• Google Plus
  • Rss
  • Youtube
July 10, 2023

پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان لە ئێران؛ لە فرەچەشنی گێڕانەوەکان تا پێویستیی بیری پارادایمی

نووسینی: عەلی  ئیسماعیلی ئەردەکانی

ئامادەکردن: بارام مەجیدخان

ناوەندی لێکۆڵینەوە و دیراساتی ئەبرار، لە یادی سەد ساڵەی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان، وەک زانستێکی ئەکادیمی لە جیهاندا، کتێبی سەد ساڵ لە “پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان لە ئێران “ی خستە بەر دیدی خوێنەرانی خۆی.  کە بە شێوازێکی نوێی نووسینی هاوچەرخ و مۆدێڕن لە لایەن کۆمەڵێک توێژەرەوە نووسراوە. گرنگی ئەم کتیبە لە وەدایە کە: هەم خوێنەرانی بە کۆمەڵێک ناوی ئەکادیمی لە توێژەرانی پسپۆر لەم بوارە ئاشنا دەکات کە سەرجەمیان پسپۆڕی ئێرانین و خاوەن ئەزموونی زۆرن لە بواری نێودەوڵەتی و هەم کۆمەڵێک بابەتی ورد لە سەر گرنگیی مێژووی هەندێک لەو پەیوەندیانە دەخاتەڕوو. بە تایبەت مێژووی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان لە ئێراندا لە ماوەی سەد ساڵی ڕابردوو. مێژووی  پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانی ئێران بوارێکی جێی بایەخە بۆ پسپۆرانی مەیدانی سیاسی و ستراتیژیک، کە بەشێکی هەرە گرنگی ئێرانناسی سیاسی و نێودەوڵەتییە. تێڕوانین و تێفکرین لە ئەزموونی سەد ساڵەی ئێران لەو بوارەدا بۆ لێکۆلەرانی ناوەندە زانستی و سیاسییەکانی کە لە کوردستان کار لەو بوارەدا دەکەن، گرنگی ئەم لێکۆڵینەوانە لەوەدایە لە سەرچاوەی دەستی یەکەمەوە لەم کتێبەدا کۆکراونەتەوە. لە لایەکی ترەوە بۆ خوێنەری کورد کە توانای سود وەرگرتنیان لەم کتێبە بە زمانی فارسی هەیە دەتوانێت بە سوود بێت بۆ ناوەندەکان و زانکۆکان. کە لە گەڵ هەبوونی ناوەندی زۆری ڵێکۆڵینەوەی نێودەوڵەتی لە وڵاتێکی وەک ئێراندا، هێشتا ئاستی ئەم ناوەندانە و زانکۆکانی نەک لە ئاست ستانداردە جیهانییەکان نییە. بەڵکو لە ئاست وڵاتانی هەرێمایەتیشدا نین. ئەم کتێبە ئەزمونێک دەخاتە بەر دەم خوێنەری کورد کە ئەو لەمپەڕانە چین کە ڕێگرن لە گەشکردنی ئەم زانستە کە وڵاتەکەمان. بە تایبەت کە حکومەتەکان دەستیان بە سەر ناوەرۆکی ئەو پەیوەندییانە و بەڵگەنامەکانیدا گرتووە. هەندێک بابەت کە کاریگەری سیاسی و ئەمنی بە جێدەهێڵن هێشتا لە چوارچێوەی زانکۆکان وەک حەرامی سیاسی سەیر دەکرێن. ئەمەش لەمپەرە لە بەردەم لێکۆڵینەوەی زانکۆکان کە بە شێوەیەکی ڕوون و ئاشکرا لەم بوارەدا کار بکەن. وەک لە بەشی کۆتایی کتێبەکەدا ئاماژەیەکی داوە بۆ ئەو ناوەندانە کە ” یا بڵاو بکەرەوە، یا لە ناو بچۆ” publish or perish ئەمەش وەک کاریگەرترین دروشم و ڕێگا بۆ ئەو بەردەوامبوونی ئەو ناوەندانە.

کتێبەکە لە دو بەشی سەرکی پێک هاتووە. بەشی یەکەم باسێکی تیۆرییە لە مەڕ بابەتەکانی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانی ئێران. لە گەڵ ئەوەی لە سەر ئاستی جیهانی ئەم زانستە، مێژوویەکی سەد ساڵەی هەیە، بەڵام بە شەست ساڵ دواکەوتن لە ئێران پەرە بە پێشکەوتنی خۆی دەدات. پێگەی ئەم زانستە چ لە سەر ئاستی زانکۆکان و چ لە سەر ئاستی دەوڵەت هەڵسەنگاندنی بۆ کراوە. ئەوەش خراوەتە ڕو کە لە تەک گرنگی بابەتەکانی ئەم زانستە تا چ ڕادەیەک دەزگای سیاسی و دپلۆماسی ئێرانی سودی لە تیۆر بنەما سەرکییەکانی وەرگرتووە؟ پەیوەندی مێژوو لە گەڵ پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان، جێگەی سەرنجی نوسەرانی پسپۆڕی ئێرانە لەم کۆکراوەیەدا. سەرنج خستنە سەر پرسیارە کوشندەکانی سیاسەتی نێودەوڵەتی کە وەک ڕێگای سەرکی بۆ پەیوەست بوون بە سیستەمی جهیانیەوە. کێشەکانی پەیوەست بە ژینگە و دادپەروەی و چەکی کۆکوژ و هاتا دوایی…

بەشی دووەمی کتێبەکە کە بەڕای من بەشی گرنک و ئامانجداری کتێبەکەیە تیشک دەخاتە سەر ڕاهێنان و لێکۆڵینەوە و پەروەردە لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان لە ئێراندا. ناوەندەکانی لێکۆڵینەوە لە ئێران لە سەر دۆسیە جیاوازەکانی پەیوەست بە جیهان و ئەو وڵاتانەی کە پەیوەندی ڕاستەوخۆیان لە گەڵ ئێراندا هەیە.

ئەمریکا ناسی: ئەمریکا ناسی لە ئێران تا ئێستاش بەشێکی کاڵ و پێنەگەیشتووی ناوەندەکانی لێکۆڵینەوەیە. لە گەڵ ئەوەی کە ئەمریکا وەک وڵاتێکی زلهێز لە پاش کۆنفرانسی ئاشتی پاریس لە ساڵی ١٩١٨ بە دیار کەوت و بووە جێگای سەرنجی ناوەندە جیهانییەکان، بەڵام پێش ئەو مێژووە، ئەمریکا و پەیوەندی لە گەڵ جهیان و وەک وڵاتێکی تازەکار لە سیاسەتی نێودەوڵتی دیاردەیەکی ئابووری بوو. واتە بەرژەوەندییە ئابوورییەکان کرۆکی سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکای پێکهێنابوو. بەڵام لە گەڵ هەموو ئەم فاکتانەشدا ئەمریکا ناسی لە ئێران وەک هەموو بوارەکانی لێکۆڵینەوەی زانستی بە دواکەوتنەوە هات. ئەو ناوەندانەی ناوخۆی ئێران کە دەرگایان لە سەر ئەمریکا ناسی ئاوەڵا کرد ناوەندی حکومەت و وەزارەتی دەرەوە و چەند ناوەندێکی باڵای وەک سەرۆکایەتی کۆمار بوون لە ئێران. شان بە شانی ئەم ناوەندانە لە سەر ئاستی زانکۆکان و ناوەندەکانی لێکۆڵینەوە چەندین هانگاوی گرنگ نراوە. بەڵام لە بەر حەساسیەتی بابەتەکە و ترس لە تەخوین و نەبوونی پەیوەندی لە گەڵ ناوەندەکانی لێکۆڵینەوە لە ئەمریکا لە دۆسیەیەیە هێشتا لە قۆناغەکانی سەرەتایی خۆیدایە. کە لە بەشی دووەی کتێبەکە بە وردی سەرنجی خراوەتە سەر.

ڕوسیا ناسی: مێژووی پەیوەندییەکانی ئێران و ڕوسیا مێژوویەکی پێنج سەد ساڵەی هەیە. ڕەگی ئەم مێژووە دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی سەفەویەکان لە ئێران. درێژخایەنترین و کۆنترین پەیوەندی دەرەوەی دەزگاکانی حوکمڕانی ئێرانە لە مێژووی خۆیدا. خاڵی وەرچەرخانی ئەم پەیوەندییانە لە ساڵی ١٩١٧ ڕوییدا. شۆڕشی ئۆکتۆبەر کاردانەوەی خۆری بۆ سەر ئێران و گۆڕانکارییەکانی دواتر هەبوو. بەڵام ڕوسیا ناسی نوێ لە ساڵی ١٩٩١ لە ئێران دەستپێدەکات. ڕووخانی سیستەمی سیاسی لە سۆڤیەت و نەمانی جەمسەری گرنگی جیهانی، رووسیا ناسی خستە قۆناغێکی ئاڵوز و هەستیار. گرنگی دان بە زمانی ڕوسی لە ناوەندنەکانی خوێندن و کردنەوەی باشەکانی ڕووسیا ناسی لە زانکۆکان و کردنەوەی ناوەندەکانی لێکۆڵینەوەی ڕووسیا لە ئێران، پێگەی ڕووسیا ناسی لە ئێران  تا ڕادەیەک پاراستووە. بە تایبەت ئەو سەنتەرانەی کە گرنگی بە لێکۆڵینەوەی سیاسی و ئەمنی دەدەن لە ئێران، بە شێەوەیەکی بەرچاوە کاران. بەڵام ڕەخنەگرانی ئەم بوارە نایشارنەوە کە ڕوسیا ناسی وەک ئەمریکا ناسی لە ژێر کاریگەرەری بارودۆخی سیاسی و ئابووری و پەیوەندییەکانی ئەو وڵاتانە لە گەڵ ئێران بەرز و نزمی بە خۆیەوە دەبینێت.

چین ناسی: ئەتوانین بڵێین نا هاوسەنگترین پەیوەندی ئێران لە گەڵ وڵاتانی جیهان پەیوەندی ئێران و چینە لە ڕوی ناسینەوە. لە گەڵ پێشینە و مێژووی جادەی ئاوریشم کە بە ئێراندا تێپەڕیوە، ئێرانیەکان تنها یەک کتێبی “خەتانامە” ی عەلی ئەکبەر خەتایی لە سەردەمی شا ئیسماعیلی سەفەوی هیچ سەرچاوەیەکی تریان لە بەردەست نیە. چین و جادەی ئاوریشم بۆ ئێران جگە لە بەها ئابوورییەکەی، وەک شوێنی خۆحەشاردانی نەیارانی دەسەڵات با کار هاتووە. بەڵام داوی سەرهەڵدانی چین وەگ زلهێزێکی ئابووری جیهانی سیاسەتی ئاوڕدانەوە بۆ ڕۆژهەڵاتی ئێران، چین گرنگی بۆ ئێران پەیدا کرد. لە ساڵی ١٩٤٩ بە دواوە و لە گەڵ سەرهەڵدانی ڕەوتی مائۆیی لە ئێران هەندێک لە کتێبەکانی ئەو ڕەوتە وەرگێڕانە سەر زمانی فارسی. چین لە ساڵی ١٩٥٧ لە ژێر کاریگەری تەوژمی ئەنترناسوۆنال، لە زانکۆی پەکین، کە زانکۆیەکی گرنگە لە چین، بەشی زمان و ئەدەبی فارسی کرایەوە. ئەمەش دەروازەیەک بو، بۆ مامۆستاکانی زانکۆ و روناکبیران کە چین بە هەند وەربگرن.لە ساڵی ١٩٨٠ دەسپێکی پەیوەندییە ئابوورییەکانی ئیێران و چین بوو. کە تا ساڵی ٢٠٠٠ زیاتر پەرەی سەند. پاشان ئەم پەیوەندیانە هەر بەردەوامە.

ڕۆژهەڵات ناسی لە ئێران و لە سەر ئاستی جیهان و ئایندەناسی وەک دو تەوەری گرنگ لەم کتێبەدا بە وردی لێکۆڵینەوەی لە سەر کراوە. ئەوەی کە گرنگە لەم کتێبەدا ئەو ڕوانگە شاراوەیە کە ناو بە ناو سەر هەڵدەدات ئەویش، پەیوەندی گەشەی دیموکراسی و ناوەندەکانی لێکۆڵینەوەیە لە سەر ئاستی جیهان و بە تایبەت لە ئێراندا. هەرچی گەشەی دیموکراسی لە ئاستی باڵا بێت ئەوا ناوەندەکانی لێکۆڵینەوەی نێودەوڵەتی زیاتر گەشە دەکەن. پێچەوانەکەشی ڕاستە. ئەم کتێبە دەتوانێت بە سود بیت بۆ ئێرانناسان و لێکۆڵیارانی ئەو بوارە. ئاشنامان دەکات بە ناوە دیارەکانی ئەو بوارە لە سیاسەتی نێودەوڵەتی ئێران لە زانکۆکان و ناوەندەکانی لێکۆڵینەوە لەو وڵاتە. کتێبەکە واقعی ناوەندەکانی لیکۆڵینەوەی نێودەوڵەتی ئێرانمان بۆ دەخاتە ڕو بە ڕوانگەیەکی ڕەخنەگرانە و ورد.

 

Send this to a friend