پەیوەندییەکانی تورکیاو ئێران(1932– 2003)لێکۆڵینەوە لە پەیوەندییە سیاسیو ئابوورییەکان
گۆران سەلام محەمەد: خوێندکاری دکتۆرا/ مێژوو
ناسنامە
ناوی کتێب: پەیوەندییەکانی تورکیاو ئێران (١٩٢٣ – ٢٠٠٣)؛ لێکۆڵینەوە لە پەیوەندییە سیاسیو ئابوورییەکان
نوسەران: الدکتور منهل الهام عبدال عقراوي، الدکتور فراس صالح خضر الجبوري، الدکتور محمد حمزە حسین الدلیمي
وەرگێڕانی: گۆران سەلام محەمەد
جۆری کتێب: مێژوویی/ سیاسی
ژمارەی لاپەڕە: (٥٢٤) لاپەڕە
چاپخانە: دەزگای ڕۆشنبیریی جەمال عیرفان
ساڵی بڵاوکردنەوە: (٢٠٢٤)


بەرایی
ئەم کتێبە لە بنەڕەتدا سێ نامەی ئەکادیمییە بە زمانی عەرەبی، لەلایەن سێ توێژەری پسپۆڕەوە نووسراوە، وەرگێڕدراوە بۆ زمانی کوردی.
وردەکارییەکانی ناو ئەم کتێبە پێویستیی هەنووکەیین بۆ سیاسییەکان، مامۆستایانی مێژووی ئێرانو تورکیا، پسپۆڕو توێژەرانی مێژوو، سیاسەت، ئابووری، دیبلۆماسیو پەیوەندییە هەرێمیو نێودەوڵەتییەکان، وزەو ئابووری، بازرگانی، هەروەها بۆ خوێنەرانی بوارەکە.
ئەوەی ئەم کتێبە لەوانی دیکە جیادەکاتەوە، گرینگیدانە بە ڕەهەندی ئابووری لە پەیوەندیی سیاسیو دیبۆماسیدا. تەکنیکەکانی ناو ئەم کتێبە گرنگه بۆ دیبلۆماتکارو باڵیۆزو کونسوڵو بەرپرسی نوێنەرایەتییەکانو کارمەندانی وەزارەتەکانی دەرەوە، ناوخۆ، بەرگری، دارایی، کشتوکاڵ، بازرگانیو نەوتو وزە، سامانی ئاویو کێشەکانی سنوور، هەروەها کۆی ڕوداوە ناوخۆییەکانی هەردوو وڵات لە ژیانی سیاسی، پارتەکان، کودەتاکان، کابینەکان، دەستوور، سوپا…. هەرسێ شەڕی کەنداویش بە وردی باسکراوە.
دواتر کوردو دۆزەکەی لە کۆی ئەو ڕەهەندانەوە لە ماوەی (80) ساڵدا لە چاوی سیاسیو دیبلۆماتکارانی تورکیو ئێرانییەوە چۆن لێیڕوانراوە؟ خاکی کوردستانو سنوور، جوڵانەوەکانی کورد لە تورکیاو ئێرانو عێراقدا لە ناو ئەو هاوکێشە فرەڕەهەندانەدا چۆن مامەڵەی لەگەڵدا کراوە؟ وەڵامی هەموو ئەوانە بە تێروتەسەلیو پشتبەست بە سەدان سەرچاوەو بەڵگەنامە لەم کتێبەدا بەردەستە.
توێژینەوە لە بابەتی پەیوەندییەکانی تورکی – ئێرانی بایەخی زۆری هەیە، بە هۆی قورسایی کاریگەریی هەردوو دەوڵەت لە پێگەی ستراتیژیو دیمۆگرافیو توانا سەربازییەکانیان، هەروەها کاریگەرییان لە سەر ڕوداوە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستو کارلێککردنیان لە هەر ڕوداوو بزاوتێکی دیاریکراو لە سیستەمی هەرێمیو ناوچەییدا. ئەمەش وێنەیەکی ڕوونتری سیاسەتی دەرەکیی هەریەک لە تورکیاو ئێران نیشاندەدات. ئەو کارتێکەرانەی کە هانی هەردوو دەوڵەتی داوە بۆ باشترکردنی پەیوەندییەکانیان دوای زنجیرەیەک لە جەنگو ململانێو جیاوازی لە پەیوەندییەکانیاندا بە درێژایی قۆناغەکانی پێش جەنگی جیهانیی یەکەم، چەند هۆکارو ڕوداوێک دەستپێشخەربوون بۆ نزیکبوونەوەو پێشکەوتنی پەیوەندییەکانی تورکیاو ئێران، ئەمەش بە ڕووخانی دەوڵەتی عوسمانیو دامەزراندنی دەوڵەتی تورکیای هاوچەرخ لەلایەن مستەفا کەمال ئەتاتورکەوە لە ساڵی (١٩٢٣)و هاتنی ڕەزا شا بۆ سەر دەسەڵات لە ئێران لە ساڵی (١٩٢٥) زیاتر ڕووندەبێتەوە. بارودۆخو دەرهاویشتە نێودەوڵەتییەکان ڕێخۆشکەر بوون بۆ سەردەمێکی نوێ لە دۆستایەتیو هاوکاری لە نێوانیاندا. ئەوەی پەیوەست بووە بە بەرژەوەندیی هاوبەشو سوودی دوولایەنەوە، پەیوەندییەکانی هەردوو لای لە چوارچێوەی هاوپەیمانیی ڕۆژئاواییدا داڕشتووە. برەویپێدراو بوو بە پاڵپشتێک بە ئاڕاستەی پێکهاتنو هاوکاریی هاوبەش بۆ بەدەستهێنانی ئامانجی ستراتیژیی زلهێزەکان.
پەیوەندییەکانی هەردوو وڵات لە ناوەڕۆکو دەرهاویشتەی ئاڵۆزو جەنجاڵ پێکهاتووە، کە زۆر بە کەمی لە هەر پەیوەندییەکی دوولایەنەی دیکەدا هەیە، سەرەڕای دەرکەوتنی جیاوازیی زۆر لە نێوان تورکیاو ئێرانداو بەستنەوەی ئاستی بەرژەوەندییەکانیان لە نێوانیانداو بەکەمزانینی سزاو پابەندبوونی هەردوولایان بەرانبەر بەوی تر. بە گوزارشتێکی دیکە، بناغەی پتەوی بەرژەوەندیی دوولایەنەیان سەلماندی، کە توانای بەرەنگاریی قەیرانەکانیان هەیە. لە هەمان کاتدا هاوکاریو نەرمینواندنی هەردوولا ئەوەی ڕوونکردەوە، کە بۆیان هەیە سزاکانیان کەمبکەنەوەو چارەسەری تەواوی جیاوازییەکانی نێوانیان بکەن، ئەمەش ڕێیپێدان بۆ پەیوەندییەکی بەهێزو بەردەوام، کە بە شێوەیەکی سەرنجراکێش لێیبڕوانرێت.
نوسینی ئەم کتێبە لە سەر بنەمای ڕێبازی مێژوویی شیکاری وەستاوە، کە بێکەموکورتی نییە لە گێڕانەوەی ڕاستییە مێژووییەکانو گرێدراوەکانیدا، بەڵکو هەوڵی شیکردنەوەی ڕوداوەکانو گەنگەشەکردنی ئەنجامو کاریگەرییەکانی لە سەر پەیوەندییەکانی هەردوو دەوڵەت داوە.
ئەم توێژینەوەیە لە مەزەندەی بنەمای پەیوەندییەکانی تورکی – ئێرانیی کۆڵیوەتەوە، هەروەها هۆی نەبوونی پتەویو سەقامگیریی جیاوازی پەیوەندییەکانی لێکداوەتەوە، کە تا چەند گۆڕانکارییە ناوخۆییو دەرەکییەکان پشکی بەرچاوی هەبووە لە سەر پەیوەندییەکان بە ئاڕاستەی پێشکەوتنو پاشەکشێدا، ڕێکخستنی ئەم مەزەندەییەش کۆمەڵێک پرسیار بە دوای خۆیدا دەهێنێت، کە هەوڵدەدات وەڵامیانبداتەوە، ئەوانیش:
١. کاریگەریی دیارترین گۆڕانکارییە ناوخۆییو دەرەکییەکان لە سەر پەیوەندییەکانی تورکیاو ئێران چییە؟
٢. کاریگەریی بەشداریی هەردوو دەوڵەت لە ڕێکخراوی هاوکاریو گەشەپێدانی هەرێمی لە ساڵی (١٩٦٤) لە سەر پەیوەندییەکانیان چی بووە؟
٣. کاریگەریی دەرکەوتنی ڕەوتە ئیسلامییەکان لە تورکیا لە سەر پەیوەندییەکانی تورکیاو ئێران چی بووە؟
٤. کاریگەریی شۆڕشی ئێرانی ساڵی (١٩٧٩) لە سەر پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو دەوڵەت چی بووە؟
٥. کاریگەریی کودەتای ساڵی (١٩٨٠)ی تورکیا لە سەر پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو دەوڵەت چی بووە؟
٦. کاریگەریی جەنگی عێراق – ئێران (١٩٨٠ – ١٩٨٨) لە سەر پەیوەندییەکانی هەردوو دەوڵەت چی بووە؟
٧. کاریگەریی شەڕی دووەمو سێیەمی کەنداو لە سەر پەیوەندییەکانی هەردوو وڵات چی بووە؟
قۆناغێکی نوێی پەیوەندییەکان
دروستبوونی کۆماری تورکیای نوێ سەرەتای قۆناغێکی نوێ بوو لە پەیوەندییەکانی تورکیاو ئێراندا، کە سەقامگیری لە نێوانیاندا نەبوو، بەڵام دواتر بەهۆی چەند هۆکارێکی دیاریکراوەوە لە یەک نزیکبوونەوە. هاتنەسەر دەسەڵاتی ڕەزا پەهلەوی وەک شاهی ئێران (١٩٢٦- ١٩٤١) بوو بە سەرەتایەک بۆ پەیوەندییەکانی نێوان تورکیاو ئێران.
ئێران پەیوەندییەکانی لەگەڵ تورکیادا پێشخست، دوای بەستنی پەیماننامەی دۆستایەتی لە (٢٢)ی نیسانی (١٩٢٦) بە نێوەندگیریی یەکێتیی سۆڤیەتو لە سەر داوای ئەنقەرە، ئەم پەیماننامەیەش تەرخانکرا بۆ دەستدرێژینەکردنو بێلایەنی.
سەرەڕای باشبوونی ئەم پەیوەندییانە، کۆتایی بە هەندێک ئاریشەی وەک چالاکیی چەکداریی کورد لە سەر سنوور نەهات.
لە کاتی ڕابوونی جوڵانەوەیەکی دیکەی چەکداریی کورد لە نێوان ساڵانی (١٩٢٧ – ١٩٣٠) بە ناوی جوڵانەوەی “ئاگری داغ” یان “ئارارات”ەوە، جارێکی دیکە ئاریشە کەوتەوە نێوان پەیوەندییەکانی تورکیاو ئێران.
نزیکبوونەوەی تورکیاو ئێران دوای ئەو ماوە درێژە کارێکی ئاسایی بوو، کە لە ئەنجامیدا ڕەزا شا لە (٢)ی حوزەیرانی (١٩٣٤) سەردانی ئەنقەرەی کرد، ئەمەش هانی درێژەپێدانی پەیوەندییەکانی هەردوو وڵاتی بە شێوازێکی فراوانترو پێشکەوتووتر داوە.
لە ڕووی کەرتی بازرگانیو ئابوورییەوە، مێژووی پەیوەندییە بازرگانییەکانی نێوان تورکیاو ئێران دەگەڕێتەوە بۆ بیستەکانی سەدەی ڕابردوو. لە پەیماننامەی ساڵی (١٩٢٧)دا هەردوولا ڕێککەوتوون لە سەر چالاککردنی پەیوەندییە بازرگانییەکانو کارئاسانی بۆ گواستنەوەی شمەکی نێوانیان. جگە لەمەش، پرسێکی پێویست بوو بۆ جێگیریی پەیوەندیی ئاشتی لە نێوانیاندا.
گومانی تێدا نییە پێگەی جوگرافیی تورکیاو سەرکەوتنی لە بەدەستهێنانو پێشکەوتنو گەشەپێدانی پێداویستییەکانی بە هاوردەی نەوت، کاریگەریی هەبوو لە سەر بەردەوامبوونی پەیوەندییە بازرگانییەکانی نێوان هەردوو وڵات.
ئەنقەرە هەوڵیدا هەژموونی خۆی بە سەر بازرگانیی دەرەکیدا بسەپێنێت، دواتریش سوپاکەی، هەروەها ئاڵوگۆڕی بازرگانیی ترانزێتی تورکی لە سەر خاکی تورکیا بگۆڕێت بۆ ڕۆیشتن بە سەر خاکی عێراقدا، مەشقپێکردنی سوپای ئێرانی لە سەر دەستی نێردەی سەربازیی تورکیو جێگیرکردنیان لە ئێران بە شێوەیەکی بەردەوام.
لەو ماوەیەدا پەیوەندیی فراوانی بازرگانیو چالاکیی کولتووریی بەرچاو لە نێوان هەردوو دەوڵەتدا هاتەئاراوە، بۆیە بە ڕێکەوت نەبوو حکومەتی ئێرانی لە ڕێی تورکیاوە شتومەک بگوازێتەوە.
ئێرانو تورکیا پشتگیریی هەڵوێستی بێلایەنی بوون لە جەنگی دووەمی جیهانیدا (١٩٣٩ – ١٩٤٥)، حکومەتی تورکیا داوای لە ئێرانی هاوشانی کرد ڕێگەنەدات بە سوپای سۆڤیەت بە چوونەناوەوە بۆ خاکەکەی بۆ دەرکردنی چاودێرانی ئەڵمانی تێیدا.
ئەنقەرە ترسی هەبوو لە دابەزینی هێزی سۆڤیەت لە خاکی ئێرانیدا، چونکە هەڕەشەی لە سنووری ڕۆژهەڵاتی دەکرد، بەڵام بەریتانیاو یەکێتیی سۆڤیەت لە ئابی (١٩٤١) خاکی ئێرانیان داگیرکردو ڕەزا شا ناچارکرا بە دەستهەڵگرتن لە دەسەڵات بۆ محەمەد ڕەزای کوڕی، کە لە تەمەنی (٢٢) ساڵیدا بوو.
بە گەیشتنەسەر دەسەڵاتی محەمەد ڕەزاشا (١٩٤١ – ١٩٧٩) پێداچوونەوە بە جۆری ڕێکخستنەوەی سیاسیو ئاڕاستەکانی دەرەوەی هەردوولا کرا، بە تایبەت هەردوو دەوڵەت کاریگەرییان لە سەر دەوڵەتانی ڕۆژئاوا هەبوو لە پێداویستییەکان بۆ هاوکارییە ئابوورییەکان، ئەمەش بوو بە هۆی تێکچوونی بارودۆخی ئابوورییان، کە ئەنجامەکەی هەڵگیرساندنی جەنگی دووەمی جیهانی بوو.
ساڵانی هەڵگیرسانی جەنگی جیهانیی دووەم، پێکهاتنی سیاسیو ڕێکەوتنی هەردوو وڵات هاتەئاراوە بەرانبەر بە یەکێتیی سۆڤیەتو پێویستبوونی وەستان بە ڕووی بەردەوامیی هەژموونی لە هەردوو وڵاتدا، هەتا ساڵی (١٩٥٠)، کە پارتێکی تازە لە تورکیا گەیشتە دەسەڵاتو کاریگەریی هەبوو بە سەر پەیوەندییەکانی تورکیا لەگەڵ ئێراندا.
پەیوەندیەکانی تورکی – ئێرانی لە ماوەی ساڵانی (١٩٥٠ – ١٩٥٣) پێشکەوتنی بەرچاوی بەخۆوەبینی، بە هۆکاری بارودۆخی ناوخۆیی هەریەکەیان، کە شوێنپەنجەی دیاری لە سەر سیاسەتی دەرەکیی هەردوو وڵات بەجێهێشت.
تورکیا لەو پێشکەوتنانەی کە هاتنەئاراوە لە ئێراندا، کە بوو بە سەرەتایەک بۆ ناکۆکی لە سەر نەوت لە نێوان ئێرانو بەریتانیادا، پابەندی بێلایەنی بوو، بەڵام بە تێپەڕبوونی کات هەڵوێستی گۆڕاو چووەپاڵ بەریتانیا.
ئەنقەرە پشتگیریی هەڵوێستی ئەمریکای کرد لە پشتیوانیی بەریتانیاو پێویستیی ڕووخاندنی حکومەتەکەی موسەدەقدا. سەرەڕای ئەمەش، حکومەتی موسەدەق هەوڵی باشترکردنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ تورکیادا داوە.
پەیوەندییەکانی تورکی – ئێرانی لە سەردەمی حکومەتەکەی زاهیدیدا پێشکەوتنی بەرچاوی بەخۆوەبینی، هەروەها ئامادەکاریی تەواو کرا بۆ بەشداریی ئێران لە پڕۆژەی هاوپەیمانیی تورکی – پاکستانی، بۆ دانانی پشتێنەیەکی ئاسایشی بە ڕووی یەکێتیی سۆڤیەتدا لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.
بۆ باشکردنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ تورکیادا، حکومەتی ئێران، عەلی مەنسوری وەک باڵوێز لە ئەنقەرە دامەزراند، کە بەوە ناسرابوو هەوڵی نزیکبوونەوە دەدات لەگەڵ تورکیادا، داوای هاوپەیمانیی بەهێزی تورکی – ئێرانیی کرد، کە جەختبکاتەوە لە بەرگریکردن لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە ڕووی پلانەکانی سۆڤیەتدا.
بەرەنگاربوونەوەی شیوعیەت لە ئێرانو تورکیا کاریگەریی گرنگی هەبوو لە سەر پەیوەندییەکانی هەردوو وڵات لەو ماوەیەدا، چونکە ئەنقەرەو تاران شیوعیەتیان بە ڕێگر لە بەردەم بەرەوپێشچوونەکانیاندا دادەنا.
لە ساڵی (١٩٤٩) ڕێکخراوی پەیمانی باکووری ئەتڵەسی (NATO) لەلایەن ئەمریکاو هاوپەیمانەکانیەوە دامەزرێنرا. لە هەمان کاتدا ئەمریکا پاڵپشتیی دەوڵەتانی دۆستی کرد لە ڕووی ئابووریو سەربازییەوە، وەک تورکیاو ئێران، بۆئەوەی توانای وەستانیان بە ڕووی دەستوەردانی یەکێتیی سۆڤیەتدا هەبێت، بۆ بەرقەرارکردنی ئاسایشی ناوچەکە، بۆ ئەو مەبەستەش بەیاننامەی سێقۆڵییان لە ساڵی (١٩٥٠)دا دەرکرد.
دوای شکستی پڕۆژەی بەرگریی ڕۆژئاوایی، کە ئەمریکاو بەریتانیا پێشنیاریانکردبوو بۆ جێگیرکردنی سیستەمی بەرگری لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە ماوەی (١٩٥٠ – ١٩٥٣)، واشنتۆن بانگهێشتی حکومەتی تورکیو عێراقیی کرد بۆ واژۆکردنی هاوپەیمانییەکی بەرگریی ناوەکی وەک پەیمانێکی بەرگری لە ناوچەکە.
ئەنقەرەو بەغداد چوونە دانوستانەوە بۆ بەستنی ڕێکەوتننامەی دووقۆڵی لە کۆتاییەکانی ساڵی (١٩٥٤)و گفتوگۆکانی عێراق لە شوباتی (١٩٥٥) بە واژۆکردنی ڕێککەوتنامەی هاوکاریو بەرگریو ئاڵوگۆڕی نێوان هەردوو دەوڵەت، کە بە پەیمانی بەغداد ناسراوە، کۆتاییهات. بەریتانیاو پاکستانیش لە ساڵی (١٩٥٥) واژۆیان لە سەر پەیماننامەکە کرد.
دەربارەی پەیمانی بەغداد شای ئێران ڕایگەیاند: “ئێستا من وەک خۆم پێشوازی لە ڕێککەتنامەی عێراقی – تورکی دەکەم”. لە هەمان کاتدا جەلال بایار؛ سەرۆککۆماری تورکیا، بە مەبەستی هاندانی ئێران بۆ بەشداریی پەیمانی بەغدا، سەردانی ئێرانی کرد.
ئەمریکاو بەریتانیا پێشوازییان لە بەشداریی ئێران کرد لە پەیمانی بەغدا، کە دەبێت بە زنجیرەیەکی هاوپەیمانی لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، کە ئێران بە چوارچێوەی پەیمانی بەغداوە گرێدەدات لە نێوان هەردوو پەیمانی ئەتڵەسیو سیاتۆدا، لە ماوەی ئەندامیەتیی تورکیا لە پەیمانی باکووری ئەتڵەسیو ئەندامیەتیی پاکستان لە پەیمانی سیاتۆدا.
محەمەد ڕەزا شای پەهلەوی لە (١٤)ی مایسی (١٩٥٦)دا، بە مەبەستی ڕاپەراندنی هەڤپەیڤینەکانی چوارچێوەی پەیمانی بەغدا، سەردانی تورکیای کرد، لەمەوە پەیوەندییەکی دووقۆڵیی دیکە لە نێوان هەردوو وڵاتدا هاتەکایەوە.
سەرۆکوەزیرانی تورکیا؛ عەدنان مەندەریس، لە (٥)ی کانوونی دووەمی (١٩٥٧) ڕەزامەندیی تورکیای لە سەر بنەمای ئایزنهاوەرو گێڕانی ڕۆڵی ناوەندی لەلایەن ئەنقەرەوە ڕاگەیاند. بە هەمان شێوە هەم حکومەتو هەم ڕایگشتیی ئێرانی پێشوازییەکی گەرمیان لە پڕۆژەکەی ئایزنهاوەر کرد.
کێشەکانی سنووری نێوان تورکیاو ئێرانو عێراق لێکترازانێکی هاوبەش بوو، کە پەیوەندییە مێژووییەکانی ئەو دەوڵەتانەی لە سەر دیاریکرابوو، بە نزیککراوەیی تەواوی سەدەی بیستەم پێوەی سەرقاڵ بوون.
سەبارەت بە ناکۆکییەکانی سنووری نێوان ئێرانو عێراق، هەر لە سەرەتای دامەزراندنی هەردوو دەوڵەتەوە دەستیپێکرد هەتا ساڵی (١٩٢٩)، کە ساڵی داننانی ئێرانە بە سەروەریی عێراقدا، کە بوو بە بنەمای پەیوەندییەکی نوێ لە زۆربەی بوارەکانی نێوان هەردوو وڵاتدا. هەرچی هەڵویستی تورکیایە لە ناکۆکیی نێوان عێراقو ئێراندا لە سەر دروستبوونی کێشەی سنووری لە نێوانیاندا، بریتی بوو لەوەی کە ئەوە ئێرانە ناوە ناوە دەیوروژێنێتو بەڵێننامەکانی پێشوو پشتگوێدەخات، کە بناغەی سنووری نێوان هەردوو وڵاتی لە سەر داڕێژرابوو، بۆیە ساڵی (١٩٣٤) ساڵی نەبوونی سەقامگیریی سنووری عێراقی – تورکیی بەخۆوەبینی. حکومەتی تورکی دەستپێشخەرییەکی پێشکەشی حکومەتی عێراق کرد، بە مەبەستی دانانی چارەسەری ناوەندی بۆ ناکۆکییەکان. هەردوو لایەنی عێراقیو ئێرانی چوونەناو دانوستانی لە سەر گۆڕینی سنوور لە شەتولعەرەبدا، تورکیاش بەردەوامبوو لە سەر هاوکاریی دیبلۆماسیو هاندانی هەردوولا بۆ گەیشتن بە پێکهاتنێکی ئاشتی بۆ کێشەکە.
لە بەرەبەیانی (٢٧)ی مایسی (١٩٦٠)دا، تورکیا یەکەم کودەتای سەربازیی لە مێژووی هاوچەرخیدا بەخۆوەبینی، کودەتاکە لە لای زۆرینە کتوپڕ بوو. کاریگەریی سەرکەوتنی کودەتا سەربازییەکە کۆمەڵێک پرسیاری لە ناوخۆو دەرەوەی تورکیادا هێنایەئاراوە، وەک ژیانی پەرلەمانی، کە وڵاتی لە سەر بنیاتنرابوو. ئەم ڕوداوە ناوخۆییەی تورکیا لە (٢٧)ی مایسی (١٩٦٠) کاریگەریی گەورەی هەبووە لە سەر سیاسەتی دەرەوەی تورکیا، لە ناویاندا پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان، چونکە شکستی سیاسەت لە بواری دەرەوەدا یەکێک بوو لە هۆکارەکانی ڕودانی ئەو کودەتایە.
لە بواری سیاسەتی دەرەوەشدا بەرنامەکانی حکومەت گوزارشت بوو لەوەی کە تورکیا ڕێز لە متمانەی گەلانی دیکە دەگرێت، بۆ باشکردنی دۆستایەتییەکی بنەڕەتی لەگەڵ دەوڵەتانی دراوسێدا. بە شێوەیەکی ڕوون دوو ئاڕاستە دەرکەوتن؛ ئارەزووی سەرکردەکان لە پشتبەستن بە سیاسەتێک لە سەر بنەمای بەرژەوەندیەکانی تورکیا بنیاتنرابێتو کارکردن لە سەر باشکردنی پەیوەندییەکان لەگەڵ دەوڵەتانی دراوسێ.
بە دڵنیاییەوە ئەم کودەتایە لە تورکیا کاریگەریی دیاری هەبوو لە سەر پەیوەندییەکانی لەگەڵ دەوڵەتانی دراوسێیدا، بە تایبەت ئێران، هەروەها کودەتای (١٤)ی تەمموزی (١٩٥٨) لە عێراقدا، کە یەکێک لە گرنگترین ئەنجامەکانی پاشەکشەی عێراق بوو لە پەیمانی بەغدا، کە پێچەوانەی پێویستیبوونی باشترکردنی پەیوەندییەکان بوو لەگەڵ ئەو ئەندامانەی لە پەیمانەکەدا مابوونەوە، وەک ئێرانو تورکیاو پاکستان.
ئێران کودەتای (٢٧)ی مایسی (١٩٦٠)ی تورکیای بە ڕوداوێکی گرنگ لە پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵاتدا هەژمارکرد. ئەم کودەتایە سنوورەکانی تورکیاو ئێرانی بە شێوەیکی کاتی داخست. دوای گەڕانەوەی شا بۆ تاران، وەزیری دەرەوەی ڕاسپارد بۆ بانگهێشتکردنی باڵیۆزی تورکیا لە تاران. لە کۆتاییدا ڕایگەیاند، کە داندەنێت بە سیستەمی تازەداو هیوای سەرکەوتنی بۆ کودەتاکە خواست.
لە ناوەڕاستی ساڵی (١٩٦٢)دا پەیوەندییەکانی تورکیاو ئێران پێشکەوتنی بەرچاوی بەخۆوەبینی، تورکیاش لە ململانێی ئێران – عێراقدا ڕۆڵی ناوەندگیری بینی لە ساڵی (١٩٦٩)دا. هەرچی شۆڕشی سپییە، کە شا ڕایگەیاندبوو، کە تەنها کارێکە وەک سەرکردەی بەتواناو هۆشیارو زیرەکو پێشکەوتووخواز کردوویەتی، ڕاپرسیی گەل لە کانوونی دووەمی (١٩٦٣) بەڕێوەچوو.
لە لایەکی دیکەوە ڕێکخراوی هاریکاریی گەشەپێدانی هەرێمایەتی لە (١٩٦٤) دامەزرا، لە کۆبوونەوەی شاری ئەستەنبوڵی نێوان سەرۆککۆماری تورکیا؛ جەمال گۆرسێلو شای ئێران؛ محەمەد ڕەزای پەهلەویو سەرۆکی پاکستان؛ محەمەد ئەیوب بەدرخاندا، لە ڕۆژی (٢٠-٢١)ی تەمموزی (١٩٦٤) جەختیان لە بەیانێکی دەرچووی هاوبەشی ئەو دیدارە پێویستە کردەوە.
ئۆپۆزسیۆنی ئێران ناڕەزایی توندی ئاڕاستەی تورکیا کرد بە هۆی ڕازیبوونی تورکیاو وەرگرتنی خومەینییەوە لە لای خۆی، دوای دەرچوونی بۆ عێراق لە ساڵی (١٩٦٥)دا خومەینی لە لێدوانێکدا ڕایگەیاند: “پێشینەی گەندەڵی لە وڵاتەکەماندا دەگەڕێتەوە بۆ ئەو ڕۆژەی کە ڕەزاخان دەسەڵاتت گرتەدەست”.
پەیوەندییەکانی تورکیاو ئێران لە ماوەی شەستەکاندا پێکهاتنی هاوبەشی زیاتری بەخۆوەبینی لە نێوان هەردوو وڵاتدا، بە تایبەتی ئەنقەرەو تاران پەیوەستی پەیمانی ناوەند بوون، کە سەرەتایەکی ڕوون بوو لە ساڵی (١٩٦٢)دا، کە ئێران هاوپەیمانی تورکیا بوو، لەمەشەوە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا هەستی بە دڵنیایی دەکرد.
کاتێک کودەتای (١٢)ی ئەیلوولی (١٩٨٠) لە تورکیا ڕویدا، لەلایەن تارانەوە بە نەرێنی پێشوازییلێکراو ئێران بەرپرسیاریەتییەکەی خستە ئەستۆی لایەنگرانی ئەمریکا. حکومەتی تاران زاراوەی کۆماری سەربازیی لە بریی کۆماری تورکیا بەکارهێنا، هەروەها پێشوازیی لە ڕژێمە نوێیەکەی تورکیا نەکرد.
تورکیا لە جەنگی عێراق – ئێراندا هەڵوێستی بێلایەنی وەرگرت، لە تشرینی دووەمی (١٩٨٠)دا وەزارەتی دەرەوەی تورکیا بە بەیانی فەرمی ڕایگەیاند، کە تورکیا بە پەیوەندیی ئابووری پەیوەستبووە بە عێراقو ئێرانەوە. بەو پێیەی سەرچاوەیەکی سەرەکیی دابینکردنی نەوت بوون بۆی، هەروەها بازاڕی هەناردەی بەرهەمە پیشەسازیو کشتوکاڵییەکانی بوون.
لە ساڵی (١٩٨٤) هەریەکە لە عێراقو تورکیا ڕێککەوتننامەیەکی ئاسایشیان بە ناوی “بەدواداچوونی گەرم”ەوە واژۆکرد. بە گوێرەی ڕێککەوتنەکە، هەردوولا ڕێگە بە هێزی یەکتر دەدەن (١٠)کم بێنەناو سنووری یەکدییەوە، ئەمەش وەڵام بوو بۆ هێرشەکانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە دژی تورکیا.
لە ماوەی جەنگی عێراق – ئێراندا پەیوەندییەکانی تورکیاو ئێران لە پێشتر زیاتر پێشکەوتنی بەخۆوەبینی، ئێران پلەی دووەمی گرتبوو لە هەناردەی نەوتی خاو بۆ تورکیا لە دوای عێراقەوە، لە ساڵی (١٩٨٠)دا ئێران بە گوژمەی (٣) ملیۆن تەن لە نەوتی خاوو تێکڕای (٦٠.٠٠٠) بەرمیلی ڕۆژانە پێویستیی تورکیای پڕدەکردەوە.
دۆزی کورد لە پەیوەندییەکانی تورکیاو ئێراندا
ئەم بابەتە بە یەکێک لە گرنگترین ئەو دۆسیەیانە دەژمێردرێت، کە زۆرترین کاریگەریی لە سەر سیاسەتو پەیوەندییەکانی نێوان دەوڵەتانی ناوچەکە داناوە، بە تایبەت لە نێوان تورکیاو ئێراندا. لە کاتی هەڵگیرساندنی جەنگی جیهانیی یەکەمدا، کورد لە دۆخێکی بڵاوەپێکراوو دامرکاوەدا بوو، بە هۆی شکستی تەواوی جوڵانەوە کوردییەکانەوە لە بەدەستهێنانی ئامانجەکانیاندا.
پەرچەکرداری کورد بەرانبەر بە سیاسەتی تورکیا، هەوڵدان بوو بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو لێپرسینەوانەی حکومەتو هەڵگەڕانەوە لێی. ڕاپەرینی شێخ سەعیدی پیران لە ساڵی (١٩٢٥) وەک یەکەم بەرخۆدانی کورد دژی کۆماری تورکیای نوێ دەستیپێکرد.
کوردستانی تورکیا لە ماوەی جەنگی جیهانیی دووەمدا بارودۆخە کۆمەڵایەتیو ئابوورییەکەی زیاتر نالەبار بوو، بە هۆی ئەنجامی پێشتری سیاسیی حکومەتی تورکیاوە لە دوای لەناوبردنی جوڵانەوەکەی ساڵی (١٩٣٧)، کە کاریگەریی دیاری لە سەر لایەنەکانی ژیانی کورد هەبوو لە سەرجەم بوارەکاندا. ساڵی (١٩٤٣) لە ناوچە سنوورییەکانی تورکیاو عێراق چالاکیی چەکداریی کورد دەستیپێکرد، بەڵام هێزەکانی تورکیا بە خێرایی دەستیان بە جوڵە کردو لە ماوەی دوو هەفتەدا کۆتایی بە جوڵانەوەکە هێنرا.
دوای هەڵگیرسانی شۆڕشی (١٤)ی تەمموزی (١٩٥٨) لە عێراق دۆخێکی گونجاوتر بۆ کورد هاتەکایەوە، کە جەختی لە بنەمای هاوبەشی عەرەبی – کوردی دەکردەوە، ئەمەش بوو بە هۆی جۆشدانی هەستی نەتەوەیی لە لای کوردی تورکیا.
لە شەستەکاندا پێکدادانی سیاسی ڕویدا بە هۆکاری چالاکیی چەپەکانی تورکیاو ژمارەیەکی زۆری چالاکی سیاسی کورد چوونەناو چەپەکانی تورکاوە، لە پێناوی بەدەستهێنانی مافی نەتەوەییدا. هەرچی ئێرانە، لە سەرەتاکانی سەدەی بیستەمدا جوڵانەوەیەکی چەکداریی کوردیی بەخۆوەبینی. لە ماوەی (١٩٢٠-١٩٣٠)دا شێوازێک لە ڕێکخستنی چەکداریی وەرگرت، بە سەرکردایەتی ئیسماعیل ئاغای شکاک. دوای شکستی ڕەزا شا لە جەنگی جیهانیی دووەمداو هاتنی محەمەد ڕەزا شای کوڕی لە ساڵی (١٩٤١)، کورد دۆخی ناوخۆیی قۆستەوە لە ئێرانداو بە هۆی دەستبەسەرداگرتنی بەریتانیا بە سەر باشووری ئێراندا، هەروەها دەستبەسەرداگرتنی یەکێتیی سۆڤیەت بە سەر ناوچەکانی باکووردا، لە (١٩٤٦) کۆماری کوردستان لە مەهاباد ڕاگەیەنرا. حکومەتی تورکیاش هەوڵیدا لە پێگەی کۆماری مەهاباد کەمبکاتەوە.
دۆزی کورد هۆکارێکی سەرەکی بوو لە نزیکبوونەوەی تورکو ئێرانییەکان لە ماوەی (١٩٦٠-١٩٧٠) لە لایەکو شێواندنی پەیوەندییەکانی هەردوو وڵاتیش لە لایەکی دیکەوە.
دەستپێشخەریو هاوکاریی حکومەتی تورکیا لەگەڵ ئێرانو عێراقدا دژی کورد بە تایبەتی لە ساڵی (١٩٦٣) دەرکەوت. ئەنقەرە یەکەم وێستگەو پلانی سەرەتایی لێدانی جوڵانەوەی چەکداریی کوردیی لە کوردستانی عێراقدا لە ساڵی (١٩٦٣)دا دانا، نێردەی تورکیاو ئێرانو عێراق بۆ دانانی پلانی هاوبەشو هاوکاریی حکومەتی عێراق بۆ لەناوبردنی جوڵانەوەی کوردی لە کوردستانی عێراقدا کۆبوونەوە، ئەم هەوڵانەش بە پشتگیریی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاو ژمارەیەک دەوڵەتی ڕۆژئاوا بوو.
سوپای عێراقی دەستی بە ئۆپەراسیۆنی سەربازی کردو تەواوی ناوچەکانی کوردستانی گرتەوە، لە لای خۆشیانەوە دەسەڵاتدارانی تورکیا تەواوی هەوڵەکانی خۆیان لە سەر سنووری عێراقدا خستەگەڕ. تورکیاو ئێران پاشەکشەیان لە پلانی لەناوبردنی جوڵانەوەی کوردی نەکرد، لە کۆبوونەوەی کۆتایی دەوڵەتانی ئەندامی پەیمانی بەیاننامەی ناوەند، کە لە (١٠)ی کانوونی یەکەمی (١٩٦٣) لە شاری ئیزمیری تورکیا بەسترا، پیلانێکی نوێ داڕێژرا بۆ دەستوەردانی سەربازی لە کوردستانی عێراقو بە “ئۆپەراسیۆنی پڵنگ” ناسرا. بۆ جێبەجێکردنی پلانەکە سوپای عێراق هێرشبکاتەسەر کوردو بەرەو سنوورەکانی تورکیاو ئێران دەریانبکات، هاوکات هێزە ئاسمانییەکانی تورکیاو ئێران بۆردومانیانبکەن، ئەوەش لەناوبردنی جوڵانەوەی کوردی بوو.
ساڵی (١٩٧٤) پەیماننامەیەکی ئابووری لە نێوان تورکیاو ئێراندا واژۆکرا، ماوەکەشی بە پێنج ساڵ دیاریکرا. ئەمەش لە ڕاستیدا بەستنی پەیمانی هاوبەشی بەرگری بوو لە نێوان هەردوو وڵاتدا. هاوکات ئەمریکاش بە تەواوی ڕەتیکردەوە چەک هەناردەی تورکیا بکات، دوای ئەوەی سوپای تورکیا لە ساڵی (١٩٧٤) ڕۆشتبووە بەشی باکووری قوبرسەوە.
دەبینین کۆمەڵێک پاڵنەر هەبوون بۆ کێبڕکێو ململانێی تورکیاو ئێران لە ناوچەکە، کە پەیوەندیی بە هەژموونی جوگرافییەوە هەبووە، ئەمەش ئاڵۆزیی خستبووە پەیوەندییەکانیانەوە، لەوانەش “بەرژەوەندیی هەرێمی، ناکۆکیی بیروباوەڕ، کوردو ئوسوڵییەکان” بوون. لەگەڵ ئەمانەشدا هەردوو دەوڵەت نەیاندەهێشت بەرزبوونەوەی ناکۆکییەکانیان بگاتە ئاستی پێکدادان، لەبەرئەوەی دەیانزانی پێکدادان لە بەرژەوەندییان نییە. لە سەرووی ئەمانەشەوە بەرژەوەندیی هاوبەش هاوسەنگیی نێوانیانی ڕاگرتووە، نەهێڵن بگاتە ئەو ڕادەیەی لێکتێگەیشتنی سیاسیی هاوبەش تێکبدات. هەردوو دەوڵەتیش هەوڵیاندەدا لە ماوەی کێبڕکێکانیاندا ئامانجەکانیان بەدەستبهێنن، بۆ بەدەستهێنانی ڕۆڵێکی گونجاوی هەرێمی، هەستبکەن، کە قورساییان پارێزراوە، هەر بۆیە لە حەفتاکاندا گۆڕانکاریی ئاسایشیو سیاسیو ستراتیژیو ئابووری ڕویاندا، کە نابێت ئەنجامەکانی لەبەرچاونەگرین، هەتا ئەوانەشی کە ڕووننەکراونەتەوە، بۆیە هەردوو دەوڵەت هەوڵی پارێزگارییان لە پەیوەندیی ئاشتیانە دەدا، بە تایبەت سیاسییە تورکەکان ئەوەیان بە ئاشکرا دەردەبڕیو دەیانگوت: “تورکیا کار بۆ کۆتاییپێهێنانی قەیرانەکانی دەکات لەگەڵ ئێراندا، چونکە تاکە دراوسێیەتی لە مێژووی هاوچەرخدا، کە لە ناکۆکییەکانیدا دەستوەردانی چەکداریی نەکردووە”.
لە ساڵی (١٩٧٩) شۆڕشی ئێرانی ڕویداو ڕژێمی فەرمانڕەوایی ئێرانیی پاشایەتی گۆڕا بۆ کۆماری ئیسلامی، ڕۆڵی پارتو ڕێکخستنە چەپو نیشتیمانییەکانی گۆڕی بۆ زانایانی ئایینی ئیسلامی.
دوای سەرکەوتنی شۆڕشی (١٩٧٩) لە ئێراندا، بەرپرسانی تاران نوسینگەیەکیان بە ناوی “ڕێکخراوە شۆڕشگێڕییەکان لە تورکیا” دامەزراند، هەر بۆیە ئەنقەرە لە مانگی حوزەیرانی (١٩٧٩) ڕایگەیاند: “تورکیا بێدەنگنابێت لەو دەستدرێژییە دوژمنکارانەیەی کە حکومەتی خومەینی لە دژی تورکیا گرتوویەتیەبەر”.
هاوکاریی بازرگانیی نێوان تورکیاو ئێران پێش دامەزراندنی ڕێکخراوی هاریکاریی گەشەپێدانی هەرێمایەتی تەواو دیاریکراو بوو. داهاتی ئێران لە تورکیاوە لە (٠.٧٪) تێپەڕینەدەکرد، بەڵام داهاتی تورکیا لە ئێرانەوە (٤٪) بوو. ئەمە تەواوی نرخی بازرگانیی دەرەکیی هەردوو وڵات بوو. پەیوەندییە بازگانییەکانی نێوان تورکیاو ئێران، لە ماوەی ساڵانی (١٩٦٩-١٩٧٩) پێشکەوتنی گەورەی بەخۆوەبینیوە.
زلهێزەکانی وەک ئەمریکا، یەکێتیی سۆڤیەت، چین، بەریتانیاو ئەڵمانیا ناکۆک بوون لەگەڵ ڕێبەرانی شۆڕشی ئیسلامیدا، ئێرانیش ڕاستەوخۆ پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئەمریکادا پچڕاند.
هۆکارەکانی پێشخستنی پەیوەندییەکانی نێوان تورکیاو ئێران
بەرمەبنای توێژینەوەکانی ناو ئەم کتێبەوە، دەتوانین گرنگترین هۆکارەکانی پێشکەوتنی پەیوەندییەکانی تورکیاو ئێران لە سێ خاڵدا کۆبکەینەوە:
١. پەیوەندیی دراوسێیەتی بە یەکێک لە گرنگترین خاڵەکانی نزیکبوونەوەی هەردوو وڵات دادەنرێت. سنووری هاوبەش لە نێوانیاندا (٤٥٤)کم دەبێت، بۆیە پێویست بوو پارێزگاری لە ئاسایشی سنووری بکەن.
٢. هەردوو دەوڵەت ئەندام بوون لە ڕێکخراوی ئیکۆ (Eco)دا.
٣. ئێران بە دووەم دەوڵەتی بەرهەمهێنی گازی سروشتی دەژمێردرێت لە جیهاندا. بوونی ئەوەش بە لای تورکیاوە گرنگ بوو، بەو پێیەی دەوڵەتێکی بەکاربەری وزەیە.
کۆتایی
ئەم کتێبە بە درێژایی هەشتا ساڵ مامەڵە لەگەڵ سروشتی پەیوەندییەکانی تورکیاو ئێراندا دەکات، لە سەرجەم ڕەهەندەکاندا بە گشتیو لە ناویاندا هەردوو ڕەهەندی سیاسیو ئابووری بە تایبەتی دەکۆڵێتەوە، کە تێیدا بە گوێرەی بەرژەوەندییەکانیان هەنگاویان بۆ چەندین پێشهاتی گرنگی ناوچەییو هەرێمیو نێودەوڵەتی ناوە، کە بە دۆخی ئاشتیو شەڕو بێلایەنیو ململانێو ناکۆکیو پەیماننامەو ڕێککەوتننامەدا تێپەڕیون. بە پێی ویستەکانیان دەستوەردانیان لە دۆخی یەکدیو دەوڵەتانی دیکە، بە نموونە عێراق، سوریا، کوەیتو سعودیەدا کردووە.
گۆڕانکارییە ناوخۆییەکانو هاتنەسەر کاری ڕژێمە نوێیەکان سروشتی پەیوەندییەکانی ئەو دوو دەوڵەتەی گۆڕیوە، ئاڵوگۆڕی ئابووریو بازرگانیو پێداویستیو بواری وزەو کەرەستەو مادەی سەرەتایی کەم یان زۆر ڕۆڵی ئەوی دیی بە سەر ئەمدا زاڵترکردووە. هەردوو دەوڵەت لە بەرانبەر سیاسەتی نێودەوڵەتیی دەستوەردانیدا هەڵوێستی جودایان هەبووە.
پرسی کورد هاوشانی ململانێکانی دیکە هەمیشە خاڵی هاوئاهەنگی بووە لە نێوانیانداو بە یەک مەوداو یەک دووری مامەڵەیان لەگەڵدا کردووەو بەکاریانهێناوە. هەڵوێستی ئەرێنیی هەر یەکێکیان لە وێستگەیەکدا نیشانەی بڕوابوون نەبووە بە دۆزی کورد، بەڵکو وەکو کارتێکی فشار لە بەرانبەر دەستکەوتێکدا بەکاریانهێناوەو هەمیشە کورد وەک مەترسی بەردەم ئایندەیان لێیڕوانراوە. لە لایەکی دیکەوە، سیاسەتی لاستیکیی لەگەڵدا پەیڕەوکراوەو پێگە ئابووریو ستراتیژیو جیۆسیاسییەکەی بەکارهێنراوە.
ئەم کتێبە هەوڵێکە بۆ ڕۆشنبینیو فراوانکردنی دونیابینیی کورد هەمبەر بە سیاسەتی تورکیاو ئێران بە تایبەتیو دەوڵەتانی هەرێمی بە گشتی، دەکرێت بۆ ڕۆشنکردنەوەی وێستگە تاریکەکانی هەڵوێستی تورکیاو ئێران لە هەر دۆخو وەختێکدا پەنا بۆ دووتوێی لاپەڕەکانی ببرێت، دەکرێت پلانو ستراتیژو هەڵوێستو چۆنیەتیی پەیوەندیو مامەڵەی لە سەر بنیاتبنرێت.
كوردی

