• Google Plus
  • Rss
  • Youtube
July 30, 2022

دیدی ئێران بۆ پەیوەندییەكانی هەرێمی كوردستان لەگەڵ ئەمریكا و ئیسرائیل

ستراتیژی نوێ و جەنگی درۆنەكان

ئەژی ئازاد ئەبوبەکر

ژیلوان لەتیف یارئەحمەد

بۆ بینینی بابه‌ته‌كه به‌ PDF‌ كلیك له‌م به‌سته‌ره‌ بكه‌:-  ژمارە (4)ی ته‌موزی 2022ی وه‌رزنامه‌ی ئێرانناسی

بەرایی

پەیوەندییە مێژووییەكانی باشووریی كوردستان لەگەڵ ئەمریكا و ئیسرائیل بە هەموو هەڵبەز و دابەزەكانییەوە لە پشتیوانی ئەم دوو وڵاتە بۆ شۆڕشی ئەیلول تاوەكو پشتگیری ئەمریكا بۆ قەوارەی هەرێمی كوردستان لە پاش ساڵی (٢٠٠٣) و ڕووداوەكانی دواتر، وایكردووە كە كۆماری ئیسلامیی ئێران بەردەوام بەهەستیارییەوە بڕوانێتە پەیوەندییەکانی هەرێم لەگەڵ ئەم دوو وڵاتە و ئاگاداربووە، کە سیاسەت و هەنگاوەکانی هەرێم لە هێڵی سووریی عێراقی یەکگرتوو و یەکپارچە تێنەپەڕێت و نەگاتە ئاستی ویستی سەربەخۆیی. لەگەڵ ئەمەشدا گۆڕانی هاوكێشەكانی ناوچەكە بە هۆی دەركەوتنی داعش و هاتنەسەر دەسەڵاتی دۆناڵد ترەمپ لە ئەمریكا و بە تایبەتی بەڕێوەچوونی ڕیفراندۆمی (٢٠١٧) لە هەرێمی كوردستان، بەتەواوی ئێرانی بەدگومان كرد. ئەم بەدگومانییە لە پاش قۆناغی پۆست داعشەوە بەرەو هەنگاوى کرداریی و کردەیی ڕۆیشتوون و ئێران لە دۆخى تازەى عێراق و هەرێمی کوردستاندا پەنای بۆ جموجوڵی سەربازیى لە ڕێگەى جەنگى درۆنەوە بردووە. لەم توێژینەوەیەدا هەوڵدراوە لە ڕوانگەی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە، پەیوەندییەکانی هەرێم لەگەڵ وڵاتانی ئەمریکا و ئیسرائیل و نیگەرانی و چاوەڕوانییەكانی  بۆ هەرێم و ئایندەى جەنگى درۆنەکان لەسەر هەرێمی کوردستان بخرێتە بەر لێکۆڵینەوە.

هەرێمی کوردستان و عێراق؛ پاراستنی یەكپارچەیی

لە دوای ڕووداوەكانی شەڕی دووەمی کەنداو و ڕاکێشانی هێڵی دژەفڕین بۆ ناوچەکانی هەرێمی کوردستان و دروستبوونی حکومەتێکی خۆجێیی، هێرشی ئەمریکا بۆ عێراق و پێكهاتنی حكومەتی هەرێمی كوردستان، بەهاری عەرەبی (٢٠١١) و ڕەخساندنی هەل بۆ بەهێزبوونی ناوچەیی کوردەکان و داواكاری خواستە نەوتەوەییەكەیان، دواجار دەرکەوتنی داعش، گرنگترین هۆكاری بەهێزبوونی كوردەكان لە عێراق و هەڵکشانی پێگەی ناوچەیی و نێودەوڵەتیان بووە(1). ئەم بەهێزبوونە لەگەڵ کۆمەڵێک هۆکاری تر وەکو گرنگی پێگەی هەرێم بۆ کارەکتەرە هەرێمییەكان، گرتنەبەری سیاسەتی سەربەخۆ لە بەرامبەر حکومەتی ناوەندیی عێراق، لێکچوونی کولتووریی نێوان هەرێم و ناوچە کوردنشینەکانی ئێران، هەوڵەکانی ئەمریکا، ئیسرائیل و وڵاتانی کەنداو بۆ دروستکردنی کاریگەری لەسەر هەرێم بە قازانجی خۆیان و دژ بە بەرژەوەندییەکانی ئێران و بوونی حیزبە ئۆپۆزسیۆنەکانی ئێران لە خاکی هەرێم، هەروەها بایەخی ئابووری و بازرگانی، بووە هۆی ئەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران بەگرنگییەوە بڕوانێتە هەرێمی کوردستان.

تایبەتمەندیی جیوپۆلەتیکی، سەرچاوەکانی وزە، سەرچاوەکانی ئاو و شوێنگەی لەبار بۆ گەشتیاری، هەروەها ڕێڕەوی هەناردەی نەوت، پێگەیەکی تایبەتی بەخشیوە بە هەرێمی کوردستان کە لە لایەکەوە بتوانێت لە چوارچێوەی دەسەڵاتە نیمچە سەربەخۆییەکەیدا پێگەی ئابووریی و سیاسی خۆی لە عێراقدا بەهیز بکات و لە لایەکی ترەوە بایەخ و گرنگی خۆی بۆ وڵاتانی هەرێمی زیاتر دەربخات(2). ئەگەرچی بەرپرسانی ئێران بەردەوام جەختیان لە ڕۆڵبینینی ئەرێنی حکومەتی هەرێم لە پتەوبوونی پەیوەندییەکانی نێوان ئێران و عێراق کردووە، بەڵام لە هەمانکاتدا، سیاسەتی “ئاسایش میحوەر”ی کۆماری ئیسلامی ئێران وایکردووە کە بەرەوام دیدێکی گوماناویی لە لای دەسەڵاتدارانی ئێران بۆ بەشێک لە خواستی کوردەکان وەک هەوڵەکانی بۆ جیابوونەوە لە حکومەتی ناوەندیی عێراق بێتەکایەوە، هەروەها نیگەرانی لەوەی کە هەرێم نەبێتە شوێنێک بۆ دابینکردنی بەرژوەندییەکانی وڵاتانی ئەمریکا، ئیسرائیل و وڵاتانی عەرەبیی ناوچەکە و نەچێتە چوارچێوەی پلانێکی هەرێمی و نێودەوڵەتییەوە بە مەبەستی لێدانی بەرژەوەندییەكانی ئێران و دروستکردنی دیوارێک لە نێوان ئێران و عێراق، بوونی هەبووە.

بەدرێژای ساڵانی دوای کەوتنی ڕژێمی بەعس لە عێراق و هاتنەسەر دەسەڵاتی حکومەتێک کە تیایدا شیعەکان باڵادەستبوون، ئێران بەردەوام هەوڵیداوە کە عێراق لە چوارچێوەی پێناسەکانی “دراوسێیەکی ستراتیژیی”، “هاوپەیمانێکی ناوچەیی” بناسێنێت، هەروەها وەک بابەتێکی “ئاسایشی نیشتمانی” لێی بڕوانێت و هەژموونگەرایی خۆی لەم وڵاتە زیاتر بکات. پشتیوانیکردنی ڕەهای ئێران بۆ حكومەتی شیعی، بۆ دابینكردنی جێگیری (ثبات) و ئاسایشی هەرێمییە لە چوارچێوەی “جیوپۆلەتیکی شیعە” لە ناوچەکەدا كە تیایدا عێراق گرنگترین ڕۆڵ دەگێرێت(3). ڕۆڵ و پێگەی عێراقە لەو هێڵەی کە ئێران ناوی لێناوە “بەرەی خۆڕاگری” (محور مقاومت)، بەدیهێنەری ئامانجە ستراتیژی و پرۆژەی جیۆپۆلەتیکی ئێرانە لە ڕێگەی دروستکردنی هێزە بەوەکالەتەکان (نیابی) و شەڕی بەوەکالەت(4). گرنگیی پێگەی عێراق لەم هێڵەدا لە دوای سەرهەڵدانی قەیرانی سوریا و درێژەکێشانی زیاتر بووە، بەو پێیەی کە ستراتیژی ئێران لەم وڵاتانە بەیەکەوە بەستراوەتەوە و لاوازی هەرکامێکیان کاریگەریی ڕاستەوخۆی لە سەر لایەنەکانی تر دەبێت، بەتایبەتی کە یەکێک لە هەنگاوەکانی ئێران و سوپای پاسداران (سوپای قودس) بۆ پتەوکردنی ئەم هێڵە، دروستکردنی ڕایەڵەی پەیوەندییە لە نێوان ئەم هێزانە و بەیەکەوە بەستنیانە(5).

لەم چوارچێوەیەدا، ئێران پێیوایە کە دەرکەوتنی داعش و بەرزبوونەوەی پێگەی هەرێم بە هۆی دەرهاویشتەکانی شەڕی داعش لە ئاستی نێودەوڵەتیدا، هەلی ئەوەی ڕەخساند کە کورد “بانگەشە کۆنەکانی” دووبارە بکاتەوە و بە هاندانی ئەمریکا و ئیسرائیل و پیلانی وڵاتە عەرەبە سوننەکان، کوردەکان بەرەو ویستی “سەربەخۆیی” پەلکێش بکەن. هەرجۆرە جیابوونەوەیەك لە عێراق چ لە لایەن كوردەكان یان عەرەبە سوننەكانەوە ڕوو بدات، دەبێتە هۆی پچڕانی هێڵی بەرەی خۆڕاگری و دەستكراوەیی ئەو وڵاتانەی كە ئێران بە دوژمنی خۆی دەزانێت. بۆ كورد جیا لەم بابەتە ستراتیژییە، داوای سەربەخۆیی، هاندەرێك دەبێت بۆ كوردەكانی ئێران كە لە سەر هەڵوێستی “دوورکەوتنەوە لە ناوەند” (گریز از مرکز) موكڕتر بن، کە ئەمەش بە هۆی بوونی کەمایەتییە تورک، ئازەری، عەرەب و …تاد، لەم وڵاتە و مەترسی لە سەر یەکپارچەیی شووناس و خاکی ئێران، دەچێتە چوارچێوەی “ئاسایشی نیشتمانی”ی كۆماری ئیسلامیی ئێران-ەوە. بابەتێک کە بە درێژایی مێژووی هاوچەرخی ئێران (بە هەموو حكومەتەكانییەوە) ترسێکی بەردەوامی دەسەڵاتداران، ڕۆشنبیران و تەنانەت ڕای گشتیی ئێران بووە(6).

پەیوەندی هەرێمی كوردستان و ئەمریكا؛ دیفاكتۆی سەپێنراو  

بەشێکی گەورە لە گومانەکانی دەسەڵاتدارانی ئێران لە پێگەی هەرێم و سیاسەتەکانی بەرامبەر حکومەتی ناوەندی عێراق و ئێران، بۆ خەسڵەتی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئەمریکا و دواتر ئیسرائیل دەگەڕێتەوە. ئەمە لە کاتێکدایە کە سیاسەتی دەرەوەی ئێران لە سەردەمی ئەحمەدی نەژادەوە بەرامبەر ئەم دوو وڵاتە بریتیبووە لە: “سازکردنی پەیوەندی تەندروست و چالاکانە لەگەڵ هەر وڵاتێک جگە لە ڕژێمی داگیرکاری قودس (ئیسرائیل) بۆ هەمیشە و ڕژێمی سیاسی ئەمریکا، بە مەرجێک ئامادەبێت ڕەچاوی سەرفرازی و بەرژەوەندییەکانی خەڵکی ئێمە بکات”(7). لە دیدی ئێرانەوە یەکێک لەو هۆکارانەی کە وایکردووە هەرێمی کوردستان لە ئێستادا گرنگییەکی جیوپۆلەتیکی هەبێت و لە هاوکێشە ئابووری و سیاسییەکانی عێراقدا ڕۆڵ و قورسایی هەبێت، بوونی ڕاستەوخۆی ئەمریکایە لە عێراق و پشتگیرکردنی کوردەکانە، هەر لە دوای شەڕی دووەمی کەنداو (١٩٩١) تاوەکو ڕووخانی ڕژێمی بەعس بە دابینکردنی ناوچەی دژ فڕین و دواتر جێگیرکردنی حکومەتێکی خۆجێی لە عێراقی نوێدا، کە هەرچەندە بەدیهێنەری ئامانجەکانی خۆیەتی لە ناوچەکەدا، بەڵام بووەتە هۆی بەهێزبوونی پێگەی هەرێمی کوردستان(8). ئێران پێیوایە لە قۆناغی دوای كشانەوەی بەشێكی زۆر لە هێزە سەربازییەكانی ئەمریكا لە عێراق (٢٠١١) و هاتنەسەر دەسەڵاتی دۆناڵد ترامپ، ئەمریكا دەیەوێت بە بوونی لوجستیكی و سیاسیی زیاتری لە هەرێم، سیاسەتەكانی ئێران لە هەرێم و دواتر لە عێراق كۆنتڕۆڵ بكات و هەرێم بكاتە ناوچەیەكی نائەمن بۆ ئێران(9). بیرۆكەی “ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی گەوره” لە دیدی ئێرانەوە، وەك ستراتیژییەكی بەردەوام و هاوبەشی ئەمریكا و ئیسرائیلە بۆ ناوچەكە و پێیانوایە ئەمریكا بۆ بەجێگەیاندنی ئەم نەخشە نوێیە پێویستی بە دەوڵەتە نوێ و سەربەخۆكان هەیە و بەم ئاڕاستەیە بیرۆكەی دروستكردنی “هەرێمە سوننەكان” لە عێراق لەم چوارچێوەیەدایە و پشتگیری كوردەكان بۆ ئەم پرۆژەیە، بە مەبەستی بەهێزكردنی پێگەی سەربەخۆیانەی هەرێمەكەیانە(10). لە ڕاڤەی ئێران بۆ ئەم پرۆژەیە، بەشێك لە وڵاتانی ئێران، توركیا، عێراق و سوریا لە پێناو دروستكردنی كوردستانێكی سەربەخۆ جیادەكرێنەوە و تەنانەت پاڵپشتی نەكردنی ئەمریكا بۆ ڕیفراندۆم (كە هەنگاوێك بوو بە ئاڕاستەی ئەم پرۆژەیە) ڕاستگۆیانە نەبووە و تەنیا بەهۆی ناڕەزایەتی گشتی وڵاتانی ناوچەكە و لەبارنەبوونی دۆخی هەرێمیی ئەو هەوڵوێستەی نواندووە(11).

لەم ڕوانگەیەوە ئێران بە هەستیارییەکی بەردەوامەوە دەڕوانێتە هەنگاوەکانی ئەمریکا لە پەیوەندییەکانی لەگەڵ هەرێمی کوردستاندا، ئەمە لە چەندین ڕووداو و پێشهات بە ئاشكرا دەبینرێت؛ کردنەوەی گەورەترین باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە جیهان لە شاری هەولێر، مانای ئەوەیە کە ئەمریکا بەدوای ئامانج و بەرنامە درێژخایەنەکانی لە هەرێمدا دەگەڕێت و لە ستراتیژی ئایندەی خوێ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و عێراق و لە ڕووبەڕووبوونەوەی هەژموونی ئێراندا، هەرێمی کوردستان پێگەیەکی ستراتیژی دەبێت(12). ڕێككەوتننامەی سەربازیی نێوان حكومەتی هەرێم و ئەمەریكا لە (١٢/٧/٢٠١٦) لە گەرمەی شەڕی داعشدا، بابەتێكی تر بوو، كە سەرنجی میدیاكانی ئێرانی بەلای خۆیەوە ڕاكێشا كە پێیانوابوو، ئەم ڕێككەتننامەیە جیا لە ئامانجە كورت مەوداكانی وەك ڕووبەڕووبوونەوەی داعش، ئامانجی دوورمەودای بۆ هەردوو لا هەیە؛ بۆ كورد، بوونی هێزە سەربازییەكانی بیانی، دەتوانێت وەك خاڵێكی پاڵپشتی بۆ سووربوون لەسەر خواستەكانی بەرامبەر بە حكومەتی ناوەندی عێراق بەكاردێت بەتایبەت لە دۆسییەكانی پەیوەست بە نەوتی كەركوك و چارەنووسی ناوچە جێناكۆكەكان، بۆ ئەمریكاش ئەم ڕێككەوتننامەیە بۆ ماوەی دەساڵە دەتوانێت گەرەنتی مانەوەی هێزەكانی ئەمریكا بكات لە ناوچەكانی هەرێم(13).

دەنگ نەدانی كوردەكان بۆ پرۆژەیاسای چوونەدەرەوەی ئەمریكا لە عێراق لە پەرلەمانی ئەم وڵاتە، پێشهاتێكی تر بوو، كە سەرەڕای ئەوەی ئێران ڕەچاوی پەیوەندییەكانی ئێران و ئەمریكای كردبوو، بەڵام پێیوابوو ئەم هەڵوێستەی پەرلەمانتارانی هەرێم بە مانای ئەوە دێت كە كوردەكان بە هۆی كێشەكانیان لەگەڵ دەوڵەتی ناوەندی عێراقدا، لە ئەمریكا وەك پشتیوانێك دەڕوانن(14). هەروەها هەوڵەكانی ئەمریكا بۆ كشانەوە لە پێگە سەربازییە جیاوازەكانیان لە عێراق و كەمكردنەوەیان لە چەند پێگەیەك كە بەشێكیان دەكەوێتە هەرێمی كوردستان، سەرنجی ئێرانییەكانی بۆ لای خۆی ڕاكێشابوو. لەم بابەتەشدا ئەگەرچی ئێران ڕەچاوی تایبەتمەندییەكانی هەرێم دەكات و سەرەڕای ئەوەی بەشێك لە دەسەڵاتدارانی ئێران چاوەڕێی ڕەتكردنەوەی هەرێمیان دەكرد، بەڵام ئێران بەردەوام پێیوایە كە هەرێمی كوردستان بە هۆی پەیوەندییە مێژوویی و توندوتۆڵەكەی لەگەڵ ئێران و زانینی ئەو ڕاستییەی كە “ئاسایشی ئێران واتا ئاسایشی هەرێمی كوردستان”، ڕێگە نادات كە هەرێم ببێتە پێگەیەك بۆ لێدانی ئێران لە لایەن ئەمریكاوە(15).

پەیوەندی هەرێمی كوردستان و ئيسرائيل؛ هێڵێكی سووری ڕەها

كۆماری ئیسلامیی ئێران هەر لە سەرەتای دامەزراندنییەوە سەبارەت بە ئیسرائیل، هەڵوێستێكی فەڕمیی نەگۆڕ و بێ سازشی هەبووە و هەر لەو كاتەوەی كە ئایەتوڵڵا خومەینی لە وتارێکدا لە ساڵی (١٩٨٢) ڕایگەیاند کە “دەبێت ئیسرائیل لە پەڕەی ڕۆژگار بسڕدرێتەوە…”(16). بەردەوام ئیسرائیلی بە مەترسی یەكەمی لەسەر كیانی حكومەتە ئیسلامییەكەی زانیوە و هۆكاری گرتنەبەری سیاسەتە ئەمنی و سەربازییەكانشی لە ناوچەكانیتر بۆ بەرگریكردن لەخۆی زانیوە، تەنانەت پێیوایە كە ڕیشەی زۆربەی فشارەکانی ئەمریکا، بۆ لۆبییەکانی ئیسرائیل و پشتیوانی ڕەهای ئەمریکا بۆ ئیسرائیل دەگەڕێتەوە(17). هەربۆیە بابەتێکی سەرەکی و نەگۆڕ لە سیاسەتی دەرەوەی ئێران کە پەیوەندیدارە بە گوتاری شۆڕشەوە، دژایەتیکردنی ئیسرائیلە؛ لەسەر ئەم بنەمایە، ئێران بە درێژایی ساڵانی دوای شۆڕش، پشتگیری هێزە چەكدارە بەرهەڵستكارەكانی ئەم وڵاتەی لە فەڵەستین و لوبنان كردووە(18). بۆیە نەك سەبارەت بە هەرێمی كوردستان، بەڵكو سەبارەت بە سەرجەم وڵاتانی ناوچەكە، ئێران هەوڵی خستنەژێر چاودێری جموجۆڵ و پەیوەندییەكانی ئیسرائیلی داوە.

سەبارەت بە پەیوەندییەکانی دەوڵەتی ئیسرائیل لەگەڵ کورد لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، ئێران پێیوایە ئیسرائیل چەند ئامانجێکی دیاریکراوی هەیە:

 ١. لاوازکردن و لێکجیاکردنەوەی ناوخۆیی وڵاتانی دوژمنی ئیسرائیل لە وڵاتەکانی ئێران، عێراق و سوریا لە ڕێگەی پشتگیریکردن لە جوداییخوازی “کەمینەی کورد زمان”.

 ٢. ڕاگرتنی هاوسەنگی هێز بەرامبەر بە دوژمنەکانی.

 ٣. کۆنترۆڵکردن و چاودێری لەسەر وڵاتانی ناوچەکە لە ڕێگەی فراونکردنی پەیوەندییەکان لەگەڵ کوردەکان.

 ٤. بەدەستهێنانی شەرعییەتی سیاسی.

 ٥. چارەسەکردنی کێشە بنەرەتییەکانی وەک نەوت و ئاو.

 ٦. بەدەستهێنانی بازاڕێک بۆ وەبەرهێنان.

 ٧. بڵاوەکردنی دیموکراسییەتی سکۆلار لە ناوچەکە.

 ٨. نفوزی زیاتر لە ڕۆژهەڵاتی ناوەراست.

  ٩. بەدیهێنانی بانگەشە مێژووییەکەی سەبارەت بە ناوچەکانی نیل تا فورات(19).

هەر لەسەر ئەم بنەمایە پشتگیری ئیسرائیل بۆ ویستی سەربەخۆیی کورد لە عێراقدا، لە دیدی ئێران، “پرۆژەیەکی ئایندەییە” کە تەنیا بە هاندانی کوردەکانی عێراق و ئێران ناوەستێت و هانی گەلانی تری ئێران وەك تورک، عەرەب، بلوچ و پێکهاتەکانیتری ئێران دەدات کە داواکاری هاوشێوەیان هەبێت یان بە لانیکەمەوە داوای ئەزمونی فیدراڵیزم بکەن، کە دواجار یەکپارچەیی خاکی ئێران دەخاتە مەترسییەوە(20).

ئەم گومانە بەردەوامانەی ئێران لە سیاسەتی ئیسرائیل بە ئاڕاستەی هەرێم، سەبارەت بە شاری كەركوك ڕەهەندی جیاوازی وەرگرتووە؛ لە لای ئەوان هۆکاری سەرەکی پشتیوانی ئیسرائیل بۆ جیابوونەوەی هەرێم لە بەغدا، دابینکردنی سەرچاوەی دڵنیاكەرەوەی وزە و سوتەمەنییە. بە شێوەیەك كە دەوڵەتی ئیسرائیل بە هۆی كێشەی دابینكردنی وزەوە، دەیەوێت لە ڕێی هەرێمی کوردستانەوە دەستی بە سەرچاوەی پڕداهاتی کەرکوک بگات و لە ڕێگەی وەبەرهێنانی نەوت لەم شارە و گواستنەوەی نەوت بە بۆری كەركوك-حەیفا، لەم لایەنەوە لە وڵاتانی تری ناوچەکە بێمننەت بێت. تاران باوەڕی وایە ئێستاش ئیسرائیل گەورەترین کڕیاڕی نەوتی هەرێمی کوردستانە(21). ئەمە جیا لەوەی كە لە ساڵانی ڕابردوودا بەردەوام بەشێك لە میدیا و توێژەرانی ناوخۆی ئێران، باسیان لە پلان و هەوڵەكانی ئیسرائیل بۆ گۆڕینی دیمۆگرافیای شاری كەركوك دەكەن لە ڕێگەی هێنانی “كوردە یەهودییەكان” بۆ ئەم شارە و كەمكردنەوەی ڕێژەی عەرەب و توركمانەكان، كە ئەمەش لە ڕێگەی پیدانی قەرزی بانكی بە كوردەكان بۆ كڕینی زەوییە كشتوكاڵی و نەوتییەكانی عەرەبی ناوچەكە و دەركردنی خاوەنەكانیان ئەنجام دەدرێت(22). بەڵام سەرەڕای هەموو ئەمانە، بۆچوونێکیتر ئەوەیە کە ئیسرائیل، وەک ئامرازێکی سیاسی لە هەرێمی کوردستان دەڕوانێت و پشتگیرییەکانی بۆ کورد زیاتر لەوەی بۆ پاراستنی بەرژەوەندی کوردەکان بێت، هەوڵدانە بۆ هێنانەکایەوەی دۆخێکی جیۆپۆلەتیکی کە تیایدا کوردستانی سەربەخۆ، ببێتە شوێنێک بۆ کۆنترۆڵکردنی چوار وڵاتی ئێران، سوریا، تورکیا و عێراق(23).

هەر بۆیە یەكێك لە تۆمەتە بەردەوامانەی كە ئێران دەیداتە پاڵ ئیسرائیل، بۆ هەوڵە ئاشكرا و نهێنییەكانی ئەم وڵاتە لە پێناو پێكهێنانی “كوردستانی گەورە”، لە ڕێگەی دابەشكردنی عێراق، كە زەمینە بۆ دەستبەسەراگرتنی ئیسرائیل و ئەمریكا بۆ كەركوك و سەرچاوە نەوتییەكانی هەرێم ئاماد دەكات و تەنانەت ئیسرائیل چاوی لەوەیە كە لە ڕێگەی قایلكردنی هەولێر، پێگەی سەربازیی – ئەمنی دابمەزرێنێت و لە سنورەكانی ڕۆژئاوای ئێران نزیك ببووتەوە(24). ئەمە جیا لەوەی كە لە ساڵانی ڕابردوودا بەشێك لە ڕۆژنامە و میدیا ئوسوڵگەراكانی ئێران هەواڵی پەیوەندییە نهێنییەكانی ئیسرائیل لەگەڵ هێزە كوردییەكان لە ناو خاكی هەرێمی كوردستان بڵاودەكەنەوە؛ بۆ نمونە باس لە كۆبوونەوەیەكی نێوان ئاویگدۆر لیبرمان (وەزیری پێشووی بەرگری ئیسرائیل) و نوێنەرانی بەشێك لە هێزە كوردییەكانی سوریا لە شاری شەقڵاوە لە هاوینی (٢٠١٩) دەكات. بەپێی زانیارییەكانی ماڵپەڕی فارس نیوز، كۆبوونەوەكە سەبارەت بە ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی هێزەكانی سوریای دیموكراتیك (قەسەدە) و پشتگیری ئیسرائیل بۆ كوردەكان بووە. ڕاپۆڕتەكە لە درێژە زانیارییەكانیدا باس لە ناردنی چەك لە لایەن ئیسرائیل و ئەمریكا بۆ ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی كوردەكان لە سوریا لە ڕێگەی هەرێمی كوردستانەوە دەكات (25).

ڕیفراندۆمی هەرێمی کوردستان؛ گەڕانەوەی گومانەكان

لە دیدی بەشێكی زۆر لە دەسەڵاتدارنی كۆماری ئیسلامیی ئێران، سوپای پاسدارن بە گشتی ئوسوڵگەراكان، بە هۆی شێوازی پێكهاتنی حكومەتی هەرێمی كوردستان و دەسەڵاتە سەرو فیدراڵییەكانی، كە ئێران پێیوایە بەشێكی زۆری بۆ پشتیوانییەكانی ئەمریكا دەگەڕێتەوە، هەروەها مێژووی پەیوەندییەكانی كورد و ئیسرائیل لە باشووری كوردستان بە جەختكردنەوە بە هاوكارییەكانی ئیسرائیل بۆ جووڵانەوەی كورد لە ساڵانی شەست بەملاوە، پەیوەندییە دەرەكییەكانی هەرێمی كوردستان لەگەڵ ئەمریكا و ئیسرائیل بەردەوام جێگەی تێبینی و گومانن. بەڵام بەهۆی واقیعی چەسپاو و هەژموونی ئەمریكا لە ناوچەكە بەگشتی و عێراق بەتایبەتی، قایلبوونێكی ناچارییانەی بەرپرسانی ئێران لەم پەیوەندیانە دەبینرێت و سەرەڕای تۆمەتە جاروبارەكان بۆ ڕۆڵ و نفوزی ئەم دوو وڵاتە لە هەرێمی كوردستان، ئەم ڕاستییەیان قبووڵكردووە، كە هەرێمی كوردستان ناتوانێت بە قازانجی لایەنێك دژ بە ئەوی تر ڕەفتار بكات.

دەشێت بڵێین تێڕوانینی گشتی دەسەڵاتدارانی ئێران سەبارەت بە هەرێمی كوردستان تاوەكو پێش ئەنجامدانی ڕیفراندۆمی (٢٠١٧)ی هەرێمی كوردستان، تێڕوانینێکی تەواو ئەمنی و نەرێنی نەبووە، سەرباری پرسەكانی وەك مانەوەی و چالاكی ناوەبەناوەی هێزە كوردییە بەرهەڵستكارەكانی ئێران، شەڕی ئەفغانستان و دواتر هاتنی ئەمریكا بۆ عێراق. لە پرسی هێزە كوردییە بەرهەڵستكارەكانی ئێران، هەرێم ئەگەرچی بووە شوێنێك بۆ داڵدەدانی ئەم هێزانە، بەڵام لە بەرامبەردا چالاكی چەكداری ئەم هێزانەش بە ڕێژەیەكی زۆر سنوودار كرا. سەبارەت بە ئەمریكاش تاوەكو هاتنی دۆناڵد ترەمپ، سازشكردنێكی و لێكتێگەیشتنێكی نەنووسراو سەبارەت بە شێوازی ئیدارەی عێراق و پاراستنی بەرژەوەندییەكان، لە نێوان ئێران و ئەمریكا هاتەكایەوە. بەڵام ڕیفراندۆمی هەرێمی كوردستان، ئەو ناوەندانەی هێز كە گومانی بەردەوامیان بۆ هەرێمی كوردستان و هەڵسووكەوتەكانی هەبوو، هەستیان كرد و سەرەڕای ئەوەی كابینەی میانەڕەوەی نزیك لە ڕیفۆرمخوازەكان لەسەر دەسەڵات بوو، بەڵام دواجار كاردانەوەی ئێران بۆ بڕیاری ڕیفراندۆم، كاردانەوەی ناوەندە ئوسوڵگەراكان بوو.

تێڕوانینی هاوبەشی ناوەندەكانی هێز لە ناوخۆی ئێران و بەرەی ئوسوڵگەرا، سەبارەت بە ڕیفراندۆم و ئەنجامدەرانی ئەوەبوو کە ئەم پرۆسەیە زیاتر لەوەی کە پرۆسەیەکی ناوخۆیی کوردی و ویستێکی هاوبەشی هەموو لایەنە کوردییەکان بێت، پیلانێکی دەرەکییە کە بە ئاڕاستەکراوی وڵاتانی وەک ئەمریکا و ئیسرائیل، عەرەبستانی سعودی، ئیمارات و تەنانەت لە دیدی بەشێكیان تورکیا داڕێژراوە، بۆ ئەوەی دەستڕویشتوویی ئێران لە عێراق کەم بکەنەوە و هەرێمی کوردستان وەک قەڵغانێک بەرامبەر هەژمونگەرایی ئێران لە عێراق و ناوچەکە بەکار بهێنن. بەڵگەی زۆربەی ئەم بۆچوونانە ئەوە بوو کە تەنیا “پارتی دیموکراتی کوردستان” و خودی سەرۆكی حیزب “مەسعود بارزانی”، پێداگری لە ئەنجامدانی ڕیفراندۆم و جیابوونەوەیان لە عێراق دەکرد و لایەنەکانی تر لەسەر ئەنجامدانی پرۆسەکە جیدی نەبوون(26). ئەگەرچی بەشێك لە ڕاڤەكانی ئەم بەرەیە ئاماژەیان بەوە دەدا كە ئامانجی ڕاستەقینەی كوردەكان بەتایبەتی مەسعود بارزانی، ئەوە بووە کە ڕیفراندۆم وەك کارتێکی فشار بۆ سەر بەغدا لە بابەتەکانی وزە و دابەشکردنی دەسەڵاتەکان و وەرگرتنی ئیمتیازاتی زیاتر بەكار بهێنن(27)، بەڵام لە زۆرینەی ڕاڤەی ئوسوڵگەرایانی ئێران، ئاماژەدان بە ڕۆڵی ئەمریکا و ئیسرائیل لە هاندانی هەرێمی کوردستان بۆ ئەنجامدانی ڕیفراندۆم و لێکهەڵوەشاندنەوەی عێراق، دەبینرا و تۆمەتێكی بەردەوام بوو کە ئاڕاستەی دەسەڵاتدارانی هەرێم و بەتایبەتی پارتی دیموکراتی کوردستان دەکران(28). ئایەتوڵڵا خامنەیی، ڕابەری ئێران و بەشێك لە ئەندامانی سوپای پاسدارانی ئێران لە یەكەم كاردانەوەكانیاندا بۆ بڕیاڕدانی ڕیفراندۆم، بەتوندی بەرپەرچی ئەم هەوڵەیان دا و بە “پیلانێكی دەرەكی”  و “هەوڵێكی نائاسایی” و بەزاندنی “هێلی سوور”ی یەكپارچەیی عێراق، پێناسەیان كرد(29).

پرۆسەی ڕیفراندۆم لە ڕاستیدا ئەو بۆچوونەی ئێرانی زیاتر بەهێز كرد كە كورد لە هەرێمی كوردستان هەركاتێك هەلی بۆ بڕەخسێت و حكومەتی ناوەندیی عێراق بە لاوازی ببینێت، هەوڵی جیابوونەوەی زیاتر لە بەغدا دەدات تا ئەو ڕادەیەی كە داوای سەربەخۆیی بكات. ئەم دیدگایە پێیوایە كە چەنێك داوای سەربەخۆیی كوردەكان بۆ ئاواتی دێرینەی كوردەكان، كێشە و ناكۆكییە بەردەوامەكانی هەولێر و بەغدا دەگەڕێتەوە، بە هەمان ڕادە، بۆ هاندان و پلانی وڵاتانی ئەمریكا و ئیسرائیل دەگەڕێتەوە كە بە سودوەرگرتن لە هەستی نەتەوایەتی كوردەكان و ئاگاداربوون لە ململانێیەكانی هەرێم و بەغدا، هەروەها پەیوەندییە تایبەتەكانیان لەگەڵ پارتی دیموكراتی كوردستان، دەیانەوێت ئامانجە ستراتیژییەكانی خۆیان بەدیبێنن. دەسەڵاتدارانی ئێران زۆرجار لە دوای ڕیفراندۆم، پشتگیری نەكردنی ئەمریكا بۆ ڕیفراندۆمی هەرێم و لە بەرامبەردا یارمەتی ئێران بۆ هەرێم لە ڕووبەڕووبوونەوەی داعش، وەك نمونەیەك لە وەفاداری خۆیان بەرامبەر بە هەرێم و بێ بەڵێنی ئەمریكا بەرامبەر بە هەرێم دەهێننەوە.

قۆناغی پۆست داعش؛ بەرەو ڕێکخستنەوەى هاوسەنگیى هێز

لە پاش ڕەوینەوەى جەنگى داعش، جەمسەرە سەرەکییەکانى بەرگریی دژ بە تیرۆر لە عێراق و هەرێمی کوردستان، چ  هێزەکانى هاوپەیمانان و چ ئێران ڕووبەڕووی ئەو قۆناغە بوونەوە کە هەلومەرجى پاش جەنگ هێنابوویە گۆڕێ، ئەمەش کاریگەریى لەسەر تێڕوانینی ئێران بۆ پێداچوونەوە بە پەیوەندییەکانى لەگەڵ هەرێمی کوردستاندا هەبوو، لێکەوتەى ئەو گۆڕانکارییە نوێیە سەرلەنوێ ڕێکخستنەوەى هاوسەنگى هێز بوو، ئەویش پاش ئەو سەردانە دوو خولییەى هەریەک لە (جۆ بایدن)ى سەرۆکى ئەمریکا و پاشان (سێرگى لاڤرۆڤ)ى وەزیرى دەرەوەى ڕووسیا بۆ ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست دوابەدوای یەک ئەنجامیاندا و وا نیشاندەدرا کە مەبەستى سەردانەکان ڕەخساندنى دەرفەتى سەقامگیریی ئەمنی و سیاسییە لە ناوچەکەدا، بەڵام کارنامەى کۆبوونەوەکانیان هەڵگرتنى هەنگاوى کردەیی بوون بۆ بەشداری پێکردنى ناوچەکە لە ململانێی چاوەڕوانکراوە نوێیەکەى ئەمریکا بەرامبەر بە ڕووسیا و چین (31)، ئەمەش نیشاندەرى گرنگی و بایەخی وڵاتانى کەنداو و ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست بوو لەو کێبڕکێ نوێیەدا لەسەر ئاستەکانى سیاسیی، ئەمنی و وزە لە ئایندەدا.

ململانێی ئەمریکا لەگەڵ ڕووسیا و چین، لە ناوچە جیۆئیکۆنۆمییەکانى لە دەریاى عەرەب و دەریاى ئەدریاتیک و کەنداو و دەریاى هیندی، پاشان ناکۆکییە داراییەکانی ناتۆ لە نێوان  ئەمریکا و ئەورووپا، پەرەگرتنى کێشەی تورکیا و فەرەنسا، میسر و تورکیا، تورکیا و ڕۆژئاواى کوردستان، شەڕی ڕووسیا و ئۆکرانیا و هەڵوێست وەرگرتنى بەرامبەر یەکێتى ئەورووپا، کاتێکیش ئیدارەى دۆناڵد ترامپ هەڵوێستێکی جیاوازى لەبەرامبەر کێشە ئەتۆمییەکەى ئێران وەرگرت و بە پێچەوانەى نزیکبوونەوەى ئێران و ڕۆژئاوا لەسەر کێشە ئەتۆمییەکەى هەڵوێستى وەرگرت، ئێرانیش کەوتە ناو دۆخێکی نوێ و نەخوازراو، هەموو ئەمانە ئەمریکاى خستەسەر ئەو بۆچوونەى كە جەخت بکاتەوە لە کاراکردنى ڕێکكەوتنى 2U2(32)، کە لە مانگى ئۆکتۆبەری (٢٠٢١) لە نێوان ئەمریکا، ئیسرائیل، هیندستان و ئیمارات بۆ ڕەخساندنى سەقامگیریی سیاسیی و ئەمنى ڕۆژئاواى ئاسیا ڕێکخرابوو، ئەم ڕێکكەوتنە گوژمێکی تری نا بە ئاڕاستەى ڕێکەوتنى عەرەب – ئیسرائیل. لەمبارەیەوە سەرۆک وەزیرانى ئیسرائیل بە بایەخەوە ستایشی ڕۆڵی بایدنی كرد لە سەرپەرشتیکردنى هاوپەیمانێتییەکى ئەمنى نوێ لە نێوان ئیسرائیل و وڵاتانى عەرەبی، ئەمەش وێڕای خاوکردنەوەى کێشمەکێشی ئیسرائیل لەگەڵ وڵاتانى عەرەب، هێوربوونەوەى پەیوەندییەکانى نێوان ئیسرائیل، تورکیا و ئیمارات، پاشان نزیکبوونەوەى عێراق لەگەڵ وڵاتانى ئوردون و ئیمارات و سعودیە (33)، کە بێگومان ئەم هەنگاوانە دەکەوێتە چوارچێوەى دژایەتیکردنى هەر سێ لایەنى  ئێران – ڕووسی – چینی، کە لە سێ ساڵی ڕابردوودا زۆرترین لێکنزیکبوونەوەیان هەبووە.

جەنگى درۆنەکان؛ هەنگاونانى کردەیی

لە لایەکی ترەوە دەرفەتى خۆسازدانى وڵاتان بۆ خۆ پڕچەککردن و دوور خستنەوەى مەترسیی لەسەریان و پاراستنى پەرژەوەندییەکانیانی هێناوەتە کایەوە، بەتایبەت پاش شکستی دانووستانەكانی تایبەت بە پرسی وزەی ناوەكیی ئێران، دڵەڕاوکێی ئێرانى لەبەرامبەر جووڵە مەترسیدارە چەکدارییەکەى ئیسرائیل چەند هێندە زیادکردووە. لەم ڕووەوە بەپێی ناوەندى داتاكانی USPA کە تایبەتە بە لێکۆڵینەوەى پرسی ئەمنى ئەمریکی، لە مانگى نیسانى (٢٠٢١) تا حوزەیرانى (٢٠٢٢) قەبارەى بازرگانى چەک لە نێوان ئەمریکا و ئیسرائیل بەڕێژەی (٨.١٧) زیادیکردووە، ئەمەش لە شەڕی عەرەب – ئیسرائیلدا لە ساڵی (٢٠٢١) لێکەوتەکەى بینرا و پتر لە (٩٠%)ی هێرشەکانى کەرتى غەزە کە (٤٣٠٠) موشەک بوون زۆرینەیان تێکشکێنراون(34)، ئەمە مەترسی لەسەر ئێران و دوژمنانى ئیسرائیل چەند هێندە زیادکردووە، بە تایبەت، کە ئیسرائیل خاوەنى باشترین جۆرەکانى درۆنە DRONE)) کە هەڵگرى (١٢٣) لێنزی ئێچ دیی دوور مەودایە، هاوکات بەرهەمهێنەر و فرۆشیارییەتى، هەروەها خاوەنى سیستەمی بەرگری كڵاوەی ئاسنینییە، کە هەندێکیانى بە گوژمەى (١١.٢%) فرۆشتووەتە وڵاتانى کەنداو بە مەرجی خۆپاراستن لە ئەگەرى جموجووڵەکانى ئێران لە ناوچەکەدا. لە لایەکی ترەوە، کاراکردنى ڕێکكەوتنى هاوپەیمانێتی چەکداریی – ئەمنی نێوان ئەمریکا و ئیسرائیل، مەترسی گەورەن بۆ سەر ئاسایشی ئەمنیى ئێران كە لە کۆتاییەکانى ساڵی (٢٠٢١) تا ناوەڕاستى (٢٠٢٢) بە ئەندازەیەکی هەستپێکراو زیادیکردووە. هەریەک لە سعودیە، هەشت سیستەمى بەرگری دژە موشەکى پاتریۆت دژ بە حوسییەکان و حکومەتى یەمەن، سێ سیستەمی بەرگریی ئایۆنیی و لوبنان، پێنج سیستەمى بەرگریی ئایۆنی ئەی دژ بە حیزبوڵڵا و (٢٧) درۆنی بۆ کوەیت لەلایەن ئەمریکاوە بە شێوەى مەزادى ئاشکرا و لە دەرەوەى ڕێكکەوتنى ئەمنى فرۆشراون(35)، ئەمانە وایكردووە كە توانای ئەو سیستەمە درۆنییە نوێیە بۆ بەرەنگاربوونەوەی موشەكە كورتمەودا و مامناوەندییەكان دەركەوێت و دەشێت ئەم بابەتەش بۆ وڵاتانی كەنداو و عێراق بە کوردستانەوە جێی سەرنج بێت كە مەترسی هێرشی موشەكی و درۆنییان لەسەرە.

لەبەرامبەر فروانبوونى مەترسییە کردەییەکانى تەوژمى دژەئێرانی و هاوپەیمانە “ئیمپریالیی” و “زایۆنییە” سەرسەختەکەیدا، کۆمارى ئیسلامیی لە هەوڵی خۆ بەهێزکردندایە لە ڕووی پەرەپێدانى توانا سەربازیى و چەکدارییەکانى خۆی بە تایبەت لە بەرهەمهێنانى درۆنى نوێ. هەر بۆیە بە گەرمبوونى ململانێی پەرەپێدانى هێز و نیشاندانى بازوو، چوارچێوەى هاوپەیمانێتی ناوچەیی و گرووپ و هێزى وەلائی لەلای هەریەک لە ئەمریکا، ئێران و ئیسرائیلی لە ناوچەکەدا زیادکردووە، هاوکات دەرگاى لەسەر ئاڵۆزبوونى گرژییەکانى نێوان ئێران  و ئیسرائیل کردووە، کە تا ئەم دەمە لەلایەن ”مایکل سترۆبسۆن“ بە جەنگى سێبەر و شاراوە ناودەبرێت، کە بە دیاریکراوى لە ساڵی (٢٠٢٢) بەغداد و هەولێر بە شێوەیەکی چاوەڕوانکراو بۆتە چەقی ئەم ململانێی و کێبڕکێیە(36).

ململانێی کردەیی بەر سێبەرى نێوان هەردوو لا، سەری کێشاوە بۆهێرشکردنە سەر ناوەندەکانى بەرهەمهێنانى چەک و درۆن یاخود کوشتن و هەڕەشەی سەر هاوپەیمانانى یەکدى، یاخود پاساوى وەلائیەت بۆ هاوپەیمانەکانى یەکتری بەکاردەهێنن و شەرعیەت بە کردەى هەڕەشە و چاوسوورکردنەوە دەدەن لە بە ئامانج گرتنى دیارترین کەسایەتییە سەربازیى و ئەمنییەکانى ئێران لە نموونەى حەسەن سەیاد خودایی و هەشت کەسایەتى پەیوەست بە دامەزراوەی ئەتۆمیی و هێزەکانى سوپاى پاسداران لە ناو خاکی ئێران و کوشتنیان. لە ماوەى دوو ساڵی ڕابردوودا زیاتر لە هەشت كەسایەتی سوپایی لە نێو ئێراندا کوژراون و ئیسرائیلیش بەرپرسیارێتى هەندێکیان هەڵگرتووە، هەروەها لێدان لە دوو بنکەى سوپاى پاسداران لە مانگەکانى شوبات و ئازاری (٢٠٢٢)، هێرشکردنە سەر کێڵگەى پەترۆڵ لە شارەكانی ئابادان و تاران، دیارترین ئەو دیمەنانەن کە بوونەتە هەڕەشەی درۆنەکانى ئیسرائیل لەسەر ئێران و بەرژەوەندییەکانى (37).

لەبەرامبەردا ئێران، بەهۆی بەدگومانى لە جووڵەى بەشێک لە لایەنە سیاسییەکانى هەرێمى کوردستان و تێگەیشتنى نزیکایەتیان لەگەڵ تەلئەبیب و بەشێک لە ڕێبەرانى سیاسیی جولەکە، چەندینجار ڕایگەیاندووە كە لە هەرێمی كوردستان “بارەگای ئیسرائیلی” كردۆتە ئامانج، کە دیاترینیان هێرشکردنە سەر هەولێر بوو (١٣)ى ئازار بە دوانزە مووشەکی بالیستی لە جۆری مووشەکی (فاتح-١١٠) لە دەرەوەی عێراق، کە ناوچەی کونسوڵخانەى ئەمریکاى کردبووە ئامانج، پاشان لە (٨)ی نیسان و (٢٢)ى هەمان مانگدا لە ڕێگەى درۆنەوە هێرش کرایە سەر بنکەى سەربازى عەین ئەسەد کە دەکەوێتە پارێزگارى ئەنبار و نزیکەى (١٨٠)کم لە ڕۆژئاواى بەغداداوە دوورە و بنکەى سەرەکى هێزەکانى ئەمریکاى لێ جێگیر بووە. پاشان ئەو هێزانەی ئەمریکا كە لە کۆمپلێکسی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر جێگیربوون، کەوتنە بەر هێرشێکی سەر فڕۆکەخانەى هەولێر و پاڵاوگەى خەبات بە چوار موشەکى بالیستى دوورمەودا، کە لە دەشتى نەینەواوە بە هاوکارى گرووپە وەلائیەکان و ناوەندى هەواڵگرى سوپاى پاسداران لە کرماشانەوە ئاڕاستەى هەولێر کرابوون. ئێران بەرپرسیارێتى هێرشەکەى گرته ئەستۆ بە پاساوى لێدان لە بنکە و بارەگاکانى مۆسادى ئیسرائیل لە هەرێمی کوردستاندا كە مەترسین بۆ سەر ئاسایشی نیشتمانیی ئێران(38).

لە پەرچەکرداردا وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ڕایگەیاند، “ئێمە ئیدانەی ئەو هێرشە توڕەیە دەکەین بۆ سەر کونسوڵخانەکەمان لە هەولێر، دەسەڵاتدارانی عێراق و کوردیش بەدواداچوون بۆ ڕووداوەکە دەکەن”. لە ڕاگەیەندراوی وەزارەتى ناوخۆی حکومەتى هەرێمی کوردستان هاتووە کە ئەو مووشەکانەی کە ئێران کە بە هێرشی ڕۆژی یەکشەممە ناسراوە شاری هەولێری کردۆتە ئامانج، “جەنگێکی زیرەکی سنووربەزاندنە کە تەنیا لە حاڵەتەکانی شەڕدا بەکاردەهێنرێت”. هەروەها حكومەتی عێراقیش بەو قسانەی ئێران قایل نەبوو، بۆ ئەم مەبەستەش لیژنەیەکی لێکۆڵینەوەى پێکهێنا و لەیەکەمین ڕاگەیەندراویدا بۆردومانكردنی هەولێری بە پێشێلكردنی سەروەری عێراق و پێشێلكردنی ڕێككەوتن و پەیماننامەكانی دراوسێیەتی باش ناوبرد، بە تایبەت موشەکی زیرەکی جەنگى کە سنووری دوورمەودا دەبەزێنن و تەنیا لە حاڵەتى جەنگى گەورەدا بەکاردەهێنرێـت، پاشان حاكم ئەلزەمیلی سەرۆكی لیژنەی دۆزینەوەی ڕاستییەكان لە میانی كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، ئەنجامی لێكۆڵینەوەكان ڕەوانەی حكومەت دەكرێت بۆ ئەوەی ڕێوشوێن بگرێتەبەر لە بەرامبەر ئەوەی بە “هەڕەشەی ئێران” وەسفی كرد و ئەوەشی خستەڕوو، “عێراق پەیوەندی لەگەڵ ئێراندا هەیە، هەروەک چۆن لە شەڕی دژی (ڕێکخراوی تیرۆریستی) داعشدا هاوکاریمان کرد، بەڵام ئەمە بەو مانایە نییە کە پەلاماری ئێمە دەدەن، هەر بۆیە هێرشکردن بۆ سەر عێراق لاوازکردنی ئێرانە، بەهێزی عێراقیش لە هێزی ئێران و وڵاتانی دراوسێیەوەیە، هەروەها لۆژیکی نییە بکرێنە ئامانج و هەڵوێستی ئێمەش شەرمەزارکەر دەبێت لەبەردەم وڵاتانی جیهان”.(39).

هەرێمى کوردستان لەبەردەم گۆڕینی یاساکانى شەڕدا

لە چوارچێوەى دوژمنایەتی کۆن و ڕقاویی ئێران و ئیسرائیل، شێوازێکی جەنگى نوێی جەنگى درۆنی لەبەرامبەر یەکدا لە شێوەى کردارەکیی و لە خاکى هەرێمى کوردستاندا بەرپابوو، بەمەش ئێران بە ئاڕاستەى “گۆڕینی یاساى شەڕ” هەنگاوى نا، لەم ڕووەوە ئێران لە کاردانەوەی بۆردومانی هەولێر و بەرپابوونى ئەم جەنگە نوێیەدا، کە بە ناوى هەولێر بوو ئەگەر چی پەیامەکى بۆ ئیسرائیل بوو، هەر بۆیە ڕەوایەتی بە مافی خۆی داوە لە هەرکاتێکدا وەڵامدانەوەی بۆ هەر هەڕەشەیەک هەبێـت، بێ ئەوەى وردەکاریى هێرشەکە ڕوون بکاتەوە، هەر بۆیە وتەبێژی سوپای پاسدارانی ئێران لە بەرەبەیانی ڕۆژی یەکشەممەی (١٣)ى ئازاردا بەرگرییەکى ئاشکرای لە بۆردومانی مووشەکی شاری هەولێر کرد. سوپای پاسداران لە بەیاننامەیەکدا بەرپرسیارێتی خۆی لەو هێرشە ڕاگەیاند کە ناوەندێکی کردۆتە ئامانج و بە مووشەکی ورد بە “بارەگای ستراتیجی و پلانی دوژمنکارانەی زایۆنییەکان” وەسف کرد و جەختی لەوە کردەوە کە ئەو هێرشە لە وەڵامی “ئەو تاوانانەی ئەم دواییانەدا ئەنجامدراون لەلایەن قەوارەی زایۆنییەوە”، جەختی لەوە کردەوە کە وڵاتەکەی مافی خۆیەتی لە بارەگاکانی ئیسرائیل بدات کە ئاسایشی ئەو وڵاتە دەکەنە ئامانج، پاشان بە مافی خۆی زانى لە کاتێکدا  ئیسرائیل دانی بەوەدا ناوە كە یەكێك لە بنكەكانی سوپای پاسدارانی كردۆتە ئامانج. سوپای پاسدارانی ئێران ئاماژەی بەوەشکردووە، هێرشەکە “ناوەندە ستراتیژییەکان”ی ئیسرائیلی کردووەتە ئامانج و لە وەڵامی هێرشێکی ئاسمانی ئیسرائیل بووە کە هەفتەی ڕابردوو دوو ئەندامی ئەو وڵاتەی لە سووریا کوشتووە، جەختیشیكردەوە “مامەڵە نەكردنی عێراق لەگەڵ ئەو لایەنانەى مەترسییان بۆ سەر ئاسایشی ئێمە بەبێ دوودڵی بێ وەڵام نامێنێتەوە“(40). لای خۆیه‌وه‌ ئاژانسی هه‌واڵی كۆماری ئیسلامیی ئێران (ایرنا) هه‌ڵوێسته‌كانی سه‌ركرده‌ی ئێران، عه‌لی خامنه‌یی، ده‌ ساڵ له‌مه‌وبه‌ر به‌ خێرایی بڵاوكرده‌وه‌ته‌وه‌، كه‌ تیایدا گوتبووی “ده‌بێت ئه‌مریكا و كه‌سایه‌تی ئیسرائیلی باش ئاگاداری ئه‌وه‌ بن كه‌… وەڵامی ئێران بۆ هەر دەستدرێژییەک دەبێتە هۆی لەناوچوونی ئەو قەوارە و داڕمانی لە ناوەوە(41).

لە ڕوانگەى عێراقیانەوە، ئەنجامى کۆتایی لیژنەى لێکۆڵینەوە، کە دەقەکەى ئاڕاستەى پەرلەمانى عێراق کراوە، تێیدا ڕەتیکردەوە هیچ بوونێكی ئیسرائیل لە ناوچەکەدا هەبێت، هەروەها پشتڕاستیکردەوە کە ئەو شوێنەی کە کراوەتە ئامانج ماڵی وەبەرهێنەرێکی ناسراوی کورد بووە لە عێراق، بە ئاماژەیەک بۆ بازرگانی کورد بەناوى باز ڕەئوف کەریم کە هاوکات وەک بەڕێوەبەری کۆمپانیایەک کاردەکات. هێرشەکانی هەولێر و دەستپێکی جەنگى درۆنەکان لە هەرێمی کوردستاندا جگە لە بوونى ڕەهەندە سیاسییە دوژمنکارانە مێژوویەکەی ئەمریکا – ئێران – ئیسرائیل، لە کاتێکدایە کە دۆخی سیاسی عێراق لە دۆخى چەقبەستوویی نزیک بۆتەوە، بەهۆی ململانێی نێوان هاوپەیمانی سێ لایەنە کە بریتییە لە بلۆکی سەدری و هاوپەیمانی سەروەری سوننە و پارتی دیموکراتی کوردستان لە لایەک و ئەوەی هەیە بە چوارچێوەی هەماهەنگی ناسراوە کە هێزە دیارەکانی شیعە و یەكێتی نیشتمانیی كوردستان لەخۆدەگرێت، ئەمەش سەرەتایەکى نوێی ئەو هاوسەنگییە نوێیەیە کە لە سەرەتاى (٢٠٢٢)دا سەنگەربەندى گرتووە، چونکە ڕكابەرییە نوێیەکانى ناوخۆی عێراق تەنیا دینامیكێكی ناوخۆییان نییە و ڕەنگدانەوەیەكی ئەو ڕكابەریی و جەمسەربەندییەن كە ئەمڕۆ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا خەریكە شكڵ دەگرن. ئەگەری كەمكردنەوەی بایەخی ئەمریكا بە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ڕێككەوتنی وزەی ناوەكیی لەگەڵ تاران و شەڕی ئۆكرانیا، سێ ڕووداوی گرنگن كە ئاڕاستەی سەرەكیی ڕكابەرییەكانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەرەو ڕێكکەوتنێکی نوێ دەبەن. ئەمریکا وای دەبینێ كە پێویستە ئێران و سعودیە ڕێگایەك بۆ بەشكردنی ناوچەی نفوزی خۆیان لە دەوروبەر و دراوسێكانیان بدۆزنەوە، لە بەرامبەردا ڕكابەرە ناوچەییەكانی تارانیش دەیانەوێت لەڕێی هاوپەیمانیی نوێوە فریای خۆیان بكەون و تەنیا پشت بە ئەمریكا نەبەستن. هەر بۆیە لە پێناو هاوسەنگگردنی ڕكابەرییە هێزدارییەكان، ئەم هەنگاوە نوێیانە کاریگەری بەرچاویان لەسەر عێراق و هەرێمى کوردستان دەبێت.

لەم چوارچێوەیەدا زیادبوونى مەترسییەکانى ئێران و کاردانەوەى خێرای دژ بە ئیسرائیل و هەڵبژاردنى خاکى هەرێمی کوردستاندا و نمایشکردنی توانا مووشەکییەکانی لە ئێستادا گرنگترین ئەو مژارانەن کە شیاوى هەڵوێستەی جدین، چونکە هاوکاتە لەگەڵ خاڵی وەرچەرخانی هاوسەنگی هێز لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، لە کاتێکدا و پێشتر  درۆنى ئیسرائیلیی گورزێكی گه‌وره‌ی له‌ ناوچەی جۆلانى سووریا دابوو کە له‌ ساڵی (٢٠١٨)دا فڕۆكه‌خانه‌ی سه‌ربازیی (T4)ی له‌ شاری حومس-ی سووریا كرده‌ ئامانج و حەوت هێزی ئێرانی كوژران. ئەگەرچی  ئێران نەچووەتە ناو قۆناغى جەنگى درۆنى، بەڵام لە ئێستادا کە دانوستانەکان بۆ زیندووکردنەوەی ڕێککەوتنی ئەتۆمی ئێران ڕووبەڕووی مەترسی بۆتەوە و مەترسییەکانی شەڕ لە ناوچەی کەنداویش لە زیادبووندان بەتایبەت کە لە سەرەتاى ئەمساڵەوە چوار بنکەى جەنگى دەریایی ئیسرائیل بە ڕەزامەندى ئەمریکا لە سنوورە ئاوییەکانى دەریاى سوور و نزیک گەورەترین بنکەى سەربازیى ئەمریکا کە لە کەنداو بەدرێژایی (٢٠٠)کم لە سنووری ئێرانەوە دوورە بۆتە گەورەترین مەترسی لەسەر ئێران(42).

ئەمەش لە كاتێكدا لایەنەکانى عێراق لە بەغدا لە هەوڵی پێكهێنانی حكومەتێكی نوێدان و دوور لە كاریگەریی ئێران، ئەم دوو پێشهاتە کە یارمەتیدەرن بۆ ڕوونکردنەوەی ئەوەی کە بۆچی ئێران ئەم ساتەوەختەی هەڵبژاردووە بۆ پیشاندانی ئامادەیی خۆی بۆ بەکارهێنانی مووشەکی بالیستی بە تایبەت لە هەرێمی کوردستان، کە تاران هەمیشە وەک ڕێگرییەک بۆ ئەمریکا و ئیسرائیل و دەوڵەتانی عەرەبیی کەنداو دەزانێت کە کێبڕکێ لەگەڵ تاران دەکەن بۆ خۆسەپاندن و زیادکردنى کاریگەریی ناوچەیی. ئەگەرچی ئێران لە هێرشەکانى بۆ سەر هەرێمی کوردستان، پاساوەكەى وڵامدانەوەی هێرشی درۆنەکانى ئیسرائیل بوو لە هەولێرەوە بۆسەر دوو بنکەى سەربازیى هەواڵگریی پاسداران لە تەورێز و کرماشان، بەڵام ویستی ئەوەشی هەبوو کە تواناى مووشەکی وڵاتەکەى كە زیاتر و خێراتر دیقەت هەڵدەگرن و لە ئێستاشدا کاریگەرییان زۆر زیاترە پیشان بدات. هەر بۆیە ”حسێن دلێریان“، توێژەری ئێرانی لە کاروباری سەربازیی و ئەمنی ڕایگەیاند پەسەندکردنی ئەم پرۆسەیە بەو مانایەیە کە سوپای پاسداران دەیەوێت بنکەیەکی نوێی شەڕکردن دابنێت و پەیامێک بنێرێت کە هەر ئۆپەراسیۆنێکی ئیسرائیل دژی بەرژەوەندییەکانی ئێران ڕووبەڕووی وەڵامێکی بەهێزتر و تاڵتر دەبێتەوە. هەروەها محەمەد مەهدی یەزدی، شارەزا لە کاروباری سەربازیی، لەم بارەیەوە پێیوایە کە  تاران هۆشداری داوە کە بەرگەی بوونی توخمەکانی ئەو قەوارە ئیسرائیلییە ناگرێت لە نزیک سنوورەکانی، جەختیشی لەوە کردەوە کە ئۆپەراسیۆنی هەولێر پەیامێکی لاوەکی بۆ سەرکردەکانی هەرێمی کوردستان هەڵگرتووە عێراق بۆ ئەوەی هۆشداری ئێران بە جیددی وەربگرێت. ئاماژەی بەوەشکردووە، وڵاتەکەی زانیاری دروست لەسەر بوونی توخمەکانی ئیسرائیل لە وڵاتانی دراوسێ و هەرێمی کوردستان کۆدەکاتەوە، ئەم فایلە بە یەکێک لە هێڵە سوورەکانی پەیوەندیدار بە ئاسایشی نیشتمانیی ئێران دەزانێت، ئاماژەی بەوەشکردووە كە ئێران “کاردەکات بۆ دوورخستنەوەی ئەو قەوارە ئیسرائیلییە لە سنوورەکانی” و ڕێگە نادات زایۆنییەکان گەمارۆ بدەن(43).

پێدەچێت زیادبوونى ژمارەی کوژراوانى ئەندام و سەرکردەکانى سوپای پاسدارانی ئێران لەلایەن ئیسرائیلەوە بە تایبەت لە سووریا، بەشێک بێت لە پاڵنەری هێرشەکانى هەولێر بێت، بەڵام کارابوونى جەنگى درۆنەکان هۆشدارییەك بوو بۆ ئەمریكا و هاوبەشە عەرەبەكانی كەنداو هەروەها بۆ سەركردەكانی عێراق كە هەڕەشە دەكەن بۆ پێکهێنانی حکومەتێک کە هاوپەیمانە سەرەکییەکانی تاران لە بەغدا ڕەت بکاتەوە(44)، ئەمەش ناردنى ئەو پەیامە نوێیانەیە کە تاران هەڵوەستەى لەسەر دەکات، لەم بارەیەوە تۆبی دۆج، پرۆفیسۆری قوتابخانەی ئابووریی لەندەن پێیوایە، “لێرە سێ شت دەگوزەرێت، پلانی گشتگیری هاوبەشی کارکردن هەیە (ڕێککەوتنی ئەتۆمی ئێران)، دوژمنایەتی نێو ماڵی شیعەکان، ئیسرائیلییەکان و ئەمریکا، هەروەها ئێستا كاتی پێکهێنانی حکومەتی عێراقە، بۆیە تاران زنجیرەیەک پەیام دەنێرێت”.

وێڕای ئەوە ئیسرائیل هێرشەکانی بۆ سەر سوپای پاسداران و گروپە وەلائییەکانى لە ناوچەکە چڕتر کردووەتەوە و جەنگى درۆنى ئیسرائیل دژ بە ئێران خزاوەتە خاکى سووریا، بەڵام ئێرانییەکان پەرچەکردارى جەنگى درۆنی لە سنوری خۆی و لە خاکى کوردستاندا پەرە پێدەدات، لەم ڕووە ئیسرائیل لە ماوەی یەک ساڵی ڕابردوودا لانیکەم (١٥) هێرشی ئاسمانی لە سووریا ئەنجامداوە، بەپێی ئامارێکی ئاژانسی ڕۆیتەرز، نۆ هێرشیان لە ماوەی چوار مانگی ڕابردوودا ئەنجامداوە، لە بەرامبەردا میلیشیاکانی عێراق کە لە لایەن ئێرانەوە پشتیوانی دەکرێن لە ساڵانی ڕابردوودا چەندینجار هێرشی ئاڵۆزتریان بۆ سەر ئامانجەکانی ئەمریکا دەستپێکردووە، لە نێویاندا مانگى شوباتى (٢٠٢٢) بۆ سەر هێزێکی نزیکەی دوو هەزار سەرباز کە لە عێراق و سووریا جێگیرکراون بۆ بەرەنگاربوونەوەی پاشماوەکانی دەوڵەتی ئیسلامیی، ئەمە لە کاتێکدا کە هەرەسهێنانی وتووێژەکانی ئێران و ڕۆژئاوا ئەگەری هەیە ئێران لە پەرەپێدانی چەکی ناوەكیی نزیکتر بکاتەوە، ئەگەر بڕیاری ئەو کارە بدات، بەمەش دەتوانێت ناوچەکە بخاتە گێژاوەوە، چونكە تاران ڕەتیدەکاتەوە هەوڵی هەڵگرتنی بۆمبی ئەتۆمیی بدات. لەمەشەوە وا دەردەکەوێت کە تەقەلاکانى ئێران بۆ پەرەپێدانى پەرچەکردارى جەنگى درۆنەکان لە خاکى هەرێمی كوردستاندا ئاڕاستەیەکی دوو سەرەی هەیە، لەلایەک ئێران لە نزیک خولەکانی پێشووی دانوستانەکاندا فشاری سەربازیی بەکارهێناوە بۆ ئەوەی کاریگەریی هەبێت(45).

وزە وەک توخمى سەرەکی ململانێی نوێ

هاوسەنگى نوێی یاسا جیۆئیکۆنۆمییەکانى ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست، وایکردووە بەخێرایی وزە وەك فاكتەرێكی كاریگەر بۆ سیاسەتی نێودەوڵەتی بگەڕێتەوە. ئەمە پێگەی کەنداو و عێراق و هەرێمی کوردستان وەك بەرهەمهێنەری گرنگی وزە بۆ جیهان زیاتر دەكات. ئەمەش لە کاتێکدا، کە  سندوقی دراوی نێودەوڵەتی ڕاپۆرتێكی تایبەت بە ڕەوشی ئابووری وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ناوەندی ئاسیا بڵاوكردەوە، بەپێی ڕاپۆرتەکە، ئابووریی وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ناوەندی ئاسیا زیاتر گەشەدەکەن، بەڵام کۆمەڵێک ئاڵەنگاری گەورە و نادڵنیایی لەبەردەم گەشەی ئابووریی ئەو وڵاتانەیە بە تایبەتی شەڕی ئۆکرانیا،  لەنێویاندا عێراقی بە یەكێك لەو وڵاتانە داناوە كە پێشبینی زیاترین گەشەی ئابووریی دەکەن لەمساڵدا کە بە (6.3٪) خەمڵێنراوە. هەروەها پێشبینی دەكات، هۆکاری گەشەی ئابووریی وڵاتانی ئاسیای ناوەڕاست و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، گەڕاندوەتەوە بۆ بەرزبوونەوەی نرخی نەوت و داهاتی نەوتی وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە ساڵی (٢٠٢٢) دا بەڕێژەی (5.3٪)ـی کۆی بەرهەمی ناوخۆی ئەو وڵاتانە زیاد دەکات و بەرزدەبێتەوە بۆ (818) ملیار دۆلار(46).

بەواتایەكی دیكە ڕۆڵی کەنداو، ئێران و ئیسرائیل لە سیاسەتی عێراق و کورد زیاتر بێت. لانیكەم تاوەکو ئێستا یەكانگیری زیاتری عەرەبی سوننەی عێراق و هێرشی درۆن بۆسەر هەرێمى کوردستان هەڕەشەکانى سەر بەبازاڕکردنى گازی کۆرمۆر یەكێك لە دەرهاوێشتەكانی ئەو دۆخە نوێیەیە. بێجگە لەو پاڵپشتییە ناڕاستەوخۆیەی كە کەنداو لە هاوپەیمانیی سێ قۆڵی سەدر- بارزانی و حەلبوسی دەیكات. بایەخی وزە، وادەكات دۆخی عێراق و هەرێمی کوردستان وەك وڵاتێكی بەرهەمهێنەری نەوت و گاز زیاتر بێت. بۆیە ئاڵۆزكردنی عێراق و هەرێمی کوردستان بۆ لایەنێک سەقامگیرییەوە بۆ لایەکى دی نا ئارامییە.

لەدوای شەڕی ئۆكرانیاوە ئەوەى زیاتر ئێرانى لەبەرامبەر ئەمریکا و تورکیا و ئیسرائیلدا نیگەران کردووە، پێگەی جیۆپۆلیتكی توركیایە بایەخێكی زیاتری پەیداكردووە كە هەم وەك مەیدانێكی نفوز و هەمیش وەك بازاڕێكی گەورە تەماشای عێراق و کوردستان دەكات. ئەمەش بە زیادبوونی ڕۆڵی توركیا لە عێراق و سوریا وەردەگێڕدرێت. سەرككۆماری توركیا پەیوەندییەكی پتەوتر لە جارانی لەگەڵ كورد و سوننەی عێراق دروستكردۆتەوە كە ئێستا یەكانگیرترن و حكومەتی بەغداش مەیلی بۆ پەیوەندی زیاتر لەگەڵ توركیا هەیە. ئاڕاستەی سەرەكی سیاسەتی ڕكابەرە سەرەكییەكان لە ناوچەكە نەك شەڕی ڕاستەوخۆ بەڵكو هاوسەنگكردنی هێزی یەكترە. بۆیە نە کەنداو، نە ئێران و نە توركیاش نایانەوێ لەم كاتەدا عێراقێك ببینن كە شەڕی ناوخۆیی تێدابێت، چونكە ئەمە واتای لە كیسدانی بازاڕیكی (40) ملیۆنی، واتای لەكیسدانی دەرفەتی وەبەرهێنانە زەبەلاحەكانی وەك پرۆژەكانی وزە، گواستنەوە و ڕێگە و ئاوەدانكردنەوە دەدات. بێجگە لەوەش، لەوانەیە شەڕی ناوخۆی عێراق واتای تەشەنەكردنی نائارامی و شەڕ بۆ توركیا، کەنداو تەنانەت ئێرانیش بدات(47).

ئەنجام

عێراق و هەرێمى کوردستان لە ڕووی جیۆسیاسیی و جیۆ ئیکۆنۆمییەوە بایەخێکی گەورەیان بۆ كۆماری ئیسلامیی ئێران هەیە، هەر بۆیە دەسەڵاتدارانى ئێران بە ناچاری ڕەچاوی پەیوەندییەكانی هەرێمی كوردستان وەک ناوچەیەکی بایەخدار لەگەڵ ئەمریكا دەكات و تەنانەت ئەم ڕەچاوكردنە زیاترە بە بەراورد بە پەیوەندییەكانی عێراق و ئەمریكا. سەرەڕای ئەوەی كە دەسەڵاتدارنی ئێران چاوەڕێی ئەوە ناكەن كە لە بابەتەكانی وەك دانانی پێگەی سەربازی ئەمریكا لە ناوچەكانی هەرێم، حكومەتی هەرێم ڕێگری لە ئەمریكا بكات یان پەیوەندی سیاسییەكانی لەگەڵ ئەمریكا سنوودار بكات، بەڵام لە هەمانكاتدا هێڵی سووری ئێران ئەوەیە كە ئەم پەیوەندییانە لە لایەكەوە نەگاتە ئەو ڕادەیەی كە ببێتە مایەی مەترسی بۆ یەكپارچەیی عێراق و لە لایەكی ترەوە هەرێم بە هاندانی ئەمریكا داوای سەربەخۆیی بكات، ئەمە جیا لەوەی كە خاكی هەرێم نەبێتە شوێنیك بۆ لێدانی بەرژەوەندییەكانی ئێران لە لایەن ئەمریكا و ئیسرائیلەوە. ئەوەی پەیوەندی بە ئیسرائیلەوە هەبێت، ئێران بە هەر چالاكییەكی ئەم وڵاتە لە هەرێم بە گومانە و بەردەوام سەركۆنەی هەنگاوەكانی هەرێم بە ئاڕاستەی بەستنی پەیوەندی لەگەڵ ئیسرائیل دەكات. ئێران لە بابەتی ڕیفراندۆمدا كە بووە هۆی زیادبوونی گومانەكانی لە نیازی ڕاستەقینەی هەرێم، ئیسرائیلی بە هاندەری سەرەكی كورد دەزانێت و پێیوابوو كە بەشێك لە هەنگاوەكانی ئەمریكا لە هەرێم بە ئامانجی دابینكردنی بەرژەوەندییەكانی ئیسرائیلە. بەشێوەیەكی گشتی لە هەمبەر ئەم پەیوەندییانە، ئێران چاوەڕێی لانیكەم لە بێلایەنیی حكومەتی هەرێم لە گرژییەكانی ئەمریكا و ئێران و ڕێزگرتن لە پەیوەندییە مێژووییەكانی نێوان خۆی و هەرێم دەكات، بەڵام لە قۆناغی پۆست داعشدا و بە گەرمبوونى ململانێ نوێیەکان، قۆناغی نوێی ڕووبەڕووبوونەوەكان لە شێوەی جەنگى درۆنەکان لە نێوان ئێران و ئیسرائیلدا هاتووەتە كایەوە. بە ڕووانین لە پەیوەندییە هەرێمییەکانى ئێران و هەرێمی كوردستان، زیادبوونی گومانەكانی ئێران لە پێگەی هەرێم، ئاڕاستەی بەشێك لە لایەنی كوردی بۆ هاوپەیمانییەتییەكی دژ بە خواستەكانی ئێران، فشارە كۆتانەهاتووەكانی ئێران بۆ سەر ئەمریكا و پێداگری زیاتری ئیسرائیل بۆ لێدانی ڕاستەوخۆی ئێران، لە ئەگەری بەردەوامبوونی ئەم ململانێیە، هەرێمی کوردستان دەبێتە شوێنگەى پەرچەکرداری کێبڕکێ درۆنییە نوێیەکەى ئێران لەبەرامبەر پاساوى شەڕی ئیسرائیل و ئەگەرى بەرپابوونى جەنگى ڕاستەوخۆ بە بیانووى هەبوونى پەیوەندیی ئیسرائیل بە کوردەوە، کە دەشێ لە ئایندەدا کاریگەریى لەسەر دیمەنی پەیوەندییە نوێییەکانى ئێران و هەرێمی کوردستان هەبێت.

سەرچاوە و پەراوێزەكان:

 (1) احمدیان، قدرت (١٣٩٦)، “پیامدهای خاورمیانه ای و بین المللی استقلال اقلیم کردستان!”، قابل مشاهده در: http://www.faratab.com/news/6475/.

 (2) عبدالرضا فرجی ڕاد و ڕیباز قربانی نژاد (١٣٩٥)، “بررسی و تحلیل موقعیت ژئوپلیتکی کردستان عراق”، فصلنامه نگرش های نو در جغرافیای انسانی، سال هشتم، شماره ٤، صص 7-12.

 (3) ابراهیم متقی و اسماعیل سلطانی (١٣٩٢)، “سیاست خارجی جمهوری اسلامی ایران نسبت به عراق و تاثیر آن بر جایگاه منطقەای ایران”، فصلنامه دانش سیاسی و بین الملل، سال دوم، شماره ٥، ص51.

 (4) ورقة سياسات (2016)، “القتل باسم اللة” الجماعات الارهابية، البنية، و المسارات، و المآلات، العدد 5، ابوظبي: مركز الامارات للسياسات، ص31.

 (5) شعيب، بهمن (1396)، ” نقش نیروی قدس در حل بحران¬های غرب آسیا”، فصلنامه مطالعات ڕاهبردی جهان اسلام، سال هجدهم، شماره ١، پیاپی ٦٩، ص20.

(6) فرهاد درویشی و فتح اللە پرتو (١٣٩٠)، “عراق جدید و استراتژی سیاسی-امنیتی ایران”، http: pishkesvat.ir/index.php?option=com_content&view=article&id=172:1390-01-19-13-35-08&catid=1:report ticle 7258.

(7) برنامه دولت نهم (١٣٨٤)، دبيرخانه دولت، تهران: دبیرخانه شورای اطلاع ڕسانی دولت، ص40.

(8) باقری، حسین (١٣٩٢)، “بازیگران داخلی در ساختار سیاسی عراق نوین و تاثیر أن بر امنیت ملی جمهوری اسلامی ایران”، فصلنامه آفاق امنیت، شماره نوزدهم، ص154؛ فیروز نجفی وحسین مسعودنیا و سید جواد امام جمعەزادە و حمید نساج(١٣٩٥)، “فدرالیسم و مثلث(شیعیان، کردها و سنی ها) در ساختار سیاسی عراق نوین، فصلنامه جستارهای سیاسی معاصر، سال هفتم، شماره اول. ص149.

(9) ڕجبی، محمد (1398)، ” جایگاه اقلیم کردستان عراق در سیاستهای منطق های ایالات متحده

آمریکا در غر ب آسیا”، فصلنامه پژوهش های سیاسی جهان اسلام، سال نهم، شماره2، ص19.

(10) ایرنا (1398)، “آمریکا می‌خواهد با ایجاد اقلیم جدید در عراق با ایران مقابله کند”، https://www.irna.ir/news/83569304/.

(11) تسنیم نیوز (1396)، “همه‌پرسی اقلیم کردستان گامی در ڕاستای طرح «خاورمیانه بزرگ» آمریکا”، https://www.tasnimnews.com/fa/news/1396/07/09/1534005/.

(12) خدیو، صلاح الدین (١٣٩٧)، ” اهداف عیان و نهان ساخت بزرگترین کنسولگری امریکا در کردستان”، قابل مشاهدە در: http://www.irdiplomacy.ir/fa/news/1977737/.

(13) تسنیم نیوز (1395)، ” نگاهی به توافقنامه نظامی اربیل-واشنگتن اهداف بلند مدت آمریکا و بارزانی بعد از داعش چیست”، https://www.tasnimnews.com/fa/news/1395/05/15/1138440/.

(14) دیدارنیوز (1398)، ” اهداف موشک‌های ایران؛ انتقام سخت از آمریکا و هشدار به اقلیم کردستان!”، https://didarnews.ir/fa/news/47876/.

(15)دیپلماسی ایرانی( ١٣٩٧)، ” کردها نمی گذارند امریکا از پایگاه اربیل برای ضربه به امنیت ایران استفاده کند”، http://www.irdiplomacy.ir/fa/news/1980977/.

(16) امام (1361)، ” سخنرانی در جمع ڕهبران مسلمان بنگلادش (اتحاد مسلمین- جنایات صدام)”، قابل مشاهده در: http://emam.com/posts/view/3065.

(17) قاسمی، فرهاد (١٣٨٦)، “نگرشی تئوریک بر طراحی مدل بازدارندگی سیاست خارجی ایران”، فصلنامه ژئوپلتیک، دوره سوم، شماره ٧، صص 109-110.

(18) مجموعة من الباحثين (2012)، العرب و ايران: مراجعة في التاريخ و السياسة، تحرير: عزمي بشارة و محجوب الزويري، بيروت: المركز العربية للابحاث و دراسات السياسات، ص117.

(19) مسعود اخوان کاظمی و فرزاد ڕستمی و فرهاد شاهملکی (1397)، “تحیل ڕابطه اسرائیل و اقلیم کردستان عراق و پیامدهای امنیتی آن برای جمهوری اسلامی ایران”، فصلنامه جستارهای سیاسی معاصر، سال هشتم، شماره ٤، ص7.

(20) محمد جواد ملکوتی و سید شاهو قاسمی و سجاد ملکوتی (١٣٩٤)، “تحولات اقلیم کردستان عراق و تاثیرات آن بر امنیت جمهوری اسلامی ایران پس از سرنگونی صدام”، شماره 15، صص 63-68.

(21) موسوی زادە. علیرضا و جاودانی مقدم، مهدی (1388)، “جایگاه استراتژیك كردستان عراق در سیاست خارجی اسرائیل و الزامات سیاست خارجی جمهوری اسلامی ایران”، دانشنامه حقوق و سیاست، شماره 11، ص212؛ حاجت پور، مهدی (25/7/1396)، “چرا کرکوک تا این اندازه مهم است؟”، https://www.yjc.ir/fa/news/6284599/.

(22) اخوان كاظمی و دیگران، همان، ص11.

(23) زهرا پیشگامی فرد و حسن کریمی (١٣٩٧)، “بررسی پیامدهای منطقەای همەپرسی در کردستان عراق”، فصلنامه پژوهش های جغرافیای انسانی، دوره ٥٠، شماره ٤، ص104.

(24) تسنیم نیوز (1396)، “همه‌پرسی اقلیم کردستان گامی در ڕاستای طرح «خاورمیانه بزرگ» آمریکا”، https://www.tasnimnews.com/fa/news/1396/07/09/1534005/.

(25) جام نیوز (31/4/1398)، “سفر محرمانه وزیر دفاع سابق اسرائیل به کردستان عراق”، https://www.jamnews.com/detail/News/954473؛ فارس نیوز (30/4/1398)، ” سفر محرمانه لیبرمن به کردستان عراق برای تشکیل «کردستان سوریه»”، https://www.farsnews.ir/news/13980430000197/.

(26) زارعی، سعدالله (27/4/1396)، “همه‌پرسی موزائیکی ڕا نمی‌پذیریم(یادداشت ڕوز)”، قابل مشاهده در: http://kayhan.ir/fa/news/109162/.

(27) تسنیم نیوز (١٣٩٦)، “آمریکا و اسرائیل صحنه‌گردان همه‌پرسی اقلیم کردستان عراق هستند”، https://www.tasnimnews.com/fa/news/1396/07/15/1539028/.

(28) ڕێکكەوتنى “2U2” لە مانگى ئۆکتۆبەری ساڵی (٢٠٢١) لە لایەن هەریەک لە ئەمریکا، ئیسرائیل و هیندستان و ئیمارات لە دەلهی و پاشان دوبەی ئەنجامدرا، ئامانجى سەرەکى ڕێكکەوتنەکە پەرەپێدانى بەرنامە مرۆییەکانى هەر سێ وڵات بوو لە هەمبەر کێشە بنەڕەتییەکانى کۆنتڕۆڵی خۆراک و ڕێگاکانى هاتووچۆ، کاروبارى بازرگانى و پاشان پاراستنى هاوسەنگى و سەقامگیریی ئەمنی ناوچەکانى باشووری ڕۆژئاوای ئاسیا.

 (29) تسنیم نیوز (26/4/1396)، “جنگ بزرگ اعراب سنی و کردها؛ اولین نتیجه استقلال کردستان چرا هیچ کشوری از طرح همه پرسی بارزانی حمایت نمی‌کند؟”، https://www.tasnimnews.com/fa/news/1396/04/26/1466962/.

(30) خامنەای (30/3/1396)، “دیدار نخست‌وزیر عراق با ڕهبر انقلاب”،  http://farsi.khamenei.ir/news-content?id=36913.

(31) کەنعان بەهادین (6/7/2022)، “ڕۆژنامه‌یه‌كی ئێرانی: سه‌ردانی بایدن بۆ ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست دوا ئاگاداركردنه‌وه‌ی تارانە”، https://cutt.us/PaEvf.

(32) ڕۆژهەڵاتى، زریان (21/6/2022)، “دەنگى وەرچەرخان دێت”، http://rudawrc.net/?p=2161.

(33) بي بي سي عربي (28/6/2022), “الاتفاق النووي الإيراني: انطلاق المحادثات الإيرانية الأمريكية غير المباشرة لإحياء الاتفاق في قطر اليوم”، https: www.bbc.com/arabic/middleeast-61950143

(34) An INS Special Forum: intelligence and drones (2022), https://www.tandfonline.com/doi/abs/10.1080/02684527.2017.1303127

(35) bbc (17\5\2021), “How Israel’s Iron Dome missile shield works (2022), BBC Nwes”, https://www.bbc.com/news/world-middle-east-20385306.

(36)  الحل (8/1/2022)،”حرب الظل الإيرانية في العراق وسوريا.. إلى العلن؟”، https://cutt.us/mLMON

(٣7)  Zicif Sibiv  (2022), “srails War With Iran”, https://heinonline.org/HOL/LandingPage?handle=hein.journals/fora85&div=97&id=&page=

(38) الجزیرة (13/3/2022)، ” تغيير قواعد الاشتباك.. الحرس الثوري يتبنى للمرة الأولى مسؤولية استهداف “مقر إسرائيلي” في أربيل بكردستان العراق”، https://cutt.us/qr6my.

 (٣٣) عەلي جواد (17/3/2022)، ” أربيل: إيران هاجمتنا بصواريخ ذكية لا تُستخدم إلا في الحرب”، https://cutt.us/WBTyI.

(39) الحرة (19/1/2022)، “تهديدات إيران.. إسرائيل تعد “خيارات هجومية” وتحذير من السفر إلى بلدان عربية”،  https://cutt.us/burmQ.

(40) الجزیرة (13/3/2022)، ” تغيير قواعد الاشتباك.. الحرس الثوري يتبنى للمرة الأولى مسؤولية استهداف “مقر إسرائيلي” في أربيل بكردستان العراق”، https://cutt.us/qr6my.

(41) حەقیقی، فواد (7/7/2021)، “سوپای پاسداران مووشەکێکی لیزەری بۆ درۆنە خۆکوژەکانی نمایش دەکات”،  https://www.rudaw.net/sorani/middleeast/iran/070720211. (42) المصدر نفسه.

(43) الجزیرة (9/3/2022)، “تأهب إسرائيلي بعد تعهد إيران بالثأر لمقتل اثنين من ضباطها بقصف جوي في سوريا”، https://www.aljazeera.net/news/politics/2022/3/9/%D8%A7%D8%A7

(44)المدن (22/6/2022)، “هجمات اسرائيل على إيران..من دون علم واشنطن”،  https://cutt.us/Mh2h6.

(45) الجزیرة (15/3/2022)، “تداعيات قصف كردستان العراق.. لماذا اختارت إيران هذا التوقيت لاستعراض قدراتها الصاروخية؟” (٢٠٢٢)،  https://cutt.us/cN3sO.

(46) زەمەن (28/4/2022)، “ئابوری عێراق لە مساڵدا 6.3٪ گەشە دەكات”،

https://www.zamenpress.com/Details.aspx?jimare=57348

(47) ڕۆژهەڵاتى، زریان (29/3/2022) “سوڵحی سارد”ی ڕكابەرەكان و بارودۆخی عێراق!”،

https://www.haremnews.com/detailsWtar/3295

وەرزنامەی ئێرانناسی ژمارە ( ٤)، ساڵی یەکەم، تەمموزی 2022

Send this to a friend