ئایندە: پێشەكییەكی زۆر كورت
ئامادەكردن: ئایندەناسی
كتێبی “ئایندە: پێشەكییەكی زۆر كورت” (The Future: A Very Short Introduction)، لە نووسینی جنێفەر گیدلی (Jennifer Gidley) لە ساڵی 2017 لە لایەن چاپەمەنی زانكۆی ئۆكسفۆرد بڵاو كراوەتەوە. گیدلی؛ نووسەری ئوسترالی، ڕاهێنەری كەش و هەوا، دەروونناس و لێكۆڵەری كایەی ئایندەناسییە. جگە لە چالاكییەكانی لە ناوەندە ئایندەناسییەكانی ئوسترالیا و زانكۆكانی ئەم وڵاتە، لە ئاستی جیهانیشدا لە پڕۆژە لێكۆڵینەوەكانی ئەورووپا، ئەمریكا، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئاسیا هاوكاری هەیە و لە نێوان ساڵانی 2009-2017 سەرۆكی فیدڕاسیۆنی جیهانی لێكۆڵینەكانی ئایندەیی بووە، كە لە ساڵی 1973 لە پاریس دامەزراوە و ئایندەناسانی 60 وڵات تێیدا بەشدارن.
گیدلی، لە پێشەكیی كتێبەكەیدا هەوڵی داوە تێڕوانینێكی گشتی و پوخت بۆ مێژووی ئایندەناسی هەبێت. ئەو باس لەوە دەكات كە لە دەستپێكی كات و ژیانی مرۆڤایەتییەوە، ترس لە شتە نەناسراوەكان و مەڕاقی زانینی نەزانراوەكان، دنەدەری مرۆڤ بۆ زانینی ئایندە بووە. ئێمە هەمیشە بەمەڕاقین بۆ زانینی ئەوەی لە پێشمانەوەیە و ئەوەی كە دادێت، ئیتر هەڕەشە بێت یان ئاسایش، فراوانی بێت یان كەمی. بە درێژایی مێژووی مرۆڤایەتی، باو و باپیرانمان هەوڵیان داوە لە ڕێگەی قوربانیكردنەوە بۆ كاریگەریخستنەسەر دەرئەنجامەكان، خۆئامادەكردن بۆ ڕووداوە پێشبینینەكراوەكان، بە گوێڕاگرتن بە ڕاسپاردەی كەسانی پێشگوو، بە خوێندنەوەی ئەستێرەكان لە ڕێگەی بەخت خوێنینەوە، لە بابەتە نەزانراوەكاندا بگەنە وڵامی یەكلاییكەوەوە. بە پێشكەوتنی زانست و گەشەسەندنی تەكنەلۆجیای كۆمپیوتەر، مرۆڤ بە كۆكردنەوە و شرۆڤەی نموونەكانی ڕابردوو، زیاتر توانیوێتی لە پێشبینی و دیاریكردنی چیەتیی ئایندە بگاتە دڵنیایی. هەر چەندە ڕاستییەكیش هەیە، كە هێشتا هیچ مسۆگەرییەكی ڕەها بوونی نییە.
تێگەیشتن لە چۆنیەتیی هاتنەكایەی ئایندە لە لایەن مرۆڤەكانی ڕابردوو، دەتوانێت تێگەیشتنێكی قووڵترمان لە گرنگیی بیركردنەوەی ئایندەناسانە بداتە دەست. “سێ هەزار ساڵ ئایندە”، مێژووی ئاگایی لە كات-مان بۆ ڕوون دەكاتەوە، كاتێك لە پێغەمبەرانی كولتوورەكانی یەهودی-مەسیحی و ئێرانی، ژنە ئایندەبینەكانی یۆنانی كۆن و دیدگای شاری ئایدیالیی ئەفلاتۆن دەست پێ دەكات. دواتر قۆناغی ڕێنێسانس كە دەرخەری شۆڕشێك لە بیركردنەوە و كولتوور بوو و ئاماژەی بۆ ئایندەیەكی تەواو جیاواز بوو، تا دەگاتە سەردەمی ڕۆشنگەریی ئەورووپا. لە كۆتاییدا كاریگەرییەكانی دوو جەنگی جیهانی لە سەر بەرنامەڕێژی ئایندەیی وڵاتان خراوەتە بەر لێكۆڵینەوە.
نووسەری كتێب بەم پێشەكییە كورتە، هەوڵی داوە لە گرنگترین پرسیارەكانی مرۆڤ سەبارەت بە ئایندە بكۆڵێتەوە: ئایندە چییە؟ ئایا ئایندە كات (زەمەن)ێكە كە هێشتا نەهاتووە؟ یان شارێكی ئایدیالە (utopian)؟ ئایا ئایندە، مێژووی هەیە؟ ئایا تەنیا یەك ئایندە بوونی هەیە و یان ئایندەی زۆری ڕێتێچوو هەیە؟ ئایا بە ڕاستی و لە واقیعدا دەكرێت پێشبینیی ئایندە بكرێت یان ئەوەتا ئێمە، ئایندەكانی خۆمان -چ لە ڕووی ترسەوە بێت چ بە هیواوە بێت- بە بیركردنەوە و هەست و كردارەكان دروست دەكەین؟.
كتێبی ئایندە: پێشەكییەكی زۆر كورت، جگە لە پێشەكی و دەرئەنجامێك، لە شەش بەشی سەرەكی پێك هاتووە:
بەشی یەكەم: “سێ هەزار ساڵ ئایندە”؛ كورتەمێژووی ئایندەناسی لە سەردەمی دێرینەوە بۆ ئێستا.
بەشی دووەم: “هەمەچشنیی ئایندە”؛ تێڕوانین لە ئایندە جیاوازەكان: ئایندەی ڕێتێچوو (Possible Futures )، ئایندەی شیمانەیی (Probable Futures) و ئایندەی پەسەندكراو (Preferable Futures).
بەشێ سییەم: “زانستە پەرەسەندووەكانی ئایندەناسی”؛ شێوازی پەرەسەندنی ئایندەناسی وەك زانستێك.
بەشی چوارەم: “تۆپە كریستاڵییەكان، ئۆتۆمبێڵە فڕیوەكان و ڕۆبۆتەكان”؛ ڕۆڵی خەیاڵ و تەكنەڵۆجیا لە پێشبینیی ئایندە.
بەشی پێنجەم: “ئایندەكانی مرۆڤ-سەنتەر یان تەكنۆپۆپیا (Technotopian)”؛ لێكدانەوەی ئایندەكانی پشتبەستوو بە تەكەنەلۆجیا و ئایندە كۆمەڵایەتییەكان.
بەشی شەشەم: “ئاڵنگارییە گەورەكانی جیهانی ئایندە”؛ پرسە گرنگەكانی وەك گۆڕانكارییەكانی كەش و هەوا، جەنگ و نایەكسانی.
ئایندەناسی، هونەر و زانستی قبوڵكردنی بەرپرسیارێتیی دەرئەنجامە درێژخایەنەکانی بڕیارەکانمان و کردەوەکانی ئەمڕۆمانە. نووسەر لە ئەنجامگیرییەكدا، پێشنیاری ئەوە دەکات کاتێک دەزانین یەک ئایندەیەكی پێشبینیکراو بوونی نییە، دەتوانین ئازادانەتر وێنای ئایندە جێگرەوەكان بكەین و کار بۆ دروستکردنی ئەو ئایندەیانە بكەین كە بۆ خود و بۆ مرۆڤایەتی باشترە. ڕەنگە مرۆڤ پێی وا بێت، توانای زاڵبوونی بە سەر ئەو ئاڵنگارییە جیهانییە گەورانەی ڕووبەڕووی دەبێتەوە، نەبێت، بەڵام هەستی ترس و بێهیوایی زۆر جار بە هۆی نەبوونی زانینی پێویستەوە سەرچاوە دەگرێت. بە کارکردنی هاوبەش بۆ گۆڕانکاریی ئەرێنی لە بواری گۆڕانی کەشوهەوا، وزەی جێگرەوە، ئامانجە مرۆڤدۆستییەكان، تەندروستی، ئابووری، یان گۆڕانكاری لە پەروەردە، دەتوانین كار بۆ بەدیهێنانی ئایندەیەكی خوازراو بكەین.