• Google Plus
  • Rss
  • Youtube
October 10, 2022

فاکتەری ئابووری و جیۆپۆلەتیکی لە پەیوەندییەکانی نێوان چین و کۆماری ئیسلامیی ئێران

وەرگێڕان و ئامادەکردنی: تەحسین وسو عەبدوڵڵا

بۆ بینینی بابه‌ته‌كه به‌ PDF‌ كلیك له‌م به‌سته‌ره‌ بكه‌:-  ژمارە (5)ی تشرینی یەكەمی 2022ی وه‌رزنامه‌ی ئێرانناسی

پوختە

ئەم توێژینەوەیە پرسی ئابووری و جیۆپۆلەتیکی ئێران بۆ هاوکاری ستراتیژی درێژخایەن لەگەڵ چین ڕوون دەکاتەوە. ئەم توێژینەوە هەوڵدەدات ئەوە نیشان بدات کە بەبێ گوێدانە گێڕانەوەی پەرەسەندنی وابەستەیی ئێران بە چین، پێدەچێت پەیوەندییەکانی نێوان ئێران و چین بەشێکی بچووکی ستراتیژێکی جیۆ-ئابووری ئێران بێت کە لە ئاستێکی گەورەتردا لە ناوچەکەدا جێبەجێ دەکرێت. هه‌روه‌ها باس له‌وه‌ ده‌كات كه‌ ئێران له‌ گەڕان بەدوای هاوبه‌شێکی درێژخایه‌ن له‌گه‌ڵ ڕێگەی چیندا، وه‌ك له‌ ڕێكه‌وتننامه‌ی هاوكاریی ستراتیجی 25 ساڵەی نێوان تاران و پەکین ڕوونکراوەتەوە‌، پابه‌نده‌ به‌ په‌سه‌ندكردنی شه‌راكه‌تی هه‌مەلایەنە به‌ ئامانجی ڕه‌خساندنی زۆرترین ده‌رفه‌ت بۆ به‌رزكردنه‌وه‌ی پێگه‌ی جیۆ-ئابووری ئێران له‌ ناوچەکە. شایانی باسە کە ئیبراهیم ڕەئیسی سەرۆککۆماری ئێران لە لوتکەی ڕێکخراوی هاوکاریی شەنگەهای لە ئەیلوولی (٢٠٢١)دا، جەختی کردەوە کە پرۆژە سەرەکییەکانی ژێرخانی “دەستپێشخەری یەک پشتێن-یەک ڕێگە، یەکێتی ئابووریی ناوچەی ئۆراسیا و یەکێتی ئابووریی و کۆریدۆری باکوور-باشوور” کێبڕکێ لەگەڵ یەکتر ناکەن، بەڵکو تەواوکەری یەکترن، ئێران پەیوەندی نێوان سێ پرۆژەی ژێرخانی ئاماژەپێکراو پێکدەهێنێت. پەیوەندییەكانی ئێران لەگەڵ چین و ڕووسیا ڕێڕەوێكی بەرەو سەرەوەی پاراستووە، نەك تەنیا بە بەهای ڕەمزیی خۆیان لە خستنەڕووی هەڵوێستێك لە دژی تاكلایەنەی ئەمریكا. ئه‌م توێژینه‌وەیە‌ په‌یوه‌ست به‌ تاوتوێكردنی په‌ره‌سه‌ندنی شه‌راكه‌تی نێوان ئێران و چین له‌ چوارچێوه‌ی ستراتیجی ناوچه‌یی ئێران، له‌ ئاستی جیۆئابووریدا ده‌گه‌ڕێته‌وه‌، سەرئەنجام ڕاده‌ی په‌ره‌سه‌ندنی هاوكارییه‌كانی نێوان ئێران و چین له‌ بواری به‌رگرییدا ده‌رده‌خات.

وشە سەرەكییەكان: ئێران، چین،  جیۆپۆلەتیک،  پەیوەندی ئابووریی، ڕێکخراوی هاریکاریی شەنگەهای

 

بەرایی

دیدگا و ڕوانگەی کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ سەرهەڵدانی چین وەک زلهێزێکی جیهانیی و گۆڕانی سیستماتیکی ئێستا لە ئابووری سیاسی جیهانیی تێڕوانینێکی ئیجابییە. ڕاستە ئێران دڵخۆشە بەبۆنەی داڕمانی سیستەمی نێودەوڵەتی لیبراڵ دوای جەنگی سارد بە سەرکردایەتی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، بەڵام ئەمە بووە هۆی دەستێوەردانی سەربازیی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و سەپاندنی دەیان ساڵ گۆشەگیری بەسەر ئێراندا، بەڵام سیاسەتی “بەرەو ڕۆژهەڵات” کە سەرۆک مەحمود ئەحمەدی نەژاد (2005- 2013) یەکەم کەس بوو پەیڕەوی کرد لەسەر ئاستی دەرەکیدا، چەسپاندنی هاوبەشییە درێژخایەنەکانی لەگەڵ زلهێزە گەورەکانی غەیرە ڕۆژئاوا، چ دوولایەنە و چ فرەلایەنە، لە پێشینەدا دانا. لەم بارەیەوە دروستکردن و پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی تاران لەگەڵ هەریەکە لە پەکین و مۆسکۆ باشترین نموونەی بەرچاون. لەم دواییانەدا، سیاسەتی “پەڕینەوە بەرەو ئاسیا” لە چوارچێوەی سیاسەتی دەرەوە و دیپلۆماسی ئابووریی ئێراندا بەهێزتر کرا وەک ستراتیژیەتی درێژخایەن لە سیاسەتی دەرەوەدا سەیرکراوە، سەرەڕایی ئەوەی بەرەو ڕووی کۆمەڵێک ئاڵەنگاری جۆراوجۆر دەبێتەوە.  دوای کشانەوەی تاکلایەنەی ئەمریکا لە پلانی هاوبەشی هەمەلایەنەی کارکردن،  JCPOA (The Joint Comprehensive Plan of Action) یان ئەوەی بە ڕێکەوتنی ئەتۆمی ئێران ناسراوە، لە مانگی ئایاری 2018، سەرەتا سەرۆککۆماری ئێران ئیبراهیم ڕەئیسی لە مانگی ئابی (٢٠٢١)دا ئەوەی ڕاگەیاند کە بەرگریی لە ڕێکەوتنی ئەتومی ئێران ناکات ئەگەر ئەمریکا بەردەوام بێت لەسەر توندکردنی سزاکانی سەر ئێران.

جێگەی سەرسوڕمان نەبوو کە پێشهاتەکانی پەیوەندییەکانی نێوان ئێران و چین، بە تایبەت دوای ئەوەی ئێران و چین لە مانگی ئازاری ٢٠٢١ ڕێکەوتنی هاوکاریی ستراتیژیی (٢٥) ساڵەیان واژۆ کرد، سەرنجی نەک تەنیا شرۆڤەکاران و بەرپرسانی واشنتۆن، بەڵکو چاودێرانی دیکەی لەسەر ئاستی جیهان بۆ لای خۆی ڕاکێشا[1].  بەردەوامبوونی چین لە کڕینی نەوتی ئێران سەرەڕای سزاکانی ئەمریکا لە لایەک و پەرەسەندنی هاوکارییەکانی لەگەڵ ئێران لە بواری بەرگری لە لایەکی دیکەوە، نەک تەنیا وەک فاکتەرێک سەیر دەکرێت کە “کاریگەریی سزاکانی ئەمریکا تێکدەدەن” دژی ئێران، بەڵکو وەک ئامانج لێی تەحەدای سەرکردایەتی ئەمریکایە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست [2]. لەگەڵ وەستانی دانوستانەکانی ڤیەننا بە ئامانجی زیندووکردنەوەی ڕێکەوتنی ئێران، ئەنجومەنی پیرانی ئەمریکا بە زۆرینەی دەنگ “داواکاری لەسەر فەرمان”ی سیناتۆری کۆماریخواز تێد کروز پەسەند کرد و داوای لە حکومەت کرد ڕاپۆرتێک سەبارەت بە سزاکانی سەر ئێران کە پەیوەندییان بە تیرۆرەوە هەیە دەربکات و ئەم سزایانەش دەبینێت وەک پێویست بۆ سنووردارکردنی هاوکارییەکانی نێوان چین و ئێران [3]. لە 25ی ئایاردا، وەزارەتی خەزێنەی ئەمریكا خولێكی نوێی سزاكانی ڕاگەیاند كە بە ئامانجی ئەوەی بە “تۆڕی نێودەوڵەتیی قاچاخچێتی نەوت و سپیكردنەوەی پارە” وەسف دەكات، بە سەرۆكایەتی بەرپرسانی سوپای پاسداران، لەنێویاندا پلەدارێكی پێشووی سوپای پاسداران و ڕۆستەم قاسمی وەزیری ڕێگەوبان و بینای شار بەدیکراوە. هەروەها ئەو سزایانە کۆمپانیای چین ئینێرجی هاوکون لیمیتەد کە بنکەکەی لە هۆنگ کۆنگە لەخۆ گرتووە، چونکە نەوتی ئێران لە سوپای پاسدارانی ئێران دەکڕێت[4].

پڕسیاری سەرەکی توێژینەوە:

بەشێوەیەکی گشتی گرنگترین پرسیار لە چوارچێوەی بابەتی سەرەکی توێژینەوە بریتییە لەوەی ئایا فاکتەری ئابووری و جیۆپۆلەتیکی چەند کاریگەرییان هەیە لەسەر ئاست و جۆری پەیوەندییەکانی نێوان ئێران و چین؟ یان بە جۆرێکی تر، ئایا تا چەند هەردوولا پەیوەندییەکانی نێوان وەک پەیوەندییەکی ستراتیژی دەبینن؟

گرنگی توێژینەوە

بابەتی پەیوەندییەکانی نێوان دوو دەوڵەتی کاریگەری جیهانیی وەک چین و ئێران گرنگی تایبەتی خۆی هەیە لەچەند ڕوویەکەوە، لەوانە:

  • لەبەرئەوەی ئێران وڵاتێکە لەلایەن ڕۆژئاوا لەسەرووی هەمووشیانەوە ئەمریکا وەک وڵاتێکی پەراوێزخراو تەماشا دەکرێت، لە هەمانکاتدا چینیش لەگەڵ ئەمریکا لە ململانێیەکی قوڵی ئابووریدایە، کەواتە ئەمە دەبێتە خاڵی هاوبەش بۆ هەدوولا، لەبەرئەوە توێژینەوە لەبارەی پەیوەندییەکانی نێوان چین و ئێران یارمەتیدەرێکی باش دەبێت بۆ تێگەیشتن لە هاوکێشەی جیهانییەکان.
  • لایەنێکی تری گرنگی توێژینەوە دەربارەی پەیوەندییەکانی نێوان پەکین و تاران پەیوەستە بەوەی تاران سزا و ئابڵووقەکانی لەلایەن ئەمریکاوە بەسەریدا سەپێنراوە، تا چەند دەتوانرێت لەڕێگەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ چین قەرەبووی بکاتەوە، ئەم توێژینەوەیە ئەرکی سەرەکی ئەوەیە ئێران بابەتی قەرەبوونی سزاکانی ئەمریکا لەڕێگەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ چین ڕوون بکاتەوە.
  • تێگەیشن لە ململانێیەکانی نێوان چین و ئەمریکا لەلایەک، لەلایەکی تریشەوە خستنەڕووی ناوەڕۆکی بابەتی پەیوەندییەکانی نێوان تاران و پەکین و کاریگەرییەکانی لەسەر هاوکێشە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

گریمانەی توێژینەوە

هەر لێکۆڵینەوەیەکی ئەکادیمی پشت بە گریمانەیەک دەبەستێت بۆ خستنەڕووی ڕاستی و دروستی ناوەڕۆکی توێژینەوە، لەم چوارچێوەیەشدا گریمانەی توێژینەوە بریتییە لەوەی کە فاکتەرە ئابووری و جیۆپۆلەتیکییەکان لە پەیوەندییەکانی نێوان چین و کۆماری ئیسلامیی ئێران پەیوەندی ڕاستەوخۆیان هەیە بە ناکۆکی نێوان ئەمریکا و ئێران، هەروەها ململانێی نێوان واشنتۆن و پەکین، بەو مانایەی ئەمریکا لەپشت فاکتەرە ئابووری و جیۆپۆلەتیکییەکانە لە پەیوەندی نێوان تاران و پەکین.

پێکهاتەی توێژینەوە:

توێژینەوەکە پێکهاتووە لە پێشەکییەک و دوو باسی سەرەکی و دەرئەنجامێک، لە پێشەکی توێژینەوەدا بەشێوەیەکی گشتی بەستێنی سەرەکی پێکەوە گرێدانی هەردوو فاکتەری ئابووریی و جوگرافی لەپەیوەندییەکانی نێوان چین و ئێران  ڕوونکراونەتەوە. لە باسی دووەمدا هاریکاریی و هەماهەنگی ئەمنی نێوان هەردوولا وەک فاکتەرێکی کاریگەر لە پەیوەندییەکانی نێوانیان باسکراوە،  لە کۆتایشدا ئەو دەرئەنجامانە باسکراون کە لە میانەی توێژینەوەکەوە بەدەستهاتوون.

باسی یەکەم: بە ستێنی ئابووریی و جوگرافی لە پەیوەندییەکانی نێوان چین و ئێران

ڕاستە ئێران لە ڕێگەی نێوان ئاسیا و ئەورووپادایە، بەڵام توانای جیۆئابوورییەکەی بۆ دەیان ساڵ بەبێ بەدینەهاتووی مایەوە، ئەمەش بەهۆی ئەو سیاسەتەوەیە کە ئەمریکا بۆ سنووردارکردنی کاریگەریی ئابووریی و جیۆپۆلەتیکی ئێران پراکتیزەی دەکرد. بەم پێیە ئێران دەستپێشخەریی پشتێنە و ڕێگە کە لەلایەن چینەوە دەستیپێکردووە، بە دەرفەتێکی گەورە دەبینێت بۆ ڕاکێشانی وەبەرهێنانی چینی بۆ پرۆژەکانی گواستنەوە و وزە، دەستپێشخەرییەکە هەوڵدەدات وابەستەیی یەکتر لە نێوان کیشوەرەکاندا بەرز بکاتەوە و نەزمێکی ئابووریی جیهانیی لە دەرەوەی هەژموونی واشنتۆن بەرەوپێش ببات. ئێران بە تێکەڵبوون بە دەستپێشخەریی پشتێنە و ڕێگەوبان و پرۆژەکانی دیکەی پەیوەندی نێوان ناوچەکان لە ناوچەی ئۆراسیا، ئاواتەخوازە پێگەی جیۆ-ئابووریی خۆی باشتر بکات بۆ ئەوەی ببێتە پردێک لە نێوان ئەورووپا و ئاسیا، هەروەها هەوڵدەدات پەیوەندییە ئابوورییەکان لەگەڵ وڵاتانی دراوسێدا فراوان بکات وەک دژە ستراتیژییەکی درێژخایەن لە بەرامبەر سزاکان و دوورکەوتنەوە لە گۆشەگیری. لە هەمان چوارچێوەدا ئێران هاوبەشی دیدگای چینە، کە لەسەر بنەمای بەدیهێنانی “ئاشتی گەشەسەندن” لە ناوچەکەدا دامەزراوە، کە شاهیدی شکستی هەموو هەوڵەکانی ڕۆژئاوا بوو بۆ پێشخستنی ئاشتی دیموکراسی تێیدا[5]. دەستپێشخەری پشتێنە و ڕێگە ڕەنگە گەشەسەندنی ئابووریی بەرەوپێش ببات، لە ڕێگەی پرۆژەی سوودبەخشی یەکتری لە چین و وڵاتانی ناوچەکە، بە مەبەستی چارەسەرکردنی ئەو ئاستەنگە ئەمنی و مرۆییانەی کە ڕووبەڕووی ناوچەکە دەبێتەوە، لە هەمانکاتدا هاوسەنگکردنی سەرکردایەتی ئاسایش و ئابووری ئەمریکا لە ناوچەکەدا.

  1. بەستنەوەی ئێران بە دەریای ناوەڕاستەوە

لە سەردەمی سەرۆک ئیبراهیم ڕەئیسیدا، ئێران هەوڵەکانی بۆ گەیشتن بە پەیوەندییەکانی ناوچەکە لە چوارچێوەی ستراتیژییەکی درێژخایەنی جیۆ-ئابووریی، سەربەخۆ لە لێکەوتەکانی سزاکانی ئەمریکا خێراتر کردووە، پێشتر هەوڵێکی لەو جۆرە بەدینەکراوە بۆ چەسپاندنی نفووزی جیۆپۆلەتیکی ئێران لە عێراق و سووریا بە مەبەستی دروستکردنی ڕێڕەوێکی بازرگانی و گواستنەوە لە کەنداوەوە بۆ سووریا و لوبنان بەدرێژایی کەناراوەکانی دەریای ناوەڕاست. هاوکات تاران سەرنجی پەکین بۆ ئەم ڕێڕەوی وشکانی باشووری لە چوارچێوەی کۆریدۆری چین-ناوەڕاستی ئاسیا-ڕۆژئاوای ئاسیا لە دەستپێشخەریی پشتێنە و ڕێگەدا ڕادەکێشا.

بیرۆکەی ڕێڕەوی گواستنەوە بووە جێگەی سەرنجی گفتوگۆ جدییەکان دوای ئەوەی هێزە ئەمنییەکانی سووریا و هاوپەیمانە عێراقییەکانیان لە تشرینی دووەمی 2017 ناوچەی ئەلبوکەمالیان لە نزیک سنووری عێراق لە دەستی داعش کۆنترۆڵکرد [6]. هێزە ئەمنییەکانی عێراق لە مانگی ئەیلولی 2017 شاری ئەلقائیمیان لە دیوی سنووری عێراق لە دەستی داعش کۆنترۆڵکردەوە، دوای ئەوەی ئێران و سووریا ڕێکەوتن لەسەر بەستنەوەی بەندەری ئیمام خومەینی لە باشووری ڕۆژئاوای ئێران بە بەندەری لازقیەی سووریا لە ڕێگەی هێڵێکی شەمەندەفەرەوە کە تێیدا تێدەپەڕێت. لە ساڵی 2019 ئێران و عێراق دەستیان بە دانوستان کردووە بۆ ئامادەکردنی پلانەکان بە ئامانجی تەواوکردنی هێڵی ئاسنی 40 کیلۆمەتر کە شاری شەلامچە لە باشووری ڕۆژئاوای ئێران بە بەسرە [7]. وەزیری گواستنەوە و گەشەپێدانی شارنشینی ڕۆستەم قاسمی، لە سەردانەکەیدا لە کانوونی دووەمی ٢٠٢١ بۆ بەغدا، یاداشتێکی لێکتێگەیشتنی بۆ جێبەجێکردنی هاوبەشی هێڵی ئاسنی شەلەمجە- بەسرە واژۆ کرد. پێویستە ئاماژە بەوە بکرێت کە لە ماوەی بیست ساڵی ڕابردوودا تاران چەندین دانوستان و یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنی لەگەڵ لایەنی عێراقی بۆ جێبەجێکردنی هێڵی ئاسن واژۆ کردووە. لەم پەیوەندییەدا قاسمی وتی: “ڕێکەوتنەکە خشتەی کاتیی ڕوونی هەیە، یەکێک لە بڕگەکانیش بریتییە لەوەی کە لە ماوەیەکی کورتدا جێبەجێکردنی پرۆژەکە دەست پێدەکات”[8]. دوای تەواوبوونی پرۆژەکە تۆڕەکانی شەمەندەفەری هەردوو وڵات بەیەکەوە دەبەستێتەوە و ئێران لە سووریا نزیک دەکاتەوە.

سەبارەت بە ململانێی سووریا، ساڵانێکە چین دژی گۆڕینی ڕژێم لەو وڵاتە بووە؛ لەگەڵ ڕووسیا چەندین ڕەشنووسی بڕیارنامەی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکانیان ڤیتۆ کردووە، زۆرجار پشتگیریان لە سەروەری نیشتمانی و یەکپارچەیی خاکی سووریا کردووە[9]. لە سەردانێکی وەزیری دەرەوەی چین، وانگ یی، لە تەمموزی ٢٠٢١ بۆ سووریا، پلانێکی چوار خاڵیی پێشنیار کرد کە داوای هەڵگرتنی سزاکانی ئەمریکا بۆ سەر سووریا و ئەولەویەت بدرێت بە پرۆسەی ئاوەدانکردنەوە[10]. وانگ یی هەروەها داوای “ڕێزگرتن لە هەڵبژاردنی گەلی سووریا”ی کرد، کە بە شێوەیەکی کاریگەر شەرعیەت بە پرۆسەی دووبارە هەڵبژاردنەوەی بەشار ئەسەد لە مانگی ئایاری ٢٠٢١ دا. بەو پێیەی ڕووسیا و ئێران کە دوو هاوپەیمانی سەرەکی دیمەشقن، سەرچاوەی دارایی تەواویان نییە بۆ دابینکردنی دارایی ئاوەدانکردنەوەی سووریا، ئەوان هەوڵدەدەن ئەو دەرفەتانە بقۆزنەوە کە پلانەکانی دەستپێشخەریی ڕێگە و پشتێنە کە لە لایەن پەکینەوە لە ناوچەکەدا دەستی پێکردووە. لە كاتێكدا گفتوگۆ لەسەر پەیوەستبوونی سووریا بە دەستپێشخەریی پشتێنە و ڕێگە لە میانی سەردانەكەی وانگ یی لە تەمموزی 2021 دەستیپێكرد، هەردوو وڵات لە 12ی 1ی 2022 یاداشتنامەی لێكتێگەیشتنیان لەو بارەیەوە واژۆ كرد، سەرۆكی دەسەڵاتی پلاندانان و هاوكاریی نێودەوڵەتی لە سووریا، یاداشتنامەی لێکتێگەیشتن لە لایەنی سووریا، ڕۆڵی چین لە دوو پرۆسەی ئاوەدانکردنەوەی ئابووریی لە سووریا و بەهێزکردنی “هەماهەنگی هەبوو لە نێوان دەستپێشخەری پشتێنە و ڕێگە لە لایەک،  ستراتیژی بەرەو ڕۆژهەڵات پێشنیار کراوە لە لایەکی دیکەوە”[11]. شرۆڤەکاران ئاماژەیان بەوە کردووە کە بە سەرنجدان بە گرنگیدان بە دەستپێشخەریی پشتێنە و ڕێگە لەسەر یەکگرتنی ناوچەیی، پرۆژە پێشنیارکراوەکانی چین لە سووریا جەخت لەسەر کەرتی گواستنەوە دەکەنەوە، وەک بەستنەوەی هێڵی ئاسنی نێوان بەندەری تارتۆس و سنووری عێراق، هەروەها دامەزراندنی ڕێگەیەکی خێرا کە باشوور و باکوور بەیەکەوە دەبەستێتەوە[12]. هەروەها پەكین لە هەوڵی دامەزراندنی ناوچەیەكی بازرگانیی ئازادی چینە لە بەندەری لازقیە، كە دەكەوێتە كەمتر لە 100 كیلۆمەتر لە باكووری شاری تارتوس، كە مۆسكۆ بنكەیەكی سەربازیی دەریایی تیایدا جێگیركردووە، هەروەها بەڵێنی داوە 500 ملیۆن دۆلار بۆ گەشەپێدانی ژێرخانی بەندەری بازرگانیی تەرخان بكات. [13] سەبارەت بە ئێران، لە مانگی ئایاری (٢٠٢١)دا هێڵێکی کەشتیوانی ڕاستەوخۆی لە نێوان شارەکانی بەندەر عەباس لە گەرووی هورمزو لازقیە دەستپێکرد و هەردوو وڵات ئارەزووی دەستەبەرکردنی پەیوەندییەکی هێڵی ئاسنین لە نێوان هەردوو بەندەرەکە دەکەن لە ڕێگەی عێراقەوە[14].

لەم ساڵانەی دواییدا و بە تایبەتیش لە دوای کۆتایی هاتنی ئەرکی شەڕی ئەمریکا لە عێراق لە ساڵی ٢٠٢٠، چین وەبەرهێنانی لە بواری وزە و ژێرخانی ئەو وڵاتەدا زیاتر کردووە. لە ساڵی ٢٠٢١ عێراق یەکەم شوێنی وەبەرهێنانەکانی چین بوو لە دەستپێشخەری پشتێنە و ڕێگە؛ 10.5 ملیار دۆلاری لە دارایی بۆ پرۆژەکانی وزە و ژێرخانی دەستەبەر کرد[15]. ئێران كاریگەریی خۆی بەسەر حكومەتی عێراق و ئەكتەرەكانی كۆمەڵگەی عێراقدا درێژ دەكاتەوە و هەوڵدەدات ئامادەیی ئابووریی و ئەمنیی ئەمریكا لە عێراق كەم بكاتەوە، تاڕادەیەكی زۆر پێشوازی لە زیادبوونی سەرمایەگوزاری چینی لە عێراق كردووە. لە ساڵی 2019، عادل عەبدولمەهدی، سەرۆک وەزیرانی ئەوکاتی عێراق، لە میانی سەردانێکیدا بۆ چین، ڕێکەوتنی “نەوت بۆ ئاوەدانکردنەوە”ی واژۆکرد، کە بەپێی ئەو ڕێکەوتنە داهاتی نەوت لە سندوقێکی وەبەرهێنانی هاوبەشدا دەخرێتە سەر بۆ ئەوەی لە پرۆژە ژێرخانییە گەورەکاندا لەلایەن کۆمپانیا چینییەکانەوە بەکاربهێنرێت[16]. لە ساڵانی دواتردا ناڕەزایی جەماوەریی دژی بێکاری و تێکچوونی ژینگە و بەگشتی ناتەواوی حوکمڕانی لە عێراقدا بووە هۆی دابەزینی بەرچاوی وەبەرهێنان و ژینگەی ئەمنی، ئەمەش وایکرد کۆمپانیا گەورەکانی نەوتی نێودەوڵەتی ڕۆژئاوا عێراق بەجێبهێڵن. ئەم کۆمپانیایانە زۆرجار پشکەکانیان بە کۆمپانیا چینییەکان دەفرۆشت[17] کە ئامادەبوون لە زۆربەی حاڵەتەکاندا قازانجی کەمتر لە ڕکابەرەکانیان وەربگرن، وەک بەڵێندەری سەرەکی یان لق لە پانزە کێڵگەی نەوت لە باشووری عێراق[18].

هه‌روه‌ها له‌ ساڵی 2019 و له‌ نێوان هه‌ڕه‌شه‌ی ململانێی ڕاسته‌وخۆی نێوان ئێران و ئه‌مریکا، ڕاپۆرتی نوێ هاتنه‌ ئاراوه‌ که‌ ئێران هه‌وڵده‌دات “هێڵی دۆستایه‌تی” له‌ نێوان ئێران و عێراق و سووریا کارا بکات بۆ گواستنه‌وه‌ی گازی سروشتی له‌ ئێرانه‌وه‌ بۆ به‌نده‌ری ​​بنیاس له‌ سه‌ر ده‌ریای ناوه‌ڕاست لە سووریا. لە ساڵی ٢٠١١ ئێران و عێراق و سووریا ڕاستەوخۆ بەر لە سەرهەڵدانی نائارامی لە سووریا ڕێکەوتنێکیان واژۆ کرد، کە بەپێی ئەو ڕێکەوتنە ئێران بەڵێنیدا بۆرییەکی شەش هەزار کیلۆمەتری دروست بکات کە ڕێگەی پێدەدات لە کاتی دروست بوونی گەماڕۆی زۆر وەک بەدیل لە جیاتی گەرووی هورمز بەکاربێنێت [19]. ڕەنگە تەواوبوونی ئەم بۆرییە زەبر و زەنگێکی نوێ بەدەستبهێنێت، بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە عێراق وەک هاوردەکاری سەرەکی غازی ئێران بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا دەمێنێتەوە، سەرەڕای سزاکانی ئەمریکا و گرنگیدانی ئەورووپا بە بەدەستهێنانی سەرچاوەی هەمەچەشنی گازی سروشتی لە کاتی جەنگی ڕووسیا و ئۆکرانیادا.

  1. سوود وەرگرتنی تاران لە ڕێڕەوی ئابووری نێوان چین و پاکستان

هەروەها لە دیوەکەی تری ناوچەی کەنداو، ئێران هیواخوازە پرۆژەی دەستپێشخەری پشتێنە و ڕێگە کە بەستراوەتەوە بە ڕێڕەوی ئابووری چین پاکستان، فراوانتر بێت بۆ ڕێڕەوێکی بازرگانی و وزە، کە لە کەنداوەوە درێژ دەبێتەوە، لە ڕێگەی پاکستانەوە، هەموو ڕێگەی ڕۆژئاوای شینجیانگ (واتە تورکستانی ڕۆژهەڵات کە ناوە کۆنەکەیەتی). تاران هەوڵدەدات سوود لە سەرمایەگوزاری چین وەربگرێت بۆ ئەوەی کەناراوەکانی مەکران کە گەشەسەندنی هەیە بکاتە وێستگەیەکی بەهێزی پیشەسازی و وزە. ئێران ڕۆڵی گرنگ لە ژێرخانی وزەی ڕێڕەوی ئابووری چین و پاکستان دەبینێت، بە تایبەت دروستکردنی تێرمیناڵی گوادار ئێڵ ئێن جی بە بڕی 2.5 ملیار دۆلاری پەکین، و بۆرییەکی غاز  بەدرێژی 700 کیلۆمەتر لە نێوان گوادار و شاری نەوابشای (پاکستانی) درێژ دەبێتەوە، زۆر گرنگە بۆ جێبەجێکردنی لە پلانەکانی پەیوەست بە هێڵی بۆری ئێران-پاکستان کە لەمێژە دامەزراوە[20]. ئەم بۆرییە 1880 کیلۆمەترییەی ئێران و پاکستان بە مەبەستی بەستنەوەی کێڵگەی گازی پارسی باشووری ئێران بە پارێزگاکانی بەلوچستان و سندی پاکستان بوو. دوای واژۆکردنی ڕێکەوتنی کڕینی غاز لە ساڵی ٢٠٠٩، ئێران لە ساڵی ٢٠١١ دروستکردنی بەشی تایبەتی خۆی لە بۆرییەکەی تەواو کرد، تەنانەت پێشنیاری دابینکردنی دارایی بەشی پاکستانی کرد لە ساڵی ٢٠١٣. بەڵام دوای سزا و فشارەکانی ئەمریکا کە بووە هۆی دواکەوتنی، لە ساڵی (٢٠١٩)دا لە دژی پاکستان تاران هەڕەشەی یاسایی کرد [21]. كاتێك چین كارەكانی دروستكردنی هێڵی بۆری گوادار-نەواب شا تەواو دەكات، بە بەراورد لەگەڵ دروستكردنی بەشێك بە درێژی 780 كم لە دەروازەی كەبدەوە لەسەر سنووری ئێران و پاكستان تا نەوابشا لە پارێزگای سندی پاكستان، پاشان بۆرییەكی 72 كیلۆمەتر لە كەبدەوە بۆ… نەوابشا دەتوانرێت تەواو بکرێت.

بەدرێژایی ساڵانی سزاکان و پەرەسەندنی پەیوەندییە ئاڵۆزەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا لە ناوچەی کەنداو، ئێران سەرنجی لەسەر گەشەپێدانی بەندەرەکان چڕکردۆتەوە، هەروەها تێرمیناڵێکی هەناردەکردنی نەوت لە کەنداوی عومان کە دەکەوێتە دەرەوەی ناوچەی کەنداو لەڕووی جیۆپۆلەتیکی ناجێگیرەوە و نزیکتر لە وڵاتانی نەوت بەکارهێنەری ئاسیا. لە دوای واژۆکردنی ڕێکەوتنی سێ قۆڵی نێوان ئێران، ئەفغانستان و هیندستان لە مانگی ئایاری 2016، هیندستان خەریکی پەرەپێدان بە بەندەری چابەهار (باشووری ڕۆژهەڵاتی ئێران)، کە تاکە بەندەری ئێرانە کە لە ڕێگەی کەنداوی عومانەوە دەڕوانێتە زەریای هیندی، کە هەڵکەوتووە لە 140 کیلۆمەتر لە ڕۆژئاوای بەندەری گوادارەوە دوورە پاکستان کە چین کار بۆ پەرەپێدانی دەکات. ئێران جەختی لەوە کردەوە کە بەندەری چابەهار ئامانجی کێبڕکێکردن یان “دەورەدانی” کەس نییە[22]. ئەو پێشوازی لە هاوکارییەکانی ئێستای نێوان بەندەری چاباهار و بەندەرەکانی دیکەی پاکستان کرد، و ئەرێنی بوو سەبارەت بە وەبەرهێنانەکانی چین کە ئامانجیان پەرەپێدانی بەندەری چاباهارە[23]. بە گرنگییەکی زۆرەوە، لە میانی لوتکەکەدا کە لەلایەن ڕێکخراوی هاوکاری شەنگەهایەوە بەڕێوەچوو، ڕەئیسی بەندەری چابەهاری وەک هێمای هاوکاریی لە نێوان هەموو ئەندامانی ڕێکخراوەکەدا پێشکەش کرد[24]. پاش ماوەیەکی کەم لە کردنەوەی تێرمیناڵێکی نوێی هەناردەکردنی نەوت لە بەندەری جاسک کە دەکەوێتە ڕۆژهەڵاتی گەرووی هورمز، لە تەمموزی 2021، ئێران پێشنیاری دەستڕاگەیشتن بە یەدەگی ستراتیژی نەوتی بەندەری جاسک بە ئاسانی بۆ هیندستان کرد، هەروەها بۆرییەکی غازی سەربەخۆ لە دوورگەی جاسکەوە تا هیندستان درێژ دەبێتەوە. بەم شێوەیە، ئێران بە پەرەپێدانی ناوەندێکی گەورەی هایدرۆکاربۆن لە بەندەری جاسک، نەک هەر نەوتەکەی لە بازاڕەکانی ئاسیا نزیک کردۆتەوە، بەڵکو پشتبەستنی بە هەناردەکردن لە ڕێگەی دوورگەی خەرج لە کەنداو کەمکردۆتەوە کە نزیکەی لە (٪٩٠)ە، ئەمە وەک کارتێکی فشارە لەکاتی دروست بوونی  فشاری زیاتر لەسەر ڕۆیشتنی نەوت لە ڕێگەی گەرووی هورمزەوە [26].

کاتێک شی جینپینگ سەرۆکی چین لە ساڵی ٢٠١٦ سەردانی ئێرانی کرد کە بە واژۆکردنی هاوبەشی ستراتیژی گشتگیریان پەیوەندییەکانیان گەیشتە لوتکە، چەندین ڕێکەوتنیش بۆ دامەزراندنی ناوچەی پیشەسازی لە جاسک و هۆرموزگان واژۆ کرا، هەروەها لە پارێزگای سیستان و بەلوچستان کە بەندەری چابەهاری لێیە. ڕاپۆرت کرا کە بەپێی ڕێکەوتنەکە کە ٢٥ ساڵ دەخایەنێت، چین وەبەرهێنان لە ژێرخانی بەندەری جاسک دەکات، هەروەها لە ناوچە بازرگانییە ئازادەکانی دوورگەکانی کەنداودا [27]. ئێران هەوڵەکانی بۆ هەمەچەشنکردنی چالاکییە ئابوورییەکانی و زیادکردنی هەناردەی غەیرە نەوت بەتایبەتی بۆ وڵاتانی دراوسێی دوو هێندە زیادکردووە، لە کاتێکدا کە بەهۆی سزاکانی ئەمریکاوە هەناردەی نەوتی وڵاتەکەی کەمیکردووە. لە غیابی بەرنامەیەکی گشتگیری ئازادکردنی ئابووری بە هۆی جیاوازی نێوان ڕەوت و فشارە جۆراوجۆرەکان کە لە دەرئەنجامی گەمارۆکانەوە دروست دەبن و بە ئامانجی پێشخستنی چالاکییەکانی پەیوەست بە پیشەسازی و هەناردەکردن، بەرژەوەندیی ئێران هەر لەسەر ناوچەکانی بازرگانی ئازاد بەدرێژایی کەناراوەکانی کەنداو و دوورگەکانی وەک کیش و دوورگەی قیشم، کە دەکەونە نزیک بەندەر عەباس. ئێران پەیوەندی باشی لەگەڵ وڵاتانی دراوسێی لە ئەنجومەنی هاوکاریدا هەبوو بۆ وڵاتانی عەرەبی کەنداو، سیاسەتی ڕاکێشانی وەبەرهێنانی نێودەوڵەتی و هاندانی بازرگانی ناوچەیی پراکتیزە کرد [28]. ئەنجومەنی چاودێری دەستوور، لە سەردەمی سەرۆک حەسەن ڕوحانی (٢٠١٣-٢٠٢١)، ڕێکەوتن لەسەر تێکەڵکردنی بەندەری چابەهار لەگەڵ ناوچەی بازرگانیی ئازادی چابەهار پەسەندکرد بە ئامانجی بەرزکردنەوەی کارەکانی کەشتیوانی و بازرگانیی لە بەندەرەکەوە[29]. سەبارەت بە ئیبراهیم ڕەئیسیش ڕایگەیاند، پێویستە ناوچە بازرگانییە ئازادەکان لە وڵاتدا ڕۆڵی سەرەکی خۆیان وەربگرنەوە، هەروەها لە کاتی دەستبەکاربوونیدا شەست پرۆژەی ڕاگەیاند کە بریتی بوون لە پرۆژەی ئابووری و ئەوانی دیکە کە پەیوەندییان بە ژێرخانی ئابووریی و دامەزراوە پیشەسازییەکانەوە هەیە، جگە لە وێستگەکانی بەرهەمهێنانی ئاسن و پاڵاوگە و دامەزراوەکانی پەرەپێدانی بەندەر لە شەش ناوچەی بازرگانیی ئازاد لە سەرانسەری وڵاتدا، هەروەها ڕایانگەیاند کە ناوچە بازرگانییە ئازادەکان دەبێ بگەڕێنەوە بۆ ئامانجە سەرەتاییەکانیان [30]. ڕەئیسی ئاماژەی بەوەشکردووە، پێویستە ئەم ناوچانە ببنە ناوەندێکی سەرەکی بۆ وەبەرهێنان و بەرهەمهێنان و کارەکانی هەناردەکردن، نەک وەک ناوەندێک بۆ “هاوردەکردنی کۆنترۆڵنەکراو”. بەم پێیە ڕاکێشانی وەبەرهێنان لە چینەوە دەبێتە شتێکی بنەڕەتی. لەڕاستیدا کابینەکەی ڕەئیسی چەند هەفتەیەک لەمەوبەر کردنەوەی کونسوڵخانەی چینی لە بەندەر عەباس کە بەندەری سەرەکی بازرگانیی ئێرانە لە کەنداو پەسەند کرد، ئەمەش دوای سەردانەکەی حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان وەزیری دەرەوەی ئێران بۆ چین لە کانوونی دووەمی ساڵی ٢٠٢٢ هات.

3- شەنگەهای وەک ئامرازێک بۆ کەمکردنەوەی کاریگەریی سزاکانی سەر تاران

ئێران وەک ئەکتەرێکی ئیقلیمی کە هەوڵی ڕاستکردنەوەی دۆخی ئێستا دەدات، ویستی خۆی بۆ گروپی فرەلایەنە نیشانداوە کە دەتوانێت دەسەڵاتی هەژموونی ئەمریکا لە چوارچێوەی سیستەمی دارایی نێودەوڵەتیدا لەخۆبگرێت، وەک بەرازیل، ڕووسیا، هیندستان، چین و باشووری ئەفریقا. چین و باشووری ئەفریقا، بریکس، یان ئەوانەی کە دەتوانن وەک هاوسەنگییەک لە ئاستێکی گەورەتردا بۆ ئامادەبوونی ئابووریی و ئەمنی ئەمریکا، وەک ڕێکخراوی هاوکاری شەنگەهای یان یەکێتی ئابووری ئۆراسیا (EAEU). ڕێکخراوی هاوکاریی شەنگەهای دوای پەسەندکردنی ئەندامێتی ئێران لە میانی لوتکەی سپای 2021 کە لە تاجیکستان بەڕێوەچوو، فراوانتر بوو بۆ ئەوەی ڕۆژئاوای ئاسیا بگرێتەوە و ئەم ڕێکخراوە بەشداری لە پرۆسەی پەیوەندی ناوچەیی نێوان ئاسیای ناوەڕاست و باشووری ئاسیادا کردبوو. ڕاستە ڕێکخراوی هاوکاریی شەنگەهای هەمیشە چوارچێوەیەکی دامەزراوەیی بۆ بەدیهێنانی هاوکاریی ناوچەیی لە پرسە ئەمنییەکان مسۆگەر کردووە، بەڵام تاران ماوەیەکە داوای بەهێزکردنی ڕەهەندی ئابووری ئەو ڕێکخراوە دەکات بە مەبەستی ڕووبەڕووبوونەوەی گەمارۆ تاکلایەنەکانی ئەمریکا. لەم چوارچێوەیەدا، و لە وتارێکدا بۆ لوتکەی ڕێکخراوی هاوکاری شەنگەهای، سەرۆککۆماری ئێران ڕەئیسی سزاکانی بەم شێوەیە وەسف کرد کە: “بەربەستە سەرەکییەکانی بەردەم پێشخستنی هاوسەنگی ناوچەیی سزا تاکلایەنەکان تەنیا لە یەک وڵاتدا سنووردار نین، بەڵکو، وەک ڕوون بووەتەوە لە ساڵانی ڕابردوودا، ئێستا وڵاتانی سەربەخۆتر لەخۆدەگرێت، بە تایبەت ئەندامانی ڕێکخراوەکە.” ئاماژەی بەوەشکردووە، “گرنگ و پێویستە میکانیزم بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی بەکۆمەڵ دابنرێت، بە لەبەرچاوگرتنی سزا تاکلایەنەکان لە چوارچێوەی ئەم ڕێکخراوەدا”.

لەگەڵ هێشتنەوەی ئێران لە لیستی ڕەشدا، سەرۆک ڕەئیسی ڕەخنەی لە حەسەن ڕوحانی لە پێش خۆی گرت کە پێداگری لەسەر ئەوە دەکات کە ئێران بچێتە ناو ئەو دەزگا نێودەوڵەتییەوە کە بەرپرسیارە لە چاودێریکردنی سپیکردنەوەی پارە و دابینکردنی دارایی تیرۆریستان. ڕەئیسی لە کاتی بانگەشەی هەڵبژاردنەکانیدا بە “رێککەوتنی دوژمن” [31]. بەڵکو تاران بەکارهێنانی دراوە نیشتمانییەکان لە یەکلاییکردنەوەی بازرگانی دوولایەنەدا فراوانتر دەکات، وەک پرۆسەیەک کە بەهۆی بڵاوبوونەوەی سیستەمی پاککردنەوەی پارەدانی بەدیل و سیستەمێکی یەکلاکردنەوەی وەک سیستەمی گواستنەوەی پەیامە داراییەکانی بانکی ڕووسیا، SPFS، کارا بووە. ئەم سیستەمە لە ساڵی (٢٠١٩)دا خرایە ناو سیستەمی بانکەکانی وڵاتانی ئەندامی یەکێتی ئابووریی ئۆراسیا، جگە لە سیستەمی پارەدانی نێوان بانکی سنوور بەزاندن، CIPS، کە لە ساڵی ٢٠١٥ لەلایەن پەکینەوە دەستیپێکردووە[32].

گومانی تێدا نییە کە لەشکرکێشی ڕووسیا بۆ سەر ئۆکرانیا و ئەو سزا هەماهەنگانەی کە ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی بەسەر سیستەمی بانکی ڕووسیادا سەپاندووە، لەوانەش دەرکردنی بانکەکانی ڕووسیا لە سیستەمی بانکی پەیام ناردن کە بە سویفت ناسراوە[33]، نیگەرانی زۆری لێکەوتۆتەوە لەلایەن هاوپەیمانە سەرەکییەکانی ڕووسیا. ئەم سزایانەی کە بەسەر ڕووسیادا سەپێنراون کە ئابوورییەکەی لە پلەی یازدەهەمی جیهاندایە، مشتومڕەکانی سەبارەت بە توانای بەدیلەکانی سیستەمی سویفت لە ئاسیا نوێ کردووەتەوە[34]. لە مانگی ئایاری 2022، ڕووسیا و ئێران ڕێکەوتن لەسەر گۆڕینی بۆ دراوی نیشتمانی لە یەکلاییکردنەوەی کارەکانی بازرگانی لە ڕێگەی بەکارهێنانی سیستەمی گواستنەوەی نامەنووسی. لە هەمان چوارچێوەیدا چین کاردەکات بۆ یەکلاییکردنەوەی کارەکانی بازرگانیی وزەی خۆی لەگەڵ ڕووسیا بە دراوی یوان[35]. لە هەمانکاتدا، کاردانەوەی ڤیتۆی ئەمریکا لەسەر مامەڵە داراییە جیهانییەکانی چین کاریگەرییەکی بەرچاوی لە پەکین هەبوو[36].

 

باسی دووەم: هەماهەنگی ئاسایشی لە نێوان پەکین و تاران

وانگ یی وەزیری دەرەوەی چین لە مانگی یەکی ساڵی (٢٠٢٢)دا لەکاتی میوانداریکردنی وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی ئەنجومەنی هاریکاریی، ئاماژەی بەوەدا کە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەدەست بۆشایی دەسەڵاتەوە ناناڵێنێت، هەروەها ناوچەکە پێویستی بە “پاتریاکی یان باوکسالاری بیانی” نییە، کە ئەمە وەک ئاماژەیەک بوو بۆ هەبوونی هەژموون و دەسەڵاتی ئەمریکا لەناوچەکە. ئاماژەی بەوەشکردووە، چین پشتگیری لە وڵاتانی کەنداو دەکات بۆ دامەزراندنی سەکۆی گفتوگۆی فرەلایەنە بۆ پێشەنگایەتیکردن لە پرسە ناوچەییەکان[37]. پێویستە ئاماژە بەوە بکرێت کە ئەم لێدوانانە دوودڵی پەکین لە دابینکردنی گەرەنتی بۆ ڕژێمێکی ئەمنی دوای ئەمریکا لە ناوچەکەدا پشتڕاست دەکەنەوە. هاوکات ڕێبازی ئاسایشی ناوچەیی کە لەلایەن وەزیر وانگ یی دەریبڕیوە، لەگەڵ تێڕوانینی نەریتی ئێران لەمەڕ بوونی سەربازی ئەمریکا بە تایبەت لە ناوچەی کەنداودا یەکدەگرێتەوە، ئەم ئامادەییە بە گەورەترین مەترسی بۆ سەر سەقامگیری ناوچەکە دەزانێت، هەروەها گەورەترین هەڕەشەش دەبینێت بۆ دەسەڵات و کاریگەرییەکانی لە ناوچەکەدا. تاران نەک هەر جەخت لەسەر پشت بەخۆبەستنی ناوچەیی لە بواری ئاسایشدا دەکاتەوە، بەڵکو هەوڵدەدات بە پرۆژەکردنی خۆی وەک هێزێکی سەربەخۆی ناوچەیی سوود لە ستراتیژییەکانی ڕووسیا و چینی لە ناوچەی ئۆراسیا وەربگرێت. ئەم ستراتیژانە ئامانجیان کەمکردنەوەی دەسەڵاتی ئەمریکا-ناتۆیە لە ناوچەی ئۆراسیا.

پەیوەندییە بەرگرییەکانی نێوان ئێران و چین بە جێبەجێکردنی پلانی هەمەلایەنەی کارکردنی هاوبەش لە ساڵی 2016 بەهێزتر بووە و چیتر ئێران وەک هەڕەشەیەک سەیر ناکرێت کە بەشداربێت لە بڵاوبوونەوەی چەکی ئەتۆمی، یان وەک هەڕەشەیەک بۆ سەر ئاسایشی نێودەوڵەتی. سه‌ردانه‌كه‌ی سه‌رۆككۆمار شی جینپینگ بۆ ئێران له‌ مانگی ژانویه‌ی 2016 دوای سه‌ردانه‌كه‌ی ژانگ وانكوان وه‌زیری به‌رگری چین له‌ تشرینی دووه‌می 2016دا هات، له‌ میانه‌ی ئه‌م سەردانانەدا ڕێكه‌وتننامه‌یه‌كی هاریكاریی سه‌ربازیی دوو قۆڵی واژۆ كرا، كه‌ تیایدا به‌ڵێنیان دا هاوكارییه‌ سه‌ربازییه‌كان له‌ ژماره‌یه‌ك بواردا به‌هێز بكه‌ن. لەوانەش مەشقی سەربازی، ئۆپەراسیۆنەکانی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر، مانۆڕی سەربازیی هاوبەش[38]. دیپلۆماسی بەرگری لە نێوان ئێران و چین ڕێڕەوێکی بەرەو سەرەوەی پاراستووە؛ ئەم دوو وڵاتە هۆکاری هاوبەشیان بۆ بەرەنگاربوونەوەی پەرەسەندنی فشار و تاکلایەنەی ئەمریکا دۆزیەوە. ئێران و چین لە مانگی حوزەیرانی (٢٠١٧)دا مانۆڕی دەریایی هاوبەشیان لە نزیک گەرووی هورمز ئەنجامدا، لە کاتێکدا کە هێزی دەریایی ئەمریکا ئێرانی تۆمەتبار دەکرد بە ناردنی بەلەمی هێرشبەری خێرا بۆ وروژاندنی کەشتییە جەنگییەکانی ئەمریکا کە بە گەرووی هورمزدا ​​تێدەپەڕین[39]. زنجیرەیەک ڕووداو کە لە هاوینی (٢٠١٩)دا ئۆپەراسیۆنەکانی کەشتیوانی لە کەنداو پەکخست، بووە هۆی ئەوەی پەکین ڕۆڵێکی ئەمنی زیاتر بگرێتە ئەستۆ بۆ پاراستنی ئازادی کەشتیوانی کە پێویستە بۆ ئاسایشی وزەی وڵاتەکەی. ئەمەش لە کاتێکدا بوو کە دۆناڵد ترەمپ هاوپەیمانییەکی دەریایی نێودەوڵەتی پێکهێنا کە هاوپەیمانە ناوچەییەکانی ئیدارەی لەخۆگرتبوو، هەروەها ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی و سعودیە و بەحرەینی لەخۆگرتبوو، جگە لە ئوسترالیا و شانشینی یەکگرتوو، لەکاتێکدا کڕیارانی ئاسیای بەو جۆرە تۆمەتبار دەکرد, نەوتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە “سودمەندی ئازاد” لە بوونی ئەمنی ئەمریکا لە ناوچەکەدا. دواتر، ئێران، چین و ڕووسیا لە کانوونی دووەمی 2019 لە کەنداوی عومان مانۆڕێکی دەریایی سێ قۆڵییان ئەنجامدا کە بە “پشتێنەی ئاسایشی دەریایی” ناسراوە بۆ جەختکردنەوە لەسەر هاوبەشی چین و ڕووسیا لە دابینکردنی ئاسایش لە ڕێڕەوی ئاوی گرنگ، هەروەها ئاماژەیان بە دابینکردنی پشتیوانی دیپلۆماسی و سیاسی بۆ ئێران کردووە.

واشنتۆن نیگەران بوو لەوەی ئێران توانای پێشکەوتووی دژە دەستڕاگەیشتن-ڕەتکردنەوەی ناوچە (A2/AD) لە پەکین بەدەستبهێنێت. ئێران پشت بە تاکتیکی ناهاوسەنگ دەبەستێت بۆ ڕێگریکردن و بەرەنگاربوونەوەی دەستڕاگەیشتن بە ناوچەکە، بۆ بەکارهێنانی لە دژی دوژمنانی خاوەن توانای ئاساییتر، بەتایبەتی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی لە کەنداو. لە ساڵانی هەشتاکانی سەدەی ڕابردووەوە کە ئێران دەستی کرد بە هاوردەکردنی مووشەکی دژە کەشتی لە چینەوە. ئەم مووشەکانە بریتی بوون لە مووشەکی سووکی AShM YJ-9 و C-701 کە لە ئێران بە “کەوسەر” ناسراوە، هەروەها مووشەکی C-704 کە مووشەکێکی سەرزەوی بۆ دەریایە و زۆرترین مەودای ٤٠ کم هەیە کە بە مووشەکی “نەسر” ناسراوە، مووشەکەکانی “نوور” و “قادر” و “قەدیر” بە مەودای 120 کم، 200 کم و 300 کم، مووشەکی دژە کەشتییە دوور مەوداکانن، کۆپییەکە لە مووشەکی چینی C-802 کروز دوای دووبارە دروستکردنەوە[40].

لەگەڵ چڕبوونەوەی کێبڕکێ لەگەڵ ئەمریکا، نیگەرانییەکانی پەکین لە گەشەکردندان سەبارەت بە ڕۆڵی ناوەندی ئەمریکا لە پاراستنی هێڵەکانی کەشتیوانی لە کەنداو، بە تایبەت گەرووی تەسکی هورمز، توانای هەڕەشەکردن لە ئاسایشی وزەی چین[41]. بە لەبەرچاوگرتنی دوودڵیی پەكین لە گێڕانی ڕۆڵی سەربازیی لە ناوچەكەدا، كە بە دووری لە سنوورەكانی خۆی دەخاتە كێبڕكێی ڕاستەوخۆ لەگەڵ ئەمریكا، پێدەچێت دیپلۆماسی بەرگری لەگەڵ ئێران لە پێشینەیەكی ستراتیژی بێت. سه‌ردانه‌که‌ی وه‌زیری به‌رگری چین وی فێنگی بۆ ئێران له‌ نیسانی 2022، له‌ پاشخانی شه‌ڕی ئۆکرانیادا، ئه‌و گرنگییه‌ی پشتڕاست کرده‌وه‌ که‌ په‌کین به‌ ئێران ده‌دات، له‌ نێوان زیادبوونی هه‌ڵچوونه‌ جیۆپۆله‌تیکییه‌کان و ئاسۆی زیندووکردنەوەی ڕێکه‌وتنی ئه‌تۆمی ئێران[42].

دەرئەنجام

ئێران وەک ئەکتەرێکی سەرەکی جیۆپۆلەتیکی ئیقلیمی لە ڕۆژئاوای ئاسیا، نەک هەر بۆ دەیان ساڵ فشاری ئەمنی و ئابووریی ئەمریکای لەسەر بووە و پاشەکشەی لە ڕۆڵە جیۆپۆلیتیکەکەی نەکردووە، بەڵکو کاریگەریی جیۆپۆلەتیکی لەسەر عێراق و سووریا و شوێنەکانی دیکەی ناوچەکە بەرەو بەهێزبوون ڕۆیشتووە. بەم پێیە ستراتیژی جیۆ-ئابووریی ئێران بریتیبووە لە کەڵکوەرگرتن لەم کاریگەرییە جیۆپۆلەتیکییە بۆ بەهێزکردنی پێگەی خۆی لە بواری پەیوەندییەکانی نێوان وزە و ژێرخانی سەرتاسەری ناوچەکەدا. ئێران بە پەیوەستبوون بە دەستپێشخەریی پشتێنە و ڕێگە و دامەزراندنی هاوبەشییەکی درێژخایەن لەگەڵ پەکین، هەوڵدەدات ببێتە ناوەندێکی سەرەکی گواستنەوە و وزە لە سیستەمێکی ئابووریی تایبەتی جیهان بە سەرۆکایەتی چین، دەرفەتەکانی هاوکاری ئابووریی فرەلایەنە بقۆزێتەوە بۆ بەهێزکردنی ئابووریی ناوخۆیی و کەمکردنەوەی کاریگەرییەکانی کە لەدەرئەنجامی سزاکانەوە لەسەریەتی. پرۆسەی قووڵکردنەوەی هاوبەشی نێوان ئێران و چین نەک هەر توانای بەرزکردنەوەی پێگەی جیۆ- ئابووریی خۆی لە کەنداوەوە بۆ دەریای ناوەڕاستی بەهێز کردووە، بەڵکو بوارێکی زیاتریش داوەتە تاران بۆ مانۆڕکردن لە پەیوەندییەکانی لەگەڵ زلهێزەکانی دیکەی وەک هیندستان و تەنانەت ڕۆژئاواش کە نایانەوێت ببینن دەسەڵاتێکی گەورەی ناوچەیی بخزێتە ناو کەمپەکەوە. بە وتەی توێژەر و لێکۆڵەر و پسپۆڕان، وابەستەیی ئابووری ئێران بە چین لە ئەنجامی ستراتیژییەکی داڕێژراوە نەبووە لەلایەن دروستکارانی بڕیاری سیاسی لە ئێران، بەڵکو لە ئەنجامی ستراتیژی ڕۆژئاوا بووە کە پشت بە سزاکان و جێبەجێکردنی دەبەستێت. لەوانەیە پرۆسەی زیندووکردنەوەی ڕێکەوتنی ئەتۆمی ئێران و هەڵوەشاندنەوەی گەمارۆکان پاڵنەرێک بێت بۆ تاران بۆ ئەوەی کار لەسەر هاوسەنگکردنەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ چین و هەمەچەشنکردنی هاوبەشییەکانی لە ڕێگەی پەیوەندی لەگەڵ هیندستان و یەکێتی ئەورووپا بکات.

پەراوێزەکان

[1] Farnaz Fassihi & Steven Lee Myres, “Defying US, China, Iran Near Trade and Military Partnership,” The New York Times, 11/7/2020, accessed on 27/7/2022, at: https://nyti.ms/3NkMqmA; Kabir Taneja, “China’s Deepening Ties with Iran Raises Critical Concerns for India, Chabahar Port,” The Print, 15/7/2020, accessed on 27/7/2022, at: https://bit.ly/3NptHGj

[2] “US Now Preparing for a World with and without Iran Nuclear Deal,” Arab News, 20/6/2022, accessed on 27/7/2022, at: https://bit.ly/3QS5ono

[3] “US Sanctions Russia-backed Iranian Oil Smuggling Network Involving Chinese Firms,” The Print, 27/5/2022, accessed on 27/7/2022, at: https://bit.ly/3NlyWqN

[4] “Iran’s Raisi Urges Closer Ties to Boost SCO Role in Global Economy,” Tasnim News, 17/9/2021, accessed on 27/7/2022, at: https://bit.ly/3nkwNkq

[5] Alam Saleh & Zakiyeh Yazdanshena, “Iran’s Pact with China is Bad News for the West,” Foreign Policy, 9/8/2020, accessed on 27/7/2022, at: https://bit.ly/3u3Tflt

[6] Hamidreza Azizi, “Iran’s Multi-Faceted Strategy in Deir Ez-Zor: From Fighting Terrorism to Creating a Zone of Influence,” SWP Comment, no. 15, Stiftung Wissenschaft und Politik (German Institute for International and Security Affairs), 27/3/2020, accessed on 27/7/2022, at: https://bit.ly/39TXGc1

[7] “Iran-Syria Port and Maritime Co-op on the Rise,” Tehran Times, 25/6/2021, accessed on 27/7/2022, at: https://bit.ly/3ONsnhA

[8] “Iran, Iraq Ink Deal on Completing Shalamcheh-Basra Railway,” Tehran Times, 27/12/2021, accessed on 27/7/2022, at: https://bit.ly/3OqoxuZ

[9] “Chinese Envoy Explains Veto of UN Security Council Resolution on Syria,” CGTN, 4/7/2020, accessed on 27/7/2022, at: https://bit.ly/3y24ZWS

[10] “China Proposes Four-point Solution to Syrian Issue: FM,” Xinhua, 18/7/2021, accessed on 27/7/2022, at: https://bit.ly/3yrkCsg

[11] “Syria Joins BRI Amidst Extensive China-Mideast Exchanges,” The Global Times, 13/1/2022, accessed on 27/7/2022, at: https://bit.ly/3Npux5V

[12] “China’s Move Towards Syria: Objectives and Prospects,” Emirates Policy Center, 17/8/2021, accessed on 27/7/2022, at: https://bit.ly/3yzwicV

[13] “Russia to Build Grain Hub at Syria’s Tartus Port,” Miller Magazine, 23/1/2020, accessed on 27/7/2022, at: https://bit.ly/3a1P6be

[14] Heidi Vella, “Testing the Waters: Direct Shipping Opens between Iran and Syria,” Ship Technology, 12/5/2021, accessed on 27/7/2022, at: https://bit.ly/3QR3x2m; “Analysis – Iran Intends to Improve Port Rail Connections to Develop International Trade,” PortsEurope, 4/2/2020, accessed on 27/7/2022, at: https://bit.ly/3Abx3Ke

[15] Salam Zidane, “Chinese Oil Companies Fill Void in Iraq,” Al-Monitor, 22/7/2021, accessed on 27/7/2022, at: https://bit.ly/3OReYW5

[16] Salam Zidane, “Iraq, China Launch ‘Oil for Reconstruction’ Agreement,” Al-Monitor, 8/10/2019, accessed on 27/7/2022, at: https://bit.ly/3bv52TC

[17] Manuel Fernandez, “Iraq Seems to Limit Chinese Influence in its Oil Sector,” Atalayar, 20/5/2022, accessed on 27/7/2022, at: https://bit.ly/39VGqTM; Hamdi Malik, “Iraq’s Oil Sector Caught in Crossfire between US, Iran,” Al-Monitor, 31/5/2019, accessed on 27/7/2022, at: https://bit.ly/3ORfbsl

[18] Omar Sattar, “Iraq Plans to Launch Pipeline to Export Oil through Jordan, Syria,” Al-Monitor, 17/7/2019, accessed on 27/7/2022, at: https://bit.ly/3ou0Vua; Sarah Mcfarlane & Aref Mohammed, “Iraq Balks at Greater Chinese Control of its Oilfields,” Reuters, 17/5/2022, accessed on 27/7/2022, at: https://reut.rs/3bBaDaQ

[19] “Islamic Pipeline’ Seeks Euro Gas Market,” United Press International (UPI), 25/7/2011, accessed on 27/7/2022, at: https://bit.ly/3yq70h1

[20] “Pak Approves USD 2 Billion Gwadar-Nawabshah LNG Terminal Project,” Asian News International (ANI), 1/10/2016, accessed on 27/7/2022, at: https://bit.ly/3u8Huu7

[21] Haroon Janjua, “Iran Gas Pipeline Deal with Pakistan Hampered by US Sanctions,” DW, 20/5/2019, accessed on 27/7/2022, at: https://bit.ly/3no9aHO

[22] “India Says ‘Prerogative’ of Iran to Invite China, Pakistan for Chabahar Development,” Tasnim News, 17/3/2018, accessed on 27/7/2022, at: https://bit.ly/3AakLll

[23] “Pakistan Emphasises Expansion of Maritime Ties with Iran,” Mehr News Agency, 20/12/2020, accessed on 27/7/2022, at: https://bit.ly/3y6bubw; Ebrahim Fallahi, “Iran-China Partnership to Raise Chabahar Port’s Global Status,” Tehran Times, 27/4/2021, accessed on 27/7/2022, at: https://bit.ly/3OIC4i1

[24] “Iran’s Raisi Urges Closer Ties to Boost SCO Role in Global Economy.”

[25] Dipanjan Roy Chaudhury, “Iran could Offer India Access to Jask Port for Strategic Oil Reserve Facility,” The Economic Times, 13/6/2021, accessed on 27/7/2022, at: https://bit.ly/3OJtP4G

[26] Farzin Nadimi, “Iran’s Evolving Approach to Asymmetric Naval Warfare: Strategy and Capabilities in the Persian Gulf,” Policy Analysis, The Washington Institute for Near East Policy, 24/4/2020, accessed on 27/7/2022, at: https://bit.ly/3xXnJqx

[27] Lucille Greer & Esfandyar Batmanghelidj, “Last Among Equals: The China-Iran Partnership in a Regional Context,” Occasional Paper, no. 38, Wilson Center (September 2020), accessed on 27/7/2022, at: https://bit.ly/3bCtnXT

[28] Hassan Hakimian, “Iran’s Free Trade Zones: Back Doors to the International Economy,” Iranian Studies, vol. 44, no. 6 (2011), pp. 851-874.

[29] P. Manoj, “India-funded Chabahar Port in Iran to be Integrated with Free Zone,” The Hindu Business Line, 2/7/2020, accessed on 27/7/2022, at: https://bit.ly/3NrKXe4

[30] “Free Zones must Return to their Original Goals,” Government of the Islamic Republic of Iran, 21/11/2021, accessed on 27/7/2022, at: https://irangov.ir/detail/374332

[31] “Financial ‘Noose’ of FATF Divides Iran Presidential Candidates,” Iran International, 6/6/2022, accessed on 27/7/2022, at: https://bit.ly/3u8QK1l

[32] Farid Malikov, “Russia, Iran to Expand Use of National Currencies in Trade,” Caspian News, 27/5/2022, accessed on 27/7/2022, at: https://bit.ly/3xZDNrT

[33] نظام سويفت هو نظام عالمي يقدّم خدمة التحويل من خلال التراسل والتواصل بين أكثر من 11 ألف مصرف ومؤسسة مالية في جميع أنحاء العالم، بهدف إنجاز المعاملات المالية وتسهيلها. وتدير هذا النظام الجمعية البلجيكية للاتصالات المالية العالمية، وتعتمد عليه دول العالم كلها تقريبًا. (المراجعة)

[34] Kandy Wong & Ji Siqi, “Ukraine Invasion: Swift Ban, Sanctions Cut Russian Economy from the World: Will China’s Yuan Payment System Offer a Lifeline?” South China Morning Post, 1/3/2022, accessed on 27/7/2022, at: https://bit.ly/3QQtmQ7; Huileng Tan, “China and Russia are Working on Homegrown Alternatives to the SWIFT Payment System. Here is What they would Mean for the US Dollar,” Business Insider India, 1/4/2022, accessed on 27/7/2022, at: https://bit.ly/3I1dy9g

[35] Phil Rosen, “China is Buying Russian Energy with its Own Currency, Marking the First Commodities Paid for Yuan since Western Sanctions Hit Moscow,” Business Insider, 7/4/2022, accessed on 27/7/2022, at: https://bit.ly/3bvqnMH

[36] Andy Mukherjee, “China can Bypass SWIFT by Putting Digital Money in Play,” Bloomberg, 28/2/2022, accessed on 27/7/2022, at: https://bloom.bg/3Oqzrkw

[37] “Chinese, Saudi Arabian FMs Reach Broad Consensus on Bilateral Ties,” CGTN, 11/1/2022, accessed on 27/7/2022, at: https://bit.ly/3u71Cg6

[38] “Iran, China Sign Military Cooperation Agreement,” The Diplomat, 15/11/2016, accessed on 27/7/2022, at: https://bit.ly/3P4hQ1Z

[39] “Iran, China Stage Joint Naval Drills,” Tasnim News, 18/6/2017, accessed on 27/7/2022, at: https://bit.ly/3QRebpQ

[40] Doughlas Barrie, “Does Iran Harbour High-speed Anti-ship Missile Ambitions?” International Institute for Strategic Studies, 13/3/2020, accessed on 27/7/2022, at: https://bit.ly/3HV0iD3

[41] Camile Lons et al., “China’s Great Game in the Middle East,” Policy Brief, European Council on Foreign Relations, 21/10/2019, accessed on 27/7/2022, at: https://bit.ly/3yqhxsz

[42] “China, Iran Agree to Push Military Ties to Higher Level,” CGTN, 28/4/2022, accessed on 27/7/2022, at: https://bit.ly/3OtTKgS

وەرزنامەی ئێرانناسی ژمارە (٥)، ساڵی دووەم، تشرینی یەكەمی 2022

Send this to a friend