• Google Plus
  • Rss
  • Youtube
October 15, 2022

حەسەن بەنی صەدر؛ سەرکۆمارێکی هەڵهاتوو و شۆڕشگێڕێکی ناکام

ئامادەکردن: هەردی مەهدی

بۆ بینینی بابه‌ته‌كه به‌ PDF‌ كلیك له‌م به‌سته‌ره‌ بكه‌:-  ژمارە (5)ی تشرینی یەكەمی 2022ی وه‌رزنامه‌ی ئێرانناسی

ئەبوحەسەن بەنی سەدر یەکەمین سەرکۆماری کۆماری ئیسلامی ئێرانی پاش شۆڕشی گەلانی ئێران لە ساڵی ١٩٧٩یە. کوڕی ئایەتوڵا نەصر بەنی صەدرە، لە ٢٣/٣/١٩٣٣ لەشاری هەمەدان لەدایک بووە. یەکێکە لە پیاوە دیارە ئاینییەکانی ئێران. ئەو لەسەر پشتی فتواکانی خومەینی و هەوادارە ئیسلامییەکانی گەیشتە سەر تەختی دەسەڵات، بەڵام دەیویست هیچ یەک لەو پیاوە ئاینییانەی هاوڕێی بوون بە خومەینیشەوە، دەستوەرنەدەنە کاروباری دەوڵەت. هەر بۆیە بە هاوڕێیەتی فتواکانی خومەینی هات و هەر بە فتوا و مەرسومی ئەویش وەلا نرا.

هەڵگری چەند بڕوانامەیەکە، لەوانەش بەکالۆریۆسی زانستە کۆمەڵایەتیەکانی، هەروەها بەکالۆریۆسی ماف و ئابووری لە زانکۆی تاران. پاش ئەوەش بۆ تەواوکردنی قۆناغەکانی دیکەی خوێندنی باڵا ڕوو دەکاتە فەرەنسا و دکتۆرا لە بواری ئابووری و زانستە ڕامیارییەکاندا لە زانکۆی سۆربۆن بەدەستدەهێنێت. بە نەیارێکی سەرسەختی ڕژێمی شاهەنشاهی پەهلەوی لەقەڵەم دەدرا، لە شەستەکانیشدا لەلایەن ئەو ڕژێمەوە زیندانی کراوە، پاش ئازادکردنی بەرەو فەرەنسا بارگەی پێچاوەتەوە، لەوێش لەگەڵ گروپی ئایەتوڵا خومەینیدا چووەتە چالاکییەوە و لایەنگریی پێڕەوی خومەینی بووە، گەرچی لە کۆتاییەکانی تەمەنیدا دەیوت: خومەینی خیانەتی لە بنەماکانی شۆڕش کرد.

ئەو چالاکیی سیاسیی خۆی لە زانکۆی تارانەوە دەستپێکرد، ئەودەم خوێندکاری بەکالۆریۆس بوو لەو زانکۆیەدا. پاشان بووە سەرۆکی ڕێکخراوەی یەکێتیی قوتابیان، پاشتر بووە ئەندامی دەستەی دامەزرێنەری ڕێکخراوەی یەکێتی جیهانیی خوێندکارە  ئێرانییەکان.

بەنی سەدر، کاتێک ڕووی کردە فەرەنسا، لەوێش ڕۆژنامەیەکی بە ناوی “ایران آزاد” (ئێرانی ئازاد)ەوە بە زمانی فارسی وەشاند، کە کاری دەرخستنی هەڵە و کەموکوڕییەکانی محەمەد ڕەزاشای پەهلەوی و ڕەفتار و جۆری حوکمڕانییەکەی بوو.

دەرکەوتنی زیاتری بەنی سەدر دەگەڕێتەوە بۆ ئەو دەمەی کە ئایەتولا خومەینی پەنای بردە بەر فەرەنسا (٦/١٠/١٩٧٨)، چونکە لەو کاتەدا، خومەینی لە ماڵەکەی بەنی سەدردا لە پاریس ماوەیەک مایەوە و تا ئەوکاتەی بنکە و بارەگای خۆی گواستەوە بۆ گوندی “نۆفل لوشاتۆ”،  لەمەشدا بەنی سەدر هەر هاوڕێیەتی کرد و لەگەڵ خومەینیدا ڕۆشت، تا ئەوکاتەی شۆڕشی گەلانی ئێران سەرکەوت و هەردووک پێکەوە؛ سەدر و خومەینی گەڕانەوە تاران لە ١/٢/١٩٧٩دا.

پاش گەڕانەوە، بەنی سەدر سەرەتا پۆستەکانی ڕاوێژکاری ئابووریی ئەنجوومەنی شۆڕشی ئێرانی و بەڕێوەبەری گشتی ڕادیۆ و تەلەفزیۆنی ئێرانی وەرگرت.

لە ١٨/١١/١٩٧٩دا، پۆستی وەزارەتی دەرەوە و سەرپەرشتیاری وەزارەتی ئابووری و دارایی لە پاش دەستلەکارکێشانەوەی حکومەتەکەی مەهدی بازرگان و پەرەسەندنی کێشە و قەیرانی بارمتەگیراوەکانی باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە تاران، وەرگرت. بەڵام زۆری نەبرد بەنی سەدر، پۆستی وەزارەتی دەرەوەی لە کانوونی یەکەمی ١٩٧٩دا جێهێشت، بۆ ئەوەی سادق قوتبزادە ئەو پۆستە وەربگرێت.

لە چالاکی پەرلەمانیشدا، بەنی سەدر وەک نوێنەری پەرلەمان لە بازنەی تاراندا، لە هەڵبژاردنی ٣/٨/١٩٧٩دا، هەڵبژێردرا بوو. پاش ئەوەش خۆی بۆ یەکەمین هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی کۆمار، کاندید کرد و لە هەڵبژاردنی ٢٥/١/١٩٨٠دا بەڕێژەی زۆرینەی ڕەها دەنگەکانی مسۆگەر کرد و بووە یەکەمین سەرکۆماری ئێران. بەڵام لەگەڵ ئەم سەرکەوتنە جەماوەرییەیدا، بە هۆی ململانێی باڵەکانی شۆڕشەوە تا شەش مانگ نەیتوانی ئەو پۆستە وەربگرێت و  دواجار لە ٢٢/٧/١٩٨٠دا بووە سەرکۆمار، بەڵام زۆری نەبرد و کورتی هێنا لە ململانێ و کێبەرکێی حزبوڵاییەکانی هێڵی خومەینی و پیاوانی مەزهەبی شیعەگەرای سیاسییدا و  نەیتوانی سەرکەوتوو بێت و تا کۆتایی لە گۆڕەپانی پرۆسەی سیاسییدا بمێنێتەوە. تەنانەت نەیتوانی کەمترین ئەو بەڵێنانەشی کە لە هەڵمەتەکانی هەڵبژاردندا بە هەوادارانی دا بەهۆی بەربەستی پیاوە مەزهەبییەکان و کێبەرکێکارەکانی نێو شۆڕشەوە  جێبەجێ نەکرد.

بۆیە لە حوزەیرانی ساڵی ١٩٨١دا، ئیتر جڵەوی حوکمڕانی لەدەست دا،  بەتایبەت ئەو کاتەی کە لیژنەیەکی لێکۆڵینەوەی سێ کەسی پێکهات بۆ یەکلاکردنەوە و بڕینەوەی کێشەی ململانێی نێوان سەردەکانی ئێران و لەوێشدا ناوبراو تۆمەتبار کرا بەوەی کە لەدەستوور دەرچووە و ناکۆکی و کێشەی بۆ شۆڕش درووستکردووە و هەموو ئەم تۆمەتانەش بەس بوون بۆ دادگاییکردن و لادانی لە پرۆسەی سیاسییدا.

نەیارەکانی سەدر، هەر زوو کەوتنە خۆیان و بیریان لەوە کردەوە دەستی پێ لەکار بکێشنەوە. حکومەتیش لەم کردەیەدا هاوکاری نەیارەکانی بوو، لە هەنگاوێکیدا شەش ڕۆژنامەی لایەنگری بەنی سەدری داخست. لەوەش مەترسیدارتر خومەینی تۆمەتباری کرد بەوەی “لە پاشماوەکانی ڕژێمی شایە”.  ئیتر لە مزگەوتەکانیشەوە هێرشی بەردەوام دژی دەستی پێکرد و کار گەیشتە ئەوەی کە پێکدادانیش لەنێوان لایەنگرانی سەدر و لایەنگرانی حزبی کۆماری ئیسلامیی ئێراندا لە ١٩ی حوزەیرانی١٩٨١دا بێتە کایەوە و خومەینی-ش لەبەرامبەریدا بڵێت “چارەنووسی بەنی سەدر، هەمان چارەنووسی شایە”. هەر ئەویش فەرمانی لادانی لە فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی لە ١٣/٦/١٩٨١دا، بۆ دەرکرد. بەنی سەدر لە بەرچاوان ون بوو و، ڕۆژێک پاش ئەو بڕیارە   ١٤/٦/١٩٨١لەسەر پشتی فڕۆکەیەکی سەربازیی لەگەڵ مەسعود ڕەجەوی سەرۆکی ڕێکخراوی موجاهدینی خەڵقی ئێراندا، پێکەوە بەرەو فەرەنسا هەڵهاتن. ئەوە بوو حکومەتی ئێرانی دەستبەجێ هاوسەرەکەی (عەزرا بەنی سەدر)ی بە تۆمەتی پەخشی پەخشنامە و بڵاوکراوە دەستگیر کرد، بەڵام زۆری نەخایاند ئازادی کرد.

لە ڕۆژی ٢٣/٦/١٩٨١دا بە واژۆی خومەینی، بەنی سەدر بە یەکجاری لە پۆستی سەرکۆمار دوورخرایەوە و سەرجەم پۆستەکانی دیکەشی لێسەنرایەوە و پۆستی سەرکۆماریش تا کاتی هەڵبژاردن بە شێوەی سێکوچکەیی لەنێوان رەجایی، ڕەفسەنجانی و بەهەشتیدا بەڕێوەبرا.

بەنی سەدر بەوە ناسراو بوو کە دژی بەشداریی پایوانی مەزهەبییە لە حوکمڕانییدا، هەر ئەمەش کێشەی بۆ حوکمڕانییەکەی دروستکرد و لە گۆڕەپان دووری خستەوە، چونکە ئەمە ڕێک پێچەوانەی بیرکردنەوەی خومەینی و یارەکانی بوو.

ئەوەی گرنگە بوترێت، کە بەنی سەدر لە هیچ یەک لە دۆسێ دبلۆماسییەکانی نێوان وڵاتەکەی و وڵاتانی دیکەیدا نەیتوانی سەرکەوتوو بێت و بەتایبەت لە دۆسێی چارەسەری پرسە سیاسییەکانی نێوان حیراق و ئێران بۆ ڕوونەدان و ڕاگرتنی شەڕ و تا وای لێهات جەنگی ٨سالە هەڵگیرسا. هەروەها لە پرسی مافی پێکهاتەکان و بەتایبەت کورد و ڕێککەوتن لەگەڵ نوێنەرانی کورد و دابینکردنی لایەنی کەمی مافەکانی بزووتنەوەی ڕزگارییخوازیی ڕۆژەهەڵاتی کوردستاندا نەک بەشێک نەبوو لە چارەسەر بەڵکو لایەنێکی کێشەکە بوو.

بەنی سەدر پاش هەڵهاتنی بۆ فەرەنسا، سەرجەم هەوڵەکانی چڕ کردەوە بۆ خستنی کۆماری ئیسلامی ئێران و لەگەڵ نەیارەکانی کۆماردی ئیسلامییدا هاوپەیمانێتییان پێکهێنا.

ئەو پاش تووشبوونی بە نەخۆشییەکی درێژخایەن، دواجار لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی فەرەنسادا لە تەمەنی ٨٨ ساڵیدا و لە ساڵی ٢٠٢١دا کۆچی دوایی کرد.

وەرزنامەی ئێرانناسی ژمارە (٥)، ساڵی دووەم، تشرینی یەكەمی 2022

Send this to a friend