• Google Plus
  • Rss
  • Youtube
January 24, 2023

ئیسلامناسی كێشە گەورەكە

ئەبوبەكر عەلی (كاروانی)

پێشەكی

وتراوە حوكمدان بەسەر شتێكدا لەڕووی لۆژیكییەوە لقێكە لە وێناكردنی، یاخود ڕەنگدانەوەی ئەوە. ئەمەش هەستیاری‌ و ترسناكی تێگەیشتن ‌و وێناكردنە عەقڵییەكانمان بۆ دیاردە‌ و مانا ‌و دەركەوتەكان دەردەبڕێت.

(ئیسلام)یش گەرچی (ئایین)ە، بەڵام بۆ مرۆڤ هاتووە، مرۆڤیش وەك وتراوە بوونەوەرێكی کولتوورییە. خاوەن عەقڵ و حەز‌ و تاسە‌ و زۆر شتی ترە. هەر بۆیە بەو ئەندازەی (ئیسلام) ویستویەتی ‌و دەیەوێت دووبارە مرۆڤ دابڕێژێتەوە، لانی كەم لەسەر ئاستی جیهانی‌ و تێڕوانینی بۆ ژیان‌ و دنیا‌ و خودا‌ و خۆی ‌و پێگەی لە گەردوون‌ و ڕۆڵی لە جیهاندا، مرۆڤیش وەك تاك‌ و كۆمەڵگەی مرۆڤایەتی ‌و شارستانییەتەكان، كارلێك لەگەڵ ئیسلام دەكات، بەمەش زیاد لە مۆدێلێكی تێگەیشتن ‌و پیادەكردنی ئیسلام، هیچ نەبێ‌ لە هەندێ‌ ڕووەوە دێتە كایەوە، بە واتایەكی تر. (ئیسلام) لە ئەنجامدا بە كەناڵی عەقڵدا دەڕوا‌ و لە ڕێی عەقڵیشەوە گوزارشت لە خۆی دەكات، بەوەش ئیسلامێك‌ كە كاریگەری ڕاستەوخۆی لەسەر ژیان‌ و ئەخلاق ‌و ململانێكانەوە هەیە، ئیسلامی ناو ژیانی ڕۆژانەی خەڵكە، نەك ئیسلامی (معیار)ی ناو قورئان. بە حوكمی ئەوەی (ئیسلام)ی معیاری لە هەندێ‌ ئاستیدا ئاسۆ دوورەكانی كامڵ بوونی ڕۆح‌ و مرۆڤ دەخەنەڕوو، لە نێوان مرۆڤ ‌و كۆمەڵگە‌ و ئاسۆیاندا زۆر ئاست‌ و قۆناغ ‌و پلەمان هەیە. هەموو ئەمەش پێمان دەڵێت كە: ئیسلامناسی بایەخێكی گەورەی هەیە، دەبێت بە لێپرسراوێتی ‌و هەستیارییەوە سەیری بكەین.

ئەوەی لەم بابەتەدا هاتووە ئاماژەكردنێكی كورتە بەم پرسە‌ و جدی بوون ‌و مەسەلە بوونی هەر لە سەرەتای ئیسلام تاكو ئێستا، سەرنجیشمان بۆ ئەوە ڕادەكێشێت كە شەڕەكانمان لە (ئیسلام)ەوە بگوازینەوە بۆ ئیسلامناسی، چونكە ئەوە جۆری تێگەیشتن‌ و فۆڕمەكانی ئیسلامناسییە، كاریگەری ڕاستەوخۆ بە سەر مەنزومەی ماف ‌و ئەخلاق‌ و پێناسەكردنەكان‌ و دیاریكردنی پەیوەندییەكان دادەنێت.

جۆری ناسین، مەیدانی شەڕی ئیسلام وەك ئایین

كاتێك ئایین لە ڕێی پەیامبەرەوە (د.خ) خۆی ڕادەگەیەنێت ‌و داوای لە مرۆڤەكان هەیە، بۆ ئەوەی دەستكاری جیهانبینی ‌و تێگەیشتن‌ و شێوازی ژیانیان بكەن، لەگەڵ عەقڵ، کولتوور، بونیادەكان ‌و پەیوەندییەكانی هێزەوە دەكەوێتە بێنە‌ و بەردە.

چونكە ئایین‌، بە تایبەتیش ئیسلام وەك دوا پەیامی ئاسمانی‌ و جاڕدانی كۆتاییهاتنی پەیوەندی ڕاستەوخۆی نێوان زەوی ‌و ئاسمان‌ و ڕاسپاردنی عەقڵ بە درێژەپێدانی ڕێگاكە، دانابەزێنە سەر عەقڵێكی خاو ‌و چۆڵ ‌و كۆمەڵگەیەكی بێ ‌کولتوور‌ و دابونەریت‌ و تێگەیشتن بۆ جۆری ژیان كردن ‌و دابەشكردنی ڕۆڵەكان‌ و پێوەرگەلێك بۆ داوەری كردن‌ و جیاكردنەوەی چاكە ‌و خراپەی ئەخلاقی.

هەر ئەمەشە وای كردووە ئایین لە سەرەتاوە دووچاری كێشمەكێش بێت، زیاد لە دووژمن‌ و نەیارێكی بۆ پەیدا ببێت، ڕێگرییەكان كاتیان بوێت تا لە ڕێی تێگەیشتن لە ڕاستی دۆخە نوێكە، یاخود لەژێر فشاردا دەپووكێنەوە، یاخود لاواز دەبن‌ و توانای بەرگری كردنیان نامێنێت (گەرچی هەندێ‌ لەوان لە ئایندەدا دەتوانن لە بەرگی نوێدا، بێنەوە كایە).

هەموو ئەمەش وادەكات ناسین (معریفە) هەر لە سەرەتاوە بایەخی گەورە پەیدا بكات. بەڵكو شەڕە گەورەكە لەسەر ئەو‌ و فۆڕمەكانی بێت، واتە بە یەكدادانی ناسینە جیاوازەكان دەربارەی بابەتە هاوبەشەكان كە ئایین لەسەر ئاستی (ئیمان)‌ و (وێناكردن)‌ و (بەها)دا دەیانخاتەڕوو.

ئەگەر ئیسلام بە نموونە وەربگرین، كە بە پوختە ‌و تەواوكاری ئایینە ئاسمانییەكانی پێش خۆی لە قەڵەم دەدرێت، شەڕی گەورەی ئیسلام بە پلەی یەكەم لەگەڵ (شرك) واتە هاوبەشی پەیداكردن بۆ خودا بووە. واتە شەڕەكە لەسەر ئاستی وجودی نەبووە، لەسەر ئاستی بوون ‌و نەبوونی خودا نەبووە، بەڵكو پەیوەست بووە بە وێنا ‌و سیفات‌ و دەركەوتنی خودا لە بوون‌ و ژیان ‌و پەیوەندی ئەو بە بەدیهێنراوەكانی‌ و بە تایبەتیش مرۆڤەوە. ئەم شەڕە لە دووتوێی مشتومڕێكی گەورەی قورئانی لەگەڵ خاوەن پەیامەكانیش (جولەكە‌ و مەسیحییەكان) بە شێوازێك بەڕێوەبراوە ‌و تاكو ئێستاش لە هەندێ‌ ئاستدا درێژەی هەیە.

واتە شەڕەكە لەسەر (زانین) نەبووە، بەڵكو لەسەر (ناسین) بووە. چونكە سەرەنجام خودا ئەوەیە كە لە مەبەستێك ‌و دڵی باوەڕداراندا دەچەسپێت، جۆری ناسینی خودا‌ و ئایینەكەی، جۆری كارلێكە دەرونی ‌و ڕۆحییەكان ‌و چاوەڕوانییەكان‌ و كاردانەوەكان بەرامبەر وروژێنەر‌ و دیاردە ‌و ئەوانی دی دەوروبەر‌ و ڕوانینە ژیان ‌و دنیا دیاری دەكات.

لێرەشەوە نەك لەسەر ئاستی ئایینە جیاوازەكان، بەڵكو لەسەر ئاستی ڕێچكە‌ و قوتابخانە كەلامییەكانی یەك ئایینیش، وێنای جیاواز، لانی كەم لە هەندێ‌ ڕووەوە بۆ خەڵك بەرهەم دێن.

واتە  هەمان خودا، چاوەڕوانی ‌و داواكاری‌ و هەستی جیاواز بەدوای خۆیدا دەهێنێت، بە حوكمی ئەوەی سەرەنجام مرۆڤ چۆن بیربكاتەوە بەوجۆرە ڕەفتار‌ و هەڵسوكەوت دەكات، وێناكردنی خوداش، واتە جۆری ناسینی، بەشدارییەكی گرنگ لە خەمڵاندنی ئەو بیركردنەوە دەكات.

خودا كێ‌ یە؟

داوای چیمان لێدەكات؟

بەچی ڕازی دەبێت؟

سنورەكانی ئیمان چین؟

بە كێ‌ وتراوە باوەڕدار‌ و چ كۆمەڵگەیەك بە موسڵمان ‌و خوداپەرست دادەنرێت؟ ‌و  …. هتد.

زۆر شتی تر لەم بارەیەوە، ڕۆڵی ژیانیان لە دیاریكردنی ڕوگەی باوەڕدار ‌و چۆنێتی بەڕێوەبردنی هەست‌ و نەست‌ و تواناكانی‌ و داڕشتنی پەیوەندییەكانی بە دەوروبەرییەوە هەیە.

شەڕی گەورەی ئیسلام لە سەرەتاوە دەربارەی ئەوە بوو، خودا وەك ئەوەی هەیە ‌و خۆی خۆی دەناسێنێت‌ بناسین، نابێت وێنای خودا لە دەرەوەی وەحی ‌و پێناسەی خۆی بۆ خۆی وەربگرین. خودا تاك ‌و تەنهایە، بەدیهێنەرە، جڵەوی فەرمانڕەوای ئاسمانەكان ‌و زەوی لە دەستدایە، لەگەڵ مرۆڤدایە ‌و ئاگای لە ترپەی لێدانی دڵیەتی، لەگەڵ چاكە‌ و حەق ‌و دادپەروەریدایە، پەیوەندی هەر تاكێكی باوەڕدار بە خوداوە، ڕاستەوخۆیە ‌و كەس مافی ئەوەی نییە بێتە ئەم نێوانەوە، لێرەوە بەرەنجامی ترسناك لەسەر ئەم وێناكردنەی خودا بۆ خۆی دەكەوێتەوە.

چونكە ئەم وێنایە یەكسانە بە جاڕدانی كۆتایی (پیاوی ئایینی) ‌و (كاهن) ئەو چینەی بە درێژایی مێژوو ڕۆڵیان ئەوە بووە، خودا ڕاستەوخۆ بۆ باوەڕدار دەرنەكەوێت، نوێنەری خودا بن‌ و بە ناوی ئەوەوە مەرام‌ و داوای ئەو لە بەندەكانی ‌و پێوەرەكانی ڕازی بوون ‌و تووڕە بوونی بخەنەڕوو. لافی ئەوە لێبدەن كە كەسانێكی تایبەتن ‌و دەلاقەیان بە ڕووی جیهانی نەبینراو‌ و خودا بەڕوودا كراوەیە، ئەوان مافی لێكدانەوەی دەقی پیرۆز‌ و ئایینیان هەیە، خودا، یاخود، خوداكان بە خەڵكی دەناسێنن، تەنها لەڕێی ئەوانەوە دەستڕاگەیشتن بە خودا، یاخود بە خوداوەندەكان (لە دۆخی فرە خوداوەندی‌ و هاوبەشی پەیداكردندا) مەیسەر دەبێت. لە سۆنگەی تێكەڵبوونی ئایین ‌و دەسەڵاتی سیاسیش، بە حوكمی ئەوەی ئەركێكی ئایین‌ و پیاوانی ئایینی لە زۆر كاتدا دابینكردنی ڕەوایەتی بووە بۆ پادشا، یاخود دەسەڵاتدار هەر ناوێكی هەبووبێت، وێنای خودا‌ و ناوەرۆكی ئایین دووچاری شێواندنی گەورە بووەتەوە.

چونكە كاتێك پادشا بەناوی ئایینەوە ڕەوایەتی پێدەدرێت، پیرۆز دەكرێت، تا گەیشتە ئەوەی لە مێژوودا ببێتە شایەتی سەرهەڵدان ‌و هاتنە كایەی پادشا خوداوەندەكان! ئەوانەی خۆیان بە خوداوەند، یاخود كوڕی خوداوەند دەزانی‌ و بەو ناوەوە داوای گوێڕایەڵی‌ و ئەستۆ كەچیان لە ڕەعیەتەكەیان دەكرد.

دیارە شەڕی ناسینی (خودا) ‌و( پەیامی خودا) وەك خۆی، هەندێ‌ جار (پێغەمبەری خوداش) بۆ نموونە لە پرسی عیسادا، لە سەرەتاوە یەكلاكەرەوەتر ‌و ساناترە. بە حوكمی پەیوەندی ڕاستەوخۆی ئاسمان بە زەوی، مەرجەعیەتی دینی‌ و ئەخلاقی پێغەمبەر ‌و دابەشكردنەكان لەسەر بنەمای باوەڕدار‌ و بێ‌ باوەڕ بە ئایینێكی دیاریكراو‌ و ڕاستكردنەوە پێویستەكان.

لە ئەزموونی ئیسلامدا لە سەرەتاوە وێنای خودا، تا ڕادەیەكی زۆر یەكلا ببوەوە، بە وتەی د. سروش ئەوە ڕوون بووەوە (جگە لە خودا كەس خودا نییە) پەیامەكەشی (قورئان) كە وێنای ئەبەدی ئەوی تێدایە، بە پارێزگاریكراوی دەمێنێتەوە.

وێنای خودای تاكانە ‌و میهرەبان ‌و دادپەروەر‌ و بەدەسەڵات ‌و … هتد سەركەوت، هاوبەشی پەیداكردن تێكشكا ‌و پایەكانی ڕەوایەتی ئەو كۆمەڵگە‌ و ئیمتیازاتانەی لەسەر پشتی بینا كرابوون ڕووخان.. ئیسلام درێژەی بە سەركەوتنەكانی دا تا ئاستی تێكشكاندنی گرنگترین ئیمپراتۆریەتە گەورەكانی ئەو سەردەمە.

بەڵام بەمە شەڕی ناسینی ئیسلام كۆتایی نەهات، بەڵكو هەر لە سەردەمی خودی پێغەمبەردا (د.خ) هەروەك قورئان ‌و ژیاننامەی ئەو بۆمان دەگێڕێتەوە، فرە بۆچوون لە بازنە فراوانەكەدا هەبووە، بەڵام مەرجەعیەتی پێغەمبەر، هەموو شتێكی یەكلایی دەكردەوە، دەنا، دادپەروەری لە چیدایە، فڵان ڕەفتار لای خودا پەسەندە، یاخود نا ‌و زۆر شتی تر، بەشێ‌ بوون لە ڕەنگدانەوەكانی چالاك بوونی عەقڵی بە ئیمان گۆشكراوی نوێ‌.

بۆ نموونە لە هەندێ‌ شوێن هاوار دەكرا، ئەم جۆرە دابەشكردنە دادپەروەرانە نییە، ئەم جۆرە مامەڵە لەگەڵ دیلەكانی بەدر خوداپەسەندانە نییە ‌و هەروەها دوای كۆچی دوایی پێغەمبەر (د.خ)، لەگەڵ چركەساتی كۆچی دوایی پێغەمبەر ‌و ئەو بۆشاییە ڕۆحی‌ و ئەخلاقی‌ و سیاسییەی دروستی كرد، مشتومڕەكان دەستیانپێكرد.

مشتومڕ دەربارەی چۆنێتی پێناسەكردنی قۆناغی دوای ئەو ‌و مامەڵە لەگەڵ كردنی ‌و پڕكردنەوەی بۆشاییەكەی ‌و پێوەرەكانی ڕەوابوون ‌و پێسپاردنی دەسەڵات‌ و دابەشكردنی ڕۆڵ ‌و پێویستییەكانی درێژەدان بە ئوممەت بە یەكگرتوویی، ئیدی مەرجەعە یەكلاكەرەوەكەی جاران نەمابوو، مەسەلەكان بە لادا بخات‌ و فۆڕمی خوداپەسەندی ڕەفتار ‌و بژاردەكان دیاری بكات، ئەوەی مابووەوە ڕووناكی ‌و ژیاننامە‌ و پەیامی ئەو بوو، كە قسەی یەكلاكەرەوەی دەربارەی دۆخێكی لەو جۆرە تێدا نەبوو، بە حوكمی عەقڵی بوون‌ و مێژوو بوونی پرسەكە ‌و (احراج) نەكردنی ئوممەت‌ و ڕێبەرانی لە دیاریكردنی ڕێگەكانی گەیشتن بە درێژە بەخۆدان ‌و ڕێكخستنی كۆمەڵگە‌ و بەرەوڕوو بوونەوەی مەترسییەكان.

ئەوەی پەیام بۆیانی هەبوو (وأمرهم شورى بينهم) بوو، ‌دەبێت دانیشتن ‌و قسە لەگەڵ یەكدا بكەن. پێكبێن ‌و بگەنە ڕێكکەوتن. خۆیان ڕەوایەتی بۆ دەسەڵاتدار ‌و خەلیفەی نوێ‌ دابین بكەن. چونكە ئیتر كەس مافی ئەوەی نییە پێغەمبەر بێت‌ و لافی ڕەوایەتی ئاسمان‌ و خودایی لێبدات. ئیتر ڕەزامەندی خودا لە جوان بیركردنەوە‌ و بڕیارداندا دەشارێتەوە. لێرەوە كۆبوونەوەی (سەقیفە) بۆ دیاریكردنی جێنشینی پێغەمبەر دێتە كایەوە.

لێرەدا (ناسین) ئاڕاستەی خودی ئیسلام نییە، بەڵكو ئەوەی هەیە قسەكردنە دەربارەی ئەو ئوممەت و كۆمەڵەی لەسەر بناغەی ئیسلام لە مێژوودا ڕوێنراوە‌ و دەبێت درێژەی پێ‌ بدرێت. چونكە ئەركی جیهانی لەسەر شانە، بەڵام بەو ئەندازەش هەر دەچێتە بازنەی (ئیسلامناسی)یەوە، كە باس باسی وێناكردنێكی ئیسلامیانەی قۆناغی دوای كۆچی دوایی موژدەپێدەر ‌و دامەزێنەرەكەیەتی.

سەركەوتوویی ئەوانیش لەوەدا بوو دەركیان بەوە كردبوو، ئەمە بواری سیاسەتە، سیاسەتیش بواری عەقڵە بە پشت بەستن بەو ڕێنمایی‌ و بەرچاو ڕوونییەی وەریگرتووە، بۆیە مەسەلەكەیان نەكرد بە كێشەیەكی كەلامی‌ و ناوماڵی ئایین وەك دواتر بوو، بەڵكو بە لۆژیك و سیاسەت ‌و پێویستییەكانی بیركردنەوە لە دواڕۆژی ئوممەت بەرژەوەندیان كردبوو بە پێوەر بۆیەكلاكردنەوەی مشتومڕ‌ و دیدە جیاوازەكان.

ئەمە سەرەتایەكی گرنگ بوو، كە نابێت شەڕی سیاسەت بكرێت بە شەڕ لەناو دەق ‌و ئیسلام وەك ئایین. بۆ ئەوەی هەموان قاچیان لەسەر زەمینەیەكی هاوبەش ‌و ئامانجی هاوبەش بمێنێتەوە. جیاوازییەكان لەسەر میكانیزم ‌و دابەشكردنی ڕۆڵەكان ‌و چۆنێتی ئیدارەدان بێت.

قۆناغی شەڕكردن لەسەر تەئویل

ئەم سەرەتایە بە دەستپێشخەری لێزانانەی خەلیفەی یەكەم، دواییش خەلیفەی دووەم لە چۆنێتی پاراستنی بنكە مێژووییەكەی پەیام ‌و ئوممەت، تا سەردەمی خەلیفەی سێیەم بڕی كرد. لەوێ‌ جارێكی تر قەیران دروستبوو، قەیران لەسەر پێوەر‌ و بەهاكانی حوكمڕانی كردن‌ و بەكارهێنانی تواناكان.

تایبەتمەندی ڕۆحی ‌و دەروونی ‌و ئیداری خەلیفەی سێیەم دوای چەند ساتێك لە دەستبەكاربوونی وای كرد، پرسیار بكەوێتە سەر جۆری حوكمڕانییەكەی، بەهۆی ئەو ڕۆڵە نائاساییەی بنەماڵەكەی (ئەمەوییەكان) لە پشتی خەلیفەوە دەیانگێڕا. ئەم ڕۆڵە گومان ‌و بێزاری دروستكرد ‌و سەرەنجام بە كارەسات كۆتایی هات.

ئەم چارەنووسە مەرگەساتبارەی خەلیفەی سێیەم دەرگای ئاژاوەیەكی گەورەی لەناو ڕیزەكانی ئوممەتدا كردەوە، كە دواتر ئەم ئاژاوەیە ڕەنگدانەوەی لەسەر چۆنێتی گەڕانەوە بۆ دەق‌ و شرۆڤە كردنی هەبوو. بە جۆرێك كەرتبوونە سیاسییەكان، كەرتبوونیان لەناو عەقڵی ئیسلامی ‌و ماڵی ئایین خۆیدا بەدوای خۆیاندا دەهێنا. لێرەوە لە میانەی جەنگی ناوخۆی موسڵمانان، لە نێوان سەربازگەی خەلیفەی چوارەم ‌و موعاویەدا، دروشمی (حوكم هەر بۆ خوایە) بەرز كرایەوە.

سەرەتاكانی تەكفیر لە نێوماڵی ئیسلامیدا سەریانهەڵدا، سەرەتای ئیسلامناسییەكی نوێ‌ لە نێو موسڵماناندا، یاخود بەشێک‌ لەوان هاتە كایەوە. كە بەرەنجامی خوێناوی درێژخایەنی بوو. ئیسلامناسییە نوێكە حوكمدانی بەدوای خۆیدا دەهێنا، چونكە وێناكردنێكی نوێ‌ بوو بۆ ئەوەی ئیسلام دەیەوێت ‌و نایەوێت لەسەر ئاستی كەس ‌و تەرح ‌و دروشم ‌و ئیدارەی ئەندامەكاندا.

لە ڕوانگەی هەڵگرانی ئەم دروشمەوە (خەوارجەكان) ئیدی (پێشەوا عەلی ‌و معاویە) سیفەتی موسڵمان بوونیان لەدەست داوە، چونكە هەریەكە‌ و بە جۆرێك تاوانی گەورەیان كردووە، دەبێت بكوژرێن ‌و ڕێگە چۆڵ ببێت بۆ ئەوەی ئەهلی خۆی بە گوێرەی ئیسلامی دەستلێنەدراو ئوممەت بەڕێوە بەرێت!

شەڕ لەسەر ئیسلامناسی، كە لە بناغەی سیاسییەوە سەرچاوەی گرتبوو، بە حوكمی ئەوەی لەو قۆناغەدا سیاسەت لە چوارچێوەی دیندا مومارەسە دەكران، ئەوەش بووبووە هۆی ئەوەی ڕەگەزە ناسیاسی‌ و هەندێك پۆخڵەواتی ئەو بوارەش تێكەڵ بە مەعریفەی دینی ‌و بواری ئیسلامناسی بكرێت. لەم قۆناغەدا (ئیمان) ملكەچی دووبارە پێناسەكردنەوە كرا. (خەوارج) ڕەفتاری مرۆڤیان كرد بە بەشێكی جیانەكراوەی خودی ئیمان. لێرەشەوە لادانی ئەخلاقی بە پێوەرەكانی خۆیان سەری لە كۆتایی ئیمان‌ و تەكفیرەوە دەردەهێنا.

ئەمەوییەكانیش بۆ چەسپاندنی پایەكانی دەسەڵاتی خۆیان كەوتنە خستنەڕووی ئیسلامناسییەكی نوێ‌، لادانی ئەم لە هەندێک‌ ڕووەوە، چونكە دەیانزانی ئیسلامناسی سەردەمی ڕاشیدین ‌و شورا بە كەڵكی ئەوە نایەت بناغەی ئایدۆلۆژی دەسەڵاتەكەی ئەمان پێكبێنێت، بە حوكمی ئەو لادانە قوڵەی لەسەر هەردوو ئاستی بیناكردنی دەسەڵات ‌و چۆنێتی پیادەكردنی بەسەر فۆڕمی حوكمڕانیدا هاتبوو، ئەوان سڵیان لەوە نەدەكردەوە بڵێن دۆخێكی نوێ‌ دەستیپێكردووە، پێوەر‌ و ئەخلاقیاتی تایبەت بە خۆی هەیە، لە ڕووی ئیسلامناسیشەوە كە برەودان بە بیروباوەڕی (جەبر) بەو واتایەی ئیرادەی خودا لە پشتی هاتنی ئەوانەوەیە. ئەوەی ئەوان كردیان‌ و دەیكەن هەڵقوڵاوی خواست ‌و ویستی خۆیان نییە، بەڵكو ڕەنگدانەوەی ویستی خودایە، بە حوكمی ئەوەی مرۆۆڤ ئازادی خۆی لە دەستی خۆیدا نییە ‌و خودا ڕەفتارەكانی ئاڕاستە دەكات.

هەر لەم كەش ‌و هەوایەدا (موعتەزیلە) و (مورجیئە) ‌و ( شیعە) سەریان هەڵدا. لە سەردەمی پرسە سیاسییەكانیشدا، ئەوەی دەسەڵاتدارێتی فارسی‌ و دنیابینی ئەوان بۆ پێكهاتەی كۆمەڵگە، سروشتی دەسەڵات ‌و پەیوەندی ئەو بە ئایین‌ و كۆمەڵگە ‌و چۆنێتی بەڕێوەبردنیان تێكەڵ بە مەعریفەتناسی موسڵمانان بوو، وەرگێڕانی فەلسەفەی (گریك)یش لەڕێی خۆیەوە، كاریگەرییەكی بەرچاوی كردە سەر دەركەوتنی نوێی پرشنگدانەوەی عەقڵی ئیسلامی ‌و فۆڕمی نوێی ئیسلامناسی، كە جۆرەها ڕەنگدانەوەی مەیدانیشی هەبوو.

ئیسلامناسی و دنیای نوێ

دوای چەندین سەدە لە زاڵبوونی لاسایی كردنەوە‌ و وەستانی عەقڵی ئیسلامی لە جوڵەی گەورە ‌و دنیای ئیسلام لەگەڵ چەخماخەی ژیاری نوێی خۆرئاوا ‌و سوپا كۆلۆنیالیستەكانی بە شپرزی‌ و شڵەژاوییەوە خەبەری بووەوە و دووچاری سەراسیمە بوو لە بەرامبەر دنیایەكی نوێی جیاواز، لەوەی تاكو ئێستا ئەو لە ناویدا ژیاوە‌ و خەوتووە. تەحەدای ئەمجارە جیاواز بوو لە تەحەدا كۆنەكان، مەسەلەكە لە چۆنێتی مامەڵەكردن لەگەڵ فەلسەفەی گریك‌ و سوڵتانناسی ئێرانی تێپەڕی بوو، چونكە لەلایەكەوە وەك جاران بەهێز نەمابوو، بۆ یەكەم جار خودی ئیسلام بە شێوەیەكی بەرچاو خرایە بەردەم پرسیارەوە. پۆلێن كردنی جیهان پێوەرە كۆنەكانی بەجێهێشتبوو، دۆخەكە دووبارە خۆپێناسەكردنەوەیەكی هەمەلایەنەی ئیسلام ‌و دنیای موسڵمانانی دەخواست. ئەو ئەركەی بە داخەوە تاكو ئێستاشی لەگەڵدا بێت، پرۆژەیەكی تەواونەكراوی پڕ لە ئیشكالیەتە، مۆدێرنە شۆكێكی گەورەی بۆ عەقڵی ئیسلامی دروستكرد و زیاد لە كاردانەوەیەكی لە بواری ئیسلامناسیدا بە دوای خۆیدا هێنا. كە لێرەدا وەك ناونیشان ‌و سەرەقەڵەم ئاماژەیان پێدەكەین:

  1. ناوەندە تەقلیدییەكە كە گوێی بەو شۆكە نەدەدا‌و تێنەگەیشت ‌و سور بوو لەسەر تێگەیشتنە مێژووییەكە‌و ئیسلامناسییە كۆنەكە کە بەشێكی ڕەنگدانەوەی دنیاناسی كۆن بوو.
  2. ریفۆرمخوازە ئیسلامییە گەورەكان لە وێنەی تەهتاوی ‌و ئەفغانی ‌و عەبدە‌و كەواكبی ‌و نامق كەمال‌و نورەسی، كە لەو كەلێن‌ و مەودایە گەیشتبوون ژیاری نوێ‌ بۆ دنیای ئیسلامی دروستكردبوو، بۆیە لە چوارچێوەی خەباتیان بۆ گێڕانەوەی سەرچاوەكانی هێز‌ و هەڵسانەوە بۆ دنیای ئیسلام دژ بە هەژموونی چاولێكەری چەقبەستوویی وەستانەوە ‌و بانگەشەیان بۆ ئیسلامناسییەكی نوێی جیاواز دەكرد، توانای هەڵگرتنی ئەركە ژیارییە نوێكان‌ و هەڵکردنی لەگەڵ هەلومەرج ‌و ئاڵنگارییەكانی دنیای نوێدا هەبێت.

3.ناوەندە عەلمانییەكە كە بازنەی ئیسلامی بەجێهێشتوو لە ڕوانگەی ئەزموونی خۆرئاوا‌ و پەیوەندی (دین)‌ و (زانست)‌ و دەسەڵات لەوێ‌ هەوڵی دووبارە خوێندنەوەی ئیسلامی دەدا. كە لە بەرگە توندڕەوە عەلمانییەكەیدا ئیسلامی وەك ڕێگر بۆ هەڵسانەوە ‌و گەیشتنەوە بە كاروانی شارستانێتی نوێ‌ دەخستەڕوو، لە تایپە میانڕەوەكەشدا، دەیویست وەك ناسنامەیەكی مێژوویی ‌و وزەیەكی شارستانی ‌و بناغەیەك بۆ كۆمەڵگەی سیاسی‌ و هێزێكی مێژوویی پشت گوێی بخات، بە هۆی كاریگەر بوون بەو ڕیزبەندە خۆرئاواییانەی بە هەڵهاتنی خۆری زانست خۆری (ئایین)ی بەرەو ئاوابوونێكی هەتا هەتایی دەبرد.

دوای جەنگی یەكەمی جیهانی ‌و ڕووخانی سەڵتەنەتی عوسمانی، ئەم ململانێیە لەسەر ئیسلام‌ و فۆڕمەكانی ئیسلامناسی ‌و ئامانجە لۆژیكییەكانی پشتیان پێینایە قۆناغێكی ترەوە. داگیركاری ڕاستەوخۆی كۆلۆنیالیزم بۆ زۆربەی دنیای ئیسلام ‌و وردە وردە هەڵتەكانی بوونیادە سوننەتییەكان ‌و ململانێی دامەزراوە ‌و پێوەرە تازەكان بۆ جێگرتنەوەیان دۆخەكەی بەرەو ئایدۆلۆژی ‌و توندی زیاتر برد. چونكە ئیسلام لە ڕوویەكەوە ئەركی سازدانی بەرەنگاری دژ بە داگیركاری پێ‌ سپێردرا، لە ڕوویەكی ترەوە دەبوا لە سەنگەری ناسنامە‌ و پارێزگاری لە ڕەسەنایەتی ‌و كەشتی مەعنەوی گەلانی موسڵماندا بجەنگێ‌. لە فۆڕمێكیشدا ئەركێكی ئایدۆلۆژی قورسی خرایە ئەستۆ، كە ئەویش هەوڵدان بوو بۆ گێڕانەوەی قەوارە نێودەوڵەتییە ئیسلامییە ڕوخاوەكە.

ئیسلامناسی لە چوارچێوەی دەوڵەتی نوێی ناكامڵ و داسەپاو‌، كۆمەڵگەیەكی كەرت‌ و دنیایەكی دابەشكراوی نوێی ئیسلامی ‌و سەرهەڵدانی عەلمانییەت‌ و دیموكراسی ‌و زۆر چەمكی تر، ئیسلامناسی بردە قۆناغێكی ترەوە.

بزاڤی ئیسلامی نوێ‌ كە لە ئیخوانەوە دەستیپێكرد، تایپێكی لە ئیسلامناسی پەرەپێدا كە ئیسلامی دەكرد بە ئایدۆلۆژیایەك بۆ بەرەنگاربوونەوەی خۆرئاوا‌ و شاڵاوی فەرهەنگی‌ و قەیرانی ناسنامە، ئەم جۆرە ئیسلامناسییەش بەراورد بە ئیسلامناسی ڕیفۆرمخوازەكانی سەدەی نۆزدە گرەویان لەسەر بونیادنانی دەوڵەتی ئازادی ‌و دادپەروەری ‌و مەشروتەخوازی ‌و دژایەتی ئیستبداد دەكرد، بە پاشەكشەیەكی گەورە لە قەڵەم دەدرا. چونكە ئیسلامناسی بە حوكمی مێژوویی بوونی ‌و پەیوەست بوونی بە ئەركی مەیدانی‌ و كێشە‌ و پرسیارە هەبووەكان، ئەركی تەواو نوێی پێسپێردرابوو. بەڵام ئەم فۆڕمە لە ئیسلامناسی لەگەڵ هەموو هەوڵ ‌و كاریگەرییەكانی هەرگیز نەبوو بە فۆڕم‌ و خوێندنەوەی زاڵ.

لە پاڵ ئەودا خوێندنەوەی سوننەتی‌ و ناسیاسی، یاخود تێكەڵ بە سیاسەت لەبەر تیشكی پەیوەندییە مێژووییەكانی نێوان دین ‌و دەوڵەتی سوڵتانی لە مێژووی ناوچەكەدا بەردەوام بوو، لە ئێستاشدا بزاڤی ئیسلامی لە بەرەنجامی ئەستەمبوونی هاتنەدی ئامانجەكانی لێشێوانی پرۆژە‌ و مەبەستە باڵاكانی، سەرلەنوێ‌ جۆرێ لە ئیسلامی نوێی پەرەپێداوە، كە جێگەی دیموكراسی ‌و ناسیونالیزم‌ و هاووڵاتێتی دەوڵەتی نوێی تێدا دەبێتەوە. بەڵام لە پاڵ ئەمدا‌ و لە دڵی قەیرانە قووڵەكانی دەوڵەت‌ و مۆدێرنەی تێكشكاوی ناوچەكە‌وە، فۆڕمی ئیسلامناسی وەك (القاعدة) و (داعش)‌ و هاووێنەكانیشیان سەرهەڵدەدەن.

كە ئایدۆلۆژی بوونی شێلدراو بە هەناسەی تەقلید‌ و فیقهی سوڵتانی تا ترۆپكی خۆی ‌و تەقاندنەوەی مەنزومە مەعریفییە تەقلیدییەكە لەناو خۆیدا دەبەن، بەم جۆرەش لە ئایندەشدا شایەتی فۆڕمی تری ئیسلامناسی دەبین. بە حوكمی كراوەبوونی ئیسلامناسی بەڕووی ئایندە ‌و مێژوویەكی بە قیامەت كۆتایی هاتوو.

بەرەنجام

لەم كورتە نووسینەدا كە زیاتر وەك ناونیشان دەردەكەوێت، لە سۆنگەی فراوانی بابەتەكەوە. گەیشتینە ئەو بەرەنجامەی كە ئیسلامناسی پرس ‌و شەڕە گەورەكەیە. بەو ئەندازەی ئەركی ئیسلامیش لە سۆنگەی تەمبەڵی عەقڵی‌ و دواكەوتوویی شارستانی ‌و ئەخلاقی‌ و دواكەوتوویی میتۆدەكانی بیركردنەوە گەورەتر بكرێت، ئەم شەڕە فرەلایەن‌ و گەورەتر دەبێت، باجەكەشی قورستر دەبێت.

تێشیدەگەین بە گوتەی هەندێ‌ بیرمەند ئێمە ئەگەر كۆتا پەیامی خوامان هەبێت، بە پێچەوانەی دیدێكی سەلەفی مێژوویی تەقلیدی‌ و داخراو بە سەرخۆیی ‌و ڕویەكی مێژووی ئیسلامیدا، شرۆڤە ‌و ئیسلامناسی كۆتاییمان نییە.

جۆری تێگەیشتنی دەستەبژێرەكانیش لە ئیسلام‌ و ئەو ئیسلامناسییەی دەیخەینەڕوو، ڕۆڵێكی گەورە دەگێڕێت لە دیاریكردنی سروشتی هەر قۆناغێك‌ و جۆری مامەڵەكردن لەگەڵ ئەوی دی شارستانی ‌و ئایینی ‌و فكری ‌و سیاسی‌ و چوونە نێو ئەزموونی هاوبەش، یاخود تەقاندنەوەی ئەو پردانەی پێكهاتەكانی كۆمەڵگەیەك بە یەكەوە دەبەستنەوە، ئیسلامناسیش بە توندی پەیوەندی بە ڕێبازی مامەڵەكردن لەگەڵ دەق ‌و پێش گریمانە ‌و پاشخانی فیكری‌ و ئاڵنگارییەكانەوە هەیە.

ئەركی نوخبە ‌و بیرمەندی ئیسلامیشە كار بۆ ئیسلامناسییەكی ڕەسەن، كراوە، مەنهەجی ‌و شارستانی ‌و ئەخلاقی بكەن. بۆ ئەوەی ئیسلام وەك دوا پەیامی خوا بۆ مرۆڤ لەگەڵ ڕۆح ‌و ناوەرۆكی خۆی‌ و ئەركە ئەخلاقی‌ و ڕۆحی ‌و سیاسییەكانی لە دنیای نوێ‌‌ و واقیعە تازەكاندا سازگارتر بێت.

وەرزنامەی ئایینناسی ژمارە (1) كانونی دووەمی (2023) ساڵی یەكەم

Send this to a friend