• Google Plus
  • Rss
  • Youtube
August 21, 2025

كورد له‌ شارستانییەتی ئیسلامیدا

ئا: ئایینناسی

كورد وه‌كو نه‌ته‌وه‌یه‌كی زیندووی ناو شارستانییەتی ئیسلامی ڕۆڵی گرنگ و دیاری هه‌بووه‌، به ‌دێژایی مێژووی ئیسلام و له‌ناو هه‌ناوی ئه‌م شارستانییه‌دا، سه‌دان و هه‌زاران كه‌سایه‌تی و زانا و پسپۆڕی تێدا هه‌ڵكه‌وتووه،‌ كه‌ خزمه‌تی گه‌وره‌یان به ‌ئایین و شارستانییەتە‌كه‌ کردووە، هه‌ڵبه‌ته‌ نه‌ته‌وه‌ی كوردیش وه‌كو به‌شێك له‌م شارستانییه‌دا، پشكی شێری به‌ركه‌تووه‌ و هه‌میشه‌ بووەته‌ جێگه‌ی بایه‌خی ناوه‌ند و ده‌زگا ئایینی و ئیسلامییه‌كان، مێژووی كورد له‌ناو پانتایی جیهانی ئیسلامیدا سه‌نگ و پێگه‌ی خۆی هه‌یه ‌و به‌ده‌یان كه‌سایه‌تی دیاری كورد له‌ناو ئه‌م شارستانییەته‌دا هه‌ڵكه‌وتووه ‌و وه‌كو ڕه‌مز و سه‌ركرده‌ ناوی ده‌هێنرێت و یادیان ده‌كرێته‌وه‌، ته‌وه‌ری ئه‌مجاره‌ی ئاییناسی قسه‌كردنه‌ له‌ ڕۆڵی نه‌ته‌وه‌یی كورد له‌ شارستانییەتی ئیسلامیدا، به‌وه‌ی كه‌ هه‌م ئیسلام و هه‌م كورد چیان به‌یه‌كتر به‌خشیوه‌ و چۆن خزمه‌تی یه‌كتریان کردووە، به‌ میوانداری هەر دوو پرۆفیسۆری مێژوو، دكتۆر حه‌كیم ئەحمەد و دكتۆر قادر پشدەری.

سه‌ره‌تا، د. حه‌كیم له‌ ڕۆڵ و پێگەی کورد لەرووه‌ مێژووییه‌كه‌یه‌وه‌ له‌ناو شارستانییەتی ئیسلامیدا ئاماژه‌ی به‌وه ‌كرد که‌ ئایینی ئیسلام هەر لە دەیه‌ی دووەمی کۆچیەوە گەیشتووەتە کوردستان و لە ماوەیەکی کورت خەڵکی ئەو ناوچانە بە تێپەڕبوونی کات موسڵمان بوون و دواتریش  فەتح كران، هاتنی ئایینی ئیسلام تەنیا پێشهاتێکی سەربازی و دواتر سیاسی نەبوو، تەنیا گۆڕانکاری نەبوو لە نەخشەی سیاسی ناوچەکە، بەڵکو له‌وه‌ زیاتر و گەورەتر و فراوانتر بوو، ئه‌و گۆڕانکارییه‌ بوو کە لە نه‌خشەی شارستانی ناوچەکەدا کردی، لە نه‌خشەی هێزەکان، گۆڕانکاری لە هاوسه‌نگی هێزەکان دروست بوو، تا ئەو ڕادەیه‌ی دەتوانین بڵێین لە سەدەکانی ناوەڕاستدا گه‌وره‌ترین گۆڕانکاری بووە لە ڕووی لێکەوتەکانی و شوێنەوارەکانی کە تاکو ڕۆژگاری ئەمڕۆش بەردەوامە.

کورد کە ئیسلام بووە، هەمووی به‌ یه‌كجار ئیسلام نەبووە، بەڵکو لە قۆناغی جیاواز، یاخود لە ماوەی چەند سەدەیەکدا و دەتوانن بڵێن ئه‌م پرۆسه‌یه‌ کۆتایى هاتووە، بەڵام لە ڕووی فەتحەوە بە ماوەیەکی کورت و تا ڕادەییەک ئاسان لە چاو ناوچەکانی دیکە فەتح کراوە.

کورد کە ئیسلام بووە، بە تێپەڕبوونی کات سەرەتا ڕۆڵی سەربازی هەبووە، دواتر لە سەده‌ی سێیه‌مەوه‌ ڕۆڵی سیاسی و کارگێڕی دەست پێ دەکات لە ناو دەوڵەتی عەباسی، دواتر دەچێته‌ ناو هەندێک ڕه‌وتی سیاسی و ئیتر وەکو ئۆپوزسیۆنی دەوڵەتی ئومەوی و دواتر عەباسیش ده‌رده‌كه‌وێت، هەروەها لە ناو دامودەزگای ئیداری، یاخود سەربازیی دەوڵەتی عەباسی بوونی هەبووە، ئەم ڕۆڵە وردە وردە گەشه‌ دەکات و بەره‌وپێشەوە ده‌چێ تا وای لێدەت لە ڕووی کولتووری، فەرهەنگی، زانستی و هزرییەوە هەست دەکەین ڕۆڵی کورد زۆر زیاتر دەبێت، ئەو ڕۆڵه‌ش بەڕاستی به‌راورد ناكرێت لەگەڵ پێش ئیسلام، ئەوەی کە زۆر دیار و بەرچاوە ئەو ڕۆڵەیە کە لە دوای هاتنی ئیسلام کورد دەیبینی کە لە سەرچاوە مێژوییەکان، ئەدەبییەکان و ئەدەبیاتی ئیسلامی بە گشتی یادداشت و تۆمار کراون، بەڵام پێش ئیسلام ئەو ڕۆڵه‌ ڕوونە نییە، ئه‌گه‌رچی ئێمە دەزانین کورد نەتەوەیەکی ڕەسه‌نی ڕه‌گوڕیشه‌ داکوتراوی ناوچەکەیە، بە سەدان و هەزاران ساڵ پێش ئیسلامیش بوونی هەبووە بە ناوی دیکەوە و حکومڕانی دیکە، بەڵام ئەوەی کە ئێمە مه‌بەستمانە، ئەوه‌یە کە لە دوای هاتنی ئیسلام زۆر بەزەقی ڕۆڵی كورد دەبینین کە جۆرێک بوو لە وەرچەرخان لە ژیانیدا به‌تایبه‌تی ئەوەی کە لە شارستانییەتی ئیسلامیدا هەستی پێ دەکەین، دواتر ئه‌و ڕۆڵە دەبێتە هۆی ئەوەی کە کورد بناسرێت وەکو نەتەوەیەك، حسابی بۆ بکرێت و ببێتە جێگای مشتومڕ لە نێوان نووسه‌ران و مێژوونووسانی سەردەم له‌ سەدەکانی ناوەڕاستدا كه‌ ئایا کورد كێیە، چییە؟ ئەوه‌ وەکو پێشهاتێك بۆ دیاریکردنی شوناسێک بۆ کورد، هەرچەندە ئیشکالات له‌سه‌ر ئەو شوناسە دروست بووە بە حوکمی ئەو باردۆخ و ڕه‌وشە ناهه‌موار و سەختەی کە کورد پێش ئیسلام پێیدا گوزەری دەکرد، وەکو ده‌زانین، كه‌ خاوەن ئیرادە و شوناسی سەربەخۆی خۆی نەبوو، بەڵکو لە په‌راوێزی مێژوو شارستانییەتی ئەو كاتە و لە سەروبەندی هاتنی ئیسلامدا دەژیا، ئێستا کورد بووەتە ژمارە یەک، بە حوکمی ئەوەی کەوا لە سەرەتای ئەو ناوچانەی کە فەتح کران دیارە کوردستانە بە حوکمی جوگرافیا، ئه‌وه‌ش وای کرد کە کورد حسابی بۆ بکرێت و ببێتە مایه‌ی مشتومڕ كه‌ ئایا كورد كێیە و چییە، ئه‌وه‌ی گرنگه‌ ئەوەیە کورد وه‌كو ناو ده‌رکەوت، وەکو ناساندن و وەکو حساب بۆکردن لەو كاته‌وه‌.

ڕۆڵی کورد لە شارستانییەتی ئیسلامی و لە سه‌ردەمی عەباسی گه‌شه‌ى کرد و دواتریش بەردەوام لە سەدەکانی چوارەم و پێنجەم و تا شەشەم و تا حەوتەم، تا ئەو كاته‌ی کە لە سەردەمی سەڵاحەددینی ئەیوبی گەیشتە لوتكه‌، لە ڕووی سیاسیی و سەربازی و شارستانییەتەوە کورد ڕابه‌رایەتی جیهانی ئیسلامی دەکرد لەو كاتەدا، ئەوەش گەوره‌ترین دەسکەوت بوو بۆ کورد، به‌ شێوه‌یەکی زۆر گەورە دەنگدانەوە و ڕەنگدانەوەیەكی بوو لەسەر هەموو بوارەكاندا.

 له‌باره‌ی ئه‌وه‌ی كه‌ كورد چی بە شارستانییەتی ئیسلامی به‌خشیوه‌ و چی لێ وه‌رگرتوه‌، د.حه‌كیم ده‌ڵێت: کورد زۆری بەخشی بە شارستانییه‌تی ئیسلامی، ئەگەر لە ڕووی کەسایه‌تیشه‌وە بڵێین، کورد سەدان کەسایه‌تی گەورە و ناوداری بەخشی بە شارستانییه‌تی ئیسلامی لە بوارە جیاوازەكاندا، لە بوارە هزری و فکری و لە زانستەکانی دیکەشدا، ئیبن تەیمیە و ئیبن خه‌لەکان، ئەبولفیدا، ئیبن سەڵاحی شارەزوری، ئیبنولحاجب و سەدانى ديكەى به‌خشیوه‌ بە شارستانییه‌تی ئیسلامی.

ده‌شڵێت، چی بەخشی و چی وەرگرت، هاوكێشه‌یه‌كی تێکهەڵێشە، بێگومان ئەوەی کە کورد یەکێکه‌ لە پێکهاته‌ بنەڕەتی و سەرەکی و بنچینەییەکانی شارستانییەتی ئیسلامی، هاوبەش بوو لە دروستکردنی ئەو شارستانییەتە دەوڵەمەندەی كه شارستانییەتی ئیسلامییە.

لە شارستانییەتی ئیسلامیدا هاوكێشه‌یه‌ك هه‌یه، (الوحدة والتنوع) یەکبوون و فرەیی، فرەڕەنگی لەگەڵ یەکبوون و یەکگرتوویی، ئەو دوانە هەردووکیان ته‌واوکەری یەکترن و دوو ڕووی یەک دراون، کورد لەگەڵ پارێزگاریکردن لە شوناس و تایبەتمەندییەکانی خۆی، لە ڕووی کولتوور و دابوونەریتە ڕاست و دروست و ئەوانه‌ی کە لەگەڵ ئایینی ئیسلام دەگونجێن پارێزگاری لێ کردووە، لەگەڵ بەرگریکردن لە شوناسی خۆی، لەگەڵ نه‌تەوەکانی دیکەش بەیەکەوە هەموویان شتێكیان پێشکەش کرد لەپێناو یه‌كبوون، کە پێی ده‌وترێت شارستانییەتی ئیسلامی، هەر یەک لەوانە، ئەگەر شارستانییەتی ئیسلامی وەکو ڕووبارێك لێكچواندن بکەین، ئەوه‌ هەر یەک لە نەتەوە و ڕه‌گەزەکانی دیکە وەکو  لقێك ڕژاونەتە ناو ئەو ڕێژگەیه‌ی كه‌ شارستانییه‌تی ئیسلامییه‌، به‌ هه‌موویان پێكه‌وه‌ ئه‌وه‌یان دروست كردووه‌، ئایینی ئیسلام ئازادی بە کورد بەخشی، دەرفەتی پێبەخشی بۆی کە یەکسان بێت لەگەڵ نه‌ته‌وه‌کانی دیکە، بتوانێت بەپێی توانای خۆی ڕۆڵی خۆی بگێڕێت و ئەسپی خۆی تاو بدات لەو بواره‌دا، کە پێشتر وتمان ئەو جۆرە یەکسانییه‌ لە دەرفەت نەبووە، یاخود ئەوه‌ نەڕەخساوە، بەڵام ئێستا دەبینین کە کورد لە سایه‌ی ئایینی ئیسلام و شارستانییەتییه‌ بەرفراوانە و ئەو لێبوردەيی و قبوڵکردنە هەمەجۆرییه‌ و فرەییە و جیاوازییانە وای کرد کە کورد بتوانێت ببێتە ژماره‌ و ژمارەیەك له‌ سەردەمی خۆیدا تاکو ئیمڕۆیش ئاماژەی پێ بکرێت، یاخود دەیبینین  ئێستا شوێنەوار و ئاسه‌وارەکانی زانا و کەسایەتییە گەورەکانی کورد لە بوارە جیاوازەکاندا دیارە کە چیان پێشکەشی شارستانییەتی ئیسلامی کردووە.

سه‌باره‌ت به‌وه‌ی كه‌ چۆن بكرێت سوود لەو بەشدارییه‌ی کورد لە مێژووی شارستانییەتی ئیسلامیدا وەربگیرێت، بەتایبەت ڕۆڵی کەسایەتییەکانی وه‌كو  سەڵاحه‌دین و ئەبو فیدا و ئیبن سەڵاحی شارەزوری، د. حه‌كیم ده‌ڵێت، بێگومان ئەگەر بێتو سەیری مێژوو بکەین وەکو ڕابردوو، وەکو ڕابردوویەکی مردوو، كەواته‌ ئێمه‌ مێژوو نەخوێنین باشترە، بەڵام گرنگترین شت کە کاری لەسەر بکەین ئەوەیە كه‌ مێژوو بە زیندوویی بمێنێتەوە، یاخود ڕۆحێکی زیندووی بە بەردا بکەینەوە، ئەوەیە کە بتوانین تەوزیفی بکەین، وەبەرهێنانی تێدا بکەین و بە کاری بهێنین بۆ بەرژەوەندی خۆمان، بۆ ئەمڕۆ و داهاتووی خۆمان، نەوەکانی ئەمڕۆ و داهاتووی لێ ئاگادار بکەینەوە کە ئێمە خاوەنی چین و کێين، بۆ ئه‌وه‌ی دانەبڕێین لە ڕابردوو، لەو کەسایەتییانە. زۆر پێویستمان بەوە هەیە ئێمە لە پرۆگرامەکانی خوێندن و لە قۆناغە جیاوازەکاندا، لە قۆناغی بنەڕەتی تا قۆناغی کۆلێج، هەتا لە بەشە زانستییە پەتییەکانیش، نەک تەنیا له‌ بەشە مرۆڤایەتییه‌کان، زۆر گرنگە نەوەکانی ئەمڕۆمان لە ئاستە جیاوازەکاندا ئەو کەسایەتییە ناودارانه‌ی باوباپیرانی خۆیان بناسن، شانازییان پێوە بکەن، ئەوە یەکێك لە هاندەرەکان بەوەی کە بەره‌و پێشەوە بڕۆن، تموحیان هەبێ بۆ باشتر بوون، به‌ڵام کاتێک ئێمە داببڕێین و ڕابردوو نه‌خوێنینەوە، باوباپیرانمان، ئەو کەسایەتییه‌ گەورانە، ئه‌وه‌ دابڕانێکە لە ڕەگ و ڕیشەی مێژوويی خۆمان. بەڕاستی کاره‌ساتێكی زۆر گەورەیە کە ئێمە ئێستا هه‌ستی پێدەکەین، کەسانێکی زۆر لە خويندەوار و ڕۆشنبیرانی ئەمڕۆمان سەعیدی نورسی به تەواوى نەناسن، کە لە قەدەر دوێنێ بووە، هێندە دووریش نییە، نه‌زانن كێیە، نه‌زانن بەرهەمەکانی چیه‌، نه‌زانن چی کردووە، چ خزمەتێكی کردووە، چ کەسایەتیه‌ک بووە لە سه‌ر ئاستی هزری جیهانی ئیسلامی، نه‌زانن سەڵاحەدین ئەیوبی كێ بوو، زانیاری سەرەتای لەسەر نەزانن، یاخود دایببڕن لە ئەسڵ و بنەچەی ڕاستەقینەی خۆی، ئه‌وانە کارەساتن، بەڕاستی تا ئەمڕۆ نەک له‌ بەشە زانستییەکان، ته‌نانه‌ت لە کۆمەڵایەتییەکانیش، زۆر بەخێرایی بەسەریدا  تێدەپەڕن و حەقی خۆیان نادەنێ.

زۆجار دەوترێت کورد نەما، خاوه‌نی هیچ نین و هیچمان نەکردووە، هەرگیز نابینە هیچ ئەوه‌ لە چییه‌وە سەرچاوەی گرتووه‌؟ لە نەناسینی ڕابردووی خۆمان، لە نەناسینی مێژووی خۆمان، لە نەبوونی  ئاگايیمان لەسەر شارستانییەتی خۆمان، ئەگەرنا کورد زۆری کردووە، زۆریشی پێشکەش کردووە، زۆر پێویستمان بەوە هەیە، کە ئێمە سوود لە ڕابردوو وەربگرین، تەوزیفی بکه‌ین، بەکاری بهێنین، نه‌وەکانی ئەمڕۆی پێ گۆش بکەین، ڕابردووی خۆمانیان پێ بناسێنین، بزانن ئێمە لە چ ئاستێک بووین و ئێستا لە چ ئاستێکداین، ئەوه‌ پێویستی به‌ هه‌ڵوەستە له‌سەر کردن و گفتوگۆکردنی زیاترە لە سەری.

پاشان دکتۆر قادر ڕۆشنایی خسته ‌سه‌ر ڕۆڵی کەسایه‌تییه‌ کوردەکانی ناو مێژوو و دنیای ئیسلام و ئاماژه‌ی به‌وه ‌كرد كه‌ لە ڕاستیدا هەڵسەنگاندن بۆ کەسایەتییەکان لە مێژووی کورد و لە مێژویی میلله‌تانی دیکەشدا، دیدگای جیاواز هەیە، بۆ نموونە ئەو نەوەیەی کە ئێستا دەژیت، یان نەوەی هاوچەرخ، کاتێك ئاوڕ لە مێژووی خۆی ده‌داتەوە هەڵسەنگاندن بۆ کەسایەتییەکانی پێشووی دەکات، حەتمەن دید و تێڕوانینی جیاوازی هەیە، بەڵام لەنێو کورددا حاڵەتەکە تاڕادەیەکی زۆر ئازاربەخشە، من وای دەبینم کە دوو هۆکاری لە پشتە کاتێک تۆ گلەیی لە کەسایەتییەکانی پێشووی مێژووی خۆت دەکەی و دەتەوێ شتێک بۆ تۆ بکات، یان شتێکی بۆ میللتەکە کردبێت، کە لە سەردەمەکەدا ئەو بابەتە لە ئارادا نەبووە، یان تۆ دەتەوێ شتێکی کردبا بۆ میللتەکەی تۆ کە تۆ ئێستا بۆ خۆت پێت ناکرێ، دەتەوێ باری شکستەکەی خۆت بخه‌یته‌ سەر شانی ئەو، دوو هۆکاری گەورە لە پشت ئەو بابەته‌ن یه‌کێكیان؛ لەڕاستیدا تێنەگەیشتنە، نەزانینە، بۆ نموونە بە واقیعی مێژوویی، کاتێک باسی هەلومەرجی کەسایەتییە مێژووییەکان دەکەی لە سەردەمە جیاجیاکاندا ناگەڕێتەوه‌ سەردەمەکە، شتێکمان هه‌یه‌ پێی دەڵێن ژیان لەگەڵ مێژوو، واته‌ لێکۆڵەری مێژوو کاتێک کار لەسەر ڕووداوە مێژووییەکان و هەڵسەنگاندنی کەسایەتییەکان و هەر بابەتێکی مێژوویی دەکات، پێویستییەکی زۆری بە ژیان لەگەڵ مێژوو هەیە، پێویستی بەوە هەیە کە بگەڕێیتەوە سەردەمەکە بۆ ئەوەی ئاگادار بێت سەردەمەکە چی تێدا بووە، بارودۆخەکەی چۆن بووە و چ شتێک لەو کۆمەڵگەیەدا پێویست بووە بکرێت، ئایا ئەو کەسایەتییانەی کە لەو سەردەمەدا هەبوون لەناویاندا کێ توانیویەتی لە هەمووان باشتر وەڵامدەرەوە بێت بە داخوازییەکانی سەرده‌م، ئێمە دیدگایەکمان هەیە لە لێکدانەوەی پاڵەوانانە، یان قارەمانانە بۆ مێژوو ئەویش ئەوەیە هەمیشە قارەمانی مێژوویی کەسێکە کە لە ڕۆحی سەردەمەکەی خۆی دەگات، واتە دەزانێ ڕۆحی سەردەم ئەوەی کە تێیدا ژیاوە، کۆمەڵگە و سەردەمەکەی چی پێویستە وەڵامدەرەوەی ڕۆحی سەرده‌مەکەیەتی ئەو کاتە وەکو کەسایەتییەکی هەڵکەوتوو بلیمەت لە کۆمەڵگا دەردەکەوێ و دەتوانێ سەرۆكایه‌تی کۆمەڵگا بكات، ئەوە لایەك لە لایەكه‌وه‌ هۆکارێکی زۆر گرنگ بریتییە لە تێنەگەیشتن لە واقیعی مێژوویی سەردەم، هۆکارێکی دیکە ئەوەیە بریتییە لە هەوڵدان بۆ لێدان و کەمکردنەوەی ڕۆڵی ئەو کەسایەتیانە لە مێژووی کۆمەڵگادا، چونکە لەلایەن هەندێك لە ڕۆشنبران یان ئەوانەی کە بانگەشەی ڕۆشنبیری و زانستخوازی و مەدەنییەت و سەردەمگەرایی دەکەن، پێیان وایە ئەوەی پێشوو شتی لابەلایە، شتێکە کە ڕوویداوە و بڕاوەتەوە و ئەگەر ئەوان نەبان کۆمەڵگای ئێمە باشتر دەبوو، لێدان لەوەیە، ئەو لێدانە زۆرجار من وای دەبینم له‌ ڕاستیدا لە سەکۆیەکی بە دیدگایەکی دژە دینییەوە بۆی دەچن و ڕەخنە لە کەسایەتییەکانی پێشوو دەگرن، پێیان وایە ئەو کەسایەتیانەی بەتایبەتی لە مێژووی سەدەکانی ناوەڕاست و ئیسلامی ئێمەدا ئیتر ئەوانە نوێنەرایەتی ئیسلام دەکەن، ئەگەر تۆ لەو کەسایەتیانەت دا، واته‌ هەوڵت داوە لە مێژووی موسڵمانان و لە مێژووی ئیسلام بده‌ی و بەشێکی زۆری بەرپرسارێتی نوشوستی و کەم و کورتى و کێشەی کۆمەڵگای ئێمە، لەڕاستیدا بەوانەوە هەڵواسی، ئا ئەمه‌ ئه‌و دوو هۆکارە بوو وەکو وتم، یەکێکیان تێنەگەیشتن لە واقیعە و لە سەردەمەکەیە و ئاگادارنەبوونه‌ لە هەلومەرجی مێژوویی، ئەوەی تریان مەبەستدارە، دەزانێ سەردەمەکە چۆن بووە و تێشدەگات چۆنه‌، بەڵام بە ئەنقەست ڕەخنە دەگرێ و کەسایەتییەکان دەشکێنێت بۆ ئەوەی کە پێی وایە لە ڕێگەی له‌وتاندن و شکاندنی ئەو کەسایەتیانەوە هه‌م ڕەخنەی گرتووە لەو بوونیادە شارستانییە کە بووەتە هۆی دەرکەوتنی ئەو کەسایەتیانە کە مەسەله‌کە ئیسلامە و هه‌م لەلایەکی دیکەشەوە لە سۆنگەی ڕەخنەگرتن لەو کەسایەتیانە خۆی لە کەسێکی بێناو و بێنازناو و بێناونیشان و له‌ڕاستیدا بێ دەورەوە کردووەتە کەسێک خەڵک ناوی دێنێ و باسی دەکات و فڵان کەس ڕه‌خنه‌ی لە سەڵاحەدین گرتووە و ئەوەی دیکە ڕەخنەی لە فڵان کەس گرتووه‌ و قسە و باسی دەوروژێنێ و دەبێته‌ باس و خواس، ئەوانە وایان کردووە کە ئیتر ڕەخنەگرتن بە شێوەیه‌ک له‌ شێوەکان لەو کەسایەتیانە بکرێت، کە ئەو ڕەخنه‌گرانەی کە ئاڕاستەی ڕەخنەی لێگیراوەکان دەکرێن لە لایەن ئەو جۆرە کەسانەوە زۆرتر وەکو وتم لەو دیدگایەوەیە، بۆ نموونە هەندێك کەس پێیان وایە کە کاتێك ڕەخنە دەگرن لەو کەسایەتیانەی مێژووی ئێمە و قسەوباسی جیاجیان لەبارەوە دەوروژێنن، پێیان وایە بابەتگەلێک باس دەکەن کە ئەوان یەکەم کەسن و کەسی دیکە پەی پێ نەبردووە، ئەمە لە حاڵێکدا هەموو ئەو ڕەخنە و قسە و باسانەیە کە لەسه‌ر کەسایەتییەکانی کوردییەکان دەوروژێنرێت، بەتایبه‌تی کەسایەتییەکی وەکو سەڵاحەدینی ئەیوبی، ئەوا پێشتر باس کراوە، هیچ شتێکی نوێی تێدا نییە، مەسەله‌ن تۆ تەماشا مێژوونووسێكی بەناوبانگی وه‌كو (ابن الأثیر) بكه‌ كه‌ کۆمەڵێک بابەتی باس کردووە، مێژوونووسانی سەردەم هەندێك بابەتیان وروژاندووه‌ قسە و باسیان لەسەر کردووە، ئەو هاتووە، ئەو شتانه‌ی کە لەناو دووتوێی ئەو کتێبانەدا بینیوێتیەوە و خەڵکی دیکە وەکو پێویست نه‌یانورژاندووە، چونکە زانیویانه‌ ئەو بابەتانە دروست نین بەڕاستی دروست کراون، هەڵبەستراون، لە سۆنگەی لێدان لە کەسایەتییەوە دروست کراون، باس نەکراون، ئەو هاتووە زیاتر ده‌ریانده‌خات و ده‌یانخاتە ڕوو و قسەوباسی جیا جیان لەبارەوە دەوژێنێ وه‌کو ئه‌وه‌ی کە بڵێین داهێنانێكی کردووه‌، جا بۆ ئەوەشە کەواته‌ دادگاییکردنی کەسایەتییەکان لە مێژوودا بەدەر له‌ ڕەچاوکردنی هەلومەرجە مێژووییەکەیان هەڵەیەکی گەورەیە،  مەسەله‌ن تۆ گله‌یی و ڕەخنە دەگری لە شتێک که‌ نە ڕاست دەكرێتەوە، نە کەسەکە ماوە تا تۆ دادگایی بکەیت و داكۆكی له‌ خۆی بكات، نه‌ هیچی لێ شین دەبێتەوە، تەنیا دەچێت بۆ له‌کەدارکردنی مێژووی خۆت، لە پێناوی هیچدا، لێدان لە کەسایەتییەکانی مێژووی خۆت لە پێناوی هیچدا، واته‌ تێبینی بكەن هەموو میللەتێک لە قۆناغە مێژووییە جیاجیاکان پێویستی بە هێما هەیە، ڕەمزە مێژووییەکان هێما مێژوویه‌کان کارێکی زۆر گرنگ، دەورێکی زۆر گرنگ دەبینن لە کۆکردنەوەی خەڵک لە دەوری شوناسێكی دیاریکراو، لە هاندانی خەڵک یان لە دروستکردنی جۆرێک لە کۆمەڵبوونی خەڵک لە دەوری هێمایەک بۆ هەستکردن بە ئینتیما و شوناسی بەهێز و هەستکردن بە شانازی بە مێژووی خۆی، کاتێک ئەو کەسایه‌تییە مێژووییانەی ئێمە دەویسترێت لەکەدار بکرێن، ئەوە لەو سۆنگەیەوەیە کە دەیانەوێ کۆمەڵگای ئێمە لە هێما باڵاکانی دابڕن. ئەو هێمایانەی کە دەبێتەوە هۆکارێک لە هۆکارەکانی کۆبوونەوەی بەشێکی زۆری ئێمە لە دەوری کەسایەتییەک كه‌ گرنگە بۆ بەهێزکردنی ئینتیمای ئێمە بۆ کۆمەڵگای خۆمان، بۆ نەتەوەی خۆمان، بۆ زمان و مێژووی خۆمان، ئەو سەرەودەری کردنە لەگەڵ کەسایەتییەکان من وایدەبینم سەرەودەر کردنێکی هەڵەیە و هیچی لێ سەوز نابێت، ڕەخنەگرتن ڕەخنەی مێژوویی لە سەردەمە مێژووییەکان و لە کەسایەتییه‌ مێژووییەکان جا یا دەکرێ مێژوونووسی خاوەن ڕۆشنبیرییەکی ئەکادیمی و زانستخوازێکی دیار – سەردەم قسە لەسەر سەردەمەکە بکات، بەڵام نەک بە ئامانجی لەکەدارکردن، نەک بە ئامانجی لێدان لە کەسایەتییه‌ مێژووییەکان و نابووتکردنی پێش چاوی خەڵک، بەڵکو زۆر جار قسە و باسی جیاجیا هه‌تا لە لای مێژوونووسە گەورەکانی پێشووش هەیە، ئەوانەی ئەمە پێیان ده‌ڵێین سەرچاوە ڕەسەنەکان لە تەبەڕی هەیە، لە ئیبن ئەسیر و لای ئیبن خەلەکان هەیە، لای ئەبولفیدا هەیە، لای ئیبن کەسیر هەیە، لای ئەو مێژوونووسە جیاجیانەش هەیە جاری وایە کە باسی کەسایەتییه‌ك دەکات، دەڵێ (لو فعل هذا لو قام بهذا)، یانی شتێکی کردبا، ئەگەر وای کردبا وادەبوو، خۆ بریا وای کردبا، یان بریا وای نەکردبا ئەمە شتێکی ئاساییە، بەڵام هەوڵدان بۆ له‌کەدارکردن و سوکایەتی پێکردن ئەمە وەکو وتم لە ڕاستیدا مەسەلەیەکە و بەشێک لە ڕۆشنبیرانی ئێمەش تێیه‌وە ئاڵاون، ئەو بابەتانە ڕەنگە ئەگەر لە کۆمەڵگا پێشکەوتووەکاندا لەو کۆمەڵگانەی کە جێگیرن، کێشەی قەوارە و کێشەی مەترسی بوون لەسەر شوناس و ئینتیما و زمان و کولتووریان نییە هێتا شتێکی ئاسایی بێت و هەموو شتێک بخرێتە بەرباس و قسەوباسی جیاجیای له‌سەر بکرێ، به‌ڵام بۆ کۆمەڵگایەکی وەکو ئێمە کە کۆمەڵگایەکی دابڕاوین لە مەسەلەی شوناس و ئینتیما و پەرتکردن و ستەمکارییەکی گەورەی لە مێژوودا لە لایەن داگیرکەرانەوە به‌رامبه‌رمان كراوه‌، تۆش بێی وەکو ڕۆشنبیرێکی سەر بەو نەتەوەیە، یان وه‌كو کەسایەتییه‌کی سەر به‌ ئەو نەتەوەیە، بە هەمان شێوە و بە ئاوازی ئەو کەسانە هەڵپه‌ڕی کە دەیانەوێ کەسایەتییە مێژووییەکانی تۆ لەکەدار بکەن و وات لێ بکەن کە تۆ کاتێک ناوی ئەو کەسانە دێت هەست بە شانازی نەکەی، بەڵکو پێت وابێ کە ئەو کەسانه‌ کەسایەتی ستەمکار و خراپەکارن، ئەمە بە بۆچۆنی من ڕەنگە شتی دیکەشی لە پشت بێ بەدەر لە خۆهەڵنان و خۆڕانان، لەوانەیە هەندێک جار بابەتگەلی سیاسی جیاجیای دیکەشی تێبکەوێت، جا ئەوە پوخته‌ی مەبەستەکەیە.

هه‌روه‌ك د.قادر له‌باره‌ی ئه‌و مشتومڕه‌ی له‌م دواییه‌دا له‌سه‌ر کەسایەتی سەڵاحەدینی ئه‌یوبی دروست بوو، ده‌ڵێت: لەڕاستیدا من پێم باش نییە جارێكی دیکە سوڵتان سەڵاحەدینی ئەیوبی بکرێتەوە تەوەر و باس، گفتوگۆی ئێمەش کە زیاتر تایبەتە بە ڕۆڵی کورد و پشکداری کورد لە شارستانییەتی ئیسلامی، با بداته‌وه‌ سه‌ر ئه‌م بابه‌ته‌، وه‌لێ ده‌شڵێت: پێم وایە کە ڕۆشنبیری کورد لە هەستکردن بە قەیران و تا ڕادەیەک بێ شوناسیدایە کاتێک پەنا دەبات بۆ ڕەخنەلێگرتن لە هەندێک لە کەسایەتییه‌ مێژووییەکان، هەموو کەسایەتییه‌كی مێژوویی کە لە مێژوودا هەبووە، بەتایبەتی کەسێک کە کاری سیاسی کردبێت و کاری سەربازی کردبێت بەدەر نییە لە هەڵه‌وپەڵه‌، ئەو کەسایەتی مێژووییانە بە سەڵاحەددینیشەوە کەسایەتییەکی پێغەمبەرانه‌ نین، چاکەخوازی کۆمەڵایەتی نین، کەسایەتییە کە کاری سیاسی کردووە کاری سەربازی کردووە، ئەو كارانه‌ش حه‌تمه‌نه کوشت و کوشتاری تێ دەکەوێ، ستەمکاری تێ دەکەوێ، ئەگەر خودی سەرکردەکە خۆشی نەیکا دەستە و دەوروبەرەکەی و کەسەکانی دەوروبەری ڕەنگە بیکەن، سوپایەکەی یان سەرکردەکانی بیکەن كه‌ هەر ئەو لێی بەرپرسە، بۆیە من پێم وایە وروژاندنی ئەو بابەتانە و قسەکردن لەسەریان بۆ ڕۆشنبیری کوردی تێناگەم چ ده‌سکەوتێکی تێدایه‌، کە سەڵاحەدین، یان کەسایەتی وه‌كو سوڵتان سەڵاحەدین ئەگەر کەسایەتییەکی زۆر مەزنی جیهانی نەبا، کەم میللەت هەیە هەوڵی نەدابێت بیکاتە هی خۆی، بە عه‌ره‌بەوە بە تورکەوە بە فارسەوە، هەموویان ویستویانە، هەتا تێبینی بکە خەڵکانی ناموسڵمان کردوویانە بە هی خۆیان، تێبینی بکە لە ئەدەبیاتی سەردەمی شەڕی خاچییەکاندا و دواتر لە شیعره‌ فەڕەنسییەکان لە شیعری شاعیرانی ئەوروپادا و لە ئەدەبیاتی ئەواندا هەتا زۆر بە ڕوونی ناوی هاتووە، لاپەڕەکانی مێژوو پڕیەتی له‌ باس و خواسی ئەو، لاپەڕه‌ی مێژووی ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا، ئێمە هیچ کەسایەتییەکمان نییە لە مێژووی مرۆڤایەتیدا هێندەی سوڵتان سەڵاحەدینی ئەیوبی لە لایەن دوژمنەکانیشیەوە خۆشەویست و ویستراو بێت، هه‌زاران منداڵی به‌ناوكراوه‌ته‌وه‌، من هەموو جارێ دەڵێم کەسێکی وەکو سوڵتان سەڵاحەدین ئەگەر هەموو سەرچاوەکانیش لەسەر ڕەچەڵەکەکەی ببڕین، خودی ئاکار و مەردایەتی و جوامێرییەکەی کوردانەیە، سیفه‌ته‌كه‌ کوردانەیە.

هاوكات د. حه‌كیم له‌باره‌ی ئه‌وه‌ی كه‌ بۆچی ئەو کەسایەتییە کوردیانە لە ڕابوردوودا باش نەناسێندراون، یاخود بڵێن نەتوانراوە وەسف بکرێن و بخرێنە ڕوو، کەسانی تر تانەیان لێ دەدەن، یەکێک لە هۆکارەكان ئەوەی کەوا باسکرا، ڕاستەوخۆ خۆدەرخستنە، کەسانێک دێن کە پڕوپاگەندەی ڕۆشنبیری و سەقافەت و سەردەمیەت دەکەن ده‌یانەوێ خۆیان بە دیار بخه‌ن، باشترین ڕێگە و ئامڕاز بۆ خۆدەرخستن ئەوه‌یه‌ تۆ ڕەمزێکی گەورە بهێنی کە زۆر ناسراو و گەورەیە تۆ بێی تانه‌ی لێ بدەی، بۆ ئەو کەسە دەبێتە باسکردن و كه‌ره‌سته‌یه‌كی ڕاگه‌یاندنی باش، بەڵام ئەو کەسەی کە ئەو کارە دەکات وادەزانیت خۆی لە ئاستی خۆی به‌رز دەبێتەوە، بەڵام لەڕاستیدا پێچەوانەكه‌ی دروستە، ئەوەی کە گرنگە ئاماژەی پێ بکەم مەبەستم ئەوەیە لەبەر چی کەسێک كە نووسەرە، ڕۆمان نووسە، هونەرمەندە، ئەکتەرە، گۆرانیبێژە،  باسی مێژوو بکەن و شیکردنەوە بۆ مێژوو بكه‌ن، بۆ ڕابردووی ئێمە، بۆ چارەسه‌ری ئێمە، بۆ ڕەمزەکانمان، بۆ کەسایەتییەکانمان، بۆ ئەوان بێن تانەیان لێ بدەن، ئەوان بە چ مافێک كه‌ له‌ پسپۆڕییه‌که‌ی ئەوان دوورە،  کەسانێک لە بابەتێکدا قسە دەکەن کە لە پسپۆڕی ئه‌واندا نییە، ئەمڕۆ سەردەم سەردەمی پسپۆڕی زۆر ورده‌، مه‌به‌ستم ئه‌وه‌یه‌ چۆن کەسێک بۆی نییە فەتوا بدا لە بابەتێکی ئایینی، کەسێك کەوا پسپۆڕ نییه‌ لە بوارێکدا له‌ زانستێکدا، دکتۆرێک بۆی نییه‌ کەوا حوکم بدا و چاره‌سه‌ر بۆ کەسێك بنوسێ، بەهەمان شێوە لە زانستەکانی دیکەش، کەسێک مێژوونووس نەبێ، لێکۆڵەری مێژوو، توێژه‌ری مێژووی نەبی، بۆی نییە باس لە سەڵاحەددین و مێژووی ئێمە بکات، ده‌شڵێت: ڕاسته‌  له‌ پرۆگرامی خوێندن گۆڕانکارییەک هەیە، بەڵام هێشتا زۆر کەمە له‌چاو پێویستیدا نییه‌، لە هەر کەسێک بپرسە کە ده‌رچووی هەر قۆناغێکی زانستی كۆمەڵایه‌تی بێت، بزانە چه‌ند کەسایەتی کورد له‌ شارستانی ئیسلامیدا دەناسێ، پێویسته‌ لە هەموو ناوەندەكان، بەتایبەتی لە گوتاری ئایینی گرنگی به‌و بابەتە بدرێ به‌ تایبه‌تی ئەوانه‌ی کە له‌ كاری بانگخوازی کار دەکەن، لایه‌نه‌ ئیسلامییەکان پێویستە ئەو ڕۆڵه‌یان هەبێ بۆ ناساندنی ئەو کەسایەتییانەی ڕابردوو.

هه‌روه‌ها د. قادر وتی، لە ڕاستیدا لە بواری دانانی بابەتەکانی خوێندن بەتایبەتی لە بابەتە کۆمەڵایەتییەکان، کاری باش کراوە، شتی زۆر هەیە ئێمە ناتوانین داوا لە قوتابی ناوەندی، یان ئامادەیی بکەین، بڵێین تۆ ده‌بێ هەموو شتێک لەسەر کورد و کەسایەتییه‌ کوردییەکان و ئەوانە بزانی، مەسەلەن تۆ تێبینی بکەن ئێمە لە بابه‌ته‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانی پۆلی هەشتی بنەڕەتی کە ئێستا ده‌خوێنرێت، دانەری کتێبەکەین، دکتۆر حەكیمیش هه‌ر لەگەڵمان بوو، لەوێدا زۆر بە باشی باسی ئه‌و بابه‌تانه‌ کراوە، باسی کەسایەتی سوڵتان سەڵاحەدین کراوە، هەروەها ئەگەر باس لەسەر ڕۆڵی کورد لە شارستانییەتی ئیسلامیدا بیت، ئه‌مه‌ له‌ مێژووی شارستانییەکان لە پۆلی دەی وێژەیی دەخوێنرێ، یەکێکم لە دانه‌رەکانی ئه‌و کتێبه‌، بیست ساڵە ئەو کتێبە دانراوە لە دوو هەزار و پێنجەوە لە دام و دەزگاکانی ئێمە لە پەروەردەی ئێمە دەخوێنرێت، زۆر بە باشی باسی ڕۆڵی کورد لە شارستانییەتی ئیسلامی و کەسایەتییە کوردییەکان و ئەوانەی تێدایه‌، بەڵام وەکو وتم مەنهەج، یان بابەتەکانی خوێندن هی ئه‌وه‌ نییە تۆ هەموو شتێک بتەوێ تێیبخزێنی، یان هەموو شتێکی لێ داوا بکەی، زەروورە خەڵکیش بۆ خۆی هەوڵ بدا و تێبگات.

وتیشی، له‌ڕاستیدا مێژوو مەیدانێکی زۆر فراوانە، مه‌یدانێکی کراوەیە، یه‌كێك لە تایبەتمه‌ندییه‌كانی مێژوو ئەوەیە تا ڕادەیەک پانتایەکی فراوان و مه‌یدانێكی کراوەشه‌، خه‌ڵکی جیاجیای ڕۆژنامەوان و سیاسی و وەکو وتمان هونەرمەند بەشێوه‌یه‌ك له‌ شێوەکان بیه‌وێت قسەی لەسەر بکات، یان دەبینی کەسێکی ئەکادیمییه‌ لە بوارێکی دیکەی دیاریكراوی زانستە مرۆڤایەتییه‌کان کە ڕێگە بە خۆی دەدات بێته‌ سەر هەندێک بابەتی گرنگ لە مێژوودا قسە بکات و دادوەریش بکات، جاری وا هه‌یە کە بێی باسی بکەیت ئەگەر لە شوێنێک لە دانیشتنێك پێت بڵێن تۆ پسپۆڕێکی فەلسەفەی، یان پسپۆڕێکی توێژینه‌وه‌ی ئیسلامی، یان زمانی عەرەبی، یان هەر بابەتێكی دیکە، یان ئابووری، یان یاسایی، شتێک لەسەر مێژوو بۆمان باس بکە، وەکو باسکردن لە شوێنێک باسی دەکەی و ئەوانە ئاساییە، بەڵام بێی دادوەری بکەی، بێی بڵێی فڵان کەس باش بوو، فڵان کەس خراپ بوو،  کاتێک تۆ پسپۆڕ نیت لە بوارەکە و لێی نازانیت  كاتێك شتێکت دەست دەکەوێ لەتۆ وایە داهێنانێکت کردووە، کە زوو هاوار دەکەی و لە ڕۆژنامه‌ بڵاوی دەکەیه‌وه‌، یان  له‌ تەلەفزیۆنەکان قسەی لەسەر دەکەیت و ئیتر دادوەریش دەکەی و خۆشت بڕیار دەدەیت، ئەوە باش بوو، ئەوە خراپ بوو، ئەوە ده‌کەوێته‌ هەڵەی زه‌قەوە.

مەسەلەیەکی تریش كه‌ دەچێتە خانه‌ی بواری به‌ ئایدیۆلۆجی کردنی مێژوو، كه‌ ئه‌مه‌ هه‌ڵەیەکی زۆر گەورەیە، یانی بێیت مێژوو خوێندنەوەیەکی ئایدۆلۆژیانه‌ی بۆ بکەیت، ئەوەم بە دڵە و ئەوەم بەدڵ نییه‌، هەتا لەنێو ئەو گرووپ و دیدگا جیاوازانەی ناو ڕەوتە ئیسلامییەکانیش، ئه‌مە هەڵەیەکی گەورەیە، مێژووی ئیسلامی کێشەی ڕەوتە ئیسلامییەکان بەشێکیان ئەوەیە کە جیاوازی ناکەن لە نێوانی ئیسلام و مێژووه‌كه‌یدا، زۆر جار مێژووی ئیسلام وەکو بەشێک لە دین تەماشا دەکەن، كاتێك باسی هەڵەیەکی وەکو کەسایەتی خەلیفە هاروونه‌ ڕەشید، یان معاویە، یان یه‌زید، یان عه‌بدولمه‌لیکی كوڕی مەڕوان دەکەی، زۆر جار خۆیان دەبوێرن له‌وه‌، پێیان وایە ئەمه‌ نابێ باس بکرێ، یان ئەوە وا نییە، یان ڕەتی ده‌کەنەوە، ئەمە یه‌عقوبی باسی کردووه‌، مێژوونووس تەبەڕی باسی کردووە، دینەوەری باسی كردووه‌، ئەوانەی لە من و تۆ بە تەقواتر و بە دینتر بوون، پێشیان نەنگی نەبووە کاتێک باسی هەڵه‌ی خەلیفەیەک، یان لادانی، یان هەڵه‌وپەڵەیەک بکەن کە لە مێژووی ئەودا هەیە، جا بۆیە خراپترین دیدگا ئەوەیە كه‌ مێژوو بە ئایدۆلۆجی بکەیت، ئەمە هەڵەیەکی زەقە و تووشی خراپ تێگه‌یشتنت دەکات و تووشی ئەوەت دەکات کە مێژوو وەکو خۆی نەبینیت، ئێمە هەمیشە لەڕاستیدا ئامانجمان ئەوەیە کە مێژوو وەکو خۆی نیشان بدرێ و مێژوو وەکو خۆی هەوڵ بدرێ بگوێزرێتەوە.

Send this to a friend