• Google Plus
  • Rss
  • Youtube
November 12, 2021

ئالوودەبوون بە ماددە هۆشبەرەکان و ئاسایشی کۆمەڵایەتی

شەهلا ڕەعنایی/ توێژەری كۆمەڵایەتی

بۆ بینینی بابه‌ته‌كه به‌ PDF‌ كلیك له‌م به‌سته‌ره‌ بكه‌:-  ژمارە (10)ی تشرینی دووەمی 2021ی گۆڤاری ئایندەناسی

بەرایی

   ئاسایش بە پێداویستیی سەرەكی و ئامانجێكی بنەڕەتیی مرۆڤ ئەژمار دەکرێت، بە شێوەیەک کە بە کەمبوونەوەی ئاسایش؛ ئارامی و دڵنیایی مرۆڤ لەنێو دەچێت و دڵەڕاوكێ، بێمتمانەیی و نائارامی دێتە ئاراوە، لەم ڕووەوە بەدیهێنانی زۆرێک لە پێویستییەکانی مرۆڤ بەندە بە دابینکردنی ئاسایش. ئاسایش بابەتێکی بنەڕەتییە لە هەر سیستمێکی کۆمەڵایەتیدا و وڵاتانی جیهان دابینکردنی ئاسایش لە کۆمەڵگادا بە ئەولەویەت و ئەركی سەرەكیی خۆیان ئەژماری دەکەن، هەر چەندە ئەستەمە كە چاوەڕێ بکرێت لە کۆمەڵگایەكدا بەتەواوەتی ئاسایش بوونی هەبێت، بەو پێیەی كە هەر كۆمەڵگەیەك لە كەسانی جیاواز بە دابونەریت و کولتووری جیاواز پێك هاتووە و بەردەوام ڕێژەیەک لە تاوان و زیانی کۆمەڵایەتی بۆ نموونە “ئالوودەبوون” لە هەموو کۆمەڵگەیەکدا بوونی هەیە و بە هەمان ڕێژەش هەستکردن بە نائارامی لەو کۆمەڵگایەدا بوونی هەیە. هەستێک کە هەندێک کات بە شێوەیەکی بەرچاو لەناو خەڵکی ئەو کۆمەڵگایەدا دروست دەبێت و وەک کێشە لێی دەڕوانرێت و دەبێت بە وریاییەکی زیاترەوە بخرێتە بەر باس. ئەم نووسينه هەوڵی شرۆڤەیەكی كۆمەڵناسییە سەبارەت بە ڕۆڵ و كاریگەریی ئاسایشی کۆمەڵایەتی لە کەمکردنەوەی زیانە کۆمەڵایەتییەکانى “ئالوودەبوون” و لە بەرامبەردا ڕۆڵی پێچەوانەی ئالوودەبوون لە کەمبوونەوەی هەستکردن بە ئاسایشی کۆمەڵایەتی.

   بەرایی

 ئاسایشی گشتی یەکێک لە دیارترین سیماكانی پێشکەوتوویی هەر کۆمەڵگایەک و زەمینەسازیی گەشەکردن و ئارامیی کۆمەڵگایە. جێگیربوونی ئاسایشی گشتی لە کۆمەڵگادا پێویستی بە پێکهاتەگەلێکە کە لەودا لانی کەم هێماگەلێکی وەک یەکسانیی کۆمەڵایەتی، دابینکردنی خۆشگوزەرانیی کۆمەڵایەتی، دابینکردنی هەلی کار، ئازادی و دەسەڵات و بەشداریکردنی تەواوەتیی خەڵک، بڵاوکردنەوەی هۆشیاری و زانیاری لە کۆمەڵگەدا، کەڵکوەرگرتن لە توانای نوخبە و زاناکان، گونجاندنی کۆمەڵایەتی و هاوشێوەکانی بوونی هەبێت. ئاسایشی گشتی بابەتێکە لە پێشکەوتنی سیستم، یاسا و لەبەرچاوگرتنی یەکسانی لە کۆمەڵگادا کە هاوڵاتیان لە پەنای ئەودا لە ترس و نائارامی بەدوور دەبن و بۆ بەرگریکردن و پشتیوانی لە مافەکانی خۆیان و دابینکردنی هەلەکان و هۆکارەکانی دەستدرێژی بێخەم دەبن.

لە بەدواداچوون سەبارەت بە ماددە هۆشبەرەکان و ئاسایشی کۆمەڵایەتی، ماددە هۆشبەرەکان وەک هۆکارێکی دەرەکی لە چوارچێوەی بازرگانی لە بازاڕە ئازادەکان وەک مەترسییەک لەسەر ئاسایش ئەژمار دەکرێت. لە ڕوانگەی سو پرسی (Sue Pryce) لە کتێبی “ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ ماددەی هۆشبەردا”، کاتێک کە بازرگانیی ماددە هۆشبەرەکان قەدەغە کرا و وەک مەترسییەک لەسەر ئاسایشی سیاسی و کۆمەڵایەتیی دەوڵەت ناسێنرا و کاتێک کە هەڕەشەئامێزترین جۆرەكانی ماددەی هۆشبەر کەوتە ڕیزبەندیی لیستی قەدەغەكراوی هاوردەی دەرەکی، ماددەی هۆشبەر بوو بە بابەتێکی ئاسایشی و مەترسیدار کە پێویست بوو بەرەنگاری ببینەوە. ئەم بابەتە، بەیاننامەی “جەنگ دژی ماددە هۆشبەرەكان”، لەلایەن ڕیچارد نیکسۆن لە ساڵی ١٩٧١ و ڕاگەیەنراوەكەی ڕۆناڵد ڕەیگان سەبارەت بەوەی کە ماددەی هۆشبەر مەترسییەکە لەسەر ئاسایش، ڕوون دەکاتەوە. ماددەی هۆشبەر لە گۆڕەپانی سیاسەتی ناوخۆ، تەندروستی، پەروەردە، خۆشگوزەرانی و تاوانەوە جووڵەی كردووە و دەبێتە پرسی سیاسەتی دەرەوە و دیپلۆماتی و ستراتیژی سەربازی(1).

   ڕاسڵ کرانداڵ لە کتێبی “ماددەی هۆشبەر و هەڕەشە”، بڕوای وایە کە لە سەرەتای دەیەی ١٩٧٠، بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەكان زیاتر لە یەک ترلیۆن دۆلار یاخود بە ڕێژەیەكی گریمانەیی دە ئەوەندەی شەڕی کەنداوی فارس (١٠٢ ملیارد دۆلاری ئەمەریکی بە ڕێژەی هەڵئاوسانی ڕێكخراو)، یاخود سێ ئەوەندەی جەنگی یەكەمی جیهانی (٣٣٤ ملیارد دۆلاری ئەمەریکی بە هەڵئاوسانی ڕێکخراو) لەسەر باجدەرە ئەمەریکییەکان کەوتووە. سەرەڕای دەیان ساڵ هەوڵ و کۆشش بۆ ڕیشەکێشکردنی ماددە هۆشبەرەکان، ماددەی هۆشبەر بە شێوەیەکی نایاسایی بەرهەم دەهێنرێت و لە ناوخۆ و دەرەوەی ئەمەریکادا بەردەوام لە گەشەدایە. لەم ساڵانەی دواییدا باجدانی ئالوودەبوون بە ماددەی هۆشبەر و خودی شەڕی ماددەی هۆشبەر بۆ بەشێکی زۆر لە ئەمەریکییەکان زیاد لە هەر کاتێکی تر بووە بە شتێکی تاکەکەسی. لە ساڵی ٢٠١٦، لە هەر دە کەسێكی ئەمەریکی، چوار کەس دانیان بەوەدا ناوە كە لە ئێستادا یان پێشتر کەسێک دەناسن کە ئالوودەی ئارامبەخشە ڕێپێدراوەكانی پزشكان بووە(2).

   ئەم كێشەیە نیشاندەری گرنگی ڕۆژ لەدوای ڕۆژی زیانەکانی پەیوەست بە ماددە هۆشبەرەكانە و سەرمایەگوزاریی دەوڵەتی ئەمەریکا بۆ باشترکردنی ئاسایشی کۆمەڵایەتی لە ڕێگەی بەرەنگاربوونەوەی ماددەی هۆشبەر لەم وڵاتەدا وەک زلهێزێکی سیاسی و ئابووریی جیهانە. بەڵام نابێ لەبەرچاوی نەگرین کە زیانەکانی ئالوودەبوون وەک هۆکارێکی مەترسی لەسەر ئاسایشی ناوخۆیی بە شێوەیەکی ڕۆژانە لە کۆمەڵگاکاندا ڕوو لە زیادبوونە و ئەنجامدانی ڕێکارە پێویستەکان بۆ کۆنترۆڵکردنی ئەم مەترسییانە وەک بابەتێکی گرنگ ئەژمار دەکرێت. ڕوونە کە پێش لە هەر کارێک بۆ کۆنترۆڵکردنی مەترسییەک، دەبێت بە باشی و وردی ئەو مەترسییە بناسین و هۆکارە پەیوەندیدارەکانی سەبارەت بەو مەترسییە دەستنیشان بکرێن. لەسەر ئەم بنەمایە، بەكارهێنانی ماددەی هۆشبەر (Drug Use) لەنێو خەڵکدا بووە بە یەکێک لە سەرچاوەکانی دەركەوتن و پەرەسەندنی “هەستکردن بە نائارامی” (Feeling Insecure). بە واتایەکی تر: ئالوودەبوون بە شێوەی زیانی کۆمەڵایەتی، لێکەوتەگەلێکی وێرانکەر و پڕ لە خەرجیی زۆر دەخاتە سەر شانی پێکهاتەی کۆمەڵگا. بۆ نموونە؛ لە کاریگەرییە ئازاربەخش و بونیادتێكدەرەکانی ئالوودەبوون بە ماددەی هۆشبەر بریتین لە جیابوونەوەی هاوسەران، کەمبوونەوەی ئاسایشی کۆمەڵایەتی، زیادبوونی دزی و گواستنەوەی نەخۆشی کە دەوڵەتەکان بۆ لەنێوبردنی ئەمانە بەناچاری تووشی خەرجییەكی زۆر دەبن. هەر لەبەر ئەمەیە کە ئەو بەهایەی كە خەڵک بۆ کەمکردنەوەی ئالوودەبوون لە کۆمەڵگە و پاشانیش باشترکردنی ئاستی ژیانی كۆمەڵایەتی قایلن، شایانی گرنگیپێدانە بۆ هەڵسەنگاندنی بەرنامەکانی دەوڵەت سەبارەت بە بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان و کەمبوونەوەی ئالوودەبوون سوودمەندە و هەستکردنی دەروونیی نەبوونی ئاسایشی کۆمەڵایەتی لەنێوان تاکەکانی کۆمەڵگادا بە هۆی بڵاوبوونەوەی ئالوودەبوون و زیانەکانی(3).

   لە لایەکی ترەوە، بەو پێیەی كە چەمکی هەستکردن بە ئاسایش یەکێکە لە دەرخەرەکانی چۆنیەتیی ژیان لەنێو شارەکاندا، دەکرێت بڵێین زیانە کۆمەڵایەتییەکان وەک یەکێك لە گرنگترین لێکەوتەکانی ئەم نائەمنییە ئەژمار دەکرێت. لە ئەمڕۆدا بە سەرنجدان لە بڵاوبوونەوەی نائەمنییە کۆمەڵایەتییەکان لەنێو شارەکاندا، پەیوەندیی نێوان ئاسایشی کۆمەڵایەتی و زیادبوونی زیانە کۆمەڵایەتییەکان گرنگیی پێ دەدرێت(4). لەسەر ئەم بنەمایە، یاسای سزادانی توند، توندکردنی بەرەنگاربوونەوەکان، ڕێكارە پۆلیسییەكان و سەرمایەگوزاریی دەوڵەتەکان بۆ دابینكردنی هەستکردن بە ئاسایشی کۆمەڵایەتی؛ ئەنجامێکی دڵخوازی بەدەست نەهێناوە، هەر بەم هۆیەوە ساڵانێکە وڵاتان بیر لەوە دەکەنەوە کە سوود وەربگرن لە توانا و بیرۆکەکانی کۆمەڵگای مەدەنی (بەهێزكردنی ستراتیژی بەشداریکردنی خەڵک لە دابینکردنی ئاسایش) و كار لە کەمکردنەوەی هەستکردن بە نەمانی ئاسایش بكەن. هەر بۆیە ئاسایشی کۆمەڵایەتی بابەتێکە کە خەڵک و دەوڵەت پێکەوە لە دابینکردنیدا هاوبەش و بەشدارن، لەم ڕوانگەیەوە دەوڵەت و کۆمەڵگە هەنگاوبەهەنگاو و پێکەوە بەبێ ئەوەی خۆیان لە یەكتر جیا بكەنەوە، پێویستە هەمان كردار سەبارەت بە نەمانی ئاسایشی پەیوەندیدار بە هەردووکیان ئەنجام بدەن و هاوكاری یەكتر بن(5).

   زیانە کۆمەڵایەتییەکان (Social Problems)

زیانە کۆمەڵایەتییەکان لەخۆگری هەندێ کێشە و گرفتی کۆمەڵگایە کە بە هۆی ئەوەوە خەڵکی تووشی زیانی جەستەیی و دەستدرێژیی جەستەیی دەبن. ئالوودەبوون بە شێوەی یەکێک لە زیانە کۆمەڵایەتییەکان، سەرەتا دەبێتە هۆی بەفیڕۆدانی سامانی مرۆیی وڵاتەکان و داینامۆی ئابووریی وڵات لەکار دەخات و پاشانیش دەبێتە هۆی پەرەپێدانی تاوانکاری و کێشەگەلی تر لە کۆمەڵگادا، بەم شێوەیە بە توندی و خێرایی دەبێتە هۆی لەدەستدانی سامانی مرۆیی. هەروەها ئەم بابەتە لە ڕێگەی ئەو کاریگەرییە نەرێنییەوە کە بەسەر کۆمەڵگەوە بەجێی دەهێڵێت، دەبێتە هۆی لاوازبوونی سامانی کۆمەڵایەتی. بەشێک لە لێکەوتە نەرێنییەکانی ئالوودەبوون بریتین لە: داڕووخانی بنەمای خێزانەکان، کەمبوونەوەی ئاسایشی کۆمەڵایەتی، گواستنەوەی نەخۆشییەکان، زیادبوونی دزی لە کۆمەڵگەدا و لە هەمووی گرنگتریش خەرجیی هەلی لەدەستچووی هێزی کار. بەرزبوونەوەی ڕێژەی ئالوودەبوون لە کۆمەڵگادا، وەک تێچووی مانەوەی ئالوودەبووان لە بەندیخانە یاخود کەمپەکان، یاخود پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری بۆ ئەوان لە ڕێگەی ڕێکخراوە تەندروستییەکانەوە، بەڕوونی تێچوونێكی زۆری پێوە دیارە بۆ دەوڵەت. بەڵام لەگەڵ ئەم خەرجییە ڕوون و قابیلی ژماردنانەدا، كۆمەڵێك تێچوونی تر بوونی هەیە کە تێچووی بەهای دراوییەكەی دیار نییە و لە هەمان کاتدا بەهایەکی زۆر زیاتری هەیە کە بریتین لە لەنێوبردنی متمانەی کۆمەڵایەتی لەنێوان خەڵکیدا بە هۆی زیادبوونی دزییەكان، ئەگەری تووشبوون بە تاوانی ئەندامانی تری خێزان بە هۆی لاوازی و لەنێوچوونی شیرازەی خێزانی و هەروەها بریندارکردنی هەستی تاکەکانی کۆمەڵگا بۆ هەستی یارمەتی و بەزەیی ئەوان لە کاتی بینینی ئالوودەبووندا. هەروەها، دەوڵەتەکان بۆ جێبەجێکردنی پلان و بەرنامەکانی سەبارەت بە کەمکردنەوەی ئالوودەبوون، دەبێت لە كولتوورسازی و پەروەردەی کۆمەڵگادا سەرمایە بخەنە گەڕ. کەواتە، لێكدانەوەی ڕێژەی ئالوودەبوون بە ماددە هۆشبەرەکان و ئەو بەهایەی کە خەڵکی پێی دەدەن سەبارەت بە کەمکردنەوەی ڕێژەی ئالوودەبووان، بۆ داڕشتنی پلان و بەرنامەی ئابووری و کۆمەڵایەتی گرنگیی هەیە(6).

   جیا لە ناوەرۆکی کۆمەڵگا و ئاستی گەشەكردنی، دەکرێت بڵێین بەكارهێنانی ماددەی هۆشبەر وەک كێشەیەكی کۆمەڵایەتی کاتێک خرایە بەر باس کە دیاردە کۆمەڵایەتییەكانی وەك شارنشینی و پیشەسازی هاتنە كایەوە. كاریگەرییەكان و شێوازی ژیانی تایبەت پیشەسازی، بووە هۆی ڕوودانی گرژی و ئاڵۆزی لە ئاستی تاکەکەسی و کۆمەڵگادا. بێ ناونیشانی و ونبوونی (گمنامی) تایبەت بە كەشی شارەکان، نەک تەنیا ڕۆڵی چاودێریی خێزانی کەم کردەوە، بەڵکوو بووە هۆی کەمکردنەوەی ڕۆڵی ئایینیش، ئەم ونبوونە بە لەخۆنامۆبوونی مرۆڤ زیاتر پەرەی سەند. حەزە بێسنوورەکانی مرۆڤ بووە هۆی ئەوەی کە كێشمەكێش و هەژاریی زیاتر بۆ مرۆڤ بەرهەم بهێنێت، ئەمەش خۆی لە خۆیدا بووە هۆی ئەوەی کە لە قۆناغی یەکەمدا مرۆڤی مۆدێرن بۆ ئارامبوونەوەی خۆی پەنا بەرێتە بەر ماددەی هۆشبەر و بەدوایدا بگەڕێت و لە کۆتاییدا کاتێک کە کێشەکان وایان لێ دێت بەرگەی ناگرێت، تووشی ئالوودەبوون بە ماددەی هۆشبەر دەبێت(7).

   لە ڕوانگەی کۆمەڵناسییەوە، پێکهاتەی کولتووری-کۆمەڵایەتی لە پەرەپێدانی ئالوودەبوون لە کۆمەڵگادا شایانی گرنگیپێدانن. لە ڕوانگەی تیۆری كردارگەرایی (Functionalism)، کاتێک کە نۆرمە (بەها/هنجار) کۆمەڵایەتییەکان لاواز دەبن، حەزی تاکەکان بۆ ئەو ماددە هۆشبەرانە زیاتر دەبێت. بە ئاڵۆزتربوونی کۆمەڵگا و گۆڕانکارییە کۆمەڵایەتییەكانی خێراتر، بەهاکان و نۆرمە کۆمەڵایەتییەکان ناڕوونتر دەبن و دەگاتە ئاستی بێبەهابوون. نەگونجاویی نۆرم، لە گرنگترین هۆکارەکانی لاوازبوونی بەهاكانە. سەرەڕای ئاگادارکردنەوەی بەرپرسانی تەندروستی سەبارەت بە مەترسی و زیانەکانی بەكارهێنانی ماددەی هۆشبەر، بە هۆی بانگەشەی  بەرهەمهێنەرانی ماددەی هۆشبەر، پێكدادانی پێكهاتەیی دەردەكەوێت و تاکەکان بەرەو کێشانی ئەم ماددانە ڕادەکێشێت. بێبەهایی و بەرەڵایی تاكەكەسیش هۆکارەکانی ترە کە هەلێکی گونجاو بۆ ڕاکێشانی مرۆڤ بەرەو ئالوودەبوونی بە ماددەی هۆشبەر دەڕەخسێنێت. لێكهەڵوەشاوەیی پێکهاتەی خێزانەکان بە هۆی جیابوونەوەی دایکان و باوکان، جیابوونەوە لە هاوڕێیان بە هۆکاری شوێن گواستنەوە و کۆچکردن و لەم نموونانە، مرۆڤ لەبەرامبەر ماددەی هۆشبەر لاوازتر دەکات. لەم ڕوانگەیەوە، لاوازبوونی هاوڕایی گشتی سەبارەت بە بەها پەسەندكراوە کۆمەڵایەتییەکان، گرنگترین هۆکارە کە مرۆڤ پەنا بەرێتە بەر ماددە هۆشبەرەکان(8).

   ئالوودەبوون بە ماددەی هۆشبەر (Drug Addiction)

    ئالوودەبوون بە ماددەی هۆشبەر نەخۆشییەکی سەرەکی و کوشندەیە و خێرا گەشە دەکات. لەم نەخۆشییەدا جۆرێک پەیوەندیی ئارامکەرەوە دروست دەکات بە ماددەیەکی هۆشبەر، یاخود کاریگەر لەسەر مێشک کە ئێمە بێتوانا دەکات سەبارەت بە چالاکی و حەزی زۆر. ئالوودەبوون وەک کردارێک پێناسە دەکرێت کە جەستەی مرۆڤ وا لێ دەکات بۆ ئەنجامدانی چالاکیی ڕۆژانەی خۆی وابەستەی هەندێ هەڵسوکەوت و ماددە هۆشبەر ببێت. کاتێک کە وەک پێویست ماددەی هۆشبەر ناخرێتە بەردەست جەستە، یاخود کردارگەلێک کە کەسی ئالوودەبوو  وابەستەی بووە و ناتوانێت ئەنجامی بدات بە هەر هۆكارێك، لە ئەنجامدا دەبێتە هۆی نیشانەکانی ناهۆشیاری. بە واتایەکی تر: ئالوودەبوون بە ماددەی هۆشبەر دەکرێت پێناسەی بکەین بە کارێک کە مرۆڤ ناچارە ئەنجامی بدات و لە هەمان كاتدا لە كاتێکدا لە لێکەوتە زیانبەخشەکانی بەئاگایە. ئەمە لە كاتێكدایە كە دایك و باوكان، هاوسەر و كەسانی نزیكی کەسی ئالوودەبوو بە ماددەی هۆشبەر بەئاسانی ئەم ڕاستییە وەک جۆرێک لە نەخۆشی قبووڵ ناکەن، هۆکاری ئەمەش ئەوەیە کە ئەم كەسانە لە ڕووی هەستەوە لە پڕۆسەی نەخۆشیی كەسی ئالوودەبوو بەشدارن. سەرەڕای ئەوەی کە وشەی “ئالوودەبوون” بەزۆری ئاماژەیە بۆ وابەستەبوون بە ماددەی هۆشبەر یاخود خواردنەوە كحوولییەكان و لەژێر ناوی ئالوودەبوون بە ماددەكانی تر ئاماژەی پێ دراوە، ئەم ئەگەرەش هەیە كە مرۆڤ ئالوودەی هەندێ کردار و چالاکیی تریش ببێت، وەک: قومارکردن، زۆرخۆری، پەیوەندیی سێکسی، سەیرکردنی وێنە و ڤیدیۆی سێکسی، یاخود تەنانەت شت کڕینی ناپێویست و زیاد لە ڕادە، ئەم جۆرە لە ئالوودەبوونانە وەک ئالوودەبوونی کرداری یاخود پڕۆسەیی ئاماژەی پێ دەدرێت. لەسەر بنەمای پێناسەی ئەنجوومەنی چارەسەرکردنی ئالوودەبوونی ئەمەریکا، وشەی ئالوودەبوون بەم شێوەیە پێناسە کراوە: “ئالوودەبوون نەخۆشییەکی سەرەکی و درێژخایەنە کە گرفت دروست دەکات لە بەشەكانی پاداشت، پاڵنەر و خەزنكردن (حافظه) و بەشەكانی تری تایبەت بە مێشك، ئەم کێشانە دەبنە هۆی دروستبوونی تایبەتمەندییە وابەستەییەكانی جەستەیی، دەروونی و كۆمەڵایەتی”. سەرهەڵدانی ئەم ئاماژەگەلانە لە مرۆڤدا، دەبێتە هۆی ئەوەی کە بۆ دەستکەوتنی پاداشت (چێژ) یان ئارامبوونەوە ڕوو بکاتە بەكارهێنانی ماددەی هۆشبەر، یاخود کرداری تێكدرانە و وێرانکەر. ئاماژە دیارەکانی ئالوودەبوون بریتین لە تێكچوونی کۆنترۆڵکردنی هەڵسوکەوت و کردارەکان، حەزی زۆر بۆ کێشانی ماددە هۆشبەرەکان، بێتوانایی لە پاك مانەوەی بەردەوام و بێ توانایی لە ناسینی کێشەی هەڵسوکەت و پەیوەندیی گونجاو لەگەڵ کۆمەڵگادا. ئەگەر ئالوودەبوون بە دەرمان یاخود بە چالاکییەکانی پێویست كاری لەسەر نەكرێت، بەردەوامبوونی لەوانەیە ببێتە هۆی لەکارکەوتنی مێشک و تەنانەت مردنیش(9).

   ئالوودەبوونی جەستەیی

   وەڵامی فسیۆلۆژیی جەستەیە بەرامبەر بە داخڵبوون و کاریگەریی ماددەی نوێ بۆ جەستە كە بەگشتی دیاردەی قبووڵکردن ((Toleranceی لێ دەكەوێتەوە، واتە لەبەر زیادبوونی وەرگرە دەمارییەکان و کەمبوونەوەی نێوەنجییە دەمارییەكان لە سیستمی ناوەندیی دەماردا، کەسی ئالوودەبوو ڕۆژ لەدوای ڕۆژ پێویستی زیاتری بە کێشانی ماددەی هۆشبەر دەبێت. وازهێنان لە ماددەی هۆشبەر دەبێتە هۆی ئازاری جەستەیی، بێخەوی، زۆرخەوی و ناهۆشیاریی جەستە. ماوەی وازهێنان لە ئالوودەبوونی جەستەیی زۆر كورتترە لە ئالوودەبوونی دەروونی. ئەو تیۆریستانەی کە پەرژاونەتە سەر هۆکارەکانی ئالوودەبوون بە ماددەی هۆشبەر، لە ڕوانگەی زیندەوەرناسییەوە باوەڕیان وایە کە مرۆڤ لە ڕووی فسیۆلۆژییەوە ئامادەیی سەبارەت بە ئالوودەبوون تێدایە. بە بۆچوونی جاروڤیک (Jarvik)، هەندێک لە مرۆڤەکان لە ڕووی فسیۆلۆژییەوە ئامادەییەکیان تێدایە کە ئەمەش خۆی دەبێتە هۆی ئەوەی زیاتر چێژ لە خراپ بەكارهێنانی کێشانی ماددەی هۆشبەر وەربگرن و هەر ئەم ئامادەییەش دەبێتە هۆکاری ئالوودەبوونی ئەوان. بە واتایەکی تر: سیستمی ناوەندیی دەماری، ماددە هۆشبەرەكان لە ڕێگەی گەیەنەرە دەمارییەكانەوە بە چەشنێك پرۆسێس دەكات کە ببێتە هۆی ئەزموونێكی چێژبەخشی دەگمەن(10).

ئالوودەبوونی دەروونی

ئالوودەبوونی دەروونی بە هۆی چێژ و سەرخۆشیی بەكارهێنانی ماددەی هۆشبەرەوەیە لە درێژمەودادا. ڕێكوڕاست بە هۆی تێكچوونی شیرازەی ڕژانی نێوەنجییە دەمارییەكانەوە، تاك تووشی زیان یان دژیەكییە ڕۆحییەكان دەبێت. بۆ نموونە؛ مادەی هۆشبەری مێتائامفتامین (شیشە)، دەبێتە هۆی زیادبوونی ڕژێنی دوپامین لە مێشكدا و ڕوودانی حاڵەتی ورووژێنەر، سەرخۆشی، تەركیز و…، پاش وازهێنان لە بەكارهێنان یان كەمكردنەوەی ئاستی دوپامین، كەسی ئالوودەبوو تووشی خەواڵوویی، خەمۆكی و بێتەركیزی و… دەبێت. ماوەی خولی گەڕانەوەی ئەم نێوەنجییە دەمارییانە بۆ حاڵەتی ئاسایی زۆر درێژتر و تەنانەت هەندێك پێیان وایە كە گەڕانەوەیان نییە. لە ئەنجامدا ئالوودەبوونی دەروونی زۆر كوشندەتر دەنوێنێت. ئالوودەبوونی دەروونی دەبێتە هۆی ئەوەی كە زۆرێك لەو كەسانەش كە پێشتر كۆرسە درێژخایەنەكانیان بینیوە، دیسانەوە دڵیان بۆی لێ بداتەوە. بەڵام بەداخەوە كە هەندێك كەسی هەلپەرست بۆ ڕیكلامكردن بۆ ماددەی هۆشبەر، بانگەشەی ئەوە دەكەن كە بەكاربەرەكان ئالوودە ناكات، بەڵام لە واقیعدا هەموو ماددەیەكی هۆشبەر ئالوودەبوونی دەروونییشی لەتەكدا دەبێت، تەنانەت ئەگەر هەندێك لە ماددەكان نەبنە هۆی ئالوودەبوونی جەستەیی لە كەسەكاندا(11). لە ڕوانگەی دەروونناسییەوە بۆچوونێك هەیە كە ئەو كەسانەی كە متمانەبەخۆبوونێكی كەمیان هەیە و لە دڵەڕاوكێدان، بە مەبەستی ئارامی و بەدەستهێنانی متمانەبەخۆبوون و ڕزگاربوون لە بەریەككەوتنەكان؛ ڕوو لە ماددە هۆشبەرەكان دەكەن. كەسە وابەستەكان ئەگەری ئالوودەبوونیان زیاترە(12).

ئاسایشی كۆمەڵایەتی

ئاسایشی كۆمەڵایەتی وەك یەكێك لە هەستیارترین و گرنگترین جۆرەكانی ئاسایش، ڕەگەزێكی سەرەكیی ژیانی مرۆڤ پێك دەهێنێت. بێگومان هیچ ڕەگەزێك بۆ پێشكەوتن و گەشەكردنی كۆمەڵگەیەك و هەروەها چەكەرەكردنی تواناكان؛ گرنگتر نییە لە ڕەگەزی ئاسایش و دابینكردنی ئارامی لە كۆمەڵگەدا. ئاسایش خاوەنی دوو واتای ئەرێنی (واتە بوونی هەستی ڕەزامەندی و دڵنیایی دەسەڵاتداران و هاوڵاتیانە) و نەرێنی (واتە نەبوونی ترس، زەبر و هەڕەشە)یە.

ئێستاكە چەمكی ئاسایش لە ڕووی ڕواڵەتەوە لە كۆمەڵگەدا سنووری نەبوونی تاوان و زیانەكانی تێپەڕاندووە و حاڵەتگەلی وەك دەروونی، ئەخلاقی، تەندروستی، ئابووری دەگرێتەوە و هەروەها هەڵگری سەقامگیری، شیرازەی واقیعی و ئەقڵانییە لە كۆمەڵگەدا كە ئەمانە هەموویان بە واتای ئاسایشی كۆمەڵایەتی لێك دەدرێنەوە. بۆیە دەكرێت ئاماژە بەوە بكرێت كە هەتاوەكوو ڕێژەی پەرەپێدانی كۆمەڵگەیەك زیاتر بێت، تێکڕای ئاسایشی كۆمەڵایەتییش زیاتر دەبێت و هاوتەریب لەتەك ئەوە ڕێژەی سەرپێچی، تاوان و زیانە كۆمەڵایەتییەكان كەمتر دەبێت.

پێناسەی ئاسایش

ئاسایش لە ڕەگوریشەی لاتینیی “Securus”ەوە وەرگیراوە كە بە واتای نەبوونی دڵەڕاوكێ و دوودڵی دێت. بۆیە واتا زمانەوانییەكەی ئاسایش؛ ڕزگاربوونە لە شڵەژان، دڵەڕاوكێ، ترس یان هەستكردنە بە ئارامی و دڵنیایی. هەستكردن بە ئارامی و دڵنیایی بە هۆی نەبوونی دەستدرێژی بۆ سەر گیان، ماڵ، كار و مافەكانی دیكەی مرۆڤ دێتە دی. ئەم بەها جێگیرە، یەكێكە لە پێداویستییەكانی ژیانی تاكەكەسی و كۆمەڵایەتی(13). هەروەها، ئاسایش خاوەنی دوو ڕەگەزی سەرەكیی هەڕەشە و دەرفەتە و بەرقەراركردنی ئاسایش بەستراوەتەوە بە ڕزگاربوونی ڕێژەیی لە هەڕەشە و سوودوەرگرتن لە دەرفەتەكانە. بەم پێیە بەرجەستەبوونی ئاسایش لە لایەك بەستراوەتەوە بە ڕووبەڕووبوونەوەی مەترسییەكان و لە لایەكی ترەوە بە دەركەوتەكانی دەستڕاگەیشتن بە پێداویستییەكان و باشكردنی دۆخ و ڕێكخستنی ژیان(14).

 

ئاسایشی كۆمەڵایەتی و دابەشكارییەكانی

ئاسایشی كۆمەڵایەتی ڕەهەندی سیاسی و حكومیی هەیە و ئاوێزانە بە بابەتی سەرەكیی دەسەڵاتەوە و لە توێژینەوە و خوێندنەوە ستراتیژییەكاندا لەژێر چوارچێوەی ئاسایشی نەتەوەییدا شەنوكەو دەكرێت(15). ئاسایشی كۆمەڵایەتی لە ڕووی گشتگیری و هەمەلایەنییەوە دەكرێت بە ئاسایشی ستوونییش هەژمار بكرێت كە كایەكانی ئاسایشی گشتی و بەكۆمەڵیش لەخۆ دەگرێت. لەسەر ئەم بنەمایە، ئاسایشی كۆمەڵایەتی، ئارامی و ئاسوودەییە كە كە هەر كۆمەڵگەیەك ئەركی سەرشانیەتی بۆ ئەندامەكانی خۆی دابینی بكات و زۆر جار بۆ ئاسایشی پیشەیی، ئابووری، سیاسی و دادەوەری دابەش دەكرێت(16).

  • ئاسایشی پیشەیی

واتە دەستەبەركردنی ئارامی و ئاسایش بۆ مرۆڤ لە ڕێگەی پیشەوە، لەبەرامبەر هەوڵدانی دادپەروەرانە بە ئاراستەی بەدەستهێنانی بژێویی تاكەكانی كۆمەڵگە.

  • ئاسایشی ئابووری

دابینكردنی شیرازەیەكە لەنێو بەش و جومگە ئابوورییەكانی كۆمەڵگەدا كە تاكەكان لە هەستكردن بە مەترسیی كەمبوون و نەبوونی پێداویستییە سەرەكییەكانی تاك دەپارێزێت.

  • ئاسایشی سیاسی

بریتییە لە ڕەخساندنی دەرفەتی ڕادەربڕینی تاكەكان، ڕێژەی چۆنیەتیی بەڕێوەبردنی كاروبارەكانی كۆمەڵگە و بەشداری لەم جۆرە كاروبارانەدا بەبێ هەستكردن بە ترس و لەرز، مەترسی و هەڕەشە.

  • ئاسایشی دادوەری

ئاسایشی تاكەكانە بەرامبەر بە هەر جۆرە دەستدرێژییەك، تۆقاندنێك، ترس و هەڕەشەیەک، بەرامبەر بە گیان و ماڵ، شەرەف، ئازادی، پیشە و شوێنی ژیان و بە شێوەیەكی گشتی هەموو مافە یاساییەكانیان. جێی ئاماژەیە كە بەگوێرەی مادەی (3)ی جاڕنامەی جیهانیی مافەكانی مرۆڤ، “هەر كەسێك مافی ژیان، ئازادی و ئاسایشی تاكەكەسیی هەیە” و لەسەر بنەمای مادەی (22)ی جاڕنامەكە هەموو تاكێك وەك ئەندامێك لە كۆمەڵگە مافی ئاسایشی كۆمەڵایەتیی هەیە(17).

ئاسایش و نائارامی وەك گۆڕاوی وابەستە (بەرەنجام) بەتوندی لەژێر كاریگەریی نەبوونی كۆنترۆڵی هەمەلایەنە، ناڕەزایەتی و بوونی بەریەككەوتنە ڕەفتارییەكان، نەبوونی ڕەزامەندی لە پێداویستییەكان، دابڕانە كۆمەڵایەتییەكان، گۆڕانی كولتووری، لاوازبوونی یەكڕیزیی كۆمەڵایەتی، ناكارامەیی سیاسەتە ئاسایشییەكان، نەبوونی لێهاتوویی ئامرازەكانی دابینكردنی ئاسایش، ململانێی سیاسی، پەراوێزخستن و كۆچكردنی ناڕێكخراوە. ئەو دۆخ و هۆكارە باسكراوانە، كاریگەرییەكی ڕاستەوخۆ لەسەر ڕێژەی تاوان و زیانە كۆمەڵایەتییەكان جێ دەهێڵن. بە واتایەكی تر: ڕێژی تاوانەكان و زیانە كۆمەڵایەتییەكان بەتوندی لەژێر كاریگەریی ڕێژەی ئاسایشی كۆمەڵگەدایە. هەتا لە كۆمەڵگە، ناوچە و گەڕەكەكاندا دۆخێكی ئارامتر زاڵ ببێت، گۆڕاوە ئاماژەپێكراوەكان چاك دەكرێن و دەبنە هۆی كەمبوونەوەی زیانە كۆمەڵایەتییەكان لە كۆمەڵگەدا. هەروەها كۆمەڵگە لە حاڵەتی ڕووبەڕووبوونەوە لەتەك دۆخ و هۆكارە ئاماژەپێكراوەكاندا، بە شێوەیەكی نەرێنی و خەسارناسییانە، گەشەی بەردەوامی ئاماری سەرپێچی و تاوان و توندبوونی زیانە كۆمەڵایەتییەكانی بەدوادا دێت. بۆیە بەرزبوونەوەی ئاستی ئاسایشی كۆمەڵایەتی، دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی شیرازەی كۆمەڵایەتی و هاوشان لەتەك ئەوە كەمبوونەوەی ڕێژەی تاوان و زیانە كۆمەڵایەتییەكان(18). كۆمەڵگەیەك كە بیر لە گەشەپێدانی بەردەوام و هەمەلایەنە دەكاتەوە (كۆمەڵگەی تەندروست)، دەبێت ژێرخانەكانی گەشەكردن و دابینكردنی مافی هاوڵاتییەكانی بكاتە ئەولەویەتی كارەكانی خۆی. لە وەها كۆمەڵگەیەکدا مافی هاوڵاتیان، ئاسایشی گشتی، گیانی، دارایی، هەستكردن بە ئاسایش (بەرزكردنەوەی تایبەتمەندیی ئاسایشی دەروونی)، دەبنە جێی سەرنج و ڕێز. بەرقەراركردنی وەها دۆخێك، پێوستی بە ئیرادە، گرنگی و ویستی دەوڵەت و خەڵك هەیە. دەوڵەت لە ڕێگەی دەستەبەركردنی ژێرخانە سەرەكییەكان لە بەرقەراركردنی شیرازە و ئاسایشدا، هەروەها پلاندانانە ستراتیژی و ئاسایشییەكان، جێبەجێكردن و هەڵسەنگاندنی ئەم پلانانە و خەڵكیش بە بەشداریی چالاكانە و كاریگەریی خۆیان دەتوانن یارمەتیی باشتركردنی شیرازە و ئاسایش و بەرزكردنەوەی ئاستی هەستكردن بە ئاسایشی بدەن. لە ئەنجامدا بەرزیی ئاستی ئاسایش و زیانە كۆمەڵایەتییەكان بەستراوەتەوە بە ڕێژەی پەرەپێدان، خەسڵەتی ئاسایش، بەشداریی خەڵكی بەگشتی، كارامەیی دامەزراوەكان و دامودەزگاكانی ئاسایشەوە(19).

 

ئەنجام

لە كاتی ئێستادا زۆربەی كۆمەڵگە مۆدێرنەكان لەبەردەم كاریگەریی خراپ بەكارهێنانی ماددەی هۆشبەردان كە كاریگەریی لەسەر كایە جۆراوجۆرەكانی ئابووری، كۆمەڵایەتی، كولتووری و سیاسیی كۆمەڵكە هەیە. پانتایی كاریگەریی بەكارهێنانی ماددەی هۆشبەر بە ئەندازەیەك بەرفراوان و قووڵە كە نەك تەنیا خودی كەسی بەكاربەر، بەڵكوو هەموو تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان، لە خێزانەوە تا هاوڕێیان و ژینگەكانی خوێندن و پیشە سەرجەمیان كاریگەریان هەیە. توێژینەوەكان نیشانی دا كە هۆكارەكانی وەك بێكاری، نۆرمپشێوی، گۆشەگیری، كەلێنی ڕێژەیی، بڕوانامەی نزم، پێگەی ئابووری و كۆمەڵایەتیی نەگونجاو، بێبەشبوونی ڕێژەیی، خەمۆكی، كاریگەرییان لەسەر ئالوودەبوون هەیە و لەنێو هۆكارە ئاماژەپێكراوەكان و ئالوودەبووندا پەیوەندیی هەیە. كۆنترۆڵ و چارەسەری ئەم زیانە كۆمەڵایەتییە دەستەبەر نابێت مەگەر لە ڕێگەی سیاسەتگوزارییە گشتگیر و گونجاوەكانەوە لە ئاستی وردی و درشتی كۆمەڵگەدا، كە لەم حاڵەتەدا دەكرێت ڕێگە لە تووشبوون و تەشەنەسەندنی ئەم كێشە كۆمەڵایەتییە و كاریگەرییە خراپەكەی لەسەر ئاسایشی كۆمەڵایەتی بگیرێت یان بگەیەنرێتە كەمترین ئاست.

سەرچاوەكان

(1) Sue Pryce (2012). Fixing Drugs (The Politics of Drug Prohibition), Palgrave Macmillan, p46.

(2) Russell Crandall (2020), Drug and Thugs (The History and Future of America’s War on Drugs), Yale University Press, pp 2-9 .

(3) کیانی، غلامحسین. موید فر، رزیتا. رزاقی، محمد رضا، (1396)، برآورد تمایل به پرداخت افراد جامعه برای کاهش آسیب‌های اجتماعی (مطالعه موردی اعتیاد به مواد مخدر در شهر اصفهان)، پژوهش هاي راهبردي مسائل اجتماعي ايران (پژوهش هاي راهبردي امنيت و نظم اجتماعي)، زمستان 1396، دوره6 ، شماره 4، صص 2-1.

(4) بنی فاطمه، حسین. سلیمی، آمینه، (1390)، احساس امنيت اجتماعي جوانان و عوامل اجتماعي مرتبط با آن، نشریه مطالعات اجتماعی، دوره 3، شماره 12، صص 59-60.

(5) علی محسنی، رضا، (1388)، تحليل جامعه شناختي امنيت اجتماعي و نقش آن در كاهش جرم و آسيبهای اجتماعی، فصلنامه نظم و امنیت انتظامی، شماره چهارم، سال دوم، صص 21-1.

(6) کیانی، غلامحسین. موید فر، رزیتا. رزاقی، محمد رضا، (1396)، برآورد تمایل به پرداخت افراد جامعه برای کاهش آسیب‌های اجتماعی (مطالعه موردی اعتیاد به مواد مخدر در شهر اصفهان)، پژوهش هاي راهبردي مسائل اجتماعي ايران (پژوهش هاي راهبردي امنيت و نظم اجتماعي)، زمستان 1396، دوره6 ، شماره 4،  صص 2-1.

(7) علی وردی نیا، اکبر، (1384)، مطالعه جامعه شناختی اعتیاد به مواد مخدر در ایران. فصلنامه علمی پژوهشی رفاه اجتماعی، سال پنجم شماره 20، ص194.

(8) دانایی، نسرین (1394). فصلنامه اعتیاد پژوهی سوءمصرف مواد. سال نهم، شماره سی و ششم. صص 35-34.

(9) برزگر، زهرا، قربانی، اکرم. تقوی، حسین. جلالی، مهدیه. رنجبر بلیانی، محمد (1394). تجارب جوانان از اعتیاد و آسیب های اجتماعی متأثر از آن. کنفراننس بین المللی علوم انسانی، روانشناسی و علوم اجتماعی. (10) دانایی، نسرین (1394). فصلنامه اعتیاد پژوهی سوءمصرف مواد. سال نهم، شماره سی و ششم. صص 35-34 .

(11) برزگر، زهرا، قربانی، اکرم. تقوی، حسین. جلالی، مهدیه. رنجبر بلیانی، محمد (1394). تجارب جوانان از اعتیاد و آسیب های اجتماعی متأثر از آن. کنفراننس بین المللی علوم انسانی، روانشناسی و علوم اجتماعی.

(12) دانایی، نسرین، (1394)، فصلنامه اعتیاد پژوهی سوءمصرف مواد، سال نهم، شماره سی و ششم. صص 35-34.

(13) نصری، غدیر، (1381)، معنا و ارکان جامعه شناسی امنیت، تهران: نشریه تحقیقات استراتژیک، شماره 26.

(14) علی محسنی، رضا، (1388)، تحليل جامعه شناختي امنيت اجتماعي و نقش آن در كاهش جرم و آسيبهای اجتماعی، فصلنامه نظم و امنیت انتظامی، شماره چهارم، سال دوم، صص 21-1.

(15) همان، صص 21-1.

(16) رجبی پور، محمود، (1382)، درآمدی بر احساس امنیت عینی، فصلنامه دانش انتظامی (نشریه دانشگاه علوم انتظامی)، شماره 26.

(17) علی محسنی، همان، ص21-1.

(18) همان، ص21-1.

(19) کیانی، غلامحسین. موید فر، رزیتا. رزاقی، محمد رضا، (1396)، برآورد تمایل به پرداخت افراد جامعه برای کاهش آسیب‌های اجتماعی (مطالعه موردی اعتیاد به مواد مخدر در شهر اصفهان)، پژوهش هاي راهبردي مسائل اجتماعي ايران (پژوهش هاي راهبردي امنيت و نظم اجتماعي)، زمستان 1396، دوره 6، شماره 4، ص2-1.

 

گۆڤاری ئایندەناسی ژمارە ده‌ (10) تشرینی دووەمی 2021

Send this to a friend