• Google Plus
  • Rss
  • Youtube
January 12, 2026

كۆریدۆری ترانزێت (Transit Corridor)

ئامادەكردن: ئایندەناسی

كۆریدۆری ترانزێت، ڕێڕەوێکی هێڵییە بۆ گواستنەوە و هاتووچۆ، وەک ڕێگاوبان، شەمەندەفەر، یان ڕێڕەوی کەشتیوانی، کە ناوچە سەرەکییەکان بەیەکەوە دەبەستێتەوە و ئامانجی بەرزکردنەوەی چالاکییە ئابوورییەکان، بەیەكەوەبەستنی خێرای ناوچەكان و ئاسانكاریی بازرگانییە. كۆریدۆرەكانی گواستنەوە و ترانزێت چەندین شێواز لەخۆ دەگرێت: تۆڕەکانی ڕێگاوبان، هێڵەكانی شەمەندەفەر، ژێرخانی تەلەفۆن، پەیوەندییە فایبرییەكان، هێڵی کارەبا، ڕێگا ئاوییەكان و فڕۆکەخانەکان. كۆریدورەكان بە شێوەیەکی فیزیکی وەک تێکەڵەیەک لە ڕێگاکان پێناسە دەکرێت کە ناوەندەکانی چالاکیی ئابووری لە سەرانسەری وڵاتێک یان چەند وڵاتێکی تەنیشت یەکتردا بەیەکەوە دەبەستێتەوە، هەر ڕێگایەک لە بەستەر پێک هاتووە کە خزمەتگوزارییەکانی گواستنەوە بەسەریاندا دەڕۆن و ئەڵقەی خزمەتگوزارییەکانی گواستنەوە بەیەکەوە دەبەستنەوە. خاڵە کۆتاییەکانیش دەروازەیەکن کە ناوەندە ئابوورییەکان بە ناوچەکانی ناوەوە یان بە ڕێگا بازرگانییە جیهانییەکانەوە دەبەستنەوە.

كۆڕیدۆری تڕازێت نەک تەنیا وەک ڕێڕەوی فیزیکی بۆ جووڵەی کاڵاکان، بەڵکو وەک بڕبڕەی پشتی بازرگانیی نێودەوڵەتی و ئامرازی نوێ بۆ گەشەپێدانی بەردەوام ناسراون و لە کۆمەڵێك ڕێگای ژێرخانی گواستنەوە (لەوانەش ڕێگاوبان، شەمەندەفەر، بۆڕی و بەندەرەکان) پێك دێن، کە بە پشتیوانی تۆڕە لۆجستی و چوارچێوە یاساییەکان، هاتووچۆی کاڵا و وزە لە نێو ناوچە ئابوورییە دوورەکاندا دابین دەکەن. بۆیە، کۆریدۆری ترانزێتیی مۆدێرن تەنیا لە ڕێگای قیر یان شەمەندەفەری ئاسن کورت ناكرێتەوە، بەڵكوو ئەم ڕێگایانە سیستەمی فرەچەشن و فرەلایەنن؛ لایەنی یەکەم، ژێرخانى ڕەقە: واتە ئەو تەنە فیزیكییەی کە هێڵی بۆڕی و ڕێڕەوی وشکانی لەخۆ دەگرێت و لایەنی دووەم ژێرخانى نەرمە: ڕێکكەوتنى گومرگى، پرۆتۆکۆڵى بیمە و سیستمى بەدواداچوونى کاڵاى دیجیتاڵى لەخۆ دەگرێت. بەبێ هەماهەنگی نێوان ئەم دوو لایەنە، تەنانەت پێشکەوتووترین كۆریدۆرە وشکانی و شەمەندەفەرییەكانیش وەکو پێویست کارا نابن.

بەشێکی گرنگی کۆریدۆرەکان تایبەتە بە گواستنەوەی وزە؛ بۆرییەکانی نەوت و گاز بە پێچەوانەی شێوازەکانی تری گواستنەوە، بە هۆی ئەوەی كە پێویستی بە شوێنی جیگیر و مانەوەیان بە شێوەیەكی نەجووڵاو هەیە، جۆرێک لە “وابەستەیی ستراتیژی” لە نێوان هەناردەکار، هاوردەکار و وڵاتانی سەر ڕێگاکە (ترانزێت) دروست دەکەن. ئەم جۆرە لە كۆریدۆرانە، جۆرە پەیوەندییەک دروست دەکات کە بە ئاسانی ناتوانرێت لە لایەن وڵاتێكی بەشداربووەوە بشكێندرێت، بۆیە ئەم تایبەتمەندییە وای کردووە كۆریدۆری وزە ببێتە گەرەنتی سەقامگیری لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکاندا.

لە ڕوانگەیەكی دیكەوە، کۆریدۆرەکان، لەسەر ئاستی جیهانیدا سەروەت و سامان دابەش دەکەنەوە. ئەو ناوچانەی پێشتر بەهۆی دوورییان لە دەریاکانەوە بە “بنبەست” دادەنران، بەهۆی ڕێڕەوێكی وشکانی و شەمەندەفەرەوە بوونەتە یاریزانی سەرەکی و پرۆژە كۆریدۆرییەكان ڕێگە بە وڵاتان دەدەن کە “شوێنی جوگرافی”ی خۆیان وەک کاڵایەکی ئابووری بقۆزنەوە. كۆریدۆرەكان دەتوانن ڕێگەیەکی کاریگەر بن بۆ بەئامانجگرتنی وەبەرهێنانی ژێرخانی و جێبەجێکردنی چاکسازیی سیاسەت بۆ کەمکردنەوەی تێچووەكانی بازرگانی لە شوێنێکی ستراتیژیدا. گەشەپێدانی سەرکەوتووی کۆریدۆر دەتوانێت ببێتە هۆی باشترکردنی دەستڕاگەیشتن بە بازاڕی جیهانی لە ڕێگەی بەندەرە سەرەکییەكان، فراوانکردنی بازاڕە ناوچەییەكان، پێكەوەگرێدانی ناوچەیی و سەرنجڕاکێشانی وەبەرهێنانی ڕاستەوخۆی دەرەكی، كە لە ئەنجامدا ڕەخساندنی هەلی کار، گەشەپێدانی كۆمپانیا بچووک و مامناوەندەكان و گەشەی ئابووری خێراتری لێ دەكەوێتەوە.

گەورەترین ئاڵنگاری سەر ڕێگای دروستکردنی كۆریدۆری نێودەوڵەتید، گونجاندن (Harmonization) لەگەڵ دۆخە جیاوازەكاندایە. جیاوازی لە پانتایی هێڵی شەمەندەفەر و ستانداردە تەکنیکییەکان بۆ بۆری و یاسا جیاوازەکانی گومرگی بە درێژایی ڕێڕەوێکی چەند هەزار کیلۆمەتر و گرفتەكانی دیكەی لەم شێوەیە، دەتوانێت خێرایی بازرگانی زۆر خاو بکاتەوە. جگە لەوەش لە سەدەی بیست و یەکەمدا، باسی “کۆریدۆرە سەوزەکان” زیاتر هاتووەتە نێو باس و خواسەكان، واتا ئەو ڕێگایانەی کە کەمترین شوێنپێی کاربۆنیان هەیە و بەردەوامیی ژینگەیی زەوی ناخەنە مەترسییەوە، ئەمەش بە هۆی بەکارهێنانی وزەی پاک و تەکنەلۆژیای زیرەکەوە دەستەبەر دەبێت. بەو پێیەی كە هەندێك جار دروستكردن و فراونكردنی كۆریدۆرەكان بە بەهای تێكدانی ژینگەی چەند ناوچەیەك كۆتایی پێ دێت، پاراستنی ئەم كۆریدۆری سەوز وەك ئەركێكی مرۆییانە تەماشا دەركێت، كە كاریگەری لەسەر ئایندەی ژینگی زەوی هەیە.

كۆریدۆری ترانزێت هێمای گواستنەوەی مرۆڤایەتییە لە “ئابووری نیشتمانی” بۆ “ئابووری تۆڕ” (Network Economy)؛ ئەم ڕێگایانە چ بە شێوازیی بۆڕی لە قووڵایی زەویدا بێت یان لە شێوەی شەمەندەفەری درێژ لەسەر دەشتەکان، وەک پەیوەندییەک کاردەکەن کە بەرژەوەندی گەلان بەیەکەوە دەبەستنەوە. لە ئایندەدا، دەسەڵات هی ئەو وڵاتانە نییە کە زۆرترین سەرچاوەیان هەیە، بەڵکو هی ئەو وڵاتانەیە کە لە یەکتربڕینی ئەم کۆریدۆرانە پێگەیان هەیە و توانیویانە ببنە بەشێك لە تۆڕی بازرگانیی جیهانی.

نموونەی چەند كۆریدۆرێكی ترازێتیی چالاك لە ئێستادا:

  1. كۆریدۆری وشكانی و دەریایی (BRI)؛ بەگەورەترین پڕۆژەی ژێرخانی مێژووی مرۆڤایەتی دادەنرێت، کە چین سەرکردایەتی دەکات. کۆریدۆرەکە لە دوو بەش پێکدێت: ١. پشتێنەی ئابووریی ڕێگای ئاوریشم، ڕێگای شەمەندەفەر و ڕێگاوبان کە لە ئاسیای ناوەڕاستەوە دەگاتە ئەورووپا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. ڕێگای ئاوریشمی دەریایی: بەندەرەکانی باشووری ڕۆژهەڵاتی ئاسیا و ئەفریقا و دەریای ناوەڕاست بەیەکەوە دەبەستێتەوە.
  2. كۆریدۆری باکوور-باشوور (INSTC)؛ تۆڕێکی فرەشێوازی کەشتی، شەمەندەفەر و جادەیە بە درێژایی ٧٢٠٠ کیلۆمەتر، كە هیندستان لە ڕێگەی ئێرانەوە بە ڕووسیا و ئەورووپا دەبەستێتەوە.
  3. كۆریدۆری ئابووریی چین و پاکستان (CPEC)؛ ئەم کۆریدۆرە یەکێکە لە سەرکەوتووترین لقەکانی BRI، کە بەندەری گوادر لە پاکستان بە ناوچەی شینجیانگ لە ڕۆژئاوای چین دەبەستێتەوە.
  4. كۆریدۆری گواستنەوە ئەوروپا-قەوقاز-ئاسیا (TRACECA)؛ ئەم کۆریدۆرە بە پاڵپشتی یەکێتی ئەورووپا بۆ بەهێزکردنی پەیوەندییە ئابوورییەکان لە ناوچەکانی دەریای ڕەش و قەوقاز و ئاسیای ناوەڕاست داڕێژراوە.
  5. كۆریدۆری لۆجستی ئەمریکای باکوور (CANAMEX)؛ دەکەوێتە نێو ئەمریکای باکوور، وڵاتانی کەنەدا و ئەمریکا و مەکسیک بەیەکەوە دەبەستێتەوە.

سەرچاوەكان

  • UN-Habitat (2015), “The Role of Transport and Transit Corridors in Fostering International Cooperation for Sustainable Development: Issues and Recommendations”, https://shorturl.at/l0q9R, (Accessed: 22/12/2025).
  • Gain, Bill (2023), “Transit Corridor”, Trade Facilitation Agreement Database. [Online PDF]
  • PGlobal Global Advisory and Training Services (2011), “A Study of International Transport Corridors in OIC Member Countries”. [Online PDF]

 

Send this to a friend