• Google Plus
  • Rss
  • Youtube
April 13, 2020

لە باشوری کەرکوک سەربازێک و ژمارەیەک چەكداری داعش کوژران

وەزارەتی بەرگریی عێراق رایگەیاند، سەربازێک و ژمارەیەك چەكداری سەربە رێكخراوی داعش لە باشوری كەركووك کوژراون.

شانەی راگەیاندنی جەنگی سەربە وەزارەتی بەرگریی عێراق لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، هێزەكانی سوپا هەڵیانكوتاوەتە سەر ژمارەیەك لە حەشارگەکانی چەكدارانی داعش، لە ناوچەی دۆڵی شا لە باشووری پارێزگای كەركووک.

لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە، لە کاتی هەڵكوتانەكەی سوپادا، شەڕو پێكدادان لەنێوان هێزەكانی سوپا و چەكدارانی داعش هاتووەتە ئارا و بەهۆیەوە سەربازێک كوژراوە و دووی دیكەیش برینداربوون.

شانەی راگەیاندنی جەنگی سەربە وەزارەتی بەرگریی عێراق باسی لەوەش کردووە، هێزەكانی سوپا تەواوی ئەو چەكدارانەی داعشیان كوشتووە كە لە حەشارگەكانی ناوچەكە خۆیان حەشاردابوو.

سەرەتای ئەم ھەفتەیەش وەزارەتی پێشمەرگەی حکومەتی ھەرێمی کوردستان رایگەیاند، رێکخراوی داعش لە ناوچەکەدا بەھێزبووەتەوە و چالاکییەکانیان بەرفراوان بووە.

Send this to a friend