• Google Plus
  • Rss
  • Youtube
October 6, 2022

ئێران بە بێ ژینا و جیهان بە بێ ئێران

بارام مەجیدخان

بۆ بینینی بابه‌ته‌كه به‌ PDF‌ كلیك له‌م به‌سته‌ره‌ بكه‌:-  ژمارە (5)ی تشرینی یەكەمی 2022ی وه‌رزنامه‌ی ئێرانناسی

  • ئێران بە بێ ژینا

لە دوای سەرکەوتنی شۆڕشی ئیسلامی ئێران بە ماوەیەکی کورت لە ئەنجامی فەتوایەکی ئایەتوڵڵا خومەینی سەبارەت بە حیجابی ئیسلامی، یەکەم خۆپیشاندانی سەرتاسەری لە ئێران لە ٨ مارسی ١٩٧٩ وەک یەکەم کاردانەوەی ژنان بەرامبەر ڕووپۆشی زۆرەملێ ئەنجام درا کە وەک دەستپێکی تێکۆشانی ژنان بەرامبەر مافەکانیان هەژمار دەکرێت. حکومەتە یەکلەدواییەکەکانی ئێران بە باڵی پەڕگیر و ریفۆرمخوازەوە بەشدار بوون لە یاساییکردنی باڵاپۆشی لە ئێران و میکانیزمیشیان بۆ جێبەجێکردنی دانا. بزوتنەوەی خەباتی مەدەنی ژنان لە ئێران تا ساڵانی پێشتر بە خامۆشی مایەوە و تا  کوژرانی ژینا ئەمینی ئاگری لە خەرمانی حکومەت بەردا. ژینا بوو بە سیمبولی ناڕەزایەتییەکان و دروشمی ژن، ژیان، ئازادی کرایە دروشمی خۆپیشاندەران.

گرفتە ئابووری، کۆمەڵایەتی، کولتووری و سیاسییەکانی ئێران لە پاڵ خەباتی مەدەنی ژنان هۆکاری سەرەکی ناڕەزایەتییەکانی خەڵک بوون. کاریگەری خۆپیشاندانەکانی ئێران لە سەر حکومەت و دەزگای دیپلۆماسی ئێران بە قورسی دیارە. خۆپیشاندانەکانی ئێران هەموو سنورە جوگرافی و ئیتنیکی و ئایدۆلۆجیەکانی تێپەڕاندوە. هێزە سیاسییەکانی دەرەوە و ناوەوەی ئێرانیشی تێپەڕاندوە، هەر بۆیە لە فراوانبوون و پەرسەندندایە. هیچ بە پیرەوەهاتنێکیش لە لایەن حکومەتەوە دیار نیە. لە دوای شۆڕشی ئێرانەوە ئەمە یەکەم خۆپیشاندانە کە زۆر بە قوڵی ڕەگی لە کێشە چارەسەرنەکراوەکانی ساڵانی دوای شۆڕش داکوتاوە. ژنانەبوونی ئەم خۆپیشاندانانە سەرنجی جیهانیشی بە لای خۆێدا ڕاکێشاوە و ناوخۆ و دەرەوەی ئێرانیشی پێکەوە گرێداوە. خۆپیشاندانی بزوتنەوەی سەوزی ئێران لە ١٦-٥-٢٠٠٩ کە لە لایەن میرحسەینی موسەوی و دژی نەیارەکەی کە دکتۆر مەحمودی ئەحمەدینەژاد بوو. کە تێیدا مەسەوی حکومەتی بە ئەنجامدانی ساختەکاری تۆمەتبار کرد. لە هەموو شارەکانی ئێران بە ڕابەرایەتی کەڕوبی و موسەوی خۆپیشاندانی دژی حکومەت سازکرا. لە تاران نزیکەی چوار ملیۆن کەس بەشدارییان تێدا کرد. کە وەک مەزنترین خۆپیشاندانی دژەحکومەتی لە مێژووی ئێراندا تۆمار کرا.  بەڵام بە بەراورد بەم خۆپیشاندانانە قاڵبی سیاسی و ئایدۆلۆجی نەشکاند و نەفەسیشی درێژ نەبوو. بەڵام ئەوەی ئێستا لە ئێران و لە سەر شەقام دەبینریت بە ئامانج گرتنی کۆی سیستمی سیاسییە لە ئێران کە ئاڕاستەی ئەم ئامانجە ڕووداوەکانی داهاتوو دیاری دەکەن. ئێرانی پێش ژینا و ئێرانی دوای ژینا بە دڵنیاییەوە لە گەڵ کراوەبوونی هەموو ئەگەرەکانی یەک ئێران نابن.

  • ئێران بە بێ جیهان

ئێران گەورە و پڕ شکۆیە (صادق هدایت) و جیهانێکە لە ناو ئەم جیهانە فراوانە. دڵی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ڕێڕەوی مێژوویی جادەی ئاوریشم بووە. ئەم جیهانە لە ناوخۆی خۆیدا، هەوراز نشێوی زۆری بینیوە. ئاڵەنگارییەکانی بەردەم ئێران لە پەیوەستبوون بە جیهانی دەرەوەی خۆی فرەچەشنن. بەڵام بە دوو شێوازی سەرەکی دەتوانینن پۆڵێنیان بکەین. کە شێوازێکی ئاڵۆز و تایبەت و تێگەیشتنی بۆ جیهانی دەرەوەی خۆی سەخت و درێژخایەنە و شێوازی دووەم ڕووخساری سیاسی و دبلۆماسی و ئابووری هەیە کە لەسەر مێزی دانوستانی هێزە جیهانییەکانە.

بەربەستی ئایدۆلۆژی: بونیادی سیاسی حکومەتی ئێران بەر مەبنای تێزی ویلایەت دامەزراوە. ئایدۆلۆجیای سیاسی و حکومەتی ڕێبازی شیعە بۆ گەلانی جیهان ئاشنا نییە و تا ئێستا بە باشی لەگەڵ سیستەمی نێودەوڵەتی نەگونجاوە. هەر بۆیە وەرگێڕانی خواستی ئایدۆلۆجیای جیهانی شیعە بۆ کارنامەیەکی سیاسی و دبلۆماسی کارێکی سەخت و دژوارە. پشتیوانیکردنی بزووتنەوە شیعەکان و بەشێکی مسوڵمانانی جیهان لە لایەن ئێرانەوە وەک واجبێکی ئەخلاقی و ئایینی لێکدانەوەی بۆ دەکرێت و لە سیستەمی نێودەوڵەتی بە دەستوەردان لە کاروباری وڵاتانی دیکە دەخوێنرێتەوە.

بەربەستی سیاسی: کێشەکانی ئێران لەگەڵ کۆمەڵگەی جیهانیی، تا ئێستا بە هەڵواسراوی ماونەتەوە. کێشەکانی ئێران بە گشتی لە سێ کێشەی سەرەکی پێکدێن. یەکەمیان کێشەی ئەتۆمی ئێرانە لەگەڵ گەشبینی ئێران بۆ ڕێکەوتنێکی جێگیر، بەڵام ئەم گەشبینییە بە ڕێژەیەکی زۆر لای وڵاتانی کۆمەڵگەی جیهانیی بەدیناکرێت. لە ئەگەری هەر ڕێکەوتنێکی نوێ و گەڕانەوەی ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا بۆ چواچێوەی یەکەمی ڕێکەوتننامەی ٢٠١٥ (بەرجام)، پێناچێت ئەم ڕێکەوتننامەیەش بۆ ماوەیەکی درێژخایەن بەستەڵەکی پەیوەندییەکانی ئێران لە گەڵ وڵاتانی جیهان بتوێنێتەوە. دووەم کێشەی بەهێز بوونی ئێرانە لە ڕووی سەربازییەوە. ئێران بە شێوەیەکی سەرسوڕهێنەر پەرەی بە توانای موشەکی و دروستکردنی درۆنی سەربازیی داوە. کە ئەمەش بووەتە جێگەی نیگەرانی بۆ وڵاتانی جیهان و ناوچەکە و بە تایبەت کە ئیسرائیل  بە مەترسی ڕاستەوخۆ بۆ سەر وڵاتەکی خۆی دەزانێت. جێگیرکردنی سوپای پاسدارانی ئێران لە لیستی تیرۆری نێودەوڵەتی بە بەربەستێکی گەورە دادەنرێت لەم دۆسیە ئاڵۆزەدا. سێیەم گرفت هێزی نەرم و ڕەقی ئێرانە لە جێگیرکردنی هەژموونی خۆی لە وڵاتانی ناوچەکە. ئەم کاریگەرییەی ئێران، پاشەکشەی لێ ناکرێت لەبەر ئەو سەرمایەگوزارییە مادی و مەعنەوییانەی کە ئێران لە ناوچەکە خەرجی کردووە. لە وڵاتانی ڕۆژئاوا بە سلوکی سیاسی ئێران ناوزەدی دەکەن و بە چاوی گومانەوە لێیدەڕوانن، لە هەموو ئەم بەربەستانەی بەردەم ئێران لە پەیوەستبوونی ئێران بە کۆمەڵگەی جیهانییەوە. ئێرانیش تێڕوانینی جیاوازی بۆ هەریەک لەم دۆسیانە هەیە، کە ئامادەیە سازشیان لە سەر بکات. پەیوەست نەبوون بە کۆمەڵگەی جیهانییەوە لەسەر ئاستی ناوخۆ و ئەو فشارانەی کە دەکەونە سەر ئێران کێشەی ناوخۆییەکانی ئێران زیاتر بەرجەستە دەکات. بە تایبەت لە ڕووی ئابووری و کۆمەڵایەتی و کولتووی و بابەتی شوناس و هەوییەی ئێران.

ئێرانناسی لەم وەرزەدا خواستی ئەوەی هەبووە لە بەشێکی زۆری ئەو گرفتانەی کە هەن کۆمەڵێک وتار و وەرگێڕان و بابەتی ئەکادیمی بە خۆێنەری ببەخشیت، کە هەریەک لە ڕوانگەیەکی جیاوازەوە نووسراون. هەریەک لەو بابەتانەش وەک خستنەڕووی ڕووخساری کێشەکان کۆکراونەتەوە کە ئامانج لێیان پەردەلادانە لە سەر بابەتەکان و بەخشینی بەرگێکی ئەکادیمییە پێیان.

وەرزنامەی ئێرانناسی ژمارە (٥)، ساڵی دووەم، تشرینی یەكەمی 2022

Send this to a friend