• Google Plus
  • Rss
  • Youtube
August 2, 2022

سیاسەتی شووناس، پەروەردە و فێرکردن و ئاسايشی نەتەوەیی لە ئێران

ڕەزا خەلیلی[1]

حامد میھرەبان ئینچەبرون[2]

وەرگێڕانی: سامان عەبدوڵا

بۆ بینینی بابه‌ته‌كه به‌ PDF‌ كلیك له‌م به‌سته‌ره‌ بكه‌:-  ژمارە (4)ی ته‌موزی 2022ی وه‌رزنامه‌ی ئێرانناسی

بەرایی

لەم وتارەدا[3] کاریگەریی ئەو سیاسەتە شووناسە تاووتوێ دەکەین کە لە پەڕتوکەکانی پەروەردە و فێرکردندا لەسەر ئاسایشی نەتەوەیی ڕەنگی داوەتەوە. پرسیاری سەرەکی ئەوەیە؛ سیاسەتی شووناسی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە پەڕتوکەکانی خوێندن، لە بەشی وانەی کۆمەڵایەتی قۆناغی یەکەمی ناوەندی، چ کاریگەرییەکیان لەسەر ئاسایشی نەتەوەیی ھەیە؟ شێوازی لێکۆڵینەوەکە لەسەر بنەمای تەکنیکی لێکۆڵینەوەی ناوەڕۆکی چۆنیەتی لەگەڵ ڕوانگەی پێوانەییدایە و لێکۆڵینەوە لەسەر سێ پەڕتوکی وانەی کۆمەڵایەتی قۆناغی یەکەمی ناوەندی کراوە کە ساڵی (١٣٩٩-١٤٠٠) لە خوێندنگەکانی ئێراندا خوێندراون. ئەوەی دەرکەوتووە پیشانی دەدات کە ئەو پەڕتوکانە وێنەیەکی نەشیاو و ناڕێکیان پێشکەشکردوە لە گرنگیدان بە لایەن و ڕەوتە جیاوازەکانی شووناسی نەتەوەیی، تایەفیی، ئایینیی، ئایینزایی و ڕەگەزیی. جگە لەوەش، تەنانەت گرنگیەکی کەمیان داوە بە پێکھاتەکانی شووناسی نوێگەری و سوننەکان، ھەروەھا بەزۆری ئاڕاستەی نەرێنی هەبووە. ئەم چەشنە سیاسەتە شووناسە سەپێنراوە، دەبێتە ھۆی لاواز نەبوونی شووناسە چەند ئاڕاستەییە بەرجەستەکانی خوێندکاران و لە ئاکامدا لاوازبوونی شووناسی نەتەوەیی و ھەڕەشە لەسەر ئاسایشی نەتەوەیی.

وشە سەرەکییەکان: سیاسەتی شووناس، ئاسایشی نەتەوەیی، پەڕتوکی خوێندن، قۆناغی ناوەندی، ئێران.

پێشەکی

لە تێڕوانینی کۆن و باودا بۆ ئاسایشی نەتەوەیی، ئاسایشی سەربازی تەوەرەی زۆربەی لێکۆڵینەوەکان بووە کە بە مەبەست ئاڕاستەی تێڕوانینەکانی بەلای دەرەوەی وڵاتدا دەبرد، بەڵام لایەنی کۆمەڵایەتیی، ئابووریی، سیاسیی و ژینگەییش لەم ئاڕاستە نوێیەی ئاسایشی نەتەوەیدا، گرنگی پێدراوە. ئەم گۆڕانە لە بۆچووندا، بە تایبەت دوای قۆناغی شەڕی سارد، نیگاکانی بەرەو ناوخۆی وڵاتەکان ئاڕاستە کردووە. لەم ڕووەوە گرنگترین لایەنی ئاسایشی نەتەوەییش ئاسایشی کۆمەڵایەتییە، کە بە شێوەیەکی تایبەت، لە شووناسی ھەر وڵاتێکدا ڕەنگی داوەتەوە. شووناس دەبێتە ھۆی دروستبوونی (ئێمە) و ئەگەر لە وڵاتێکیشدا (ئێمە)ی نەتەوەیی دروست نەبێت، ئاسایشی نەتەوەیی واتایەکی نابێت. ھەر بۆیە دەوڵەتەکان لە ڕێگای (سیاسەتی شووناسەوە) ((politics Of Identity بەدوای زیندووکردنەوە و پاراستنی (شووناسی نەتەوەیی) (NationalIdentity)ەوەن وەک گرنگترین و ڕەواترین شێوازی شووناسی بە کۆمەڵ.

لە مێژووی ھاوچەرخی ئێراندا (ئسلامییبوون، ئێرانییبوون و نوێگەریی) لە ڕەوتی دروستبوونی کۆمەڵایەتیی، کولتووریی و سیاسیی خۆیدا، بوونەتە گرنگترین سەرچاوەکانی شووناسی نەتەوەیی و حکومەتەکانی ھاوچەرخی ئێران، ھەوڵیانداوە وەک یەک یان تێکەڵەیەک لەوان لە ڕەوتی دروستکردنی شووناسی نەتەوەیی، سوود لە سیاسەتی شووناسی تایبەت وەربگرن. کۆماری ئیسلامیی ئێرانیش بەمەبەستی دروستکردنی شووناسی نەتەوەیی، سیاسەتێکی شووناسی تایبەتی پەیڕەو کردوە کە بیەوێت یان نەیەوێت، کاریگەریی لەسەر ئاسایشەکەی دەبێت. ھەر بۆیە بابەتی ئەم نووسینە ئاشکراکردنی ناوەڕۆکی سیاسەتی شووناسی کۆماری ئیسلامیی ئێران و تاوتوێکردنی کاریگەری ئەوە لەسەر ئاسایشی نەتەوەیی.

 ئەگەرچی شووناسی نەتەوەیی گرنگترین و ڕەواترین شووناسی بە کۆمەڵە، بەڵام ڕەوتەکانی دیکەی وەک شووناسی تایەفیی، ئایینی، ئایینزایی و ڕەگەزیش گرنگن. بە مەبەستی پێوانەکردن و ناسینی سیاسەتی شووناسی کۆماری ئیسلامیی ئێران، سەرنج خراوەتە سەر سیستەمی پەروەردە و فێرکردن کە یەکەم و کاریگەرترین باسکی سیاسەتەکانی شووناسی دەوڵەتن. لەبەرئەوەی پەڕتووکی وانەی کۆمەڵایەتی قۆناغی یەکەمی ناوەندی (کە بابەتەکانی مێژوو، جوگرافیا و کۆمەڵناسی لەخۆ دەگرێت) باشتر دەتوانێت لایەنە جیاوازەکانی سیاسەتی شووناس پیشان بدات، بۆیە وەک سەرچاوەی توێژینەوەکە دیاریکرا. لەسەر ئەم بنەمایە، ھەوڵ دەدرێت وەڵامی ئەم پرسیارە بدرێتەوە کە ئەو سیاسەتی شووناسە کە لە پەڕتووکەکانی وانەی کۆمەڵایەتی قۆناغی یەکەمی ناوەندی ڕەنگی داوەتەوە، چ کارێیەریەکی لەسەر ئاسایشی نەتەوەیی ھەیە؟ لە ئاڕاستەی وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارە، دوای تاووتوێکردنی سیاسەتی شووناس و ئاسایشی نەتەوەیی، چوارچێوەی ھزری توێژینەوەکە دروست دەبێت. لە درێژەدا، دوای باسکردنی بنەماکانی شێواز ناسی لێکۆڵینەوە، دەست دەکرێت بە تاووتوێکردنی ئەو زانیاریانەی کە لە ڕێگای تاووتوێکردنی ناوەڕۆکی پەڕتووکەکانی زانستی کۆمەڵایەتی قۆناغی ناوەندی بەدەست دێن، لە کۆتاییشدا کاریگەریی ئەم سیاسەتی شووناسە لەسەر ئاسایشی نەتەوەیی تاووتۆێ دەکرێت..

ا- سیاسەتی شووناس و ئاسایشی نەتەوەیی، ڕێژەی ھزری و واتایی

بە ڕەچاوکردنی ئەوەی سیاسەتی شووناس و توێژینەوەکان لەسەر ئەو سیاسەتە لە بەستێنی تایبەتی وڵاتانی ڕۆژئاوادا، لێکۆڵینەوەی لەسەر کراوە، ئەو ڕوانگە و بیرۆکانەش لەم بوارەدا باسی لێکراوە بە گشتی گونجاوە لەگەڵ ھەمان بەستێندا. ئەگەرچی لە ماوەی ساڵانی ڕابردوو ھەندێک لێکۆڵینەوە لە وڵاتانی نیمچە دواکەوتووشدا ئەنجامدراوە، بەڵام بۆچوونەکان لەسەر چییەتی سیاسەتی شووناس لەو وڵاتانەدا، بە گشتی لە ژێر کاریگەریی ھاوتا ڕۆژئاواییەکانی خۆیاندا بووە. لە کۆمەڵگەکانی ڕۆژئاوا، لێکۆڵینەوەی ئەنجامدراو لەسەر سیاسەتی شووناس، بە گشتی تایبەت بووە بە چالاکی گرووپە کەمینەکان، خاوەن بەرژەوەندی و چالاکوانانی سیاسی، لەبەرئەوە، زۆرکات بواری سەرھەڵدانەکەشی لە دەیەی (١٩٦٠)و ھاوتەریب لەگەڵ بزووتنەوە نوێیە کۆمەڵایەتییەکان دادەنێن. لەم وتارەدا، ھەوڵ دەدرێت سیاسەتی شووناس لە ئاڕاستەی ئامانجەکانی لێکۆڵینەوە و گونجان لەگەڵ شوێن و کاتی توێژینەوەکە بەکارببرێت. بەواتایەکی تر، بە پێچەوانەی توێژینەوە ڕۆژئاواییەکان کە لە پەیوەندی لەگەڵ بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان و لە (خوارەوە بەرەو سەرەوە) تاووتوێیان کردووە، ئێمە لە (سەرەوە بۆ خوارەوە) و لە چوارچێوەی سیاسەتی شووناسی نەتەوەیی کە لە لایەن دەوڵەتانەوە دەسەپێندرێت، بەکاردەھێنین. لەم ئاڕاستەیەدا سەرەتا باس لە شووناس دەکرێت وەک کرۆکی سیاسەتی شووناس و جۆرەکانی و ئاستە جیاوازەکانی تاووتوێ دەکرێن، پاشان باس لە سیاسەتی شووناس و واتای ئاسایشی نەتەوەیی و لە کۆتایشدا پەیوەندی ئەوان لەگەڵ یەکتری باس دەکرێت.

١-  واتای شووناس

چەمکی شووناس دوو واتای سەرەکی ھەیە: یەکەم، لێکچوون و ھاوشێوەیی ڕەھا (وەک “ئەمە” بە شێوەی “ئەوە”)و واتای دووەمیش، جیاوازییە کە لە جێگیری و بەردەوامی کاتییەوە سەرچاوە دەگرێت. شووناس لە باوترین و گشتیترین پۆڵێندا، دابەش دەبێت بۆ دوو جۆری کەسی و گشتی. شووناسی کەسی دەگەڕێتەوە بۆ پیشاندەری وەک (ناو)و تایبەتمەندی کەسی وەک (زیرەکی)، شووناسی بە کۆمەڵیش وەڵامی کۆمەڵێ پرسیار دەداتەوە وەک “ئێمە” کێین و چین و “کەسانی تر” کێن و چین؟ ئەویش بریتییە لە کۆمەڵە تایبەتمەندییەک کە ئەندامیەتی و پەیوەندی کەس لە گرووپ و بە گشتی لێکچوونی کەس بۆ گرووپ و کۆمەڵ یان دەستەیەک پیشان دەدات (وەک یەھودی یان ئێرانی). ئەم چەشنە شووناسە ئاستی جیاوازی ھەیە و دەستەیەک لە شووناسی بە کۆمەڵ و تایبەت تاکو دەگاتە شووناسی بە کۆمەڵ لە خۆ دەگرێت. بە پێی بوارە سیاسی- کۆمەڵایەتییەکان و ئامانجە جیاوازەکان، لەوانەیە دەمێک شووناسی نەتەوەیی و دەمێکی تر شووناسی ئایینی، یان تایەفیی، یان شووناسی دیکە سوودی لێ وەربگیرێت.

ئاستی نەتەوەیی شووناس گرنگترین، گشتگیرترین و ڕەواترین ئاست شووناسە لە ھەموو سیستەمە کۆمەڵایەتییەکاندا. بەڵام دەستڕاگەیشتن بەپێی پێویستی پەیڕەوکردنی ستراتیجی گونجاوە لە چوارچێوەی کەمینەکان لە ڕووی زمان، ئایین، ئایینزایی و شتی دیکەوە. ئەم چەشنە ستراتیجییە دەتوانێت لە تاکتیکە جیاوازەکانی یەکسانکردنەوە بگرە تاکو دەگاتە چەند کولتوورخوازیی- ئەندازیاریی کۆمەڵایەتی لە بەرزی نزمیدا بێت.

٢-  سیاسەتی شووناس

ئەگەرچی شووناس بەشێکی گرنگبووە لە ژیانی چەند سەد ساڵەی سیاسی و کۆمەڵایەتیی هاوچەرخ، بەڵام تەنیا دوای سەرھەڵدانی ناڕەزایەتییە گشتییەکان لە ساڵەکانی دەیەی (١٩٦٠) بوو کە چووە ناوەندی تێکۆشانە سیاسییەکانەوە. ساڵی (١٩٧٩) ئانسپاچ بۆ یەکەمجار سوودی لە چەمکی سیاسەتی شووناس وەرگرت بۆ ئاماژەدان بە چالاکی کەسانی کەم ئەندام، تاکو چەمکی خود و کۆمەڵگەی کەم ئەندامان بگۆڕێت. لەو کاتە بەدواوە، ئەم چەمکە بەزۆری کەوتە بەر باس، بەڵام بە دەگمەن بە ڕوونی پێناسە کراوە .بە چەشنێک کە ئاپیا حەوت واتای بۆ دۆزیوەتەوە:

١- مشتومڕە سیاسییەکان لەسەر ئەوەی کە کێ لەخۆ دەگرێت و کێ لەخۆ ناگرێت.

٢- سیاسییەکان دەتوانن شووناسەکان کۆ بکەنەوە.

 ٣- دەوڵەتەکان دەتوانن ڕەفتاری جیاوازیان ھەبێت لەگەڵ خەڵکانێک کە شووناسی جیاوازیان ھەیە.

 ٤- خەڵکان دەتوانن بە دوای ئەو سیاسەتانەدا بچن کە دەناسرێنەوە.

 ٥- سیاسەتە وردەکانی کۆمەڵایەتی دەتوانن ببنە ھۆی ڕەفتاری ناسینەوەی شووناس.

 ٦- بە شێوەیەکی خۆڕسک شووناسە سیاسییەکان وەک دیاریکردنی شووناسی حیزبی بوونیان ھەیە.

 ٧- گرووپە کۆمەڵایەتییەکان دەتوانن کۆببنەوە بۆ پیشاندانی کاردانەوە لەسەر ئەو بابەتانەی سەرەوە.

بە پێداچوونەوە بۆ پێناسە جیاوازەکان، دەکرێت لە دوو ڕوانگەدا پۆڵێن بکرێن. لە ڕوانگەی یەکەمەوە سیاسەتی شووناس بە دەستەیەکی فراوان لە کردەوە سیاسی و بیرۆکە دانان لەسەر بنەمای ئەزمونی ھاوبەش لە نادادپەروەری لە لایەن گرووپی تایبەتەوە دادەنرێت. زۆرجار ئامانجی دروستبوونی سیاسیانەی شووناس بریتییە لە دابینکردنی ئازادییە سیاسییەکان بۆ کەس و گرووپ گەلێکی تایبەت کە پشتگوێ خراون. لەم ڕوانگەیەوە سیاسەتەکانی شووناس لە شیکردنەوە و توێکاری ڕەفتاری ستەمکارانەوە دەستپێدەکات و زۆرجار پانتاییەکەی بزووتنەوە سیاسییەکان دەگریتەوە.(Stanford Encyclopedia of philosophy 2020)  لە کاتێکدا کە لە ڕوانگەی دووەمدا، سیاسەتەکانی شووناس بریتییە لە مەودایەکی زانست کە لە کۆمەڵگە جیاوازەکان ھەمیشە دیدێکی-تایفی، کولتووریی، ڕەگەزیی تایبەت بە خۆی وەک بانگەشە و دیدی فەڕمی، سروشتی، گشتگیر و بێ ڕەچاوکردنی کات بەسەر دید و بۆچوون و بژاردەکانی دیکەدا دەسەپێندرێت و ڕێگر دەبێت لە بە فەڕمی ناسینی بۆچوونە جیاوازەکان و گۆڕانکاری لە بۆچوون و ڕوانگەکان بۆ بابەتە جیاوازەکانی کۆمەڵایەتی و سیاسی. لەسەر ئەم بنەما، دەکرێت سیاسەتی شووناس وەک ھەوڵێک لەلایەن خاوەن دەسەڵاتەکانەوە دابنرێت بۆ ئاساییکردنەوە و بە نموونەکردنی دیدێکی تایبەت بۆ یەکەیەکی سیاسی تایبەت وەک (نەتەوە، وڵات یان ڕێکخراو).

دەکرێت سیاسەتی شووناس لەڕووی ئاستەوە بۆ دوو گرووپی (لە خوارەوە بۆ سەرەوە) (Identity politics)و (لەسەرووە بۆ خوارەوە) (politics of identity) دابەش بکرێت. ئاستی یەکەم ئاماژە دەکات بە دیاردەیەک کە خەڵک لە ڕێگەیەوە کولتوور، شووناس و پێکھاتەی ڕکابەری دەسەڵات و ئەو سەرمایەیەی کە لەسەرەوە سەپێنراوە بەسەر ژیانی کۆمەڵایەتییاندا، ڕووبەڕووی ئاڵەنگاری یان ڕووخان بکەنەوە، یان دانوستانی لەسەر بکەن. لە کاتێکدا کە ئاستی دووەم بەگشتی ئاماژە دەکات بەو دیاردانەی کە بەپێی ئەوان بوونە کۆمەڵایەتیی، سیاسیی و ئابوورییەکان لەسەرەوە ھەوڵدەدات شێواز بدات بە شووناسە بە کۆمەڵەکان لەسەر بنەمای نەتەوە، ڕەگەز، زمان و شوێن، لە ئاڕاستەی تێگەیشتن لە چالاکی و پێکھاتەی سەرەکی سیاسەت، لەسەر چوارچێوە گەلێکی تا ڕادەیەک جێگیر و ئاسایی کراوە. ئاستی یەکەم زۆرجار ڕێکخستنە لەسەر تەوەرەی ئەزموونێکێ تایبەت، یان ڕوانگەی گرووپێکی دیاریکراو کە دیدێکی شووناسییان ھەیە و دەیانەوێت خۆیان و شکۆیان بە فەڕمی بناسرێن. کەوابوو سیاسەتی شووناس لەم ئاستەدا قاڵبێکی ستراتیجییە بۆ بەرگری و ئامڕازێکە بۆ دژایەتی ئەو گوشارانەی کە دەیانەوێت تێکەڵی و یەکسانی بکەن لەو جیاوازییە کۆمەڵایەتیی و کولتوورییانە و پێداگری لەسەر دەکەن. لە کاتێکدا ئاستی دووەمی سیاسەتی شووناس بریتییە لە چەشنێک سیاسەتی فەڕمی، پێکھاتەیی و گشتی (public) کە لە لایەن دەوڵەتان، پارتەکان و ڕێکخراوە ھاوبەشییەکان (Corporate institutions) لە بەستێنی سیاسی شارەکان، ناوچە و دەوڵەتان دەسەپێندرێت. لە کۆمەڵگە دیموکراتییەکاندا، دەوڵەت و کۆمەڵگە بە گشتی لەسەر سیاسەتی شووناسی سەپێنراو ڕێکن، بەڵام لە کۆمەڵگە نا دیموکراتییەکاندا بە گشتی ئەوە ھەڵکەوتووەکانن کە جۆر و چۆنێتییەکەی دیاری دەکەن.

٣- واتای ئاسایشی نەتەوەیی

ئاسایشی نەتەوەیی چەمکێکی نوێیە و پەیوەندیدارە بەم سەردەمە نوێیەوە، بەڵام چەمکی ئاسایش بە ئەندازەی ژیانی مرۆڤ کۆنە و مێژووی ھەیە. لە کاتێکدا مرۆڤ ھاتە سەر زەوی، بەردەوام یەکەم خەم و دڵەڕاوکێی پاراستنی مانەوە و بوونیی بووە، ژیانی مرۆڤ پەیوەندی بە دابینکردنی ئاسایشەوە هەبووە. بە تێڕوانینێکی مێژوویی، گۆڕانکاریی چەمکی ئاسایش لە چوار قۆناغدا دەبینرێت. ئەو قۆناغانە لەگەڵ کۆنترین شێوەی کۆمەڵگەی مرۆڤ تاکو دەگاتە پێشکەوتووترینی ھاوتایە. لەسەر ئەم بنەمایە، پێناسەکردنی ئاسایش بۆ پاراستن و مانەوەی بوون، لەگەڵ کۆمەڵگەیەکی کۆن، پێناسەی ئاسایش و نەبوونی ھەڕەشە، لەگەڵ کۆمەڵگەیەکی پێشکەوتوو، پێناسەی ئاسایش  لە بەدەستھێنانی دەسەڵات و توانا، لەگەڵ کۆمەڵگەیەکی مۆدێرن و لە کۆتایشدا پێناسەی ئاسایش لەگەڵ ھاوتەریبی و ھاوکاری لە کۆمەڵگەیەکی زۆر پێشکەوتوودا، پەیوەندییەکی زۆر نزیکیان ھەیە.

پێناسەکانی ئاسایش دەکرێت لە دوو ڕوانگەی ئەرێنی و نەرێنییەوە پۆڵێن بکرێن. لە ڕوانگەی نەرێنییەوە ئاسایش بە واتای نەبوونی مەترسی، ھەڕەشە و بوونی تا ڕادەیەك دڵنیایی و ئاسوودەیی پێناسە کراوە. لە بەرامبەردا لە ڕوانگەی ئەرێنییەوە بۆ ئاسایش پاراستنی ژیان بەتەنیا گرنگ نییە بەڵکو پاراستنی شێوازی ژیان گرنگی پەیدا دەکات. ئامانجی ئاسایش لە ڕوانگەی نەرێنییەوە جێگیرکردنی دیسپلین و جێگیرییە و مەترسییەکانیش ئامڕازین و سەرچاوەکەشیان دەرەکییە. لە کاتێکدا کە ئامانجی ڕوانگەی ئەرێنی یەکگرتوویی و یەکێتییە و سەرچاوەی مەترسی دەروونی و چۆنییەتییەکەشی بەرنامەییە.

بە پێچەوانەی ئاسایش، نەتەوە چەمکێکێ مۆدێرنە کە پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆی لەگەڵ دەوڵەت ھەیە. لە ڕاستیدا پەیوەندی ڕاستەوخۆی چەمکی نەتەوە لەگەڵ دەوڵەت بابەتێکێ نوێیە کە مێژووەکەی ھاوتەریبە لەگەڵ ناسیۆنالیزمی (نەتەوەپەرستی) نوێ و پەیوەستە بە گۆڕانکاری ھزری و سیاسی و کۆمەڵایەتیی ئەوروپا لە دوای سەدەی نۆزدەیەم. ھۆشیاری نەتەوەیی بە واتای پەیوەستبوون بە گەل و پێویستی دروستبوونی دەوڵەتی نەتەوەیی و بوونی دەسەڵات، یان دەوڵەتێکی خۆماڵییە و ئەمەش مێژووییەکی درێژی نییە، بەم ھۆکارە چەمکی نەتەوەش لە ڕابردوودا واتا سیاسییەکەی ئەمڕۆی نەبووە.

تێکەڵکردنی چەمکی کۆنی ئاسایش لەگەڵ چەمکی نوێی نەتەوە، مشتومڕی ھزری زۆری وروژاندووە. ھەندێک کەس باوەڕیان وایە کە چەمکی ئاسایشی نەتەوەیی نەک ھەر دەگمەنە، بەڵکو وێرانکەریشە، چونکە وڵاتان بەو بەھانەیە لەگەڵ یەک دەجەنگن، یان لە ناوخۆدا نەیارەکان سەرکوت دەکەن. لەگەڵ ئەوەشدا بەدواداچوونی ئاسایشی نەتەوەیی لە بواری سیاسەتی نێودەوڵەتی ئەمڕۆکەدا، ناکرێت پشتگوێ بخرێت. پشتگوێنەخستنی لەم بابەتەوە سەرچاوە دەگرێت، لەگەڵ دروستبوونی دەوڵەتە نەتەوەییەکان کە بە بەڵێننامە و دروستبوونی دەوڵەتانی خاوەن زەوی (جوگرافیایی) دەستی پێکرد، ئەوەش پاساو بوو بۆ ئاسایشی نەتەوەیەک، کە لەسەر زەوییەکی دیاریکراو و لە ژێر چاودێری دەوڵەتێکی تایبەتدا دەژیا. کەوابوو ئاسایشی نەتەوەیی پەیوەستە بە بەرپەرچدانەوەی کۆمەڵێک مەترسی کە ڕووبەڕووی بوونی دەوڵەت- نەتەوە، لە سنووری خاکێکی دیاریکراودا دەبێتەوە. لە ئاستی نەتەوە، دەوڵەت و کۆمەڵگە کاتێک ئاسایشیان ھەیە، یەکەم لەژێر مەترسی لەناوچووندا نەبن. دووەم، بە شێوەیەکی ئەرێنی بتوانن بەھاکانی ناوخۆی خۆیان پەرەپێبدەن.

٤- پەیوەندی سیاسەتی شووناس لەگەڵ ئاسایشی نەتەوەیی

ناوەڕۆکی سەرەکی ئەو لێکۆڵینەوەیەی کە ئەنجامدراوە لەسەر تێگەیشتن لە ئاسایشی نەتەوەیی، واتای (ھەڕەشەکان) لەگەڵ ئەو وەڵامانەی کە دراونەتەوە بە سێ پرسیاری سەرەکی (سەرچاوە، ئامابج و شووناس)ی ھەڕەشە چییە. بە ڕەچاوکردنی وەڵامی ئەو پرسیارانەی سەرەوە (مەکسوینی) (McSweeny) ئاماژەی بە چوار قۆناغی توێژینەوەی ئاسایشی داوە، کە ئەوانیش بریتین لە بیرۆکەی سیاسیی، زانستی سیاسیی، ئابووریی سیاسیی و کۆمەڵناسیی کە ناوەندی چڕبوونەوەی ھەرکامیان بەم شێوەیە (ئاسایشی هاوبەش) (common security)، ستراتیجی، (ئاسایشی گشتی- نێودەوڵەتی) (international/comprehensivs security) و ئاسایشی مرۆیی. بە بۆچوونی ئەو، قۆناغی کۆتا کە لەسەرەتاکانی دەیەی (١٩٩٠) دەستی پێکردووە، لەسەر ئەوە چڕبووەتەوە کە چۆن تێگەیشتن کار دەکاتە سەر ئاسایش و لەسەر ئەم بنەمایە، پێداگری کردووە لەسەر گرنگی شووناس و دروستکردنی ئاسایش. بە واتایەکی دیکە، بەگشتی لە بواری بابەتەکانی ئاسایشیدا، ئاسایشی نەتەوەیی وەک چەمکێکی سەرەکی جێگیربووە، بەڵام سەیر ئەوەیە زۆر بیری لە نەتەوە نەکردۆتەوە وەک یەکەیەکی ئاسایشی. لە ڕاستیدا ناوەندی گرنگیدانەکەی یەکەکانی سیاسی و دەزگاکانی- دەوڵەت- بووە و بەشەکانی سیاسی و سەربازیی دروستکردووە. بەڵام ئەگەر بۆچوونی خۆمان لەسەر نەتەوە چڕبکەینەوە، ئەوا بەشێکی دیکە دەردەکەوێت کە بە ئاسایشی کۆمەڵگە دەناسرێت. کەوابوو ئاسایش دەتوانێت ھەردوو شێوەی فیزیایی ڕاستەقینە و دۆخی ھزری لەخۆ بگرێت. لە کاتێکدا یەکەمیان گرنگی دەدات بە ڕزگاربوون لە ھەڕەشەی فیزیایی و دووەمیان گرنگی دەدات بە ھەستکردن بە ئاسایش. بێگومان چڕبوونەوە لەسەر ئەو ئەدەبیاتەی کە لەم دەیەی کۆتاییە لە ئێران بەرھەم هاتووە، پیشانی دەدات کۆمەڵێ بابەت ھاوشێوەی وەک ئاسایشی کۆمەڵایەتیی، ئاسایشی گشتی و…تاد، لەلایەن توێژەرانەوە بەکارھاتووە. بەڵام ھیچکامیان شرۆڤەیەکیان نەداوە کە لەم چەشنە ئاسایشانەدا، مەبەست ئاسوودەیی چ کەسێک، یان چ گرووپێکە لە بەرامبەر چ شتێک و بە چ ئامڕاز و شێوازێک.

ئەوانەی بەدوای یەکگرتنەوەن لە ناو ڕەوتی ئینگلیزی و ڕەوتی ئەبریستویت (وەیڵز) لە ڕێگای خستنە ژێر پرسیاری توێژینەوەی ئاسایشی نەتەوەییەوە، کەس یان مرۆڤی کۆمەڵگەکان بە ئامانجی ئاسایش دادەنێن کە کێشەی ئەوان دەوڵەتە و بە پێچەوانەی لێکۆڵینەوە کۆنەکان کێشەکە بە کێشەی دەرەکی نازانن. ڕەوتی پاریسیش وەک شەپۆلی سێیەمی بیرۆکەدانان لەبواری ئاسایش بەگشتی لە باوەڕەکانی بۆردیۆوە ئیلھامی وەرگرتووە، زیاتر حەز بە ئاسایشی ناوخۆ دەکات و تێکەڵکردنی لەگەڵ ئاسایشی دەرەکی.

بیرۆکەدانەرانی توێژینەوەی ئاسایشیی، ھەمیشە خوازیاری سەرھەڵدانی دەوڵەتێکی بەھێزبوون و ئاسایشیان وەک پارێزەری وڵاتێک لە ھێرشی وڵاتانی دیکە داناوە. لە کۆتاییەکانی دەیەی (١٩٨٠) بەو دەرەنجامە گەیشتن، کە دەوڵەت خۆی یەکێکە لەسەرچاوە بنەڕەتییەکانی نائارامیی و توانا و ئامڕازی سەرنجڕاکێشی ھەیە بۆ سنووردارکردن و ھەڕەشەکردن لە کۆمەڵگە. لەبەرئەوە ئاسایشی نەتەوەیی لەسەر تەوەرەی دەوڵەت، لە بەرامبەر سەرچاوە و تەوەربوونی کۆمەڵگە لە جێگیرکردن و قووڵکردنەوەی ئاسایشدا لاوازبوو. لەم ناوەدا، ڕەوتی کۆپنھاگ کە لە ڕیزی شەپۆلی دووەمی توێژینەوەی ئاسایشدایە، بە باسکردن لە ئاسایشی کۆمەڵگەیی (لەسەر تەوەری شووناس) شوێنگەیەکی تایبەتی لە گۆڕانکارییەکانی ئەم دوواییەدا ھەبووە.

کاتێک کە باری نوزان لە پەڕتووکی (خەڵک، دەوڵەتان و ترس) زانی کە ئاسایشی نەتەوەیی ئاستی جیاوازی سەربازیی، سیاسیی، ئابووریی، کۆمەڵایەتیی و ژینگەیی ھەیە، بۆ یەکەمجار بوو، بابەتەکانی کۆمەڵایەتی لەسەر تەوەری شووناس وەک یەکێک لە ئاڵەنگارییە سەرەکییەکان لەبەردەم دەوڵەتەکاندا دانا. کەوابوو، ھەرچەندە سەرچاوە و چییەتی ھەڕەشەکان لە چاو ڕوانگەی کۆنەوە جۆراوجۆر بوو، بەڵام دەوڵەت وەک ئامانجی ھەڕەشە ھەر بە نەگۆڕی مابوویەوە. ساڵی (١٩٩٣) و دوای ھەڵگیرسانی شەڕە نەتەوەیی و تایەفیییەکان لە ڕۆژھەڵاتی ئەوروپا، (لە دوای ھەڵوەشانەوەی سۆڤییەت) بوزان لە پەڕتووکی (شووناس، کۆچ و بابەتی کاری ئاسایش) لە ھەمان ساڵ و بە ھاوکاری ئالی ڤیۆر نووسی، قوورساییەکی زیاتری دانا بۆ ناوبانگی کۆمەڵگەی ئاسایشیی. بەوشێوەیە کە لە پەڕتووکی پێشوویدا کۆمەڵگە یەکێک بوو لە ڕووەکانی دەوڵەت و شووناسی گرووپەکان، یەکێکیش بوو لە بابەتەکانی نیگەرانی و دڵەڕاوکێی دەوڵەت. بەڵام لەم بیرۆکەدا کۆمەڵگە، یان گرووپە کۆمەڵایەتییەکانیش بە یەکێک لە ڕووەکانی دەوڵەت دادەنرێن و بۆ ئاستی سەرچاوە، یان ئامانجی ئاسایش بەرزدەکرێنەوە. بابەتی ئاسایشی کۆمەڵگەیی (شووناس)، گرنگی چۆنییەتی ھەیە. ئاسایشی کۆمەڵگەیی لەو ھەڕەشانە دەکۆڵێتەوە کە سەرەکین. واتا ئەگەر گرووپێک شووناسی خۆی لەدەست بدات، ئیتر (ئێمە)یەک بوونی نامێنێت کە ھەوڵ بدات چاکی بکاتەوە و بەرزی بکاتەوە. ئەمە لەکاتێکدایە کە لاوازی ئابووریی، دواکەوتوویی سەربازیی، بێتوانایی سیاسی و کارەساتی ژینگەیی، دەکرێت بە چەشنێک زیندوو بکرێنەوە. لەم بوارەدا ھەندێک باوەڕیان وەهایە کە دروستکردنی شووناسی بە کۆمەڵ، پێویستی سەرەتایی نەتەوەکانە، چونکە شووناس جگە لە ھۆشیارکردنەوەی تاک، یان ھۆشیارکردنەوەی گرووپ، واتایەکە پێکھاتووە لە چەشنێک شوێن، ئامانجی گرووپ، یان ڕەفتار و مێژووی گرووپەکەش. لەم واتایەدایە کە شووناس شتێکە مانەوە مسۆگەر دەکات.

بە بۆچوونی ڤیۆر و ھاوکارەکانی بابەتەکان، یان پێکھێنەرەکانی ئاسایشی کۆمەڵگەیی (ھەڕەشەکان) بە چەشنێکە کە ھەموویان بابەتی ناوەندی ئاسایشی بە کۆمەڵن، واتا کار دەکەنە سەر شووناس. یەکێک لەو بابەتانە چاودێری ستوونییە. چاودێری ستوونی زیاتر لە چەشنێک دژایەتی و بەرھەڵستی دەچێت. لەم چەشنە چاودێریەدا، دەوڵەتی ناوەندی سیاسەتێکی تۆکمە و تێکەڵکار دەسەپێنێت و دەیەوێت شووناسە جیاوازەکان دەستکاری بکات و نکۆڵیان لێ بکات و لە ئاکامدا شووناسە جیاوازەکان تێکەڵ بکات. بە گشتی دەکرێت دەوڵەت بە سەرچاوەی ھەڕەشە، کۆمەڵگە، ئامانجی ھەڕەشە و شووناس و چییەتی ھەڕەشە دابنرێت.

ب- سیاسەتی شووناس و ئاسایشی نەتەوەیی ئێران

لەم بەشەدا سەرەتا ڕەوتە سیاسی و شووناسییەکان لە ئێران تاووتوێ دەکرێت، پاشان ئاستەکانی ئاسایشی نەتەوەیی، یان کۆمەڵگەیی تاووتوێ دەکرێت، کە دەوڵەت لە ڕێگەی ئەوانەوە دەتوانێت بە چەشنێک لە ڕووی ئەرێنی، یان نەرێنییەوە ھەوڵ بدات شووناس دروست بکات.

١- ڕەوتەکانی شووناس لە ئێراندا

بە ڕەچاوکردنی ئاڕاستەی گۆڕانکارییە مێژووییەکان، لە پەیوەندی لەگەڵ گرنگترین و ڕەواترین ئاستی شووناسی بەکۆمەڵ، یان شووناسی نەتەوەیی سێ سەرچاوەی پێکھێنەری شووناسی ئێرانی ھەیە وەک ئێرانییبوون، ئیسلامییبوون و نوێگەریی، کە ناکرێت ھیچ کامیان لەوی دیکە کەمتر بێت. جگە لەوەش ئاستی دیکەی سیاسەتی بەکۆمەڵیش لە ئێراندا ھەیە، کە بە پێی ڕێژەی گرنگییان دەکرێت تایەفیی، ئایین و ئایینزا بێت. بەپێی یاسای بنەڕەتی کۆماری ئیسلامیی ئێران هەشت نەتەوەی ناسراوە بریتین لە : فارس، کورد، بەلوچ، عەرەب، تالش، لوڕ، تورکمان و ئازەری. شووناسی ئایینزاییش بریتییە لە سوننە و شیعە و شووناسی ئایینیش جگە لە ئیسلام، مەسیحی، یەھودی و زەردەشتییە. بە ڕەچاوکردنی ئەوەی کە شووناسەکانی دیکە لە یاسای بنەڕەتیدا بە فەڕمی نەناسراون، پشتگوێ خستنیان لەلایەن دەوڵەتەوە نیشانەی لاوازی، یان بێ توانایی دەوڵەت دانانرێت.

لە کۆتاییدا لە ئاستی تاکیشدا، سیاسەتی شووناسی ڕەگەزیی زۆر کاریگەرە. ئەم چەشنە شووناسە لە نەریتی مێژوویی ئێراندا گرنگی پێنەدراوە و ئەو بارودۆخەش تاڕادەیەک ئاشکرایە، بەڵام پاش شەڕی دووەمی جیھانی و دروستبوون و گەشەکردنی بیرۆکە فێمینیستییەکان، بوو بە کێشەیەکی گرنگ لەو کۆمەڵگەیانەی کە بەرەو پێشکەوتن دەچوون وەک ئێران. بۆیە لەپێناو دروستبوون و بەھێزبوونی شووناسی نەتەوەیی، کە یەکسانە بە یەکگرتوویی و یەکێتی نەتەوەیی، دەبێت شووناسی ژنانیش لەبەرچاو بگیرێت. گرنگی ئەم بابەتە بە گشتی لەم ڕووەوەیە کە مافی ژنان یەکێکە لە بابەتەکانی گفتوگۆی بەرەو پێشچوو لە ئاستی نێودەوڵەتی و لەلایەن ناوەندەکانی ھێزەوە پشتگیری دەکرێت.

٢- ئاست و پیشاندەرەکانی ئاسایشی سیاسەتی شووناس

 بەپێی ئاستە جیاوازەکانی ئاسایشی نەتەوەیی لە ئێران، دەوڵەت لە پێنج ئاستدا دەتوانێت سیاسەتە شووناسییەکان لە ئاستی گشتیدا بگرێتەبەر و بیسەپێنێت کە ئەم پێنج ئاستە بریتیین لە : سەربازیی ، سیاسیی، ئابووریی، ژینگەیی و کۆمەڵایەتیی. دەوڵەت لە ئاستی سەربازییدا بۆ یەکسانکردن، دەتوانێت لە پێناو گەیشتن بە شووناسی نەتەوەیی یەکگرتوو، ھێرشی سەربازیی بکاتە سەر شووناسە تایەفیی و ئایینی و ئایینزاییەکان. لە ئاستی سیاسیشدا، دەوڵەت بە دەرکردنی یاسای جیاکاری، دەتوانێت شووناسی تایەفیی و ئایینی و ئایینزاییەکان و تەنانەت ڕەگەزی ژنانیش بە شێوەیەکی ڕێکخراو سەرکوت بکات. لە ئاستی ئابووریشدا، پێڕانەگەیشتنی دەوڵەتی ناوەندی، یان پێدانی دەسەڵات بە شووناسە جیاوازەکانی تایەفیی و ئایینی و ئایینزایی بە مەبەستی بەدواداچوونی ستراتیجی ئابووریی ناوچەیی، دەتوانێت ببێتە ھۆی وەستانی ئابووریی و بێکاری. ئەم بابەتەش ئەو بۆچوونە بەھێز دەکات کە دەوڵەت بە شێوەیەکی ڕێکخراو شووناسی ئەوان سەرکوت دەکات (وا دانراوە کە دەوڵەت بە شێوەیەکی ڕێکخراو لە ئاڕاستەی یەکسانکردندا بەرنامەی دانەناوە). ھەروەھا پەیوەستبوونی دەوڵەت بە کۆمەڵگەوە بۆ وەرگرتنی باج، دەتوانێت لەسەر جۆری سیاسەتی شووناسی سەپێنراو کاریگەر بێت. لە ئاستی ژینگەشدا، پیسبوون و گۆڕانکاریی کەش و ھەوا لەو ناوچانەی کە شووناسی تایەفیی، زمانی، یان ئایینزایی زۆرینەن، دەتوانێت ببێتە ھۆی گۆڕانکاری شێوەی ژیان و دروستبوونی کێشەی زۆر بۆیان. بۆ نموونە، دەوڵەت دەتوانێت بە تاقیکردنەوە لەسەر پیتاندنی دەستکردی ھەورەکان گۆڕانکاری شووناس بەڕێوە ببات. لە کۆتاییدا، دەکرێت کۆمەڵێک پیشاندەر باس بکرێت لەسەر ھەڕەشەکانی کۆمەڵگەیی، کە شووناسی گرووپەکان سەرکوت دەکەن. ئەم پیشاندەرانە دەتوانن لە ھەر ئاستێکدا ھەبن، وەک کۆچی زۆرەملێ، ئاستەنگی یاسایی و کرداریی لە فێرکردنی زمان و ڕێکخستنی ڕێوڕەسمی باو، وەک جەژن و پرسە و شوێنە ئایینزاییەکان. لەم خشتەیەی خوارەوەدا پەیوەندی ڕەوتە سیاسی و شووناسییەکانی دەوڵەت و ئاست و ئاسایشی نەتەوەیی دەبینرێن.

خشتەی ١: پەیوەندی جۆرەکانی سیاسەتی شووناس لەگەڵ ئاست و پیشاندەرەکانی سیاسەتی نەتەوەیی

٣- شێوازی لێکۆڵینەوە

بە ڕەچاوکردنی ئەوەی کە ناتوانرێت کاریگەریی سیاسەتەکانی شووناسی (پێنج ڕەوتەکە) دەوڵەتی ئێران لەسەر ئاسایشی کۆمەڵگە لە ھەموو ئاستەکانیدا دیاری بکرێت (بەھۆی سنوورداری بودجە و پێوانەکاری مەیدانی لەسەرانسەری ئێران)، بۆیە پەروەردە و فێرکردن وەک گرنگترین دەزگای گشتگیر و باشترین پیشاندەری سیاسەتی شووناس دیاریکرا. لە ڕاستیدا پێشبینییەکانی ئێمە ئەوەیە کە شووناسی بە کۆمەڵ دیاردەیەکی خۆڕسک نییە، بەڵکو بە تەواوی بە دەستھاتووە و بۆ ئەوەی شووناسەکان بکەن بە دەروونی، پەروەردە و فێرکردن بە یەکیک لە گرنگترین و کاریگەرترین ئامڕازەکان لە کۆمەڵگەدا ھەژمار دەکرێت و پەڕتووکەکانی خوێندن باشترین و جێی متمانەترین سەرچاوەن بۆ ناسینی سیاسەتی شووناس. بێگومان ژمارە و چییەتی پەڕتووکەکانی خوێندنیش جیاوازن. کەوابوو لەناو ھەموو پەڕتووکەکانی خوێندندا، پەڕتووکەکانی وانەی کۆمەڵایەتی قۆناغی یەکەمی ناوەندی کە زیاتر لە ھەموو پەڕتووکەکانی دیکە پیشاندەری سیاسەتی شووناسن، وەک نموونە ھەڵبژێردراوە. بە مەبەستی تایبەتمەندکردنی سیاسەتی شووناسی کۆماری ئیسلامیی ئێران، بە سوودوەرگرتن لە توێژینەوە ئەنجامدراوەکان[4] و گۆڕانکارییە گونجاوەکان لەگەڵ ئامانجە بەدەستھاتووەکان، بە گشتی وەک دیاریکەر بۆ سیاسەتی شووناسی لە پەڕتووکە کۆمەڵایەتییەکاندا ھەژمارکرا.

١- بەھا و ڕەفتارەکان (میوانداری و جەژنی نەورۆز و یەکتاپەرستی و مافی مرۆڤ).

٢- میراتی کولتووری (ئێرانی) و شوێنە ئایینی و ئایینزاییەکان (ئیسلامیی).

٣- ناوداران و کەسایەتییە دیارەکانی ئێرانی و ئیسلامیی و ڕۆژئاوایی.

٤- ڕووداو و بەسەرھاتە ئێرانییەکان (خۆماڵیکردنی پیشەسازیی نەوت)، ئیسلامیی (بەسەرھاتی کۆچی پێغەمبەر”د.خ”).

٥- میراتی کولتووری (ئێرانی، ئیسلامیی ).

٦- ڕێوڕەسمە ئایینی و ئایینزاییەکان و ھێماکانی ئێران (جەژنی ڕەمەزان و ئاڵای ئێران و جل و بەرگی ڕەسەنی ئێرانی).

٧- شوێنگەی جوگرافی ئێران (ئاگاداربوون لە تایبەتمەندی ژینگەیی وڵات و شوێنگەی تایبەتی ئێران لە ناوچەکە و جیھاندا).

٨- وردە کولتوورە تایەفیییەکان.

بە ڕەچاوکردنی بابەتەکە شێوازی ئەم توێژینەوەیە لە تاووتوێکردنی ناوەڕۆکی پەڕتووکەکان لەسەر بنەمای سوودوەرگرتن لە تەکنیکی شیکاری ناوەڕۆکی چۆنییەتی، یان ئاڕاستەی پێوانەیی کە شێوازێکی باوی توێژینەوەیە بۆ شیکردنەوەی سەرچاوە و زانیارییە چۆنییەکان، بە تایبەت سەرچاوە نووسراو و وێنەدارەکان، وەک پەڕتووکی خوێندن ھەژمار دەکرێت و پەڕتووکەکانی وانەی کۆمەڵایەتی قۆناغی یەکەمی ناوەندی کە لە ساڵەکانی (١٤٠٠-١٣٩٩) لە قوتابخانەکانی ئێراندا خوێندراون، وەک نموونە خراونەتە ژێر لێکۆڵینەوەی ناوەڕۆکی. لە بەشی شیکاری لێکەوتەکانی ئاسایشی سیاسەتی شووناسیش، لەلایەکەوە پڕە لە شیکاری و دەرەنجامی لۆجیکی لە نێوان یەکێتی نەتەوەیی و ئاسایشی نەتەوەیی و جەخت لەسەر بنەمای ھزری کراوەتەوە و لە ھەر شوێنێک سیاسەتی شووناس ھاوسەنگ و گونجاو بووبێت ئەوا مەیلی بووە بەلای بەھێزکردنی یەکێتی و یەکگرتنی نەتەوەیی و لەو شوێنەدا لە ئاڕاستەی بەھێزکردنی ئاسایشی نەتەوەیی شیکراوەتەوە و لەھەر شوێنێکیش مەیلەکە بەرەو نەبوونی ھاوسەنگی و گونجاوی بووبێت، ئەوا بە ئاڕاستی لاوازکردنی ئاسایشی نەتەوەیی شیمان کردووەتەوە. لەلایەکی دیکەوە بۆ بەھێزکردنی بەڵگەنامەکانی خۆمان، سوودمان لە دەرەنجامی توێژینەوە و لێکۆڵینەوەکانی ھاوتەریب وەرگرتووە، وەک دوانەیەک.

ج- سیاسەتی شووناس لە پەڕتووکی وانەی کۆمەڵایەتی و ئاسایشی نەتەوەیی لە ئێران.

لەم بەشەدا سەرەتا پێناسەی دۆزینەوەکان دەکەین، پاشان ڕەوتە جیاوازەکانی سیاسەتی شووناسی دەوڵەت لە پەروەردە و فێرکردندا بە جیا تاووتوێ دەکەین و کاریگەری ئەوان لەسەر ئاسایشی نەتەوەیی باس دەکەین.

١- پێناسەی دۆزراوەکان

لە سێ پەڕتووکی وانەی کۆمەڵایەتی قۆناغی یەکەمی ناوەندی، بەگشتی (٥٧٨٧) ڕستە تاووتوێ کراوە کە فراوانییەکەی پەیوەندی ھەیە بە قۆناغی (٧ و ٨ و ٩)وە و بریتیین لە : ١٧٩٠ (٣٠.٩٣٪)، ١٩٤٦(٣٣.٦٣ ٪)، ٢٠٥١(٣٥.٤٤ ٪) ڕستە. لەم ژمارەیە ٣٥٨٤(٩.٦١٪) ڕستەیان پەیوەندیان ھەبووە بە سیاسەتی شووناسەوە. بەشی ھەر قۆناغێکیش بەم چەشنەیە ١٢٠٣ (٣٣.٥٧ ٪)، ١٢٤٩(٣٤.٨٥ ٪) ١١٣٢(٣١.٥٨ ٪).

لەسەر وێنەکانیش، بە گشتی (١٣٣٣) وێنە تاووتوێ کراوە. پێویستە بگوترێت کە ھەندێک لە وێنەکان چەند شووناسێکی بە کۆمەڵیان لە خۆ دەگرت، بۆ نموونە وێنەی کەسێک بە جل و بەرگی بەلوچەوە، جگە لەوەی کە پیشاندەری شووناسی تایفیی بەلوچە، دەتوانین لە ڕیزی ئایینزایی شووناسی سووننیشدا پۆڵێن بکرێن. کەوابوو ھەندێک لە وێنەکان چەند جارێک تاووتوێ کراون. لەبەرئەوە ژمارەی وێنەکان بۆ (١٣٧٨) وێنە زیادبوون. ئەم ژمارەی وێنانە بەشی قۆناغەکانی (٧ و ٨ و ٩) بەم شێوەیەیە. ٤٤٦(٣٢.٣٧ ٪)، ٤٦٩(٣٤.٠٣ ٪)، ٤٦٣(٣٣.٦ ٪). لەم خشتەی خوارەوەدا فراوانی و ڕێژەی سەدی وێنە تاووتوێکراوەکان دەبینرێن.

خشتەی ٢: فراوانی و ڕێژەی سەدی وێنە تاوتوێ کراوەکان

ھەروەک کە لە خشتەی ژمارە سێدا دەبینرێت، زۆرترین فراوانی پەیوەستە بە سیاسەتی شووناس لە ئاستی نەتەوەییدا، کە فراوانییە گشتییەکەی (٣١١٨) ڕستە بووە. دوای ئەویش سیاسەتی شووناسی ئایینزایی کە فراوانییەکەی (٢٨٢) ڕستە بووە و بە جیاوازییەکی زۆرەوە دووەم پلەی بەدەستھێناوە. سیاسەتی شووناسی تایەفیی فراوانییەکەی (١٢١) ڕستە و سیاسەتی شووناسی ئایینیش فراوانییەکەی (٦٣) ڕستە بووە کە لەڕووی  گرنگیەوە لە پلەی سێ و چواردا ھاتوون.

لە شیکاری ناوەڕۆکی پەڕتووکەکانی وانەی کۆمەڵایەتی قۆناغی یەکەمی ناوەندی، بە شێوەیەکی گشتی ٥٩٥ (١٦.٦ ٪) ڕستە ئاڕاستەیەکی نەرێنیان هەبووە بۆ شووناسە جیاوازەکان لە کۆمەڵگەدا. لەم ڕێژە فراوانەدا، شووناسی نەتەوەیی ئایینزایی و تایەفیی، ٥١٩ (٨٦.٩ ٪)، ٦٢(١٠.٤ ٪) و ١٦(٢.٧٪) ڕستە بووە.

لە پەیوەندی لەگەڵ وێنە ھەڵبژێردراوەکانیش، بۆ ئەو پەڕتووکانەی لێکۆڵینەوەیان لەسەر کراوە، سیاسەتی شووناس بە ڕێژەی ٨٥٥ وێنە (٦٢.٠٥ ٪) بەرەو شووناسی نەتەوەیی ئاڕاستەکراون. دوای ئەویش شووناسی ڕەگەزیی بە ڕێژەی ٤١٤ وێنە (٣٠.٠٤ ٪)، شووناسی تایەفیی بە ڕێژەی ٥٨ وێنە (٤.٢١٪)، شووناسی ئایینزاییش بە ٤٥ وێنە (٣.٢٧٪) و شووناسی ئایینیش بە ڕێژەی (٦) وێنە زۆرترین گرنگیان لە سیاسەتەکانی شووناسی دەوڵەت بۆ خۆیان بردووە.

خشتەی ٣: زۆری و ڕێژەی سەدی جۆرەکانی شووناس و ئاڕاستەکانیان

٢- سیاسەتی شووناس و ئاسایشی نەتەوەیی ئێران

لەم بەشەدا بەپێی دۆزینەوەکانی توێژینەوەکە، پێنج ڕەوتەکەی سیاسەتی شووناس لە پەیوەندی لەگەڵ ئاسایشی نەتەوەیی تاووتوێ دەکرێن. باسی ئەم خاڵە گرنگە کە ئەم ڕیزبەندییانە وەک نموونەی خەیاڵی ھەژمار دەکرێن و لە ڕاستییدا شووناسەکان لێک جیاناکرێنەوە.

١-٢. سیاسەتی شووناسی نەتەوەیی و ئاسایشی نەتەوەیی

لەگەڵ ھاتنی ئیسلام بۆ ئێران چەشنێک لە دوو جەمسەری کولتووری لە ئێران دروستبوو. ڕووبەڕووبوونەوەی دوو کولتوور دەیتوانی دەزگایەکی تەواوتر و گشتیتر پێکبھێنێت، بەڵام ئەم دوو جەمسەرییە نەک ھەر لەو سەردەمەدا بە شێوەیەکی گونجاو چارەسەر نەبوو، بەڵکو لە چوارچێوەیەکی نوێتردا، گواسترایەوە بۆ ئەم سەردەمە. شۆڕشێ مەشرووتە وەک خاڵێکی وەرچەرخان، ئێمەی ڕووبەڕووی میوانێکی نەخوازراوی نوێ بە ناوی نوێگەری کردەوە. لەبەرئەوە سێ سەرچاوە باسکراوە کە بە درێژایی مێژوو، بوون بە سەرچاوەی سەرەکی شووناسی نەتەوەیی ئێرانییەکان کە تاڕادەیەك لەم بوارەدا کۆدەنگییەکیش ھەیە.

بەپێی دۆزینەوەکانی توێژینەوەکە لەبارەی ئاسایشی نەتەوەیی، (٣١١٨) ڕستە تاووتوێ کراون کە بەشی ئێرانییبوون، ئیسلامییبوون و نوێگەریی بریتیین لە: ١٣٥٥(٤٣.٤٦٪)، ١٤٤٣(٤٦.٢٨٪) و٣٢٠(١٠.٢٦٪) ڕستە. ئەگەرچی لە ڕواڵەتدا ڕێژەی گرنگیدان بە شووناسی ئێرانیی و ئیسلامیی تاڕادەیەک یەکسان دەردەکەوێت، بەڵام لە پەیوەندی لەگەڵ ئێرانییبووندا ٣٦٦(٢٧.٠١٪) ڕستە ئاڕاستەی نەرێنیان هەبووە. ئەم ئاڕاستە نەرێنییە لە پەیوەندی لەگەڵ شووناسی نوێگەریی ١٥١(٤٧.١٩٪) ڕستە بووە. لە کاتێکدا کە لە پەیوەندی لەگەڵ ئیسلامدا ھیچ ئاڕاستەیەکی نەرێنی نەبووە. فراوانی و ڕێژەی سەدی ئەم چەشنە شووناسانە و وێنە پەیوەندیدارەکانیان لەم خشتەیەی خوارەوەدا دەرکەوتووە.

خشتەی ٤: فراوانی و ڕێژەی سەدی سیاسەتەکانی شووناس ئاستی نەتەوەیی و ئاڕاستەکانی

ئەم جۆرە سیاسەت دانانی شووناسە، بێگومان ئاسایشی نەتەوەیی ڕووبەڕووی ئاڵەنگاری دەکاتەوە. شووناسی ئێرانی و نوێگەری بە تایبەت لە نێوان لاواندا، بووەتە بەشێکی دانەبڕاو لە شووناسی نەتەوەیی ئەوان، ھەروەک نازمی ئەردەکانی و ئەوانی دیکە ساڵی (١٣٩٥) پیشانیان داوە، تەنانەت لە شاری یەزد کە تاڕادەیەک ئایینی و دێرینە، نەوەی لاو بە بەراورد لەگەڵ نەوەی گەورەتر، مەیلێکی زیاتریان ھەیە بۆ شووناسی نوێگەریی. لە شاری ئیسفەھانیش لێکۆڵینەوەی کەلانی و سەفیری (١٣٩٦)، دەریخستووە ئەوەی کە گومانی تیانییە، شووناسی باو و کۆن و چوارچێوە شووناس سازەکانی لە کۆمەڵگەی ڕاگوزەری ئێراندا، توانا و ھێزی کۆنی خۆی نەماوە و لاوان مەیلێکی زیاتریان بۆ نوێگەریی ھەبووە.

دژیەکی نێوان سیاسەتی شووناسی پەروەردە و فێرکردن و ئەوەی کە لە ناخی کۆمەڵگەدا (بەدەست ڕاگەیشتنی لاو و تازە پێگەیشتووەکان بە ئینتەرنێت و جیھانی دەرەوە و ناوەوە) خەریکە ڕوو دەدات، ئاستەنگی داناوە لە بەردەم دروستبوونی شووناسی تۆکمە و یەکگرتوو و ناکۆکی شووناسی بەدوای خۆیدا ھێناوە. ئەگەرچی ئیزەدی و قاسمی (١٣٩٠)، بۆیان دەرکەوتووە کە چەندین کاتژمێر سوودوەرگرتن لە ئینتەرنێت بە ھۆی سەرنجڕاکێشییەوە، لە لایەن خوێندکارانەوە، بووەتە ھۆی لاوازکردنی شووناسی نەتەوەیی ئەوان. لەگەڵ ئەوەشدا بەگشتی یەکێک لە ھۆکارەکانی مەیلی لاوان و تازە پێگەیشتووەکان بۆ شووناسی نوێگەریی (بە سوودوەرگرتن لە ئامڕازەکانی) بێ ئاگایی تەواوی ئەوانە لە لایەنە جیاوازەکانی. تەنانەت بۆ ڕەخنەگرتن و پێشگیری لە زاڵبوونی بابەتی شووناسی نوێگەریی لە ئێرانیش سەرەتا پێویستە تێگەیشتنێکی تەواو لەو بابەتە دروست ببێت، تاکو ئامڕاز و شێوازی ڕووبەڕووبوونەوەکەی بناسرێت.

٢-٢. سیاسەتی شووناسی تایەفییی و ئاسایشی نەتەوەیی

سیاسەتی شووناسی تایەفیی لە چاو شووناسی نەتەوەییەوە، بەگشتی زۆر کەمتر لەلایەن سیاسەتوانانی بواری شووناسی فێرکردن و پەروەردەوە گرنگی پێدراوە. هەروەک لە خشتەی (٥) دەبینرێت هەموو ئەو ڕستانەی لەم بوارەدا تاووتوێکراون ١٢١(٤٣.٤٪) ڕستە بووە، کە ١٦(١٣.٢٢٪) ڕستەیان ئاڕاستەی نەرێنیان هەبووە. ئەم ڕێژە و فراوانییەش پەیوەندی بە تایەفەی ئازەریەوە هەبووە و لە ناوەڕۆکی پەڕتووکەکانی خوێندن گرنگی بە شووناسی تایەفەکانی دیکە نەدراوە. ئەم ناهاوسەنگی و ناڕێکییە لەو وێنانەی کە تاووتوێکراون، بەدیار کەوتوون. فراوانی و ڕێژەی سەدی وێنەی پەیوەست بە تایەفەکانی کورد، لوڕ، بەلوچ، عەرەب، تورکمان، ئازەریی و تالشی بەم شێوەیە: ١٠(١٧.٢٤٪)، ١٠(١٧.٢٤٪)،   ٢(٣.٤٥٪)،  ١٠(١٧.٢٤٪)،  ٢(٣.٤٥٪)،  ١٧(٢٩.٣١٪)، ٧(١٢.٠٧٪).

خشتەی (٥): فراوانی و ڕێژەی سەدی سیاسەتەکانی شووناسی ھۆزایەتی و ئاڕاستەکانیان

جۆراوجۆری ھۆزی لە ئێراندا، دیادەیەک نییە کە وردەوردە نەمێنێت و ڕێگە بۆ تێکەڵکردن لە کولتوورێکی ھاوبەشی یەکگرتوودا خۆش بکات. گرنگ ھەڵبژاردنی کۆمەڵێک شێوازە بۆ ھەڵسوکەوت لەگەڵ ھۆزە جیاوازەکان کە جەخت بکاتەوە لەسەر یەکێتی لەھەمانکاتدا زۆری لە چوارچێوەی سەر زەوییەکدا کە ھەمیشە نشینگەی ھۆزە جۆراوجۆرەکان بووە. کەوابوو گرنگی نەدان، یان بوونی ئاڕاستەی نەرێنی بۆ شووناسی تایەفەکان، دەبێتە ھۆی بەھێزبوونی یەکێتی ھۆزی و شکانی یەکگرتوویی نەتەوەیی. بەم شێوەیە جگە لە لاوازکردنی شووناسی نەتەوەیی، ئاسایشی نەتەوەییش ڕووبەڕووی ئاڵەنگاری دەبێتەوە.

ئەوەی لێکۆڵینەوەکە دۆزیوەتەوە لەگەڵ کارەکانی مەسعود نیا و ئەوانی دیکە (١٣٩٣) و بەھەشتی و حەق مورادی (١٣٩٨)، ھاوتەریبە. ئەوانیش شووناسی ئێرانیان چەند جەمسەری و ئاوێتە داناوە و گوتویانە کە لە نێوان شووناسی نەتەوەیی و ھۆزیدا، پەیوەندییەکەی ھاوتەریب و ئەرێنی ھەیە. واتا پەیوەندی نێوان ئەم دوانە گۆڕاوێکی پێچەوانە و کەمکەرەوە نییە. کەسەکان دەتوانن لە نموونەی بەھا و ڕەفتاری ھەردوو شووناسە ناوبراوەکە تێبگەن و بەشداری تێدا بکەن، بەبێ ئەوەی تووشی ناکۆکی و دژبەری شووناسی ببنەوە. کەوابوو ھۆزەکان کە دەبینن شووناسی فارسی بەشێکی زۆری لە گرنگیدانی شووناسی دەوڵەتی بۆ خۆی تەرخانکردووە، ھەست دەکەن کە شووناسی ئەوان سەرکوت دەکرێت (زیادبوونی ئاسایشی شووناسێک بە واتای کەمبوونەوەی ئاسایشی شووناسێکی دیکەیە).

٢-٣. سیاسەتی شووناسی ئایینی  و ئاسایشی نەتەوەیی

شووناسە ئایینییە سێ لایەنەکان کە لە یاسای بنەڕەتی کۆماری ئیسلامیی ئێراندا، بە فەڕمی ناسراون، لە دیدی سیاسەت داڕێژەرەکانی شووناسی پەروەردە و فێرکردنەوە شوێنگەیەکی زۆر نزمی ھەبووە. کۆمەڵێ لە ڕستەکان کە لەم بوارەدا تاووتوێکراون، (٦٣) ڕستە بوون. لەم نێوەندەدا شووناسی ئایینی زەردەشتی بەبوونی ٣٠(٤٧.٦٢٪) ڕستە، لە ناوەندی گرنگیدانی سیاسەت داڕێژەراندا بووە. شووناسی ئایینی مەسیحی و یەھودیش بە گشتی ٢٥ (٣٩.٦٨٪) و ٨(١٢.٧٪) ڕستە و لە شوێنگەی گرنگیدانی دواتردا بوون.

لە پەیوەندی لەگەڵ وێنەکانیش، بە گشتی شەش وێنە پەیوەست بە شووناسی دینی بوونیان ھەبووە کە ٣(٥٠ ٪) پەیوەندیان بە ئایینی زەردەشتەوە بووە، ٣(٥٠ ٪) وێنەی دیکەش پەیوەستبوون بە ئایینی مەسیحی و ھیچ  وێنەیەکیش پەیوەست بە ئایینی یەھودی لە پەڕتووکی وانەی کۆمەڵایەتی قۆناغی یەکەمی ناوەندی بوونی نەبووە. لەم خشتەیەی خوارەوەدا فراوانی و ڕێژەی سەدی ئەو ڕستە و وێنانە ھەیە کە لەو پەڕتووکانەدایە کە تاوتوێکراون.

خشتەی (٦): فراوانی و ڕێژەی سەدی شووناسی سیاسەتی ئایینی ئاڕاستەکەیان

لەبەرئەوەی کە لە ئێران بەپێی یاسای بنەڕەتی، سێ جۆر شووناسی ئایینی بە فەرمی ناسراون، پەروەردە و فێرکردن بۆ بەرزکردنەوی ئاستی ئاسایشی نەتەوەیی، جگە لە زیادکردنی بابەتەکانی پەیوەست لە وانەکاندا، پێویستە بۆ زیادکردنی وێنەش ھەنگاو بنێت. ئەگەرچی شووناسی ئایینی بە ڕەچاوکردنی ژمارەی کەسەکان لەلایەن داڕێژەرانی سیاسەتەوە ڕەچاو نەکراوە، بەڵام ھەر ئەو ڕێژە کەمەی کە باوەڕیان پێیان ھەیە، بە بینینی ڕێژەی گرنگیدان بە ئیسلام و پشتگوێ خستنی ئەوان وەکو شووناسێکێ سەربەخۆ، لەوانەیە ئامڕازە کولتوورییەکانی خۆیان چالاک بکەن و تەنانەت دژی ئیسلام بانگەشە بکەن. ئەم بابەتە بە تایبەت لەسەر ئایینی زەردەشتی، وەک ئایینی ڕەسەن و کۆنی ئێرانییەکان، گرنگییەکەی دوو ھێندەی هەیە و بە گۆڕانی دیدی لایەنگرانی ئایینە جیاوازەکان بۆ ئایینی خاوەن دەسەڵات، دەکرێت بوارەکانی یەکێتی و یەکگرتن و یەکێتی نەتەوەیی بەهێز بکرێت و لە کۆتاییشدا یارمەتی بەرزکردنەوەی ئاسایشی نەتەوەی بدرێت.

٤-٢. سیاسەتی ئایینزایی و ئاسایشی نەتەوەیی

ھەروەک لە خشتەی ژمارە حەوتدا دەبینرێت، گرنگیدان بە شووناسی ئایینزایی لەو پەڕتووکانەی کە تاووتوێکراون، بە گشتی بریتیی بووە لە (٢٨٢) ڕستە. لەم ژمارەیە بەشی شیعە و بەشی سوننە بەم شێوەیە بووە: ٢٠١ (٧١.٢٨٪) و ٨١(٢٨.٧٢٪). بەڵام لەسەر سوننی ٦١(٧٦.٥٤٪) بابەتیان ئاڕاستەی نەرێنیان ھەبووە. پەیوەست بە وێنەکانیش بە گشتی (٤٥) وێنە پەیوەندییان ھەبووە بە سیاسەتی شووناسی ئایینزاییەوە کە ٤١(٩١.١١٪) وێنەیان تایبەت بووە بە شیعە و لە بەرامبەردا تەنیا ٤(٨.٨٩٪) وێنە باسی سوننەی کردووە .

خشتەی (٧): فراوانی و ڕێژەی سەدی سیاسەتی شووناسی ئایینزایی و ئاڕاستەکانی

ئەم جۆرە سیاسەت دانانە، بە گشتی لە سیاسەتی یەکسان سازییەوە سەرچاوە دەگرێت کە پیشانی داوە کارامەییەکی پێویستی بە تایبەت لە ئێراندا نییە. ئەم چەشنە ئاڕاستەیە دەبێتە ھۆی بەرەنگاربوونەوە و تەنانەت خەباتی چەکدارانە بۆ بەرگری لە ئایینزا، ئەمەش ئاسایشی نەتەوەیی تێکدەدات. کاتێک کە شووناسی تایەفیی و ئایینزایی تێکەڵ و ئاوێتە ببێت، ڕێژەی کاردانەوە زۆر زیاتر دەبێت و ھەر وەک پیشاندراوە، بە داخەوە ئەم جیاکارییە لەھەردوو جۆری شووناسی ھۆزی و ئایینزاییدا ھەیە.

ئەو دۆزینەوانەی لێکۆڵینەوەکە لەگەڵ لێکۆڵینەوەی نەقی پور گیوی و ئەوانی دیکە (١٣٩٧) ھاوتەریبە. توێژەرانی ناوبراو، بەپێی دۆزینەوەکانی خۆیان پێشنیار دەکەن کە ئەگەر سنوورداریەتی پێکھاتەیی لە وڵاتەکەماندا کەم ببێتەوە، ئەوا کەسەکان کە ئایینزایی جیاوازیان هەیە، ئاوێتەی شووناسی نەتەوەیی دەبن. کەوابوو بۆ بوونی ئاستێکی ئاسایشی نەتەوەیی بەرزتر، پێویستە پەروەردە و فێرکردن لانی کەم لە ڕێژەی ئاڕاستەی نەرێنی خۆی لەسەر سوننە کەم بکاتەوە.

٥-٢. سیاسەتی شووناسی ڕەگەزیی و ئاسایشی نەتەوەیی

لەو وێنانەی کە بۆ ئەو پەڕتووکانە هەڵبژێردراون کە توێژینەوەیان لەسەر کراوە، شووناسی ڕەگەزی هاوچەرخ بە گشتی پشتگوی خراوە. لە بەرامبەردا زۆربەی ئەو وێنانەی هەڵبژێردراون، بە تایبەت بۆ ژنان، بەپێی شووناسی ئیسلامی بووە. جگە لەوەش، بە ڕەچاوکردنی ژمارەی دانیستوانی ژن لە بەرامبەر پیاوان لە کۆمەڵگەی ئێراندا، دیدی سیاسەت داڕێژی شووناسی لەسەر ژنان لە چاو پیاوانەوە هاوسەنگ نەبووە. بەپێی دەرەنجامەکانی خشتەی ژمارە هەشت لە کۆی گشتی (٤١٤) ڕستەی پەیوەندیدار بە شووناسی ڕەگەزیی لەو پەڕتووکانەدا، ٣٢٩(٧٩.٤٧٪) ڕستە پەیوەستبووە بە شووناسی ڕەگەزی پیاوانەوە. لە بەرامبەردا تەنیا ٨٥(٢٠.٥٣٪) ڕستە تایبەت بووە بە ژنان.

خشتەی (٨): فراوانی و ڕێژەی سەدی سیاسەتی شووناسی ڕەگەزیی

ڕەگەز لەسەردەمی مۆدێرندا، بووە بە یەکێک لە گرنگترین هۆکارەکانی کاری سیاسی کە لە ئاستی جیهانیشدا، پشتگیرییەکی جیهانی لیبڕاڵی هەیە. شوێنگەی دابەزیوو و لەبەرچاو نەگرتنی مافی ژنان بووەتە هۆی گوشاری کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و تەنانەت هاوتەریبی ژنان و کچانی ئێرانی لەگەڵ ئەوان، لە دژی ڕژێمی ئیسلامی. ئەو کاتەی کە شووناسی ڕەگەزیی لەگەڵ شووناسی هاوچەرخ ئاوێتە دەبێت، دەرەنجامی سەرنج ڕاکێشی لێدەکەوێتەوە و دیوارەکانی بەردەم یەکسان سازی لە بوارە جیاوازەکاندا دەڕوخێنێت.

ئەوەی لێکۆڵینەوەکە دۆزیویەتەوە لەگەڵ توێژینەوەی یەزد خواستی و ئەوانی دیکە (١٣٩١) هاوتەریبە. ئەوان لە توێژینەوەیەکدا کە لەسەر خوێندکارانی کچی زانکۆی ئیسفەهان ئەنجامیانداوە، گەیشتن بەو ئەنجامەی کە زۆربەی ئەوانەی کە وەڵامیان داوەتەوە، لە ئاستێکی مامناوەند، تاکو بەرز هەستیان بە نایەکسانی ڕەگەزیی کردووە. لێکۆڵینەوەی زانیارییەکانی تویژینەوەکەش پیشانی دەدات کە بە هەر ڕێژەیەک هەستی نایەکسانی ڕەگەزیی بەهیزتر بێت، ئەوا شووناسی نەتەوەیی ئەوان لاوازترە. کەوابوو، پەروەردە و فیرکردن پێویستە زیاتر گرنگی بە شووناسی ژنان بدات، تاکو لانی کەم بە ئەگەرێکی گەشبینیانەوە پشگیری بکات لە دابەزینی یەکگرتوویی نەتەوەیی و لە ڕاستییشدا نزمبوونەوەی ئاستی ئاسایسی نەتەوەیی.

دەرەنجام

ئامانج لەم وتارە تاووتوێکردنی سیاسەتی شووناسی سەپێنراو لە پەروەردە و فێرکردندا، لەسەر ئاسایسی نەتەوەیی ئێران بووە و بۆ توێژینەوەی وردتری بابەتەکە پەڕتووکەکانی خوێندنی ناوەندی وەک ئەو پەڕتووکانەی کە بەهۆی بوونی بابەتی مێژوویی و جوگرافیا و کۆمەڵناسییەوە، زیاتر لە پەڕتووکەکانی دیکە پیشاندەری سیاسەتی شووناس بوون، بۆیە لە ناوەندی لێکۆڵینەوەکەدا بووە. دەرەنجامەکان پیشانی دەدەن کە لە ناوەڕۆكی ئەم پەڕتووکانەی خوێندندا، وەک نموونەیەکی گشتی، هاوسەنگی پێویست لە گرنگی پێدانی شووناسی کۆمەڵگەی ئێران، بوونی نەبووە. هەروەک باسکرا لە کۆی گشتی (٥٧٨٧) ڕستەی تاووتوێکراو لەو پەڕتووکانەدا (٣٥٨٤) (٦١.٩٪) ڕستەی ئەوان، ڕەنگدانەوەی سیاسەتی شووناسی بووە کە لەم ژمارەیە (٥٩٥) ڕستە لەسەر شووناسە جیاوازەکان لە کۆمەڵگەدا ئاڕاستەی نەرێنیان هەبووە. لەو ڕستانەی کە پەیوەندیداربوون بە سیاسەتی شووناسەوە ٣١١٨(٨٧٪) ڕستە پەیوەندی بە شووناسی نەتەوەییەوە هەبووە. ڕستەکانی پەیوەست بە شووناسی هۆزی، ئایینزایی و ئایینیش بەم شیوەیە ١٢١(٣.٤ ٪)، ٦٣(١.٨ ٪)و ٢٨٢(٧.٨ ٪) ڕستە بووە. لە هەموو وێنەکانیشدا (٦٢.٠٥٪) ئەوان پەیوەندیداربوون بە سیاسەتی شووناسی نەتەوەییەوە. پاشان شووناسی ڕەگەزیی، هۆزی، ئایینزایی و ئایینی؛ (٣٠.٠٤، ٤.٢١، ٣.٢٧ ، ٠.٤٤٪) ئەو وێنانەش کە تاووتوێکراون پەیوەندیدار بوون بەوانەوە. لە (٨٥٥) وێنەی پەیوەندیدار بە شووناسی نەتەوەییەوە، ئەو وێنانەی کە هەڵبژێردراون بۆ ئیسلامییبوون و ئێرانییبوون و نوێگەریی بەم شێوەیە: ٤٢٠ (٤٩.١٣٪)، ٣٦٤(٤٢.٥٧٪) ،٧١(٨.٣٪) ڕستە بوون.

ئەگەر گرنگی بەم بابەتە بدرێت کە بە زیادبوونی تەکنەلۆجیای زانیاری و پەیوەندییەکان لە بەجیهانیبووندا، جگە لە گۆڕاوە ماددییەکان وەک توانای سەربازیی، پێکهاتە نەرم و هزریش (بەتایبەت لە درێژمەودادا) لە پاراستن و بەهێزکردنی یەكێتی کۆمەڵایەتیی و یەکپارچەیی نەتەوەییدا ڕۆڵیان هەیە. لەم بارودۆخەی ئێستادا ئاسایشی کۆمەڵایەتیی وەک بەشێکی گرنگ لە ئاسایشی نەتەوەیی ئێران، لە درێژ مەودادا ڕووبەڕووی ئاڵەنگاری دەبێتەوە. هەروەک باسکرا ئاسایشی نەتەوەیی پەیوەندی ڕاستەوخۆی دەبێت بە یەکگرتوویی و یەکێتی نەتەوەییەوە و تا کاتێک کە بەشەکانی شووناسی کۆمەڵگەیەک هەست بە یەکسانی و ئازادی نەکات، یەکبوون و یەکێتی نەتەوەیی و بەدوای ئەودا ئاسایشی نەتەوەیی دابین نابێت. پەروەردە و فێرکردن وەک دەزگای پەسەندی کۆمەڵگەی سیاسی، شوێنگەیەکی ناوەندی لە سەپاندنی سیاسەتی شووناسی هاوسەنگ لە کۆمەڵگەدا هەیە. لەم ڕێگەیەوە دەکرێت بڵێین سیاسەت داڕشتنی پەروەردە و فێرکردن کە زیاتر و لە پێش هەر شتێکەوە لە پەڕتووکەکانی خوێندندا دەردەکەوێت، ڕۆڵێکی زۆر گرنگی لە برەودانی یەکسانی و ئازادی بۆ بەشەکانی شووناسی کۆمەڵگە هەیە و لەم ڕێگەیەوە ڕۆڵی سەرەکی لە یەکگرتن و یەکێتی نەتەوەیی و بەدوای ئەودا لە ئاسایشی نەتەوەییدا هەیە. بەپێی دۆزراوە زانستییەکان، یەک کەس (خوێندکار) دەتوانێت چەندین شووناسی جیاوازی هەبێت و بوونی ئەوان پێکەوە، وەک چەشنیک لە دژبەری و ناکۆکی، یان نکۆڵی لە یەکتری دانانرێت. بەگشتی دەکرێت بڵیین، کەسەکان شووناسی چەند لایەنەیان هەیە کە کاریگەریی هۆکارە ژینگەییەکان لە ئاستی بچووکدا (خێزان و هاوتەمەنان)، مامناوەند (نەتەوەیی) و ئاستی بەرزیش (جیهانیی)، دەتوانێت هەندێکیان بەهێز و هەندێکی دیکەیان لاواز بکات. بەڵام دیدی نەرێنی و ناکۆک بۆ شووناسی چەند لایەنە، دەبێتە هۆی دەرەنجامی کۆی چەند یاری و کۆی بیرکارییانەی سفر. لەبەرئەوە، دەبێت هەوڵ بدرێت ناوەڕۆکی پەڕتووکە کۆمەڵایەتییەکان و پەڕتووکەکانی دیکەی پەروەدە و فێرکردن، بە چەشنێک ئامادە بکرێن کە ئەگەری ڕاکێشانی کەسەکان بۆ شووناسی چەند لایەنە زیاد بکات. بە واتایەکی دیکە سنوورداری پەڕتووکەکان (گرنگی نەدان بە بابەتی شووناسی نوێگەری، هۆزی، ئایینزایی، ئایینی و ڕەگەزیی، هەروەها دیدی نەرێنی لەسەر ئەوان)، پێویستە کەم بکرێتەوە، تاکو شووناسی چەند لایەنەی خوێندکاران بەهێز بکرێت و لەم ڕێگەیەوە زەمینە بۆ بەهێزکردنی شووناسی نەتەوەیی، وەک بنەمای ئاسایشی نەتەوەیی ئامادە بکرێت. تەنیا لە بارودۆخێکی لەو چەشنەدایە کە دەکرێت چاوەڕێی بەهێزکردن و بەرزکردنەوەی ئاسایشی نەتەوەیی بین و بە ڕێزگرتن لە جیاوازییە شووناسییەکانیش ببینە هۆی بەهێزکردنی یەکێتی و یەکگرتوویی نەتەوەیی و بگەین بە بەرز کردنەوەی ئاستی ئاسایشی نەتەوەیی.

ابراهیمی، نب یالله ) 1393 مطالعات راهبردی، ،» بررسی مقایسهای مفهوم امنیت در مکات ب متأخ ر امنیتی « ، ( 66)17 ، 7 – 30 .

ابوالحسنی، سیدرحیم ( 1388 )، سازگاری هویتها در فرهن گ ایرانی )مطالعه موردی: شهروندان تهرانی(، سیاست، 39 ( 2) ،23-49 .

احمدلو، حبیب ) 1381 (، بررسی رابطه میزان هویت ملی و قومی در بین جوانان تبریز، پایاننامه کارشناسی ارشد رشته جامعه شناسی، دانشکده علوم انسانی، دانشگاه تربیت مدرس.

احمدی، حمید ( 1388 )، بنیادهای هوی ت ملی ایرانی: چهارچوب نظری هوی ت ملی شهروندمحور، تهران: پژوهشکده مطالعا ت فرهنگی و اجتماعی.

ازغندی، علیرضا و غلامرضا محمدیمهر ) 1395 مطالعات ،» بازنمایی هویت ملی در کتا بهای فارسی مقطع دبستان « ،ملی، ( 1) 17 ، 39 – 52 .

افتخاری، اصغر ( 1384 )، بررسی تهدیدات، مباحث کلاسی، دانشگاه عالی دفاع ملی.

امیرزاده، محمدرضا و مجید بهستانس ) 1396 مجلس و راهبرد، ،» بررسی سیاست هویت د ر دوره معاصر ایران « ، ( 77)21  ،71-106

ایزدی، مهشید و کبری قاسمی ) 1390 کتاب ،» تأثیر استفاده ا ز شبک ه اطلاعا ت جهان ی ب ر هویت دینی – مل ی دان ش آموزان « ،) ماه علوم اجتماعی، ( 38)2 ، 114 – 121 .

آل سید غفور، سید محمد تقی و علیرضا زهیری ) 1395 علوم سیاسی ،» سیاست هویت و جنبشهای اجتماعی جدید « ،) باقرالعلوم(، ( 74)19 ، 119 – 140 .

براتعلیپور، مهدی ) 1393 سیاستهای راهبردی و کلان، ،» درآمدی بر سیاست هویتی در جمهوری اسلامی ایران « ، (7) 2 ، 141-158 .

بوزان، باری ( 1378 )، مردم، دولتها و هراس، ترجمه پژوهشکده مطالعات راهبردی، تهران: نشر پژوهشکده مطالعات راهبردی.

بهشتی، سید صمد و محمد حقمرادی ) 1396 فراتحلی ل مطالعا ت مرتب ط با رابطة بین هویت قومی و هویت مل ی د ر ایرا ن « ،) مسائل اجتماعی ایران، ،» با تاکید بر نقش رسانه ( 2) 8 ، 5 – 27 .

پورشکری، علیرضا و دیگران ) 1399 تحلیل محتوای کتا بهای درسی مطالعات اجتماعی دوره اول متوسطه: بر اساس « ،) مطالعات ملی، ،» مؤلفههای میراث فرهنگی ( 1)21 ، 27 – 46 .

پژوهشکده تحقیقات راهبردی ) 1398 گروه ،» هویت؛ تقاضای کرامت و سیاست نفر ت « (، معرفی و خلاصه کتاب پژوهشهای بین الملل، به آدرس اینترنتی: https://www.csr.ir/files/fa/news/1398/6/13/1933_822.pdf

ثاقبفر، مرتضی ( 1383) در: ایران، هویت، ملیت، قومیت، حمید احمدی، تهران: نشر ،» ایران باستان و هویت ایرانی « ،) موسسه تحقیقات و توسعه علوم انسانی.

حاجیانی، ابراهیم ) 1379 مطالعا ت ملی، ،» تحلیل جامعهشناختی هویت ملی در ایران و طرح چند فرضیه « ،) ( 5)2 ،(193-228 .

حقیقت، سیدصادق ) 1397 دو فصلنامه حقوق بشر، ،» هویت ایرانی– اسلامی: تحلیلی گفتمانی « ، 13  (1) ، 91 – 110 .

خلیلی، رضا ) 1383 مطالعات راهبردی، ،» تحول تاریخی  گفتمانی مفهوم امنیت « ، ( 23)7 ، 7 – 29 .

خلیلی، رضا ) 1387 مطالعات راهبردی، ،» امنیت و آزادی؛ در جستجوی نگرشی معطوف به توسعه پایدار « ، (41) 11،(495-525) .

دان، رابرت ( 1385 )، نقد اجتماعی پست مدر نیته بحرانهای هویت، ترجمه صالح نجفی، تهران: پردیس دانش، شرکت نشر و پژوه شیرازه.

رهبری، مهدی و دیگران ) 1394 مطالعات ملی، ،» هویت ملی در سند تحول بنیادین آموزش و پرورش ج.ا.ا « ،) ( 1)16 ،(45-66 .

سری عالقلم، محمود ( 1383 )، متدلوژی فهم هویت ملی، در: هویت ملی در ایران، داود میر محمدی، تهران: نشر تمدن ایرانی .

سیدامامی، کاووس ) 1385 دانش سیاسی، ،» قومیت از منظر سیاستهای هویت « ، ( 1)2 ، 143 – 166

صالحی عمران، ابراهیم و دیگران ) 1387 بررسی میزان توجه به مؤلفههای هویت ملی در کتا بهای درسی دوره « ،) مطالعات ملی، ،» راهنمایی ( 35)9 ، 3 – 25 .

صالحی عمران، ابراهیم و طناز شکیباییان ) 1386 بررسی میزان توجه به مؤلفههای هویت ملی در کتا بهای درسی دوره « ،) مطالعات ملی، ،» آموزش ابتدایی ( 1)8 ، 63 – 84 .

صالحنیا، علی ) 1395 دهمین کنگره پیشگامان پیشرفت، ،» بررسی نظری مفهوم امنیت ملی و ابعاد مختلف آن «

صباغ، صمد و آرزو شالفروش شتربانی ) 1387 بررسی ابعاد هویتی )جهانی، ملی، قومی یا محلی و دینی( دانشآموزان « ،) مطالعات جامعهشناسی، ،» دوره متوسطه و عوامل مرتبط با آن 1 ( 1) ، 67 – 109 .

طاهایی، سیدجواد ) 1392 رواب ط خارجی، ،» نقد نظریه امنی تملی « ،) ( 1)5 ،( 235 – 261 .

عبا سزاده، هادی و کامران کرمی ) 1390 مطالعات راهبردی، ،» سرمایه اجتماعی و امنیت ملی پایدار « ،) ( 51)14 ،( 31 – 58 .

عبدالهی، محمد و محمد عثمان حسینبر ) 1381 جامعهشناسی ایران، ،» گرایش دانشجویان بلوچ به هویت ملی در ایران « ،) ( 4)4 ،( 101-126 .

کریمی، علی ) 1386 پژوهشنامه حقوق و علوم ،» هویتهای جدید در عصر جهانی شدن و تأثیر آن بر امنیت عمومی « ،) سیاسی، ( 4) 2 ،( 79 – 105 .

کریمی مله، علی ) 1393 مطالعات راهبردی، ،» امنیت جامعهای و سیاسی از رهگذر سیاس تگذاری اجتماعی « ، (65)17 ، 35-70.

کلانی، سمیه و خدیجه سفیری ) 1396 مسائل اجتماعی ،» تناقضهای هویتی جوانان درکنش و واکنش ب ا خانواده و جامعه « ،)ایران، ( 1)8 ،( 97 – 119 .

گل محمدی، احمد ( 1381 )، جهانیشدن، فرهنگ و هویت، تهران: نشر نی.

فاضلی، حبی بالله ) 1391 علوم سیاسی، ،» ورزش و سیاست هویت « ،) ( 2)7 ،( 151 – 174 .

فوکویاما، فرانسیس (1397) ، هویت؛ تقاضای کرامت و سیاست نفرت، ترجمه رحمان قهرمانپور، تهران: نشر روزنه.

قادرزاده، امید ( 1393) ،») آموزش و پرورش و هویت دینی و ملی )مطالعه پیمایشی دانشآموزان مقطع متوسطه شهر بانه « ،) مطالعات ملی، (3)15 ،( 81 – 106 .

قهرمانپور، رحمان ) 1398 روزنامه دنیای اقتصاد، شماره روزنامه: ،» سیاست هویت « (، دغدغهای به نام 4652 ، 1398 / 04 / 20 ، شماره خبر: 3546374 .

قهرمانپور، رحمان ( 1385 )، سیاستهای هویتی نخبگان و تأثیر آن بر سیاست خارجی در کشورهای خاورمیانه مطالعه موردی ایران، ترکیه، مصر و اسرائیل، رساله دکتری رشته علوم سیاسی، دانشکده علوم اقتصادی و سیاسی، دانشگاه شهید بهشتی.

مارتین، لنور ( 1389 )، چهره جدید امنی ت د ر خاورمیانه، ترجمه قدیر نصری، تهران: نشر پژوهشکده مطالعا ت راهبردی.

ماندل، رابرت ( 1379 )، چهره متغیر امنیت ملی، ترجمه پژوهشکده مطال عات راهبردی، تهران: نشر پژوهشکده مطالعات راهبردی.

مسعودنیا، حسن و دیگران ) 1393 (، بررسی رابطه هویت ملی و قومی: )مطالعه موردی دانشجویان دانشگاه تهران(، مطالعات توسعه اجتماعیفرهنگی،) (2)3 ،( 139 – 165 .

مطهری، مرتضی ) 1385 (، خدمات متقابل اسلام و ایران، چاپ 32 ، تهران: نشر صدرا.

معروفی، یحیی و صادق پناه یتوانا ) 1392 کتا بهای ادبیا ت فارس ی دوره متوسطه و بازنمایی مؤلف ههای هویت ملی « ،) مطالعات ملی، ،») )دیدگاه دبیران ( 3)14 ، 107 – 122 .

منصوری، علی و آزیتا فریدونی ) 1388 ،» تبلور هویت ملی در کتب درسی: بررسی محتوایی کتاب فارسی دوره ابتدایی « ،) مطالعات ملی، ( 2)10 ، 27 – 46 .

ناظمی اردکانی، مهدی و دیگران ) 1395 مقایسه تطبیقی ابعاد هویّت اسلامی، ایرانی و مدرن در نسل اول و سوم انقلا ب « ،)فصلنامه علمی دانش انتظامی یزد، ،») اسلامی)مطالعه موردی شهر یزد ( 12)3 ، 1 – .17 .

نصری، قدیر ) 1390 (، در آمدی نظری بر امنیت جامع های )مفاهیم، مؤلف هها و نظری هها(، تهران: پژوهشگاه علوم انسانی و مطالعات فرهنگی.

نصری، قدیر ) 1390 مطالعات راهبردی، ،» در بررسی ا منیت » باری بوزان « تأملی ن ظر ی در یافت هها و دشواریهای « ،) ( 54)14 ،)105-134)

نصری، قدیر ) 1392 امنیت پژوهی، ،» امنیت جامعهای به مثابه هسته حیاتی امنیت مل ی پایدار)12  ( 43 ،( 61 – 91 .

نقیپور گیوی، بهنام و دیگران ) 1397 مطالعة نقش هویت مذهبی در شکلگیری هویت ملی دانشجویان هوادار تیمهای « ،)مدیریت د ر دانشگاه اسلامی، ،») ملی )مورد مطالعه: تیم ملی فوتبال و بسکتبا ل 17 ) 16 (،( 327 – 340 .

نوشادی، محمودرضا و دیگران ) 1390 نقش و کارکرد کتا بهای تعلیمات اجتماعی پنجم دبستان و سوم راهنمایی در « ،) پژوه شهای برنامه درسی، ،» شک لگیری هویت ملی ( 1 )1، 139 – 167 .

هاشمی، سیدضیا و مژده قربانعلیزاده ) 1393 مطالعات ملی، ،» هویت ملی در کتب مطالعات اجتماعی دوره ابتدایی « ،) 154) 49-71)

یاوری، نوشین ) 1373 فصلنامه گفتگو، ،» اقوام و قومیت در کتا بهای درسی « ،) 3 ، 97 – 119 .)

یزدخواستی، بهجت و دیگران ) 1391 علوم اجتماعی )دانشگاه آزاد شوشتر(، ،» نابرابری جنسیتی و هویت ملی « ، ( 4)19 ،)141-160)

Idris, Amir. (2005). Conflict and politics of identity in Sudan. Palgrave: Macmillan. Appiah, K. A. (2006). The politics of identity. Daedalus, 135(4), 15-22.

Bernstein, M. (2005). Identity politics. Annu. Rev. Sociol., 31, 47-74.

Davies, R. (2009). Afrikaners in the new South Africa: identity politics in a globalised economy.

Hekman, S. (1999). Identity crises: Identity, identity politics, and beyond. Critical Review of International Social and Political Philosophy, 2(1), 3-26.

Hope, D. P. (2006). Inna di dancehall: Popular culture and the politics of identity in Jamaica. University of West Indies Press.

Hill, J. & Wilson, T. (2003). Identity politics and the politics of identities. Identities: global studies in culture and power, 10(1), 1-8.

Stanford Encyclopedia of Philosophy (2020), Identity Politics, First published Tue Jul 16, 2002; substantive revision Sat Jul 11, 2020, Available At: https://plato.stanford.edu/entries/identity-politics/

Yunespour, Ali Reza. (2011). Identity Politics: A Case Study of Afghanestan, Discipline of Government and International Relations the University of Sydney.

[1] ئەندامی دەستەی زانستی گروپی سیاسی زانکۆی خوارەزمی (نووسەری بەرپرس)

[2] خوێندکاری قۆناغی دوکتۆرای کۆمەڵناسی سیاسی زانکۆی عەلامە تەباتەبایی

[3]http://quarterly.risstudies.org/article_142870.html لینكی توێژینەوەكە بە زمانی فارسی.

[4] بۆ ژماردنی پیشاندەرەکانی سیاسەتی شوناسی دەوڵەت، سوود لە لێکۆڵینەوەی جیاواز وەرگیراوە، (لەبەر ئەوەی هیچکامیان ئاڕاستە جیاوازەکانی شوناسی بەکۆمەڵیان پێکەوە تاووتوێ نەکردوە تەنیا لایەنێکی ئەویان، وەک شوناسی نەتەوەیی، شوناسی تایەفەیی،یان شوناسی ئاینی لەبەرچاوگرتووە) کە بریتین لە: یاوەری (١٣٧٣)، ساڵحی عومران و شەکیباییان(١٣٨٦)، ساڵحی عومران و ئەوانی تر(١٣٨٧)، مەنسوری و فەرەیدونی(١٣٨٨)، نەوشادی و ئەوانی تر(١٣٩٠)، هاشمی و قوربان عەلی زادە(١٣٩٣)، قادر زادە(١٣٩٣)، ڕەهبەری و ئەوانی تر(١٣٩٣)، ئەزغەندی و محەمەدی میهر(١٣٩٥)، پور شوکری و ئەوانی تر(١٣٩٩).

Send this to a friend