• Google Plus
  • Rss
  • Youtube
April 18, 2020

سنورە خوێناوییەکانی داعش

ماوەی سێ مانگە رێکخراوی داعش بە چڕی دەستیان بەھێرشکردنە سەر ھێزە عێراقییەکان و ھێزەکانی پێشمەرگە کردووەتەوە. بەشێکی زۆر لە ھێرشەکانی چەکدارانی داعش تاکو ئێستا لە شەواندا و لە سنورەکانی نێوان ھەرێمی کوردستان و عێراقدا ئەنجامدەدرێن. لە ماوەیەکی کەمدا ھێرش دەکەن و دەکشێنەوە.

لە ماوەی سێ مانگی رابردوودا لە ناوچە جێناکۆکەکان بەھۆی ھێرشەکانی چەکدارانی داعشەوە، ژمارەیەکی زۆر لە ھێزی ئەمنیی و ھاوڵاتی مەدەنی کوژراون.

قوربانی ھێرشەکانی داعش لە ماوەی سێ مانگی رابردوودا لە ناوجە دابڕاوەکان بەم جۆرە بوون:

ژمارەی کوژرراوەکان (٤٥) کەس.

ژمارەی بریندارەکان (١٠٠) كەس.

ژمارەی رفێندراوەکان (٥٢) کەس.

لە ماوەی دوو ھەفتەی رابردوودا چەکدارانی داعش ھێرشەکانیان چڕتر کردوەتەوە و (٦٠) کردەیان ئەنجامداوە.

تەنھا لە ماوەی (١٥) رۆژی ئه‌م مانگه‌ دا، ژمارەی قوربانییەکان بەم شێوەیە بوون؛

کوژراو (١٤) کەس.

بریندارەکان (٢٥) کەس.

رفێندراوەکان (٢٠) کەس

بەشێک لە چاودێرانی سیاسیی و ئەمنی چەند جارێک ھۆشداریان بڵاوکردەوە، سەبارەت بە بەھێزبوونەوەی شانەکانی رێکخراوی داعش و کارابوونەوەی چالاکیی چەکدارەکانی، ماوە مانگێکیش دەبێت، چەکدارانی داعش چالاکییەکانیان بە چڕی دەستی پێکردووەتەوە.

چەند جارێک بەرپرسانی باڵای ھەرێم و عێراقیش باسیان لە چالاکبوونەوەی داعش لە بەشێک لە ناوچەکاندا کردووە، بەڵام تاکو ئێستا ھیچ ئۆپراسیۆنێکی ھاوبەش لەنێوان ھەرێم و عێراق بۆ سەر چەکدارانی داعش ئەنجام نەدراوە.

لە مانگەکانی شوبات و ئازار لە بەشێک لە ناوچە سنورییەکانی نێوان عێراق و ھەرێم و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێم، چەکدارانی داعش بازگەی ساختەیان دادەنا و ھاوڵاتیانیان دەڕفاند، دوای بەھێزبوونیان دەستیان بە ھێرشکردن کرد بۆ سەر ھیزە عێراقییەکان و چەند جارێکیش بۆ سەر ھێزەکانی پێشمەرگە.

نیوەی یەکەمی مانگی نیسان چالاکترین رۆژەکانی چەکدارانی داعش بووە، لەم دوو ھەفتەیەدا ھێرشیان کردووەتە سەر بەشێکی زۆری ھێزە عێراقییەکان و ھێزەکانی پێشمەرگەش.

لە کۆتایی ھەفتەی یەکەمی مانگی نیسان لە کوڵەجۆ، چەکدارانی داعش ھێرشیان کردە سەر ھێزەکانی پێششمەرگە و دوو پێشمەرگە شەھید بوون.

تاکو ئێستا ھیچ پلانێکی راگەیەندراو لەلایەن عێراق و ھەرێمی کودستانەوە بۆ وەستاندنی ھێرشەکانی داعش ئاشکرا نەکراوە و ھێرشەکانیش بەردەوامن و قوربانییەکان لە زیادبووندان.

گۆڕانکاریی لە ژمارە و شوێنی ھێزەکانی ئەمریکا، گۆڕانی بەشێک لە ھاوکێشە سیاسیی و ئەمنییەکان و بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، ھەلی بوژاندنەوەی شانەکانی داعش و فراوانبوونی ھێرشەکانیانی ھێناوەتە ئاراوە.

Send this to a friend