• Google Plus
  • Rss
  • Youtube
April 7, 2021

نەخشەکێشانی گەشبینانەی کورد بۆ ئیدارەی بایدن: تورکیا و ئێران

 نووسینی: جۆن ساڵح

 ڕۆژنامەوان و شیکەرەوەی سیاسییە، سەرنجی کارەکانی لەسەر تێوەگلانی ئەمەریکا و هێزە دەرەکییەکانە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و گرنگیی تایبەت دەدات بە کاروباری سووریا و کورد.

وەرگێڕان: هەژار حەمید

بۆ بینینی بابه‌ته‌كه به‌ PDF‌ كلیك له‌م به‌سته‌ره‌ بكه‌:-  ژمارە (6‌)ی ئازاری 2021ی گۆڤاری ئایندەناسی

کورد لە تورکیا و ئێران دەتوانێت هاوبەشێکی بایەخداری ئەمەریکا بێت، لە کاتێکدا ئەمەریکا لە پەیوەندییەکی ئاڵۆزدایە لەگەڵ هەردوو وڵاتدا.

لە سەرانسەری هەرێمەکەدا، کورد بەپەرۆشەوە سەیری سەرۆکایەتیی بایدن دەکەن. زۆرێک هیوایان زۆرە و گریمانەی ئەوە دەکەن کە بایدن پشتیوانیکەری کورد بێت زیاتر لە هەر سەرۆکێکی تری ئەمەریکا تا ئەمڕۆ. لەگەڵ گەشبینییەکی نوێ سەبارەت بە هاوکاری لەگەڵ ئەمەریکا، کرانەوە و جموجۆڵ لە ساڵی 2021دا دەردەکەوێت، هەر چەندە تێگەیشتن لە سروشتی کاروباری کوردەکان لە ناوچەکەدا بۆ هەر هاوکارییەکی داهاتوو پێویستە گرنگ ببینرێت. هاوکات لەگەڵ بەدواداچوونی بارودۆخ  بۆ هاوکاریی زیاتر لەگەڵ پێکهاتە کوردییە خۆسەرەکان لە عێراق و سووریا، هەروەها بەدواداچوون بۆ هیوا و چاوەڕوانییەکانی کوردەکانی تورکیا و ئێران کە بەشێکی گرنگی دانیشتووانی ئەو دوو وڵاتەن؛ جێگای بایەخە.

تورکیا

کورد لە تورکیا ڕووبەڕووی بارودۆخێکی خراپ دەبێتەوە بە بەراورد لەگەڵ کوردەکانی سووریا و عێراق. دەنگی سیاسیی ئەوان تا بێت زیاتر لە گۆڕەپانی سیاسی داخراو دەبێت و هەر جۆرە خۆبەڕێوەبردنێکیش بۆ ئەوان؛ دوور لە واقیعە. بەو شێوەیەش ئەوان بەدوای چارەسەری پرسی پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤی تورکیا و گێڕانەوەی دیموکراسی لە ناوچەکە و ئاشتیی نێوان پارتی کرێکارانی کوردستان و حکومەتی تورکیا دەگەڕێن.

لە ماوەی چوار ساڵی ڕابردوودا، سەرۆک ئەردۆگان بێدەنگیی ئیدارەی ترامپی وەک دەرفەتێک بۆ زیادکردنی سیاسەتەکانی سەرکوتکردن و ترساندنی کورد لە تورکیا بەکار هێناوە. دەسەڵاتدارانی تورکیا بە مەبەستی کپکردنی داواکانی کورد بۆ مافە سیاسییەکان، چالاکیی کولتووریی کوردییان سەرکوت و قەدەغە کردووە، پەروەردەی زمانی کوردییان کردووەتە ئامانج، گۆڕینی دیمۆگرافیای نەژادی لە ناوچە کوردییەکاندا لە ڕێگەی چالاکیی سەربازییەوە سەپاندووە، هەروەها چالاکوانانی کوردیشیان دەستگیر کردووە، زۆر جار بەشێکی زۆریان لە گرتووخانەکاندا ئەشکەنجە دراون و بەجێ هێڵراون بۆ مردن.

وەکوو بەشێک لەو سیاسەتی سەرکوتکردنە، ئەردۆگان بەتوندی لە دژی پارتی دیموکراتی گەلانی پرۆکورد (هەدەپە) و لایەنگرانی وەستاوە. لە ساڵی (2016)ەوە نزیکەی 12 ئەندامی ئەو پارتە بە تۆمەتی تیرۆر و پەیوەندی لەگەڵ پەکەکەی قەدەغەکراو زیندانی کراون. لەناو سەرکردە حزبییە زیندانییەکان، سەڵاحەدین دەمیرتاش هەیە کە هاوسەرۆکی پێشووی پارتەکە و یەکێک لە بەناوبانگترین کەسایەتییەکانی کوردە. دەسەڵاتدارانی تورکیا لە ساڵی ڕابردوودا بەتایبەتی، بارودۆخی بێسەروبەری کۆرۆنایان وەکوو ڕێگەیەک بۆ ڕزگاربوون لە کورد بەکار هێنا، ئەمەش لە ڕێگەی فەرامۆشکردنی چاودێریی تەندروستی بۆ هاوڵاتیانی کورد و دابیننەکردنی هاوکاریی پزیشکی بۆیان.

کانی غولام چالاکوانێکی سیاسی لە واشنتۆن و بەڕێوەبەری تۆڕی زانیاریی کوردی-ئەمەریکی، لێدوانی دا و وتی: “کوردانی باکووری کوردستان ئاشتییان دەوێت، هەروەها دەیانەوێت نوێنەرەکانیان نوێنەرایەتییان بکەن نەک لە زیندانی جیاجیای تورکیا بن. کاتێک دۆناڵد ترامپ بە سەرۆککۆمار هەڵبژێردرا، سەڵاحەدین دەمیرتاش دەستگیر کرا. ئەو هێشتا لە زینداندایە، لە کاتێکدا ئێستا جۆو بایدن لە کۆشکی سپییە.”

بەم شێوەیە ئەردۆگان و پارتی دەسەڵات تاکتیکی سیاسیی ڕەگەزپەرستانەی دژ بە کوردیان بەکار هێنا، بۆ ئەوەی هەدەپە گۆشەگیر بکەن و کوردی تورکیا لە هاوپەیمانی لەگەڵ پارتە ئۆپۆزسیۆنەکانی تر دوور بخەنەوە. لەو کاتەوەی کە پارتی داد و گەشەپێدانی ئەردۆگان لە ساڵی ڕابردوودا لە نزیکەی هەموو شارە گەورەکانی هەڵبژاردنی خۆجێیی دەسەڵاتی لەدەست دا، 59 کەس لە 65 سەرۆکشارەوانیی هەدەپە لە ڕۆژهەڵاتی تورکیا لە پۆستەکانیان دوور خراونەتەوە. سەرەڕای ئەم ڕاستییانە، ترامپ ئەردۆگانی بە پیاوێکی گەورە و دۆستێکی نزیک وەسف کرد، ئەمەریکاش لە کاتی بەڕێوەبردنی ترامپدا هیچ کارێکی بۆ ئەوە نەکرد کە لە تورکیا لەبەرامبەر مافەکانی مرۆڤ بێتە دەنگ.

بەو جۆرەش کوردی تورکیا کراوەیە بۆ پەیوەندییەکی نوێ لەگەڵ ئیدارەی بایدن، بەتایبەتی لەسەر وتەکانی لە بارەی بەرەوپێشبردنی مافەکانی مرۆڤ. پارتی دیموکراتی گەلان لە تورکیا (هەدەپە) دەستپێشخەریی کرد بۆ پێشکەشکردنی پیرۆزبایی لە بایدن و کەمالە هاریس. سەرکەوتنی هەڵبژاردنیشیان بە سەرکەوتن بۆ دیموکراسیی ئەمەریکا لەبەرچاو گرت. لە بەیاننامەیەکدا دوای سەرکەوتنی نافەرمیی بایدن، هاوسەرۆکی هەدەپە؛ پەرڤین بوڵدان و مەدحەت سانجار ڕایانگەیاند: “ئێمە هیوادارین و چاوەڕوانی ئەوە دەکەین کە سیاسەتەکانی ئەمەریکا لە سایەی سەرۆکایەتیی ئێوەدا، ئەجێنداکانی دیموکراسی، ماف و ئازادییەکانی مرۆڤ و دادپەروەریی کۆمەڵایەتی-ئابووری، یەکسانیی جێندەری، ڕێوشوێنی ئیکۆلۆژی بۆ گۆڕانی کەشوهەوا و سیاسەتی ئەخلاقی و ئاشتیخوازانەی دەرەوە پێش بخەین.”

تورکیا بە بارودۆخێکی سیاسیی هەستیاردا دەڕوات کە پێویستی بە مانۆڕی زیرەکانە هەیە لە چوارچێوەی خراپبوونی ئەم دواییەی پەیوەندییەکانی ئەمریکا و تورکیا و سیاسەتە شەڕانگێزەکانی ئەردۆگان بەرامبەر بە بەرژەوەندییەکانی ئەمەریکا و ناتۆ. ئەگەر تورکیا ڕوو لە ئەمەریکا وەربگێڕێت و ڕوو لە ئێران و ڕووسیا بکات، ئەوە زەحمەتە بایدن بتوانێت ئەردۆگان ڕازی بکات لە کەمکردنەوەی شەڕانگێزییەکانی و لادانەوەی بەرەو ناتۆ. بۆیە بۆ ئەمەریکا پێویستە هەموو ئەو ئامرازە نەرم و توندانەی لەبەر دەستدان، لە کاتی مامەڵەکردن لەگەڵ حکومەتی ئەردۆگاندا بەکار بهێنێت، ئەم ئامرازانە دەتوانن سزا ئابوورییە زیرەکەکان لەخۆ بگرن، بەتایبەتی لەسەر تیمەکەی ئەردۆگان و پارتەکەی و هەروەها زیاتر گرنگیدان بە پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ. جەختکردنەوەیەکی لەو جۆرە لەسەر پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ، بەسوود دەبێت بۆ پەیوەندییەکی پتەو لەگەڵ کوردی تورکیا بە ئاراستەی ستراتیژییەکی بەسوود، کە پاڵ بە کوردی تورکیاوە دەنێت بۆ گەیشتن بە ئاواتە سیاسییەکانی خۆی لەناو تورکیاکی دیموکراتیک نەک ئیسلامی.

پڕۆژەیەکی تری ستراتیژی لە مامەڵەکردن لەگەڵ کوردی تورکیا، ڕێکخستنی دیالۆگ دەبێت لەنێوان حکومەتی تورکیا و پەکەکە، بە ئامانجی بەدیهێنانی ئاشتی لەنێوان هەردوو ئەکتەری ناکۆکدا لە دوورمەودادا. سەرەڕای ناجێگیری، بەڵام دوژمنایەتیی دوو لایەنەکە هەندێ جار کەمبوونەوەی بەخۆیەوە بینیوە. گەڕانەوەی پەیوەندیی نێوان پەکەکە و تورکیا، دەبێتە هۆی نەهێشتنی توانای ئەردۆگان لە بەکارهێنانی تۆمەتی تیرۆر بەرامبەر ڕکابەرە کوردەکانی و پاساوی ئەوەی کە ڕێگە بە حکومەتەکەی بدات دەست وەربدات لە کاروباری سووریا و عێراق. هەروەها پشتگیریکردنی هەوڵی سیاسیی ڕەوای کورد لە تورکیا، دەتوانێت توخمێکی سەرەکی بێت لە سیاسەتی فراوانتری ئەمەریکادا کە تەحەدای تەماحە ترسناکەکانی ئەردۆگان دەکات لە بەرژەوەندیی دیموکراسی و حوکمڕانی و کەمکردنەوەی دەستدرێژیی نێودەوڵەتی لە سیاسەتەکانی تورکیادا.

کانی غولام ئاماژە بۆ ئەوە دەکات کە سەرۆک بایدن وەک کوردەکانی تر کورد دەناسێت، هەروەها دەزانێت کە سەرۆک ئەردۆگان لەگەڵیاندا لە کێشەدایە. بۆیە کانی پێشبینیی ئەوە دەکات کە بایدن تەنانەت ئەگەر ڕاستەوخۆش ڕووبەڕووی سەرۆک ئەردۆگان نەبێتەوە، لە تورکیا مافەکانی مرۆڤ بکات بە پێوانێکی گرنگ لە سیاسەتی دەرەوەیدا، هەروەها وتی:” ئێمە زانیاریی نهێنیی هێڵی دیپلۆماسیی نێوان واشنتۆن و ئەنقەرە نازانین، بەڵام بێگومان ئاماژەکردن بۆ زیندانیکردنی پەرلەمانتارانی کورد یان دەرکردنی سەرۆکشارەوانییەکانی کورد؛ پێشکەوتنێکە بە بەراورد لەگەڵ سەرۆک ترامپ کە باسی لە پەیوەندیی باشی خۆی لەگەڵ سەرۆک ئەردۆگان دەکرد. بایدن عادەتی ستایشکردنی کەسایەتیی دەسەڵاتخوازی نییە، لە ڕاستیدا حەز دەکات بەرەنگاریان بێتەوە، وەک چۆن دژی میلۆسۆڤیچ کردی. سەرۆک ئەردۆگانیش وەک میلۆسۆڤیچ ڕەفتار دەکات مەگەر بگۆڕێت، پێشبینی دەکەم کە پەیوەندییەکی ساردتر لەنێوان ئەو دوو سەرکردەیە دروست بێت.”

ئێران

بە پێچەوانەی تورکیا، کوردی ئێران لە وڵاتێکدا دەژین کە پەیوەندییەکی قووڵی دژبەیەکی لەگەڵ ئەمەریکادا هەیە، ئەو وڵاتەی بایدن بەدوایدا دەگەڕێت بۆ گەڕاندنەوەی ڕێککەوتنی ئەتۆمی. کەمینەی کوردی ئێران بەدوای ئەوەوەن بگەنە بارودۆخێکی هاوشێوەی کوردستانی عێراق-هەرێمی سەربەخۆ لەناو دەوڵەتێکی فیدراڵیدا، لەگەڵ دانپیانان بە ناسنامەی کورد و ڕێزگرتن لە مافە سیاسی-کولتوورییەکانیان. لە ئێستادا ڕژێمی ئێران کورد دەچەوسێنێتەوە. ڕژێم دەستگیرکردنی هەڕەمەکی، لەسێدارەدان، ئەشکەنجە، گۆڕینی دیمۆگرافیای ناچار لە ناوچە کوردییەکان و نەبوونی خزمەتگوزاری و گەشەسەندن؛ بەکار دەهێنێت بۆ ئەوەی دانیشتووانە کوردەکەی بچەوسێنەوه.

هەر لەبەر ئەم هۆیە و بە هۆی خیانەتی ترامپ لە کوردانی سووریا، کورد لە ئێران متمانە و ئومێدی لە ئیدارەی ترامپ لەدەست داوە. سەلاح بایەزیدی نوێنەری حیزبی کۆمەڵە وتی: “ئەمساڵ یادی 41 ساڵەی شۆڕشی ئیسلامی لە ئێران بوو، کاتێک ناڕەزایەتی لە شەقامەکان حکومەتی شایان هێنایە خوارەوە، پیاوانی ئایینیی ئێران داوای شۆڕشیان لە خەڵک کرد. بە هەمان شێوە لە ساڵی ڕابردوودا خەڵکی کورد لە ئێران دژی ئەو ئیسلامییانە ڕاوەستان کە لە ساڵی 1979 هاتنە سەر دەسەڵات و لە دژی پیاوانی ئایینی لە سەرانسەری ناوچە کوردییەکانی ئەو وڵاتە خۆپیشاندانیان کرد، لەوانە لە شارەکانی وەک مەریوان و سنە و کرماشان و جوانڕۆ. کوردی ئێران هەمیشە لە بەرەی پێشەوەی شەڕدا بوون لە دژی دڕندەیی و سەرکوتیی ڕژێم. ئەو ڕژێمە لە جەنگدا تێوە گلاوە، پشتیوانیی تیرۆریزم لە دژی ئەمەریکا دەکات، بەرنامەی مووشەکی ئەتۆمی و بالستیکی دروست دەکات و دەبێتە هۆی مردنی ملیۆنان ئێرانی و غەیرەئێرانی بە هەمان شێوە.”

کورد لە ئێران هیوادارە بایدن گرنگی بە پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لە ئێران بدات و چاو بە ڕێککەوتنی ناوکی و کەموکورتییەکانی بخشێنێتەوە. بەو شێوەیە بایەزیدی چەند پێشنیارێک دەخاتە ڕوو و دەڵێت: “کاتێک ئیدارەی ئۆباما وەک بەشێک لە  گرووپی ٥+١ (پلانی گشتگیریی هاوبەشی کار) کە بە ڕێککەوتننامە ناوکییەکەی ئێران ناسراوە؛ ئیمزا کرد، لە 14ی تەممووزی 2015دا ئێمە وەک کورد لە ئێران دژایەتیمان نەکرد، بەڵام کۆمەڵگای نێودەوڵەتیمان لە کەموکوڕی و عەیبەکانی ئاگادار کردەوە. ڕێککەوتنەکە پێشێلکردنی گەورەی مافەکانی مرۆڤی ئێرانی و سیاسەتی سپۆنسەری تیرۆریزم و پەرەپێدانی بەرنامەی مووشەکی بالستیکی لەخۆ نەگرت. جۆو بایدنی سەرۆککۆمار وەک جێگری سەرۆکی پێشوو بەشێک بوو لە ڕێککەوتنە ناوکییەکەی ئێران و بەدڵنیاییەوە بەتەواوی ئاگاداری هەستیاریی ئەم پرسە و عەیبەکانی ڕابردوو و چۆنیەتیی مامەڵەکردنی لەگەڵ ئێران لە سەرۆکایەتیی داهاتوویدا هەیە. ئەگەر هەر دانوستانێک لەگەڵ ئێران بکرێت، ئێمە وەک کورد هیوادارین کە پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ و سەرکوتکردنی کەمینە ئەتنی و ئایینییەکان لە ناویشیاندا کورد لەگەڵ ئەو وڵاتە باس بکرێت. هەروەها هیوادارین ئیدارەی نوێ لەبیری بێت کە زۆرێک لە شارەزایانی ئێران لەو بڕوایەدان ئەم وڵاتە یەکێکە لە دوا ئیمپراتۆریەتە ماوەکانی جیهانی مۆدێرن، کە پێکهاتەی مۆزایکی فرە نەتەوە و فرە ئایینی هەیە. نابێت ڕێککەوتن لەگەڵ ئێران لەسەر حسابی چاوداخستن بێت لە سیاسەتی دەسەڵاتخوازانەی ڕژێم و پێشێلکارییە زۆروزەوەندەکانی مافی مرۆڤ.” سەرەڕای ترسی کورد لە داهاتوو، ئەو پرسیارەی ئێستا هەر ماوە: ئایا بایدن لە ئێران شتێک بۆ کورد دەکات؟

بە هەمان شێوە، کوردەکانی ئێران ئامادەییەکی باڵایان بۆ هاوکاری لەگەڵ بەرپرسانی ئەمەریکا و هیوایەکی زۆر بە ئیدارەی بایدن نیشان داوە.

کورد لە ئێران پێشبینیی دەکرد ئیدارەی ترامپ گرنگی بە پرسی کورد بدات و بۆ بەدەستهێنانی بەرژەوەندیی هاوبەش لە دژی ڕژێم، هاوکاریی لایەنە سیاسییەکانی کورد بکات. لە ڕاستیدا لە ساڵی 2018دا لە واشنتۆن چاوپێکەوتنی نێوان سەرکردە سیاسییەکانی کوردی ئێران و بەرپرسانی ئەمەریکا ئەنجام درا. حزبی کۆمەڵەی کوردی ئێرانی لە واشنتۆن چالاک بوو، لە مانگی 12ی ساڵی 2019دا لەگەڵ بەرپرسان و دیپلۆماتکارەکان لە ئیدارەی ترامپ کۆ بوونەوە بە مەبەستی “پتەوکردن و پەرەپێدانی پەیوەندی و کاری هاوبەش لەگەڵ حکومەتی ئەمەریکا”، بەڵام ترامپ و ڕاوێژکارەکانی بیرۆکەی هاوکاری لەگەڵ کوردەکانی ئێرانیان هەڵوەشاندەوە، بە هۆی ئەوەی سیاسەتی ئیدارەکە خۆلادان بوو لە هەر هەوڵێک کە ‌توانا دیبلۆماسییەکان بخاتە مەترسییەوە لەگەڵ ئێران.

لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ نووسەر سەڵاح بایەزیدی نوێنەری کۆمەڵە لە ئەمەریکا، ڕایگەیاند: “دەزانم دەسەڵاتی سەرۆکایەتی ڕووبەڕووی چەندین کێشەی گەورەی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی و لە نێویاندا سیاسەتی دەرەوەی ئەمەریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوین دەبێتەوە. وەکوو باسمان کرد، تۆمارەکانی و ئاشنابوونی سەرۆک بایدن بە پرسی کورد لە ڕابردوودا، نیشانەی هیوایە بۆ کورد بەگشتی، بەڵام کە باس لە جێبەجێکردنی سیاسەتی پشتگیریی کورد دەکرێت، ئەوا هێشتا ئاسان نییە. هیوادارین ئیدارەی نوێ ئەوە لەبەرچاو بگرێت کە کوردەکانی ئێران و لایەنە سیاسییەکانی لە بزووتنەوە بەرهەڵستکارەکانی ئەو وڵاتەدا لە دژی ڕژێم بە چالاکی ماونەتەوە و لە ساڵی (1979)ەوە بۆ گۆڕانکاریی دیموکراتی لە ئێران تێدەکۆشن.  کورد داوای لە ئەمەریکا و کۆمەڵگای نێودەوڵەتی کردووە کە بانگ لە سیاسەتی ناوخۆیی و دەرەکیی ئێران بکەن لەسەر بنەمای پێکەوەژیانی ئاشتییانە و هاوکاریی نێودەوڵەتی و هەرێمی. لە کاتێکدا حکومەتی ئەمەریکا بەرامبەر ئێران وەکوو هێزێکی شەڕەنگێزی هەرێمی لە شوێنەکانی وەک عێراق و سووریا و یەمەن دەوەستێتەوە، لە هەموو کات گرنگترە جەخت لەسەر کۆتاییهێنان بەو هەڵسوکەوت و هەڕەشانەی بهێنرێت لەبەرامبەر جیهان و گەلی خۆی ئەنجامی دەدات، لە ناویشیاندا ڕاگرتنی چالاکییە ئەتۆمییەکانی.”

لەگەڵ سەرکەوتنی بایدن، هیواکان بۆ کوردەکانی ئێران دووبارە دەگەڕێنەوە. هەروەها وتی: “لە کاتێکدا گفتوگۆ لەسەر ئەو مێژووە دەکەین، ئێمە جۆو بایدنی سەرۆک وەک یەکێک لە ئاشناترین کەسەکان بە خەباتی کورد دەبینین و بە هەندێک پێوانە بە یەکێک لە سیاسەتمەدارە هەرە پرۆکوردەکانی ئەمەریکا چ وەک سیناتۆر، جێگری سەرۆککۆمار و ڕەنگە لە داهاتوودا وەک سەرۆککۆمار دەیبینین. ئەو سەردانی هەرێمی کوردستانی کردووە وەک  سەرۆکی لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئەنجوومەنی پیران و وەک جێگری سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا، بۆیە ئەم تۆمارانە لەناو زۆرێک لە سیاسەتمەدارەکانی دەیکەنە کەسایەتییەکی جیاواز. لەگەڵ ئەوەشدا، ئێمە بە تۆمار نەمانبینیوە کە باس لە پێشێلکاری و ئازاری لەمێژینەی مافی مرۆڤی کورد لە ئێران بکات.”

ئێران بە هەمان شێوە بەرامبەر ئەگەری کرانەوە و هەماهەنگیی ئەمەریکا و کورد هەستیارە. ئەمەریکا لە هاوکاری لەگەڵ کوردەکانی ئێران لە سیاسەتی دەرەوە بەرامبەر بە کۆماری ئیسلامی، زۆر شتی هەیە کە بەدەستی بهێنێت. کوردی ئێران، گرنگترین و بەهێزترین هێزی سەربازیی سیاسی و ناحکومیی ناو ئێرانن. بۆ چالاککردنی ئەو هاوپەیمانە بەنرخە وەک سەرچاوەیەکی کاریگەر لە دژی ڕژێمی ئێران، ئەمەریکا پێویستە جەخت لەسەر پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لە دژی کەمینەکان لە ئێران و بەتایبەت کوردەکان بکاتەوە. پشتگیری لە کوردەکانی ئێران، دەبێتە هۆی زیادکردنی کاریگەرییان لە کاتێکدا کە ئەمەریکا بەدوای کەمکردنەوەی کردەوە شەڕەنگێزییەکانی ئێرانە لە ناوچەکەدا. هەروەها دەکرێت ئەمەریکا بە شێوەیەکی نهێنی کوردەکانی ئێران لە بەڕێوەبردن و تاکتیکی سەربازی ڕابهێنێت، بۆ یارمەتیدانیان لە دامەزراندنی هەرێمی ئیداریی نیمچەسەربەخۆی ناو ئێران. هەبوونی ئۆتۆنۆمیی کورد لە ناوخۆی ئێران، دەتوانێت فشار لەسەر ڕژێمی ئێران دروست بکات و لە کۆتاییدا ڕەنگە لە گۆڕینی حکومەتدا، یان لانی کەم لە گۆڕانکاری لە هەڵوێستە توندەکانی حکومەتی ئێستا؛ یارمەتیدەر بن.

لەگەڵ هەموو ئەمانەدا، کاریگەری و سەرکەوتنی سیاسەتی دەرەوەی سەرۆک جۆو بایدن بەرامبەر بە کورد لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا بەستراوەتەوە بە ئامراز و کەسایەتیی دیپلۆماسییەکانی ئیدارەکە، بەتایبەتی وەزیری دەرەوە و ئەزموونەکانی ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی کە مامەڵە لەگەڵ کاروباری کورد و مەسەلەی ئیقلیمیدا دەکەن، وە هۆکارێک بۆ هیوا لەو بارەیەوە هەیە، ئەنتۆنی بلینکنی وەزیری دەرەوە بەئاشکرا نیگەرانیی دەربڕیوە لە بارەی دەستبەرداربوونی کوردەکانی سووریا لە سەردەمی ئیدارەی ترامپدا.

ئەگەر تەماشا بکەین، کرانەوەی زۆر هەیە بۆ پەیوەندیی توندتر لەنێوان ئەمەریکا و کورد لە ناوچەکەدا، ڕەنگە ئەو دەرفەتانەش یارمەتیی هەردوو لا بدات بۆ بردنەپێشەوەی بەرژەوەندییەکانیان بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستێکی ئارامتر.

_______________________________

سەرچاوە: پەیمانگای واشنتۆن بۆ سیاسەتی ڕۆژهەڵاتی نزیک

https://www.washingtoninstitute.org/policy-analysis/mapping-kurdish-optimism-biden-administration-turkey-and-iran

 

گۆڤاری ئایندەناسی ئازاری2021

 

Send this to a friend