• Google Plus
  • Rss
  • Youtube
November 17, 2023

ئێران و ڕۆژهەڵاتی دەریای سپی ناوەڕاست

بارام مەجیدخان

 کەمینەی شیعە لە لوبنان ئەو گەرایە بوو کە دەستی ئێرانی لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی دەریای سپی ناوەڕاست کردەوە. ئێران میوانی ناوەختی ناوچەکە لە سەردەمی شای ئێران و لە نێوان ساڵەکانی ١٩٥٠ بۆ ١٩٦٠ هێدی و لەسەرخۆ توانی پەیوەندییەکانی خۆی لەگەڵ ئیسرائیل ئاسایی بکات. حەزەکانی شای ئێران بۆ پەیوەندی لەگەڵ ئیسرائیل بۆ چەند هۆکارێک دەگەڕێتەوە. شا پێیوابوو پەیوەندی لەگەڵ ئیسرائیل دەرفەتێکە بۆ بەدەستهێنانی پشتیوانی زیاتری ئەمریکا. لەم ڕێگەیەوە دەتوانێت پشتیوانی لۆبی یەهوودی لە جیهان بەدەستبهێنێت. لە لایەکی ترەوە پەیوەندی لەگەل ئیسرائیل پارسەنگی هێزی لەگەڵ وڵاتانی عەرەبی بە قازانجی شای ئیران دەگۆڕێت. ئەمەش هەر زوو کاردانەوەی ڕەوتی نەتەوەپەرستی عەرەبی بە شوێن خۆیدا هێنا. جەمال عەبدولناسر پەیوەندییەکانی خۆی لە ئێران پچڕاند. شای ئێران خواستی بۆ پەرەپێدانی پەیوەندی لەگەڵ ئەو وڵاتانەی کە شیعەیان تێدایە (عێراق، لوبنان) هەبوو. بەڵام ئێران نەیدەتوانی یاری بە کارتی شیعە بکات. هەر هەوڵێکی لەو چەشنە نەیارە ناوخۆییەکانی شای بەهێزتر دەکرد. لە کۆتاییەکانی حکومەتی محەممەد ڕەزا شا، ئێران بوو بە کڕیاری سەرەکی چەک لە ئیسرائیل. هاوکات ٧٠٪ نەوتی ئیسرائیل لە ئێرانەوە دابیین دەکرا. ئیسرائیل بەم پەیوەندییەی لەگەڵ ئێران ئاسوودە بوو. بەبێ دەنگیش چرای سەوزی بۆ پشتیوانی لە کوردی عێراق و بە بێدەنگی نیشاندا.

لەگەڵ شۆڕشی ١٩٧٩ لە ئێران، واقعی جیۆپۆلەتیکی ناوچەکە گۆڕانی بە سەردا هات. سروشتی شۆڕشی ئیسلامیی توندڕەو و پەڕگیر بوو. ئێران بە هۆکاری ئەوەی کە ئیسرائیل یارمەتی دەزگای سەرکووتکاری ساواکی داوە و دژی مسوڵمانانی فەڵەستین وەستاوەتەوە، دژی ئیسرائیل کەوتە جووڵە. بە تایبەت لە لوبنان کە دەروازە و بیانوویەکی باش بوو بۆ هەناردەکردنی شۆڕش. ئیمام موسا سەدر توانی کە شیعەکانی لوبنان یەک بخات و گەرای پرۆژەی سیاسی شیعی دابنێت. کە خۆی لە بەشداری سیاسی شیعە لە لوبنان و هاوسەنگی بەشداری سیاسی لە خۆ دەگرت. لە سەرەتادا شیعەی لوبنان زۆر هاوسۆز نەبوو لە گەڵ کێشەی فەڵەستین. چەکدارە فەڵەستینییەکان لە باشووری لوبنانەوە هێرشیان دەکردە سەر ئیسرائیل. ئەو هێرشانە شیعەکانی نیگەران دەکرد. پێیانوابوو کە بابەتی فەڵەسین بابەتێکی دنیای سوننەیە. بەڵام هێدی و لەسەرخۆ شیعەی لوبنان و حیزبوڵڵا ئاوێتەی بابەتی فەڵەستین بوون.

هێرشی ئیسرائیل بۆ باشووری لوبنان لە ساڵی ١٩٨٢ دەستپێکی حکایەتە خۆێناویەکەیە.  هەم ئیسرائیل و هەم ئەمریکا خوێندنەوەی دروستیان بۆ شەڕەکە نەبوو. لە کاتێکدا بڕوای گشتی ئەوەبوو، کە هیچ هێزێک ناتوانێت پاشەکشێ بە ئەمریکا و ئیسرائیل بکات لە ناوچەکە. هێرشی ئیسرائیل بۆ باشووری لوبنان، هەڵەیەکی ستراتیژی گەورە بوو کە شیعەی لوبنانی بە ڕادەیەکی زۆر بەهێز کرد. ئەمەش دەرفەتێکی زێڕینی بۆ ئێران ڕەخساند کە پێگەی خۆی لە ناوچەکە بەهێز بکات.

وەستانی شەڕی ئێران-عێراق دەرفەتی بە ئێران بەخشی کە هەم دووبارە بگەڕێتەوە سەر پرۆژە تەواونەکراوەکانی دۆسییەی ئەتۆمی و هەم ئەزمونی شەڕ لە گەڵ عێراق، بیرۆکەی بونیات نانەوەی دوبارەی سوپای ئێرانی لە پلانی ستراتیژی ئەو وڵاتەدا چاند. بەڵام دەرفەتی زێڕینی ئێران، پاشەکشەی هێزەکانی ئەمریکا بوو لە عێراق بە چەند قۆناغێک جێبەجێ کرا، ئێرانی کردە هێزێکی حاشاهەڵنەگری ناوچەکە. پشتیوانی ئێران بۆ گروپەکانی هاوسۆز لەگەڵ خۆی، تۆڕێکی جاڵجالۆکەیی ئاڵۆزی لە ناوچەکەدا چاند. بە تایبەت لە عێراق، لوبنان و یەمەن و بەحرەین تا دەگاتە بەشێک لە وڵاتانی باکووری ئەفریقا. ئەگەر بەراوردێک بکەین لە نێوان سیاسەتەکانی شای ئێران و کۆماری ئیسلامیی ئێران ئەو ئامانجە هاوبەش و کۆدژانەی کە هەردوو قۆناغەکە لێک جیادەکاتەوە چین؟ پرۆژەکانی ئێران دوای شۆڕش زیاتر بزوێنەری هەستی شاراوەی نەتەوەیی و ئایینی ئێرانی لە ئامێز گرتووە. تا ئێستا بنەما سەرەکییەکانی پاش و پێش شۆڕش بە جیاوازی کات و شوێن سیاسی هەمان بنەمان. کە خواستی ئێران بۆ بوون بە وڵاتێکی بەهێزی ناوچەکە جێگیر دەکات.

تارمایی ناکۆکییەکانی ئێران ئیسرائیل هەم بەسەر کێشەکانی ئێران و وڵاتانی ٥+١ بە ئاشکرا دیارە و هەم بەسەر وڵاتانی ناوچەکە. شەڕی شاراوەی ئەمنی ئیسرائیل و ئێران بە ڕادەی کوشتنی زانا ئەتۆمیەکان و دزینی بەڵگەنامە نهێنیەکانی دۆسیەی ئەتۆمی لە پارێزراوترین دزەی ئەمنی ئێران تا هەڕەشەی ناوخۆیی لەسەر ئێران، ئەو ڕوانگەیەی بەهێز کرد کە دیواری ئەمنی ئێران بە گشتی بەرامبەر بە ئیسرائیل ڕووخاوە. بەڵام هێرشەکانی حەوتی ئۆکتۆبەر ئەو گومانەی بەهێز کرد کە ئیسرائیلییەکانیش لە ڕووی ئەمنیەوە هێندە بەهێز نەبوون کە توانرا ئەو گورزە کوشندەیان بەربکەویت کە بە “ڕۆژی ڕەش”ی ئیسرائیلییەکان ناوزەد بکرێت. ئەم شەڕە زیاتر لەوەی شەڕ بە شێوە باوەکەی بێت زیاتر لە شەڕێکی ئەمنی دەچێت. خاڵە لاوازەکانی ئیسرائیل لەم شەڕەدا وەدەرکەوتن. لەگەڵ هەبوونی مەترسی گەورە لەسەر پەرەسەندنی ئەم کێشەیەی کە ئەمڕۆ لە غەزە بەردەوامە ڕۆڵی ئێران چاوی عەرەبی و جیهانی زۆر لەسەرە. چاوەڕوانی ڕووبەڕووبوونەوەی ڕاستەوخۆی ئێران ئیسرائیل ئەگەرێکی زۆر بەهێز نییە. هێڵی سووری ئێران کاتێکە کە هێرشی ڕاستەوخۆ بکرێتە سەر وڵاتەکەی. ئێران لە باتی نەتەوەیەکی تر و وڵاتێکی تر ناچێتە شەڕەوە. ئەمەش لۆمەکردنی سیاسەتەکانی ئێرانی بە دوای خۆیدا هێناوە.

 

Send this to a friend