• Google Plus
  • Rss
  • Youtube
September 30, 2023

گرووپە چەکدارەکانی سەر بە ئێران لە سووریا: ڕۆڵ و داهاتوویان

وەرگێڕان: ژیلوان لەتیف یارئەحمەد

گرووپە چەکدارە سنووربەزێنەكان کە ئێران پشتیوانییان لێ دەکات، بەشدارییەكی كاریگەریان لە گۆڕینی ڕەوتی ڕووداوەکانی سووریا بە قازانجی حکومەتی كۆنەپارێزی ئەو وڵاتە هەبوو. ئەو سەركەوتنانە بە جۆرێك كەوتنەوە كە تاران دوابەدوای خاوبوونەوەی گرژی و ئاڵۆزییە چەكدارییەكان ژمارەی ئەو هێزانەی کەم نەکردەوە، بەڵکوو هەندێکیان زیاتر پەرەیان پێ درا و لەگەڵ هێزە سەربازییە فەرمییەکانی ئەو وڵاتەدا تێکەڵ کرد، تاوەكوو نفووزی سیاسی و ڕامیاریی خۆی پەرە پێ بدات. هەروەها پاشماوەی ئەو هێزانە كە لە چوارچێوەی ڕێكخستنێكی سیستماتیكیی سەربازی و ناسنامەیەكی فەرمیی پڕۆتۆكۆل و یاسا فەرمییەكاندا مانۆڕیان نەدەكرد، خزێنرانە گرنگترین ناوچە جێناكۆكەكان كە هێشتا بارگرژی و تەراتێنی شەڕی ڕووبەڕوو بەردەوامیی هەبوو، بەو هیوایەی لەم ڕێگەیەوە ئامانج و نیازە بەرژەوەندیخوازییەكەی بەدی بهێنێت.

کەڵک وەرگرتن لەو گرووپە چەکدارە سنووربەزێنانە لە لایەن ئێرانەوە، بە هۆی ئەو تایبەتمەندییە بەردەوامەیە كە خۆی لە سەقامگیری و جێگریی دۆخی سەربازی و فاكتی ئایدۆلۆژی و ماددی؛ هاوشێوەی پاڵنەرێكی چالاكی ڕێكخراو دەبینێتەوە و هاوكاریی دامەزراندن و بونیادنانی گرووپە چەكدارە لایەنگر و ملكەچەكانی سەر بە دەزگا و دامەزراوە سیاسی، هەواڵگری و ئەمنییەكانی ئێران دەكات. بەم هۆیەوە حكومەتی تاران چەندین جۆری ئەم گرووپانەی لە سووریا تاقی كردووەتەوە و كاریگەرییان تا ئەندازەكی ئەوتۆ هەڵكشا كە كاریگەریی لە سەر پیلانگێڕی و نەخشەسازیی پەیوەندییە ناوخۆییەكان لە سووریا و  ناوچە عەرەبییەكان دابەش بكات.

شایانی باسە، شەڕی سارد ڕۆڵێکی بەرچاوی هەبوو لە سەرهەڵدانی تیۆری “بریکارە ناحکومییەکان”، ئەویش بە مەبەستی دوورکەوتنەوە لە شەڕی کلاسیکیی ڕاستەوخۆی نێوان زلهێزەکان، تاكوو لەو ڕێگەیەوە زیانە ماددی و مرۆییەكانی لێكەوتەی شەڕی ڕووبەڕوو کەم بكەنەوە. لەم بارەیەوە ئێرانییەکان ڕاستییەکی مێژوویییان خستە ڕوو کە بە هۆی واقیعی جوگرافی و ئەو فاکتەرە کولتووری وژیارییانەی کە ئایین و زمان دنەكارین و وا دەكەن جیاواز لە ژینگەی سیاسی، كولتووری و كۆمەڵایەتیی چواردەوری خۆیان بنوێنن و لە دەرەوەی بازنە و ڕایەڵەی پەیوەندییەكانی “زۆنە هەرێمییەكانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست” بن، بەو پێودانگە لە هەر چەشنە هاوپەیمانییەكی ستراتیژی لەگەڵ زلهێزەکاندا بەهرەمەند نییە(1).

هەر بۆیە ئێران لە قۆناغی دوای شۆڕشدا پشتی بە ستراتیژێکی پشتیوانی لەو گرووپە چەکدارانە بەستووە کە سنوورەکان تێدەپەڕێنن لە ڕوانگەی ئایدیۆلۆژییەوە کە لە سەر بنەمای هەناردەکردنی شۆڕش و پاراستنی ستەملێکراوان دامەزراون. دوای لەشکرکێشییەكانی ڕۆژئاوا بۆ سەر عێراق و ناوزڕاندنی ئێران لە لایەن “جۆرج بوش” سەرۆکی پێشووی ئەمەریکاوە لە چوارچێوەی “ناوەندی خراپەکاری”دا و لەگەڵ زیادبوونی ئەگەری دەستپێکردنی شەڕی ڕاستەوخۆ بۆ ڕووخاندنی ڕژێمی كۆماری ئیسلامیی ئێران؛ حكومەتی تاران دەستی کرد بە گۆڕینی سیاسەتی پشتیوانیکردنی گرووپە چەکدارەکان، ئەویش لە ڕوانگەی ئایدۆلۆژی و  پراگماتیكەوە بە مەبەستی پاراستنی سەلامەتی و هەوڵدان بۆ ئەوەی هاوسەنگی لە تیۆری “هەڕەشەكان” دروست بکات، هاوكات ئایدۆلۆژیای ئایینی وەک ئامرازێك بۆ ڕاکێشانی هاوپەیمانەكانی لە دەرەوەی سنوورەكانی خۆی كێش بكات و لە دەرەوەی خاكی خۆی سنوورەكانی بپارێزێت و وەكوو هێزێكی كاریگەر لە بریی بەرگرییەكی ئەوتۆ لە دۆخی بەردەوامی هێرش و خۆسازدان بۆ یەكلاییكردنەوەی كێشەكانی دەرەوەی سنوورەكانی تا دوورترین شوێن مانۆڕ بكات. تاران بە شێوەیەکی کاریگەر ئەم ستراتیژەی لە شانۆی سووریادا بەکار هێناوە بە پاڵپشتیکردنی گرووپە چەکدارەکانی حزبوڵڵای لوبنان و عێراق و دامەزراندنی گرووپە چەکدارە ناوخۆییەکان و گرووپە وەلائی و “تایفەگەرییەكان”، هەروەها کاریان کردووە بۆ دامەزراندنی هێزی “شیعە”ی سنووربەزێن، لە نموونەی لیوا چەكدارییەكانی “فاتمییەكان” و “زەینەبییەكان”، كە سەنگ و كاریگەرییان چەندین پرسیاری سەرەکیی سەبارەت بە پێکهاتە و ئەرک و ڕۆڵی داهاتووی گرووپە چەکدارەکان ورووژاند.

ئەم لێکۆڵینەوەیە ئەو گریمانەیە پێشنیار دەکات کە ئێران ستراتیژی مێژوویی خۆی بۆ پشتیوانیکردن و دامەزراندنی گرووپە چەکدارە سنووربەزێنەكان وەک ئامرازێک بۆ پاراستنی ڕژێمی سووریا گرتووەتە بەر. بەڵام  تاران هێزەکانی لە سووریا کەم نەکردەوە، بەڵکوو ئامادەیی ئەو گرووپانەی زیاد و كاریگەرتر كرد، بۆ ئەوەی مەترسییەکانی ئەمەریکا و ئیسرائیل هاوسەنگ بکاتەوە. جگە لەو کاریگەرییە فەرمی و نافەرمییەی کە ئەم هێزانە بەدەستی هێناوە، تاران بۆ پێشخستنی پرەنسیپ و ئایدلۆژیای سەرەکیی خۆی سەبارەت بە ئاسایشی نەتەوەیی و پاراستنی بەرژەوەندییە جیۆپۆلەتیکی و ئابوورییەکان لە سووریا، ئەم هێزانەی دابەش کردووەتەوە.

لێکۆڵینەوەکە بەسەر سێ تەوەردا دابەش بووە، یەکەمیان: سەبارەت بەو هۆکارانەی وای کردووە تاران لە ڕووی سەربازییەوە دەستوەردان بکات، لەگەڵ دەستنیشانكردنی قۆناغەکانی ئەو دەستێوەردانە، دووەمیان سەبارەت بە ئەزموونی دامەزراندنی پاسەوانانی شۆڕش لە سووریا و دواهەمینیان خوێندنەوەی واقیع و داهاتووی ڕۆڵی ئەم گرووپانە.

هۆکارەکانی دەستتێوەردان و قۆناغەکانی

بە پێی سەرچاوەكانی ناوخۆی ئێران(2) و بۆچوونەكانی “حزبوڵڵا”، ئەوەی لە سووریا ڕووی دا بە شۆڕش دانانرێت، بەڵکوو بەشێکە لە هەڵگەڕانەوەی درێژخایەنی سەربازی و سیاسی. ئەم گێڕانەوەیە بزووتنەوەی جەماوەری لە سووریا لە چوارچێوەی “پیلانگێڕی” ئەمەریکی و کەنداو بە هاوکاری لەگەڵ هاوپەیمانە ناوخۆییەکان بۆ گەڕاندنەوەی ناهاوسەنگیی هێز لە بەرژەوەندیی “بەرەی بەرخۆدان” لە دوای ڕووخانی سەددام حسێن و شەڕی تەممووزی ٢٠٠٦، لە سەر بنەمای هەمان گێڕانەوە، بڕیاری دەستتێوەردانی سەربازی بۆ سەرکوتکردنی شۆڕشێکی گەل نەبوو، بەڵکوو بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی پیلانگێڕییەکە کە ئێران و سووریا و حزبوڵڵا پێکەوە دەکەنە ئامانج(٣).

لە سۆنگەی دەستتێوەردانی ئاشكرا و كاریگەریی هەردوو لایەنی حزبوڵڵا و ئێران بە یەكسانی و كۆدەنگییەكی لەو شێوەیەی كە لە سووریا دەبینرێـت، توێژەر لە ناوەندی لێکۆڵینەوەکانی ئەلجەزیرە، شەفیق شوقەیر، لە ئامانجی دەستتێوەردانی سەربازیی حزبوڵڵا لە سووریا، بە هەمان ئاڕاستەی دەستوەردانی ئێران لەو وڵاتە دەچووێنن، بەو واتایەی کە دەستتێوەردانەكان ڕێبازی وەرچەرخان و ئاڕاستەی پاراستنی ئەو ژینگە سیاسی و جوگرافییانەیان هەیە کە تێیدا  وەكوو پێشتێنەیەكی ستراتیژی، حزبوڵڵا بە ناوەندە سیاسی و ئایدیۆلۆژییەکەی ئێران دەبەستێتەوە(4).

لە ڕوانگەی نێودەوڵەتییەوە، تاران بە هۆی كاریگەرە جیۆپۆلەتیکییەكەی، دەستتێوەردانێکی سەربازی لە سووریا وەک دەستتێوەردانێکی پێویست دەزانێت، هەمان كات پاراستنی هاوسەنگییە لە نێوان هەردوو ئۆردووگا جیهانییە ڕكابەرییەكان كە ئۆردووگای ڕۆژئاوا (ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا، ئەورووپا، تورکیا، ئیسرائیل و هەندێک وڵاتی عەرەبی) لە بەرانبەر ئۆردووگای ڕۆژهەڵات كە پێك دێن لە (چین، ڕووسیا و ئێران) لەخۆ دەگرێت.

تاران، وەك ڕەهەندێکی ستراتیژیی گرنگ لە سووریا دەڕوانێت، بەو پێیەی سووریا ڕۆڵێکی سەرەکیی بینی لە دژایەتیكردنی بە بەرژەوەندییەکانی ئەمەریکا لە عێراق لە نێوان ساڵانی ٢٠٠٣ بۆ ٢٠١١. هەروەها ڕۆڵێكی كاریگەر و پردێكی بایەخدار بوو بۆ گواستنەوەی چەك و پێداویستیی سەربازی بۆ حزبوڵای لوبنان و پشتیوانی لە ئامادەبوونی ڕاوێژکاری ئێران لە سووریا لە چوارچێوەی کەمپی مەشقی سەربازی بۆ ئەندامانی حزبوڵڵا لە سەر خاکی سووریا.

لە ڕوانگەی ئابوورییەوە، سووریا پەیوەندییەکی گرنگ و ستراتیژییە بۆ ئابووریی ئێران و  ترانزێتی تاران پێك دێنێت. ئەم كەناڵە ئێران دەخاتە سەر ڕێگا و پشتێنەی جموجووڵە ئابوورییەكەی چین و وای لێ دەكات بە بەردەوامی ئامادەیی هەبێت، کەوتنی سووریا بۆ ئێران بە واتای هەڵوەشاندنەوەی پڕۆژەی هێڵی ئاسنین کە ڕێگا بازرگانییە گرنگەکانی ئێران بەیەکەوە دەبەستێتەوە، باکوور بە باشوور، ڕۆژهەڵات بە ڕۆژئاوا، هەروەها بەستنەوەی بە عێراق و سووریا تا دەگاتە دەریای ناوەڕاست و دواتر بۆ ئەورووپا. ئەمە ئەو ڕێگایەیە کە چین دەگەیەنێتە بازاڕەكان وەک بنەمایەکی ئیكۆنۆمی بۆ گەیشتنی کاڵای چینی بۆ ئەورووپا.

تاران بۆ گەیشتن بەو ئامانجانە پشتی بە شێوازی پشتیوانیکردن و دامەزراندنی گرووپە چەکدارە ناوچەیی و ناهەرێمییەکان بەستبوو، بۆ ئەوەی ئامانجەکانی لە سەر ئاستی سەربازی و ئایدۆلۆژی لە سووریا بگاتە جێ. بۆ ئەم مەبەستە، “قاسم سولەیمانی”ی هەڵبژارد بۆ ئەنجامدانی ئەم ئەرکە، ئەویش بە هۆی ئەزموون و شارەزایی لە شەڕی پارتیزانی و گرووپە چەكدارییەكان. ئەزموونی سولەیمانی دەگەڕێتەوە بۆ سەرەتای شۆڕشی ئیسلامی، کاتێک لەگەڵ کۆمەڵێک سەرباز ڕەوانە کران بۆ یارمەتیدان لە بەڕێوەبردن و پاراستنی بنكەی سەربازی شاری مەهاباد(5). سولەیمانی لە ساڵی 1997 فەرماندەیی سوپای قودسی گرتە دەست و لەو کاتەوە تاکوو تیرۆرکردنی لە مانگی یەکی ساڵی 2020، کاری بۆ دروستکردنی تۆڕێکی فراوان و ئاڵۆزی گرووپە چەکدارەکان لە ئەفغانستان و عێراق و سووریا کردووە.

لەگەڵ ئەو ئامادەسازییانەدا، دەستتێوەردانی ئێران لە سووریا بە سێ قۆناغدا تێپەڕی. بەم شێوەیە:

قۆناغی یەکەم (چاودێریکردن و ڕاوێژپێدان): ئامادەبوونی سەربازیی ئێران، بە تایبەتی سوپای قودس لە سووریا دەگەڕێتەوە بۆ پێش سەرهەڵدانی ناڕەزایەتییەکانی ئەو وڵاتە لە 15ی ئازاری 2011. لەو كاتەدا نزیكەی (2 تا 3) هەزار ئەفسەر و ڕاوێژکاری ئێرانی هەبووە، كە سەر بە سوپای پاسداران بوون، بە خێرایی لە سووریادا جێگیر بوون، بە مەبەستی هاوکاری و  مەشقپێکردنی هێزە ناوخۆییەکان و بەڕێوەبردنی ڕێگاکانی دابینکردنی چەک و پارە بۆ حزبوڵڵای لوبنان(6). لەگەڵ ئەوەشدا، تا کۆتایی ساڵی 2011 دەستتێوەردانی ئێران لە ڕاوێژ و چاودێریکردندا سنووردار بوو. بە گوتەی ئاژانسەكانی سەر بە ئێران، سولەیمانی پێشنیاری کردووە کە حکومەتی سووریا هێزەكانی بە مەبەستی جێبەجێکردنی یاسا و پاراستنی ئاسایش و سەرکوتکردنی ناڕەزایەتییەکان بەكار بهێنێت. ئەم پێشنیازە دەگەڕێتەوە بۆ مێژووی دوورودرێژی ئێران لە ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو ناڕەزایەتییە مەدەنیانەی کە لە سەردەمی دوای شۆڕشدا بینران، بەبێ دەستتێوەردانی ڕاستەوخۆی سوپا، بە تایبەت ئەزموونیان هەبوو لە سەرکوتکردنی ناڕەزایەتییە سنووردارەکانی شاری مەشهەد (١٩٩٢)، قەزوین (1994) و ئیسلام شەهر (1995)، هەروەها کۆتاییهێنان بە خۆپیشاندانەكانی زانکۆی تاران لە ساڵی 1999 و ناڕەزایەتییەکانی بزووتنەوەی سەوز لە ساڵی 2009، کە بە ملیۆنان خەڵکی ئێران بەشدارییان تێدا کرد. ئەمە ئەو سیاسەتەیە کە ئێران تا ئەمڕۆ لە ناوخۆدا پەیڕەویی لێ دەکات.

حکومەتی سووریا بە هۆی کەمئەزموونیی لە سەرکوتکردنی ناڕەزایەتییەکان، خواستی بەکارهێنانی هێزی سوپای بۆ گەڕاندنەوەی سەقامگیریی ڕژێمەكەی هەبوو، چونكە ڕژێمی سووریا لە دوای هاتنەسەرکاریەوە بە مانای ڕاستەقینە ناڕەزایەتیی مەدەنیی نەبینیبوو، بەڵکوو ڕووبەڕووبوونەوەکانی لەگەڵ ئۆپۆزسیۆنی سووریا پێش ساڵی ٢٠١١ سنووردار بوون  و تێكهەڵچوون و جووڵەی سەربازی كەم بوو، وەك ئەوەی لە حەما ڕووی دا، لە هەشتاکانی سەدەی ڕابردوودا هەندێک نائارامی و بارگرژی لە زیندانەکاندا ڕووی دا.

قۆناغی دووەم (دەستتێوەردان بۆ پاراستنی شارە ستراتیژییەکان): لە کۆتایی ساڵی (٢٠١١)ەوە سوپای سووریا دووچاری پەرتبوون و جیابوونەوە لە ڕیزەكانیدا هات، زۆرێك لە شارەکان کەوتوونەتە دەست هێزەکانی ئۆپۆزسیۆنی سووریا. هەروەها تاران ڕووخانی شارەکانی زابادانی، مەدایە و قوسەیری وەک مەترسییەکی ستراتیژی دەبینی، کە ڕاستەوخۆ هەڕەشەی لە ئێران و حزبوڵڵا دەکرد. کەوتنی ئەم شارانە لە نزیک سنووری لوبنان، بە واتای بڕینی ڕێگاکانی دابینکردنی چەک و پارە بۆ حزبوڵڵا(٧)، هەروەها  بە مانای  ئاوارەبوونی ژمارەیەکی زۆر لە گوندە شیعەکانی نزیک سنوورەکە کە بە پەیوەندیی خزمایەتی و یەکڕیزیی تایفی پەیوەستن بە شیعەکانی لوبنانەوە. هەروەها ئێران و حزبوڵا ترسیان لەوە هەبوو کە ئەم ناوچەیە بگۆڕێت بۆ ناوچەیەکی کراوە بۆ دابینکردنی پاڵپشیتی لۆجستی و پشتیوانیی چەک لە هێزەکانی “سوننە” لە لوبنانەوە بۆ هێزەکانی ئۆپۆزسیۆن.

هێزەکانی حکومەتی سووریا لە یەکەم شەڕدا کە لە ١٣ تا ١٧ی كانوونی دووەمی ٢٠١٢ بەردەوام بوو، نەیانتوانی هێرش بکەنە سەر زبادانی و مەدایە، لە كاتێكدا هێزەکانی سووریا و حزبوڵڵا لە 11ی شوباتی 2012دا دەستیان بەسەر ئەو دوو شارەدا گرت. ئەم پڕۆسەیە لە شەڕەکانی حومس (بابا عەمر و خالیدیە) دووبارە بووەوە، کە لە 1ی ئازاری 2012دا لە ئۆپۆزسیۆن دەرهێنران. هەروەها سوپای سووریا بە هاوکاریی کاریگەرانەی حزبوڵڵا دەستی بەسەر شاری قوسەیردا گرت لە لە ١٥ی ئایاری ٢٠١٢دا.

قۆناغی سێیەم (دامەزراندنی تۆڕێکی ئاڵۆزی گرووپە چەکدارەکان): دوای ئەوەی حکومەتی سووریا چەندین ناوچەی لەدەست دا لە لادێکانی دێرەزۆر، لادێی حەلەب، لادێی حومس، لادێی دیمەشق، لادێی ئیدلب و دارا. هەروەها دوای زیادبوونی ژمارەی لادان و هەڵگەڕانەوە لە ڕیزەكانی سوپای سووریا و پەیوەستبوونیان بە سوپای ئازاد، تاران بڕیاری دا ئەزموونی سوپای پاسداران لە سووریا دووبارە بکاتەوە.

سوپای پاسداران لە سووریا

ئێران لە ساڵی (٢٠١٣)ەوە سێ ڕێڕەوی سەریەککەوتووی گرتووەتە بەر بۆ دامەزراندنی گرووپە چەکدارە نادەوڵەتییەکان:

ڕێگای یەکەم: گرووپە شیعەکانی عێراق لە سووریا: ئێران دەستی کرد بە دروستکردنی قەوارەی عێراقی بە ئاڕاستەیەکی مەزهەبیی شیعی لە سووریا. لە مانگی تشرینی یەکەمی ٢٠١٢دا لیوای “ئەبو فەزل عەباس”ی دامەزراند،  بە تایبەتییش سێ گرووپی چەكداریی عێراقیی بۆ پاڵپشتیی لیواكە دامەزراند، ئەوانیش: گرووپی “الیوم الموعود”ی سەر بە موقتەدا سەدر، “عەسائیب ئەهلی حەق” بە سەرۆکایەتیی قەیس خەزعەلی و “لیواکانی حزبوڵڵای عێراق” بە سەرۆکایەتیی “واثیق بەتات”. لە نێو ئەم گرووپانەدا، سەرۆكی سوپای موختار و ئەمینداری گشتیی لیواکانی حزبوڵای عێراق کە بە فەرمی دان بە سەرپەرشتیی عەلی خامنەیی رابەری شۆڕشی ئێراندا دەنێن(8).

لیوای “ئەبوفەزل عەباس” لە سەرەتادا ئەركی پاراستنی مەزارگەی “سەیدە زەینەب”ی لە دیمەشق گرتبووە ئەستۆ، دواتر حكومەتی تاران کاری کرد بۆ جێگیرکردنی هێزەکانی ئەم لیوایە لە حەلەب و لازقیە و درعا، لە ماوەیەكی خێرادا ژمارەی چەکدارەکانی لە سووریا گەیشتە زیاتر لە 10 هەزار چەکدار(9). هەروەها لە کۆتایی ساڵی ٢٠١٢ و سەرەتای ساڵی ٢٠١٣دا، ژمارەیەك كوتلەی چەكداریی عێراقی بە شێوەیەکی بەرفراوان ڕوویان لە سووریا کرد كە گرنگترینیان بریتی بوون لە:

  • بزووتنەوەی نوجەبا: بە سەرکردایەتیی ئەکرەم ئەلکەعبی، ئەم بزووتنەوەیە چەندین لیوای لەخۆ گرتبوو، وەک: لیوای ئیمام حوسێن موجتەبا، لیوای ئەلحەمەد و لیوای عەمار بن یاسر(10).
  • عەسائیب ئەهلی حەق: لە مانگی تەممووزی ساڵی 2013، عەسائیب ئەهلی حەق دروستکردنی یەکەیەکی لاوەکیی نوێی بە ناوی لیوای “كفیل زینب”(11) ڕاگەیاند. هەروەها لقێکی تری عەسائیب ئەهلی حەق لە سووریا هەیە بە ناوی “لیواکانی حەیدەر قەرار”. ئەم گرووپانە زیاتر لە دیمەشق و لادێکانی دەوروبەریدا بڵاو بوونەتەوە.
  • حزبوڵڵای عێراق: چەکدارەکانی ئەم گرووپە بەشدارییان لە دەستبەسەرداگرتنی شاری حەلەب لە ساڵی ٢٠١٥ و دێرەزۆر لە ساڵی ٢٠١٨دا کردووە، ژمارەی چەکدارەکانی لە سووریا گەیشتووەتە نزیکەی دوو هەزار و ٥٠٠ چەکدار.
  • حزبوڵڵای کەتەعیب: هاوشێوەی حزبوڵڵای لوبنان، پێڕەویی ولایەتی قەفیهـ دەكات و بەیعەتی بە ئایەتوڵڵا عەلی خامنەیی ڕێبەری شۆڕشی ئێران داوە(١٢).
  • سەرایا تەلیعە خوراسانی: باڵی چەکداریی پارتی پێشەنگی ئیسلامییە، بە فەرماندەیی جەنەراڵی خانەنشین “حاجی حەمید تەقوەفەر” بەڕێوە دەبرێت. لیواکان بەشدارییان لە شەڕەکانی غوتەی ڕۆژهەڵات لە نزیک فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی دیمەشق كردووە، هەروەها بەشداریی كارایان لە شەڕەکانی (غوتەی ڕۆژئاوا لە ئەل- کەمپی فارووق، ئەلسیکە، ناوچەی ئەلثیابیە و ئەلئەحمەدیە) كردووە. ئەم لیوایانە هەماهەنگییەكی دامەزراو و بەهێزیان لەگەڵ حزبوڵڵای لوبنان هەبوو. ژمارەیان لە ئێستادا نزیكەی هەزار و ٤٠٠ لیوا چەکدارە(١٣).
  • كەتیبەكانی سەید شوهەدا: ئەبو مستەفا خەزعەلی سەرۆک و ئەبو عەلا وەلاعی ئەمینداری گشتیی كەتیبەكەن، پەیوەندییەکی نزیکیان لەگەڵ “ڕێكخراوی بەدر” هەیە (14). هەروەها لیواكانی سەر بەم كەتیبەیە لە ساڵی ٢٠١٤دا لە شەڕەکانی “شێخ مەسکین” لە درعا بەشدارییان کردووە.
  • ڕێکخراوی بەدر: بە سەرۆکایەتیی هادی عامری، لە مانگی تەممووزی 2013دا دانی بەوەدا نا کە هەزار و 500 چەکداری ڕەوانەی سووریا کردووە. ئەو ناوەی کە بە باڵە سەربازییەکەی لە سووریا ناسراوە، بە ناوی محەمەد باقر ئەلحەکیمەوە ناو نراوە.

لەگەڵ ئەوانەشدا، تاران بە زۆر هۆکاری سیاسی و سەربازی پشتی بە کوتلە عێراقییەکان بەستبوو تاكوو دەستوەردان لە سووریادا بكەن، لەوانە:

  • بەهێزیی ڕێکخستنی ئەو فراکسیۆنانە و ئەزموونی شەڕکردنیان لە ماوەی ساڵانی ٢٠٠٣ تا ٢٠١١، لەگەڵ قووڵایی نفووزی ئێران و كاریگەرییەكانی لە نێو ئەم گرووپانەدا.
  • زۆرینەی نفووزی شیعە لە عێراق و ئەو گرژییە تائیفییەی لەوێدا زاڵ بووە، ڕەوایەتیی بە دەستتێوەردانی چەكداری زیاتر كردووە.
  • بوونی ڕێژەیەکی بەرفراوان لە شیعەکانی عێراق لە سووریا کە لە کاتی داگیرکردنی عێراق لە ساڵی ٢٠٠٣دا لە دەست توندوتیژیی مەزهەبی هەڵهاتن، ئەمانەش بوونە بنەما بۆ ئاسانكاریی دامەزراندنیان.
  • بوونی سنوورێكی فراوان لەگەڵ سووریا، كە ئاسانکاریی بۆ گواستنەوەی چەک و هێزی مرۆیی دەكرد.

ڕێگای دووەم: پێکهێنانی هێزەکانی بەرگریی نیشتمانی و میلیشیا ئایدۆلۆژییە ناوخۆییەکان: ستراتیژی تاران بۆ دروستکردنی نفووز و بەرژەوەندییە دەرەکییەكان پەیوەستە بە توانا كەسییەكانەوە، بۆیە ناوی ژەنەراڵ حوسێن حەمەدانی وەک دووەم کاریگەرترین كەسایەتی ئێرانی لە سووریا دەرکەوت. هەمەدانی بە هۆی ئەزموونی دوورودرێژی لە شەڕکردن لە بەرەکانی کوردستانی ئێران هەڵبژێردرا. لە سەردەمی شەڕی عێراقدا فیرقەی 32 لە لایەن ئەنسارولحسێن لە پارێزگای هەمەدان دامەزرا. حەمدانی ڕۆڵی سەرەکیی هەبوو لە کۆتاییهێنان بە ناڕەزایەتییەکانی بزووتنەوەی سەوز لە ساڵی ٢٠٠٩. زۆرێک لەو کەسانەی کە لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە داوا کراون؛ كۆ كرانەوە و خۆیان ڕێك خست بۆ سەرکوتکردنی بزووتنەوەی ناڕەزایەتییەکان. ئاژانسی هەواڵی فارسی پێی وایە دوای دەستوەردانەکانی لە ڕووداوەکانی ساڵی ٢٠٠٩، “هەڕەشەكانی کردە دەرفەت” دوای ئەوەی نزیکەی پێنج هەزار ئاژاوەگێڕی ڕاهێنا بۆ سەرکوتکردنی ناڕەزایەتییەکان(١٥). هەروەها دوای ئەوەی حکومەتی سووریا پێگەی خۆی لەدەست دا و ئۆپۆزسیۆنی سووریا لە کۆشکی سەرۆکایەتی نزیک بووەوە، لە مانگی ئازاری ساڵی 2013، حەمدانی بەشداریی کرد لە دامەزراندنی هێزەکانی پاراستنی نیشتمانی(16)، هەروەها گۆڕانکاریی لە “لیژنە جەماوەرییەکان” یان “شەبیحە”دا کرد. کەمپەکانی مەشق و ڕاهێنانی “لیژنەکان” لە زۆربەی پارێزگاکانی سووریا لە دێرەزۆر، ڕەقە، حەلەب، دیمەشق، لازقیە و تەرتووس بڵاو بوونەتەوە. شایانی باسە کە “لیژنە جەماوەرییەکان” لە لایەن ڕژێمی سووریاوە لە کەمینە مەزهەبییەكان (لە حومس و لازقیە و دیمەشق) بۆ پاراستنی گەڕەکەکان لە “هێرشەکان” و چاودێری و سەرکوتکردنی ناڕەزایەتییەکان دامەزراون.

هێزی بەرگریی نیشتمانی پێكهاتەیەكی فرەمەزهەب بوو، هیچ ئاماژە و پەیوەندییەکی ئایدیۆلۆژیی لەگەڵ ئێراندا نەبوو، واتە بە پێچەوانەی حزبوڵڵای لوبنان و کوتلە شیعەکانی عێراق کە لە ڕووی ئایدۆلۆژییەوە پەیوەستن بە پیاوانی ئایینیی شیعە لە ئێران(17). هەر لە بەر ئەمەش ئێران حزبوڵڵای ڕاسپارد بە ڕاهێنان بە هێزە ناوخۆییەکانی سووریا لە گرووپە مەزهەبییەكانی شیعە، بۆ ئەوەی بیانخەنە نێو شەڕە چارەنووسسازەکانەوە کە بریتین لە:

  • قووەت ئەلریدە (لیوای ئیمام الریدە): یەکێکە لە یەکەمین ئەو گرووپانەی كە زۆر جار چەکدار لە گوندە شیعەکانی ناوچەی حومسەوە وەردەگرێت و هێزەکانی لە سەرتاسەری سووریا جێگیر کراون.
  • غالبییەكان (لیواکانی بەرخۆدانی ئیسلامی لە سووریا): گرووپێکی نهێنییە کە بە شێوەیەکی سەرەکی لە سوورییەکان پێک هاتوون و پابەندن بە دوو مەزهەبی شیعە و عەلەوی و شیعەکانی دیکەی سووریا. ئەم میلیشیایە لە ساڵی ٢٠١٥ لە جۆلان و درعا شەڕی کرد.
  • لیوای ئیمام ئەلباقر: ئەم گرووپە لە نێوان ساڵانی ٢٠١٣ بۆ ٢٠١٥ دامەزراوە و ئەندام و سەرکردەکانی لە هۆزە سوورییەکان پێک هاتوون و سەر بە بیروباوەڕی مەزهەبی شیعەن. هەروەها لیوای ئەلباقر هەوڵی دا چەکدارانی لە هۆزی گەورەی “بەقارە” لە سووریا وەربگرێت(١٨). هێزەکانی ئەم لیوایە بە شێوەیەکی بەرفراوان لە ناوچەکانی دێرەزۆر و ئیدلب جێگیر کراون.

ڕێگای سێیەم: دامەزراندنی شیعەی ناعەرەب: ڕۆڵی میلیشیا عێراقییەکان لە زستانی 2013 و بەهاری 2014دا دابەزینی بەخۆوە بینی، بە هۆی سەرهەڵدانی “دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام” (داعش) و دەستپێکردنی شەڕەکانی ئەنبار و پێویستیی گەڕانەوەی ئەم کوتلانە بۆ عێراق(١٩). لێرەدا پێویستیی ئەوە هاتە ئاراوە کە حزبوڵڵا ڕۆڵی گەورەتر لە سووریادا بگێڕێت و هەروەها پێویستیی دروستکردنی گرووپی چەکداری نوێ بۆ پڕکردنەوەی بۆشایی ئەو گرووپانە، ئەمەش ڕێگەی خۆش کرد بۆ سەرهەڵدانی کوتلە شیعەکانی ناعەرەب، وەک لیوای فاتمیون و زەینەبیون.

تاران هەوڵی دامەزراندنی ئێرانییەکانی نەدەدا، جگە لەو کەسانەی کە دەیانویست خۆبەخشانە و باوەڕێکی پتەویان بەو کارە هەبوو، چونکە نەیدەویست تێچووی مرۆیی یان ماددیی ئەم دەستێوەردانانە بەرز بکاتەوە، بە تایبەتی دوای ئەوەی دەنگەکانی دژایەتیی دەستتێوەردانی ئێران لە فەڵەستین و لوبنان ناڕەزایەتیی بزووتنەوەی سەوز لە ساڵی ٢٠٠٩ هەڵكشا (٢٠). لە ئاستی میدیاشدا، تاران کاری کرد بۆ بێلایەنکردنی ژەنەراڵ قاسم سولەیمانی لە ناکۆکییە سیاسییە ناوخۆییەکان، بە مەبەستی پاراستنی وێنەی خۆی وەک سەرکردەیەکی ئەفسانەیی کە وڵات لە گرووپە “تیرۆریستی و تەکفیرییەکان” دەپارێزێت. تاران پشتی بە گێڕانەوەیەکی تر بەست بۆ ڕاکێشانی ئەو گرووپانە بە تیشک خستنە سەر ئەوەی کە تاران هەوڵی زیندووکردنەوەی نفووزی ئیمپڕاتۆریەتی هەخامەنییەکان دەدات تا بگاتە دەریای ناوەڕاست و دەستتێوەردانەکانی لە سووریا و عێراق بۆ ئەوە بووە کە ئەو گرووپانە نەگەن بە کرماشان و هەمەدان.

تاران بۆ دابینکردنی پێویستیی شەڕكەرەكان پەنای بۆ وەرگرتنی هێزی دیکە لە ناوچەکە برد، لەوانەش لیوای فاتمیون کە لە شیعەکانی ئەفغانستان پێک هاتووە. لە ڕووی مێژووییەوە پەیوەندیی سوپای پاسداران لەگەڵ شیعەکانی ئەفغانستان دەگەڕێتەوە بۆ دوو پێشهاتی سەرەکی: یەکەم: لەشکرکێشیی سۆڤیەت بۆ سەر ئەفغانستان لە ساڵی ١٩٧٩، “یانەی بزووتنەوە ڕزگاریخوازەکان”ی سپای پاسدارانی ئێران شیعەکانی ئەفغانستانی لە ڕیزەکانی “سوپای محەمەد”ی تازەدروستکراو بۆ بەرەنگاربوونەوەی سۆڤیەت ڕێک خست. دووەم پێشهات شەڕی ئێران و عێراق بوو لە هەشتاکانی سەدەی ڕابردوودا، کە “بارەگای ڕەمەزان” وەک بنکەیەکی دەرەکی بۆ سوپای پاسدارانی ئێران دامەزرا و ئەرکەکەی ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی گەریلایی بوو لە خاکی عێراق(21).

ناوکی “لیوای فاتمیون – لیوانی فاتمییەكان” بە ژمارەیەکی کەم لە سوپای محەمەدەوە دەستی پێ کرد و لە ئێران ئامادەییان نیشان دا بە سەرۆکایەتیی عەلیڕەزا تاوەسۆلی، نازناوی ئەبو حەمید کە بە ڕەگەز ئەفغانییە. ئەوان ڕەوانەی سووریا کران و لەوێ لەگەڵ هێزەکانی لیواکانی سەید شوهادەی عێراق تێکەڵ کران و دواتر ئەفغانییەکانی نیشتەجێی سووریا و ئێران لە نێو ڕیزەكانی لیواكە وەرگیران، بۆ ئەوەی سەربەخۆ بن لە لیواکانی سەید شوهادە(22). فاتمیون بە شێوەیەکی سەرەکی لە حەلەب، دیمەشق، حەما، لازقیە و حومس جێگیر بووە و ژمارەکەی لە نێوان ١٢ بۆ ١٤ هەزار چەکدارە لە سووریا(23).

سەبارەت بە لیوای زەینەبیون، شیعەکانی پاکستان لە ئێران یەکەم ناوکی ڕێكخراوەییان خۆیان پێک هێنا و ئامادەیی خۆیان لە شاری قومی ئێران بەهێز كرد. تاران گوتارێکی ئایینی کە لە سەر بنەمای بەرگریکردن لە مەزارگە شیعەکان دامەزرابوو، کە گرنگترینیان مەزارگەی سەیدە زەینەبە لە دیمەشق، بۆ وەرگرتنی چەکدارانی شیعەی ئەفغانستان و پاکستان بەکار هێنا. هەروەها لە ساڵی ٢٠١٦دا پەرلەمان ڕێگەی بە حکومەت دا ڕەگەزنامەی ئێرانی بە ژن و منداڵ و دایک و باوکی ئەو هاووڵاتییە بیانییانە بدات کە لە شەڕی عێراقدا شەڕیان کردووە و ئەوانەی دواتر لە بەرژەوەندیی ئێران بەشدارییان کردووە(24).

لەگەڵ ئەوانەشدا، وێڕای چارەسەركردنی گرفتی نیشتەجێبوونی پەنابەرانی ئەفغانستان، لایەنی ئابووری ڕۆڵێکی سەرەکیی هەبوو لە ڕازیکردنی شیعەکانی نائێرانی بۆ پەیوەستبوون بەم دوو لیوای “زەینەبیون و فاتیمی”یەوە. چەکدارانی ئەفغانستان لە لیوای فاتمیون مانگانە ٧٠٠ دۆلار وەردەگرن بۆ شەڕکردن لە سووریا. بە پێی بانگەشەیەكی میدیایی بۆ دامەزراندنی کارمەند لە پەیجی فەرمیی زەینەبیون لە فەیسبوک، مووچەی بەشێک لە خۆبەخشەکان مانگانە 1100 دۆلار بووە، هەروەها سەربازەکان دەیانتوانی سێ مانگ جارێک 15 ڕۆژ پشوویان هەبێت(25).

ڕۆڵی ئەو دوو لیوایە بە شێوەیەکی سەرەکی لە چوار شەڕی ستراتیژیدا لە حەلەب، باشووری سووریا، تدمور و ڕۆژهەڵاتی سووریا كاریگەرییان هەبووە(26)، تارانیش دوای کۆتاییهاتنی شەڕەکان کاری بۆ دووبارە بڵاوکردنەوەی ئەو هێزانە لە سووریادا کرد. هێزەکانی فاتمیون و زەینەبیون بە ژمارەیەکی زۆر شانبەشانی فراکسیۆنە عێراقییەکان و هەسەدە و گرووپە ناوخۆییەکان لە پارێزگای دێرەزۆر ئامادەن و ژمارەیان نزیکەی ١٥ هەزار چەکدارە(٢٧).

ئایندەی سیاسی و سەربازیی گرووپە چەکدارەکان

لە قۆناغی پێش دەستتێوەردانی هێزی ئاسمانیی ڕووسیا، هەم ئێران و هەم حکومەتی سووریا کاریان کرد بۆ دروستکردنی چەمکی “سووریای بەسوود”، ئەمەش بە واتای وازهێنان لە هەندێک ناوچە، یان بە هۆی نەبوونی گرنگیی ستراتیژییانەوە، وەک ئەوەی لە تدمور بە شێوەیەکی کاتی ڕووی دا، یان بۆ ئەوەی ژینگەیەكی نائارام بۆ دوژمنان و ڕکابەرەکانیان دروست بکات، وەک ئەوەی ڕووی دا لە کاتی وازهێنان لە ڕەقە و ناوچە لادێکانی حەلەب، وەک عەفرین، بۆ زیانگەیاندن بە تورکیا، یان دروستکردنی  بارودۆخێكی لەبار لە پێناو کۆکردنەوەی هێزەکانی ئۆپۆزسیۆن، وەک ئەوەی لە ئیدلب ڕووی دا.

هەر چەندە لە ساڵی (٢٠١٨)ەوە شەڕە سەرەکییەکان کۆتاییان هاتووە، بەڵام هێشتا ئێران بە شێویەكی كرداری لە سووریادا ئامادەیی هەیە و پێدەچێت لە ڕێگەی گرووپە چەکدارەکانەوە هێز و توانای سیاسی و چەكداریی بە بەردەوامی فراوانتر بكات، هەروەها ژمارەی بنکە و بازگەکانی ئێران لە ٤٤ بۆ ٨٨ بنكە لە سەرتاسەری خاکی سووریادا زیادی کردووە(٢٨). لە ئێستادا ئامارێکی ورد لە سەر قەبارەی ئەو گرووپانە لە بەر دەستدا نییە، بەڵام ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ لێدوانی بەرپرسانی ئێرانی لە ساڵی 2015، ژمارەکە لەو کاتەدا لە نێوان 70 بۆ 130 هەزار چەکداردا بووە کە بەسەر 42 گرووپ و 128 کەتیبەدا دابەش کراون(29).

تاران بە تایبەتی هەوڵ دەدات لە ڕێگەی دروستکردنی بنکە سەربازییەکان و دامەزراندنی گەنجان لە ناو هێزە چەكدارەكاندا بە تایبەت لە “سوپای گوندەکان” کە زیاتر لە دوو هەزار و ٥٠٠ چەکداری عەرەب لەخۆ دەگرێت؛ لە دێرەزۆردا ئامادەیی بەهێز دروست بکات، هەروەها کاری لە سەر پەیوەندیی بەردەوام لەگەڵ هۆزە عەرەبەکانی ناوچەکە کردووە(30) بەبێ ئەوەی لە ڕووی ئایدۆلۆژییەوە لەگەڵیاندا بەریەک بکەوێت، بە تایبەتی کە ئێران کاریگەریی ئایدۆلۆژیی خۆی لە قۆناغێکدا پێش شەڕی سووریا بنیات ناوە و لە نێو گوند و هۆزەكانی “ئەلبوكەمال” و “مەیادن” لایەنگرێكی زۆری هەیە.

لە مانگی ئابی ٢٠٢١، ئێران “لیوای هاشمی”ی دامەزراند کە ئەركی بریتی بوو لە کۆكردنەوەی هۆزە عەرەبەکان لە دێرەزۆر و ئەلبوكمال، بە سەرۆکایەتیی “یوسف ئەلحەمدان” ناسراو بە “ئەبو عیسا ئەلمەشهەدانی” و هەروەها مووسا ئەلمەحموود کە لە لایەن ئێرانەوە وەک یەکێک لە کەسایەتییە دیارەکانی شاری ئەلبوكەمال دامەزرا(٣١).

سەبارەت بە داهاتوو و ڕۆڵی گرووپە چەکدارەکانی سەر بە ئێران لە سووریا، دەتوانرێت لە ڕێگەی شێوازی دابەشبوونیان لە نێو خاكی سووریادا پەی بەو كاریگەرییانەیان ببەین، لەو شوێنانەی کە دابەشبوونی چڕ و هەمەچەشنی ئەم گرووپانە لە ڕۆژهەڵاتی سووریادا دەردەکەون، بە تایبەت لە دێرەزۆر و لادێکانیەوە، شارەکانی ئەلبوکەمال و ئەلمەیادین بەشێکن لە “بیروباوەڕی گەورە”ی ئاسایشی نەتەوەیی ئێران کە ئامانج لێی دوورخستنەوەی ئەمەریکایە لە نێو ڕكابەرییەكانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. هەروەها بە ڕوونی دەردەکەوێت کە هەوڵێکە بۆ گەمارۆدانی هێزەکانی ئەمەریکا لە ڕووی سەربازییەوە. بە گوێرەی ئاماری سوپای ئەمەریکا، لە سەرەتای ساڵی (2021)ەوە نزیکەی 78 جار هێرشیان کراوەتە سەر هێزەکانی ئەمەریکا لە لایەن گرووپە پاڵپشتییەکانی ئێرانەوە. دوایین هێرشەکانیش لە ڕێگەی ڕێپێوانی خۆکوژییەوە ڕوویان داوە لە لایەن گرووپێکی عێراقییەوە کە خۆیان بە “لیوای غالبون” ناو دەبەن لە دێرەزۆر.

هەروەها کۆنترۆڵی تەواوی دێرەزۆر؛ پردێکی وشکانی بۆ ئێران دابین دەکات، واتە ئێران لە رێگەی عێراقەوە بە سووریاوە دەبەستێتەوە، ئەمەش درێژکراوەی جیۆپۆلەتیکیی گرووپە ئێرانییەکانە کە لە هەردوو وڵاتی عێراق و سووریادا ئامادەن، هەروەها هێڵێکی زەمینیی کەمتێچوو بۆ گواستنەوەی چەک دابین دەکات بۆ حزبوڵڵا. دێرەزۆر کلیلی هێڵەکانی شەمەندەفەرە (لە شەلەمچەوە لە ئێران، بە بەسڕە و ئەلقائیمدا تێدەپەڕێت، پاشان ئەلبوکەمال و لە بەندەری لازقیە کۆتایی دێت)، کە ئێران لە ڕێگەیەوە هیوای وایە بگاتە دەریای ناوەڕاست، بەو ڕێگەیەدا خۆی لە ڕووبەڕووبوونەوەی ئەمەریكا دەپارێزێت و  کۆنترۆڵی بیرە نەوتییەکان دابین دەکات کە گرنگترینیان کێڵگەی ئەلعومەرە. هەروەها گرووپێكی دیكەی پاڵپشتییەکانی ئێران لە دەوروبەری ئیدلب ئاماژەیە، كە زیاتر بایەخێكی شارستانی و شارنشینییان هەیە و لە ڕووبەڕووبوونەوەی ناو شارە گەورەكاندا ئامادەییان هەیە بۆ دەستپێکردنی هێرش بۆ سەر ئیدلب. بارەگای حزبوڵای لوبنان و لیوای باقر بە شێوەیەکی بەرفراوان لە سنوورەکانی ڕۆژهەڵاتی پارێزگای ئیدلب بڵاو بوونەتەوە.

کۆبوونەوەی دیکەی ئەم هێزانە لە سەر سنووری لوبنان دێت و ئامانجەکەش لەوێدا ڕوونە، ئەویش دۆزینەوەی هێڵێکی سەلامەتە بۆ گەیاندنی چەک بۆ حزبوڵڵا، هەروەها ژمارەیەکی باش لەو گرووپانە لە دیمەشق کۆ دەبنەوە بۆ ئەوەی ناوچەكانی باشوور بكەنە سەکۆیەک بۆ هەڕەشەی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل. ئەمانە و جگە لەوەی تاران کار لە سەر تێکەڵکردنی ئەو گرووپانە دەکات لەگەڵ قەوارە سەربازییە فەرمییەکانی سووریا، هەروەک چۆن لە کاتی تێکەڵکردنی هێزەکانی پاراستنی نیشتمانی بۆ ناو سوپای سووریا و لیوای ئەبولفەزل عەباس دژ بە پاسەوانانی كۆماری ڕووی دا(٣٣). هاوتەریب لەگەڵ ئەوەشدا، ئێران هەوڵ دەدات پەیوەندیی ڕاستەوخۆ لەگەڵ لایەنە فەرمییەکانی سووریا دروست بکات، وەك پەیوەندییە نزیکەکانی لەگەڵ “ماهر ئەسەد، بەسینە شەعبان” و بەرپرسانی تری سووریا.

هەروەها تاران دەستتێوەردانی گرووپە عێراقییەکانی لە شەڕی سووریادا کردووە بە کارتی بردنەوە لە گۆڕەپانی سیاسیی عێراقدا، ئەویش بە کاندیدکردنی بەشێك لە سەرکردەکانی ئەو گرووپانە بۆ ئەوەی بچنە ناو پەرلەمانی عێراق، بۆ ئەوەی حکومەتی عێراق ناچار بکات پێویستیی دوورخستنەوەی ئەمەریکا لە نێو هێز و سوپای عێراقدا قبووڵ بکات(34)، هەروەها لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا تاران هەوڵی بەهێزکردنی سیستمی بەرگریی ئاسمانیی سووریای داوە، لە ئێستادا کار لە سەر ناردنی ڕاوێژکار و ئەندازیارەکانی تایبەت بە دروستکردنی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و ئاسانکاری بۆ ناردنی ڕاداری پێشکەوتوو دەکات بۆ ئەوەی ببێتە توخمێکی کاریگەر لە پڕۆسەی پێشکەوتووی خۆڕاگری لە سووریا و بۆ ڕاگرتنی مەترسییەكانی ئیسرائیل لە هێرشی ڕاستەوخۆ بۆ سەر خاکی ئێران.

دەرئەنجام

  • دەستتێوەردانەکانی ئێران لە سووریا لە سەر بنەمای پلانێکی پێشوەختەی ئامادەکراو بونیاد نراوە، بەم هۆیەوە هەڵبژاردنی شەڕی بە وەكالەت دەرئەنجامی هەڵسەنگاندنێکی ئابوورییانە بوو بۆ تێچووی دەستتێوەردانی ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ، ئەم دەستتێوەردانەش جەختی كردەوە لە پاراستن و مانەوەی ئەسەد لە پێگەی خۆیدا و پاراستنی سووریا وەک فاكتەرێك بۆ هاوسەنگکردنی هەڕەشەکان لەگەڵ ئەمەریکا و هاوپەیمانەکانی.
  • سەرقاڵبوونی ڕووسیا بە شەڕی ئۆکراین؛ ڕۆڵی هەبوو لە پێدانی ئازادیی زیاتری هاتوچۆ و بڵاوەپێکردنی گرووپە چەکدارەکانی سەر بە ئێران، سەرەڕای هەوڵەکانی تاران بۆ کەمکردنەوەی تێچووی ئامادەیی هێزەكانی لە سووریا، ئەویش بە کشانەوەی بەشێک لە هێزە چەكدارەكانی و تێکەڵکردنیان بە هێزەکانی حکومەتی سووریا، ئەویش لە پێناو قووڵكردنەوەی ئەو فشارانەی كە وای دەكرد ئەمەریکا لە شاری ستراتیژی دێرەزۆر دەربچێت، هەروەها ئەگەری ئامادەکاری بۆ گەڕاندنەوەی ئیدلب و جێگیرکردنەوەی خۆی لە باشووری دیمەشق وەک هۆکارێکی ڕێگریکردن و مەترسییەكان بۆ سەر ئیسرائیل.
  • تاران سیاسەتی بەرهەمهێنانەوەی ئەم گرووپانە بە شێوەیەكی بەردەوام دەگرێتە بەر، چونکە ئەمە ئەگەری دوورکەوتنەوە لە سزاکانی ئەمەریکا بۆ دەستەبەر دەكات و لە ڕووی هەواڵگرییەوە چاودێریکردنیان قورس دەکات و ئەو سوودە بە تاران دەبەخشێت لە جێگیرکردنەوەی خێرا لەو گۆڕەپانانەی مایەی مەترسی و هەڕەشەی ڕاستەوخۆن، جا لە سووریا بێت یان لە دەرەوەی وڵات (وەک ئەفغانستان).
  • دوای کوژرانی قاسم سولەیمانی، هیچ گۆڕانکارییەکی ڕیشەیی لە فۆرم و ئامانج و ئامرازەکانی ئەو گرووپە چەکدارانەدا ڕووی نەداوە، بەڵام ئەو هاوبەشییەی کە سولەیمانی خاوەنی بوو بۆ کۆکردنەوەی دژبەرەکان و پەیوەندییە کەسییەکان؛ بارگرانییە لە سەر جێنشینەکەی ژەنەراڵ ئیسماعیل قاعانی. هەروەها وەها دەردەكەوێت كە حزبوڵڵا وەك ئەو گرووپانەیە كە لە ڕووی ئایدۆلۆژییەوە نزیكن لە ئێرانەوە.
  • تاران دەیەوێت پەیوەندییەکانی عەرەب و سووریا بگەڕێنەوە بۆ دۆخی پێشووی خۆیان لە پێناو گەیشتن بە ژینگەیەکی سەلامەت و دەستکەوتی ئابووری کە تێچووی شەڕەکە بگرێتە خۆ و هەمان كات مەترسی لە سەر بەرژەوەندییەکانی لە سووریا دروست نەکات. لە ئایندەدا ڕەنگە چینێكی دەسەڵاتداری سووریا سەر هەڵبدات کە داوای دەرچوونی هێزەکانی ئێران بکات بە هۆی کۆتاییهاتنی شەڕەکان و هەوڵدان بۆ ڕاکێشانی وەبەرهێنان و ئاوەدانکردنەوە، بەڵام ئێران دەستبەرداری سیاسەتی پشتیوانیکردنی گرووپە چەکدارەکان نابێت، چونکە ئەم گرووپانە و ئامادەییان؛ لە ناوەرۆکی ستراتیژییە بەرگرییەکانی تاراندایە بۆ گەیشتن بە کاریگەریی سیاسی و ستراتیژی بەردەوام.

 

سەرچاوە و پەراوێزەكان

  1. Mesbahi, Mohiaddin, Free and Confined: Iran and the International System. (Spring 2011). Iranian Review of Foreign Affairs, 5 (2): 9-34.
  2. یانات در دیدار مسئولان نظام در روز عید مبعث (تصريحات خامنئي في اجتماع مسؤولي النظام يوم عيد المبعث)، الموقع الإلكتروني للمرشد علي خامنئي، 30 يونيو/حزيران 2011 (تاريخ الدخول: 13 مايو/أيار 2023): https://bit.ly/3MuIJgR
  3. علي فياض، نقلها: شفيق شقير، حزب الله: روايته للحرب السورية والمسألة المذهبية (1)، مركز الجزيرة للدراسات، 28 ديسمبر/كانون الأول 2017 (تاريخ الدخول: 18 مايو/أيار 2023): https://bit.ly/3OkYgBn
  4. المصدر السابق نفسه.
  5. علي آلفونه، زندگی نامه سردار قاسم سلیمانی (سيرة الجنرال قاسم سليماني)، مقالات سياسية (تاريخ الدخول: 16 مايو/أيار 2023): https://bit.ly/3ByPWX6
  6. Ruth Sherlock, Iran boosts support to Syria, Telegraph, 21 February 2014 (Accessed: 15 May 2023): https://bit.ly/3BxP3hj
  7. Joseph Holliday, Syria’s armed opposition, Institute for the Study of War, Middle East Security Report 3, March 2012, p: 6.
  8. معرفی گردان بزرگ ابوالفضل العباس(ع)/ زینبیه زیر سایه غیرت شیعه (لواء أبو الفضل العباس/زينبية تحت حماية الغيرة الشيعية)، وكالة تسنيم للأنباء، 14 مايو/أيار 2013 (تاريخ الدخول: 13 مايو/أيار 2023): https://bit.ly/3MzI5ik
  9. Mona Mahmood and Martin Chulov, ‘Syrian war widens Sunni-Shia schism as foreign jihadis join fight for shrines’, The Guardian, 4 June 2013 (Accessed: 13 May 2023): https://bit.ly/3Oj8thI
  10. خالد المطلق، الميليشيات التي تديرها إيران في سورية، مركز حرمون للدراسات، 29 ديسمبر/كانون الأول 2020 (تاريخ الدخول: 15 مايو/أيار 2023): https://bit.ly/436ADAH
  11. Naame Shaam, Iran in Syria From an Ally of the Regime to an Occupying Force, 1st Edition, September 2014, p: 36.
  12. Élie Saikali, Qui est le groupe Kata’ib Hezbollah?, Lorient le Jour, 30 December 2019 (Accessed: 14 May 2023): https://bit.ly/3OiKrDp
  13. خالد المطلق، المصدر السابق.
  14. Phillip Smyth, Hizballah cavalcade: kata`ib sayyid al-shuhada emerges. 9 September 2013 (Accessed: 15 May 2023): https://bit.ly/3MzOk5K.
  15. دلیل کینه میرحسین از شهید حسین همدانی/او از تهدید فتنه ۸۸ فرصت ساخت (سبب ضغينة مير حسين على الشهيد حسين همداني/كيف حول همداني فتنة 2009 إلى فرصة)، وكالة فارس للأنباء، 11 أغسطس/آب 2022 (تاريخ الدخول: 15 مايو/أيار 2023): https://bit.ly/3MJdIGl
  16. “نابغه‌ی جنگ‌های نامنظم”؛ سرداری که سوریه را از سقوط حتمی نجات داد (عبقري الحروب غير المتقارنة؛ الجنرال الذي أنقذ سورية من السقوط الحتمي)، وكالة تسنيم للأنباء، 7 أكتوبر/تشرين الأول 2017 (تاريخ الدخول: 15 مايو/أيار 2023): https://bit.ly/3Mf6qZa
  17. سيد حامد هاشمي، سوريه ارث شوم (سوريا الإرث المشؤوم)، مجلة ميهن، العدد 10، 15 أغسطس/آب 2016.
  18. Phillip Smyth, Lebanese Hezbollah’s Islamic Resistance in Syria, The Washington Institute, 26 April 2018 (Accessed: 16 May 2023): https://bit.ly/3Iic2AX.
  19. Phillip Smyth, The Shiite Jihad in Syria and Its Regional Effects, The Washington Institute, 2 February 2015, p: 31.
  20. هيراد طلوعي، مدافعان حرم از کجا می‌آیند؟ (من أين يأتي مدافعو الضريح؟)، راديو زمانه، 26 سبتمبر/أيلول 2016 (تاريخ الدخول: 16 مايو/أيار 2023): https://bit.ly/3Me3ZGd
  21. Hamidreza Azizi and Amir Hossein Vazirian, The Role of Armed Non-State Actors in Iran’s Syria Strategy: A Case Study of Fatemiyoun and Zainabiyoun Brigades, Journal of Balkan and Near Eastern Studies, Volume 25, Issue 3, 2023.
  22. همه آنچه باید درباره دو لشکر «فاطمیون» و «زینبیون» بدانیم (كل ما تريد معرفته عن لوائي “فاطميون” و”زينبيون”)، وكالة أنباء الدفاع المقدس، 28 يوليو/تموز 2020 (تاريخ الدخول: 16 مايو/أيار 2023) :”https://bit.ly/3ImYfJd
  23. Tobias Schneider, ‘The Fatemiyoun Division: Afghan fighters in the Syrian civil war’, Middle East Institute, 15 October 2018, p: 5.
  24. دولت مجاز به اعطای تابعیت ایرانی به خانواده شهدای غیر ایرانی شد (الحكومة بمنح الجنسية الإيرانية لأسر الشهداء غير الإيرانيين)، موقع مركز دراسات مجلس الشورى الإيراني، 2 مايو/أيار 2016 (تاريخ الدخول: 12 مايو/أيار 2023) :https://bit.ly/45be6Vd
  25. Hamidreza Azizi and Amir Hossein Vazirian, Ibid.
  26. المصدر السابق نفسه.
  27. تتقاسم أميركا وإيران السيطرة عليها.. تعرف على القوات المنتشرة في محافظة دير الزور شرقي سوريا، الجزيرة نت، 24 مارس/آذار 2023 (تاريخ الدخول: 18 مايو/أيار 2023): https://bit.ly/41WsqxH
  28. Mapping the Iranian Military’s Footprint in Southern Syria, Jusoor for Studies, 20 August 2021 (Accessed: 13 May 2023): https://bit.ly/3W80DcB
  29. ۱۵ گروهی که «به نیابت از ایران» در سوریه و عراق می‌جنگند (15 جماعة تقاتل “باسم إيران” في سوريا والعراق)، 14 يونيو/حزيران 2015 (تاريخ الدخول: 18 مايو/أيار 2023): https://bit.ly/41R9pwH
  30. Hamidreza Azizi, Iran’s Multi-Faceted Strategy in Deir ez‑Zor, From Fighting Terrorism to Creating a Zone of Influence, Stiftung Wissenschaft und Politik, 27 March 2020 (Accessed: 15 May 2023): https://bit.ly/3pNRp9i
  31. لواء “هاشميون” التابع للحرس الثوري الإيراني شرقي سوريا، تي آر تي عربي، 26 أكتوبر/تشرين الأول 2021 (تاريخ الدخول: 18 مايو/أيار 2023): https://bit.ly/3IrWGtz
  32. تم اعتماد البيانات التي نشرها مركز جسور للدراسات، خريطة قواعد ونقاط القوى الخارجية في سورية، 6 يناير/كانون الثاني 2021 (تاريخ الدخول: 16 مايو/أيار 2023): https://bit.ly/3MbYZSG Also see: Phillip Smyth, The Shia Militia Mapping Project, The Washington Institute, Last  Updated April 2020 (Accessed: 15 May 2023): https://bit.ly/3MAZI1g
  33. Mona Alami, Syria Seeks to Integrate Myriad Paramilitaries, Al-Monitor, 29 November 2018 (Accessed: 15 May 2023): https://bit.ly/41KNPda
  34. Phillip Smyth, The Shiite Jihad in Syria and Its Regional Effects, Ibid, p: 49.

 

Send this to a friend