• Google Plus
  • Rss
  • Youtube
January 26, 2022

گۆڕانی کەش لە کوردستان؛ ئاڵنگاری و ڕووبەڕووبوونەوە

خالد سلێمان/ ڕۆژنامەنووسی تایبەت لە بواری ژینگە و گۆڕانی کەش

بۆ بینینی بابه‌ته‌كه به‌ PDF‌ كلیك له‌م به‌سته‌ره‌ بكه‌:-  ژمارە (11)ی كانونی دووەمی 2022ی گۆڤاری ئایندەناسی

بەرایی

خەڵکی کوردستان لە ناکاوێکدا بۆیان دەرکەوت ڕووبەڕووی ئالەنگارییەکی گەورەی ئاو بوونەتەوە، لە کاتێکدا ئاماژەکانی بێئاوی زیاتر لە دەیەیەکە دەرکەوتوون و لە هەندێ ناوەندی میدیادا باس کراون. دەزگاکانی حکومەت، ناوەندەکانی زانکۆ و توێژینەوە، کۆمەڵگەی مەدەنی و میدیا، هەروەها کۆمەڵگەی کوردستان بەگشتی، بەبێ پێشینە و بەبێ ئاماری پێویست دەربارەی گۆڕانکارییەکانی کەش و دەرەنجامەکانی، لەبەردەم واقیعێکی ژینگەیی بێوێنەدا خۆیان بینییەوە. بێئاوییەکی دەگمەن، بەرزبوونەوەیەکی لەڕادەبەدەری پلەکانی گەرما، زەقبوونەوەی سیاسەتاکانی ئێران و تورکیا لە تینووکردندا، نەبوونی پلانێکی دوورمەودا بۆ بەرەنگاربوونەوەی هەر دۆخێکی لەم شێوەیە، خەسڵەتی دیمەنی ئێستای هەرێمی کوردستانن. ئەم باسە هەوڵ دەدات لەسەر فاکتەرەکانی پشت وشکەساڵی، کەمبوونەوەی دابارین و دەرەنجامەکانی بوەستێت و لێیان تێبگات، هەروەها سیناریۆ و چارەسەر و پێشنیارەکان بۆ زامنکردنی داهاتووی کوردستان.

کوردستان و حەوزە گەرمەکە

کەشی([1]) هەرێمی کوردستان بە پێچەوانەی ناوچەکانی تری باشوور و ڕۆژئاوای عێراق، لەژێر کاریگەریی کەشی حەوزی دەریاری سپیی ناوەڕاستدایە کە لە زستاندا سارد و باراناوییە و پلەی گەرما لەنێوان (2-13)دایە، لە هاوینیشدا وشک و گەرمە و پلەی گەرما

لەنێوان (35-40)دایە. تێکڕای پلەی گەرما لە بەهاردا لەنێوان (13-32) پلە و لە پاییزیشدا لەنێوان (24-29) پلەی سیلیزیدایە. ئەم دۆخەی کەشوهەوای کوردستان، بەبێ وەرگرتنی گۆڕانکاری و ناجێگیریی ڕێژەکانی دابارین لە وەرزێکەوە بۆ وەرزێکی تر وەک پێوەرێکی جێگیر، مەزەندە دەکرێت لە سێ دەیەی داهاتوودا گۆڕانکاریی ڕادیکاڵ بەخۆیەوە ببینێت و پلەکانی گەرما بەو شێوەیە نەمێنن. ئەویش بەگوێرەی چەند مۆدێلێکی لاساییکردنەوە لە زانستی کەش و بەرگەهەوادا لەسەر گۆڕانەکان، هەروەها لە ڕێگەی وێنەی سەتەلایتەوە لەسەر حەوزی دەریای سپیی ناوەڕاست. ئاژانسی نیشتمانیی بۆشایی و ئاسمانیی ئەمەریکا (ناسا)، لە ڕاپۆرتێکدا کە لە مارسی 2016 بڵاوی کردەوە، باسی لە تەوژمێکی توندڕەویی وشکانی کرد کە لەنێوان ساڵانی (1998-2012) ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی گرتەوە. بەگوێرەی “ناسا”، لە ماوەی 900 ساڵی ڕابردوودا ناوچەکە تەوژمی لەو شێوەیەی بەخۆوە نەبینیوە کە دەبێتە هۆکاری وەرچەرخانێکی قووڵ لە پاشەکشێی ئاوی سازگاردا و هەڵکشانی دیاردەی وشکانی([2]) لە هەرێمەکەدا. جگە لە چاودێری و ڕاپۆرتەکانی ناسا لە کۆتایی سەدەی ڕابردووەوە تا ئەمڕۆ، سەنتەرەکانی تایبەت بە کەشی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ژمارەیەکی زۆر لێکۆڵینەوەیان بڵاو کردووەتەوە، نزیکترینیان لێکۆڵینەوەیەکی ئەنستیتوتی ماساچوستز بۆ تەکنەلۆژیا (MIT) بوو، کە ڕێکەوتی ئەنجامدان و ڕاگەیاندنی دەرەنجامەکانی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 2020. لێکۆڵینەوەکەی “MIT”  جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە حەوزی دەریای سپیی ناوەڕاست بە شێوەیەکی خێرا و فراوان بەر گۆڕانکارییەکانی کەش کەوتووە و بووەتە گومەزێکی ڕاگرتنی گەرمەهەوا، واتە تەوژمی گەرما لەبریی دۆزینەوەی ڕاڕەوێک بۆ دەرچوون؛ وەک میلی کاتژمێر دەخولێتەوە و دەگەڕێتەوە بۆ ئەو خاڵەی لێوەی دەست پێ دەکات. لەبەر ئەم هۆکارەش، وەک توێژینەوەکەی ماساچوستز بۆ تەکنەلۆژیا بۆی دەچێت، مەزەندە دەکرێت هەردوو بەری حەوزەکە لە سێ دەیەی داهاتوودا، 40% یان 60% ڕێژەی دابارین لەدەست بدات([3]).

بەپێی ئەو مێتۆدەی توێژینەوەکەی لەسەر نووسراوە، ئەوەی کە ڕوو دەدات قەتیسبوونی تەوژمێکی گەرمە لە ئاسمانی ئەم هەرێمەدا بە بەرزیی 10 كیلۆمەتر. گەرمەهەواکە لەبریی دۆزینەوەی ڕاڕەوێک بۆ دەرچوون، وەک میلی کاتژمێر دەسووڕێتەوە. هۆکاری ئەمەش بەپێی پشکنین و ئانالیزەی پڕۆفیسۆر “الفاتح التاهیر([4])” لە “MIT” کە لە هەمان کاتدا نووسەری هاوبەشی لێکۆڵینەوەی ئاماژەپێکراوە، دەگەڕێتەوە بۆ دەرەنجامی گۆڕانکارییە گڵۆباڵەکانی کەش کە ناوچەکەیان تووشی گۆڕانێکی دەگمەن کردووەتەوە:

یەکەم: فاکتەری یەکەم گۆڕانە لە ناوچەیەکدا لە بۆشایی ئاسمان پێی دەوترێت “Tropopause”، بە بەرزیی 10 كیلۆمەتر لە زەوییەوە. ئەمەش ئەو ناوچەیەیە کە گۆڕانی کەشی تیا ڕوو دەدات، هەروەها خولانەوەی با. سروشتی گۆڕانەکەش پاڵەپەستۆیەکی بەرزی با بەسەر هەرێمی دەریای سپیی ناوەڕاستدا دەسەپێنێت. فاکتەری دووەم ئەوەیە کە دەریای سپی گۆماوێکی گەورەی ئاوە بە زەوی چواردەوری گیراوە و ڕاڕەوێکی بچووکی هەیە، لەگەڵ گۆڕانی کەشدا، لە زستاندا خاکەکەی دەوروبەری لە ئاوی دەریاکە گەرمتر دەبێت، لە دۆخی سروشتیدا ئاوەکە لە خاکەکە گەرمترە، ئەمەش وا دەکات کە پلەی گەرمای گۆماوەکە لە چواردەوری ساردتر بێت و لە دەرەنجامدا پاڵەپەستۆیەکی بەرز بەسەر دەریاکەوە دروست بکات.

ئەو فاکتەرانەش وایان کردووە ئەم حەوزە ببێتە خاڵێکی گەرم لەسەر نەخشەی کەشی جیهان، گڵۆباڵن و دەرەنجامێکی ڕاستەوخۆی دەردانی گازەکانی دووانەئۆکسیدی کاربۆن و میتانن لەلایەن دەوڵە پیشەسازییە پەرەسەندووەکانەوە. بەپێی هەندێ ناوەندی ئەکادیمی، ئەگەر جیهان لە ساڵی (2010)ەوە هەنگاوی بنایە بۆ کەمکردنەوەی گازە گەرمکەرەوەکان بە ڕێژەی 3.3% لە هەر ساڵێکدا، دەتوانرا لە کۆتایی سەدەی بیست و یەکدا پلەی گەرما لە سنووری (1.5)دا بهێڵرێتەوە، بەڵام ئێستا باس لەوە دەکرێت کە پلەی گەرمای هەسارەی زەوی لە کۆتایی سەدەدا بگاتە 2.7 پلەی سیلیزی([5]). بۆ ئەوەی ئەمە ڕوو نەدات و قەرەبووی ئەو ساڵانە بکرێتەوە کە لەدەست چوون، ڕزگارکردنی زەوی بەگشتی و هەرێمە بەرکەوتووەکان بەدیاریکراوی، پێویستیان بە کەمکردنەوەیەکی زۆرە لە دەردانی گازە گەرمکەرەوەکان. پڕۆفێسۆری جوگرافیا فرێدریک دووران لە زانکۆی تولوز لە فەڕەنسا، پێی وایە کە ئێستا باری جیهان لەژێر گازەکاندا کە هۆکاری گۆڕانکارین لە کەشدا، گرانتر بووە، بۆیە دەبێت لە ئێستاوە دەست بکرێت بە کەمکردنەوەیان([6]) بە ڕێژەی 7% لە هەر ساڵێکدا. بە پێچەوانەی هەر کەمکردنێکی لەم شێوەیە و گەیشتنی گەرما بە سەرووی 2 پلەی سیلیزی، وەک ڕۆژنامەی “لۆمۆند دیپلۆماتیک”ی فەڕەنسی پێشبینیی دەکات، لە هەر پەنجا ساڵێکدا زەوی ڕووبەڕووی نزیکەی چواردە تەوژمی گەرمای خنکێنەر دەبێتەوە، واتە لە هەر 10 ساڵێکدا ڕووبەڕووی نزیکەی سێ وەرزی گەماری چڕ و خنکێنەر دەبینەوە، ئەوەش بە بەراورد بە دۆخی پلەی گەرمای ئێستای زەوی کە (1.1) سیلیزییە و هەر پەنجا ساڵێک نزیکەی پێنج جار زەوی ڕووبەڕووی تەوژمی گەرمای خنکێنەر دەبێتەوە، لە کاتێکدا زەوی لە ساڵی 1900دا هەر پەنجا ساڵێک یەک جار ڕوبەڕووی تەوژمی گەرمیی خنکێنەر بووەتەوە (گرافیکی ژمارە 1).

گرافیکی ژمارە (1)

کوردستان لەسەر نەخشەی گۆڕانکارییەکانی کەش

بەگوێرەی ئەو بەرایەی سەرەوە لەسەر نەخشەی کەشی باشووری حەوزی دەریای سپیی ناوەڕاست کە وەک خاڵی گەرمی گۆڕانکارییە گڵۆباڵەکانی کەش ئەژمار دەکرێت، دەبێ پێشبینی و ئاکاری گۆڕانەکان لە کوردستاندا لەسەر ڕۆشنایی هەمان نەخشە بخوێنرێنەوە. لەوانەیە لە خاڵێکیشدا مەزەندەی زیاتری کاریگەرییەکان لەسەر دابارین بکرێت، چونکە بەپێی لێکۆڵینەوەکەی “MIT”، ئەو بایەی لە بەرزاییەکانی ڕۆژهەڵاتی دەریای سپیی ناوەڕاستەوە هەڵدەکات، پێش پەڕینەوە بەسەر چیا و ناوچە بەرزەکاندا، بارگاوییە بە هەور و هەڵم و دابارین دروست دەبێت. بەڵام دوای پەڕینەوەی بەرەو نزماییەکان، ڕێژەیەکی کەم هەڵم لە تەوژمەکاندا دەمێنێت، ئەمە جگە لەوەی کە بای بیابانی گەورە کە لە ڕۆژئاوای حەوزی سپیی ناوەڕاستەوە هەڵدەکات، وشک و گەرمە و کاریگەریی زیاتری لەسەر ئاستی داچۆڕین دەبێت، ئیتر لێرەوە بەشێکی ناوچەکە دەبێتە “Rain Shadow”، واتە سێبەرەباران.

کاریگەرییەکانی ئەم گۆڕانکارییە لەسەر کەشوهەوای حەوزی سپی، بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ لە کوردستاندا هەستی پێ دەکرێت، فاکتەری ئەمەش وەک لە سەرەتادا ئاماژەی پێ کرا، دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە هەرێم بە پێچەوانەی ناوچەکانی تری عێراق کە لەژێر کاریگەریی کەشی مەداری یان نیمچەمەداریدان، بەستراوە بە کەشی حەوزی ناوەڕاستەوە. ئەگەر تا سەردەمانێک لەژێر ئەم کارگەرییەدا زستانی کوردستان بە دابارین و بەفرەوە دەناسرا، ئێستا کەشی میدیتێرانێ (ناوەڕاست) گۆڕانێکی زۆری بەسەردا هاتووە، ئەمەش وا دەکات چیتر دابارین و بەفری زستان ئەو بڕە ئاوە لە کوردستاندا دابین نەکەن لە ڕابردوودا هەبوو. هۆکاری ئەمەش بەتەنها ناگەڕێتەوە بۆ کەمبوونەوەی دابارین، بەڵکوو بەشێکی دەگەڕێتەوە بۆ دابارینی پچڕپچڕ و ناجێگیر، یان تارماییەباران وەک ئەوەی لە نزماییەکانی کوردستاندا ڕوو دەدات.

بە تەماشاکردنێکی ئەم تابلۆیەی خوارەوە، ئەوەمان بۆ ڕوون دەبێتەوە کە نزماییەکانی باشووری سلێمانی لە دیوی گەرمیانی زنجیرەچیاکانی قەرەداغەوە، بە بەراورد لەگەڵ بەرزاییەکاندا، کەمترین دابارینیان بەر کەوتووە. هەڵبەتە بە بەراورد لەنێوان هەردوو وەرزی دابارینی (2020-2021)دا، وەک لە تابلۆی خوارەوەدا دەردەکەوێت (ڕەنگی سوور)، نزمترین ئاستی دابارین؛ ساڵی دووەم واتە 2021 بووە. لێرەدا حەوزی دەربەندیخان وەک لە تابلۆکەدا دەستنیشان کراوە، تەنها دەریاچەکە ناگرێتەوە، بەڵکوو هەموو ئەو ئاوڕێژانە دەگرێتەوە کە ئاو دەگەیەننە دەریاچەکە.

گرافیكی ژمارە 2 ([7])

ساڵی 2008 کە وەرزێکی وشکی بەخۆوە بینی و ڕێژەی دابارین کەمتر بووە لەوەی ساڵی 2021، بەڵام لەبەر ئەوەی عەمارەکانی ئاو وەرزی پێشووتری وشکی هاوشێوەیان بەخۆوە نەبینیبوو، کاریگەرییەکەی لەسەر ئاوی خواردنەوە و کشتوکاڵ و سروشتی کوردستان کەمتر بوو. لێرەدا یەکێک لە دەریاچەکانی کوردستان وەک نموونە وەردەگرین کە ئەویش دەریاچەی دەربەندیخان و دەوروبەریەتی. بەگوێرەی بەڕێوەبەری بەنداوەکە، ڕەحمان خانی، ڕێژەی دابارین لە ساڵی 2008دا تەنها 224.8 میلیمەتر بووە، بەڵام لەگەڵ ئەوەی ڕێژەی دابارین لە 2021دا زیاتر بووە، کەمترین داهاتی ئاو هەبووە. ئەم بەراوردە بە پلەی یەکەم ئەوەمان بۆ ڕوون دەکاتەوە کە جیاوازییەکان لە داباریندا پەیوەستن بە گۆڕانی کەشەوە نەک ئاوهەوا، کە لە ماوەی زیاتر لە دەیەیەکدا چۆن دەرەنجامەکانی بەڕوونی دەردەکەون، واتە لەگەڵ ئەوەی لە وەرزی وادا هەبووە کە ڕێژەی دابارین بە بەراورد لە وەرزی ئاسایی زیاتر بووە (وەزری 2018-2019 به نموونە)، بەڵام ئامارەکانی ئاو دابەزینیان بەخۆوە بینیوە.

ئەگەر ئەم چوار ساڵەی دوایی لە ڕووی دابارینەوە وەک نموونە لە کوردستاندا وەربگرین، تەماشا دەکەین ڕێژەی دابارین لە ساڵی 2019دا دوو ئەوەندە و نیوی ڕێژەی ئاسایی ساڵانە بووە، چوار جاریش زیاتر بووە لە ڕێژەی دابارین لە ساڵی 2021دا، بەڵام ئەمە نەبووەتە هۆی بەرزبوونەوەی سەرچاوەکانی ئاو.

خاڵێکی تر کە کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر سەرچاوەکانی ئاوی هەرێمی کوردستان هەیە، ئەوەیە کە سێ ڕووباری سەرەکی و چڵوپۆکانیان (سیروان، زێی بچووک و زێی گەورە) لە دەرەوەی هەرێمی کوردستانەوەن. ئەم پێگە جوگرافییەی ئاویش وای کردووە کە هەرێمەکە لە پێگەیەکی لاوازدا بێت، بەتایبەتی لە سایەی سیاسەتەکانی ئێران و تورکیادا و دان نەنان بە پێوەرە نێودەوڵەتییەکان لە دابەشکردنی ئاودا و ڕەتکردنەوەی پێناسەی نێودەوڵەتی بۆ ڕووبارە هاوبەشەکان کە لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە و لە ساڵی 1997 دانراوە([8]). ئەوانەش لەم سێ خاڵەدا کۆ دەبنەوە:

یەکەم: قەدەغەکردنی کاریگەریی ئاوە سنووربڕەکان و کۆنترۆڵکردنیان بە شێوەیەک کە زیانی بۆ سەر لایەنەکانی سەر ڕووبارەکان و  ژینگە و تەندروستی و سەلامەتی و دۆخی کۆمەڵایەتی و ئابووری نەبێت.

دووەم: لایەنەکان زامنی بەکارهێنانی ڕێکوپێک و یەکسانی ئاوە سنووربڕەکان بکەن، ئەویش بەپێی خەسڵەتەکانی حەوزە ئاوییەکان و بەرژەوەندیی دانیشتووان.

سێیەم: هاوکاری لە ڕێگەی ڕێککەوتن، دەستەی هاوبەش، گۆڕینەوەی زانیاری، لێکتێگەیشتنی بەردەوام، ڕوانگەی هاوبەش و هەڵسەنگاندن.

هەردوو وڵاتی دراوسێ (ئێران، تورکیا) نەک تەنها کار بە خاڵەکانی ئەم ڕێککەوتنە ناکەن، بەڵکوو دانیشی پێدا نانێن. لە دانیشتنێکدا لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق حەیدەر عەبادی کە وەزیری سەرچاوە ئاوییەکان حەسەن جەنابی ئامادەی بوو (مانگی ئۆکتۆبەری 2017)، سەرۆکی تورکیا ڕەجەب تەیب ئەردۆگان بەئاشکرا بە وەفدەکەی عێراقی وت کە ئەوان دان بە هیچ ڕێککەوتنێکی نێودەوڵەتیدا نانێن لە بارەی ئاوەوە. لەسەر هەمان ڕێچکەی تورکیا، ئێرانیش ڕێککەوتنە نێودەوڵەتییەکان پشتگوێ دەخات و دانیان پێدا نانێت. لە کۆنگرەیەکدا لەسەر ئاو، کە لە مانگی فێبریوەری (شوبات)ی ساڵی 2018 لە تاران بەسترا، یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئێران عەباس عیراقچی بەئاشکرا ڕایگەیاند کە وڵاتەکەی ڕێگە لە دەرچوونی ڕووبارەکان دەگرێت و لەناو خاکی ئێراندا “حەپسیان” دەکات.

کاریگەریی ئەم سیاسەتەی ئێران و تورکیا کەمتر نییە لە کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەش و کەمبوونەوەی ڕێژەی دابارین، چونکە زۆرترین سەرچاوەکانی ئاوی کوردستان لە دەرەوە هەڵدەقوڵن. لە 70%-ی زیاتری سەرچاوەکانی ڕووباری سیروان لە دەرەوەی کوردستانەوەن، هەر چی سەرچاوەکانی ئاوی ڕووباری زێی بچووکە، تەنها لە 20% لە ناوخۆی وڵاتەوە هەڵدەقوڵن و بڕەکەی تر لە چیاکانی مەهاباد و سەردەشتەوە دەچۆڕێن و بەرەو کوردستان شۆڕ دەبنەوە. موحسین حسێن([9]) بەرپرسی فەرمانگەی ئاوی قەڵادزە، ترسی ئەوە ناشارێتەوە کە ساڵی 2030 كۆتایی تەمەنی زێی بچووک بێت. هەر چی ڕووباری زێی گەورەیە، لەگەڵ ئەوەی لە 62%-ی ڕووبەرە گشتییەکەی لەناو خاکی کوردستان و عێراقدایە، بەڵام بەشی زۆری هەڵقوڵانی ئاوەکەی لەناو کوردستانی باکووری کوردستانەوەیە و تورکیا کۆنترۆڵی دەکات.

ئالەنگاری  و سیناریۆکان

لەگەڵ ئەم نەخشە جوگرافییەی سەرچاوە سەرەکییەکانی ئاوی سەر زەوی لە کوردستاندا، هێشتا زمان و گوتاری سیاسی و ئەکادیمیی فەرمی باس لەوە دەکات کە هەرێم لە داهاتوویەکی نزیکدا ڕووبەڕووی ئالەنگارییەکان دەبێتەوە، لە کاتێکدا مەترسییەکان ڕیاڵن و بەرۆکیان بە دانیشتووانی کوردستان گرتووە. لە ناوچەکانی کشتوکاڵ، چەم و دۆڵ و ناوچە ئاودارەکان و ڕووبەری سەوزایی و چیاکاندا، بێئاوی بووەتە سیمای وەرزەکان. بەگوێرەی سەردانی مەیدانی و پشکنینی ڕۆژنامەوانیم کە لە هاوینی 2021-دا ئەنجامم داون، لە هەندێ چەمی کوێستانەکانی پشدەردا بێئاوییەکی بێوێنە هەیە، ئەمە جگە لەوەی کە زێی بچووک لەو ناوچەیەدا، لە دەرەنجامی گرتنەوەی لەلایەن ئێرانەوە، لە هاوینی 2021-دا وەک جۆگەلەیەک دیار بوو. نیوەی جووتیارانی چەمی گەورە لە دیوی گەرمیانی چیای زەردە لە باشووری ڕۆژئاوای دەربەندیخان، لەبەر بێئاوی دەستیان لە مەرەزە بەر داوە([10]). لەنزیک گوندی سازان، لە مانگی یۆلیۆ (تەممووز)ی 2021-دا، دیسانەوە بە هۆی سیاسەتی “حەپس”کردنی ئاوەوە لەلایەن ئێرانەوە، سیروان وەک جۆگەلەیەک دەردەکەوێت. هەڵبەتە گرفتی سیروان تەنها لەوەدا نییە کە ئێران لە ڕێگەی بەنداوەوە ڕووبارەکە و چڵەکانی دەخنکێنێت، بەڵکوو ڕێڕەوەکانیان دەگۆڕێت بۆ ناوچەکانی تری ئێران، ئەمەش بۆخۆی ئاکتێکی تاوانکارییە نەک تەنها دژی خەڵکی کوردستان، بەڵکوو دژی کۆی سیستمی ژینگەیی ناوچەکە، چونکە هەر ڕووبارێک بۆ خۆی حەوزێکە و لە ڕووی سروشتییەوە سیستمێکی ژینگەیی تەواوی هەیە. واتە حەپسکردن و گۆڕینی ئاراستەی ئاوی ڕووبارەکە دەبێتە هۆی لەناوبردنی ژیانی سروشتی و هەموو ئەو خەسڵەتانەی حەوزەکە پێک دەهێنن. بەگوێرەی ڕەحمان خانی بەڕێوەبەری بەنداوی دەربەندیخان کە سەرچاوەکەی سیروانە، دەریاچەکە لە ساڵی 2021-دا  کەمترین ڕێژەی ئاوی تیا بووە.

بەکورتی: هەموو ئەو هۆکارانەی گرێ دراون بە گۆڕانکاریی کەش و دەرەنجامەکانی، کە لە کەمبوونەوەی دابارین و بەرزبوونەوەی پلەی گەرمادا دەردەکەون، هەروەها سیاسەتی “حەپس”کردنی سەرچاوەکانی ئاو و خنکاندنیان لەلایەن ئێران و تورکیاوە، کوردستان ڕووبەڕووی ئالەنگاریی سەخت دەکەنەوە. جگە لە ئاوی خواردنەوە و کشتوکاڵ و بەرهەمهێنانی وزە، سیستمی سروشتیی وڵاتەکەش دەخەنە ژێر مەترسییەوە، بەتایبەتییش سیستمی ژینگەیی و میکرۆئۆرگانیزم([11]). لەپێش ئابووری و سەرچاوەکانی ژیان و خۆراکی خەڵکی کوردستانەوە، ژیانی کێوییانە و کۆی ئیکۆسیستم زیانیان بەر دەکەوێت، ئەمە جگە لەوەی هەڕەشەیەکی گەورەیە بۆ سەر سەقامگیری و ئاشتەوایی کۆمەڵایەتی، چونکە بێئاوی جگە لەوەی دەبێتە هۆکاری لەدەستدانی سەرچاوەی ئابووریی کۆمەڵگە لۆکاڵییەکان، کۆچوڕەویشی لێ دەکەوێتەوە بەرەو سەرچاوەکانی ئاو. دەرەنجامی هەر ڕەوێکی لۆکاڵییش بە هۆی گەرما و نەبوونی ئاوەوە، ململانێی کۆمەڵایەتیی لێ دەکەوێتەوە، بەتایبەتی لە زۆر شوێندا، گەرمیان وەک نموونە، جگە لە وشکانی و بێئاویی سەرزەوی، سەرچاوەکانی ژێرزەمینیش لە کەمبوونەوەیەکی بەردەوامدان و بەشی پێداویستیی ڕۆژانەی لادێنشینەکان ناکەن، ئەمەش هۆکارێک دەبێت بۆ ڕەوکردن بەرەو سەرچاوەکانی ئاو.

شارەکانی کوردستان، بەو پێیەی لە گەشەسەندن و فراوانبوونێکی بەردەوامدان، داخوازییان لەسەر وزە و ئاو و خۆراک ڕۆژ لەدوای ڕۆژ زیاتر دەکات، ئەمەش فاکتەرێکی تری پاڵەپەستۆ و دڵەڕاوکێیە لەسەر ئەم دەرامەتە سروشتییە دەگمەنە کە کێشی ژیان و بوونی هەیە، بەڵام بە هەرزانترین بەها لەناو دەبرێت و مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت.

بە پشتبەستن بەو پێشبینییە زانستییانەی لە سەرەتای ئەم نووسینەدا باس کران، کوردستان بە پلەی یەکەم لەبەردەم سیناریۆی کەمبوونەوەی ڕێژەی دابارین و بەرزتربوونەوەی پلەی گەرمادایە. بۆ ئەوەی باسکردن لە هەر سیناریۆیەک بەشێک نەبێت لە مەزەندە و خەمڵاندن، لێرەدا پشت بەو سیناریۆیە دەبەستم کە پلاتفۆرمی حکومی-نێودەڵەتی لەسەر هەمەچەشنی و خزمەتگوزارییەکانی ئیکۆسیستم (IPBES([12])) دایناوە و پێی وایە لە حاڵەتی گەیشتنی پلەی گەرمای گشتی بە 1.5 لە ساڵی 2050دا، گۆی زەمین لە 8%-ی ڕووەکەکان لەدەست دەدات، لە 6%-ی مێرووەکان و هەروەها لە 4%-ی ئاژەڵە بڕبڕەدارەکان لەناو دەچن. وەرز و تەوژمی گەرماش وەک لە تابلۆی یەکەمدا خراونەتە ڕوو، دەبنە فاکتێکی دووبارەبووەوە. ئەم سیناریۆیە وا دانراوە کە پلەی گەرما لەسەرووی ئەوەوە نەبێت کە دانراوە. لە هەموو بارێکیشدا گەیشتن بەو پلەیە وەک فاکتێکی لێ هاتووە، چونکە مرۆڤایەتی ئەوەندە گازی گەرمکەرەوەی خستووەتە ئاسمانەوە، دوای سێ دەیە گەرمای زەوی بگەیەنێتە پلە و نیوێک، تەنانەت گەر لەم ساتەوە دەردانی کاربۆن و گازە گەرمکەرەوەکانی تر بگەنە سفر. بەو پێیەی کوردستان لەسەر جوگرافیای ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفەریقا و لەژێر کاریگەریی کەشی حەوزی سپیی ناوەڕاستدایە، پلەی گەرما لەوە بەرزتر دەبێت کە لە سیناریۆکەدا هاتووە، کەمبارانییش لە ئێستاوە بووەتە بەشێک لە ناسنامەی کەشی ناوچەکە، کەواتە دەکرێ کەمێک لەو سیناریۆیە دوورتر بڕوانین و بیر لەوە بکەینەوە کە لەبریی هەر وەرزێکی قاتوقڕیی ئاو لە هەر 10 ساڵێکدا، ڕووبەڕووی دوو وەرزی قاتوقڕی دەبینەوە. بەڵام ئەی چی بکەین و چۆن ڕووبەڕووی کەمئاوی ببینەوە؟

ڕاسپاردەکان

ئێمە لە کوردستاندا هاوینێکی گەرم و وشکمان بەڕێ کرد، خەڵک هەموو چاوەڕوانی وەرزی دابارینن، توێژینەوەکان لەسەر کەشی ناوچە و کاریگەربوونی بە شێوەیەکی دیار و ڕاستەوخۆ بە دەرەنجامی گۆڕانی کەش، هەروەها ئاماژەکانی کەشوهەواش وا دەردەخەن کە ئەگەری ئەوە هەیە زستانی ئەمساڵیش زۆر جیاواز نەبێت لەوەی پێشوو، ئەی چی بکەین؟ هەموو لایەکمان دەزانین باسی گرفتەکان بکەین، بەڵام ئەوەی گرنگە، پلانی کەمکردنەوەی زیان و لێکەوتەکانە نەک تەنها دووبارەکردنەوەی وێنەکانی وشکەساڵی.

زۆربەی پێشنیار و ڕاسپاردەکانی تایبەت بە ژینگە و ئاو لە ناوەندە ئەکادیمی و زانستییەکاندا، ئاراستەی حکومەت و دەزگاکانی دەکرێن، بەڵام لەبەر ئەوەی حکومەتیش، بەبێ پلانێکی دوورمەودا، هەر لە چاوەڕوانیی وەرزی داباریندایە و هیچ ستراتیژێکی دوورمەودای نییە، باشترە ڕاسپاردەکان بۆ خەڵک بن و چۆن یارمەتی بدرێت بگەڕێتەوە بۆ چارەسەری وەها لە وەرزی گەرمی داهاتوودا لە پێناو گەڕان بەدوای سەرچاوەکانی ئاودا، تووشی زیان و ڕەوی بەکۆمەڵ نەبێت.

یەکەم: لەبەر ئەوەی وشکەساڵی و بەرزبوونەوەی پلەی گەرما، ئاوی بەنداوەکانیش دەگەیەننە ئاستی نەداری و هەژاری، باشترە لە ئاستی لۆکاڵی و سنووری نیشتەجێبوونیاندا دانیشتووان دەست بکەن بە دروستکردنی گۆماوی ژێرزەوی، واتە سەرگیراو، ئەوەش لە پێناو گلدانەوەی بڕێک لەو دابارینەی لە زستاندا هەیە. ئەم میکانیزمە سادەیە دەبێتە هۆی دروستکرنی عەمباری ئاو بۆ ئاودێری و ئاژەڵ و کاروباری ڕۆژانە لە هاویندا.

دووەم: سکگوشین و دەستپێوەگرتن لە بەکارهێنانی ئاودا لە ئاستی ماڵانەوە بگرە تا دەگاتە ئاودێری و کاری ڕۆژانە و پیشەسازی.

سێیەم: بۆ وەرزێکیش بێت، پێویست دەکات ئەو جۆرە بەروبوومە کشتوکاڵییانە بوەستێنرێن کە پێوستیان بە ڕێژەیەکی زۆری ئاوە و پەنا ببرێتە بەر ئەو بەروبوومانەی کەمترین ئاویان پێویستە.

چوارەم: دروستکردنی گۆماوی ئاو لەناو دۆڵ و چیا و دەشتەکاندا بۆ زامنکردنی مانەوەی ئاژەڵە کێوییەکانی کوردستان، بەڵام ئەمەیان پێویستی بە توندوتۆڵکردنی یاسای دارستان و چاککردن و پاراستنی ژینگە هەیە لە “بکوژانی ئاژەڵە کێوییەکان”، چونکە وەرزی تینووێتی لغاوی ڕاوی نایاسایی و تاوان دژی سیستمی سروشتی زیاد دەکات.

پێنجەم: دیاریکردنی ڕێژەی ئاوی ڕۆژانە بۆ هەر تاکێک، وەک چۆن ساڵی 2018 شاری کیپ تاون لە باشووری ئەفەریقا پیادەی کرد و توانیی ئیدارەی تینووێتییەکی بێوێنە لە وڵاتەکەدا بکات، چونکە لەو ساڵەدا بە هۆی دانەبارینەوە، بۆ چەند وەرزێک عەمبارەکانی ئاو گەیشتنە ئاستی مەترسیدار لە کەمیدا.

شەشەم: پەلەکردن لە جێبەجێکردنی ئەو بەنداوە لۆکاڵییانەی لە قۆناغی کۆتاییدان و دەستیان لێ هەڵگیراوە. بۆ نموونە: بەنداوی خۆرنەوەزان لە سنووری گەرمیان بۆ چەند ساڵێکە لە قۆناغی کۆتاییدا ڕاگیراوە. ئەم بەنداوە و بە گلدانەوەی ئەو بڕە دابارینەی هەیە، بەشێکی زۆری گرفتەکانی دانیشتووانی ناوچەکە چارەسەر دەکات.

حەوتەم: لابردن و نەهێشتنی هەموو ئەو کار و بزنسانەی ئاو بۆ مەبەستی “خۆشگوزەرانی” بەکار دەهێنن، وەک شوێنی شتن و پاککردنەوەی ئۆتۆمبێل و مەلوانگە… هتد.

هەشتەم: پەیڕەوکردنی یاسایەکی توندوتۆڵ لەبەرامبەر بەفیڕۆدانی ئاودا لە شارەکاندا، وەک دانانی واتەر پەمب بۆ تانکیی سەربانەکان، قەدەغەکردنی بەکارهێنانی ئاوی پاک بۆ پاککردنەوەی جادە و بەر ماڵان، هەروەها لە دوکان و ڕیستۆرانت و قاوەخانە و شوێنە گشتییەکانیشدا.

نۆیەم: بەدڵۆپەکردنی ئاودێری بۆ کشتوکاڵ و باخچە و هەموو بوارەکانی ئاودان.

دەیەم: سەپاندنی مەرج بەسەر شوێنە گشتییەکانی وەک کۆمپانیا و باخی کەسی و تایبەتدا، هەروەها شوێنەکانی خواپەرستی لە بەکارهێنانی ئاودا و دۆزینەوەی چارەسەری خۆبەخۆیی بۆ ئیدارەکردنی ئەو بڕە ئاوەی وەریدەگرن، هەروەها دانانی مەرجی توندوتۆڵ لە هەڵکردنی بیردا.

بەبێ ئەم ڕێکارانە کە بەشێکی زۆریان پەیوەستن بە سیاسەتی حکومەتەوە و بەشێکیان بە سەلیقە و ڕەفتاری ڕۆژانەی هاوڵاتیانەوە لە بەکارهێنانی ئاودا، هیچ شتێکی تر دادمان نادات. دەبێت لەمڕۆوە بکەوینە خۆمان و هاوینی داهاتوو پەشیمانی دەرنەبڕین. لەوانەیە دابارینی چەند ڕۆژێک سەرجەم ئەم قسانە لەبیری خەڵک بباتەوە، بەڵام واقیعی بێئاوی، تەنانەت ئەگەر وەرزێکی تەڕیشمان هەبێت، پێمان دەڵێت پێویستمان بە هەر دڵۆپە ئاوێکە بەفیڕۆ دەدرێت.

ئەگەر ئەو خاڵانەی سەرەوە بۆ چارەسەری کاتی بن، ئەوا لە ئاستی دوورمەودادا، بە پلەی یەکەم کوردستان پێویستی بەوەیە ڕۆڵی زانکۆ و سەنتەرەکانی لێکۆڵینەوە لەم بارەیەوە کارا بکات. ئەنجامدانی پلانی دوورمەودا لە ڕووبەڕووبوونەوەی کەمئاویدا، لەگەڵ ئەوەی پەیوەستە بە بڕیاری سیاسییەوە، بە پلەی یەکەم کاری زانایان و پسپۆڕانی بواری زانستە سروشتییەکان و ئاوە، بە شێوەیەکی دیاریکراویش لە بواری گلدانەوەی ئاودا (Water Harvesting). تا ئەمڕۆ سیاسەتی بنیادنانی بەنداو لە کوردستاندا بە شێوازی کۆن و باو جێبەجێ دەکرێت، لە کاتێکدا خێرایی گۆڕانکارییەکانی کەش بەردەوام بۆچوون و ئانالیزەکان دەگۆڕن و میکانیزم و میتۆدی تر دەهێننە کایەوە. بە کورتییەکەی: کوردستان پێویستی بە پلانێکی هەشتا ساڵەیی (تا کۆتایی سەدە) هەیە، کە لە توانایدا هەبێت مانەوەی خەڵک و وڵات بپارێزێت.

سەرچاوەكان

(1) لەم نووسینەدا کەش لەبەرامبەر “Climate”دا بەکار دەهێنرێت، ئاوهەواش لەبەرامبەر “Weather”دا. گۆڕانکارییەکان لە کەشی هەرێمێکدا یان لە جیهاندا بەگشتی، لە ڕۆژێک، مانگێک، وەرزێک و دوو وەرزدا دەرناکەون، بەڵکوو دەیەیەک یان زیاتریان دەوێت بۆ ئەوەی هەستیان پێ بکرێت. بۆ نموونە؛ ڕێژەی دابارین و بەفر لە کوردستاندا پێش 40 ساڵ، جیاوازییەکی زۆری هەبووە لەگەڵ ئەو ڕێژەیەی ئێستا هەیە. ئەمە دەرەنجامی گۆڕانکارییەکانی کەشە. لەبەرامبەردا گۆڕانکارییەکانی ئاوهەوا (الطقس) کورتخایەنن و لۆکاڵین، بۆ نموونە ئەمڕۆ زنجیرەچیاکانی قەرەداغ دابارین بەخۆوە دەبینێت، بەڵام ڕۆژی دواتر ساماڵ و هەتاوە، ئەمەیان گۆڕانکارییە لە ئاوهەوادا نەک کەش.

(2) Journal of Geophysical research: Atmospheres, March 4, 2016, https://agupubs.onlinelibrary.wiley.com/doi/full/10.1002/2015JD023929

(3)  Chandler, David L. (17/6/2020), “Why the Mediterranean is a climate change hotspot”, https://news.mit.edu/2020/why-mediterranean-climate-change-hotspot-0617.

(4)  خالد سلیمان (28/7/2020)، ” البحر الأبيض المتوسط يشتعل: انخفاض حاد في الأمطار”، https://daraj.com/50999/.

 

(5) Rannard, Georgina (9/11/2021), “COP26: World headed for 2.4C warming despite climate summit – report”, https://www.bbc.com/news/science-environment-59220687.

(6) Frédéric Durand, Climat, une conférence à la recherche du temps perdu, LE MONDE diplomatique, Novembre 2021.

(7) گرافیكی ژمارە (2) لەلایەن بەڕێوەبەری بەنداوی دەربەندیخان؛ “ڕەحمان خانی”یەوە دروست کراوە.

(8) لجنة الأمم المتحدة الاقتصادية لأوروبا: اتفاقية حماية واستخدام المجاري المائية العابرة للحدود والبحيرات الدولية. اتفاقية المياه:  الاستجابة للتحديات العالمية للمياه، https://unece.org/sites/default/files/2021-07/ECE_MP_WAT_52_Arabic_WEB.pdf

(9) بختیار قادر (5/7/2021)، “مخاوف من اختفاء الزاب الصغير في 2030″، https://www.rudaw.net/arabic/kurdistan/050720216.

(10) ژمارەی ئەو خێزانانەی کە دانیشتووی گوندی چرچەقەڵان و لە چەمی گەورە کشتوکاڵ و کاری مەرەزە دەکەن؛ نزیکەی 20 خێزانە، ئەمساڵ لەبەر بێئاوی ژمارەکە کەم بووەوە بۆ کەمتر لە 10 خێزان.

(11) سیستمی میکرۆئۆرگانیزم لەو بوونەوەرانە پێک دێت کە بە چاوی ئاسایی نابینرێن، بەڵام ڕۆڵێکی سەرەکییان هەیە لە بەردەوامبوونی ژیانی سروشتی و بەرهەمهێنانی خۆراک و بەشێکی دانەبڕاوەیە لە کۆی سیستمی ژینگەیی.

(12) Intergovernmental Platform on Biodiversity & Ecosystem Services.

 

 

ژمارە یانزە (١١)ی کانونی دووەمی ٢٠٢٢ی گۆڤاری ئایندەناسی

 

 

 

Send this to a friend