• Google Plus
  • Rss
  • Youtube
April 24, 2022

جیۆپۆلەتیکی ئێران و جیهانی عەرەبیی

بارام مەجیدخان

بەرایی

جیهانی عەرەبیی، جیهانێکی بەرفراوان و گەورەیە. پانتایی جیهانی عەرەبیی لە زەریای ئەتڵەسییەوە و تا کەناراوەکانی زەریای هیندی لەخۆ دەگرێت. لە دەیان وڵاتی گەورە و بچووک پێکدێت. چڕی دانیشتووانی بە سەدان ملیۆن کەس مەزەندە دەکرێت. جیهانێکی ئاڵۆز، کە تێگەیشتنی سەخت و لێوان لێو لە کۆدژی و هەستیاری زۆر. ئەم جیهانە فراوانە دراوسێگەلی زۆری هەیە، بەڵام هیچ کامیان وەک ئێران بۆ جیهانی عەرەبیی هەستیار نین. ئێران دراوسێ سەرسەخت و ئاڵۆز و هەستیارەکەی جیهانی عەرەبە. لە مێژوودا هیچ کات ئێران هێندەی ئێستا هەستیاری جیهانی عەرەبیی بە شوێن خۆیدا نەهێناوە. لەم لێکۆڵینەوەیەدا دەمانەوێت لە جیۆپۆلەتیکی هەر دوو جیهانی عەرەبیی و ئێرانی بکۆڵینەوە. تێگەیشتنێکی بابەتیانە و سەردەمیانە لە کێشە و ئاڵۆزییەکانی ئەم دوو ڕووبەرە لە جوگرافیای ناوچەکە و کارلێک و لێکەوتەکانی پێکدادانی ئەم دوو جیهانە بکۆڵینەوە. بیردۆزی ئێمە لەم لێکۆڵینەوەیە کاریگەریی چەمکی دەسەڵاتە، لە پێناسەکردنی چەمکی جیۆپۆلەتیک. ئایا دەتوانرێت جیۆپۆلەتیک جیاواز لە چەمکی دەسەڵاتی سیاسی و سەربازیی و ئابووری پێناسە بکرێت؟ یاخود نا؟

ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هێندەی چەمکێکی سیاسییە هێندە جوگرافی نییە، دوو بنەمای سەرەکی نەوت ئایین، تێڕوانینمان بۆ ئەم چەمکە ڕۆشنتر دەکات، بە واتایەکی تر مەبەست لە ئایین ئایدیۆلۆژیای ئیتنیکی و مەزهەبییە، نێوانی جیۆپۆلەتیکی عەرەبیی لە سەردەمی نوێ بەم دوو بنەمایە ڕەنگڕێژ کراوە. جیۆپۆلەتیکی عەرەبیی بە پاڵپشتی ناسنامەی ئیسلامی و عەرەبیی پێی نایە سەدەی بیستەمەوە. شکستی ناسیۆنالیزمی عەرەبیی و شۆڕشەکانی بەهاری عەرەبیی، چەمکی جیۆپۆلەتیکی عەرەبیی خستە قۆناغێکی نوێوە. چەمکی دەوڵەت-نەتەوە، بە مانا فراوانەکەی لە جیهانی عەرەبیی پێکنەهات. لە ژێر کاریگەریی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی بنچینەی کۆمەڵایەتی دەوڵەت پشتی بە سیستەمی خێڵ بەستبوو، ئەمەش قەیرانی سیستەمی سیاسی بەهێزی لە ناوچەکە بە دوای خۆیدا هێنا.

ئێران وەک بەشێکی جوگرافیای سیاسی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە هەمان شێوە پاڵپشت بە ناسنامەی ناسیۆنالیستی ئێرانی و مەزهەبی داکۆکی لە سنوورە سیاسی و جوگرافییەکانی خۆی دەکات. لە ناوەڕۆکدا جیۆپۆلەتیکی ئێرانی لە پاش شۆڕشی ١٩٧٩ ڕووخسارێکی ئایدیۆلۆژی وەرگرتووە. هیلالی شیعی باوترین دەستەواژەی ناساندنی جیۆپۆلەتیکی ئێرانە.

١. جیهانی عەرەبیی

جیهانی عەرەبیی، وڵاتانی عەرەب دەوڵەتانی عەرەب، نیشتمانی عەرەب، هەموو ئەو دەستەواژانەن کە بۆ پێناسەکردنی جوگرافیا و هەڵکەوتەی جیۆستراتیژی جیهانی عەرەبی بەکار دێن. ژمارەی دانیشتووانی وڵاتانی عەرەبی ٤٢٣ ملیۆن کەسە. ژمارەی وڵاتانی عەرەب ٢٢ وڵاتە. میسر چڕی دانیشتووانەکەی ٩٩ ملیۆنە کەسە، یەکەم وڵاتی عەرەبییە لە ڕووی چڕی دانیشتووان. جەزایر فراوانترین وڵاتی عەرەبییە کە ڕووبەرەکەی ٩١٩،٥٩٥ میلی چوارگۆشەیە. بەحرەین بچووکترین وڵاتی عەرەبییە. ٢٩٣ میلی چوار گۆشە. عەرەب، یەک لە سەر چواری کۆی موسڵمانانی جیهان پێکدە‌هێنن.[1]

لە پێکهاتەی ئایین و ئایدۆلۆژی مەبەستمان لەم لێکۆڵینەوەیە هەموو ئەو ڕەهەندە فیکری و مەزهەبی و سیاسییانەیە کە جیۆپۆلەتیکی وڵاتان بە گشتی دەخاتە ژێر کاریگەریی خۆی و وەک سەرچاوەیەکی هێز هەڵسوکەوتیان لەگەڵ دەکرێت. ئیسلام و چەمکی نەتەوەی عەرەب،  وەک دوو بنەمای سەرەکی فیکری عەرەبیی شوناس دەکرێت. هەر چەشنە هەڵسوکەوتێک لەگەڵ دەوڵەتانی ناوچەکە بە بێ ڕەچاوکردنی ئەم بنەمایە گرفت و تێنەگەیشتنی قووڵ دروستدەکات.

شەڕی یەکەم و دووەمی جیهانی ناوچەکەی بە گشتی خستە بەر هەژموونی گۆڕانکارییە جیهانییەکانەوە. هەڵوەشانەوەی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی کە وەک دڵی جیهانی ئیسلامی ناسرابوو، دابەشبوونی ئیمراتۆریەتەکە سەرەتای لە دایکبوونی وڵاتانی عەرەبیی و دابەشکردنی ناوچەکە لە لایەن زلهێزەکانی جیهانی، سەردەمی ئینتداب و کۆڵۆنیالیزمی لێکەوتەوە. هەرچەندە بزووتنەوە نەتەوەییەکانی عەرەبیی لە پاش شەڕی دووەمی جیهانی ڕووخساری جیهانی عەرەبییان گۆڕی، بەڵام ڕەگی دژایەتیکردنی ئیستیعمار لە ناو دڵی عەرەبدا چەکەرەی کرد. شەڕی سارد کە هەموو وڵاتانی جیهانی خستە ژێر کاریگەریی خۆییەوە، بەڵام لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کاریگەریی قووڵی بەجێنەهێشت.[2]

جیهانی عەرەبیی وەک ناوەندێکی جیهانی پێکدادانی ئایدۆلۆژییەکان پیناسە دەکرێت. ئەم ململانێ ئایدۆلۆژییە دوو ڕووخساری هەبوو. ڕووخسارێکی جهیانی کە لە سەردەمی شەڕی سارد و سەرهەڵدانی فیکری مارکسیزم لە ناوچەکە و پاشانیش تەوژمی بە جیهانییبوون و ڕادەی کرانەوە و داخران بە ڕووی ئەم چەمکە جیهانییەدا. ڕووخساری دووەمی مڵملانێی ناوخۆیی جیهانی عەرەبیی سەبارەت بە عیلمانیەت و ئیسلامیەت و چەمکی ناسیۆنالیزمی عەرەبیی. بەڵام ئەم ململانێ توندانە نەیانتوانی ڕووخساری سیاسی جیهانی عەرەبیی بگۆڕن. ڕووخساری سیاسی جیهانی عەرەبیی ناجێگیرە. ئەم ناجێگیرییە کاتێک زیاتر پەرەی سەند لە وڵاتانی عەرەبیی ڕووبەڕووی تەوژمی بەهاری عەرەبیی بوونەوە. بەهاری عەرەبیی بە دوو قۆناغی جیاواز دەرکەوت. لە قۆناغی یەکەمدا جهیانی عەرەبیی بە گەشبینییەکی فراوانەوە ئەو خرۆشانە جەماوەرییەی پەسەند کرد، کە لە پێناو گۆڕینی بەشیک لە سیستەمی سیاسی وڵاتانی ناوچەکە دەستی پێکردبوو. قۆناغی دووەم کە جیهانی عەرەبی بە ڕەشبینیەوە لە گۆڕانکارییەکانی دەڕوانی. بە تایبەت کاتێک کێشەکان لە لیبیا و سوریا و یەمەن و عێراق بە ئاڕاستەی توند و تیژیدا ڕۆیشتن. کۆی ئەم ڕووداوانە جیهانی عەرەبی خستە دۆخی هەڵچوون و سەرهەڵدانی ڕێکخراوی توندڕەو و تیرۆریستی لە ناوچەکە. ئەو ڕێکخراوانەش بەشێکیان سەر بە ئێران و جیهانی شیعە بوون و بەشەکەی تر سەر بە فیکری جیهادی و سیستەمە جۆراوجۆرەکانی فیکری عەرەبی و ئیسلامی بوون.

٢. ئێران

ئێران لە سەدەی حەڤدەدا یەکێک بوو لە گەورەترین وڵاتانی جیهان. ڕووبەری ئێران بە وڵاتانی وەک بەریتانیا، فەرنسا.ئیسپانیا، بەلجیکا و هۆڵەندا یەکسان بوو. لە سەدەی شانزەدا زۆرترین ژمارەی دانیشتوانی هەبوو کە نزیکەی ٧٠ ملیۆن بوو، کە لە ژمارەی دانیشتوانی دوو وڵاتی وەک فەرەنسا و بەریتانیا زیاتر بوو.[3]

دوو زنجیرە چیای ئەلبورز و زاگرۆس ناوەندی ئێرانیان لە ئامێز گرتووە. سوتێنەرترین بیابانەکان و دەشتی فراوان دۆخێکی سروشتی وای خوڵقاندوە لە تێپەڕبوون بە ناو دڵی ئێراندا ئەستەم بێت. لە هەمانکاتدا چوار وەرزی سروشت لە جوگرافیای ئێران بەدی دەکرێت. ٦٠٠٠ کم سنووری وشکانی و حەوت دراوسێی لە خۆ گرتووە. درێژترین سنووری لەگەڵ عێراق هەیە کە ١٣٣٦ کیلۆمەترە. کورتترین سنوری لەگەڵ ئەرمینیا هەیە کە ٤١ کیلۆمەترە. وڵاتانی ئەفغانستان، پاکستان، تورکمانستان، ئازەربایجان، ئەرمینیا، عێراق و تورکیا دراوسێی ئێرانن. [4]

زنجیرە چیاکان و دەریاکان ئێرانیان لە خۆگرتووە. ئەمەش وادەکات داگیرکردنی ئێران زۆر زەحمەت بێت. هەرچەندە لە سنووری چیاکانی زاگرۆس عوسمانییەکان توانییان دزە بکەنە ناو دیواری چیاکانی ڕۆژئاواوە، بەڵام هەرگیز نەیانتوانی بگەنە ناو دڵی ئێران. سەرچاوەی هێزی ئێران میزۆپۆتامیایە. ئێران دەتوانێت ئەم ناوچەیە بە ئاسانی داگیر بکات و دانیشتووان و جوگرافیای ئەم ناوچەیە بخاتە ژێر کۆنترۆڵی خۆی. لە میژوودا هەرکات ئێران میزۆپۆتامیای داگیر کردبێت پێویستی بە هاوکاری نەتەوە خۆجێییەکانی ئەم ناوچانە هەبووە. کۆرشی مەزن کە شاری بابلی داگیر کرد، بە ڕێزەوە سوجدەی بۆ خواوەندەکانی ئەوان برد و لە دانیشتووانی ناوچەکە فەرمانڕەواکانی دیاریکرد. پێدەچێت کێشەی لۆجستیکی پاڵنەری ئەم سیاسەتەی ئێران بووبێت. لە هەمانکاتدا خاڵی لاوازی ئێران بێت لە بەڕێوەبردنی میزۆپۆتامیا. ئێران بەبێ هاوکاری نەتەوە خۆجێییەکان نەیتوانیوە درێژە بە فەرمانڕەوایی خۆێ لەم ناوچانە بدات.[5] ئەم سیناریۆ جیۆپۆلەتیکییە لە سەرتاسەری میژوودا خۆی دووبارە دەکاتەوە. لە سەردەمی ئێستاشدا کە ئێران هەژموونی خۆی بەسەر عێراقدا پەرەپێداوە بەبێ هاوکاری عێراقییەکان ناتوانێت حوکمڕانی عێراق بکات. حکومەتی نیمچە سەربەخۆ و لە ژێر کاریگەریی ئێران ئەو ئەزموونەیە کە  مێژوو فێرمان دەکات. قووڵایی ستراتیژی ڕۆژئاوای ئێران کۆمەڵێک لەو خەسڵەتانەی تێدا بەرجەستەیە. ئێران لەم قووڵاییەوە بەڕووی جیهانی عەرەبیی و شیعەدا دەکرێتەوە، خاڵی پێکدادانی ئێرانە لەگەڵ جیهانی عەرەبیی و جیۆپۆلەتیکی عەرەب. عێراق لە پاش ئێران زۆرترین ژمارەی دانیشتووانی شیعەی لە جیهاندا هەیە و مەزاری پێرۆزترین ئیمامەکانی شیعەی لەخۆ گرتووە.

ئێران زۆرینەی ڕەهای دانیشتووانەکەی موسڵمانن، بەڵام دابەشبوونی مەزهەبی و ئیتنیکی دانیشتووانەکەی سیاسەتی ناوخۆیی ئێرانی پڕکێشە و تەمومژاوی کردووە. لە سەر ئەم بنەمایە لە سەرەتای مێژووی ئێرانەوە تا ئێستاشی لەگەڵ بێت ئیدارەدانی کاروباری ناوخۆی ئێران و ڕێگریکردن لە دابەشبوونی ئێران ئەولەویەتی یەکەم و ستراتیژی بووە بۆ ئێران.

یەکێک لە بنەما سەرەکییەکانی ڕیالیستەکان لە سیاسەتی نێودەوڵەتی پەیوەندی نێوان سیاسەتی ناوخۆ و سیاسەتی دەرەوەیە. کە سیاسەتی ناوخۆ ڕەنگڕێژی سیاسەتی دەرەوە دەکات. ئێران یەکێکە لەو وڵاتانەی کە بە شێوەیەکی ڕەها لە ژێر کاریگەریی ئەم تێزەیە، لە سەرتاسەری مێژووی ئێران ئەم فاکتە بەدی دەکەین.

بە جیهانییبوون ڕاستییە و بە ناوچەییبوونیش ڕاستییە. ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە ژینگەی بەشێک لە عەرەب و ئێرانییەکانە بە شێوەیەکی ڕێژەیی دابەشبووە بەسەر دووجەمسەری جیاوازدا. دووجەمسەرییبوونی ناوچەکە ڕەهەندی سیاسی-مەزهەبی هەیە. دابەشبوون بەسەر جیهانی شیعە و جیهانی سووننە. جیاواز لەم تێڕوانینە دەتوانین لە ڕوانگەی نەتەوەیشەوە لە بەرچاوی بگرین. خەسڵەتەکانی بە دووجەمسەرییبوونی جیهانی عەرەبیی و ئێران بە شێوەیەکی گەشبینانە و خاڵە هاوبەشەکانیانە بە شێوەی ڕەشبینانە و سەرنج خستنەسەر خاڵە جیاوازەکانی هەر دوو جەمسەر لێکۆڵینەوەکە لە تەمومژ دەربهێنین.

  • هەموو وڵاتانی ناوچەکە بە شێوەیەکی یەکسان لەم جەمسەر بەندییەوە، نە ئاڵاون، بەڵکو تێوەگلانیان لەم ململانێیە بە شێوەیەکی ڕێژەییە.
  • دەکرێت ئەو ڕاستییە جێگیر بکەین کە” ئەم ململانێیانە بە شێوەیەکی ڕەها بەشتێک نییە لە تیۆری موئامەرەی وڵاتانی زلهێزی جیهانی کە خوازیاری گەمەی قووڵن لە ناوچەکە”.
  • بە شێوەیەکی گشتی باڵی چەکداری ئەم جەمسەربەندییە سوپای وڵاتان نییە، بەڵکو گروپە جیهادی و تەکفیری و پەڕگیرەکانی نەوچەکەن، کە هەر یەکیان لە ژێر پەردەی دوو ناوەندی جەمسەرگیریەکە واتا ئێران و سعودیە هاتوونەتە دەرەوە.
  • هە دوو جەمسەرەکە هەلومەرجی یەکسان و هاوسەنگی باڵانسی هێزیان نییە لە ناوچەکە. توانای دارایی و پڕوپاگەندەی هەر دوو جەمسەرەکە جیاوازە. دەکرێت ئاماژە بەوە بکەین چ لە ڕووی فراوانی خاک و ژمارەی دانیشتووان ئەم ڕکابەرییە لە سوودی ئێران نییە. ڕای گشتی و زۆرینە هاوسۆزە لە گەڵ جیهانی عەرەبیی.

٣. ئێران و جیهانی عەرەبیی و جیاوازییەکانیان

ئێران و وڵاتانی عەرەبیی دوو جیهانبینی و جیهانی جیاوازن. پەیوەندییەکانی جیهانی عەرەبیی و ئێران زۆر ئاڵۆز و ناهەموارە. یەکێک لەو هۆکارانەی کە کێشە و ململانێکانی ئەم دوو بەشە لە جیۆپۆلەتیکی ناوچەکە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، کە دەوڵەتمەدارانی هەردوولا تێڕوانینێکی تا ڕادەیەک هەستەکییان بەرامبەر یەکتر هەبووە، لە کاتێدا دەبێت دان بە جیاوازییەکاندا بنێن بۆ ئەوەی ڕێڕەوی پەیوەنییەکانیان بە ئاڕاستەیەکی دروست و ڕاستدا بڕوات، ئێران و جوگرافیا و کەلتوورەکەی، لە جیهانی عەرەبیی گونجاوترە بۆ پێناسەکردن. لە کاتێکدا جیهانی عەرەبیی بەربڵاو و فراوان و هەمەچەشنە. دراوسێگەلی زۆری هەیە. لە نێوان سێ کیشوەری ئاسیا و ئەفریقا و ئەوروپا جێگیر بووە. سنوورە ئاوییەکانی جیهانی عەرەبیی زۆر فراوانە. دیدی هاوبەش بۆ تێگەیشتن لە دنیای سەردەم ئاڵۆزە و جێگیر نییە. چەقی سیاسی جیۆپۆلەتیکی عەرەب جێگیر نییە. لە نێوان سعودیە و میسر دەستاودەست دەکات. هەرچەندە سعودیە وەک مەرکەزی جیهانی ئیسلامیی خۆی دەناسێنێت. بەڵام ناوەندی سیاسی ئەم جیهانە لە مێژوودا گۆڕانی بە سەردا هاتووە. لە جیهانی عەرەبییدا، مێژوو، بەشێکی دانەبڕاوی ناسنامەی نەتەوەیی پێکدەهێنێت. هەر چەشنە پەیوەندییەک لە تەک ئەم جیهانە بەبێ ڕێزگرتن لەم بنەمایە ئاسۆکەی تاریک و ئاڵۆز دەکات. لە ئێرانیش لەسەر ئاستی کۆمەڵایەتی هەمان ڕوانگەی هەیە. بەڵام ئێرانی ئیسلامیی خواستی بۆ بنەما مێژووییەکان نییە. بەڵکو ڕوانگەی مێژوویی ئیسلامیی شیعی، بنەمای ستراتیژ و هەڵسوکەوتی ناوچەیی و ناوخۆیییانە، کە  ڕووی دیار و شاراوەی سیاسەتی باڵای ئێرانی سەردەمی کۆماری ئیسلامیی پێکدەهێنێت.

٤. باڵانسی هێز لە نێوان ئێران و جیهانی عەرەبییدا

ئێران تەنیا وڵاتی کەنداوە، کە عەرەب نییە و خاوەنی مێژوو و شارستانیەتی تایبەتی خۆیەتی. ئێران هەمووکات خوازیاری ئەوە بووە کە هەژموونی خۆی بە سەر وڵاتانی عەرەبییدا بسەپێنێت. بەڵام مەترسییەکانی وڵاتانی کەنداو بووە هۆکاری ئەوەی کە ئەنجومەنی هاریکاری کەنداو لە ساڵی ١٩٨١  دابمەزرێنن.[6]شەڕی ئێران-عێراق ئاگری لە پەیوەندییەکانی ئێران و جیهانی عەرەبیی بەردا، بە تایبەت کە بابەتی دورگەکانی تونبی گەورە و بچووک و ئەبوو مووسا وەک فاکتەرێکی ڕووخێنەر لە پەیوەندییانە جوڵەی پێدەکرا. بەحرەین ناوەندی ئەم ئاڵنگاریانەی وڵاتانی کەنداو بوو لە دژی ئێران.

سروشتی وڵاتانی کەنداو و ئەو ڕیزبەندییە سیاسی و جیۆسیاسیانەی کە لە ناوچەکەدا سێبەری بەسەر وڵاتانی کەنداو کێشابوو، ئەو ڕاستییەی زیاتر جێگیر دەکرد کە ناوچەکە ئامادەی هەم گرژی قووڵە و هەم چاوەڕوانی هاوپەیمانییەتی بەهێز دەکات. ئێران و ئەمریکا  توانای پەرپاکردنی شەڕ و ئاشتییان هەیە لە ناوچەکەدا. ستراتیجی باوی ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەرمەبنای دوو بنەمای پارێزگاریی لە ئیسرائیل و پاراسنتی بەرژەوەندییە نەوتییەکان و وزەی جیهانییە. بەڵام ئێران خەونی جیاوازی هەیە لە ناوچەکەدا، پێیوایە ئاسایشی وڵاتانی کەنداو پێویستە لەسەر بنەمای هاوکاریی وڵاتانی ناوچەکە بێت، نەک بە دەستوەردانی زلهێزە جیهانییەکان.

دوو جەمسەری ئەم دابەشبوونە ناوچەییە ئێران و سعودیە کە کێشەو و ئاڵۆزیی زۆر لە پەیوەندییەکانیان هەیە. سعودیە ڕابەرایەتی ئەنجومەنی هاریکاری وڵاتانی کەنداو دەکات. گرفتە بنچینەییەکانی ئەم دوو هێزەی ناوچەکە بریتین لە:

  • ئەنجومەنی هاریکاریی کەنداو (C.C) کە نیگەرانە لە سروشتی مەزهەبی و شۆڕشگێڕانەی شۆڕشی ئێران و سیاسەتەکانی لە ناوچەکە، کێشەی نێوان شیعە و سوننە ڕیشەی مێژوویی هەیە و زیاتر لە ١٠٪ ژمارەی دانیشتووانی سعودیە شیعە مەزهەبن بە تایبەت کە لە ناوچە نەوتییەکانی سعودیە نیشتەجێن. ئەمەش هەمیشە مایەی نیگەرانی سعودییەکان بووە.
  • ئێران کاریگەریی زۆری بەسەر وڵاتانی وەک عێراق، یەمەن، بەحرەین، سووریا و فەلەستینەوە هەیە، ئەم کاریگەریی و هەژموونە جێگای نیگەرانی وڵاتانی کەنداوە، لەبەر ئەوەی باڵانسی هێز بەلای ئێراندا یەکلادەکاتەوە.
  • بابەتی زیارەتی ساڵانەی حەج، هەمیشە مایەی مشتومڕی نێوان ئێران و سعودییە بووە. کە سعودییە پێی وایە هاندانی موسڵمانەکانی بەرامبەر بە وڵاتەکەی بە شێوەیەکی ئاشکرا پێوە دیارە. بۆیە حکومەتی سعودییە هەمیشە بە شێویەکی سنوردار ڕێگا بە ئێران دەدات کە بەشداری لە فەریزەی حەجدا بکەن.
  • هۆکاری سەرەکی خراپیی پەیوەندی ئێران و وڵاتانی کەنداو بابەتی ئاسایشی کەنداوە، لە ڕوانگەی ئێرانەوە ئاسایشی کەنداو زیاتر لە سەد ساڵە لە لایەن وڵاتانی زلهێزەوە نەخشەی بۆ دادەنرێت. ئەمەش بووەتە هۆکاری هاوپەیمانی بەستنی وڵاتانی کەنداو لەتەک زلهێزەکانی وەک ئەمریکا و ئیسرائیل.[7]

پەیوەندی نێوان ئێران و سعودیە پەیوەندییەکی ئاڵؤز و تاریکە. سعودیە یەکێکە لەو وڵاتانەی کە سیستەمێکی ئاڵۆز و نەناسراوی هەیە. هەندێکجار تێگەیشتن لە سیستەمی کۆمەڵایەتی و سیاسی سعودیە بۆ هاوپەیمانە ڕۆژئاواییەکانیشی ناڕوونە. لە سعودیە شێوازێک لە شۆڕشێکی نەرم لە ئارادایە کە دەسەڵات لە بەساڵاچووەکان دەگێڕێتەوە بۆ سیاستمەدارانی گەنج. گەنجەکان لە پشتیوانی دەزگاکانی ئەمنی و پاڵپشتی کۆمەڵایەتی ئەم گۆڕانکاریانەیان ڕێکخستووە. هەرچی پەیوەستە بە پەیوەندی ئێران و سعودیە ئاستی پەیوەندییەکانیان لە ڕاگرتنەوە بۆ داڕووخانی بەردەوام دەڕوات. لە ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوای جیهانی ئیسلامیی بە شێوازێک پەیوەندییان لەگەڵ سعودیە هەیە. [8]

لە دەرەوەی ئەنجومەنی هاریکاریی کەنداو، وڵاتانی عەرەبی باکوری ئەفریقا بە تایبەت میسر گرنگی و سەنگی خۆیی هەیە لە دنیای عەرەبییدا. ئەگەر سعودیە نوێنەرایەتی باڵی ئایینی جیهانی عەرەبیی بکات ئەوا بە دڵنیاییەوە میسر نوێنەرایەتی هەستی نەتەوەیی جیهانی عەرەبیی دەکات. میسر لە ناوەڕۆکدا هەڵگری کۆدژییەکانە، ئەم ڕاستییە لە سیاسەتی ناوخۆ و دەرەوەی میسر ڕەنگی داوەتەوە. خواستی میسرییەکان بۆ گەیشتن بە ڕابەرایەتیکردنی جیهانی عەرەبیی خواستێکی ئاشکرایە. کاتێک محەممەد مورسی لە میسر دەسەڵاتی گرتەدەست لە یەکەم سەردانی بۆ سعودیە پێشنیاری پێکهێنانی بەرەیەکی ئیسلامی کرد بۆ سعودیە. خۆشبینی میسرییەکان و ڕەووتی ئیسلامیی میسری هەرزوو خامۆش بوو.[9]

ڕووناکبیرانی میسر بە پێچەوانەی سەردەمی شەڕی سارد تێڕوانینی تایبەتییان هەیە بۆ ئێران. پێێانوایە ئێران هێندەی لە ناوەندەکانی فیکری و سیاسی بە مەترسیدار وێناکراوە هێندە مەترسی نییە بۆ سەر میسر و بەرژەوەندییەکانی. میسر لە لایەک ڕێککەوتننامەی لەگەڵ ئیسرائیل واژۆ کردوە لە هەمانکاتدا نایەوێت بکەوێتە ژێر هەژموونی دەوڵەتی ئیسرائیل. بۆ ڕاگرتنی باڵانس هەمووکات بە شوێن ئەو هۆکارانەوەن کە هەم فشار لە سەر ئیسرائیل زیاد بکرێت و هەم خۆێ لە ژێر ئەو فشارانە قوتار بکات، هەمان ڕاستی بۆ دەوڵەتی تورکیاش ڕاستە.

سیاسەتی دەرەوەی میسر کاتێک زێدەتر ڕوون و ئاشکرابوو کە ئەنوەر سادات تیرۆر کرا، بۆشاییەکی گەورە لە نێوان میسر و جیهانی عەرەبیی دروستبوو. میسرییەکان زیاتر لە وڵاتانی ڕۆژئاوا نزیکبوونەوە.

ئەنجام

جیهانی عەرەبیی و ئیران بەردەوام لە پێکدادانی فیکری و مەزهەبی و ئایدیۆلۆژین. لەگەڵ ئەوەی ئێرانیش ئەندامی ڕێکخراوی کۆنفرانسی ئیسلامییە، بەڵام هەمیشە لە دەرەوەی ڕێکخراوەکانی عەرەبی و ئیسلامیی درێژەی بە پرۆژە فیکری و سیاسیەکانی خۆی داوە. ئێران و هاوپەیمانە شیعەکانی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست تا ڕادەیەکی زۆر یەکپارچە و یەکگرتوون. ناوەندی جیهانی شیعی ئێران وەک هێزێکی ناوچەیی توانای دانانی کاریگەریی بەسەر وڵاتانی عەرەبیەوە هەیە، وەک وڵاتانی کەنداو خاوەنی نەوت و یەکێک لە گەورەترین یەدەکی غازی جیهانە. ئێران توانا سەربازیی و مرۆییەکانی بۆ هەر ڕووبەڕووبوونەوەیەک لە ئاستی زلهێزێکی ناوچەییدایە. ئێران توانیویەتی باڵە جیاوازەکانی فیکری شیعی لە سووریا و یەمەن لێک نزیک بکاتەوە.

لە بەرامبەردا جیهانی عەرەبیی فراوانە، خاوەنی سەرمایەی ئابووری و مرۆیی فیکرییە. شەرعیەتی زۆرینەی موسڵمانی سوننە و عەرەب وەک بەهایەکی مێژوویی و کەلتووری بۆ ئەم جیهانە دەگەڕێتەوە، جیهانی عەرەبیی لە هەمانکاتدا ئاڵۆز و پڕاوپڕە لە کۆدژی و پەرتەوازەیی. ڕێکخراوەکانی جیهانی عەرەبیی لە ئاست داخوازی شەقامی عەرەبییدا ئەرکەکانی خۆیان بەجێ نەگەیاندوە. هاوپەیمانییەتی سەربازیی لەگەڵ وڵاتانی ڕۆژئاوا بنچینەی توانا سەربازییەکانی جیهانی عەرەبیی پێکدەهێنن. توانای کاریگەریان لەسەر ڕێکخراوی وڵاتانی هەناردەکاری نەوت هەیە، هەر چەشنە ڕێکخراوێکی فیکری پەڕگیر و تیرۆریستی بە چەشنێک لەگەڵ جیهانی عەرەبیی لە پەیوەندیدایە.

بە هەر شێوازێک پێناسەی چەمکی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بکەین ناتوانین ئێران و سعودیە و میسر و تورکیای تێدا نەبینین!

 

 

[1] دکتر محمد مسجد جامعی.١٣٩٥. ایران و جهان عرب. تهران.انتشارات اطلاعات.

[2] لویس فاست. ٢٠٠٥ ، احمد سلطانی نژاد، تهرانم دفتر مطالعات سیاسی و بین المللی

[3] https://worldview.stratfor.com/article/geopolitics-iran-holding-center-mountain-fortress

[4] https://fa.wikipedia.org/wiki

[5] https://worldview.stratfor.com/article/geopolitics-iran-holding-center-mountain-fortress

[6] سید حسین موسویان.١٤٠٠. ایران و ایالات متحدە ( نگاهی از درون گذشتەای شکست خوردە و مسیری بە سوی مصالحە) تهران.بنگاه ترجمە و نشر کتاب پارسە.

[7] هەمان سەرچاوەی پێشوو.ا

[8] محمد مسجد جامعی.١٣٩٧ ایران و ژئوپلتیک منطقە پیداها و ناپیداها.تهران.انتشارات اطلاعات

[9] دکتر محمد مسجد جامعی.١٣٩٥. ایران و جهان عرب. تهران.انتشارات اطلاعات.

وەرزنامەی ئێرانناسی ژمارە (٣) نیسانی ٢٠٢٢ .

Send this to a friend