• Google Plus
  • Rss
  • Youtube
November 10, 2021

هەڵبژاردنی عێراق؛ لێكەوتەكانی ئەنجام و ئەگەرە چاوەڕوانكراوەكان

یاسین تەها/توێژەر

بۆ بینینی بابه‌ته‌كه به‌ PDF‌ كلیك له‌م به‌سته‌ره‌ بكه‌:-  ژمارە (10)ی تشرینی دووەمی 2021ی گۆڤاری ئایندەناسی

هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق هەندێ گۆڕانكاریی بەسەر گۆڕەپانی سیاسیدا هێنا، لەم پێشهاتەدا بۆ یەكەم جار سیستمی فرەبازنەیی (83 بازنە) و “دەنگی نەگوازراوە” پەیڕەو كرا، نوێنەرایەتیی هەندێك هێز لە پەرلەمان هەڵكشا، لە بەرامبەریشدا هەندێكی دیكە بە ڕێژەی بەرچاو داكشا. لە مێژووی كۆماری پاش 2003، بۆ یەكەم جاریش لیستی نوێ و كاندیدی تاك  (سەربەخۆ و تاك) گەیشتنە پەرلەمان. ئەم بابەتە هەڵوێستە لەسەر هۆكاری ئەنجامەكان و لێكەوتەكانیان و سیناریۆكانی پاش دەركەوتنیان دەكات.

بێهوایی لە هەڵبژاردن

بەراورد بە دوا هەڵبژاردن (2018)، ڕێژەی بەشداریكردنی دەنگدەران لە هەڵبژاردندا بە ڕێژەی بەرچاو دابەزی، كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكان ڕێژەكەی بە 41% ڕاگەیاندووە([1])، بەڵام زۆر لێكدانەوەی تری ئاماری هەن باس لەوە دەكەن ڕێژەی بەشداریی كردەیی لە 30% تێپەڕ ناكات، ئەمەش بە ئەژماركردنی ئەوانەی كە ناویان لە تۆماری كۆمسیۆندا هەیە، لەسەر ئاستی ژمارەی دانیشتووانی عێراقیش ڕێژەی بەشداریكردن بە كەمتر لە 20% خەمڵێنراوە، چونكە كۆمسیۆن تەنها ئەوانەی ئەژمار كردووە كە تۆمارەكانی خۆیان نوێ كردووەتەوە و كارتی بایۆمەترییان وەرگرتووە نەك ئەو هاوڵاتییانەی تەمەنیان لەسەروو 18 ساڵە و بەپێی دەستوور مافی ئەوەیان هەیە دەنگ بدەن([2]). ئەم دابەزینە بەردەوامەش لە ڕێژەی بەشداری، لە دیارترین لێكدانەوە و شیكاریدا بێهیوایی خەڵك دەردەخات بە پڕۆسەی سیاسی، لە كاتێكدا مەرجەعی باڵای شیعە ئایەتوڵا عەلی سیستانی لە كۆتایی مانگی ئەیلوول و تەنها 10 ڕۆژ بەر لە پڕۆسەكە، هانی خەڵكی دا “بەشداریی هۆشیارانە و بەرپرسیارانە بكەن لە هەڵبژاردن([3])“. هەندێك بۆچوون پێیان وایە ئەگەر ئەو بەیاننامەی سیستانی نەبووایە، ڕێژەی بەشدارییە فەرمییەكەی كۆمسیۆنیش دادەبەزی بۆ كەمتر لە 30%ی دەنگدەران و بۆ كەمتر لە ئەو ڕێژەیەی كە ڕێكخراوەكانی چاودێریی پڕۆسەكە لەبەر ڕۆشنایی پێوەری دانیشتووان دیارییان كردووە.

لە وردەكاریی بەشداریكردنی هەڵبژاردنیشدا، بەرزرترین ڕێژە لە پارێزگاكانی دهۆك و هەولێر بوون و یەكەمیان بە ڕێژەی بەشداریی 54%؛ یەكەم بووە لەسەر ئاستی عێراق و دووەمیش بە ڕێژەی 46% لە پێشەنگی پارێزگاكانی تردایە. هۆشیار زێباری وەزیری پێشووتری دەرەوەی عێراقیش باسی لەوە كردووە هەرێمی كوردستان چاكەی ئەوەی هەبووە بەسەر هەڵبژاردنی گشتیی عێراقەوە كە ڕێژەی بەشدارییەكەی بەرزتر كردووەتەوە([4])، ئەمە لە كاتێكدا لە سلێمانی ڕێژەكە زۆر كەمترە و لە كاتێكدا داتاكانی كۆمسیۆن 37% بەشداریی بۆ سلێمانی دیاری كردووە، هەندێ توێژینەوەی تر هەن باس لەوە دەكەن ڕێژەی بەشداریی ڕاستەقینە لە سلێمانی 28% بووە كە دووەم شاری بایكۆت دەكات لەپاش بەغدا كە چارەكی دەنگدەرانی (25%) بەشدارییان لە هەڵبژاردندا كردووە([5]).

جگە لە هاندانەكەی سیستانی و بەشدارییە بەرچاوەكەی هەولێر و دهۆك، لەم هەڵبژاردنەدا هەندێك لیست و كاندید بە نوێنەرایەتیی خۆپیشاندەرانی تشرین بەشدار بوون، بەڵام هیچ لەمانە جۆشوخرۆشی جارانی نەدا بە هەڵبژاردن كە لە یەكەم ئەزمووندا (2005) ڕێژەكەی 79% بووە، لە دووەم (2010) دابەزیوە بۆ 62%، لە سێیەم (2014) بۆ 60% و لە خولی پێشوو (2018) گەیشتە 44% و لەم خولەدا بەرزترین ئاستی بایكۆتی تۆمار كرد و بەشداری بە 41% ڕاگەیەنرا([6]).

هەڵكشانی بەرچاوی ڕێژەی بایكۆت و داكشانی بەردەوامی ڕێژەی بەشداریكردن، یەكێكە لەو تەوەرانەی جێگەی سەرنج و تێڕامانە، بەتایبەت كە هەندێك ڕاپرسی و لێكدانەوە پێیان وایە زۆرینەی ڕەها بێهیوان لە گۆڕانكاریی دیموكراسی و چاكسازیی پەرلەمانی و بڕوایان بە شۆڕش و خۆپیشاندان هەیە لە شێوەی ئەوانەی تشرینی 2019، هەر لەم سۆنگەیەشەوە بۆچوونێكی بڵاو هەیە كە ئەو حكومەت و دەسەڵاتی یاسادانان و جێبەجێكردنەی لە هەناوی  هەڵبژاردنی پێشوەختە دێتە دەرەوە، هەر چەندە شەرعیەتی یاسایی و نێودەوڵەتیی هەیە، بەڵام نوێنەرایەتییەكی ڕاستەقینەی گەلانی عێراق ناكات و هێندە بنكەی فراوان نییە بەرگەی تووڕەیی و ناڕەزایەتی بگرێت، بەتایبەت كە ئەوە بۆ ناوەندەكانی بڕیار ساغ بووەتەوە كە دەوروبەری 60%ی عێراق لە گەنجان پێك دێت، ئەوانیش سۆشیالمیدیا و تەكنیك ئاڕاستەیان دەكات و وەك جاران پابەند نین بە بەند و باوە نەرێتییەكان، چ سیاسی بن یان كۆمەڵایەتی([7]).

كاریگەریی گۆڕانكارییە تەكنیكییەكان

ئەگەرچی هەڵبژاردنی پێشوەختە كورسییەكانی لیستی سەدری لە ئەنجامە بەراییەكاندا گەیاندە 73 كورسی، لەناو سوننە هاوپەیمانییەكەی حەلبوسی (التقدم) و لەناو كوردیش پارتیی كرد بە یەكەم، هەر سیانیشیان بە دوو هێندەی نزیكترین ڕكابەریان، بەڵام وردبوونەوەی قووڵ لە ژمارەی دەنگدەران ئەوە دەردەخات ئەم بردنەوەیە هێندەی ئەوەی تەكنیكی سیستمی فرەبازنەییە، ئەوەندە هیی گەشەكردنی بنكەی جەماوەری نییە، لەوەش گرنگتر چۆنیەتیی دابەشكردنی بازنەكانە كە تا ڕادەیەكی زۆر لە بەرژەوەندیی ئەم سێ هێزە باڵادەستەی ناو پەرلەمانی پێشوو بووە و ئەمەش یارمەتیی داون لە هەندێ بازنە زۆرترین كورسی بچننەوە([8]).

لەسەر ئاستە شیعەكەش ئەوە دەركەوتووە كوتلەی سەدر بە 885 هەزار دەنگ، 73 كورسیی مسۆگەر كردووە، بەر لەوەی لە دیالەش كورسییەك بە 20 هەزار دەنگەوە بچێتە ڕیزەكانیەوە، نرخی كورسییەكیش لەسەر كوتلەی سەدر دەوروبەری 12 هەزار دەنگ بووە، بەڵام لیستەكەی كەتیبەكانی حیزبوڵا (حقوق) كە یەكێك لە ڕكابەرە شیعەكانی ئەم هاوپەیمانییەیە، بە 95 هەزار دەنگ؛ یەك كورسییان بۆ بەدەست هاتووە، هاوپەیمانی فەتحی حەشدی بە 444 هەزار دەنگ، 17 كورسییان بەدەست هێناوە، كە هەریەكەیان زیاتر لە 24 هەزار دەنگ كەوتووە لەسەریان، ئەمەش دوو هێندەی نرخی كورسیی سەدرییەكان دەكات([9])، ئەم تێكدانەی هاوسەنگیی كورسییەكانی ناو پەرلەمان لەناو پێكهاتەی زۆرینەی عێراق كە شیعەكانن، خۆپیشاندان و گرژی و نكۆڵیكردن لە ئەنجامەكان و تەنانەت هەڕەشەی هەڵكوتانە سەر ناوچەی سەوز و تێكچوونی ئاشتیی كۆمەڵایەتییشی بەدوای خۆیدا هێنا.

پاشەكشەی نوێنەرایەتیی گرووپە چەكدارەكان

هەر چەندە هێزەكانی حەشد بە هەمان هاوپەیمانی پێشوویان (فەتح) چوونە هەڵبژاردن، بەڵام لەگەڵ لیستەكەی حیزبوڵڵاش (حقوق) تەنها 18 كورسییان بەدەست هێنا، ئەمەش یەكێك بوو لە سوپرایزە گەورەكانی هەڵبژاردنەكەی 10ی تشرین. لێكدانەوەی جیاجیا هەن لە بارەی ئەم پاشەكشەی حەشد و بەگشتی دەكرێت لە سێ هۆكاردا چڕ بكرێنەوە كە بریتین لە: بانگەشەكردنی دزرانی دەنگەكان و تەزویری ڕێكخراو و هاكی ئەلیكترۆنی لە ئیمارات، لە بەرامبەریشدا ڕكابەرەكانیان سوورن لەسەر ئەوەی جەماوەریان نەماوە و وەك جاران خەڵك متمانەیان پێ ناكات دەنگیان پێ بدات. هۆكارێكی سێیەمیش هەیە كە خراپ بەڕێوەبردنی هەڵمەتی هەڵبژاردن و خراپ دابەشكردنی كاندیدەكان و زۆریی ژمارەیانە لە بازنەكان([10]). حەشد خۆشیان دان دەنێن بەمەدا، بەڵام پێیان وایە هۆكارە سەرەكییەكە دزرانی دەنگەكانیان و دەستوەردانی دەرەكییە بە قۆستنەوەی هەڵەكانیان([11]). بۆ چارەسەركردنی ئەو كەلێنەش، هێزە چەكدارە شیعە ناڕازییەكان چاویان لەسەر ئەوەیە لە پێكهێنانی حكومەت و دابەشكردنی جومگە كاریگەرەكانی قۆناغی نوێدا، ئەنجامە ژمارەییە بەدەستهاتووەكانی كورسی وەلا بنرێت و كار بە پرەنسیپی سازان و پێكهاتن بكرێت تا “یاریی كورسی” و “یاریی ژمارەكان”([12]).

هەڵكشانی مالیكی و پاشەكشەی حەكیم و عەبادی

جگە لە بەرزكردنەوەی باڵانسی سەدر، هەڵبژاردنی 10ی تشرینی یەكەم لەناو هێزە ناسراوەكانی شیعە دوو گۆڕانكاریی گەورەی تری بەدوای خۆیدا هێنا، كە سەرلەنوێ ژیاندنەوەی مالیكی و ئاواكردنی خۆری ئەو هێزانەش بوو كە خۆیان بە نوێنەری “میانڕەوی شیعە” لەقەڵەم دەدا كە عەمار حەكیم و حەیدەر عەبادین.

 سەبارەت بە مالیكی كە كورسییەكانی لە 25 كورسییەوە بەرز كردەوە بۆ 37، باوەڕ وایە بەشێك لە هۆكارەكەی بریتی بێت لە سۆراغی دەنگدەر بۆ سەركردەیەكی ڕوون و ناسراو لەناو پاشاگەردانیی ئێستای عێراقدا، هەروەها بەو پێیەی سەردەمی مالیكی تەخشانوپەخشانی زۆری پارە و بودجە كراوە، خەڵك ئێستاش پێیان وایە بە گەڕانەوەی ئەو ڕەنگە وەك ساڵانی پاش 2005؛ دامەزراندن و پڕۆژە و پارە دابەشكردن بگەڕێتەوە([13]).  جگە لەم هۆكارەش، هیچ هێزێكی دیكەی شیعە هێندەی مالیكی لەگەڵ سەدرییەكان ڕووشكێن نەبووە و لە دەمی هەڵمەتی هەڵبژاردن وەك ئەو دژایەتییان نەكردووە، ئەمەش مالیكیی كردە موگناتیسێك بۆ سەرجەم ئەو دەنگ و ئۆرگانانەی نەیاری سەدرن یان ترسیان لەو گوتارانەی هەیە كە باسی سەرۆكوەزیرانی سەدری و قۆناغی سەدری دەكات لە عێراقدا.

لە بارەی عەمار حەكیم و حەیدەر عەبادییشەوە كە خۆیان بە نوێنەری “میانڕەوی شیعی” لەقەڵەم دەدا و لە پێگەیەكدا خۆیان وێنا دەكرد كە نەیارن بە پاشكۆیەتیی ئێران، یەكێكی تر بوون لەوانەی زیانیان كرد لە هەڵبژاردندا. هەر چەندە هاوپەیمانێتیی ئەم دوو قوتبە شیعەیە خۆیان بەدوور دەگرت لە سەركۆنەكردنی خۆپیشاندەرانی تشرین، هەروەها خۆیان بە دۆستی خەڵكی ناڕازی لەقەڵەم دەدا، كەچی لە ئەنجامە بەراییەكاندا تەنها شەش كورسییان مسۆگەر كرد، لە كاتێكدا پێشتر دەوروبەری 40 كورسییان هەبووە لە كۆتا خول (چوارەم)ی پەرلەمان.

ڕایەك هەیە پێی وایە گوتاری هاوپەیمانییەكەی حەكیم و عەبادی (قوی الدولة) بەرامبەر چەكدارەكان ڕوون نەبووە، هەروەها گرەویان لەسەر پاشخانی بنەماڵەی حەكیم و جەماوەری گریمانكراوی حەیدەر عەبادی بووە كە باسی لە نرخی نەوت و نرخی دۆلار بوو، بەڵام لە دابەشكردنی كاندیدەكان و بازنەكان؛ ژمارەیەكی زۆر كاندیدی نەناسراویان پێشكەش كرد، ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی دەنگەكانیان بەفیڕۆ بڕوات. بەگوێرەی هەندێك شیكار، لە كۆی 50 بازنەی شیعەنشین كە 180 كورسیی پەرلەمانی تێدایە، هێزەكانی هاوپەیمانێتیی عەبادی و حەكیم 44 كاندیدیان پێشكەش كردووە بەبێ ئەوەی لە ئاستی جەماوەریبوونیان بكۆڵنەوە و هەندێكیان 90 و 140 و 250 دەنگیان هێناوە، زیانی حەكیم و عەبادییش لە مامەڵەی خراپ لەگەڵ یاسای هەڵبژاردن و فرەبازنەیی و بەفیڕۆچوونی 312 هەزار دەنگ بووە بە جۆرێك ئەم دوو قوتبە شیعییە بە 360 هەزار دەنگ؛ تەنها شەش كورسییان بەدەست هێناوە([14]).

یەكەم دەركەوتنی سەربەخۆ و خۆپیشاندەران

لە مێژووی هەڵبژاردنە پەرلەمانییەكانی پاش 2005، بۆ یەكەم جار لە 2021 ئەو كاندیدانەی لەسەر خۆپیشاندان و هێزە سەربەخۆكان ئەژمارن؛ گەیشتنە پەرلەمان، هەر چەندە قەبارەی ڕاستەقینە و كۆتایی ئەم لیستانە هێشتا دیار نییە، بەڵام سەركەوتن و دەركەوتنیان بە یەكێك لە سوپرایزە هەرە گەورەكانی هەڵبژاردن لەقەڵەم دراوە([15]). هيوا و چاوەڕوانییەكی زۆر هەیە كە گەیشتنی ئەم ژمارە سەربەخۆیە بە پەرلەمان زیادكردنێكی جۆرایەتی بێت بۆ خولی داهاتووی پەرلەمان و سەرەتای دامەزراندنی ئۆپۆزسیۆنێكی كارای پەرلەمانی بێت([16])، هەر ئەمەش ناوەرۆكی لێدوان و دیدار و تویتەكانی ئەم هێزانە بووە پاش دەركەوتنی بردنەوەیان([17]).

 

دیمەنەكە لە گۆڕەپانی كورد و سوننەكان

لەسەر ئاستە كوردی و سوننەكەش، هەڵبژاردن گۆڕانێكی گەورەی ئەوتۆی دروست نەكردووە كە شڵەژان دروست بكات، هێندە هەیە لە كوردستان نەوەی نوێ (9 كورسی) جێگەی گۆڕانی جارانی گرتەوە، پارتی زۆرینەییەكەی خۆی هەڵكشاند و چاویشی لەوەیە بە زووترین كات ئەو ئەزموونە بگوازێتەوە بۆ پەرلەمانی كوردستان([18]) ، لە سوننەكانیشدا پاش ڕكابەرییەكی توند لەنێوان بەرەی خەمیس خەنجەر و بەرەی حەلبوسی سەرۆكی پەرلەمان، بەرەی دووەم كە هیی سەرۆكی پەرلەمانە، دوو هێندەی بەرەی یەكەم كورسیی بەدەست هێنا، ئەم پێشهاتەش هاوكات بوو لەگەڵ ئاوابوونی خۆری هەندێ ڕێبەرایەتیی لۆكاڵیدا وەك نوجێفییەكان و خالید عوبێدی و سەلیم جبوری و حیزبی ئیسلامی كە نەیانتوانی تەنانەت كورسییەكانی خۆشیان مسۆگەر بكەنەوە لە پەرلەمان([19]) .

لایەنە كوردییەكان، لانی كەم پارتی و یەكێتی ناچاری ڕێككەوتنن لە دۆسیەی عێراق، هەر چی سوننەكانیشە توركیا لە هەوڵی یەكخستنیاندا بوو لەپاش هەڵبژاردن، ئەمەش پیشهاتێكی نوێیە، چونكە جاران ئێران ڕێبەری قۆناغەكانی پێكهاتەی سوننەی دیاری دەكرد. بەگوێرەی زانیارییە دزەپێكراوەكان، ئەردۆغان داوای لە هەردوو هاوپەیمانییە سەرەكییە سوننەكەی عێراق (عەزم و تەقەدوم) كردووە كە بەرەیەكی پەرلەمانیی هاوبەش دروست بكەن و ئەنقەرە سەرپەرشتیی یەكگرتنیان دەكات. ئەردۆغان باسی ئەوەشی كردووە ئەزموونی حەلبوسی لە سەرۆكایەتیی پەرلەمان سەركەوتوو بووە بۆ ناوچەكە، دوو لایەنەكەی سوننەی هان داوە یەك بگرن و توركیا ئامادەیە گرەنتیی پابەندبوون بەو ڕێككەوتنە بكات ([20]).

كورد و سوننە سەنگ و قورسایی و پێگەیان لە پەرلەمان هەر چەند بێت، ناتوانن ببنە هۆكار بۆ سەرخستنی لایەنێكی شیعە بەسەر ئەوی تردا، باسی ئەوەش هەیە لەپاش هەڵبژاردن ئێرانییەكان پەیامێكیان لەم بارەیەوە پێ گەیاندوون كە نەكەن تاكلایەنە بچنە بەرەیەكی شیعە دژی ئەوی تر و ئەمە بە كاركردن دژی بەرژەوەندییە باڵاكانی تاران لێك دەدرێتەوە([21]).

سیناریۆكان پاش قۆناغی ئاشكرابوونی ئەنجامەكان

– ئامانجی هەڵبژاردنی پێشوەختە، چارەسەركردنی قەیرانی تشرین بوو كە درووشمەكەی بریتی بوو لە “نیشتمانمان دەوێت”، بەڵام هەڵبژاردن نەخشە سیاسییەكەی لە ڕیشەوە نەگۆڕی، بە هۆی بایكۆتی بەشێك لە تشرینییەكان و مانەوەی هۆكارەكانی تووڕەیی و بێزاریی خەڵك و ئەو ڕێژە زۆرەی بێهوایی لە پەرلەمان و پڕۆسەی سیاسی كە لە ڕێژەی بەشداریكردندا دەركەوت، جارێكی تر پەنابردنەوە بۆ شەقام و سەرهەڵدانەوەی خۆپیشاندان یەكێكە لە ئەگەرە سەرەكییەكان، بەتایبەت پاش تێپەڕبوونی ساڵێك بەسەر پێكهاتنی حكومەت و ڕوونبوونەوەی زیاتری دیمەنەكان.

– تانەدان و ڕەخنەگرتن لە شەرعیەتی سیاسی ئەم خولە لە جاران زیاتر دەكات بە هۆی نزمیی ئاستی بەشداریكردنی خەڵك لە هەڵبژاردنەكان و كەلێنی نێوان حكومەت (دەسەڵات) و خەڵك زیاتر دەبێت.

– هێزە سەربەخۆكان یان كاندیدە تاكەكان لە سێ لایەنەوە دەكەونە ژێر گوشار، لە هێزە سیاسییەكان بۆ كەمەندكێشكردنیان بۆ بەرەی خۆیان، لە لاكەی تر لە چاوەڕوانیی شەقام و دەنگدەرانیان لە ئەدا و بوێری و توانایان، لە لاكەی تر لە هێرشی تەخوین و تانەوتەشەری ئەو هاوڕێیانەیان كە بایكۆتی هەڵبژاردنیان كرد بە پاساوی ئەوەی پڕۆسەكە جێگەی متمانە نییە و لانی كەمی مەرجەكانی هەلی وەك یەك و بێلایەنیی دەوڵەتی تێدا مسۆگەر نەبووە، سەرجەم ئەمانەش تەحەدایەكی گەورەن كە یەخانگیری ئەم دەرچووانەی هەڵبژاردن بوون كە یەكەم جارە دەچنە پەرلەمان.

– پاش ئەوەی بانگەوازی سیستانی نەیتوانی جۆشوخرۆش بداتە هەڵبژاردنەكان، لەمەولا مەرجەعیەتی ئاسنی شیعە زیاتر خۆی دوور دەگرێت لە دەستوەردانی ڕاستەوخۆ لە سیاسەت و بۆ پارێزگاری لە سەنگی خۆی دەچێتە دۆخی دوورەپەرێزی، بە پێچەوانەی وێستگە گرنگەكانی پاش 2003 كە ئامادەیی بەهێزی هەبوو تێیدا.

– دوو ئەگەر هەیە لەبەردەم خولی پێنجەمی پەرلەمانی عێراق كە سێیەمی نییە، یان حكومەتی زۆرینە كە سەدر ڕێبەرایەتیی بكات، یان بەرەی مالیكی دروستی بكەن، ئەگەرەكەی تر دروستكردنی حكومەتی سازانە كە هەمان نەخشەڕێگای جارانە لەگەڵ هەندێك گۆڕانكاری لە سەنگ و قورسایی و بەشداری و پشكی هێزەكان.

– حكومەتی زۆرینە تاقەت و پشوودرێژیی زۆری لە زۆرینە دەوێت، چونكە هەردوو بەرە سیاسی و پەرلەمانییەكەی شیعە چەكدارن و لایەنی دەسەڵاتدار دەكەوێتە بەردەم ئەگەری پێكدادان. حكومەتی سازانیش كۆپیی شكستی خولەكانی ڕابردووە.

– ئەم خولە دوا دەرفەتە بۆ یەكلاكردنەوەی چارەنووسی سیاسیی مالیكی، چونكە هەڵكشانی كورسییەكانی هاوكاتە لەگەڵ هەڵكشانی تەمەنی بەرەو حەفتا ساڵ، جگە لەوەش بەشی زۆری دەنگەكانی بۆ ئەوە بووە بگەڕێتەوە بۆ دەسەڵات و بەرهەڵستیكردنی سەدرییەكان و مانەوەی لە سێبەردا وەك دوو خولی ڕابردوو بە هەمان دەرد و چارەنووسی ئەیاد عەلاوی دەبات و لە ڕووی سیاسییەوە دەچێتە دۆخی خانەنشینبوون.

– یەكڕیزیی هێزەكانی شیعە (چوارچێوەی هەماهەنگی) وەك قۆناغی پاش هەڵبژاردن نامێنێتەوە، ئامانج لەم گردبوونەوەیە؛ بەرەنگاربوونەوەی تاكڕەویی سەدرە، پاش بەدیهاتنی ئامانجەكەش؛ “شەیتانی وردەكاری” و بەریەككەوتنە لاوەكییەكان سەر هەڵدەدات.

– هۆكاری زۆر هەن یارمەتیدەرن بۆ سەرهەڵدانی شەڕی شیعە-شیعە، وەك زۆریی چەك، نەبوونی دەوڵەتی ناوەندیی بەهێز كە كۆنترۆڵی ئیقاعی ناكۆییەكان بكات لەگەڵ دابەشبوونی ستوونی و ئاسۆیی شیعەكان، ئەمە جگە لە كێشەی ژێربەژێری مەرجەعیەتی ئایینی هێزە سیاسییەكان، بەڵام هەتا سیستانی لە ژیاندا مابێت و ئێران بەم فۆرم و بیركردنەوەیە بمێنێتەوە؛ ئەو ئەگەرە دوورە، ئەمەش ڕێگر نییە لە گرژی و بەریەككەوتنی لابەلای سنووردار.

– ئێران هەوڵی كۆنترۆڵكردنی خزانی شیعەكان دەدات بۆ پێكدادان و توركیاش لە جاران زیاتر دێتە سەر خەت بۆ ڕێكخستنەوەی سوننەكان، بەتایبەت كە ئەمەریكا لە دوورەپەرێزیی زیاتردایە لە دۆسیەی عێراق.

– بژاردەیەكی بەردەم حەشدی شەعبی پاش پاشەكشەكردنی كورسییەكانیان، گەڕانەوەیە بۆ ژێر فەرماندەیی مالیكی، ئەمەش ئاسان نییە لەبەر زۆر هۆكار كە پەیوەندیی هەیە بە بێمتمانەیی و كێشەی ڕێبەرایەتی و ئاراستە و ئامانجی كاركردن.

 – ئەگەرێكی تری بەردەم فەتح، دۆزینەوەی هاوپەیمان و تەواوكەرە بۆ قەرەبووكردنەوەی پاشەكشەی ژمارەیان، ئەویش پاش یەكلاییبوونەوەی ئەنجامەكان. ئەمانەش بە هەماهەنگی لەگەڵ هێزە هاوشێوەكانیان، بەم جۆرەش دەبنە ژمارەیەكی تا ڕادەیەك گونجاو لە هاوكێشەی شیعەدا.

– لە دەرەوەی پێوەرە دیموكراسییەكان لە عێراق، ژمارەی كورسی دیاریكەری ڕاستەقینەی سەنگ و قورسایی هێزە سیاسییەكان نییە و زیاتر چەك و پارە و مەزهەب و نوێنەرایەتیی تایفی  لە سایەی سیستمێكی مفتەخۆردا كاریگەرن و ئەوانەی زۆرترین پشكیان لەم فاكتەرانەی هێز هەبێت ناپووكێنەوە، بەتایبەت حەشد كە چەك و خوێن و فەتوای هەیە.

سەرچاوەكان

 ([1])  فرانس 24 (11/10/2021)، نسبة المشاركة تبلغ 41% في الانتخابات التشريعية العراقية، https://bit.ly/2ZrQw8Z.

 ([2])  إندبندنت عربي (11/10/2021)، ما معيار تحديد نسبة المشاركة في الانتخابات العراقية؟، https://bit.ly/3vM4U8p.

 ([3])  موقع السیستاني (29/9/2021)، بيان مكتب سماحته (دام ظلّه) حول الانتخابات النيابية القادمة في العراق، https://www.sistani.org/arabic/statement/26536/

 ([4])  ڕووداو (21/10/2021)، هۆشیار زێباری بۆ یەکێتی: خۆتان لە ڕێککەوتنی ستراتیژی کشانەوە، https://www.rudaw.net/sorani/interview/21102021

 ([5])  منقذ داغر (27/10/2021)، تغريدة على تويتر، https://twitter.com/MUNQITHDAGHER/status/1453297680617287685 (رئيس المجموعة العراقية المستقلة للأبحاث).

 ([6])  وكالة الأناضول (11/10/2021)، برلمان العراق.. نسبة المشاركة بالانتخابات الأدنى منذ عام 2005، https://bit.ly/3mfPAh9.

 ([7]) ناس نیوز (3/10/2020)، الكاظمي يتحدث عن مرحلة التكليف والعلاقة مع الولايات المتحدة، https://www.nasnews.com/view.php?cat=41867.

 ([8]) ناس نیوز (3/10/2020)، الكاظمي يتحدث عن مرحلة التكليف والعلاقة مع الولايات المتحدة، https://www.nasnews.com/view.php?cat=41867.

 ([9])  منقذ داغر (10/2021) فصل الأرتياب في صندوق الأنتخاب 4، https://iiacss.org/ar/uncertainty-in-the-ballot-box-5/.

 ([10])  rudawrc (25/10/2021)، پاشەكشەی نوێنەرایەتیی حەشدی شەعبی لەناو پەرلەمان، https://bit.ly/3bb3r23.

 ([11])  الأخبار، سەرچاوەی پێشوو.

 ([12])  ڕووداو، سەرچاوەی پێشوو.

 ([13])  العرب اللندنية (27/10/2021)، المالكي وسط الباب الشيعي الدوّار كي لا يتحوّل إلى رجل ظل، https://bit.ly/3EpjK7Z.

 ([14])  النهار العربي (24/10/2021)، انتخابات العراق: كيف تكبّد تحالف “الاعتدال الشيعي” الخسارة الأكثر قسوة؟، https://bit.ly/3bez2Q6.

 ([15])  الحرة (12/10/2021)، انتخابات العراق.. نتائج مفاجئة قد تغير موازين القوى والتحالفات، https://arbne.ws/3EmiQc7.

 ([16])  سكای نیوز عربیة (13/10/2021)، “نشطاء من تشرين” تحت قبة البرلمان العراقي.. هل يحدثون فرقا؟، https://bit.ly/3pKbdZc.

 ([17]) المدى (20/10/2021)، علاء الركابي لـ(المدى): سنشكل معارضة حقيقية لأول مرة بتاريخ البرلمان، https://almadapaper.net/view.php?cat=250405.

 ([18])  الأخبار اللبنانية (27/10/2021)، «الفتح» مراجِعاً نتائج الانتخابات: إقرار أوّل بالثغرات الداخلية، https://bit.ly/3bd6hDJ.

 ([19]) بغداد اليوم (12/10/2021)، أسماء أبرز الخاسرين في الانتخابات العراقية، https://bit.ly/3EmVzqF.

 ([20]) ناس كورد (27/10/2021)، ئەردۆغان ڕاسپاردەیەكی گەیاندووەتە سوننەی عێراق، https://www.nasnews.com/kurd/view.php?cat=33639.

 ([21]) یوتیفی (27/10/2021)، فائق الشيخ علي يتحدث عن عراق ما بعد الانتخابات: مسارات الصراع بين قوى الدولة واللادولة | الحق يقال، https://www.youtube.com/watch?v=UTHSow5adh8.

 

گۆڤاری ئایندەناسی ژمارە ده‌ (10) تشرینی دووەمی 2021

 

 

 

Send this to a friend