• Google Plus
  • Rss
  • Youtube
March 21, 2024

پارتە کوردییەکانی تورکیا و بڕیارەکانی دادگای دەستووری(داخستن‌و هەڵوەشاندنەوە بە نموونە)

ئامادەکردنی: م.ی. ڕابەر سیوەیلی

دەروازە

هەورازو نشێوی پەیوەندیی نێوان پارتە کوردییەکانی تورکیاو دادگای دەستووریی ئەو وڵاتە، کاریگەریی قووڵ‌و بەرچاوی لە سەر کایەی سیاسی، یاسایی‌و پێکەوەژیانی نەتەوایەتی دروستکردووە. ئەمە لە کاتێکدایە کە بوونی کوردو نوێنەرە سیاسییەکانی، لە لایەك گوزارشتە لە پێکهاتەیەکی فرەکولتوورو فرەڕەهەندی تورکیا، لە لایەکی دیکەشەوە چالاکی پارتە کوردییەکان پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆی بە گەشەسەندنی دیموکراسیی تورکیاو کاریگەرییەکانی لە سەر دۆزی کورد هەیە.

دادگای دەستووریی کۆماری تورکیا، یەکێکە لە ئۆرگانە باڵاکانی دادوەریی ئەو وڵاتەو ڕۆڵێکی سەرەکیی لە پێکهاتەی یاسایی کۆماری تورکیادا هەیەو بە یەکێک لە پایە سەرەکییەکانی بناغەی سیستەمی یاسایی تورکیا دادەنرێت، تاوەکو ئێستا چەندین بڕیاری چارەنوسسازی سەبارەت بە پارتە کوردییەکان دەرکردووە، بە تایبەتی ئەو بڕیارانەی کە پەیوەندیدارن بە پڕۆسەی داخستن یاخود سنووردارکردنی چالاکییەکانیانەوە.

دادگای دەستووری وەک دامەزراوەیەکی کۆماری تورکیا

ئەم دادگایە هەر لە سەرەتای دامەزراندنیەوە کە مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ١٩٨٢، لە ڕێگەی دەستووری نوێی تورکیاوە ڕەوایەتیی وەرگرتووەو بە گوێرەی ماددەی ١٤٨ی دەستوور دەسەڵاتەکانی دیاریکراوە. ئەرکی سەرەکییشی بریتییە لە لێکۆڵینەوەو بڕیاردان لە سەر ئەو کەیسانەی کە گومانی نایاساییبوونیان لە سەرە، هاوکات بەدواداچوون بۆ ئەو کەیسانە دەکات کە گوایە نادەستوورین‌و پابەندبوونیان بە بنەماکانی دەستوور هەڵدەسەنگێنێت‌و بڕیاری کۆتاییان لە بارەوە دەدات(١). گرنگترین دەسەڵاتەکانیشی بریتین لە وردبینیکردن لە دەزگاکانی یاسادانان‌و جێبەجێکردن‌و دادوەری. هەروەها ئەرکی پاراستنی مافە دەستوورییەکانی تاکەکان دەگرێتەئەستۆو سەرپەرشتیی چالاکییەکانی یاسادانان دەکات بۆ دڵنیابوون لەوەی کە ئایا دەسەڵاتی یاسادانان بە گوێرەی دەستوور یاساکان دەردەکات یاخود بە شێوازی دیکە(٢).

دادگای دەستووری لە مێژووی دەستبەکاربوونیەوە تاوەکو ئێستا کۆمەڵێک بڕیاری گرنگی دەرکردووە، لەوانە: دۆسیەکانی تایبەت بە داخستنی پارتە سیاسییە کوردییەکانی وەکو “پارتی کرێکاریی گەل، پارتی ئازادی‌و یەکسانی، پارتی ئازادی‌و دیموکراتی، پارتی دیموکراتی، پارتی دیموکراتی گەل، پارتی گەلی دیموکرات، پارتی کۆمەڵگەی ئازاد، پارتی کۆمەڵگەی دیموکراتی‌و پارتی ئاشتی‌و دیموکراتی”(٣). لە ڕاستیدا ئەو بڕیارانە کە تایبەتن بە داخستن یاخود هەڵوەشاندنەوەو سنووردارکردنی چالاکیی پارتە کوردییەکان، هەمیشە مشتومڕی یاسایی‌‌و سیاسیی بە دوای خۆیدا هێناوە، هەندێك لایەن پشتگیریی لێ دەکەن‌و وەک هەوڵێک بۆ پاراستنی یەکگرتوویی‌و یەکپارچەیی وڵات لەقەڵەمیدەدەن، هەندێکی دیکەش لەو بڕوایەدان کە ئەم بڕیارانە پاکتاوی سیاسییەو پێچەوانەی بنەماکانی ئازادیی ڕادەربڕین‌و پاراستنی مافە دیموکراسییەکانە.

ڕوانینی دەستووری کۆماری تورکیا بۆ پارتی سیاسی

ئەگەر بمانەوێت پارتی سیاسی لە تورکیا بناسین، هۆکارەکانی داخستنی پارتە کوردییەکان تێبگەین‌و دواجار ئەنجامێکی لۆژیکی لە بارەی ئەم بابەتەوە بخەینەڕوو، زۆر گرنگە بزانین کە پێگەی پارتی سیاسی لە دەستووری کۆماری تورکیادا لە چ ئاستێکدایەو یاساکانی ئەو وڵاتە چۆن ئەدای کاری سیاسیی پارتەکانیان داڕشتووە!

دەستووری کۆماری تورکیا پارتە سیاسییەکان وەک پێکهاتەیەکی سەرەکیی ژیانی سیاسی‌و دیموکراسی دەناسێنێت. لەو بڕوایەدایە سیستەمێک کە پارتەکان بە شێوەیەکی ئازادانە تێیدا دامەزراون، بەڵام ئەگەر دەرفەتی بەشداریکردنیان لە کێبڕکێی دەسەڵاتدا پێ نەدرێت، ناتوانرێت بە سیستەمێکی دیموکراسی لەقەڵەمبدرێت(٤)! هەر بۆیە دەبینین کە دەستوور هانی بەشداریکردنی لایەنە سیاسییەکان دەدات لە پڕۆسەی دیموکراسیدا. لە بەرانبەریشدا چاوەڕوانیی لە پارتە سیاسییەکان هەیە کە بە پێی دەستوور کاربکەن‌و داوایان لێ دەکات ڕێز لە پرەنسیپەکان‌و یەکگرتوویی کۆماری تورکیا بگرن، نابێت هەڵبژاردنی ئۆرگانەکان‌و کارکردن‌و چالاکی‌و بڕیارەکانیان پێچەوانەی پرەنسیپەکانی دیموکراسی بێت. هەروەکو لە ماددەی ١٤ی دەستووردا هاتووە، کە پارتە سیاسییەکان دەبێت یەکپارچەیی کۆماری تورکیا بە خاک‌و نەتەوەکەیەوە بپارێزن‌و تایبەتمەندییەکانی کۆماری دیموکراتی‌و عەلمانی بگرنەبەرو پابەندبن بە بنەماو چاکسازییەکانی ئەتاتورکەوە. هاوکات زنجیرەیەك بەرپرسیاریەتییش بە سەر ئۆرگانەکانی دەوڵەتدا دەسەپێنێت، کە بەرپرسیارن لە پاراستنی دەستوورو دەستەبەرکردنی ئارامی‌و ئاسایشی کۆمەڵگە(٥).

لە لایەکی دیکەوە، لە ماددەی سێ‌و چواری یاسای پارتە سیاسییەکاندا کە بە ژمارە ٢٨٢٠ لە ڕێکەوتی ٢٢ی نیسانی ١٩٨٣دا دەرچووە، ئاماژە بەوە کراوە کە پارتە سیاسییەکان بە گوێرەی دەستوور ئەو ڕێکخراوانەن کە چوارچێوەیەکی یاسایییان هەیە‌و ئامانجیان گەیشتنە بە ئاستی گەشەسەندنێکی هاوچەرخ لە ناو دەوڵەتێکی دیموکراسیدا. هەروەها کاردەکەن لە پێناو دەستەبەرکردنی پێکهێنانی ئیرادەی نیشتیمانی لە ڕێگەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی‌و ئیدارەی ناوخۆییەوە، بە مەرجێك هاوتەریب بێت لەگەڵ ئەو بۆچوونانەی کە لە پەیڕەوو بەرنامەکانیاندا دیاریکراون(٦).

دەستوورو داخستنی پارتە سیاسییەکان

بە گوێرەی دەستوورو یاساکانی کۆماری تورکیا، دۆسیەی داخستنی پارتە سیاسییەکان لەلایەن سەرۆکی داواکاری گشتی‌و دادگای باڵای تێهەڵچوونەوەوە لە دادگای دەستووری تۆماردەکرێن. بۆ بڕیاردانیش لە سەر داخستنی پارتێکی سیاسی، پێویستە لە کۆی پازدە ئەندام، دەنگی یازدە ئەندام مسۆگەربکرێت. جێگەی باسە، سەرۆکایەتیی داواکاری گشتی دەسەڵاتی ڕەهای هەیە لە فەرمانکردن بە دادوەرانی لێکۆڵینەوە، بە مەبەستی بەدواداچوونی هەر دۆسییەیەک کە بنەمای تۆمەتبارکردنی پارتێکی سیاسی یان ڕێکخراوێک پێکدەهێنێت(٧). هاوکات سەرۆکی داواکاری گشتی دەتوانێت داوای هەر بەڵگەنامەیەك لە لایەنە سیاسییەکان بکات، کە بەپێویستبزانرێت بۆ پێداچوونەوە، لایەنە سیاسییەکانیش دەبێت لە ماوەی پازدە ڕۆژدا وەڵامی داواکارییەکان بدەنەوە. هەروەها سەرۆکی داواکاری گشتی دەتوانێت هەر دۆسیەیەکی لێکۆڵینەوە لە ڕێگەی جێگری سەرۆکی داواکاری گشتی یان یاریدەدەرەکانیەوە بکاتەوە(٨).

لە لایەکی دیکەوەو بە گوێرەی ماددەی ١٠٩ لە یاسای پارتە سیاسییەکاندا، دۆسیەی داخستنی پارتێکی سیاسی بە کۆنگرەی گەورەی پارتەکە یەکلاییدەبێتەوەو بە دەنگدانی نهێنی بڕیاردەدرێت. ئەگەر بڕیاری داخستنی پارتێکی سیاسییش درا، دەستبەجێ هەریەكە لە سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی نیشتیمانیی گەورەی تورکیا (پەرلەمان)، سەرۆکایەتیی دادگای دەستووری، دیوانی سەرۆکایەتیی داواکاری گشتی‌و وەزارەتی ناوخۆ ئاگاداردەکرێنەوە کە فڵان پارتی سیاسی داخراوەو ئەنجامدانی هەر چالاکییەك لە ژێر ناوی پارتی داخراودا، لێپرسینەوەی یاسایی بە دوای خۆیدا دەهێنێت(٩).

هەروەها لە ماددەی ١١٠ی هەمان یاسادا ئاماژە بەوە کراوە کە دەتوانرێت سەروەت‌و سامانی پارتێکی سیاسیی هەڵوەشاوە بگوازرێتەوە بۆ پارتێکی سیاسیی دیکە، کە مەبەستی بێت لەگەڵ ئەندامان‌و لایەنگرانی پارتی داخراودا یەکبگرێت. بە پێچەوانەوە، لە نەبوونی بژاردەیەکی لەو شێوەیەدا، سەروەت‌و سامانی پارتی داخراو دەگوازرێتەوە بۆ خەزێنەی دەوڵەت. هاوکات لایەنێکی سیاسی، کە سکاڵایەکی یاسایی لە دژی تۆمارکراوە بۆ داخستنی، بە هیچ شێوەیەك مامەڵە بە سەروەت‌و سامانەکەیەوە ناکرێت تا ئەو کاتەی داوا یاساییەکە کۆتاییپێدێت(١٠).

داخستنی پارتە کوردییەکان؛ هۆکارو مێژوو

         ئەگەر بەراوردێکی لۆژیکی بکەین لە نێوان پێگەی پارتی سیاسی لە ناو بەندو ماددەکانی دەستووری تورکیا لەگەڵ هۆکارەکانی داخستنی پارتە کوردییەکاندا، زۆر بە ڕوونی هەست بە دژیەکی‌و نادروستیی پەیوەندیی نێوان ئەم دوو بوارە دەکەین! چونکە بڕیاری داخستنی پارتە کوردییەکان، زیاتر ململانێ‌و کێشمەکێشمی سیاسی بە سەریدا زاڵە، تا ئەوەی لە هەناوی دەستوورو بنەما دیموکراسییەکانەوە سەرچاوەیگرتبێت. بەڵگەشمان بۆ ئەم بۆچوونە، بریتییە لە کۆمەڵێک هۆکاری باو، کە زۆر جار لە داخستنی پارتە کوردییەکاندا پەنای بۆ دەبرێت:

  • پەیوەندی لەگەڵ پارتی کرێکارانی کوردستاندا (پەکەکە): حکومەتی تورکیا بەشێک لە پارتە کوردییەکانی داخستووە، بە بیانووی ئەوەی پەیوەندییان بە پەکەکەوە هەیە.
  • چالاکییە پێچەوانەییەکانی دەستوور: هەندێک جار پارتە کوردییەکان تۆمەتباردەکرێن بەوەی کە پێچەوانەی دەستوورو یاساکانی تورکیا دەجوڵێنەوە، وەکو هاندانی کردەوەی توندوتیژی، یاخود هەوڵدان بۆ تێکدانی ئەمنیەت‌و ئاسایشی وڵات.
  • چالاکیی جوداخوازی: هەندێک جار پارتە کوردییەکان بە بیانووی ئەوەی کە دژی یەکپارچەیی خاکی تورکیا چالاکیی جوداخوازی دەکەن، دادەخرێن. بە تایبەت ئەو جۆرە چالاکییانەی کە تورکیا پێی وایە زیان بە یەکێتی‌و یەکپارچەیی نەتەوەیی دەگەیەنێت.
  • ململانێی نەتەوەیی‌و سیاسی: ڕەنگە هەندێك جار بە بیانووی ئەوەی کە پارتە کوردییەکان دەبنە هۆی پەرەسەندنی ململانێ نەتەوەیی‌و سیاسییەکان، دابخرێن! بە تایبەت ئەگەر حکومەت بگاتە ئەو بڕوایەی کە لایەنێك بەشدارە لە تێکدانی شیرازەو ئاشتیی کۆمەڵایەتی لە ناو وڵاتدا.

بە ڕەچاوکردنی ئەو هۆکارانەی ئاماژەمان پێ دان، لە مێژووی نیو سەدەی ڕابردووی تورکیادا زۆرێک لە پارتە سیاسییە کوردییەکان، کە وەک “هەڕەشە” سەیردەکران، داخران. پشکی گەورەی ئەو پڕۆسەیەش بەر پارتە کوردییەکان‌و ئیسلامییەکان کەوت، چونکە ئەمانە هەمیشە جێگەی سەرنج بوون. کەواتە ئاشنابوون بە مێژووی داخستن‌و هەڵوەشاندنەوەی پارتە کوردییەکان، هەنگاوێکی گرنگە بۆ تێگەیشتن لە واقیعی سیاسیی تورکیا.

پارتی کرێکاریی گەل (هەپ) (HEP)Halkın Emek Partisi

هەپ، وەکو پارتێکی سیاسیی کوردی لە نەوەدەکانی سەدەی ڕابردوو لە تورکیا دامەزراوە. ئامانجی سەرەکییشی بریتی بووە لە نوێنەرایەتیکردنی جۆراوجۆریی نەتەوەیی‌و کولتووری لە تورکیا. ئەم پارتە هەر لە سەرەتاوە بە بەرگریکردن لە مافە سیاسییەکانی کوردو بەشداریکردن لە خەبات بۆ بەدیهێنانی دادپەروەریی کۆمەڵایەتی ناسراوە، بەڵام دادگای دەستووری لە ١٤ی تەممووزی ١٩٩٣ بە کۆی دەنگی ١١ ئەندام بڕیاری داخستنی پارتەکەی دەرکرد، بە بیانووی “هەبوونی ئامانجی لەناوبردنی یەکپارچەیی دەوڵەت”. لە کاتێکدا هەپ شازدە ئەندامی لە پەرلەمانی تورکیا هەبوو، هاوکات بڕیاریشیدا کە بەشێک لە وتەکانی فەهمی ئیشکلاری سەرۆکی پارتەکەو کارەکانی ئەو پارتە ڕاستەوخۆ پێشێلکردنی دەستووری تورکیایە(11).

پارتی ئازادی‌و دیموکراسی (ئۆزدەپ) (ÖZDEP)Özgürlk ve Demokrai Partisi

ئۆزدەپ، پارتێکی سیاسیی کوردییە، لە ١٩ی تشرینی یەکەمی ١٩٩٢ لە سەردەمی بزوتنەوەی کۆمەڵگەی دیموکراسی، وەکو بەرپەرچدانەوەی داخستنی هەپ لە تورکیا دامەزراوە. ئەم پارتە هەر لە سەرەتاوە کەوتەبەر سەرنجی دەسەڵاتدارانی ئەو کاتەی تورکیاو هەر زوو لە دادگای دەستووری دۆسیەی داخستنی بۆ کرایەوە، بەڵام بەرپرسانی پارتەکە دوای شەش مانگ لە ڕاگەیاندنی، لە ٣٠ی نیسانی ١٩٩٣ لە ناو خۆیاندا بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی پارتەکەیان دا، بەبێ ئەوەی چاوەڕێی کۆتاییهاتنی دۆسیەکە بکەن. هاوکات دادگای دەستوورییش لە ٢٣ی تشرینی دووەمی ١٩٩٣ بە فەرمی داخستنی پارتەکەی ڕاگەیاند، بە بیانووی ئەو بڕگانەی کە لە بەرنامەکەیدا “دژی یەکپارچەیی دەوڵەت بوون لەگەڵ خاک‌و نەتەوەکەیدا”، بەڵام دواتر دامەزرێنەرانی پارتەکە لە دادگای مافی مرۆڤ لە ئەوروپا؛ داوای یاساییان لە سەر تورکیا تۆمارکرد، دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپاش دوای چەند دانیشتنێکی تایبەت بەو پرسە، سەرئەنجام بڕیاریدا کە ماددەی ١١ی ڕێککەوتننامەی مافەکانی مرۆڤ پێشێلکراوەو بڕی ٣٠ هەزار فرانکی فەڕەنسی وەکو سزا بە سەر کۆماری تورکیادا سەپاند، کە ڕادەستی “مەولوود ئیلیک”ی سەرۆکی ئەو کاتەی پارتەکەی بکات(12).

پارتی دیموکراسی (دەپ) (Demokrasi Partisi (DEP

دەپ، وەک سێیەمین پارتی سیاسیی کوردی، لە سەروبەندی داخستنی پارتی ئازادی‌و دیموکراسی لەلایەن دادگای دەستووریی تورکیاوە، لە ٧ی ئایاری ١٩٩٣ دامەزرا. ئامانجی سەرەکیی پارتەکە بریتی بوو لە زیادکردنی مافی سیاسی‌و نوێنەرایەتیی کورد لە تورکیا، بەڵام بە هۆی چالاکییەکانییەوە هەر زوو لەلایەن دەسەڵاتدارانی ئەوکاتی تورکیاوە دووچاری ئاستەنگیی جۆراوجۆر کرایەوەو تەنانەت ئەندامەکانیشی ڕووبەڕووی فشارو دەستبەسەرکردن بوونەوە. پاش نۆ مانگ لە دامەزراندنی، لە ٢ی کانوونی یەکەمی ١٩٩٣دا دۆسیەی داخستن لە دژی پارتەکە کرایەوە، سەرئەنجام لە ١٦ی حوزەیرانی ١٩٩٤دا داخرا. هاوکات بەشێک لە نوێنەرانی پەرلەمانی سەر بە پارتەکەش لە کارەکەیان دوورخرانەوەو هەندێکیشیان سزای ١٥ ساڵ زیندانییان بە سەردا سەپێنرا(13).

پارتی دیموکراسیی گەل (هادەپ) (HADEP)Halkın Demokrasi Partisi

هادەپ، یەکێکی دیکەیە لەو پارتە کوردییانەی کە وەکو ناڕەزایی دەربڕینێك لە بەرانبەر دەستپێکردنی پڕۆسەی داخستنی پارتی دیموکراسیدا، لە ١١ی ئایاری ١٩٩٤ لەلایەن هەمان تەوژمی سیاسیی ئەو کاتەی کوردانی تورکیاوە دامەزرا. ئەم پارتە لە هەڵبژاردنە گشتییەکانی ساڵانی ١٩٩٥و ١٩٩٩دا نزیکەی (٥٪)ی دەنگەکانی بەدەستهێناو کەوتە جموجوڵ‌و چالاکیی سیاسی، بەڵام چالاکییەکانی لەلایەن دامەزراوە سیاسییەکانی ئەو کاتەی تورکیاوە پەسەندکراو نەبوون‌و لە ٢٩ی کانوونی دووەمی ١٩٩٩ داوای یاسایی دژی پارتەکە تۆمارکرا، بە بیانووی ئەوەی “ناوەندی چالاکیی نایاسایی” بووە‌و پەیوەندیی لەگەڵ پەکەکەدا هەبووە. سەرئەنجام لە ١٣ی ئازاری ٢٠٠٣ هادەپ داخراو ٤٦ کەس لە ئەندامانی کە “موراد بۆزلاک”ی سەرۆکی پارتەکەیشی تێدا بوو، بۆ ماوەی پێنج ساڵ هەموو جۆرە چالاکی‌و بەشدارییەکی سیاسییان لێ قەدەغەکرا(14).

پارتی گەلی دیموکرات (دەهاپ) (DEHAP)Demokratik Halk Partisi

دەهاپ یەکێکی دیکەیە لە پارتە کوردییەکانی تورکیا، کە لە سەروبەندی داخستنی پارتی دیموکراسیی گەلدا، لەلایەن هەمان گرووپی سیاسییەوە لە ٢٤ی تشرینی یەکەمی ١٩٩٧ دامەزرێنرا. ئامانجی سەرەکیی پارتەکە بریتی بوو لە پارێزگاریکردن لە ماف‌و داواکارییەکانی کورد لە تورکیا، بەڵام تەمەنی سیاسیی ئەم پارتە زۆر درێژەینەکێشاو دوای ئەوەی پارتی دیموکراسیی گەل لە ١٣ی ئازاری ٢٠٠٣ داخرا، دۆسیەی داخستنیش لە دژی ئەم پارتە تۆمارکرا، بەڵام بەر لەوەی دادگای دەستووری بڕیاری کۆتایی بدات، پارتەکە لە ١٩ی کانوونی یەکەمی ٢٠٠٥ خۆی هەڵوەشاندەوە(15).

پارتی کۆمەڵگەی ئازاد (Özgür Parti)     Özgür Toplum Parisi

پارتی کۆمەڵگەی ئازاد، پارتێکی دیکەی سیاسیی کوردییە، کە لە ٦ی حوزەیرانی ٢٠٠٣ لەلایەن ٣٣ کەسەوە دامەزراوە. دەستەی دامەزرێنەران لە هەمان ڕۆژی دامەزراندنی پارتەکەدا “ئەحمەد توران دەمیر”یان بە کۆی دەنگ وەک سەرۆک هەڵبژارد، کە ناوبراو یەکێك بوو لە سەرۆکەکانی پێشووی هادەپ. ئەم پارتە بۆ یەکەم جار لە هەڵبژاردنە ناوخۆییەکانی تورکیای ساڵی ٢٠٠٤دا، لە ژێر ناوی “هاوپەیمانیی دیموکراسی” لەگەڵ هەریەکە لە “پارتی گەلی دیموکرات، پارتی چەپ، پارتی کرێکاران‌و پارتی دیموکراسیی سۆسیالیست” لە زۆرێک لە ناوەندەکانی هەڵبژاردندا ئەندامانی خۆی کاندیدکرد، بەڵام پارتی ناوبراو لە ئەنجامی فشارەکانی دادگای دەستووری‌و سیاسەتی دەمارگیرانەی تورکیادا لە ٢٦ی ئایاری ٢٠٠٧ خۆی هەڵوەشاندەوە.

پارتی کۆمەڵگەی دیموکراتیک (دەتەپە) (DTP)Demokratik Toplum Partisi

دەتەپە وەک بەشێک لە بزوتنەوەی سیاسیی کوردی لە تورکیا بە ئامانجی داکۆکیکردن لە ماف‌و داخوازییە سیاسییەکانی کوردو زیادکردنی نوێنەرایەتیی سیاسیی دانیشتوانی کورد لە ١٩ی تشرینی دووەمی ٢٠٠٥ دامەزرا. هەروەها جێگرتنەوەی پارتە سیاسییەکانی دیکەی کورد، کە پێشتر داخرابوون، یاخود ‌هەڵوەشابوونەوە، بەڵام زۆری نەخایەند ئەم پارتەش دووچاری کێشەو گرفتی سیاسی بووەوەو حکومەت بە بیانووی “پەیوەندییان بە تیرۆرەوە”، بەشێک لە ئەندامانی پارتەکەی کردە ئامانج‌و ڕێوشوێنی یاسایی دژیان گرتەبەر(16). پاشان سەرۆکی داواکاری گشتی‌و دادگای باڵای تێهەڵچوونەوە بە تۆمەتی ئەوەی “پارتەکە بووەتە چەقی چالاکی دژی یەکپارچەیی دەوڵەت‌و هەروەها داواکاریی خوێندنی بە زمانی دایک لە سەرکردەی زیندانیکراوی پەکەکە، عەبدوڵڵا ئۆجالانەوە وەرگرتووە”(17)، لە ١٦ی تشرینی دووەمی ٢٠٠٧ دۆسیەی داخستنی لە دژی دەتەپە تۆمارکردو سەرئەنجام بە بڕیاری دادگای دەستووری لە ١١ی کانوونی دووەمی ٢٠٠٩ پارتی کۆمەڵگەی دیموکراتیک داخراو بەشێک لە ئەندامانی پارتەکەش مافی بەشداریکردنیان لە چالاکیی حیزبیدا لێ قەدەغەکرا. تەنانەت هاشم کڵچی سەرۆکی دادگای دەستووری ڕایگەیاند، “هیچ جیاوازییەک لە نێوان پەکەکەو دەتەپەدا نییەو ڕێکخراوێکی تیرۆریستی مافی ئەوەی نییە لە هیچ شوێنێکی جیهان بە ئازادی گوزارشت لە خۆی بکات”(18). بەم شێوەیە پارتی کۆمەڵگای دیموکراتیک بوو بە شەشەمین پارتی کوردیی قەدەغەکراو لە تورکیا(19).

پارتی ئاشتی‌و دیموکراسی (بەدەپە) (BDP)Barış ve Demokrasi Partisi

بەدەپە، وەک پارتێکی چالاک‌و ئەکتەرێکی گرنگ لە سەر شانۆی سیاسیی کورد لە تورکیا، لە ٢ی ئایاری ٢٠٠٨ دامەزرا. ئامانجی سەرەکیی پارتەکە بریتی بوو لە داکۆکیکردن لە مافەکانی کوردو پێشخستنی چاکسازیی دیموکراسی لە تورکیا. ئەم پارتە لە هەڵبژاردنە گشتییەکانی ٢٠١٢ی تورکیا، سەرکەوتنێکی بەرچاوی بەدەستهێناو ژمارەی ئەندامانی لە پەرلەمان زیادیکرد. لە لایەکی دیکەوە بە هۆی داخستنی دەتەپەوە ١٩ پەرلەمانتارو سەرۆکشارەوانیی ئەو پارتەو پەرلەمانتاری سەربەخۆی ئەستەنبوڵ؛ محەمەد ئوفوک ئاراس، لە مەراسیمێکدا لە ٢٣ی کانوونی یەکەمی ٢٠٠٩ لە ئامەد پەیوەندییان بە بەدەپەوە کرد. پاشان لە کۆنگرەی نائاسایی بەدەپە لە ١ی شوباتی ٢٠١٠ هەریەکە لە سەڵاحەدین دەمیرتاش‌و گوڵتان کشاناک وەک هاوسەرۆکی پارتەکە دەستنیشانکران، بەڵام ئەم پارتەش وەک پارتە کوردییەکانی دیکە لەلایەن دەسەڵاتدارانی تورکیاوە ڕووبەڕووی کێشەو گیروگرفت بووەوەو بەشێک لە ئەندامەکانی بە تۆمەتی پەیوەندییان به تیرۆرەوە دادگاییکراون‌و سزای زیندانیکردنیان بە سەردا سەپێنراوە. لە ڕاستیدا ئەم دۆخەش بووە هۆی فشارو سنووردارکردنی کارو چالاکییەکانی پارتەکە، هەر بۆیە دوای دوو ساڵ لە دامەزراندنی هەدەپە وەک پارتێکی جێگرەوەی ئەم پارتە، لە ١١ی تەممووزی ٢٠١٤ بەدەپە ناوی خۆی گۆڕی بۆ پارتی دیموکراتی هەرێمەکان (دەبەپە) Demokratik Bölgeler Partisi (BDP).

پارتی دیموکراتیی گەلان (هەدەپە) (HDP)Halkların Demokratik Partisi

هەدەپە پارتێکی سیاسییەو لە ١٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٢ لەلایەن سیاسەتمەدارانی پارتی ئاشتی‌و دیموکراسییەوە دامەزراوە. ئامانجی سەرەکیی پارتەکەش بریتییە لە نوێنەرایەتیکردنی گرووپە ئیتنیکی‌و کولتووری‌و کۆمەڵایەتییە جۆراوجۆرەکان‌و گەیاندنی دەنگی کورد، هەروەها زامنکردنی دیموکراسی، مافی مرۆڤ، دادپەروەری‌و ئاشتی لە تورکیا، بەڵام ئەم پارتە لە ژینگەی سیاسیی تورکیادا بەردەوام مشتومڕی لە سەرەو تۆمەتی “بوونی پەیوەندیی بە پەکەکەوە” دراوەتەپاڵ. تەنانەت دەوڵەت باخچەلیی سەرۆکی پارتی بزوتنەوەی نەتەوەپەرست (مەهەپە) زۆر بە ڕوونی لە ١١ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٠دا ڕایگەیاند: “دوژمنایەتی‌و خیانەت بە ناوی هەدەپەوە ئاڵنگارییە لەگەڵ تورکیادا، بە شاردنەوەی لە پشت دیموکراسی‌و هێلانەکردن لە پەناگەی ئازادی‌و مافەکانی مرۆڤدا. هەدەپە کێشەی تیرۆرە، ماڵی جوداخوازییە، پیلانی ناتەباییە، چەکێکی خراپەو مەترسییە بۆ ئاسایشی دیموکراسیمان. نابێت بەم شێوەیە بڕوات. بە دڵنیاییەوە دەبێت دادپەروەری‌و یاسا بێتە گۆڕەپانەکەوە، دەرگای هەدەپەش بە جۆرێک دابخرێت، کە جارێکی دیکە نەکرێتەوە. پێویستە ئەم قەڵەمە گەرمەی تیرۆرو جوداخوازی دابخرێت.” تەنها سێ مانگ دوای قسەکانی باخچەلی، لە ١٧ی ئازاری ٢٠٢١، بەکر شاهین؛ سەرۆکی داواکاری گشتیی تورکیا، دۆسیەیەکی داخستنی تۆمارکردو داوای داخستنی هەمیشەیی پارتی دیموکراتی گەلانی کرد، بە بیانووی ئەوەی کە ئامانجی تێکدان‌و نەهێشتنی یەکپارچەیی دەوڵەتە لەگەڵ خاک‌و نەتەوەکەیدا(20).

ئەو تۆمەتانەی بە درێژایی چەند ساڵی ڕابردوو بۆ داخستنی هەدەپە ئامادەکراوە، خۆی دەبینێتەوە لە دۆسیەیەکی ٨٤٣ لاپەڕەییدا، یەکێک لە گرنگترین تۆمەتەکانیش بریتییە لە “کارکردنی ئەم پارتە بە گوێرەی ئامانجەکانی پەکەکەو کەجەکە”، هەر بۆیە دەبینین کارکردن لە سەر دۆسیەی داخستنی هەدەپە بەردەوامەو تەنانەت ئێستا لە بەشێکی زۆری شارەوانییەکانی سەر بە هەدەپە قەییوم دانراون(21).

هەر بە هۆی مەترسی لە سەر داخستنیەوە، هەدەپە لە هەڵبژاردنە گشتییەکانی ٢٠٢٣دا لە ژێر چەتری پارتی چەپی سەوز (یەسەپە) (YSP) بەشداریی هەڵبژاردنەکانی کرد. دوای تەواوبوونی هەڵبژاردنەکانیش هەدەپە کۆنگرەی سازکردو بە ناچاری هاوسەرۆکان‌و بەرپرس‌و ئەندامەکانی بە فەرمی چوونەناو یەسەپەوە. تەنانەت یەسەپەیش لە ترسی داخستن لە کۆنگرەی ئاسایی خۆیدا لە تشرینی دووەمی ٢٠٢٣ ناوی خۆی گۆڕی بۆ پارتی یەکسانی‌و دیموکراسیی گەلان (هەدەپ) (HEDEP)، بەڵام ئەنجومەنی دادوەریی تورکیا (Yargıtay) بە بەهانەی ئەوەی (HEDEP) هەمان ناوی (HADEP) بە بیر خەڵکی دەهێنێتەوە، کە پێشتر بە هۆی “پشتیوانی لە تیرۆر”ەوە داخراوە، بۆیە کورتکراوەی (HEDEP)ی پەسەندنەکرد. لە کۆتاییدا بەرپرسانی پارتەکە وشەی دەمپارتی (DEM Parti)یان وەک کورتکراوەی پارتەکە دیاریکرد.

ئێستا بزوتنەوەی نەتەوەیی کورد لە باکووری کوردستان لە ژێر چەتری دەمپارتیدا بەردەوامە لە خەبات، لەگەڵ ئەوەشدا ئەم پارتەو بەرپرسەکانی لە ژێر سێبەری ڕەحمی داواکاری گشتی‌و دادگای دەستووریی تورکیادا چالاکی ئەنجامدەدەن‌و لە هەر ئانوساتێکدا دەکرێت ڕووبەڕووی داخستنی پارتەکەو دەستگیرکردنی ئەندامەکانی ببێت.

ئەنجام

سەرەڕای جەختکردنەوەی یاساو بەندەکانی دەستووری تورکیا لە سەر کارکردنی پارتە سیاسییەکان لە چوارچێوەی سیستەمی دیموکراسیدا، هاوکات بە کۆمەڵێك ماددەی دیکەشەوە پەیوەستدەکرێن، کە پەیوەندیدارە بە داخستنی خودی ئەو پارتانەوە، چونکە لە دەستووردا دەرفەتی داخستنی پارتەکان بۆ داواکاری گشتی‌و دادگای دەستووری ڕەخسێنراوە. لە ڕاستیدا یەکێك لە خاڵە نەرێنییەکانی یاسای پارتە سیاسییەکان ئەوەیە، بە کۆمەڵێک بڕگەی زۆر وردو سنووردارەوە سیمای پارتە سیاسییەکانی لە چوارچێوەی ژیانی سیاسی دیموکراسیدا کاڵکردووەتەوە، بە تایبەت ئەو یاسایەی کە پارتە سیاسییەکان تەنیا لەلایەن دادگای دەستوورییەوە دەتوانرێت دابخرێن‌و هیچ دەسەڵاتێک مافی ڕەتکردنەوەی بڕیارەکانی دادگای دەستووریی نییە(22).

لە لایەکی دیکەوە، یاساو پرەنسیپەکانی تورکیا، شێوازی مامەڵەو ئەنجامدانی چالاکیی پارتە سیاسییەکانی بەراورد بە وڵاتانی دیموکراسیدا پێچەوانەکردووەتەوە، بە تایبەتی دەستوەردان لە دیاریکردنی ئەدای کاری پارتەکان، ئاڕاستەکان‌و ئەو وردەکارییانەی کە لەلایەن پارتەکانەوە بە گوێرەی ئایدۆلۆژیای فەرمیی خۆیان پێکدەهێنرێن، تەنانەت هەر جۆرە هەڵسوکەوتێکی پێچەوانەی بڕیارو ڕێنماییەکانی، وەک هۆکارێک بۆ داخستنی پارتەکە لەقەڵەمداوە. ئەم تێگەیشتنەش بە ڕوونی ڕەتکردنەوەی فرەیی سیاسییە! چونکە لەوانەیە زیاتر لە پارتێک لە تورکیا دابمەزرێت، بەڵام دەبێت هەموویان بەرگری لەو سیاسەتانە بکەن، کە بە گوێرەی یەک ئایدۆلۆژیا داڕێژراون، هەر بۆیە لە یاسای پارتە سیاسییەکاندا، پارتەکان وەک دامەزراوەیەکی نزیک لە دەوڵەت وێنادەکرێن.

ئەم بارودۆخە سیاسییەی تورکیا لە کاتێکدایە کە بە گوێرەی یاسا نێودەوڵەتییەکان، قەدەغەکردن یان داخستنی پارتە سیاسییەکان تەنیا لەو کاتەدا ڕەوایەتی پێ دەدرێت کە لایەنەکان بانگەشەی بەکارهێنانی توندوتیژی بکەن بۆ تێکدانی ئاسایشی وڵات‌‌و مەترسیی دروستکردن لە سەر پڕۆسەی دیموکراسی، یاخود توندوتیژی وەک ئامرازێکی سیاسی بەکاربهێنن، بە شێوەیەک کە ئەو ماف‌و ئازادییانەی دەستوور گرەنتییکردوون، لەناوببات. بە واتایەکی دیکە، یاسا نێودەوڵەتییەکان جەخت لەوە دەکەنەوە کاتێك پارتێکی سیاسی بانگەشە بۆ گۆڕینی ئاشتیانەی دەستوور دەکات، نابێت ئەو داواکارییە وەکو هۆکارێك بۆ قەدەغەکردن یان داخستنی ئەو پارتە لێی بڕوانرێت، بەڵکو بەر لەوەی هەر دامەزراوەیەکی دەوڵەت داوا لە دەزگای دادوەری بکەن کە چالاکی‌و جموجوڵی پارتێکی سیاسی قەدەغەبکات یان دابخات، پێویستە بیر لەوە بکەنەوە ئایا ئەو پارتە مەترسییەکی ڕاستەقینە لە سەر دۆخی سیاسی‌و بنەماکانی دیموکراسی دروستدەکات؟ ئایا جگە لە پەنابردن بۆ داخستن‌و هەڵوەشاندنەوەی پارتێك، دەزگا پەیوەندیدارەکانی دەوڵەت دەتوانن لە ڕێگەی پیادەکردنی چ میکانیزمێکی دیکەوە ڕێگری لە مەترسییە چاوەڕوانکراوەکان بکەن؟(23).

کەوایە هەر لە ڕێگەی خوێندنەوەی بەندو یاسا نێودەوڵەتییەکانەوە، دەتوانرێت میکانیزمێکی گونجاو بۆ چارەسەرکردنی قەیرانی داخستنی پارتەکان بە گشتی‌و پارتە سیاسییە کوردییەکان لە تورکیا بە تایبەتی بدۆزرێتەوە، ئەویش بریتییە لە جێبەجێکردنی ئەم دوو خاڵە لەلایەن تورکیاوە:

  • پارتە سیاسییەکان تەنیا لەو کاتەدا دابخرێن کە توندوتیژی وەک ئامرازێکی سیاسی بەکاربهێنن.
  • بۆ کۆتاییهێنان بە چالاکی‌و جموجوڵی پارتێکی سیاسی، پێویستە ڕێوشوێنی داخستن دوا ڕێگەی پاراستنی سیستەمی دیموکراسی بێت. ئەو حیزبەی کە بڕیارە دابخرێت، دەبێت مەترسییەکی ڕاستەقینەی بۆ سەر سیستەمی دیموکراسی دروستکردبێت، ئەوکات بڕیاری داخستن یاخود هەڵوەشاندنەوەی بدرێت، واتە هەر بە تەنها دەستنیشانکردنی بۆچوون‌و ئەدای سیاسی پارتێك، کە پێچەوانەی سیستەمی دیموکراسیی بێت، نابێت بە هۆکار بۆ داخستنی، بەڵکو دەبیت جموجوڵی ئەو پارتە ئێستا یان داهاتوویەکی زۆر نزیک مەترسیی ڕاستەقینە بۆ سەر سیستەمی دیموکراسی دروستبکات، ئەو کاتە بڕیاری یەکلاییکەرەوە سەبارەت بە داخستنی دەدرێت(24).

کۆتایی‌و ڕاسپاردەکان

پڕۆسەی داخستنی پارتە کوردییەکان لە ڕابردوو و ئێستای تورکیا پرسێکی ئاڵۆزو هەستیارە. داخستنی ئەم پارتە سیاسییانە دەتوانێت پڕۆسەی دیموکراسی تێکبدات‌و ببێتە هۆی گرژیی کۆمەڵایەتی. کۆماری تورکیا دەتوانێت لە ڕێگەی کۆمەڵێك میکانیزمی دیکەی جودا لە داخستن‌و هەڵوەشاندنەوە، ڕەوتی ڕوداوە سیاسییەکانی وڵاتەکەی، بە تایبەتی ئەوانەی کە پەیوەندییان بە دۆزی کوردەوە هەیە، بە ئاقاری چارەسەرخوازیدا ببات. گونجاوترین ئەو میکانیزمانەش بریتین لە:

  • کردنەوەی دەرگای گفتوگۆی ڕاستەوخۆ لەگەڵ کوردو نوێنەرەکانیدا، چونکە چارەسەرکردنی هەر کێشەیەك بەر لە هەموو شتێك پێویستی بە پەیوەندییەکی بونیادنەرانەو دڵسۆزانە هەیە لە نێوان لایەنە دژیەکەکاندا.
  • داننان‌و پاراستنی مافەکانی کورد لەلایەن تورکیاوە، بە تایبەت بابەتی زمان، پەروەردە، چالاکیی کولتووری‌‌و بەشداری لە کایەی سیاسیدا.
  • بۆ هاندانی بەشداریی زیاتری کۆمەڵگەی کوردی لە پڕۆسەی سیاسیدا، ئاستەنگەکان لاببرێن‌و دەرفەتی یەکسان لە گۆڕەپانی سیاسیدا بڕەخسێنرێت. پێویستە چاکسازیبکرێت بۆ بەهێزکردنی نوێنەرایەتیی سیاسیی کورد لە گۆڕەپانی سیاسیی ئەو وڵاتەدا.

 

پەراوێزەکان

(21) قەییوم: زاراوەیەکی یاساییە، کە تێیدا مافی خاوەنداریەتی‌و بەڕێوەبردنی کەسێک یان دامەزراوەیەک بە شێوەیەکی کاتی دەگوازرێتەوە بۆ کەسێک یان دامەزراوەیەکی تر. بۆ زیاتر بڕوانە: (https://sanayigazetesi.com.tr/kayyum-nedir/) 23.02.2024..

(22) Doç. Dr. Oktay Uygun: a.d.e, S. 256.

(23) Doç. Dr. Oktay Uygun: a.d.e, S. 257.

(24) Doç. Dr. Oktay Uygun: a.d.e, S. 257.

Send this to a friend