بێشکچی: پێویستە هەموو کورد هەوڵ بۆ پاراستنی هەرێمی کوردستان بدات
دیداری تورکیاناسی لەگەڵ بێشکچی دا
لەلایەن داواکاری گشتیو دامودەزگاکانی دیکەی دەوڵەتەوە داوای سەپاندنی زیندانیی زیاتر لە (١٠٠) ساڵ بە سەریدا کراوە، (١٤) جار خراوەتە زیندانو ئازادکراوە، (١٧) ساڵو (٢) دوو مانگ لە چەندین ناوچەی وڵاتەکەی زیندانیکراوە. نزیکەی (٥٠) کتێبی هەیە، لە ساڵانی هەزارو نۆسەدو نەوەدەکان زۆرینەی کتێبەکانی قەدەغەکراون، بەڵام لە ڕۆژگاری ئەمڕۆدا ئەو قەدەغەیە نەماوە.
ئەم دەقەی سەرەوە وێنای کەسایەتییەکە بە هۆی بەرگرییەوە لە دۆزی کورد لە ڕێگەی نوسینەکانیەوە بەشێکی تەمەنی لە زینداندا بەسەربردووە. ئێستاش لەو وەقفەی کە بە ناوی خۆیەوە ناونراوە (وەقفی ئیسماعیل بێشکچی (İsmail Beşikçi Vakfı)) بەردەوامە لە نوسین دەربارەی کوردو مافەکانی.
بێشکچی، لە (٧)ی کانوونی دووەمی (١٩٣٩) لە پارێزگای چۆڕم لە تورکیا لەدایکبووە. دوای تەواوکردنی کۆلێژی یاساو سیاسەت لە زانکۆی ئەنقەرە لە ساڵی (١٩٦٢)، لە شاری بەتلیس لە باکووری کوردستان وەک فەرمانبەر دەستبەکاردەبێت. وەک خۆی باسیدەکات: “لە کاتێکدا لە ئەنقەرە نکوڵی لە بوونی گەلێک بە ناوی کوردو زمانێک بە ناوی کوردییەوە دەکرا، لە ناوچەکانی باشووری ڕۆژهەڵاتی تورکیا بەرپرسانی دەوڵەت لە ڕێگەی وەرگێڕەوە پەیامەکانیان دەگەیاندە خەڵکی.” هەر ئەمەش دەبێت بە سەرەتاو هاندەرێک بۆ بێشکچی، بۆئەوەی وەک کۆمەڵناسو نوسەرێک لە دۆزی کورد بکۆڵێتەوەو پاشان لە ڕێگەی نوسینەکانیەوە بەرگری لە پرسی کورد بکات.
ئیسماعیل بێشکچی ئێستا لە تەمەنی (٧٥) ساڵیدایە، زۆربەی کاتەکانی لە وەقفی ئیسماعیل بێشکچی لە ئەستەنبوڵ بەسەردەبات. وەرزنامەی تورکیاناسی دەقی چاوپێکەوتنێکی تایبەتی لەگەڵ ناوبراودا بڵاودەکاتەوە.
تورکیاناسی: دەکرێت سەرەتای ئاشنابوونتان بە پرسی کوردو هۆکاری بەخشینی هەموو کاتو ژیانتان بەو پرسە ڕوونبکەنەوە؟
د. ئیسماعیل بێشکچی: من لە ساڵانی (١٩٥٨-١٩٦٢) لە کۆلێژی زانستە سیاسییەکان لە زانکۆی ئەنقەرە دەمخوێند، بە هۆی ئەوەی لە ڕیزبەندیی ئەو خوێندکارانەی کە تاقیکردنەوەی وەرگیرانیان لەو کۆلێژە کردووە لە ڕیزی (٢٠) خوێندکاری سەرەتادا بووم، توانیم زەمالەی وەزارەتی ناوخۆ بۆ خوێندنەکەم بەدەستبهێنم. لە دوو ساڵی سەرەتای زانکۆدا سەرجەم خوێندکاران هەمان وانەیان دەخوێند، لە قۆناغی سێیەمدا ڕۆیشتمە لقی ئیدارە لە کۆلێژەکەمدا. لە پشووی هاوینی قۆناغی سێیەم بۆ چوارەم هەر خوێندکارێک بە مەبەستی کاری پراکتیکی (تطبیقات) (Tahsil İçi Staj) لە ناوەندی هەر پارێزگا یاخود قەزایەک بیویستایە، لە بینای پارێزگا یان قائیمقامیەت پراکتیکیی دەکرد، ئەمەش وەک ئامادەکاری بۆ دەرچوون لە زانکۆو سەرەتای ئەرکی فەرمانبەری. منیش لە ناوەندی پارێزگای ئێلازیغ (Elazığ İli) پراکتیکمدەکرد، هەر بۆیە لە هاوینی (١٩٦١) جگە لە ناوەندی پارێزگاکە، لە قەزاکانی کەبانی، کاراکۆچان، پالو، باسکیل، مادەنو سیڤیرجە ئەزموونی کاری ئیداریو بەڕێوەبردنم بەدەستهێنا.
دوای کودەتا سەربازییەکەی (٢٧)ی ئایاری (١٩٦٠) پرسی کوردو بە تورک نیشاندانیان زۆرترین قسەو باسی لە بارەوە کرا. بەردەوام جەخت لە سەر ئەوە دەکرایەوە کە نەتەوەیەک نییە بە ناوی کوردەوەو زمانێکیش نییە بە ناوی کوردییەوە کە قسەیپێبکرێت. لە ڕۆژنامەو گۆڤارەکاندا زۆر بابەت لەم بارەیەوە بڵاوکرایەوە، زانکۆیش بڕوای تەواوی بەم تیڕوانینە هەبوو، پشتیوانیی تەواویشی بۆی دەربڕی.
لە ماوەی پراکتیکیی زانکۆمدا یەکەم جار لە قەزای کەبان ڕوداوێک ڕویدا. لەو سەردەمەدا کێشەی زۆر لە سەر زەویوزار لە نێوان دانیشتوانی گوندەکاندا ڕویدەدا. قائیمقامیش بۆ چارەسەری ئەم کێشانە خودی خۆی دەڕۆیشتە گوندەکان، منیش هاوڕێیەتیمدەکرد. لە کاتی قسەکردنی قائیمقام لە گوندەکاندا هەستم بە بوونی وەرگێڕێک دەکرد، ئەمە لە کاتێکدا بوو لە ئەنقەرە بانگەشەی ئەوە دەکرا هەموو هاوڵاتییەکی تورکیا تورکەو نەتەوەیەک بە ناوی کوردەوە نییە. تێگەیشتم جگە لە تورکو زمانی تورکی، نەتەوەو زمانی دیکەش لە تورکیادا هەیە. هەروەک قەزای کەبان، لە شارەکانی کاراکۆچان، پالو، مادەن، باسکیلو سیڤیرجە شاهیدی هەمان ڕوداو بووم.
دوای تەواوکردنی زانکۆ لە پارێزگای چۆڕوم (Çorum İli) وەک کارمەندی دارایی دەستم بە کار کرد، ئەمەش وەک پراکتیکی قائیمقامی بوو. لە پاشان ڕۆیشتم بۆ سەربازی. دوای ئەوەی بۆ ماوەی شەش مانگ لە ناوچەی توزڵا (Tuzla) ڕاهێنانی سەربازیم بۆ ئەفسەری پیادەی یەدەگ (Yedeg Subay Piyade) کرد، ڕۆیشتم بۆ بەتلیس (Bitlis)و ئەرکی سەربازیم بۆ ماوەی شەش مانگ لەوێ کرد. لە بەهاری ساڵی (١٩٦٣) لەگەڵ کۆچەرییە کوردەکان لە بەتلیس ئاشنایەتیم پەیداکرد. ئەو کۆچەرییانە لە وەرزی هاویندا دەڕۆیشتن بۆ هاوینەهەوارو ناوچە فێنکەکانی نەمرودو سوبحان، زستانیشیان لە دەوربەری قەزای سیلڤان بەسەردەبرد. بەشێکی دیکەی ئەرکی سەربازیم لە هاوینی (١٩٦٣) لە هەکاری (جولەمێرگ)، یوکسەکئۆڤا (گەڤەر)و شەمدینلی (شەمزینان) بەسەربرد. فەوجەکەمان لە شەمزینانەوە هەتا سەرسنوور دەڕۆیشت. دوای تەواوبوونی ئەرکی سەربازیم لە زانکۆی ئەتاتورک (Atatürk Üniversisesi) لە ئەرزڕۆم دەستم بە کار کرد.
تورکیاناسی: بە گوێرەی سەرچاوەکان، لەلایەن داواکاری گشتی تورکیاوە داواکراوە سزای زیندانی بۆ ماوەی (١٠٠) ساڵو (١٠) ملیار لیرە بە سەر د. ئیسماعیل بێشکچیدا بسەپێنرێت. جگە لەمانەش، (٨) جار خراونەتە زیندانو ئازادبوون، کۆیگشتیی (١٧) ساڵی تەمەنتان لە زیندان بەسەربردووە. سەرەڕای ئەمانەش، لە کۆی (٣٦) کتێبی بڵاوکراوەتان، (٣٢) کتێبیان لە تورکیادا قەدەغەکراون. ئەم زانیارییانە هەتا چەندە ڕاستن؟ ئەم سزاو ڕێگرییانە بە هۆی بەرگریتان لە کوردەوە بووە؟
د. ئیسماعیل بێشکچی: بەم جۆرە بیڵێین، ڕاستترە. داوای زیندانیی زیاتر لە (١٠٠) ساڵ بۆ ئیسماعیل بێشکچی کراوە، (١٤) جار خراوەتە زیندانو ئازادکراوە، (١٧) ساڵو (٢) دوو مانگ لە چەندین ناوچەی وڵاتەکەی زیندانیکراوە، نزیکەی (٥٠) کتێبی هەیە. لە ساڵانی هەزارو نۆسەدو نەوەدەکان زۆرینەی کتێبەکانی قەدەغەکران، بەڵام لە ڕۆژگار ئەمڕۆدا ئەو قەدەغەیە نەماوە.
تورکیاناسی: بە بۆچوونی ئێوە وەک چەمکێک بۆ بەکارهێنان؛ “پرسی کورد” ڕاستە یاخود “کێشەی کورد”؟
د. ئیسماعیل بێشکچی: لە ڕاستیدا بەکارهێنانی دەستەواژەی کێشەی کورد/ کوردستان ڕاستترە.
تورکیاناسی: خەباتی زۆرتان لە پێناوی پاراستنی زمانی کوردیو مافەکانی گەلی کورد کردووە، بە بۆچوونی ئێوە دۆزی کورد هێندە گرنگو هەستیارە، وەک تورکێک ژیانی خۆتانی پێببەخشن؟
د. ئیسماعیل بێشکچی: پێموایە وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارە بە شێوازێکی زانستی گونجاوترە. زانست بریتییە لە کۆکراوەی کۆمەڵێک ڕوداو، یاخود زانست دیاردەیە. زانستە مرۆییو هونەرییەکانیش زانستگەلێکی دیاردەیین. دیاردەیش بریتییە لە کۆی ئەو ڕوداو یاخود بابەتانەی پێکەوە چوارچێوەیەکی هاوبەشو دیاریکراویان لە گەردووندا هەیە. دیاردە دەکرێت سروشتی بێت، وەک: بارانبارین، بومەلەرزەو لافاو، یاخود دەکرێت دیاردەیەک کۆمەڵایەتی بێت، وەک: فشار بۆ سەر خەڵکێک لە سەر سنوورەکان، یان ناچارکردنی خەڵکی بۆ کۆچی زۆرەملێو بەجێهێشتنی ناوچەو وڵاتی خۆی، سوکایەتیپێکردن، بەڵام سەرەڕای ئەمانەش، خەباتی ئەو کەسانە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی فشارو ستەمەکانو مانەوەیان لە شوێنی خۆیاندا؛ دەکرێت دیاردە مرۆڤایەتی بێت، وەک: پەیوەندیی باوک لەگەڵ منداڵەکانیو باوکی خۆیدا لە خێزانێکدا.
کوردەکان، زمانی کوردو کوردستان ئاماژەن بۆ کۆمەڵێک دیاردەی کۆمەڵایەتی، سیاسیو کولتووری. لێکۆڵینەوە، شیکاریو ڕاڤەی ئەم دیاردانە لە ڕوانگەی زانستەوە هەم گرنگەو هەم پێویستە. کێشەی کورد/ کوردستان گرنگترین کێشەیە لە تورکیا. ناڵێم: لە گرنگترین کێشەکانە، بەڵکو دەڵێم: گرنگترین کێشەی ناو کێشەکانی ڕۆژگارە لە تورکیا. لەمڕۆدا هەم سیاسەتی ناوخۆو هەم سیاسەتی دەرەوەی تورکیا لە سەر بنەمای کێشەی کورد/ کوردستان دادەڕێژرێت.
تورکیاناسی: لە ساڵانی ڕابردوودا لەلایەن ئەنقەرەوە پڕۆسەی ئاشتیو کرانەوە بە ڕووی کورددا دەستیپێکرد، بەڵام بەر لەوەی بگات بە ئەنجامی کۆتایی، پڕۆسەکە لەبارچوو. بە بۆچوونی ئێوە هۆکاری دەستپێکردنی پڕۆسەکەو لەبارچوونی پێش ئەوەی ئەنجامێک بەدەستەوەبدات، چی بوو؟
د. ئیسماعیل بێسکچی: بە ڕای من، دەوڵەت لە سەر بنەمای پێشهاتو ڕوداوەکانی پەیوەست بە پڕۆسەی ئاشتییەوە هەستی بە پەشیمانی دەکرد، پاشگەزبووەوە لە پڕۆسەکە. هێشتنەوەی کێشەی کورد/ کوردستان بەبێ چارەسەر، زیاتر لە سوودی دەوڵەتو حکومەت دەبێت، لەبەرئەوەی پڕۆسەی لادان لە ڕێڕەوی خۆی (تواندنەوە) بەو جۆرە باشتر جێبەجێدەکرێت. گرنگترین سیاسەتی دەوڵەتو حکومەتی تورکیا بەرانبەر بە کوردەکان؛ بریتییە لە تواندنەوە، واتە بەتورکبوونی کوردەکان.
تورکیاناسی: بە ڕای بەڕێزتان لە دوای دامەزراندنی کۆماری تورکیاوە، بۆ کوردەکان کام سەردەمی فەرمانڕەوایی درەوشاوەترینو کامە تاریکترین سەردەم بووە؟
د. ئیسماعیل بێشکچی: کورد لە تورکیادا، هەموو کات لە ژێر گوشارو ستەمدا ژیانیان بەسەربردووە. بە بۆچوونی من، قسەکردن لە سەر سەردەمێکی درەوشاوەی فەرمانڕوایی بۆ کوردەکان لە دوای دامەزراندنی کۆمارەوە مومکین نییە. هەر کەسێک کە بەرگری لە ناسنامەی خۆی بکات، بە گشتی ئەو کەسەی بەرگری لە ناسنامەی کوردبوونی خۆی بکات، لە ژێر گوشاردایە، بەڵام دەتوانین بڵێین: لەم چەند ساڵەی ڕابردوودا گوشارو ستەم بۆ سەر کوردەکان هەتا ڕادەیەک کەمیکردووە.
تورکیاناسی: هەڵسەنگاندنتان بۆ کارو چالاکیی ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنیو پارتە سیاسییەکان، پەیوەست بە دۆزی کوردەوە، لە تورکیا چۆنە؟
د. ئیسماعیل بێشکچی: لە تورکیادا دەوڵەت بڕیار لە سەر دیدو تێڕوانینی ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی سەبارەت بە کوردەکان دەدات. ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنییش بە هەمان شێوەی دەوڵەت/ حکومەت بیردەکەنەوە. هەر کاتێک کێشەی کورد/ کوردستان ببێت بە ڕۆژەڤی تورکیا، هاوڵاتیانیش لە سەر بنەمای دیدو تێڕوانینی دەوڵەت هەڵوێستیان دەبێت.
تورکیاناسی: تێڕوانینتان بۆ “وانەی بژاردەی کوردی” (Kürtçe Seçmeli Ders) لە تورکیاو باکووری کوردستان چۆنە؟ ئایا داواکاریی کورد لە تورکیا بۆ “خوێندن بە زمانی دایک” هەتا چەند گونجاوە؟
د. ئیسماعیل بێشکچی: “وانەی بژاردەی کوردی” دەرفەتێکە بە کورد دراوە، ئەگەرچی دەرفەتێکی بچووکیش بێت، پشتیوانیو هاندانی خێزانەکان بۆ هەڵبژاردنی ئەم وانەیە لەلایەن منداڵەکانیانەوە گرنگە.
تورکیاناسی: لە تورکیادا دۆخی دیموکراسی، ئازادیی ڕادەربڕینو ڕۆژنامەوانی لە چ ئاستێکدایە؟
د. ئیسماعیل بێشکچی: ئێستا دۆخی دیموکراسی، ئازادیی ڕادەربڕینو ڕۆژنامەوانی لە تورکیا وێنایەکی جوانو ئەرێنی نیشاننادات. لەگەڵ ئەوەشدا تورکیا لەم بوارەدا لە پێش وڵاتانی وەک عێراق، ئێران، سوریاو عەرەبستانی سعودیەوەیە، بەڵام زۆر لە دوای وڵاتانی وەک فەڕەنسا، ئەمریکا، ئەڵمانیا، بەریتانیا، ئیتالیا، سوید، نیوزلەندا، ئوسترالیا و هیی ترەوەیە.
تورکیاناسی: کردنەوەی دۆسیەی تایبەت بە داخستنی پارتی دیموکراسیی گەلان (هەدەپە) چۆن هەڵدەسەنگێنن؟
د. ئیسماعیل بێشکچی: هەوڵی داخستنی هەدەپە هەڵەیەکی گەورەیە. لە پێشتریشدا چەندین پارتی سیاسی، کە هەدەپە میراتگریانە، داخراون. هەدەپە خاوەنی ڕێکخستنو لایەنگرێکی دیاریکراوە لە ناو کوردەکانی تورکیادا. هەتا پارتی سیاسیی کوردی خاوەنی ئەو ڕێکخستنو لایەنگرانە بێت، داخستنی ئەو پارتانە هیچ ئەنجامێکی نابێت.
تورکیاناسی: سەپاندنی سزای (٤٢) ساڵ زیندانی بە سەر سەڵاحەدین دەمیرتاشدا هەتا چەند یاساییە؟
د. ئیسماعیل بێشکچی: سەڵاحەدین دەمیرتاش کەسایەتییەکی گەنجی بزۆکە. سەپاندنی (٤٢) ساڵ سزای زیندانی بە سەر ناوبراودا دەرکەوتەیەکی جێبەجێکردنی سیاسەتی دژەکوردە. بەکارهێنانی دسەڵاتی دادوەری بۆ جێبەجێکردنی فشارو ستەمەکان تەنها لە هزری داگیرکاریو نەفیکردندا دەبێت.
تورکیاناسی: وەک کۆمەڵناسێکو ئەکادیمییەک؛ کۆمەڵگەی کوردیو کوردستان چۆن دەناسێنن؟
د. ئیسماعیل بێشکچی: بە بڕوای من دەستەواژەی کوردستان ئاماژەیە بۆ خاکێکی داگیرکراوی نێودەوڵەتی. ئەو دەوڵەتانەی فشارو ستەم لە کوردستان دەکەن، هەموو کاتێک دژی کورد بە یەکگرتوویی کاردەکەن. لە هەر پارچەیەکی کوردستاندا خەڵکی خەباتیان بۆ بەدەستهینانی مافو ئازادییەکان دەستپێکردبێت، دەوڵەتانی عێراق، سوریا، ئێرانو تورکیا؛ هەمانگیو کاری هاوبەشیان کردووە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەو لەناوبردنی ئەو خەباتە. نابێت ئەوەشمان لەیادبچێت کە پارچەیەکی کوردستانیش لە ناوچەی قەفقاسدایە.
تورکیاناسی: سەرەڕای فشارە بەردەوامەکانی دەوڵەتی تورکیا بۆ سەر کوردەکان، بەڵام ئەم دۆخە نەبووە بە هۆی پێکدادان کۆمەڵایەتی لە نێوان کوردو تورکدا وەک دوو نەتەوەی تورکیا. هەتا چەند لەگەڵ ئەم بۆچوونەدان؟
د. ئیسماعیل بێشکچی: نەخێر، من لەگەڵ ئەم بۆچوونەتاندا نیم، لەبەرئەوەی کاتێک کوردەکان لە ناوچەکانی ڕۆژئاوای تورکیا، یان لە شارەکانی سەر دەریای ڕەش یاخود لە ناوچەکانی سەر دەریای مەڕمەڕە بە کوردی قسەدەکەن، ڕووبەڕووی فشاری سەخت دەبنەوە. بۆ نموونە: ئەو کەسانەی کاری کشتوکاڵی دەکەن، زۆر جار توشی ئەم ڕوداوانە دەبن.
تورکیاناسی: لە چەند ساڵی ڕابردووەوە لە هەر چوار پارچەی کوردستاندا فشارەکان بۆ سەر کورد لە زیادبووندان، بۆ پاراستنی دەستکەوتە بەدەستهاتووەکان کورد پێویستە چی بکات؟
د. ئیسماعیل بێشکچی: لەیادماننەچێت، پارچەیەکی کوردستانیش لە ناوچەی قەفقاسە. تەنها لە چەند ساڵی ڕابردوودا نەبووە، بەڵکو کورد بەردەوام لە ژێر فشارو ستەمدا بووە. تەنها ئەوە هەیە کە بە گوێرەی کاتو شوێن گۆڕان بە سەر جۆرو ئاستی فشارەکاندا هاتووە. لە عێراقدا هەرچەندە بچووکیش بێت، بەڵام هەرێمی کوردستان ناسنامەو چوارچێوەیەکی دیاریکراوە بۆ کورد، پێویستە هەموو کورد لە هەر پارچەیەکی کوردستانو لە ژێر هەر ڕەنگو ناوێکدا بێت، هەوڵی پاراستنو بەرگری لەو چوارچێوەیە بدەن.