• Google Plus
  • Rss
  • Youtube
August 23, 2025

ئایینزای ئەشعەری لە ناو کورددا

ڕانانی: ئلیاس تاهیر

ئەم پەرتوکە لە نووسینی د. یاسین تەھا پسپۆری مێژوو، خاوەن خامه‌یه‌كی کارا و بەپێزە و چەندین ساڵە وەك ڕۆژنامەنووس و توێژەرێكی ئەكادیمی دەنووسێت و چەندین بەرهەمی بەرچاوی هەیه‌.

پەرتوکەكە لە بنەڕەتدا تێزی دکتۆرای نووسەرە، ناوەرۆكەكەی دابەش کراوە بۆ چوار بەشی سەرەکی، کە نووسەر بە گشتی ڕوونکردنەوە و شیکردنەوەی بۆ ئاڕاستە ئایینی و مەزهەبییەكانی نێو کورد کردووە، بەتایبەت ئایینزای ئەشعەری و پەیوەندی و کاریگەری لەسەر بیر و هزری تاکی کورد و بڵاوبوونەوەی ئایین لە کوردستان، هه‌روه‌ك چۆن جیاوازی ناکۆكی ئەم ئایینزایەی له‌گه‌ڵ ئاڕاستە و مه‌زهه‌به‌كانی  تردا ڕوون کردووەتەوە.

لە بەشی یه‌كه‌می ئەم پەرتوکەدا باسی ئاڕاستە ئایینی و مەزهەبییەکانی نێو کورد کراوە به‌سێ  باسی  سەرەکی، لە باسی یەكه‌مدا ڕوونکردنەوەی پێویست کراوە بۆ ئیسلام و خەواریج و شیعە. باسی یەکەم تایبەتە بە ئایینی ئیسلام، نووسەر بۆ بڵاوبونەوەی سەرەتایی ئایینی ئیسلام لە کوردستان، سێ ئاماژەی مێژووی هەڵبژاردووە، یەکەمیان ئاماژە بە  هاوەڵی کوردی (جابان) دەکات لە سەردەمی پێغەمبەری ئیسلامدا گەیشتووەتە شاری مەدینە و باوەڕی هێناوە و پاشان لە ڕێگەی ئەم هاوەڵەوەئایینی ئیسلام گەیشتووەتە کوردستان، به‌ڵام ئەم ئاماژەیە ناتوانێت بەڵگەی بەهێز و تەواو بێت بۆ موسڵمان بوونی نەتەوەیەک.

ئاماژەی دووەم بریتییە لە کاتی دەستپێکردنی لەشکرکێشی موسڵمانان بۆ کوردستان و ناوچەکەلە سەردەمی خەلیفه‌ی ڕاشدی (عومەری کوڕی خه‌تاب)، لەم بارەیه‌شه‌وە ئاماژە بەردەستە و وەک سەرەتایەک بۆ بڵاوبونەی ئایینی ئیسلام سه‌یر دەکرێت.

ئاماژه‌ی سێهەم ئەوە دەردەخات کە ئایینی ئیسلام و بڵاوبونەوەی دەکەوێتە دوای لەشکرکێشی موسڵمانان بۆ ئەم ناوچانە و پاشان وردە وردە ئەم ئایینە لەم ناوچانە تەشەنەی کردووە و هاوکاتیشە لەگەڵ کاتی سەرهەڵدانی مەزهەب و ڕێچکە جیاوازەکانی فیقهیدا.

پاش بڵاوبوونەوەی ئایینی ئیسلام لە ناوچە کوردنشینەکان هەندێک بزووتنەوە و مەزهەبی جیاواز سەریانهەڵدا و دەرکەوتن کە یەکێک لەم بزووتنەوە دیارانە خەواریج بوون وەک گرووپی بەرهەڵستکاران لە ئیسلام سەریانهەڵدا لە ئەنجامی جەنگی (صفین) لەنێوان بەره‌ی خەلیفه‌ی ڕاشیدن (عەلی کوڕی ئەبو تاڵیب) و (معاویه‌ی کوڕی ئەبو سوفیان) دیارترین بیر و ڕای خەواریج کە جیاکەرەوەی سەرەکییەتی لە ڕەوت و مەزهەبەکانی تر بریتییە لە تەکفیرکردنی خەڵک لەسەر ئەنجامدانی ئەو شتانەی حەرامن، یان تاوانن، هاوڕایی لەسەر ئەوەی کە تاوانی گەورە کوفرە و بەردەوام بوون لەسەر تاوانی بچوک لە ئیسلام دەرچوونە، هەروەک چۆن هاوڕابوون لەسەر ڕاپەڕین دژی دەسەڵاتداری ستەمکار، چونکە بە لای ئەوانەوە کافربوون. خەواریج و موعتەزیلەکان لە بیروباوەڕ زۆر لێک نزیکن و هەندێک بە موعتیزیلەکانیان وتووە بەشێکی شلگیری خەواریج، چونکە ئەمان پێیان وا بووە ئەنجامدەری تاوانی گەورە کافر نییە و شەڕی لەگەڵدا ناکرێت، بەڵام هەتا هەتایی لە دۆزەخدا دەمێننەوە.

سەبارەت بە گەیشتن و بڵاوبوونەوەی هزری خەواریج لە کوردستان، گێڕانەوە مێژووییەکان ئەوە دەردەخەن کە لە ڕێگەی ئاواره‌ییەوە بووە پاش ئەوەی (500) چه‌کداریان لە جەنگ بەرامبەر خەلیفە عەلی کوڕی ئەبوتالیب تێکشکاون و هاتوونەتە ناوچەی شارەزوور لە ساڵی (658) زاینی و پاش مانەوەیان بۆ ماوەیەکی دوورودرێژ ئەم بیروباوەڕەیان بڵاوکردووه‌تەوە.

هەروەها لە هەرێمی جزیزه‌ی دراوسێی شام بنكەی بەهێزیان هەبووە لە هەرێمی چیا و ئەزەربایجانیش کوردەکان كه‌وتونەتە ژێر کاریگەری ئەم بیروباوەڕه‌ و بڵاوه‌ی کردووە. لە بەرامبەر خەواریجەکان لە کوردستان بیروباوەڕێکی تر بڵاوه‌ی کردووە کە دژی تێڕوانین و بیرکردنەوەی خەواریجەکانە، ئەویش مەزهه‌بی شیعەیە کە بە مانای هەوادار، یان لایەنگر دێت و ئاماژەیە بۆ لایەنگری خەلیفەعەلی کوڕی ئەبوتاڵیب و پێیان  وایە کە پاش پێغەمبەر (درودی خوای لەسەر بێت) ئیمامی عەلی خەلیفه‌ی شەرعیە و لە پاش ئەویش نەوەکانی کە لە (فاتیمە)ن هاوسەری ئیمام و کچی پێغەمبەر (د.خ).

سەبارەت بە سەرهەڵدانی هزری شیعە هەندێك پێیان وایە لە سەردەمی ژیانی پێغەمبەردا (د.خ) دەرکەوتووە و سه‌ری هەڵداوە، بەڵام دەکرێ سەرەتاى مێژووی سه‌رهەڵدانی شیعە بگه‌رێته‌وە بۆ جەنگی (صفین) کە تێیدا حوسێن کوری عەلی خۆی و بنەماڵەکەی تێدا شەهیدبوون لە ساڵی (10) زایینی و لەپاش ئه‌م  ڕوداوە ئیتر چالاكی ئه‌م گرووپە بە ڕونی دیارە.

شیعەکان وەك بزووتنەوه‌یەکی فیکری لە ئیسلامدا لە بیر و باوەڕیاندا گرنگی تەواو دەدەن بە تیۆری ئیمامە و پەیوەندی و پەیوەستبوونی ڕۆحی و سیاسی وه‌ك بنه‌مایه‌کی چەسپاوە و هەوڵیان داوە کە ئەوان وەك ئایینزایەکی تایبەت دەربکەون.

سەبارەت بە پەیوەندی مەزهەبی شیعە و کورد لە سەرەتا دەبیت دان بەوەدا بنێین کە پەیوەندییەکی بەهێز نییە و شیعەكان بەگشتی هەنديك  بیرو باوەڕی خراپیان سەبارەت بە کورد هه‌یه، بەڵام لەگه‌ڵ ئه‌مانەشدا بە هۆکاری جوگرافی و دراوسێبوونی ناوچە کوردنشینەکان له‌گەڵ ناوچەکانی دەسەڵاتى شيعە بیروباوەڕی شیعە لەچەند لایەکەوە هاتۆتە ناو کوردستان و لە قۆناغەکانی مێژوو ئێستاشدا بە شێکی کەمی میلەتی کورد هەڵگری  بیروباوەڕی مەزهەبی شیعەن و لە پەیڕەوانی  ئه‌م مه‌زهه‌به‌ن.

لە باسی دووه‌مدا نووسەر شیکردنەوەی بۆ مه‌زهه‌بە سونییەکان کردووە کە هەرچەندە لە سەردەمی پێغەمبەردا (د.خ) هیچ  ڕێچکە و مەزهەبێک نەبووە، تەنیا هاوەڵان و موسڵمانان ئازاد بوون بە پشتبەستن بە قورئان و فەرموودە ئیجتیهاد بكه‌ن بۆ هه‌ڵجێنانی حوکمی شەرعی و ڕێگریان لێ نەکراوە و بەڵکو جێگای سوپاس و ده‌ستخۆشی بوه‌، بەڵام لە قۆناغی دواتر و پاش نەمانی هاوەڵان و دەستپێکردنی سەرده‌می شوێنکەوتوان هەندێک مه‌زهه‌ب و ڕێچکەی سەربەخۆ دروست بوون بە هۆکاری شوێنکەوتن و پەیرەوکردنی تێگه‌یشتن و لێکدانەوەی زانایەك بو ئایینی ئیسلام و بنەماکانی له‌لایه‌ن خەڵکانێکی زۆر ئه‌م مه‌زهه‌ب و ڕێچكانە گه‌ڵاڵه‌بوون.

ئەگەر بە قۆناغەکانی مێژووی ئیسلامیدا بگەڕێینەوە ده‌یان جۆر ڕێچکە و مەزهەبی جیاواز دەبینین کە دواتر و وردە وردە هەندێکیان بچوک بوونەوە و نەمان و هەندێکی تریان گەورە و بەهێز و گشتیگر بوون کە بریتین لە چوار مەزهەبەکە (حەنەفی، مالیکی، شافعی، حەنبەلی)

بنەمای فیکری مەزهەبی حەنەفی بریتییە لە لێکدانەوە و شیکردنەوەکانی زانای بەناوبانگ نوعمانی کوڕی سابت کە لە بنەڕەتدا خەڵکی کابوڵ لە ئەفغانستانە، بەڵام بنەماڵەکەیان لە عێراق ژیاون و باوکی هاوەڵی ئیمامی عەلی کوڕی ئەبوتاڵیب بووە بیر و بۆچوونەکانی لە چوارچێوەیەکدا کۆکردووەتەوە کە ناسراوە بە مەزهەبی حەنەفی و پشت دەبەستێت بە سەرچاوەکان (قورئان، فەرموودە، قیاس، کۆڕە، دابوونەریت).

هەرچەندە په‌یڕەوانی ئەم مەزهەبە لە ناوچە کوردنشینەکان لە زۆربەی قۆناغەکانی مێژوودا بەکەمی دەرکەوتون، بەڵام لە هەندێک بەشی کوردستان وەک جەزیرە و شەنگال و هەولێر په‌یڕەوانی ئەم مەزهەبە هەبوون و قوتابخانە و حوجرەشیان هەبوە و هەموو باس و لێکدانەوەکانی ئەم مەزهەبە بۆ میلەتی کورد ئاشنایە و هیچ گرفتێکی نییە بۆ جێبەجێکردن و ڕێگریشی لێ ناکرێت.

مەزهەبی دووه‌م مالیکییە کە دەگەڕێتەوە بۆ زانای گەورە مالیکی کوڕی ئەنەس، خەڵکی شاری مەدینە و زیاتر گرنگی دەدات بە دەق و ئاکاری خەڵکی شاری مەدینە و هەندێک پەیوەستبوونی بە حیجازیشەوە هەیە، بەڵام دەرکەوتنی زیاتری ئەم مەزهەبە دەگەڕێتەوە بۆ پەرتوکی (الموطأ) کە زۆر بەناوبانگە و لە زۆربەی وڵاتانی ئیسلامیدا گرنگی پێ دەدرێت و لە حوجرە و قوتابخانە شەرعیەکان وەک مەنهەج دەخوێندرێت.

دەرکەوتنی ئەم مەزهەبە لە کوردستان لاوازە و لە لاپەڕەکانی مێژوودا چەند نموونەیەکی کەم بەرچاو ده‌کەون کە زانایەک، یان دادوەرێک، یاخود قوتابخانەیەكی بچووک هەبووە کە ئایینزای مەزهەبی مالیکی تێدا خوێندراوە، کە هیچ کام لەمانە بەردەوامی نەبووە و بڵاوه‌ی نه‌كردوە، هەر بۆیە لە ناوچە کوردنشینەکانی مێژوودا و لە کوردستاندا په‌یڕەوانی ئەم مەزهەبە زۆر کەمن و هیچ ناوچەیەکی دیاریکراویان نییە.

هەرچی سەبارەت بە مەزهەبی شافیعیە کە دەبێتە سێهەم مەزهەبی سوننە لە ڕووی سەرهەڵدانەوە دەگەڕێتەوە بۆ زانای گەورە (محەممەدی کوڕی ئیدریس شافیعی) کە باپیری هاوەڵی پێغەمبەر بوە (د.خ) لە شاری غەزە لە دایک بوەو لە شاری مەکە پێگەیشتووە.

مەزهەبی شافیعی هەر لە سەرەتای سەرهەڵدانی بڵاوبوونەوەیەکی گەورەی بە خۆوە بینی و ڕەزامەندی زۆرێک لە گەلانی ئیسلامی وەرگرت و پەیڕەوانی لە هەموو ناوچەکان دەرکەوتن و زوو تەشەنەی سەند، بە تایبەت لە شاری بەغداد لە ساڵی (485 ک /1092ز) بەناوبانگترین قوتابخانەی تایبەت بە مەزهەبی شافیعی دامەزرا کە بووە هۆی پەره‌سەندنی ئەم مەزهەبە لە تەواوی عێراق و کوردستانیش،هەر لەم قوتابخانەیە زۆرێک لە فێرخوازانی ئایینی ئیسلام پەروەردەکران کە لە شارەکانی هەولێر و ئامێدی و ناوچەکانی تری کوردستان هاتوونەتە ئەم قوتابخانەیەو پاشان گەڕاونەتەوە ناوچەکانی خۆیان و بەم هۆکارەش ئەم مەزهەبە بە تەواوەتی بڵاوەی کردووە و جێگەی خۆی کردووەتەوە، هەر بۆیە مەزهەبی شافیعی تا ئێستاش گەورەترین مەزهەبی ئەم ناوچانه‌یە و زۆرینەی ڕەهای خەڵکی شوێنکەوتووی ئەم مەزهەبەن.

 سەبارەت بە مەزهەبی چوارەم کە حەنبەلییە دەگەڕێتەوە بۆ بیر و بۆچوونەکانی ئیمام ئەحمەدی کوڕی حەنبەل و مەزهەبەکەی بە شێوەیەکی گشتی دوورە لە ڕاو بۆچوون و زیاتر لە دەوری دەق و فەرموودە و وته‌ی هاوەڵان چەقی بەستووە و تەنیا لە کاتی ناچاریدا پەنا بۆ قیاس دەبات.

ئەم مەزهەبە وەک هەردوو مەزهەبی مالیکی و حەنەفی لە ڕۆژهەڵاتی ئیسلامی بەتایبەت و کوردستان و عێراقیش زۆر تەشەنه‌ی نەکردوو لە چوارچێوەی تاک دەرنەچووە و هۆکارەکەشی دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە ڕێگە بە ئیجتیهاد نادات و تەنیا دەق و فەرموودە بە سەرچاوە وەردەگرێت ئەوەی جێگای سەرنجە میللەتی کورد پەیوەندی لەگەڵ ئایینی ئیسلام بە تەنیا مەزهەبێکەوە نەبەستوە و موسڵمان بوون مەرجی سەرەکییە و دواتر هیچ کێشە و گرفت و دژایه‌تیه‌ك لە نێوان مەزهەبەکاندا نییە.

نووسەر باسی سێهه‌می ئەم پەرتوکەی تەرخان کردووە بۆ ڕه‌وتی سۆفیگەری بە چەمك و سەرهەڵدان و قۆناغەکانیه‌وه‌، سەبارەت بە چەمکی سۆفیگەری ئەستەمە بتوانرێت یەک پێناسەی گشتگیری بۆ بکرێت چونکە گەورەترین تەوژمی ڕۆحییە لەناو سەرجەم ئایینەکاندا بە گشتی. بۆ ماناکەشی لێکدانەوەی زۆری بۆ کراوە کە ئایا لە شوێنکەوتوانی ئەهلی سوفەوە هاتوە یاخود کەسانێکن بوون کە سوفیان پۆشیوە وەک خۆبەکەم زانین…هتد، بەڵام په‌یڕەوانی سۆفیگەری سورن لەسەر ئەوەی کە ڕێبازەکەیان بە ئەوە بناسێنن کە بریتییە لە زانستی چاکسازیکردن لە دڵ و هۆکاری پاکردنەوەی زمانە. سەرهەڵدانی ئەم ڕەوتە دەگەڕێتەوە بۆ پاش پێغەمبەری خودا کە کەسانێک پەیدا بوون پێیان وابوو دەبێت پەرستشی زۆر بکرێت و بە کەم ڕازی بیت و پشت بکەیتە دونیا و زۆر بگریت و کەم پێبکەنیت،  کە هەموو ئەمانەش لە دەوروبەری ترسان لە خودا دەسووڕێتەوە.

کۆنترین ئاماژە لەبارەی گەیشتنی سۆفیگەری بە ناودارانی خەڵکی ناوچە کوردنشینەکان دەگەڕێتەوە بۆ سەدەی (3 ک/9 ز) و پاشان لەم خەڵکانەوە بۆ گشت ناوچەکان و خەڵکانی تری ئاسایی، هۆکاری سەرەکی زوو بڵاوبوونەوە و تەشانەکردنی ڕەوتی سۆفیگەری بریتی بوە لە پەیوەندی بەهێزی مەزهه‌بی شافیعی لەگەڵ ئەم ڕەوتەو حوجرە و مەدرەسه‌ی شافیعیەکان بووەتە ڕێگای بڵاوبوونەوەی ڕەوتی سۆفیگەری و زۆرێك لە شێخەکانی تەریقەی سۆفی و خانەقاکانیان هەر مزگەوت بوەو شێخەکانیش وتاربێژ و پێشنوێژ، هەر لەبەر ئەمەیە لە کوردستاندا ڕه‌وتی سۆفیگەری شانبەشانی مەزهەبی شافیعی بوونی هەیە.

 بەشی دووەمی ئەم پەرتوکەش تەرخان کراوە بۆ ئایینزای ئەشعەری، دامەزراندن و گەشەکردن و پەرەسه‌ندن و گرنگترین بیرو بۆچون و بنەماکان و هۆکارەکانی بڵاوبوونەوه‌ی ئەم ئایینزایه‌ی تێدا ڕون کراوەتەوە.

ئەشعه‌رییەکان گرووپێكی  ئیسلامی کەلامی و ئایینزایه‌كی عەقیدەیی سوننەن کە گرنگی بە سەلماندنی بوونی خودا و چۆنێتی مامەڵەکردن لەگەڵ سیفەتەکانی دەدەن، لەگەڵ ئەو بابەتانەی بە خوداناسی و عەقیدەوە پەیوەستن، ناوەکەشی دەدرێته ‌پاڵ دامەزرێنه‌ره‌كه‌ی کە ناوی (عەلی کوری سالم کوڕی ئیسماعیلە) بە ڕەچەڵەک دەچێتەوە سەر هاوەڵ ئەبو موسی ئەشعەری، خەڵکی شاری بەسڕەیە و سەرەتا لەم شارە ژیاوە و پاشان ڕوی لە بەغداد کردووە.

  ئەم ئایینزایە لە کاتێکدا دەرکەوت کە دەمەقاڵەی زۆر و بەریەک کەوتنی خوێناوی لە بەغدای پایتەختی عەباسییەکان لە نێوان شیعە و سوننەدا هەبووە ‌و لە ڕووی هزریشەوە موعتەزیلە و چەند گرووپێکی تری کەلامی و فەلسەفی هەبوون کە نکۆڵیان لە سیفەتەکانی خودا دەکرد و عەقڵیان دەکردە پێوەر بۆ بابەتەکانی عەقیدە، هەر بۆیە ئایینزای ئەشعەری لەم ئاڵۆزییانەدا وەک خاوەن تێزێکی نوێ دەرکەوتن کە پشت ئەستور بوون بە میتۆدە عەقڵی و فەلسەفییەکان لە پەنای دەقەکانی قورئان و فەرموودە، ئەمەش دەرفەتی ئەوەی بۆ ڕەخساندن کە بوونەتە ئایینزایەکی باو و بڵاو لە ناوچەکانی بنه‌ده‌ستی خیلافەتی عەباسی.

دواتر و پاش نیو سەدە لە کۆچی دوایی دامەزرێنەری ئەم ئایینزایە لە دەوروبەری ساڵی (380 ک/ 991ز)  ئایینزاكە بە شێوەیەکی فراوان لە عێراق بڵاوبوه‌تەوە، هەر لەم وڵاتەشەوە پەڕیوەتەوە بۆ شام و وەک ئایینزایەکی گەورە دەرکەوتوە، یەکێک لە کاریگەرترین ئەو ڕێگایانەشی کە ئەشعه‌ریەکان بەکاریان هێناوە بۆ بانگەوازکردن و بڵاوکردنەوەی بۆچونەکانیان گفتوگۆی ڕووبەڕوو بوەو لەمەیشدا کۆمەڵێک زانایان ناوبانگیان دەرکردووە وه‌ك: باقلانی، جوەینی، غەزالی، ڕازی…..هتد

 بۆچونێک هەیە پێیوایە سەرتاپای ئایینزای ئەشعەری بەرهەمی شوێنکەوتەکانییەتی، ئەگینا دامەزرێنەر خۆی لەو میتۆدە پاشگەز بوه‌تەوە، هۆکاری پابەندبوونی میراتگرەکانیش بەناوی دامەزرێنەکەیەوە تەنیا بەکارهێنانی بوە وەک کارتی پەڕینەوە بۆ ناو ئه‌و ناوەندە سوننیانەی کە ڕێز لە ناوبانگی ئەشعەری دەگرن، جگە لەوەیش چ شوێنکەوتەکان و چ مامۆستاكه‌یان لە په‌یڕەوکردنی مەزهەبی شافیعیدا لە بابەتە شەرعزانییەکان یەکیان دەگرتەوە ئەمەیش خاڵێكی هاوبەشی بەهێزە و ڕێگەی نەداوە زۆر لە یەکتر دوور بکەونەوە.

 گرنگترین ئەو بۆچۆنانەی کە ئایینزای ئەشعەری پێ جیا دەکرێتەوە بریتین لە:

1-  گونجاندنی عەقڵ و نەقڵ، بەشێکی زۆر لە گوتاری ئایینزای ئەشعەری بەڵگە کەلامیەکانە، کە بەڵگە هێنانەوەیە لەسەر عه‌قیدە و ئیمان بە لێکدانەوەی فەلسەفی و عەقڵانیانە، واتە بنەمای سەرەکی ئایینزای ئەشعەری ڕێكخستنەوەی هاوکێشەی عەقڵ و نه‌قڵه‌، بەجۆرێك كەپێشینه‌ی بۆ نه‌قڵ بێت، به‌ڵام له‌گه‌ڵ عه‌قڵدا بگونجێت.

ڕێبەری ئەشعەری (فەزالی) باسی لەوە کردووە کە ئەهلی سوننە (مه‌به‌ست ئه‌شعه‌ریه‌كانه‌) ئەوەیان ساغکردووەتەوە کە دژیەکی لە نێوان شەریعەتی نەقڵکراو حەقیقەتی مەعقول و ڕێتێچودا نییە.

2- سیفەتەکانی خودا، ئەشعه‌ریەکان بە پلەی یەکەم کاری گەورەیان ئەوە بوو کە تێڕوانینێکی نوێ لە بارەی سیفەتەکانی خودا گەڵاڵە بکەن و پێداگربوون کە سیفەتەکانی خودا واتای ڕاستەقینەیان هەیە نەک مەجازی و هەموو ئایەت و فەرموودە دروستەکانی پەیوەست بە سیفەتەکانی خودا بە ڕواڵەت دەسەلمێنن.

3- تەکفیر، ئه‌شعەری جەختیکردووەتەوە کە ئەهلی قیبلە بە هۆی تاوانەوە کافر ناکرێن لە چەشنی زینا و دزی و گوناهە گەورەکانی تر، هەروەها لە سەرەمەرگدا خەڵکی کردووە بە شایه‌ت لەسەر ئەوەی کەس لە ئەهلی قیبلە کافر ناکات چونکە هەموویان یەک پەرستراویان هەیە، ئەم پارێزبەندییە بۆ ئەهلی قیبلە هه‌تا ڕادەیەکی زۆر هاوتایە لەگەڵ هەڵوێستی سەلەف و شوێنکەوتوانی فەرموودە کە پێداگرن لەسەر ئەوەی لەسەر تاوان خەڵک کافر ناکەن.

4- هەڵوێست لە فەرمانڕەوا، لە لای ئه‌شعەرییەکان جێنیشینکردنی پێغەمبەر (د.خ) بۆ پاسەوانیکردنی ئایین و سیاسەتی دونیایە، دانانی ئیمامیش بە کۆڕا (الاجماع) ئه‌رك و واجبه‌، هەروه‌ك چۆن نزای خێر بۆ پێشه‌وایانی موسڵمان ده‌كه‌ن بەچاكه‌. هه‌روه‌ها شمشێریان لێڕاناکێشن.

5- قەده‌رو کردەوەی مرۆڤ، قسەکردن لەقەدەر لە کۆتاییەکانی سەردەمی هاوڵان وەک کێشە دەرکەوتوە، پاش ئەوانیش سەرجەم ئاراسە ئیسلامیەکانیش لەم بارەیه‌وە بە دوو جەمسەری سەرەکی دەرکەوتون، کە جەبرییەکان و قەدەرییەکانن، یەکەمیان مرۆڤ لە ئیرادە و ویست دادەبڕێت، دووه‌میش ئازادی پێدەدات، لەم نێوانەشدا ئه‌شعەرییەکان هەردوو دیدگاکه‌یان تێکەڵکردووە، ئه‌شعەرییەکان باوەڕیان وایە خودا زانستی تەواوی هەیە لە بارەی پێشهاتەکان بەر لە ڕودانیان بەڵام بەندەش خاوەنی کردەوە و توانایە و بەشێکی بەردەكه‌وێت.

هۆكاره‌كانی بڵاوبوونەوەی ئایینزای ئەشعەریش لە دوای سەردەمی خەلیفە مەئمون دەست پێدەکات بە تایبەت خەلیفەی عەباسی متەوەكیل گورزی گەورەی لە موعتەزیلە وەشاند و لایەنگیری خۆی بۆ ئەهلی سوننە ئاشکراکرد و کەوتە پاڵپشتیکردن لە عەقیدەکەیان، هەر لەم چوارچێوەیەشدا ڕێگا درا فەرموودەناسەکان بگەڕێنەوە بۆ بەغداد و بە هەزاران کەس لێیان کۆبێتەوە هەروەها گواستنەوەی ئەشعەری بۆ شاری بەغداد(300ك/913ز) جێهێشتنی بەسرە قۆناغێکی تری بنەڕەتیە لە دەرکەوتنی ئایینزای ئەشعەری وەک یەکێک لە تەوژمە باوەکانی پایتەخت و دواتر لە ژیاننامەی ناودارانی ئەشعەریشەوە ئەوە ئاشکرا دەبێت سەرجەمیان بە جۆرێک لە جۆره‌كان لە بەغداد دەرکەوتن و هەڵکەوتون.

دواتر نووسەر باسی پەیوەندی ناوچە کوردشینەکان و ئایینزای ئەشعەری دەکات و لە باسی یەكه‌مدا هۆکارەکانی بڵاوبوونەوەی ئەشعەری لەناو کورد دا ڕوونکردووەتەوە, كە هۆکاری یه‌كه‌م لە شافیعی بوونی کوردا  دەدۆزێتەوە.

 ناسنامەی زاڵی ئایینی ناوچە کوردنشینەکان ئایینزای شافیعی بووە، بەم هۆیەشەوە شافیعیە کوردەکان لەبەر کاریگەریان جێگەی سەرنج بوون، بە جۆرێک زانای گەورە ئیبن تەیمیە وتویەتی کورد سەرجەمیان شافیعین و بەپێی ئەو ئاماژە مێژوییانەی بەردەستن یەکەم بەریەککەوتنی ناوچە کوردنشینەکان لەگەڵ ڕێبەرانی ئایینزای ئەشعەری هەر لە ڕێگەی شەرعزانە شافیعییەکانەوە بووە. دەشێت چەند هۆکارێک دیاری بکرێت بۆ وابەستەیی شافیعیەکان بە ئایینزای ئەشعەری، لەوانەش ئینتیمای ئەشعەری، باوەڕی پێشەوای ئه‌شعەرییەکان بۆ مەزهەبی شافیعی بەتایبەت لە بابەتەکانی شەرعزانی هەر بۆیە شافیعییەکان بەڕێبەرەکانیان و حوجرە و فەقێكان و شوێنکەوتوانیشیان بوونەتە ژینگەیەکی باش بۆ بڵاوبوونەوەی ئایینزای ئەشعەری و گەشەسەندنی لە ناوچە کوردنشینەکان.

 هۆکارێکی تری بڵاوبوونەوەی ئایینزای ئەشعەری لە ناوچە کوردنشینەکان قوتابخانە نیزامیەکان بووە، نیزامولمول سیاسەتوان و  وه‌زير و پیاوانی دەولەت بووەو قوتابخانەی نیزامیەی لەبەغداد دامەزراند كە تێیدا بابەتە شەرعیەكان دەخوێندران و ئه‌م پیاوە زۆر هوگری شافيعيەكان بوەو مەرجی داناوە كەدەبیت بەشیکی ماموستاكانی نيزاميە شافيعى مه‌زهەب بن، بەهۆکاری ئەوەی ئەشعەريەكان زور زانا نەبوون لە بابه‌تە شەرعيەكان پشتیان بە ماموستایانی شافیعی بەستوە له‌لایه‌ك و زیادبوون و بڵاوبوونەوەی ئه‌م قوتابخانەیەیە کە زیاتر لە (١٠) لقى لە شارە سەرەکییەکانی ڕوژهەلاتى ئيسلامی لێبوه‌ته‌وە، له‌لایه‌کی ترپەیوەندی ڕاسته‌وخۆی ئایینزای ئه‌شعه‌ری و مه‌زهه‌بی شافیعی بوون.

هۆکارێکی تری ئه‌م بڵاوبوونەوەیە کاریگەری و کارتێکردنەکانی سۆفیگه‌رییە چونكە لە هه‌ندێك‌ قوناغ و ویستگەدا سۆفییەكان به‌لای ئەهلی که‌لامدا لارەسەنگ بوون و پەیوندی پتەوی هەندیك لە سۆفییەكان و ئەشعه‌ريیەكان لەزۆر شتدا یه‌كبووه‌.

هەروەها قووڵبوونەوه‌ی ئه‌م پەیوەندیە ده‌گه‌رێتەوە بو گه‌شه‌كردنی قوتابخانه‌ی نیزامیه‌ی بەغداد کە له‌م قوتابخانه‌یە له‌گه‌ڵ شافیعیبوون و  ئەشعەری بوون، سۆفیگەریش کراوەتە بنەما بۆ ڕەفتار و پاڵفتەکردنی لایەنی ڕۆحی.

هەروەها غەزالی و بەرهەمە بەناوبانگەکەی (احیاء علوم الدین)، لەگەڵ فەخرەدین ڕازی وەک ڕێبەرێکی ناسراوی ئەشعەری سۆفی لە تێکەڵکردنی ئەم دوو ڕێچکەیە دەستێکی باڵایان هەبوە، هەر وەکو چۆن سەڵاحەدینی ئەیوبیش ڕێچکەکانی شافیعی و ئەشعەری و سۆفیگەری لە خانەقا و قوتابخانەی سەرئارامگای شافیعیدا تێکەڵکردووە.

هۆکارێکی تری بڵاوبوونەوەی ئایینزای ئەشعەری لە ناوچە کوردنشینەکان سیاسەتی مەزهەبی زەنگیەکان بووە، لە سەردەمی دەسەڵاتی زەنگیەکان لە وڵاتی شام هەندێک سەرکردە و وەزیری باڵای کورد دەسەڵاتیان هەبوە  ڕۆڵ و کاریگەریان لەو کات دیار و بەرچاوە، بەتایبەت کەمال شەهرەزوری کە دەوترێت زەنگییەکان ئەوەندە پلەیان بەرزکردبوەوە لە دەوڵەتی ئەواندا دادوەری و حوکمڕانی دەوڵەتی بە دەستەوە بوه‌و قوتابخانەی دامەزراندوە لە موسڵ و ناوچە کوردنشینەکان کە تێیدا گرنگی تەواو دراوە بە ئایینزای ئەشعەری و سۆفیگەری و مەزهەبی شافیعی.

هەر لەم کاتەشدا، ئەیوبییەکان کە بنەماڵەیەکی کوردن و بناغەی دەوڵەت و دەسەڵاتیان داناوە گرنگییان بۆ ئایینزای شافیعی بوه‌و سەلاحەدین ئەیوبی کە دامەزرێنەری سەرەکی دەوڵەتەکەیە بەڕێبەرێکی ئایینزای شافیعی لە قەڵەمدەدرێت، چونکە ڕۆڵێکی بنەڕەتی بینیوە لە زیندووکردنەوە و بڵاوکردنەوەی ئەم ئایینزایە، هاوکات لەگەڵ ئەمەشدا لە بواری بیروباوەڕدا ئایینزای ئەشعەری کردووەتە بنەڕەت و په‌یڕەوی فەرمی دەوڵەتەکه‌. جیا لە کوردانی هاوەڵ و هاوکاری ئەییوبیەکان و ئەوانەش لە ناوچە کوردنشینەکانەوە ڕویان کردووەتە بەغداد، لە هەندێک مەڵبەند و ناوچەی کوردنشین ناوداران و شوێنکەوتوانی ئایینزای شافیعی- ئەشعەری یان خوێندکارانی ڕێبەرانی ئەم ئایینزایە ناسراونەتەوە.

هەرێمی جەزیرە هەرچەندە ناوچەیەکی دوورە دەستی پایتەختی عەباسییەکان بووە، بەڵام بە دوور نەبووە لە کاریگەربوون  بەو تەوژمە شافیعیە ئه‌شعەرییە سوننەگه‌راییه‌ی بەغداد، بە نمونە ئەبو غەنائم ئه‌لفارقی شه‌رعزانێكی گەورەی ئەم ئایینزایە بوە لە ساڵی (492 ک/ 1099 ز) هاتووەتە دیاربەکر و وەک پێشەوایەکی ئایینزاکە وانەی وتوەتەوە، هەروەها لە ناوچەی جەزیرە شەرعزان و زانای گەورەی ئایینزای شافیعی ئەشعەری دەرکەوتن و ڕۆڵیان لەم بوارەدا ڕون و دیارە وەک ئەبوبەكر ئەلشاشی و ئیبن بەرزی و سه‌یفەدین ئامەدی و موفقەدین کواشی، کە هەموو ئەمانە لە ناوچە جیاجیاکانی هەرێمی جەزیرە شەرعزانی گەورەن و وانەیان وتوەتەوە و نووسراویان لە پاش بەجێ ماوە و ڕۆڵ و کاریگەری گەورەیان هەبوە لەسەر دەرخستن و بڵاو بوونەوەی ئایینزای ئەشعەری – شافیعی.

بە هەمان شێوە لە دەوروبەری ساڵانی (459 ك/1066ز) لە شاری هەولێر و لە قەڵا قوتابخانەیەک دامەزراوە بەناوی قوتابخانەی قەڵا کە لەلایەن بنەماڵەی (عەقیل)ه‌وە دامەزراوە بە هاوکاریی پشتیوانیی میر ئەبومەنسور جێگری فەرمانڕەوای هەولێر کە خزی کوڕی عەقیلی ئەربیلی خاوەنداریەتی ئەم قوتابخانەیەی کردووە، شەرعزانێکی ناوداری ئایینزای شافیعی – ئەشعەری بووە و زۆر په‌ره‌ی بەم خوێندن و قوتابخانەیە داوە و لە پاش خۆیشی هەر بەردەوام بوە، بە گوێرەی پێدراوە مێژوییەکانیش ناوبراو یەکەم کەس بووە لە هەولێر قوتابخانەی دامەزراندبێت. هەر لەم قوتابخانەیە چەندین شەرعزانی بەناوبانگ دەرکەوتون وەک محەممەد کوڕی سەعید و ئەبول فه‌زڵی ئەربیلی.

   بە هەمان شێوە بنەماڵه‌ی (مەنعە) کە خەڵکی گوندی قازییان لە سنووری نێوان هەولێر و موسڵ  کوردن و دەگەڕێنەوە سەر یونس مەنعە، چەندین ناودارییان تێدا هەڵکەوتووە، وەک شەرعزانی شافیعی ئەشعەری کە هۆکار بوون بۆ بڵاو بوونەوە و تەشەنەکردنی ئەم ئایینزایانە، بە نموونەی عیمادەدین محەممەد فەرموودەناس کە بە شێخی ئەم ئایینزایانە ناسراوە، هەروەها شەرەفەدین مەنعە و ئەبوقاسم ئەربیلی و موفتی و مامۆستای قوتابخانەی نیزامیان لەم سنوورە کاریان کردووە و ناسراون.

جگە لە قوتابخانەی قەڵا، سێ قوتابخانەی تریش لە هەولێر دامەزراون بە ناوەکانی موجاهیدییە، ئەلڕەبیف، موزەفەرییە، کە بنەماڵەی ئیبن خەلەکانی مێژوونووس سەرپەرشتییان کردووە و بەڕێوەبەر و مامۆستا بوون تێیاندا. ناودارترین ئەم بنەماڵەیەش کە ئیبن خەلەکانی مێژوونووس یەکێک بووە لەوانەی لە قوتابخانەی شافیعی ئەشعەری قەڵا خوێندوویەتی و پاشان خۆی بووەتە مامۆستا و شەرعزانێکی گەورەی ئەم ئایینزایە لە شاری هەولێر و مووسڵیش. هەرێمی چییاش بەتایبەت بەری ڕۆژئاوەکەی، کە دیارترینی مەڵبەندەکانی نیشتەجێبوونی کوردە و لە نزیک ئەم هەرێمە لە شاری حەلوان مامۆستای ئەشعەرییەکان ئەبوو ئیسحاق شیرازی ژیاوە و بەرهەمێکی گەورەی لە بواری شەرعزانیدا هەیە و دواتر بووەتە سەرچاوەی سوودمەندبوون بۆ بۆچوونە شەرعزانییەکان. هەروەها ناودارترین کەسایەتی شەرعزانی ئەشعەری و کەلامی لەم هەرێمە ژیاوە، عەینوول قەڵات بووە کە ناوی عەمدوڵای کوڕی محەممەدە و خاوەنی زۆرێک لە بیروڕای گرنگ سەبارەت بە بابەتە شەرعییەکان و عەقیدەییەکانە و زۆر سوودی لە ئیمامی غەزالی و ئیمام ئەحمەد غەزالی برای وەرگرتووە و ئەشعەری، کەلامی و سۆفیگەری تێکەڵ کرد و لە لای خەڵک زۆر خۆشەویست بووە.

یەکێک  لە ناودارەکانی شەرعزانی ئەشعەری و نزیک لە ئەهلی سوننە و سەلەفییەکانیش لە هەرێمی چیا بەتایبەت ناوچەکانی خاکی میدیای دێرین بریتییە لە ئەبوونەجیب سوهرەوەر کاڵگری نازناوی شێخی بەغدادە، لەبەر ئەوەی ماوەیەک لە قوتابخانەی نیزامیی بەغداد بوۆ کاریگەری ئەم قوتابخانەیە بە سەرەوە دیار بوو.

بنەماڵەیەکی تر کە ڕۆڵ و کاریگەرییان لە مێژووی بڵاو بوونەی ئایینزای ئەشعەری هەبووە لە کوردستان بنەماڵەی شارەزوورییەکانە کە لە بنەڕەتدا دەگەڕێتەوە سەر ئیبن سەلاح شارەزووری شەمسەدینی شارەزووری. هەرچەندە زۆرێک لە زانایانی و هەڵگەوتووانی ئەم بنەماڵەیە لە دەرەوەی ناوچە کوردییەکان بڵاوبوونەتەوە و کاریان کردووە لە شام و میسر بە تایبەت لەگەڵ بنەماڵەی ئەیوبییەکان، بەڵام چەند کەسایەتیێکی ناودار و بەناوبانگیان لە ناوچە کوردییەکان ماونەتەوە و خەریکی کاری شەرعزانی و دادوەری و مامۆستایی بوون وەک قاسم موزەفەر شارەزووری 489ی کۆچی و 796ی زاینی کە دەرچووی نیزامی بەغدایە و لە شارەکانی هەولیر و مووسڵ و شەنگال خزمەتی کردووە و کاریگەری ئەم قوتابخانەیە بە سەرەوە دیار بوو، بەڵام کوتومت وەک خۆی هەموو ڕێگەکانی ئەم قوتابخانەی پەسەند نەکردووە و لایەنی سەلەفی و سۆفیگەری تێدا دەرکەوتووە. ئەم شەرعزانە بەناوبانگە زۆر کاریگەری گەورەی هەبووە لەسەر بڵاوبوونەوە و تەشەنەکردنی ئایینزای ئەشعەری تێکەڵ بە بیروباوەڕی سەلەف و هەندێ لایەنی سۆفیگەریش.

هەروەها (کەمالەدین شارەزوری) کە بە سەرۆکی بنەماڵەی شارەزورییەکان ناسراوه‌و هەڵگری بیروباوەڕی شەرعزانی شافیعی- ئەشعەری بوە کاری دادوەری و مامۆستایی کردووە لە بەشێک لە سنووری شاری موسڵ و چەندین قوتابخانەی دامەزراندووە، خوێندکاری زۆریان پێگەیاندوە لەسەر ڕێگەی شەرعی ئەشعەری و شافیعی و لەم ناوچانە خزمەتیان کردووه‌، هەر لە ڕێی ئەمانەوە ئایینی ئەشعەری – شافعی وەک ئایینزای زاڵ دەرکەوتوە لە شارەزور بلاوەی کردووە.

لە بەشی چواره‌م و کۆتاییدا نوسه‌ر باسی ناکۆکی و جیاوازی ئاڕاستە جیاوازەکانی تر دەکات لەگەڵ ئایینزای ئەشعەری. یەکێک لەو ئاڕاستانەی کە ماوەیەک لە مێژوودا جیاوازی و ناکۆکی هەبووە لەگەڵ ئایینزای ئەشعەری، حەنبەلیە سەلەفییەکان بوە، چونکە ئەحمەدی کوڕی حەنبەل فەرموودەناس بووه ‌و زیاتر پەیوەست بووە بە فەرموودە و دەقەکانی، لە بەرامبەردا ئەشعەری شەرعزان بووە و پشتی بە عەقڵ بەستووە بۆ تەئویل و دۆزینەوەی مانا و لێکدانەوەی دەقەکان. بەم هۆیەوە ململانێ و ناکۆکی سەری هەڵداوە لە نێوان ئەم دووئایینزایە هەندێک کات گەیشتووەتە ڕادەی کوشتن و دەربەدەرکردن بە تایبەت لە شاری بەغداد کە پێگەی سەرەکی هەردو لا بوە. هەرچەندە حەنبەلیە سەلەفییەکان و ئەشعه‌ریەکان هەردووك بەئاراسته‌ی نزیک لە یەکتری ناو بەرەی سونە ئەژمار کراون و سەردەمانێک نزیک بوونەوەی زۆر هەبووە لە نێوان، بەڵام هەندێ کاتیش بە هۆی جیاوازی بۆ لێکدانەوەی دەقەکان بە تایبەت  ناو سیفەتەکانی خودا و بابەتی پشتگیری خەلیفە، بوونەتە هۆکاری جیاوازی گەورە و گەیشتوتە تەکفیرکردن و هێرشکردنە سەر بەرامبەر.

لەم میانەشدا مێژوونووسی هەولێر ئیبن مستەوفی ئەوەی گێڕاوەتەوە کە ناکۆکی ئەشعەری و حەنبەلیەکان لە نیوەی یه‌كه‌می سەدەی (6 ک/12ز) لە ناوچە کوردییەکانی هەکاری و بادینانی ئێستا لە چوارچێوەی پەرتوکێکدا خوێندراون، ئەمەش ئاماژەی ئەوەیە کە پانتایی کوردی هاوشێوەی ناوچەکانی تری عێراق و ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوای ئیسلامی لەگەڵ ململانێ و ناکۆکییه‌كانی عەقیدەیەکانی ئەشعەری و حەنبەلی کارلێكی کردووە و پێی کاریگەر بووه‌.

هەروەها لە سەرچاوە مێژووییه‌كاندا ئاماژە به‌وەکراوە کە لە سەردەمی دەسەڵاتی ئەیووبیەکانیش ئەم ناکۆکی و ململانێیە هەبوە بە قۆناغی بەرز و نزمدا تێپەڕیوە، هەرچەندە وەک دەوڵەتی ئەیوبی زیاتر لایەنگری ئه‌شعەرییە شافعیه‌كان بوون.

 جگە لە حه‌نبه‌لییە سەلەفییەکان، شوێنکەوتوانی مەزهەبی شافیعیش کە بوونەتە دوو بەرە، یەکەمیان شافیعی ئەشعەری کە هیچ جیاوازی و ناکۆکییان لەگەڵ ئه‌شعەرییەکاندا نەبوه‌، بەرەی دوەمیان شافیعیە سەلەفیەکان کەوتونەتە جیاوازی و ململانێ لەگەڵ ئه‌شعەرییەکان و بابەتی ناو سیفەتەکانی خودا و خەلقی قورئان خاڵی گرنگی جیاوازی بیر و بۆچونەکانیان بوە. سەبارەت بەم جیاوازی و ململانێیە شاری هەولێر وەک نموونە وەربگرین کە ئه‌م شارە یه‌كێك بووە لە ڕوگەی ناودارانی ئیسلام لە سەردەمی عەباسییەکان، بەشێک لەوانەی لەم شارە گیرساونەتەوەو نیشته‌جێبوون کاری بانکخوازیان کردووە.

هەندێک لەو میوانانەی هەولێریش حەنبەلی – سەلەفی بوون و هەندێکی تریشیان عەقیدەیان تێکەڵ بوە لە ئەشعەری و سەلەفی، هەموو ئەمانە لەم شارە و دەوروبەری بانگەواز و وتاربێژ و مامۆستا و دادوەریش بوون، ئەوەی جێگەی سەرنجە کە هەولێر و ناوچە کوردنشینەکان بە گشتی نەکەوتونەتە ژێر کاریگەری ئەم جیاوازیانە تەنیا بە ڕێژەی زۆر کەم نەبێت ئایینی ئیسلام بە هەموو ئاڕاستە و ئایینزاکان لەلای کورد وەرگیراو بوە و دەكرێت بلێین تێگەیشتنی کورد بۆ ئایینی ئیسلام تێگەیشتنێکی زۆر گشتگیر و میانەڕەو بوەو هیچ کات جیاوازیەکان کاریگەری گەورەیان لە ئایین و باری کۆمەڵایەتی و ژیانی خەڵکە نەکردووە. دیارترین نموونە بۆ ئەم میانڕەویە زانای گەورە ئیبن سەلاحی شارەزوریە بە فه‌توا بەناوبانگەکەی کە حەرام کردنی فه‌لسه‌فەو لۆژیکە، دەردەکەوێت لە کێشمەكێشمی عه‌قیده‌یی نێوان بەرەکانی عەقڵ و نەقڵدا، ئیبن سەلاحی شارەزوری لەگەڵ ئەوەی پێشینە و پەیوەندی زۆری لەگەڵ ئه‌شعەرییەکان هەبوە، بەڵام لە ژێر کاریگەری فەرموودەناسیەکەی بۆچون و تێڕوانینی عەقیده‌ی لەگەڵ سەلەفییەکانیشدا بووه‌.

یەکێکی تر لەو ئاراستانه‌ی كەناکۆکی و ململانێی لەگەڵ ئاڕاستەی ئەشعەریدا هەیە بریتییە لە ئاڕاستە سەلەفیەکان، ئەوانەی سەرقاڵی کۆکردنەوەی فەرموودە یان ئەزبەرکردن و تێگه‌یشتنی  بوون بە ئەهلی حەدیس ناو دەبرێن.

بە شێوه‌یه‌کی گشتیش  له‌سه‌رجه‌م په‌یڕەوکەرانی ئایینزا شەرعیەکان زیاتر لە عه‌قیدەی سەلەفه‌وە نزیکن کە شوێنکەوتنی واتا ئاشکراکانی دەقە، چونکە وەها باوە کە ئه‌هلی حەدیس سەرجه‌م ده‌قه‌كان پاش دڵنیابوونەوە لەوەی دروستن وەک خۆیان دەسەلمێنن. ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی ئەم ئاڕاستەیە زیاتر پێداگرن لەسەر شوێنکەوتن لە (الاتباع)و لۆمەکردنی داهێنراوەکانی ئایین (البدع) هەروەها ئەوان ئیسلام  ڕاستەوخۆ لە پەیامهێنه‌وە وەردەگرن بە بێ نێوانگر.

هەرچەندە ئەم ئاڕاستەیە دژایەتی و پێچەوانەبوونی لەگەڵ ئایینزای ئەشعه‌ری هەبوە، بەڵام لە قۆناغە جیاوازەکانی مێژوودا شەرعزانی کوردی زۆرمان هەیە کە نێوەندگرن و هەردوو ئاڕاستەکەیان گەیاندووە بە یەک، بە نموونەی خزری کوڕی ئەقیری ئەربیلی و حەسەنی کوڕی عەلی یەکە عه‌قیده‌یه‌كی شافیعی ئەشعەری تێکەڵ بە ئەهلی سوننەیان هەبوە.

بەڵام لە بەرامبەر ئەمەشدا فەرمودەناسی سەلەفی ناو کورد (ئیبن سونی) 364ك/ 974 ز نەیاری ئەشعه‌ریەکان بوە ، زۆر ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ئیسلامیش گەڕاوە و گرنگی زۆری بە فەرمودە داوە و بەرهەڵستی ئەشعه‌ریەکانی کردووە. هەر لەو فەرموده‌ناسە شافیعیانه‌ی کە عەقیده‌کی سەلەفیان هەبوە لە ناوچە کوردیەکان، شەرعزان و فەرموودەناسی شافیعی عوسمانی کوڕی حەسەنە کە پوخته‌یه‌کی کۆکردۆته‌وە لە عەقیده‌ی ئەهلی سوننە لە ئایینزای شافیعی و هاوەڵانی فەرمودە و شیکردنەوەی بۆ زۆر لە بابەتە جیاوازەکان کردووە بە تێڕوانینی شافیعی تێکەڵ لەگەڵ ئەهلی سوننە، ئەوەی جێگه‌ی سەرنجە ئەم پێشەوا شافعیه‌ی ناوچە کوردییەکان خۆی بە شوێنکەوتەی ئەهلی فەرمودە و گەورە پێشەواکانی سەله‌ف زانیوە.

 یەکێکی تر لە بنکەو ڕووگە کوردیەکانی فەرماندەناسەکان کە هەندێکیان حه‌نبەلی -سەلەفی بوون لە سەدەی (7ك/، 13ز) شاری هەولێرە، هۆکاری ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی فەرمانڕه‌وای ئەم شارە موزەفەرەدین گۆگبه‌ری سەرباری گرنگی دانی زۆری بە شەرعزانە شافیعی سۆفیەکان، خانه‌ی فەرمودەشی لە شاری هەولێر دامەزراندووە، بۆ بەڕێوەبردنیشی هەندێ جار ناچار بوە پشت بە حەنبەلیەکانی بەغداد و دەرەوەی شارەکە ببەستێت، بە تایبەت لە کاری وانەبێژی و گێڕانەوەی فەرمودە، بەم شێوەیه‌ش لە هەندێک کاتدا جیاوازی و دژیەک بوون لەبیر و بۆچون و شیکردنەوەکان ڕویان داوە، بەڵام هەر وەک ئاماژەمان پێکرد لە لای کورد میانڕەویه‌كی زۆرباش لە تێگه‌یشتی ئایین هه‌یه‌و هەووە کە وای کردووە ئەم ناوكۆكی و جیاوازیانە کەمتر دەربکەون و نەبنە هۆکاری لێکترازان و دورکەوتنەوەی کۆمەڵایه‌تی و ئایینیش. به‌وپێیه‌ی عەقیدەی حەنبەلیەکان شوێنکەوتنی واتا ڕواڵەتیەکانی دەقەکانە، هەروەها دژی ئه‌ئویلكردنی سیفەتەکانی خودایە، لەسەر ئەمە نا جۆر و ناکۆک بوون لەگەڵ ئەشعه‌ر یەشافیعی مەزهەبەکان کە زیاتر گرنگی بە عەقڵ دەدەن و لێکدانەوە بۆ دەق دەکەن. بەڵام لە نێوان ئەم دوو جەمسەرە عه‌قیده‌یە سوننه‌یه‌شدا زۆرێك لە ناودارانی ناوچه ‌كوردنشینەکان په‌یڕەویان لە ئاوێته‌یه‌كی ئایینی کردووە کە هەم پابەند بووە بە نەقڵ و سۆفیگەری و کاریگەی چەمک و زاراوەکانی زانستە عەقڵیەکانیشی لەسەر بوە و لەمه‌سەلەی سیفەتەکانی خودا کە چەقی ململانێکان بوە لە پێگەیەکی نێوانگیردا بوون.

Send this to a friend