• Google Plus
  • Rss
  • Youtube
May 4, 2020

بەندیخانەی گوێران؛ بۆمبە تەوقیتکراوەکەی رۆژئاوای کوردستان

عه‌دنان ئه‌حمه‌د

لە دوو مانگی رابردوودا دوو ھەوڵی ھەڵھاتنی چەکدارانی داعش لە بەندیخانەی گوێرانی حەسەکە لەلایەن ھێزەکانی ئاسایش و ھەسەدەوە شکستی پێھێندراوە.

کۆتایی مانگی ئازار، سەدان چەکداری زیندانیکراوی داعش لە بەندیخانەی گوێران لە حەسەکە، یاخیبوون و ھەوڵی کۆنترۆڵکردنی زیندانەکە و ھەڵھاتنیان دا. دوای ھەوڵێکی زۆر، توانرا دۆخەکە لەلایەن ھێزەکانی ئاسایشی بەندیخانە و ھەسەدەوە کۆنترۆڵ بکرێت و رێگە بە ھەڵھاتنی زیندانییەکان نەدرێت.

دووی ئایار جارێکی دیکە چەکدارە زیندانیکراوەکانی داعش ھەوڵی ھەڵھاتنیان دا، بەڵام ھەوڵەکەیان شکستی پێھێندرا و زیندانەکە کۆنترۆلکرایەوە.

کینۆ گابرێل، گوتەبێژی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، رۆژی شەممە (دووی ئایار) لە یەکێک لە گەورەترین بەندیخانەکان (گوێران) لە پارێزگای حەسەکە، دەستگیرکراوانی رێکخراوی داعش مانگرتنێکی فراوانیان ئەنجامدا و کۆنترۆڵی تەواوی ناو بەندیخانەکەیان کردبوو، بۆ کۆنترۆلکردنی دۆخەکە، هێزی تایبەت و دژە تیرۆر دەستوەردانیان کرد.

یاخیبووی ناو بەندیخانەکە کۆنترۆڵکرایەوە کە کە رۆژێکی تەواوی خایاندبوو، ئەوەش دوای ئەنجامدانی دانوستاندن لەنێوان هێزەکانی ھەسەدە، هێزەکانی هاوپەیمانان و داعشە زیندانیکراوەکان.

بەرپرسانی رۆژئاوا چەندین جار داوایان لە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی کردووە ھاوکاری ئیدارەی رۆژئاوای کوردستان بکەن بۆ چارەسەرکردنی بابەتی زیندانییە دەستگیرکراوەکان.

لەو بارەیەوە کینۆ گابرێل دەڵێ “ئێمە پێمانوایە هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بۆ بەرەنگاربوونەوەی داعش و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەرپرسیارن لە دۆزینەوەی چارەسەرێک بۆ بابەتی داعشە دەستگیرکراوەکان، دەبێت ئەوان پشتیوانیی زیاتر دابینبکەن بۆ گرتنەبەری رێوشوێنی ئەمنیی زیاتر و توندتر و باشترکردنی دۆخی دەستگیرکراوەکان لەناو بەندیخانەکانی باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا”.

ئەمەش یەکەمین جار نییە چەکدارانی داعش لە بەندیخانەی گوێران لە حەسەکە یاخی دەبن و پێشتریش هەوڵی هاوشێوە هەبووە. نزیکەی پێنج هەزار چەکداری داعش لە 54 وڵاتی جیهانەوە لەو بەندیخانەیەدان، نزیکەی شەش مانگ بەر لە ئێستاش لە بەندیخانەکە چەکدارانی داعش هەوڵێکی دیکەی هەڵهاتنیان دا.

دەستگیرکراوانی داعش ھەوڵی چییان داوە؟

میدیاکانی رۆژئاوای کوردستان بڵاویان کردەوە، چەکدارە دەستگیرکراوەکانی داعش لە زیندانى گوێرانی حەسەکە ویستویانە چاویان بە بەرپرسانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتى و خاچی سوور بکەوێت. بەرپرسانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیش سەرەتا داواکەیان رەتکردبووەوە.

بەندکراوەکانی داعش بە کەلوپەلی پاککەرەوە لەسەر بەتانییەکانیان دروشمیان نووسیوە و داواى ‘هاوکاریی مرۆیی’یان لە ھێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی و خاچی سوور کردووە.

ئەمە چەندین جارە بەندکراوانی داعش پێش دادگاییکردنیان ھەوڵ دەدەن لە زیندان ھەڵبێن و کشانەوەی بەشێک لە ھێزەکانی ھاوپەیمانی نێودەوڵەتیش لە ھەندێک لە ناوچەکان، بکەن بە دەرفەتێک بۆ جێبەجێکردنی ئەم ھەوڵە و سەرگرتنی.

یاخیبوونەکە چۆن روویدا و چۆن کۆنترۆڵکرا؟

بەندکراوەکانی داعش لە زیندانی حەسەکە، کە زۆربەیان لە باغۆزدا دەستگیرکراون، لە دواین یاخیبوونیاندا هەوڵیانداوە پاسەوانانی زیندانەکە دیل بکەن، دواتر توانیویانە دەرگا ئاسنەکانیان هەڵبکەنن و بە دەرگاکان دیوارەکانی زیندانەکە کون بکەن.

لەگەڵ سەرھەڵدانی یاخیبوونەکە، هێزەکانى ھەسەدە لە ناو زیندانەکە و دەورووبەریدا رێوشوێنە ئەمنییەکانیان زیاتر کردبوو، ئەمەش لەپێناو ئەوەى رێگری لە ئەگەری هێرش لە دەرەوە بۆ سەر زیندانەکە بکرێت. دواتریش رێگاکانى رۆیشتنە سەر زیندانەکە داخران. فڕۆکەکانى هێزەکانى هاوپەیمانان بە نزمی بەسەر زیندانەکەدا دەستیان بە سوڕانەوە کردووە، تاکو لە ئاسمانەوە کۆنترۆلی دۆخەکە بکرێت.

دوای ئەوەی بەشێکى زۆری زیندانەکە کەوتووەتە دەست بەندکراوەکان، ھێزی زیاتر رەوانەی زیندانەکە کراوە.

دواتر بەندکراوەکان دەستیان بە شکاندنی دەرگای قاوشەکان کردووە، لە قاوشەکان هاتوونەتە دەرەوە و چوونەتە ناو ھۆڵ و رێڕەوەکان. هەندێکیان کە چووبوونە رێڕەوەکە هەوڵیانداوە دەرگاکانى نێوان قاوشەکان و دەرگاکانی چوونە حەوشەکە بشکێنن.پاش ماوەیەک هێزە ئەمنییەکان کۆنترۆڵی بەشێک لە ھۆڵەکانی بەندیخانەکەیان لەدەست دەرچووە.

لەگەڵ ئەوەی سەرەتا بەرپرسانی زیندانەکە رایانگەیاند، دۆخەکە ئاڵۆز بووە، کۆنترۆڵکردنی دۆخە قورس بووە و ئەگەری ئەوە هەیە کۆنترۆڵی زیندانەکە لە دەست دەربچێت، بەڵام پاش چەند کاتژمێرێک و رۆژی دواتر، توانرا بەندیخانەکە کۆ نترۆڵبکرێتەوە و بەم جۆرەش کۆتایی بە یاخیبوونەکە بھێندرێت.

بەندیخانەی گوێران؛ بۆمبێکی تەوقیتکراو

لە زیندانی حەسەکە پێنج ھەزار بەندکراو ھەن کەزیاتر ئەو چەکدارانەی داعشن کە لە باغۆز دەستگیرکرابوون.

خواردن و خواردنەوەی بەندکراوەکان لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی خۆسەری رۆژئاواوە دابیندەکرێت و ئاسایشەکەشی لەلایەن ھەسەدەوە دەپارێزرێت.

بالەخانەی زیندانەکە کۆنە، بەھۆی ئەوەشی زیندانەکانی دیکەش پڕن، بەشێک لە زانکۆی حەسەکە کراوەتە زیندان و ژمارەیەک چەکداری داعش لەو زانکۆیەدا زیندانیکراون.

بەڕێوەبەرایەتی خۆسەری رۆژئاوای کوردستان چەند جارێک پێشنیازی ئەوەی کردووە لە رۆژئاوای کوردستان دادگایەکی نێودەوڵەتی دروست بکرێت و دیلەکان دادگاییبکرێن.

دوا جاریش بەڕێوەبەرایەتی خۆسەری رۆژئاوا، لە ٢٣ی ئازار لە یەکەمین ساڵیادی تێکشکاندنی داعشدا رایگەیاند، هەزاران بەندکراوی داعش لە زیندانەکاندان و لەگەڵ خێزانەکانیاندا ھەوڵی ھەڵھاتن دەدەن، ئەمەش بۆ ھەموو جیهان مەترسیدار دەبێت.

نزیکەی پێنج هەزار چەکداری داعش لە زیندانەکەدان و خەڵکی 54 وڵاتی جیاوازی جیهانن.

مانگێک و سێ یاخیبوون

لە ماوەی ساڵی رابردوودا بەندکراوانی داعش چەندین جار ھەوڵی ھەڵھاتنیان داوە و تەنھا لە مانگی رابردوودا، سێ جار یاخی بوون و ھەوڵی ھەڵھاتنیان داوە.

گەورەترینیشیان مانگی رابردوو بوو کە ھەوڵیاندا کۆنترۆڵی زیندانەکە بکەن و ھەڵبێن، بەڵام دواتر لەلایەن ھێزی ئاسایشی بەندیخانەکە و ھێزەکانی ھەسەدەوە کۆبترۆڵکرایەوە.

پێش ئۆپراسیۆنی ھێزەکانی تورکیا و ھێزە ھاوپەیمانەکانی بۆ سەر سەرێ کانی و گرێ سپی، چوار هەزار و 500 کەس بەندیخانەی حەسەکەیان دەپاراست، بەڵام لە ئێستادا تەنھا دوو هەزار کەس ئەرکی پاراستنی بەندیخانەکەیان لە ئەستۆدایە.

دواین ھەوڵی ھەڵھاتنی بەندکراوانی داعش لە زیندانی گوێرابی حەسەکە، ھاوکاتە لەگەڵ بەھێزڤوونەوەی داعش کە عێراق و فراوانبوونی چالاکییەکانیان، بەتایبەت لە پارێزگاکانی ئەنبار، سەڵاحەدین، دیالە و کەرکوک.

نەبوونی ھەماھەنگی لەنێوان ھێزەکانی پێشمەرگە و ھێزە عێراقییەکان، کشانەوەی ھێزەکانی ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە زۆربەی بنکەکان ( بەھۆی سەرھەڵدانی کۆرۆنا و رێکخستنەوەی ھێزەکانیان) و ھەڵپەساردنی چالاکییەکانیان، بەتایبەت ھێرشە ئاسمانییەکان و دروستبوونی بۆشایی ئەمنیی بەتایبەت لە ناوچەکانی نێوان سنوری ھەرێمی کوردستان و عێراق، دەرفەتی بە چەکدارانی داعش داوە خۆیان رێکبخەنەوە و چالاکییەکانیان فراوانتر بکەن.

Send this to a friend