکیا هەڵسەنگاندنی بۆ ئەو قورئانە کردووە و بڕیاری لەسەر داوە دەڵێت “لەبەر ئەوەی ئەم قورئانە بە شێوازی نووسینێکی جوان و تایبەت نوسراوەتەوە، کەواتە پەیوەندی بە ئیعجازەوە نییە و جۆرێکی ئیعجازی قورئان نییە”.

شەشەم: گرووپی ئاسیای نوێ (مەهمەت کوتڵولار)
ڕابەری ئەم گرووپە مەهمەت کوتڵولار ساڵی ١٩٣٨ لە پارێزگای باڵک ئێسیر لەدایک بووە. تاوەکو ١٤ ساڵی لە ناوچەی گۆنێن ژیاوە. پاشان ساڵی ١٩٥٧ ڕۆیشتووە بۆ سەربازی و هەر لەو ماوەیەدا ئاشنایەتی لەگەڵ پەیامەکانی نووردا پەیدا کردووە. لە دوای تەواوبوونی ئەرکی سەربازی بۆ ماوەی ١١ ساڵ لەگەڵ ڕێبەری گرووپی خوێنەرەوەکان (زوبێر گوندوز ئالپ) ژیاوە و بەشداری وانەکانی ئەوی کردووە. پاش دەرکردنی ڕۆژنامەی ئاسیای نوێ لە ساڵی ١٩٧٠دا، ئیدی ناوی ئەو ڕۆژنامەیە دەبڕێت بە باڵای گرووپەکەی مەهمەت کوتڵولاردا و بە گرووپی ئاسیای نوێ ناودەبرێت.

دید و بۆچوونی گرووپی ئاسیای نوێ
ئەم گرووپە بەوە جیادەکرێتەوە لە گرووپەکانی دیکەی نوور کە بە ئاشکرا بەشداری کار و چالاکییە سیاسییەکان دەکات و پشتیوانی لە پارتێکی سیاسی دیاریکراو دەکات. لەگەڵ ئەوەشدا بە تاکە گرووپی ئیسلامی لە تورکیادا دادەنرێت کە تا ئێستا پشتیوانی لە پارتی دیموکرات (دەپە) (DP) دەکات و هەوڵ بۆ بەدەستهێنانی ئەو ئامانجانە دەدات کە ئەو پارتە لە پێناویدا دامەزراوە.(١٥) هەرچەندە پارتی داد و گەشەپێدانی تورکیا (ئاکەپە) بە درێژەپێدەری پارتی دیموکرات دادەنرێت، بەڵام گرووپی ئاسیای نوێ پێیوایە کە ئاکەپە “ئایینی وەک ئامڕازێکی سیاسی” بەکارهێناوە و هەوڵی داوە بە نهێنی سەرنجی خەڵکی تورکیا بۆ لای خۆی ڕابکێشێت، بەوەی کە ئاکەپە نوێنەرایەتی ڕەوتی “بیری نەتەوەیی” دەکات.(١٦)

کار و چالاکییەکانی گرووپی ئاسیای نوێ
گرنگترین چالاکییەکانی گرووپی ئاسیای نوێ لە چوارچێوەی چاپ و بڵاوکردنەوە و ڕاگەیاندندا. ڕۆژنامەی (ئاسیای نوێ) و دەزگای چاپ و بڵاوکردنەوەی ئاسیای نوێ و گۆڤارەکانی (خێزانەکەی ئێمە، بیری گەنج، کۆمێنتی گەنج، برا گیان) لەلایەن ئەم گرووپەوە چاپ و بڵاودەکرێنەوە.
جگە لە مانەش ئەم گرووپە “لە پێناوی زیاتر بڵاوکردنەوە و ئاشناکردنی زیاتری خەڵکی بە پەیامەکانی نوور و تێگەشتنیان لەو پەیامانە” ئینستیتیوتی پەیامەکانی نوور-ی کردووەتەوە.
دارایی گرووپی ئاسیای نوێ لە ڕێگەی داهاتی دەزگا ڕاگەیاندنەکانی و ئەو کۆمەک و هاوکارییانەی لەلایەن ئەندام و لایەنگرانییەوە کۆدەکرێتەوە دابین دەکرێت.

هەڵسەنگاندن
گرووپی ئاسیای نوێ جیاواز لە گرووپەکانی دیکەی نوور بە ئاشکرا بانگەشەی سیاسی دەکات. سەرەڕای چەندین گۆڕانکاری و تێپەڕاندنی چەندین قۆناغی جیاواز و كودەتای سەربازی و سیاسی لە تورکیا، هێشتا ئەم گرووپە بانگەشە بۆ بنەما و ئامانجەکانی پارتی دیموکراتی تورکیا دەکات، کە ساڵی ١٩٤٦ دامەزراوە. بە جۆرێک ئەم گرووپە وەک باڵێک، یاخود ڕێکخراوی ئایینی/ سێبەری ئەو پارتە دێتە بەرچاو. تەنانەت هێندە بە باڵای ئەم پارتەدا هەڵیانداوە کردوویانە بە ئەفسانەیەکی سیاسی لە مێژووی پارتە سیاسییەکانی تورکیادا. بۆیە بە بڕوای شارەزایان ئەم گرووپە لە ئەرکە سەرەکییەکەی خۆی لایداوە کە بریتییە لە خزمەتی ئیمان و ئیسلام لە ڕێگەی پەیامەکانی نوور-ەوە. سەرەڕای هەموو ئەمانەش لە دوای هەوڵە شکستخواردووەکەی كودەتا سەربازییەکەی ١٥ تەمموزی ٢٠١٦ لە تورکیا ئەم گرووپە لە ڕێگەی بەرنامە و سیاسەتی ڕەخنەئامێزی بەردەوامی لە حکومەتی تورکیا ڕۆیشتووەتە بەرەی ئۆپۆزسیۆنی تورکیاوە و تەنانەت ناڕاستەوخۆ سیاسەتی گرووپی فەتحوڵڵا گولەن جێبەجێ دەکات.
حەوتەم: گرووپی زەهرا (عیزەدین یڵدرم)
ئەم گرووپە بە ناوی “زەهرا” ناسراوە. ناوەکەی لە ناوی ئەو زانکۆیەوە وەرگیراوە کە سەعید نوورسی لە سەردەمی لاویدا پلانی دروستکردنی بۆ داناوە لە شاری وان لە باکووری کوردستان وەک هاوکار، یاخود بەدیلێک لە كیشوەری ئاسیا بەرامبەر زانکۆی ئەزهەر لە كیشوەری ئەفەریقا. ڕابەری ئەم گرووپە عیزەدین یڵدرم لە سەرەتاوە لە ناو کۆمەڵەی نوور-دا بە گشتی چالاکی ئەنجامداوە، لە ماوەی ساڵانی ١٩٦١-١٩٨١ کە لەناو کۆمەڵەی نووردا بووە و لەسەر ڕێنمایی ڕێبەرانی کۆمەڵەکە لە شارەکانی ئورفا، غازی عەنتاب، چۆڕوم، ئێسکی شەهیر وەک وەقف خزمەتی کردووە.(١٧)
لە ساڵی ١٩٨١ بە هۆی ئەوەی لەلایەن (شۆڕشگێڕەکان)وە هەڕەشەی کوشتنی لێکراوە بە هاوکاری دەوروبەرەکەی ڕۆیشتووەتە دەرەوەی وڵات.(١٨) دوای کوشتنی عیزەدین یڵدرم لە ساڵی ٢٠٠٠، زەکەریا ئۆزبەک بوو بە ڕابەری ئەم گرووپە.(١٩)
ئەم گرووپە لە سەردەمی عیزەدین یڵدرم زۆر چالاک بووە و جێگای باس و خواسی خەڵکی و ناوەندە ئیسلامی و ئەکادیمی و تەنانەت حکومی و ئەمنییەکانی تورکیا بووە. بە تایبەتیش بە هۆی جەختی بەردەوامی لەسەر مەسەلەی کورد و ناساندنی سەعید نوورسی وەک زانایەکی کورد و بەردەوام سەرخستنی کوردبوونی نوورسی بەسەر کەسایەتی ئەودا وەک زانایەکی ئیسلامی وای کردووە لە ناوچە کوردییەکاندا (باکووری کوردستان) پەسەندکراوی خەڵک بێت. هەر لەبەر ئەمەش بەردەوام لە ناکۆکی و کێشەدا بووە لەگەڵ گرووپی حزبوڵڵای کوردی لە باکووری کوردستان.

دید و بۆچوونی گرووپی زەهرا
گرووپی زەهرا وەک گرووپەکانی دیکەی نوور جەخت لەسەر پەیامەکانی نوور دەکاتەوە و وەک مەنهەجی پەروەردەیی خۆی لێی دەروانێت. هەروەها پێیوایە سەعید نوورسی لە ڕێگەی تازەکردنەوەی ئایینەوە لە سەدەی بیستەمدا توانیویەتی بە شێواز و شکڵێکی تازە و گونجاو لەگەڵ گیانی سەردەم و پێشکەوتنی زانست و تەکنەلۆژیادا ئایینی ئیسلام و ئیمان لە ڕێگەی پەیامەکانی نوور-وە ڕاڤە بکات و ڕوونی بکاتەوە بۆ خەڵکی. ئەمەش بە جیاوازی سەرەکی نوورسی لەگەڵ زانایانی ئیسلامی پێش خۆی و تەنانەت هاوسەردەمی خۆشیدا دادەنرێت.
بە بۆچوونی عیزەدین یڵدرم، ئامانجی سەعید نوورسی دروستکردنی دەوڵەتی ئیسلامی بووە، بەڵام پێش ئەمە دەبێت زەمینەی پێویست خۆش بکرێت و کەسی باش و سەرکردە بۆ بەڕێوەبردنی ئەو دەوڵەتە ئامادە بکرێت. یڵدرم دەڵێت، گرووپەکەی لە پێناوی بەدیهێنانی ئەم ئامانجەی نوورسیدا تێدەکۆشێت.
یڵدرێم پێیوایە کە ئەو مەدرەسانەی لە دێرزەمانەوە لە شێوەی حوجرەدا لە باکووری کوردستان قوتابی و فەقێیان پێگەیاندووە لە ڕووی زمانی عەرەبییەوە باش بوون، بەڵام بۆ زانیاری ئایینی لە بوارەکانی فیقهـ و تەفسیر و حەدیس و … هتد نەیانتوانیوە ئەرکی خۆیان بە باشی ئەنجام بدەن. لەبەرئەمە یڵدرم پێیوایە مەلاکانی ئەو ناوچەیە تەنها قسە دەکەن و کردارێکی وایان بۆ خزمەتی ئیسلام نییە کە شایانی باسکردن بێت، بۆیە پێویستە ئەو بارودۆخە بگۆڕێت.
ئەم گرووپە بە زۆری چەمکی ئازادی، ڕاوێژ و دادپەروەری بەکاردەهێنێت و چالاکی و پڕوپاگەندەکانی لە دەوری ئەو سێ چەمکە دەسوڕێتەوە.
بە درێژایی مێژووی خۆی، گرووپی زەهرا پەیوەندییەکانی لەگەڵ دەوڵەت و سەرۆکایەتی کاروباری ئایینی لە تورکیا ساردوسڕ بووە. لەبەرئەوەی پێیانوایە کە دەوڵەت لە ڕێگای سەرۆکایەتی کاروباری ئایینییەوە هەوڵی دەستبەسەرداگرتنی ئایین و کار و چالاکییەکانی خزمەتکردن بە ئایین دەدات، بە جۆرێک ئایین بخاتە ژێر ڕکێفی خۆیەوە. هەر لە سایەی ئەم سیاسەتەیدا گرووپی زەهرا بە توندی دژی چاپکردنی پەیامەکانی نوور بوو لەلایەن سەرۆکایەتی کاروباری ئایینی تورکیاوە و ڕەخنەی توندی لەو کارە گرت و تەنانەت لە دادگا سکاڵەی بەرامبەر ئەو هەنگاوەی حکومەت تۆمار كرد.
هەر ئەم گرووپە بانگەشەی ئەوە دەکەن کە لە سەرجەمی پەیامەکانی نوور-دا دەستەواژەی “کورد و کوردستان و ئەو دەستەواژانەی پەیوەندییان بە کوردەوە هەیە لابراوە و بە کەموکورتی ئەو پەیامانە چاپکراون. هەروەها بانگەشەی ئەوەش دەکەن کە گرووپەکانی دیکەی نوور چاویان نوقاندووە لە کوردبوونی سەعید نوورسی و نایانەوێت دان بەو ڕاستییەدا بنێن. جگە لەوەش بە زۆرداری نازناوی “سەید/ سەیدێتی”یان داوەتە پاڵ نوورسی.
گرووپی زەهرا چارەسەری کێشەی کورد بە ڕێگای ئاشتییانە بە پێویست دەزانن و پێیانوایە کە دەبێت مافی قسەکردن بە زمانی دایک و سەرجەم مافەکانی دیکەی کورد دەستەبەر بکرێت.

چالاکییەکانی گرووپی زەهرا
ئەم گرووپە لەگەڵ سازدانی وانەی پەیامەکانی نوور-دا بەشی ناوخۆیی بۆ قوتابیان دەکاتەوە و پانێڵ و سیمپۆزیۆم و کۆڕ و سمینار ساز دەکات. جگە لەمانەش ئەم گرووپە لە ئیستەنبوڵ ناوەندی چاپ و بڵاوکردنەوەی زەهرا و لە ئەنقەرە قوتابخانەکانی زەهرا و لە وان و بینگۆل کۆلێژی ئازادی کردووەتەوە.
دەزگای چاپ و بڵاوکردنەوەی نوبیهار-ی لە ئازاری ١٩٩٢ لە سەردەمی عیزەدین یڵدرم دامەزراندووە، کە وەک ئۆرگانی چاپ و ڕۆشنبیری و ڕۆژنامەوانی ئەم گرووپە دەردەکەوێت. ئەم دەزگایە پەیامەکانی نوور بە زمانەکانی تورکی، عەرەبی و کوردی/ شێوەزاری (کرمانجی سەروو، زازاکی) چاپ و بڵاودەکاتەوە. ئەم دەزگایە گۆڤاری نوبیهار بە هەردوو زمانی تورکی و کوردی/ کرمانجی سەروو دەردەکات. لەگەڵ ئەوەشدا خاوەن سایتێکی ئینتەرنێتییە کە بە زمانی تورکی و کوردی/ کرمانجی سەروو بابەتەکانی بڵاودەکاتەوە. جگە لەوەش خاوەنی سایتی “نوبیهار ئەکادیمی”یە، لەو سایتەدا بە زمانەکانی کوردی (کرمانجی سەروو، سۆرانی و زازاکی)، تورکی، عەرەبی و ئینگلیزی چالاکی و بابەتەکانی بڵاودەکاتەوە. هەرچەندە لەم ساڵانەی دواییدا هەست بەوە دەکرێت دەزگای نوبیهار و بە تایبەتی گۆڤاری نوبیهار کە بەشێکە لە دەزگاکە لەلایەن کەسانی ئەکادیمی و مامۆستایانی زانکۆوە کۆنترۆڵ کراوە و جۆرێک سەربەخۆییان لە گرووپی زەهرا وەرگرتووە، تا ئەو ڕادەیەی دەنگۆی جیابوونەوەی دەزگای نوبیهار لە گرووپی زەهرا و درێژەپێدانی چالاکییەکانی وەک گرووپێکی سەربەخۆی ناو کۆمەڵەی نوور هەیە.

هەڵسەنگاندن
لە تایبەتمەندییە سەرەکییەکانی گرووپی زەهرا جەختکردنەوەی بەردەوامیەتی لەسەر کوردایەتی و کوردبوونی سەعید نوورسی، لەم ڕووەوە لەگەڵ گرووپی مێد-زەهرا هاوبیرە. لەوەش زیاتر گرووپی زەهرا پشتیوانی بیرۆکەی دروستکردنی دەوڵەتی ئیسلامی دەکات کە بە یەکێک لە ئامانجەکانی سەعید نوورسی دایناوە.
گرووپی زەهرا پێی وایە لە سەردەمی تازەدا قوتابخانە ئوسوڵییەکانی جیهانی ئیسلامی و باکووری کوردستان پێویستیان بە نوێکردنەوە هەیە، هەر لەم ڕوانگەیەشەوە سەعید نوورسی وەک تازەکەرەوەی ئایین بۆ ئەم سەردەمە دادەنێن. لە سەرووی هەموو ئەمانەشەوە لە ڕوانگەی بیری سیاسی و دەنگدانەوە باس لەوە دەکرێت کە زیاتر لە پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) نزیکە، کە وەک پارتێکی کوردی (چەپ) لە تورکیا ناسراوە و چەقی چالاکی و پشتیوانانی زیاتر شارەکانی باکووری کوردستانە.

————-
پەراوێزەکان
١. بە بڕیارێکی مستەفا کەمال ئەتاتورک سەرۆک کۆماری ئەو کاتەی تورکیا لە ڕێکەوتی ١ تشرینی دووەمی ١٩٢٨ بڕیاری “هەڵگێڕانەوەی پیتەکان” دەرکرا. مەبەست لەم بڕیارە گۆڕینی زمانی تورکی/ عوسمانی بوو بۆ زمانی تورکی/ نوێ. لەو ڕێکەوتەوە “دەستەی زمانەوانی تورک” سەرجەمی پیتەکانی زمانی تورکی/ عوسمانی لابرد و لە جێگەیان پیتی لاتینی و چەند پیتێکی تایبەت بە زمانی تورکی/ نوێی جێگیر کرد. لەگەڵ ئەم گۆڕانکارییەشدا نووسینی تورکی نوێی لە لای ڕاستەوە گۆڕی بۆ لای چەپ. جگە لەوەش دەستەکە زۆربەی وشە و دەستەواژە عەرەبی و فارسی و کوردییەکانی ناو زمانی تورکی لابرد و لە جێگەی ئەوانە وشە و دەربڕینی لاتینی و ئینگلیزی و فەرەنسی جێگیر کرد.
٢. بەهۆی ئەوەی سەعید نوورسی لە پەیامەکانی نوور-دا بە دەربڕینی ڕوون و ئاسکرا وتویەتی “نەفرەت لە شەیتان و سیاسەت”، پەیڕەوانی کۆمەڵەی نوور ڕاجیاییان تێکەوتووە دەربارەی بەشداریکردن لە پرۆسەی سیاسیدا.
٣. دەستەواژەی وەقف لە زمان و کۆمەڵگەی تورکیدا بە هەر شتێک یاخود دەزگایەک دەوترێت کە لە پێناوی بەرژەوەندی گشتی، یان بەرژەوەندی کۆمەڵێکی دیاریکراودا دەبەخشرێت، یان دادەمەزرێنرێت. یاخود وەقف بڕە پارەیەک، کەسێک، یان هەر شتێکە لەلایەن خەڵکەوە دابیندەکرێت لە پێناوی بەردەوامی خزمەتێکی دیاریکراودا. لە تورکیادا زیاتر لە ٥٠ هەزار دامەزراوە هەن کە پێیان دەوترێت وەقف کە لەلایەن دەوڵەت، ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی، گرووپە ئایینییەکان و پارتە سیاسییەکانەوە پشتیوانی دەکرێن و پارە و کارمەندی بۆ دابین دەکرێت. لەگەڵ ئەمانەشدا لە ناو گرووپەکانی کۆمەڵەی نوور و تەواوی گرووپە ئیسلامییەکانی تورکیادا چەمکی وەقف بۆ ئەو کەسانەش بەکاردیت کە تەمەنێکی دیاریکراوی خۆیان دەبەخشن لە پێناوی خزمەتکردنی ئەو بەرنامە و ئامانجانەی کە ئەو گرروپە کاری بۆ دەکات. دەکرێت ئەو کەسە ساڵێک، یان دوو ساڵ، یان ١٠ ساڵ، یان هەتاوەکو مردن خۆی وەقف بکات. لەو ماوەیەدا لە شوێنێکدا وەک دامەزراوە دەمێنێتەوە سەرپەرشتی کارەکانی ئەو شوینە دەکات. یاخود سەرپەرشتی خانوویەک دەکات کە چەند قوتابییەکی زانکۆ تێیدا دەمێننەوە و لەلایەن ئەو کەسەی کە خۆی وەقف کردووە سەرپەرشتی دەکرێن و لە ناو زۆرێک لە گرووپەکانی کۆمەڵەی نووردا بە مەدرەسە، یاخود دەرسخانە ناو دەبرێت. ئەم کەسە هیچ کارێک ناکات جگە لە خزمەتکردن لەو دەزگایەی کە کاری بۆ دەکات. ئەم کولتوورە بە زۆری لە ناو گرووپەکانی کۆمەڵەی نوور-دا باوە و ئەو کەسانەی کە لەناو ئەو گرووپانەدا خۆیان وەقف دەکەن لە ماوەی خۆوەقفکردنیاندا هاوسەرگیری ناکەن و لە جەژن و پشووە درێژەکاندا بۆ ماوەیەکی زۆر کەم سەردانی کەسوکاریان دەکەن و بە بڕە پارەیەکی کەم ژیانی خۆیان بەڕێدەکەن، ئەو بڕە پارەیەش لە لایەن ئەو گرووپەی ئەو کەسە کاری بۆ دەکات دابین دەکرێت. ئەو کەسەی خۆی وەقف دەکات مەگەر بۆ پێداویستی مەدرەسەکەی، یاخود ئەو شوینەی کاری لێدەکات بڕواتە دەرەوە، بەدەر لەوە کاتەکانی لەو شوینەی خۆیدا بە دەم خویندنەوە و فێربوون و سەرپەرشتیکردنی چەند خوێندکارێکەوە، یان جێبەجیکردنی ئەرکەکانی لەو شوێنەدا بەڕێدەکات.
٤. سەعید نوورسی هەر لە تەمەنی گەنجییەوە پێش ڕووخانی دەوڵەتی عوسمانی پلانی دروستکردنی زانکۆی زەهرا دادەنێت و تەنانەت لەلایەن سوڵتان عەبدولحەمیدی دووەمەوە ڕەزامەندی لەسەر دروستکردنی ئەو زانکۆیە دەدرێت و بودجەی پێویستیشی بۆ تەرخان دەکرێت و بناغەی زانکۆکەش تەواو دەکرێت، کە دەکەوێتە بناری چیای خوڕخوڕ لە کەناری دەریاچەی وان، بەڵام بەهۆی ڕووداوەکانی جەنگی یەكەمی جیهانی و هێرشی سوپای قەیسەری ڕووسیا بۆ سەر شاری وان و پاشانیش ڕووخانی دەوڵەتی عوسمانی کارکردن لە پرۆژەکەدا ڕاوەستا. لە پاش ڕووخانی دەوڵەتی عوسمانی و دامەزراندنی کۆماری نوێی تورکیا دووبارە نوورسی داواکاری دامەزراندنی زانکۆی زەهرا پێشکەش بە بەرپرسانی حکومەت دەکات و بەڵێنی جێبەجێکردنی پرۆژەکە لە بەرپرسان وەردەگرێت، بەڵام بە هۆی تێکچوونی پەیوەندی کورد و دەسەڵاتدارانی ئەو کاتەی تورکیا لەلایەک و جەختکردنەوەی سەعید نوورسی لەسەر ناسنامەی موسوڵمانێتی کوردان و جیهانی ئیسلامی و ملنەدان بۆ داواکاری و خواستەکانی مستەفا کەمال ئەتاتورکی سەرۆک کوماری ئەو کاتەی تورکیا، پرۆژەکە نەچووە بواری جێبەجیکردنەوە. تا ئێستاش چەندین جار لەلایەن گرووپە جیاجیاکانی نوور-ەوە و بە تایبەت ئەو گرووپانەی کە زیاتر جەخت لەسەر کوردبوونی نوورسی دەکەنەوە پرۆژەی دروستکردنی ئەو زانکۆیە پێشکەشی حکومەتی تورکیا کراوە لە قۆناغە جیاوازەکاندا، بەڵام تاوەکو ئێستا وەڵامێکی ئەرێنی نەدراونەتەوە و هەنگاوی کردەیی بۆ جێبەجیکردنی ئەو پڕۆژە مەزنە نەنراوە. زۆربەی جار هۆکاری جێبەجێنەکردنی ئەو پرۆژەیە بەهۆی ململانێی ئایینی سیاسی و ئایدۆلۆجی گرووپ و تەوژمە ئایینییەکانی تورکیاوە بووە. تەنانەت پارتی داد و گەشەپێدان-یش (ئاکەپە) لە ماوەی ٢٠ ساڵ فەرمانڕەوایی تورکیا پڕۆژەکەی جێبەجێ نەکردووە، هۆکارەکەشی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە پرۆژەکە لەلایەن سەعید نوورسی-یەوە بۆ یەکەمجار پێشکەشی دەوڵەت کراوە و لەر هەر بارودۆخێکدا جێبەجی بکرێت بە پلەی یەکەم گرووپەکانی نوور و لە ناویشیاندا گرووپە کوردییەکانی نوور قازانجی لێدەکەن و شانازی پێوە دەکەن، پارتی داد و گەشەپێدان و سەرکردەکانیشی سەر بە قوتابخانەی (بیری نەتەوەیی)ن.
٥. دەتوانرێت ئەو ململانێیە بە ململانێی باڵی ڕابەری گرووپی خزمەت فەتحوڵڵا گولەن لەناو پارتی داد و گەشەپێدان و حکومەتی تورکیادا لەگەڵ باڵی سەرۆکی ئەو پارتە و سەرۆک کۆماری تورکیا ڕەجەب تەیب ئەردۆگان پێناسە بکرێت. سەرەتاکانی ئەو ململانێیە دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ٢٠٠٦ و دواتر، کاتێک باڵی گرووپی خزمەت لەناو ئاکەپە لیستی تایبەت بە کاندیدانی خۆیان بۆ هەڵبژاردنەکانی پەرلەمان دەنارد بۆ مەکتەبی سیاسی ئاکەپە. لەلایەکی تریشەوە گەشەی بەردەوامی هەردوو باڵەکەی ناو ئاکەپە ململانێکانیانی توندتر کرد. جگە لەوەش هەردوو لایان خۆیان بە ئەندازیاری پێشخستن و گەشەپێکردنی باڵەکەی دیکە دادەنا. واتە باڵی ئەردۆگان پێیان وابوو تەواوی پرۆژە و کار و چالاکییەکانی گرووپی خزمەت لە کردنەوەی قوتابخانە، زانکۆ، بەشی ناوخۆیی، دامەزراوەی میدیایی و بازرگانی و کۆمەڵایەتی لەسەر زەوی حکومەت و بە بودجە و کەرەستەی شارەوانی و دامودەزگا حکومییەکان کراوەتەوە. لە بەرامبەردا باڵی فەتحوڵڵا گولەن خۆیان و ڕابەرەکەیانیان بە ئەندازیاری سەرخستنی ئەردۆگان و پارتی داد و گەشەپێدان دادەنا لە گەیشتنی ئەو پارتە بۆ لوتکەی دەسەڵات لە تورکیا و مانەوەیدا. هەموو ئەو ململانێ و ناکۆکیانە لە ڕۆژانی ١٧-٢٥ کانوونی دووەمی ٢٠١٣ تەقینەوە، کاتێک هەریەک لە وەزارەتەکانی داد و ناوخۆ لەگەڵ سوپا کە لەژێر کۆنترۆڵی باڵی فەتحوڵڵا گولەن-دا بوون، بە تۆمەتی وەرگرتنی بەرتیل ئۆپەراسیۆنێکی فراوانیان بۆ دەستگیرکردنی ژمارەیەک کوڕی وەزیر و بەرپرسی ئاک پارتی ئەنجامدا، ئۆپەراسیۆنەکە تەنانەت بیلالی کوڕی ئەردۆگانیشی گرتەوە. لە بەرامبەردا ئەردۆگان و پشتیوانانی لە ئاکەپە و حکومەت هەڵمەتێکی فراوانیان دژی باڵی فەتحوڵڵا گولەن لە ڕێگەی میدیا و دەزگای سیخوڕی نەتەوەیی تورکیا-وە ڕێکخست بۆ ناشیرینکردنی فەتحوڵڵا گولەن و گرووپەکەی لە کۆمەڵگەی تورکیدا و پاشان لە ڕێگەی ئۆپەراسیۆنی پۆلیسەوە بە بەردەوامی یەک لە دوای یەک بە درێژایی ٣ ساڵ زۆرێک لە ناوەندە پەروەردەیی و ئابووری و میدیاییەکانی سەر بە فەتحوڵڵا گولەن داخران و دەستیان بەسەرداگیرا. دواجار كودەتا سیاسییەکەی ١٥ تەمموزی ٢٠١٦ ململانێکانی ئەم دوو باڵەی بە قازانجی باڵی ئەردۆگان کۆتایی پێهێنا، پاش شکستی كودەتاکە گرووپەکەی فەتحوڵڵا گولەن وەک “گرووپی تیرۆریستی فەتۆ” ناسێنران و تەواوی کار و چالاکی و دامودەزگاکانیان دەستیان بەسەرداگیرا و قەدەغەکران، بە هەزاران کەس لە ئەندام و لایەنگرانیان خرانە زیندانەوە و زۆرێکیشیان لە کارەکانیان دوورخرانەوە، بەشێکیشیان ڕایان کردووە بۆ دەرەوەی تورکیا و ناتوانن بە هیچ جۆرێک بگەڕێنەوە وڵاتەکەی خۆیان. تەنانەت کەسێک ئەگەر بۆ یەک جاریش بە جۆرێک لە جۆرەکان پەیوەندی لەگەڵ “گرووپی فەتۆ”-دا هەبووبێت لەلایەن حکومەتی تورکیا یاخود ڕاستتر بڵێن لەلایەن باڵی ئەردۆگانەوە سزا دراوە.
٦. پاش كودەتا سەربازییە شکستخواردووەکەی ١٥ تەممووزی ٢٠١٦ لە تورکیا، دەوڵەت لە ڕێگەی سەرۆکایەتی کاروباری ئایینەکانەوە بە ئامانجی کۆنترۆڵکردنی سەرجەم گرووپە ئایینییەکان و لە نێویشیاندا گرووپەکانی کۆمەڵەی نوور هەستا بە چاپکردنی پەیامەکانی نوور لەسەر بودجەی دەوڵەت. بەڵام لەو چاپەدا وشەی “کوردستان” لابراوە و دەستەواژەی وەک “ویلایەتەکانی باشووری خۆرهەڵات، ناوچەی باشووری خۆرهەڵات، هەرێمی باشووری خۆرهەڵات” لە جێگەی دانراوە. هەرچەندە بەشێک لە گرووپەکانی کۆمەڵەی نوور پشتیوانی ئەو هەوڵەی دەوڵەت بوون، بەڵام زۆربەی گرووپەکانی نوور و بە تایبەتیش ئەو گرووپانەی کە کوردایەتی و کوردبوونی دانەری پەیامەکانی نوور سەعید نوورسی-یان لە پێش هەر شتێکەوە دانابوو دژی ئەو هەڵمەتەی حکومەت بوون. ئەمەش لەبەر ئەوەی دەستەواژەکانی کورد و کوردستان لابراون یاخود دەستکاریکراون، هەروەها بۆ ئەوەی چاپکردنی پەیامەکانی نوور لە لایەن دەوڵەتەوە دەستی بەسەردا نەگیرێت و بۆ مەبەستی سیاسی پارتی دەسەڵاتدار بەکارنەهێنرێت.
٧. گرووپەکانی دیکەی کۆمەڵەی نوور زۆر جار خۆیان دەدزنەوە لەوەی بڵێن “ئێمە نوورین”، یاخود ئەگەر پێیان بگوترێت “ئێوە نوورن” ڕێڕەوی گفتوگۆکە دەگۆڕن، واتە پێیان خۆش نییە پێیان بگوترێت “ئێوە نوورن”. ئەمەش بۆ ئەوەی بابەتی کۆمەڵە و گرووپکاری لە ناویاندا زەقتر نەبێتەوە!
٨. دەکرێت ئەمەش بە خاڵێکی زۆر گرنگ و تایبەتمەندی جیاکەرەوەی گرووپی تاهشییەجی لەگەڵ گرووپەکانی دیکەی نوور-دا دابنرێت، لەبەرئەوەی گرووپەکانی دیکەی نوور پێیان وایە دانەری پەیامەکانی نوور سەعید نوورسی بێ کەم و کوڕتییە و نابێت ڕەخنەی لێ بگیرێت.
٩. لەیادی لەدایکبوونی پێغەمبەردا لە تورکیا هەندێک لە گرووپە ئسلامیەکان و چەند گرووپێکی نوور “هەفتەی لەدایکبوونی پیرۆز” ڕێکدەخەن و بۆ ماوەی هەفتەیک چالاکی جۆراوجۆر ئەنجام دەدەن.
١٠. قورئانی تەوافوقی ئەو قورئانەیە کە خەسرەو ئاڵتن باشاک بەدەست نووسیویەتیەوە و لە زۆربەی لاپەڕەکانیدا وشەگەلێک لە ڕیزی یەکدیدان بە شێوەی گونجان یاخود سازان پێکەوە ڕستە و دیمەنێکی جوانیان نەخشاندووە، موسوڵمانان و بە تایبەتی شوێنکەوتووانی پەیامەکانی نوور وەک کارێکی (موعجیزە)ی قورئان و پەیامەکانی نوور لێی دەڕوانن.
١١. “کۆمەڵەی نوور” دەکرێت وەک دەستەواژەیەکی بنەڕەتی بۆ سەعید نوورسی و قوتابییە یەکەمینەکانی بەکاربهێنرێت، کاتێک لە ساڵانی سەرەتای نووسینەوەی پەیامەکانی نوور لە گوندی بارلا و پاشان شار و شارۆچکەکانی دیکەی تورکیا لە دەورووبەری یەکدی کۆبوونەوە و وەک یەک کۆمەڵی یەکگرتووی خاوەن یەک مامۆستا و سەرکردە و ڕابەر کە سەعید نوورسی بوو، لە ڕێگەی پەیامەکانی نوورەوە بانگەوازیان بۆ ئیمان و ئیسلام دەکرد. لەگەڵ تێپەڕبوونی کات و کۆچی دوایی سەعید نوورسی و جیاوازی دید و بۆچوون و تێگەیشتن بۆ دەقەکانی ناو پەیامەکانی نوور لای قوتابیانی نوورسی دابەشوون لە نێوانیاندا ڕوویدا و چەندین گرووپی گەورە و بچووک سەریانهەڵدا.
١٢. هەڵبەت ئەم گرووپە لەم ساڵانەی دوایشدا بە کۆمپیوتەر بەڵام بەزمانی تورکی عوسمانی پەیامەکانی نوور دەنووسنەوە، واتە بۆ چاپکردنی کتێبێکی پەیامەکانی نوور دەبێت کەسێک بەدەست یان بە کۆمپیوتەر تەواوی ئەو پەیامانە بنووسێتەوە و پاشان چاپ بکرێت، ئامانجیشیان لەم کارە ئەوەیە کە مرۆڤ لە ڕێگەی نووسینەوە زۆر بەباشی زانست وەردەگرێت نەک خوێندنەوە، بۆیە بۆ تێگەیشتنی باش لە پەیامەکانی نوور دەبێت کەسێک بینوسێتەوە، هەروەها لە پێناو پاراستنی زمانی تورکی عوسمانی وەک زمانی خیلافەتی ئیسلامی کە لە تورکیادا بڵاوبووەوە لە پێش ڕوخانی دەوڵەتی عوسمانیدا، بۆیە بەم زمانە تا ئێستاش پەیامەکانی نوور دەنوسنەوە. جگە لەوەش بۆ برەودان بەم زمانە و دژایەتیکردنی زمانی تورکی نوێ کە لە ساڵی ١٩٢٨ لەلایەن سەرۆک کۆماری ئەو کاتەی تورکیا کەمال ئەتاتورک-ەوە سەپێنراوە بەسەر خەڵکی ئەو وڵاتەدا.
١٣. تەنانەت ئەو کتێبخانانەی کە سەر بە گرووپەکانی دیکەی نوورن ئەو قورئانە دەفرۆشن کە خەسرەو ئاڵتن باشاک بە دەست نووسیویەتییەوە و تەوافوقی قورئانی تێدایە.
١٤. شەڕی چەنەکاڵە یان بە دەربڕینی تورکەکان خۆیان “بەرگرییەکانی چەنەکاڵە” ئەو شەڕە بوو کە لە ساڵی ١٩١٥-١٩١٦ لە نێوان سوپای عوسمانی و سوپای دەوڵەتانی هاوپەیمان لە نیمچە دوورگەی گەلی بۆڵو لە هەردوو بەرەی ئاوی و وشکانی ڕوویدا و سەرەڕای بەرگرییەکی سەخت و زۆری سەربازانی عوسمانی لە خاکەکەیان، دواجار سوپای دەوڵەتانی هاوپەیمان سەرکەوتن و بەو جۆرە لە وشکانییەوە سوپای وڵاتە زلهێزەکان هاتنە ناو خاکی عوسمانییەوە و بەرەو ئیستەنبوڵ پێشڕەوییان کرد.
١٥. پارتی دیموکرات (دەپە) Demokrat Partisi (DP) لە ٧ کانوونی دووەمی ١٩٤٦ دامەزراوە. پاش دەرکردنی هەردوو ئەندام پەرلەمانی پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) عەدنان مەندەرەس و جەلال بایار لە ئەندامێتی پەرلەمانی تورکیا و تەنانەت دەرکردنیان لە جەهەپە-یشدا، ئەو دوو کەسایەتییە پارتی دیموکرات-یان دامەزراند. هەرچەندە پارتی دیموکرات نەیتوانی لە هەڵبژاردنەکانی ١٩٤٦ ی تورکیادا دەنگی پێویست بۆ گرتنەدەستی دەسەڵات بەدەست بهێنێت، بەڵام لە هەڵبژاردنە گشتییەکانی ١٩٥٠، ١٩٥٤، ١٩٥٧ بە پشتیوانی گرووپە ئیسلامییەکان بە گشتی و کۆمەڵەی نوور و خودی سەعید نوورسی بە تایبەتی توانیان دەسەڵات لە تورکیا بگرنە دەست، بەڵام لە پاش كودەتا سەربازییەکەی ٢٧ مایسی ١٩٦٠ بە فەرمانێکی سەربازی پارتی دیموکرات لە دەسەڵات لابرا و زۆرێک لە بەرپرسانی لەسێدارە دران یاخود زیندانی کران. پاشان لە ٢٩ ئەیلولی ١٩٦٠ بڕیاری داخستنی پارتی دیموکرات دەرکرا. بەڵام هەر بەدوای ئەو بڕیارەدا پارتێکی دیکە لەلایەن ئەندام و لایەنگرانی پارتی دیموکراتەوە دروستکرا، بە درێژایی مێژووی سەد ساڵی کۆماری تورکیا دەیان جار پارتەکان و بە تایبەتیش پارتە پاشخان ئیسلامییەکان داخراون و دواتر لە ژێر ناوێکی دیکەدا درێژە بە کار و چالاکی سیاسی ئیسلامییەکان لە تورکیا دراوە. تەنانەت پارتی داد و گەشەپێدان (ئاکەپە) و زۆربەی دامەزرێنەر و بەرپرسانی درێژەپێدەر و ئاڵا هەڵگری ئەو ڕێبازەن کە پارتی دیموکراتی تورکیا لە ساڵی ١٩٤٦ گرتوویەتیە بەر.
١٦. بیری نەتەوەیی لە ساڵی ١٩٦٩ لەگەڵ “بزووتنەوەی سەربەخۆ”ی نەجمەدین ئەربەکان وەک تەوژمێکی ئیسلامی لە تورکیا هاتووەتە مەیدان و لەگەڵ دامەزراندنی پارتی ڕێکخستنی نەتەوەی-دا ئەم تەوژمەش بەرگێکی سیاسی بە بەردا کراوە. لە ئێستاشدا چەمکی “بیری نەتەوەیی” بۆ هەموو ئەو گرووپە سیاسی-ئیسلامی و پارتە سیاسیە پاشخان ئیسلامییانە بەکاردەهێنرێت کە لە هەناوی پارتی ڕێکخستنی نەتەوەیی-یەوە دامەزراون.
١٧. وەقف لەناو گرووپەکانی نووردا بە کەسێک دەوترێت کە خۆی تەرخان دەکات بۆ خزمەتی مەدرەسە و پەیامەکانی نوور و هاوسەرگیری ناکات تا ئەو کاتەی واز لە کاری وەقفی نەهێنێت. بەبێ ئەوەی ماوەکەی یەکلایی کرابێتەوە، دەکرێت ئەو کەسە بۆ ماوەی ٦ مانگ، ساڵێک، ٥ ساڵ یان تا کۆتایی تەمەنی وەقف بێت. خەرجی ئەو کەسە لەسەر داهاتی ئەو گرووپەیە، بەڵام خەرجیەکە بڕێکی زۆر کەمە و تەنها بۆ دابینکردنی پێداویستییە سەرەکییە ناچارییەکانی ئەو کەسەیە. ئەم کەسە زۆر بە کەمی هاتووچۆی کەسوکار و هاوڕێکانی و دەرەوە دەکات، مەگەر بۆ کاروباری مەدرەسە و خزمەتی پەیامەکانی نوور. تەنها لە بۆنە و پشووە درێژەکاندا بۆ یەک یان دوو ڕۆژ سەردانی کەسوکاری دەکات، بەدەر لەوە، تەواوی کاتەکانی ژیانی بۆ خزمەتی مەدرەسە و پەیامەکانی نوور تەرخان دەکات.
١٨. ئیحتیلالجییەکان گرووپێک بوون ناویان (یەکێتی کۆمۆنیستانی شۆڕشگێڕی تورکیا İhtilalci Komünistler Birliği) کە لەلایەن کۆمەڵێک ئەفسەر و سەرکردەی سوپاوە بە نهێنی دامەزرێنرا و دواجار لە ساڵی ١٩٨٢ بە سەرکردایەتی کەنعان ئێڤرەن كودەتایەکی سەربازییان ئەنجامدا و دەستیان گرت بەسەر دەسەڵاتدا.
١٩. بەهۆی ناکۆکی چەند ساڵەی نێوان گرووپی حزبوڵڵای کوردی و گرووپی زەهرا لە کۆتاییەکانی سەدەی بیستەم و سەرەتای سەدەی بیست و یەک لە دیاربەکر، ساڵی ٢٠٠٠ عیزەدین یڵدرم لەلایەن گرووپی حزبوڵڵاوە دەڕفێنرێت و پاش چەند ڕۆژێک دوای ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنێکی هێزە ئەمنییەکان تەرمەکەی لە ماڵی ڕابەری گرووپی حزبوڵڵا حسێن ڤەلی ئۆغڵو-دا دۆزرایەوە. هەرچەندە لایەنگرانی عیزەدین یڵدرم و بەرپرسانی دەوڵەت دەستی تۆمەت بۆ حزبوڵڵا ڕادەکێشن، لە بەرامبەردا بەرپرسانی حزبوڵڵا باس لەوە دەکەن کە پێش ئەوەی ئۆپەراسیۆنی هێزە ئەمنییەکان بکرێتە سەر ماڵی حسێن ڤەلی ئۆغڵو، ئەوان ماڵەکەیان جێهێشتووە و عیزەدین یڵدرم-یان بە زیندوویی لە ماڵەوە بەجێ هێشتووە.

سەرچاوە:
ناوەندی توێژینەوەی ئێسسامEssam Araştırmaları Merkezi

 

Send this to a friend