• Google Plus
  • Rss
  • Youtube
January 12, 2022

دەقاندنی حاکمیەتی ئیتنیكی–مەزهەبی، مێژوو، ئیتنیسیتە و ناسیۆنالیزم لە پەرتووکەکانی خوێندنی فارسی-ئیسلامیدا

ن: کەمال سولەیمانی و داود عوسمانزادە

وەرگێڕانی : وەرزنامەی ئێرانناسی

بۆ بینینی بابه‌ته‌كه به‌ PDF‌ كلیك له‌م به‌سته‌ره‌ بكه‌:- وەرزنامەی ئێرانناسی ژمارە (٢) كانونی دووه‌می ٢٠٢٢.

کورتە:

ئەم وتارە لێکۆڵینەوەیەکە لەسەر پەرتووکەکانی خوێندنی قۆناغەکانی ١ بۆ ١٢ی کۆماری ئیسلامی ئێران. ئەم وتارە لە کێشەکانی زمان، ڕەگەز، ئیتنیسیتە و ناسیۆنالیزمی ئایینی لە پەرتووکەکانی خوێندندا دەکۆڵێتەوە بۆ ئەوەی تیشک بخاتە سەر ئەوەی کە چۆن دەوڵەت لە ئێران هەوڵ دەدات بۆ ئەوەی کومەڵگەکان لە ڕێگەی سیستمی پەروەردەوە بکاتە فارس-شیعە.  پەرتووکە فەرمییەکانی خوێندن کۆمەڵگەی حاکم (فارسەکان) وەک تاکە بکەری مێژوو وێنا دەکەن. دەوڵەت هەر جۆرە گێڕانەوەیەکی جێگرەوەی (نافەرمی) دیکەی پێ خیانەتە. ئەم وتارە لێکۆڵینەوەیەکی قووڵە لەسەر ئەوەی کە پەرتووکە سەپێنراوەکانی خوێندنی دەوڵەتی ئێران، جێگەی وان و زانستی دۆخمەند و چوارچێوەیەک کە لەو پەرتووکانە بەدەست دێت، چۆن شیکردنەوەیەکی ئاشکرا و ڕوون بەدەستەوە دەدات و بنەمای خەتە دابەشکەرەکانی ئیتنۆ-زمانی پێکهاتەی هەبوو ڕوون دەکاتەوە و هەروەها نیشان دەدات کە ئیسلامخوازی وەکوو مەنتیقی سنوورداری حاکم کە لە پەرتووکەکانی خوێندندا چێنراوە، دەێیتە هۆی فراوانبوونی بیرۆکە و مێژوونووسیی ڕەگەزپەرستی. ئەم لێکۆڵینەوەیە جار جار ئاماژە بە بۆچوون و ئەزموونەکانی هەندێ مامۆستای کوردی قوتابخانەکان دەکات، کە بەوردی دیمانەی قووڵمان لەگەڵ ئەنجام داون.

 

وشە سەرەكیەكان: ئیتنیسیتە، ئیسلام، نافارسەكان، فارسەكان، پەرتووكەكانی خوێندن.

لێم مەدە، چونکە گۆرانی دەڵێم. من کوردم، پێشینانی من ئەوینداریی، ئازار، تێکۆشان و بوونی خۆیان لە نێو گۆرانی و سرودەکاندا بۆ ئێمە بە یادگاری بەجێهێشتووە. من دەبێت گۆرانی بڵێم و تۆ گوێی لێ بگری. (فەرزادکەمەنگەر) ، [ مامۆستایەکی کوردی لە سێدارەدراو] ، نامەیەک بۆ پاسەوانی بەندیخانە).

 “مەرجی سەرەکیی ‌سەپاندنی هەژموونی نەتەوەیی، زۆر جار سەپاندنی هەژموونی زمانە” (Michael Billig, Banal nationalism)

ئێمە لە بنەڕەتدا ئاریایین و زمانمان “فارسییە”. من هەمیشە بە قوتابییەکانم دەڵێم ئازەری، بەلووچی، کوردی و لوڕی زمانی ئێوە نین، بەڵکوو شێوەزاری ئێوەن. ئەگەر ئێوە بە هەر زمانێکی دیکە قسە بکەن، کەواتە ئێوە ئێرانی نین. ئێمە لە زمانی “فارسی” و ڕەگەزی ئاریاییدا هاوبەشین. (پڕفیسۆرێکی ئێرانی، سالح، ٢٠١٣، لا١٢٩).

  • پێشەکی

بەگشتی ئامانجی “پەروەردەی نەتەوەیی” بریتییە لە گۆڕینی منداڵێکی بێلایەن لە قوتابخانەکاندا بۆ سوژەیەکی نەتەوەیی دڵخواز، لە ڕێگەی دانانی ئەو منداڵە لە جێگایەک کە زمان و ئەدەب و مێژووی فەرمیی نەتەوەیەک کە بانگەشەی بەفەرمیبوونی بۆ کراوە، بە هەموو جۆر دەرس دەدرێت Althusser, 1971, pp.127-193)). ئەرکی قوتابخانە گشتییەکان ئەوەیە کە لەناو گەنجاندا “شوناسی نەتەوەیی”ی دڵخوازی دەوڵەت دابڕژێت، ئەویش لە ڕێگەی ناساندنی “قارەمانە نیشتیمانییەکان”، یادکردنەوە نائاگایانە و سەپاوی “ڕووداوە نەتەوەییەکان”، لەبەرکردن و وتنەوەی سروودە “نیشتیمانییەکان” و چاودێریکردنی نەریتەکانی “هەڵکردنی ڕۆژانەی ئاڵای نەتەوەیی” (Bllig,1995.Gutek.1997). قوتابخانەکان وەک هەڵگری گێڕانەوەی ناسیۆنالیستی و حەقیقەت مێژوویی بونیادنراو [1]کار دەکەن. (Nozaki, 2006).

لە ئێراندا دەوڵەتی ئیسلامیی ئێستای ئێران و دامەزراوە ئیتنۆ-ئایینییەکانی، ئەو قەوارانەن کە بە ناو “بابەتی نەتەوەیی[2]” و “ڕابردووی نەتەوە” پێناسە دەکەن و شەرعیەتی پێ دەدەن. کە وا بوو پەرتووکەکانی خوێندن لە ئێران دەتوانن کەرەستەیەکی باش بن بۆ توێژینەوە لەوەی کە چۆن ئیتنۆ-نەتەوەی حاکم مێژووی “نەتەوەیی” خۆی دەگێڕێتەوە و سەروەری پێناسە دەکات و زنجیرەکانی پلەوپایە ئیتنیکی و زمانەوانی دروست دەکات. ژمارەیەکی زۆر لێکۆڵینەوە دەربارەی پەرتووکەکانی خویندنی ئێران کراون، بەڵام زۆربەیان جەختیان لەسەر زمان یان جێندەرە، بەبێ ئاماژەدان بە کێشەی نەتەوەیی کردووە ( Alipour, 2016, Gharbavi&Moousavi, 2012, Hall, 2014, Higgins & shoar-ghaffari, 1991, Ilahe & Syfullahi 2012, Ram, 2000, Alipour &). جیاواز لە توێژینەوەکانی ڕابردوو، ئەم وتارە، بۆ ئەوەی تیشک بخاتە سەر ئەوەی کە چۆن دەوڵەت لە ڕێگەی سیستمی پەروەردەوە زنجیرەی پلەوپایە ئایینی و ئیتنۆزمانی بۆ بەفارسی-شیعەکردنی کۆمەڵگە بنیاد دەنێت و بەردەوامیی پێ دەدات، پرسەکانی زمان و ڕەگەز و ئیتنیسیتە و ئایین و تێکەڵبوونیان لەگەڵ ناسیۆنالیزم تاقی دەکاتەوە.

پەرتووکە فەرمییەکانی خوێندن (کە تەنیا سەرچاوەی فەرمیی خوێندنن لە ئێران لە قۆناغی سەرەتاییەوە هەتا پۆلی ١٢، چەندین بابەتی تایبەت بە زۆربەی وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست نیشان دەدەن. لەم ناوچەیەدا دەوڵەتەکان تاکە دەسەڵاتن کە بڕیار لەسەر نووسین و ناوەڕۆکی پەرتووکەکانی خوێندن دەدەن. بۆ ئەم کارە و بۆ شاردنەوە و لاوازکردنی فرەچەشنی و جۆراوجۆریی ئایینی و ئیتنۆ-زمانی کۆمەڵگاکانیان، ساختەکردنی کۆیادەوەریی مێژوویی و سڕینەوەی ئایکۆنە کولتوورییەکانی کۆمەڵگاکانی ژێردەستەڵاتیان، دەوڵەتەکان گێڕانەوەیەکی تاقانە لە ڕابردوویەکی وێناکراو[3] و دڵخواز پێشکەش دەکەن (Asgharzadeh, 2007, pp.150-160). لە ئێران، بارودۆخی سیاسیی چالاکوانە زمانییە (نافارسەکان)ی خستووەتە بارێکی بەرگەنەگر، لەبەر ئەوەی تێکۆشان و مشتومڕەکانیان (بۆ خویندنی فرەزمانی) وەک هەوڵی جوداخوازی مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت (kalan, 2016, p.7). پەرتووکە فەرمییەکانی خوێندن، کۆمەڵگەی حاکم (فارس-شیعە) وەک تاکە بکەری مێژوو لەقەڵەم دەدەن. دەوڵەت هەر جۆرە گێڕانەوەی جێگر (نافەرمی) وەک خیانەت وێنا دەکات. بەم شێوەیە، لێکۆڵینەوەیەکی قووڵی ئەم پەرتووکانە، پلەوپایەکەی ئەوان و زانستی دۆخمەند کە لێیانەوە بەدەست هاتوون؛ شیکردنەوەیەکی ئاشکرا و ڕوون بەدەستەوە دەدات و دەبێتە هۆی ڕۆشنکردنەوەی بناغەی پلەبەندیی ئایینی و ئیتنۆزمانیی پێکهاتە لە ئێران.

لە ئێران، کۆمەڵگە نافارسەکان ناتوانن پرسیار لە گێڕانەوەی حاکمیەت لە “بابەتی نەتەوەیی”، مێژوویی یان ئایینی بکەن، لەبەر ئەوەی کە پەرتووکەکانی خوێندن نووسراون بۆ ئەوەی کە “ڕابردوو” بە ئیتنیسیتەیەکی تایبەت پەیوەند بدەن و بە زیانی ئەو کۆمەڵگایانە بەکاری بێنن. لە ئەنجامدا، سیستمی پەروەردە ژینگەیەکی ئاپارتایدی دەخوڵقێنێت کە تێیدا گرووپێکی ئیتنیکی بۆ چێژوەرگرتن لە هەموو سەرچاوەیەکی ئابووری و پەروەردەیی لە وڵاتدا هەڵدەبژێردرێ، لە کاتێکدا کە ئیتنیکەکانی دیکە وەک لادەر و نامۆ و بێگانە وەلا دەنرێن (Asgharzadeh, 2007, p.165). هەر بۆیە، لە ئێران ئەو بە ناو “پەروەردە نەتەوەییە”، یەکسانی و بەرابەریی دەسەڵات و دابەشکردنی سەرچاوەکان لەناو دەبات و پێکەوەژیانی داهاتووی کومەڵگەکان دەخاتە مەترسییەوە. بابەتەکە ئەوەیە کە یەکسانیی تەواو و بێکەموکوڕی، تەنیا هەر مافی بنەڕەتیی گرووپێک نییە، بەڵکوو پێویستییەکی سەرەتایی مرۆڤە کە هیچ گرووپێکی ئیتنیکی ئامادە نییە بە خواستی خۆی وازی لێ بێنێت (Yiftachel, 2006, p.95).

دەوڵەتی پەهلەوی (١٩٢٥–١٩٧٩) سیاسەتی یەک زمانیی بۆ نەتەوەیەکی “یەکگرتوو” جێبەجێ دەکرد، کە پاش ساڵی ١٩٧٩ دەوڵەتی ئیسلامی بەردەوامیی پێ دا (Ram, 2000). سیاسەتی ناوبراو “وەک خۆی بەباشی مایەوە و قسەکەرانی زمانەکانی (تر) بەدەگمەن توانیویانە بڕێک ئازادیی زمانیی وەربگرن” (kalan, 2016, p.5). پەرتووکەکانی خوێندنی کۆماری ئیسلامیی ئێران بە شێوەیەکی فراوان بەردەوامی بە سیاسەتی پەروەردەیی دەوڵەتی پەهلەوی نیشان دەدەن. لە هەموو بوارەکانی ژیاندا، کۆماری ئیسلامیی ئێران و ئیتنۆ-نەتەوەی حاکم، شوناسی فارسی بە “شوناسی نەتەوەیی” دەناسێنن و پەرەی پێ دەدەن. پەرتووکەکانی خوێندنی دەوڵەتی ئیسلامیی ئێران، شوناسی فارسی وەک شوناسێکی نەتەوەیی بێپسانەوە و وێکچوو دەناسێنن و بە شێوازێکی خۆهەڵکێشانە دەڵێن کە ئەم شوناسە بە درێژایی هەزاران ساڵ خۆی ڕاگرتووە. ڕەنگە جیاوازیی سەرەکیی ئەوان لەگەڵ پەرتووکەکانی سەردەمی پەهلەوی، تێکەڵبوونی زیاتری فارسیگەرایی بێت لەگەڵ ئیسلامی شیعی و بەئاسایی نیشاندانی نێرسالاریی ئایینی. لەژێر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیی ئێراندا، هەروەک سەردەمی پەهلەوی، چالاکییە زمانەوانییەکانی نافارسەکان قەدەغە کراوە. هەروەک ئەمیر کەلان توێژەری ئێرانی، گەواهیی ئەوە دەدات “بە هۆی کۆتوبەندی سیاسییەوە ڕێگە بە ژمارەیەکی کەمی توێژینەوەی کرداری دراوە کە دەربارەی فرەزمانی و ئەزموونی خوێندکارانی فرەزمان لە ئێراندا ئەنجام بدرێن” (kalan, 2016, p.6).

ئەم وتارەمان هەوڵێکە بۆ گفتوگۆکردن لە بارەی ئەم ئەزموونە فرەزمانییەوە. توێژینەوەکەمان تەنیا جەخت دەخاتە سەر پەرتووکەکانی خوێندن کە لە قوتابخانەکانی ئێراندا دەخوێنرێن و ناوبەناو ئاماژە بە بۆچوون و ئەزموونی هەندێک مامۆستای کوردیش دەکەین. لە ساڵی (٢٠١٩)وە چەندین دیمانەی قووڵمان لەگەڵ مامۆستایاندا بە شێوەی ڕووبەڕوو، سکایپ، واتسئەپ و هۆکارەکانی تری پەیوەندییەوە ئەنجام داوە. هەندێک جار لەم لێکۆڵینەوەیەدا ئاماژەمان بەم دیمانانە کردووە. لەبەر ئەوەی دەمانتوانی بە شێوەیەکی قووڵ دیمانە لەگەڵ مامۆستایانی کورد بکەین و دیمانە لەگەڵ ئەوان ئاسانتر بوو، ئەزموونی مامۆستایانی کوردمان بەکار هێناوە و تەرکیزمان لەسەر مامۆستایانی کورد و کۆمەڵگای کوردی کردووە. هەندێک لەوانەی کە چاوپێکەوتنمان لەگەڵ ئەنجام داون، چەند دەیەیەکە لە کوردستان وانە دەڵێنەوە کە زۆرترینی خوێندکارەکانیان فرەزمانن. لەوانەیە چاوپێکەوتنەکانمان گرنگ بن لەهەمبەر بەدەستهێنانی تێگەیشتنی زیاتر کە چۆن لە ئێران ڕێکخستنی دیگلۆسیکی[4] کۆلۆنیاڵ بە شێوەیەکی سیستماتیک هەوڵ بۆ لەناوبردنی هەموو زمانەکان جگە لە فارسی؛ دەدات.

بە هۆی بەرخۆدانی کولتووری-سیاسیی کوردییەوە، تا ڕادەیەکی زۆر هەموو قوتابخانەکانی کوردستان دیگلۆسیای دووزمانی ئەزموون دەکەن، کە تێیدا فارسی زمانی سەپێنراوی دەوڵەتە و کوردییش زمانی دایکییە کە بە ڕێکار و کۆتوبەندی توند، بێبەش کراوە لە پشتگیریی پەروەردەیی و لەجیاتیی ئەوەی بگوترێ ئەو پشتگیرینەکردنە بووەتە بابەتی گەشەنەکردنی ئەو زمانە، بە جۆرێک وێنا دەکری کە کوردی خۆی هۆکاری پاشەکشەی ئەکادیمیانەیی خۆیەتی. ئەمەش ئەو پلەبەندییە توندە دەردەخات کە لە بواری زمانەوانیدا سەپێنراوە. بۆ ئەم توێژینەوەیەی ئێستا، لە نزیکەوە ٢٥ پەرتووکی خوێندنی پۆلی یەکەم بۆ پۆلی دوانزەیەم بەوردی و دێڕبەدێڕ لێکۆڵینەوەیان لەسەر کراوە، ئەم کتێبانەیش بریتین لە: فارسی (١٢ کتیب، پۆلی ١-١٢) و زانستە کۆمەڵایەتییەکان (تعلیمات اجتماعی، ٧ کتێب، پۆلی  ٣ بۆ ٩)، کۆمەڵناسی (٣ کتێب، پۆلی ٩ بۆ ١٢) و مێژوو (٣ کتێب، پۆلی ٩ بۆ ١٢).

توێژینەوەکە بەم شێوەیەی خوارەوە دەڕواتە پێشەوە. بەشی (٢)، باس لە زمان و پلەبەندیی زمانەوانی لە دەستووری بنەڕەتیی کۆماری ئیسلامیی ئێراندا دەکات، ئەوەی کە چۆن پەرتووکەکانی خوێندن و ئەو زنجیرە دەستوورییە پلەبەندییەی زمانەکان بەرهەم دەهێننەوە. بەشی (٣)، پێکهێنانی بابەتی نەتەوەیی فارسی-شیعی لە ڕێگەی سیستمی پەروەردەوە شی دەکاتەوە و بەشی (٤) تیشک دەخاتە سەر ئاریایزمی فارسی-ئیسلامی.

٢. فارسی: زمانی باڵای دەسەڵات

لە ئۆکتۆبەری ٢٠١٩دا، عەلی زوعێلم (علی ذوعلم)؛ جێگری وەزیری پەروەردەی ئێران، لە وتوێژێکدا ڕایگەیاند “خویندنی فارسی دووچاری ئاڵەنگارییەکی جددی بووەتەوە، (لەبەر ئەوەی) لە سەددا پەنجای قوتابییەکانمان دوو زمانەن”. لە دریژەدا ئەوەشی باس کرد کە “هەندێک لە قوتابییەکانمان هەتا دەگەنە پۆلی شەشەم، ناتوانن بە زمانی فارسی بدوێن”. زۆرینەی خەڵک لە ئێران زمانی دایکییان فارسی نییە، چونکە ئێمە دەتوانین (٥) یان (١٠) لە سەد بەو (٥٠) لە سەدەی سەرەوە زیاد بکەین، بە هۆی ئەوەی کە هەندێک لە دایک و بابە نافارسەکان بە فارسی لەگەڵ منداڵەکانیان دەدوێن. لەبەر ئەوەی کە ئەم دایک و باوکانە پێیان وایە ئاخاوتن بە زمانی دایکی تەگەرە دەخاتە بەردەم بەرەوپێشچوونی منداڵەکانیان، یاخود دەکرێت لەهجەی نافارسی لە قوتابخانە یان لە “کۆمەڵگە” ببێتە هۆی گاڵتەپێکردن بە منداڵەكانیان. هەروەک لێکۆڵەری ئێرانی عەلی ڕەزا ئەسغەرزادە، ئاماژە بەوە دەدات “ئێرانیی ڕاستەقینە” ئەو کەسەیە کە بە زمانی “فارسی” بێ لەهجە بدوێت -فارسی تارانی لەهجەی ستانداردە-، کە بەردەوام گاڵتە و ڕەخنە و بەکەمی سەیری ئاخێوەرانی زمانەکانی وەک ئازەری، عەرەبی، بەلوچی، کوردی و تورکمانی دەکات (Asgharzadeh, 2007, p.134).

زمانە نافەرمییەکانی وەکوو عەرەبی و بەلوچی و لوڕی و گیلەکی و کوردی و تورکی، زمانی لانی کەم نیوەی خەڵکی ئەم جوگرافیا سیاسییە پێک دەهێنن (kalan, 2014, p.4). زیاتر لە ٧٠ زمان لە ئێراندا هەیە (kalan, 2014). سەرژمێرییەکانی ئێران زیاتر سیاسین و جێی باوەڕ نین. دەوڵەتی سەردەمی هاوچەرخی ئێران تاکە ڕێکخراوەیەکە کە دەستی بە داتاکان و ئاکامەکانی سەرژمێری دەگات و هەمیشە دەستکاریی ئەو ژمارانەی کردووە کە پەیوەندیدارن بە زمان و هەمەچەشنیی ئیتنیکییەوە. نەبوونی داتا و ژمارەیەکی فەرمیی باوەڕپێکراو دەربارەی پێکهاتەی ئیتنیکی لە ئێران، ئالنگارییەکی بەرچاوە بۆ لێکۆڵینەوە لەسەر ئیتنیک و ئایین و فرەیی زمانیی لەناو دانیشتووانی ئەم جوگرافیایەدا. دەوڵەت بڵاوکردنەوەی هەر جۆرە زانیارییەکی پەیوەست بەم بابەتانەی بۆ خۆی پاوان کردووە. ئەمە لە کاتێکدایە لە ئیرانی مۆدێرندا لەبەر ئەوەی ناسیۆنالیزمی فارسی لەسەر نەدرکاندن و حاشاکردن “لەو ڕاستییە بنچینەییە دامەزراوە کە ئێران، فارس (Persia) و پێرسیەن (Persian) نییە، بەڵکوو زیاتر مۆزایکێکی ئیتنیکی و زمانی و ئایینییە. هەر گرووپێک مێژوو، کولتوور و زمان و بەهای ئایینیی تایبەت بە خۆی هەیە” (Kia, 1998, p.9).

بەندی (١٥) لە دەستووری کۆماری ئیسلامیی ئێران، زمانی فارسی وەک “زمانی هاوبەشی هەموو ئێرانییەکان” ناو دەبات و “هەموو بەڵگەنامەکان و نووسینەکانی فەرمی دەبێ بە زمانی فارسی بێت”. پاش ئەوەی کە ئەو بەندە بە ئیتنیکی و ناوچەیی ناساندنی زمانەکانی دیکە؛ ئەوانی تا ئاستێکی زۆر هێنایە خوارەوە، هەمان بەند ئاماژە بەوە دەدات کە زمانە نافارسییەکانیش دەکرێ “-لەگەڵ زمانی فارسی- لە ڕۆژنامەگەری و میدیا و پەروەردەدا” بەکار بهێنرێن. ئەم بنەما دەستووریانە، ڕێکخستنێکی زمانیی کۆڵۆنیال لەناو سنووری کۆماری ئیسلامیی ئێراندا پێک دەهێنن، بەگوێرەی ئەمە فارسی، کە زمانی نەتەوەی-ئیتنیکی زاڵە، “زمانی هاوبەشی هەموو ئێرانییەکانە”، بەبێ گوێدان بە ئەوەی کە زمانی دایکییان چییە، یان زمانی فارسی وەک زمانی هاوبەش پەسەند دەکەن یان نا.

زمانە بە ناو “ناوچەیی و لۆکاڵییەکان” بە شێوەیەکی ناڕوون ئاماژەیان پێ کراوە، بە شێوەیەک کە کراوەیە بۆ لێکدانەوەی جۆراوجۆر لەلایەن دەوڵەت و گرووپ و بازنە فارسیگەراکانەوە. بە هۆی بارودۆخی سیاسی-کۆمەڵایەتیی پاش ساڵی ١٩٧٩، کە فارسە ناسیۆنالیستەکان هەژموونی بێسنوور و ڕەهای خۆیان لەدەست دا، نەیانتوانی بەتەواوی حاشا لە هەبوونی زمانەکانی تر بکەن. نووسەرە ناسیۆنالیستەکانی دەستووری نوێی ئێران هێشتا دەیانهەوێت هەموو زمانە نافارسییەکان بخەنە ناو بەرداشی هەبوون و نەبوون. دەستوور نەک تەنیا هەر پاساو بۆ دەوڵەت دەهێنێتەوە بۆ ئەوەی هیچ زمانێکی جگە لە زمانی فارسی نەخوێنرێ، بەڵکوو خوێندنی زمانەکانی دیکەش بەتەواوی لێڵ و تەمومژاوی دەکات: لە چ جێگایەک زمانە نافارسییەکان گفتوگۆیان پێ دەکرێت، لەلایەن کێ و چۆن؛ هیچ ڕوون نییە. دەقیقنەبوونی ئەم یاسایانە، بە مەبەستی کەمکردنەوەی هەر چی زۆرتری دەسەڵاتی نافارسەکانە. بەم هۆیەوەیە کە وێڕای تێپەڕبوونی چوار دەیە لە جێبەجێکردنی بڕیارە دەستوورییەکانی سەرەوە، نافارسەکان بەتەواوی لە دۆزینەوەی بەستێنێکی لەبار بۆ مافە زمانەوانییەکانیان ماونەتەوە. ئەم کەمتواناییە لەبەرانبەر ئینتێلەجێنسیای فارسە دەسەڵاتدارەکانەوە خراپتر دەبێت، بۆیە “دەستەبژێر ڕۆشنبیر و ئەکادیمیی دەسەڵاتدار لە ئێران زۆر جار بە ترس و هاوارەوە کاردانەوەی دەبێت کاتێک کە بە دەنگی بەرز ڕووبەڕووی سووربوون لەسەر داوای مافی شوناسی ئیتنیکی دەبێتەوە…” (Elling, 2013, p.2).

پاش چل ساڵ، خوێندنی “فارسی لەگەڵ زمانە لۆکاڵییەکان”، وەک چۆن بەڵێن درابوو لە دەستووری ئیتنۆ-تێئۆکراسی، هێشتا جێبەجێ نەبووە. دەستەواژەی “خوێندنی زمانە لۆکاڵییەکان” بە شێوازی جۆراوجۆر لێک دراوەتەوە، یەکێک لەوانە هاودەنگ لەگەڵ لێکدانەوەی هاوڕایانەی ناسیۆنالیستی فارسییە کە بانگەشەی ئەوە دەکات ڕەوازانینی زمانە نافارسەکان تایبەتە بە دەستپێشخەرییە تاكەكەسی و نافەرمییەکان. لێکدانەوەی کۆمەڵگەی باڵادەست بۆ مادەی (١٥) ئەوەیە کە دەوڵەت دەتوانێت لە دەرەوەی سیستمی پەروەردە ڕێگە بە فێربوونی بە ناو “زمانە لۆکاڵییەکان” بدات. ئەکادیمیای فارسی زۆر بەتوندی لە دژی هەر چەشنە پەروەردە و خوێندنێک بە زمانە دایکییە نافارسییەکانە.

زمانی دەستووری کۆماری ئیسلامیی ئێران -کە مەشروعیەت بە ناسیۆنالیزمی فارس دەدات-، دژبەیەک و کۆڵۆنیالیستییە. دژیەک و دووڕووانەیە، لەبەر ئەوەی حاشا لە سەرتری و پێشتریی هەر زمان و ئێتنیک و ڕەنگێک دەکات (بەندی ١٩)، لە هەمان کاتدا فارسی بە تاکە زمانی فەرمی و زمانی گشتیی ئێران ڕادەگەیەنێت (بەندی ١٥). جیاواز لە ئیمتیازی فارسبوون، دەستوور باڵادەستییەکی ئەبەدیی بە موسوڵمانانی شیعە بەسەر ئەوانی تر داوە. باڵادەستیی ئیسلامی شیعە لە ڕێگەی مادەی (١٢)ی دەستوورەوە بەفەرمی کراوە، کاتێک دەڵێت: ئایینی فەرمیی ئێران ئیسلام و ڕێبازی ١٢ ئیمامی یان جەعفەرییە، وە ئەم بنەمایە بۆ هەمیشە بەجێگیری دەمێنێتەوە.

زمانی کۆڵۆنیالیی دەستوور لە مادەی (١٩)دا دەردەکەوێت، کاتێک کە ئێتنیسیتە لەگەڵ خێڵگەرایی بە یەک مانا بەکار دەهێنێت: “هەموو خەڵکی ئێران، سەر بە هەر ئێتنیک و خێڵێک بن، مافی یەکسانیان دەبێت و ڕەنگ و ڕەگەز و زمان و نموونەی ئەمانە، هیچ سەرتری و ئیمتیازێکیان پێ نادات.” ئەم بەندە زمانی فارسی وەک زمانێکی بێهاوتا دەناسێنێت کە بەتەواوی لەوانی دیکە جیاوازە. بە هەڵاوێردنی زمانی فارسی لە بە ناو “زمانی خێڵ و گرووپی ئیتنیکی”، جارێکی تر دەستووری کۆماری ئیسلامی جەخت لە بارودۆخی تایبەتمەندیی فارسی و ئاخێوەرەکانی دەکاتەوە. بەم جۆرە، فارسەکان نوێنەری ڕاستەقینە و ئەسڵی نەتەوەن، چونکە فارسی و ئاخێوەرانی (بە واتایەکی تر فارسەکان) بە نائیتنیکی و ناخێڵەکی وێنا دەکرێن. لە ڕێگەی سڕینەوەی ئیتنیستە لە زمانی نەتەوەیی-ئیتنیکیی حاکم، دەستووری کۆماری ئیسلامیی ئێران دۆخی زمانیی باڵا دەبەخشێتە فارسی و زمانەکانی دیکە دەکات بە خێڵەکی.

دەستەبژێری فارس بەتەواوەتی پشتگیریی پلەبەندیکردنی کۆمەڵگەکان دەکەن و مەشرووعیەتی ئیپستمۆلۆژیکییش بۆ وەها پلەبەندییەک دابین دەکەن. ئەوان نکوڵی لەوەش دەکەن کە فارسەکان ئیتنیکێک بن و دان بەوەشدا نانێن کە فارسی زمانی گرووپێکی ئیتنیکی بێت. ئەکادیمییە فارسەکان، وەک چەنگیز پەهلەوان، بە شێوەیەکی ئاسایی بانگەشەی ئەوە دەکەن کە “فارسی زمانی زانست و ئەدەبە… و پێویستە زمانی سروشتی و نەتەوەیی هەمووان بێت… و زمانەکانی دیکە زمانی سەرەتایی (و بەدەویەت)ن”. لە سەرەتاکانی سەدەی بیستەوە، دەوڵەت و ڕۆشنبیرە دەوڵەتییەکان هەوڵی ناساندن و سەپاندنی زمانی فارسی وەکوو “زمانی سروشتیی هەمووان”یان داوە. ئەم مێژووە دوورودرێژەی گوتاری ناسیۆنالیستی فارسی، دەقی نووسراوی دەستووری کۆماری ئیسلامیی ئێران پێک دەهێنێت و بە شێوەیەکی ڕادیکاڵ ناوەڕۆکەکەی دیاری دەکات. هەر بۆیە بانگەشەی ئەوە دەکەن کە ئێران -وەک دەوڵەت-نەتەوەیەک “خاوەن یەک زمان و شوناسە”- زیاتر لە دوو هەزار ساڵە کە بوونی هەیە (e.g.,Meskoob, 1992, p.29). ڕۆشنبیرانی فارس بێ گوێدانە کەمپە ئایدیۆلۆژییەکانیان، بانگەشەی ئەوە دەکەن کە ئەوان هەروەک چۆن زمانی کۆڵۆنیالی ئینگلیزی لە هیندستان، زمانی هیچ ئیتنیکێکی ئێران نییە. بۆ نموونە: نووسەرێکی سەڵتەنەتتەڵەب باس لەوە دەکات کە ئاماژەکردن بۆ سەروەریی فارسی –وەک زمانێکی ئیتنیکی دیکە لە ئێران–، پیلانگێڕییە لە دژی یەکڕیزیی وڵات. فارسی زمانێکە و هیچ ئیتنیکێک بە ناوی فارس لە ئێراندا بوونی نییە. بە هەمان شێوە، ئەکبەر گەنجی؛ فەرماندەیەکی پێشووی سوپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی، بانگەشەی ئەوە دەکات کە ئەو نازانێت واتای فارسبوون چییە (see Soleimani& Mohammadpour, 2019). کەچی ڕووناکبیرە کۆڵۆنیالیستە فارسەکان، لە کاتێکدا نکوڵی لە قەومیەتی خۆیان دەکەن، بەم دواییانە بۆ شوێنەکردنی (مەعریفیی) نافارسەکان، چەمکێکی نوێی ڕۆژهەڵاتناسانەیان بە ناوی “جیهان و کۆمەڵگە پارسیانەکان[5] داهێناوە و کەڵکی لێ وەردەگرن (cf. Kia, 2016). ئەم چەمکە لەلایەن لێکۆڵەری ئۆریەنتالیست مارشاڵ جی. اس. هادجسۆن لە ساڵی ١٩٧٤ داڕێژراوە، ئێستاش بەکار دەهێنرێت بۆ “بەفارسیکردنی هەموو و هەر کۆمەڵگەیەک” کە لەوانەیە نووسەران و شاعیرەکانی لەگەڵ زمانەکانی تر؛ فارسییشیان بەکار هێنابێت.

ناسیۆنالیستە فارسەکان لەسەر بڵاوکردنەوە و پەرەپێدانی زمانی فارسی بە زیانی زمانەکانی تر؛ کۆدەنگ و پێداگرن. هەر بۆیە کوڕی شای دەرکراو، بێباکانە دەڵێت “ئەو لە مەنتیق و لۆژیکی پەروەردە و خوێندن بە زمانی دایکی تێناگات”. یان عەلی خامنەیی؛ ڕابەری باڵای بە ڕەگەز تورک، زۆر جار داوا لە فارسە ناسیۆنالیستەکان دەکات کە “هەموو شێواز و ڕێگایەکی زانستی بەکار بهێنن بۆ پەرەپێدان و بڵاوکردنەوەی زمانی فارسی”. ساڵی پار ئەم هۆشدارییە توندانەی ڕابەری باڵا بوو وەزارەتی پەروەردەی کۆماری ئیسلامیی ناچار کرد کە ڕایبگەیەنێ کە نەبوونی لێهاتوویی لە زمانی فارسی لە قۆناغی پێش قوتابخانەدا وەک “نائاسایی” پۆلێن بکرێت و بە پێوانە تایبەتەکان مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت. بەم جۆرە دەوڵەتی ئێران نەبوونی لێهاتوویی زمانی فارسی لە منداڵە نافارسەکانی باخچەی ساوایان، لە ڕێگەی گۆڕینی ئەو کێشەیە بۆ گرفتێکی بایۆلۆژی[6]، خەسارناسی کردووە[7]. دوژمنایەتیی دەوڵەت و ڕێکخراوەیی ناسیۆنالیستی فارس لەلایەن بڕیارێکی دادگای شۆڕشی ئیسلامی لە ١٤ی جولای ٢٠٢٠دا کە تێیدا سزای دە ساڵ زیندانی بەسەر زارا محەمەدی بە تۆمەتی فێرکردنی خۆبەخشانەی زمانی کوردی سەپاند؛ سیمبۆلیزە کراوە.

دەستووری کۆماری ئیسلامیی ئێران ڕەنگدانەوەی گوتاری ناسیۆنالیستیی پەهلەوییە و زمان و شوناسی نافارسی وەکوو خێڵەکی و بەسەرچوو ناو دەبات کە چارەنووسیان تەنیا لەناوچوونە. دەستووری ئیسلامی بە هێزی یاسا، ئێران وەک هاوواتا و هاومانای فارسبوون پێشان دەدات. هەر بۆیە پەرتووکەکانی خوێندنی کۆماری ئیسلامیی ئێران هەوڵ دەدەن “سوژەی نەتەوەیی” لەژێر ڕۆحی ئەو یاسایانەدا شێوە و بیچم بدەن و تەنیا ئاماژەیەکی تێپەڕ بە زمانی دایکیی نافارسەکان دەدەن. تەنانەت لەو نموونانەشدا، ئاماژەدان بە زمانی نافارسی بەتەواوەتی سنوودارە. بۆ نموونە: لە سندووقێکی پەمەیی بچووکدا، پۆلی سێیەمی فارسی، ئاماژە بە زمانی دانیشتووانی سەر سنوور (دەربڕینێکی دیکەیە بۆ “بابەتی خێڵەکی”) دەکات: “هەندێکمان بە زمانی خۆجێیی و زمانی دایکیمان قسە دەکەین، بەڵام فارسی زمانی نەتەوەیی هەموومانە و گرینگییەکی یەکجار زۆری بۆ پاراستنی نیشتیمانەکەمان هەیە” (٢٠١٨، لا١٠٣). زۆر جار پەرتووکەکانی خوێندنی کۆماری ئیسلامیی ئێران، فارسی بە “ئاسایشی نیشتمانی” و “پاراستنی نیشتمان” گرێ دەدەن.

 سیستمی پەروەردەی کۆماری ئیسلامیی ئێران، ئێرانیبوونی پێ یەکسانە لەگەڵ فارسبوون. سیستمی پەروەردەیی ئێران “فارسیبوون”ی هەمووانی پێ شتێکی ڕوون، ئاشکرا و بەڵگەنەویستە، چونکە ئامانجە بنەڕەتییەکەی؛ دروستکردنی “واقعێکی کۆمەڵایەتی”ی تەواو فارسییە. فارسی گێڕانەوەی خۆی وەکوو چیرۆکی من و ئێوە دەگێڕێتەوە، چیرۆکی من لەگەڵ چیرۆکی ئێران نیشتمانی خۆشەویستم و مێژووەکەی دەست پێ دەکات (پۆلی ٦، فارسی، ٢٠١٨، لا٣٢-٣٤). پەرتووکەکانی خوێندن زانیاریی مێژوویی هەڵە دەرخواردی قوتابییە لاوەکان دەدەن، لەبەر ئەوەی ئەوان بەمەبەست حکومەتی گرووپە ناوێکچووەکان یان فەرمانڕەوا دیکتاتۆرییەکانی مێژوو، لەگەڵ دەوڵەت–نەتەوەی مۆدێرن تێکەڵ دەکەن. هەروەها پەروەردەی دەوڵەت نکوڵی لە مێژووەکانی فرەزمانیی ئیتنۆ-نەتەوە جیاوازەکان لە فەلاتی ئێران دەکات، بە بانگەشەی ئەوەی کە هەر لە دێرزەمانەوە فارسی زمانی هاوبەشی هەمووان بووە: “[فارسی] لەگەڵ هەموو ئێرانییەک و لەسەر زمانی هەموو کەسێکە” (فارسی، ٢٠١٨). ئەم بانگەشەیەی دوایی لەگەڵ دەربڕینی بەرپرسە فەرمییەکانی ئێران دژایەتیی ڕاستەوخۆی هەیە، کاتێک ئەوە ئاشکرا دەکەن کە ژمارەیەکی دیاری قوتابیانی ئێرانی هەتا پۆلی ٦ تەواو دەکەن؛ ناتوانن بە فارسی قسە بکەن. داننەنان و نکۆڵی لە نافارسەکان، لە ڕێگەی ئەم جۆرە بانگەشانەوە ڕوونتر دەردەکەوێت کە دەڵێن “زمانی نەتەوەیی ئێران (کە زمانی فارسییە)؛ شوناسی تۆیە و تۆی لە هەموو سووچێکی ئێران و سەرانسەری جیهاندا پێ دەناسرێت” (فارسی، پۆلی ٦، ٢٠١٨، لا٣٢-٣٤).

سیستمی پەروەردەی کۆماری ئیسلامیی ئێران بانگەشەی ئەوە دەکات کە ئێران “شوناسێکی نەگۆڕ و بێهاوتا”ی هەیە و وەک گرنگترین فاکتەری بنەڕەتی بۆ یەکڕیزیی ئێران پەرە بە زمانی فارسی دەدات. هەر بۆیە فێرخوازان وا فێر دەکرێن کە هەزاران ساڵ بەر لە ئێستا زمانی فارسی توانیویەتی “شوناسی ئێرانی بەهێز” بکات (پۆلی ١١، مێژوو، ٢٠١٨، لا١٣) و لەم هەزاران ساڵەدا “زمانی هاوبەشی ئەو گرووپە ئیتنیکییە جۆراوجۆرانە بووە کە لەسەر خاکی پانوبەرینی ئێراندا ژیاون” (پۆلی ١٠، کۆمەڵناسی، ٢٠١٨، لا٩٥). ئەوان فێر دەکرێن کە خۆشویستنی زمانی فارسی “بەس نییە، بەڵکوو [ئەوان] پێویستە وشەی ‘ئەوین’ بۆ زمانی فارسی بەکار بهێنن” (پۆلی ٧، فارسی، ٢٠١٨، لا١٣٨). پەرتووکەکانی خوێندن پیشنیاری ئەوە دەکەن پێویستە زمانە ناوچەییەکانی کوردی، تورکی و زمانە نافارسییەکانی تر کاریگەریی نەبێت لەسەر ئەوینی قوتابییان بۆ زمانی کۆڵۆنیالی فارسی، ئەوەش لەوانەیە لەبەر ئەوە بێت زمانی فارسی من پەیوەست دەکات بە ئاخێوەرانی دیکەی فارس لە جیهاندا، ئێرانییە مۆدێرنەکان و هاونیشتمانییانم… یارمەتیم دەدات کە بڕوام بە خودا هەبێت و بیپەرستم (فارسی، ٢٠١٨، لا١٣٨-١٣٩).

بۆ خوێندنه‌وه‌ی درێژه‌ی بابه‌ته‌كه‌ له‌ وه‌رزنامه‌ی ئێرانناسی دا له (لاپه‌ڕه‌ ١٠ بۆ لاپه‌ڕه‌٤١) كلیك له‌م به‌سته‌ره‌ی خواره‌وه‌ بكه‌:-

وەرزنامەی ئێرانناسی ژمارە (٢) کانوونی دووەمی ٢٠٢٢ .

Send this to a friend