شەڕ، شەڕ تا سەرکەوتن، هاوسەنگی هێز لە نێوان ئێران و ئیسرائیل
بارام مەجیدخان
دوو هەڵەی ستراتیژی ئاگری جەنگی لە نێوان ئیسرائیل و ئێران لە لایەک و ئێران و ئەمریکا لە لایەکی تر داگیرساند. هەڵەی یەکەم: حەوتی ئۆکتۆبەر کە خاڵی وەرچەرخان بوو لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. ڕووداوەکانی دواتر، ڕاستەوخۆ پاشگری ئەو ڕووداوەن. هەر لە سەرەتاوە ئێران وەک تۆمەتبار و ڕێکخەری ڕووداوەکان کەوتە بەر دید و تانەی سیاسی و ئەمنی.
هەڵەی دووەم: ئێران پێیوابوو کە هێرشی دەرەکی ناکرێتە سەر ئێران. لە زاری بەرپرسانی باڵای ئێرانەوە ئەم ئەگەرە بە دوور دەزانرا. جەختکردنەوەی ئێران لە سەر سیاسەتی ناوخۆ بوو. سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا بە پڕوپاگەندەی ئیعلامی لێک دەدرایەوە. سێکوچکەی هێزی ئێران لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست یەک لە دوای یەک بە ئامانج گیران.
– بریکارەکانی ئێران لە ناوچەکە: ئیسرائیل لە لایەن ئێرانەوە گەمارۆ درابوو بە هێزی میلیشیایی و گرووپی چەکداری، کە ڕاستەوخۆ لە لایەن ئێرانەوە پشتیوانی مادی و سەربازیی لۆجستیکی و ئایدۆلۆژی دەکران. ئەم گەمارۆدانە لە لایەن ئیسرائیلەوە بە گەمارۆی خەفەکردنی ئیسرائیل ناوزەد دەکرا. بە لێدانی حەماس و حیزبووڵڵا و یەمەن و پاشان ڕووداوەکانی سووریا و گوشار خستنەسەر حەشدی شەعبی، لە عێراق تا ڕادەیەکی زۆر توانیان کە بازوی ئێران لە هیلالی شیعی و میحوەری موقاوەمە لاواز بکەن. هیلالی شیعی لە پڕۆژەیەکی مەزهەبییەوە وەرچەرخانی بەسەر هات بۆ پرۆژیەکی سەربازیی. ئەوەش هۆکاری سەرەکی بوو کە، نەک ئیسرائیل بەڵکو بەشێکی زۆری وڵاتانی ناوچەکە و وڵاتە عەرەبییەکان بخاتە گومانێکی قورسەوە. پرۆژەی بەرەی خۆڕاگری (مقاومت) کاری لەسەر لە پەلوپۆخستنی شادەمارەكانی ئەو وڵاتانە دەکرد کە ئەو بریکارانەی تێیدا دامەزرابوو. ئەوەش تێزی دەوڵەتی لاواز و دەستەمۆی بەرهەم هێنا کە توانای بەرگری کردنییان لە خۆیان نەبوو. تۆڕی جاڵجاڵۆکەیی بریکارەکانی ئێران لە ناوچەکە بە ڕادەیەکی زۆر ئازاری سیستەمی نێودەوڵەتی و وڵاتانی ناوچەکەشی دا. بەتایبەت لە سووریا و لوبنان و فەڵەستین و عێراق و یەمەن.
– سیاسەتی ئەتۆمی ئێران: ئەوەی شارەزایی وردی لە مەلەفی ئەتۆمی ئێران هەبێ لەوە بە باشی تێدەگات کە ئێران خوازیار بوو کە پیتاندنی یۆرانێۆم وەک چەکێكی سیاسی بەرامبەر ئەمریکا و وڵاتانی ڕۆژئاوا بەکار بهێنێت. مەودا وەرگرتن لە چاودێرەکانی ئاژانسی وزە و پەیوەندی خراپی ئێران لە گەڵ ترۆیکای ئەورووپی، ئاڕاستەی ڕووداوەکان، بە ئاڕاستەیەکی دژ بە ئێران وەرگێڕایەوە. لە لایەک هەڕشەی ئەورووپا بۆ سەر ئێران دوبارە چالاک کردنەوەی “میکانیزمی ماشە” بوو کە مەترسییەکی گەوەرە بوو بۆ سەر ئێران. هەموو بڕیارەکانی ئەنجومەنی ئاسایش کە لە سەر ئێران دەرچووبوون دوبارە کارا دەکرانەوە. لە لایەکیتر بارودۆخی سیاسی دۆسیەی ئەتۆمی ڕۆژ لە دوای ڕۆژ تاریکتر دەبوو. بێ متمانەیی نێوان ئێران و وڵاتانی جیهان بە تایبەت ئێران و ئەمریکا لە هەڵکشاندا بوو. مۆڵەتی دوو مانگی سەرۆک کۆماری ئەمریکا و نامەی ڕاستەوخۆی بۆ ڕابەری کۆماری ئیسلامیی ئێران هەڵگری ئەو پەیامە بوو کە ئەمریکا سوورە لە سەر چارەسەرکردنی دۆسیەی ئەتۆمی بە جەنگ یا بە ئاشتی. نێوەندگیری وڵاتانی ناوچەکە و پێنج خولی دانوستانی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆی نێوان ئێران و نێردەی تایبەتی سەرۆکی ئەمریکا لە دوا وێستگەی خۆیدا بە هێڕشی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران لە کاتێکدا کە ئێران هێشا لە دانوستاندا بوو کۆتایی هات. هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر بنکە ئەتۆمییەکانی ئێران سەرکەوتوو نەبوون، تا دواجار لە لایەن بۆمب هاوێژەکانی ئەمریکا کرانە ئامانج. ئەو خەونەی کە ئێران لە پەنجاکانی سەدەی ڕابردووەوە ئومێدی لە سەر هەڵچنیبوو بە چەند چرکەیەک کۆتایی پێهات. سەدان میلیار دۆلار و دەیان زانای ئەتۆمی و دەیان فەرماندەی پایەبڵندی ئێران لە ناوچوون. ئەوی بەجێما چەند چاڵێکی ڕەش بوو کە شوێنەوارەی بۆمبەکانی ئەمریکا بوو. ئەو ئەمریکایەی کە یەکەم وڵاتی هاندەری ئێران بوو بۆ بونیاتنانی دامەزراوەی ئەتۆمی لە سەدەی ڕابردوودا.
– موشەکی بالستی و نیشاندانی هێزی سوپای پاسدارانی ئێران. لێدان لە سوپای پاسداران لە دیدگای ئیسرائیلەوە لێدانە لە هەموو توانا سەربازیی و لۆجستییەکانی ئێران. هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران گورزێکی گران بوو لە سوپای ئێران. لە لایەک ستراکچەر و هەیکەلی سەربازی ئێران بە شێوەکی باوەرپێنەکراو گورزی کوشندەی بەرکەوت هەم توانای موشەکی و دژە ئاسمانی ئێران بە ڕادەیەکی زۆر زیانی بەرکەوت. بەڵام هیچ وڵاتێک توانای ئەوەی نییە، کە بەر بە گەشەکردنی توانای درۆنی و سارۆخی ئیران بگرێت. تەکنەلۆژیای تازەی جیهان زەمینەسازی ئەو گەشە کردنەیە. بە بڕوای من قسە کردن لە سەر ڕاوەستاندنی ئێران لەو بوارە کارێکی نەکردەیە.
بەڵێنی سادقی٣، ئەو ناونیشانە بوو کە ئێران لە وەڵامی هێرشەکانی ئیسرائیل بەکاری هێنا. بەڵام ئایا ئێران بۆ شەڕی ڕانەگەیاند؟ لە کاتێکدا ڕاگەیاندنی شەڕ و ئاشتی لە دەسەڵاتەکانی ڕابەری کۆمارە. ئایا ئێران وەک پێکدادان و ئۆپەراسێۆنێکی سنووردار مامەڵەی لە گەڵ ئەم ڕووداوانەدا کردووە؟ یاخود دۆخی لە ناکاوی ڕووداوەکان ئەو کارەی بە دەستی فەرامۆشی سپارد؟ پێشتر ڕابەری کۆماری ئیسلامیی ئێران ڕایگەیاندبوو کە نە بە شەڕی سەپێنراو و نە ئاشتی سەپێنراو ڕازی نابیین؟ بەڵام هەم دەستپێکی شەڕ و هەم ئاگربەستی بێ مەرج و ئاشتی ئەو گۆمانە بە کراوەی دەهێڵێتەوە کە لە هەر ئانوساتێکدا ئەگەری دوبارە کڵپە سەندنەوەی ئەو ئاگرەی ژێر خۆڵەمێش لە ئارادایە. شێواوی دۆخی دیپلۆماسی لەم هەلومەرجەی ئێستادا لە نێوان لێدوانە دژبەیەکەکانی سەرۆکی ئەمریکا و نەفەسگیربوونی دۆخی ئێرانی دوای ئەو هێرشانە سەنگی محەکن بۆ داهاتووی ئێران و ناوچەکە. مۆراکامی نووسەری گەورەی یابانی دەڵێت: کاتێک گەردەلول هەڵدەکات، هەوڵ دەدەیت کە تۆ و گەردەلولەکە، یەرکتر تێپەڕێنن. تۆ ئەو تێدەپەڕێنی و ئەویش تۆ تێدەپەڕێنێ. بەڵام پاش گەردەلولەکە تۆ گۆڕاوی! تۆ ئەوکەسەی پێش گەردەلولەکە نیت! ئێرانی دوای شەڕە، ئێرانی پێش شەڕ نابێت. کاریگەری بە سەر سیاسەتی ناوخۆی وڵاتەوە جێدەهێڵێت. یەکەم هەنگاوی ئێران ڕیشەکێش کردنی پاشماوەکانی دەزگاکانی سیخوڕیین لە وڵاتەکەیدا. کە ئەگەر وەک چەکێک بەرمبەر نەیارە ناوخۆییەکانی بەکاری بهێنێت ئەوا دەرنجامی ترسناکی لێدەکەوێتەوە.
هەنگاوی دووەم کە لە لێدوانەکانی بەرپرسانی توندئاژۆ دەبیسترێن ئەوەیە کە ئێران کۆڵ نادات لە پرۆگرامە ئەتۆمییەکەی. لێدوانەکانی لەو چەشنە دەستی ئەمریکا و ئیسرائیل بە کراوەیی دەهێڵێتەوە بۆ هێرشی دوبارە. بەڵام ئەگەر ئێران دەرفەتەکانی بەردەمی بقۆزێتەوە بۆ دوبارە بونیاتنانەوەی وڵات ئەوا بە ئاڕاستەیەکی دروست هەنگاو دەنێت.
ئیرانناسی لەم ژمارەیەیدا بە کۆمەڵێک بابەتی بە پێز تیشک دەخاتە سەر کۆی ئەم ڕووداوانە. لەگەڵ ئەوەی کە کاری لێکۆڵینەوەی ورد و ئەکادیمی لەم ڕووداوانە پێویستی بە کاری درێژ خایەنە بۆ لێکۆڵیار. بەڵام ئەو بابەتانەی کە هەنوکەیی و گەرمن لە بەشێکی جیاواز جێگەیان کراوەتەوە.