• Google Plus
  • Rss
  • Youtube
July 27, 2020

لە پشتکردنە ئەتاتورکەوە بۆ کردنەوەی ئایاسۆفیا؛ بوژانەوەی خەلافەت

ماوەی چەند ساڵێکە پرسی گەڕانەوەی خەلافەت لە تورکیادا بووەتە بابەتی گفتوگۆ، بەڵام لە چەند مانگی رابردوودا و بەتایبەت دوای کردنەوەی مزگەوتی “ئایاسۆفیا” ئەم گفتوگۆیانە گەرموگوڕتر بوون. نەفرەت کردن لە ئەتاتورک، وەڵامی سوپا و داوای گەڕانەوەی خەلافەت، بوون بە بابەتی گەرمی میدیای تورکیا.

ئایا سۆفیا؛ ھەنگاوە گەورەکە

کردنەوەی ئایاسۆفیا بە مزگەوت بۆ ھەموان رووداوێکی گەورە بوو، بۆ کریستیانەکان و رۆژئاوا مایەی نیگەرانیی، بۆ ئەتاتورکییەکان لێدانە لە کۆمارییەت و پێگەی ئەتاتورک، بۆ لایەنگرانی ئه‌ردۆغان و بەشێکی مسوڵمانانی ناوەوە و دەرەوەی تورکیاش، یەکێکە لە نیشانە گەورەکانی گەڕانەوەی خەلافەت.

ئەردۆغان لە تورکیا و پاش ئەم بڕیارە، ئاستی جەماوەرییەکەی بەرزبووەتەوە، ئەمەش ھەوڵێکی رێکخراوی ئەردۆغانە بۆ قایمترکردنی پێگەی خۆی و سەرپێخستنی ستراتیژ و بیرۆکەی پارتەکەی بۆ تورکیا، کە گێڕانەوەی ئاینە بۆ شوێنی خۆی لە پێش کۆماری تورکیا.

سوپا ھاتە دەنگ

ئەوەی چەند ساڵێكە پێگەی رەجەب تەیب ئەردۆغانی بەھێز کردووە، پەیوەندییە بەھێزەکەیەتی لەگەڵ دامەزراوەی سوپا، بەشێکی ئەوەی توانی شکست بە ھەوڵی کودەتاکەی ١٥ی تەموزی ٢٠١٦ش بھێنێت، بەھێزیی پێگە و ئامادەییەکەی بوو لە ناو سوپا و ھێزە چەکدارەکاندا.

رۆژی ھەین عەلی ئەرباش سەرۆکی کاروباری دیانەت (ھەمان پلەی وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئاینیی لە کوردستان) لە وتاری ئایاسۆفیادا، نەفرەتی لەو کەسانە کرد دەستیان بۆ ئایا سۆفیا بردووە، (ئەمەش مەبەستی کەمال ئەتاتورکە کە ئایاسۆفیای کرد بە مۆزەخانە).

ھێنانەوەی ئەتاتورک

دوای وتارەکە ناڕەزایەتیی سەریھەڵدا، ھەژماری ھێزە چەکدارەکانی تورکیا لە تویتەر وێنەی مەزاری ئەتاتورکی داناوە، ئەمەش بە وەڵامێکی روونی سوپا دادەنرێت، چونکە سوپای تورکیا تەنھا لە کاتی بۆنە نەتەوەییەکانی تورکیا، وێنەی مەزارەکەی ئەتاتورک بڵاودەکاتەوە.

دواتریش سەندیکای پارێزەرانی تورکیا داوای دەستلەکارکێشانەوەی ئەرباشیان کرد و ئیی پارتیش سکاڵای لە دژی تۆمارکردووە.

میدیای ئاکپارتی: بۆ خەلافەت کۆببنەوە

ژمارەی ١٠٣١ی گۆڤاری (gerçek hayat) بابەتی خەلافەتی نوێ کردووەتەوە، لەسەر بەرگی گۆڤارەکە نووسراوە “بۆ خەلافەت کۆببنەوە” لەسەر ئەم ناونیشانەش نووسراوە “ئێستا نەبێت کەی، تۆ نەبیت ئەی کێ؟”، لە سەرەوەی بەرگەکەشدا نووسراوە “ئیتر ئایاسۆفیا و تورکیا ئازادن”.

لە وەڵامی رەخنەکاندا کەمال ئۆزەر بەڕێوەبەری گشتیی گۆڤارەکە دەڵێت “چۆن وڵاتانی ئەورووپا کۆبوونەتەوە و یەکێتییەکیان دروستکردووە، ئێمەش لە گۆڤارەکەمانەوە داوای کۆبوونەوەی وڵاتانی مسوڵمان و یەکگرتنمان کردووە.”

بیلال ئەردۆغانیش ھێندەی دیکە بوژانەوەی خەلافەتی زیاتر خستە ناو رۆژەڤەوە، ئەوەش کاتێک لە بەرنامەیەکی تەلەفیزیۆنی سی ئێن ئێن تورکدا وتی، ” بۆچی ژاپۆن و چین ئەلفوبێی خۆیان نەگۆڕی؟ کەواتە پێشکەوتن ھیچ پەیوەندییەکی بە گۆڕینی ئەلفوبێوە نییە، ئەمەش وەک ئاماژەیەک بە گۆڕینی پیتی عەرەبی-تورکی بۆ لاتینی لەلایەن ئەتاتورکەوە.

رۆژانی داھاتوو تابلۆکە روونتر دەبێتەوە، ئەردۆغان ھەرچی کردووە رێگە نادات بۆشایی بکەوێتە نێوان خۆی و سوپا، چونکە ئەمە یاریکردنە بە ئاگر، دوور نییە ئەرباش خۆی دەستلەکاربکێشێتەوە یان داوای لێبوردن بکات.

Send this to a friend