• Google Plus
  • Rss
  • Youtube
April 17, 2023

هەڵگەڕانەوە لە ئایین و سزای هەڵگەڕاوە

د. ئومێد مەلا عوسمان کوردی

بابەتی هەڵگەڕانەوە لە ئایین و سزای هەڵگەڕاوە لە ئیسلامدا یەکێکە لە بابەتە گرنگ و هەستیار و مەترسیدارەکان، کە لە ئەمڕۆدا قسەی زۆری لەسەر دەکرێت، ڕاڤە و شیکردنەوەی جیاوازی بۆ دەکرێت لە سەرجەم کایە گشتی و ڕۆشنبیری و ئایینی و ئەکادیمییەکاندا، هەرچەندە شەرعزانە موسوڵمانەکان بە جیاوازی ئاڕاستە و ڕێبازەکانیانەوە هەر لە کۆنەوە بە وردی باسیان لە هەڵگەڕانەوە لە ئایین و هۆکارەکانی و بە تاوان دانانی و سزادانی کەسی هەڵگەڕاوە و مەرجەکانی کردووە، بەڵام لە هیچ کات و سەردەمێکدا ئەوەندەی ئەمڕۆ نەبووەتە مایەی پرسیار و دەمەقاڵێ و تێ فکرین و ڕاڤەکردنی جیاواز.

لەوانەیە گرفت لەوەدا نەبێت کەسانی پسپۆڕ و شارەزا و قوڵبووەوە و لەسەرخۆو هەڵنەچوو لێکدانەوە و شیکاری هەربابەتێک بکەن، بە جیاوازی ئاڕاستەی بیرکردنەوەشیانەوە، بەڵام گەورەترین گرفت و کارەسات لەوەدایە، کەسانی سادە و تازەپێگەیشتوو نەشارەزا و هەڵچو و کاڵفام بێن قسە لەسەر بابەتە ئایینییە زۆر مەترسیدار و هەستیاریەکان بکەن، کە سەر دەکێشن بۆ تێکدانی خێزان و کۆمەڵگە و پەیوەندیە کۆمەڵایەتیەکان.

گومانی تێدا نییە تاکە سەرچاوەی بنیاتنەری شەریعەت و یاسادانان لە ئیسلامدا قورئانی پیرۆزە، دواتر فەرموودەکانی پێغەمبەر (دروودی خوای لێ بێت) دەبنە سەرچاوەی سەرەکیی ڕونکەرەوە و شیکەرەوەی قورئان، هاوکات بۆ تێگەیشتنی دروستی دەقەکانی قورئان و فەرموودە و جێبەجێکردنیان لە واقعدا، زانایان چەندین مەرجی تۆکمە و زانستییان داناوە، لە پێشترینیان شارەزابوونە بە یاسا و ڕێساکانی زمانی عەرەبی و زانستی ئوسووڵی فیقهـ و مەبەستەکانی شەریعەت و سەرجەم لایەنەکانی پەیوەست بە کات و شوێنی جێبەجێکردنی حوکمەکە.

هەر لێرەوە دەڵێین ئازادی بیرکردنەوە و سەرپشکایەتی مرۆڤەکان لە هەڵبژاردنی ئایین و بیروباوەڕ و بۆچوونەکاندا، لە بنەما سەرەکییە نەگۆڕەکانی قورئانی پیرۆزە، بە جۆرێک شایانی سڕینەوە و تەئویل و هیچ جۆرە ڕاڤەیەکی پێچەوانە نییە، خوای باڵادەست عەقڵی بەخشیوەتە مرۆڤەکان و لە ڕێگەی پێغەمبەرانیشەوە ئاگاداری کردوونەتەوە و بنچینەکانی ڕاستی و چەوتی، هەق و ناهەق، شیاو و نەشیاو، حەرام و حەڵاڵی بۆ دەستنیشان کردوون، لە هەمان کاتدا ئازادی هەڵبژاردنی داوەتە دەستیان و لە ڕۆژی دواییشدا لەسەر هەمان بنەما لێپێچینەوەیان لەگەڵدا دەکات، ئیتر هەر جۆرە سەپاندن و زۆرلێکردنێکی ڕەتکردووەتەوە، هەروەک لەم ئایەتە قورئانیانەدا وێناکراوە:

[لَآ إِكْرَاهَ فِى ٱلدِّينِ ۖ قَد تَّبَيَّنَ ٱلرُّشْدُ مِنَ ٱلْغَىِّ] (البقرة 256). [وَلَوْ شَاءَ اللَّهُ مَا أَشْرَكُوا ۗ وَمَا جَعَلْنَاكَ عَلَيْهِمْ حَفِيظًا ۖ وَمَا أَنْتَ عَلَيْهِمْ بِوَكِيلٍ] (الأنعام: 107). [وَمَا كَانَ لِنَفْسٍ أَن تُؤْمِنَ إِلَّا بِإِذْنِ ٱللَّهِ ۚ وَيَجْعَلُ ٱلرِّجْسَ عَلَى ٱلَّذِينَ لَا يَعْقِلُونَ]َ(یونس: 99 وَلَوْ شَآءَ رَبُّكَ لَجَعَلَ ٱلنَّاسَ أُمَّةًۭ وَٰحِدَةًۭ ۖ وَلَا يَزَالُونَ مُخْتَلِفِينَ] (هود: 118وَلَوْ شَآءَ لَهَدَىٰكُمْ أَجْمَعِينَ] (النحل 9). [وَلَوْ شَآءَ ٱللَّهُ لَجَعَلَكُمْ أُمَّةًۭ وَٰحِدَةًۭ وَلَـٰكِن يُضِلُّ مَن يَشَآءُ وَيَهْدِى مَن يَشَآءُ ۚ وَلَتُسْـَٔلُنَّ عَمَّا كُنتُمْ تَعْمَلُونَ] (النحل: 93] وَقُلِ ٱلْحَقُّ مِن رَّبِّكُمْ ۖ فَمَن شَآءَ فَلْيُؤْمِن وَمَن شَآءَ فَلْيَكْفُرْ] (الکهف 29 [فَإِنْ أَعْرَضُوا۟ فَمَآ أَرْسَلْنَـٰكَ عَلَيْهِمْ حَفِيظًا ۖ إِنْ عَلَيْكَ إِلَّا ٱلْبَلَـٰغُ ۗ]َ(الشوری:48). [إِنَّ هَـٰذِهِۦ تَذْكِرَةٌۭ ۖ فَمَن شَآءَ ٱتَّخَذَ إِلَىٰ رَبِّهِۦ سَبِيلًۭا] (الإنسان: 29). [لَّسْتَ عَلَيْهِم بِمُصَيْطِرٍ] (الغاشیة 22]).

ئازادی هەڵبژاردن و توانای وەرگرتن و ڕەتکردنەوەی بێ زۆرەملێی مرۆڤەکان لە ئیسلامدا، لەلایەکەوە دەرخەری ڕووی ڕاستەقینەی کەسایەتییەکانە، لەلایەکی تریشەوە سەلمێنەری شیاوی و واتاداری بنەماکانی داوا لێکردن (مبدأ التکلیف) و پاداشت و سزا (الثواب والعقاب)ی ڕۆژی دوایییە، واتە ئەگەر مرۆڤ ئازاد نەبێت لە هەڵبژاردنی ئایین و بیروباوەڕ و بۆچوونەکانیدا، خاوەنی ویست و دەربڕینی ڕاستەقینە و سەربەخۆی خۆی نەبێت، ئەو کات هیچ واتا و حیکمەتێک لە داوا لێکردنی شەرعی و پاداشت و سزای خواییدا نامێنێت.

لەگەڵ هەبوونی چەندین دەقی قورئان و سوننەت و نموونەی زیندوو لە ژیانی پێغەمبەر (دروودی خوای لێ بێت) و هاوەڵاندا لەسەر ئازادی ئایینداری و چەسپاندنی وەک بنەمایەکی نەگۆڕ، هاوکات ڕووبەڕووی هەندێک دەقی تر دەبینەوە کە گۆڕینی ئایین و هەڵگەڕانەوە لە ئیسلام، بە گەورەترین تاوان لە قەڵەم دەدات و بڕیاری سزای کوشتن بۆ کەسی هەڵگەڕاوە دەدات. ئەمەش وای کردووە جۆرەها ڕاڤە و شیکردنەوەی جیاواز و دژیەک و هەندێکجار نامۆ و دوور لە ڕۆح و جەوهەری دەقەکان و مەبەستەکانی شەریعەت و بنەما نەگۆڕەکان بێتە کایەوە و واتای ڕاست و دروستی دەقەکان بشێوێنرێت.

ئەوەی گرنگە لێرەدا بوترێت ئەوەیە لە قورئانی پیرۆزدا هیچ جۆرە سزایەکی دنیایی بۆ کەسی هەڵگەڕاوە لە ئایین بڕیار نەدراوە، بە هەمان شێوە پێغەمبەر (دروودی خوای لەسەر بێت) لە ژیانیدا سزای کەسی نەداوە بە کوشتن بە هۆی هەڵگەڕانەوەی لە ئایین، ئەوەی دەمێنێتەوە هەندێک دەقی گوفتارییە لە پێغەمبەرەوە گێڕدراوەتەوە کە هەرکەسێک ئایینی گۆڕی سزای کوشتنی بەسەردا بسەپێنن، ئەمانەش وەک دواتر ڕوونیان دەکەینەوە تایبەتن بە کەسانی شەڕکەر، نەک هەڵگەڕاوە.

دەتوانین بە گشتی ڕای زانایانی ئیسلام لەسەر حوکمی هەڵگەڕانەوە لە ئایین لە سێ ئاڕاستەدا کۆبکەینەوە، لەگەڵ خستنە ڕووی بەڵگەکانیان و دواتریش قسە لەسەرکردنیان و هەڵسەنگاندنیان و پیشاندانی ڕای بەهێز و شیاو لەگەڵ بنەما قورئانییەکان و مەبەستەکانی شەریعەت و واقع و گۆڕانکارییەکانی ئەمڕۆدا:

ئاڕاستەی یەکەم: ئەگەر کەسێکی موسوڵمان، لە ئیسلام هەڵگەڕایەوە و چووە نێو ئایینێکی ترەوە، یان بە ڕاشکاوانە بێ باوەڕیی خۆی ئاشکرا کرد، لێرەدا دوای پێدانی بەرچاو ڕۆشنی و ڕوونکردنەوە و بیانوو نەهێڵان، داوای گەڕانەوە لێکردنی بۆ ئیسلام لێدەکرێت، ئەگەر هەر سوور بوو لەسەر ڕاکەی خۆی و نەگەڕایەوە بۆ ئیسلام، ئەو کەسە بە هەڵگەڕاوە (المرتد) دادەنرێت و لەلایەن دادوەرەوە سزای کوشتنی بەسەردا جێبەجێ دەکرێت، پیاو بێت، یان ئافرەت، ئەمەش ڕای زۆرینەی زانایان بووە لە کۆن و نوێدا، هەرکام لە مەزهەبەکانی مالیکی و شافیعی و حەنبەلی و زاهیری و شیعەی زەیدی ئەم ڕایەیان پەسەند کردووە(1).

ئاڕاستەی دووەم: جیاوازی دەکرێت لە نێوان پیاو و ئافرەتی هەڵگەڕاوەدا، ئەگەر کەسی هەڵگەڕاوە لە ئیسلام پیاو بوو، سزای کوشتنی بەسەردا جێبەجێ دەکرێت لەلایەن دادوەرەوە، بەڵام ئافرەتی هەڵگەڕاوە، سزا نادرێت بە کوشتن، بەڵکو بەند دەکرێت و بەردەوام ڕوونکردنەوە و بەرچاو ڕۆشنی دەدرێتێ و داوای گەڕانەوە و پەشیمان بوونەوەی لێدەکرێت، هەرکام لە زانایانی مەزهەبی حەنەفی و شیعەی ئیمامی لەسەر ئەم ڕایەن(2).

ئاڕاستەی سێیەم:  کەسی هەڵگەڕاوە پیاو بێت، یان ئافرەت بە هیچ شێوەیەک سزای کوشتنی بەسەردا جێبەجێ ناکرێت، بەڵکو بەردەوام گفتوگۆی لەگەڵ دەکرێت، بەرچاو ڕۆشنی و ڕوونکردنەوەی دەدرێتێ و داوای گەڕانەوەی لێدەکرێت. ئەمەش ڕای هەرکام لە گەورە زانای تابعین ئیبراهیمی نەخەعی (96ک مردووە) و سوفیانی سەوریە (161ک مردووە) (3).

شوێنکەوتوانی ئاڕاستەی یەکەم کە زۆرینەن، پشت ئەستوورن بە چەندین بەڵگە لە فەرموودەکانی پێغەمبەر (دروودی خوای لێ بێت) و وتەی هاوەڵان لەسەر کوشتنی کەسی هەڵگەڕاوە لە ئیسلام پیاو بێت، یان ئافرەت، کە گرنگترینیان بریتین لەمانە:

  • پێغەمبەر (دروودی خوای لێ بێت) فەرموویەتی: “هەرکەس ئایینی گۆڕی بیکوژن”(4)وشەی (هەرکەس) گشتگیرە بۆ پیاو و ئافرەت.
  • ئیبن مەسعود دەیگێڕێتەوە کە پێغەمبەر (دروودی خوای لێ بێت) فەرموویەتی: “دروست نییە خوێنی موسوڵمانێک بڕێژرێت کە شایەتی بدات هیچ خوایەک نییە بێجگە لە (اللە) و منیش پێغەمبەری خودام، لە یەکێک لەم سێ حاڵەتەدا نەبێت: یەکەم: کەسێک بە ناهەق کەسێکی کوشتبێت، دووەم: پیاوێک ژنی هێنابێت و بەدڕەوشتی بکات، یان ژنێک شووی کردبێت بەدڕەوشتی بکات، سێیەم: کەسێک لە ئایین هەڵگەڕابێتەوە و لەکۆمەڵ جیا بووبێتەوە”(5).
  • فەرموودەی عورەینییەکان کە ئەنەس گێڕاویەتییەوە، پوختەکەی ئەمەیە: “کۆمەڵێک لە تیرەی عورەینییەکان هاتنە مەدینە موسوڵمان بوون، دواتر لە قەراغی مەدینە پەلاماری ڕانە حوشتری زەکاتیان دا و تاڵانیان کرد و شوانەکانیان کوشت و لە ئایین هەڵگەڕانەوە و هەڵهاتن، پێغەمبەر (دروودی خوای لێ بێت) چەند کەسێکی نارد بە دوایاندا و گرتنیان و هێنایانن بۆ لای، ئەویش فەرمانی دا بە کوشتنیان”(6).
  • جابری کوڕی عەبدوڵا دەڵێت: “ئافرەتێک ناوی (أم مروان) بوو لە ئیسلام هەڵگەڕایەوە، پێغەمبەر (دروودی خوای لێ بێت) فەرمانی دا ئیسلامی بۆ ڕوون بکەنەوە، ئەگەر نەگەڕایەوە بیکوژن“(7).
  • عەبدوڵای کوڕی عەباس دەگێڕێتەوە: “کوێرێک، ژنێکی کەنیزەکی هەبوو، هەمیشە جوێنی بە پێغەمبەر (دروودی خوای لێ بێت) دەدا و تانەی لێدەدا، شەوێک کوێرەکە شمشێرێکی کورت، یان دەمە پاچێکی لە سکی توند کرد و خۆی دا بەسەریدا و کوشتی، دواتر بۆ پێغەمبەریان گێڕایەوە، فەرمووی: بە شایەت بن خوێنەکەی بە فیڕۆ چوو“(8).
  • سەعیدی کوڕی عەبدولعەزیز (187ک مردووە) دەگێڕێتەوە: “خەلیفە ئەبووبەکر داوای تۆبە و گەڕانەوەی لە ئافرەتێک دەکرد بەناوی (أم قرفە) کە لە ئیسلام هەڵگەڕابووەوە، ئافرەتەکە نەگەڕایەوە، خەلیفە فەرمانیدا بیکوژن”(9).
  • ئیبن حەجەری عەسقەلانی (852ک مردووە) چەندین وتەی هاوەڵانی وەک چوار خەلیفەکە و موعازی کوڕی جەبەل و ئەبو موسای ئەشعەری و ئیبن عەبباس و هەندێکی تر دەهێنێت لەسەر کوشتنی هەڵگەڕاوە لە ئیسلام(10).

بە درێژایی مێژووی ئیسلامی ئەم ڕایە ڕای زۆرینە بووە، دەسەڵاتی سیاسی ڕۆڵی کارای گێڕاوە لە بەردەوامی و بەهێزکردنیدا، چەکێکی بەهێز بووە بەدەستیانەوە بۆ دەمکوتکردن و بێدەنگکردنی نەیارانیان، هەربۆیە کەم نین ئەوانەی بەهۆی ڕاو بۆچوونی جیاوازیانەوە حوکمی کافربوون و هەڵگەڕانەوە و دواتر کوشتنیان بەسەردا بڕاوە.

حەنەفییەکان و ئیمامییەکان کە خاوەنی ئاڕاستەی دووەمن لەگەڵ پشتبەستنیان بە هەندێک لەو بەڵگانەی ئاماژەمان پێدان، هاوکات ڕەتیدەکەنەوە، ئافرەتی هەڵگەڕاوە بکوژرێت، لەمبارەوە چەندین بەڵگەیان هێناوەتەوە:

  • ئیبن عومەر دەیگێڕێتەوە: “لە هەندێک لە شەڕەکاندا ئافرەتێک بە کوژراوی بینرا، لەوکاتەوە پێغەمبەر (دروودی خوای لێ بێت) ڕێگریی کرد لە کوشتنی ئافرەت و منداڵ لە شەڕدا”(11).
  • پێغەمبەر (دروودی خوای لێ بێت) لە شەڕێکدا ئافرەتێکی بە کوژراوی بینی، فەرمووی: “ئەمە شەڕکەر نییە بۆ کوژراوە”(13).
  • لە ئیبن عەباسەوە گێڕدراوەتەوە وتویەتی: “ئافرەتان ئەگەر لە ئیسلام هەڵگەڕانەوە ناکوژرێن”(14).

لەلایەکی ترەوە حەنەفییەکان بە بەهێزی وەڵامی بەڵگەی ئاڕاستەی یەکەم دەدەنەوە لەسەر کوشتنی ئافرەتی هەڵگەڕاوە، ئەوان پێیانوایە ئەو بەڵگانەی بە گشتگیر ئاماژە بە کوشتنی هەڵگەڕاوە دەدەن، تەنیا پیاوان دەگرنەوە، بە هۆی ئەو فەرموودانەی ڕێگری دەکەن لە کوشتنی ئافرەتان(15).

ئەو فەرموودە و گێڕدراوانەشی ئاماژە بە کوشتنی ئافرەتان دەدەن، زۆربەیان لاوازن و نابن بە بەڵگە، ئەگەر لاوازیش نەبن ئەوە تایبەتن بە ئافرەتی شەڕکەر، لەمبارەوە گەورەزانای حەنەفی، سەرەخسی (490ک مردووە) ڕوونیکردووەتەوە کە (أم مروان) ئافرەتێک بوو لەناو تیرە و هۆزەکەیدا گوێڕایەڵی بوون، شەڕی دەکرد دژی موسوڵمانان، هانی خەڵکی دەدا بۆ شەڕکردن، بە هەمان شێوە (أم قرفة)ش ئافرەتێک بوو بەشداری شەڕبوو دژی موسوڵمانان، نزیکەی سی کوڕ و نەوەی هەبوو، زۆر بە توندی هانی دەدان بۆ شەڕکردن، کەواتە ئەو دوانە لە شەڕدا کوژراون، بە هۆی هەڵگەرانەوەیانەوە نەکوژراون(16).

هەروەها سەرەخسی سەبارەت بە فەرموودەی پێشتر”ئەمە شەڕکەر نییە بۆ کوژراوە” دەڵێت: “لەم فەرموودەدا ڕوونکراوەتەوە کە هۆکاری کوشتن شەڕکردنە، ئافرەتانیش ناکوژرێن، چونکە شەڕکەر نین”(17).

دەمێنێتەوە ئاڕاستەی سێیەم کە هەر کام لە ئیبراهیمی نەخەعی و سوفیانی سەوری خاوەنی بوون، کە پێیانوابوو کەسی هەڵگەڕاوە لە ئیسلام بە هیچ شێوەیەک ناکوژرێت، بەڵکو بەردەوام بەرچاو ڕۆشنی و ڕوونکردنەوەی دەدرێتێ و داوای گەڕانەوەی لێدەکرێت.

لەگەڵ ئەوەی چەندین گەورە زانای وەک: عەبدولڕەزاقی سەنعانی (211ک مردووە) و ئیبنو حەزمی ئەندەلوسی (456ک مردووە) و ئیبن قودامەی مەقدیسی (620 ک مردووە) و ئیبن جوزەی مالکی (741ک مردووە) و ئەبو عەبدوڵای دیمەشقی شافعی (800ک مردووە) و ئیبن حەجەری عەسقەلانی و چەندانی تر ڕاشکاوانە ڕای نەخەعی و سەوریان گێڕاوەتەوە، هاوکات هەندێک زانای تر هەوڵیانداوە دەستکاری بۆچوونەکەیان بکەن بە جۆرێک لەگەڵ بۆچوونی ئاڕاستەی یەکەمدا بگونجێت، بۆیە هەندێکیان وتویانە مەبەستی نەخەعی و سەوری لە نەکوشتنی هەڵگەڕاوە، کەسێک بووە کە هیوای گەڕانەوەی لێبکرێت. نەک بە ڕەهایی(18).

بەڵام لە ڕاستیدا ڕای دروستی ئەو دوو پێشەوایە بەو جۆرە بوو کە ئاماژەمان پێدا: (نەکوشتنی هەڵگەڕاوە بە ڕەهایی و بەبێ بەستنەوەی بەهیچ حاڵەتێکەوە)، هەروەک ئەو زانایانەی ناومان هێنان لێیان گێڕاونەتەوە، سەبارەت بەو ڕایەش کە دەڵێت: (هەڵگەڕاوە تا هیوای گەڕانەوەی لێبکرێت، ناکوژرێت) ئەمە ڕای ئیمامی مالیکە، نەک نەخەعی و سەوری، هەروەک بەیهەقی (458 ک مردووە) و قازی عیاز (544ک مردووە) و کەسانی تر گێڕاویانەتەوە(19).

لە دیارترینی ئەو بەڵگانەشی شوێنکەوتوانی ئاڕاستەی سێیەم پشتیان پێبەستووە لەسەر نەکوشتنی هەڵگەڕاوە، بریتین لەمانە:

  • عەبدوڵای کوڕی عوبەید دەیگێڕێتەوە “پێغەمبەر (دروودی خوای لێ بێت) چوار جار داوای گەڕانەوەی لە نەبهان کرد“(20) کە پیاوێک بوو لە ئیسلام هەڵگەڕابووەوە.
  • ئەنەسی کوڕی مالک دەیگێڕێتەوە: “ئەبو موسای ئەشعەری، جوحەینەی درۆزن و هاوەڵەکانی کوشت کە هەڵگەڕابوونەوە لە ئیسلام، ئەنەس دەڵێت: هاتمە لای خەلیفە عومەر، پێی وتم: جوحەینە و هاوەڵانی چیان بەسەرهات؟ ئەنەس دەڵێت: سێ جار خۆم لە وەڵامەکە دزییەوە، دواتر وتم: ئەی ئەمیری بڕواداران بێجگە لە کوشتن هیچ ڕێیەکی تریان هەیە؟ خەلیفە وتی: ئەگەر بتهێنانایە بۆ لای من ئیسلامم بۆ ڕووندەکردنەوە و داوای گەڕانەوەم لێدەکردن، لە کاتی نەگەڕانەوەشیاندا بە زیندانم دەسپاردن”(21).
  • لەلایەنی ئەبوموسای ئەشعەرییەوە پیاوێک هات بۆ لای خەلیفە عومەر، خەلیفە وتی: هیچ هەواڵێکی نامۆ هەیە؟ پیاوەکە وتی: بەڵێ کەسێک لە ئیسلام هەڵگەڕابووەوە. خەلیفە وتی: چیتان لێکرد؟ پیاوەکە وتی: نزیکمان کردەوە و لە ملیمان دا. خەلیفە وتی: با سێ ڕۆژ زیندانیتان کردبایە و ڕۆژانە نانتان بدایەتێ و داوای گەڕانەوەتان لێکردایە، بەڵکو بگەڕایەتەوە یان تۆبەی بکردایە، خوایە شایەت بە، من لەوێ نەبووم و فەرمانیشم نەکردووە و ڕازیش نەبووم بەوەی پێمگەیشتووە”(22).
  • عەبدولرەزاقی سەنعانی لە مەعمەرەوە دەیگێڕێتەوە: ” کۆمەڵێک لە خەڵکی جەزیرە بۆیان گێڕامەوە، چەند کەسێکیان موسوڵمان بوون، ئەوەندەی نەبرد لە ئیسلام هەڵگەڕانەوە، مەیمونی کوڕی مەهران لە بارەیانەوە نووسی بۆ خەلیفە عومەری کوڕی عەبدولعەزیز، خەلیفە وەڵامی دایەوە: جیزیەکەیان بەسەردا بدەرەوە و وازیان لێ بهێنە”(23).

ئەوەی لێرەدا گرنگە ئەوەیە چۆن بتوانرێت جۆرێک لە هاوسەنگی و تەبایی دروست بکرێت لە نێوان ڕاڤە و ماناکردنی ئەو دەقانەی هەرکام لەو سێ ئاڕاستە پشتیان پێ بەستووە لەلایەک و بابەتی ئازادی ئایینداری و ڕادەربڕین کە وەک بنەمایەکی نەگۆڕ لە قورئانی پیرۆزدا ئاماژەی پێدراوە لە لایەکی ترەوە.

هەر لە ڕوانگەی قورئانی پیرۆزەوە دەبینین هەڵگەڕانەوە لە ئیسلام وەکو تاوانێکی عەقیدەیی وێناکراوە و خراوەتە ڕوو، پەیوەندی بە مافی مرۆڤەکانەوە نییە، واتە: مافی کەسەکانی تێدا پێشێل نەکراوە، بەڵکو مافی خودای تێدا پێشێلکراوە، بە پێچەوانەی زۆرێک لە تاوانەکانی وەک (دزی و بەدڕەوشتی و شەڕ و کوشتن و تۆقاندن) کە تێیاندا مافی مرۆڤەکان پێشێل دەکرێت، هەربۆیە قورئان بە توندی سەرزەنشتی هەڵگەڕاوان دەکات و لە سۆز و بەزەیی خۆی بێبەریان دەکات و تاوانی هەڵگەڕانەوە بە هەڵوەشێنەری ئینتیمای ئیسلامی لە قەڵەم دەدات و بڕیاری سزادان بۆ خاوەنەکەی دەدات لە ڕۆژی دواییدا، نەک لە دنیادا، هەروەک لەم ئایەتە قورئانیانەدا هاتووە:

[وَمَن يَرْتَدِدْ مِنكُمْ عَن دِينِهِۦ فَيَمُتْ وَهُوَ كَافِرٌۭ فَأُو۟لَـٰٓئِكَ حَبِطَتْ أَعْمَـٰلُهُمْ فِى ٱلدُّنْيَا وَٱلْـَٔاخِرَةِ ۖ وَأُو۟لَـٰٓئِكَ أَصْحَـٰبُ ٱلنَّارِ ۖ هُمْ فِيهَا خَـٰلِدُونَ(البقرة: 217).[ يَوْمَ تَبْيَضُّ وُجُوهٌۭ وَتَسْوَدُّ وُجُوهٌۭ ۚ فَأَمَّا ٱلَّذِينَ ٱسْوَدَّتْ وُجُوهُهُمْ أَكَفَرْتُم بَعْدَ إِيمَـٰنِكُمْ فَذُوقُوا۟ ٱلْعَذَابَ بِمَا كُنتُمْ تَكْفُرُونَ(آل عمران:106).[ إِنَّ ٱلَّذِينَ ءَامَنُوا۟ ثُمَّ كَفَرُوا۟ ثُمَّ ءَامَنُوا۟ ثُمَّ كَفَرُوا۟ ثُمَّ ٱزْدَادُوا۟ كُفْرًۭا لَّمْ يَكُنِ ٱللَّهُ لِيَغْفِرَ لَهُمْ وَلَا لِيَهْدِيَهُمْ سَبِيلًۢا(النساء:137). [مَن كَفَرَ بِٱللَّهِ مِنۢ بَعْدِ إِيمَـٰنِهِۦٓ إِلَّا مَنْ أُكْرِهَ وَقَلْبُهُۥ مُطْمَئِنٌّۢ بِٱلْإِيمَـٰنِ وَلَـٰكِن مَّن شَرَحَ بِٱلْكُفْرِ صَدْرًۭا فَعَلَيْهِمْ غَضَبٌۭ مِّنَ ٱللَّهِ وَلَهُمْ عَذَابٌ عَظِيمٌۭ (النحل:106].

بە پێی ئەم ئایەتانە بێت کە باس لە تاوانی هەڵگەڕانەوە دەکەن، قورئانی پیرۆز هیچ سزایەکی دنیایی دیاری نەکردووە بۆ کەسی هەڵگەڕاوە لە ئیسلام، هاوکات تاوانی هەڵگەڕانەوە لە خودی خۆیدا هۆکار نییە بۆ کوشتنی خاوەنەکەی، لەگەڵ ئەمەشدا ناگونجێت سوننەتی پێغەمبەر پێچەوانەی قورئانی پیرۆز حوکم بدات، یاخود بنەمایەکی قورئانی هەڵبوەشێنێتەوە، دەی کەواتە دەبێت ڕاڤە و لێکدانەوەی ئەو فەرموودانەی ئاماژە بە کوشتنی هەڵگەڕاوە دەدەن ساز و تەبا بن لەگەڵ بنەما قورئانییەکاندا.

بەهێزترین بەڵگەیەک لەسەر کوشتنی هەڵگەڕاوە کە زۆرینەی زانایان پشتیان پێ بەستووە، بریتییە لە فەرموودەی: “هەرکەس ئایینی گۆڕی بیکوژن” ئەم فەرموودەیە لە لایەنی واتا و داڕشتنی زمانەوانییەوە گشتگیرە بۆ پیاو و ئافرەتی هەڵگەڕاوە، هەروەها گشتگیرە بۆ هەڵگەڕاوەی ئاشتیخواز و هەڵگەڕاوەی شەڕخواز، ئەگەر بەم شێوە ڕەهایی و گشتگیرییە واتای فەرموودەکە مەبەست بێت، ئەوە پێچەوانەی بنەمای ئازادی بیروباوەڕ و ڕەتکردنەوەی زۆرلێکردنە، کە بنەمایەکی قورئانیی جێگیرە.

هەربۆیە چەندین فەرموودەی ترمان هەیە ڕۆشنکەرەوە و تایبەتکەری فەرموودەی ناوبراون، ڕوونیدەکەنەوە مەبەست لە هەڵگەڕاوە کە حوکمی کوشتنی بەسەردا دەچەسپێت کەسێکە لە ئیسلام هەڵگەڕابێتەوە و پەیوەندی کردبێت بە ڕیزی شەڕکەرانەوە دژی موسوڵمانان، واتە هۆکاری کوشتنی هەڵگەڕاوە، هەڵگەڕانەوەکەی نییە، بەڵکو شەڕخوازی و شەڕکردنییەتی دژی موسوڵمانان.

لەو فەرموودانەی ڕۆشنکەرەوەی فەرموودەی ناوبراون، فەرموودەکەی ئیبن مەسعودە کە پێشتر ئاماژەی پێدراوە:”دروست نییە خوێنی موسوڵمانێک بڕێژرێت کە شایەتی بدات هیچ خوایەک نییە بێجگە لە (اللە) و منیش پێغەمبەری خودام، لە یەکێک لەم سێ حاڵەتەدا نەبێت: یەکەم: کەسێک بە ناحەق کەسێکی کوشتبێت، دووەم: پیاوێک ژنی هێنابێت و بەدڕەوشتی بکات، یان ژنێک شووی کردبێت بەدڕەوشتی بکات، سێیەم: کەسێک لە ئایین هەڵگەڕابێتەوە و لە کۆمەڵ جیا بووبێتەوە”.

لەم فەرموودەدا بۆمان ڕووندەبێتەوە ئەو کەسەی دەکوژرێت کەسێکە لە ئایین هەڵگەڕابێتەوە و لە کۆمەڵ جیا بووبێتەوە، بە تەنیا هەڵگەڕانەوە هۆکاری کوشتن نییە ئەگەر جیابوونەوەی لە کۆمەڵ لەگەڵ نەبێت، مەبەستیش لە جیابوونەوە لە کۆمەڵ شەڕکردنە دژی کۆمەڵگەی موسوڵمان، هەروەک خاتوو عائیشە لە فەرموودەیەکی تردا ڕوونی دەکاتەوە، لە پێغەمبەرەوە دەیگێڕێتەوە فەرموویەتی: “دروست نییە خوێنی موسوڵمان بڕێژرێت لە یەکێک لەم سێ حاڵەتەدا نەبێت: بەدڕەوشتێکی خاوەن ژن، یان خاوەن مێرد، کەسێک بە ئەنقەست کەسێکی کوشتبێت، پیاوێک لە ئیسلام هەڵگەڕابێتەوە و دژی خودا و پێغەمبەر شەڕ بکات، ئەو کات یان دەکوژرێت، یان هەڵدەواسرێت، یان دوور دەخرێتەوە“(24).

ئیبن تەیمیە (728ک مردووە) لەسەر فەرموودەکەی عائیشە دەڵێت: “ئەو جیاکەرەوەی لەم فەرموودەدا هاتووە، هەمان ئەو باسکراوەیە لە فەرموودەکەی (ئیبن مەسعود)دا هاتووە: کەسێک لە ئایین هەڵگەڕابێتەوە و لە کۆمەڵ جیا بووبێتەوە، ئەمەش بە شەڕکردن دەبێت”(25).

هەروەها زانای فەرموودەناسی هیندی عەزیم ئابادی-یش (1329ک مردووە) پێیوایە فەرموودەکەی عائیشە ڕوونکەرەوەی فەرموودەکەی ئیبن مەسعودە(26).

لەلایەکی ترەوە فەرموودەی عورەینییەکان زیاتر بەرچاومان ڕۆشندەکاتەوە کە ئەو کەسانە بەهۆی هەڵگەرانەوەیان نەکوژران، بەڵکو ئەوان لەگەڵ هەڵگەڕانەوەیان، بە ئاشکرا شەڕیان کرد، کوشتنیان ئەنجامدا، حوشتری زەکاتیان بە تاڵان برد.

هەر لە هەمان باسدا گێڕانەوەی چیرۆکی (أم مروان) و (أم قرفة) هەردووکیان لاوازن وەک لە پەراوێزدا ڕوونکراوەتەوە، ئەگەر وادابنێین دروستیش بن، هەروەک سەرەخسی وتی: ئەو دوانە شەڕکەر بوون. بە هەمان شێوە چیرۆکی پیاوە کوێرەکەش کە ئیبن عەباس گێڕایەوە، سەنەدەکەی قسەی لەسەرە و نابێتە بەڵگەیەکی دروست.

دیسان جیاوازی کردنی حەنەفی و ئیمامییەکان لە نێوان هەڵگەڕاوەی پیاو و هەڵگەڕاوەی ئافرەتدا دەیسەلمێنێت کە هەڵگەڕانەوە لە خودی خۆیدا نابێتە هۆکاری کوشتنی خاوەنەکەی، بەڵکو هۆکاری کوشتن شەڕکردنە، ئەگەر هەڵگەڕانەوە هۆکار بوایە جیاوازی پیاو و ژن نەدەکرا (27).

بە وردبوونەوەشمان لە واقیعی سەردەمی پێغەمبەر دەبینین ئەو کەسانەی لە ئیسلام هەڵگەڕاونەتەوە، زۆربەیان پەیوەندیان کردوە بە بێ باوەڕانی قورەیشەوە و بەشداری شەڕیان کردوە دژی موسوڵمانان، ئەو کات حوکمی کوشتنیان دەرچووە.

بە پێچەوانەشەوە چەندین حاڵەتی تری هەڵگەڕانەوە لە شاری مەدینە ڕویداوە، بەڵام چونکە خاوەنەکانیان ئاشتیخواز بوون، شەڕخواز نەبوون، پێغەمبەر (دروودی خوای لێ بێت) حوکمی کوشتنی نەداون:

بوخاری و ئەوانی تریش دەیگێڕنەوە لە جابیری کوڕی عەبدوڵڵاوە: “کابرایەکی دەشتەکی بەیعەتی لەسەر ئیسلام بە پێغەمبەردا، چەند ڕۆژێک لە مەدینە مایەوە تووشی لەرز و تایەکی بەهێز بوو، دواتر هاتە لای پێغەمبەر (دروودی خوای لێ بێت)و وتی: ئەی محەممەد بەیعەتەکەم هەڵبوەشێنەرەوە، پێغەمبەر (دروودی خوای لێ بێت) ڕازی نەبوو، کابرا سێ جار داوای کرد و لە پاشان ڕۆیشت، پێغەمبەر (دروودی خوای لێ بێت) فەرمووی: مەدینە وەک ئامێری ئاگرخۆشکەر وایە، پیسی و خۆڵەمێشەکە لادەبات و پشکۆ گەشاوەکە دەهێڵێتەوە”(28).  ئیمامی نەوەوی (676ک مردووە) و ئیبن حەجەری عەسقەلانی لە قازی عیازەوە دەیگێڕنەوە، کە کابرای دەشتەکی مەبەستی لە قسەکەی پەشیمان بوونەوە و هەڵگەڕانەوە بوو لە ئیسلام، پێغەمبەریش (دروودی خوای لێ بێت) وازی لێهێنا و سزای نەدا(29).

بە هەمانشێوە لە ئەنەسی کوڕی مالیکەوە گێڕدراوەتەوە: “کابرایەکی مەسیحی موسوڵمان بوو، سورەتی بەقەرە و ئالی عیمرانی خوێند، بووە نوسەری پێغەمبەر (دروودی خوای لێ بێت)، بەڵام لە پاش ماوەیەک کابرا گەڕایەوە سەر ئایینی یەکەمجاری و دەیوت: محەممەد هیچ نازانێت بێجگە لەوەی من بۆی دەنووسم، کابرا مایەوە تا لە مەدینە مرد و بە گۆڕ سپاردرا….”(30)

کەواتە دەقی ئەم دوو فەرموودە دەیسەلمێنێت کە هەڵگەڕانەوە بەبێ شەڕکردن و چوونە نێو ڕیزی شەڕکەران نابێتە هۆی حەڵاڵکردنی خوێن، مرۆڤ ئازادە چۆن بیردەکاتەوە، هەر جۆرە زۆرلێکردنێک بۆ باوەڕهێنان بە ئیسلام بە توندی ڕەتکراوەتەوە.

نابێت ئەوەشمان لەبیر بچێت کە باوەڕهێنان هەڵقوڵاوی بیرکردنەوەی ئازاد و سەرپشکایەتی تەواو و قەناعەتی ناوەکی خودی مرۆڤە، هەر زۆرلێکردن و ئازاردان و بەکارهێنانی هێزێک بۆ باوەڕهێنان، دەبێتە هۆی دروستبوونی چینێکی دووڕوو، یان خاوەن کەسایەتی جیاواز، کە مەترسی ئەم چینە لەسەر کۆمەڵگە زۆر زیاترە لە مەترسی کەسێک ڕاشکاوانە بیروباوەڕی ئاشکرا بکات (31).

هەموو مرۆڤێک مافی خۆیەتی بیربکاتەوە، تێبفکرێت، گومانی هەبێت، باوەڕ بهێنێت، پەشیمان بێتەوە، باشتر وایە زانایانی موسوڵمان و بانگخوازان لەگەڵ ئەو جۆرە کەسانەدا بەجوانی ‌و نەرمی مامەڵە بکەن لەبەر ڕۆشنایی ئەم ئایەتە قورئانییەدا [ٱدْعُ إِلَىٰ سَبِيلِ رَبِّكَ بِٱلْحِكْمَةِ وَٱلْمَوْعِظَةِ ٱلْحَسَنَةِ ۖ وَجَـٰدِلْهُم بِٱلَّتِى هِىَ أَحْسَنُ ۚ إِنَّ رَبَّكَ هُوَ أَعْلَمُ بِمَن ضَلَّ عَن سَبِيلِهِۦ ۖ وَهُوَ أَعْلَمُ بِٱلْمُهْتَدِينَ] النحل:125.

شێخی پێشووتری ئەزهەر مەحموود شەلتوت (1963ز مردووە) دەڵێت: “لەسەر ئەم بابەتە (کوشتنی هەڵگەڕاوە) تێڕوانین دەگۆڕێت، کاتێک دەبینین زۆرێک لە زانایان پێیانوابووە تاوان و سزا حەددییەکان بە فەرموودەی ئاحاد ناچەسپێت، هاوکات کافر بوون لە خودی خۆیدا نابێتە هۆکاری حەڵاڵکردنی خوێن، بەڵکو ئەوەی دەبێتە هۆکاری حەڵاڵکردنی خوێن، بریتییە لە شەڕکردن دژی موسوڵمانان و بە زۆر لە ئیسلام گێڕانەوەیان”(32).

لەکۆتایی ئەم باسەدا گەیشتینە ئەو ئەنجامەی کە یەکێک لە بنەما بەرزەکانی ئایینی ئیسلام بریتییە لە ئازادی بیرکردنەوە و ئایینداری، مرۆڤەکان ئازادن لە بیرکردنەوە و باوەڕهێناندا، هاوکات هەڵگەڕانەوە لە ئیسلام تاوانێکی عەقیدەییە و سزاکەی هەڵگیراوە بۆ ڕۆژی دوایی، هەر بۆیە کەسی هەڵگەڕاوە لە ئیسلامدا ئەگەر کەسێکی ئاشتیخواز و دانیشتوو بێت، هیچ جۆرە سزایەک نادرێت، واتە هەڵگەڕانەوە هۆکاری کوشتن نییە، بەڵکو کاتێک کەسی هەڵگەڕاوە سزای کوشتنی بۆ دەردەچێت، کە ببێتە کەسێکی شەڕانگێز و خوێنڕێژ، بە دەست و زوبان و پارە و سامانی هەستێت بە کاری دوژمنکارانە دژی کۆمەڵگەی موسوڵمان.

هەروەها شایانی باسکردنیشە کە بابەتی کافرکردن و حوکمدان بە هەڵگەڕانەوەی کەسێک لە ئیسلام، کارێکی زۆر قورس و مەترسیدارە، زانایانی ئیسلام زۆربەیان خۆیان لێ بە دوور گرتووە، یان بە ئاگاداری و ترسەوە مامەڵەیان لەگەڵ کردووە، تا نەگەیشتبن بە یەقینی تەواو حوکمی بێ باوەڕ بوونیان بەسەر کەسدا دەرنەکردووە، زانایانی حەنەفی یاسایەکیان هەیە دەڵێت: “ئەگەر لە بابەتێکدا چەندین ڕێگە و هۆکار هەبێت بۆ کافرکردن، تەنیا یەک ڕێگە هەبێت ڕێگربێت لە کافر کردن، پێویستە موفتی کار بەو تاقە ڕێگەیە بکات” (33).

یاخود هەندێکی تریان گوتوویانە: “فەتوا نادرێت بە کافرکردنی کەسێک هەتا بتوانرێت بوارێکی دەرچوون بۆ وتەکەی بدۆزرێتەوە، یان ئەگەر لە کافرکردنیدا ڕای جیاواز هەبوو با لاوازیش بێت” (34).

زۆر مەترسیدارە لە ئەمڕۆدا دەبینین کەسانی سادە، دەمارگیر، نەشارەزا، کاڵفام و هەڵچوو دێن حوکمی کافرکردن و لە دین دەرچوونی ئەم و ئەو دەدەن، بەبێ ئەوەی هیچ بەڵگەیەکی یەکلاکەرەوەیان بەدەستەوە بێت، بۆیە پێویستە ئەم بابەتە جێبهێڵرێت بۆ کەسانی زۆر شارەزا و پسپۆڕ و لێوانلێو لە زانستەکانی شەریعەت، کەسانی لەسەرخۆ، کەسانی دوور لە هەر دەمارگیری و توندگیری و تاقمچێتیەک.

 

سەرچاوە و پەراوێز

1-بڕوانە:ابن ڕشد:بدایة المجتهد ونهایة المقتصد، دار ابن حزم، بیروت، ط1، 2003، 2/823. الشیرازی: المهذب فی فقە الإمام الشافعی، تحقیق: عادل أحمد عبد الموجود وعلی محمد معوض، دار المعرفة، بیروت، ط1، 2003، 3/411. المقدسی: العدة شرح العمدة، تحقیق: خلیل مأمون شیحا، دار المعرفة، بیروت، ط6، 2000، ص 561. ابن حزم: المحلی شرحالمجلی، تحقیق: أحمد محمد شاکر، دار إحیاء التراث العربی، بیروت، ط2، 2001، 13/58. ابن المرتضی: البحر الزخار الجامع لمذاهب علماء الأمصار، تحقیق: محمد محمد تامر، دار الکتب العلمیة، بیروت، ط1، 2001م.

2-بڕوانە:الکاسانی:بدائع الصنائع فی ترتیب الشرائع، تحقیق: محمد عدنان، دار إحیاء التراث العربی، بیروت، ط2، د.ت، 6/119. المحقق الحلی: شرائع الإسلام فی مسائل الحلال والحرام ، انتشارات استقلال، تهران، ط4، 1415هـ، 4/962.

3-بڕوانە:الصنعانی، عبد الرحمن بن همام:المصنف، تحقیق: مرکز البحوث وتقنیة المعلومات، دار التأصیل، ط2، 2013، 9/344. عیاض، القاضی: الشفا بتعریف حقوق المصطفی، المطبعة الأزهریة المصریة، القاهرة، 1327هـ، مطبوع مع شرحە نسیم الریاض للخفاجی، 4/451. الدمشقی: ڕحمة الأمة فی اختلاف الائمة، دار الکتب العلمیة، بیروت، ط1، 1995، ص 283. ابن قدامة: المغنی، تحقیق: محمد شرف الدین خطاب والسید محمد السید، دارالحدیث، القاهرة، ط1،2004، 12/93.

4-دەقی فەرموودەکە: “مَنْ بَدّل دِینَهُ فَاقتلوهُ”أخرجە البخاری فی صحیحە کتاب الجهاد والسیر، باب: لا یعذب بعذاب اللە (3017).

5-دەقی فەرموودەکە: “لا یحِلُّ دَمُ امْرئٍ مُسْلِمٍ، ێشْهَدُ أَنْ ڵا إِلهَ إِلَّا اللهُ ۆأَنِّی ڕسول اللهِ، إِلَّا بِإِحْدی ثلاثٍ: النَّفْسُ بِالنَّفْسِ، ۆالثّیِبُ الزَّانِی، والْمَارقُ مِنَ الدِّینِ التَّارکُ الْجَمَاعَةَ” أخرجە البخاری فی صحیحە کتاب الدیات، باب: قول اللە تعالی :أن النفس بالنفس… (6878) ومسلم فی صحیحە کتابکتاب القسامة والمحاربین والقصاص والدیات، باب: ما یباح بە دم المسلم(1676).

6-حدیث العرنیین أخرجە البخاری فی صحیحە فی أکثر من موضع(233،1501، 4192،6805…) ومسلم فی صحیحە کتاب القسامة والمحاربین والقصاص والدیات، باب: حکم المحاربین والمرتدین(1671).

7-دەقی فەرموودەکە: “أَنَّ امْرَأَةً ێقَال لهَا أُمُّ مَرْوانَ ارْتَدَّتْ عَنِ الْإِسْلامِ، فَأَمَرَ النَّبِیُّ أَنْ ێعْرَضَ علیهَا الْإِسْلامُ، فَإِنْ رجَعَتْ وإِلَّا قُتِلتْ” أخرجە الدار قطنی فی سننە (3189) والبیهقی فی الکبری (16866) من طریقین، قال الحافظ: إسنادهما ضعیفان، وفی أحد الإسنادین معمر بن بکار، قال العقیلی: فی حدیثە وهم، وفی الآخر، عبد اللە بن أذینة، جرحە ابن حبان وقال: لایجوز الاحتجاج بە بحال، وقال ابن عدی: منکر الحدیث، وقال الدار قطنی: متروک، ومن وجە آخر أخرجە الدار قطنی والبیهقی، بألفاظ متقاربة، عن عائشة، وهو ضعیف أیضا، لأن فی سندە محمد بن عبد الملک، قال أحمد وغیرە فیە: یضع الحدیث. انظر: الزیلعی:نصب الرایة لتخریج أحادیث الهدایة، تحقیق: أحمد شمس الدین، دار الکتب العلمیة، بیروت، ط2، 2002. 3/689. العظیم أبادی:التعلیق المغنی علی الدار قطنی، دار المحاسن، القاهرة، د.ت،1966. 3/118.

8-دەقی فەرموودەکە: ” أَنَّ أُمَّ ولدٍ لرَجل کَانَتْ تَشْتُمُ النَّبِیَّ فَکَانَ ینْهَاهَا ولا تَنْتَهِی ویزْجُرُهَا ولا تَنْزَجڕُ، فَشَتَمَتْهُ ذَاتَ ێوْمٍ فَأَخَذَ مِعْولا فوضَعَهُ فِی بَطْنِهَا، ثُمَّ اتَّکَأَ عڵێْهِ حَتّی أَنْفَذَهُ، فَقَال النَّبِیُّ: اشْهَدوا أَنَّ دَمَهَا هَدَرٌ” أخرجە أبو داود فی سننە (4361) والنسائی فی المجتبی (4070) والدار قطنی فی سننە (3169) والبیهقی فی الکبری 13375) وأوردە الحافظ ابن حجر فی بلوغ المرام (1215) وقال: ڕواتە ثقات، وأوردە الألبانی فی صحیح سنن النسائی(3794).

9-دەقی فەرموودەکە “إنَّ امْرَأَةً ێقَال لهَا أُمُّ قرفَةَ کَفَرَتْ بَعْدَ إِسْلامِهَا ، فَاسْتَتَابَهَا أَبۆ بَکْر فڵمْ تَتُبْ ، فَقَتلهَا” أخرجە أبو عبید فی الأموال(484) والدار قطنی فی سننە (3202) والبیهقی فی الکبری (16872، 16873) والمتقی الهندی فی کنز العمال(1481) وضعفە بعض العلماء لانقطاعە، لأن سعید بن عبد العزیز لم یدرک أبا بکر، لکن الحافظ قال: أخرج الدار قطنی أثر أبی بکر من وجە حسن، وقال البیهقی: ڕویناە من وجهین مرسلین. انظر: الزیلعی:المصدر السابق 3/692. العسقلانی:فتح الباری شرح صحیح البخاری، تحقیق و ترقیم: عبدالعزیز بن باز، محمد فؤاد عبد الباقی، دار الکتب العلمیة، بیروت، ط1، 2004. 13/233.

10-بڕوانە:العسقلانی : سەرچاوەی پێشوو 13/233.

11-دەقی فەرموودەکە: “..أنَّ امْرَأَةً ۆجِدَتْ فِی بَعْضِ مَغَازِی النَّبِیِّ مَقْتۆڵةً فَأَنْکَرَ ڕسول اللهِ قَتْڵ النِّسَاءِ ۆالصِّبْێانِ” أخرجە البخاری فی صحیحە کتاب الجهاد والسیر، باب: قتل الصبیان فی الحرب(3014) ومسلم فی صحیحە کتاب الجهاد والسیر، باب: تحریم قتل النساء والصبیان فی الحرب(1744).

12-بڕوانە:الموصلی: الاختیار لتعلیل المختار، تحقیق: علی عبد الحمید أبو الخیر ومحمد وهبی سلیمان، دار الخیر للطباعة و النشر، بیروت، ط1، 1988، 4/422.

13-أخرجە أبو داود فی سننە (2669) وابن ماجە فی سننە (2842) وأحمد فی مسندە (15992) وابن حبان فی صحیحە (2167) والبیهقی فی السنن الکبری(18104) وغیرهم،وأوردە الألبانی فی صحیح سنن ابن ماجە (2294) وقال محقق المسند،شعیب الأرنؤوط:صحیح لغیرە.

14-لا یقْتلنَ النِّسَاءُ إِذَا هُنَّ ارْتَدَدْنَ عَنِ الْإِسْلامِ” أخرجە ابن أبی شیبة فی المصنف (28994)والدار قطنی فی سننە (3458) والبیهقی فی الکبری (16869) وعبد الرزاق فی المصنف (18731) وأوردە الذهبی فی المهذب فی اختصار السنن الکبیر (13103) وقال: “…قال الشافعی:والذی ڕوی هذا لیس ممن یثبت أهل الحدیث حدیثە” .

15-بڕوانە:السرخسی: المبسوط ، قدم لە: خلیل محی الدین المیس، دارالفکر، بیروت، ط1،2000،10/89. الکاسانی: سەرچاوەی پێشوو 6/119.

16-بڕوانە: المبسوط 10/89.

17-المبسوط 10/90.

18-بڕوانە:الکردی، أمید عثمان: عقوبة الإعدام فی الشریعة الإسلامیة، مؤسسة الرسالة ناشرون، بیروت، ط1، 2008، ص 133.

19-بڕوانە:عیاض، القاضی: سەرچاوەی پێشوو 4/452. الکردی: سەرچاوەی پێشوو ، ص 134.

20-دەقی فەرموودەکە: “أَنَّ النَّبِیَّ اسْتَتَابَ نَبْهَانَ أَرْبَعَ مَرَّاتٍ” أخرجە عبد الرزاق فی المصنف(18699) وأبو یعلی فی مسندە (1785) والبیهقی فی الکبری(16833) وقال: “هذا منقطع، ورۆی من وجە آخر موصوڵا، ولیس بشیء”. وأوردە الهیثمی فی مجمع الزوائد وقال: “”رواە أبو یعلی، وفیە المعلی بن هلال، وقد أجمعوا علی ضعفە بالکذب”.

21-أَنَّ أَبَا موسی الْأَشْعَڕیَّ قَتل جُحیْنَةَ الْکَذَّابَ، ۆأَصْحَابَهُ، قَال أَنَسٌ: فَقَدِمْتُ علی عُمَرَ بْنِ الْخَطَّابِ فَقَال: مَا فَعل جُحێْنَةُ، ۆأَصْحَابُهُ؟ قَاڵ: فَتَغَافلت عَنْهُ – ثڵاثَ مَرَّاتٍ، فَقلت: یا أَمِیرَ الْموْمِنِینَ، وهلْ کَانَ سَبِیل إلَّا الْقَتْل؟ فَقَال عُمَرُ: لوْ أَتیت بِهِمْ لعَرَضْت علیهِمْ الْإِسْلامَ، فَإِنْ تَابوا ۆإِلَّا اسْتوْدَعْتهمْ السِّجْنَ” أخرجە عبد الرزاق فی المصنف (18696) وابن أبی شیبة فی المصنف(32737) والطحاوی فی شرح معانی الآثار(5105) والبیهقی فی الکبری (16888) وابن حزم فی المحلی 13/60 واللفظ لە، وأوردە زکریا الباکستانی فی: ما صح من آثار الصحابة4/1222.

22-أَنَّ رجلا ۆفَدَ علی عُمَرَ، فَقَال لهُ عُمَرُ: هلْ مِنْ مُغْربَةِ خَبَڕ؟ فَأَخْبَرَهُ أَنَّ رجلا کَفَرَ بَعْدَ إسْلامِهِ، فَقَال مَا فَعلتُمْ بِهِ؟ فَقَاڵ: قَرَّبْنَاهُ، ۆضَرَبْنَا عُنُقَهُ، فَقَال: هڵَّا حَبَسْتُمۆهُ ثلاثًا، ۆأَطْعَمْتُمۆهُ کڵَّ یوْمٍ رغِیفًا، وأَسْقیْتُمۆهُ؛ لعلهُ یتوبَ، اللَّهُمَّ إنِّی لمْ أَحْضُرْ، ولمْ آمُرْ، ولمْ أَرْضَ إذْ بلغَنِی” أخرجە مالک فی الموطأ بروایة أبی مصعب الزهری(1445) وأبویوسف فی الخراج، ص197. وعبدالرزاق فی المصنف (18695) والبیهقی فی الکبری (16887) وابن حزم فی المحلی 13/61 وصححە، وحسنە الألبانی فی التعلیقات الرضیة.

23-عَنْ مَعْمَڕ ، قَاڵ: ” أخبرني قوم من أهل الجزيرة أن قوما أسلموا، ثم لم يمكثوا إلا قليلا حتى ارتدوا، فكتب فيهم ميمون بن مهران إلى عمر بن عبد العزيز، فكتب إليه عمر: أن رد عليهم الجزية ودعهم. بڕوانە: عبد الرزاق : المصنف (18714).

24-دەقی فەرموودەکە “لا یحِلُّ دم امرئٍ مُسلِم یشهدُ أن لا إلە إلا اللهُ وأن محمداً رسول اللە، إلا بإحدی ثلاثٍ: رجل زَنی بعدَ إحصانٍ فإنە یرجَمُ، ورجل خرَجَ محارباً للە ورسولە فإنَّە یقتل أو یصڵبُ أو ینفی من الأرضِ، أو یقتل نفساً فیقتل بِها” أخرجە أبو داود فی سننە (4353) و النسائی فی المجتبی (4048) والطبرانی فی المعجم الأوسط(3760) والبیهقی فی الکبری(17312) وأوردە الألبانی فی صحیح سنن النسائی (3778) وفی صحیح الجامع الصغیر وزیاداتە(7642).

25-الصارم المسلول علی شاتم الرسول، تحقیق: أبو عمرو الأثری، دار ابن ڕجب، ط1، 2003، ص252.

26-بڕوانە:العظیم آبادی: سەرچاوەی پێشوو 3/81.

27-بڕوانە: السرخسی: سەرچاوەی پێشوو 10/89.

28-دەقی فەرموودەکە”أن أعرابيا بايع رسول الله ﷺ . فأصاب الأعرابي وعك بالمدينة. فأتى النبي ﷺ فقال: يا محمد ! أقلني بيعتي. فأبى رسول الله ﷺ . ثم جائه فقال: أقلني بيعتي. فأبى. ثم جاءه فقال: أقلني بيعتي .فأبى. فخرج الأعرابي. فقال رسول الله ﷺ : “إنما المدينة كالكير. تنفي خبثها وينصع طيبها”. أخرجە البخاری فی صحیحە کتاب الأحکام، باب: من بایع ثم استقال البیعة (7211) ومسلم فی صحیحە، کتاب الحج، باب: المدینة تنفی شرارها (1383).

29-بڕوانە:العسقلانی: سەرچاوەی پێشوو 5/77. النووی: شرح صحیح مسلم، تحقیق: أبو عبد الرحمن عادل بن سعد، دار ابن الهیثم،القاهرة، ط1، 2003، 5/278.

30کَانَ رجل نَصْرَانِیّا فَأَسْلمَ ۆقَرَأَ الْبَقَرَةَ ۆآل عِمْرَانَ فَکَانَ ێکْتُبُ لِلنَّبِیِّ فَعَادَ نَصْرَانِێّا فَکَانَ یقول مَا یدْری مُحَمَّدٌ إِلَّا مَا کَتَبْتُ لهُ فَأَمَاتَهُ اللهُ فَدَفَنوهُ…”أخرجە البخاری فی صحیحە، کتاب المناقب، باب: علامات النبوة فی الإسلام (3617)، ومسلم فی صحیحە، کتاب صفات المنافقین وأحکامهم (2781).

31-بڕوانە:الزلمی، د. مصطفی: التبیان لرفع غموض النسخ فی القرآن، مکتب التفسیر، أربیل، ط1، 2000، ص171.

32-الإسلام عقیدة وشریعة، دار الشروق، القاهرة، ط 18، 2001، ص 281.

33-بڕوانە:ابن عابدین: ڕد المحتار علی الدر المختار، شرح تنویر الأبصار، تحقیق: عادل أحمد عبد الموجود وعلی محمد معوض، دار الکتب العلمیة ، بیروت، ط2،- 2003، 6/358.

34-هەمان سەرچاوەی پێشوو /358.

وەرزنامەی ئایینناسی ژمارە (2) نیسانی (2023) ساڵی یەكەم

Send this to a friend