• Google Plus
  • Rss
  • Youtube
March 20, 2024

هەڵبژاردنەکان و گۆڕانی هاوکێشەی سیاسی لە تورکیا

ئەحمەد سیروانی

هەڵبژاردنی شارەوانییەکان لە تورکیا و باکووری کوردستان هاوکاتە لەگەڵ هاتنە پێشەوەی چەند هێزێکی نوێی سیاسی و دیاریکردنی سەنگی حیزبەکانی ئەو وڵاتە. هەڵبژاردنی شارەوانییەکان لە تورکیا و باکووری کوردستان هاوکاتە لەگەڵ هاتنە پێشەوەی چەند هێزێکی نوێی سیاسی و دیاریکردنی سەنگی حیزبەکانی ئەو وڵاتە.ئەم هەڵبژاردنە کە بڕیارە لە ٣١ی ئازاری ٢٠٢٤ ئەنجام بدرێت یەکەم هەڵبژاردنە لە ماوەی ١٠ ساڵی ڕابردوودا سەرجەم حیزبە سیاسییەکان بە جیا و بەبێ بەستنی هاوپەیمانی بەشداری تێدا دەکەن.

 هاوپەیمانی کۆمار بەجۆرێک لە جۆرەکان هەڵوەشاوەتەوە و تەنها پارتی داد و گەشەپێدان (ئاک پارتی) و پارتی بزووتنەوەی نەتەوەپەرست (مەهەپە) لە چوارچێوەی هاوپەیمانێتییەکەدا بەشداری هەڵبژاردن دەکەن، هاوپەیمانی میللەت و مێزی شەش قۆڵی بە تەواوەتی هەڵوەشاوەتەوە و پارتە بەشدارەکانی بۆ ئیستەنبوڵ و شارە گەورەکان و تەنانەت زۆربەی پارێزگا و قەزا و ناحیەکان هەریەکەو بەجیا کاندیدیان بۆ سەرۆکایەتی شارەوانی و ئەنجوومەکان دیاریکردووە، بە جۆرێک ئەوانەی لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی ٢٠١٩ پشتیوانیان لە ئەکرەم ئیمام ئۆغڵو کاندیدی جەهەپە و هاوپەیمانی میللەت بۆ سەرۆکی شارەوانی ئیستەنبوڵ دەکرد، کەوتوونەتە هەڵدانەوەی مەلەفەکانی ناوبرا و دژایەتی سەختیشی دەکەن. هاوپەیمانی ڕەنج و ئازادیش کە بە سەرۆکایەتی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) بۆ هەڵبژاردنەکانی ٢٠٢٣ پێهێنرا، هەڵوەشاوەتەوە و پارتەکانی ناوی لە تورکیا و باکووری کوردستان بەجیا دەچنە هەڵبژاردنەوە. لە هەمانکاتدا پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەلان (دەم پارتی) کە درێژکراوەی هەدەپە-یە، جگە لە دوو ناوچە لە ئیستەنبوڵ لە سەرجەم شارەکانی تورکیا کاندیدی دیاریکردووە و پشتیوانی لە کاندیدی جەهەپە ناکات. لەلایەکی دیکەوە کشانەوەی پارتی ڕەفاهی نوێ (یەڕەپە)بە سەرۆکایەتی فاتیح ئەربەکان لە هاوپەیمانی کۆمار، ئاماژە بۆ سەرهەڵدانی قەیرانێکی قووڵ و ئاڵۆزی سیاسی لە ناوخۆی تورکیادا دەکات، بەجۆرێک کۆتایی قەیرانەکە بە پووکانەوەی ئاک پارتی و کرانەوەی ئەستێرەی بەختی فاتیح ئەربەکانی کوڕی نەجمەدین ئەربەکانی دامەزرێنەری “بیری نەتەوەیی/ ئیسلامی Milli Görüş” کۆتایی بێت. یەڕەپە لە هەڵبژاردنەکانی ٢٠٢٣ پشتیوانی لە ڕەجەب تەیب ئەردۆغان بۆ سەرۆکایەتی کۆمار کرد، بەڵام حزیبەکەی بە لیستی سەربەخۆ لە چوارچێوەی هاوپەیمانی کۆماردا توانی ٥ کورسی پەرلەمان بەدەست بهێنێت، ئەم سەرکەوتنە چاوەڕوان نەکراوە هێزێکی وای بە فاتیح ئەربەکان داوە، خۆی بە بەدیلی بەرەی دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆنیش بزانێت.

هەربۆیە یەڕەپە تەواوی هەوڵی خۆیی خستووەتە گەڕ، بۆ ئەوەی لەم هەڵبژاردنەدا سەرکەوتنی چاوەڕواننەکراو بکات بە دیاری بۆ خەڵکی تورکیا و لێرەشەوە ئامادەکاری بۆ گرتنەدەستی دەسەڵات لە هەڵبژاردنەکانی ٢٠٢٨ بکات.یەڕەپە وەک پێنجەم پارتی سیاسی “بیری نەتەوەیی/ ئیسلامی” لە دوای پارتی سەعادەت، ئاک پارتی، پارتی دەڤا  و پارتی ئایندە دامەزراوە.

هەریەک لە سەعادەت و دەڤا و ئایندە بەهۆی ڕێککەوتنیان لەگەڵ پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) و پشتیوانیان لە کەمال کلیچدارئۆغڵو کاندیدی هاوپەیانی میللەت بۆ سەرۆکایەتی کۆمار لەلایەن دەنگدەرەوە سزا دراون و خەریکە لە نەخشەی سیاسی تورکیادا دەسڕێنەوە. ئاک پارتی-ش کە تا ئێستا ڕکابەرێکی نییە قۆڵی با بدات و بیخاتە زەوی، وەک پرۆژەیەکی ئیسلامی مۆدێرن لە کۆتاییەکانی تەمەنیدایە و پێدەچێت هەناسەکانی لەگەڵ هەناسەکانی ئەرۆغاندا بێت. یەڕەپە سەرەڕای پشتیوانی لە ئەردۆغان لە ساڵی ٢٠٢٣، بەردەوام بوو لە ڕخنەگرتن لە دەسەڵاتەکەی، بەجۆرێک تا ئێستاش ناتوانرێت ئەم پارتە بخرێتە بەرەی دەسەڵات یاخوود ئۆپۆزسیۆن. هەر ئەمەیشە وایکردووە لە شەقامی تورکیادا پێشوازییەکی باشی لێ بکرێت و وەک بەدیلی ئۆپۆزسیۆن و دەسەڵاتیش تەماشا بکرێت. لەلایەکی دیکەوە پشتیوانی هەدەپە/ دەم پارتی بۆ کەمال کلیچدارئۆغڵو لە هەڵبژاردنەکانی ٢٠٢٣، نزیکبوونەوەی پارتی بانگەوازی ئازاد (هوداپار) لە ئاک پارتی و بەدەستهێنانی پشتیوانی خودی ئەردۆغان لێی، هەروەها کرانەوەی بەرپرسانی پارتەکە و بایەخدان بە بیری نەتەوەیی کوردی/ ئیسلامی لە تورکیادا و هاتنەپێشەوەی ژمارەیەک کەسایەتی وەک سەرکان ڕامانڵی کە ئەندامی پەرلەمانی تورکیایە و لە هەانکاتدا کاندیدی هوداپارە بۆ سەرۆکایەتی شارەوانی باتمان، دۆخێکی نوێی سیاسی لە باکووری کوردستان هێناوەتە کایەوە. بە جۆرێک ئیدی هەدەپە/ دەم پارتی ناتوانێت بە تەنها خۆی بە خاوەنی دۆزی کورد بزانێت، تەنانەت ئێستا لەلایەن ئەردۆغانەوە هوداپار وەک نوێنەری کورد لە تورکیا وێنا دەکرێت و دەزگا میدیاییەکانی نزیک لە ئاک پارتیش ڕۆڵی بەرچاویان هەبووە لە ئاراستەکردنی ئەم وێنایە بۆ ڕایگشتی تورکیا و باکووری کوردستان. هوداپار هەرچەندە بە درێژکراوەی حیزبوڵای کوردی دادەنرێت، بەڵام بەرپرسانی ئێستای تاڕادەیەکی باش بە شێوازی مۆدێرن و گونجاو لەگەڵ دۆخی سیاسی تورکیا و جیهاندا هاتوونەتەوە مەیدان. بەرپرسانی ئەم پارتە هەردوو بابەتی ئیسلامەتی و کوردایەتییان وەک دوو کارتی بەهێز بەدەستەوەیە و هەم دژی ئاک پارتی و هەم دژی هەدەپە/ دەم پارتی بەکار دەهێنن. دواجار بەشداریکردنی حیزبەکان بەبێ هاوپەیمانی لەم هەڵبژاردنەدا دەرفەتێکە بۆ زانینی سەنگی هەریەکەیان، بۆیە لە دوای ئەم هەڵبژاردنە نەخشەی سیاسی تورکیا چاوەڕوانی گۆڕانکاری گەورەی لێدەکرێت.

هەموو ئەم پێشهاتانە ئاماژەن بۆ هاتنەکایەی دۆخێکی نوێی سیاسی لە تورکیا و باکووری کوردستان. بەجۆرێک سەنگی هێز هەم لەناو دەسەڵات و هەم لەناو بەرەی ئۆپۆزسیۆندا گۆڕانکاری گەورەی بەسەردا دێت. باکوری کورستانیش بەدەر نابێت لەو گۆڕانکارییانە، بۆیە ئەم هەڵبژاردنە بۆ تورکیا و باکووری کوردستان زۆر هەستیارە و دەرەنجامەکانی وەرچەرخان لە پێگەی هێزە سیاسییەکاندا دەهێنێتە کایەوە.

Send this to a friend