• Google Plus
  • Rss
  • Youtube
August 18, 2025

کورد و بەجیهانیکردنی تەسەوفی ئیسلامی چەند سەرنجێک لەسەر مێژوویەکی جیهانگەرای نەگێڕدراوە

پ. حەیدەر لەشکری

هەبوون لەنێو مێژووی جیهانیدا

        مارتین ڤان برۆینەسن، دوای ئەوەی بەرهەمە ناوازەکەی خۆی بەناوی ئاغا و شێخ و دەوڵەت تەواو کرد و وەک ئەنسرۆپۆلۆجیستێکی پسپۆڕ لەبواری کوردناسی دەرکەوت، لە ماوەی نێوان ساڵانی ١٩٨٢ تا ١٩٩٤، بەسەریەکەوە نزیکەی نۆ ساڵێک، بۆ توێژینەوە و وانەوتنەوە، لە ئەندەنوسیا گیرساوەتەوە. لەوێ لە گەورەترین دوورگەی وڵاتەکە کە جاوەیە، زۆری نەبردووە درکی بە دۆخێکی نامۆ کردووە و تووشی سەرسوڕمان بووە، ئەگەر بینیویەتی لە ناوەندە کۆمەڵایەتی – ئایینییەکەدا، خەڵکێکی زۆر هەن ناو، یان نازناویان کوردی ییە. لەکاتێکدا هەر لەوێ کەسێکی نەبینیوە ناوی هیندی، عەرەبی، یان فارسی بووبێت (Bruinessen, 2011: 111). ئەمەی کردووەتە سەرەداوێک بۆ گەڕان بەدوای ڕەگ و ڕیشەی ناوەکە و یەک دوو ناوی تر کە خۆی باش پێیان ئاشنا بوو و پێشتر کاری لەسەر کردبوون و بەشێک بوون لە مێژووی سۆفیزم لە پانتایی کوردیدا، وەک بەرزنجی و گۆرانی. بۆیە کەوتووەتە دوای چۆنێتی گەیشتنی کاریگەریی کوردی بۆ ئەوێ و جێکەوتەی بەسەر بیروباوەڕیی ئایینی جڤاکی ئەندەنوسییەوە، بەتایبەتیش بەسەر ئەو ناوەندە کۆمەڵایەتییانەی بە بیرباوەڕیی سۆفییانە کاریگەر بوون و ئەم دیاردە ئایینییە هەژموونی بەسەر سیستمە کولتوورییەکەیان، کە ناونان بەشێکیەتی، هەبووە.

        یەکەم تێبینیەک لەسەر ئەم ئەزموونەی برۆینەسن دروست ببێت ئەوەیە، کەواتە کوردەکە بە دابڕاوی لە نێو گوند و دێهاتەکانی خۆی، لەو چیا و دۆڵ و دەشتانە نەماوەتەوە. بە پێچەوانەوە سەردەمانێک هەندێکیان چوونەتە دەرەوەی سنوورەکانی زێدەکەی خۆیان، جێکەوتەی دوور مەودایان بەسەر مێژووی غەیری خۆیانەوە هەبووە. هەر ئەمەش پێمان دەڵێت، ئەو تێگەیشتنەی لە ناوەندیی ڕۆشنبیریی کوردیدا گەڵاڵە بووە و جەخت لەوە دەکاتەوە گوایە کورد لە دەرەوەی مێژوودان، تەنیا چڕکردنەوەی مێژووەکە بووە بە کارابوونی خۆجێییانەیانەوە، نەک مێژووی جیهانییەوە، بەڵام ئەزموونەکەی ئەم کوردناسە دەریدەخات کە دەشێت بەدوای هەبوونیان لەنێو مێژوویەکی فراونتر، مێژووی جیهانی، یان گڵۆباڵدا بگەڕێین و لەوێوە هەبوون و کاریگەرییان بەسەر ڕەوتی گشتی مەژووییدا لە دیدێکی ترەوە بخوێنینەوە.

        ئەم گەڕان و خوێندنەوەیە دەمانباتە بەردەم چەمکێکی گرنگی مێژوونوسینی هاوچەرخ، ئەویش چەمکی مێژووی جیهانی، یان مێژووی گڵۆباڵە. ئەمە بەر لە هەموو شتێک ئەو گێڕانەوە نەریتییانە دەبەزێنێت، کە بەدەوری مێژووی ئەوروپا و مێژووی دەوڵەت نەتەوە دەخولایەوە. ئەمە مێژوویەکە جەخت لەسەر کاریگەری و کارتێکردن دەکاتەوە، لە دەرەوەی سنوورە هەرێمایەتی و کولتووری و قۆناغبەندییە زەمەنییە دروستکراوەکانەوە. مێژوویەکە بەدوای جوڵەی هزری، تەکنیکی، سرووت و ڕێوڕەسمە گیانەکی و وەرچەرخانە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکاندایە، بەڵام لە سنوورێکی دیاریکراوی مرۆیی نا، بەڵکو لە ئاستی گڵۆباڵدا. بەپێی ئەو شرۆڤەیەی سیباستیان کۆنراد لە کتێبی ’‘مێژووی گڵۆباڵ چییە؟‘ (2016)، پێشکەشی کردووە، تێدەگەین ئەم فۆڕمەی مێژوو تەنیا بەرفرەکردنی جوگرافییانەی جوغزی گێڕانەوەی ڕابردوو نییە، بەڵکو وەرچەرخانێکی مێتۆدیشە، کە بەرەنگاری تێگەیشتنە ڕەگەزی و نیشتیمانییەکان بۆ ئەم گێڕانەوەیە دەبێتەوە. کۆنڕاد جەخت لەوە دەکاتەوە ئەم مێژووە بەدوای گشتاندنی ڕووکەشییانەوە نیە، بەڵکو گرنگی بەو کردەوانە دەدات کە سنوورە ئیتنی و نیشتمانییەکان دەبڕن وەک: کارتێکردنی سنووربەزێنی نێوان کولتوورەکان، هیجرەت و کۆچ بەتایبەت هی کارا زانستییەکان، ئاڵۆگۆڕی زانست و زانیاری…تاد. ئەم تێگەیشتنە بەدوای ئەوەیە ڕوونی بکاتەوە، کە لە بری بەدواداچوونی هێڵە یەکتربڕەکان و تێکەڵی جیهانییانە، گرنگە لە ئاوێتەبوون و تێکەڵبوونی گێڕانەوە شارستانییەکان بگەین. بەمەش مێژووی گڵۆباڵ، وەک تیۆرێک، دووبارە ڕێکخستنەوەی مەعریفەی مێژووییە، بە شێواز و فۆڕمێک هاوکارمان دەبێت لە تێگەیشتنی دیاردە خۆجێییەکان، لەمیانەی پەیوەندی بە جیهانی فراوانتر و گەورەترەوە.

        هەرچۆنێک بێت، بۆ ئەوەی زیادەی نەدەینێ و لە چوارچێوەی تایبەت بە بابەتەکە بمێنینەوە، دەڵێین مێژووی ئیسلام زۆرجار وەک مۆدێلێک بۆ ئەم چەشنە مێژووە جیهانگەرایە سەرەدەری لەگەڵدا دەکرا، بە بەهانەی ئەوەی سنوورە ڕەگەزی، کولتووری، کۆمەڵایەتی و سیاسییەکانی بەزاندووە و کایە و بوارەکانی نێو مێژووەکە، خەسڵەتی جیهانگەریان وەرگرتووە. سۆفیزمی ئیسلامی، وەک دیاردەیەکی مێژووکردی سنووربەزێن، دەشێ مۆدێلێکی زیندوو بێت بۆ ئەم ڕوانگەیە. ئەو یەکێکە لەو بوارانەی زوو وەک دیاردەیەکی گڵۆباڵ خۆی نواندووە؛ سنووری زوهدی ئیسلامی سەرەتایی بەزاندووە و بووەتە هێزێکی ڕۆحانی و هزری تۆکمە، کە بەهۆی فرەڕەهەندبوونییەوە، مەرزی نێوان کیشوەر و زمان و کولتوورە جیاجیاکانی کاڵ کردووەتەوە. دیاردە ئایینییەکە پتر لە سەدەی هەشتەم سەری هەڵداوە، بەڵام زۆری نەبردووە بەدرێژایی ڕێگای ئاوریشم و لەمیانەی تۆڕی بازرگانی زەریای هیندی و لەگەڵ کاروانەکانی بیابانەکانەوە، بەهۆی بازرگانی و کۆچ و حەجەوە تەشەنەی کردووە. لەبری سەپاندنی یەک شێوازیش، لەگەڵ ناوکۆ خۆجێییەکانی بیروباوەڕی ئایینییدا گونجاوە، بەڵام پارێزی لە کڕۆکی خۆی کردووە، کە زێتر لە خۆشەویستیی خودایی، پاکبوونەوەی دەروون، یەکگرتن لە گەڵ ڕەهایەتی و …تاد. خۆی بینیوەتەوە.

        بنەماکانی ئەم دیاردە ئایینییە، نەک هەر بەهۆی سۆفی و زاهیدە گەڕیدەکان گوازراوەتەوە، بەڵکو لە ڕێگەی تۆڕێکی زانستی و ڕێوڕەسم و نەریتی تەریقەتە سۆفییەکان و دەزگاکانیشی بڵاوبووەتەوە، کە لەم ناوکۆیەدا تەکیە و خانەقاکان وەک سەنتەرێکی تێکەڵبوونی کولتووری دەرکەوتوون و تێیاندا ئاسایی بووە شێخێکی هیندی بووبێتە مورشید و ڕێنیشاندەری موریدێکی کورد و فەقیهێکی عەرەب و زاهیدێکی فارس. خۆ لە سەدەی سێنزەوە ئەم تەکیە و خانەقایانە، بەتایبەت لە کوردستان، وڵاتی فارس، ئەنادۆڵ و باشوری ئاسیا، بوونەتە بنکەی گفتوگۆی نێوان بیروباوەڕ و ئایینە جیاکان، تەنانەت بوونەتە سەنتەری خوێندنی زانستە عەقڵی و نەقڵییەکان و توێژینەوە لە دەق و مەسەلە عیرفانییەکان لەوێدا برەوی پێدراوە. وای لێهاتووە پرسگەلی وەک یەکێتیی بوون، ئاوێتەبوونی نێوان جیهانی خودایی و جیهانی مرۆیی، پەیوەندیی ڕۆحانی نێوان شێخ و مورید…تاد. لە سەنیگالەوە بگرە تا ئەندەنوسیا، لە بەلقانەوە بگرە تا نیمچە دوورگەی هیندی، لە ئێرانەوە بگرە تا ئەوپەڕی مەغریب، گفتوگۆ و مشتومڕیان لەبارەوە کراوە و وەڵامی جیاجیای پرسەکان دراوەتەوە؛ ڕەمز و داب و نەریتە خۆجێییەکان تێکەڵ بە گوتارێکی ئیسلامییانەی گەردوونگەرا بوون و لەسەرووی تێگەیشتنە شەریعەتییە فەرمییەکانەوە جێگەی خۆیان کردووەتەوە. بەو مانایەش بێت، قسەکردن لەسەر سۆفیزم وەک دیاردەیەکی جیهانی، بەو تێگەیشتنەوەی کۆنڕاد لە کتێبەکەیدا بەیانی کردووە، چۆنێتی ئاوێتەبوون و تێکەڵبوون لەنێوان خۆجێیی و جیهانی ئاشکرا دەکات، ئەوەش دەردەخات کە بڵاوبوونەوەی سۆفیگەری هەر چەشنێک نەبووە لە هەناردەکردنی باوەڕی ئایینی ، بەڵکو پڕۆسێسێکی پێکهاتەییانە بووە، کە مەرزە کولتوورییەکانی بەزاندووە و ماناکانی من و ئەو ی گۆڕیوە و نەریتی خۆماڵی و دینامیکای جیهانی تێکەڵ بەیەک کردووە؛ کارتێکردن دروست بووە لەنێوان ڕۆحانییەتی گەردوونگەرایانە و گوزارەکردنی خۆجێییانە لە مانا و چییەتی. ئەمە لە ئەزموونی جیهانگەرایانەی هەندێک لە زانا و شێخە کوردەکان بە ڕوونی دەخوێنرێتەوە.

        دەشێت ئەزموونەکەی بڕۆینەسن هاوکارمان بێت، تا بگەڕێینەوە بۆ چینەکانی ژێرەوەی مێژووی کەڵەکەبووی کارا کوردەکانەوە؛ بەدوای ڕەهەندەکانی ناسنامەی سۆفییانەی کوردەوە بین، نەک وەک حاڵەتێکی خۆجێیی دابڕاو، بەڵکو وەک بەشێکی کارای دینامیکی مێژووی گڵۆباڵی ئیسلامیی ڕۆحانییەوە، لە میانەی خستنەڕووی ئاڕاستەکانی کاریگەری و نەخشەی بڵاوبوونەوە و فۆڕمی وەرگرتنی لە ناوکۆی غەیرە کوردییەوە. ئەمەش پێویست بەوە دەکات بزانین کەی و چۆن کورد چووەتە دەرەوەی گێڕانەوەی خۆجێییەوە و لە ڕێگەی سۆفیگەری و بە هۆی چەند ناوێکی دیاری نێو کایەکەوە، کاریگەرییەکانی بەسەر ڕەوتە ئایینییەکەدا چی بووە و چۆن بەشداربوون لەو گۆڕانە کۆمەڵایەتی – سیاسی و کولتوورییانەی ڕوویانداوە.

        لەم کورتە وتارە، بە گەڕانەوە بۆ سەرچاوەی فرەچەشن، دەخوازین بە پشت بەستن بە گێڕانەوەی مێژوویی و گەڕانەوە بۆ بایۆگرافیای کەسێتی و بەراوردکردنەوە، لە چۆنێتی گواستنەوەی هزریی سۆفیگەریی کوردی بگەین، لە کوردستانەوە بۆ شوێنەکانی دی. مەبەستیشمان تەنیا گێڕانەوەی پوختەکراوی ئەو مێژووە نییە، ئەوەندەی سەرنجڕاکێشانیشە بۆ چەردێک بابەت، کە دەشێت توێژەرانمان کاری زیاتری لەسەر بکەن، بۆ بینینی ئەو بەشدارییەی ڕەگەزە مرۆییەکە لە مێژووی گڵۆباڵدا هەیبووە. بەمەش بتوانین جێکەوتەیان بەسەر سیستمە کولتوورییە فرەچەشنەکان باشتر ببینین، بەتایبەت لە بەرهەمهێنان و شێوەگیرکردنی ئیسلامێکی عیرفانییانەی سنوور بەزێن.

سۆفيگەرى، ناسنامەى ئيسلامى كوردى

ڕەنگە ئەستەم بێت بتوانین مێژووی پەیوەندی کورد و سۆفیگەری لە چەند لاپەڕەیەکدا کورت بکەینەوە. تەنیا دەتوانین ئەوە بڵێن سۆفیگەری وەک گرنگترین کایەی ئایینی و نزیکترین دەرکەوتەی ئیسلام بووە لە کۆزەینی کوردەوە. بە جۆرێک زۆر لە ڕەهەندەکانی تێگەیشتنی کوردانە بۆ ئیسلام لەسەر باوەڕی سۆفیانە دامەزراوە، یان ڕەنگڕێژ کراوە. لە قۆناغی زووی دوای سەرهەڵدانی سۆفیگەری ئیسلامی، هەر لەسەدەی نۆیەمی زایینییەوە، ئەم کایەیە ڕۆڵی ئایینی و کۆمەڵایەتی گرنگی لە پانتاییە کوردییەکە هەبووە. چ جێگیرکردنەوەی تێگەیشتنی عیرفانیانە بۆ ئایینی ئیسلام بووبێت، یانیش لە گونجاندنی و پەیوەندی داڕشتن لە نێوان ئەو سیستمە باوەڕییەی ئیسلام کاری پێ دەکرد، لەگەڵ ئەو  سیستمە  خۆجێییانەی لە هەندێک بەشی پانتاییەکەدا مابوو. ئەمە سەرباری خۆگونجاندنی سۆفیگەری لەگەڵ تێگەیشتنی سۆسیۆ – ئایینییانەی جڤاکی کوردی و دروستبوونی جۆرێک لە پەیوەندی تەواوکارییانە، لە نێوان تایبەتمەندییەکانی ئەم تێگەیشتنەی ئیسلام و هەندێک لە دەرکەوتەکانی شوناسی هەمەگیریی کوردی لە قۆناغی کلاسیکی مێژووەکەیاندا.

ئەگەر ئەم پڕوسێسە لەو قۆناغە زووەدا دەستی پێکردووە ئەوا سەرەتایەک بووە بۆ مێژووییەکی بەردەوامی نیشتەجێبوونی سۆفیگەری لە پانتاییەکە و داڕشتنی هەندێک لە ڕەهەندەکانی کەسێتی مرۆڤی باوەڕدار، بە پشتبەستن بە کۆمەڵێک چەمک و دەستەواژەی  ئایینی- عیرفانی، کەبوونەتە  بەشێکی تێگەیشتنی تەواوی ئایینەکە. بەچەشنێک جیهانبینی مرۆڤی ئێرەیان لە چوارچێوە گرتووە، تا وایلێهاتووە دەتوانین لە میانەی خوێندنەوەی مێژووی سۆفیگەری کوردی، گەشەسەندنە دیار و نادیارەکانی بیروباوەری ئیسلامی لە زەمینە جوگرافییەکە بە شرۆڤە بکەین، چ لەو ڕوانگەیەوە بێت کە چۆن سۆفیگەری پێناسەی خوداناسینی بۆ مرۆڤ کردووەتەوە و سنوورەکانی ناسین و حەقیقەتەکانی پشتی دیاری کردووە، چ لەوەشدا گوزارشتی لە دەربڕینێکی ئایینی کردووە، کە لە نێوان کورداندا جێگیر بووە. بەمەش، وەک لە توێژینەوەیەکی تردا ڕوونمان کردووەتەوە (لەشکری: ٢٠١٢، ١١-١٢)، مرۆڤگەلێک و چەندین گرۆی کۆمەڵایەتی – ئایینی دەرکەوتوون لە دەرەوەی ئیسلامی باوی هەمەگیر و فەرمییەوە ویستوویانە ئەم گوزارشتە بکەن.

        هەرچۆنێک بێت، بەردەوامێتیی سۆفیزم لە پانتایی کوردی، لەو سەرەتایەوە بۆ ئێستا، سەرباری ئەوەی بووەتە بەشێکی سیستمە کولتوورییەکە، بە سیستمی خوێندنی ئایینییشەوە گرێدرابوو، بەچەشنێک هزریی عیرفانی و زانستە عەقڵییەکان، کە لە قوتابخانەکان خوێندراون، بووەتە ڕەگەزێکی ناسنامەی زانستییانەی زۆرێک لە زانا کوردەکان. بەرهەمی ئەم قوتابخانانە لە دەستنوس و سەرچاوە دەمانخەنە بەردەم بە گێڕانەوەیەکی مێژوویی ئەوتۆ، کە تێیدا دەبینرێت زانایانی سۆفی مەشرەب نەک هەر خەریکی ڕاهێنان و ڕیازەتی ڕۆحانی بوونە، بەڵکو لە بونیادنانی چوارچێوەی سیستمە فێرکارییەکەشدا بەشدار بوون و درەنگتریش، بەو پێگەیشتنە زانستییە، جێکەوتەیان نەک هەر بەسەر کوردستان بەڵکو بەسەر ناوچەی تریشەوە هەبووە. لێرەوە دەتوانین بڵێین بەدرێژایی سەردەمی کلاسیک تا دەستپێکی قۆناغی مۆدێرنیش، دەستەبژێری کوردی بەشداری لە پڕۆسەی بەخۆجێییکردنی دیاردە ئایینییەکە، پاشان گواستنەوەی بۆ پانتاییەکی فراوانتر کردووە و ڕۆڵیان لە شێوەگیربوونی گوتاری کایە ئایینییەکە لە ئاستێکی جیهانیدا گێڕاوە، ئەگەرچی زۆرجار ئەم ڕۆڵەیان نادیدە کراوە.

 سۆفییەکانی پانتایی کوردی و بەجیهانیکردنی ڕەوتە عیرفانییەکان

        بەشداری کوردان لە هزری سۆفیگەری، هەر لەچوارچێوەی تێێگەیشتنە باوەکان و ڕەوتە فەرمیی و قەبوڵکراوەکان لە ئاستی کۆمەڵایەتی نەماوەتەوە، بەڵکو لە برەودان بە تێگەیشتنە عیرفانییەکان و بە جیهانیکردنی ڕەوتە فەلسەفییەکانی نێو کایە ئایینییەکەشدا دیارە. وەک دەزانین سۆفیگەریی فەلسەفی ئاوێتەیەکی تێڕامانی میتافیزیکی و ئەزموونی عیرفانییانەیە، شرۆڤەیەکی کڕۆکییانە پێشکەش دەکات، کە مەرزی لێکدانەوە و تێگەیشتنە فیقهی و قوتابخانە کەلامییەکان دەبەزێنێت. ڕەنگە هەریەک لە مەنسوڕی حەللاج، شەهابەدینی سوهرەوەردی و ئیبن عەرەبی، نموونەی هەرە باڵای ئەم ڕەوتە هزریی – ڕۆحانییە بن. هەریەکەیان بە داڕشتنی ڕوانگەیەکی گەردونییانەی ئاڵۆز و تێکەڵ جیادەکرێنەوە، کە پتر پەیوەستە بە حوزووری خودایی لە جیهاندا. سەرباری جیاوازی ناوکۆی هزری هەرسێکیان، بەڵام بەشداربوونە لەوەدا کە توانیویانە بونیادێکی میتافیزیکانە بۆ بوون بنەخشێنن و وەک جیلوەدانی هەمیشەی خودایەتی بینوێنن.

  ئەوەی دەمانەوێ لێرە باسی بکەین ڕۆڵی زانا کوردەکانە لە پاراستن و هێشتنەوە و بەجیهانیکردنی تێز و بۆجوونەکانی ئەم سێ کەسێتییە.

فارسى دینه‌‌وهرى و دامهزراندنى گرووپى حه‌للاجیی – فارسیى

        وەک دەگێڕدرێتەوە حه‌للاج گه‌لى سۆفییانى كرده‌ دوو به‌ره؛ یار و نەیار‌. له‌ سه‌رچاوه‌كاندا، له‌و به‌ره‌یه‌ى یاری ئەو بوون،‌ به‌زۆرى ناوى سۆفییەکی یەک لە دیارترینی شارە کوردنشینەکانی چەند سەدەی یەکەمی مێژووی ئیسلامیی کوردی دێت، ئەویش دینەوەری ڕۆژهەڵاتی کوردستانە و سۆفییەکەش فارسى دینه‌‌وه‌رى بووە. ئەم کەسە خۆی بۆ حەللاج ته‌رخان کردووە، پەیوەندییەکەی له‌گه‌ڵ ئەم شێخە له‌ سنوورى په‌یوه‌ندیى نێوان شێخ و مورید و سه‌رسام بوونى مورید به‌ بیروبۆچوون و كاریگه‌ربوونى به‌ چاره‌نووسى شێخه‌كه‌ى نەوەستاوە. بووەتە‌ یه‌كێك له‌ جێنشینه‌‌كانى و كاری له‌سه‌ر هزرى حه‌للاجى کردووە، بۆ دروستكردنى وێنایه‌كى ئه‌رێنییانه‌‌ و بره‌و دان به‌ بیروبۆچوونه‌‌كانى (لەشکری، ٢٠١٢: ١٥٦). نه‌‌ك هه‌ر ئه‌مه‌ به‌ڵكو ده‌ستی به‌ ڕاڤه‌كردن و روونكردنه‌‌وه‌ى مه‌به‌سته‌كانی کردووە،  تا وایلێهاتووە تایبه‌تمه‌ندى وه‌رگرتووە له‌ بینینى شێخەکەی بۆ ئاسته‌كانى په‌یوه‌ندیى نێوان مرۆڤ و خودا. كاركردنى فارس له‌سه‌ر ئه‌و لایه‌نه‌‌ واده‌كات، له‌ نێو كولتوورى سۆفیگه‌ریدا، وه‌ك ڕه‌مزێكى به‌رهه‌مهێنه‌‌رى ئه‌م جۆره‌ هزره‌ بناسرێ، جا چ تۆمه‌تباركردنى بێ به‌ زیادكردن شتگه‌لێك له‌سه‌ر بیروباوه‌ڕى حه‌للاج، یانیش هه‌ر خۆى مه‌به‌ستى بووبێ له‌م لایه‌نه‌‌ى بیرى سۆفیگه‌رى قووڵ ببێته‌وه‌. هەر ئەمە وای كردووه‌ ئەم سۆفییەی دینەوەر له‌ نێو گرووپى حلولییه‌ حه‌للاجییه‌كان دابنرێت، ئه‌مانه‌‌ش وا ده‌ناسێنرێن كه‌ باوه‌ڕیان به‌ حه‌للاج له‌ سنوورى ئاساییه‌وه‌ په‌ڕیوه‌ته‌وه‌ بۆ سه‌روو ئاساییه‌وه (ماسینیون، ٢٠٠٤: ١/ ٧٢، ٦٦٧). جێکەوتەی فارسى دینه‌‌وه‌رى بەسەر ئەم بواره‌ و له‌ پرۆسه‌ى به‌گرووپكردنى یار و په‌یڕه‌وانى حه‌للاج ئه‌وه‌نده‌ به‌رفره‌ بووە، تا دەگوترێت لقێكى سه‌ربه‌خۆى له‌ نێو گرووپى حلولییه‌كان هێناوەتە‌ دى، كه‌ ناوى ئه‌ویان هه‌ڵگرتبێت، واتا فارسییه‌كان (الهجويري، ١٩٨٠: ٢/٥١٢). ئه‌مەش‌ ڕێبازێکی حه‌للاجییە‌ و جگه‌ له‌ یاوه‌رانى فارس كه‌سى دى هه‌ڵگرى ئه‌و ڕێبازه‌ – واتا حلولى- نەبوونە. لەمەش‌ تێده‌گه‌ین فارس ڕێبازى حلولى له‌ حه‌للاجییه‌تدا چڕ كردۆته‌وه‌، به‌مه‌ش  جۆرێك له‌ تایبه‌تمه‌ندى وەرگرتووە‌ كه‌ په‌یوه‌ست بوو به‌ جیهانبینى حه‌للاجییانەوە‌‌.

        بانگەوازی ئەم سۆفییە بۆ ڕێبازەکەی حەللاج بەرفراوان بووە؛ ڕووى كردۆته‌ هه‌رێمى خوراسان و له ‌شارى سه‌مه‌رقه‌ند گیرساوه‌ته‌وه‌، ده‌گوترێت له‌وێ ڕێبه‌رێتى ڕێكخستنه‌‌وه‌ى بانگه‌وازى حه‌للاجى كردووه. وادیاره‌ بانگه‌وازه‌كەشى ئاكامى باشى هه‌بووه‌، بۆیه‌ ده‌بینین به‌ڕێزه‌وه‌ باس له‌و قۆناغه‌ى ژیانى و په‌یوه‌ندیى به‌ گه‌وره‌ زاناو فه‌قیهه‌كانى ئه‌وێ ده‌كرێت.

شارەزووری و پاراستنی نەریتی ئیشراقی

        لەناوکۆی ئیسلامیدا چەندین ڕەوتی جیاوازی هزری دەرکەوتوون، کە ڕەنگدانەوەی بەریەککەوتنی ئاڕاستە فەلسەفی و عیرفانییە جیاوازەکان بوون و هەڵگری خەسڵەت و تایبەتمەندی خۆجێییانەی ڕەسەن بوون. هزری ئیشراقی یەکێک بوو لەمانە، کە بە پلە یەک لەسەر دەستی شەهابەدینی سوهرەوەردی (م. ٥٨٧ک/١١٩١ز) دامەزرابوو و هەر بە ناوی ئەویشەوە دەناسرایەوە. ئەم سیستمە هزرییە بە خاڵێکی وەرچەرخان لە تێگەیشتنی فەلسەفیی عیرفانی دادەنرێت و لەزۆر بابەت و پرس، لە تێگەیشتنی باودا، سنووربەزێن بووە. بۆیە هەر زوو دژایەتی کراوە؛ سوهرەوەردی کوژراوە و کەسانێک، گەر لە کردەوە جوامێر و لە هزر جەربەزە نەبوونایە، جورئەتی ئەوەیان نەکردووە خۆیان وەک هەڵگری بیروڕایەکە ناساندبێت و کەوتوونەتە بەردەم ئەگەری لەناچوونەوە. مەگەر ئەم کەسانە نەبوونایە، کە ئەوەند باوەڕیان بە سوهرەوەردی کردووە، جەربەزەیی ئەوەیان تێدا ڕسکاوە پەیڕەوی لە تێز و بۆچوونەکانی بکەن. شەمسەدينى شارەزووری لەم کەسانەیە، کە يەكەمين گەورە فەيلەسوفى ئيشراقى دواى سوهرەوەردى بوو.

        شەمسەدینی شارەزووری جەربەزەیی ئەوەی هەبووە دەست لە فۆڕمی باوی بیرکردنەوەی فەلسەفییانە هەڵگرێت، بە ئەزموونێکی عیرفانی قووڵدا تێپەڕێت و بە کاریگەری ئیشراقی سوهرەوەردی وەک حەکیمێکی خودایی، کە لە ناوکۆ هزرییەکەدا باڵاترین پلەی عارفێتییە، خۆی بنوێنێت. هاتووە چەندین کتێبی نووسیوە بۆ ڕوونکردەنەوەی ئەم ئاڕاستە هزرییە، لەگەڵ شیکردنەوە و شرۆڤەکردنی تێز و بۆچوونەکانی مامۆستا ڕۆحییەکەی و خستنەڕووی تێگەیشتنی خۆی بۆ چەمک و بنەماکانی ئیشراق (لشکري، ٢٠٢٣). هەر ئەمەش وایکرد ئەڵقەی هەرە سەرەکی بێت، بۆ هەرکەسێک دواتر ویستبێتی بە ئیشراق ئاشنا ببێت.

کاریگەری و جێکەوتەی فەیلەسوفە ئیشراقییەکەی شارەزوور، زێتر بەسەر ئەو قوتابخانە فەلسەفییە درەنگ وەختە چاوەڕوانکراو بوو، کە پێی دەگوترێت قوتابخانەی ئەسفەهان. لەسەدەی شانزەی زایینی، لەگەڵ دامەزرانی دەوڵەتی سەفەوی لە ئێران، قۆناغێکی نوێی مێژووی فەلسەفەی عیرفانی لە پانتاییەکەدا دەستی پێکرد؛ قوتابخانەیەک کە ورد سەرەدەری زۆری لەگەڵ سوهرەوەردی و تێزەکانی کردووە، بۆیە لە ناسینەوەی هزری ئەم شێخە، دەبایە بگەڕێنەوە بۆ شارەزووری. میرداماد (م. ١٦٣١ز)، کە بە دامەزرێنەری ئەم قوتابخانەیە دادەنرێت، یەکێک لەو کەناڵانەی بەهۆیەوە سوهرەوەردی ناسیووە بەرهەمەکانی شەمسەدین بوون. ئەو، ئەم فەیلەسوفەی شارەزوور، وەک یەکێک لە پەیڕەوکارانی سوهرەوەردی دەناسێنێت و لە چەندین جێگە، لە کتێبی القبسات ەکەی، چووەتەوە سەر بۆچوونەکانی شارەزووری (١٠٣، ١٦٣). دیارترین فەیلەسوفی ئەم قوتابخانەیە، کە سەرەدەری لەگەڵ ئیشراقدا کردووە، سەدرەدینی شیرازی ناسراو بە مەلا سەدرایە (م. ١٦٤٠ز)، ئەو شارەزووری وەک یەکێک لە کۆڵەكە بنەڕەتییەکانی فەلسەفەی ئیشراق دەبینی، کە بە سوهرەوەردی دەستی پێکردووە؛ لە ڕیزی ئەوانەی داناوە، کە جیاواز لە مەشائییەکانی وەک فارابی و ئیبن سینا، قسەیان لەبارەی زانینی خودایی بۆ شتەکان کردووە. هەربۆیەشە بۆ ئەو (١٩٩٠: ١/١١٥؛ ٣/١٨١)، بووەتە ژێدەرێکی ناسینی ئیشراق و ڕوانگە و هزری حەکیمانی خودایی .

لەدەرەوەی جوگرافیای ئەم قوتابخانەیەشدا، درەنگتر لەنێو بازنەی زانستیی عوسمانیدا، شارەزووری ئامادەیی هەبووە. کتێبی پەیامەکانی یەکێک بوو لە دەقە بنەڕەتییەکانی فەلسەفەی ئیسلامی و ئەو زانایانەی لەوێ خۆیان بە فەلسەفە سەرقاڵ کردبوو، گرنگیان پێداوە. تەنانەت لەلایەن نوسەر و دیپلۆماتی ناوداری عوسمانی محەمەد یەرمزقز چەلەبی ئەفەندی (م. ١٧٣٢)دا، بەناونیشانی ثمرات الشجرة چەند بەشێکی وەرگێڕدراوەتە سەر زمانی تورکیی – عوسمانی (Pourjavadi & Schmidtke, 2006: 76,79). ناوەڕۆکی پەیامەکانی شارەزووریش ئەم ئارەزوو و پێداویستییە مەعریفییەی ئەوانی بەجێ دەگەیاند، کارێکی ئەنسایکلۆپیدیانەی فەلسەفە و زانستە ئیسلامییەکان، کە تێیدا بە مێتۆدێکی جیاوازەوە زانستەکانی پۆلێن کردووە.

ئیبراهیمی گۆرانی بەجیهانیکردنی یەکێتیی بوون

لە سەدەی شانزە و هەژدەدا، پەرەسەندنی داهێنەرانەی سیستمی خوێندنی کوردی، کە سەرنجی زۆر لە گەورە توێژەرانی وەک عیماد عەبدولسەلام ڕەوف و خالید ڕوەیهب و چەندانی دی ڕاکێشاوە، بە گرنگیدانی زیاتر لە هی شوێنەکانی تر بە زانستە عەقڵییەکان و جێکردنەوەیان لە ناوکۆی فێرکاریدا ناسرایەوە. لێرە، ئاوێتەبوونێک لەنێوان بنەما عیرفانییەکان و شرۆڤەی عەقڵیی کەلامناسانە و مەشائییانە چێ بوو، کە بواری بە دەرکەوتنی ژینگەیەک بۆ گفتوگۆی کەلامی و هزری عیرفانی ڕەخساند. ئەم نەریتەش هەر لە کوردستان نەمایەوە، بەڵکو زاناکانیان، لەوانەش گۆرانییەکان، بەرزنجەییەکان، حەیدەرییەکان…تاد. نەریتە خۆجێییەکەیان بۆ شوێن و دەڤەری نزیک و دوورەدەستی پانتاییە ئیسلامییەکە گواستۆتەوە و جێکەوتەیان بەسەر دیمەنی هزریی زۆر ناوچە هەبووە. یەکێک لەو زانا کوردانەی زۆرترین ڕۆڵی لەم بوارەدا هەبووە و هزر و بیرۆبۆچوونەکانی لە ئاستی جیهانی ئیسلامیدا دیارە، ئیبراهیمی کوردی گۆرانیی شارەزووری (١٦١٦-١٦٨٩)، کە یەکێکە لە دوایین ئەو کەسایەتییانەی قۆناغی درەنگی مێژووی کلاسیک، کە کاریگەریی قووڵی بەسەر کۆی هزریی ئیسلامییەوە هەبووە. بە موجەدیدی سەدەی حەڤدەمی زایینی دەزانرێت، بەتایبەت لە ڕووتەختی هزریی سەنتەری دەرکەوتنی ئیسلام؛ لە وڵاتی حیجاز.

پێگەیشتنی هزرییانەی ئیبراهیمی گۆرانی لە کوردستان بوو. بەپێی مێژوونوس و گەڕیدەکان بێت، ئیبراهیمی گۆرانی کەلامناسی، مەنتق و فەلسەفەی لە وڵاتی خۆیدا خوێندووە (ضميرية، ٢٠٢٤: ١٣٥-١٣٦)، بەڵام ئاشنا بوونی بە موحیەدین ئیبن عەرەبی، کە پتر بەمە ناسراوە، زیاتر لە وڵاتی شام بوو. خۆی گوتویەتی کە عەشقی قسەکانی ئیبن عەرەبی بووە و سەردانی گۆڕەکەی کردووە و پەیامەکانی خوێندۆتەوە و لە چییەتی هزرەکەی گەیشتووە. ئەو لەدەرەوەی ئەو فۆڕمە سۆفیانی کورد سەرەدەریان لەگەڵ عیرفانی فەلسەفی هەبووە، پەیوەست بووە بە جیهانبینییە عیرفانییەکەی محیەدین ئیبن عەرەبییەوە، کە هەندێک لە دیارترین زانایانی کورد سەرقاڵ بوونە بە چەمکە بنەڕەتییەکانی، بەتایبەت چەمکی یەکێتی بوو – وحدة الوجود . ئەم کاریگەریە هەر لە سەردەمی ئیبن عەرەبیەوە دەستی پێکردووە. داکۆکیی گۆرانی لەو چەمکە ئاڵۆزە، بە دیارترین بەشداریی هزرییانەی ئەو دادەنرێت. بەرگری لە بنەمایەکی پەیوەست بە گەورە سۆفییەکەی ئەندەلوس، کە گریمانەی ئەوە دەکات هەر بوونێک دەرکەوتنێکی تاکە حەقیقەتی ڕەهای خودایە. داکۆکییەکەی گۆرانی دووبارەکردنەوەی ئارگیومێنتەکانی پێشوو نەبووە لەسەر چەمکەکە و ماناکانی. بەڵکو هەوڵێکی ئاڵۆزی خۆی بووە، بۆ ئاشتکردنەوەی ئەم چەمکە میتافیزیکییە – عیرفانییە، بە خوداناسیی نەریتییانەی ئیسلامی.

ناوەندگیریی زاناکەی شارەزوور لەنێوان نەریتیی عیرفانیی ئیسلامی و زانستە عەقڵییەکان، بەتایبەت لە نزیکخستنەوەی تێز و نەهێشتنی دژیەکییەکانی نێو هزری ئیبن عەرەبی، هۆکاربوون بۆ ئەوەی ببێتە سەرچاوەیەکی باوەڕپێکراو و لەدوای خۆی میراتێک بخاتە سەر مێژووی هزری ئیسلامی. چارەسەری گۆرانی بۆ ئەم دژیەکییەکان، لە میانەی جەختکردنەوە لەسەر تێگەیشتنێکی فرەچین بۆ جیلوەی زاتی خودایی، ڕێگەی بەوە داوە تێزەکانی لەنێو شرۆڤە جیاوازەکان بۆ چەمکی یەکێتیی بوون جێگەیان ببێتەوە، نەک هەر ئەمە، بەڵکو چەمکەکە بخاتە نێو چوارچێوەیەکی گەورەترەوە (Knysh, 1995: 41). بەمەش نەک هەر ڕەوایەتی بە میتافیزیکای عیرفانی لەنێو نەریتیی ئیسلامی بەخشی، بەڵکو چوارچێوەیەکی بۆ تێگەیشتن لە فرەچەشنی هزری سۆفیگەریی ئیسلامی دابین کرد.

هەرچۆنێک بێت ئیبراهیمی گۆرانی نموونەی هەرە باڵای کاریگەریی و جێکەوتەی هزری پێگەیشتووی زەمینەی کوردییە لە دەرەوەی سنوورە جیۆ – کولتوورییەکاندا. سەرچاوە مێژووییەکان ئاماژە بەو زنجیرەی ئیسنادە دەدەن، کە ئەوی بە تۆڕێک لە زانایان لە مەغریبەوە بگرە تا ئەندەنوسیا بەستبۆوە و سەدای هەڵوێستە هزرییەکانی لەو پانتاییە جوگرافییەدا بیستراوە. زیاتریش لە ئەندەنوسیا جێکەوتەی هزریی ئەم زانا کوردە دەبینرێت. کاریگەرییەکانی ئیبراهیمی گۆرانی و جێنشینە کوردەکانی بەسەر ئەندەنوسییەکان فرەڕەهەند بووە؛ سۆفیگەری تەریقەتی (وەک ئەلقەی زنجیرەی چەندین تەریقەتە بۆ ئەوان لەوانەش، خەڵوەتی، شاتری و نەقشبەندی)، عیرفانی فەلسەفی، کەلامناسی و فیقهیی شافیعی گرتۆتەوە، کە جێکەوتەی هەرە دیاری بووژاندنەوە و شێوەگیرکردنی هزر و کرداری میانڕەوییە لە خوێندن و دەورکردنەوەی تێزە هەرە یاساخکراوەکانی نێو عیرفانی فەلسەفی، بە فۆڕمە ئیبن عەرەبییەکەی. زۆر لەو مشتومڕانەی هەبوونە، بە پەیامەکانی ئەو دەستیان پێکردووە و هەر ئەویش کۆتایی پێهێناون. زانا دیارەکانی سەردەمەکەی، لەگەڵ ئیبن عەرەبی بوونایە، یان دژ بەو، دەبایە تێز و بۆچووونەکانی ئەم گۆرانییە بخوێننەوە، ئینجا هەڵوێست وەربگرن.

دواجار دەخوازم ئاماژە بەوەبدەم، برۆینەسن (2011) ڕوونی کردووەتەوە، ئەم زانا گۆرانییە تاکە زانای کورد نەبووە، کە مورید و قوتابی ئەندەنوسیان هەبووە، بەڵکو بە گشتی خەڵکی باشوری ڕۆژهەڵاتی ئاسیا، ئەگەر دەهاتن بۆ خوێندن لە بنکە زانستییەکانی ڕۆژهەڵاتی ئیسلامی، زانا کوردەکانیان وەک مامۆستا هەڵبژاردووە، ئەمەش چونکە زۆرینەیان وەک کوردەکان سەر بە مەزهەبی شافیعی بوون، تەنانەت ئەم نوسەرە ئاماژە بە هەبوونی نزیکایەتییەکی ڕۆحانی لەنێوان ئەندەنوسیی و کوردەکان دەدات، کە خۆی لە هاوشێوەبوونی فۆڕمی باوەڕداری و زوهدگەری و دڵسۆزی بۆ ئایین دەبینێتەوە.

ئەلقە کوردستانییەکانی زنجیرەی تەسەوف

        ئەم ڕۆڵگێڕانەی سۆفی و زاناکان، ڕەنگدانەوەی ئەو پەرەسەندنە مێژووکردە بوو، کە لە کوردستاندا کایەکەی پێدا تێپەڕیوە، هەر لەو دەمەی بەرجەستەی ئەزموونی عیرفانی تاکەکەسییانەی کردووە، تا بووەتە سیستمێکی تایبەتمەندی کولتووری، ڕێوڕەسم و سرووتی فرەچەشنی هەبووە، لە چوارچێوەی چەندین فۆڕمی پەیوەندی کەسەکانی نێو سیستمەکە بەیەکەوە گرێدراون.

        یەکێک لەو بوارانەی کەسێتییە سۆفییەکانی کوردستان تێیدا وەک ئەلقەی گرنگی سۆفیگەری نوێندراون، زنجیرەی سۆفیانە؛ ئەو زنجیرەیەی ئاماژەیە بۆ بنەچەیەکی ڕۆحانی؛ ئەڵقەکانی گواستنەوەی زانستە ڕۆحانییەکان و گواستنەوەی تەریقەتن. توێژەرێک(العطاس، ٢٠٢٥: ٤٨١-٤٨٢)، پێیوایە شێخانی سۆفی ئەو زنجیرەکارییە و ڕەگەزدۆزییەیان لەپێناو ئەوەدا کردووە، تا جموجۆڵی زانستییانەی خۆیان ڕێک بخەن، بەتایبەت ئەگەر دەبینین زنجیرە لە شێوەی ئیسناد داڕێژراون، کە فەرموودەناسان پشتیان پێ بەستبوو لەپێناو گەیشتن بە ڕاستی و دروستی فەرموودە، شێخەکانیش هاتوون بۆ سەلماندنی دروستیی گواستنەوەی ڕێسا و ڕێنماییە ڕۆحانییەکان و گەڕانەوە بۆ بنەچە و زەمینەی پێغەمبەری ئەم زنجیرەبەندییەیان برەو پێداوە.

        لە .زنجیرەی زۆربەی تەریقەتە دیارەکان ناوی چەندین کەسێتی دێت، بەهۆیانەوە ئەم زنجیرەیە بە نەپساوی ماوەتەوە، ڕەنگە لە یەکەمین ئەو کەسێتییانەی کوردستان مەمشادی دینەوەری (م. ٨٨٢ز) بێت. بێگومان تێڕوانین و كه‌سایه‌تى مه‌مشاد به‌ر له‌ هه‌موو كه‌س و شوێنێك كاریگه‌ریى به‌سه‌ر شاره‌كه‌ى خۆیدا هه‌بووه‌، به‌تایبه‌ت له‌سه‌ر ئه‌و سۆفییانه‌‌ى دینه‌‌وه‌ر، كه‌ له‌ دواى ئه‌ودا ناویان ده‌ركردووه‌ و له‌ مورید و كه‌سه‌ نزیكه‌كانى خۆى بوون، ئه‌وه‌ى له‌ هه‌موویان زیاتر له‌و نزیك بووه‌ شێخ ئه‌بولعه‌باس ئه‌حمه‌دى كوڕى سیاه‌ ئه‌سوه‌دى دینه‌‌وه‌رییه[1]. هەریەک لە‌ مه‌مشاد و ئەم جێنشینەی، له‌دواى قۆناغى دامه‌زراندنى سۆفیگه‌رى، یادیان هه‌ر ماوە و له‌ دووتوێى كولتوورى ئایینى كوردیدا جێگەیان بووەتەوە، ئەوان وه‌ك دوو قوتبى چل ته‌ن ، یان با بڵێین، دوو له‌ چل عارفى پیرۆز له‌ كولتوورى ئایینى ئه‌هلى هه‌ق ماونه‌‌ته‌وه‌، ئه‌گه‌رچى مانه‌‌وه‌كه‌شیان ته‌نیا به‌ناوه (خواجەدین، ١٣٤٩: ١٠)‌، كه‌ ڕه‌نگه‌ ئه‌مه‌ش به‌ڵگه‌ بێت له‌سه‌ر كاریگه‌ریى دوورمه‌وداى كه‌سێتیه‌كانیان له‌ ناوه‌ندى عیرفانى كوردیدا. ناویان هەر لەنێوخۆی کوردیدا نەماوە، ئەوەتا دەبینین لە زنجیرەی زۆر لە تەریقەتەکان (خەڵوەتی، چەشتی، سوهرەوەردی…تاد.) ناویان دێت.

        بەهەمان شێوە سۆفی ناودار‌‌ ئه‌بولحه‌سه‌نى هه‌كارى (م. ١٠٩٣ز)؛ سۆفییەکی نەریتگەرا، کە تەنانەت ئیبن ته‌یمیه‌ له‌ ریزى وه‌لییه‌كانى خودا و ڕاستگۆكان و چاكه‌كار و په‌یڕه‌وكارى سوننه‌‌ دایناوە (١٩٨٩: ٣/٣٧٧)، یەکێکی ترە لەو شێخانەی کوردستان، کە کاریگەریی بەسەر شێوەگیربوونی زنجیرەی سۆفییان بە ڕوونی دەردەکەوێت. ناوی ئەو لە زنجیرەی زۆر لە تەریقەتەکان دێت، لە لق و پۆپەکانی قادرییەوە بگرە لە هەر شوێنێک بن، تا بە تەریقەتی سەممانی دەگات لە سودان.

        هەبوونی ناوی ئەم سۆفیییانەی کوردستان لە نێو زنجیرە هەرە بنەڕەتییەکانی سۆفیگەری ئیسلامی، هەر تەنها بۆ ڕەوایەتیدان نەبووە بە ڕەهەندی زەمەنییانەی زنجیرەکە، بەڵکو وەرگرتنی شەرعییەت بووە لەو پێگەیەی ئەم شێخانە لە سەردەمی خۆیاند هەیانبووە و ڕەنگدانەوەی بەشداریی ئەوانیشە لە بەخشینی مانای ڕەمزی بە زنجیرەکە. بەتایبەت ئەگەر دەبینین، بەشێوەیەکی گشتی، زنجیرە وەک ئامرازێکی بەهێزی گوتارییانە بەکارهێنراوە لەپێناو کۆکردنەوەی پەیڕەوکارانی تەریقەتێکی دیاریکراو لە قۆناغە جیاوازەکانی گەڵاڵەبوونی سیستمەکەی، کە لە سەرووی دابڕانە جوگرافییەکانەوە، بە کەسی یەکەم گرێدراون (العطاس، ٢٠٢٥: ٤٨٢). بەو مانایە زنجیرە پەیڕەوکارانی خستۆتە نێو دۆخێکی پەیوەندیی چەمکییانە، وایکردووە وا بیربکەنەوە سەر بە نەریتێکی دیاریکراوی ئایین ین و دواجار لە ڕێگەی ئەم ناوانەی زنجیرەکەیان پێکهێناوە ڕۆحییانە بە پێغەمبەر، وەک کەسی یەکەمی زنجیرەکە، پەیوەست دەبن. هەر ئەمەش وایکردووە چیدی ناوی سۆفییەکانی کوردستان وەک ناو نەبەن، بەڵکو ببنە بەشێکی یادەوەریی کولتووریی تەریقەت و سەربوردە و بەسەرهاتیان، لە هەر شوێنێک تەریقەتەکە هەژموونی هەبووبێت، بگێڕدرێنەوە.

سۆفیی کورد و بەخشینی ناسنامەی جیهانی بە تەریقەت

        تەریقەتە سۆفیییەکان، گرنگترین ئەو سیستمە ئایینیی – کۆمەڵایەتییانە بوون ، کە ڕۆڵیان لە بڵاوکردنەوەی ئیسلام لەدەرەوەی چوارچێوەی جوگرافییە یەکەمینەکەیدا هەبووە، بەتایبەت لەنێوان سەدەکانی دە تا نۆزدەی زایینی. ئەم تەریقەتانە، کارێکی دووانەییان ئەنجامداوە، کە خۆی لە ڕێنمایی گیانەکی و لەچوارچێوەدانی کۆمەڵایەتیی – کولتووریدا بینیوەتەوە. ئەوان پشتیان بە ڕێوڕەسمی باتنییانەی وەک زیکر و چاودێری ڕۆحانی و پەیوەندیی فێرکارییانەی ڕاستەوخۆی نێوان شێخ و مورید بەستووە، لە پێناو تەشەنەکردن و بڵاوبوونەوە (Hermansen, 2023). سەرکەوتنیشیان لە دروستکردنی مێژوویەکی گڵۆباڵ بۆ ئیسلام، بە پلە یەک، دەگەڕێتەوە بۆ توانای خۆگونجاندنیی کولتوورییانەیان لەگەڵ سیستمە کۆمەڵایەتییە فرەچەشنەکان. بەتایبەت کە، بە ڕەچاوکردنی تایبەتمەندیی سۆسیۆ – ئایینیی هەر ناوچەیەک، ڕێگەیان بە ئاوێتەکردنی بنەماکانی ئیسلام و نەریتە خۆجێییەکان داوە (Weismann, 2015, 134). هەربۆیە دەبینین تۆڕی ئەو پەیوەندییە سنووربەزێنانەی تەریقەتەکان دایانهێنا، ڕۆڵی هەبووە لەوەی ناونراوە کۆزمۆپۆلیتای سۆفیگەری ، وەک تایپێکی ئایینی، کە جۆرێک لە بەهای ئەخلاقی و ڕوحانی بڵاودەکاتەوە، سنووری نەتەوە و مەزەب دەبڕێت و ڕێگە بە دروستبوونی پەیوەندیی دەستەجەمعییانەی تۆکمە، لەنێو جڤاکەکاندا دەدات. لێرەوە ناتوانین لە پڕۆسێسی بەجیهانیبوونی ئیسلام بگەین، ئەگەر ڕۆڵی تەریقەتە سۆفییەکان، وەک هۆکارێکی سەنتەرییانەی بە موسڵمانکردنی کۆمەڵە مرۆییە فرەجۆرەکان لە ڕووی کولتووری و جوگرافی، لەبەرچاونەگرین.

        سەبارەت بە بابەتەکەی خۆمان، ئەگەرچی دەستەی یەکەمی سۆفییانی کورد دامەزرێنەری هیچ تەریقەتێکی سەربەخۆ نەبوونە، بەڵام هەر ئەوان ڕۆڵیان لە گەڵاڵەکردنی ئەو سیستمە باوەڕیی – سروتییە هەبووە، کە دواتر وەک تەریقەت دەناسرێن. ئەوان ئاماده‌ییه‌كى به‌هێزیان له‌نێو ئه‌و جۆره‌ سیسته‌مه‌دا هه‌بووه‌، کە له‌سه‌ده‌ى، یانزەی زایینییەوە گه‌ڵاڵه‌‌ بوون (قادری و ڕیفاعی…تاد). کەسانێکی وەک ئەبوبەکری هاواری، ئەبو محەمەدی شەنبەکی و بولوەفای کورد، له‌ نێو گێڕانەوەی قادرییەکاندا، به‌ سێ یه‌كه‌مین ئه‌و شێخانه‌‌ داده‌نرێن، كه‌ وا دەگێڕدرێتەوە په‌یوه‌ندیان به‌ شێخ عەبدولقادرەوە هه‌بووه‌؛ ستایشیان كردووه‌، یان ستایشى كردون، ئه‌گه‌رچى یه‌كێكى وه‌ك ئه‌بوبه‌كرى هاوارى، له‌سه‌رده‌مى ئه‌ودا نه‌‌ژیاوه‌. هه‌ربۆیه‌ ئه‌وانه‌‌ى سه‌ربورده‌ى ژیانى شێخ عه‌بدولقادریان نوسیوه‌ته‌وه‌ په‌یوه‌ندیى هاواریان به‌و شێخه‌ خستۆته‌ چوارچێوه‌ى كه‌رامه‌تنوێنیه‌وه‌؛ ده‌ڵێن ئه‌و سۆفییه‌ كورده‌ پێشبینى ده‌ركه‌وتنى عه‌بدولقادرى كردووه، بێگومان ئه‌مه‌ش – له‌ ده‌ره‌وه‌ى ئه‌و لۆژیكه‌ى كه‌رامه‌تى سۆفییانه‌‌ى پێ ده‌خوێندرێته‌وه‌ – به‌ پله‌ى یه‌كه‌م ئاماژه‌یه‌كه‌ بۆ گه‌ڕان به‌دواى ڕه‌وایەتی پێگه‌ى به‌رزى شێخ عه‌بدولقادر، نه‌‌ك وه‌ك كه‌سێكى مێژوویى به‌ڵكو وه‌ك شێخى دامه‌زرێنه‌‌رى ته‌ریقه‌تێك، كه‌ زیاتر سیسته‌مه‌كه‌ى له‌دواى ئه‌و گه‌ڵاڵه‌‌ بووه‌ و تیایدا وێنایه‌كى ئه‌فسانه‌‌یى بۆ كراوه‌ و له‌ كه‌سێكى ئاساییه‌وه‌ كراوه‌ته‌ ڕەمزێکی سه‌رووئاسایى (لەشکری، ٢٠١٢: ٢٦٦-٢٦٧)، ئیدى گه‌ڕانه‌‌وه‌ بۆ ئه‌و سۆفییه‌ كورده‌ جه‌خت له‌سه‌ر كاریگه‌ریى بۆچوون و پێشبینییه‌ غه‌یبانییه‌كانى ئه‌و له‌ ناوه‌ندیى سۆفیگه‌ریى ده‌كاته‌وه‌، به‌تایبه‌ت كه‌ ئه‌و خۆى مایه‌ى ستایشى شێخى گه‌یلانى بووه‌. به‌هه‌مان شێوه‌ هه‌ریه‌كه‌ له‌ شه‌نبه‌كى و ‌بولوه‌فا له‌نێو كولتوورى ته‌ریقه‌تى ڕیفاعیدا ئاماده‌ییان هه‌یه‌. ئه‌وه‌تا دامه‌زرێنه‌‌رى ته‌ریقه‌ت شێخ ئه‌حمه‌دى ریفاعی خۆى به‌ په‌یڕه‌وكارى شه‌نبه‌كى زانیوه‌ و وه‌ك شێخى خۆى ناوى هێناوە و كه‌رامه‌تى لێ ده‌گێڕێته‌وه‌. به‌هه‌مان شێوه‌ له‌ زۆر بۆنه‌‌دا ستایشى ‌بولوه‌فاى كردووە. هه‌روه‌ها به‌هه‌مان شێوه‌ى قادرییه‌كان، ریفاعییه‌كانیش پێیان وایه‌ ئه‌و سۆفییه‌ یه‌كێكه‌ له‌و شێخانه‌‌ى مژده‌ى ده‌ركه‌وتنى شێخ ئه‌حمه‌دى ریفاعى راگه‌یاندووه‌. به‌و پێودانگه‌ش، بۆمان دەرکەوتووە‌ له‌و زنجیره‌ سۆفیگه‌رییانه‌‌ى ته‌ریقه‌تى ڕیفاعى پێوه‌ پابه‌نده‌، لایه‌نى كه‌م له‌ڕێى خیرقه‌پۆشییه‌وه‌، زنجیره‌ى شه‌نبه‌كى – وه‌فائى یه (Termingham, 1971: 49). ئیدى واده‌رده‌كه‌وێت ته‌ریقه‌ته‌كان ده‌خوازن له‌سه‌ر ناوى ئه‌م سۆفییه‌ كوردانه‌‌ و له‌ میانه‌‌ى پرۆسه‌یه‌كى وردى وێناكردنەوەی كه‌سێتییه‌ ڕه‌مزى – ڕوحانییه‌كه‌یان، به‌ده‌ر له‌ ڕاستى و ناڕاستیی پەیوەندییە مێژووییەکانەوە‌، هه‌م بونیادى پیرۆزكراوى ته‌ریقه‌ته‌كه‌یان دابڕێژن و هه‌میش به‌رده‌وامیى مێژوویى پێ ببه‌خشن.

کوردە ئەیوبییەکان و بەمییللییکردنی تەسەوف

دەوڵەتی ئەیوبی (١١٧١-١٢٦٠)، کە سەرکردەی کورد سەڵاحەدینی ئەیوبی دایمەزراند و پانتاییەکی فراوانی جوگرافی لەخۆگرتبوو (میسڕ، شام، بەشی هەرە گەورەی کوردستان، سودان و حیجاز و یەمەن…)، ڕۆڵێکی یەکلاکەرەوەی لە بەدەزگاییکردن و بڵاوکردنەوەی ڕوخسارەکانی سۆفیگەریدا بینی، لەچوارچێوەی ئەو تۆڕە سیاسی و ئایینییەی لە قۆناغەکەدا زاڵ بووە و هۆکارێکیش بوو بۆ شێوەگیربوونی تەریقەتە سۆفییەکان لە مێژوویەکی درەنگتردا (الکيلاني، ٢٠٠٢). ئەیوبییەکان کاریان بۆ ئەوە کرد دەسەڵاتی ئایینی بە ئاڕاستە نەریتگەرایی سوننییەوە بێت و چەشنێک لە گونجانیان لەنێوان سیستمی حوکمڕانی خۆیان و مەزهەبی شافیعیدا چێ کرد. پاڵپشتیی ئەوان بۆ ژێرخانی ئایینی، بەتایبەت دروستکردنی قوتابخانە، خانەقا و ڕیبات، وەک ستراتیژییەتێکی ئایدۆلۆژی خۆی نواند، کە زوهدگەریی نەریتییانە و سۆفیزمی کۆمەڵایەتییانەی، لە دووتوێی خوێندنی فەرمی ئایینی و گرنگیدان بە شوێن و گۆشەکانی پەرستن بووژاندەوە. ئەو بنکە و دەزگایانە هەر تەنها شوێنی گوتنەوە و دەورکردنەوەی دەقەکانی فیقهیی شافیعی، یان مەزەبی تر نەبوون، بەڵکو ببوونە ڕوتەختێکیش بۆ ئاڕاستە و ڕێنماییکردنی ڕۆحانی و چاکسازیی لە ڕەفتاری تاکی باوەڕداردا. بەمەش ئەیوبییەکان توانیان فەزای ئایینیی شارییانەی ئەو ناوچانە، بەپێی سرووت و نەریتی سوننەگەرای بە تام سۆفییانە، دابڕێژنەوە و لەگەڵیشیدا ڕەوایەتیی شەرعی بە دەسەڵاتی خۆیان ببەخشن.

چاودێری و گرنگیدانی دەوڵەتەکە بە گەورە شێخانی سۆفی، دامەزراندنی چەندین خانەقا بۆ ڕێچکە جیاوازەکانی، بووە هۆی ئەوەی ژێرخان و ئایدۆلۆژیایەک بۆ ڕەوتە ئایینییەکە دروست ببەت ڕێگە بەوە بدات لەنێو جڤاکدا بە ئاشکرا جێکەوتە و کاریگەریی هەبێت. هەر ئەمەش بووە هۆی ئەوەی ڕەهەندی ڕۆحانی ئاوێتەی کولتووریی ئایینیی فەرمی ببێت، ئەمە سەرباری بەگەڕخستنی کێشکردنی میللییانەی تەسەوف لە خزمەت بەرژەوەندییەکانی دەسەڵاتە سیاسییەکە. ئەم حاڵەتە بە ڕوونی لە پشتگیری کردنی میراتی تەریقەتییانەی کەسانێکی وەک شێخ عەبدولقادر، هەروەها شەهابەدینی سوهرەوەردی دامەزرێنەری تەریقەتی سوهرەوەردی، هەروەها چەکەرە و بروەسەندنی تەریقەتی شاذلی لە شام و میسر هەبووە. ئەمەش بە مانای گرتنەبەر ڕێبازێکی دیاریکراو لە پێناو وەبەرهێنان لەسەر کارێزمای ڕۆحانی دەگەیەنێت، لەگەڵ بەرزەفتکردنی ڕەهەندە نەیارەکانی ئەگەر هەبووبن. لێرەوە گوزارەی ئەیوبی لە باوەڕداری، لەو پانتاییە جیۆ – کولتوورییە فراوانانە، تەنیا لە چوارچێوەی سیستمی شەریعەتییانە، یانیش تەریقەتییانە نەبووە، بەڵکو بەرجەستەی گونجانێکی دینامیکییانە بووە، کە ڕێوڕەسمی سۆفییانەی لە پێناو ڕێکخستنی زوهدی کۆمەڵایەتی، بەرزەفتی کۆمەڵایەتی و هەژموونی لاهوتییانە بەگەڕخستووە.

        لەم ڕەوشە سۆسیۆ – ئایینییەی سەردەمی ئەیوبیاندا، شێخە سۆفییە کوردەکان ڕەهەندی هەرە دیاری بونیادی ئایینیی – سیاسیی سەردەمەکەیان پێکدەهێنا. ئەوان وەک نێوەندگیرێکی نێوان دەوڵەت و گرۆ لۆکاڵییەکان خۆیان نواندووە. بەپشت بەستن بە لاگیریی خێڵەکی، یان ناوچەیی (هەکاری، مەهرانی، عەدەوییەکان، جێگرییەکان (شێخ جاگیر)…) ببوونە خودان سەرمایەیەکی ڕەمزی (ڕۆحانی و کۆمەڵایەتی) و پێوەندی نێوان بەرەکەتی سۆفییانە و دەسەڵاتی کۆمەڵایەتی. دەرکەوتنیان لەخۆوە نەبوو، بەڵکو ڕەنگدانەوەی بونیادە ڕەگەزیی (کوردبوون)ەکەی دەستەبژێری ئەیوبی بوو، هاوکات گوزارەشی لە پێداویستیی ستراتیژییانەی ئەوان دەکرد، لە تۆکمەکردنی دەسەڵاتەکەیان لە پەراوێزەکانی قەوارە سیاسییەکەیاندا. شێخ عەدی کوڕی موسافیر، شێخ عەلی کوردی و درەنگتر شێخانی عەدەوی و شێخ خدری مەهرانی نموونەی هەرە دیارن کە پاڵپشتی ئەم شرۆڤەیەمان دەکەن (حسن، ٢٠٠٩). ئەمانە ڕیبات، گۆشە و تەکیەیان لە ناوچەکاندا دامەزراندووە و بوونەتە کەناڵی گواستنەوەی بەها سۆفییانەکان و مەعریفەی ئایینی بە زمانی عارەبی. ئەو کاریزما ڕۆحانییانەی هەیانبووە، لەگەڵ ئەو ڕیشە کۆمەڵایەتییانەی بە زەمینە جیاجیاکانی گرێداون، هاوکاریان بوو لەوەی سیستمی ئاکارییانەی سۆفیزم، نەک هەر لە پانتاییە شارییەکان بەڵکو لە دەڤەرە دوورەدەست و دێهاتەکانیش، بڵاوبکەنەوە. ئەمەش ڕۆڵی لەوەدا هەبووە تەسەوف لەنێو ناسنامەی ئیتنیی – ئایینیدا جێگەی ببێتەوە و نەریتگەرای سوننەمەزەب لە ژینگەی فرەچەشنی کولتووریدا برەو پێبدەن.

شێخ سەفیەدینی ئەردەبیلی و تەشەنەی تەریقەتی سەفەوی

        شێخ سەفییەدینی ئەردەبیلی (م. ١٣٣٤ز) دەشێت وەک یەکەمین ئەو کوردانە ئەژمار بکرێت، کە درەنگتر ئەو ڕۆڵەی ئاماژەمان پێدا، لە شێوەگیربوونی سۆفیگەریی تەریقەتیدا، گێڕاوە. ئەم شێخە، لەدوای هاتنی مەغۆلەکان و لە ناوەندێکی غەیرە کوردی، توانی لە شاری ئەردەبیل هەم پاڵپشتیی دەسەڵاتدارانی مەغۆلی بەدەست بهێنێت و هەمیش ناوەندە کۆمەڵایەتییەکە، لە ئازەر و تورکمان بە پلە یەک و هەندێک لە کوردەکان، بە ڕێبازەکەی خۆی ڕازی بکات.

        له‌ كتێبى صفوة‌ الصفا ى ده‌روێش ئیبن به‌زازى ئه‌رده‌بیلى(م. دواى١٣٥٨ز)، كه‌ موریدى شێخ سه‌دره‌دین  (م. ١٣٩١ز)ی كوڕ و جێنشینى شێخ سه‌فییه‌دین بووه‌ و به‌ هاندانى ئه‌و شێخه‌ كتێبه‌كه‌ى نوسیوه‌ و ئاماژەی بە ڕەسەنی کوردانەی ئەم شێخە داوە، ڕوونی کردووەتەوە ئەوان لە بنەچەدا دەگەڕێنەوە بۆ پیرۆز شاه‌ زه‌رین كولاهى كوردی سنجانی (ابن بزاز، ١٣٧٦: ٧٣)؛ كه‌سێكى ده‌وڵه‌‌مه‌ندى ده‌ستكراوه‌ و دۆستى هه‌ژاران بووه و باپیره‌ گه‌وره‌ى شێخ سه‌فیه‌دین. بەڵام وەک دەزانین دواتر، دوای گۆڕانی تەریقەتە سۆفییەکە بۆ سیستمێکی ئایینیی سیاسی و بوونی نەوەکانی بە شیعە، هەوڵی داماڵین و پەنهانکردنی ئەم ڕەسەنەیان داوە. هەریەک لە مێژوونوسی ئێرانی سەید ئەحمەدی کیسرەوی و گەورە مێژوونوسی تورک زەکی وەلید توغان، بەوە گەیشتوون ئەم خۆداماڵینە لەسەردەمی شا ئیسماعیل و شا تەهماسبدا بووە؛ کەسانێکیان ڕاسپاردووە بۆ دەسکاری کردنی کتێبەکەی ئیبن بەزاز و هەوڵی دۆزینەوەی ڕەسەنێکی هەڵبەستراوی پێغەمبەرانەیان داوە، کە دواتر بووەتە تورکێکی شیعە مەزەب (مزاوي، ٢٠١٨: ١١١).

        ئەوەی لێرە لە ڕۆڵی شێخ سەفییەدین گرنگە، گۆڕانی مەزەبییانە نیە، لە تەریقەتێکی سوننی شافیعیی نەریتییەوە، (کە شێخەکە پێی ناسرابوو و خەسڵەتێکی کوردانەی هەبووە) بۆ ڕێبازەکی شیعەی پەڕگیر (کە درەنگتر نەوەکان و دەوڵەتەکەیان پێی ناسراون و خەسڵەتی هەمەگیرانەی پێ بەخشراوە)، بەڵکو ئەو سیستمە تەریقەتیی و ئەو ڕێکخستنە سۆسیۆ – ئایینییەی پەیوەندیی نێوان شێخ و پەیڕەوکارانی بوو (فۆڕمی ئیرشادی ئایینی و بەموریدکردنی سەرتاپای ناوەندە کۆمەڵایەتییەکە)، کە بواری بە تۆکمەبوون و دواتریش وەرچەرخان بە ئاڕاستەی تێگەیشتنێکی شیعییانەی ئایین داوە، وای کردووە تا نها وەک ناسنامەی قەوارەی ساسیی – ئایینیی ئێرانیدا بمێنێتەوە. میشێل مەززاوی (٢٠١٨) ئەو ڕۆڵ و پەرەسەندنەی تەریقەتی سەفەوی بۆسەر سێ قۆناغ دابەشکردووە. سروشتە کوردییەکەی لە قۆناغی یەکەم و دووەمییەتی، کە لە پیرۆزشای کڵاوزێڕینەوە دەستپێدەکات و بە جێگیربوونی وەک تەریقەتێکی سۆفییانە کۆتایی دێت. واتا لە دەرکەوتنی ڕەوتە سۆفییەکە و چەسپانی بنەماکانی و تەشەنەکردنی، ئەمەش بە سوودوەرگرتن لەو پێگەیەی شێخە یەکەمینەکان لە پانتاییە کۆمەڵایەتیی – ئایینییەکەدا هەیانبووە و ڕێزی دەسەڵاتدارانی سەردەمەکە (ئێلخانییەکان، تەیموورییەکان…تاد.)یان بەدەست هێناوە. ئەوان لە شێخ سەفییەوە تا ئیبراهیم توانیان باوەڕی سۆفییانە و ڕێبازە تەریقەتییانەکەیان، لە ئازربێجانەوە بگرە تا قوڵایی ئەنادۆڵ، بڵاوبکەنەوە. هەر ئەمەش ئەو زەمینە ڕێکخراو و سیستماتیکە بوو، کە سەفەوییەکانی دواتر تا شا ئیسماعیل و تەهماسپ پشتیان پێبەست بۆ دامەزراندن و تۆکمەکردنی کۆڵەكەکانی قەوارە سیاسییەکەیان، لە زەمینەیەک کە باوەڕی میللیی بەسەریدا زاڵ بوو و کارەکتەری سەیدزادەی شیعەگەر بە سانایی قەبووڵ کراوە.

بەرزنجییەکان و بەجیهانیکردنی تەریقەتی قادری

        هاوکات لەگەڵ پەرەسەندنی تەریقەتی سەفەوی، هەر لە کوردستان تەریقەتەکەی شێخ عەبدولقادری گەیلانی، چ لەسەردەستی ئەوانەی خۆیان بە بنەماڵەکەی زانیوە، یان بنەماڵەی تر، لە سەروو هەمووشییانەوە بەرزنجییەکان دێن. لەگەڵ دەرکەوتنی ئەوان تەریقەتەکە نەک هەر بووژاوەتەوە، بەڵکو زۆر لە ڕێوڕەسم و سروتی ئایینییانەی بۆ زیاد بووە. پشتبەستنی بەرزنجییەکان بەو سەرمایە ڕەمزییەی لە چەمکی ’‘سەید بووندا هەبووە، هۆکار بووە بۆئەوەی تەریقەت وەک دەزگایەکی ئایینیی بەرهەمهێنی پیرۆزیی و سیستمێکی فێرکاری و پێگەیاندن دەربکەوێت.

        لەلای بەرزنجییەکان ڕەسەن ی پیرۆز و زنجیرەی سۆفییان ئاوێتەی یەکتر کران. ئەمەش جێکەوتەی بەسەر گواستنەوەی زانست و ڕێبەرێتی کردن لە چوارچێوەی بنەماڵە و پێگەی هەڵگرانی نازناوەکە هەبووە. وەک توێژەرێک دەڵێ (العطاس، ٢٠٢٥: ٤٨٥) ئەم ڕەسەندۆزییە لە سیستمی تەریقەتیدا وایکردووە سەرکردایەتی ڕۆحانی بە میرات لەنێو تەریقەتەکەدا بمێنێتەوە. ئەمە بەڕوونی لە نێو تەریقەتی قادری، بە لقە جیاوازەکانی، دیارە؛ کەسێتییە تەریقەتییە – زانستییەکەیان، وەک نوێنەری سەروەتە سۆفییەکە و هەڵگری پیرۆزییەکانی کەسێتییە یەکەمینەکانی ئایینەکە، ڕۆڵی مورشیدی ڕۆحانیان هەبووە و چەشنێک لە دینامیکای پێداون، تا لە پانتایی فراواندا تەریقەتەکە بڵاوبکەوەنەوە و قەبوڵ بکرێت. هەندێک لە کەسێتییە بەرزنجییەکان، ئەوانەی کوردستانیان جێهێشتووە، ئەم ڕۆڵەیان گێڕاوە، بەتایبەت لە شام، میسڕ و حیجاز. تەنانەت کاریگەریان چووەتە دەرەوەی ئەو پانتاییە ناسراوەی جیهانی ئیسلامی و لە دوورگەکانی ئەندەنوسیا نەریتی قادری، بە فۆڕمە بەرزنجییەکەی، لە سەدەی حەڤدەوە، جێگەی بووەتەوە و جێکەوتەی بەسەر تێگەیشتنی سۆفییانەی ئەوێ بۆ ئیسلام هەبووە و هەیە. ئەوەی زۆر باسکراوە لەم کاریگەرییە مەولوودنامەی بەرزنجییە.

        وەک دەزانین نەریت و سروتی مەولود خوێندنەوە لە زەمینەی کوردیدا دەرکەوتووە و پێگەیشتووە. سۆفییان ڕۆڵیان لە دروستکردنی گێڕانەوەی سەربوردەی خەیاڵکراوانەی پێغەمبەردا هەبووە. هەر ئەوان بەرهەمهێنی دەقی ئەدەبیی ئایینی بوون، وەک ئامرازێکی گواستنەوەی تێگەیشتنی ئایینییان و پەرشکردنەوەی ئەو ڕۆحانییەتەی لە هزردا بەرجەستەیان کردبوو. ئەوان نەک هەر بە کوردی بەڵکو بە زمانەکانی تریش دەقیان بەرهەمهێناوە. ئەو مەولودنامەیە، کە دەقێکی ئەدەبیاتی سۆفییانەیە و زانای کورد سەید جەعفەری کوڕی مەلا حەسەنی بەرزنجی (١٦٩٠-١٧٦٦)، کە موفتی شافیعییەکان و پێشنوێژ و وتارخوێنی مزگەوتی پێغەمبەر بووە لە شاری مەدینە (محەمەد، ٢٠٢٣: ٨٠). دەقەکە، ڕەنگدانەوەی پاشخانە کوردییەکەی گێڕانەوەی مێژووە پیرۆزکراوەکەیە و سەیدە بەرزنجییەکە هاتووە جوانناسانە بە عەرەبی دایڕشتووە. تێیدا مانا عیرفانییەکانی خۆشەویستیی پێغەمبەریی ڕەنگی داوەتەوە؛ ستایش و دوعا و سەڵاواتەکان بە شێوازێک داڕێژراون، کە بە ڕوونی جێکەوتەی سۆفیزم وەک ڕێبازێکی ڕۆحانی دەبینرێت.

        ئەوەی لەم ناوکۆیە بۆ ئێمە گرنگە، جێکەوتەی دەقەکەیە بەسەر زەینی سۆسیۆ – ئایینی ئیسلامییەوە. ئەو دەقەی هەر لە زوویەکەی زۆرترین ڕاڤەی بۆ کراوە و بە بەربڵاوی دەستاودەستی پێکراوە (محەمەد، ٢٠٢٣: ٨٠)، بڵاوبوونەوەی بەرفراوانی مەولودی بەرزنجی ڕەنگدانەوەی کارتێکردنی دینامیکی نێوان بەرهەمی سۆفییانەی کوردی و فەزای کولتووریی ئیسلامی بووە. دەقەکە لەلایەن زانایانی حیجاز و میسڕ و جاوە، هەم شرۆڤەی بۆکراوە هەمیش لێکدانەوە بۆ کراوە، ئەمەش ئامادەیی دەقەکەی بەهێز کردووە و ڕەهەندێکی جیهانییانەی پێداوە. لەوەدەچێت هەر لە سەردەمی سەیدە بەرزنجییەکە، لە مەدینەوە گوازرابێتەوە زۆر شوێنی جیهانی ئیسلامی و پێشوازی گەرمی لێ کراوە، بەتایبەت لە ئەندەنوسیا. بەچەشنێک زۆری نەبردووە لە چەندین شوێنی ئەم وڵاتە بووەتە بەشەکی سرووتی ئایینی و کۆمەڵایەتی، لە ڕێوڕەسمی مەولودکردن و بۆنەی وەک خەتەنەکردن، لەدایکبوون و ئاهەنگی بوک گواستنەوە و چەندین نەریتی تری دەستەجەمعی دەخوێنرێتەوە (Mashur, 2017). موسڵمانانی ئەندەنوسیا بە سەرسامییەوە پێشوازیان لەم دەقە کردووە؛ خوێندوویانەتەوە و کاریگەری بەسەریانەوە هەبووە و ستایشی زۆریان کردووە، تا وایلێهاتووە لە ویژدانی دەستەجەمعی ئەندەنوسیدا جێگەی خۆی کردووەتەوە و لە ئاستە میللییەکەدا بووەتە سەرچاوەی هەرە بنەڕەتی ناسینی پێغەمبەر و کار و کردەوەکانی. ئەم کاریگەربوونە ڕەنگدانەوەی ڕوانگەی عیرفانییانەی سەیدە بەرزنجییەکەیە بۆ مێژووەکە و ڕێگەی ئەوەی بە بەردەنگانی داوە ئاوا چەشنەک لە هارمۆنیا لەنێوان گێڕانەوەکە و باوەڕیی ئایینیان دروست بکەن. لەگەڵیشیدا ناوی بەرزنجی ببێتە ناوێکی هەرە باوی ناوەندە ئایینییە سۆفی مەشرەبەکانی ئەوێ (Bruinessen, 2011: 119)، ئەگەرچی درەنگتر، وەک توێژەرێکی ئەوێ ئاماژەی پێداوە (Mashur, 2017)، ڕەوتە باوەڕدارە پێچەوانەکان، بەتایبەت ئەوانەی بە وەهابیزم و بانگەوازی سەلەفییەوە کاریگەر بوونە، بە چاوێکی ڕەخنەییانە تەماشای دەقەکە و کاریگەرییەکانیان کردووە و، لەبەر هەڵوێستی ئایدۆلۆژی و لێکدانەوەی ڕوکەشییانەیان بۆ دەقی گێڕانەوەیی، ناوەڕۆکەکەیان ڕەت کردووەتەوە و ڕەهەندە سۆفییانەکەیان وەک لەڕێ لادان بینیە و بانگەوازی ئەوەیان کردووە، کە لە گێڕانەوەی سەربوردەی پێغەمبەر دەبێت خوێندنەوەیەکی حەرفییانەی دەقەکان زاڵ ببێت، نەک خەیاڵکردنێکی عیرفانییانەی ڕووداو و بەسەرهات.

        هەرچۆنێک بێت، کاریگەرییەکانی دەقەکەی سەیدە بەرزنجییەکە لە بەخشینی ڕەهەندێکی عیرفانی بوو بە پەیوەندیی ڕۆحانی نێوان تاک و جیهانی پێغەمبەرێتی. چەشنێک لە پاکێتی بە بەردەنگانی دەبەخشی، تا بتوانن ببنە خودان یادەوەرییەکی ئەوتۆی کولتووری هاوکاریان بێت لە باڵابوونی ڕۆحانیدا. بەم چەشنەش کاریگەرییەکانی بەرزنجی نەک هەر وەک سروشێکی سۆفییانە بووە، بەڵکو چوارچێوەیەکی ستراتیژیش بوو بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئالەنگارییەکانی ژیانی ڕۆژانە، لە میانەی زیندووهێشتنەوەی ئەو ئایدیالیستەی لە تەسەوفدا هەبووە.

مەحموودی کوردی و برەودان بە تەریقەتی خەڵەوەتی

        شێخ مەحمودی کوردی (م. ١٧٨١)، کە لە بنەڕەتدا خەڵکی شاری سەقزە، ڕۆڵێکی بەرچاوی لە فۆڕمەڵەکردنی تەریقەتی خەڵوەتیدا هەبووە، بەتایبەت لە وڵاتی شام و میسر. هەر لەسەردەستی ئەویش شێخ ئەحمەدی تیجانی پێگەیشتووە و تەریقەتی تیجانی لە جەزائیر بڵاوکردووەتەوە (مفتاح، ٢٠٠٩: ٣٧). وەک دەزانین خەڵوەتی وەک تەریقەت، جەختی لەسەر دوورەپەرێزی و ڕاهێنانی گیانەکی و کۆنتڕۆڵی ڕەفتار دەکردەوە. ئەم سۆفییە کوردەش هەڵگری ئەم خەسڵەتانە بوو و خۆی بۆ زیکر  و ڕۆژووگرتنی بەردەوام تەرخانکردبوو؛ ژیانی ببووە نموونەیەکی باڵای نێو تەریقەتەکە، کە لەودا تەرکەدونیایی وەک ئامرازی پاکبوونەوەی ڕۆح و نزیکیی لە خودا بینراوە.

        بەشداری هزرییانەی مەحمودی کوردی زیاتر لە ’‘حیکمەتە کوردییەکان – الحکم الکردية‘ خۆی دەنوێنێت، کە چەردێک پەند و وتەی عیرفانییانەن، بابەتی وەک ناسینی خودا، ڕەفتار، جیلوەی خودایی…تاد لەخۆگرتووە. لەنوسینیدا کاریگەریی ئیبن عەتاوڵای ئەسکەندەری بەڕوونی دەبینرێت. شێخە کوردەکە ویستوویەتی ڕەمزییانە و میتافیزیکییانە هزری عیرفانییانەی خۆی دەرببڕێت، بەتایبەت ئەگەر دەبینین پەندەکان تۆکمەکردنی مەعریفەی سۆفییانە بوون، لەمیانەی شرۆڤەی فەلسەفییانەی چەمکە ڕۆحانییە ئاڵۆز و نادیارەکانەوە (الشرقاوي، ٢٠٠٨). بەمەش ئەو تەنیا وەک سۆفییەک خۆی نەنواندوە، بەڵکو وەک هزرڤانێک، خواستوویەتی مانای دروستی ئەزموونی عیرفانییانەی خۆی، بە شێوازێکی فێرکارییانە و لەچوارچێوەی تێگەیشتنی خەڵوەتییەوە، بە بەردەنگەکانی بگەیەنێت.

        شێخ مەحمودی کوردی ڕۆڵێکی بنەڕەتی لە چەسپاندن و و بڵاوکردنەوەی بنەماکانی تەریقەتی خەڵوەتی هەبوو، بەتایبەت لە ژینگە میسڕییەکەدا، کە ئەوکات ڕوتەختێکی بنەڕەتی سۆفیگەریی تەریقەتی بوو و ململانێی بەرچاویان هەبوو لە پێناو هەژموونی ڕۆحانی و کۆمەڵایەتییەوە. بێگومان دامەزراندنی چەندین گۆشە، وەک شوێنی پەروەردەکردن و پێگەیاندنی مورید، هاوکاری ئەم کوردە بووە لە بووژاندنەوەی خەڵوەتی لەم وڵاتەدا. بەڵگە مێژووییەکان و گێڕانەوە زارەکییەکان ڕوونی دەکەنەوە کە مەحمودی کوردی بووەتە یەکێک لە گەورە شێخانی زنجیرەی خەڵوەتی. بەڵام ئەوەی ئەوی وەک ئەڵقەیەکی هەرە سەرەکی و گرنگی زنجیرەکە نواندووە، ئەوەبوو کە تەنیا پابەند نەبووە بە نەریتە مێژووکردەکانی تەریقەتەکە، بەڵکو هەوڵیداوە چەند ڕێگا و ئامراز و سرووتێک بهێنتە کایەوە، لەگەڵ ئالەنگارییە کولتووریی و کۆمەڵایەتییەکانی سەردەمەکەی بگونجێن. هەر ئەمەش وایکرد، وەک یەکێک لە موجەدید و نوێگەرانی تەریقەت دەربکەوێت و بناسێنرێت. دەشێت ئەمە لە شێوازی ئیرشاد و ئاڕاستەکردنی موریدانیدا بە ڕوونی ببینین، کە ڕەنگدانەوەی تێگەیشتنی قووڵی ئەو بووە لە ئەزموونی مرۆڤانە و بەهای دەهەندەیی و دلۆڤانی لە سەرەدەریکردن لەگەڵ موریدان و لایەنگرانی تەریقەت. ئەمەش پێشڤەچوونێکی بەرچاوی تەزکییەی دەروون بوو لە ڕوانگەی خەڵوەتییەکانەوە.

مەولانا خالید و بەجیهانیکردنی تەریقەتی نەقشی

        ڕەنگە ئەم بابەتە، لەچاو بابەتەکانی تر، زۆرترین توێژینەوە و کتێبی لەبارەوە نوسرابێت و ڕوون بووەتەوە، کە چەندە چرکەساتی خالیدیی و ڕۆڵی مەولانا خالیدی نەقشبەندی لە نێو سیستمیی تەریقەتییانەی نەقشیدا جێکەوتەی دوورمەودای بەسەر پانتاییەکی بەرفرەی جیهانی ئیسلامی و سیستمی کۆمەڵایەتیی – کولتووریی جیاجیای نێو جڤاکەکانی ئەم جیهانەدا هەبووە (أبو منه، ٢٠٠٩). نەریتی نەقشبەندی بە پابەندیی تۆکمەی شێخ و موریدانی بە شەریعەت و تێکەڵکردنی مێتۆدە عەقڵییەکان بە ڕێوڕەسمی سۆفییانە ناسراوە. لەنێو ئەم نەریتەشدا، لە قۆناغی درەنگی مێژووەکەی، کەسێتی مەولانا خالیدی شارەزووری نوێنەرایەتی ئەو پەیوەندییە گرنگ و ئایدیاڵەی دەکرد، کە لەنێوان سۆفیزمی کوردی و پەیکەری فراوانتری سۆفیگەریدا هەبووە. وەک دەزانین تەریقەتەکە، کە لە بنەڕەتەوە لە ئاسیای ناوەڕاستەوە پەرەی سەندوو و بنەماکانی خۆی لەمیانەی زنجیرەیەکی ڕێکخراو و پیرۆزکراوەوە بڵاوکردووەتەوە. دەقە مێژووییەکان دەریدەخەن کە ئەو سیستمە باوەڕییەی لەسەری دامەزرابوو و لەسەردەستی مەولانادا بەتەواوی پێگەیشت، چۆن پشتی بە زانینی حیدسییانە بەستووە، بەتایبەت لە تێگەیشتنی ڕاستییە ئیلاهییەکان، هەر ئەمەش وایکرد لە تەریقەتەکانی تر جودا ببێتەوە.

        ڕێنمایی و بۆچوونەکانی مەولانا خالید و جێنشینەکانی، لە کورد و غەیرە کورد، وایکرد ئەو دابڕانەی لەنێوان ئەهلی تەریقەت و ئەهلی شەریعەت دروست ببوو، تەسک ببێتەوە. بانگەواز بۆ پابەندیی ڕەها بە شەریعەت و جەختکردنەوە لەسەر پێڕەوی ئەزموونییانەی سۆفیگەری، ڕێگەی بەوەدا زوو لە ناوەندی کۆمەڵایەتیی – ئایینیی جیاوازدا قەبوڵ بکرێت.

        ئەوەی جێگەی سەرنجی توێژەرانە بەگشتی ئەوەیە، کە ئەو هزرە ئایدیاڵەی لەنێو نەقشبەندییەکەی مەولانا خالید هەبووە، ڕۆڵێکی سەرنجڕاکێشی لە پتەوکردنی هەستی دژە کۆڵۆنیالی لەنێو جڤاکە ئیسلامییەکاندا هەبووە. هەر بە گەیشتنی هزر و نەریتی تەریقەتەکەی مەولانا بە کۆمەڵگە خۆجێییەکان، ئاوێتەی ئەو جووڵە سیاسییە تازەپێگەیشتووانە بووە، کە بە گەڕانەوە بۆ ناسنامەی ئایینی جەختیان لەسەر سەربەخۆیی و دەرچوون لەژێر هەژموونیی کۆڵۆنیالی دەکردەوە (Weismann, 2007). ئەمە ناسنامەیەک بوو، کە تەریقەتە نوێیەکە هاوکار بوو لە تۆکمەکردنی ڕەگەزی بەرخودان و ڕاستەڕێی ئاکارییانە تێیدا. بەم چەشنە دەشێت کاریگەری مەولانا خالید و نەریتی نەقشبەندی فراوانتر ببینین، وەک بنەمایەکی تیۆری و کردەکی، کە ڕوخساری ڕۆحانی و سیاسی زۆر لە جڤاکە ئیسلامییەکانی داڕشتۆتەوە. لەگەڵیشیدا بواری بۆ دروستبوونی مێژوویەکی گڵۆباڵ و سەنتەرێتی مەولانا خالید لەنێو ئەو مێژووە ڕەخساندووە.

کۆتایی

        مێژووی گڵۆباڵ، ئەو شێوە گێڕانەوەیەی مێژووە، کە دەشێت لە سەرووی بڕیاری پێشینەی نەتەوەییانە و خوێندنەوەی ئایدۆلۆژییانەوە هاوکارمان بێت لە بینینی نەخش و کاریگەری کوردان بەسەر ڕەوتی هەمەگیری گێڕانەوە، بەتایبەت لەسەردەمی کلاسیکدا. لەوێ ئەگەر بێین تەماشای دیاردەیەکی وەک سۆفیگەری ئیسلامی بکەین، دەبینین یەکێک بووە لە ئاڕاستە هەرە کاریگەرەکانی نێو مێژووی شارستانی ئیسلامی، لەوە تێپەڕیوە هەر ڕەهەندێکی پەرستن و ناوکۆیەکی خۆجێییانە بووبێت، بەڵکو بووەتە سیستمێکی مەعریفی و کولتووری و چەندین دەق و زانینی پیرۆزکراوەی خستۆتە سەر دەقە ئایینییە باوەکانەوە، سۆفیان دەزگای زۆر و گوزارەی ڕەمزییانەی ئەوتۆیان بەرهەمهێناوە، کە کاریگەریی دوورمەودایان بەسەر شێوەگیربوونی ناسنامەی جڤاکە ئیسلامییەکاندا هەبووە، لەوانەش جڤاکی کوردی. خۆ کارا کوردەکانیش بەشدارییەکی جۆریەتی بەرچاویان لەو مێژووە سنووربەزێنەدا هەبووە، هەر لە گەڵاڵەکردنی سیستمە هزرییەکەی سۆفیزم بگرە تا بڵاوکردنەوەی لە دەڤەر و ناوچە هەرە دوورەکان. ئەگەرچی زۆرجار، لە ناوکۆی نوسراو و ئەدەبیاتی سەنتەرگەرادا، ئەم ڕۆڵەیان پشتگوێ خراوە، یان بە نەبینراوی ماوەتەوە.

        لەم کورتە وتارە ویستم ئەوە دەربخەم، کە کوردەکان لە دروستکردنی ئەم چەشنە مێژووەدا بەشدارن.  دەرکەوت زانا و شێخ و موریدەکانیان، ڕۆڵی یەکلاکەرەوەیان لە بەرهەمهێنان و تەشەنەپێکردنی سۆفیزم لە ئاستی جیهانیدا هەبووە. ڕۆڵەکەش لە چەندین ئاستی مەعریفی و کولتووری و گیانەکییەوە خۆی نواندووە. بەچەشنێک ئامادەیی ئەوان لەنێو کایە ئایینییەکە پەیوەست نەبووە بە ژینگە جوگرافییەکەی خۆیان، بەڵکو سنوورەکانی تێپەڕاندووە بە ئاڕاستەی فەزای فراوانتر و فرەچەشنتری ئیسلامی، جا چ لەمیانەی دامەزراندنی دەزگای سۆفییانە بووبێت، یان بەرهەم و شرۆڤە و بانگەوازکردنەوە. ئەو بەشدارییەی ئەوان دەشێت وەک پردێک چاوی لێ بکرێت، لەنێوان ڕوانگەی سۆفییانەی کوردی بۆ ئیسلام و ناسنامە کولتوورییە جیهانگەراکەی. جێکەوتەی زانا و عاریفە کوردەکان بەسەر وڵاتێکی وەک ئەندەنوسیا دەشێت بەڵگە بێت بۆ ئەم شرۆڤەیەمان، لەوێ هزر و تێگەیشتنە سۆفییانەییەکانیان هەر وەک دەق نەماوەتەوە، بەڵکو بووەتە سرووت و شێوازی پەرستن و لەنێو ویژدانی خەڵکەکە جێگەی بووەتەوە. بەمەش ئەزموونی سۆفییانی کورد، یەکانگیر بووە لەگەڵ تێگەیشتنی میللییانە بۆ ئایین و باوەڕداری.

سەرچاوەکان

  1. ابن تیمیه، تقی الدین احمد الحراني. (١٩٨٩). مجموع الفتاوى، الطبعة‌ الثانیة‌، القاهرة: مكتبة‌ ابن تیمیه.
  2. ابن بزاز، توكله‌ بن اسماعیل اردبیلی. (١٣٧٦ ه.ش). صفوة‌ الصفا، مقدمه‌ و تصحیح: غلامرضا طباطبائی مجد، چاپ دوم، تهران: انتشارات زریاب.
  3. أبو منه، بطرس. (٢٠٠٩). دراسات حول مولانا خالد والخالدية، السليمانية: مؤسسة حمدي للطباعة والنشر.
  4. حسن، قادر محمد. (٢٠٠٩). اسهامات الکرد في الحضارة الاسلامية، دهوک: دار سپیرێز.
  5. خواجه‌ الدین، سید محمد علی. (١٣٤٩ه.ش). سرسپردگان – تاریخ و شرح عقائد دینى اهل حق، تبریز: چاپخانه‌‌ خورشید.
  6. دینه‌‌وه‌رى، نۆشاد. (١٣٧٨ ه.ش). چیرۆكى دارى جه‌نگیان، به‌ هه‌وڵ و تێكۆشانى: عه‌زیز موحه‌ممه‌د پور، تاران: چاپخانه‌‌ى په‌یام.
  7. الشرقاوي، عبد الله بن حجازي. (٢٠٠٨). شرح الحكم الصوفية، المسمى شرح الحكم الكردية لمحمود الكردي الخلوتي، تحقيق محمد عبد القادر نصار و أحمد فريد المزيدي، القاهرة: دارة الکرز.
  8. ضميرية، ناصر. (٢٠٢٤). الحياة الفكرية في الحجاز قبل الوهابية – عقائد التصوف في فكر إبراهيم الكوراني(ت. ١١٠١ه/ ١٦٩٠م، المركز العربي للأبحاث ودراسة السياسات.
  9. العطاس، اسماعیل فجري. (٢٠٢٥). سلاسل الصوفية و ذریاتهم، ضمن: مؤسسة التصوف، تحریر: الکسندر باباس، الجيزة: مدارات للابحاث والنشر.
  10. الکيلاني، ماجد عرسان. (٢٠٠٢). هکذا ظهر جیل صلاح الدین وهکذا عادت القدس، الامارات: دار القلم.
  11. لشکري، حیدر. (٢٠٢٣). شمس الدين الشهرزوري؛ الفيلسوف المنسي: محاولة لكتابة سیرته الفكرية , جلة جامعة كويه للعلوم الإنسانية والاجتماعية، ٦ (٢).
  12. له‌شكری، حه‌یده‌ر. (٢٠١٣). لە شەريعەتەوە بۆ حەقيقەت – سەرهەڵدانى سۆفيگەرى لە پانتايى كورديدا، هەولێر: خانەى موكريانى.
  13. ماسینیون، لویس. (٢٠٠٤). آلام الحلاج، ترجمة‌: الحسین مصطفى حلاج، بیروت: شركة قدمس للنشر والتوزیع.
  14. محەمەد، یاسین تەها. (٢٠٢٣). ناودارانی کورد لە دەستنوسخانەکانی عەرەبستان، زانکۆی گەشەپێدانی مرۆیی: یەکەی دەستنوس و سامانی کولتوری.
  15. مزاوي، میشيل. (٢٠١٨). اصول الصفويين – تشیع وتصوف وغلو، ترجمة: ثائر دیب، بیروت: المرکز العربي للابحاث.
  16. مفتاح، عبد الباقي. (٢٠٠٩). اضواء علی الطريقة الرحمانية الخلوتية. بیروت: دار الکتب العلمية.
  17. ملا صدرا، محمد بن إبراهيم القوامي الشيرازي. (١٩٩٠). الحکمة المتعالية في الاسفار العقلية الأربعة، بیروت: دار احیاء التراث العربي.
  18. میرداماد، محمد بن محمد باقر الحسيني. (١٣٦٧ ه.ش). کتاب القبسات، بتحقیق: مهدي محقق، الطبعة الثانية، تهران: انتشارات دانشگاه تهران.
  19. الهجویري، ابو الحسن علی بن عثمان الغزنوي. (١٩٨٠). كشف المحجوب، دراسة‌ و ترجمة: إسعاد عبد الهادي قندیل، بیروت: دار النهضة‌ العربیة‌.

  1. Bruinessen , Martin van. (2011). Mullas, Sufis, and Heretics: The Role of Religion in Kurdish Society, Gorgias Press.
  2. Conrad, Sebastian. (2016). What Is Global History? Princeton University Press.
  3. Hermansen, M. (2023). Sufism in the Modern World. Oxford Research Encyclopedia of Religion.
    https://oxfordre.com/religion/view/10.1093/acrefore/9780199340378.001.0001/acrefore-9780199340378-e-512
  4. Pourjavady, R., & Schmidtke, S. (2006). Some Notes on a New Edition of a Medieval Philosophical Text in Turkey: Shams al-dīn Al-shahrazūrī s Rasā il al-Shajara al-Ilāhiyya, Die Welt des Islams, 46(1), 76-85. doi: https://doi.org/10.1163/157006006776562174.
  5. Knysh A. (1995). Ibrāhīm al-Kūrānī (d. 1101/1690), an Apologist for waḥdat al- wujūJournal of the Royal Asiatic Society. 5(1):39-47. doi:10.1017/S1356186300013493.
  6. Mashur, Fadlil Munawwar (2017). Interpretation and Overinterpretation of Ja’far Ibn Hasan Al-Barzanji’s Mawlid Al-Barzanji, HUMANIORA, 29, no. 3, pp. 316 – 326.
  7. Termingham, J.Spencer. (1971). The Sufi Orders in Islam, Oxford Uneversity press, Great Britain.
  8. Weismann, I. (2007). The Naqshbandyya – Orthodoxy and activism in a worldwide Sufi tradition, Routledge.
  9. Weismann, I. (2015). Sufism in the Age of Globalization. In The Cambridge Companion to Sufism, pp. 134–150.

[1] شێخ ئه‌حمه‌د ئه‌سوه‌د له‌ خه‌یاڵدانى ئایینى جڤاكى كوردى باسى هەر ماوەتەوە و به‌ شێخ ئه‌حمه‌ده‌ ڕه‌ش ناوى ده‌برێت؛ (دینه‌‌وه‌ری، ١٣٧٨: ٦١).

Send this to a friend