• Google Plus
  • Rss
  • Youtube
July 26, 2021

کوردستان لە تەنیشت شۆڕشی پیشەسازیی چوارەمەوە

د.هەردی مەهدی میکە

بۆ بینینی بابه‌ته‌كه به‌ PDF‌ كلیك له‌م به‌سته‌ره‌ بكه‌:-  ژمارە (8)ی ته‌مووزی 2021ی گۆڤاری ئایندەناسی

جیهان، لەم قۆناغەیدا، خۆی لەبەردەم دیاردە و وەرچەرخانێکی نوێتردا دەبینێتەوە کە کاریگەری لەسەر شێوەی ژیان و ڕەفتار و خێرایی کارەکانی مرۆڤ جێهێشتووە، ئەویش شۆڕشی پیشەسازی چوارەمە(4IR)، کە وەک چەمکێکی گشتگیر، بۆ یەکەمجار لە ساڵی ٢٠١٦.ز، کۆڕبەندیی ئابووریی جیهانی لە دافۆس-سویسرا، بەکاری هێنا، سەرۆکی کۆڕبەندەکەش کلاوس شواب (Klaus Martin Schwab)  هەر بەو ناوەشەوە کتێبێکی بڵاوکردەوە. ئەمەش وەک ئاماژەیەک بۆ شەپۆلی چوارەمی شۆڕشە جیهانییەکان و تەواوکاریی سێ شۆڕشەکەی دیکە. ئەم پۆلێنبەندییە وا دابەشکراوە کە مرۆڤایەتی هەنووکە لە قۆناغی ئەم شۆڕشەدایە و کاریگەریی ڕیشەیی بەسەر مرۆڤایەتییدا هێناوە و زیاتریش دەهێنێت.

” شۆڕشی پیشەسازیی چوارەم”، بە واتای بەکارهێنانی چڕی تەکنۆلۆجیا دێت لە کردەکانی پیشەسازی، وەکارخستنی ئینتەرنێت و کۆمپیوتەر و کردەکانی ژمێریار و هەژمار و زیرەکی دەستکرد و ڕۆبۆتسازییدا گۆڕینییان بۆ کارگەیەکی زیرەکی و سوود لێوەرگرتنیان.

شۆڕشی پیشەسازیی یەکەم (سەدەی هەژدە و نۆزدەی زاینی)، کە پیشەسازییەکانی ئاسن و ڕستن و چنین ڕۆڵی گرنگیان تێدا بینی، پشتی بە هەڵمی ئاو و مادەی کیمیایی بەست لە بەرهەمهێنانی وزەدا، تێیدا زۆرێک لە کۆمەڵگە لادێی و کشتوکاڵییەکانی کردە پیشەسازی. شۆڕشی پیشەسازیی دووەم (١٨٧٠-١٩١٤) بناغەکەی کارەبا و ئاسن و ستیل و هۆکارەکانی پەیوەندیی دوورمەودا بوو، کە پیشەسازیی نوێ گەشەی کرد. هەرچی شۆڕشی پیشەسازیی سێیەمیشە(هەشتاکانی سەدەی بیستەم تا هەنووکە) ئەو شۆڕشەیە کە کۆمپیوتەر، مۆبایلی گەڕۆک و ئەینتەرنێت و ئینتەرنێتی کەلوپەلی (الانترنت الاشیاء) بەرهەمهێنا. بەڵام شۆڕشی پیشەسازیی چوارەم جەخت لەسەر گۆڕینی ئامێرەکان بۆ ئامێری زیرەک دەکاتەوە، بە جۆرێک بتوانێت لەڕێگەی بەکارهێنانی تەکنۆلۆجیای زیرەکی دەستکردەوە پێشبینی و هەواڵ و بڕیاریش بدات، هەروەها کاردەکات لەسەر فێرکردنی ئامێرەکان و فێربوونی قوڵ و تۆڕە دەستکردەکان و زانستی داتاکان. بەمشێوەیە دەکرێت ئامێرەکان لە زۆر بواردا جێگەی مرۆڤ بگرنەوە لە وەئەستۆگرتنی ئەرکەکانیدا و ئەو پەیوەندییەش ڕێک بخرێت کە لەنێوان مێشکی مرۆڤ و مێشکی کۆمپیوتەر و ڕۆبۆت و بزوێنەرەکاندا هەیە.

دەکرێت هەر داهێنانێک کاتی خۆی کە لە شۆڕشی سێیەمدا وەدی نەهاتبێت و ئێستا بەرهەمهاتبێت لە ڕیزی بەرهەمەکانی  شۆڕشی چوارەمی پیشەسازییدا هەژمار بکرێت، وەک چاکسازیی لە جینەکاندا، چاپی سێ ڕەهەندی، ماددە نوێکان، نانۆ تەکنۆلۆجی و کەرەستە پێشەنگەکانی پاراستن و گەنجینەکردن و ئاڵوگۆڕی دارایی و شمەکەکان. هەموو ئەمانە بە بازدانێکی مەزن هەژمار دەکرێن لە ڕەوتی پێشخستن و خێراکردنی جۆری ژین و گوزەرانی مرۆڤدا.

چۆن سێ شۆڕشەکەی پێشتر کە لە کۆتاییەکانی سەدەی هەژدەی زاینییەوە دەستیان پێکرد و گۆڕانکاریی مەزنییان لە ژیانی مرۆڤایەتییدا درووستکرد، کە خۆی لە پەرەپێدانی ژیانی کشتوکاڵیی سەرەتاییدا بینییەوە، کە زیاتر لە ١٠ هەزار ساڵ بووبووە مۆدێلی وەبەرهێنان. ئەو شۆڕشانە توانییان لەو قۆناغەوە مرۆڤایەتیی بگوازنەوە بۆ سەردەمێک کە مرۆڤ لەسەر هەردوو ئاستی تاک و کۆمەڵگە پشت بە تەکنۆلۆجیا ببەستێت. وا ئێستاش مرۆڤایەتی لەسەر لێواری شۆڕشی تەکنۆلۆجیای نوێیە و خەریکە سەرلەبەری ڕەوتی ئەو ژیانە دەگۆڕێت کە مرۆڤی تێدا دەژی و هەمووان پێکەوە گرێدەداتەوە و کاری پێکەوەیی دەکەن. قەبارەی ئەم وەرچەرخانەش زۆر جیاواز و زیاترە لەوەی کە مرۆڤایەتی پێشتر بەخۆیەوە دیوویەتی و پێشبینی کردووە.

گرنگترین ڕواڵەتەکانی شۆڕشی پیشەسازی چوارەم

١.ئینتەرنێتی کەلوپەلی: کە تێیدا سەرجەم ئامێر و کەلوپەلەکانمان دەبەستێتەوە بە تۆڕی ئینتەرنێتەوە و لەوێوە سوودیان لیوەردەگرین، وەک: جلشۆر، قاپشۆر، بەفرگر، مەلەوانگە و دەرگا، ڕوناکی، دیوارەکان، پەردەکان و …تاد.

٢. فرۆکە ڕەوت زیرەکەکان(درۆن): ئەمەش زیاتر لە کڕین و فرۆشتنی شمەکەکاندا و لەم دواییانەش لە جەنگ و کارە سەربازی و دەوڵەتییەکاندا بەکاردێت. بۆ نموونە ئەم فرۆکانە ڕاستەوخۆ شمەکەکان دەگوازنەوە بۆ نێو ماڵ و ئەو شوێنەی مەبەستە. ئامانج بەتەوای دەپێکن، پێگە دەدۆزنەوە، بۆ ئاگرکواژانەوە کۆمەککارن، کۆنتڕۆڵکردنی تاوانباران و سنووردارکردنی چەکدار و تاوانبار و تیرۆریستان. بۆ کاری کشتوکاڵی و چاندن و پژاندنی تۆو….تاد.

٣. داتا  فراوان و مەزنەکان: وا مەزەندە دەکرێت کە جیهان ڕۆژانە 2.5ملیار گێگابایت داتا بەرهەم دەهێنێت، کە لە ڕێگەی تۆڕەکانی ئینتەرنێت، تۆڕە کۆمەڵایەتیەکانی وەک تویتەر، فەیسبووک و واتساپ و..تاد کۆدەکرێنەوە.  بۆ نموونە هەموو سەعاتێک ١٠ ملیۆن وێنە لەسەر فەیسبووک دادەنرێت، ڕۆژانە ١٠هەزار سەعات گرتەی ڤیدیۆیی لەسەر یوتیب ئەپلۆد دەکرێت. سەرجەمی ئەم داتایەنەش دەتوانرێت کۆبکرێنەوە و بەکاربهێنرێن بۆ شرۆڤە و دەرکردنی ئەنجامگیریی و ئایندەناسی و هەڵاوێردکردنی بژاردەکان، بۆ نموونە تەنها لە بواری ئابووریی موڵک و بیناسازییدا، بایی 200 ملیار دۆلار شرۆڤەی داتا بەرهەم دێت.

٤. ئامێرە گریمانەییەکان: ئەمەش ئەو ئامێر و تەکنۆلۆژیایانە لە خۆدەگرێت کە سەردانکردن و بەشداریی گریمانەیی دەسازێنن بۆ مرۆڤ بۆ نموونە بەشداریکردنی گریمانەیی و نێتی لە گەلەری و بینین و سەردانی پێشانگا و فیستیڤاڵ و کۆنفرانس و مۆزەکان و …تاد.

هەر وەک نموونە کۆمپانیای تۆماس کوکی فرۆکەوانی ڕایگەیاند لەم دواییانەدا، ڕێژەی تۆمارکردن و حیجزکردن بۆ سەردانی شاری نیۆیۆرک بە ڕێژەی ١٩٠٪ زیادی کردووە، پاش ئەوەی بۆ سەردانکەرانیان هەلی بینینی ئینتەرنێتی و سەردانی گریمانەییان بۆ ڕەخساندوون.

٥. زیرەکی و هۆشی دەستکرد(عەقڵی دەستکرد): ئەو ئامێر و ڕۆبۆتانە دەگرێتەوە کە ئەرکی خۆیان بەجێدەهێنن بە بێئەوەی ڕێنمایی لە مرۆڤەوە وەربگرن و لەڕێگەی ئەزموون و هاوکێشەکانیی نێویانەوە ڕاهێنراوون و پەرە بە توانا و لێهاتوویان دراوە، لە زۆر بواری سەربازی، پزیشکی و چارەسازی و دیاریکردنی نەخۆشی، دەروونی، ئابووری، بیناسازی، یاسا، ڕاوێژکردن و …تاد بەکاردەهێنرێن.

وەنەبێت ئەم وەرچەرخانە نوێیە لە بواری تەکنۆلۆجیای زیرەکدا، تەنها وڵاتانی ڕۆژئاوایی و ئەمریکا پێشڕەوی بن، بەڵکو وا شەپۆلەکەیی و ئاماژەکانی ساڵانێکە دراوسێکانی کوردستانیشیان مەشغوڵ کردووە و سەرقاڵی وەبەرهێنان و سوودوەرگرتنن لەو تەکنۆلۆژیای ئەو جیهانە نوێیە، لە بوارەکانی سەربازیی، سیاسەت، بەڕێوەبردن و بازرگانی و بانک و …تاد. لە ئیسرائیلەوە بیگرە تا دەگاتە تورکیا و هەندێک لەوڵاتانی عەرەبی و ئێران… کە بەدڵنیایی ڕۆڵ و کاریگەریی جێدەهێڵن لەسەر هەژموونی سیاسی و سەربازی، ئابووریی و بازرگانی، بگرە لەسەر سەروەری و ئیرادە و سنوورەکانیش.

ئایا لەو جیهانە نوێیەدا دیسان وەک شۆڕشەکانی دیکەی پیشەسازی، وەک بزووتنەوە چاکسازییەکان، وەک دامەزراندنی بانکەکان و فرۆکەوانی و …تاد، بە تەنیشت کوردستانەوە تێدەپەڕن و کورد تەنها وەک بەکارهێنەر و ناکارایەک دەکەوێتە ژێر هەژموونیانەوە (کە لەزۆر بواردا کەوتووە)؟ یاخود گەرچی درەنگیش بێت بیرێکی لێدەکاتەوە و دەبێتە یەکێک لەو ڕۆڵگێڕەکانی؟ لێرەدا مەرج نییە بەرهەمهێنەری ڕاستەقینە بیت، بەڵام گرنگە لەگەڵ لەو ژیانە نوێیە جێنەمێنیت و لە پەرەپێدانی مرۆیی و مادیی و دەسەڵاتدا سوودی لێوەر بگریت، گەرنا لەسایەی درۆنەکانەوە ڕەنگە جوگرافیا و سنوور و سەروەری ئەو مانایەی جارانی نەمێنێت و هیچ وڵاتیك بەتەنها پاسەوان و سەربازە کلاسیکییەکانی نەتوانێت پارێزگاری ئابووری و سنوور و سیاسەتی خۆیی بێت.

تەوەری ئەمجارەی ئایندەناسی(ژمارە ٨) تاوتوێکردن و جەختکرنەوەیە لەسەر ئەو شەپۆلە نوێیەی شۆڕشی پیشەسازی و شوێنەوارەکانی لە دەروودراوسێکانی کوردستاندا و ئاماژەدانی دەرکەوتن و تەگەرە و کۆسپە ئایندەییەکانیەتی لەبوارەکانی سیاسەت، سەربازیی و ئابووریی و میدیادا…

Send this to a friend