وەرچەرخانەكانی ململانێی ئیسرائیل-ئێران و دەرفەتی چەسپاندنی ناناوەندێتی
هەردی مەهدی میكە
ئێران و ئیسرائیل هەنووکە تەنها نوێنەرایەتیی دوو دەوڵەت و دوو ئایدۆلۆژیای جیاواز ناکەن، بەڵکوو نوێنەرایەتیی دوو جیهانبینیی بۆ بەڕێوەبردنی ڕۆژهەڵاتیی نێوەڕاست و وڵاتانی نێوچەکە دەکەن، بەرهەمی ئەم دوو دیدگایە و لێکەوتەکانی، لەسەرەخۆ کاری لە دیدی پێکهاتە نەتەوەیی، ئایینی-مەزهەبی، بزوتنەوە سیاسی و ئایدۆلۆژیاکان، سیمای بەڕێوەبردنی وڵاتان کرد و زۆر نەیاری ئیسرائیلی کردە یاری ئیسرائیل و ڕۆژئاوا (وەک کەنداو و سونننەکانی سوریا) و زۆر نەیاری ئێرانیشی کردە یاری ئێران (ئیخوان و لایەنگرانی پرسی فەلەستین).
هەر چی ئێرانە بە کردە بووەتە میراتگریی ئایدۆلۆژیا باو دژە ڕۆژئاوا و ئامانجخوازە ڕاست و چەپەکانی دەیەی شەست و حەفتاکان و دەوڵەتە ناوەندگەراکان، لەمەدا لە میسڕی ناسری و عێراقی عروبە و سەدام و ئیخوان و چەپی کۆتاییەکانی سەدەی بیستەم دەچێت.
هەر چی ئیسرائیلیشە (گەرچی بە کردەش وانەبێت) بووەتە هەڵگری ئاڵا و نوێنەری میراتی دیموکراسیی ڕۆژئاوایی و دژەناوەندگەرایی دەوڵەتی و پارێزەری مافی پێکهاتە نەتەوەیی و ئایینییە پەراوێزخراوەکان، گەرچی هێشتا هەر لە دروشم و تەکتیکی سیاسیی نەپەڕیوەتەوە بۆ ستراتیژ و هاوپەیمانێتیی درێژمەودا.
شەڕی دوانزە ڕۆژەی ئێران-ئیسرائیل، دوا جار ئاگربەستی لێ کەوتەوە و ئێرانی ناچار کرد بچێتەوە سەر ئەو مێزەی کە لە بنجەوە هەر بە ناچاری برابوویە سەری. شەڕەکە وەستا، بەڵام جەنگی گووتار، ململانێی سیاسی، میدیایی، هەواڵگریی و بریگرتەیی(الوکالة) چەند دەیەیە بەردەوامە و بەردەوامیش دەبێت. لەمەدا ئەمریکا و ڕۆژئاواش سەرمێزی یان ژێرمێزی، تەریبی ئیسرائیل بوون. ئێستا پاش ئەو تەمەنە درێژەی ململانێی ئەو دوو گووتارە دەکرێت چەند وەرچەرخانێکی بنەمایی کاریگەر لە ئەنجامی ئەو ململانێیەوە دیاری بکرێن (بە تایبەت پاش سێکوچکەی کاریگەریی ٧ی ئۆکتۆبەر و کەوتنی ڕژێمی ئەسەدی سووری و جەنگی ١٢ڕۆژەی ئیسرائیل-ئێران)، کە لێکەوتەیان هەیە لە سەر هەنووکە و ئایندەی گۆڕەپانی ململانێکە (ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست) و ئەکتەرە دەوڵەتی و نادەوڵەتییەکان و ئایدۆلۆژیا باوەکانی نێوچەکەش:
- ئیسرائیل و ئێران؛ وەک ئاڵاهەڵگرانی دوو گوتاری ڕادیکاڵ:
آ. دروشمی ڕادیکاڵی ئامانجخواز لە هەر دوو بەرەدا، کەوتووەتە دەستی ئیسرائیل و ئێران، ئیسرائیل بەوەی کە ڕوخساریی سیاسیی نێوچەکە دەگۆڕێت دەستی پێ کردووە و هەر لە غەززە و لوبنانەوە تا پشتیوانی پێکهاتە ناسوننییەکانی سوریا و لێدانی گورز و کورتکردنەوەی دەستی ئێران لە زۆر بواردا، سیماکانی ئەم گووتارە دەرکەوتوون لە کەتوار (واقیع)دا.
ب. گووتاری ڕێبەرایەتیی پرسی فەلەستین و خۆبەدایەنکردن و پەنادانی بزووتنەوە ئامانجگەرا ئیسلامییە شیعی و سوننە جیهادی و نیمچە ئیخوانی و قودس-میحوەرەکان. دیارە ئەمەش پاش ئەوەی ململانێی ئایدۆلۆژی و سیاسی و هەژموونگەراییەکانی ئیسرائیل-ئێران، دەوڵەتان و گەلان نێوچەکەی ماندوو کرد و چیتر داڵدەدانی ئەو بزوتنەوانە وەک سیاسەتی ڕوون بێ یان کەتوار لای ئەو وڵاتانە نەبووە ئەولەویەت، وەک وڵاتانی کەنداو و میسڕ و بگرە تورکیاش هێندە ئەو پەرۆشییەی جارانیان لە مەیداندا بۆ داڵدەدان نەماوە. ئێستا ئێران بە کردە و گوتار هەر ئەو ماوە و بە ڕاستی بێت یان بە تەکتیک هەر ئەو وەک بەرگریکاری پرسی فەلەستین ماوە و پەناگەی ئەو هێزە ئامانجگەرایانەیە.
- ئەمریکا هەم دەرد و هەم دەرمان
پاش چل ساڵ لە ئاڵوگۆڕی هەڕەشە و گوڕەشەی ئێران و ئیسرائیل، دوا جار هەر دوو وڵات کەوتنە نێو شەڕێکی کراوەی ئاسمانی، هەواڵگری و میدیاییەوە. وڵاتانی هاوپەیمانیی باوی ئێران (ڕوسیا و چین) لە بریی چوونە نێو جەنگەکە یان ڕاگرتنی، لە ئیدانە زیاتریان پێ نەکرا، هەر چی ڕۆڵی یەکێتیی ئەورووپا و بەریتانیایە ئەوە لە ڕیزبەندیی کاریگەری و هەر لە پرسی دانوستاندنەکانی ئەمریکا-ئێران و تا جەنگەکە و پاشان ئاگربەستەکەشدا دیسانەوە هەر لە پلەی دووەم و سێیەمی کاریگەریی وەدەرکەوتن، نە ڕاوێژیان پێ کرا بۆ دەستپێک و نە یەکلاکەرەوەشن بۆ کۆتاییهێنان.
ئەوەی دنەی ئیسرائیلی دا بۆ شەڕ و ئەوەی شەڕەکەشی پێ ڕاگرت هەر ئەمریکا بوو، ئەمریکا لەم جەنگە بەردەوامە و شەڕەکاتییەدا ڕۆڵی کوڕە باشەکەی بینی بە نمایشی دانوستاندن و ئاگربەست، وەک هێزی خێر و ئاشتەوایی دەرکەوت، بەڵام هەر خۆی بە پڕچەککردنی ئیسرائیل و بە چاوپۆشی و گڵۆپەسەوزەکەی وەک تەواوکاریی دانوستاندنە ناچارییەکەی ئێران (پاش ٥ خول لە دانوستاندنی ئەمریکی-ئیرانی)، تەلئەبیب ڕۆڵی کوڕە خراپەکەی بۆ خۆی دانا و پەلاماری ئێرانی دا و دووبارە تاران ناچار کرایەوە بچێتەوە سەر ئەو مێزەی کە متمانەی پێی نەبوو گەر جەبری کوتەک نەبێت.
- لێکەوتەی ململانێی ئێرانی- ئیسرائیلی و ئەمریکی لە سەر فۆرمی دەوڵەتەکانی نێوچەکە (لە ناوەندگەراییەوە بۆ ئەکتەرە نادەوڵەتییەکان):
گەر بە گشتی و پاش ساڵانێکی دوورودرێژ، لە وێنە گەورەکەوە سەیری لێکەوتەکانی ململانێی ئێرانی-ئیسرائیلی و ئەمریکی بکرێت، ئەوەی گورزی کوشندەی بەر کەوت خودی تەلئەبیب و تاران نەبوون، بەڵکوو دەوڵەتە ناوەندگەرا خاوەن سوپا و هەواڵگرییە بەهێزەکانی نێوچەکە بوون: وەک عێراق، سوریا، میسر و لوبنان و یەمەن و هیی دیکەشی بە دوودا دێت.
ئەمانە سەرجەم دەوڵەتی ناوەندگەرا بوون و خاوەنی هێزی چەکدار و هەواڵگریی و تاڕادەیەک سەروەریی سیاسی بوون، بەڵام بە درێژایی ململانێ چواردەیەییەکەی ئیسرائیل-ئەمریکا و ئێران، یەک یەک چ بە زەبری دەرەکی بێت چ بە قەیرانی نێوخۆیی و هەڵگەڕانەوەی ئۆپۆزسیۆن و نەیارەکان بێت، دەوڵەتەکان لاواز بوون و حاڵی هەموو ئەوانەی نێو بران، هەنووکە تەنها حکومەتەکانی ماون و سەروەریی دەوڵەتی و پێشڤەچوون و کاریگەرییان لە سەر ئەوانی دیکە کەمڕەنگترە، ساڵانێک ئاڵاهەڵگریی عروبە و ئیسلام و پەرچەمداری ڕزگارکەری قودس و عەرابی کاریگەریی ئاشتیی لایەنە ناکۆکەکان بوون و دەیاننازی بە سوپاکەیاندا، ئێستا بە خۆشیاندا ناگەن و لە پەراوێزیی کاریگەریدان و بەردەوام وەک هێزی پاسیڤ لێکەوتەی ململانێکە هەر لەسەریانە و بەرەو لاوازتریان دەبات. لەم شەڕە ١٢ڕۆژیەشدا دەرکەوت کە ئاسمانی وڵاتانی وەک سوریا و عێراق و لوبنان و … تاد لە ژێر دەستی خۆیاندا نییە و ئاگری شەڕەکەش پرژی بەر ئەوان کەوت و بۆ ئایندەش لێکەوتەی دەبێت.
لە میانەی ئەو ململانێیەی ئەمریکا-ئیسرائیل و ئێرانییەوە، زۆر دەوڵەتی ناوەندی لاواز بوون و بە پێچەوانەوە چەندین “ئەکتەری نادەوڵەتی” هاتنە بوون و تا هەنووکەش ڕۆڵیان هەیە:-
لە بەری هاوکاریی ئێرانەوە: وەک دەرکەوتنی کاریگەریی حزبوڵای لوبنانی لە سێ دەیەی لوبنان، حەماسی فەلەستین، حوسیی یەمەن و حزبوڵا و حەشدی شیعی عێراقی. لەبەری ڕۆژئاوا و ئەمریکا و (بە ئیسرائیلیشەوە): هەرێمی کوردستان لە عێراق و کانتۆنەکانی ڕۆژئاوا پاش جەنگی داعش و سەرەتای دەرکەوتنی دروزەکان لە سوریا و دووریش نییە بەرەو هەرێمی سوننەی عێراق سەر بکێشێت!
دەرفەتە ئاییندەییەکان بۆ هەرێمی کوردستان
ئەگەر ئێستا وەرزی گوێزژماردنی کۆتایی قۆناغێکی جەنگ و شەڕەکە بێت (کە بە دڵنیایی قۆناغی دیکەی ماوە)، دەتوانین ئەوە هەڵێنجێنین، تا دێت گورزی کوشندەتر بەر دەوڵەتە ناوەندگەراکان دەکەوێت و هەلی زیاتر دەدرێتە پێکهاتە و هێزە ئۆپۆزسیۆنەکان، کەواتە گرنگە بۆ کورد (وەک پێکهاتەی قوربانی دەستی ناوەندگەرێتی لە هەر چوار پارچە) بەو ڕێڕەوەدا بڕوات کە بەشێک بێت لە گوتاریی مافی پێکهاتەکان و دیموکراتیزەکردنی نێوچەکە و فیدراڵیزەکردنی حکومەتە ناوەندگەراکان، چونکە لەمەدا هەم مافی خۆی لانیکەم وەردەگرێت و درز بۆ بەشداریی زیاتری سیاسیی دروست دەبێت، هەم هاوبەش و هاوخەباتی بۆ پەیدا دەبێت و هەموو شەڕەکە و سووری بەرلەشکرییەکە ناکەوێتە ئەستۆی کورد.
بۆ هەرێمی کوردستانیش لە عێراقدا (وەک دەرفەتسازیی) جەختکردنەوە لە سەر دوو خاڵ پێویستە:
- جێگیرکردنی فیدراڵیزم لە عێراقدا: گرنگە هانی سوننەکان و بەسرە بدرێت هەرێمی خۆیان دروست بکەن و پاڵپشتیی ئەو گووتارانە بکرێت.
- بۆ سەرهەڵنەدانەوەی ناوەندێتیی لە بڕیاردا و لاوازکردنی سیاسەتی تاکڕەهەندانەی شیعەی سیاسی و وەلائی لە بەغدا، گرنگە پابەندی بە دەستووری عێراقەوە ببێتە گوتاریی بەردەوامی هەرێم و تەوافوقی سێقۆڵی سەرەتا و دەیەی یەکەمی پاش پڕۆسەی ئازادیی عێراق زیندوو بکرێتەوە: (شیعە-سوننە-کورد)، بەمەش بەشێکی زۆر لە تاکڕەوییەکانی بەغدا و پاساوەکانی هەرێمی کوردستان بۆ بەغدا و جێبەجێنەکردنی دەستوور چارە دەبن.