• Google Plus
  • Rss
  • Youtube
August 17, 2025

بەشداری کورد لە شارستانییەتی ئیسلامیدا

پرۆفیسۆر.د. ئومێد رفیق فتاح

شارستانییەتی ئیسلامی بەرهەمی یەك نەتەوە و گەلی دیاریكراو نییە،بەڵكو بەرهەمی مێژوویی و كولتووری هەموو ئەو گەلانەیە كە بە درێژایی مێژووی گەلان بەشداربوون لە دروستكردن و بوونیادنانی ئەوەی پێی دەوترێت شارستانییەتی ئیسلامی.
ئەو گەلانەی كە بەشداربوون لە دەوڵەمەندكردنی شارستانییەتی ئیسلامی بە دوو ڕێگای سەرەكی بەشداربوون، رێگەی سامانە مادی و مەعنەوییەكان و دەستكاریكردنیان بەشێوەیەك كە تەبا بێت لەگەڵ بنەما سەرەكییەكانی ئایینی ئیسلام. ڕێگەی دووەم بەشداری زانا و بیرمەند و كەسایەتییە ڕەمزی و بەرهەمەكانییان و بەشدارییان لە مێژووی نەتەوەكەدا.
گەلی كورد لە دوای موسڵمانبوونی بە هەر دوو ڕێگەكە بەشدارییەكی كارا و كاریگەری لە شارستانییەتی ئیسلامیدا كردووە، دەكرێت هەندێكیان وەكو داب و نەریتی میللی و كوردەواری لە ڕێگەی ئاكاری كۆمەڵایەتییەوە گوازرابێتەوە بۆ كولتووری كۆمەڵگەكانی تری كۆمەڵگەی ئیسلامی، رەنگە ئایینی ئیسلام وەكو بنەمای عەقیدەیی ڕۆڵی هەبووبێت لە تێكشاندنی هەندێك داب و نەریت، بەڵام هەندێك نەریتی تری كۆمەڵایەتی بە تەواوی نەتواوەتەوە.
ڕاستە ئیسلام وەكو ئایین كار بۆ بەكبوون و یەكگرتن دەكات، بەڵام لە ناوەرۆكدا هیچ یەكگرتنێك بە مانای نەمانی فرەیی نییە. بەشداری كورد لە مێژووی ئیسلامدا تەنیا كورت ناكرێتەوە لە سەڵاحەدینی ئەیوبی و ڕۆڵە جەنگاوەرییەكەیدا، وەكو ئەوەی كە هەندێك مێژوونووس دەیانەوێت وا وێنای دەكەن.
كورد لە ڕیگەی شاعیرو هونەرمەند و بیناكاری كولتووری و….. چەندین بواری ترەوە بەشدارە لە دەوڵەمەندكردنی مێژووی ئیسلام، ڕەنگە باشترین بەشداری كورد لە بواری زمان و ئەدەب و زانا ئیسلامییەكانییەوە دیار و باڵا بێت، بەڵام دیدی كورد بۆ پێكەوە ژیان و قبووڵكردنی جیاوازی خاڵی جیاكەرەوەی بەشداری كوردە بەراورد بە گەلانی تری بەشدار لە شارستانییەتی ئیسلامی. بەشداری كورد لەم بوارەدا درەوشاوەترین خاڵە كە دەكرێت گەلانی تر لە ئیسلامدا سوودیان لێ وەرگرتبێت.
كورد لە مێژووی ئیسلامدا لە ڕێگەی تەریقەتەكانەوە ڕۆڵێكی كارای گێڕاوە لە پێگەیاندن و بڵاوكردنەوەی ئیسلامی میانڕەو، ئەمە بە مانای ئەوە نییە لە ناو كەسایەتییە كوردەکاندا زانای توندڕەو، یان جەنگاوەری خوێنڕێژی تێدا نەبووبێت، بەڵام كە سەیری گۆرانكارییەكان بەرەو ڕیفۆرم دەكەیت زانا كوردەكان رۆڵی پێشەنگ دەگێڕن لە مێژووی كۆن و نوێدا. هەرچەندە بەپێی قۆناغە مێژوویییەكان بەشداری كورد جیاوازە. كورد بە درێژایی مێژوو كاراكتەری بەشداری ناو بڵاوكردنەوە و گەشەكردن و فراوانخوازی مێژووی شارستانییەتی ئیسلامی بووە، بەڵام چەند سوودمەند و بەهرەمەند بووە لە مێژووی شارستانییەتی گەلانی تری ئیسلامی، ئەم ژمارەیە هەوڵ دەدات وەڵامی ئەو پرسە بداتەوە.

Send this to a friend