• Google Plus
  • Rss
  • Youtube
November 18, 2020

وەزارەتی پەروەردە لەنێوان بەرزەویست و پەروەردەی کلاسیکدا (١٩٩٢-٢٠٢٠)

فایەق سەعید/ توێژەر

بۆ بینینی بابه‌ته‌كه به‌ PDF‌ كلیك له‌م به‌سته‌ره‌ بكه‌:-  ژمارە 4ی تشرینی دووه‌می 2020ی گۆڤاری ئایندەناسی

 

 

بەرایی

ئەم توێژینەوەیە تیشک دەخاتە سەر مێژووی گەشەکردنی وەزارەتەکانی پەروەردە لەنێوان (١٩٩٢-٢٠٢٠)، باسی لایەنە ئەرێنی و نەرێنییەکانی ئەو کارانە دەکات کە وەزارەتەکان کردوویانە. توێژینەوەکە تیشک دەخاتە سەر دوو کۆنگرەی پەروەردەیی چوارەم و پێنجەم، هەروەها باسی هەموو لایەنە ئەرێنی و نەرێنییەکانی دوو وەزارەتی پەروەردە (لە کابینەی پێنجەم و نۆیەم) دەکات. توێژینەوەکە شیکاری بۆ ئامارە فەرمییەکانی وەزارەتی پەروەردە دەکات و گەشەکردنی لایەنە هەمەجۆرەکان دەخاتە ڕوو. توێژینەوەکە لەبەر ڕۆشنایی تیۆری و ڕەوتە بەرکارەکان لە جیهانی پێشکەوتوودا، کۆمەڵێک پێشنیار و ڕاسپاردە بۆ گۆڕانکارییەکی ڕیشەیی پێشکەش دەکات. توێژینەوەکە چەمکی “خوێندکار” و “خوێندنگە” بۆ هەردوو قۆناغی بنەڕەتی و ئامادەیی بەکار دێنێت، هەروەها “منداڵ” بۆ باخچەی منداڵان بەکار دێنێت.

 

 

گریمانەکان:

  • ئایا وەزارەتەکانی پەروەردە لە ڕابردوودا سەرکەوتوو بوون؟
  • وەزارەتی پەروەردە لە ئێستادا چیی کردووە؟
  • ڕۆڵی کۆنگرە پەروەردەییەکان چی بوون؟
  • بۆ وەزارەتەکانی پەروەردە ناتوانن گۆڕانکارییەکی ڕیشەیی لە سیستمی پەروەردەییدا بکەن؟

 

میتۆد

توێژینەوەکە پشت بە میتۆدی شیکاری دەبەستێت.

 

خۆسنووردارکردن

ئەم توێژینەوەیە لە توانایدا نییە هەموو لایەنەکانی پەروەردە بخاتە ڕوو، بەشێک لە هۆکارەکان پەیوەندییان بە دەستنەکەوتنی ئاماری پێویستەوە هەیە و بەشێکی دیکەشیان پەیوەندییان بە لایەنی میتۆدیکەوە هەیە، بۆ نموونە: خوێندنگە تایبەت و نێودەوڵەتییەکان، خوێندنی خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان، خوێندنی زمانە ناکوردییەکان، دابڕان لە خوێندن و دەیان کێشەی دیکە.

 

وەزارەتی پەروەردە (١٩٩٢-٢٠١٨)

پێکهاتەی وەزارەت

وەزارەتی پەروەردە بەپێی یاسای ژمارە (٤)ی ساڵی ١٩٩٢ دامەزراوە (ئ. ن. ک، ١٩٩٢)[1]. ئەم یاسایە بەو هەموو جارانەشەوە کە هەموار کراوەتەوە[2]، هێشتا بۆ ئیستا گونجاو نییە و پڕە لە کەموکورتی. ئەم وەزارەتە ئێستا لە ١٧ بەڕێوەبەرایەتیی گشتی و ٥ بەڕێوەبەرایەتیی گشتی بۆ پارێزگاکانی هەولێر، سلێمانی، دهۆک، هەڵەبجە، گەرمیان و کەرکووک پێک هاتووە. هەولێر لە ١١ بەڕێوەبەرایەتی پێک هاتووە، سلێمانی و هەڵەبجە لە ١٤، دهۆک لە ١١، گەرمیان لە ٣ و کەرکووک لە یەک بەڕێوەبەرایەتی پێک هاتووە. جگە لە وەزیر و بەڕێوەبەرایەتییەکان، کۆمەڵێک ڕاوێژکاریش لە وەزارەت هاوکاریی وەزیر دەکەن.

وەزیرەکانی پەروەردە

لەنێوان (١٩٩٢-٢٠١٩)دا، ١١ وەزیری پەردەوەردە دامەزراون. لە ماوەی دوو ئیدارەییدا لە سلێمانی لەنێوان (١٩٩٧-٢٠٠٦)، چوار وەزیر دامەزراون، بەڵام لە هەولێر لە هەمان ماوەدا (١٩٩٩-٢٠٠٦) یەک وەزیر دامەزراوە. شەش کەس لەم وەزیرانە هەڵگری بڕوانامەی دکتۆرا بوون لە ڕشتە جیاوازەکاندا، بەڵام هیچ یەکێکیان لە پەروەردەدا نەبووە. هەروەها یەک وەزیر سەرۆکی زانکۆ بووە و هەندێکیان مامۆستای زانکۆ و پەیمانگا بوون، تەنانەت کەسی سەربازیش لەم پۆستەدا دانراوە. هیچ یەکێکیش لەو ١١ وەزیرە کارناسی پەروەردە نەبوون و دونیابینییەکی هاوچەرخی تایبەت بە خۆیان بۆ پەروەردە نەبووە، وەک دەرئەنجامیش هیچ یەکێکیان کتێبێک، لێکۆڵینەوەیەک یان توێژینەوەیەکیان دەربارەی پەروەردە و گەشەسەندنی بوارەکانی هاوپەیوەست بە پەروەردە نەنووسیوە و نەیانتوانیوە سیستمی پەروەردە هاوچەرخ بکەن، ئاستی مامۆستایان و کارایی خوێندکار بەرز بکەنەوە (بڕوانە خشتەی ژمارە ١)[3].

بەپێی یاسای وەزارەتی پەروەردە، لە وەزارەتی پەروەردەدا کۆمەڵێک ڕاوێژکاریش کاریان کردووە، بەڵام هیچیان کارناسی پەروەردە یان پەروەردەی هاوچەرخ نەبوون. سەرجەمی وەزارەتەکان بەو شێوەیە کاریان نەکردووە کە داهێنانی تازە بکەن، بەڵکوو تەنها ویستوویانە خۆیان لە گلەیی و کەمتەرخەمییەکان ڕزگار بکەن. لە ڕاستییشدا پۆستی وەزیر پۆستێکی سیاسییە و لەبەر ئەوەی ئێمە پسپۆڕ و کارناسی پەروەردەمان یەکجار دەگمەنە، بۆیە کارێکی ئاساییە وەزیر پسپۆڕ نەبێت، بەڵام بۆ قەرەبووکردنەوەی ئەوە دەبێت ئەوان پشت بە کۆمەڵێک کارناسی زۆر شارەزا ببەستن کە شارەزاییان لە پەروەردەی هاوچەرخدا هەبێت.

بەدەر لە بواری پسپۆڕییش، پەروەردە لە هیچ کابینەیەکدا کاری لەپێشینەی نەبووە. بەپێی یاسا؛ حکومەت پلان بۆ گەشەسەندنی هەموو کەرتەکان دادەنێ، بەڵام لە بەرنامەی کاری هیچ سەرەکوەزیرانێکدا پلانێکی هاوچەرخ بۆ پەروەردە دانەنراوە، لە هەمان کاتیشدا بانگەشەی هەڵبژاردنی هەموو حیزبە سیاسییەکان زیاتر جەختیان لەسەر ڕابردوو کردووەتەوە. دەربارەی قۆناغی داهاتووش، لەو بانگەشانەدا بەتەنها دوو دێڕ دەربارەی داهاتوو نووسراوە، بۆ نموونە “هەوڵ دەدەین وا بکەین”، بەبێ ئەوەی بودجە و پلانی کارکردن دیاری بکەن و بۆمان ڕوون بکەنەوە ئەو بڕە پارەیە چۆن لە بودجەدا شوێنی دەبێتەوە. “پارتی دیموکراتی کوردستان” و “یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان” کە هەمیشە ئەم پۆستەیان بەدەستەوە بووە، کەمتەرخەمییان نواندووە. پارتی دیموکراتی کوردستان وەک گەورەترین و کاریگەرترین حیزبی سیاسی، نەیتوانیوە هیچ یەکێک لەو ٣ بەڵێنە جێبەجی بکات کە لە بانگەشەی هەڵبژاردنەکانی ٢٠١٤ جێگیری کردبوون، ئەوانیش: دروستکردنی باڵەخانەی زیاتر، بەرزکردنەوەی مووچە و دەرماڵەی مامۆستایان و پەرەپێدانی تەکنەلۆژیای زانیاری لە خوێندنگەکاندا[4].

 

کابینەی حکومەت ماوەی کارکردن وەزیرەکانی پەروەردە
یەکەم و دووەم ١٩٩٢-١٩٩٦ د. ناصح غفور رمضان
سێیەم ١٩٩٦-١٩٩٩ د. جرجيس حسن عبدالله
سێیەم/سلێمانی ١٩٩٧-١٩٩٨ د. ارسلان بايز اسماعيل
سێیەم/سلێمانی ١٩٩٨-٢٠٠١ خسرەو مصطفى عبدالله
چوارەم/سلێمانی ٢٠٠١-٢٠٠٣ نرمين عثمان
چوارەم/سلێمانی ٢٠٠٣-٢٠٠٦ د. شەونم عبدالقادر
چوارەم/هەولێر ١٩٩٩-٢٠٠٦ عبدالعزيز طيب احمد
پێنجەم ٢٠٠٦-٢٠٠٩ د. دلشاد عبدالرحمن
شەشەم ٢٠٠٩-٢٠١٢ سفین محسن دزەیی
حەوتەم ٢٠١٢-٢٠١٤ د. عصمت محمد خالد
هەشتەم ٢٠١٤-٢٠١٩  د. پشتيوان صادق
نۆیەم ٢٠١٩- ئالان حمە سەعید
تێبینی: توێژینەوەکە لە هەڵەکانی ڕێنووسی ئەم دۆکیۆمێنتە و کۆی دۆکیۆمێنتەکانی دیکەی وەزارەتی پەروەردە، بەرپرسیار نییە.

خشتەی ژمارە (١): وەزیرەکانی پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان

کۆنگرەکانی پەروەردە

تا ئێستا پێنج کۆنفڕانس و کۆنگرەی پەروەردەیی بەستراون، کۆنگرەی یەکەم تا سێیەم زۆر کلاسیکی بوون و لە ڕوانگەی ناوەرۆک، کاریگەرییەکان و بەشداربووەکانەوە، هیچ سیمایەکی کۆنگرەیەکی هاوچەرخیان پێوە دیار نەبووە و زیاتر لە کۆبوونەوەیەکی لۆکاڵ دەچوون (و. پ، ١٩٩٢)[5]، (و. پ، ١٩٩٧)[6]، (و. پ، ٢٠٠١)[7]، (و. پ، ٢٠٠١ ب)[8]. کۆنگرەی چوارەمی ساڵی ٢٠٠٧ و کۆنگرەی پێنجەمی ساڵی ٢٠١٥، جیاوازییەکی زۆریان لەگەڵ ئەو کۆنگرانەدا هەبووە.

کۆنگرەی چوارەم (٢٠٠٧)

بە بەراورد لەگەڵ هەموو کۆنگرەکانی دیکەدا، بە سەرکەوتووترین کۆنگرەی پەروەردەیی دەژمێردرێ (و. پ، ٢٠٠٧)[9]، (و. پ، ٢٠٠٧ ب)[10]، (و. پ، ٢٠٠٧ پ)[11].

 

لایەنە ئەرێنییەکان:

  • بۆ یەکەمین جار وەزارەتی پەروەردە بووە خاوەنی سیستمی پەروەردەیی نووسراوی خۆی بە ناوی “سیستمی قوتابخانە بنەڕەتییەکان و سیستمی خوێندنگە ئامادەییەکان” (و. پ، ٢٠٠٩)[12].
  • بۆ یەکەمین جار تاقیکردنەوەی بەکالۆری لە پۆلی شەشەم و نۆیەمی بنەڕەتی لا بران و لە جێگەی ئەوە تاقیکردنەوەی نیشتمانی دانرا.
  • دانانی سیستمی پەڕینەوە بۆ پۆلەکانی ٤-٩، لابردنی تاقیکردنەوەکانی نیوساڵ بۆ هەندێک لە پۆلەکان.
  • دامەزراندنی خوێندنگەی بنەڕەتی (١-٩)، ئامادەیی (١٠-١٢) و هەڵوەشانەوەی فۆرمی سەرەتایی و ناوەندی[13].
  • لابردنی مەسەلەی دەرنەچوون لە پۆلی (١-٣)ی بنەڕەتی و کارکردن بە هەڵسەنگاندن.
  • داخستنی خانە و پەیمانگەکانی مامۆستایان و دامەزراندنی چوار پەیمانگەی گەشەپێدان و ڕاهێنان بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی مامۆستایان.
  • گۆڕینی سیستمی ئەژمارکردنی کۆنمرەی خوێندکار بۆ قۆناغی ئامادەیی، واتە پۆلەکانی (١٠-١١)ی ئامادەیی ٣٠ نمرەیان لەسەر دەبێت و تاقیکردنەوەکانی بەکالۆرییش ٧٠ نمرە.
  • گۆڕینی بەشێک لە پڕۆگرامەکان و وەک دەرئەنجامیش، چاپکردنێکی زۆری کتێبەکانی پڕۆگرام.
  • لەو پڕۆژەیەی کە پێشکەشی کۆنگرە کرا، کۆمەڵێک کارئاسانیی دیکەش کرابوون بۆ خوێندکاران دەربارەی تاقیکردنەوەکان، بەڵام بەشێکی زۆری دواتر جێبەجێ نەکران (و. پ، ٢٠٠٨)[14].

لایەنە نەرێنییەکان

  • وەزارەتی پەروەردە لە توانایدا نەبوو گۆڕانکاریی ڕیشەیی و قووڵ لە سیستمی پەروەردەییدا بکات.
  • وەزارەت نەیتوانی دەربارەی سیستمە نوێکە ڕاهێنانێکی باش بە مامۆستاکان بکات، چونکە سیستمەکە بۆ خودی ڕاهێنەرەکان نامۆ بوو.
  • وەزارەتی پەروەردە پێداچوونەوەیەکی خێرای بۆ بڕیارەکان و ڕاسپاردەکان نەکرد بۆ ئەوەی گۆڕانکارییان تێدا بکات.
  • ئەو گۆڕانکارییانە پێویستیان بە کادیری بەتوانا و لێهاتوو هەبوو کە وەزارەتی پەروەردە نەیبوو و نەیتوانی لە دەرەوەی کوردستان بۆی دابین بکات. زۆر ئەستەمە هیچ پلانێک لە “ڕۆژهەڵاتی ناوین”دا بەبێ دابینکردنی ئەو کادیرانە سەرکەوتن بەدەست بێنێت.
  • بەشێکی زۆری میتۆدەکانی کارکردن و تواناکانی لۆکاڵی بوون، لەمەشدا لەگەڵ کۆی وەزارەتەکانی دیکەدا هاوبەش بوو.
کۆنگرە پەروەردەییەکان (١٩٩٣-٢٠١٥)
ساڵ کۆنگرە بڕیار، ڕاسپاردە و پێشنیاز
١٩٩٣ کۆنگرەی یەکەم ٣٥ بڕیار، ١٠ ڕاسپاردە
١٩٩٧ کۆنگرەی دووەم ٣٤ پێشنیاز
٢٠٠١ کۆنگرەی سێیەم ١٥ بڕیار، ١٠ پێشنیاز
٢٠٠٧ کۆنگرەی چوارەم بڕوانە (و. پ، ٢٠٠٧)
٢٠١٥ کۆنگرەی پێنجەم ٣٥ بڕیار، ١٠ ڕاسپاردە
سەرچاوە: (و. پ، ٢٠٠٧)[15]، (و. پ، ٢٠١٧)[16]

خشتەی ژمارە (٢): کۆنگرە پەروەردەییەکان

هەڵسەنگاندنی کۆنگرەی چوارەم

بە تەماشاکردنی پێناسەی گۆڕانکاریی هاوچەرخ لە سیستمی پەروەردەی جیهانیدا، بەشێکی زۆری گۆڕانکارییەکان زۆر بچووک بوون، بەڵام هەموویان بە ئاڕاستەیەکی دروستدا بوون. بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی یەکەمین جار بوو کە گۆڕانکاری لە سیستمی پەروەردەییدا بکرێ، توێژینەوەکە هەڵسەنگاندنێکی ئەرێنیی بۆ دەکات. ئەم هەنگاوانە بوونە هۆی ئەوەی پەروەردە لەناو میدیاکاندا بایەخێکی زۆرتری پێ بدرێت و هەفتەنامەکان و گۆڤارەکان؛ لاپەڕە و بەشی تایبەتی بۆ تەرخان بکەن.

بە دیوێکی دیکەشدا، دژایەتییەکی زۆری ئەم گۆڕانکارییانە دەکرا و هەوڵ دەدرا بێبایەخ بکرێن. دوای کۆنگرەش، وەزارەتەکانی پەروەردە خۆیان لە پیادەکردنی هەندێ بابەت دەدزییەوە، بۆ نموونە بڕیاری ئەژمارکردنی کۆنمرەی خوێندکاری قۆناغی ئامادەیی، هەروەها هەوڵدانێکیش هەبوو بۆ ڕاگرتنی بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی خانە و پەیمانگاکانی مامۆستایان، بەڵام سەری نەگرت.

کۆنگرەی پێنجەمی ساڵی ٢٠١٥

لەبەر ئەوەی یۆنسکۆ خەرجیی تەواوی کۆنگرەکەی لەئەستۆ گرتبوو، بۆیە خەڵکێکی زۆرتر لە دەرەوەی  کوردستانەوە بانگهێشت کرابوون. کۆمەڵێک بابەتی باش پێشکەش کران، بەڵام هیچ یەکێک لە میوانەکان نەیانتوانی کاریگەرییەکی گەورەیان لەسەر ناوەرۆکی کۆنگرە هەبێت. بەڕێوەبەرەکانی پەروەردە ٦ تەوەریان  ئامادە کردبوو و بە شێوەیەکی گشتی ئامادە نەبوون گۆڕانکاریی گەورەیان تێدا بکەن. ئەو بڕیار و ڕاسپاردانەی لە کۆنگرە پەسەند کران (و. پ، ٢٠١٥)[17] بەزۆری کلاسیکی بوون و نیشانەی گۆڕانکاریی ڕیشەییان پێوە دیار نەبوو، هەروەها ئەو ڕاسپاردانەی کە باشیش بوون؛ کاریان پێ نەکرا و پیادە نەکران، بۆ نموونە بڕیاری دامەزراندنی دەزگایەک بە ناوی “توێژینەوە و دیراسات”.

 

هەڵسەنگاندنی  کۆنگرە

بە شێوەیەکی گشتی ئەم کۆنگرەیە لە ڕووی ناوەرۆک و بڕیارەکانەوە سەرکەوتوو نەبوو و هیچ کاریگەرییەکی ئەوتۆشی لەسەر داهاتووی پەروەردە نەبوو، بەم شێوەیەش ئەم وەزارەتە هیچ ڕۆڵێکی ئەرێنیی لە گەشەکردنی پەروەردە نەبینی، بەڵام کۆنگرە لە ڕووی میوانەکانی دەرەوەی وڵات و لە ڕووی تەکنیکی و بەردەستبوونی وەرگێڕانی ڕاستەوخۆ بۆ بەشداربووان؛ سەرکەوتوو بوو.

گەشەکردنی پەروەردە

لە ئەنجامی گەشەسەندنی ئابووری و کۆمەڵایەتی لە ماوەی (١٩٩١-٢٠١٤)، ژمارەی دانیشتووانی هەرێمی  کوردستان و داهاتی ساڵانە زیادیان کردووە. بەم پێیەش ژمارەی خوێندکاران، مامۆستایان؛ هەمیشە زیادیان کردووە و ژمارەی خوێندنگەکان تا ساڵی ٢٠١٤  زیادیان کردووە. بەو پێیەی ژمارەی منداڵانی خوار ١٩ ساڵ لە هەرێمی کوردستاندا نزیکەی (٣٠٪)ی دانیشتووان پێک دێنن، بۆیە ژمارەی خوێندنگە و خوێندکاران هەمیشە لە زیادبووندا بوون (بڕوانە خشتەی ژمارە ٣). لە ڕاستییشدا گەشەکردنی ڕاستەقینەی پەروەردە دەبێ لە ڕیفۆرمکردنی سیستمی پەروەردەییدا ڕەنگ بداتەوە، بەڵام سیستمی پەروەردەیی لەبەرانبەر گەشەکردنی ئەو ژێرخانەدا هیچ گۆڕانکارییەکی ڕیشەیی ئەوتۆی بەخۆیەوە نەبینیوە و هیچ جیاوازییەکی لەگەڵ سیستمی وڵاتە دواکەتووەکاندا نییە. سەبارەت بە داتاکانی ئەم خشتەی خوارەوە، توێژینەوەکە ئاماری هەموو پێنج ساڵێکی وەرگرتووە، جگە لە ساڵەکانی کۆتایی و ساڵی (٢٠٠٤-٢٠٠٥)، چونکە لەو ساڵەدا ئابڵوقەی ئابووریی سەر هەرێمی  کوردستان لا برا و بودجەی هەرێمی  کوردستان بە ڕێژەیەکی بەرچاو زیادی کرد.

گەشەکردندنی ژمارەی مامۆستا، خوێندکار و خوێندنگە

بەپێی ئامارە فەرمییەکان لە ماوەی نێوان (١٩٩٩٠-٢٠١٧)، کۆمەڵێک گۆڕانکاریی گەورە ڕوویان داوە کە بۆ توێژینەوەکە گرنگن (بڕوانە خشتەی ژمارە ٣).

  • لە ماوەی ١٤ ساڵدا (١٩٩٠-٢٠٠٥)، خوێندکاران بە ڕێژەی (٤٩٪) زیادیان کردووە، مامۆستایان (٣٦٪) و خوێندنگەکانیش بە ڕێژەی (٢٨٪) زیادیان کردووە.
  • لە ماوەی ١٠ ساڵدا ( ٢٠٠٥-٢٠١٥)، خوێندکاران بە ڕێژەی (٦٥٪)، مامۆستایان (٤٩٪) زیادیان کردووە، بەڵام خوێندنگەکان بە ڕێژەی (٧٣٪) زیادیان کردووە.
  • جیاوازییەکی زۆر لەنێوان ئەو دوو ماوەیەدا هەیە، لەگەڵ ئەوەشدا ماوەی دووەم تەنها ١٠ ساڵە و ماوەی یەکەم ١٤ ساڵە، واتە لەنێوان (١٩٩٠-٢٠٠٥) و (٢٠٠٥-٢٠١٥)، هۆکاری ئەمەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە لە ماوەی یەکەمدا عێراق و هەرێمی کوردستان لەژێر ئابڵوقەیەکی ئابووریی سەختدا بوون، دۆخی ئابووریی عێراق بەرەو داڕووخان دەچوو، هەڵاوسان زۆر بەرز بوو، داهاتی فەرمی کەم بوو و کەرتی تایبەتیش زۆر لاواز بوو. تاقە سەرچاوەیەکی داهات، ڕێکخراوە بیانییەکان و دواتریش ئەو پارەیە بوو کە بڕیاری ٩٨٦ (نەوت بەرانبەر بە خۆراک) دابینی دەکرد، بەڵام لە ماوەی دووەمدا بە هۆی تەرخانکردنی بودجەیەکی زۆر لەلایەن حکومەتی عێراقەوە، ئەم کەرتە گەشەکردنێکی باشتری بەخۆیەوە بینی و بە بەراورد لەگەڵ ماوەی یەکەمدا خوێندکاران ١٦٪ زیاتر گەشەیان کرد، مامۆستایان ١٣٪ زیاتر گەشەیان کرد و دروستکردنی خوێندنگەکانیش گەشەکردنێکی دراماتیکییان بەخۆیانەوە بینی و ٤٥٪ زیاتر لە جاران گەشەیان کرد.
  • لە کۆی ئەو ماوەیەشدا کە ٢٦ ساڵە (١٩٩٠-٢٠١٧)، خوێندکاران زیاتر لە ٣ ئەوەندە زیادیان کردووە (٣٢٥٪)، مامۆستایان نزیکەی ٦ ئەوەندە (٥٩٧٪) و خوێندنگەکان زیاتر لە ٥ ئەوەندە (٥١٤٪) زیادیان کردووە. ڕێژەی بەرزبوونەوەی ژمارەی مامۆستایان بە پلەی یەکەم دێت، دواتر خوێندنگەکان بە پلەی دووەم و زیادبوونی خوێندکارانیش بە پلەی سێیەم دێت.
  • بەپێی ئەو داتایانە دەبووایە ژمارەی خوێندکاران لە پۆلەکاندا کەمتر بوونایەتەوە، بەڵام لە ڕاستیدا وا نییە، گرفتەکان پەیوەندییان بە ناهاوسەنگیی دابەشکردنەوە هەیە.
گەشەکردندنی خوێندنگەکان (١٩٩٠-٢٠١٧)
ژمارەی یاریدەدەر ژمارەی بەڕێوەبەر ژمارەی خوێندنگە ژمارەی مامۆستا ژمارەی خوێندکار ساڵی خوێندن
  ١٣٢٠ ٢١٣٨٩ ٥٣٤٩٦٣ ١٩٩٠-١٩٩١
  ٢١٠١ ٢٦٧١٤ ٥٦٩٤٢٣ ١٩٩٥-١٩٩٦
  ٣٠٨٢ ٣٧٦٧١ ٧٧٣٩٧٧ ٢٠٠٠-٢٠٠١
  ٤٧٥٤ ٥٩٨٤٠ ١٠٩٠٠٤٨ ٢٠٠٤-٢٠٠٥
  ٤٩٩٦ ٦٢٥٥٩ ١١٤٤٧٧٤ ٢٠٠٥-٢٠٠٦
  ٥٧٤٦ ٩٥٦٦٦ ١٤٦٣٨٧٤ ٢٠١٠-٢٠١١
  ٥٩٢١ ٩٩٢٥٣ ١٥١٢٥٩٠ ٢٠١٢-٢٠١٣
٦٩١١ ٦٢٠٨ ٦٤٧٤ ١٢٢٣٧٠ ١٦٥٣٣٨٦ ٢٠١٤-٢٠١٥
٧٢٣٣ ٦٧٥٨ ٦٧٩٩ ١٢٦١١٢ ١٧٠٦٥٠٩ ٢٠١٥-٢٠١٦
٧٣٢١ ٦٦٠٢ ٦٧٨٨ ١٢٧٨٢٣ ١٧٣٨٥٢١ ٢٠١٦-٢٠١٧
٦٪ ٦٪ ٥١٤٪ ٥٩٧٪ ٣٢٥٪ ١٩٩٠-٢٠١٧
  سەرچاوە: بۆ ساڵەکانی (١٩٩٠-٢٠١٢)، بڕوانە ماڵپەڕی وەزارەتی پەروەردە، بەشی ئامارەکان (٢٨/٩/٢٠٢٠).

https://moe-krg.com/Default?page=table&c=statistics

بۆ ساڵی ٢٠١٤-٢٠١٥، بڕوانە: (و. پ، ٢٠١٥ ب)[18].

بۆ ساڵی ٢٠١٦-٢٠١٧، بڕوانە: (و. پ، ٢٠١٧ ب).[19]

بۆ ساڵی ٢٠١٥-٢٠١٦، بڕوانە: (M o E, 2016)[20].

خشتەی ژمارە (٣): گەشەکردنی خوێندنگەکان (١٩٩١-٢٠١٧)

پەیوەندیی نێوان مامۆستا، خوێندکار  و خوێندنگە

گەشەکردن و بەرزبوونەوەی ژمارەی مامۆستایان و خوێندنگەکان کاریگەرییەکی ئەرێنییان لەسەر هەندێ لایەن  دروست کردووە، بۆ نموونە بەرزبوونەوەی ژمارەی مامۆستایان لە هەر خوێندنگەیەکدا، دابەزینی ژمارەی ئەو خوێندکارانەی بەر هەر مامۆستایەک دەکەون و لە کۆتاییشدا دابەزینی ژمارەی خوێندکاران لە خوێندنگەکاندا. کۆی ئەمانە بە کاریگەرییەکی ئەرێنی ئەژمار دەکرێن، بە مەرجێک ئەو فاکتەرانە بە شێوەیەکی هاوسەنگ لە ناوچە جوگرافییەکاندا دابەش بکرێن (بڕوانە خشتەی ژمارە ٤). لە ماوەی ٢٦ ساڵدا (١٩٩٠-٢٠١٧)، کۆمەڵێک گۆڕانکاریی ئەرێنی بەدی دەکەین:

  • تێکڕای ژمارەی خوێندکاران بۆ هەر مامۆستایەک، بە ڕێژەی (٤٤٪) کەمی کردووە. واتە لە ساڵی (١٩٩٠-١٩٩١)، هەر مامۆستایەک ٢٥ خوێندکاری بەر دەکەوت، بەڵام لە ساڵی (٢٠١٦-٢٠١٧) ئەو ژمارەیە دابەزیوەتە ١٤ خوێندکار، ئەمەش گۆڕانکارییەکی ئەرێنیی گەورەیە.
  • تێکڕای ژمارەی مامۆستایان لە هەر خوێندنگەیەکدا لەو ماوەیەدا بە ڕێژەی (٢٢٪) هەڵکشاوە، واتە لە ١٦ مامۆستاوە بەرز بووەتەوە بۆ ١٩ مامۆستا.
  • تێکڕای ژمارەی خوێندکاران لە هەر خوێندنگەیەکدا بە ڕێژەی (٣٧٪) کەمی کردووە، واتە لە ٤٠٥ خوێندکارەوە دابەزیوەتە ٢٥٦ خوێندکار.
  • ئەوەی ئەرێنییە لەم خشتەیەدا ئەوەیە کە تێکڕا ژمارەی مامۆستا/خوێندکار (ستوونی ٤) لە هەردوو تێکڕاکانی دیکە زیاتر گەشەی کردووە. ئامارەکانی “خشتەی ژمارە ٣”، ئەم گەشەکردنە ئەرێنییە پشڕاست دەکەنەوە، چونکە لەو ماوەیەدا ژمارەی خوێندکاران بە ڕێژەی ٣ ئەوەندە زیادیان کردبوو (٣٢٥٪)، بەڵام ژمارەی مامۆستایان ٦ ئەوەندە (٥٩٧٪) زیادیان کرد.
  • بەڵام نابێ ئەوەشمان بیر بچێت زیادبوونی ژمارەی خوێندنگەکان هاوتەریب نییە لەگەڵ زیادبوونی ژمارەی بینای خوێندنگەکان، ئەمەش هۆکارێکی دیکەیە بۆ دوو دەوامی، سێ دەوامی و زیادبوونی ژمارەی خوێندکاران لە پۆلەکان.
تێکڕای خوێندنگە، مامۆستا و خوێندکار لە هەرێمی کوردستان (١٩٩٠-٢٠١٧)
مامۆستا/خوێندکار خوێندنگە/خوێندکار خوێندنگە/مامۆستا ساڵی خوێندن
٢٥ ٤٠٥ ١٦ ١٩٩٠-١٩٩١
٢١ ٢٧١ ١٣ ١٩٩٥-١٩٩٦
٢١ ٢٥١ ١٢ ٢٠٠٠-٢٠٠١
١٨ ٢٢٩ ١٣ ٢٠٠٤-٢٠٠٥
١٨ ٢٢٩ ١٣ ٢٠٠٥-٢٠٠٦
١٥ ٢٥٥ ١٧ ٢٠١٠-٢٠١١
١٥ ٢٥٥ ١٧ ٢٠١٢-٢٠١٣
١٣ ٢٥٥ ١٩ ٢٠١٤-٢٠١٥
١٤ ٢٥١ ١٩ ٢٠١٥-٢٠١٦
١٤ ٢٥٦ ١٩ ٢٠١٦-٢٠١٧
-٤٤٪ -٣٧٪ ٢٢٪ ڕێژەی هەڵکشان/داکشان

خشتەی ژمارە (٤): تێکڕای خوێندنگە، مامۆستا و خوێندکار

جیاکاریی جێندەری

ئەگەرچی ڕەگەزی مێینە لە کۆمەڵگەی ئێمەدا بە شێوەیەکی گشتی جیاکارییەکی زۆری بەرانبەر دەکرێت، بەڵام بەپێی ئامارە فەرمییەکان (بڕوانە خشتەی ژمارە ٥) لە کەرتی پەروەردەدا و لە ڕووی ژمارەوە هیچ جیاکارییەکی بەرانبەر ناکرێت، تەنها لە پۆستە بەرزەکاندا نەبێت. ژنان لەنێوان (٥٨٪) تا (٦٦٪)ی هەموو پۆستەکانیان وەرگرتووە، جگە لە بەڕێوەبەر کە تەنها (٢٢٪)یان ڕەگەزی مێینەن و جگە لە یاریدەدەری بەڕێوەبەرەکانیش کە تەنها (٣٦)یان لە ڕەگەزی مێینەن. لە ڕووی دابەشکردنی خوێندنگەکانیشەوە، (٨٠٪)ی خوێندنگە تێکەڵن و ڕێژەی خوێندنگەکانی کوڕان و کچانیش بەنزیکەیی وەکوو یەکن.

جیاکاریی جێندەر لە کەرتی پەروەردە (٢٠١٤-٢٠١٥)
ڕێژەی ڕەگەزی مێینە ٪ جۆری کادیر/خوێندنگە
٢٢ بەڕێوەبەر
٣٦ یاریدەدەری بەڕێوەبەر
٦٢ مامۆستا
٥٨ توێژەری کۆمەڵایەتی
٦٦ ڕابەری پەروەردەیی
٥٨ کۆی کادیرە پەروەردەییەکان
٤٨ خوێندکار
٩ خوێندنگەی کچان
١٠ خوێندنگەی کوڕان
٨١ خوێندنگەی تێکەڵ
‌‌سەرچاوە: (و. پ، ٢٠١٥)

خشتەی ژمارە (٥): جیاکاریی جێندەری (٢٠١٤-٢٠١٥

کێشەکانی پەروەردە

 

گرفتی میتۆد و زانست

گرفتی هەموو وەزارەتەکانی پەروەردە ئەوەیە بە زانستێکی کۆن، میتۆدێکی نازانستی و هەمان کادیری خۆماڵییەوە کاریان کردووە. کێشەیەکی دیکە ئەوەیە جیهانبینییان بۆ سیستمێکی هاوچەرخ نییە، کە لە وڵاتە پێشکەوتووەکاندا کاری پێ دەکرێت. تا گۆڕانکاری لەم کارەدا نەکەن، ناتوانن سیستمی پەروەردە بگۆڕن و کارایی خوێندکاران بەرز بکەنەوە.

گرفتی دابەشکردنی ناهاوسەنگ

کۆی ئەو گەشەکردنانەی سەرەوە زۆر ئەرێنین، بەڵام کۆمەڵێک گرفتی دیکە هەیە کە وا دەکات مامۆستایان هەستی پێ نەکەن کە باریان سووکتر بووە و کوالێتیی کارەکانیان باشتر بووە. ئەو گرفتە پەیوەندیی بەو ناهاوسەنگییەوە هەیە کە لە دابەشکردنی خوێندنگەکان بەسەر ناوچە جوگرافییەکاندا هەیە، هەروەها ناهاوسەنگیی دابەشکردنی مامۆستایان و خوێندکاران بەسەر خوێندنگەکاندا. ئەم ناهاوسەنگییەش کاریگەرییەکی نەرێنی دەکاتە سەر گەورەیی پۆل و زۆریی خوێندکاران لە شارەکاندا، واتە زۆربوونی ژمارەی خوێندکاران لە پۆلەکاندا.

خوێندنگە  و مامۆستا

ئەو داتایانەی توێژینەوەکە شیکاریی بۆ کردوون، هەموو خوێندنگەکانی سەر بە وەزارەتی پەروەردە دەگرێتەوە، واتە باخچەی منداڵان، قۆناغی بنەڕەتی، قۆناغی ئامادەیی، خوێندنی خێرا و خوێندنگە عەرەبی، تورکمانی و سریانییەکان. بە ئەگەری زۆریش ژمارەی منداڵان لە باخچەی منداڵان، ژمارەی خوێندکاران لە گوندەکان، خوێندنی خێرا و یان لە هەندێ لە خوێندنگەکانی دیکەدا؛ زۆر کەمترن بە بەراورد لەگەڵ شارەکاندا، ئەمەش وای کردووە کە ژمارەی خوێندکاران لە شارەکاندا زۆر بن. بۆ نموونە لە ساڵی ٢٠١٥دا (٤٤٪)ی خوێندنگەکان لە گوندەکاندا بوون ( ٢٨٥٣ خوێندنگە) و (٥٦٪) لە شارەکاندا بوون (٣٦٢١ خوێندنگە) (و. پ، ٢٠١٥ ب)[21].

ئەوەش ڕوونە ژمارەی خوێندکار لەو گوندانە زۆر کەمن. زۆر جاریش لەبەر کۆمەڵێک هۆکاری جیاواز ژمارەی مامۆستاکان لە هەندێ خوێندنگە دەگەنە ٧ مامۆستا، لە کاتێکدا پێویستە تەنها ٢ یان ١ مامۆستا بن، بەڵام لە هەندێ خوێندنگەی دیکەدا دۆخەکە ڕێک بەپێچەوانەوەیە. کۆی ئەم دۆخانە وای کردووە ژمارەی خوێندکاران لە پۆلی ناو شارە گەورەکاندا زۆر بن. بەپێی ئامارە فەرمییەکان، ئەو ژمارەیە لە کۆمەڵێک خوێندنگەدا دەگاتە ٥٠ خوێندکار یان زیاتر (و. پ، ٢٠٠٧ پ)[22]. وەزارەتی پەروەردە تا ئێستا نەیانتوانیوە گرفتی ئەم ناهاوسەنگییە چارەسەر بکات، ئەم ناهاوسەنگییە ئەم گرفتەی خوارەوەشمان بۆ دروست دەکات.

بەپێی شیکاریی ئامارە فەرمییەکانی ٣ ساڵی خوێندن (بڕوانە خشتەی ژمارە ٦)، توێژینەوەکە گەیشتووەتە ئەوەی هەر خوێندنگەیەک ٢ پۆلی کەم کردووە و ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی هەموو یەکێک لە پۆلەکانی دیکە؛ ٢ خوێندکار زیاد بکات. لەبەر ناهاوسەنگیی دابەشکردنی جوگرافیی خوێندنگەکان، ئەم ژمارەیە لە گوندەکان کەمتر دەکات و لە شارەکاندا زیاتر دەکات. بەپێی داتاکانی ئەو خشتەیە بێت، هەموو ئەو ئامارانە زۆر باشن و نابێ هیچ گرفتێکمان هەبێت، بەڵام لە ڕاستیدا لە هەموو بوارەکاندا گرفتی زۆرمان هەیە.

 

توێژەری کۆمەڵایەتی و ڕابەری پەروەردەیی

یەکێک لە کارە ئەرێنییەکانی وەزارەتی پەروەردە لە کابینەی پێنجەمدا، ئەوە بوو کە بۆ یەکەمین جار کادیرێکی پەروەردەیی بە ناوی توێژەرەی کۆمەڵایەتی هێنایە ئاراوە و ٤٠٠ توێژەری بە یەک بڕیار دامەزراند. ئەم کادیرانە هاوکارییەکی زۆری خوێندکاران و خوێندنگەکان دەکەن.  لە ماوەی ئەو سێ ساڵەدا ١٩٩ توێژەری کۆمەڵایەتی زیادیان کردووە، بۆیە هەموو توێژەرێک ٦١ خوێندکار کەمتری بەر کەوتووە، لەگەڵ ئەوەشدا ئەمە گۆڕانکارییەکی ئەرێنییە، بەڵام هێشتا ٩٣٠ خوێندکار بۆ یەک توێژەر؛ ژمارەیەکی زۆر بەرزە و مەحاڵە ئەو توێژەرە فریای هەموو ئەو خوێندکارانە بکەوێت (ىڕوانە خشتەی ژمارە ٦).

ئەگەر لە هەموو خوێندنگەیەکی حکوومییشدا تەنها یەک توێژەر هەبێت، ئەوە تەنها (٣١٪)ی خوێندنگەکان توێژەریان هەیە، واتە تا ئێستا (٦٩٪)ی خوێندنگەکان خاوەنی توێژەرەی کۆمەڵایەتی نین، ئەمەش گرفتی زۆر بۆ هەموو خوێندنگەکان دروست دەکات. لەبەرانبەر ئەمەدا، ٢٦٣ ڕابەری پەروەردەیی لەو ٣ ساڵەدا زیادیان کردووە و ئەمەش بووەتە هۆی هەر ڕابەرێکی پەروەردەیی ٧١١ خوێندکار کەمتری بەر کەوتووە لە جاران.

ئەم کارە بووەتە هۆی ئەوەی بە لایەنی کەمەوە لە شارە گەورەکاندا، مامۆستاکان بارگرانییەکی زۆریان بکەوێتە سەر شان، ژینگەی کارکردن سەختتر بێت و خوێندکارانیش نەتوانن زانستی پێویست بە شێوەیەکی هاوچەرخ وەربگرن. زۆری ژمارەی خوێندکاران لە پۆلدا، بووەتە گرفتێکی گەورە لەبەردەم پیادەکردنی دیداکتیکێکی هاوچەرخدا (سەعید، ٢٠١٩)[23]، ئەمەش لە کاتێکدا ئەندازەی کاریگەریی دیداکتیک دەگاتە (0.80)، واتە دیداکتیک کاریگەرییەکی زۆر گەورەی لەسەر کارایی خوێندکاران هەیە (Hattie, 2016)[24]، (Hattie, 2014)[25]. لە ڕاستییشدا دواکەوتنی دیداکتیک، دواکەوتنی سیستمی پەروەردەیی دەگەیەنێت ‌Harpp, 1994) )[26]  (Kewaza  & Welch, 2013)[27] و گەورەترین هۆکاری دواکەوتنی سیستمی پەروەردەیە لە ڕۆژهەڵاتی ناوین.

دابەشبوونی خوێندکاران و کادیرە پەروەردەییەکان  ٢٠١٤-٢٠١٧
کادیرەکان ٢٠١٤-٢٠١٥ ٢٠١٥-٢٠١٦ ٢٠١٦-٢٠١٧
ژمارەی خوێندکار ١٦٥٣٣٨٦ ١٧٠٦٥٠٩ ١٧٣٨٥٢١
ژمارەی مامۆستا ١٢٢٣٧٠ ١٢٦١١٢ ١٢٧٨٢٣
ژمارەی خوێندنگە ٦٤٧٤ ٦٧٩٩ ٦٧٨٨
ژمارەی پۆل (هۆبە) ٦٩٨٦٥ ٦٩٨٠٧ ٦٧٤٣٦
توێژەری کۆمەڵایەتی ١٦٧١ ١٧٤٨ ١٨٧٠
ڕابەری پەروەردەیی ٦٦٧ ٩٨٣ ٩٣٠
خوێندکار/پۆل ٢٤ ٢٤ ٢٦
مامۆستا/پۆل ١،٧٥ ١،٨٠ ١،٩٠
خوێندنگە/پۆل ١٢ ١٠ ١٠
خوێندنگە/توێژەری کۆمەڵایەتی ٤ ٤ ٤
خوێندکار/توێژەر ٩٨٩ ٩٧٦ ٩٣٠
خوێندنگە/ڕابەری پەروەردەیی ١٠ ٧ ٧
خوێندکار/ڕابەری پەروەردەیی ٢٤٧٩ ١٧٣٦ ١٧٦٨
سەرچاوە: ژمارەی خوێندکار، مامۆستا، خوێندنگە و هۆبەکان، لەم سەرچاوانەوە وەرگیراون:

(M o E, 2016)، (و. پ، ٢٠١٥ ب)، (و. پ،  ٢٠١٧ ب).

خشتەی ژمارە (٦): دابەشبوونی خوێندکاران و کادیرە پەروەردەییەکان

ڕاهێنانی مامۆستاکان

یەکێک لە بەربەستە گەورەکانی بەردەم سیستمی هەرێم، لاوازیی کارایی و ئەدای مامۆستاکانە. ئەوان لە زانکۆکانەوە بە ئاستێکی زانستی کۆنەوە دێنە وەزارەتی پەروەدە و وەزارەتیش تا ئێستا نەیتوانیوە بەهێزیان بکات، چونکە لە خولەکانی شیاندندا زانستێکی کۆنی نزمتر لە زانستی زانکۆکانیان پێ دەگوترێتەوە. مامۆستاکان لەم دۆخە زۆر بێزارن و ئەوانەی دەشیانەوێ خۆیان پێبگەیەنن، لە بازاڕدا بەدەگمەن کتێبی باشیان دەست دەکەوێت. وەزارەتی پەروەردە لە کۆی کابینەکاندا، پلانێکی نووسراو یان پڕۆگرامێکیان گەڵاڵە نەکردووە بۆ ئەوەی کتێبی باش بۆ کادیرە پەروەردەییەکان وەربگێڕنە سەر زمانی کوردی، کارناسی باشیان لە دەرەوە بۆ بێنن بۆ ئەوەی ئاستی ڕاهێنەرە ناوخۆییەکان بەرز بکەنەوە و خولی هاوچەرخ ساز بکەن.

گرفت لە ژمارەی خولەکانی ڕاهێنان و شیاندن نییە، بۆ نموونە وەزارەتی پەروەردە لە ماوەی دوو ساڵدا (٢٠٠٩-٢٠١٠) توانیی ڕاهێنان بە ٢٧٥٩١ مامۆستا بکات (و. پ، ٢٠١٧)[28]، بەڵام گرفتەکان لە کوالێتیی ئەو خولانەدایە کە زۆر کلاسیکین. مامۆستاکان باسی ئەو جیاوازییە گەورەیەیان بۆ کردووین کە لەنێوان خولە کلاسیکییەکانی شیاندن و ئەو خولانەدا هەبووە کە کارناسە بیانییەکان بۆیان ساز کردوون. تا ئەم کێشەیە چارەسەر نەکرێ، بە بۆچوونی ئێمە ناتوانرێت ئاستی مامۆستاکان بەرز بکرێتەوە.

پێداویستیی خوێندنگەکان 

جگە لە ژمارەی وەرشەکان، ئیدی هەموو کەلوپەلەکانی دیکە لەنێوان (٢٠١٥-٢٠١٦) زیادیان کردووە، بەڵام ئەوەی جێگەی سەرسوڕمانە لەنێوان (٢٠١٦-٢٠١٧) لەجیاتیی ئەوەی ئەو کەلوپەلانە زیاد بکەن، کەچی بە ڕێژەیەکی یەکجار زۆر کەمیان کردووە. توێژینەوەکە نەگەیشتە هیچ هۆکارێکی دیاریکراو کە بۆچی سکانەرەکان ٤٩٣٪ زیادیان کردووە و کۆی کەلوپەلەکانی دیکە بە ڕێژەیەکی زۆر کەمیان کردووە. دەبێ ئاماژە بەوەش بدەین کە بوونی کۆمپیوتەر و کتێبخانە لە هەموو کەلوپەلەکانی دیکە گرنگترن، بەڵام ئەو دووانە بە ڕێژەی (-٣١٪) و (٤٥٪) داکشانیان بەخۆیانەوە بینیوە (بڕوانە خشتەی ژمارە ٧).

پێداویستیی خوێندنگەکان (٢٠١٤-٢٠١٧)
کەلوپەل ٢٠١٤-٢٠١٥ ٢٠١٥-٢٠١٦ ٢٠١٦-٢٠١٧ ڕێژەی داکشانی دوو ساڵی کۆتایی ٪
کۆمپیوتەری باش ٢٤٨٦٤ ٣٤٧٢٩ ٢٣٩٨٢ -٣١٪
پرینتی باش ٧٠٦٢ ١٠١٧٢ ٧٣٥٤ -٢٨٪
سکانەری باش ١٨٥٠ ٣٦٥٧ ٢١٧١٨ +٤٩٣٪
تاقیگە ٩٤٥ ١٥٩٤ ٩٧١ -٦٩٪
وەرشە ١٥ ١٤
پەرتووکخانە ٢١٥٤ ٣٤٨٤ ١٩٢٦ -٤٥٪
داتاشۆ ٦٨٢٧
ئامێری کۆپیکردن ٥٦٩١
سەرچاوە:

(M o E, 2016)، (و. پ، ٢٠١٥ ب)، (و. پ،  ٢٠١٧ ب)

خشتەی ژمارە (٧): پێداویستیی خوێندنگەکان

باڵەخانەکان

لەدوای ڕاپەڕینەوە، ژمارەی دانیشتووانی هەرێمی کوردستان بە شێوەیەکی بەرچاو زیادیان کردووە و ئەوانەی لە تەمەنی خوێندنگەدان؛ ڕێژەیەکی زۆر بەرزی دانیشتووان پێک دێنن. دوای باشبوونی دۆخی ئابوورییش لەنێوان (٢٠٠٤-٢٠١٤)، دەست کرا بە دروستکردنی ژمارەیەکی زۆری باڵەخانە. لە کابینەی شەشەمدا بڕی ١٥٠ ملیار دینار بۆ دروستکردنی خوێندنگە پەسەند کرا و کۆمەڵێک خوێندنگە دروست کران. لە بودجەی ساڵی ٢٠١١ و ٢٠١٢دا،  بڕی ١٥٠ ملیار دینار بۆ هەر ساڵێک دیکەش تەرخان کرا، بەڵام خوێندنگەی پێ دروست نەکرا (پەی، ٢٠١٩)[29].

دروستکردنی بینای خوێندنگەکان بەنزیکەیی لەدوای (٢٠١٤)وە وەستاوە و ژمارەی خوێندکارانیش لە هەڵکشاندایە، ئەمەش دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی ژمارەی خوێندکاران لە پۆلەکاندا. بۆیە ئێستا کێشەی چەند دەوامی و گەورەبوونی پۆلەکان لە خوێندنگەکاندا هەیە و ئەمەش بەربەست بۆ درێژکردنەوەی دەوام و پێشکەوتنی خوێندنگەکان دروست دەکات (و. پ، ٢٠١٥ ب)[30]. بەپێی ئامارەکانی (٢٠١٤-٢٠١٥)، نزیکەی (٨٠٪)ی خوێندنگەکان خاوەنی باڵەخانەی خۆیانن، بەڵام (٢٠٪) باڵەخانەی خۆیان نییە. ئەگەر حکومەتی  بتوانێت ١٢٩٦ خوێندنگەی نوێ دروست بکات، ئەوە هەموو خوێندنگەکان دەبنە خاوەنی باڵەخانەی خۆیان، بەڵام هێشتا گرفتی گەورەیی و قەرەباڵغیی پۆلەکان دەمێنێت. لە ڕووی دەوامەوە؛ (٦٩٪)ی خوێندنگەکان یەک دەوامین، بەڵام  (٣٠٪)ی خوێندنگەکان دوو دەوامییان تێدایە (بڕوانە خشتەی ژمارە ٨).

تایبەتمەندیی خوێندنگەکان (٢٠١٤-٢٠١٧)
خوێندنگەکان ٢٠١٤-٢٠١٥ ٢٠١٥-٢٠١٦ ٢٠١٦-٢٠١٧
شار ٣٦٢١ ٣٨٤٧ ٣٨٥٩
گوند ٢٨٥٣ ٢٩٥٢ ٢٩٢٩
میوان ١٢٩٦ ١٥٢٤ ١٥٤٢
خاوەن باڵەخانە ٥١٧٨ ٥٢٧٥
بە کرێ ٢١١ ١٨٩
تایبەت ١٥٩ ٢١٧
سەر بە وەزارەتی پەروەردە ٦٠٨٥ ٦٣٥٩ ٦٣٢٣
ناحکومی ٢٨٢
سەر بە لایەنی دیکە ١٩ ٣٤ ٤٧
یەک دەوامی ٤٤٥٠ ٤٦١٦ ٤٦٥٣
دوو دەوامی ١٩٤٤ ٢٠٠١ ٢٠٢١
سێ دەوامی ٧٩ ١٧٤ ١١٠
چوار دەوامی ١ ٨ ٤
زمانی خوێندنگە/کوردی ٦٢٨٥ ٦٦١٧ ٦٥٣٠
عەرەبی ٩٢ ٩٥ ١٠٣
ئینگلیزی ٥٣ ٤٤ ١٠٧
سریانی ٣٢ ٢٧ ٣١
تورکمانی ١١ ١٥ ١٥
فەڕەنسی ٢ ١ ١[31]
ئەڵمانی ١
سەرچاوە:

(M o E, 2016)، (و. پ، ٢٠١٥ ب)، (و. پ،  ٢٠١٧ ب)

خشتەی ژمارە (٨): تایبەتمەندیی خوێندنگەکان

ئەوەی لەو خشتەیەوە دەبینرێت، ژمارەی ئەو خوێندنگانەی ٢-٤ دەوامییان تێدایە، زیادیان کردووە و ئەمەش نیشانەیەکی ئەرێنی نییە، لە هەمان کاتیشدا  ژمارەی ئەو خوێندنگانەی یەک دەوامیشیان تێدایە؛ بە هەمان شێوەی زیادی کردووە.

دوو یان سێ دەوامی دەبێتە هۆی ئەوەی ماوەی ئامادەبوون لە خوێندنگەکاندا کورت ببێتەوە بۆ چوار کاتژمێر یان کەمتر، ئەم ماوەیەش وا دەکات خوێندکاران نەتوانن زانستی پێویست وەربگرن و مامۆستایانیش نەتوانن کۆمەڵێک میتۆدی هاوچەرخی کارکردن و وانەگوتنەوە بەکار بێنن. تەنانەت لەو (٦٩٪)یەی خوێندنگەکانەشدا کە یەک دەوامین، دەوام زۆر کورتە. وەزارەتی پەروەردە لە ساڵی (٢٠١٢-٢٠١٤)دا، هەوڵێکی لەم بابەتەی دا کە دەوام لەو خوێندنگانەدا درێژ بکرێتەوە، بەڵام ئەمە ڕووبەڕووی ناڕەزایەتییەکی زۆر بووەوە و دەرئەنجام بڕیارەکە جێبەجێ نەکرا.

ڕێژەی دەرچوونی ساڵانە

ئاستی دەرچوونی خوێندکاران بە درێژایی چەندین ساڵ، لە دابەزینێکی بەردەوامدایە[32]. بەپێی داتاکان (بڕوانە خشتەی ژمارە ٩)، ڕێژەی سەدیی دەرچوون لە بەشی زانستیدا لەنێوان (٢٠٠٠-٢٠١٢)دا کراون بە دوو بەشەوە و لە هەردوو بەشەکەدا لە دابەزینێکی بەردەوامدایە. ڕێژەی دەرچوون لە بەشی زانستی لەنێو بەشداربووانی تاقیکردنەوەکاندا لە ماوەی ١١ ساڵدا (٢٠٠٠-٢٠١١)دا لە (٥٥٪) و دادەبەزێتە نزمترین ئاستی خۆی (٤٢٪)، واتە (٢٤٪) کەمی کردووە. بەڵام ساڵی ٢٠١٢ تۆزێک بەرز دەبێتەوە و دەگاتە (٥١٪)، بەڵام هێشتا لە ئاستی ٢٠٠١ نزمترە.

لە لایەکی دیکەوە ڕێژەی دەرچوون لەنێو بەشداربووانی فیعلیی تاقیکردنەوەکاندا، بە هەمان شێوە لە دابەزینێکی بەردەوامدایە و لە ماوەی ١١ ساڵدا (٢٠٠٠-٢٠١١) لە (٨٣٪)وە دادەبەزێتە نزمترین ئاستی خۆی (٤٤٪)، واتە (٤٧٪) کەم دەکات. لە کۆتا ساڵدا کەمێک بەرزتر دەبێتەوە، بەڵام هێشتا لە ئاستی ساڵی (٢٠٠٠)ەوە زۆر دوورە.

لە هەردوو دۆخەکەشدا وەزارەتی پەروەردە نەیتوانیوە توێژینەوە لەوە بکات بۆچی ئاستی دەرچوونی ئەو خوێندکارانەی بە شێوەیەکی فیعلی بەشدارییان لە تاقیکردنەوەکاندا کردووە لە ماوەی ١١ ساڵدا؛ بە ڕێژەی (٤٧٪) کەمی کردووە، ئەم دابەزینە شکستێکی گەورەیە بۆ سیستمی پەروەردەی هەرێم و دەبووایە وەزارەتی پەروەردە هەموو ساڵێک توێژینەوەی زانستیی لەسەر بکردایە و هۆکارەکانی دەستنیشان بکردایە.

ڕێژەی دەرچوون لە بەشی زانستی (هەردوو خول)

 (٢٠٠٠-٢٠١٢)

ڕێژەی دەرچوونی بەشداربووە فیعلییەکان ٪ ڕێژەی دەرچوونی بەشداربووەکان ٪ ساڵی خوێندن
٨٣ ٥٥ ٢٠٠٠-٢٠٠١
٨٣ ٥٩ ٢٠٠١-٢٠٠٢
٨٠ ٦٤ ٢٠٠٢-٢٠٠٣
٧٣ ٥٥ ٢٠٠٣-٢٠٠٤
٥٥ ٤٣ ٢٠٠٤-٢٠٠٥
٤٧ ٤٦ ٢٠٠٥-٢٠٠٦
٥٧ ٥٦ ٢٠٠٦-٢٠٠٧
٤٧ ٤٧ ٢٠٠٧-٢٠٠٨
٤٥ ٤٤ ٢٠٠٨-٢٠٠٩
٥٣ ٥١ ٢٠٠٩-٢٠١٠
٤٤ ٤٢ ٢٠١٠-٢٠١١
٥٥[33] ٥١ ٢٠١١-٢٠١٢

خشتەی ژمارە (٨): ڕێژەی دەرچوون لە بەشی زانستی (٢٠٠٠-٢٠١٢)

پڕۆگرامەکانی خوێندن

پڕۆگرامەکانی خوێندن لە ڕابردوودا باش نەبوون، نە لە ڕووی زانستی فێرکاری و نە لە ڕووی دیداکتیکیشەوە هاوچەرخ نەبوون. لەم ساڵانەی دواییدا کۆمەڵێک گۆڕانکارییان تێدا کرا، بەتایبەت لە پڕۆگرامەکانی ئینگلیزی و زانستەکان، بەڵام گۆڕانکارییەکان لە بواری زانستە کۆمەڵایەتییەکان، ئایین، زمان و ئەدەبی کوردی تا ئێستاش باش نین. بۆ نموونە: کتێبی زمان و ئەدەبی کوردیی پۆلی ١٢، کە ساڵی ٢٠١٩ چاپ کراوە، کتێبێکی زۆر لاوازە و بە هەڵەی ڕێنووس و خاڵبەندییشەوە چاپ کراوە. بۆ نموونە لە بەشی وتاردا، خوێندکار پۆلی ١٢ تەواو دەکات، بەڵام نازانێت وتار چییە، مەرجەکانی وتار چین و ناشزانێت بە شێوەیەکی زانستی وتارێک بنووسێت[34].

پڕۆگرامەکانی ئایین بە یەکێک لە لاوازترین پڕۆگرامەکانی وەزارەتی پەروەردە ئەژمار دەکرێت، ئەم پڕۆگرامانە تا ئێستاش پێداگری لەسەر جیاکاریی نێوان پێکهاتەکان دەکەنەوە و هانی خوێندکاران نادەن کە زانستێکی گشتگیر دەربارەی ئایینەکان بزانن. لە ئێستادا هیچ یەکێک پێویست ناکات ئایینێکی دیکە بخوێنێت، جگە لە ئایینەکەی خۆی. ئەو خوێندکارانەی ئایینەکانیان بە هیچ شێوەیەک ناخوێنرێت یان ئایینەکانیان لەو خوێندنگەکانەدا ناخوێنرێن کە ئەوانی  تێدان، ئەوە لە وانەی ئایین دەبەخشرێن، ئەمە دەبێتە هۆکاری  ئەوەی خوێندکار فێری جیاکاریی ئایینی و مەزهەبی بێت و زانستی تەواویش دەربارەی ئایینەکانی دیکە نەزانێت.

لە کابینەی هەشتەمدا کار لەسەر گۆڕینی پڕۆگرامەکانی ئایین بۆ ئایینناسی کرا و ڕەوتەکە بەو ئاقارەدا دەڕۆشت کە مێژووی هەموو ئایینەکان بخوێنرێت، وەزارەتی پەروەردەی ئێستا (کابینەی نۆیەم) جەخت لەسەر ڕێڕەوێکی کلاسیکی دەکاتەوە کە پێویست ناکات هەموو خوێندکارێک هەموو ئایینەکان بخوێنێت. بەپێی فەرمانێکی وەزاری[35]، هەر خوێندکارێک تەنها ئایینەکەی خوێ دەخوێنێت، هەروەها ئەگەر خوێندکارێک بە شێوەیەکی ئارەزوومەندانە ویستی وەکوو گوێگر لە پۆلێکدا گوێ لە ئایینێکی دیکە بگرێت، ئەوە نمرەی بۆ دانانرێت. بەپێی ئەو فەرمانە، وەزارەتی پەروەردە بە پێویستی نازانێت خوێندکاران زانیارییان لەسەر هەموو ئایینەکان هەبێت.

قۆناغی هەنوکەیی

تاقیکردنەوەی قۆناغی ئامادەیی (بەکالۆری)

تاقیکردنەوەکانی قۆناغی ئامادەیی (بەکالۆری)، یەکێکە لە سیستمە هەرە کۆن و خراپەکانی جیهان. ئەم تاقیکردنەوانە وەکوو شتێکی پیرۆز تەماشا دەکرێ و هیچ وەزارەتێک دونیابینیی ئەوەی نەبووە سیستـمێکی نوێ بۆ تاقیکردنەوەکان دابنێت کە شوێنی بەکالۆریی تێدا نەبێتەوە. تاقە هەوڵێکی زۆر بچووک لە وەزارەتی پەروەردە لە کابینەی پێنجەم درا، ئەوە بوو کە تاقیکردنەوەکانی بەکالۆری ٧٠ نمرەی لەسەر بێت و تاقیکردنەوەکانی پۆلی دەیەم و یازدەیەم ٣٠ نمرەیان لەسەر بێت. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ئەم بڕیارە ساڵانێکی زۆر پیادە نەکرا و هەوڵی پەکخستنی دەدرا. دواتر وەزارەتی پەروەردە لە کابینەی هەشتەمدا گۆڕانکاریی تێدا کرد و ئەو ٣٠ نمرەیەیان کرد بە ٢٠ نمرە (و. پ، ٢٠١٣). لە ئێستادا ئەو بڕیارە ئارەزوومەندایە و تەنها ئەو خوێندکارانە دەگرێتەوە کە خۆیان دەیانەوێ. بەم شێوەیە ئەو بڕیارەی کۆنگرەی چوارەم هەڵوەشایەوە، بە مەرجێک لە پەرلەمان پەسەند کرابوو. لە هەمان سەرچاوەدا ئاماژە بۆ کۆمەڵێک کارئاسانی کراوە بۆ دەرچوونی خوێندکاران لە تاقیکردنەوەکاندا، وەکوو: چاککردنی تێکڕای نمرە، پەڕینەوە… هتد (و. پ، ٢٠١٣)[36].

ئێمە لە دوو دەرفەتی جیاوازدا؛ لە کۆنگرەی پەروەردەیی ٢٠١٥ و لە دیدارێکی وەزارەتی پەروەردە لە ٢٠١٩دا، پێشنیازی سیستمێکی نوێمان کرد، بەڵام بەبێ هۆکار ڕەت کرایەوە. ئەم سیستمە پێشنیازکراوەی ئێمە دەبووە هۆی ئەوەی خوێندکار بە درێژایی ساڵ بخوێنێت و کارایی بەرز بێت، هەروەها سەختییەکانی خوێندن بەسەر هەموو مانگەکاندا دابەش ببێت، لەجیاتیی ئەوەی لە تاقیکردنەوەکانی کۆتایی ساڵدا خوێندکار تووشی شڵەژان بێت. خاڵێکی دیکە ئەوە بوو پێشنیازەکەی ئێمە لەگەڵ ڕەوتی تاقیکردنەوەی وڵاتە پێشکەوتووەکاندا هاوتەریب بوو.

لایەنێکی دیکەی نەرێنیی سیستمی تاقیکردنەوەکانی هەرێمی کوردستان ئەوەیە وەزارەتی پەروەردە لە ساڵی (٢٠١٦)دا بڕیاری دا کە تاقیکردنەوەکان بە شێوەی هەڵبژاردن بێت (و. پ، ٢٠١٧)[37]، ئەم شێوازە سوودێکی زۆری بۆ کارمەندانی وەزارەتی پەروەردە هەیە، چونکە ڕاستکردنەوە و دانانی نمرەی لەسەر وەڵامەکانی خوێندکار زۆر بەئاسانی بەڕێوە دەچێت، کەمتر پەڵپ دەگرن، زووتر چارەسەری پەڵپەکان دەکەن و تێچوویەکی زۆر کەمتری بۆ وەزارەتی پەروەردە هەیە، بەڵام بە دیوێکی دیکەدا زیانێکی گەورە بە خوێندکار دەگەیەنێت و ئاستی دادەگرێتە خوارەوە.

بەپێی تیۆری و قوتابخانە پەروەردەییە بەرکارەکان (Vygotskij, 1978)[38]، (Piaget, 2010)[39]، هەروەها بەپێی سیستمی وڵاتە ڕۆژئاواییەکان و پێشکەوتووەکان، ئەوەی ئاستی خوێندکار بەرز دەکاتەوە بە ڕادەی یەکەم؛ ئەو پرسیارانەن کە باسی شیکاری، لێکدانەوە و وانە کردەییەکانی تاقیگەکان دەکەن و بە ڕادەی دووەمیش ئەوانەن کە باسی بەراوردکاری دەکەن. پشتگوێخستنی شیکارییەکان لە تاقیکردنەوەکاندا، هۆکارێکە بۆ ئەوەی خوێندکاران و مامۆستایان لە پۆلەکاندا ئەو جۆرە پرسیارانە پشتگوێ بخەن. وەزارەتی پەروەردە لەجیاتیی بەرزکردنەوەی ئاستی خوێندکار، بەم شێوەیە ئاستیان نزمتر دەکاتەوە، ئەم کارە هاودژە لەگەڵ هەردوو تیۆری مەعریفی و سۆسیۆکولتووری (Lindgren et al, 2014)[40]، (Nottingham, 2019)[41]، (Vygotsky, 1978)[42]، (Vygotskij, 2007)[43].

 

 هەڵەی ڕێنووس

لەنێوان (١٩٩٢-٢٠١٩)دا، هەڵەی گەورە لە پڕۆگرامەکانی خوێندندا هەبووە و هیچ یەکێک لە وەزارەتەکانی پەروەردە نەیتوانیوە کتێبەکانی بە ڕێنووسێکی تەواو دروست چاپ بکاتەوە و هیچ پلانێکی ئاشکراش لەو بارەیەوە نەبووە. وەک دەرئەنجام، بەشی هەرە زۆری کادیرە پەروەردەییەکان، لە وەزیرەکان و بەڕێوەبەرە گشتییەکانەوە تا مامۆستایان، بە کوردییەکی هەڵە دەنووسن. هەروەها نزیکەی یەک ملیۆن و ٨٠٠ هەزار خوێندکار و بەشی هەرە گەورەی مامۆستایان، نەوە دوای نەوە بە کوردییەکی هەڵە دەنووسن، چونکە کتێبەکانی بەردەستیان بەهەڵە نووسراوون و بەهەڵە فێر دەکرێن.

لەم بوارەدا ڕەخنەیەکی زۆر لە کۆی وەزارەتەکان گیراوە و کتێب و وتارێکی زۆر دەربارەی ئەو هەڵانە نووسراون (قانیع، ٢٠١٣)[44]، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا کتێبەکان کەم تا زۆر بە هەمان هەڵە یان هەڵەی نوێوە چاپ کراونەتەوە. بەدەر لە هەڵەی ڕێنووسیش، هەڵەیەکی زۆر لە بواری داڕشتندا هەیە، بەتایبەت ئەو کتێبانەی کە بۆ سەر زمانی كوردی وەرگێڕدراون.

وەزارەتی پەروەردەی کابینەی نۆیەم (٢٠١٩)

ئەم وەزارەتە  ١٥ مانگە کار دەکات (١٠/٧/٢٠١٩) و بەدەست کۆمەڵێک کێشەی سەرەکییەوە دەناڵێنێت، بۆ نموونە کێشە کەڵەکەبووەکانی سیستمی پەروەردەیی، کێشەی دارایی، هەڕەشەی مانگرتنی مامۆستایان، پەتای کۆرۆنا، زانستی کۆن، میتۆدی کۆنی کارکردن، نەبوونی کارناسی شارەزا لە سیستمە پێشکەتووەکانی جیهان… هتد، لەگەڵ ئەوەشدا توێژینەوەکە دەتوانێت ئاماژە بە لایەنە ئەرێنی و نەرێنییەکانی بکات.

لایەنە ئەرێنییەکان:

  • بە هاوکاریی یەکێتیی ئەورووپا و بریتش کانسڵ، وەزارەتی پەروەردە دۆکیۆمێنتێکی باشی بۆ هەڵسەنگاندنی دەرەکیی خوێندنگەکان بڵاو کردووەتەوە (و. پ، ٢٠١٩)[45]. ئەم شێوازە لە هەڵسەنگاندن، جیاوازییەکی زۆری لەگەڵ ئەو شێوازەدا هەیە کە کۆی وەزارەتەکانی پەروەردە لە ڕابردوودا کاریان پێ کردووە. لەم بوارەدا ڕاهێنان بە خوێندنگە کراوە، بەڵام تا ئێستا ئەم دۆکیۆمێنتە لە بواری کردەییدا تاقی نەکراوەتەوە.
  • لە ڕووی تەکنیکەوە توانیویەتی زیاتر لە هەموو وەزارەتەکانی پێشووتر سوود ببینێت. توانیویەتی تەلەڤزیۆنی پەروەردەیی ئەکتیڤ بکاتەوە، بیکاتە کەناڵێکی ئاسمانی و بڕیاریش وایە بکرێتە “HD”. لە ئێستادا بەشێک لە وانەکانی تۆمار و پەخش کردووە و پلان هەیە زۆرینەی وانەکان تۆمار بکەن. ئەم تەلەڤزیۆنە لە ساڵی (٢٠٠٣)وە دامەزراوە، بەڵام سست و لۆکاڵی بووە، هەروەها وەزارەت ئەپلیکەیشنێکی بە ناوی “هەورەفێرگە” بۆ هەمان مەبەست دروست کردووە و کار لە دروستکردنی سایتێکی دیکەدا دەکات بۆ هەڵگرتنی هەموو وانەکان بەتۆمارکراوی، وەک هاوکارییەک بۆ بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا، هەروەها وەزارەت خاوەنی چەندین گرووپی ئەلیکترۆنییە لە ڤایبەر و واتساپ، سەرجەمی ئەم کارانە بۆ وەزارەتی پەروەردە شتێکی نوێ و ئەرێنییە.
  • لە (٢٥/٨/٢٠٢٠)ەوە پڕۆژەیەک چووەتە بواری جێبەجێکردنەوە بۆ بەستنەوەی کۆی خوێندنگەکان و بەڕێوەبەراتییە گشتییەکان بە وەزارەتەوە، واتە هەموو کارە ئیدارییەکان بە شێوەیەکی ئەلکترۆنی دەبێت، بێگومان لەو خوێندنگانەی کە هێڵی ئینتەرنێتیان هەیە.
  • ماڵپەڕی وەزارەتی پەروەردە لە هەموو کاتێکی دیکە باشترە، بەڵام هێشتا زۆر لینکی گرنگ ناکرێنەوە، هەندیکی دیکە بەتاڵن، ئاماری پێویست بۆ توێژینەرەکان بەردەست نییە… هتد، سەرباری ئەوەش لە ڕووی ڕێنووس و خاڵبەندییەوە هەڵەی زۆریان تێدایە.
  • ئێمە ئاگاداری هەندێ کاری دیکەین کە وەزارەت کاریان تێدا دەکات، بەڵام وەکوو پرەنسیپی توێژینەوەی زانستی، تا دۆکیۆمێنتی فەرمی لە بارەیانەوە بڵاو نەکرێتەوە، ئێمە ناتوانین بیانخەینە ڕوو.
  • کەسی وەزیر کە لە بواری زانستە سیاسییەکاندا پسپۆڕە، لە هەموو وەزیرەکانی دیکە چالاکترە لە بواری سەردانیکردنی شار و شارۆچکەکان و بینینی کادیرە پەروەردەییەکان و بەدواداچوونی کێشەکانیان، هەروەها لە بواری سۆشیال میدیادا چالاکترین وەزیری پەروەردەیە.

لایەنە نەرێنییەکان:

ڕەنگە هێشتا زۆر زوو بێت بۆ هەڵسەنگاندنی ئەم وەزارەتە و بەم پێیەش بێت ئەو خاڵانەی توێژینەوەکە پێداگیرییان لەسەر دەکات، ئەگەری ئەوەیان هەیە وەزارەت لە داهاتوودا کاریان لەسەر بکات. بەڵام بەپێی بۆچوون و هەڵسەنگاندنی دۆخەکان و پێداویستییەکانی گۆڕینی سیستمی پەروەردەیی، توێژینەوەکە ئەم خاڵە نەرێنییانە دەبینێت:

  • تا ئێستا وەکوو سەرجەم وەزارەتەکانی ڕابردوو نەیتوانیوە دەستکاریی ڕیشەیی سیستمی پەروەردەیی بکات و هیچ پلانێکی لەو بابەتەش ئاشکرا نەکراوە.
  • وەزارەت هیچ نیازێکی نییە گۆڕانکاری لە سیستمی تاقیکردنەوەکاندا بکات کە یەکێکە لە گەورەترین گرفتەکان لەبەردەم بەرزکردنەوەی کارایی خوێندکار، بڵاوبوونەوەی مامۆستای تایبەت، مەلزەمەی تایبەت و بازرگانیکردن بە داهاتووی خوێندکارانەوە. ئەم سیستمە بە یەکێک لە سیما خراپەکانی سیستمە دواکەوتووەکان ئەژمار دەکرێت.
  • وەزارەت بەردەوامە لە تاقیکردنەوە بە سیستمی هەڵبژاردن، ئەمەش کاریگەرییەکی زۆر خراپی لەسەر دابەزینی ئاستی مەعریفیی خوێندکاران هەیە و هیچ ئاماژەیەکیش نییە ئەو سیستمە بگۆڕدرێت.
  • تا ئێستاش کێشەی ڕێنووسی هەڵە لە کتێبە تازە چاپکراوەکاندا بەردەوامە و هیچ پلانێکی ئاشکرا نەبووە بۆ ئەو گرفتە و بۆ ڕاهێنانی کادیرە پەروەردەییەکان لەسەر ڕێنووسی دروست.
  • لە گۆڕینی پڕۆگرامەکانی “ئایین”دا، وەزارەت ئاماژەیەکی نەرێنیی نیشان داوە و توێژینەوەکە لە سەرەوە ئاماژەی بۆ کردووە.

کێشەی کۆرۆنا

بە هۆی پەتای کۆرۆناوە، هەموو خوێندنگەکان لە مانگی شوباتەوە داخراون و وەزارەتی پەروەردە بڕیاری داوە ئەمساڵیش تەنها پۆلەکانی یەکەم، دووەم و دوازدەیەم بکرێنەوە. ئەرگیومێنتەکانی وەزارەتی پەروەردە ئەوەیە کە ئەوان نایانەوێ نزیکەی (٣٠٪)ی دانیشتووانی کوردستان (خوێندکار و مامۆستا) بخەنە بەر مەترسی، بەتایبەت ژێرخانی تەندروستیی کوردستان زۆر خراپە و بەرگە ناگرێت، ئەم هەنگاوەش  دەبێتە هۆی ئەوەی خوێندکار نەتوانێت بڕە زانستی خۆی وەربگرێت و ئەمەش دەبێتە هۆی دابەزینێکی زۆری ئاستی خوێندکار. هەموو خوێندکارێک ساڵی پار بەشێکی پڕۆگرامەکانی نەخوێندووە و ئەگەر ئەمساڵیش نەخوێنێت، ئەوە ناتوانێت بەردەوام بێت. ئەم دۆخە بەتایبەت لە بیرکاریدا زۆر هەستی پێ دەکرێت. وەزارەتی پەروەردە دەیەوێ لە ڕێگەی تەلەڤزیۆنی پەروەردەییەوە ئەوە قەرەبوو بکاتەوە، بەڵام توێژینەوەکە بە ڕەچاوکردنی دۆخی ئابووریی خێزانەکان، ژێرخانی تەکنیکیی کوردستان  و ئاستی خوێندکار ئەم هەنگاوە بە سەرکەوتوو نازانێت. بەڵام لە هەموو دۆخێکدا تەنها وەکوو ئەزموون، هەنگاوێکە شایەنی دیراسەکردنە.

قۆناغی ئایندە

دۆخی کۆرۆنا

کەس نازانێت کەی پێکوتەی کۆرۆنا دەگاتە هەرێمی کوردستان و بەم پێیەش بێت خوێندنگەکان بەداخراوی دەمێننەوە و خوێندنی ئەلیکترۆنییش کە وەزارەتی پەروەردە پێشنیازی دەکات، بە هیچ شێوەیەک گونجاو نییە. بۆ بەراوردکردن، دەبێ ئاماژە بۆ ئەوە بکەین کە سوید لە سەرەتاوە هیچ پارێزبەندییەک و کەرەنتینەیەکی نەکردبوو و ژمارەی تووشبووەکان و مردووەکانیشی زۆر بەرزن بوون، لە بەهاری ئەمساڵدا تەنها خوێندنگە ئامادەییەکانی داخست و پەنای بردە بەر خوێندنی ئەلیکترۆنی و سەرهێڵ. بەو پێیەی ئێمە لەناو پڕۆسەکەدا بووین، ئەوە دەزانین کە ئەو جۆرە خوێندنە سەرکەوتوو نەبوو و زۆربەی مامۆستایانیش گلەییان لە سستیی بەشداریی خوێندکاران دەکرد. دەبێ ئاماژە بەوەش بکەین کە سوید وڵاتێکی تۆپ تەکنەلۆژیایە و هیچ گرفتێکی لە لاپتۆپ، ئینتەرنێت و شارەزایی خوێندکاراندا نییە کە چۆن پڕۆگرامەکان بەکار بێنن.

 ئەگەر خوێندکار پۆلێک نەخوێنێت، ئەوە ناتوانێت داهاتوو بە شێوەیەکی ئاسایی بەردەوام بێت و لەو وانانە تێبگات کە نەیخوێندووە. توێژینەوەکە لە مەترسییەکانی وەزارەتی پەروەردە تێدەگات، بەڵام پێشنیاز دەکات وەزارەتی پەروەردە لە سەرەتاوە خۆ بەدەستەوە نەدات. توێژینەوەکە پێشنیازی دوو بژاردە دەکات:

 

بژاردەی یەکەم

قۆناغی یەکەم: کردنەوەی هەموو خوێندنگە بنەڕەتییەکان و ئەو خوێندنگە ئامادەییانەش کە ژمارەی خوێندکارەکانی هەر پۆلێک کەمە یان دەکرێ کەم بکرێنەوە،  بۆ نموونە لە گوندەکان و هەندێک لە ناحیەکان.

لەم ماوەیەدا وەزارەتی تەندروستی ئاماری تەواو دەداتە وەزارەتی پەروەردە دەربارەی ژمارەی ئەو مامۆستا و خوێندکارانەی کە تووشی پەتاکە بوون.

قوناغی دووەم: ئەگەر دۆخەکە دوای دوو مانگ ئاسایی بوو، ئەوە دەرگای خوێندنگە ئامادەییەکانیش بکرێنەوە و ئەگەر دۆخەکەش زۆر بەرەو خراپتر چوو، ئەوە بەناچاری دەبێ بژاردەکەی وەزارەتی پەروەردە پیادە بکەین.

 

بژاردەی دووەم

وەزارەتی پەروەردە خۆی پێشنیازێکی دیکەی هەبوو دەربارەی دابەشکردنی پۆلەکان بەسەر دوو گرووپدا  و دەوامی ٣ ڕۆژ لە هەفتەیەکدا بۆ هەر گرووپێک. لە ڕاستیدا توێژینەوەکە ئەم پێشنیازەی زۆر لە داخستنی خوێندنگەکان پێ باشترە. لە هەموو قۆناغەکانیشدا دەبێ وەزارەتی پەروەردە ئامادەی کورتکردنەوەی دەوام یان داخستنی خوێندنگەکان بێت، ئەگەر بێتوو دۆخی تووشبوون زۆر خراپتر ببێتەوە.

ئەرگیومێنتەکانی توێژینەوەکە

ئەرگیومێنتی توێژینەوەکە پشتی بە دوو فاکت بەستووە:

یەکەم: سروشتی ڤایرۆسەکە لە هەموو جیهاندا وایە کە ژمارەیەکی یەکجار کەم لە منداڵان نەخۆش دەکەون و ژمارەیەکی زۆر کەمتریش دەمرن. ئامارەکانیش ئەوە پشتڕاست دەکەنەوە.

دووەم: ئامارەکان

ئامارەکانی وەزارەتی تەندروستی بە شێوەیەکی باش ڕێک نەخراون، بۆ نموونە ڕێژەی تووشبووانی (سفر-١٩) ساڵ (واتە خوێندکارن یان لە تەمەنی خوێندندان)، بە دوو جار ئەژمار کردووە. (سفر-١٩) بە ڕێژەی (١٨,٢٪) و تەمەنی (١٠-١٩) بە ڕێژەی (٢٧,٥٪)، واتە ڕێژەی تووشبووانی (سفر-١٩) بەسەر یەکەوە دەکاتە (٤٥,٧٪). هەروەها وەزارەتی تەندروستی ڕێژەی مردووانی ئەو تەمەنەی ئەژمار نەکردووە، بەڵکوو ڕێژەی تەمەنی (سفر-٢٩) ساڵی ئەژمار کردووە، بۆیە توێژینەوەکە سێیەکی ئەو ژمارەیەی لا بردووە، واتە ئەوانەی تەمەنیان (١٩-٢٩) ساڵدایە، چونکە خوێندکار نین.

ئامارەکان (١/٩/٢٠٢٠)

ئامارەکانی وەزارەتی تەندروستی کە لە ماڵپەڕی حکومەتی هەرێمی کوردستان بڵاو کراونەتەوە[46]:

کۆی تووشبووانی هەرێم:  (٢٩٣٤٧) کەسە

ڕێژەی تووشبووانی تەمەن (سفر-١٩): دەکاتە )٤٥,٧٪).

ژمارەی تووشبووانی ئەو توێژە دەکاتە (٢١٨٦) خوێندکار.

کۆی مردووانی هەرێم: (١١٨٦) کەسە

ڕێژەی مروودوانی تەمەن (سفر-١٩):  دەکاتە (٦٠,٠٪).

ژمارەی مردووانی ئەو توێژە دەکاتە (7.11) خوێندکار.

بەم پێیە لە کۆی نزیکەی  ١ ملیۆن و ٨٠٠ هەزار خوێندکار، (٢١٨٦) خوێندکار تووش بوون و تەنها نزیکەی (٧) خوێندکاریش مردوون، ئەمەش ژمارەیەکی زۆر کەمە و لەگەڵ ئامارە جیهانییەکاندا دەربارەی ئەو تەمەنە یەک دەگرنەوە. بۆیە ئەگەر پشت بە ئامارەکان ببەستین، ئەوە هیچ مەترسییەک لەسەر کردنەوەی خوێندنگەکان نییە.

 

پێشنیاز و ڕاسپاردەکان

بۆ ئەوەی گۆڕانکاری لە هەر وڵاتێکدا بکەیت، دەبێت (٣) پێشمەرجمان هەبێت:

  • دەبێ زانستێکی ڕۆژئاوایی هاوچەرخ لەئارادا بێت بۆ ئەوەی سوودی لێ ببینرێت.
  • دەبێ بە میتۆدێکی زانستیی هاوچەرخ کار بکرێت، کە سیستمە ڕۆژئاواییەکان کاری پێ دەکەن.
  • دەبێ کۆمەڵێك کارناسی باشمان هەبێت کە کار بەو زانستانە بکەن، ئاگاداری سیستمی وڵاتە ڕۆژئاواییەکان بن و بتوانن بە میتۆدێکی هاوچەرخ پیادەی بکەن.

وەزارەتی پەروەردە خاوەنی هیچ یەکێک لەو پێشمەرجانە نییە، بۆیە بۆ دەستکاریکردنی سیستمی پەروەردەیی؛ توێژینەوەکە ئەم پێشنیازانە دەکات:

  • دروستکردنی گرووپێکی بچووک لە کارناسەکانی پەروەردە، بە مەرجێک نیوەیان لە شارەزاترین کارناسە ناوخۆییەکان بێت و نیوەکەی دیکەشیان لەو کارناسانە بن کە شارەزاییەکی زۆر باشیان لە سیستمی پەروەردەی ڕۆژئاواییدا هەیە و کاریان تیادا کردووە. لە مێژووی پەروەردەی وڵاتە دواکەوتووەکاندا نەتوانراوە هیچ گۆڕانکارییەکی ڕیشەیی بە کادیرە ناوخۆییەکان بکرێت. ئەم بابەتە لەوانەیە هەستیار بێت، بەڵام لە ڕاستیدا وڵاتە ڕۆژئاواییە زۆر پێشکەتووەکانیش هەمیشە پشت بە کارناسەکانی یەکتر دەبەستن. بۆیە توێژینەوەکە وای دەبینێت بەبێ زانست و هاوکاریی ناوەندە مەعریفییە ڕۆژئاواییەکان، هیچ وڵاتێکی دواکەوتوو ناتوانێت گەشەکردن بەدەست بێنێت.
  • دانانی سیستمێکی هاوچەرخ بۆ تاقیکردنەوەکانی هەموو قۆناغی ئامادەیی، کە بتوانێت کارایی خوێندکار بەرز بکاتەوە.
  • هەڵوەشانەوەی سیستمی هەڵبژاردن (لە تاقیکردنەوەکاندا)، چونکە بەربەست بۆ گەشەکردنی مەعریفیی خوێندکاران دروست دەکات. گرفتێک لەوەدا نابینین ئەگەر بۆ نموونە (٢٥٪)ی پرسیارەکان بە هەڵبژاردن بێت.
  • ماوەی ٦ ساڵە، ٢ تا ٣ ڕەشنووسی یاسای خوێندنگەکان هەیە (بە ناوی جیاوازەوە) و هیچ وەزیرێک نەیبردووەتە پەرلەمان بۆ پەسەندکردن، لە کاتێکدا ئەم یاسایە کاروباری خوێندنگەکان ڕێک دەخات. ئەم یاسایە یەکێکە لەو بنەمایانەی کە دەبێ هەبێت (ئ. ن. ک.، ٢٠١٤)[47]، (ئ. ن. ک.، ب ٢٠١٤)[48].
  • هەوڵدان بۆ دانانی پەیڕەوی فێرکاری[49]، چونکە ئەم پەیڕەوە ڕۆڵی دەستوور بۆ خوێندنگەکان دەبینێ و کاریگەرییەکی یەکجار ئەرێنیی هەیە. تا ئێستا کۆی وەزارەتەکانی پەروەردە هیچ جۆرە دونیابینییەکیان بۆ ئەم پەیڕەوە نەبووە (Linge, 2012)[50].
  • وڵاتە پێشکەوتووەکان تەنها بایەخ بەو فاکتەرانە دەدەن کە ئەندازەی کاریگەرییان[51] بەرزە (Hattie, 2014)[52]. وەزارەتەکانی پەروەردە کاریان لە هەندێ بواردا کردووە کە زیان بە خوێندکار دەگەیەنێت، بۆ نموونە ستایشکردن و خەڵاتکردن[53] کە ئەندازەی کاریگەرییان لەخوار سفرەوەیە، تاقیکردنەوەی هەڵبژاردن، تاقیکردنەوەی بەکالۆری… هتد، بەڵام کاریان لەو بوارانەدا نەکردووە کە گەورەترین کاریگەرییان لەسەر گەشەسەندنی مەعریفیی خوێندکار هەیە، بۆ نموونە: دیداکتیک، فیدباک، پڕۆگرامەکانی ژان پیاژێ، پەیڕەوی فێرکاری… هتد. بۆیە وەزارەتی پەروەردە پێویستە لە داهاتوودا ئەم کارانەش بکات.
  • ئامانجی پەروەردە و فێرکردن ئەوەیە کە ئاستی کارایی خوێندکار بەرز ببێتەوە و فێری فێربوون ببێت، ئەم کارەش تەنها بە مامۆستاکان دەکرێ، بۆیە هەر گۆڕانکارییەک کە بکرێت؛ دەبێت لە بەهێزکردنی مامۆستاکانەوە دەست پێ بکات، بەڵام ئەوەی سەرنج دەدرێت هەموو گۆڕانکارییەکان لە شوێنی دیکەوە دەستیان پێ کردووە و تا ئێستا بایەخ بەوە نەدراوە توانای مامۆستاکان بەرز بکرێتەوە، بەتایبەت لە بواری دیداکتیکدا. ئەم شێوازە لە کارکردن وەزارەت تووشی گرفت دەکات، بۆ نموونە بڕوانە گۆڕانکارییەکانی ٢٠٠٧-٢٠٠٩.
  • دامەزراندنی سەنتەرێکی دیداکتیکی بۆ ڕاهێنانی مامۆستایان لەسەر میتۆدە هاوچەرخەکانی وانەگوتنەوە، چونکە دیداکتیک بەردی بناغەی گەشەسەندنە و ئەندازەی کاریگەریی زۆر بەرزە (٠،٧٠-٠،٩٠) و دەتوانێ ئاستی مامۆستایان و خوێندکاران بەرز بکاتەوە (‌Hattie, 2016)[54]. ئەگەر ئەم سەنتەرە لەژێر سەرپەرشتیی کادیری بیانیدا نەبێت بۆ ڕاهێنانی تیمە ناوخۆییەکان، ئەوە دەرئەنجامەکەی وەکوو پەیمانگەکانی ڕاهێنان و گەشەپێدان لێ دێت. هەروەها ڕاهێنانی ورد لەسەر کارکردنی مامۆستایان بە فیدباک، لەجیاتیی ستایش، چونکە فیدباک و دیداکتیک یەکێکن لەو (٥-١٠) فاکتەرەی کە کارایی خوێندکار زۆر زۆر بەرز دەکەنەوە (Hattie & Clarcke, 2019)[55]، (‌‌‌‌Hattie & Zierer, 2019)[56]. بێتوانایی کۆی کادیرە پەروەردەییەکان و بەتایبەت مامۆستایان، بە گەورەترین بەربەستی سیستمی پەروەردە دادەنرێت.
  • ڕاهێنانی مامۆستایان لەسەر پڕۆگرامەکانی ژان پیاژێ و تیۆری مەعریفی، کە ئەندازەی کاریگەری دەگاتە (0) (Hattie, 2016)[57]. تیۆرییەکانی پیاژێ ماوەی ٨٠ ساڵە پەروەردەی وڵاتە پێشکەوتووەکانی ڕەنگڕێژ کردووە، بەڵام هێشتا نەگەیشتووەتە ڕۆژهەڵاتی ناوین (Piaget, 1976)[58]، (Piaget, 1972)[59]، Piaget, 2013))[60]. ئەمڕۆ ٤٠ ساڵ بەسەر مردنی “پیاژێ”دا تێپەڕ دەبێت، بەڵام لە کوردستاندا یەک کتێبی پیاژێمان بە کوردی نییە  و تەنها یەک لێکۆڵینەوەی زانستییشمان بە کوردی لەسەر کارەکانی ئەو هەیە (سەعید، ٢٠١٥)[61].
  • داخستنی خانە و پەیمانگەکانی مامۆستایان و دامەزراندنی چوار پەیمانگەی گەشەپێدان و ڕاهێنان بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی مامۆستایان، یەکێک بوو لە بڕیارە هەرە باشەکانی وەزارەت (٢٠٠٧-٢٠٠٩) لە کابینەی پێنجەمدا، بەڵام بەداخەوە ئەو زانستانەی لەوێدا بەکار دەبرێن؛ زۆر کۆنن و ئاستی زانستیی مامۆستاکانیش نزمە، بۆیە دەبێ زانستەکان تازە بکرێنەوە لە ڕێگەی وەرگێڕانی پڕۆگرامی نوێ و بەرزکردنەوەی ئاستی مامۆستاکانیش گۆڕانکاریی گەورەیان بەسەردا بێت[62].
  • گۆڕینی پڕۆگرامی ئایین بۆ ئایینناسی، واتە هەموو خوێندکاران هەمان کتێب دەخوێنن و لەو کتێبانەشدا باسی هەموو ئایینەکان دەبێ بکرێت، بەم پێیە نابێت بەخشین لە وانەی ئاییندا بمێنێت. لەو کتێبانەشدا توێژینەوەکە پێشنیاز دەکات مێژووی ئایینەکان، بنەما سەرەکییەکان، فەرز و ڕەسم و نەریتەکان، ژیانی پێغەمبەرەکان… هتد؛ بخوێنرێت، بەبێ ئەوەی پێویست بەوە بکات دەقی کتێبە پیرۆزەکان دابنرێت، ئەمەش هاوتەریبە لەگەڵ پڕۆگرامەکانی ئایین لە وڵاتە پێشکەوتووەکان.
  • پاکنووسکردنی پڕۆگرامەکانی خوێندن لە هەڵەکانی ڕێنووس و داڕشتن، بۆ ئەوەی نەوەکانی داهاتوو بە کوردییەکی دروست بنووسن. هەروەها کردنەوەی خولی بەردەوام بۆ تەواوی کادیرە پەروەردەییەکان و بەتایبەت مامۆستایان. لەبەر ئەوەی ڕێنووس ڕێسای خۆی هەیە، بۆیە چاککردنی هەڵەی پڕۆگرامەکان کارێکی سەخت نییە و بە کادیرە ناوخۆییەکانی خۆمان دەکرێت.
  • چالاککردنی ڕاسپاردەیەکی کۆنگرەی پەروەردەیی ساڵی ٢٠١٥ بە ناوی “توێژینەوە و دیراسات”، کە کاری ئەوەیە توێژینەوەی زانستی ئامادە بکات (و. پ، ٢٠١٥)[63]. لەبەر ئەوەی وەزارەتی پەروەردە پشت بە توێژینەوەی زانستی نابەستێت، بۆیە زۆر جار پڕۆگرامێکی هەڵە پیادە دەکات و زیان بە خوێندکاران دەگەیەنێت، بۆ نموونە وەزارەتی پەروەردە لە ٢٠١٦دا بابەتی بیرکاری و زانستەکانی کرد بە ئینگلیزی و لە ٢٠١٩دا وەزارەتێکی دیکە پڕۆگرامەکەی کردەوە بە کوردی، بەبێ ئەوەی هیچ یەکێک لەو دوو وەزارەتە پشت بە هیچ توێژینەوەیەکی زانستی ببەستن. پێوەرێکی زانستی بە ناوی “ئەندازەی کاریگەری[64]” لە چوارچێوەی توێژینەوە زانستییە جیهانییەکاندا بەکار دێت،  بۆ ئەوەی گرنگیی پڕۆگرامێکی دیاریکراو دیاری بکرێت. وەزارەتی پەروەردە پێویستییەکی زۆری بە دامەزراندنی ئەم بەشە هەیە، بۆ ئەوەی توێژینەوە دەربارەی کێشەکانی پەروەردە ئامادە بکات.
  • لەبەر ئەوەی مامۆستاکان، توێژەرەکان و کۆلێژەکانی پەروەردەش بەدەگمەن زانستی نوێ و کتێبی پەروەردەیی هاوچەرخیان دەست دەکەوێت و بەم شێوەیە ناتوانن خۆیان پێبگەیەنن، بۆیە زۆر بە گرنگی دەزانین وەزارەتی پەروەردە بەشێک لەو دامەزراوەیەی سەرەوە بکاتەوە بۆ وەرگێڕان و بڵاوکردنەوەی کتێب و توێژینەوەی زانستیی هاوچەرخ لە زمانە ئەورووپییەکانەوە. بەم شێوەیە کادیرەکان دەتوانن خۆیان پێبگەیەنن، زانکۆکانیش دەتوانن پڕۆگرامێکی هاوچەرخیان هەبێت.
  • بەپێی توێژینەوەکان (سەعید، ٢٠٠6)[65] و ڕووپێوییەکان کە لە هەرێـم ئامادە کراون (منداڵپارێزی کوردستان، ٢٠١٤)[66]، ڕێژەی هەراسانکردنی خوێندکاران لەلایەن خودی خوێندکاران و مامۆستایانیشەوە لە هەڵکشاندایە. هەراسانکردن جەستەیی، دەروونی، سێکسی و ئەلیکترۆنی لە پارێزگاکانی هەرێمدا لە ئاستێکی زۆر مەترسیداردایە و وەزارەتی پەروەردە تا ئێستاش هیچ بەرنامەیەک و پڕۆگرامێکی نووسراوی بۆ بەربەستکردنی ئەو دیاردە ترسناکە نییە. چەندین پڕۆگرامی باش و کارناسی شارەزا لە جیهاندا هەن کە کار لەم بوارەدا دەکەن و وەزارەتی پەروەردە پێویستە کاریان لەگەڵدا بکەن، بۆ ئەوەی ئازار و نەخۆشییە دەروونییەکانی خوێندکاران کەم ببێتەوە.
  • توێژەرەکان یان بەشی کۆمەڵناسی یان دەروونناسییان خوێندووە و هیچ یەکێک لەم دوو بەشە خوێندکارانی زانکۆ ئامادە ناکات بۆ ئەوەی وەکوو توێژەری کۆمەڵایەتی کار بکەن. بۆیە لە پێناوی بەرزکردنەوەی ئاستی توێژەرەکاندا، توێژینەوەکە پێشنیاز دەکات بەشێکی نوێ لە زانکۆکاندا بۆ ئەم مەبەستە بکرێتەوە یان گۆڕانکاری لە بەشی کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی ئێستادا بکرێت، بۆ ئەوەی توێژەرەکان لەوێدا دەست بە خوێندن بکەن.
  • (٣٠٪)ی خوێندنگەکان کە یەک دەوامیان تێدا دەکرێت، بۆیە پێشنیاز دەکەین ٢ کاتژمێر دەوام بۆ پۆلەکانی ٤-١٢ لەو خوێندنگەکانەدا درێژ بکرێتەوە، بە مەرجێک شایستە داراییەکانی مامۆستایان بەرز بکرێتەوە.

ئەنجام

توێژینەوەکە پێی وایە کێشە و گۆڕانکارییەکانی ناو کۆمەڵگە تا دێت زیاد دەکەن و وەزارەتی پەروەردەش لە هەموو کابینەکاندا لەبەر کۆمەڵێک هۆکار نەیتوانیوە چارەسەری ئەو گرفتانە بکات. بەشێک لە هۆکارەکان پەیوەندییان بەوەوە هەیە کە پەروەردە تا ئێستا کاری لەپێشینەی حکومەتەکان نەبووە، وەزارەتەکان کارناسی پسۆڕیان نەبووە کە شارەزاییەکی باشیان لە پەروەردەی ڕۆژئاوایی هەبێت، زانستی تازەیان لەبەر دەستدا نەبووە، هەمان کادیری پەروەردەیی وەزارەتەکانیان بەڕێوە بردووە… هتد، کۆی ئەم کارانەش وای کردووە کە تووشی هەمان هەڵە ببنەوە. توێژینەوەکە پێداگری لەسەر ئەوە دەکات هیچ کابینەیەک نەیتوانیوە گۆڕانکارییەکی ڕیشەیی لە سیستمی پەروەردەدا بکات و ئاستی کارایی خوێندکاران و مامۆستایانیش بباتە سەرەوە.

بۆ دروستکردنی گۆڕانکارییەکی ڕیشەیی لە سیستمی پەروەردەدا، توێژینەوەکە کۆمەڵێک پێشنیازی خستووەتە ڕوو کە پێویستیان بە هاوکاریی زانکۆ و ڕێکخراوە ڕۆژاواییەکان هەیە. یەکێک لە کاری ئەو ناوەندانە، پەرەپێدانە بە توانای کادیرە ناوخۆییەکان لەسەر بنەمای زانستی هاوچەرخ و میتۆدی هاوچەرخی کارکردن. توێژینەوەکە نەیتوانی هیچ سەرچاوە و دۆکیۆمێنتێکی بڵاوکراوە ببینێتەوە کە مژدەی ئەو جۆرە گۆڕانکارییە گەورەیەی تێدا بێت.

بۆ ھیچ کەس، دەزگا و لایەنێک نییە، بەبێ ئاماژەدان بە ناوی گۆڤاری ئایندەناسی، ژمارە و رۆژی دەرچوونی ئەم بابەتە بڵاوبکاتەوە.

______________________________________________________________

سه‌رچاوه‌كان

[1]  ئەنجوومەنی نیشتمانیی کوردستان (١٩٩٢): یاسای وەزارەتی پەروەردە، ژمارە ٤  ساڵی ١٩٩٢. بڕوانە ماڵپەڕی ئەنجوومەنی نیشتمانیی کوردستان، بەشی یاساکان، ساڵی ١٩٩٢،https://www.parliament.krd/media/3919/، (بەردەستە:١٠/١٠/٢٠٢٠).

[2]  بۆ نموونە هەموارکردنەوەی یەکەم، یاسای ژمارە ١٧، ساڵی ٢٠٠٠، هەموارکردنەوەی دووەم، یاسای ژمارە ١٥، ساڵی  ٢٠٠٧ و هەموارکردنەوەی سێیەم، یاسای ژمارە ٢٧، ساڵی ٢٠٠٧. وەزارەتی پەروەردەی ئێستا (٢٠٢٠)، کار لەسەر هەموارکردنەوەی چوارەم دەکات.

[3] وەزارەتی پەروەردە (٢٠٢٠): ماڵپەڕی وەزارەتی پەروەردە، دەربارەی وەزارەت، وەزیر، وەزیارەکانی پێشوو، https://moe-krg.com/Default?page=Page&c=previous-ministers، (بەردەستە:١٠/١٠/٢٠٢٠).

[4]  بڕوانە بانگەشەی هەڵبژاردنەکانی لیستی ١١٠، ساڵی ٢٠١٤.

[5]  وەزارەتی پەروەردە (١٩٩٢): بڕیار و ڕاسپاردەکانی کۆنگرەی پەروەردەیی یەکەم، ئیدارەی سلێمانی.

[6]  وەزارەتی پەروەردە (١٩٩٧): یەکەم کۆنفڕانسی پەروەردەیی.

[7]  وەزارەتی پەروەردە (٢٠٠١): کۆنفڕانسی سێیەمی پەروەردەیی.

[8]  وەزارەتی پەروەردە (٢٠٠١ ب): کۆنگرەی پەروەردەیی سێیەم، ئیدارەی سلێمانی.

[9]  وەزارەتی پەروەردە (٢٠٠٧): پێشنیار و ڕاسپاردەکان بۆ کۆنگرەی پەروەردەیی (کۆنگرەی چوارەم)، چاپخانەی وەزارەتی پەروەردە.

[10]  وەزارەتی پەروەردە (٢٠٠٧ ب): بەڵگەنامەکانی کۆنگرەی پەروەردەیی (کۆنگرەی چوارەم)، چاپخانەی وەزارەتی پەروەردە.

[11]  وەزارەتی پەروەردە (٢٠٠٧ پ): ڕاپۆرتەکانی کۆنگرەی پەروەردەیی ٢٠٠٧ (کۆنگرەی چوارەم)، چاپخانەی وەزارەتی پەروەردە.

[12]  وەزارەتی پەروەردە (٢٠٠٩): سیستمی قوتابخانە بنەڕەتییەکان، سیستمی خوێندنگە ئامادەییەکان، چاپخانەی وەزارەتی پەروەردە.

[13]  ناوزەدکردنی پۆلەکانی قۆناغی ئامادەیی بە پۆلەکانی (١٠-١٢) هەڵەیە و دروستەکەی ئەوەیە بڵێین پۆلی (١-٣) ئامادەیی، چونکە ئێمە یەک خوێندنگەمان نییە، بەڵکوو بەپێی یاسای دوو؛ خوێندنگەمان هەیە (بنەڕەتی و ئامادەیی) و هەر خوێندنگەیەک دەبێ لە پۆلی یەکەوە دەست پێ بکات.

[14]  وەزارەتی پەروەردە (٢٠٠٨): پڕۆژەی گۆڕینی پەروەردە و فێرکردن، چاپی دووەم، چاپخانەی وەزارەتی پەروەردە.

[15]  وەزارەتی پەروەردە (٢٠٠٧): پێشنیار و ڕاسپاردەکان بۆ کۆنگرەی پەروەردەیی (کۆنگرەی چوارەم)، چاپخانەی وەزارەتی پەروەردە.

[16]  وەزارەتی پەروەردە (٢٠١٧): چالاکی و پڕۆژەکانی وەزارەتی پەروەردە لە کابینەی یەکەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان تاکوو کابینەی هەشتەم، وەزارەتی پەروەردە.

[17]  وەزارەتی پەروەردە (٢٠١٥): ڕاپۆرتەکانی ئامادەکراو بۆ کۆنگرەی پەروەردەیی ٩ تا ئایاری ٢٠١٥، چاپخانەی وەزارەتی پەروەردە.

 [18]کۆی ئەو ئامارانەی لە خشتەکاندا بەکارمان هێناون، ئامار و داتای خاوی فەرمیی وەزارەتی پەروەردەن. هەر چی ڕێژەکان، تێکڕاکان و دەرئەنجامەکانە، خۆمان لەبەر ڕۆشنایی ئەو ئامارە خاوانەدا نووسیومانە و هەر خۆشمان لە ڕاستی و دروستییان بەرپرسیارین. لە چەند شوێنێکی زۆر کەم و پێویستدا نەبێت، ئیدی هەموو ئەنجامەکانمان نزیک کردووەتەوە بۆ ژمارەی تەواو. کۆی ئەو ئامارانەمان لە شێوەی کتێب و فایلی دیجیتاڵی لە وەزارەتی پەروەردە وەرگرتووە.

[19] وەزارەتی پەروەردە (٢٠١٧ ب): ڕاپۆرتی ساڵانەی ئاماری پەروەردەیی ساڵی خوێندنی (٢٠٢٠١٦-٢٠١٧)، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پلاندانانی پەروەردەیی/بەڕێوەبەرایەتیی ئامار، چاپخانەی وەزارەتی پەروەردە.

[20] M o E (2016): Annual Education Static Report for 2015-2016. General Director of Educational Planning. Ministry of Educations publisher.

[21]  وەزارەتی پەروەردە (٢٠١٥ ب): ڕاپۆرتی ساڵانەی ئاماری پەروەردەیی ساڵی خوێندنی (٢٠١٤-٢٠١٥)، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پلاندانانی پەروەردەیی/بەڕێوەبەرایەتیی ئامار، چاپخانەی وەزارەتی پەروەردە.

[22]  وەزارەتی پەروەردە (٢٠٠٧ پ): ڕاپۆرتەکانی کۆنگرەی پەروەردەیی ٢٠٠٧ (کۆنگرەی چوارەم)، چاپخانەی وەزارەتی پەروەردە.

[23]  سەعید ف (٢٠١٩): دیداکتیک: مۆدێل و میتۆدەکانی وانەگوتنەوە، ناوەندی غەزەلنووس.

[24] ‌Hattie, J (2016): Synligt lärande för lärare. Natur & kultur.

[25] ‌Hattie J (2014): Synligt  lärande. Natur & kultur.

[26] Harpp D (1994): Special Problems of Big Classes: Some Common Sense Solutions. Journal of Chemical Education 71(8)

[27] Kewaza S & Welch M (2013): Big Class Size Challenges: Teaching Reading in Primary Classes in Kampala, Uganda’s Central Municipality.US-China Education Review A, 3(5): 283-296.

[28] وەزارەتی پەروەردە (٢٠١٧): چالاکی و پڕۆژەکانی وەزارەتی پەروەردە لە کابینەی یەکەمی حکومەتی هەرێمی  کوردستان تاکوو کابینەی هەشتەم، وەزارەتی پەروەردە.

[29]  پەی (٢٠١٩): پەروەردە لەبەردەم ئالنگاری و گرفتی چارەنەکراودا، ڕاپۆرتی هەڵسەنگاندنی پەروەردە لە کابینەی هەشتەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان (٢٠١٤-٢٠١٨)، ئینستتیوتی پەی بۆ پەروەردە و گەشەپێدان.

[30]  وەزارەتی پەروەردە (و. پ، ٢٠١٥ ب): ڕاپۆرتی ساڵانەی ئاماری پەروەردەیی ساڵی خوێندنی (٢٠١٤-٢٠١٥)، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پلاندانانی پەروەردەیی/بەڕێوەبەرایەتیی ئامار، چاپخانەی وەزارەتی پەروەردە.

[31]  بەپێی ئامارەکان یەک خوێندنگەی فەڕەنسی هەیە، بەڵام لە ڕاستیدا دوو خوێندنگە لە هەولێر و سلێمانی هەیە.

[32]   بەشێک لەم داتایانەی لە ماڵپەری وەزارەتی پەروەردەدا هەیە، لە ڕووی تەکنیکییەوە باش ڕێک نەخراون و لە هەندێک شوێندا هەڵەیان تێدا کراوە. هەروەها لەو شوێنانەی پێویستیان بە پێناسەکردن هەیە، پێناسەکان دانەنراون، ئەمەش توێژەر ماندوو دەکات.

[33] وەزارەتی پەروەردە (٢٠٢٠):  ڕێژەی دەرچووان لە بەشداربووان و ئەزمووندەران و بەشداربووانی فیعلی بۆ قۆناغی ئامادەیی (بەشی زانستی/وێژەیی)، ساڵانی خوێندنی (٢٠٠٠-٢٠١٢).  ماڵپەری وەزارەتی پەروەردە، (٢٨/٩/٢٠٢٠). ئەم دۆکیۆمێنتە لە ناوەرۆکدا تەنها باسی بەشی زانستی دەکات. https://moe-krg.com/Default?page=table&c=statistics.

 

[34] زمان و ئەدەبی کوردی بۆ پۆلی ١٢، ساڵی ٢٠١٩.

[35]  بڕوانە فەرمانی وەزاریی ژمارە (٢٨٨٦) لە ١٢/٢/٢٠٢٠. ئەم فەرمانە لەبەر ڕۆشنایی یاسای وەزارەتی پەروەردە، ژمارە (٤)ی ساڵی ١٩٩٢ و یاسای پاراستنی مافی پێکهاتەکان لە کوردستان، ژمارە (٥)ی ساڵی ٢٠١٥ دەرکراوە.

[36]  وەزارەتی پەروەردە (٢٠١٣): ڕێنماییەکانی تایبەت بە ئەزموونەکان، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئەزموونەکان، چاپخانەی وەزارەتی پەروەردە.

[37]  وەزارەتی پەروەردە (٢٠١٧): چالاکی و پرۆژەکانی وەزارەتی پەروەردە لە کابینەی یەکەمی حکومەتی هەرێمی  کوردستان تاکو کابینەی هەشتەم. وەزارەتی پەروەردە.

[38] Vygotsky L (1978): Mind in Society; The Development of Higher Psychological Processes. Harvard University.

[39] Piaget J (2010): The Psychology of Intelligence. Routledge.

[40] Lundgren et al. (2014): Lärande, skola och Bildning. Natur & kultur.

[41] Nottingham et al.(2019): Utmanande Dialog; Fördjupa dina elevers kunskap och förståelse. Natur & kultur.

[42] Vygotsky L (1978): Mind in Society; The Development of Higher Psychological Processes. Harvard University.

[43] Vygotskij L (2007): Tänkande och språk. Daidalos.

[44]  قانع ه و (٢٠١٣): بۆ مێژوو، وەزارەتی پەروەردە و کارەساتی وەرگێڕان و شێواندنی زمان و وێرانکردنی زانست، چاپخانەی یاد.

[45]  وەزارەتی پەروەردە (٢٠١٩): ڕێبەری بەڕێوەبەرانی سەرکردە: بنیادنانی تواناکان لە خوێندنی بنەڕەتی و ئامادەیی، باشترکردنی کوالێتی و یەکسانی، وەزارەتی پەروەردە.

[46] حکوومەتی هەرێمی کوردستان (٢٠٢٠): ڤایرۆسی کۆرونا (کۆڤید ١٩). داشبورد (٦/٩/٢٠٢٠).

https://gov.krd/coronavirus

[47]  ئەنجوومەنی نیشتمانیی کوردستان (٢٠١٤): پڕۆژەیاسای پەروەردە لە هەرێمی  کوردستان، ژمارە ٩٧٠، ڕێکەوتی ٣/٩/٢٠١٤، پڕۆژەیاسای لیژنەی پەروەردە و خوێندنی باڵا لە پەرلەمان.

[48]  ئەنجوومەنی نیشتمانیی کوردستان (ب ٢٠١٤): پڕۆژەیاسای پەروەردە و خوێندن لە هەرێمی  کوردستان، ژمارە ١٠٣/١٤٥١٤، ڕێکەوتی ١٢/٥/٢٠١٤، پڕۆژەیاسای لیستی زەرد لە پەرلەمانی  کوردستان.

[49] Curriculum

[50] Linde G (2012): Det ska ni veta: en introduktion till läroplansteori. Studentlitteratur.

[51]  ئەندازەی کاریگەری بریتییە لە پێوەرێکی زانستی ماتماتیکی کە ڕادەی کاریگەریی فاکتەرێکی دیاریکراو دەپێوێت لەسەر بەرزکردنەوەی یان داگرتنی کارایی و ئاستی خوێندکار. ئاستی مامناوەندی ئەندازەی کاریگەری بریتییە لە (0.40)، هەر فاکتەرێک لەو ژمارەیە بەرزتر بێت، واتە کاریگەرییەکی باشی هەیە، هەروەها کەمتر لە (0.12)، واتە هیچ کاریگەرییەکی نییە و ژمارەکانی خوا سفر زیانیان بۆ خوێندکار هەیە.

[52] ‌Hattie J (2014): Synligt  lärande. Natur & kultur.

[53]  لێکۆڵینەوەیەکی زانستیی ئێمە دەربارەی گرنگیی فیدباک و زیانەکانی ستایشکردن و خەڵاتکردن لە خوێندنگەکاندا، کاری نووسینی تەواو بووە و ساڵی ئایندە بڵاو دەبێتەوە.

[54] ‌Hattie, J (2016): Synligt lärande för lärare. Natur & kultur.

[55] Hattie J & Clarcke S (2019): Feedback; så återkopplar du i klassrummet. Natur & kultur.

[56] Hattie J & Zierer K (2019): 10 förhållningssätt för framgångsrik undervisning. Natur & kultur.

[57] ‌Hattie, J (2016): Synligt lärande för lärare. Natur & kultur.

[58] Piaget J (1976): Framtida skolan: att förstå är att upptäcka. Forum.

[59] Piaget J (1972): Psykologi och undervisning. Aldus/Bonniers.

[60] Piaget J (2013): Barnets själsliga utveckling. Studentlitteratur.

[61]  سەعید ف (٢٠١٥): ستروکتوورەکانی بیرکردنەوە و گەشەسەندنی مەعریفیی منداڵان، ناوەندی غەزەلنووس.

[62]  ئێمە یەکەم کەس بووین کە داوای داخستنی خانە و پەیمانگەی مامۆستایانمان کرد، بەڵام ئەوکات ئێمە داوای ئەوەمان کرد کە مامۆستاکان دوو ساڵ لە زانکۆکاندا بخوێنن بۆ ئەوەی بڕوانامەی بەکالۆریۆس بەدەست بێنن.

[63]  وەزارەتی پەروەردە (٢٠١٥): ڕاپۆرتەکانی ئامادەکراو بۆ کۆنگرەی پەروەردەیی ٩ تا ئایاری ٢٠١٥، چاپخانەی وەزارەتی پەروەردە.

[64] Effect Size

[65]  سەعید ف (٢٠٠6): هەراسانکردنی منداڵ لەنێوان ماڵ و قوتابخانەدا، دەزگای چاپ و بڵاکردنەوەی ئاراس.

[66]  منداڵپارێزی کوردستان (٢٠١٤): ڕووپێویی قەبارەی توندوتیژی و خراپ مامەڵەکردن بەرامبەر بە منداڵ لە هەرێمی  کوردستان.

 

گۆڤاری ئایندەناسی ژماره(4‌)تشرینی دووەمی 2020

Send this to a friend