• Google Plus
  • Rss
  • Youtube
October 8, 2022

ئەحمەدی موفتیزادە, یار یان نەیاری هێزی پێشمەرگەی مسوڵمانی كورددا (1979-1980)

توێژەر: سەروەت عەبدوڵڵا

بۆ بینینی بابه‌ته‌كه به‌ PDF‌ كلیك له‌م به‌سته‌ره‌ بكه‌:-  ژمارە (5)ی تشرینی یەكەمی 2022ی وه‌رزنامه‌ی ئێرانناسی

بەرایی

ستراتیجی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی كوردستان، پێكهاتەی كۆمەڵایەتی، باری ئابووریی، ڕۆشنبیریی و سیاسی ئەو هۆكارانەن وادەكات بارودۆخی ڕۆژهەڵاتی كوردستان لە ماوەی شۆڕشی گەلانی ئێراندا (1979) لەچاو ناوچەكانی دیكەیدا زۆر جیاوازبێت، بەجۆرێك لەكۆتایدا بگاتە ئەوەی دۆست و هاوخەباتی دوێنێ ببێتە دوژمنی سەرسەختی ئەمڕۆ و بەرهەمی شیرینی شۆڕش ببێتە هۆكاری جەنگی خوێناوی لە نێوان هێزە كوردییەكان. پاش ڕووخانی ڕژێمی شاه لە 1979 ئەوەندەی پێناچێت شەڕ دەكەوێتە نێوان هێزە كوردییەكان و سوپای پاسداران و هێزەكانی پارێزگاری كردن لە شۆڕش. هەڵكەوتەی ناوچەكە دەبێتە هۆی ئەوەی ڕۆژهەڵاتی كوردستان ببێتە مۆڵگە و حەشارگەی زۆرێك لە نەیارانی حكومەتی دوای شۆڕش، بواری ئابووری و كۆمەڵایەتی ڕێگە خۆشكەر دەبێت بۆ زۆرێك دەستبەرن بۆ پشێوی نانەوە و یەكلایكردنەوەی كێشە لەمێژینەكانیان لەگەڵ نەیارانیان، بۆنمونە كوشتنی (عەبە حەبیب) لە پێكدادانەكەی (بیانی تەواونەكراوی ساواك) لە مەریوان لە (19/07/1979) و كوژرانی 12 ئەندامی مەكتەب قورئان جۆرێك بووە لە تۆڵە و كۆنەقین “بەرپرسی چەكدارەكان (عەبە حەبیب) ڕووی دەمیكردە فەرمانداری نیزامی یەكێتی جوتیاران و ڕایگەیاند: ئەوا من خۆم دەدەم بەدەستەوە، بەڵام بە مەرجێك ڕادەستی نامەردم نەكەیت، پاش خۆ بەدەستەوەدان ئاژەڵێكی سروشت دڕندە تەقەی لێكرد و كوشتی … زۆرینەی دانیشتوانی ئەوسای مەریوان ئاگاداربوون عەبە حەبیب كەوتە بەر پەلاماری ئاگری تۆڵەی، كە ویستبووی كێشەی سەردەمی منداڵی و مێرمنداڵی خۆی و عەبە حەبیب بەوشێوە قێزەونە تۆڵە بكاتەوە”1. لەبەرئەوەی كۆمەڵگەی كوردی بەدرێژای دەسەڵاتی شاهنشاهی نەیتوانیوە ئازادانە بەشداری چالاكییە سیاسییەكان بكات و لە كەشوهەوایەكی دیموكراسیدا برەو بە تێگەیشتنە سیاسی و ڕۆشنبیرییەكانی خۆی بدات، بۆیە دەبینیت كاتێك شۆڕش دەستپێدەكات هەمووان لەهەوڵی ئەوەدان گرووپ و حیزبێك دروست بكەن و لەژێر ناوێكدا كار بۆ وەرگرتنەوەی مافەكانی بكەن! ئەم زەمینەیە دەبێتە هۆكاری دەركەوتنی کۆمەڵێک حیزبی بێ ئامانج و بێ پەروا “ساڵی (1979) دەیان حیزب، ڕێكخرا، دەستەو تاقم لە كوردستانی ڕۆژهەڵات خۆیان ناساند … پلاكاردێكی بە شەقڵەیەكەوە كردبوو، دروشمێكی لێ نووسیبوو یان دێوەجامەیەكی هەڵدابوو. هێندەی بڵێیت یەك و دوو ڕەچەڵەکی حیزب و ڕێكخراوەكان بەری ئاسمانی گرتبوو”2. دواجار نەبوونی هۆشیاری سیاسی و یەكڕیزی حیزب و ئەجێندایەكی یەكگرتوو لەلایەك و دەركەوتنی ئەم هەموو هێزە سیاسییە چەك بەدەستە لەلایەكی دیكەوە دۆخەكەی بۆ پێكدادانی بەرژەوەندی هێزی چەكدارەكان سازاند. بۆ نموونە لە شاری مەریوان هەڵكوتانە سەر لایەنگرانی مەكتەب قورئان دەرفەتی ئەوە دەدات بە دەست حكومەتی شۆڕشییەوە هێز بجوڵێنێت بەرەو ناوچە كوردییەكان و مەریوان. “لە ئێوارەی (20/07 تاوەكو 11/08/1979)، زۆرینەی ئەندامانی (بارەگای بەرگریی لە ئازادی شۆڕش) بەبێ جیاوازی گرووپ و ڕێكخراوەی بەشدار بوون لە داكۆكیردن لە شاری مەریوان، بەڵام بەشدارییەك بوو بەبێ ئامانج و بەرنامە و ستراتیژییەكی دیاریكراو، هەركەس بە گوێرەی بیرو بۆچوونی تاكە كەسی خۆی لە كوورەخانەكەی موسەوی تاوەكو جەنگەڵبانی پاڵیدابوو بە دیوارێك یان بن بەردێكەوە و سەنگەری لێدابوو”3. لەسەروو هەموو ئەمانەشەوە ئەو زەمینەسازییەی بۆ پێكدانانی هێزە كوردییەكان هاتۆتە ئاراوە دەستكراوەی زیاتر دەدات بەو گرووپەی كە بڕاوان وایە كێشە و قەیرانەكانی كوردستان دەبێت لە ڕێگەی هێزەوە چارەسەر بكرێت ئەویش بە پاڵپشتی خودی كوردەكان، واتە فارس نەكرێتە قوربانی بۆ ئارامكردنەوەی ناوچە كوردییەكان.

لەم توێژینەوەیەدا هەوڵدەدەین خاوەندارێتی هێزێك ڕوون بكەینەوە، كە دەبێتە ڕێگە نیشاندەری سوپای پاسداران بۆ هاتنە ناو شارە كوردییەكانەوە بەئاسانترین ڕێگە، هێزێكی چەپەكان ئەحمەدی موفتی زادە وەك سەركردەیەكی ئایینی-نەتەوەی بەدامەزرێنەری دەزانن و خۆشی بەدرۆی دەخاتەوە، بەجۆرێكی دیكە ئێرانییەكان لەژێر ناوی موفتی زادەدا هەوڵدەدەن گەنجانی كوردی بۆ ناونووس بكەن، ئەو هێزەش (پێشمەرگەی مسوڵمانی كورد)ە.

تێڕوانینی دەسەڵات بۆ چارەسەری قەیرانی ئاسایشی

 شارەكانی ڕۆژهەڵاتی كوردستان 1979

ئاڵۆزیی شارە كوردییەكان لە ڕۆژانی شۆڕش و دواتردا بەجۆرێك دەبێت، كۆنتڕۆڵ لەدەستی هێزێكی تایبەتدا نامێنێـەوەو دەسەڵاتی ناوەند بەتەواوەتی لاواز دەبێت. لە بانە و مهاباد حیزبی دیموكرات كۆنتڕۆڵ دەگرێتە دەست، لە سنە و مەریوان دەوروبەری كۆمەڵە دەیەوێت بەهەر جۆرێك بووە (پادگان) كۆنتڕۆڵ بكات، بۆیە تاران لەڕێگەی ناردنی لیژنەكانییەوە دەیەوێت بگاتە چارەسەرێك و ئارامی بگەڕێنێتەوە بۆ ناوچەكە4، ئەویش لەبەرئەوەی هاوسنوور بوون لەگەڵ عێراقدا هەمیشە جۆرێك لەمەترسی بووە بۆیان. ئێمە بۆئەوەی زیاتر لەبەرنامەی تاران تێبگەین، گرنگە دیدگاكانی ئەوان بزانین بۆ چارەسەركردنی قەیرانی ئاسایشی ڕۆژهەڵاتی كوردستان، لێرەدا بەگشتی چوار تێڕوانین جێگەی قسە لەسەركردنن:

١ . چارەسەری قەیرانەكان لە ڕێگەی دانوسان و لێكتێگەیشتنەوە: ئەم كۆمەڵە بڕوایان وا بووە دەسەڵاتی ناوەند دەبێت لە ڕێگەی ناردنی لیژنە و دانیشتن لەگەڵ نوێنەرایەتی كورد و سەركردایەتی سیاسی ئەوكاتەی ڕۆژهەڵاتی كوردستان دانیشتنی بەردەوام ئەنجام بدرێت بۆ لێكتێگەیشتن و گەیشتن بە ڕێكەوتن، بڕوای بە چارسەری ئاشتیانە هەبوو، هیچ پێویست بە بەكارهێنانی هێز ناكات.

٢ . ئەم تێڕوانینە لە گۆشەنیكای ڕووداو و جیاوازییەكانی دوژمنانی شۆڕشەوە سەیری كێشەكانی كوردستانی دەكرد، بۆیە هەر ئارامگرت و چاوەڕێكردنێكی بەواتای لەدەستدانی كوردستان و مەترسی بۆسەر ئێران دەبینی. تەنها چارەسەری لەبەشداری پێكردن و هاوكاریكردنی خەڵكیدا دەبینی. بوونی سوپای پاسداران و هێز تەنها ئامادەییەكی سەربازیی و ئاسایشیی نییە لە ناوچەكەدا، بەڵكو بوونێكی گرنگە بەتایبەت ئەوكاتەی خەڵكی ناوچەكە بەشداری دەكەن و دەبن بە بەشێك لەو هێزە سەربازییە، واتە بوونێكی کولتووری تێكەڵ بە بابەتەكە دەبێت و بەمشێوەیەش دەكرێت ئارامی بۆ ناوچەكە بگەڕێتەوە!”محەمەد بروجەردی یەكێك لە سەركردە سەربازییە ناسراوەكانی كوردستان بڕوای وابوو، كە بەبێ پەیوەستبوونی خەڵكی كورد بە بوارە ئاسایشییەكە و وەرگرتنی بەرپرسیارێتی ئاسایشی ناتوانرێت لەم ناوچەیەدا كاربكرێت”5. واتە بە بڕوای بروجەردی كۆماری ئیسلامیی ئەگەر دەیەوێت كێشە و پشێوییەكان چارەسەربكات، دەبێت كاربكات خەڵكی كوردستان خۆیان بێنە پێشەوەو ئەرك و بەرپرسیارتی وەربگرن و هاوكاری بكەن. بەپێی سەرچاوە فارسییەكان دواجار هەر ئەم دیدگایە دەبێت بەهۆی دروستكردنی هێزی پێشمەرگەی مسوڵمان. دروستكردنی هێز لەخۆیان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی خۆیان! لەهەمانكاتدا دەوڵەت لە بورارەكانی ئابووریی، کولتووری و كۆمەڵایەتیدا داواكری و پێداویستییەكانی خەڵكی دابین بكات.

٣ . هەرچی دیگای سێیەم هەیە بڕوای تەواوەتی وابووە، چارەسەری قەیرانەكانی كوردستان تەنها لەڕێگەی  كولتوورییەوە دەكرێت و هیچ جێگەیەكی بۆ بەكارهێنانی هێز نەهێشتبوویەوە. بڕوای وابوو دەبێت زەمینە لە بوارە كولتوورییەكاندا بسازێنرێت بۆ ئەو لایەنانەی لەم بوارەدا كاردەكەن و چارەسەری كێشەكان لەڕێگەی سەندیكا و ڕێكخراوەكانەوە بدۆزنەوە. دەتوانین بڵێن مەكتەب قورئان و ئەحمەدی موفتی زادە یەكێك بوون لە سەرسەخترین لایەنگرانی ئەم دیدگایە6، بەڵام خۆیان دواجار دەبنە قوربانی دەستی ئەو لایەنانەی بڕوایان بە هێز هەبوو لەچارەسەركردنی كێشەكاندا. نەبی الله ڕۆحی دەڵێت “لە ئەنجامدا شوێن كەوتووانی ئەم دیدگایە لە ناوچەكەدا بوونە قوربانی توندوتیژییەكانی هێزە شۆڕشییەكان”7. واتە لەبەرئەوەی چەك هەڵناگرن بەئاسانی هێزە چەكدارەكان توانیوایە ڕووبەڕوویان ببنەوە.

٤ . بە بووچوونی ئەم كۆمەڵە تەنها چارەسەر ڕووبەڕووبوونەوەی چەكداریی و سەركوتكردنی هێزە ناڕازییەكان و دەرپەڕندنیانە لە ناوچەكە. ئەمانە ئەو كەسانەبوون كە لە ڕابردووشدا وەك فەرماندەی سەربازیی كاریان كردبوو، هیچ جیاوازییەكیان لە نێوان شۆڕشگێران و كۆبوونەوەی خەڵكی ئاساییدا نەدەكرد و بڕوایان وابوو هەمووان دەبێت بە توندترین شێوە سەركوت بكرێت. جا وەك دەردەكەوێت دواجار ئەم بۆچوونە بۆ چارەسەری كێشەكان قسەی كۆتای خۆی دەكات و لەڕێگەی هێز و سەركوتكردنی هەر جووڵانەوەیەكەوە ناوچە كوردییەكان كۆنترۆڵ دەكاتەوە و جێگەیەك بۆ خەباتی مەدەنی نامێنێتەوە8.

لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا دەكرێت دیدگا و تێڕاونینی كورد و سەركردایەتی كورد و چارەسەری كێشەكانی ناوچەكە لەلایەن دەسەڵاتی ناوەندەوە بۆ دوو دیدگا دابەش بكرێت. دیدگایەكیان هەر لەسەرەتاوە تاوەكو كۆتای چارەسەری فارسەكانی بە جۆرێك لە كات كڕین و دەرفەت قۆستەوە لەلایەن حكومەتەوە بۆ خۆ بەهێزكردنەوە تەماشاكردووە. هیچ بڕوایەكی بە تاران نەبووە بۆ چارەسەری كێشەكان. لایەنگرانی ئەم دیدگایەش بریتیبوون لە هێزە چەكدارەكانی وەك حیزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران و كۆمەڵە. دەكرێت هۆكاری سەرەكی ئەم بڕوا نەبوونەش بە دەسەڵاتی نوێی و ڕابەری شۆڕشەكە لەوە سەرچاوەی گرتبێت: ئەم دوو هێزە لەڕووی مێژووی کولتووری سیاسی ئێران و مامەڵەكانی ناوەند لەگەڵ كورددا هەرگیز ئاشتییانە نەبووە، چونكە ناوەند بڕوایان بە شتێك نەبووە بەناوی كێشەی كورد و مافەكانی كوردەوە. هێزێكی وەك دیموكرات لە سەردەمی پێشەوا قازی محەمەدەوە بۆی دەركەوتووە هەركات ناوەند بەهێزبوو یەكەم كاری بریتیی دەبێت لە سەركوتكردنی كوردە سیاسی و ناڕازییەكان، بۆیە بەهەمان دیدگاوە لە شۆڕش و كۆمارە نوێكەی ڕوانیوە و بڕوایان وابووە، هەركات دەسەڵاتی ناوەند هێزی بۆ بگەڕێتەوە و جێگیر ببێت ڕێگە بە هێزی كوردی نادات لەناوچەكەدا ئامادە ببن، لەبەرئەمە هەر لەسەرتاوە كاریان بۆ خۆ باڵادەستكردن و دەركردن و لاوازكردنی دەسەڵاتی تاران كرد لە ڕۆژهەڵاتی كوردستاندا. هۆكارێكی دیكە ئەوەیە ئەم هێزە نوێیە شۆڕشگێڕە بە سەركردایەتی ئایەتوڵڵا خومەینی، هێزێكی مەزهەبییە و لەبەرامبەردا ئەمان هێزێكی دیموكرات یان كۆمۆنیستین و هیچ كات ڕێگەیان نادەن لەسەر مێزی گفتوگۆ دانیشن و لەئایندەدا چالاكی سیاسی ئەنجام بدەن9. هەروەها گوتار و دیگای حكومەتە شیعییەكەی خومەینی هیچ ڕوون نەبووە بۆ سەركردایەتی سیاسی كورد و نەیانتوانیوە بە ڕوونی گفتی چارەسەری كێشەكانیان لێوەربگرن10.جگە لەوەی كۆمەڵێك چەمك و ئاماژەی سیاسیی هەبووە سەركرایەتی كورد پێداگری لەسەر كردووە، بەڵام لە فەرهەنگی تاراندا هیچ پێگەیەك بۆ ئەم چەمكانە بوونی نەبووە، وەك ئەوەی حیزبی دیموكرات داوای دیموكراتی دەكات بۆ ئێران و خودموختاری بۆ كوردستان، بەڵام دیموكراتی و خودموختاری دوو چەمكن لە (قوم) هیچ پێگە و قورساییەكیان نییە و بە چەمكە ڕۆژئاوای و فەرهەنگییەكان باسیان دەكەن11. ئەمە بەو واتایە نییە هێزێكی وەك دیموكرات هەر لە سەرەتاوە وەك بڕوای بە جەنگ و ڕووبەڕووبوونەوە هەبوو، ئەوەتا خودی ئەبولحەسەن بەنی صەدر لە كتێبی (خیانت بە امید) بە ڕوونی باسی ئەوە دەكات كە لە ڕۆژەكانی دەستنیشانكردنی وەك (سەرۆككۆماری ئێران) نوێنەری دكتۆر قاسملۆ دەچێت بۆلای و گفتی ئەوە دەدات: ئەوان وەك حیزبی دیموكرات بڕوایان بە هێز و شەڕ نییە بۆ چارەسەری كێشەكانی كوردستان12، بەڵام دۆخەكە جۆرێك لەكۆنترۆڵ دەرچووە بەڵێن و پەیمانەكان ناتوانن تاسەربن! هۆكارێكی دیكە وادەكات كورد بڕوا بە تاران نەكات ئەوەیە، حكومەتە نوێكە مەزهەبی عەیارە و جگە لە تێگەیشتن و تێڕوانینی مەزهەبی هیچ شتێكی دیكە نابینێت، لەولاشەوە هێزێكی وەك كۆمەڵە و دیموكرات تێڕوانینێكی چەپی ماركسی ڕادیكاڵیان هەیە، كە زۆرجار تەنانەت زمانی گفتوگۆ و نوسین و لێدوانەكانیشیان كێشەی دروستكردوون بۆ نموونە شێخ عیزەدین لە لێدوانێكی ڕۆژنامەوانیدا بۆ ڕۆژنامەی (اطلاعات) كە لە ژمارەی ڕۆژی (15/3/1979)دا لە لاپەڕە 10 بڵاوكراوەتەوە بە ڕوونی داوا دەكات كە ئابووریی ئێران لە ڕووی سیستەمەوە بگۆڕێت بۆ سیستەمێكی ئابووری سۆشیالیستی، هەر لەهەمان لێدواندایە ڕایدەگەیەنێت لەگەڵ كۆمۆنیستەكانی ئێراندان و لەناو ئێراندا چاكی دەكەن، هەروەها وتی “ئەگەر جوبرەئیل لە ئاسمانەوە بێت و یاساگەلێك بهێنێت كە خودموختاری كوردستانی تێدا نەبێت، ئێمە ئەوە قبووڵناكەین”13. بۆیە ئەمان ناتوانن بڕوا بەوە بكەن لە ئایندەدا دەتوانن لەگەڵ هێزێكی مەزهەبیدا بەگفتوگۆ چارەسەر بدۆزنەوە. لەبەرامبەردا دیگای دووەم لەناو كوردەكاندا لەسەرەتاوە بڕوای بەوە هەیە كە دەكرێت لەڕێگەی ڕێكەوتنامە و دانیشتنی سیاسیەوە لەگەڵ تاران بگەنە ڕێكەوتن و تەنها چارەسەر بدۆزنەوە، كە ئەمەش دیدگای هێزە ئیسلامییە سوننیەكەیە كە ئەحمەدی موفتی زادە نوێنەرایەتی دەكات، لەگەڵ ئەوەی تا كۆتای بەرگری لە بۆچوونەكەی دەكات، بەڵام لەدوای تێپەڕینی چەند مانگێك بەسەر شۆڕشدا دەگەنە ئەو بڕوایەیی دەسەڵاتی قوم ئەوەندەی دیدگایەكی پیلانگێڕی و كێشە نانەوەی بەسەردا زاڵە بڕوای بە زمانی گفتوگۆ نییە بۆ چارەسە14، بۆیە لەو تێگەیشتنەیان بۆ حكومەتی ناوەندی پەشیمان دەبنەوە، تادەگاتە ئەوەی بڕیاری بڕینی هەموو هاوكاریی و هەماهەنگییەك دەدەن لەگەڵ حكومەت و كاربەدەستان و سیاسییەكاندا15.

هەوڵە لەپێشینەكان بۆ ڕوونەدانی جەنگ

ئەوەی زیاتر دەتوانێت تێگەیشتنی موفتی زادە و پەیوەندی بە هێزی پێشمەرگەی مسوڵمان لەلایەك و هێزە چەكدارە كوردەكانی دیكە لەلایەكی دیكە ڕوونتر بكاتەوە بریتییە لەهەوڵەكانی لەگەڵ هێزە سیاسییەكان بەتایبەت كۆمەڵە بۆ ڕێگری لە پێكدادانی سەربازیی. لەڕاستیدا پەیوەندی موفتی زادە و هێزە چەپەكان باسێكە بەدرێژای دەركەوتنی لە كایە ڕۆشنبیری و سیاسییەكاندا ئامادەیی هەیە و بەجۆرێك لە جۆرەكان هەمیشە لە كێشەدا بوون لەگەڵ یەكتردا، بەڵام بە سەرهەڵدانی شۆڕش دەچێتە قۆناغێكی مەترسیدارەوە، بەتایبەت ئەو كاتەی هەوڵی تیرۆركردن و ڕشتنی خوێن دەكەوێتە نێوانیانەوە. موفتی زادە لە كتێبی دەربارەی كوردستاندا باس لە هەوڵە بێ ئاكامەكانی دەكات بۆ نزیكردنەوە و دروستكردنی كۆدەنگییەك لە نێوان لایەنە سیاسییە كوردییەكاندا. هەر لەسەرەتای شۆڕشەوە موفتی زادە بە سەفەرێكی تایبەت و بە مەبەستی بینین و كۆبوونەوە لەگەڵ سەرانی چەپ و لایەنە سیاسییەكاندا دەچێتە سەقز، و لەماڵی مەلا عەبدوڵڵای ئیمامی مزگەوتی گەورەی سەقز كۆدەبنەوە، لەو كۆبوونەوەیەدا و دوای گفتوگۆیەكی چەند كاتژمێری دەگەنە ئەوەی ڕێكەوتنامەیەكی سێ ماددەیی واژۆ بكەن، بەڵام دواتر و لە غیابی موفتی زادەدا (كۆمەڵە و شێخ عیزەدین) تەواوی ئەو ڕێكەوتنامەیە هەڵدەوەشێننەوە، ئەمە لەكاتێكدا ئەوان بە پێچەوانەوە موفتی زادە بە بەرپرسیار دەزانن، كە بووە هۆی “ڕوودانی ڕووداوی موسیبەتباری كۆتایی مانگی ئەسفەندی 1357 (مانگی دووی 1979)، كە نزیكەی 500 مرۆڤی بێ تاوان لەو ڕووداوەدا كوژران”16. لەهەوڵی دووەمدا بۆئەوەی شەڕی ناوخۆ دروست نەبێت ئەحمەدی موفتی زادە لە هاوینی ساڵی 1358 (هاوینی 1980)دا دەچێتە گوندی (بغدە كندی) و لەوێ لەگەڵ سەركردایەتی كۆمەڵە و دیموكراتدا كۆدەبێتەوە: لە كۆمەڵە: شێخ عیزەدین حوسەینی و براكەی جەلال حوسەینی، لە برادەرانی حیزبی دیموكراتیش محەمەد خەرازی ئامادە دەبن. دوای باسێكی چەند كاتژمێریی، موفتی زادە دەرباری بارودۆخی كوردستان (سنە) و ئەو مەترسیانەی ڕووبەڕووی بوونەتەوە و بەچارەسەر نەكردنی ئەگەری هەیە لەئایندەدا چی ڕووبدات، باس دەكات و ڕوونكردنەوە دەدات، دەرئەنجامی ئەم دانیشتنەش بەهەمان شێوە دەركردنی ڕێكەوتنامەیەك بووە، “كاسێتە تۆماركراوەكانی ئەم دانیشتنەش لەلایەن جەلال حوسەینییەوە دەستی بەسەرداگیرا، دەقی ڕێكەوتنامەكەش كە واژۆ كرا، بڕیاربوو لەلایەن (محەمەد خەرازی)ەوە بڵاوبكرێتەوە، بەڵام ئەو ئەم كارەی هەرگیز ئەنجام نەدا”17. دواتر بڕیاردەدرێت لە (مانگی چواری 1979) لە شاری كرماشان بۆ نزیكبوونەوەی هەموو لایەنە سیاسییەكان كۆبوونەوەیەك گرێ بدرێت، بەڵام سەرانی گرووپە سیاسییەكانی ناوچەكە بە هاوڕێیەتی شێخ عیزەدین لەبری ئەوەی بێنە كرماشان، بەپێی بەرنامەیەكی یونسی (پارێزگاری كاتی كوردستان–سنە-) ڕۆیشتن بۆ چاوپێكەوتنی ئیمام و دەسەڵاتدارەكانی ناو حكومەت! دەتوانین بڵێین كۆتا هەوڵی موفتی زادە بۆ نزیكردنەوەی سیاسییەكانی كوردی ڕۆژهەڵات بریتی دەبێت لە بانگهێشتكردندیان بۆ بەستنی كۆنفرانسێك كە دواتر بەناوی (كۆنفرانسی خودموختاری)ەوە ناوی دەركردن، بەڵام دواتر كۆمەڵە و شێخ عیزەدین بەشداری ناكەن و هەر نەتوانرا ئەو كۆدەنگییە دروستبكرێت! ئەمە ئەو سێ هەوڵە شێلگیرانەی موفتی زادەیە بۆئەوەی كوردەكان بكاتە خاوەنی یەك پاكێجی و كۆدەنگی، بەڵام وەك دەردەكەوێت دواجار هێزە سیاسییە چەك بەدەستەكان بەرنامە و ئەجێندای دیكەیان دەبێت. مامۆستا محەمەدی ئیمامی لەم بارەیەوە دەڵێت “خەڵكی ئێران بەتایبەت گەلی كوردستان وایان بیردەكردەوە كە دەبێت هەموو یەك دەنگ و یەك ڕەنگ بن، بەڵام ڕێكخراوە چەپەكان بەداخەوە خۆیان لەخەڵك جیادەكردەوە. هەرچەندە لە ڕواڵەتدا بەنێوی خەڵكەوە خۆیان نیشان دەدا، بەڵام زۆربەی خەڵكیان بە كۆنەپەرست و دواكەوتوو دادەنا. بەتایبەت ئەگەر كەسێك لەسەر بیروباوەڕی ناسیۆنالستی و نەتەوایەتی پێداگر بووایە یان بیویستایە بەناوی دین و مەزهەبەوە بێتە مەیدانەوە.. ئەو تاو و یاوەی ئایدۆلۆژی ماركسیست-لینینستی پەردەیەكی بەسەر چاو و گوێیاندا هێنابوو كە هیچ كەسیان جگە لەخۆیان نەدەبینی، هەرقسەیەك لەگەڵ بیر و بۆچوونی ئەوان یەكی نەگرتایەتەوە پێیان پڕوپووچ بوو”18. بە بۆچوونی ئیمامی گەوەرترین هۆكار كە بووە بەرەبەست لە نزیكبوونەوەی هێزە كوردییەكان لەیەكتری بریتیبوو لە قبووڵنەكردنی یەكتری19.

یەكێك لەزەمینەكانی گەشەكردنی هێزە سیاسی و مەدەنییەكان بریتییە لە ڕەخساندنی كەش و هەوایەكی ئارام و كردنەوەی دەرگاكانی گفتوگۆ، وەك دەردەكەوێت موفتی زادە ویستوویەتی ئەم زەمینەبە بسازێنێت و دواتر بۆ گەشەكردنی ڕەوتەكەی بیقۆزێتەوە، بۆیە دەبینیت لە ڕۆژی مانگرتنی خەڵكی شاری سنە لە مزگەوتی گەورەی ئەو شارە وتارێك پێشكەش دەكات و هەموو لایەك لە هاوڵاتیانی كوردستان (سنە) بەڕاست و چەپیانەوە بانگهێشت دەكات بۆ دانبەخۆداگرتن و زیندووكردنەوەی گیانی برایەتی و یەكتری قبووڵكردن، “ئەگەر كاك ئەحمەد لە كۆبوونەوە و وتارەكانی پێشووتریدا وردە گلەیی لە چەپەكان هەبووایە لەو ڕۆژەداو لە وتارەی مزگەوتی گەورەی سنەدا زۆر بەزمانێكی نەرم و پێداگریكردن لەسەر برایەتی و یەكێتی قسەی كردووە”20.

كورتەی ڕووداوی مانگرتنەكە بەمشێوەیە دەبێت: دوای ئەوەی بارودۆخی شاری سنە بەرەو ئاڵۆزتر دەبرێت و ئاسایشی هاوڵاتیان دەكەوێتە ژێر مەترسییەوە، خەڵكی شار دەست دەكەن بە مانگرتنێكی كۆمەڵی لە مزگەوتی گەورەی ئەو شارە، لەهەمانكاتدا داوا لە حكومەتی ناوەند دەكەن بەشداری ڕاستەوخۆ بكات و هەوڵی جدی بدات لە دامركاندنەوەو دانانی نەخشە ڕێگایەك بۆ ئەو بارودۆخە، بۆ ئەم مەبەستەش چوار نوێنەر لەشاری سنەوە بەرەو تاران بەڕێدەكەن بۆ كۆبوونەوە لەگەڵ خودی (موهەندیس بازرگان)، دوو لەو نوێنەرانە بەڕێزان (حاجی مەلا سدیقی عەلایی و ئاغا یونس)ی بووە. ئەمان دەچن و لەگەڵ دەسەڵاتدارانی ناوەند كۆدەبنەوە. بەڵام ئەوەی جێگەی داخە وا دەردەكەوێت هەندێك سیاسیش لەناوەند بڕوایان وابووە كە دەبێت بەهێز و زەبر ڕووبەڕووی چەپەكان ببنەوەو لێیان بدرێت و دەربكرێن، ئەحمەدی موفتی زادە ئەم زانیارییەی لە كەسانی ناو ئەو لیژنە چوار كەسییەوە بیستووە، بۆیە ترسی ئەوەی لەلا دروست دەبێت، ئەم بۆچوونە جێبەجێ بكرێت و ئەم مانگرتووانە بڕوا بە ئاوا پێشنیارێك بكەن و هەوڵبدەن بە شەڕ ڕووبەڕووی ئەو حیزبانە ببنەوە، بۆیە وەك ئیمامی دەیگێڕێتەوە ئەو ڕۆژە موفتی زادە لەمزگەوتی گەورەی سنە وتارێكی زۆر نیشتمان پەروەرانەی دڵسۆزانە پێشكەش دەكات “دوای نوێژی عەسر كاك ئەحمەد وتاریدا، لە وتارەكەیدا خەڵكی بانگكرد بۆ ئارامی و خۆڕاگری بەرامبەر ناكۆكییەكان و برا چەپەكان بۆ هاوكاری لەگەڵ جەماوەر بۆ دابینكردنی مافی سروشتی كە خواد داوییە بە نەتەوەی كورد و دەستهەڵگرن لە توندوتیژی. هەمووانی بانگكرد بۆ هاوكاری و یەكێتیی و لابردنی چەند بەرەكی. بەتایبەتی زۆر پێداگری كرد لەسەرئەوەی ئەو برادەرانەش (مەبەست كۆمەڵە و چریكەی فیدای) هەر ڕۆڵەی ئێوەن، ئێوە هەوڵبدەن كە ناكۆكی نەمێنێ و دژایەتی بنێننە گۆڕ. دەیگوت دەبێت بەئارامی لەگەڵ یەكتر هەڵسوكەوت بكەن، دەیگوت دەخیلتان بم ئەگەر ئەو برادەرانەش ناكۆكییەكیان پێكهێناوە ئێوەی جەماوەر ئەوان بە سەبر و حەوسەڵە ناچاربكەن، لە توندوتیژی دژی ئەوان خۆبپارێزن. تكاتان لێدەكەم، لێتان دەپاڕێمەوە بڕێك كاری ناڕەوای ئەوان ناچارتان نەكات بەوەی خوا نەخواستە قەترەیەك خوێنی كوردێك بەدەستی كوردێك بڕژێت، بە هاوكاری و سەبر و یەكدڵی و لێبوردەیی هەموو شتێك چارەسەر دەكرێ. دەزانم ئێوە بە هەر هۆیەك هەیە زۆر توڕەن و دڵتان دەردە دارە، بەڵام هەرچی بێت ئەوانە برا و كوڕی ئێوەن، نەكا خوانەخواستە مەبەستێكی خراپتان هەبێت لەگەڵیان. داواتان لێدەكەم دووبارە بۆ خاتری خوا مەبنە هۆی ئەوەی كە ئاو لێڵ بكەن بۆ دوژمنانی هەردوو لا”21. لەم وتارەدا ئەوەی بەلای ئەحمەدەوە گرنگ بووە زمانی تفەنگ و خوێن ڕشتن نەیەتە گۆڕێ، لەلایەكی دیكەوەش ئەوە دەردەكەوێت، كە ئەو شتێكی بیستووەو لە هەوڵێك ئاگادارە بۆئەوەی بارودۆخی ڕۆژهەڵات بەرەو خوێنڕێژی و شەڕ بڕوات، بەڵام هەر دوای ئەم وتارە لەناكاو كەسێك لەناو جەماوەرەكەدا بە تفەنگێكی (ژێسێ)وە هەڵدەستێتەوە و تفەنگەكەی بەرزدەكاتەوە و دەقیڕێنێت “ڕابەر، بەخوا ڕازی بیت و ڕازی نەبیت ئێمە لێیان نابوورین و هێرش دەبەینە سەر بنكەكانیان”. دوای ئەوەی ئەم قسەیە لەناو جەماوەرەكەدا دەكات لەمزگەوت دەچێتە دەرەوەو ژمارەیەكی زۆر لەئامادەبووان شوێنی دەكەون و موفتی زادە لەكاتی وتارداندا بەجێدەهێڵن! بەجۆرێك بارودۆخەكە لەكۆنترۆڵ دەچێتە دەرەوە! “قەت ئەوەندە كاك ئەحمەدم بەناڕەحەتی نەدیبوو، هاواریكرد لەخەڵكەكە نەڕۆن، بە قسەیان نەكرد. ئەمجار هاواریكرد لەو مامۆستا و مەلایانە كە لەوێ بوون و گوتی مامۆستایانمان! بۆ خاتری خوا فریا كەون! بەری ئەو هێرشە ناڕەوایە بگرن، بۆخۆشی بە پەلە ڕۆیشتە دەرەوە. ئێمەش بە شوێنیدا ڕۆیشتین. كە چووینە دەرەوە هەزاران كەس ئاوا بە هوڕاكێشان و دروشم دان لە مزگەوتی جامیعەوە بە شەقامی شاپوری پێشوودا سەرەوخوار بەرەو مەیدان بەڕێكەوتین… ئێمەش هیچ چارەمان نەبوو ئەوە نەبێت بە ئوتومبیل و بە پیادە ڕوومانكردە چەمی (قەتارچیان) لە كوچەو كۆڵانانەوە كە سەربڕ (كورت بڕ) بوو بەرەو مەیدانی ئیقباڵی پێشوو بەڕێكەوتین، چونكە جەماوەرەكە دەبوو بچوایەتە مەیدانی ئەم بەر و لەوێوە بەسەر پردی (مەڵا وەیسا) بڕۆشتایە بۆ مەیدانی ئیقباڵ و لەوێوە بۆ شەقامی (شەشی بەهمەن)ی پێشوو، چونكە بنكەی حیزبە چەپە چەكدارەكان كە بریتیبوون لە چریكەی فیدای و جەمعییەت (كە لە دوایدا لەگەڵ چەند گرووپێكی بچكۆلە بوونە كۆمەڵەی شۆڕشگێڕ) لە نزیك شەقامی (ئەدەب) سەنگەریان گرتبوو. ئێمە دەستەی مەلایان و زۆرێك لەكەسایەتییەكانی سنەیی، سەقزی، بانەی، بۆكانی و مەریوانی، كە جەماوەرێكی زۆرمان پێكهێنابوو، بە ڕێنمای كاك ئەحمەد، زووتر لە جەماوەرە تووڕەكە گەیشتینە ئەوەڵی مەیدانی ئیقباڵ، لەو تەنگە بەرییەدا لەبەر سینەماكە بەڕیز ڕاوەستاین، دوو سێ ڕیز مەلا لەپێشەوەو باقییەكەی ڕیز بە ڕیز وەستان. ئێمە هەموو دەستمان لەیەك هەڵپێكا كە ببینە هێزی بەرگری … كاتی نوێژی شێوان بوو جەماوەر گەیشتە پێشەوە. كاك ئەحمەد دەستووریدا بڵندگۆیەكی دەستیان هێنا. گوتی بانگی شێوان بدەن. لەوێ بانگ گوترا و جەماوەریش كەئەوەیان زانی لە حەرەكەت كەوتن و لەجێی خۆیان دانیشتن. باوەڕبكەن سەرەتایان لەمەیدانی ئیقباڵ (ئازادی – ئێستا -) بوو، دواییەكەیان لە مەیدانی گەورە لای مزگەوتی والی بوو. كاك ئەحمەد وتارێكی زۆر دڵسۆزانەی دا و خەڵكی بانگكرد بۆ ئارامی، تا ئەندەزەیەك لە پیلانەكەی تێگەیاندن و هۆشداری پێدان. چونكە كاتی نوێژی شێوان بوو هەرلەوێ هەركەس دەستنوێژی هەبوو نوێژیانكرد. ئیتر ئەو پیلانە سەری نەگرت و جەماوەر بەرە بەرە بڵاوەیان لێكرد”22. لەگەڵ ئەم هەوڵەشێلگیرانەی بۆ ڕوونەدانی شەڕ! بەڵام دواجار وایان بڵاوكردەوە كە موفتی زادە فتوای جیهادی لەدژی هێزە چەپەكان داوە و ئەو ئێوارەیە خەڵكی بۆ جیهادی ئەوان بەڕێكەوتوون. بەمشێوەیە و دواجار ئەحمەدی موفتی زادە بارودۆخی ئەو ئێوارەیەی سنە كۆنتڕۆڵ دەكات و ئەو پیلانەی بۆ هەڵگرساندنی شەڕ و تێوەگلانی موفتی زادە داڕێژرابوو پوچەڵ دەكاتەوە و سەرناگرێت. بەڵام دواجار ئەم هەوڵانە ناتوانن بەر بە پیلانەكان بگرن و دواتر هێزێكی چەكدار بەناوی هێزی پێشمەرگەی مسوڵمانی كوردەوە دروست دەكەن و جەنگ دەهێننە ناو ماڵەكانەوە.

پێشمەرگەی مسوڵمان و سەرەتای دەركەوتنیان

یەكێكی دیكە لەو بابەتانەی لە مانگەكانی سەرەتای شۆڕش و بەتایبەتی تر دوای كۆچی ئەحمەدی موفتی زادە و یارانی بەرەو كرماشان دەبێتە جێگەی باسوخواس و سەرقاڵی و گرفتێكی زۆر بۆ موفتی زادە و ڕەوتەكەی بریتییە لە دروستكردنی هێزێكی چەكدار لە كوردی شارەكانی ڕۆژهەڵات بەتایبەت لە كرماشان و پاشان تەشەنەكردنی بۆ شارەكانی (جوانڕۆ، كامیاران، پاوە و مەریوان)23 كە بە هێزی (پێشمەرگەی مسوڵمانی كورد) ناودەردەكەن. چیرۆك و مەبەستەكانی ئەم هێزە پڕچەكە كوردە جیاوازە، بەڵام ئەوەی جێگەی سەرنجە لە قۆناغێكدا كەس نایەوێت خۆی بكاتە خاوەنی و هەرلایەنەو خاوەندارییەتی دەداتە كەسێكی دیكە! لەوەش گرنگتر ئەوەیە دەسەڵاتی ناوەندی و سەرپەرشتیارانی هێزەكەن كە بۆ كۆكردنەوەی ئەندام دەیدەنە پاڵ ئەحمەدی موفتی زادە، بەڵام هێزە كوردییەكان بۆ لێدان لە مەكتەب قورئان و خراپكردنی ناوبانگی هەوڵدەدەن موفتی زادە بەدامەزرێنەر و ڕێكخەری ئەم هێزە سەربازییە بناسێنن!

هەرەوەك ئاماژەی بۆ كرا، لە ڕۆژان و مانگەكانی دوای شۆڕشدا شارەكانی دیكەی ئێران كەم كەم بەرەو ئارامی دەڕۆیشتن، بەڵام ناوچە كوردییەكان بەپێچەوانەوە ببووە مەنزڵگەی ململانێیەكی قورسی سیاسی و سەربازیی، كۆمەڵێكیان لە هەر شارێكی ئێراندا جێگەیان نەبوایەتەوە دەهاتنە ناوشارە كوردییەكان و دەستیان بەچالاكی دەكرد كە بەشێك لەمانە پاشماوەی سەردەمی شا و دەزگای ساواك بوون24! بەداخەوە كوردەكانیش لەم پیلانەوە تێوەگلابوون، بارودۆخەكە بەجۆرێك لەكۆنترۆڵ دەرچووبوو، دەسەڵاتی ناوەند نائومێدبوون لە ناوچە كوردییەكان و پاشەكشەی پارسەنگی هێزی دەوڵەتەكەی بازرگان و بەنی سەدر، بەرنامەو كاریانی بۆ سەقامگیری كوردستان بەتەواوەتی گۆڕیبوو. هێزە كوردییە چەك بەدەستەكانیش لەبەرئەوەی بڕوایان بە ناوەند نییە هەرچی دەرفەتیان دەدرێتێ زیاتر هەنگاو بەرەو زمانی تفەنگ دەنێن! لەم سەروبەندەدا دەبێت هێزێكی چەكدار بە فەرمی دروست بكرێت، ئەمانیش بەهەمان شێوە زمانی تفەنگ دەكەن تاكە هۆكاری گەڕاندنەوەی سەقامگیریی و ئارامكردنەوەی ناوچەكە، ئەم هێزەش ناوی خۆیان دەنێن پێشمەرگەی مسوڵمانی كورد.

سەرەتای بیرۆكەی دروستكردنی ئەم هێزە چەكدارە لەو كاتەوە دەست پێدەكات كە (محەمەد بروجەردی) دەڵێت “لەجیاتی ئەوەی پۆل پۆل گەنجە شیعەكان لە كوردستان بە كوشت بدەین دەبێت كارێك بكەین كە كوردەكان لەبەرامبەر یەكەوە بوەستن. لەبەرئەوە ئەگەر لە داری وشكیش بووە دەبێت پێشمەرگەی كوردی دەوڵەتی دروست بكەین”25. بەڵام هەندێكی دیكە بڕوایان وایە بیرۆكەكە دەگەڕێتەوە بۆ بوونی بڕوایەكی قووڵ لەناو هێزە دەسەڵاتدارە ئێرانییەكەی ناوچەكەدا بەوەی “ڕۆڵی خەڵكی و بەرقەراركردن و جێگیركردنی ئاسایش و ئارامیی لە ڕێگەی خەڵكییەوە بۆ خەڵكی، كە بریتییە لە یەكێك لە تایبەتمەندییەكانی سیاسەتی (بەجەماوەرییكردنی ئاسایش) لە بەڕێوەبردنی قەیرانی كوردستاندا”26. چیرۆكی پەیدابوونی ئەم هێزە لەزاری یەكێك لەدامەزرێنەرەكانییەوە بەم شێوەیەیە “ئێمە لە مەریواندا بووین 25 كەس لە پێشمەرگەی مسوڵمان، لە 23 تیردا (19/07/1979) شەڕێك كراو حەبیب و كۆمەڵێك كەس شەهید كران ئێمەش بەم ژمارە كەمەوە شەڕمانكرد و لەشار ڕاوماننان و دەرمانكردن و چوون بۆ دێهاتەكانی دەوروبەر. ئێمە تا ماوەیەك لەشاردا دانیشتین و ئەوان دووبارە هاتنەوە، ئێمەش بەو ژمارە كەمەو بەو چەك و تفاقە كەمەوە كە هیچێكی وامان پێنەبوو، ئەمجارە هەڵساین و ئیتر لەمەریوان دەرچووین و چویین بۆ كرماشان، لەوێ بووین بە دوو دەستەوە، دەستەیەكمان ئەوەبوو كە بچین بۆ لای ئیمام (ئایەتوڵڵا خومەینی)، وا ڕێكەوت ئەم شتە بەر من و محەمەدی برام و باوكم كەوت كەبچین بۆ خزمەت ئیمام، هاتین بۆ فڕۆكەخانە و بینیم (شەهید چەمەران)یش لەوێ بوو، ئەویش زۆر موحیبەتی هەبوو، وتی بۆ كوێ دەچن؟ وتمان دەمانەوێت بچین بۆ خزمەت ئیمام و باسی ڕووداوەكانمان بۆ ئەویش كرد … ئێمە چووینە خزمەت ئیمام كاتژمێر دووی دوانیوەڕۆ بوو، چووینە ئەوێ و دوای دە دەقیقەیەك یەكسەر بینیمان … بینیمان ڕەهبەر بەجلێكی سپییەوە هاتە دەرەوە .. فەرمووی بەخێر بێن یاخوا … بۆچی هاتوون؟ وتمان قوربان بارودۆخەكە ئاوایەو ئێمە هاتووین 25 كەس پێشمەرگەی مسوڵمان و زۆرمان بۆ هاتووە، توانای بەرگریمان نەبووە، بەڵام ڕۆحییەتمان بەهێزە و ئیمكانیاتمان زەعیفە”27. دوای ئەوەی پرسیاریان لێدەكات ئێوە كێن، ئەم دەستەیەش لەوەڵامدا دەڵێن “ئێمە پێشمەرگەین و مسوڵمانین، ئێمە خۆمانمان ناوناوە پێشمەرگەی مسوڵمان، واتە خۆمان فیدای شۆڕش و ڕەهبەر كردووە، ئەویش قسەكەس زۆر پێخۆشبوو”28. وەك لەم گێڕانەوەیەدا دەردەكەوێت هیچ ئاماژەیەك بەوە ناكرێت كە دەسەڵات دەیەوێت خەڵكی بەشێوەیەكی ڕێكخراوەیی ئاڕاستە بكات، بەڵكو زۆرتر قسە لەسەر خۆڕسكبوونی هێزەكە دەكرێت و خاوەندارێتی نادرێتە هیچ لایەنێكی دیاریكراو، لەهەمانكاتدا باس لەوە دەكات ڕووبەڕووبوونەوەی چەكدارییان هەبووە، بەمەدا دەردەكەوێت ئەم هێزە لە شوێنێكەوە توانیویانە دەستیان بە چەك بگات. بەڵام دواتر دەردەكەوێت كە ئەم هێزە بۆخۆی ڕێ و ڕەسمێكی سەربازییان هەیە بۆ ئەندام وەرگرتن “ئەندامی وەرگیراو لەگەڵ ئەوی لەیەكە و كەتیبەكانی شەڕ و مانۆڕیدا جێگیر دەكران، پارێزگارییان لەناوچەكانی خۆیان گرتە ئەستۆ. ناوچەی شار و دێهاتەكان بەپێی ئاستی ئاسایش و ئارامییان دابەشكرابوو، هەر ناوچەیەک بەپێی بارودۆخی ئەمنی هێزی بۆ دادەنرا، ئەو ناوچانەی هێزی شۆڕشگێڕی لێبووە و نائارام بووە لە ئەولەوییەتی كاردا دادەنراو. لە قۆناغی دووەمدا و پاش ئەوەی كەسەكان ناونوس و دڵنیابوون لێیان پڕچەك دەكران و ناونیشانی پێشمەرگەی مسوڵمانیان پێدەدرا”29. تەنانەت لە ناوچەی كرماشان سەربازگەی تایبەتییان بۆ كردوونەتەوە و لەلایەن سوپای پاسدارانەوە ڕاهێنانیان پێدەكراو.

بەهەرحاڵ، محەمەد عەلی حەیدەری لە درێژەی گێڕانەوەكەیدا دێتە سەرباسی وەرگرتن و ناونانی ئەم هێزە لەلایەن خودی ئایەتوڵڵا خومەینییەوە: لەدوای ئەوە “ئیمام بڕیاریدا كە سازمانێك بەناوی سازمانی پێشمەرگەی مسوڵمان دروست بكرێت”30. لەدوای ئەم دانیشتنە كورتە ئەم دەستە لە كورد دەبرێن بۆ بینینی لیژنەی شارەزایان (خبرگان) و لەوێ “هەموو بەرپرسان كۆبوونەوە و ئەم بەیاننامەیە دەركرا: كە بەڵێ شتێك بەناوی (سازمانی پێشمەرگان)ەوە دابنرێت، بۆیە سازمان بۆ دوو ناوەوە دروستكرا: یەكێكیان سازمانی پێشمەرگانی مسوڵمان، یەكێكیش سازمانی وەحدەتی ئیسلامی. لەوێدا ئەم دوو لقە دەمەزراو ناسێنرا، پاشان هاتینەوەو لەناو كرماشاندا مقەڕمان بۆ دانرا”31.ئەوەی لێرەدا ئاشكرایە، ئەم هێزە هەوڵیانداوە شەڕو پێكدانەكەی شاری مەریوان بكەنە دەرفەتێك بۆ ڕاگەیاندنی خۆیان و دەركەوتنیان، كە دواتر دەردەكەوێت ئەم جۆرە لە هەڵبژارندنی كات پیلانی پێشوەختە بوو. هەر ئەمەش وادەكات هێزە كوردییەكان بە تایبەت (كۆمەڵە و چریكی فیدایی و یەكێتی جوتیاران) ئەحمەدی موفتی زادە وەك كەسایەتی پشت هێزەكە دەبینن، چونكە كوژرانی ژمارەیەك لە لایەنگرانی مەكتەب قورئان لەلایەن ئەندامانی یەكێتی جوتیاران و هێزەكانی ناو شاری مەریوان لە 23 پوشپەڕدا، هەروەها ڕاستەخۆ دەركەوتنی ئەم هێزەش لەو كاتەدا وادەكات كە هەست بە پەیوەندییەك بكەن لە نێوانیاندا! لەگەڵ ئەمەشدا سەرچاوە فارسییەكان (محەمەد بروجەردی) بە دامەزرێنەری ئەم هێزە دەناسێنن و ئەوەی دەچێتە تاران بۆ گفتوگۆ و نەخشە كێشانی ئەم هێزە ئەوە، لەپاڵ ئەویشدا ئاماژە بە ناوی (حاجی محەمەد الله مورادی) دەكەن “بەپێی سەرچاوەی مێژوویی تۆماركراو لە فەیلەقی بەیتولقودسی و گفتوگۆی پێگەی میهر لەگەڵ ژمارەیەك لە پێشمەرگە دێرینەكانی مەیدانی خەبات و قوربانیدان لەو پارێزگایە، شەهید محەمەد بروجەردی فەرماندەی فەیلەقی سوپای ڕۆژئاوا لە پایزی 1980بە هاوكاری هەندێك لە فەرماندەكانی دیكە سوپای پێشمەرگەی مسوڵمانی دامەزراند”32. واتە لە دیدگا و تۆماری فارسەكاندا ئەم هێزە خاوەنێكی دیكەی هەیە و پاڵەوانەكە ئەوە. هۆكاری دروستبوونەكەشی ئەو پشێوی و باڵادەستبوونەی هێزە كوردییەكان و نانەوەی پشێوی و نارامیی لە ناوچە كوردییەكان و ئازاربایجانی غەربی، هەروەها فتواكەی (مامۆستا عوسمان) كە دەڵێت: هەر پێشمەرگەیەك سەری دە پاسداری شۆڕشی ئیسلامیی ببڕێت چوونە بەهەشتی بۆ واجب دەبێت33، بۆ فارسەكانیش ئەمە واتای گۆڕینی جەنگەكەیە بۆ جەنگێكی مەزهەبی.

لەكۆتایدا ئەم هێزە دەست بەكار دەبێت و چالاكییە سەربازییەكانی دەست پێدەكات و لەیەكەم كاری بەرنامە بۆ داڕێژراویاندا هێرش دەكەسە سەر شاری كامیاران و لەماوەیەكەدا دەتوانن هێزە كوردییەكە لەو شارە بكەنە دەرەوە. ئەمەش دەبێتە سەرەتای گەڕانەوەی هێز بۆ سوپای پاسداران، چونكە ئەم هێزە كوردییە لەبەرئەوەی لە هۆز و كەسایەتی و خەڵكی ناوچەكە دروستكرابوون لەبارەی شار و ناوچەكانەوە پڕ زانیاری بوون و دەبوونە بەرچاوڕوونی هێزە فارسییەكە و لەماوەیەكی كەمدا دەیانتوانی شار و ناوچەكان بگرنەوە دەست، هەر بۆیە لەناو كۆمەڵگەی كوردیدا بە هێزە (جاش)ەكە بەناو بانگن.

ڕۆڵ و تێڕوانینی موفتی زادە بۆ دروستبوونی هێزی پێشمەرگەی مسوڵمان

بەپێی سەرچاوە فارسییەكان هیچ بەڵگەیەك لەبەردەستدا نییە دەربارەی ڕۆڵی ئەحمەدی موفتی زادەیە لە دروستبوونی ئەم هێزەدا، بەڵام ئەوەی ئاشكرایە و ئاماژەی بۆ كراوە، لە سەروبەندی دەركەوتنی ئەم هێزەدا چەند ڕووداوێكی نەخوازراو و كوشتن بەسەر لایەنگران و شوێنكەوتوانی مەكتەب قورئاندا دەهێنرێت لەلایەن هێزە چەپەكانەوە لە مەریوان و سنەدا. وەك “هەڵكوتانە سەر بنەماڵەی (نمكی) كوشتنی سێ برایان، و كوشتنی براكانی (شلبی)، هەروەها كوشتنی: شەهاب ئاروەند، صدیق بەهاران، محێدین ئازەرپیران، ساڵەح ڕەشیدی لە مەریوان”34. هەروەها ئەو كۆمەڵكوژییەی لەسەرەوە ئاماژەی بۆ كرا لە شاری مەریوان و لە بینا تەواو نەبوووەكەی ڕێكخراوی ساواكدا لە (19/07/1979). دیارە موفتی زادە لەبارەی ئەم ڕووداوانەوە هەڵویستی هەبووە و قسەی كردووە35، بۆیە وا دەركەوتووە ئەو پەیوەندی ڕاستەوخۆی هەیە لە دروستكردنی ئەم هێزەدا! بەڵام بەپێچەوانەوە یەكێك دەبێت لەڕێگرە سەرسەختەكان بۆئەوەی ئەم گرووپە دروست نەبێت و دەست بەكار نەبن، چونكە ئەو دەستەیەی چوونە تاران (محەمەد عەلی حەیدەری) و هاوڕێكانی بەلای موفتی زادەوە بۆ جۆرێك لە ئیزن وەرگرتن چوون بۆ شەڕكردن و لەدوای گەڕانەوەیان لەتاران خۆیان بۆ شەڕ ئامادە کرد. ئەو شەڕە ناوخۆیی و برا كوژییەی ڕوویدا، ئەو هەموو هەوڵێكیدا دروست نەبێت، دروست دەبێت و كوردێكی زۆر بەدەستی كورد دەبێتە قوربانی ئاگرێك، كەخۆی هەڵگرسێنەری سەرەكی نییە، بەڵكو بۆ كەسان و لایەنگەلێكی دیكەی دەكات.

دوای دروستبوونی هێزی چەكداری پێشمەرگەی مسوڵمان ڕاستەوخۆ دەنگۆی ئەوە بڵاوكراوەتەوە مەكتەب قورئان و ئەحمەدی موفتی زادە لەپشتەوەی ئەم بەرنامەیەن، وەك دەردەكەوێت ئەمەش لەبەرئەوە وتراوە تاوەكو خەڵكی بێن و ناوی خۆیان لەناو ئەم هێزەدا بنووسن و دەستبدەنە چەك و بڕۆنە شەڕی براكان! بەڵام هەر زوو ئەحمەد هەوڵدەدات ئەم دەنگۆیە بەدرۆ بخاتەوە، ئەمەش لە چەند ڕێگەیەكەوە، سەرەتا نامەی ڕاستەوخۆ دەنووسێت بۆ بەرپرسانی تاران لەوانە (ئایەتوڵڵا مونتەزری)، پاشان بەیاننامە دەنووسێت و بە تیراژی 3000 دانە بەناو شارەكانی كوردستاندا بڵاوی دەكاتەوە و لەمزگەوتەكانی دەخوێنرێتەوە، لەسەرو هەموو ئەمانەشەوە دەستەیەكی 20 كەسی لەوانەی وا بەنیازن یان چوونەتە ژێرباری ئەم بیروبۆچوونەوە بانگهێشتیان دەكات بۆ ماڵەكەی خۆی لە كرماشان و بە وردودرشتی بەرنامەو پیلانەكانی پشتی ئەم هەوڵ و هێز دروستكردنەیان بۆ ڕوون دەكاتەوە. ئەم كارەی موفتی زادە بە جۆرێك دەنگ دەداتەوە هەر لەو ڕۆژانەدا دەبێت ڕۆژنامەی كەیهان لە ژمارەی ڕۆژی (17/11/1358) دەنووسێت “شكل گیری سازمان مردمی پیشمرگان مسلمان كرد از سوی موفتی زادە مورد مخالفت قرار گرفت”36، واتە: (دروستكردنی ڕێكخراوی جەماوەری پێشمەرگەی مسوڵمانی كورد لەلایەن موفتی زادەوە دژایەتی كرا). هەروەها بەڕێز سەعدی قورەیشی لەبارەی هەوڵەكانی موفتی زادە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم كارەی دەسەڵات لە گفتوگۆی بەرنامەی تەلەفزیۆنی (ڕوودا و مێژوو)ی كەناڵی (NRT) دەڵێت “كاك ئەحمەد لە ڕێبەندانی ساڵی 1358 (1961)دا لە سەركۆنە و بەرپەرچدانەوەی تەواوی ئەم گرووپانەدا نامەیەكی نووسی، ئەو نامەی دابە من و من هێنام لە مزگەوتی جامعەی سنە خوێندمەوە، كە هەر جەماعەت و دەستەو گرووپێك بەناوی منەوە خەریكن خۆیان ڕێكدەخەن و چەكدار دەبن و شەڕ لە كوردستان هەڵدەگرسێنن دژی ئەو گەلە، ئەوانە لەمن نین و من بێ بەریم لەم شتانە. هەر دوای ئەوەش نامەیەكی بۆ ئایەتوڵڵا مونتەزری نووسی، هەرلەوێش ئەوە ڕەد دەكاتەوە و سەركۆنەی دەكات”37. ئەو بەیاننامەیە كە لە بەرواری (17/10/1358) (7/1/1980) بە واژۆی خودی موفتی زادەوە نێراوە نووسراوە:

بسم الله الرحمن الرحیم

هاوڵاتیانی خۆشەویست

ئاگادارن لەبەر بارودۆخی هەنوكەیی و لەبەر ڕێگری لەهەر جۆرە ڕووبەڕووبوونەوە و خوێنڕژانێك، ماوەیەك لەمەوپێش ژمارەیەك لە مسوڵمانانی سنە و هەندێك لەناوچەكانی دیكەی كوردستان بەرەو شارەكانی دیكەی ئێران كۆچمانكرد. لەئێستادا كە ڕووبەڕووبوونەوەی میللەت و شۆڕشی ئێران لەگەڵ داگیركەردا فۆڕمێكی دیكەی وەرگرتووە، دووبارە بۆ تەئەكید كردنەوە لەسەر ڕاگەیاندنەكانی ڕابردوو، هەروەها لەنێوانیاندا بەیاننامەی چەند ڕۆژی پێشوو كە برادەرانی كۆچكردو لەبارەی هەمان بابەتەوە بڵاویانكردەوە، بەقەتعی ڕایدەگەیەنم كە دروستكردنی هەرجۆرە ڕووبەڕووبوونەوەیەك لە كوردستان یان هەر گۆشەیەكی تری ئێران و هاندان بۆ شەڕی ناوخۆ و ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ گرووپگەل و چین و توێژەكانی كۆمەڵگەدا لەژێر هەرناونیشانێكدا بێت، چ ناوی ئیسلامی یان نا ئیسلامی بێت، هەنگاوێكە دژی میللەت و بە زیانی میللەتی ئێران و ڕاستەخۆ و ناڕاستەوخۆ خزمەتێكە بە ئامانجەكانی دژی خەڵك و دژی ئیسلامیی و خاوەن هێزەكانی داگیركەر. لەبەرئەوە ئەمجۆرە هەنگاو و دەستپێشخەریانە سەركۆنە دەكەم.

هەروەها هەواڵ لەملاو ئەولا بڵاودەكرێتەوە و باس لەوە دەكەن كە كەسانێک هەن دەیانەوێت لەم بوارەوە دەستپێشخەری بكەن و لەڕێگەی سود وەرگرتن لە ناونیشانی ئیسلامی و بەكارهێنانی ناو و وێنەی بەندە كاری خۆیان دەبەستنەوە بە منەوە.هەموو ئەمانە من بەدرۆی دەخەمەوە و كارێكی بەو شێوەیە پێچەوانەی نەخشە ڕێگای خۆمی ئەژمار دەكەم.

والسلام علینا و علی عبادالله الصالحین

واژۆ: ئەحمەد موفتی زادە

ناوەڕۆكی نامەكە زۆر ڕوونە و بەئاشكرا بێ بەری بوونی خۆی لە هەر جۆرە هەوڵێك بۆ دروستكردنی هێزێكی چەكداری لەو شێوەیەی ڕەتكردۆتەوە.

تێڕوانینی موفتی زادە بۆ پیلانی پشتی هێزی پێشمەرگەی مسوڵمان

دوای لە كۆنترۆڵ دەرچوونی ئاسایشی شارە كوردییەكان و بەتایبەت سنە، ئەحمەدی موفتی زادە بە فەرمی داوا دەكات هەندێك پێداویستی سەربازیی بدرێت بە لایەنگرانی بۆئەوەی بتوانن لە ژێر چاودێری ڕاستەوخۆی خۆیدا كار بۆ گەڕانەوەی ئاسایش بكەن بۆ شارەكانی سنە و مەریوان، لە هەمانكاتدا كارێك بكرێت چەك بەئاسانی نەگاتە دەستی هەموو كەسێك و لەلایەن پۆلیس و ئاسایشەوە سنوردار بكرێت. بۆئەم مەبەستەش چەندین جار داواكاری بەرز دەكاتەوە و لەگفتوگۆكانیدا لەگەڵ بەرپرسان قسەی لەسەر دەكات، بەڵام وەك دەردەكەوێت دەسەڵاتی ناوەند و فەرماندە سەربازییەكان ناچنە ژێرباری ئاوا داواكارییەكەوە، پشێوییەكان هەتا بێت زیاتر دەبن38، بەڵام كاتێك پێشمەرگەی مسوڵمان دروست دەبێت ڕاستەخۆ پێداویستی سەربازیی دەخەنە بەردەستیان و ئامادەیان دەكەن بۆ شەڕ، هەر ئەمەشە دەبێتە هۆی ئەوەی موفتی زادە دەركەوتنیان بە هەوڵێكی مەترسیدار بزانێت بۆسەر ئاسایش و ئارامی هاوڵاتیانی كورد. بۆ ڕێگری كردنیش لە بڵاوبوونەوەیان دەست دەكات بە هەوڵدان، لەپاش دەركردنی ئەو بەیاننامەیەیی ئاماژەی بۆ كرا ڕاستەوخۆ داوادەكات كۆبوونەوەیەك لەگەڵ ئەو كەسانەدا ئەنجام بدات كەبەنیازی ئاوا كارێكن، بۆئەمەش نزیكەی بیست كەسیان بانگ دەكات و بەوردی مەترسییەكان و پیلان و ماڵوێرانییەكانی پشتی ئاوا كارێكیان بۆ باس دەكات. موفتی زادە لەبارەی ئەو كۆبوونەوەیەوە دەڵێت “ئەوكاتە دەمزانی پێشمەرگانی مسوڵمان خیانەتەو دەوڵەت بۆئەوەی كاری لەناو كوردەواریدا بچێتە پێشەوە لەناوخەڵكدا بڵاوی دەكردەوە و دەیگوت پێشمەرگانی مسوڵمان هی ئەحمەدە، بۆئەوەی مسوڵمانەكان باوەڕ بكەن. ئێستاش ئاگادارم و خەبەرم هەیە لەزۆرێك لە شارو دێهاتی كوردەواریدا ئەو میللەتە مسوڵمانە، مەزڵوم و فەقیرە باوەڕیانكردووە كە پێشمەرگانی مسوڵمان هی منە، لەكاتێكدا هەر ئێستا خەریكن بەناوی منەوە لە بانە و لەم شارانەدا شیعار دەدەن [واتە بەناوی منەوە قسە دەكەن]، دەزانن خۆم لەژێر چاودێریدام و لەماڵەوە دەستبەسەرم، دەزانن چەند كەس لە منداڵە (گەنجە) مسوڵمانەكانمان گیراون …”39. لەم ڕوونكردنەوەیەدا موفتی زادە دەیەوێت بڵێت: دەسەڵات لەلایەكەوە بۆئەوەی هانی خەڵكی كوردەواری بدات لەناو هێزی پێشمەرگە مسوڵماندا ناوی خۆیان تۆمار بكەن هاتووە سود لەناو و نازناوی ئەو وەردەگرێت و وابڵاو دەكاتەوە موفتی زادە لایەنگرو هاوڕایە لەگەڵ ئەم كارانەدا! لەلایەكی دیكەوە لەماڵەكەی خۆی لەكرماشان خراوەتە ژێر چاودێری ئاسایشەوە و دەستبەسەركراوە، ئەمە جگە لەوەی ژمارەیەكی زۆر لە گەنجان و لایەنگرانی لەوكاتەدا لەزیندانەكان توند كراون و مەحكوم بەزیندانین، كە ئەمانەش هەموو كرداری دژ بیەكن. لەدرێژەی لێدوانەكەیداو لەوەڵامی ئەوەی چۆنە بەفەرمی بڕیارتداوە ئیتر ئامادە نیت هاوكاری لەگەڵ حكومەت و دەسەڵاتی ناوەندا بكەیت، بەڵام لەم لاوە هاتوویت هێزی چەكدارت بەناوی مسوڵمانەوە دروست كردووە، وەك دیارە حكومەت بۆ ئەم كارە هاوكاریت دەكات، دەڵێت “كاكە گیان! كەسێك پەیوەست نەبێت بەهیچ بنەمایەكی شەرافەتەوە و گوێ بەڕاستی و درۆ نەدات دەتوانێت هەموو قسەیەك بكات، هەموو تۆمەتێك بۆ هەموو كەسێك دروست بكات و دروست بكرێت، بەڵام ڕاستی بابەتكە ئەوەیە لەدوی 5-6 مانگ لە شۆڕش، كاتێك زانیم ئەوانە هێزیان پەیداكردووە و خەریكە لادەدەن لەسەر ڕێگەی ئەوەی وابەڵێنیان لەسەر داوەو خەریكن ناڕاستی بنوێنن لەگەڵ نەتەوەی كورد، كەوتمە بەرهەڵستیان، هەرئەوەنەبوو لە (حوسەینیەی ئیرشاد)دا قسەمكرد، بەڵكو لە (پەیام بە نەتەوەی ئێران) كە نامەیەكی دورودرێژ بوو، لەچەندین جێگەدا باسمكردووە كە تەواوی نەتەوەی ئێران داچڵەكێت و بزانێت ئەوانە خائینن و ئەوانە خراپن بۆ ئەو شۆڕشە. لەلایەكی دیكەوە ئەو كتێبانەی نووسیومە و هەیە، لەگەڵ ئەو بەیاننامانەدا، هەروەها ئەوكاتەی خەریك بوون (سازمانی پێشمەرگانی مسوڵمان)یان دروست دەكرد، ژمارەیەكی زۆر لەوانە هەر لەكرماشاندا بوون، ناردم بە شوێنیاندا كە نزیكەی 20 كەس لەوانەی وا خەیاڵیان بوو ئەو سازمانە دامەزرێنن (هاتن) بەوردو دێژی بۆمباسكردن و ڕوونمكردەوە بۆیان، كەلە كتێبی (دەربارەی كوردستان)دا هەندێكیم باسكردووە … حاڵیمكردن ئەوە خیانەتە بە نەتەوەی كورد، ئەوە خزمەت نییەو باوەڕمەكەن كەئەو حكومەتە خەریكە سازمانی پێشمەرگانی مسوڵمان دروست دەكات بۆئەوەی نەتەوەی كورد ڕزگار بكات، بۆئەوەیە شەڕی ناوخۆ دروست بكات، بێن ومەردی مەردانە مەهێڵن ئەم شەڕە ناوخۆییە دروست ببێت.

پێمووتن: ئەگەر من كەیفم لەشەڕی ناوخۆ بووایە لە كوردستان (سنە) دەمامەوەو نەدەهاتمە دەرەوە (كرماشان). من كاتێك زانیم ئەگەر لە كوردستان بمێننمەوە دەبێت تووشی شەڕی ناخۆ ببم لەگەڵ ئەو گرووپە ئەمەریكایی و ڕووسانە، لەبەرئەوە هاتمە دەروە لە كوردستان، تاوەكو ئەم ماڵ ئەو ماڵ نەكەمە دوژمنی یەكتری، با ئەم شار و ئەو شار نەكەمە دوژمنی یەكتری، با شار و دێهات نەكەمە دوژمنی یەكتری، ئەم دێ و ئەو دێ، براو برا نەكەمە دوژمنی یەكتری. ئەو هەرایەكە ئەمەریكا و ڕووسا لە كوردستاندا سازیانكردووە و وردە ووردە خەڵكی وریا دەبێتەوە و دەزانێت ئەو هەرایە خیانەتەو دوژمن سازیكردووە… با كارێك نەكەین میللەت دەستی بچێتە خوێنی یەكتری و شەڕی ناوخۆ دروست نەبێت”40. وەكخۆی ئاماژەی بۆ دەكات ئەم پێداگرییەی لەسەر دروست نەبونی شەڕی ناوخۆ لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان دەرئەنجامەكەی ئەوەی دەبێت سنە بەجێدەهێڵێت بۆ هەمیشە ناتوانێت بیبینێتەوە تائەوكاتەی تەرمەكەی دەهێننەوە و لەوێ دەیناژن!

موفتی زادە لە دانیشتنی لەگەڵ پێشمەرگانی مسوڵماندا باسی ئەجێدندای ترسناكی دەسەڵاتی ناوەندی بەرامبەر بە كوردی بۆ كردوون و بۆچوونی خۆی بۆ ڕوونكردونەتەوە”دەمزانی لەم حكومەتەدا دەستەیەكی خائین و ناكەس هەن پێیانخۆشە شەڕی ناوخۆ لەناو میللەتی كورددا دروست بكەن و دەستەیەك بدەن بەگژی دەستەیەكی دیكەدا، كەی شەڕی ناوخۆیان تێدا دروست بوو ئەوان ئیتر بڕۆن و بۆخۆیان دانیشن و پاڵی لێبدەنەوە. جا سیاسەتی ئەو دەوڵەتە بەهێزانەش هەروایە: شەڕ لەنێوان نەتەوەكاندا دروست دەكەن بۆ قازانجی خۆیان. سەیرمدەكرد ئەمانیش پێیانخۆشە لەناو كوردەواریدا شەڕ دروست ببێت، لەنێوان مسوڵمانان و ئەو گرووپە كۆمۆنیستانەدا و دواتر خۆیان دڵنیا و ئاسودە ببن. ئەو كۆچەمكرد لە كوردستان و هاتمە دەروە بۆئەوی ئەو شەڕە نەبێت. من نەمدەویست شەڕ ببێت لەكوردستانداو دەشمزانی ئەو خائینانە شەڕ دەكەن، ئەمەریكا و ڕووس فەرمانیان پێكردون شەربكەن، ئەمەریكا و ڕووس دەیانەوێت دەسەڵات پەیدا بكەن لەكوردستاندا و بیخەنە ژێر ڕكێفی خۆیانەوە. منیش نەمدەهێشت و دەمزانی ئەمەریكا و ڕووس دوژمنی كورد و تەواوی نەتەوەكانی دونیان …. جا شەڕی ناوخۆی كەوتە ناو میللەتێكەوە پەنا بەخوا ئەو میللەتە وێران دەبێت، دەچێت بە قوڕدا”41. جگەلەم دیدگا سیاسی و مێژووییە، ئەو بۆ پەشیمانكردنەوەی ئەو كۆمەڵە لە پێشمەرگە مسوڵمان دێت لە دیدگا شەرعییەكەشەوە بۆچوونی خۆی دەخاتە ڕوو، پێیوایە بوون بە ئەندام لە هێزی پێشمەرگە مسوڵماندا و چەك هەڵگرتن بۆ ڕووبەڕوو بوونەوە كارێكی نادروستە”پێشمەرگە مسوڵمانەكانم حاڵی كردوو ووتم: برالە ئەگەر لەڕووی شەرعییەوە ئەو شەڕە دروست بووایە لە كوردستان نەدەهاتمە دەرەوە، وەرن مەردو مەردانە مەیكەن”42. هەروەها لە بەیاننامەی ژمارە (86)ی بەرواری (17/7/1358)-(9/10/1979)دا كە یەكێكە لەبەیاننامە دورودرێژەكانی دەربارە بارودۆخی كوردستان ئەو مەترسیانەی ڕووبەرووی بۆتەوە، لەوێدا دەنووسێت “خوایە تۆ شایەت بە تا چی ئەندازەیەك خوێن و گیانی گەنجانی نیشتمانم لەلا خۆشەویست بوو، تا چی ئەندازەیەكیش هەوڵمدا ڕێگری بكەم لەڕژانی ئەو خوێنە خۆشەویستانە، تا چی ئەندازەیەكیش هەوڵمدا ئەم شۆڕش – ئەم خوێنی دە هەزار شەهیدە – بێتە بەرهەم و بەفیڕۆ نەچێت، تا چی ئەندازەیەك ئەم شۆڕشەم خۆشدەویست و لەبەرخاتری ئەو فشارو دەردی سەرییەكانم تەحەمول دەكرد”43. لێرەدا بەتەواوەتی دەردەكەوێت ئەحمەدی موفتی زادە چەنێك كاری لەسەر ئەوەكردوە ئەم خوێنانە نەڕێژرێن.

وەك لە بەڵگەنامەو لێدوانەكاندا هاتووە، دوای ئەم ڕوونكردنەوەیەی موفتی زادە دەبێت ژمارەیەك لەوانەی بڕیاریانداوە بەشداری بكەن لەو هێزە چەكداریەدا دەكشێنەوەو بەگوێی موفتی زادە دەكەن و ناچنە شەڕی كوشتنی براكانەوە، بەڵام ژمارەیەكیان وەك (محەمەد عەلی حەیدەری) و باوك و براكەی دەچن و ئەو هێزە چەكدارە دروست دەكەن و بەئاڕاستەی ڕشتنی خوێنی براكان دەچنە جەنگێكەوە لەهەردوو سەرەوە تەنها كۆمەڵگەی كوردی زەرەری تێداكرد.

پەیوەندیكردن لە تارانەوە بۆ هەڵوەشاندنەوەی هێزی پێشمەرگە مسوڵمان

هەوڵەكانی ئەحمەدی موفتی زادە بۆ ڕێگری كردن لە دروست بوونی ئەم هێزەدا تا ئەوجێگەیە دەچێت، كە پەیوەندی دەكات بەلایەنی دەسەڵاتەوە، واتە موفتی زادە بۆئەوەی لەڕێگەی ئەم هێزەوە زەمینەی شەڕی ناوخۆ نەسازێت لەسەر چوار ئاست كاری كردووە: یەكەم هەوڵیداوە ئەو گەنج و كەسانەی دەیانەوێت بەشداری بكەن لە دروستكردنی هێزی پێشمەرگە مسوڵماندا پەشیمانیان بكاتەوە و ڕوونكردنەوەیان پێبدات، دووەم، بەماوەیەكی زۆر پێشتریش و لە چەندین هەوڵدا لەگەڵ سەركردایەتی كورد دانیشتووەو لەبارەی ئەم هەوڵە مەترسیدارانەوە ڕوونكردنەوەی داوە44، سێیەم، لەگەڵ كەسانی بەرپرس و خاوەن نفوز و دەسەڵات لەحكومەتدا قسەی كردوەو دەربارەی مەترسییەكانی ئاوا هێزێك ئاگاداری داوە، لایەنی چوارەبڵاوكردنەوەی ئاگاداری نامە و وتاری مزگەوتەكان، ئەویش كاتێك دەزانێت هیچ كام لەوانە كاری خۆیان ناكەن! بۆیە دێت ڕاستەوخۆی میللەت ئاگادار دەكاتەوە، وەك پێشتر باسمانكرد. ئێستا قسە لەسەر ئەو نامەیە دەكەین كە لەبەرواری (2/8/1359) – (24/10/1980) دەینێرێت بۆ ئایەتووڵا مونەتەزیری. بەشێكی نامەكەی تاییبەتە بەو هێزە چەكدارەی پێشمەرگانی مسوڵمان و لەبارەیانەوە بە مونتەزری ڕادەگیەنێت:

“بەرپرسانی دەسەڵاتدار هەوڵیاندا دروستكردنی سوپاس پێشمەرگانی مسوڵمان، ئەم هێزە دەوڵەتییە لەگەڵەئەوەی من زۆر دژی بووم پەیوەست بكەن بەمنەوە: تاوەكو گەنجانی خاوەن باوەڕ بڕۆن و خۆیان ناونووس بكەن، هەروەها زەمینەی خۆشەویست بوونی لەناو كوردانی مسوڵماندا بسازێنن. لە بەهاری ساڵی ڕابردوودا كاتێك ئەم سوپایە هاوڕێ لەگەڵ هێزە دەوڵەتییەكانی دیكەدا دەچنە ناو سنە و هەندێك ناوچەی دیكەی شار و گوندەكانی كوردستانەوە، بە بەردەوام بوون لەسەر هەمان سیاسەتی هەڵخەڵەتاندن، و پێدانی وێنەو ووتنی شیعاراتی پشتیوانی لە من و دەوروبەرم، ئەم كارەیان كردووە، بەڵام هەر لە سنەو هەندێك ناوچەی دیكە وابیردەكەنەوە بارودۆخەكەیان كۆنتڕۆڵكردووە هەستدەكەن بارودۆخەكە گۆڕاوە، و تەنانەت چەند جارێك بە ڕوونی بە پێشمەرگەكان ڕادەگەیەنن، كە هەركەسێك لایەنگری موفتی زادەیە دەبێت چەك دانێت و لە سوپا بچێتەدەرەوە! (وەك ئاماژەی بۆ كرا پێشتر بە شێوەیەكی فێڵبازانە، ژمارەیەك نائاگا و بێ خەبەر لە ناوەڕۆكی بابەتەكەو بێ خەبەر لە دژایەتی كردنی من بۆ ئەم سوپایە لە سوپا خۆیان ناونووس دەكەن)، بەڵام بابەتێكی زۆر سرنجڕاكێش ئەمەیە: ئێستاش لە هەندێك لە شارو دێهاتەكانی ئازەربایجان و دەورەبەری كە هەست دەكەن لاواز و بێ هێزن، دووبارە هەمان سیاسەتی پێشتر جێبەجێ دەكەن [واتە بەفێڵ و تەڵەكە ناوی ئەحمەد بۆ مەبەستی خۆیان بەكار دەهێنن]، هەواڵ دەگات: دەیان و سەدان مسوڵمانی گوندەكان بە خەیاڵی ئەوەی لە “سوپای موفتی زادە” بەشدار دەبن، كەوتوونەتە داوەكەوە! … سەیرە كە یاریكەرانی ئەم سیاسەتە ناشیانە”بانێكە و دوو هەوا” ئاگایان لێی نییە لەكۆتایدا خۆ ڕۆژێك هەردێت ئەم دوو ڕەنگییە و بەسەریەكدا پژانە ئاشكرا دەبێت …”45. بەم شێوەیە لەنامەكەدا بە ئاشكرا و جارێكی دیكە بێ بەری خۆی لەم سوپایە دەردەبڕێت و بچوكترین كرداریان نانخاتە ئەستۆی خۆی و هاوەڵەكانی.

دەرئەنجام

لە ئەنجامی ئەم توێژینەوەیە دەگەینە ئەوەی هێزی پێشمەرگە مسوڵمانی كورد، هێزێكی ڕێكخراوی بەرنامە بۆ داڕێژراو بووە لەلایەن دەسەڵاتی ناوەندەوە بەتایبەت و لەژێر بەرنامەی: سیاسەتی بەكارهێنانی هاوڵاتی كورد بۆ گەڕانەوەی ئاسایش بۆ ناوچە كوردییەكان و كردنیان بە گژی هێزە كوردییەكاندا دامەزراوە، لەگەڵئەوەی سەرچاوە و تۆماری مێژووی دروست لەبەردەستدا نییە، بەڵام محەمەد بروجەردی بە داینەمۆی بیری ئەم هێزە دادەنرێت هەروەها هەندێك لە كوردەكانی وەك (محەمەد عەلی حەیدەری) و باوكی باس لەوە دەكەن ئەوان دەستپێشخەر بوون. ئەوەی دەردەكەوێت دواجار كوردەكان دەچنە شەڕێكی خوێناوییەوە لەبەرامبەر یەكتردا و بەجۆرێك بكوژ و كوژراو هەر لە كورد دەبێت. هەر لەم لێكۆڵینەوەیەدا ئەوە دەردەكەوێت كە ئەحمەدی موفتی زادە وەك كەسایەتییەكی خاوەن هێز و دامەزرێنەری مەكتەب قورئان هیچ ڕۆڵێكی نابێت لەدروست كردنی ئەم هێزەدا و بە پێچەوانەوە لەو كەسانەدەبێت زۆر بەسەرسەختی دژایەتی خۆی بۆ دروستكردنی ئاوا هێزێك دەردەبڕێت و هەموو ڕێگەیەك جگە لە ڕووبەڕوو بوونەوەی چەكداری دەگرێتەبەر بۆ دروست نەبوونیان. لەبەرامبەردا هێزە سیاسیەكانی دیكەی وەك دیموكرات، كۆمەڵە، و چریكەی فیدای بە هەمانشێوە دژایەتی دروست بوونی ئەم هێزە دەكەن، لەلایەكەوە دەیدەنەپاڵ موفتی زادە و ئەو بەخاوەنی دەزانن، لەلایەكی دیكە هەوڵدەدەن بە هێزی چەكداری ڕووبەڕوویان ببنەوە، بەڵام ئاكامی كار بەوە دەگات، لەبەر ئەو پاڵپشتە لۆجستی و سەربازییەی لەلایەن دەسەڵاتی ناوەندەوە بۆیان دەنێرێت دەتوانن لەماوەیەكی كاتیدا هێزە چەكدارە كوردەكانی دیكە بخەنە دەرەوەی نەخشەی جوگرافی-سیاسی ڕۆژهەڵاتی كوردستانەوە.

سەرچاوەكان و پەراوێزەكان

  1. 1. میرزا، حمە صدیق، 2019،بەرهەمی ڕەنج و كار، ئەم بەرهەمە كەزانیارییەكانی لێوەرگیراوە (735) لاپەڕەیە، بەڵام نەمانتوانی شوێنی لەچاپدانی پەیدا بكەین، لا287.
  2. 2. زەرزا، حامید ڕەشیدی، 2002، كورتەباسێك لەسەر چەند ڕووداوی مێژوویی، بەشی یەكەم، چاپی یەكەم، ئادیلاید، ئوسترالیا، لا 100.
  3. 3. میرزا، حمە صدیق، 2019،بەرهەمی ڕەنج و كار، ئەم بەرهەمە كەزانیارییەكانی لێوەرگیراوە (735) لاپەڕەیە، بەڵام نەمانتوانی شوێنی لەچاپدانی پەیدا بكەین، لا288
  4. 4. مەبەست لە لیژنەی چوار قۆڵی (ئایەتوڵا تاڵەقانی، بەهەشتی، ڕەفسەنجانی و بەنی بەصەدر)ە، كە خوێنەر بۆ خوێندنەوەی زیاتر لەبارەی هاتنی لیژنەكانی تاران بۆ شارەكوردییەكان و بەتایبەت پارێزگای سنە دەتوانێت بگەڕێتەوە بۆ: عەبدوڵا، سەروەت، 2022، ئەحمەدی موفتی زادە سەركردەیەكی كاریزما و قوتابخانەیەكی كرداری، چاپی یەكەم، چاپخانەی سیما، سلێمانی، لا279-330

) محمد بروجردی (1333-1362) (1955-1983) لەسەرەتای شۆرشدا یەكێك بووە لەكەسە نزیكەكان و جێگەی باوەڕی خومەینی. لەكاتی گەڕانەوەی ئیمام بۆ ئێران بروجردی دەبێتە بەرپرسی پاراستنی ئیمام خومەینی، بۆ ئەم ئەركەش لەلایەن (ئایەتوڵا بەهەشتی و عراقی)ەوە دەستنیشان دەكرێت. ماوەیەكیش سەرپەرشتی (زیندانی ئەوین) بووە، پاشان یەكێكە لەو دوانزە كەسەی كە لەلای خامنەئی سوپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی دادەمەزرینێت. محەمەد ئەو كەسە بوو كە بەفەرمانی خومەینی چووە ناو شاری پاوەو لەوێوە هەموو جوڵانەوەكانی كوردی سەركوت كرد. دوای دروستكردنی ڕێكخراوی (پێشمەرگەی كوردی مسوڵمان) لە لایەن (بەهەشتی و ڕەفسەنجانی)ەوە دەكرێتە بەرپرسیارن. وەك سەركردەیەكی مەیدانی تەواوی جوڵانەوەكانی كوردستانی لە ژێر دەستدا بووەو سەرپەرشتیاری هەموو جوڵانەوە سەركوتكەرەكانی بووە كە لەو ماوەیەدا دژی كوردو جوڵانەوەی ئازادی خوازیی كورد ئەنجام دراوە. لە (22/05/1983) لەگەڵ ژمارەیەك لە هاوڵاتی لە ڕێگەی (مەباهات) مین (بۆمب) دەتەقێتەوە پێیداو دەكوژرێت. بۆ زانیاری زیاتر دەتوانن سەردانی پێگەی فەرمی ڕۆژنامەی همشهری بكەن www.hamsharion/ine.ir.

  1. 5. روحی، نبی الە، 1386، شگل گیری بحران كردستان و سازمان پیشمرگان مسلمان كرد، فصلنامە مگالعات بسیج، شمارە 34، لا25.
  2. 6. بڕوانە: عەبدوڵا، سەورەت، 2022، ئەحمەدی موفتی زادە – سەركردەیەكی كاریزكا و قوتابخانەیەكی كرداری، چاپی یەكەم، چاپخانەی سیما، لا 197-208.
  3. 7. هەمان سەرچاوەی پێشوو، لا26.
  4. 8. روحی، نبی الە، 1386، شگل گیری بحران كردستان و سازمان پیشمرگان مسلمان كرد، فصلنامە مگالعات بسیج، شمارە 34، لا23-26.
  5. 9. دكتۆر ئەبولحەسەن بەنی صەدر لەدوای ئەوەی لە ئێرانی دەچێتە دەرەوە، لە چالاكییە سیاسی و نووسینەكانیدا ئاماژە بە دیدگای دەوڵەتە مەزهەبییە نوێكەی ئێران دەدات و ڕوونی دەكاتەوە زۆر چەمك و سیستەم هەیە ئایەتوڵا خومەینی بڕوای پێی نییە و كاریان پێناكات، خوێنە بۆ زیاتر ئاشنا بوون بەم باسە دەتوانێت بگەڕێتەوە بۆ: بەنی صدر، ابولحسن، 1360، خیانت بە امید، انتسرا در صفحە انترنیت، https://www.goodreads.com/book/show/8474506.
  6. 10. خوێنەر بۆ زیاتر خوێندنەوە لەبارەی ئەم هۆكارەوە دەتوانێت بگەڕێتەوە بۆ لێدوان و نووسراوەكانی سەركردە دكتۆر عەبدولرەحمان قاسملۆ، كە لەزۆر جێگەدا ئاماژەی بۆ كۆۆدووە كە دیدگای حكومەتی ناوەند بە نیسبەت چارسەری كێشەی كوردەوە ناڕوونە!
  7. 11. بڕوانە: بەنی صدر، ابولحسن، 1360، خیانت بە امید، انتسرا در صفحە انترنیت، https://www.goodreads.com/book/show/8474506.
  8. 12. بەنی صدر، ابولحسن، 1360، خیانت بە امید، انتسرا در صفحە انترنیت، https://www.goodreads.com/book/show/8474506، لا75
  9. 13. بۆ زانیاری زیاتر بگەڕێنەوە بۆ پێگەی ئەلكترۆنی (نمایندە)، بابەتەكانی (بحران كردستان از اغاز تا فرجام – 6) مێژووی 24 فرداد 1392 (https://namayande.com/tag).
  10. 14. بڕوانە: عەبدوڵا، سەورەت، 2022، ئەحمەدی موفتی زادە – سەركردەیەكی كاریزكا و قوتابخانەیەكی كرداری، چاپی یەكەم، چاپخانەی سیما.
  11. 15. بڕوانە: موفتی زادە، ئەحمەد، 1358، دربارە كردستان، چاپ اول، ئیران.
  12. 16. فتی زادە، احمد: 1385، دربارەی كردستان، انتشارات نور، چاپ اول 1359، لا103.
  13. 17. هەمان سەرچاوەی پێشوو.
  14. 18. ئیمامی، حاجی مامۆستا مەلا محەمەد 1399: بیرەوەرییەكانی حاجی مامۆستا ئیمامی، وەرگێڕان و ئامادەكردنی سەید هیدایەت هیدایەتی، چاپی یەكەم، چاپەمەنی خانی، سەقز، ڕۆژهەلاتی كوردستان، لا 310-311.
  15. 19. هەمان سەرچاوەی پێشوو.
  16. 20. هەمان سەرچاوەی پێشوو.
  17. 21. ئیمامی، حاجی مامۆستا مەلا محەمەد 1399: بیرەوەرییەكانی حاجی مامۆستا ئیمامی، وەرگێڕان و ئامادەكردنی سەید هیدایەت هیدایەتی، چاپی یەكەم، چاپەمەنی خانی، سەقز، ڕۆژهەلاتی كوردستان، لا 314.
  18. 22. ئیمامی، حاجی مامۆستا مەلا محەمەد 1399: بیرەوەرییەكانی حاجی مامۆستا ئیمامی، وەرگێڕان و ئامادەكردنی سەید هیدایەت هیدایەتی، چاپی یەكەم، چاپەمەنی خانی، سەقز، ڕۆژهەلاتی كوردستان، لا 315-316.
  19. 23. روحی، نبی الە، 1386، شگل گیری بحران كردستان و سازمان پیشمرگان مسلمان كرد، فصلنامە مگالعات بسیج، شمارە 34، لا27.
  20. 24. عەبدوڵا، سەورەت، 2022، ئەحمەدی موفتی زادە – سەركردەیەكی كاریزكا و قوتابخانەیەكی كرداری، چاپی یەكەم، چاپخانەی سیما.
  21. 25. بڕوانە: بابەتی بڵاو بووەوە لە ئینتەرنێت بەناونیشانی: ڕد ڕوغی اشكار، ئامادەكردنی ژمارەیەك لە خوێندكارانی زانكۆ لە ئەهلی سوننە.
  22. 26. روحی، نبی الە، 1386، شگل گیری بحران كردستان و سازمان پیشمرگان مسلمان كرد، فصلنامە مگالعات بسیج، شمارە 34، لا26.

) مەبەست پێكدادانەكەی بینای تەواو نەبووی ساواك و كوژرانی عەبە حەبیب و هاوڕێكانی، كە هەموویان ئەندامی مەكتەب قورئان بوو (لە پێشەكی بابەتەكەدا ئاماژەی بۆ كراوە).

  1. 27. حەیدەری، محەمەد عەلی ، 22 بهمن 1399 (10/2/2021)، چاوپێكەوتنێكی تەلەفزیۆنی لەكەناڵی ناوخۆی (سنە)/ كردستان، بەرنامەیەكی تایبەت بە ساڵوەگەری شۆڕشی گەلانی ئێران.
  2. 28. هەمان سەرچاوەی پێشوو.
  3. 29. روحی، نبی الە، 1386، شگل گیری بحران كردستان و سازمان پیشمرگان مسلمان كرد، فصلنامە مگالعات بسیج، شمارە 34، لا31.
  4. 30. حەیدەری، محەمەد عەلی ، 22 بهمن 1399 (10/2/2021)، چاوپێكەوتنێكی تەلەفزیۆنی لەكەناڵی ناوخۆی (سنە)/ كردستان، بەرنامەیەكی تایبەت بە ساڵوەگەری شۆڕشی گەلانی ئێران.
  5. 31. هەمان سەرچاوەی پێشوو.
  6. 32. موقع مهر، 7 مهری 1399، پیشمرگان کرد مسلمان پیشگام در دفاع از انقلاب/سازمانی در خدمت مردم، https://www.mehrnews.com/news/5033694
  7. 33. بڕوانە: پێگەی تەسنیم نیوس، 2 مرداد 1396، سازمان پیشمرگان کرد چگونه شکل گرفت؟، https://www.tasnimnews.com/fa/news/1396/05/02/1472900

) بۆ زانیاری زیاتر لەبارەی ئەم ڕووداوەوە خوێنەر دەتوانێت بگەڕێتەوە بۆ كتێبی:  عەبدوڵا، سەروەت، 2010، كاك ئەحمەدی موفتی زادە، دەروازەیەك بۆ خەباتێكی نەناسێنراو، چاپی یەكەم، دووەم، سێیەم، سێمانی، چاپخانەی سیما.

  1. 34. امینی، حەسەن 1384، انتساب پیشمرگان مسلمان بە كاك احمد مفتی زادە ڕا تكژیب می كنم، گفت و گو با حسن امینی، ویژەنامە كردستان/چشم انداز ایران، 37.
  2. 35. بڕوانە: عەبدوڵا، سەورەت، 2022، ئەحمەدی موفتی زادە – سەركردەیەكی كاریزكا و قوتابخانەیەكی كرداری، چاپی یەكەم، چاپخانەی سیما.
  3. 36. روحی، نبی الە، 1386، شگل گیری بحران كردستان و سازمان پیشمرگان مسلمان كرد، فصلنامە مگالعات بسیج، شمارە 34، لا28.
  4. 37. قورەیشی، سەعدی، 2020، ڕودا و مێژوو، بەشێك لە مێژوی مەكتەب قورئان و كەسایەتی كاك ئەحمەدی موفتی وادە،بەرنامەی تۆماركراو كەناڵیی ئێ ڕ تی، https://www.youtube.com/watch?v=GXnq4sHjNn4
  5. 38. بڕوانە: عەبدوڵا، سەورەت، 2022، ئەحمەدی موفتی زادە – سەركردەیەكی كاریزكا و قوتابخانەیەكی كرداری، چاپی یەكەم، چاپخانەی سیما.
  6. 39. گفتوگۆیەكی تۆكاركراوەی كاك ئەحمەد موفتی زادە لەبارەی دەنگۆی دروستكردنی هێزی چەكداری پێشمەرگانی مسوڵمان و ڕادەی پەیوەندی ئەم هێزە بە كاك ئەحمەدو مەكتەب قورئانەوە. مێژووی ئەم گفتووگۆیە دەگەڕێتەوە بۆ سەرەتاكانی ساڵی 1980 لە شاری كرماشان.

    ) هەر لەم وەڵامەوەیە ئێمە بە وردی دەتوانین هۆكارەكانی پشت كۆچی كاك ئەحمەد و بەشێك لە یارانی بۆ شاری كرماشان پەیدا بكەین، و لە مەبەستی ئەو كۆچە مێژووییە تێبگەین!

  1. 40. گفتوگۆیەكی تۆكاركراوەی كاك ئەحمەد موفتی زادە لەبارەی دەنگۆی دروستكردنی هێزی چەكداری پێشمەرگانی مسوڵمان و ڕادەی پەیوەندی ئەم هێزە بە كاك ئەحمەدو مەكتەب قورئانەوە. مێژووی ئەم گفتووگۆیە دەگەڕێتەوە بۆ سەرەتاكانی ساڵی 1980 لە شاری كرماشان.
  2. 41. هەمان سەرچاوەی پێشوو.
  3. 42. بڕوانە: عەبدوڵا، سەورەت، 2022، ئەحمەدی موفتی زادە – سەركردەیەكی كاریزكا و قوتابخانەیەكی كرداری، چاپی یەكەم، چاپخانەی سیما، لا436.
  4. 43. نگاهی گزرا به زندگی و مبارزات علامە احمد مفتی زادە، بەیاننامەی ژمارە (86)ی بەرواری (17/7/1358)-(9/10/1979).
  5. 44. بڕوانە: عەبدوڵا، سەورەت، 2022، ئەحمەدی موفتی زادە – سەركردەیەكی كاریزكا و قوتابخانەیەكی كرداری، چاپی یەكەم، چاپخانەی سیما.
  6. 45. نامەیەكی كاك ئەحمەد موفتی زادە بۆ خوالێخۆشبوو ئایەتوڵا مونتەزری، لەبەرواری (2/8/1359) – (24/10/1980)

وەرزنامەی ئێرانناسی ژمارە (٥)، ساڵی دووەم، تشرینی یەكەمی 2022

Send this to a friend