• Google Plus
  • Rss
  • Youtube
November 19, 2025

ڕاپۆرتی دەزگای هەواڵگریی تورکیا سەبارەت بە جەنگی (12) ڕۆژە

لەلایەن ئەکادیمیای نیشتیمانییەوە لە ئابی (٢٠٢٥)دا ئامادەکراوە

وەرگێڕانی: توركیاناسی

پێشەکی

         ئەو جەنگەی لە نێوان ئیسرائیل‌و ئێراندا لە (١٣/٦/٢٠٢٥) دەستیپێکردو لە (٢٤)ی هەمان مانگدا کۆتاییهات، بە جەنگی (١٢) ڕۆژە ناودەبرێت، شایستەی لێکۆڵینەوەیەکی وردە لە چەندین لایەنەوە. ئەم ڕووبەڕوبوونەوەیە وانەی گرنگ‌و زۆری هەڵگرتووە، نەک تەنها بۆ ئیسرائیل‌و ئێران، بەڵکو بۆ تورکیا‌و هەموو لایەنە هەرێمییەکان. ئەم جەنگە بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ پەیوەستە بەو کەشەی لە دوای (٧)ی ئۆکتۆبەرەوە هاتە پێش. سەرەڕای گۆڕانکارییە گەورەکانی پاش ڕوخانی ڕژێمی سوریا، ئیسرائیل بەردەوامبوو لە گرتنەبەری سیاسەتی هێرشبردن بۆ سەر دراوسێکانی، بە بیانووی پاراستنی دروزەکان چەندین هێرشیکردەسەر دیمەشق‌و ناوەندە هەستیارەکانی وەک کۆشکی سەرۆکایەتی‌و سەرکردایەتیی ئەرکانی کردە ئامانج. ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت، کە تەلئەبیب لە سەر سیاسەتی هێرشبردن بەردەوامدەبێت لە داهاتوودا.

ڕووبەڕووبوونەوەکان بە هێرشێکی لەناکاوی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران دەستیپێکردو بە کردەوەیەکی بۆمبارانکردنی چڕی فڕۆکەی ستراتیژیی ئەمریکی لە جۆری (B-2) بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران کۆتاییانهات. ئەم ڕوداوانە سەرمایەیەکی گەورەی لە داتا لە گشت بوارەکان پێشکەش بە توێژەران کرد، لەوانە: دیبلۆماسیەت، هاوپەیمانییەکان، تەکتیکە سەربازییەکان، سیستەمی خۆپڕچەککردن، تەکنەلۆژیای زانیاری، کردەوە هەواڵگرییەکان‌و پەیوەندییە گشتییەکان.

هەروەک چۆن جەنگی ڕوسیاو ئۆکرانیا، نموونەیەک لە ململانێی سەدەی بیستویەکەمی بە پاڵپشتیی تەکنەلۆژیای پێشکەوتوو پێشکەشکرد، هەر بۆیە ڕاڤەی قۆناغە جیاوازەکانی ئەم جەنگەو ئەو وانانەی لێوەیدەستماندەکەوێت، بە پرسێکی گرنگ دادەنرێت بۆ تورکیای دەورەدراو بە پشتێنەیەک لە قەیرانەکان.

 ئەم ڕاپۆرتە ڕوداوەکانی جەنگی دوازدە ڕۆژە لە گۆشەی جیاوازەوە دەخاتەڕوو:

  1. لە بەشی یەکەمدا: شیکاری توانا سەربازی‌و تەکنەلۆژییەکان کراوە، بە تایبەت چەکی ئاسمانیی ئیسرائیلی‌و جەنگی ئەلیکترۆنی‌و کردەوەی سایبیرییەکان.
  2. لە بەشەکانی تردا: توێژینەوە باس لە پاشخانە دیبلۆماسی‌و سیاسی‌و کۆمەڵایەتییەکانی ناوخۆی ئێران دەکات، تا دەگات بەو وانانەی دەتوانرێت لێوەیدەستبکەوێت.

ئەنجامی سەرەکی لە تێگەیشتنی دروست بۆ جەنگی دوازدە ڕۆژە، لە پاڵ بەدواداچوونی بەردەوامی جەنگی ئۆکرانیا، ئامرازێکی گونجاوە بۆ دیاریکردنی سیاسەت‌و ئەو هەنگاوانەی پێویستە تورکیا لە بواری ئاسایش‌و هەواڵگری‌و تەکنەلۆژیدا بیگرێتەبەر.

بەشی یەکەم:

تەکنەلۆژیای کۆن‌و تێکەڵاو لە جەنگدا

ئەو جەنگەی لە نێوان ئیسرائیل‌و ئێران لە مانگی حوزەیرانی (٢٠٢٥)، بۆ ماوەی دوازدە ڕۆژ بەردەوامبوو، هەڵسەنگاندنێکی گشتگیر بوو بۆ سەرجەم توانا سەربازی‌و تەکنەلۆژییەکانی هەردوولا، کە بە درێژایی چەندین ساڵ خۆیان بۆ ئامادەکردبوو. لەگەڵ ئەوەی ڕایگشتی سەرنجی لە سەر بەرەوپێشچوونی جەنگەکەو موشەکە زیرەک‌و وردەکان‌و بۆمبی تێکشکێنەری پەناگەکان‌و موشەکە بالیستییەکان بوو، بەڵام جەنگێکی پارالێڵی کارۆموگناتیسیی توندیش لە ئارادا بوو.

هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسرائیل، لە پاڵیدا کردەوەی سایبیری‌و جەنگی ئەلیکترۆنیی (EH) لەخۆگرتبوو. لە هەمان کاتدا ئێران بە موشەکی بالیستی‌و فڕۆکەیبێفڕۆکەوانی خۆکوژ لەگەڵ هەوڵە سایبیرییەکانیدا بەرپەرچیدەدایەوە. بەمەش دەکرێت بڵێین، کە جەنگەکە لە دوو بەرەی هاوشانی یەکتردا بەردەوامبوو؛ بەرەی جوڵاو/ فیزیکی‌و بەرەی کارۆموگناتیسی/ سایبیری.

  1. باڵادەستیی ئاسمانی ئیسرائیلی

لە ماوەی جەنگەکەدا، ئیسرائیل بە تەواوی توانیی کۆنتڕۆڵی ئاسمانی بە سەر ئێراندا بسەپێنێت، چەندین هێرشی چڕی لە ڕێگەی فڕۆکەی شەڕکەرو فڕۆکەیبێفڕۆکەوانەکانی دژی دامەزراوە سەربازی‌و ستراتیژییەکانی ئێران کرد. سیستەمی بەرگریی ئێرانی هەر لە ڕۆژی یەکەمەوە توشی داڕمان بوو و نەیتوانی بە شێوەیەکی کارا ئامادەببێت. سیستەمی ئاگادارکردنەوەی پێشوەختەو سەکۆی بەرگریی ئاسمانی لەکارکەوت‌و ئەمەش ئەرکی بەکارهێنانی فڕۆکەی ستراتیژی ئەمریکی (B-2) بۆ لێدان لە دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێرانی لە (٢١/ ٦) ئاسانکرد، بەڵام لە لایەکی ترەوە، سیستەمی بەرگریی ئاسمانی ئیسرائیل‌و ئەمریکا بە شێوەیەکی کارا توانییان ڕووبەڕووی موشەکە بالیستی‌و فڕۆکەبێفڕۆکەوانە خۆکوژەکانی ئێران ببنەوە. بە پێی داتا بەردەستەکان، زۆربەی هەرە زۆری فڕۆکەبێفڕۆکەوانەکانی ئێران خراونەتەخوارەوە پێش گەیشتن بە ئامانجەکانیان، جا لە ڕێگەی خستنەخوارەوە بە دژەموشەک بێت، یاخود لە ڕێگەی جەنگی ئەلیکترۆنییەوە بێت.

بارودۆخەکە سەبارەت بە موشەکی بالیستی جیاواز بوو، هێزی بەرگریی ئاسمانیی ئیسرائیلی شکستیهێنا لە ڕووبەڕووبوونەوەی سەرجەم موشەکەکاندا. هەندێک لەو موشەکانە گەیشتنە تەلئەبیب‌و حەیفاو زیانی مرۆیی‌و مادییان بە ئیسرائیل گەیاند.

  1. جەنگی سایبیری‌و دەروونی

شان بە شانی کردەوە سەربازییە تەقلیدییەکان، هەردوولا ڕۆچوون لە جەنگێکی چڕی زانیاریدا. ئیسرائیلییەکان توانییان تۆڕی پەیوەندییەکان‌و هەندێک سیستەمی سەرکردایەتی‌و بەڕێوەبردنی ئێرانییەکان کۆنترۆڵبکەن، هەروەها هەندێک هەواڵ‌و زانیاریی چەواشەکارییان بۆ شڵەژاندنی هێزەکانی ئێران بڵاوکردەوە. هەروەک چۆن هەندێک هەواڵی ناڕاستیان بۆ ترساندنی خەڵک بڵاوکردەوە.

ئەوەی جێی سەرنج بوو، ئیسرائیل هێرشە سایبیری‌و جەنگە ئەلیکترۆنییەکەی هاوکات کردبوو لەگەڵ هێرشە ئاسمانییەکانیدا، ئەمەش ئەوە دەسەلمێنێت بواری کارۆموگناتیسی بووەتە بوارێکی سەرەکی لە جەنگدا، شان بە شانی جەنگی وشکانی‌و دەریایی‌و ئاسمانی.

  1. هێزی ئاسمانیی ئیسرائیلی

هێزی ئاسمانیی ئیسرائیلی (IHK) یەکێکە لە بەهێزترین هێزە ئاسمانییەکانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست، کە نزیکەی (٣٤) هەزار کەس‌و زیاتر لە (٣٤٠) فڕۆکەی جەنگی دەگرێتەوە، کە هەموویان دروستکراوی ئەمریکان‌و لە ئیسرائیل بە پێی پێویستی گۆڕانکارییان تێدا کراوە.

فڕۆکە جەنگییەکانیش بریتین لە (F-16C/D، F-16I، F-15C/Dو F-35I):

  • فڕۆکە جەنگییەکانی (F-15I، F-16Iو F-35I) بڕبڕەی پشتی هێزی هێرشبەرن.
  • (F-35I) بە توانای ئیسرائیلی تەرخانکراوە بۆ جەنگی ئەلیکترۆنی‌و چەکسازی، ژمارەی گشتیان دەگاتە (٤٥) فڕۆکە (لەگەڵ پلانی کڕینی ١٠٠ دانەی تردا).
  • فڕۆکەی (F-15I) بۆ شێوەی نوێی (F-15IA) پێشخراوە لەڕێگەی ڕێکەوتننامەیەک لەگەڵ وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا.
  1. خۆپڕچەککردنی وردو چەکی ئاڕاستەکراو

لە دیارترین جیاوازییەکانی کردەوە ئاسمانییەکانی ئیسرائیل بریتی بوون لە بەکارهێنانی چڕی چەکی ئاڕاستەکراو:

  • سیستەمی (SPICE 1000 & 2000) کە توانای ئاڕاستەکردنی خودی هەیە (GPS)، هەروەها داتاکراوە تا ساتی پێکانی ئامانجەکەی بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ.
  • بۆمبی (JDAM)ی ئەمریکی لە جۆرەکانی (GBU-31, GBU-32, GBU-38)، لە ناویشیاندا جۆری (BLU-109)؛ دژە حەشارگە پارێزراوەکان.
  • بۆمبی (Paveway) بە لێزەر ئاڕاستەکراو.
  • بۆمبی بازنەیی بچووک (GBU-39 SDB)، کە مەوداکەی دەگاتە (١١٠) کم.
  • (SPICE 250)، کە دەتوانێت ئاڕاستەی خۆی بگۆڕێت، بە پێی داتای پێدراو لە کۆتا ساتەوەختەکانیدا.
  • موشەکی کروزی وەک (Popeye)، بە مەودای (٩٠) کم‌و (Delilah) بە مەودای (٢٥٠) کم، لەگەڵ توانای سوڕانەوە بە دەوری ئامانجەکەدا.
  1. تەکتیکە ئاسمانییەکان
  • لە ڕۆژی یەکەمی جەنگەکەدا نزیکەی (٢٠٠-٣٠٠) فڕۆکەی ئیسرائیلی بەشدارییانکرد لە بۆمبارانکردنی ئامانجەکانی وەک:

– دامەزراوەکانی بەرنامەی ئەتۆمیی ئێرانی.

– سیستەمی بەرگریی ئاسمانی‌و سەکۆکانی هەڵدانی موشەک.

– سەرکردە باڵاکانی سوپاو هەواڵگری (لە ناویشیاندا کوشتنی سەرکردە باڵاکانی سوپاى پاسداران، وەک حسێن سەلامی‌و محەمەد باقری).

  • هەروەک چۆن هێرشەکان دامەزراوەکانی بەرهەمهێنان‌و کۆگاکردنی موشەک‌و فڕۆکەکانی دەکردە ئامانج.
  • پاش لەناوبردنی زیاتر لە نیوەی سەکۆ جوڵاوەکانی هاویشتنی موشەکە ئێرانییەکان تا (١٧/٦)، ئیتر توانای بەرپەرچدانەوەی ئێرانی سنووردار بوو.
  1. جەنگی ئەلیکترۆنیی ئیسرائیلی

هەر لەو کاتەوەی جەنگ لە دەشتی بیقاع لە ساڵی (١٩٨٢) ڕویدا، ئیسرائیل پشتی بە جەنگی ئەلیکترۆنی بەستووە، هەر بۆیە ئیسرائیل بە پێشەنگ دادەنرێت لەم بوارەدا، لەم جەنگەشدا پشتیدەبەست بە:

  • یەکەی (٨٢٠٠): بەرپرسن لە ئیختراقە سایبیرییەکان‌و سیخوڕیی ئەلیکترۆنی، لە دیارترین کردەوەکانیان، ڤایرۆسی (Stuxnet) بوو لە دژی ئێران ساڵی (٢٠١٠).
  • سربی ناحوش: کە فڕۆکەکانی (G550 Oron، Shavit، Eitam) دەگرێتەوەو خاوەنی ڕاداری جۆری (AESA)و سیستەمی چاودێریکردنی ئەلیکترۆنین.
  • فڕۆکەی (Oron): ساڵی (٢٠٢١) خرایەکارو توانای کۆکردنەوەو شیکاری داتاکانی لە ڕێگەی زیرەکیی دەستکردەوە هەیە، دەتوانێت وێنەیەکی تەواوی گۆڕەپانی جەنگ پیشانبدات.
  1. هێرشە سایبیری‌و کردەوە دەروونییەکان
  • لە ناوخۆی ئێراندا چەندین هێرش کران، لە ناویاندا وێرانکردنی سەکۆکانی بەرگریی ئاسمانیی نزیک لە تاران، لە ڕێگەی فڕۆکەیبێفڕۆکەوان‌و هێرشی ئەلیکترۆنییەوە.
  • لە (٧٢) کاتژمێری یەکەمدا، ئیسرائیل زیاتر لە (٧٠) سەکۆی بەرگریی ئاسمانیی ئێرانی تێکشکاند، لە ناویاندا (S-300) (Bavar-373).
  • هەروەها هێرشەکان ناوەندەکانی سەرکردایەتی‌و کۆنترۆڵ‌و پەیوەندییەکانی لە ڕێگەی موشەک‌و فڕۆکەیبێفڕۆکەوان‌و سەرلێشێواندنی ئەلیکترۆنییەوە کردە ئامانج.
  • کۆمەڵەی چەتەی ئیسرائیلی (Predatory Sparrow) هێرشەکانی سەر بانکی “سیباهـ”ی ئێرانی‌و بۆرسەی دراوی ئەلیکترۆنی (Nobitex)، کە بە ملیۆنان دۆلار زیانی گەیاندبوو، دایە پاڵ خۆی.
  • لە بەرانبەردا، ئێرانییەکان پەنایانبرد بۆ پڕۆسەی چەواشەکاری لە ڕێگەی نامەی نوسراوی ساختەو حەملەی “بۆتات” لە سەر سەکۆکانی پەیوەندیکردن.
  • جگە لە دەرکەوتنی بەکارهێنانی دیب فەیک (Deepfake) لەلایەن هەردوولاوە، بۆ بڵاوکردنەوەی پارچەڤیدیۆو هەواڵی چەواشەکارانەوە.

پوختەی بەشی یەکەم

جەنگەکە ئەوەی سەلماند، کە شەڕە نوێیەکان کورتناکرێنەوە لە ئاگربانکردنی یەکتردا بە تەنها، بەڵکو تێکەڵەیەکە لە:

– هێزی ئاسمانیی ورد،

– جەنگی ئەلیکترۆنی‌و سایبیری،

– کردەوەی دەروونی‌و ڕاگەیاندن.

ئیسرائیل سەرکەوتوو بوو لە پێکەوەگرێدانێکی کارای ئامرازەکان. لە کاتێکدا ئێران نەیتوانی پارێزگاری لە توانا بەرگریکارییەکانی لە دژی باڵادەستیی ئاسمانی – ئەلیکترۆنی بکات.

بەشی دووەم:

هەڵسەنگاندن‌و پوختەی وانە دەستکەوتووەکان

  1. گرنگیی دیبلۆماسی‌و هاوپەیمانیەتییەکان

لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکاندا ئەوە سەلمێنراوە، کە جەنگ‌و دیبلۆماسیەت دوو ڕەگەزی تەواوکەری یەکترن. لەوانەیە لە ساتەوەختێکی مێژووییدا یەکێکیان بە سەر ئەوی تردا زاڵببێت، بەڵام بە دەگمەن بە تەواوی لە یەکتری جیادەبنەوە. پەیوەندیی نێوان ئێران‌و ئیسرائیل، لەگەڵ ئەوەی ڕیشەکەی دەگەڕێتەوە بۆ پێش شۆڕشی ئێرانی لە ساڵی (١٩٧٩)، بەڵام لە (٧)ی ئۆکتۆبەری (٢٠٢٣)دا چووە قۆناغێکی نوێوە، بە شێوەیەک لۆژیکی گفتوگۆو دانوستان پاشەکشەیکردو لە شوێنی ئەوە، لۆژیکی بەریەککەوتن‌و کردەوە نهێنییەکان شوێنیگرتەوە.

پرسی ئەتۆمیی ئێرانی، کە یەکێک بوو لە بەندە هەمیشەییەکان لە خشتەی کاری کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا، بوو بە بەشێک لە بنەماکانی شکستی دانوستانەکان. بە شێوەیەک سووربوونی ئێران لە سەر بەردەوامبوون لە بەرنامە ئەتۆمییەکەی بەبێ ڕەچاوکردنی هەستیاریی لایەنەکانی تر، وای لە واشنتۆن‌و تەلئەبیب کرد لە خاڵێکدا بە یەک بگەن، ئەویش پێویستیی پەنابردن بوو بۆ یەکلاییکردنەوەی پرسەکە لە ڕێگەی سەربازییەوە.

ئەم ئەنجامەش سەبارەت بە ئێران، هەڵەیەکی ستراتیژیی حاشاهەڵنەگر بوو، لەبەرئەوەی گوێی بە پشتگوێخستنی جیاوازییە وردەکان نەدەدا لە هاوسەنگییەکانداو پاڵی بە دوژمەنەکانییەوە نا، کە ڕیزەکانی خۆیان دژی ڕێکبخەن.

  1. باڵادەستیی ئیسرائیل‌و قەیرانی بەرپەرچدانەوەی ئێرانی
  • جەنگەکە ئەوەی دەرخست، کە ئیسرائیل بە تەنها پشت بە باڵادەستیی تەکنەلۆژی نابەستێت، بەڵکو سوودی لە پشتیوانیی هاوپەیمانە هەرێمی‌و نێودەوڵەتییەکانی بینیوە.
  • ئێرانیش کە دەمێکە هەوڵی بنیاتنانی ستراتیژیەتی بەرپەرچدانەوە دەدات لە ڕێگەی موشەکی بالیستی‌و پشتیوانیی هەرێمییەوە، کەچی دەستەوەستان مایەوە لە پارێزگاریکردن لە ئاسمان‌و دامەزراوەکانی.
  • بەئامانجگرتنی سەرکردە سەربازی‌و زانا ئەتۆمییەکان هەر لە کاتژمێرەکانی سەرەتای دەستپێکردنی جەنگەکەوە ئەو وێنەیەی پیشانداین، کە ئیسرائیل هێزێکە، توانای لێدانی ناوجەرگەی ئێرانی هەیە، هەر کاتێک بیەوێت.
  1. بۆشایی لە بەرگریی شارستانیدا
  • جەنگەکە ئەوەی دەرخست، کە بەرگریی شارستانی ڕەگەزێکی بنەڕەتییە لە ململانێکانی سەردەمدا.
  • لە کاتێکدا ئیسرائیل خاوەنی تۆڕێک لە سیستەمی ئاگادارکردنەوەی پێشوەختەو پەناگەی پێشکەوتووە لە شارە گەورەکاندا، کەچی ئێران ئەو توانایەی نییەو ئەوەش بوو بە هۆی زیانێکی مرۆیی گەورە.
  • ئەم ڕەهەندە شارستانی – ئاسایشییە، پێویستە لە هەر ستراتیژیەتێکی بەرگریدا لەبەرچاوبگیرێت، نەک تەنها لە ئێران، بەڵکو لە سەرجەم دەوڵەتانی ناوچەکەدا.
  1. گۆڕەپانی ڕاگەیاندن‌و سایبیری
  • هێرشی سایبیری‌و کردەوەی ڕاگەیاندن بەشێکی دانەبڕاون لە جەنگ.
  • ئیسرائیل بە ئەنقەست هێرشە ئەلیکترۆنییەکان‌و کردەوە سەربازییەکانی پێکەوە گرێدابوو، تا بتوانێت تۆڕی سەرکردایەتی‌و کۆنترۆڵی ئێرانی پەکبخات.
  • ئێران هەوڵی بەرپەرچدانەوەی چەواشەکارانەی لە ڕێگەی نامەی نوسراوو پڕوپاگەندەو سوپای بۆتات (جیوش بوتات)ەوە لە سەر ئامرازەکانی پەیوەندی دەدا، بەڵام بەراورد بە توانای ئیسرائیلی، کاریگەرییان سنووردار بوو.
  1. وانە سوودبەخشەکان بۆ تورکیا
  • توانا ئاسمانی‌و بەرگرییەکان:

– جەنگەکە جەختکردنەوە بوو لە گرنگی خاوەنداریەتیی هێزی ئاسمانیی گشتگیر، کە فڕۆکەی بەفڕۆکەوان‌و بێفڕۆکەوان لەخۆبگرێت.

– پێویستیی بنیاتنانی سیستەمێکی بەرگریی ئاسمانیی فرەئاست بۆ پارێزگاریکردن لە شارو ژێرخانی وڵات، لەگەڵ جەختکردنەوە لە ڕێگریکردن لە موشەکیی بالیستی‌و موشەکی خێراتر لە دەنگ.

  • بەرهەمهێنانی سەربازی‌و توانا پیشەسازییەکان:

– هەروەک لە جەنگی ڕوسیا – ئۆکرانیا هەیە، جەنگەکە ئەوەی دەرخست، کە باڵادەستی تەنها بە تەکنەلۆژیا بەدەستنایەت، بەڵکو وەستاوە لە سەر قەبارەی کۆگای سەربازی‌و خێرایی لە بەرهەمهێناندا.

– تورکیا پێویستی بە بەهێزکردنی توانای پیشەسازی هەیە، بە مەبەستی زیادکردنی خێرایی بەرهەمهێنان لە ڕووی چەندیەتی‌و چۆنیەتییەوە.

  • تەکنەلۆژیای مەدەنی، کە توانای بەکارهێنانی دوو لایەنی هەبێت:

– جەنگ ئەوەی سەلماند، کە ئەپەکان (پەیوەندیکردن‌و ئەنتەرنێت) دەکرێت بگۆڕدرێت بۆ ئامرازی فشارو چەک.

– لێرەوە پێویستە تورکیا جێگرەوەی ناوخۆیی هەبێت بۆ پڕۆگرامسازی‌و کەرەستە هەستیارەکان، بە تایبەت لە دامەزراوە حکومی‌و ئاسایشییەکاندا.

  • بەرگریی شارستانی‌و ئامادەیی نەتەوەیی:

– بنیاتنانی سیستەمەکانی ئاگادارکردنەوەی پێشوەختەی نیشتمانی،

– دروستکردنی پەناگەی ئامادە لە شارە گەورەکان بۆ کەمکردنەوەی زیانە مەدەنییەکان،

– ڕاهێنانی دانیشتوان لە سەر ڕێوشوێنی لەناکاو لە بارودۆخی ناکۆکییەکاندا.

پوختەی بەشی دووەم

جەنگی دوازدە ڕۆژە ئەوەی دەرخست، کە یەکلاییکردنەوە لە ململانێ نوێیەکاندا تەنها پشت بە تانک‌و فڕۆکە نابەستێت، بەڵکو پەیوەستە بە تەواوکاریی دیبلۆماسی‌و هاوپەیمانییەکان، توانا ئاسمانییەکان، بەرگریی شارستانی، جەنگی سایبیری‌و ڕاگەیاندنەوە. ئەو دەوڵەتانەی شکستدەهێنن لە تێگەیشتنی ئەم هاوکێشەیەدا، ڕووبەڕووی شڵەژانی ستراتیژی دەبێتەوە، کە لەوانەیە هەڕەشە لە بوونی بکات.

بەشی سێیەم:

سیناریۆ چاوەڕوانکراوەکان

  1. بەردەوامبوونی ئاڵۆزییەکان لە مەودای کورتدا

پاش کۆتاییهاتنی جەنگی دوازدە ڕۆژە، پێشبینیی ئەوە دەکرێت ئاستی توتر لە نێوان ئیسرائیل‌و ئێراندا بە بەرزی بمێنێتەوە.

  • سەرەڕای زیانە زۆرەکانی ئێران، واز لە ویستی ئەتۆمی، هەروەها ستراتیژی بەکارهێنانی پڕۆکسییە هەرێمییەکانی ناهێنێت، وەک حیزبوڵڵا، حوسییەکان، هەندێک لە گرووپە عێراقییەکان.
  • لە بەرانبەردا، ئیسرائیل ئەوەی دەرخست، کە توانای وەشاندنی گورزی ئاسمانی چڕو تیرۆرکردنی وردی هەیە لە قوڵایی ئێراندا، ئەمەش متمانەی زیاتری پێدەدات لە بەردەوامبوونی لە سیاسەتی لێدانە خۆپارێزییەکان (الضربات الوقائیة).
  • هەر بۆیە لەوانەیە زنجیرەیەک لە کردەوەی سنووردار ببینین، وەک هێرشی سایبیری، تیرۆرکردن، گورزی ئاسمانیی سنووردار، بەبێ ڕۆچوون لە جەنگێکی ڕاستەوخۆی ماوەدرێژدا.
  1. ئەگەری فراوانبوونی گۆڕەپانی ململانێکە

ئەگەری فراوانبوونی ڕوبەڕووبوونەوە لە چەندین گۆڕەپاندا:

  • لوبنان: سەرەڕای گورزەکانی ئیسرائیل، کە حیزبوڵڵای لاوازکرد پاش کوشتنی سەرکردەکانی، ئەم حیزبە وەک ئەکتەرێکی گرنگ دەمێنێتەوەو هەوڵی دووبارە سەلماندنی بوونی خۆی دەدات لە ڕێگەی هێرشی موشەکییەوە دژی ئیسرائیل.
  • عێراق: هەندێک لە گرووپە شیعییە هاوسۆزەکانی ئێران لەوانەیە ببن بە ئامرازی فشار بۆ سەر ویلاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاو هاوپەیمانەکانی.
  • یەمەن: حوسییەکان ئەوەیان سەلماند، کە توانای موشەکی‌و دەریاوانی پێشکەوتوویان هەیەو لەوانەیە گەرووی بابولمەندەب وەک کارتێکی هەڕەشە دژی جوڵەی کەشتیوانی بەکاربهێنن.
  • فراوانبوونی ململانێکە بۆ ئەم گۆڕەپانانە ڕووبەڕووبوونەوەکە دەگۆڕێت بۆ جەنگێکی هەرێمی فرەلایەن، ئەمەش وا لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بچێتە جەنگەکەوە، تانانەت لەوانەیە وڵاتانی کەنداویش تێوەبگلێن.
  1. سیناریۆی گۆڕینی ناوخۆیی ئێران
  • یەکێک لە سیناریۆکانی کە ڕاگەیاندنە خۆرئاواییەکان گفتوگۆیدەکەن، بریتییە لە ئەگەری ڕودانی ڕاپەڕینێکی ناوخۆیی، کە ببێت بە هۆی ڕوخانی ڕژێمی ئێرانی.
  • بەڵام ڕوداوەکانی جەنگ ئەوەی دەرخست، کە گەلی ئێرانی سەرەڕای توڕەییان لە زیانەکان، دەستیان بە بۆچوونی سەقامگیری‌و دەوڵەت زیاترە لە ویستیان بۆ پاشاگەردانی.
  • لەگەڵ ئەوەشدا، بەردەوامبوونی پەستانە ئابوورییەکان شان بە شانی هێرشە نوێیەکان بۆ سەر ژێرخانی ئابووری، لەوانەیە ڕژێمی ئێرانی ڕووبەڕووی شەپۆلی ناڕەزایەتیی بەردەوام بکاتەوە، بە تایبەت لە ناوچە دوورەکاندا (ئەحواز، کوردستان، بلوشستان).
  1. ڕۆڵی زلهێزەکان
  • ویلایەتە یەکگرتووەکان وەک ئەکتەرێکی سەرەکی لە ئیدارەدانی هاوسەنگیی نێوان ئێران‌و ئیسرائیل دەمێنێتەوە، لەگەڵ پشتبەستنی بە سیاسەتی “کوتەک‌و گێزەر” بەرانبەر بە ئێران.
  • ڕوسیا ڕۆچووە لە جەنگی ئۆکرانیادا، لەوانەیە نەتوانێت ڕاستەوخۆ پشتیوانیی ئێران بکات، بەڵام کارتی ئێرانی لە گفتوگۆکانیدا بەرانبەر بە خۆرئاوا بەکاردەهێنێت.
  • چین، هاوبەشێکی سەرەکی‌و گرنگی ئابووریی ئیرانە، هەوڵدەدات ڕۆڵی هاوسەنگی ببینێت لە پێناوی پارێزگاریکردن‌و دەستکەوتنی وزەی پێویستدا، بەڵام بەبێ چوونەناو ڕووبەڕووبوونەوەی ڕاستەوخۆ لەگەڵ ڕۆژئاوادا.
  • ئەم حساباتە وادەکات قورسبێت جەنگەکە لە داهاتوودا بگۆڕێت بۆ ڕووبەڕووبوونەوەیەکی جیهانیی کراوە، بەڵام دەرگا بە ڕووی پێشبڕکێی خێرای خۆپڕچەککردنی هەرێمیدا دەکاتەوە.
  1. ڕەنگدانەوەی ئەگەرەکانی جەنگەکە لە سەر تورکیا
  • بەردەوامبوونی پشێویی هەرێمی بە واتای ئەوە دێت، کە تورکیا لە چەقی هاوکێشەیەکی هەستیاردایە؛ ئەو هاوپەیمانێکی ناتۆیە، بەڵام لە هەمان کاتدا هەوڵدەدات پارێزگاری لە کەناڵەکانی پەیوەندی لەگەڵ ئێراندا بکات.
  • فراوانبوونی ملمانێکە ڕەنگدانەوەی ڕاستەوخۆی لە سەر باکووری عێراق (هەرێمی کوردستان)و سوریا دەبێت، چونکە ئێران‌و تورکیا هاوبەشن لە پرسە ئاسایشییە ئاڵۆزەکاندا.
  • هەر ڕووبەڕووبوونەوەیەکی فراوان گرنگیی بواری ئاسمانیی تورکیا زیاتردەکات، ئەمەش وا لە ئەنکەرە دەکات ئامادەیی دیبلۆماسی‌و سەربازیی هەبێت بۆ دیاریکردنی هەڵوێستێکی ڕوون‌و هاوسەنگ.

پوختەی بەشی سێیەم

سیناریۆ ئایندەییەکان خۆیدەبینێتەوە لە نێوان:

  1. بەردەوامبوونی پشێوییەکی سنووردار لە ڕێگەی هێرشە سایبیرییەکان‌و گورزە وردەکانەوە.
  2. فراوانبوونی جەنگ لە هەرێمەکە تا هەریەک لە لوبنان‌و عێراق‌و یەمەن دەگرێتەوە.
  3. ئەگەری شڵەژانی ناوخۆیی ئێرانی، بە هۆی پەستانە ئابووری‌و سەربازییەکانەوە.
  4. کاریگەریی ڕۆڵی هێزە گەورەکانی وەک ئەمریکاو ڕوسیاو چین لە ئاڕاستەکردنی ڕێڕەوی ملمانێکەدا.

ئەنجامەکان‌و ئەو هەنگاوانەی پێویستە تورکیا بیانگرێتەبەر

  1. درککردن بە سروشتی جەنگە نوێیەکان

جەنگی دوازدە ڕۆژەی نێوان ئیسرائیل‌و ئێران ئەوەی دەرخست، کە جەنگە هاوچەرخەکان کورتناکرێنەوە لە بەرەی جەنگە تەقلیدییەکاندا، بەڵکو چەند جۆرێک دەگرێتەوە، لەوانە:

  • بواری سایبیری،
  • شێوازی کارۆموگناتیسی،
  • جەنگی دەروونی‌و ڕاگەیاندن.

ئەمە بە واتای ئەوە دێت ئەو دەوڵەتانەی ناتوانن زبرەهێز (سەربازی)و نەرمەهێز (زانیاری –  ڕاگەیاندن) بەکاربهێنن، ئەوا توانای بەرپەرچدانەوەو کاریگەری لەدەستدەدەن.

سەبارەت بە تورکیا، پێویستە پشت بە چەمکی جەنگی فرەڕەهەند (Multi-Domain Warfare) بە شێوەیەکی مەنهەجی لە عەقیدەی سەربازیدا ببەستێت.

  1. نوێگەری لە چەکی ئاسمانی‌و بەرگریدا
  • وانەی یەکەم بریتییە لەوەی کۆنترۆڵی ئاسمانی بە ئامرازێکی یەکلاییکەرەوە دادەنرێت لە ناکۆکییە کورت‌و زۆر چڕەکاندا.
  • هەر بۆیە پێویستە تورکیا بەردەوامببێت لە بەرنامەی نوێکردنەوەی فڕۆکەکانی‌و تەواوکاریی نێوان فڕۆکە بەفڕۆکەوان‌و بێفڕۆکەوانەکان.
  • بنیاتنانی سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی فرەئاست، کە بتوانێت شارو ژێرخانەکان بپارێزێت، لەگەڵ پێشخستنی توانای ڕێگرتن لە موشەکە خێراترەکان لە دەنگدا بووە بە پێویستییەکی ستراتیژی.
  1. بەهێزکردنی توانای پیشەسازیی سەربازی
  • هەوەک لە ئۆکرانیا ڕودەدات، جەنگەکە ئەوەی سەلماند، کە قەبارەی کۆگاکراوو خێرایی بەرهەمهێنانی پیشەسازیی سەربازی گرنگییەکەیان کەمتر نییە لە جۆرو باشییەکانی تەکنەلۆژیا.
  • ئەمانە بۆ تورکیا پێویستە:

– بەرزکردنەوەی توانای بەرهەمهێنانی چەندیەتی لە سیستەمی شەڕکەرەکانیدا،

– بەردەوامبوون لە زنجیرەی پشتیوانی بە شێوەیەک بتوانێت لە جەنگە درێژخایەنەکاندا بەردەوامببێت،

– زیادکردنی هاوبەشی لەگەڵ کەرتی تایبەتدا، لە پێناوی خێراکردنی بەرهەمهێنانی بەرگریدا.

  1. پێشخستنی جێگرەوە تەکنەلۆژییە ناوخۆییەکاندا
  • جەنگکە ئەوەی دەرخست کە پڕۆگرامە مەدەنییەکان‌و ئەپەکان (مۆبایل، نامەناردن، تۆڕەکانی ئەنتەرنێت) دەکرێت ببنە ئامرازێکی جەنگ.
  • هەر بۆیە:

– پێویستە جێگرەوەی ناوخۆیی هەبێت بۆ پڕۆگرامسازی‌و کەرەستە ژیارییەکان‌و پێشخستنیان.

– پێویستیی پشتبەستن بە سیستەمی نیشتیمانی لە دامەزراوە ئاسایشی‌و سەربازییەکانیدا.

– پشتیوانیی پڕۆژەکانی ئاسایشی سایبیری لە ناوخۆ بۆ گەرەنتیکرتنی سەربەخۆیی تەکنیکی.

  1. بەهێزکردنی سیستەمەکانی بەرگریی شارستانی
  • پاراستنی خەڵکی مەدەنی ڕەگەزێکی سەرەکییە لە جەنگەکانی داهاتوودا.
  • تورکیا پێویستی بەمانە هەیە:

– بنیاتنانی تۆڕەکانی ئاگادارکردنەوەی پێشوەختەی نیشتیمانی، کە هەموو خاکی نیشتیمان بگرێتەوە.

– دروستکردنی پەناگەی هاوچەرخی ئامادە، بە تایبەت لە شارە گەورەکاندا.

– ڕاهێنانی دانیشتوان لە سەر مامەڵەکردن لەگەڵ بارودۆخی لەناکاودا، لە ڕێگەی بەرنامەیەکی نیشتمانییەوە.

  1. بەگەڕخستنی دیبلۆماسیەتی زیرەک
  • جەنگەکە ئەوەی سەلماند ئەوە هاوپەیمانییەکانن دەتوانن ئاڕاستەی شەڕەکان دیاریبکەن، بە ڕێژەیەک کەمتر نییە لە توانا سەربازییەکان.
  • پێویستە تورکیا پارێزگاری لە بەردەوامبوون لە سیاسەتێکی دەرەکیی نەرم بکات، کە بتوانێت:

– سوود لە ئەندامبوونی لە ناتۆدا ببینێت.

– پارێزگاری لە هێڵەکانی پەیوەندی لەگەڵ ڕوسیاو ئێراندا بکات.

– هاوکاریی بەرگریکاری لەگەڵ دەوڵەتانی کەنداودا بەهێزبکات، کە هەست بە هەڕەشەی ڕاستەوخۆ دەکەن لەلایەن ئێرانەوە.

  1. ئامادەکاری بۆ سیناریۆ جیاوازەکان

تورکیا بەو پێیەی دەکەوێتەناو دڵی ناوچەی قەیرانەکانەوە، لێیداواکراوە ئامادەیی هەبێت بۆ چەند سیناریۆیەک:

  • ڕووبەڕووبوونەوەی ململانێ هەرێمییەکان، کە درێژبێتەوە بۆ باکووری عێراق (هەرێمی کوردستان)و سوریا.
  • مامەڵەکردن لەگەڵ ئەگەرەکانی فراوانبوونی ڕوبەڕوبوونەوەی ئێران – ئیسرائیل لە ناوچە جیاوازەکانی جەنگ.
  • ئامادەبایی بۆ سیناریۆی ناوخۆیی ئێران‌و ئەوەی دەکرێت لێیبکەوێتەوە لە شەپۆلی هەڵهاتن‌و قەیرانی سنووریدا.

پوختەی کۆتایی

جەنگی دوازدە ڕۆژە جەختکردنەوە بوو لەوەی جەنگە نوێیەکان تێکەڵەیەکن لە نێوان گورزی ئاسمانیی وردو هێرشی سایبیری‌و جەنگی دەروونی. سەبارەت بە تورکیا پوختەی وانەکان دەکرێت کورتبکرێتەوە لە:

  1. بەهێزکردنی توانا ئاسمانی‌و بەرگریکارییەکان،
  2. بەرزکردنەوەی توانای بەرهەمهێنانی بەرگریکاری،
  3. بە نیشتمانیکردنی تەکنەلۆژیاو پشتبەستن بە جێگرەوە ناوخۆییەکان،
  4. بەهێزکردنی بەرگریی شارستانی‌و ژێرخانی خۆپارێزی،
  5. بەکارهێنانی هاوپەیمانییەکان‌و دیبلۆماسیەتی زیرەک.

جێبەجێکردنی ئەم هەنگاوانە توانای زیاتر بە تورکیا دەبەخشێت لە پارێزگاریکردنی لە ئاسایشی نەتەوەیی‌و گەرەنتیی پارێزگاریکردن لە پێگەکەی وەک کارەکتەرێکی ناوەندی هەرێمی لە ژینگەی ستراتیژیی ناجێگیردا.

پوختە

  1. جەنگی ئیسرائیل دژی ئێران لە (١٣)ی حوزەیران دەستیپێکردو زۆرێک لە هاوکێشە هەرێمییەکانی گۆڕی. دوا بە دوای ئەو کردەوە سەربازییە – جیۆسیاسییەی لە (٧)ی ئۆکتۆبەر ڕویدا وەک خاڵێکی وەرچەرخان، ستراتیژیەتی هەریەک لە ئیسرائیل‌و ئێرانی بە شێوەیەکی تەواو دەرخست.
  2. هێرشە سەربازی‌و تەکنەلۆژی‌و هەواڵگرییە لەناکاوەکەی (١٣)ی حوزەیران، شان بە شانی باڵادەستی‌و ناهاوسەنگیی توانا سەربازی‌و هەواڵگری‌و تەکنەلۆژییەکان‌و پشتیوانیی فراوانی هاوپەیمانەکانی ئیسرائیل، ئێرانی توشی زیانێکی زۆر کرد.
  3. جەنگەکە پێش هەموو شتێک ئەوەی سەلماند، کە ڕەگەزی هێزی ئاسمانی لە ململانێ کورت‌و زۆر چڕەکاندا، بە تایبەت لە نێوان ئەو دەوڵەتانەی هاوسنووری وشکانی نین، ئامرازێکی یەکلاییکەرەوەی سەرکەوتووترە. ئێران بە هۆی نەبوونی چەکی ئاسمانیی پێشکەوتووەوە بەراورد بە ئیسرائیل، هەوڵی قەرەبووکردنەوەی لاوازییەکەی داوە لە ڕێگەی وەبەرهێنان لە بواری موشەکی بالیستیدا، بە تایبەت موشەکی دەنگبڕ (ئەو موشەکانەی خێراییان لە خێرایی دەنگ زیاترە).
  4. جەنگەکە بەکارهێنانێکی چڕی هێرشە سایبیری‌و ئامرازەکانی جەنگی ئەلیکترۆنی لەخۆگرتبوو (Electronic Warfare – EH). ئەم ئامرازانە بەکارهێنران نەک تەنها دژی ئامانجە سەربازییەکان، بەڵکو لە پێناوی ڕاگەیاندنی چاواشەکارانەو کاریگەریخستنەسەر ڕایگشتیی بەرانبەر.
  5. لە گرنگترین هۆکارەکانی باڵادەستیی ئیسرائیل بریتی بوو لە سەرکەوتن لە بنیاتنانی تۆڕێکی هەواڵگری‌و کردەوەسازی لە ناوخۆی ئێران. هەر لە ناوخۆوە دامەزراوە ستراتیژییەکان‌و سەرکردە سەربازییەکان‌و زانا ئەتۆمییەکانی لە ڕێگەی شانە نوستووەکانەوە، کە ساڵانێکی زۆرە لە ئێران کاردەکەن، کردە ئامانج.
  6. هەروەها جەنگەکە گرنگیی بەرگریی شارستانیی لە شارە گەورەکان دەرخست. لە کاتێکدا ئیسرائیل خاوەنی سیستەمی ئامرازەکانی ئاگادارکردنەوەی پێشوەخت‌و پەناگەی بەربڵاوو فراوانە بۆ خۆپاراستن، کەچی ئێران خاوەنی ئامادەیی پێشوەختەی لەم چەشنە نەبوو، ئەمەش بوو بە هۆی مردن‌و برینداربوونی سەدان هاوڵاتی مەدەنی، بە تایبەت لە تارانی پایتەخدا.
  7. لەگەڵ زیانە گەورەو فراوانەکان‌و پێشبینیی ڕودانی جوڵانەوەی نەتەوەیی، کە ببێت بە هۆی ڕوخانی ڕژێمی ئێران‌و هەموو ئەو بانگەشانەی کە هێزە ئۆپۆزسیۆنەکان لە دەرەوەی دژی ڕژێمی ئێران دەیکەن. ئەوە ئاشکرابوو، کە تا ئێستاش گەلی ئێران گرنگی‌و بایەخیان بە سەقامگیری‌و ڕژێمی گشتی بەردەوامە، بەڵام ئاڕاستەی ئایندەی یەکێتیی ناوخۆیی ئێران وەستاوە لە سەر ئەو پێشهاتانەی لە داهاتوودا ڕودەدەن.
  8. جەنگ گرنگیی ئەپی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی لە سەر ئەرزی واقیع ئاشکراکرد. ئیسرائیل بە شێوەیەکی فراوان پشتی بە ئەپەکانی ئینتەرنێت بەستبوو. ئەمەش وای لە دەسەڵاتدارانی ئێرانی کرد داوای سڕینەوەو قەدەغەکردنی وەتسئەپ‌و هاوشێوەکانی لە مۆبایلدا بکەن، بەڵکو لە هەندێک کاتدا پەنایان بۆ پچڕاندنی ئەنتەرنێت برد.
  9. سەبارەت بە تورکیا، جەنگەکە چەندین وانەو پەندی فێربوو، تورکیا کرد. لەوانە جەختی لە سەر گرنگیی بەردەوامیی نوێگەری‌و تەواوکاری سیستەمەکانی فڕۆکەو فڕۆکەیبێفڕۆکەوان لە هێزی ئاسمانیی تورکی کردەوە، هەروەها دروستکردنی سیستەمێکی بەرگریی ئاسمانیی فرەئاست‌و بەربڵاو، لەگەڵ ئەوەشدا ئیسرائیل، سەرەڕای پشتیوانیی بەردەوامی هاوپەیمانەیەکانی، بێتواناو دەستەوەستان بوو لە خستنەخوارەوەی هەموو موشەکە دەنگبڕە ئێرانییەکاندا، ئەمەش گرنگیی هەوڵەکانی تورکیای لەم بوارەدا خستووەتە پێش چاو.
  10. جەنگەکە ئەوەی سەلماند، کە بڕی کۆگای سەربازی گرنگییەکەی کەمتر نییە لە گرنگیی باڵادەستیی تەکنەلۆژی، هەر بۆیە تورکیا لە پاڵ پێشخستنی سیستەمە پێشکەوتووەکانیدا، پێویستی بە خێراکردن‌و فراوانکردنی تواناکانی لە بواری بەرهەمهێناندا هەیە.
  11. وانەیەکی تر بریتییە لە پێویستیی بەردەوامی چاودێریکردنی دوولایەنەی تەکنەلۆژیای مەدەنی‌و سەربازی‌و هەوڵدان بۆ بنیاتنانی جێگرەوە ناوخۆییەکان بە پێی توانا، بە تایبەت ئەوەی پەیوەستە بە پڕۆگرامسازی‌و کەرەستە گرنگەکانی دەوڵەتەوە.
  12. هەروەک چۆن پێویستە سیستەمی ئاگادارکردنەوەی پێشوەختە دروستبکرێت، کە هەموو وڵات بگرێتەوە، پەناگەی ئامادە دروستبکرێت، بە تایبەت لە شارە گەورەکاندا، بە ئامانجی کەمکردنەوەی زیانە مەدەنییەکان لە هەر ڕووبەڕووبوونەوەیەکی ئایندەدا.

لینکی بابەتەکە لە ئینتەرنێت

extension://efaidnbmnnnibpcajpcglclefindmkaj/https://mia.edu.tr/uploads/f/01082025_1.pdf

 

Send this to a friend