• Google Plus
  • Rss
  • Youtube
September 21, 2022

هەڵئاوسان و بەرزبوونەوەى نرخی کاڵا لە تورکیا

وەرگێڕان و ئامادەكردن: ڕەنجە عەبدوڵا

بەرایی                      

لە تورکیا بە هۆى بەرزبوونەوەى ڕێژەى هەڵئاوسانەوە، ڕۆژانە ڕێژەى بێکارى و هەژارى بەرەو قووڵبوونەوە دەچێت. گۆڤارى ئێمار[2] لە یەکەى توێژینەوەی داهات و ژیان و هەژاری بە مەبەستی ئاشکراکردنی ڕەهەندەکانی ئەم دۆخە کە گۆڕاوە بۆ بازنەیەکی بەتاڵ، کۆمەڵێک داتا و دەرئەنجام بڵاو دەکاتەوە. لەژێر ڕۆشنایی داتاکاندا، ئەو وردەکارییەى لە قۆناغی یەکەمی ڕاپۆرتەکەدا بەدەست هێنراوە؛ دەرکەوتووە بەرزبوونەوەى ڕێژەى هەڵئاوسان لەچاو وڵاتانی ئەندامی یەکێتیی ئەورووپادا نۆ هێندە زیاترە، هەروەها ڕێژەى هەڵئاوسان لەچاو وڵاتانی ڕێکخراوى هاریکارى و گەشەپێدانی ئابوورى بەتێکڕا هەشت هێندە زیاترە. لەگەڵ ئەوەشدا، هەژاران لەبەرامبەر بەرزبوونەوەى ڕێژەى هەڵئاوساندا دەستیان بە خۆراک ڕاناگات. هەروەها ژمارەی ئەو کەسانەی نەیانتوانیوە بە هۆى کۆرۆناوە دەستیان بە خۆراکی تەندروست بگات، بۆ ڕێژەی ٤ ملیۆن و ٦٠٠ هەزار کەس بەرز بووەتەوە. هەڵئاوسان بەرز دەبێتەوە، قەیرانەکە گەورەتر دەبێت، ئاستی داهاتی تاک دادەبەزێت. لە سەردەمی پەتاى کۆرۆنادا براوەى دۆخەکە سەرمایەداران و وەبەرهێنەران بوون و دۆڕاوەکەشی کرێکاران بوو، بۆیە هەژارى بەردەوام لە بەرزبوونەوەدایە، زیاتریش کاریگەریى لەسەر ژنان هەیە. ٣.٧ ملیۆن کەس سەرەڕاى ئەوەى کار دەکەن، کەچی هێشتاکوو هەژارن. ناسەقامیگرى و ناجێگیریى دۆخی کار، مەترسیی هەژارى بۆ سێ هێندە بەرز دەکاتەوە.

ڕێژەى هەڵاوسان لە تورکیا بەراورد بە ئەورووپا

لە تورکیادا زیادبوونی ڕێژەى هەڵئاوسان لە دۆخێکدایە نۆ هێندە لەسەرووى تێکڕاى کۆى گشتیی ڕێژەى هەڵئاوسانی وڵاتانی جیهانەوەیە. لە سەردەمی پەتاى کۆرۆنادا ڕێژەى هەڵئاوسان لە تەواوى وڵاتانی دونیادا بەرچاو کەوت، بەڵام لە تورکیادا سەرەڕاى بوونی پەتاى کۆرۆنا و  بەرەو خراپ چوونی ئاڕاستەى ئابووریى وڵاتەکە، ڕێگرى لە زیادبوونی هەڵئاوسان بووە کارێکی ئەستەم و تەواوى سنوورەکانی تێپەڕاند، ئەمەش تواناى کڕین و هەلومەرجی ژیانی هاوڵاتییانی خستە دۆخێکی نالەبارەوە. کاتێک شیکار بۆ ڕێژەى هەڵئاوسان لە وڵاتانی دیکەدا دەکەین، دەبینین ڕێژەى هەڵئاوسان لە مانگی مایسی ٢٠٢٢ لە تورکیا بەراورد بە وڵاتانی یەکێتیی ئەورووپا نۆ هێندە زیاترە، لە هەمان کاتدا بەراورد بە وڵاتانی ئەندامی ڕێکخراوى هاریکارى و گەشەپێدانی ئابوورى؛ ڕێژەکە هەشت هێندە بەرزترە.

ئەم خشتەی خوارەوە، داتا فەرمییەکانی ڕێژەى هەڵئاوسان کە مشتومڕیان لەسەر دەکەین دەخاتە ڕوو، لە هەمان کاتدا قورسایی دۆخەکە نیشان دەدات: گرووپی توێژینەوەی هەڵاوسان (ENAG)، ڕێژەی هەڵئاوسانی مانگی مایسی بە (١٦٠.٧%) ڕاگەیاند، کە ٢.١ هێندە زیاترە لە ڕێژەی هەڵاوسانی فەرمی.

خشتەى ژمارە (١)

بەراوردى ڕێژەى سەدیى هەڵئاوسانی وڵاتان دەخاتە ڕوو

سەرچاوە: داتاکانی تایبەت بە ڕێکخراوى هاریکارى و گەشەپێدانی ئابوورى، یەکێتیی ئەورووپا و ئەرژەنتین هیی مانگی نیسانی ساڵی (٢٠٢٢)ن، داتاى وڵاتەکانی دیکە هیی مانگی مایسی (٢٠٢٢)ن.

ڕێژەى هەڵئاوسان و کاریگەریى لەسەر خۆراک

ڕێژەى زیادبوونی هەڵاوسانی خۆراک زۆر لەسەرووى زیادبوونی ڕێژەى هەڵاوسانی گشتییەوەیە. بە گوێرەى ڕاپۆرتی تویک[3] کە لە مانگی مایسدا داتاکانی بڵاو کردەوە، هەڵئاوسانی خۆراک ڕێژەکەى (%٩١.٦) بوو. ئەم ڕێژەیە لە مانگی نیسانی وڵاتانی یەکێتیی ئەورووپا بەتێکڕا بریتی بووە لە (%٨.٦)، لە هەمان کاتدا تێکڕاى وڵاتانی ڕێکخراوى هاریکارى و گەشەپێدانی ئابوورى ڕێژەکە (%١١.٥) بووە. واتە ڕێژەى هەڵاوسانی خۆراک لە تورکیا (١٠.٣)ی ئەوەندەی وڵاتانی ئەندامی یەکێتیی ئەورووپا بووە، لە هەمان کاتدا (٧.٧) ئەوەندەی وڵاتانی ئەندامی ڕێکخراوى هاریکارى و گەشەپێدانی ئابوورى بووە.

بە گوێرەى ئەو هەژمارانەى ناوەندى توێژینەوەى دیسک[4] لە مانگی نیساندا بۆ ڕێژەى هەڵاوسانی خۆراکی بە گوێرەى ئاستی داهاتی تاک کردووە، وا دەردەکەوێت کە کاریگەریى جیاوازى لەسەر چینوتوێژە کۆمەڵایەتییە جیاوازەکان بەجێ هێشتبێت: ڕێژەى هەڵاوسانی خۆراکی لاى خانەنشینان بە ڕێژەى (١١٣.٥%)یە، هەڵاوسانی خۆراک لە دووەم هەژارترین گرووپی داهاتی لە سەددا (٢٠)یە، کە ڕێژەکە  دەکاتە (%١١٤.٩). هەڵاوسانی هەژارترین گرووپی داهاتی لە سەددا ٢٠، ڕێژەکەى (%١٣١.٦).

 خشتەى ژمارە (٢)

بەراوردی ڕێژەى هەڵاوسانی سەدیی خۆراکی دەکات

سەرچاوە: داتاکانی وڵاتانی ڕێکخراوى هاریکارى و گەشەپێدانی ئابوورى هیی مانگی نیسانن، داتاکانی تورکیا هیی مانگی مایسە و لەلایەن دامەزراوەى ئامارى تورکیاوە ئامادە کراوە.

  • کۆرۆنا و هەڵاوسان، دۆخێكی دژوار

بەرزبوونەوەى هەڵئاوسانی خۆراک ڕادەى دەستڕاگەیشتنی خەڵکی بە خۆراک قورستر کردووە. لەم دوو ساڵەى دواییدا، ڕێژەى ئەو کەسانەى کە دەڵێن نە مریشک و نە گۆشتمان لە ماوەى دوو ڕۆژى ڕابردوودا خواردووە، ١.٢ ملیۆن کەس بۆ سەر ڕێژە بنەڕەتییەکە زیادی کردووە. بە گوێرەى دەرئەنجامی داتاکانی تویک و ڕاپرسی لەسەر داهات و بارودۆخی ژیان لە ساڵی ٢٠١٩دا، ٢٧.١ ملیۆن کەس واتە ڕێژەى (%٣٣.٦)ی دانیشتووانی تورکیا وتوویانە کە پێداویستییەکانی وەک گۆشت و مریشک و هاوشێوەکانیان لە ماوەى دوو ڕۆژدا بۆ دابین نەکراوە. ئەم ژمارەیە لە ساڵی ٢٠٢١دا،  ٤.٦ ملیۆن کەسی بۆ زیاد بووە و ڕێژەکەى بۆ ٣١.٧ ملیۆن کەس زیادی کردووە، واتە (%٣٨.٣)ی دانیشتووانی تورکیا.

خشتەى ژمارە (٣)

بەراوردی ڕێژەى هەڵاوسانی خۆراکی و بەکاربردنی خۆراک لەنێوان ساڵانی (٢٠١٩-٢٠٢١)

سەرچاوە: تویک

  • بەرزبوونەوەی بەردەوامی هەڵئاوسان، قەیرانی گەورەتر و دابەزینی ئاستی داهاتی تاک

دابەزینی بەردەوامی بەهای لیرەی تورکی بەرامبەر بە دراوە بیانییەکان، هاوکات لەگەڵ زیادبوونی بەردەوامی هەڵاوساندا، داهاتی دەستی کارى بەرەو دابەزین بردووە. لە کاتێکدا لە مانگی کانوونی دووەمی ٢٠٢٢، کەمترین ڕێژەى داهاتی مووچەخۆرێک بریتی بووە لە ٤٢٥٣ لیرەى تورکی کە بەرامبەرەکەى بە دۆلار کردوویەتیە ٣١٥ دۆلار و لە هەمان کاتدا بە یۆرۆش ٢٧٨ یۆرۆ بووە، کەچی ئەم ڕێژەیە لە مانگی حوزەیراندا بەرامبەر بە دۆلار بۆ ٢٦٦ دۆلار و بەرامبەر بە یۆرۆ بۆ ٢٥٣ یۆرۆ دابەزیوە. واتە کەمترین داهات بە گوێرەى لیرەى تورکی لە ماوەى پێنج مانگدا بەرامبەر بە دۆلار بڕى ٤٩ دۆلار و بەرامبەر بە یۆرۆ بڕى ٢٥ یۆرۆ، بەهاکەى لەدەست داوە.

خشتەى ژمارە (٤)

بەراوردکردنی کەمترین داهات بە گوێرەى مانگەکان لەبەرامبەر دۆلار و یۆرۆدا

سەرچاوە: بانکی ناوەندیی کۆماری تورکیا، لەلایەن گۆڤارى توێژینەوەوە ئەم داتایانە بە پشتبەستن بە نرخی فرۆشتنی ئاڵوگۆڕى کاریگەر لە بانکی ناوەندیی کۆماری تورکیاوە بەهەند وەرگیراون، داتاکانی داتاى سەرى مانگەکانە.

  • پەتاى کۆرۆنا، وەبەرهێنەرانی براوە و کرێکارانی دۆڕاوە

پەتاى کۆرۆنا و لایەنی ئابوورى کە ڕووەو ئاڕاستەیەکی خراپ چوو، بوونە هۆکارى سەرەکیی قووڵبوونەوەى نایەکسانیی چینایەتی. ئەو داهاتەى چینی کرێکاران لە داهاتی نەتەوەیی وەریدەگرن؛ ساڵ بە ساڵ بەرەو کەمبوونەوە دەچێت، لە کاتێکدا داهاتی چینی سەرمایەداران زیادى کردووە. بە گوێرەى داتاکانی تویک، لە چارەکی یەکەمی ساڵی ٢٠١٩ تا چارەکی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٢، پارەی هێزی کار کە پێک دێت لە مووچە-کرێ کە بە شێوەی کاش یان بە شێوەی مانگانە دەدرێت و بەشدارییەکانی ئاسایشی کۆمەڵایەتی کە لەلایەن خاوەنکارەکانەوە بە ناوى کارمەندانەوە دەخەوێنرێت، واتە پشکی کار لە بەهای زیادکراودا بە ڕێژەی (٧.٣) خاڵ کەمی کردووە، لە (%٣٨.٨) بۆ (٣١.٥%) پاشەکشەى کردووە.

هەر لەو ماوەیەدا و ئەو پارەیەى دراوە بە فەرمانبەر و مووچەخۆران و پشکی سەرمایە لە بەهای زیادکراودا بە لێبڕینی باجی بەرهەمهێنان و یارمەتییەکان، بە ڕێژەی (٦.٨) خاڵ زیادی کردووە، واتە لە ( ٤٠.٨ %) بۆ (٤٧.٦%) زیادی کردووە. داتاکان دەریدەخەن کە براوەی قۆناغی پەتاکە وەبەرهێنەران بووە، دۆڕاویش کرێکاران بووە. ئەم دۆخە هەژاریی قووڵتر و نایەکسانیی زیاتر کردووەتەوە.

خشتەى ژمارە (٥)

 دابەشبوونی داهات بە گوێرەى کۆی بەرهەمی ناوخۆیی

سەرچاوە: تویک

  • بەرزبوونەوەی بەردەوامی هەژاری و كاریگەریی لەسەر ژنان

کاتێک لە داتا فەرمییەکانی تورکیا لە بارەى هەژارییەوە دەڕوانین، دەبینین لەگەڵ دەستپێکردنی پەتاى کۆرۆنادا ڕێژەکە بە نزیکەى نیوملیۆن (٢.٥%) بەرز بووەتەوە، لە کاتێکدا لە ساڵی ٢٠١٩ ڕێژەکە (١٧.٢) ملیۆن واتە (%٢٠.٨) بووە، کەچی ئەم ڕێژەیە لە ساڵی ٢٠٢١دا بووەتە (١٧.٦) ملیۆن کەس، واتە ڕێژەکە بۆ (٢١.٣%) بەرز بووەتەوە.

کاتێک لە ڕوانگەى جێندەرییەوە شیکردنەوە و بەراوردکارى بۆ ئەم داتایانە دەکەین، دیسانەوە وەهاى نیشان دەدات کە ژنان زیاتر بەر کاریگەرییەکانی هەژاری کەوتوون. هەژارى لە پیاواندا (٨.٥) ملیۆن کەسە و بە ڕێژەى سەدی (%٢٠.٨) دەکات، کەچی لە ژناندا ٩ ملیۆن کەسە و بە ڕێژەى سەدى (%٢١.٨) دەکات.

خشتەى ژمارە (٦)

سەرچاوە: ئەم داتایانە لەلایەن گۆڤارى توێژینەوەوە دواى هەژمارى ورد لە تویکەوە وەرگیراون.

  • ٣.٧ ملیۆن خەڵكی هەژار

ژمارەى ئەو کەسانەى هەژارن، سەرەڕاى ئەوەى کار دەکەن و خاوەنی داهاتێکن، بۆ ٣.٧ ملیۆن کەس بەرز بووەتەوە کە دەکاتە ڕێژەى (%١٣.٦). کاتێک بە گوێرەى ڕەگەز لە داتاکانی هەژارى دەڕوانین، دەبینین پیاوانی کارکەر لە ژنانی کارکەر بە ڕێژەیەکی زیاتر هەژارن. ژمارەى پیاوانی ئیشکەرى هەژار، ٢.٨ ملیۆن کەسە کە ڕێژەى (%١٤.٨)ی پیاوان پێک دێنێت، هەر چی ژمارەى ژنانی ئیشکەرى هەژارە، ٨٨٢ هەزار کەسە و ڕێژەى (%١٠.٦)ی ژنان پێک دێنێت. ئەگەرچی کاتێک بە شێوەیەکی گشتی سەیرى داتاکانی هەژارى دەکەین، ڕێژەى ژنانی هەژار لە پیاوانی هەژار زیاترە، بەڵام کە بابەتەکە دێتە سەر کەسی هەژاری ئیشکەر، دەبینین ڕێژەى پیاوانی هەژاری ئیشکەر لە ڕێژەى ژنانی ئیشکەر زیاترە، هۆکارى ئەمەش پەیوەندیی بەوەوە هەیە کە پیاوان لە بوارى کارکردنی دەرەوەى ماڵدا لەچاو ژناندا ڕێژەیەکی زیاتریان کار دەکەن.

خشتەی ژمارە (٧)

هەژارانی ئیشکەر بۆ ساڵی ٢٠٢١ نیشان دەدات

سەرچاوە: ئەم داتایانە لەلایەن گۆڤارى توێژینەوەوە دواى هەژمارى ورد لە تویکەوە وەرگیراون.

 

  • ناسەقامیگریى دۆخی کار و بەرزبوونەوەی مەترسیی هەژارى

ناسەقامگیرى و ناجێگیریى کار، مەترسیی هەژارى لاى ئیشکەران بۆ سێ هێندە بەرز دەکاتەوە. بە پێی جۆرەکانی گرێبەست لە تورکیا، مەترسیی هەژاری بۆ ئەو کەسانەی کە کارێکی کاتییان هەیە، زۆر زیاترە لەوانەی کە بەهەمیشەیی کار دەکەن. لە کاتێکدا مەترسیی هەژارى لەسەر ئەو کەسانەى کە لە کارێکدا بە شێوەی هەمیشەیی کار دەکەن؛ ڕێژەکەى (٨.٣%)ە، کەچی بۆ ئەو کەسانەی کە لە کارێکی کاتی و گرێبەستێکدا کار دەکەن؛ مەترسیی ڕێژەى هەژارییەکەیان بۆ سێ هێندە بەرز دەبێتەوە و دەبێتە (٢٢.٩%). تێکڕاى ڕێژەى مەترسیی هەژارى بۆ ئەوانەى کە بەهەمیشەیی لە یەکێک لە وڵاتانی یەکێتیی ئەورووپادا کار دەکەن، بریتییە لە (٥.٥%)، بەڵام بۆ ئەوانەى بە شێوەى کاتی لە شوێنێکدا کار دەکەن، دیسانەوە لە یەکێک لە وڵاتانی یەکێتیی ئەورووپا کە تێکڕاى وەرگیراوە، ڕێژەکە بریتییە لە (١٥%). هەر لەبەر ئەمەش، کاتێک خەبات دژى هەژارى دەکرێت، داواکارى و درووشمی “کارى سەقامگیر و جێگیر” بەرز دەکرێتەوە.

خشتەى ژمارە (٨)

ڕێژەى سەدیی مەترسی لەسەر هەژارى بە گوێرەى جۆرەکانی گرێبەست لە ساڵی 2020-دا ڕوون دەکاتەوە

سەرچاوە: وڵاتانی ئەورووپی (٢٠٢٠) فەڕەنسا و ئەڵمانيا نەخراونەتە نێو شیکارییەکەوە، بە هۆی پچڕانی و دابڕانی کاتەوە.

هێڵی برسێتی و هەژارى

  • هێڵی هەژارى ٦٠١٧ لیرەى تورکییە و کەمترین مووچەى ئێستاش سەرووى ١٧٦٤ (١٠٠ دۆلار) لیرەیە.
  • ڕێژەى هەڵئاوسان لە پێداویستییەکانی چێشتخانەدا لە ئێستادا مانگانە بە ڕێژەى (١٣%) زیاد دەکات، لە کۆتا دوازدە مانگدا بە ڕێژەى (١٠٧%) زیادی کردووە.
  • پڕکردنەوەى پێداویستییە بنەڕەتییەکان زۆر قورس بووە. هێڵی هەژارى، ١٩٦٠٧ لیرەیە بۆ هەر خێزانێک!
  • ئیشکەرێکی سەڵت تێچووی ژیانی مانگانەى گەیشتووە بە ٧٨٣٦ لیرەى تورکی.

لەگەڵ زیادبوونی تێچووى بەرهەمهێنان و دابینکردندا و کاریگەریى خستنەڕوو لە پێناو پاراستنی هێزى کڕیندا کە هەموو ڕۆژێک ڕوو لە دابەزینە، بە هۆکاری کاریگەریى داواکاریى پێشوەختە لەسەر شتومەکەکان، لەپێش هەموویەوە پێداویستییەکانی وەک خۆراک، ناتوانرێت ڕێگرى لە بەرزبوونەوەى نرخەکان بکرێت. جگە لەوەش، کەمکردنەوەی باجی زیادە لەسەر خۆراکە سەرەکییەکان و هەندێک پێداویستیی سەرەتایی لە بازاڕدا، کە هاوسەنگیی نرخەکانیان لە ئەنجامی کەمیی ڕێژەی سوود و فراوانبوونی قەرزەکانەوە تێک چووە، داشکاندن لە باجەکانیش لەچاو بەرزبوونەوەی نرخەکاندا دوا کەوتووە، هەروەها ئەمەش بۆخۆى بووەتە هۆی کەمبوونەوەی داهاتی باج.

نە هەڵاوسان خاو دەبێتەوە و  نە هێزى کڕینیش بەرز دەبێتەوە. سەرەڕاى هەوڵی پاراستنی پارەی خەوتووى بانک بە هۆى زیادبوونی مەترسی لەسەر سەبەتەى دراو، نرخی لیرەى تورکی لەبەرامبەر دراوەکانی دیکە بەردەوام دادەبەزێت. لەو کاتەوەى دەست بە بەکارهێنانی دراوى نوێی لیرەى تورکی لە مانگی کانوونی دووەمی ساڵى (٢٠٠٩)وە تاوەکوو مانگی نیسانی ساڵی  ٢٠٢٢ کراوە، بە گوێرەى داتاکانی بانکی ناوەندی دەستاودەستکردنی پارەى کاغەزى لەدوای دراوى کاغەزی پێنج لیرەییەوە؛ دراوى کاغەزى دوو سەد لیرە و سەد لیرەیی بووە، ئەمەش وەک یەکێک لە بەڵگەکانی لەدەستدانی بەهاى لیرەى تورکی قبووڵ دەکرێت.

بە گوێرەى داتا فەرمییەکانی مانگی نیسان، پێوانەى بەرهەمهێنەرى نرخ لە بوارى کشتوکاڵ (%١١٨.٥) و پێوانەى بەرهەمهێنەرى نرخی دەرەوەى وڵات وەک ئەوەى لە مانگی ڕابردوودا خەمڵێنرابوو، دیسانەوە کەمبوونەوەى نرخی خۆراک لە مانگەکانی هاویندا بە ئەگەرێکی زۆر لاواز ئاماژەى بۆ دەکرێت.

کرێکار، فەرمانبەر، خانەنشینان، خوێندکار و چینی دووکاندار؛ ناتوانن هەناسە بدەن، لەبەر ئەوەى هەڵاوسانی بەرز یەکێکە لە گەورەترین بەربەستەکانی بەردەم گەشەی بەهێزی بەردەوام، ئەمەش دەبێتە هۆی زیادبوونی بەردەوامی ڕێژەى بێکارى. بە هۆى بەرزبوونەوەى بەردەوامی ڕێژەى هەڵاوسانەوە و دابەزینی تواناى کڕین بە شێوەیەکی بەردەوام و ڕۆژانە لەلاى هاوڵاتییان، ئەمەش بووەتە هۆکارێک بۆ زیادبوونی کەیسی بەدواداچوون لەلایەن پۆلیسەوە کە ئەمەش لە زمانی بەڕێوەبەرى مارکێتەکانەوە ئاماژەى بۆ دەکرێت.

ئەنجامی توێژینەوەیەکی تورک-ئیش لە مایسی ٢٠٢٢:

  • خێزانێکی چوار کەسی بۆ بەدەستهێنانی بڕى خۆراکی پێویست، تەندروست و گونجاو، مانگانە پێویستیان بە (٦٠١٧.٨٥ لیرەیە)، واتە ئەمەش هێڵی برسێتییە.
  • بۆ دیاریکردنی هێڵی هەژارى، دەبێت لەگەڵ بڕى پێویستی خۆراکدا پێداویستییەکانی وەک: پۆشاک، نشینگە (کرێ، کارەبا، ئاو، سووتەمەنی)، هاتوچۆ، پەروەردە و خوێندن، تەندروستی و پێداویستییە هاوشێوەکانی دیکە بۆ دیاریکردنی هێڵی هەژارى بە گوێرەى مانگانە هەژمار بکرێت، بەم گوێرەیەش کۆى گشتیی خەرجیی ئەمانە بریتییە لە (١٩٦٠٢.١٤)، واتە هێڵی هەژاریى ئەو بڕەیە.
  • خەرجییەکانی تاکێکی سەڵت (تێچووى ژیان) بۆ (٧٨٣٦.٤٦) لیرە بەرز بووەتەوە.

لە چوارچێوەى پەیڕەویکردنی پارێزگارى لە بڕى پارەى خەوتووى بانک (نرخی دراوى نیشتمانی)، لەلایەن گەنجینەى داراییەوە بڕى (١٦.٢) ملیار لیرە خراوەتە سەر هەژمارى خاوەن هەژمارەکان، لێرەدا بڕى لێخۆشبوون لە باجەکان بۆ (١٠.٢) ملیار بەرز بووەتەوە. بە هۆى ئەم پێشهاتەوە، لە مانگی نیسانی ٢٠٢٢دا نزیکەى ٥٠ ملیار لیرە کورتهێنان لە بودجەدا هەبوو. بۆ یەکەم جار لە مێژووی کۆماردا، پێدانی سوودی قەرزی ناوخۆیی لە سەرەکی (سەرمایە) زیاتر بوو. کۆى گشتیی سەرمایەی ئەو قەرزە ناوخۆییەى لەلایەن گەنجینەى داراییەوە دەبێت بدرێت، بڕەکەى ١.٥ ترلیۆنە. کەچی بڕى دانی سوودەکەى، ٢ ترلیۆنی ڕێک بوو. لاوازى لە هێزى کڕیندا و ئەم قەرزانەى لە داهاتوودا دەگەڕێنەوە سەر هاوڵاتییان، نیگەرانیی دەستەبەرکردنی داهاتی مانگانەی لە داهاتوودا خوڵقاندووە.

بە گوێرەى داتا فەرمییەکان، تێچووى کەرتی بیناسازى (%١٠٢) زیادی کردووە، نرخی نشینگەکانیش بە ڕێژەى (%٩٦) زیادى کردووە. نرخی پێداویستییەکانی بونیادنان لە کەرتی بیناسازیدا، بە ڕێژەى (١\٣) زیادى کردووە. لە ئەنجامی زیادبوونی هەڵاوسان بە شێوەیەکی خێرا، تێچووى ژیانیش بەخێرایی لەگەڵیدا بەرز دەبێتەوە. بۆ پێشبینی، دەکرێت لە مانگەکانی کۆتایی ساڵی ٢٠٢٢دا پشکی مووچەخۆران لە داهاتی گشتی کەمترین ئاست تۆمار بکات.

بە گوێرەى ئەو داتا بنەڕەتییانەى کە تورک-ئیش لە مانگی مایسدا و لە گۆڕانکارییەکانی هەڵاوسانی چێشتخانەدا وەریگرتووە، بەم شێوەیە خراوەتە ڕوو:

  • کەمترین ڕێژەى خەرجی بۆ خێزانێکی چوار کەسی لە ئەنقەرە لە پەیوەندیدا بە پڕکردنەوەى پێداویستییە خۆراکییەکانەوە، بەراورد بە مانگی پێشوو بە بڕى (%١٣) زیادی کردووە.
  • کۆى گشتیی ئەو زیادبوونانەى لە دوازدە مانگی ڕابردوودا هەبووە، بریتییە لە (%١٠٧.٧٦).
  • گۆڕانکارییەکە لە ماوەى پێنج مانگدا بە ڕێژەى (%٤٦.٨٥) بەرەو زیادبوون چووە.

 

بە گوێرەى حساباتەکانی تورک ئیش کە نرخی کاڵا و شتومەکانی ڕاستەخۆ لە بازاڕەوە وەرگرتووە، ئەو گۆڕانکارییەی لە بەرهەمە خۆراکییەکان تا مانگی مایسی ٢٠٢٢ بەدی کراوە، بە پێی گرووپەکانی خەرجییەکان بەم شێوەیە بووە:

  • گرووپی شیر، ماست و پەنیر

ئەو کەموکوڕییەی لە نرخ و بەهاى بەرهەمەکانی شیرەمەنیدا لە دوو مانگی ڕابردوودا تێبینی کراوە، بە بەرزکردنەوەی نرخی شیری خاو ڕاست کراوەتەوە. لەگەڵ خاوبوونەوەى ڕێژەى بەرزبوونەوەى نرخی شیردا، کەچی بە ڕێژەى (%١٠) لە مارکێتەکاندا بەرزبوونەوەى بەخۆیەوە بینی. بە هەمان شێوە، پەنیر بە ڕێژەى (%١٠) بەرزبوونەوە لە نرخەکەیدا ڕووی داوە. هەر چی ماستیشە، ڕێژەى گۆڕانکارى لە نرخەکەیدا بریتییە لە (%٢٤). بە گوێرەى داتا فەرمییەکان، بەرهەمهێنانی شیرى خاو بە ڕێژەى (%١.٣) لە ساڵی ٢٠٢١-دا کەم بووەتەوە. بە هۆى زیادبوونی ژمارەى دانیشتووان و بوونی ڕێژەیەکی زۆرى پەنابەران لە وڵاتدا، هەروەها بەردەوامی لە بەرزبوونەوەى ڕێژەى تێچووى بەرهەمهێنان و کەمبوونەوەى بەرهەمهێنانی ڕێژەى شیر، وا پێشبینی دەکرێت لە مانگەکانی هاوینی ساڵی ٢٠٢٢؛ ڕێژەى شیر و بەرهەمە شیرەمەنییەکان بەرزبوونەوەى زیاتر لە نرخدا بەخۆیانەوە ببینن.

  • گرووپی گۆشت، مریشک، ماسی، پاقلەمەنییەکان و بەرهەمەکانی ڕۆنی ڕووەکی

لە مانگی مایسدا بەرزبوونەوە لە نرخی گۆشتی گوێرەکە، بەرخ، مریشک و ماسی و تەواوى گۆشتەمەنییەکانی دیکەدا ڕووی داوە. بە هۆى وەرزى قەدەغەى ڕاوەماسییەوە، فرەچەشنی لە خستنەڕووى جۆرەکانی ماسی و ڕێژەى ماسی لە بازاڕدا کەم بوویەوە، بەم هۆیەوە بەرزبوونەوە بە ڕێژەى (%٣٠) لە نرخی ماسیدا ڕووی دا. یەک کیلۆ مریشک بۆ ٤٠ لیرە بەرز بووەتەوە. لە پەیوەندیدا بە پاقلەمەنییەکانەوە، نرخی نیسکی سوور وەک خۆى مایەوە، بەڵام نرخی فاسۆلیا و ڕۆنە ڕووەکییەکان بەرزبوونەوەى بەخۆیەوە بینی.

  • گرووپی نان و دانەوێڵە

وەک ئەوەى لە مانگی نیساندا پێشبینیمان کردبوو، لەدواى جەژنی ڕەمەزانەوە بۆ دووەم جار بەرزبوونەوە لە نرخی ناندا ڕووی دا بە شێوەیەک بۆ هەر ٢٠٠ گرامێک بەرانبەر بە سێ لیرە جێگیر کرا. بەتەواوى بەرزبوونەوە لە نرخی مەعکەرۆنی، برنج، ساوەر، ئارد و سمیتی هاڕاودا ڕووی دا. لەم گرووپەدا زۆرترین بەرزبوونەوە لە نرخی مەعکەرۆنیدا بوو کە ڕێژەکەى بریتییە لە (%١٤)، برنجیش بە ڕێژەى (%١٢) بەرزبوونەوەى بەخۆیەوە بینی، سمیتی هاڕاویش (%١١)بوو. دووکاندار و فرۆشیارەکان بۆ ئەوەى کاڵاکانیان بفرۆشن، دەستیان بە فرۆشتنی نیوسەموون و نیوسمیت کردووە. بەو پێیەی وڵاتانی گەورەی هەناردەکاری گەنم لە جیهاندا دابینکردنی گەنمیان کەم کردووەتەوە و لە هەمان کاتدا لەبەر ئەوەى لە تورکیاشدا هیچ بەرهەمێکی گەنمی بۆ دابینکردنی بەکارهێنانی ناوخۆ و هەناردەکردنی بەرهەمی گەنمی بۆ دەرەوەى تورکیا، واتە هەم بە هۆکارى ناوخۆیی و هەم بە هۆکارى دەرەکی، بەرزبوونەوەی نرخ لە گەنم و بەرهەمە خۆراکییەکانی پەیوەست بە گەنمەوە لە مانگەکانی هاویندا وەک حاڵەتێکی حەتمی سەیر دەکرێت.

  • گرووپی سەوزە و میوە

لەگەڵ گەرمبوونی كەشوهەوادا، لە بازاڕەکاندا نرخی سەوزەکانی وەک مەعدەنووس، جەرجیر، کاهوو و کەلەرم، گەڵا سەوزەکانی وەک سپێناخ؛ نرخەکانیان دابەزینی بەخۆوە بینی. پەتاتە کە زۆر بەکار دەهێنرێت، هێشتاکوو لەسەروو ١٠ لیرەوە دەفرۆشرێت. لۆبیا کیلۆی ٣٠ لیرەیە، فاسۆلیا ٢٥ لیرە، پاقلە ٢٠، لە عەرەبانە و دەستگێڕەکاندا گونجاوترین نرخ بەزالیایە کە بە ١٥ لیرە فرۆشراوە. نرخی پیاز بۆ (٨.٥) بەرز بووەتەوە. نرخی سەوزەکانی وەک کولەکە، باینجان و بیبەر دابەزى، تەماتە وەک خۆى ماوەتەوە. جگە لە زیادبوونی تێچووی بەرهەمهێنان بە هۆى سەرماکانی مانگی ئازارەوە،  کۆى بەرهەمی ساڵانەى میوە کەمی کردووە و لە دووکانەکاندا بە نرخێکی بەرز دەفرۆشرێن. شلیک، قەیسی و قۆخی لووس لە ٢٥ لیرەوە دەفرۆشرێن، هەڵووژەترشە و گێلاس لەسەرووى ٣٥ لیرەوە دەفرۆشرێن. لەو میوە بەهارییانەشی کە دەستخستنیان ئاسانە وەک چوالە، نرخی کیلۆیەک ٢٠ لیرەیە، هەنگی دونیا ١٥ لیرە و مۆزى خۆماڵیی تورکی بە ٢٠-٢٢ لیرە فرۆشراوە. تێکڕاى فرۆشتنی کیلۆى سەوزە، (١٢.٥) لیرەیە. تێکڕاى فرۆشتنی کیلۆیەک میوە، (١٨.٣) لیرەیە. واتە بە کۆى گشتی لە ٢٠ جۆرى سەوزە و ٥ جۆرى میوەدا، گۆڕانکارى لە نرخدا ڕووی داوە. بەگشتی بۆ تێکڕاى کیلۆیەک میوە و سەوزە (١٣.٤٦) لیرە بووە، لە کاتێکدا پێشتر نیوەى ئەو نرخە بووە.

  • گرووپی بەرهەمە ڕۆنییەکان

ڕۆنی گوڵەبەڕۆژە، ڕۆنی زەیتوون و کەرە، نرخیان زیادی کردووە. یەک کیلۆ ڕۆنی گوڵەبەڕۆژە تاوەکوو (٥٦.٥٠) لیرە بەرز بووەتەوە. لە ماوەى ئەم مانگی کۆتاییەدا، نرخی کەرە کە بە ڕێژەى (%٢٥) زیادی کردبوو، ڕیکۆردێکی نوێى تۆمار کرد، ئەمەش بووە هۆکارى زیادکردنی نرخی شیرى خاو، چونکە فشارى کردووەتە سەر نرخەکانی دیکە. لە هەندێک لە مارکێتەکاندا ڕێوشوێنی پێویست بۆ ڕێگرى لە دزینی ڕۆنی شلدا گیراوەتە بەر و تا ئێستاش بەردەوامە.

  • کۆتا گرووپی ماددە خۆراکییەکانی دیکە

لە شیرینییە جۆراوجۆرەکاندا، لە ماوەى دوازدە مانگی ڕابردوودا بە گوێرەى جیاوازیى براندەکان کەمبوونەوەیان تێبینی کراوە. جیاوازیى نرخ لەنێوان شەکرى سپی و جۆرەکانی دیکەى شەکرى گۆڕاودا دروست بووە. ئەم مانگە لەگەڵ خستنەڕووى نرخی نوێى چا، تێکڕاى نرخی کیلۆیەک چاى ڕەش (%٥٠) بەرزبوونەوەى نرخی بەخۆیەوە بینی. لە ئەنجامدا فرۆشتنی چا بە پاکەت لێرە و لەوێ بەتێکڕا نرخەکەى لە (٦٠.٥٠) لیرە دیاری کراوە. ئیخلامور لە ماوەى مانگێکدا (%١٨) نرخەکەى بەرز بووەتەوە. ئەگەرچی بەرزبوونەوەى نرخی زەیتوونی ڕەش و مرەبا و دۆشاو لەچاو گرووپەکانی دیکەدا کەمترە، بەڵام لەم مانگەدا نرخی زەیتوونی زەرد بە ڕێژەى (%٢٣) بەرز بووەتەوە و نرخی دۆشاوى ترێش بە ڕێژەى (%١٥) زیادی کردووە. هەنگوینیش بۆ ماوەى سێ مانگ نرخی دابەزیبوو، بەڵام لەم مانگەى کۆتاییدا نرخەکەى بە ڕێژەى (%٣٠) بەرز بووەتەوە. نرخی خوێ و جۆرەکانی دیکەى بەهارات دابەزیوە.

پێویستە جەخت لەوە بکرێتەوە کە بڕی ئەو خەرجییانەی کە ئاشکرا دەکرێن لە ئاستی کرێدا نییە، بەڵکوو هاوتای کۆی داهاتە کە پێویستە بخرێتە ناو ماڵەوە. بەڵام لە وڵاتی تورکیادا ڕێژەى بەگەڕخستنی توانا و بەتایبەت لە ژناندا، تا بڵێی لە ئاستێکی کەمدایە. لەو کەسانەى کە کارى کرێگرتە دەکەن و بڕى داهاتی خێزان و ماڵ دابین دەکەن، بەزۆرى ژمارەیان یەک کەسە. بڕى ئەو کرێیەى مانگانە کەسێک بەدەستی دەهێنێت لە حاڵەتێکدا کە ئەگەر بەشیان نەکات و نەتوانێت بڕى ئەو داهاتەى بەدەستی دەهێنن پێداویستییەکان پڕ بکاتەوە، ئەو بڕە خەرجییانەی کە دەبێ بۆ “بژێویی مرۆڤ”ی هەر کەسێک هەبێت، کورت دەهێنێت و پێداویستییەکان دابین ناکات. بە گوێرەى ئەو هەژمارانەى لەلایەن کۆنفیدراسیۆنەکەمانەوە کراوە، کۆى گشتی لە ئاستی کرێی کاردا نییە، بەڵکوو هاوتاى کۆى داهاتەکانە کە دەبێت بخرێتە نێو ماڵەوە.

ئەم توێژینەوەیە یەکەم جارە بڵاو بکرێتەوە و لەلایەن تورک-ئیشەوە ئەنجام دراوە. هەر توێژینەوەیەک لەمەودوا لەم بوارەدا ئەنجام بدرێت، ئەوا ئەم توێژینەوەیە دەبێتە نموونەى پێشەنگ بۆى.

لە توێژینەوەکەماندا بۆ دیاریکردنی هێڵی هەژارى و برسێتی، نرخی ئەو ماددە خۆراکییانەى کە بۆ حساباتەکانمان لەلایەن کۆنفیدراسیۆنەکەمانەوە لە بازاڕ، مارکێت و دەستگێڕ و دووکانەکاندا وەرگیراوە، نەتوانراوە بە شێوەیەکی ڕێکوپێک و بەردەوام دیاری بکرێت. وەک ئەو توێژینەوانەى دیکە کە ئەنجام دراون، لێرەدا ئەو داتایانە وەرگیراون کە تویک خستوونیەتە ڕوو، بەڵام بۆ هەڵسەنگاندنی پێشهاتەکان و پێوانەکردن، چاودێریى بڵاوکردنەوەى داتا فەرمییەکانی پەیوەست بە هەڵاوسانەوە دەکرێت. لەم ڕوانگەیەوە توێژینەوەکە دیدگایەکی سەربەخۆیانەى هەیە.

کۆنفیدراسیۆنەکەمان لە کۆتایی هەموو مانگێکدا بە نزیکەى هەفتەیەک پێش تویک، بە گوێرەى حیساباتەکانی خۆى، داتاکانی بۆ ڕاى گشتی خستووەتە ڕوو. لەم ڕوانگەیەوە، ئەم توێژینەوەیە هەڵگری کوالێتیی “نیشاندەرێکی پێشەنگ”ە کە ڕەنگدانەوەی کردەى بەرزبوونەوەیە لە نرخەکانی بەکاربەردا.

سەرچاوەکان

  1. Gelir, Yaşam Ve Yoksunluk, GENEL-İŞ Emek Araştırma Dairesi, Bu Araştırma DİSK/Genel-İş Araştırma Dairesi Tarafından Hazırlanmış Ve Haziran 2022 Tarihinde Kamuoyuna Sunulmuştur. Araştırma Emar Kaynak Gösterilerek Kullanılabilir.

توێژینەوەیەكە لە لایەن دیسکی گۆڤارى توێژینەوەى کارەوە ئامادە کراوە و لە حوزەیرانی ٢٠٢٢ بۆ ڕاى گشتی خراوەتە ڕوو. لایەنی بڵاوکارى توێژینەوەکە، سەندیکای کرێکارانی خزمەتگوزارییە گشتییەکانی تورکیایە. ئەم ڕێکخراوە لە ٢٢ی نیسانی ١٩٦٢ دامەزراوە و عەبدوڵا باشتورک لە یەکەمین کۆبوونەوەی گشتیدا لە ١٥-١٦ی تشرینی دووەمی ١٩٦٢ وەک سەرۆک دیاری کراوە و لە ئێستادا ڕەمزى چاڵشکان بەڕێوەبەرى گشتییە و شوکرەت سێڤگەنەر سکرتێرى گشتییە.

  1. Türk-Iş Haber Bülteni, Açlik Ve Yoksulluk Siniri, 27 Mayıs 2022, www.turkis.org.tr.

توێژینەوەیەكە لەلایەن فیدراسیۆنی سەندیکاى کرێکارانی تورکیاوە لە ٢٧ی مایسی ٢٠٢٢ بڵاو کراوەتەوە. ئەم فیدراسیۆنە یەکێکە لە چوار ناوەندە گەورەکەى کرێکارانی تورکیا و بە تورک-ئیش ناسراوە. لە ساڵی ١٩٥٢ دامەزراوە و کۆنترینی هەرچوار ناوەندەکەیە، وەرزانە لە بارەى بارودۆخی ئابووریى تورکیاوە ڕاپۆرتی خۆى بڵاو دەکاتەوە.

 

[1]  ئەم وەرگێڕانە بەرهەمی لێکدان و کۆکردنەوەى دوو توێژینەوەى جیاوازە لەسەر بابەتەكانی هەژارى و ناسەقامگیریی بارودۆخی ئابووریى تورکیایە. توێژینەوەی یەکەم جگە لەو پێشنیارانەی كە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەى دۆخی ئابووریى تورکیا خراونەتە ڕوو، بەتەواوى وەرگێڕدراوە و توێژینەوەى دووەم بە دەستکارییەوە و لە پێناو دووبارەنەبوونەوەی زانیارییەکاندا ئەوەى ناپێویست بووە وەرەگێڕاوە.

[2]  گۆڤارى توێژینەوەى کار

[3]  دامەزراوەی ئاماریی تورکیا (Türk İstatistik Kurumu)

[4]   ناوەندی توێژینەوەی کۆنفیدراسیۆنی شۆڕشگێڕی سەندیکاکانی کرێکارانی تورکیا

گۆڤاری ئایندەناسی ژمارەی چواردەیەم (14)، ئەیلول 2022

Send this to a friend