• Google Plus
  • Rss
  • Youtube
January 29, 2022

چۆن کەمئاویی بووەتە هۆکاری بەرپابوونی جەنگەکان؟

نووسەر: ساندی میلن، نووسەری فیوچەر و شارەزا لە بواری گۆڕانی کەشوهەوا

وەرگێڕان: پەرۆش محەمەد

بۆ بینینی بابه‌ته‌كه به‌ PDF‌ كلیك له‌م به‌سته‌ره‌ بكه‌:-  ژمارە (11)ی كانونی دووەمی 2022ی گۆڤاری ئایندەناسی

بونیادنانی بەنداو و بەکارهێنانی ئاو بە ڕێژەیەکی زۆر لەلایەن ئەو وڵاتانەی دەکەونە سەرووی ڕووبارەکانەوە، وای کردووە ئەو وڵاتانەی لە خوارەوەی ڕووبارەکانن؛ تیبووتر ببن، ئەمەش مەترسیی کێشە و ململانێکانی زیاتر کردووە.

لە کاتێکدا لە ڕێگای زوومەوە قسەی بۆ دەکردم و لە شوقەکەی خۆیدا بوو لە ئەمستەردام، عەلی سەدر وەستا و قومێکی لە ئاوی ڕوونی پەرداخەکەی بەردەستی دا. ئایرۆنییەکە ئا لێرەدا دەرکەوت و عەلی پێکەنی و گوتی: “بەر لەوەی عێراق جێ بهێڵم، من هەموو ڕۆژێ بەئاستەم ئاوی پاکم دەست دەکەوت بۆ خواردنەوە”. سێ ساڵ پێشتر عەلی پەیوەندیی بەو خۆپیشاندەرانەوە کرد کە لە شارەکەی خۆیدا لە بەسڕە داوایان دەکرد دەسەڵاتداران چارەسەری قەیرانە کەڵەکەبووەکانی ئاوی شارەکە بکەن.

عەلی کە تەمەنی ٢٩ ساڵە، ئەوەشی گوت کە: “بەر لە شەڕ، بەسڕە شارێكی جوان بوو، خەڵکی بە بەسڕەیان دەگوت ڤینیسیای ڕۆژهەڵات”. بەسڕە کە بە لایەکیدا شەتلعەرەب هەیە، بە تۆڕێک کەناڵی ئاوی سازگار دەورە دراوە. عەلی کە جاران کاری داگرتنی بارەکان بووە لەوێ، حەزی لە کارکردن بوو لەتەنیشت ئەو کەناڵانە. “بەڵام ئەو کاتەی کە من ئەوێم بەجێ هێشت، ئاوی زێرابەکان تێکەڵ بەو کەناڵانە دەکرا، ئێمە نەماندەتوانی خۆمانی پێ بشۆین. بۆنی ئاوەکە منی تووشی سەرئێشە دەکرد، کاتێکیش لە کۆتاییدا نەخۆش کەوتم، چوار ڕۆژ لە جێگادا مامەوە”. لە هاوینی ٢٠١٨، … ,١٢٠ لە خەڵکی بەسڕە نەخۆش کەوتن بە هۆی ئاوی پیسەوە -کە پۆلیس تەقەی لەو خەڵکە کرد ناڕەزاییان دەردەبڕی، عەلی بەختی هەبوو کە سەلامەت دەرچوو. عەلی گوتی: “لە ماوەی مانگێکدا جانتاکانم کۆ کردەوە و هاتم بۆ ئەورووپا.”

چیرۆکی هاوشێوەی ئەمەی عەلی لە سەرانسەری جیهاندا زۆرە. نزیکەی چارەکێکی دانیشتووانی زەوی ڕووبەڕووی گرفتی کەمئاوی دەبنەوە بۆ ماوەی مانگێک لە تەواوی ساڵەکەدا -لە کەیسی هاوشێوەی عەلییشدا، دەبێتە هۆی ئەوەی کە زۆر کەس هەوڵی دۆزینەوەی ژیانێکی سەلامەتتر بدەن لە وڵاتێکی تر. “ئەگەر ئاو بوونی نەبێ، خەڵکی هەوڵی ڕۆیشتن دەدەن”، ئەمە قسەی کیتی ڤاندەر هایدنە کە بەرپرسی هاریکاریی نێونەتەوەییە لە وەزارەتی دەرەوەی هۆڵەندا و پسپۆڕیشە لە سیاسەتی ئاویدا. کەمئاوی بەدیاریکراوی کاریگەریی هەیە لەسەر ٪٤٠ی دانیشتووانی زەوی و بەپێی پێشبینییەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان و بانکی جیهانی، وشکەساڵی ڕەنگە ببێتە هۆی ڕاگوێزرانی نزیکەی ٧٠٠ ملیۆن کەس تاوەکوو ٢٠٣٠. کەسانێکی وەکوو ڤان دەر هایدن خەمی ئەوەیانە ئەمە سەر بۆ چی بکێشێت؟

هایدن دەڵێت: “ئەگەر ئاو بوونی نەبێ، لەوانەیە سیاسییەکان هەوڵ بدەن پەیدای بکەن و شەڕ دەست پێ بکەن لەسەر ئەوە.”

لە ماوەی سەدەی ٢٠-دا، زیادبوونی بەکارهێنانی ئاو دوو ئەوەندەی گەشەکردنی دانیشتووان بووە. لەمڕۆدا ئەم ناچوونیەکییە وای کردووە لە زۆر شاردا -لە ڕۆماوە بۆ کەیپتاون، چێنای (Chennai) و لیما (Lima)- بڕی بەکارهێنانی ئاو دیاری بکرێت. لە ساڵی (٢٠١٢)ەوە دیداری ئابووریی جیهان لە لیستی “مەترسییە جیهانییەکان بە هۆی کاریگەرییەوە”، هەمیشە ئاوی بە یەکێ لە پێنج مەترسییە سەرەکییەکە داناوە. لە ٢٠١٧-دا وشکەساڵی هۆکاری خراپترین قەیرانی مرۆیی بووە لە جەنگی جیهانیی دووەمەوە، لەو ساڵەدا نزیکەی ٢٠ ملیۆن کەس لە ئەفەریقا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە ناچار بوون ماڵەکانیان بەجێ بهێڵن بە هۆکاری کەمیی خۆراک و ئەو ململانێیانەی کە سەریان هەڵدەدا.

پیتەر گلەیک کە سەرۆکی پەیمانگای پاسیفیکە لە ئۆکلاند، سێ دەیەی ڕابردووی لە توێژینەوە لە پەیوەندیی نێوان کەمئاوی، ململانێ و کۆچ بەسەر بردووە و پێی وایە کە ململانێی ئاو لە زیادبووندایە. ئەو دەڵێت: “لە حاڵەتی زۆر دەگمەندا نەبێ، هیچ کەسێ بە هۆکاری تینووێتی نەمردووە، بەڵام کەسانێکی زیاتر و زیاتر دەمرن، بە هۆکاری ئاوی پیس یان ململانێ لەسەر پەیداکردنی ئاو.”

گلەیک لەگەڵ تیمەكەی، “کرۆنۆلۆژیای ململانێکان لەسەر ئاو”یان داناوە: کە لیستی ٩٢٥ ململانێیە، گەورە و بچووک، کە دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی حامورابیی پاشای بابلیۆن. ئەم لیستە هەموو ململانێکانی لەخۆ نەگرتووە و ئەو ململانێیانەش شەڕی تەواوەتی و دەمەقاڵێی دوو دراوسێیشی تێدایە، بەڵام ئەوان بۆیان دەرکەوت کە پەیوەندیی نێوان ئاو و ململانێ پەیوەندییەکی ئاڵۆزە.

گلەیک دەڵێت: “ئێمە ململانێکانمان پۆلێن کردووە بۆ سێ گرووپ”. “وەکوو ‘هۆکار’ی ململانێ کە توندوتیژی پەیوەندیی هەیە بە دەستڕاگەشتن و کۆنترۆڵی ئاوەوە، وەکوو ‘چەک’ی شەڕ کە ئاو یان سیستمی ئاو چەشنی چەک بەکار دێت لە ململانێکاندا کە خۆی دەبینێتەوە لە بەکارهێنانی بەنداوەکاندا بۆ گلدانەوەی ئاو یان لافاو لە کۆمەڵگاکانی خوارووی ڕووبارەکان، یان وەکوو ‘قوربانی’ یاخود ‘ئامانج’ی ململانێ کە تێیدا سەرچاوە و پڕۆژەکان یان بۆرییەکانی ئاو دەکرێنە ئامانج لە ململانێکاندا.”

بەناو ئەو تۆمارانەدا بگەڕێ کە گلەیک و هاوڕێکانی کۆیان کردووەتەوە، بۆت دەردەکەوێ کە بەشێکی زۆری ململانێکان پەیوەندییان بە کشتوکاڵەوە هەیە. ڕەنگە ئەمەش مایەی سەرسوڕمان نەبێت، چونکە کشتوکاڵ لە ٪٧٠ی ئاوی پاك بەکار دەبات. بۆ نموونە: لە ناوچەی ساحیلی نیمچەوشکی ئەفەریقا، بەردەوام ڕاپۆرت هەیە لەسەر جووتیارەکانی دانەوێڵە کە پێکدادانی توندوتیژ دەکەن لەسەر کەمیی سەرچاوەکانی ئاو بۆ ئاژەڵ و دانەوێڵەکانیان.

بەڵام کە خواست لەسەر ئاو زیاد دەکات، ئەگەری ڕوودانی ململانێکانیش زیاد دەکات.

چارلس ئایسلاند بەڕێوەبەری جیهانیی ئاو لە پەیمانگای سەرچاوەکانی جیهان، دەڵێت: “نوێترین توێژینەوەکان لەسەر بابەتەکە، نیشانی دەدات کە ناکۆکییەکانی پەیوەندیدار بە ئاوەوە بە تێپەڕینی کات لە زیادبووندایە.” زیادبوونی دانیشتووان و گەشەی ئابووری، خواستیان لەسەر ئاو لە جیهاندا بەرز کردووەتەوە. لە هەمان کاتدا، گۆڕانی کەشوهەوا پێدانی ئاوی کەم کردووەتەوە و لە زۆر جێگاش ڕێژەی دابارینی بارانی ناجێگیر کردووە.

لە هیچ ناوچەیەکی جیهاندا کاریگەریی دووانەی گۆڕانی کەشوهەوا و نیگەرانیی ئاو هێندە بەدیار نەکەوتووە وەکوو ئەوەی لە حەوزی دیجلە و فوڕاتدا هەیە کە تورکیا، سووریا، عێراق و ڕۆژهەڵاتی ئێران دەگرێتەوە. بەپێی وێنەی مانگە دەستکردەکان، ئەم ناوچەیە لە هەموو ناوچەکانی تری جیهان خێراتر ئاوی زەویی تێدا کەم دەبێتەوە. هەندێ لە وڵاتان بێهوودە هەوڵ دەدەن بۆ دابینکردنی ئاوی پێویست و ئەم کارەشیان کاریگەریی لەسەر دراوسێکانیان هەیە.

لە مانگی ٦ی ٢٠١٩، ئەو کاتەی شارەکانی عێراق شەپۆلێکی گەرمای ٥٠ پلەی سیلیزییان تێدەپەڕاند، تورکیا ڕایگەیاند کە دەست دەکات بە پڕکردنی بەنداوی ئیلیسو لەسەر سەرچاوەکانی ئاوی دیجلە. ئەمە نوێترین دانەیە لەو ٢٢ وێستگەی کارەبا و بەنداوەی تورکیا بەنیازە لەسەر دیجلە و فوڕات بونیادیان بنێت، ئەمەش بەپێی ڕاپۆرتێکی نووسینگەی نێودەوڵەتیی فەڕەنسا بۆ ئاو، کاریگەریی دەبێت لەسەر بڕی ئاوی ڕۆیشتوو بۆ ئێراق، سووریا و ئێران. ڕاپۆرتەکە دەڵێت پڕۆژەی گاپی تورکیا لە کاتی تەواوبوونیدا ٩٠ بەنداو و وێستگەی کارەبا لەخۆ دەگرێت.

کاتێک ئاستی ئاو لە پشتەوەی بەنداوە ١٦٠٠ مەترییەکەی ئیلیسوو بەرز بوویەوە، ڕێژەی ئاوی ڕۆیشتوو بۆ عێراق بۆ نیوە دابەزی. هەزاران کیلۆمەتر دوورتر لەمە و لە بەسڕە، عەلی و دراوسێکانی بینییان کە کوالێتیی ئاوەکەیان خراپتر بوو. لە مانگی هەشت، سەدان کەس ڕژانە نەخۆشخانەکانی بەسڕەوە بە هۆکاری تووشبوونیان بە هەستیاریی پێست، ئازاری سک، ڕشانەوە، سکچوون و هەتا کۆلێرا، ئەمە بەپێی ڕێکخراوی چاودێریی مافەکانی مرۆڤ.

ئایسلاند دەڵێت: “لە ڕاستیدا چیرۆکی بەسڕە دوو بەشە: ڕژاندنی ئاوی پیسە بۆ ناو کەناڵە ئاوییەکان بەبێ خاوێنکردنەوە. بەڵام دەبێت بونیادنانی بەنداوەکانیش لە سنووری تورکیاوە لەبەرچاو بگری -کە ئەمەش ناهێڵێت ئاوی خاوێنی زیاتر بڕژێتە دیجلە و فوڕاتەوە، ئاوی سوێریش تاوەکوو دێت بۆ سەرەوەی ڕووبارەکان دەکشێت (لە کەنداوی فارسەوە). بە تێپەڕینی کات، ئەمە دانەوێڵەکان وێران دەکات و خەڵکی نەخۆش دەخات.”

ئەمە وێنەیەکی ئاڵۆزە، بەڵام توانای بینینی پەیوەندی لەنێوان ئەو شتانەی وەها دەردەکەوێ لێکدابڕاو بن، یارمەتیی کارەکانی ئایسلاندی داوە لەگەڵ “کۆمەڵەی هاوبەشی ئاو، ئاشتی و ئاسایش” کە لەلایەن حکومەتی هۆڵەنداوە پاڵپشتی دەکرێت، ئەم کۆمەڵە پێک هاتووە لە شەش ڕیکخراوی “NGO”ی ئەمەریکی و ئەورووپی (لە نێویاندا پەیمانگای پاسیفیک و پەیمانگای سەرچاوەکانی جیهان هەیە). ئەوان پەرەیان بە “ئامرازی ئاگادارکردنەوەی زووتری جیهانی” داوە، ئەم ئامرازە فێربوونی ئامێری بەکار دەهێنێت بۆ پێشبینیکردنی ئاڵۆزییەکان بەر لەوەی ڕوو بدەن. ئەم ئامێرە زانیارییەکان لە بارەی بڕی باران، شکستی دانەوێڵە، چڕیی دانیشتووان، سامان، بەرهەمهێنانی کشتوکاڵی، ئاستی گەندەڵی، وشکەساڵی و لافاو لەناو بڕێکی زۆرتری داتا پێکەوە دەبەستێ، بۆ ئەوەی ئاگاداری لە بارەی ئالۆزییەکانەوە دروست بکات. ئەمانە لەسەر نەخشەیەکی سوور و پرتەقاڵی نیشان دەدرێن، هەتاوەکوو ئاستی ناوچە ئیدارییەکان. لە ئێستادا ئەم ئامێرە هۆشیاری دەدات لە بارەی نزیکەی ٢٠٠٠ ناوچە وەکوو ناوچەی ئەگەری ئاڵۆزییەوە، کە دروستی و پێکانی ڕاستییەکەی (٪٨٦)ە.

ئەم ئامێرە لەگەڵ ئەوەی دەکرێت بەکار بهێنرێت بۆ دەستنیشانکردنی ئەو جێگایانەی مەترسیی هەڵگیرسانی ئاڵۆزی هەیە لەسەر ئاو، لە هەمان کاتدا یارمەتیدەریشە بۆ پێدانی زانیاری بەوانەی کە دەیانەوێ لەو ناکۆکییانە بگەن کە لە ئێستادا لە هەندێ ناوچەدا هەیە لەسەر کەمئاوی.

ناوچە دەشتاییەکانی باکووری هیندستان، بۆ نموونە یەکێ لە بەپیتترین ناوچەکانی جیهانە بۆ کشتوکاڵ، کەچی لەمڕۆدا ڕۆژانە پێکدادان دروست دەبێ لەنێوان خەڵکی گوندەکانی لەسەر کەمئاوی. داتاکان نیشانی دەدەن کە زیادبوونی دانیشتووان و زۆریی ئاودێری، قەبارەی ئاوی زەویی بەردەستی تێپەڕاندووە. سەرەڕای خاکە کشتوکاڵییە دەوڵەمەندەکەی، کەچی نەخشەکەی “کۆمەڵەی ئاشتی، ئاسایش و ئاو” نزیکەی هەموو ناوچەکانی باکووری هیندستانی بە ناوچەی “زۆر مەترسیدار” نیشان داوە لە ڕوانگەی بنچینەی ناکۆکیی ئاوەوە. چەندان ڕووباری سەرەکی کە ئاو بۆ ناوچەکە دابین دەکەن -ئیندوس، گانجیس، سوتلیج-، هەموویان لە ناوچە سنوورییەکانی تبتەوە هەڵدەقوڵێن، بەڵام گرنگیشن بۆ دابینکردنی ئاو بۆ هەردوو هیندستان و پاکستان. چەندین پێکدادانی سنووری ڕووی داوە بەم دواییە لەنێوان هیندستان و چیندا، چونکە چین خاوەنداریی ناوچەکانی سەرەوەی ڕووبارەکان دەکات. لە مانگی ئایاری ٢٠٢٠، پێکدادانێکی توند لە دۆڵی گالوان ڕووی دا کە سەرچاوەکانی ئیندوسی لێوە هەڵدەقوڵێت، ئەمە بوو بە هۆی کوژرانی ٣٠ سەربازی هیندی. چەند مانگێک دوای ئەوە، ڕاپۆرتەکان ئاماژەیان بەوە کرد کە چین “بناغە” بۆ دروستکردنی بەنداو دادەنێت، بۆ ئەوەی ڕۆیشتنی ئاوەکە بۆ هیندستان سنووردار بکات.

بەڵام داتاکانی “ئامرازی ئاگادارکردنەوەی زووتری جیهانی”، شتی دیکەشی دەرخستووە. لە هەندێ لەو ناوچانەی جیهان کە زۆرتر کێشە لەسەر ئاو هەیە، وەها دیارە کە کۆچی خەڵکی بۆ ئەم ناوچانە جیاواز بێت. بۆ نموونە: عوممان ڕێژەی وشکەساڵییەکەی لە عێراق زیاترە، بەڵام ساڵانە سەدان هەزار کۆچبەری وەرگرتووە بەر لە پەتای کۆرۆنا، ئەمەش هۆکارەکەی ئەوەیە کە عوممان زۆر باشترە لە ڕووی گەندەڵی، ژێرخانی دابینکردنی ئاو، دابەشبوونی مەزهەبی و گرژیی سیاسی لەسەر ئاو. “پێگەلاوازیی کۆمەڵگایەک بەرامبەر وشکەساڵی، زۆر گرنگترە لە وشکەساڵییەکە خۆی”، ئەمە قسەی لینا ئێکلوندە کە توێژەرێکی جوگرافییە لە زانکۆی لوندی سویدی.

هەر چەندە ئەم پەیوەندییەی نێوان ناکۆکی و کەمئاوی بەو شێوەش ڕوون و ئاشکرا نییە. هەتا لەو شوێنانەی کە وشکەساڵییەکی زۆریش هەیە، تێکەڵەیەک لە فاکتەری تری ئاڵۆز دەستنیشانی ئەوە دەکەن کە ئایا ئەمە سەر دەکێشێ بۆ ناکۆکی: پێکەوەیی کۆمەڵایەتی یەکێ لە هەرە گرنگترینەکانە. بۆ نموونە؛ با هەرێمی کوردستانی عێراق بە نموونە وەربگرین: ئەم هەرێمە بە هەمان وشکەساڵیی ٥ ساڵەدا تێپەڕی، کە لە سووریادا نزیکەی ملیۆن و نیوێک هاوڵاتیی ناچار کرد لە ئازاری ٢٠١١دا کۆچ بکەن بۆ ناوەندی شارەکان. کەچی کۆمەڵگا پێکەوەبەستراوە کوردییەکە ئەزموونی هەمان کۆچ، ناخۆشی و شەڕی ناوخۆی دواتریشی نەکرد. جێسیکا هارتۆگ کە سەرۆکی بەڕێوەبردنی سەرچاوە سروشتییەکان و گۆڕانی کەشوهەوایە لە “ئاگادارکردنەوەی نێودەوڵەتی”، کە ڕێکخراوێکی ناحکومییە لە لەندەن، دەڵێت ئەمە هۆکارەکەی ئەوەیە کە حکومەتی سووری بە مەبەستی پشتبەخۆبەستن لە مەسەلەی خۆراکدا، بۆ ماوەیەکی زۆر پاڵپشتیی کشتوکاڵی کردووە، وەکوو: دابینکردنی سووتەمەنی، پەیینی کیمیایی و دەر‌هێنانی ئاوی ژێرزەوی. کاتێک کە حکومەتی دیمەشق لەناوەڕاستی وشکەساڵییەکەدا ئەم پاڵپشتییانەی بڕی، خێزانەکانی ناوچە دوورەدەستەکان ناچار بوون بەلێشاو کۆچ بکەن بۆ شارەکان و ئەمەش وای کرد متمانەیان بە حکومەتەکەی ئەسەد نەمێنێت، دواجاریش ئەو شەڕە نەگریسە ناوخۆییەی لێ کەوتەوە کە وڵاتەکەی وێران کرد.

بەڵام ئەگەر خاڵی جێگای مەترسی بۆ ناکۆکییەکان لەسەر ئاو دەستنیشان بکرێت، ئایا دەکرێت شتێک بۆ وەستاندنیان لە داهاتوودا ئەنجام بدرێت؟

بەداخەوە، هیچ چارەسەرێک نییە بۆ کەمئاوی کە بۆ هەموو ناوچەیەک بگونجێ. لە زۆرێک لە وڵاتان، بەسادەیی کەمکردنەوەی بەفیڕۆدان و لێچوون دەتوانێت جیاوازییەکی گەورە دروست بکات -بۆ نموونە عێراق دوو لەسەر سێی ئاوی پاکژکراوەی لەدەست دەدات بە هۆی ژێرخانە زیانلێکەوتووەکەیەوە. وڵاتانی هاوبەش لە “کۆمەڵەی ئاو، ئاسایش و ئاشتی”، پێشنیاری چارەسەرکردنی گەندەڵی و کەمکردنەوەی زیاد لە ڕادە بەکارهێنانی ئاو لە کشتوکاڵدا دەکەن وەکوو سیاسەتێکی سەرەکی کە دەکرێ یارمەتیدەر بێت. ئایسلەند تەنانەت پێشنیاری زیادکردنی نرخی ئاو دەکات، بۆ ئەوەی لەگەڵ تێچوونی دابینکردنەکەی یەکسان بێتەوە -لە زۆر ناوچەی جیهان، مرۆڤەکان بەوە ڕاهاتوون کە ئاو سەرچاوەیەکی زۆر و هەرزانە لەجیاتیی ئەوەی شتێک بێت دەستی پێوە بگرن.

زۆر شتی تر دەکرێ ئەنجام بدرێت بۆ زیادکردنی ئاو، وەکوو پاکژکردنەوەی ئاوی سوێری دەریاکان. لە ئێستادا عەرەبستانی سعودی لە (٪٥٠)ی پێویستییەکانی بە ئاو لەم ڕێگایەوە دابین دەکات. ڕیسایکلینی ئاوی بەکارهێنراویش جێگرەوەیەکی هەرزان و ئاسانە بۆ پیادەکردن کە یارمەتیی ئەو کۆمەڵگا کشتوکاڵییانە دەدات وشکەساڵی کاریگەریی هەبووە لەسەریان. هەڵسەنگاندنێک کە بۆ پاکژکردنەوەی ئاوی دەریا و ڕیسایکلینی ئاوی بەکارهێنراو ئەنجام دراوە، پێشبینیی ئەوەی کردووە کە بەکارهێنانی ئەم دوو تەکنیکە ڕێژەی ئەو خەڵکانەی لە جیهاندا کێشەی کەمئاوییان هەیە؛ لە (٪٤٠)ەوە کەم دەکاتەوە بۆ ٪١٤.

لە ئاستی نێودەوڵەتیدا بونیادنانی بەنداوی زیاتر لەسەر ڕووبارەکان لەلایەن ئەو وڵاتانەی لای ژوورووی ڕووبارەکانن، ئەگەری زۆرە مەترسیی ناکۆکییەکان زیاتر بکات لەگەڵ ئەو وڵاتانەی پشت بە ئاوی ئەم ڕووبارانە دەبەستن لە خوارووی ڕووبارەکانەوە. بەڵام سۆزان شـمیر لە پەیمانگای پەروەردەی ئاو لە هۆڵەندا، دەڵێت ناکۆکییە ئاوییەکان لەنێوان وڵاتاندا ئاسانتر دەبینرێت و ئەگەرێکی لاوازە بگات بە شەڕ. “ناکۆکییە ناوخۆییەکان زۆر ناڕەحەتترە کۆنترۆڵ بکرێن و زۆر بەخێرایی تەشەنە دەکەن -جیاوازییەکی سەرەکییان لەگەڵ ئاستە نێودەوڵەتییەکەی ئەوەیە ئەوی تریان لەنێوان وڵاتاندایە و بەزۆرییش ناکۆکییەکان سنووردار دەبن و تەشەنە ناکەن.”

لە سەرانسەری جیهاندا زۆر نموونە هەن کە گرژییەکان توندن، بۆ نموونە ناکۆکیی دەریای ئەراڵ کە وڵاتانی کازاخستان، ئوزبەکستان، تورکمانستان، تاجیکستان و قرخیزستان دەگرێتەوە، ناکۆکیی دەریای ئوردن لەنێوان وڵاتانی شام، ململانێی ڕووباری میکۆنگ لەنێوان چین و دراوسێکانی لە باشووری ئاسیا. هیچ یەکێ لەمانە هێشتا ئەوەندە تەشەنەی نەسەندووە بگات بە گرژی و بەریەککەوتن. بەڵام شمیر باسی ناکۆکییەک دەکات کە ئاماژەکانی  نیشانی دەدەن ڕەنگە بگات بە گرژی و بەریەککەوتن.

میسڕ، سوودان و ئەسیوبیا، هەرسێکیان پشت بەو ئاوە دەبەستن لە نیلی شینەوە هەڵدەقوڵێت و تا ئێستاش چەندان جار لێدوانی توندی سیاسییان گۆڕیوەتەوە دەربارەی پڕۆژەی بەنداوی ڕێنیسانسی گەورەی ئەسیوبی (بەنداوێک کە بە بڕی ٥ بلیۆن دۆلار بونیاد دەنرێت)، کە قەبارەکەی سێ ئەوەندەی دەریاچەی تانای وڵاتەکە خۆیەتی.

کاتێک حکومەتی ئەسیوبی ڕایگەیاند کە دەست دەکات بە دروستکردنی بەنداوەکە بێ گوێدان بەوانی تر، میسڕ و سوودان مانۆڕێکی سەربازیی هاوبەشیان لە مایسی ٢٠٢١ ئەنجام دا و ناویان لێ نا “پارێزوانانی نیل”. ڕەنگە ئەم ناکۆکییە ئەگەرێكی زۆری هەبێت لەناو هەموو ئەوانی تردا کە سەر بکێشێ بۆ شەڕی ئاو لە شانۆی سیاسیی ئەمڕۆدا، بەڵام هەندێ خاڵی تریش هەن. بەرپرسانی پاکستانی لە پێشوودا بەکارهێنانی ئاوەکانی ژووروو لەلایەن هیندستانەوە وەکوو “شەڕی نەوەی پێنجەم” ناو لێ ناوە، لە کاتێکدا ئیسلام کەریمۆڤی سەرۆکی ئوزبەکستان ئاگاداریی ئەوەی داوە کە ناکۆکییە ناوچەییەکان لەسەر ئاو دەکرێ سەر بکێشێ بۆ شەڕ.

کەریمۆڤ هەروەها ئەمەشی گوت: “من ناوی هیچ وڵاتێکی دیاریکراو ناهێنم، بەڵام هەموو ئەمانە دەکرێ تا ئاستێک خراپ ببن کە نەک هەر ڕووبەڕووبوونەوەی جددی، بەڵکوو شەڕیشیان لێ بکەوێتەوە.”

ڕێککەوتن لەسەر هاوبەشیکردنی ئاو، ڕێگایەکی باوە بۆ هێورکردنەوەی ئەم ناکۆکییانە. زیاد لە (٢٠٠) ڕێککەوتن واژۆ کراوە لەدوای جەنگی جیهانیی دووەمەوە -وەکوو پەیمانی ئاوی ئیندوس لە ١٩٦٠ لەنێوان هیندستان و پاکستان و هەروەها ڕێککەوتنێک لەنێوان ئیسڕائیل و ئوردندا واژۆ کرا لەپێش پەیمانی ئاشتییان. بەڵام هەوڵێكی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ هێنانەئارای جاڕنامەیەکی جیهانیی ئاو دەربارەی ئەو ڕووبار و دەریاچانەی سنووری وڵاتان دەبڕن، دەرئەنجامەکەی ئەوە بووە کە تا ئێستا تەنها ٤٣ وڵات ڕازین پابەندی بن.

هارتۆگ دەڵێت پەیمانە نوێکان دەبێ کەمکردنەوەی کاریگەرییەکانی وشکەساڵییش لەبەرچاو بگرن، بۆ ئەوەی نیگەرانیی بڕانی ئاو لای وڵاتانی خوارووی ڕووبارەکان نەهێڵن لە کاتی قەیراندا، هەروەها دەبێت میکانیزمێک بۆ ناکۆکییەکانیش دابنێن بۆ ئەو کاتانەی گرژییەکان دەگەن بە ئاستی شەڕ.

لە ڕاستیدا ئەمە لە کۆمسیۆنی ڕووباری ئۆرەنج-سەنگو دەچێت کە لیسۆسۆ، ئەفەریقای باشوور و بۆتسوانا دایانمەزراند دوای ئەوەی گرژییەکان گەیشتن بە ئاستێكی مەترسیدار لە بارەی ئاوە هاوبەشەکانەوە لە ساڵی (٢٠٠٠)دا. لەم نموونەدا واژۆکردنی ڕێكکەوتنێک بۆ ئاوە هاوبەشەکان و پیرۆزکردنی بنەماكانی ئاو بەکارهێنان بە شێوەیەکی ئاقڵانی بەس بوون بۆ هێورکردنەوەی بارودۆخەکە. توێژینەوەکان بەردەوام ئاماژە بەوە دەکەن کە پاڵفتەکردنی ئاوی سوێر و پاکژکردنەوەی ئاوی بەکار‌هێنراو، دوو ستراتیژی هەرە کاریگەرن لە هەر کوێ پێویست بەوە بکات ئاوی زیاتر دابین بکرێت.

لەوە دەچێ میسڕ لە گرنگیی ئەم پەیامە تێگەیشتبێ. ساڵی ٢٠٢٠ حکومەتی میسڕ ژمارەیەک ڕێککەوتنی واژۆ کرد بۆ کردنەوەی نزیکەی (٤٧) وێستگەی پاڵفتەکردنی ئاوی سوێر لە وڵاتەکەدا، لەگەڵ گەورەترین وێستگەی پاکژکردنەوەی ئاوی بەکارهێنراو لە جیهاندا. هەر چەندە دەسەڵاتداران خێرا کار دەکەن لە بونیادنانی وێستگەکاندا، بەڵام زۆرینەی ئەم پڕۆژانە تاوەکوو ٢٠٣٠ تەواو نابن و ڕەوشی ئاوی وڵاتەکەش بەردەوام دەبێ لە خراپبوون. هارتۆگ پێی وایە میسڕ، سوودان و ئەسیوبیا؛ ڕەنگە پێویستیان بە یارمەتیی دەرەکی بێت ئەگەر بیانەوێ لە گرژی بەدوور بن.

هارتۆگ دەڵێت: “ئەگەرێكی لاوازە ئەو سێ وڵاتە خۆیان بگەن بە ڕێککەوتن و هەوڵی دیپلۆماسیی نێودەوڵەتی پێویستە بدرێت بۆ ڕێگرتن لە دروستبوونی گرژی”، هەروەها فشارەکان لەسەر حکومەتە گۆشەگیرەکەی ئەدیسەباباش لە زیادبووندان. “ئەمە لەوانەیە باشترین دەرفەت بێت بۆ ئەوەی وڵاتانی ئەمەریکا، ڕووسیا و چین هێزیان یەک بخەن بۆ یارمەتیدانی ئەم وڵاتە هاوبەشانە لە ڕووباردا کە ڕێککەوتنێكی پابەندیی سێقۆڵی واژۆ بکەن.”

ئەی چی لە بارەی ناکۆکییە ناوخۆییەکانەوە؟ چەندان وڵاتی بچووکتر ڕێگایان گرتووەتە بەر بۆ باشتر بەڕێوەبردنی ئاو. پیرۆ کردوویەتی بە مەرج لەسەر ئەوانەی ئامرازەکانی ئاو دابین دەکەن، بڕێک لە قازانجەکەی تەرخان بکەن بۆ توێژینەوە و خستنەکاری میکانیزمی دۆستی ژینگە بۆ بەڕێوەبردنی ئاوی زریانەکان. ڤێتنام شەڕی دەست پێ کردووە دژی پیسکردنی ژینگە لەلایەن پیشەسازییەوە، لەو بەشەی ڕووباری میکۆنگ کە دەکەوێتە سنووری خۆیەوە و لەگەڵ بەکارهێنانی ژێرخانێکی نەریتیی ئاو بۆ ئەوەی دڵنیا بێت کە دانیشتووانی شار و گوندەکانی بەیەکسانی ئاویان بەر دەکەوێت.

لە کاتێکدا گۆڕانی کەشوهەوا و زیادبوونی ژمارەی دانیشتووان کێشەی وشکەساڵی لە سەرانسەری جیهاندا گەورەتر دەکەن، چارەسەری لەم جۆرە زیاتر پێویست دەبن بۆ ڕێگرتن لە کۆچ و ناکۆکی. لە مانگی ١٢ی ٢٠٢٠، زیاتر لە دوو ساڵ دوای ئەوەی عەلی بەسڕەی بەجێ هێشت، کەمتر لە (١١٪)ی ماڵەکانی بەسڕە دەستیان دەگات بە ئاوی خاوێن بۆ خواردنەوە. هۆڵەندا بە یارمەتیی یونسێف، لە ڕێگەی بودجەیەکی (٤ ,٦) ملیۆنییەوە لە ئێستادا خەریکی تازەکردنەوەی ژێرخانی داڕماوی ئاوی شارەکەیە، بەڵام بڕانی کارەبا لە هاوینی ڕابردوودا، زۆربەی پەمپی ئاوی شارەکەی کوژاندەوە لە کاتی بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرمادا.

بۆ ئەوانەی عەلی لە بەسڕە بەجێی هێشتوون، بینینی کاریگەرییە فراوانەکانی كێشەکەیان شتێکی سەختە لە کاتێکدا ئەوان ڕووبەڕووی گرفتی نەبوونی ئاوی خواردنەوە بوونەتەوە و شارەکەش لە چەند مانگی ڕابردوودا تووشی ئاڵۆزیی تر بووەتەوە. هەتاوەکوو ڕەوشەکە باشتر نەبێ، عەلی ترسی ئەوەی هەیە خۆپیشاندانەکان هەر بەردەوام بن.

عەلی دەڵێت: “کاتێ ناڕەزاییم دەردەبڕی، نەمدەزانی چی لە پشتی ئەم هەموو شتەوە هەیە، تەنها دەمویست شتێک هەبێ بیخۆمەوە.”

______________

سەرچاوە: بەشی فیوچەری كەناڵی بی بی سی/ https://www.bbc.com/future/article/20210816-how-water-shortages-are-brewing-wars

“فیوچەر” بەشێکی کەناڵی “بی بی سی”ی بەریتانییە و بایەخ دەدات بە بابەتە گرنگ و جێبایەخەکانی ڕۆژ. نووسین و چیرۆکەکانی، پشت بە داتا و زانیاری دەبەستێ. بابەتەکانی دەروونناسی، خۆراک، گۆڕانی کەشوهەوا، تەندروستی، بابەتە کۆمەڵایەتییەکان و تەکنەلۆژیا لەخۆ دەگرێت.

ژمارە یانزە (١١)ی کانونی دووەمی ٢٠٢٢ی گۆڤاری ئایندەناسی

Send this to a friend