• Google Plus
  • Rss
  • Youtube
April 17, 2023

ئەهلی زیممە (أهل الذمة)

ئایینیاسی

زیممیی ئەو کەسەیە کە پەیمانێکی داوە لە یەهود و نەسارا و ئەوانی تر، کە لەژێر سایەی دەوڵەتی ئیسلامیدا دەژین، لە ڕووی زمانەوانییەوە پێچەوانەی پێداهەڵدانە، واتە کەسێکە پەیمانی لەگەڵ کەسێک هەیە، بە مانای ماف و ئەمان دێت، واتە لە زیممەتی کەسێکی تردایە، لە ڕووی زارەوەشەوە لە قورئان و سوننەتدا بە زۆر مانای جیاواز هاتووە، لە وانە لە سورەتی تەوبە لە ئایەتی (8) دا هاتووە (کیف وإن یظهروا علیکم لا یرقبوا فیکم الا ولا ذمة یرضونکم بأفواههم وتأبی قلوبهم وأکثرهم فاسقون).
لە زارەوەی شەرعیدا دوو واتای هەیە: یەکەمیان ئەوەیە کە هەندێک لە زانایان پێیان وایە وەسفێکی ئیعتیبارییە کە یاسادانەر بۆ مرۆڤی داناوە، دووەمیان کە هەندێکی لە زانایانی ئوسووڵ پێیان وایە کە مەبەست لە زیممەت لە ڕووی شەرعەوە کەسێکە کە لە ئەستۆی کەسێکدایە و پەیمانێک هەیە. بەم پێیە ئەهلی زیممە ئەوانەن کە پێیان دەوترێت غەیرە موسڵمان بە پێی ڕێککەوتنێک دەکەونە ئەستۆی موسڵمانان.
ئەم بابەتە جێگەی مشتومڕ و جەدەلێکی گەورەیە لە نێوان بیرمەندە ئیسلامییەکان، کە دەوڵەتی ئیسلامی چۆن مامەڵەیان لەگەڵ دەکات، بە واتایەکی تر بابەتی ئەهلی زیممە ڕاستەوخۆ پەیوەندیدارە بە دەوڵەتی ئیسلامییەوە. ئەوەش بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ماف و ئەرکەکانیاندا، بە واتە هەمان ئەو ئەرک و مافانەیان هەیە کە موسڵمانێک هەیەتی، یاخود لە بری ئەوەی کە وەکو موسڵمان هەموو ئەرکەکان جێبەجێ ناکەن، لە بەرامبەردا لە بری ئەوەی ئەرکێکی دارایی (الجزیة) دەکەوێتە ئەستۆیان. بەڵام لە بەرامبەر ئەوەدا لە ئێستادا جەدەلەکە ئەوەیە کە دەوڵەتی ئیسلامی هاوچەرخ دەبێت مامەڵەی یەکسان و مافی یەکسان و ئەرکی یەکسان لەگەڵ هاووڵاتییان مامەڵە بکات، لە جیاتی ئەوەی ئەهلی زیممە هەبێت، هاووڵاتی بوون جێگەی ئەم چەمکە بگرێتەوە، کە بە مانای پەیوەندی هاووڵاتی دێت لەگەڵ دەوڵەت لەسەر بنەمای پەیوەندی یاسای و سیاسی یەکسان و مرۆیی.
بە دڵنیاییەوە پێچەوانەی ئەم بیروڕایە، ڕایەکی کلاسیکی سەلەفی هەیە پێی وایە ئەوانەی غەیرە موسڵمانن، جا لە ناو دەوڵەتی ئیسلامیدا لە دایک بووبن، یان لە دەرەوەی دەوڵەتی ئیسلامییەوە هاتوونەتە ناو دەوڵەتی ئیسلامییەوە، مامەڵەی ئەهلی زیممەیان لەگەڵ دەکرێت، دەتوانن مومارەسەی هەموو مافە مەدەنی و کولتووری و ئابووری و کۆمەڵایەتییەکانیان بکەن، جگە لە مافی سیاسی.
ئەم بیروبۆچوونە ڕووبەڕووی ڕەخنەی زۆر بووەتەوە، لەوانە: دۆخی سیاسیی گۆرانی زۆری بەسەردا هاتووە، بۆیە دەوڵەتی ئیسلامیش بە مانی کلاسیکی و خیلافەت و دەوڵەتی دینی وجودی نەماوە. هەروەها ئەم بۆچوونە کۆمەڵگە دابەش دەکات بەسەر هاووڵاتی پلە یەک و پلە دوو. ئەم بیروبۆچوونە گەرەنتی ڕاستەقینە دروست ناکات بۆ ئینتیما و بەشداری سیاسیی و هەستکردن بە شەراکەت و شوناسی نیشتمانیی.

وەرزنامەی ئایینناسی ژمارە (2) نیسانی (2023) ساڵی یەكەم

Send this to a friend