• Google Plus
  • Rss
  • Youtube
January 10, 2021

ستراتیژی بەڕێوەبردنی میدیا لە هەرێمی كوردستان، شرۆڤە و سیناریۆ ئایندەییەکانی

د. كارزان محەمەد

پسپۆڕی بەڕێوەبردنی میدیایی

بۆ بینینی بابه‌ته‌كه به‌ PDF‌ كلیك له‌م به‌سته‌ره‌ بكه‌:-  ژمارە  (٥‌)ی کانوونی دووەمی ٢٠٢١ی گۆڤاری ئایندەناسی

بەرایی

لە ماوەی سێ دەیەی ڕابردوودا، ستراتیژ و شێوازی بەڕێوەبردنی دامەزراوەكانی میدیا لە هەرێمی كوردستان بەپێی هەلومەرج گۆڕانی بەسەردا هاتووە، هاتنەئارای میدیای ئازاد و ئۆپۆزسیۆن و ململانێكانی لەگەڵ میدیای حیزبی و سێبەردا، كاریگەریی لەسەر بەئاراستەدابردنی پەیامەكانی بۆ ڕای گشتی و بیروبۆچوونی جەماوەری هەبوو، لەم ڕوانگەیەوە سیاسەتی میدیا لە هەرێمی كوردستان پێویستی بە شەنوكەو و هەڵسەنگاندنە بۆ خستنەڕووی لایەنە پۆزەتیڤ و نێگەتیڤەكانی. پێشنیاركردنی مۆدێلێكیش بۆ ئایندەی ستراتیژى میدیا، هەنگاوێكی بایەخدارە بۆ گەڵاڵەكردنی چوارچێوەی مامەڵەیەكی دروست لەگەڵ ڕووداوەكاندا.

بایەخی توێژینەوە لەم بابەتە، بۆ ئەو ڕاستییە دەگەڕێتەوە كە بوونی چەندین دۆخی گرنگ، بەتایبەت دۆسیەكانی (جەنگ و تیرۆریزم، قەیرانی دارایی، هەڕەشەی تەندروستی، كەموكوڕییەكانی سیستم و بەڕێوەبردن)، تەوەری گەرموگوڕی میدیای كوردستانیین، لە ڕێی ستراتیژێكی بەرپرسیارانەوە دەتوانرێ دیسپلین و ئامانجەكانی میدیاییەكی دروست بە ئاراستەدا ببەین. بە مانایەكی تر، جەماوەر لە ڕێگەی ئامرازەكانی پەیوەندی و میدیاوە دەرفەتی دەستەبەری هەواڵ و زانیاری و تەنانەت پڕۆسەی بەكۆمەڵایەتیبوونیشیان بۆ ڕەخسا، لە هەمان كاتدا زاڵبوونی ڕەوشی سیاسی بەسەر هەلومەرجی هەرێمی كوردستان، ستراتیژی بەڕێوەبردنی میدیاكان و پەیوەندیی لەگەڵ جەماوەردا خستووەتە بەردەم كۆمەڵێك مەترسی، لە لایەكەوە گرفتی سەروەریی یاسا بۆ گرەنتی ئازادیی ڕادەربڕین بووە مایەی داخستنی چەندین كەناڵ و ئامرازی تری میدیا، هەم دۆخەكەش لەلایەن هەندێ میدیاوە خراپ بەكار هێنرا بۆ ئامانجی نادروست و نایاسایی.

 ئێستا گرنگترین مەسەلەی ستراتیژى میدیا، شەنوكەوكردنی هەلومەرجەكە و پاشان خستنەڕووی پێشنیاره بۆ ئۆرگانیزەكردنی پەیوەندیی نێوان میدیا و كۆمەڵگا لە هەرێمی كوردستان لەسەر هەردوو بنەمای بەرپرسیارێتیی ئاكار و یاسا، بەو پێیەی پرەنسیپە ئاكارییەكانی فیدراسیۆنی نێودەوڵەتیی ڕۆژنامەنووسانیش وەك پاشكۆیەكی یاسای ڕۆژنامەگەریی ژمارە (37)ی ساڵی 2007 پەسەند كراوە، ئەو پرەنسیپانە وەك مادە و بڕگەی یاسایی، ئەركی سەرشانی دامەزراوەكانی میدیایە كه لە پڕۆسەی گەیاندنی پەیام و مامەڵەیان لەگەڵ ڕووداوەكاندا؛ لەبەرچاوی بگرن.

لەم شرۆڤەیەدا هەوڵ دەدەین دۆخی ئێستای میدیاى كوردستانی و پێشنیار بۆ چاكسازى لە ستراتيژیی مۆدێلەكانی ميديادا؛ بۆ ئایندەيەكى باشتر بخەینە ڕوو.

 

تەوەرەی یەكەم: چەمكی ستراتیژ، تایبەتمەندی و ئاستەكانی

بایەخ و قووڵایی مەسەلەی ستراتیژ لە كۆی بوارە گرنگەكانی ژیاندا، بووەتە مایەی فرەچەشنی لەو پێناسانەی بۆ ئەم چەمكه خراونەتە ڕوو.

زاراوەی ستراتیژی یەكەمین جار لە سەردەمی یۆنانی كۆندا لە زانستی سەربازییەوە ڕۆچووەتە بوارەكانی تر، چەمكی “Strategos” پێك هاتووە لە دوو دەستەواژەی “Stratus” بە مانای سوپا و “Ego” بە واتای ڕێبەرایەتی دێت، كە ئاماژەیە بۆ سەركردایەتیكردنی سوپا[1].

گەشەسەندنی دەوڵەتان لەدوای سەدەكانی ناوەڕاست و فراوانبوونی سنوورەكانی هەژموونی كۆلۆنیالیزم بەتایبەتی لە كۆتایی سەدەی نۆزدەهەم، بایەخی داڕشتن و كاركردن لەسەر بنەمای “ستراتیژ” لە كۆی ڕەهەندەكانی تردا هەستیارتر كرد. بەكارهێنانی ئەم زانستە لە بوارەكانی تری مرۆڤایەتی، بە بڕوای “بێرنارد تایلۆر”، بە ئامانجی ڕەخساندنی دەرفەت و بەرەو پێشبردنی گۆڕانكاریی بنچینەییە، لە پێناو باشتركردنی پڕۆسەی ئەنجامدانی كاروبارەكان[2].

لێرەدا بە مەبەستی تێگەیشتنی زیاتر لە چەمكی ستراتیژی و ڕەهەندەكانی، پێویستمان بەو پێناسانەیە كە لە دیدگای جۆراوجۆرەوە خراونەتە ڕوو.

بە بڕوای “مەك دانێل”، ستراتیژ بریتییە لە: كۆمەڵێك ڕێسای بەرنامەرێژی و بڕیاردان لە پێناو بەئاراستەدابردنی كار و مامەڵەی دامەزراوەیەك[3]. بەپێی بۆچوونی “بۆفەر ئەندرێ”، ستراتیژ واتە: شێوازی بیركردنەوە كە ئامانجەكەی ڕێكخستن و داڕشتن و پۆلێنی سیستماتیكانەیە، بە ئامانجی بەرنامەڕێژی بۆ هەر جووڵە و هەنگاوێك كە پێویستە بەپێی گرنگی و بایەخ ڕیزبەند بكرێن، پاشان بەپێی ئەم بەرنامەڕێژییە كاریگەرترین ڕێبازيش بۆ هێنانە دیی ئامانجەكان دەستنیشان بكرێت[4].

لە ڕوانگەی ئەم پێناسانەی سەرەوە، دەتوانین بڵێین ستراتیژ بووەتە پڕۆسەیەكی سەرەكی لە ڕێڕەوی هەر دامەزراوەیەكی فەرمی و نافەرمی كە بە شێوەیەكی گڵۆباڵی یاخود لۆكاڵی بیەوێ بەرنامە و ئامانجەكانی بە شێوەیەكی زانستی بە ئاراستەدا ببات.

خاڵی گرنگی ستراتیژیش تایبەتە بە داڕشتنی بەرنامەی درێژمەودا و دیاریكردنی ڕێكارە گشتییەكان بۆ هێنانەدیی ئامانجەكانی دامەزراوەیەك یاخود دەوڵەتێك، ئەم بەرنامەڕێژییەش دەبێ (3) تایبەتمەندی لەخۆ بگرێت:

ا- بەرنامەڕێژی لە كرۆكی خۆیدا پێشبینییە، لە بنەڕەتدا بەر لەوەی پڕۆسەیەك ئەنجام بدرێت، پێویستە جۆری كارەكە و چۆنیەتیی ئەنجامدانی بزانرێت.

ب- بەرنامەڕێژی واتە بڕیاردان، ئەم پڕۆسەیەش سەبارەت بەو مەسەلانەیه كه پێویستە لە ئایندەدا ئەنجام بدرێن، هەروەها ڕێكخستنی پڕۆژە جێبەجێكارییەكان بۆ وەدیهێنانی ئامانجەكان لەخۆ دەگرێت.

ج- بەرنامەڕێژی جەخت لەسەر كۆمەڵێك ئەنجامی پێویست دەكاتەوە كە بڕياره لە ئایندەدا دەستەبەر بكرێن. بە مانایەكی تر، بەرنامەڕێژی ئامرازێكە بۆ دڵنیابوونەوە لە دابینكردنی ئامانجە سەرەكییەكانی دامەزراوەیەك[5].

لە هەنگاوی یەكەمدا كە گەڵاڵەكردنی ستراتیژە، پەیوەندییەكی ڕاستەوخۆی بە هەنگاوی دووەمەوە هەیە ئەویش شێواز و ئاستەكانی پراكتیزەكردنیەتی، واتە ئەو كاراكتەر و دامەزراوانەی ستراتیژ جێبەجێ دەكەن بۆ هێنانەدیی ئامانجەكانيان. لەم ڕوانگەیەوە دەتوانین بڵێین ستراتیژ لەلایەن سێ ئاستەوە پراكتیزە دەكرێت:

1- خاوەن بڕیار و داڕێژەرانی ستراتیژ

2- بەڕێوەبەرە گشتییەكان كە پێویستە ستراتیژ ورد بكەنەوە بۆ ئامانج و ڕێكار و بەرنامەی كار.

3- بەڕێوەبەرانی بەرپرسی بەشە جۆراوجۆرەكان، كە پێویستە ستراتیژ بگۆڕن بۆ ئامانجی ساڵانە و ستراتیژی كورتمەودا، ئەویش لە پێناو داڕشتنی بەرنامەیەكی پراكتیكی كە شیاوی جێبەجێكردن بن[6].

ئەوەی لێرەدا مەبەستمانە، ستراتیژی بەڕێوەبردنی دامەزراوەكانی میدیایە، ئەمڕۆ لەسەر ئاستی جیهان لە وڵاتە زلهێزەكانەوە تا كۆمپانیا مەزنەكانی كەرتی تایبەت، بودجەیەكی گەورەیان بۆ خستنەگەڕی میدیا بۆ هێنانەدیی ئامانجەكانیان تەرخان كردووە.

هەرێمی كوردستانیش لەدوای دەرچوونی یاسای ڕۆژنامەگەریی ژمارە (35)ی ساڵی (2007) و گەشەسەندنی میدیای ئەهلی و ئۆپۆزسیۆن، ململانێیەكی توند لەنێوان میدیای دەسەڵات و ئەهلی و ئۆپۆزسیۆندا هاتە ئارا، لە چەندین تەوەرەی گرنگدا قەیرانی ستراتیژ یاخود كەموكوڕییەكانی لە پراكتیزەكردندا، ڕەنگدانەوەی لەسەر كۆی كۆمەڵگا هەبوو كە پێویستی بە شەنوكەوێكی زانستی و ئەكادیمییانە هەیە، هەر كام لەو میدیایانە خاوەنی ئاراستە و خەسڵەتی تایبەت بە خۆیانن، هەر بۆیە هەوڵ دەدەین وێڕای دەستنیشانكردنی ئاستەنگەكان، كۆمەڵێك پێشنیاریش بۆ چاكسازی لە ئایندەی ستراتیژییان بخەینە ڕوو.

تەوەرەی دووەم: ستراتیژ و  مۆدیلی بەڕێوەبردنی میدیا لە هەرێمی كوردستان

لە سەرجەم وڵاتانی جیهاندا، مۆدیلی حكومڕانیی وڵات كاریگەریی لەسەر دەستنیشانكردنی ستراتیژ و سیستمی بەڕێوەبردنی دامەزراوەكانی میدیاش هەیە، واتە لە وڵاتانی تۆتالیتار و دیكتاتۆردا كە دەبێ میدیاكان ڕەنگدانەوەی دەسەڵات بن، كار بە سانسۆری پێشوەخت و مۆڵەتی بەر لە بڵاوبوونەوە دەكرێت و جۆری ستراتیژ و بەڕێوەبردنەكەشی لەسەر هەمان چەشنە، لە هەمان كاتدا وڵاتانی دیموكراسییش كە سانسۆری پاشوەخت و دوای بڵاوبوونەوەیە، دیموكراسییەكی شیاو لە بەڕێوەبردندا بەرچاو دەكەوێت.

لەسەر ئاستی جیهان، بەگشتی سێ‌ جۆر بەڕێوەبردن ‌و خاوەندارێتیی میدیا هەیە، ئەوانیش  بریتین لە:

1- لەژێر چاودێریی ڕاستەوخۆی دەوڵەتدا: ئەم جۆرە بەڕێوەبردنە پتر پەیوەندیدارە بە ڕژێمە دیكتاتۆری ‌و تۆتالیتارییەكانەوە، هەرسێ‌ دەسەڵاتە یاساییەكەی دەوڵەت هەوڵ لە پێناو دەستبەسەرداگرتنی دەزگا و ئامرازەكانی میدیا دەدەن، تا هەمیشە لە بەرژەوەندیی خۆیاندا بەكاریان بهێنن. بێگومان لەم مۆدیلی بەڕێوەبردنەدا ڕەخنەگرتن زۆر بەكەمی بەرچاو دەكەوێت، ئەگەر ڕەخنەش هەبێ؛ ئەوا بۆ چاوبەستەكییە و مەبەستی دەوڵەتی لە پشتەوەیە.

 2- لەژێر پشتیوانی و سێبەری دەوڵەتدا: بەڕێوەبردنی میدیا لەم سیستمەدا، لە وڵاتانی دیكتاتۆری ‌و نادیموكراسی پیادە دەكرێت، دەوڵەت پشتیوانیی میدیایەك دەكات، بەڵام سانسۆرێكی توندی دەخاتە سەر تا هێڵە سوورەكان نەبەزێنێت.

3- بەڕێوەبردنی لیبڕال: دەستەبەركردنی زانین و ئازاديى بیروباوەڕ بە مافە سەرەتاییەكانی هاوڵاتیان دادەنێت، ئەم جۆرە سیستمە تەنها لە وڵاتە دیموكراسییەكاندا پیادە دەكرێت ‌و دەتوانین بڵێین “تیۆری لیبڕالی”یە[7].

بەپێی بۆچوونێكی تر، پۆلێنی گشتی بۆ دامەزراوەكانی میدیا لەسەر ئاستی جیهان لە ڕووی جۆری خاوەندارێتی و دۆخی یاساییەوە بۆ سێ جۆر دابەش دەبن:

دەستەی یەكەم دامەزراوە حكومییەكانن كە سەرچاوە و بودجەكەیان لە دەوڵەت وەردەگرن. لە ڕووی سیاسەتی كار و بەرنامەوە، سەر بە دەوڵەتن و دەسەڵاتیش هەوڵی دابینكردنی خواست و كارەكانیان دەدات.

دەستەی دووەم دامەزراوە میدیاییە گشتییەكان یاخود نیشتیمانییەكانن، وێڕای وەرگرتنی یارمەتی لە حكومەت و دەوڵەت، بودجەكەیان لە ڕێگەی هاریكاریی جەماوەری و ئابوونەوە دابین دەكەن. میكانیزمی كارەكانیان بریتییە لە چاودێری.

دەستەی سێیەم دامەزراوە میدیاییەكانی كەرتی تایبەتن، بە میدیای بزنسیش ناو دەبرێن. ئەم دامەزراوانە وێرای بایەخدان بە بەرژەوەندیی كۆمەڵگا، لە كارەكانی خۆیان بەرپرسیارن و بودجەیان لە ڕێی بەرهەم و خزمەتگوزاری و كارە بازرگانییەكانەوە دابین دەكەن[8].

هەر كام لەو  سێ جۆرە میدیایەی ئاماژەمان پێ دا، وێرای جیاوازی لە سپۆنسەری ماددی و مەعنەوی و ئاراستەی كارەكانیان، پێویستیان بە سێ ئاست كاری میدیایی هەیە. بە مانایەكی تر، بەڕێوەبردنی ستراتیژێكی سەركەوتوو، پەیوەستە بە هەڵسەنگاندنی ورد و هەمەلایەنە و دروستی ژینگەی كار لە سێ بواری سەرەكیدا كە بریتین لە:

1- بواری پیشەیی

لە بواری پیشە و كاری میدیادا، گرنگترین ئەو كەسە سەرەكییانەی ڕۆڵ دەگێڕن بریتین لە:

ا- خوێنەر و بەردەنگ (بەربێژ)

ب- ڕكابەر و خاوەن سپۆنسەرەكان

ج- كۆمەڵگا و دەوڵەت

د- خاوەندارانی دامەزراوەكان، پشكداران و هاوبەرژەوەندەكان

2- ژینگە و هەلومەرجی گشتی: ئەوانەی ڕۆڵیان لەم بوارەدا هەیە بریتین لە كۆمەڵێك فاكتەری: (ئیكۆلۆژی، ئابووری، سیاسی، كۆمەڵا‌یەتی، یاسایی، كولتووری، كارگێڕی، ئاڵوگۆڕی تەكنەلۆجیا یاخود تەكنەلۆجیای زاڵ).

3- بواری نێودەوڵەتی: (4) فاكتەر ڕۆڵی سەرەكییان لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیی میدیا هەیە وەك:

ا- پڕۆسەی گڵۆباڵیزم

ب- پێشكەوتنی زانستی و تەكنەلۆژی

ج- هەرەسی ڕژێمە كۆمۆنیستی و دیكتاتۆرییەكان و ململانێی ئایدۆلۆجی

د- قەیرانەكان (بۆ نموونە ژینگە)[9]

لەم تەوەرەیەدا ئەوەی جێی بایەخە، لە هەرێمی كوردستاندا پشتبەستن بە یاسای ژمارە (35ی ساڵی 2007)، سیستمی ئاگاكاری بۆ میدیا پەیڕەو دەكرێت كە خاوەنی خەسڵەتێكی دیموكراسییانەیە و پشت بە هەردوو تیۆری لیبڕالیزم و بەرپرسیارێتیی كۆمەڵایەتی دەبەستێت. بە مانایەكی تر، هیچ جۆرە سنوورێك (جگە لەو مەسەلانەی لە یاسادا هەن) بۆ دامەزراندن و بەڕێوەبردنی ڕۆژنامەوانی نییە، هاوڵاتیان و كۆمپانیا و گرووپەكان دەتوانن بەئازادی یا تەنها بە جاڕنامەیەك یا داوای تۆماری ناوی بڵاوكراوەیەك، ڕۆژنامە جێمەبەستەكەی خۆیان بڵاو بكەنەوە[10]. واتە كار بە سیستمی ئاگاداری دەكرێت كە بریتییە لە ئاگاداركردنەوەیەكی نووسراو، كەسێك پێشكەشی ئەو لایەنی پەیوەندیدارەی دەكات كە یاسا دیاریی كردووە، ئاگاداری دەكاتەوە كە دەیەوێت ڕۆژنامەیەك دەربكات و بڵاوی بكاتەوە[11].

لە ماوەی سێ دەیەی ڕابردوودا، میدیا لە هەرێمی كوردستاندا سەرەتا بە مۆدێلی حیزبایەتی و پشتیوانیی دەسەڵات؛ دەستی بە پڕۆسەی گەیاندنی پەیامەكانی خۆی كرد، هاوكاتی گەشەسەندنی دیموكراسی و دەركردنی چەند یاسایەكی پەیوەست بەو بوارە، لەلایەن كۆمەڵێك ڕۆژنامەنووسی خەمخۆر و دەستەبژێرەوە مۆدیلی لیبڕالی میدیایی و بزنسيش هاتە ئارا، دەستوەردانی حیزبەكان و ململانێی توندی ئەو دوو مۆدیلە، جۆری سێیەمیش كە میدیای سێبەر و نیمچەئەهلی بوو، بە پشتیوانیی حیزبەكان لە بوارەكەدا كەوتە گەڕ.

ئەم میدیایانە كاریگەرییان لەسەر ڕای گشتی هەبوو بەتایبەتی لە كاتی قەیرانەكان و ساتە هەستیارەكانی نموونەی پڕۆسەی هەڵبژاردن، لە ڕووی ستراتیژەوە بە مەبەست بێ یاخود بێ مەبەست، كەموكوڕی و خاڵی نێگەتیڤیان هەیە كە زۆر جار سنوورەكانی یاسا و ئاكاری پیشەی پیرۆزی ڕۆژنامەگەرییان بەزاندووە.

بە ئامانجی بەرەو پێشبردنی ستراتیژی میدیایی و چارەسەری گیروگرفتەكانی، لە تەوەرەی سێیەمدا (3) ڕێكار بۆ چارەسەری گرفت و ئاستەنگەكانی بەردەم ستراتیژی ئەو میدیایانە دەخەینە ڕوو:

تەوەرەی سێیەم: ڕێكارەكانی گەشەپێدانی ستراتیژیی میدیا لە هەرێمی كوردستان

دامەزراوەكانی میدیا لە پێناو هەنگاونان بەرەو دەسەڵاتی چوارەم لە هەرێمی كوردستان، پێویستە هاوشانی گۆڕانكارییەكان كار بۆ داڕشتنی ستراتیژێكی مۆدێرن بكەن كە وێرای گەیاندنی پەیام، بەرپرسیارێتی لەهەمبەر چارەنووسی میللەتەكەیان بگرنە ئەستۆ.

ئەزموونی سێ دەیەی ڕابردوو سەلماندوویەتی كە هەرسێ مۆدیلی میدیا (دەسەڵاتداری و حكومی، ئۆپۆزسیۆن و سەربەخۆ و كەرتی تایبەت، نیمچەئەهلی یاخود میدیای سێبەر) ناتوانن ببنە ئەلتەرناتیڤی یەكتر، بەڵكوو دەشێ تەواوكاری پڕۆسەی كاری میدیایی بن بە مەرجێك لە چوارچێوەی ڕێزگرتن لە سنوورەكانی ئازادیی ڕادەربڕین و سەروەریی یاسادا بێت.

چەند فاكتەرێكی پەیوەندیدار بە ستراتیژی كاری میدیایی هەن (دەشێ بە چاودێری و هاندانی پەرلەمان بێت) كە پێویستە میدیاكان لە هەرێمی كوردستان لەبەرچاوی بگرن:

فاكتەری یەكەم: سەرجەم دامەزراوەكانی میدیا، لەو ڕوانگەیەوە كە خاوەنی مۆڵەتی فەرمین و ئاراستەی پەیامەكانیان لە جەماوەری كوردستانە، پێویستیان بە چوارچێوەی كاری هاوبەش هەیە (بەتایبەتی لە كاتی قەیرانەكانی وەك: كێشەیی دارایی و تیرۆریزم و مەترسییە تەندروستییەكان). واتە وێڕای جیاوازیی بیروبۆچوونیان، مادام گریمانەی كاری میدیایی بۆ خزمەتی وڵاتەكەیە، بە سەرپەرشتیی فیدراسیۆنی نێودەوڵەتیی ڕۆژنامەنووسان و ڕێكخراوەكانی مافی مرۆڤی جیهانی، دەشێ لە ڕێگەی (دیدار و چاوپێكەوتن، ڕاپرسی) لەگەڵ بەرپرسی یەكەمی كەناڵەكان، بەرنامەی كۆنفرانسێكی هاوبەش بۆ لێكۆڵینەوە و چارەسەری گرفتە ستراتیژی، كارگێڕی، داراییەكانیان ساز بدرێت، هەڵوێستیشیان لە ئاست مەسەلە نیشتمانییەكان ڕۆشنتر بێت.

فاكتەری دووەم: بۆشایی یاسایی لەدوای سەرهەڵدانی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان و زیادبوونی ڕێژەی كەناڵە ئاسمانییەكان، بووەتە مایەی گرفتی یاسایی و خراپ بەكارهێنانی ڕێنوێنییە فەرمییەكان دەرهەق بە میدیاكان. لەم ڕوانگەیەوە لە پێناو پاراستنی ئازادیی ڕادەربڕین كە پرەنسیپێكی گرنگی دیموكراسییە، پێویستە دەستەبەری ئەرك و مافەكانیان بەپێی یاسا بێت، هیچ كەس و لایەنێكی نموونەی هێزی سەربازی، مافی دەستوەردانی لە ستراتیژ و كاری بەڕێوەبردنیاندا نەبێ. پەسەندكردنی یاسای تایبەت بە میدیای نوێ، بە مەرجێك لەسەر بنەمای دیموكراسی و لەبەر ڕۆشنایی جاڕنامەی مافی مرۆڤ و ڕێككەوتنامە نێودەوڵەتییەكانی بواری ئازادیی میدیادا بێت، قازانجی بۆ سەرجەم دامەزراوەكانی میدیا هەیە بە هۆی گرەنتیی مافەكانیان، هەم دەسەڵاتیش لەبریی بەكارهێنانی هێز؛ دەتوانێ بەپێی یاسا مامەڵە بكات.

فاكتەری سێیەم: داواكاری گشتی و سەروەریی یاسا ئەكتیڤتر بكرێت، ئەركی سەرشانیەتی لە پێناو پاراستنی مافە گشتییەكانیش لێپێچینەوە لە میدیاكان بكات، هەم سزای هەر لایەنێكیش بدات كە دەستدرێژی بۆ سەر میدیاكان ئەنجام دەدات.

لە هەرێمی كوردستان ستراتیژی میدیاكان بە هەموو ئاراستەكانەوە (حكومی، حیزبی، ئەهلی و ئازاد و سەربەخۆ)، بەپێی تایبەتمەندییەكانیان و لە كاتی پراكتیزەكردنی بەرنامەكانیان، كەموكوڕیی تایبەت بە خۆیان هەیە كە لێرەدا ئاماژە بە گرنگترینیان دەدەین:

* ستراتیژی میدیای لیبڕال و ئەهلی و كەرتی تایبەت

لە هەرێمی كوردستاندا، بەپێی ئامارەكانی سەندیكای ڕۆژنامەنووسانی كوردستان، ڕێژەیەكی زۆری میدیا (چاپكراو و ئەلیكترۆنی، كەناڵ و ڕادیۆی لۆكاڵی و ئاسمانی) هەن كە بە خاوەندارێتیی سەربەخۆ تۆمار كراون، لە هەمان كاتدا زۆر جار ململانێكان بە چەشنێ توندوتیژ بوون كە ئەو میدیایانە ڕووبەڕووی هەڕەشە و داخستن بوونەتەوە. لە پێناو پاراستنی ئازادیی كار و مافى زانین و بڵاوكردنەوە بۆ ئەم میدیایانە وەك پرەنسیپێكی دیموكراسی، هەروەها پاراستنیشیان لە هەر جۆرە ململانێیەكی توندوتیژ و ڕێزگرتن لە سنوورەكانی ئازادی، چەند پێشنیارێك دەخەینە ڕوو:

– پەیڕەویی لە تیۆری بەرپرسیارێتیی كۆمەڵایەتی: ئەم تیۆره دوای كۆتایی جەنگی دووەمی جیهانی، لیژنەیەك لەژێر ناوی ئازادیی ڕۆژنامەوانی لەلایەن (12) ئەكادیمی پێك هێنرا و پڕۆفیسیۆر “ڕۆبەرت هۆتشنز” سەرپەرشتیی دەكردن، ئەركیان تاوتوێی ڕۆژنامەوانی ئەمەریكی بوو كە لەلایەن گۆڤاری “تایم”ی ئەمەریكی و ئینسایكۆلۆپیدیای بەریتانییەوە پشتیوانییان لێ دەكرا، سەرەنجام لە ساڵی (1947)دا ڕاپۆرتێكیان لە دووتوێی كتێبێدا بە ناوی “ڕۆژنامەوانی ئازاد و بەرپرسیار” بڵاو كردەوە[12]. ئامانجی ئەم تیۆرە، دانانی كۆمەڵێك پرەنسیپی ئەخلاقی بوو بۆ ڕۆژنامەنووسان و ڕێكخستنی پەیوەندیی نێوان میدیا و بەرپرسیارێتیی كۆمەڵایەتی لە كۆمەڵگا لیبڕالەكاندا[13]. لەم مۆدێلەدا هەوڵ دراوە لەنێوان هەرسێ‌ بنەمای “ئازادیی تاكەكەس” و “ئازادیی ڕاگەیاندنەكان” و “ئەركەكانی ڕاگەیاندن لەهەمبەر كۆمەڵگادا”، جۆرە هەماهەنگییەك دروست بكات[14].

بایەخی تیۆرەكە بۆ میدیای ئەهلی و كەرتی تایبەت لەوەدایە كە سەرەڕای فەراهەمكردنی ئازادیی ڕادەربڕین، دەبێ بەرپرسیارانە مامەڵە لەگەڵ دۆسیەكانی كۆمەڵگادا بكات، چونكە ئامانجی سەرەكیی؛ خزمەتە نەك ورووژاندن و دنەدان بۆ توندوتیژی و تاوان.

– شەفافیەت لە بودجەدا: سەرجەم میدیا لیبڕال و نیمچەسەربەخۆكانیش كە هەمیشە ڕەخنەی نادیاری سەرچاوە و بەكاربردنی داهات لە حكومەت دەگرن، پێویستە لە یەكەمین قۆناغدا و ساڵانەش سەرچاوەكانی داهات و مەسرەفی خۆیان بخەنە ڕوو لە پێناو دڵنیایی لە سەربەخۆبوونیان.

– مامەڵەكردن لەگەڵ ڕای گشتی: پەیوەندییەكی هەستیار لەنێوان میدیا و  جەماوەردا هەیە، ئەركی سەرشانی میدیا لیبڕالەكانە لەسەر بنەمای بەرچاوڕوونی و ڕێنوێنیی جەماوەر، نەك ورووژاندن و هاندان بۆ توندوتیژی پەیامەكانیان بگەیەنن، چونكە پەرەسەندنی توندوتیژی لە كۆمەڵگادا زۆر جار زیانی بە خودی میدیاكان و ڕۆژنامەنووسانیش گەیاندووە، ئاماری ساڵانەی سەندیكای ڕۆژنامەنووسانی كوردستان هەمیشە جەخت لەسەر كوژران و برینداربوون و دەستگیركردنی ڕۆژنامەنووسان لەو ناوچانەدا دەكەنەوە كە توندوتیژیی تێدا ڕوو دەدەن.

– پاراستنی متمانە: بڵاوكردنەوەی زانیاریی ناڕاست یاخود گوماناویی بە ئامانجی سەرنجڕاكێشان و بەرزكردنەوەی ئاستی بەردەنگ، كێشەیەكی گەورەی میدیایە كە زۆر جار بووەتە مایەی قەیرانی متمانە لەناو جەماوەردا، لەم ڕوانگەیەوە بەرپرسیارێتی لە پڕۆسەی گەیاندنی هەواڵ و زانیاری، پارێزگاری لە متمانەی میدیا دەكات.

– بایەخدان بە ئاسایشی نەتەوەیی: هەرێمی كوردستان ڕووبەڕووی جۆرەها مەترسیی ئاسایشی نەتەوەیی بووەتەوە (بۆ نموونە تیرۆریزم و جەنگ)، ئەركی میدیاش قورستر و هەستیاره، بڵاوكردنەوەی هەر پەیام و زانیارییەك دەبێ بە فلتەری ئاسایشی نەتەوەیی تێپەڕ ببێ، تا خودی میدیاكان لەو هەڕەشانە پارێزراو بن.

– ڕێزگرتن لە پرەنسیپەكانی ئاكاری پیشەیی: گیروگرفتێكی گەورەی ئەم جۆرە میدیایە، بایەخنەدانی تەواوەتییە بە یاسا و ئاكاری پیشەیی. ئێستا لەناو میدیای ئەهلی و ئۆپۆزسیۆندا ڕێژەی تاوانەكانی بڵاوكردنەوە لە بەرزترین ئاستدایە، بە جۆرێك چەندین هەواڵ و وتار و زانیاری هەن زیان بە بەرژەوەندیی گشتی دەگەیەنن. بەپێی یاساكانی پەیوەندیدار بە میدیا لە هەرێمی كوردستان و پرەنسیپە ئاكارییەكانی فیدراسیۆنی نێودەوڵەتیی ڕۆژنامەنووسان كە پاشكۆی یاسای ڕۆژنامەگەریی ژمارە (35)ی ساڵی (2007)ە، جێبەجێكردنیان ئەركێكی یاسایی و گڵۆباڵییانەیە.

– بەرپرسیارێتی لە ساتی قەیراندا:  قەیران كاریگەریی لەسەر بوارە گرنگەكانی كۆمەڵگا و كەرتە جۆراوجۆرەكانی حكومەت جێ دەهێڵێت، لەم ڕوانگەیەوە هەر ستراتیژ و پلانێك بۆ بەگژداچوونەوەی قەیران، هەنگاوێكی گرنگە لە پێناو گەشەپێدانی مرۆیی. هەرێمی كوردستانیش كە لە ماوەی یەك دەیەی ڕابردوو بە سێ قەیرانی گەورەدا تێپەڕی (جەنگی تیرۆریزم، گرفتی دارایی، هاتنەئارای كۆڤید-19 و كێشەی تەندروستی)، ئەركی سەرشانی میدیای لیبڕال و ئەهلییە كە ڕۆڵی ڕێنوێنی و فێركاریی جەماوەر ببینێ بە ئامانجی كەمكردنەوەی لێكەوتەكانی قەیران.

– خۆپارێزی لە پۆپۆلیزم: بڵاوكردنەوەی درووشم و هەواڵ و زانیاریی ورووژێنەر و هاندان بۆ توندوتیژی لە میدیادا، بەشێكن لە دیاردەی پۆپۆلیزمی میدیایی، ئەمەش زیان بە ستراتیژی میدیایی و متمانە و بەرپرسیارێتییان لە كۆمەڵگادا دەگەیەنێ، بۆیە خۆپارێزی لەم جۆرە ئاراستەیە، خزمەت بە پەیامی ڕاستەقینە و مرۆیی میدیا دەكات.

– چاودێریی ڕاستەقینەی حكومڕانی و كۆمەڵگا: هەرێمی كوردستان وەك بەشێكی دانەبڕاو لە وڵاتانی خۆرهەڵات، جۆرەها دیاردەی تاوان و سەرپێچیی تیادایە، ئەركی میدیایە كە چاودێریی بارودۆخی كۆمەڵگا بكات بە مەبەستی برەودان بە خەسڵەتە جوان و باشەكان و بنەبڕكردنی دیاردە نیگەتیڤەكان.

ستراتیژی میدیای دەسەڵات و حیزبی

هەرێمی كوردستان خاوەنی چەندین میدیای سەر بە دەسەڵات و حیزبییە، بەگشتی لەناو ئەو وڵاتانەی كە حیزبی تێدایە، سانسۆری سیاسی بەسەر ڕۆژنامە و بڵاوكراوەكان لە كاتی دەرچوونیاندا دەسەپێنن، ڕۆژنامەنووسان و نووسەرانی هەر حیزبێك ناتوانن ڕەخنە ئاراستەی حیزبەكەیان بكەن.

میدیای حیزبی بەگشتی ستراتیژی خۆیان لەسەر بنەمای تیۆری دەسەڵاتدارێتی داڕشتووە، كۆنترین جۆری تیۆرە و دەسەڵات هێندە بە پیرۆز سەیر دەكات كە شیاوی ڕەخنەلێگرتن نییە. سەرەتای سەرهەڵدانی ئەم تیۆرەش دەگەڕێتەوە بۆ فەیلەسووفی دێرینی یۆنان (ئەفلاتوون)، لە كتێبی “كۆمار”دا بنەمای فەلسەفیی سیستمی حكومڕانیی ئەم تیۆرەی داڕشتووە و ئەمڕۆش میدیای حیزبی دەسەڵاتدار ئەم تیۆرە بۆ بواری میدیا بەكار دەهێنن، واتە: دەوڵەت بریتییە لە بەرژەوەندیی باڵا و بەرژەوەندیی تاكەكەسیش دەخرێتە خزمەتی[15].

سانسۆر یەكێكە لە خەسڵەتە سەرەكییەكانی ئەم تیۆرە، موڵكایەتیی میدیا دەبێ لەژێر سەرپەرشتی و چاودێریی حكومەت یاخود دەسەڵاتدا بێت[16].

ستراتیژی ئەم جۆرە میدیایانە، چەندین كەموكوڕیی تێدایە كە پەیوەندیی ڕاستەوخۆی بە جەماوەرەوە هەیە و پێویستی بە چارەسەرە، گرنگترینیان بریتین لە:

– زاڵبوونی بەرژەوەندیی حیزبی و تەشریفاتی.

– پشتگوێخستنی خواستەكانی جەماوەر بۆ خزمەتگوزاری و چاكسازی.

– بیرۆكراتیەت لە ستراتیژ و دەستنیشانكردنی پۆستە میدیاییەكان.

– قۆرغكردنی سەرچاوەكانی زانیاریی حكومی لەلایەن میدیای حیزبی دەسەڵات.

– گرفتی ڕاستگۆیی لە بڵاوكردنەوەی بابەت سەبارەت بە داتا و داهات و دۆسیە گرنگەكانی تری وڵات.

وێڕای ئەم كەموكوڕییانەی سەرەوە، هەر حیزبێك ئەگەر بەرنامەی حكومڕانییەكی جەماوەریی هەبێت، بەدڵنیاییەوە پێویستی بە ستراتیژێكی میدیایی هەیە كە پشتیوانی لە خواستی جەماوەری و دەستەبەری مافی زانین و بەدیهێنانی پرەنسیپەكانی دیموكراسی بكات.

 

ستراتیژی میدیای نيشتمانی

تا ئەمڕۆ لە هەرێمی كوردستان خاوەنی گرنگترین مۆدیلی میدیا نیین كە ئەویش میدیای نیشتیمانییە.

ئەم مۆدیلە لەسەر بنەمایەكی ستراتیژیی خزمەت بە نیشتمان دادەمەزرێت، پەیامێكی ڕوون و ئاشكرای بۆ جەماوەر هەیە، ئەویش پاراستنی دەستكەوتى نەتەوەیی و چارەسەری كەموكورتییەكانی بەڕێوەبردنە كە پەیوەندیی ڕاستەوخۆیان بە ژیان و گوزەرانی خەڵك هەیە.

پرەنسیپێكی تری میدیای نیشتمانی، ڕاستگۆیی و بێلایەنییە لە گەیاندنی هەواڵ و زانیارییەكان، ئەمەش فاكتەرە بۆ بونیادنانی جەماوەرێكی هۆشیار لە ئاست دۆسیەكانی كۆمەڵگا و چۆنیەتیی پەروەردە و ڕێنوێنییان بۆ هەنگاونان بەرەو چەسپاندنی دیموكراسی و خۆشگوزەرانی لە هەرێمی كوردستان.

هەروەها شرۆڤەی دروست بۆ پێشهات و دۆسیە گرنگەكانی پەیوەندیدار بە ژیانی كوردەواری، بنەمایەكی تری میدیای نیشتیمانییە كە لە هیچ كام لە مۆدێلەكانی تردا نابینرێت.

دامەزراندنی میدیای نیشتمانی، ئەگەر لە ڕووی بودجەوە ئەركی سەرشانی حكومەتی هەرێمی كوردستان بێ، ئەوا لە پراكتیكدا پێویستی بە خەمخۆری و هاتنەپێشەوەی ڕووناكبیرانی دەستەبژێر و ڕاستەقینە هەیە.

ئامانج لەو سێ پێشنیارەی سەرەوە بۆ چاكسازی لە ستراتیژی میدیاكان، بۆ ئەو ڕاستییە دەگەڕێتەوە كە ئێستا هەرێمی كوردستان بە دۆخێكی پڕ لە قەیران و هەستیاردا تێدەپەڕێت، پێویستی بە پێداچوونەوە و گۆڕانكاری لە ستراتیژی میدیاكاندا هەیە، ئەو ئاستانگانەی لە بەردەمدا هەن، چارەسەركردنیان دەبێتە فاكتەرێك بۆ گەشەپێدان و ڕەنگدانەوەی خواست و ویستی جەماوەر لە میدیادا، هەر ئەمەش گرەنتیی سەركەوتنی ستراتیژییان بۆ فەراهەم دەكات.

سیناریۆكانی ئایندە بۆ چاكسازی

سیستەمی میدیا لە هەرێمی كوردستان، بەپێی جۆری خاوەندارێتی و ڕەوشی سیاسی، ستراتیژ و ئاراستەی پەیامیان بۆ كۆمەڵگا لەیەكتر جیاوازە، لەم ڕوانگەیەوە كە سەرجەم میدیاكان دەیانەوێت لە ڕێگەی كاریگەرییەكانیانەوە كۆمەڵێك ئامانج بهێننەدی، لێرەدا بەگوێرەی جۆری میدیا كوردستانییەكان، چەند سیناریۆیەك بۆ چاكسازیی سیستەمی بەڕێوەبردنیان دەخەینەڕوو:

سیناریۆی یەكەم: میدیای حیزبی كە پشت بە تیۆری دەسەڵاتدارێتی دەبەستێت، واتا كەمترین دەرفەتی بۆ ڕەخنە لەخۆگرتن هەیە و خۆپارێزە، پێویستە ئەو ڕاستییە لەبەرچاو بگرن كە مۆدێلی ئەم میدیایە بۆ ڕۆژگاری ئەمڕۆ ناتوانێت كاریگەری دروست بكات و خۆری ئاوا بووە، باشترین ڕیفۆڕمیش بریتییە لە چاكسازی لە ستراتیژیی كار و شێوازی بەڕێوەبردن بەرەو میدیایەكی نیمچەكراوە، بەمانایەكیتر هەر حیزبێك خۆی بە جەماوەریی بزانێت، پێویستی بە میدیایەكی جەماوەریش هەیە.

حیزبەكان لە كوردستان بۆ پشتراستكردنەوەی پرۆگرامی پەسەندكراوی خۆیان كە پێداگریيه لە  خزمەت بە خەڵك، چارەسەرێكی ڕیشەیی لە میدیاكانیاندا، تەنیا گەڕانەوەیە بەرەو بونیادنانی میدیایەكی نیشتیمانی.

سیناریۆی دووەم: بەپێی ئامارە فەڕمییەكانی سەندیكای ڕۆژنامەنووسانی كوردستان، دامەزراندنی دامەزراوەی میدیایی (كەناڵ، پێگەی ئەلیكترۆنی، ڕادیۆ، رۆژنامە و گۆڤار) لە لایەن كەرتی تایبەت بەڕێژەیەكی بەرچاو گەشەیسەندووە، هەندێكیشیان بەهۆی قەیرانی دارایی، ڕووبەڕووی داخران بوونەوە. ئەم میدیایە هەرچەندە وەك ئامرازی ڕیكلام و پروپاگەندە بۆ دامەزراوەكانیان بەكارهێنراون، بەڵام بۆ خزمەتێكی زیاتر بە كۆمەڵگە، پێویستە هەر 5 ڕۆڵە سەرەكییەكەی میدیا لەبەرچاو بگرن كە بریتین لە:

  1. ڕۆڵی چاودێری (Surveillance Role)
  2. 2. ڕۆڵی فێركاری و ڕاهێنان (Training Role)
  3. ڕۆڵی ڕێبەرایەتی (Leadership Role)
  4. ڕۆڵی گواستنەوەی كولتوور (Transmission Role)
  5. ڕۆڵی سەرگەرمی و كاتبەسەربردن (entertainment Role)

سیناریۆی سێیەم: لە ماوەی دوو دەیەی ڕابردوودا بەتایبەت لەدوای دەرچوونی ڕۆژنامەی هاوڵاتی لە ساڵی 2000، دەرفەتێكی نوێ بۆ كاری میدیای ئازاد هاتەئارا، باشترین خەسڵەتی میدیای ئەهلی، بڕەودان بە كولتووری ڕەخنە و چاودێریی میكانیزمی دەسەڵاتەكانی یاسادانان، جێبەجێكردن و دادوەریی بوو. لایەنی نەرێنی ئەم میدیایە، هەندێكجار ئەنجامدانی تاوانی بڵاوكردنەوە بووە كە خۆیان و كەسانی تریان دووچاری گرفت كردووە.

باشترین سیناریۆ بۆ ئەم جۆرە میدیایە كاركردنە بە تیۆری بەرپرسیارێتی كۆمەڵایەتی، واتا ئازادیی لە ڕەخنە و بڵاوكردنەوە بەو مەرجەی پرەنسیپە یاسایی و ئەخڵاقییەكان بپارێزێت، بۆ نمونە پرەنسیپەكانی فیدراسیۆنی نێودەوڵەتی ڕۆژنامەنووسان لەسەر ئاستی جیهان پەسەند كراوە و ئێستا پاشكۆی یاسای ڕۆژنامەگەری ژمارە 35-ی ساڵی 2007 لە هەرێمی كوردستان. ئەم پرەنسپانە وێرای پاراستنی سنورەكانی ئازادیی ڕادەربرین، دەبێتەمایەی دوورخستنەوەی میدیا لە خراپ بەكارهێنان و تاوانەكانی بڵاوكردنەوە.

سیناریۆی چوارەم: میدیای ئۆپۆزسیۆن لە هەرێمی كوردستان بەهۆی بەشداریی حیزبەكانيان لە دەسەڵاتی حكومڕانی، ڕێژەی چەندایەتی و چۆنایەتی بەرەو داكشانە. گرفتی ئەم میدیایە لە ڕاگرتنی باڵانسە لەنێوان خواستی جەماوەر و ڕەخنە و ناڕەزایەتییەكانیان بۆ چاكسازی و پاراستنی بەرژەوەندییەكانی خۆیانە لەناو دەسەڵات، جۆرە تێكەڵاوییەك لە پەیامەكانیاندا هەیە، باشترین هەنگاویش بەرهەمهێنانی میدیای نیشتیمانییە كە پتر لەسەر بایەخدان بە چەمكەكانی ڕیفۆرم و چاكسازی بێت تا دنەدان بۆ توندوتیژی.

لە كۆی سەرجەم سیناریۆكاندا، لێرەدا لەپێناو باشتركردنی ستراتیژیی میدیای كوردستانی، كۆمەڵێك هێڵی گشتی بۆ مۆدیلە جۆراوجۆرەكانی میدیا پێشنیاز دەكرێت:

-بەرهەمهێنانی میدیایەكی نیشتیمانی، بەئامانجی بونیادنانی كۆمەڵگایەكی مەدەنی و بایەخدان بە كۆی كەرتەكانی كۆمەڵگە.

-بەجێهێنانی 5 ئەركەكەی میدیا كە لە سیناریۆی دووەمدا ئاماژەمان پێداوە، ئەركی سەرەكی سەرجەم میدیا كوردستانییەكان بێت، بە ئاراستەی خزمەتی پرسە نیشتیمانییەكان و دانیشتوانی هەرێمی كوردستان.

-پابەندبوون بە پرەنسیپەكانی فیدراسیۆنی نێودەوڵەتی ڕۆژنامەنووسان.

-خۆپارێزی لەو تاوانانەی لە یاسا بەركارەكانی هەرێمی كوردستاندا ئاماژەیان پێدراوە.

-دامەزراندنی دادگایەكی سەربەخۆ و پسپۆڕ بۆ چاودێریی میدیاكان.

بۆ ھیچ کەس، دەزگا و لایەنێک نییە، بەبێ ئاماژەدان بە ناوی گۆڤاری ئایندەناسی، ژمارە و رۆژی دەرچوونی ئەم بابەتە بڵاوبکاتەوە.

________________________________________________________

سەرچاوەكان

[1]-Bracker, Jeffrey (1980); “The Historical Development of the Strategic Management Concept”, Academy of Management Review 5:P 219

[2]-Gray, Colin S. (1999); Modern Strategy, New York: Oxford University Press, P 16-17.

-[3] مك دانل و انسف (1375)، استقرار مديريت استراتژیك، ترجمه: عبدالله زنديه، چاپ اول، انتشارات سمت، ص96.

-[4] بوفر اندرە (1366)، مقدمه اى بر استراتژی، ترجمه: مسعود كشاورز، دفتر مطالعات سياسى و بين المللى، ص13.

-[5] د. رضا تویسركان منش، دوره أموزشی برنامەریزی استراتژیك، شركت اعتباربخشی رسالت رازی، ص14.

-[6] پيرس و رابينسون (1377)، برنامه‌ريزى و مديريت استراتژيك، ترجمه: دكتر سهراب خليلي‌شوريني، انتشارات يادواره كتاب، ص21.

[7]– سید محمد دادگران (1381)، مبانی ارتباط جمعی، تهران: انتشارات فیروزە، ص158.

[8]– طاهر روشندل اربطانی (1386)، چیستی مدیریت رسانه، فصلنامه رسانه، شماره 70، ص6-7.

[9]– علی اكبر فرهنگی (1390)، رهبری استراتژیك در سازمان­های رسانە­ای، فصلنامه پژوهش های مدیریت راهبردی، سال هجدهم، شمارە 49، ص36.

[10]– كاظم معتمد نژاد و رویا معتمد نژاد (1386)، حقوق ارتباطات، جلد یكم، تهران: دفتر مطالعات و توسعە رسانەها، ص158.

[11]– عبداللە اسماعیل البستانی (1950)، حریە الصحافة، القاهرە، ص151.

[12]– Denis McQuail(1987), Mass Communication Theory: An Introduction, London: Sage Publication, P 116.

[13]-احمد بریدی (2000)، حریة الصحافة، دمشق، ص50.

[14]-هرمز مهرداد (1380)، مقدمەی بر نظریات­ و مفاهیم ارتباط­ جمعی، تهران: مؤسسە فرهنگی فاران، ص109-110.

[15]– محمد سید محمد (1979)، الصحافة سلطة رابعة كیف؟، القاهرة: دارالشعب، ص26.

[16]– جیهان مكاوی (1981)، حریة الفرد و حریة الصحافة (دراسە مقارنە)، الهیئة المصریة العامە للكتاب، ص13.

گۆڤاری ئایندەناسی ژمارە پێنج (5)ی کانوونی دووەمی2021

Send this to a friend