ڕێڕەوە بازرگانییەکان؛ هەل و هەڕەشەکان
هەردی مەهدی میکە

گەر ڕێڕەوە بازرگانییەکان بۆ سەرمایەداران هەلی پەرەپێدانی سەرمایە و زۆرکردنی داهات بن، ئەوا بۆ هەرێمی کوردستان هەموو ڕێگایەکی بازرگانی دەچێتەوە سەر سیاسەت، جیا لەوەی بۆ هەرێمێکی هەڕەشەلەسەر هەمیشە جۆرێک لە دیپلۆماسیەتی کولتووری و لۆبیکردنن، دەکرێت جێکردنەوەی هەرێمیش بێت لە نەخشەی جیۆئیکۆنۆمی و جیۆسیاسیدا کە دەتوانن لادەری بەڵا و مەترسی بن.
لەم ڕۆژانەدا باس لە کەوتنەسەرپێی چەندین پشتێنە و ڕێڕەو (corridor)ی نوێی بازرگانیی جیهانی و هەرێمی وەک ئاوریشمی نوێ، داوود، گەشەپێدان، زەنگزور (تڕەمپ) و هیی دیکەش دەکرێت، کە تێیدا وڵاتانی نێوچەکە وەک ئەکتەری بازرگانی و سیاسی و جوگرافیاکەیان وەک بەشێک لە جیۆئیکۆنۆمیی ڕێڕەوەکە دەردەکەون. ئەم ڕێگایانە هەندێکیان بۆ کوردستان دەکرێت دەرفەت و بووژێنەرەوە بن و لە ئەگەری پەرەپێدان، لۆبیکردن و خێرا خۆبەستنەوە پێیانەوە دەتوانێت ئەم هەرێمە هەم لە خنکانی سیاسی و هەم لە بووژانەوەی ئابوورییان وەک دەرچەی نوێ سەیر بکرێن، بە مەرجێک پتر لەبەر ڕۆشنایی ڕاڤە ئەقڵانییە سیاسی و نێودەوڵەتی و هەرێمییە ئابوورییەکان لێک بدرێنەوە نەک لە نێو ئەجێندای حزبی یان گرووپی، ئایدۆلۆژی و بلۆکبەندیی پاشکۆیی بێت.
ڕێڕەوە بازرگانییەکان تەنها جێگۆڕکێی شمەک و سەرمایە و داهات نییە، بەڵکوو کولتوور، ئایدۆلۆژیا و ئایینیش لە دێرزەمانەوە تا ئەمڕۆ دەگوازنەوە. ڕێڕەوەکان شادەماری زیندوومانەوە و هەمان کات پارێزەر و پێشخەری هەر شار و کیان و وڵاتێکیشن، زۆر جار لە مێژوودا بە لاوازبوونی ڕێڕەوێکی بازرگانی، شارێکی مەزنیش لە ڕەونەق کەوتووە و مەرگی سیاسییشی بەدوادا هێناوە. شارانێکی زۆر لە مێژوودا وەک چرای شارستانیەت بوون و بە لاوازبوونی ڕێڕەوە بازرگانییەکانیان کوژانەوە، بۆ نموونە شارێکی مەزن و مێژوویی وەک نیشابوور، کە لە سەر ڕێگای بازرگانی بوو، بە گۆڕانی ڕەوتی ڕێڕەوەکان، پێگە زیندووەکەی لەدەست دا.
لە ئاستی جیهانی، چین چەند ساڵێکە بەدوای زیندووکردنەوەی ڕێگای نوێی ئاوریشمەوەیە. لە ڕێڕەوەکەدا تورکیا، ئێران و وڵاتانی قەوقاز لە هەوڵدان بەشێک بن لە چوارچێوە گشتییەکەی و دەیانەوێت ڕۆڵ ببینن. ئازەربایجان، ئێران و تورکیا و بەم دواییە عێراق و کەنداوییەکانیش بە جیا و پێکەوە چەند ساڵێکە بەدووی دۆزینەوەی ڕێڕەوی تازەی بازرگانییەوەن تا جێ نەمێنن.
عێراق و هەرێم بەشێکی سەرەکیی هەندێکی ئەم ڕێڕەوانەن و نابێت وەک پاسیڤێک لەو چالاکییەی وڵاتانی دی بڕوانرێت. لە زۆرینەی ڕێڕەوە مێژوویی و پێشنیارکراوەکاندا سووچێکی کوردستان بووەتە بەردەبازی تەواوکاریی ڕێڕەوەکان. بۆ نموونە؛ لە ڕێگای ئاریشمی ١٧٠٠ ساڵەی دێریندا (کرماشان و جەلەولا)، لە ڕێگای کەنداو-بەغدا-ئەستەنبوڵی عوسمانی (کفری-کەرکووک/هەولێر-تەلەعفەر)، کوردستان دەماری زیندووی ڕێڕەوەکە بووە. لە ڕێڕەوە نوێیەکانیشدا دیسانەوە جیۆپۆلەتیکی کوردستان پێگەی هەیە و ناکرێت دنیا لە سەر کوردستان و ڕێڕەوەکانی حسێب بکات و کورد خۆی بیریان لێ نەکاتەوە.
ڕێڕەوەکان زۆر جار شارستانیەتێک، لانی کەم کیانێک دەخەنە سەر پێ، وەک دۆزینەوەی ڕێگاکانی: “سەری ئاواتی چاک بۆ ڕۆژئاوا، سوێس بۆ بەریتانیا و عەرەب و هیند، دۆزینەوەکەی ئەمەریکای کۆڵۆمبس… تاد”، بەڵام بە هەمان ئەندازەش زۆر ڕێگا هەبوون کە سەری جێبەجێکارەکەی دەخۆن، وەک ڕێگای ئاسنی بەرلین-بەغدا، کە بەریتانیای لە عوسمانی تۆراند، یان ئەو ڕێگایەی کە ڕەزا شا دەیویست لە ئێرانەوە هیتلەر بهێنێتە کەنداو، نەک نەگەیشت، کە سەری تاجەکەی ڕەزا شایشی خوارد. هەر ڕێگایەک بۆ کوردستانیش ڕەنگە ڕێگای هات یان نەهاتیش بێت.
تا هەنووکە زۆرێک لە سیاسەتی گشتیی هەرێم، مەترسی، ناکۆکیی مێژوویی و سیاسیی هێزەکان دیاری دەکەن نەک نەگۆڕ و بەرژەوەندییە ئایندەیی و شوناسییەکانی. بەو مانایەی ڕوانگەی سیاسەتکردن لە هەرێم بەرژەوەندیی تۆپەڵە حزبێک بەڕێوەی دەبەن، بۆ گۆڕینی ئەم ستراتیژە کوشندەیە باشترە بە نیگای ناوچەگەرێتی و حزبییانەوە لە هەر جووڵەیەک نەڕوانرێت. گرنگە حزبەکانی کوردستان لە بریی ململانێی “ملبادان و دەستشکاندنەوە”، بیر لە ستراتیژی “براوە-براوە” بکەنەوە، بە جۆرێک ململانێ و هاوکێشە سیاسییەکانی بەڕێوە ببرێن؛ هەردوو لا و هەرێم و هاوڵاتی براوە بن. لەوەش گرنگتر، تەنها بیر لە جوگرافیای هەرێم (باشوور) نەکەنەوە، بەڵکوو هەموو کوردستان و بگرە قووڵاییە ستراتیژییە دەرەکییەکانیش بکەنەوە کە یان وەک نەرمەهێزی باشوور پارچەکانی دیکە لە ڕێڕەوەکاندا ڕۆڵ دەگێڕن، یان هەرێم و هەموو کوردستان دەتوانن ببنە بەشێک لە پەرەپێدەر یان بە بێ ئەو بەشێکی ڕێڕەوەکان تەواو نەبن، چ وەک ئابووری و ئاسانیی گوزەر و ڕێڕەوەکان، چ وەک ئاسایشی بازرگانیی ڕێڕەوەکان. ئەمە لەو ڕوانگەوەیە کە کوردستان و هەرێم بە حزب و حکومەت و ڕێکخراو و بازرگان و سەرمایەدارەکانیەوە ببنە بەشێک لە بەرژەوەندیی گشتیی هەندێک لە ڕێڕەوە هەرێمی و جیهانییەکان.
بیرکردنەوە لە دۆزینەوەی ڕێڕەوی بازرگانی بۆ هەموو و هەر شارێکی کوردستان، دەبێت ئەرکی سیاسەتکاران بێت بە تایبەت بۆ هەرێمێک کە ڕێگا ئاساییەکانی هەمیشە لە مەترسیدان. بۆیە دۆزینەوەی ڕێڕەوی نوێ؛ واتە سازاندنی دەرفەت و کەمکردنەوەی هەڕەشەی بەردەوامی سەردەستەکان. بەڵام ئایا هەر ڕێگایەک هەلێکی نوێیە؟
لە هەر حاڵەتێکدا بێت ئەم بیرکردنەوەیە گرنگە، پێویستە مەترسی و هەلەکانی بۆ ئێستا و ئایندە لێک بدرێتەوە، چ لە پیادەکردنیدا، چ لە وازلێهێنانیدا، دەبێت بیرکردنەوە بێت لە دروستکردنی بەدیل و جێگرەوەی ئایندەیی ڕێگا باوەکانی نێوان هەرێم و دراوسێکانی، کە هەبوونمان لەم جوگرافیایەدا بە ڕەوا نازانن.
بۆ هەرێمی کوردستانیش، جیا لە ڕێکخستن و کۆنترۆڵکردنی دەرگە و دەرچەکانی(Input & Output) و حکومەتیکردنی، بە خوێندنەوەی دۆخی وڵاتانی ناوچەکە کە تێیدا ئێران، تورکیا و عێراق بەردەوام سەرقاڵی دۆزینەوەی کۆریدۆری نوێی بازرگانی-سیاسین، پێویستە هەرێم بەو دیدگایەوە بڕوانێت کە لەو ڕێڕەوە نوێیانەی لە لایەن وڵاتانێکی وەک کەنداو، تورکیا، ئێران، ئازەربایجان، ئەرمینیا، ئەمەریکا و چینەوە بیریان لێ دەکرێتەوە، هەرێمیش وەک ئەکتەرێکی نادەوڵەتی پاسیڤ نەبێت و نەچێتە پەراوێزێکەوە کە دوور نییە خنکانی سیاسیی ترسناکی لێ بکەوێتەوە لە ئەگەری پەراوێزکەوتنیدا، هەروەها وەک هەلێکی دیکەی بازرگانی سەیر بکرێن؛ دەکرێت فراوان بکرێن.
لە سەر ئاستی دەرەوەش پێویستە هەر جۆرێک بێت، بەرژەوەندیی وڵاتانی سێیەم و چوارەمی وەک ئازەربایجان، ئەرمینیا، قەوقاز و کەنداوییەکان لە ڕێگا باوەکانی بازرگانیی هەرێمیی بەستراوە بە تاران، ئەنکارادا جێ بکرێنەوە، بۆ ئەوەی لە تەنگانەدا تەنیا ئێران و تورکیا بڕیاردەری کردنەوە و داخستنی ڕێگاکان نەبن و لۆبی دیکە بەرگری لە ڕێڕەوەکان بکات.
كوردی

