• Google Plus
  • Rss
  • Youtube
December 14, 2020

ڕێڕەوە بازرگانییە نوێیەکان؛ هەل و هەڕەشەکان

هەردی مەهدی میکە

گەر ڕێڕەوە بازرگانییەکان بۆ سەرمایەداران هەلی پەرەپێدانی داهات بن، ئەوا بۆ هەرێمی کوردستان هەموو ڕێگایەکی بازرگانی دەچێتەوە سەر سیاسەت، جیا لەوەی بۆ هەرێمیێکی هەڕەشەلەسەر هەمیشە جۆرێک لە دیبلۆماسییەتی کولتووریی و لۆبیکردنن، دەکرێت جێکردنەوەی هەرێمیش بێت لە نەخشەی جیۆئیکۆنۆمی و جیۆسیاسییدا، کە دەتوانن لادەری بەڵا و مەترسی بێت.
لەم ڕۆژانەدا باس لە کەوتنەسەرپێی کریدۆرێکی(ڕێڕەو/corridor) نیمچەنهێنی نوێی بازرگانیی تورکیا(وان و ئاگری)-ئێران(ورمێ-سنە)-هەرێمی کوردستان(سلێمانی/هەڵەبجە) دەکرێت، کە تیایدا ئێران وەک ترانزێد و تورکیا وەک نێرەر وهەرێم وەک وەرگر دەردەکەون، ئەم کارە بۆ کوردستان و بە تایبەت بۆ هەردوو پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە، دەتوانێت کریدۆرێکی بووژێنەرەوە بێت و لە ئەگەری پەرەپێدانییەوە دەتوانێت ئەم شارانە هەم لە خنکانی سیاسییان و هەم لە بووژانەوەی ئابوورییان وەک دەرفەت سەیر بکرێت، بەمەرجێک “حکومەتیی” و لە چوارچێوەی شیرازەی گومرگیی هەرێمدا بێت و پتر لە بەر ڕۆشنایی ڕاڤە ئابوورییەکان و دەرچەیەک بۆ تێپەڕاندنی قەیرانی قوفڵبوونی ئابووری هەرێم لێکبدرێتەوە نەک لە نێو ئەجێندای حزبێک یان گرووپێکدا بێت.
تا هەنووکە سیاسەتی گشتیی(پۆڵەسی) هەرێم، مەترسیی، ناکۆکی مێژوویی و سیاسیی هێزەکان دیاریی دەکەن نەک نەگۆڕ و بەرژەوەندییە ئایندەیی و شوناسییەکانی. بەو مانایەی ڕوانگەی سیاسەتکردن لە هەرێم بەرژەوەندیی تۆپەڵە حزبێک بەڕێوەی دەبەن، بۆ گۆڕێنی ئەم ستراتیژە کوشندەیە، باشترە بە نیگای ناوچەگەرێتی و حزبییانەوە لە هەر جوڵەیەک نەڕوانرێت، گرنگە حزبەکانی کوردستان لە ململانێی “ملبادان و دەستشکاندنەوە”ەوە بیر لە ستراتیژی “براوە-براوە” بکەنەوە، بە جۆرێک ململانێ و هاوکێشە سیاسییەکانی بەڕێوەببرێن هەردوولا و هەرێم و هاووڵاتی براوە بن.
بیرکردنەوە لە دۆزینەوەی ڕێڕەوی بازرگانی بۆ هەر شارێکی کوردستان بە تایبەت، شایەنی ڕەخنە نییە، بەڵکو دەبێت ئەرکی سیاسەتکاران بێت(وەک هەرێمی کوردستان و حکومەت)، بەتایبەت بۆ هەرێمێک کە ڕێگا ئاساییەکانی هەمیشە لەمەترسیدان و لە هەر جوڵەیەکی سیاسیی و ئەمنیدا، دڵی هەر شارێکی کوردستان و خەڵکەکەی دێتە مشتییەوە. بۆیە دۆزینەوەی ڕێڕەوی نوێ واتە سازاندنی دەرفەت و کەمکردنەوەی هەڕەشەی بەردەوامی سەردەستەکان. بەڵام ئایا هەر ڕێگایەک هەلێکی نوێیە؟
لە هەر حاڵەتێکدا بێت ئەم بیرکردنەوەیە گرنگە، پێویستە مەترسی و هەلەکانی بە بۆ ئێستا و ئاییندە لێکبدرێتەوە، چ لە پیادەکردنییدا چ لە وازلێهێنانیدا، دەبێت بیرکردنەوە بێت لە درووستکردنی بەدیل و جێگرەوەی ئاییندەیی ڕێگا باوەکانی نێوان هەرێم و دراوسێکانی، کە هەبوونمان لەم جوگرافیایەدا بە ڕەوا نازانن.

تا هەرێم جێ نەمێنێت
ڕێڕەوە بازرگانییەکان، تەنها جێگۆڕکێی شمەک و سەرمایە و داهات نییە، بەڵکو کولتوور، ئایدۆلۆژیا و ئاینیش لە دێرزەمانەوە تا ئەمڕۆ دەگوازنەوە. ڕێڕەوەکان شادەماری زیندوومانەوە و هەمانکات پارێزەر و پێشخەری هەر شار و کیان و وڵاتێکیشن، زۆرجارلە مێژوودا بە لاوازبوونی ڕێڕەوێکی بازرگانی شارێکی مەزنیش لە ڕەونەق کەوتووە و مەرگی سیاسییشی بەدوادا هێناوە، شارانێکی زۆر لە مێژوودا وەک چرای شارستانییەت بوون و بە لاوازبوونی ڕێڕەوە بازرگانییەکانیان کووژانەوە، شارێکی نیشابووری مەزن کە لەسەر ڕێگای بازرگانی بوون نموونەیەکە لە سەدان، کە بە گۆڕانی ڕەوتی ڕێڕەوەکان، ئەوانیش پێگە زیندووەکەیان لەدەستدا.
لە ئاستی جیهانییدا چین چەند ساڵێکە بەدوای زیندووکردنەوەی ڕێگای نوێی ئاوریشمەوەیە، لە ڕێڕەوەکەدا تورکیا، ئێران و وڵاتانی قەوقاز بەشێکن لە چوارچێوە گشتییەکەی و دەیانەوێت ڕۆڵ ببینن، ئێران و تورکیاش بە جیا و پێکەوە چەند ساڵێکە بەدووی دۆزینەوەی ڕێڕەوی تازەی بازرگانیەوەن تا جێنەمێنن، تورکیا زۆر ورد نەخشەی بۆ چنیووە و لە هەر چوارلای وڵاتەکەیەوە دەروازە و ڕێگای نوێی کردووەتەوە و دەیکاتەوە، چ وەک هەناردەکەر چ وەک ترانزێد کارایی خۆی دەنوێنێت، هیچ سەیر نیە گەر بوترێت ڕێگا نوێکان بوون تورکیایان لە وڵاتێکی قەرزارەوە کردە نێو گرووپی G20ەوە. عێراق و هەرێم بەشێکی سەرەکی ئەم ڕێڕەوانەن و نابێت وەک پاسیڤێک لەو چالاکییەی وڵاتانی دی بڕوانرێت. ئێرانیش لە دوو ساڵی ڕابردوودا هەم خۆی کردووەتە دەروازەی نوێ بۆ چین، وڵاتانی قەوقاز، ڕوسیا و تورکیا، هەم دەشیەوێت عێراق و کوردستان بکاتە کریدۆری بازرگانی و هەناردەکاریی خۆی بەڕووی ئەو جیهانەدا کە ئایدۆلۆژیاکەی دەرگای لەسەری داخستووە. بۆ نموونە یەک لە ڕێگاپێشنیارکراوەکانی ئێران بەترانزێدکردنی هەرێم بە تایبەت سلێمانییە بۆ بەستنەوەی بە شامەوە.
لە زۆرینەی ڕێڕەوە مێژوویی و پێشنیارکراوەکاندا سوچێکی کوردستان بوونەتە بەردەبازی تەواوکاریی ڕێڕەوەکان، بۆ نموونە لە ڕێگای ئاریشمی ١٧٠٠ساڵەی دێریندا (کرماشان و جەلەولا)، لە ڕێگای کەنداو-بەغدا-ئەستەنبوڵی عوسمانی (کفری-کەرکوک/هەولێر-تەلەعفەر)، کوردستان دەماری زیندووی ڕێڕەوەکە بووە. لە ڕێڕەوە نوێکانیشدا دیسانەوە جیۆپۆلەتیکی کوردستان پێگەی هەیە و ناکرێت دنیا لەسەر کوردستان و ڕێڕەوەکانی حسێب بکات و کورد خۆی بیریان لێنەکاتەوە.

هەموو ڕێیەک دەچێتەوە بانە؟
وتراوە هەموو ڕێیەک دەچێتەوە ڕۆما، ئەی بۆ کوردستان و سلێمانی “هەموو ڕێیەک دەچێتەوە بانە”؟ یانی ئامانج دەپێکن؟ ڕێڕەوەکان زۆرجار شارستانییەتێک لانیکەم کیانێک دەخەنەسەر پێ، وەک دۆزینەوەی ڕێکاگانی: “سەری ئاواتی چاک بۆ ڕۆژئاوا، سوێس بۆ ئینگلیز و عەرەب و هیند، دۆزینەوەکەی ئەمریکای کۆڵۆمبس…تاد” بەڵام بە هەمان ئەندازەش زۆر ڕێگا هەبوون کە سەری جێبەجێکارەکەی دەخۆن، وەک ڕێگای ئاسنی بەرلین-بەغدا، کە ئینگلیزی لە عوسمانی تۆراند، یان ئەو ڕێگایەی کە ڕەزاشا دەیویست لە ئێرانەوە هیتلەر بهێنێتە کەنداو، نەک نەگەیشت کە سەری تاجەکە ڕەزاشی خوارد. هەر ڕێگایەک بۆ کوردستانیش ڕەنگە ڕێگای هات یان نەهاتیش بێت.
لە میانەی خوێندنەوەی هاوکێشە و ململانێ سیاسییەکانی کوردستان و ناوچەکەوە، دۆزینەوەی ئەم ڕێڕەوە سێکوچکەیەی تورکیا/ئێران/هەرێم-ە، دەکرێت ئەم دەرفەت و مەترسیانە لە خۆبگرێت:

یەکەم: بۆ یەکێتی و سلێمانی
– گەر لە ژووری سیاسەتکردنی یەکێتی نیشتمانییەوە (وەک هێزێکی خاوەن هەژموونی سلێمانی) لە دۆسێکە بڕوانرێت دەکرێت ئاوا ببینرێت:
١. دەربازکردنی سلێمانی و هەژموونی یەکێتی نیشتمانی لە یەک دەرچەیی بۆ بازرگانیی(کە ڕۆڵی هەیە لە قەبارەی دەسەڵاتیشی)، کە وەک دوورگەیەکی وشکی دوو لای دەورەدراو بە ئێران و لایەکیشی هەر پرۆکسی ئێرانییەکانی عێراقن، دەمێنێتەوە دیوە کوردییەکەی کە لە ڕاستیدا، بە هۆی ململانێ سیاسییە-مێژووییە-ئابوورییەکانی زۆنی سەوز و زەردەوە، زۆرجار دەگاتە مریشکە ڕەشە و نزیکیش دەبێتەوە لە جیابوونەوە و شەڕی ناوخۆ.
٢. ئاشتبوونەوە لەگەڵ ئەنکارا و کاڵکردنەوەی ئەو وێنەباوەی لەسەر یەکێتی هەیە کە وابەستەیی سیاسییەتی بە ئێرانەوە و بە کردنەوەی ئەم ڕێگایە، بۆیە جۆرێک لە ڕاگەیاندنی سەرەتای سەرکەوتنی ئەو هەوڵە سیاسییە سێ ساڵەییەی سەرکردایەتیی یەکێتییە، کە ئامانجی کردنەوەی دەرگا داخراوەکانی سەر حزبەکەیەتی بەڕووی تورکیادا بکاتەوە و مانۆڕەکانی تەنها ناوچەیی و عێراقی نەبن.
٣. هەروەها هەوڵدانە بۆ نیمچەهاوسەنگکردنەوەی هەژموونی بازرگانی و سیاسیی یەکێتیی لەگەڵ ڕکەبەرە مێژووییە کوردستانییەکەیدا، چونکە ئەوەی کە پارتی دیموکرات هەمیشە توانیوویەتی ئەگەرەکانی سیاسەتکردنی کراوەتر و یەکلاکەرەوە بێت، ئەو جیۆپۆلەتیکە گرنگەی قەڵەمڕەوی دەسەڵاتی ئەو حزبەیە کە پێچەوانەی ناوچەی یەکێتییە و ڕاستەوخۆ بە سێ وڵاتەوە بەستراوەتەوە و کریدۆری بازرگانی لەگەڵدا کردوونەتەوە و لەو ڕێگایەشەوە جوڵە سیاسییەکانی وەک ئەکتەرێکی هەرێمایەتی دەردەخات.
٤. دەتوانێت هەلی ئەوە بداتە سلێمانی، ببێتە ترانزێدێکی بازرگانیی گرنگیش بۆ شارەکانی دیکەی عێراق و بگرە کەنداویش لە ئەگەری فراوانکردن و کردنەوەی بەسەر وڵاتانی دیکەی باکووری ئێراندا.

دووەم: بۆ هەرێم، دەرفەت و مەترسیی
بۆ هەرێمی کوردستانیش، جیا لە ڕێکخستن و کۆنتڕۆڵکردنی دەرگە و دەرچەکانی(Input & Output ) و حکومەتیکردنی، بە خوێندنەوەی دۆخی وڵاتانی ناوچەکە کە تێیدا ئێران، تورکیا و عێراق بەردەوام سەرقاڵی دۆزینەوەی کریدۆری نوێی بازرگانی-سیاسیین، پێویستە هەرێم بەو دیدگایەوە بڕوانێت کە لەو ڕێڕەوە نوێیانەی دەهێنرێنە کایەوە لەلایەن وڵاتانێکی وەک تورکیا، ئێران، ئازەربایجان و چینەوە، هەرێمیش وەک ئەکتەرێکی نادەوڵەتی پاسیڤ نەبێت و نەچێتە پەراوێزێکەوە کە دوور نییە خنکانی سیاسیی ترسناکی لێبکەوێتەوە لە ئەگەری پەراوێزکەوتنییدا، هەروەها وەک هەلێکی دیکەی بازرگانی سەیر بکرێت و ئەگەری فراوانبوونیشی لەبەرچاو بگیرێت، بۆ نموونە ئەم ڕێگایە دەروازە و ڕێڕەوی دیکە لە خۆ دەگرێت، لەوانە: هەمان ترانزێد دەکرێت فراوان بکرێت و سوودی لێوەربگیرێت و تەنها لە باکوورەوە بۆ باشوور نەبێت و ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاواشی بۆ زیاد بکرێت، بەو مانایە لە “وان-ورمێ-سنە-سلێمانی/هەڵەبجە”دا قەتیس نەمێنێت و هەولێر و تەورێز و لەوێشەوە بیربکرێتەوە لەگەڵ شارەکانی وڵاتانی ئازەربایجان و ئەرمینیادا ئاڵوگۆڕی تێدا بەرهەمبهێنرێت و تەنها هاوردەکردنیش نەبێت و هەناردەکردنیش بگرێتەوە.
لەگەڵ ئەوەشدا مەترسی ئەم ڕێگایە لەسەر دوو ئاست نابێت فەرامۆش بکرێت، لە نێوخۆدا ئەم ڕێگا نوێیە گەر پابەند نەکرێت بە شیرازەی گومرگیی هەرێمەوە و حکومەتیی نەکرێت ئەوا هەڕەشە و مەترسییەکانی کاریگەر دەبن لەسەر لەتکردنی زیاتری ئیرادە و ئیدارەی هەرێم و لەدایکبوونی قەیرانی نوێتری ئابووریی-سیاسیی و حزبی.
– لەسەر ئاستی دەرەوەش پێویستە هەر جۆرێک بێت، بەرژەوەندی وڵاتانی سێیەم و چوارەمی وەک قەقاز و کەنداو لە ڕێگا باوەکانی بازرگانی هەرێمی بەستراوە بە تاران، ئەنکارادا جێ بکرێنەوە، بۆ ئەوەی لە تەنگانەدا تەنها ئێران و تورکیا بڕیاردەری کردنەوە و داخستنی ڕێگاکان نەبن و لۆبی دیکە بەرگری لە ڕێڕەوەکە بکات. چونکە ئەم ڕێگا نوێیە مەترسیەکەی ئەوەیە کە کەمەرەکەی لە نێو ئێراندایە و هەر ساتێک مەبەستی بێت دەیگوشێت یان دایدەخات.

Send this to a friend