جەنگی كۆریدۆرە بازرگانییەکان: هەڵکشانی ململانێکان لە نێوان چین، ڕووسیا، ئێران و ڕۆژئاوا
وەرگێڕان لە ئینگلیزییەوە: بەهرە مەهدی میکە

ململانێ هاوچەرخەکان بە شێوەیەکی بەرفراوان لە نێوان چەندین نەتەوە و ناوچە بە چەندین شێوازی جیاواز دەردەکەون، هەر لە شەڕە زەمینییە باوەکانەوە تا دەگاتە ئۆپەراسیۆنە ستراتیژییە گاریگەرەکان. هاوپەیمانێتییە نافەرمییەکەی نێوان چین، ئێران، ڕووسیا و لەم دواییانەشدا کۆریای باکوور، کە بە بەرەیەکی هەرێمیی کاریگەر دادەنرێت بۆ بەرەنگاربوونەوەی هەژموونی سیاسی و ئابووریی ویلایەتە یەکگرتووەکان و ڕۆژئاوا. لە کاتێکدا کۆریای باکوور چووەتە بەرەی ڕووسیاوە لە ئۆکراین، بە ڕوونی ئەمە لە نمایشە سیاسی و سەربازییەکاندا دیارە، چین و ئێران و ڕووسیا لە نزیکەوە پێکەوە کار دەکەن بۆ بنیاتنانی سەکۆیەکی نوێی بازرگانی و وەبەرهێنان بۆ پشتیوانیکردنی ئامانجە سیاسییەکانیان.
ئەگەرچی ئێستا لە جەنگێکی جیهانیی تەواوەتیدا نین، بەڵام ناکۆکیی ئابووریی جیهانی لەئارادایە، کە بۆی هەیە سەر بکێشێت بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی سەربازیی ئاشکرا. دەکرێت بوترێت سەرەتای دەستپێکردنی ئەم ناکۆکییە دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ٢٠٢٢، کاتێک ڕووسیا ڕێگەی گرت لە ئۆکراین لە بەکارهێنانی كۆریدۆرە بازرگانییەکانی دەریای ڕەش و هەموو کەناڵە گرنگەکانی هەناردەکردنی بۆ بازاڕی جیهانی پەک خست، هەنگاوێک کە بە سزاکانی ڕۆژئاوا وەڵام درایەوە. لە دوو ساڵی ڕابردوودا هاوپەیمانێتیی ”CIRN” کە بە ”CRINK”یش ناو دەبرێت، پێک هاتووە لە چین، ئێران، ڕووسیا و لەم دواییانەشدا کۆریای باکوور بە شێوەیەکی بەرچاو توندوتۆڵتر بووە، لە کاتێکدا كۆریدۆرەکانی بازرگانی و وەبەرهێنان بە شێوەیەکی ستراتیژی لە لایەن ڕۆژئاوا و دژەڕۆژئاواوە ڕێک خراونەتەوە، ئەمەش ڕەنگدەرەوەی پێداچوونەوە و دووبارە داڕشتنەوەی ئابووریی جیهانە.
من کورتکراوەی ”CIRN” بە باشتر دەزانم بۆ وەسفکردنی هاوپەیمانێتییە نافەرمییەکەی نێوان چین، ئێران، ڕووسیا و کۆریا، چونکە کورتکراوەی پیتی یەکەمی سێ وڵاتە سەرەکییەکەی هاوپەیمانییەکەیە. لێرەدا پیتی ”N” کورتکراوەی ”Network”ە نەک ”North Korea”. تێوەگلانی کۆریای باکوور لە پشتیوانیی ڕووسیا لە ئۆکراین، بە ئەگەری زۆرەوە بە ڕەزامەندیی چین بوو. هێزەکانی بۆ گەیشتن بە ڕووسیا پشتیان بە كۆریدۆرەکانی گواستنەوەی چین دەبەست. واتە کۆریا لایەنێکی سەرەکی نییە و وەک ڕێککەوتنی نێوان چین-ئێران-ڕووسیا دەبینرێت کە هاوبەشییەکی ستراتیژیی نافەرمییە، برەو دەدات بە بەرژەوەندییەکانی هەریەک لە وڵاتە هاوبەشەکان، لە هەمان کاتدا بە بەردەوامی بەرەنگاری هەژموونی ڕۆژئاوا دەبێتەوە، بە تایبەتی لە ئۆراسیادا.
ئەم هاوپەیمانێتییە نافەرمییە بە ڕوونی لە ساڵی ٢٠٢٢دا هەستی پێ کرا، کاتێک ڕووسیا بە پەکخستنی كۆریدۆرە بازرگانییە چەسپاوەکان دەستی بە ڕووبەڕووبوونەوەی ئابووریی جیهانی کرد. لەو کاتەوە ”CIRN” چالاکانە بەدوای كۆریدۆری جێگرەوەدا گەڕاوە بۆ کاریگەریدانان لە سەر ڕەوتی بازرگانی و سوودی لە پێگەکەی وەرگرتووە بۆ بەرەنگاربوونەوەی دەسەڵاتە باڵاکەی ڕۆژئاوا بەسەر جیهاندا کە لەم دواییانەدا ڕووی لە کەمی کردووە.
شەڕی ئۆکراین و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دوو لێکەوتەی سەرەکیی لێ کەوتەوە: یەکەم، زیادبوونی فشار و زیانگەیاندن بە گواستنەوەی بازرگانیی دەریایی. نەک تەنها تێچووی گواستنەوەی نێودەوڵەتی و بیمە بەرز بووەتەوە کە بووەتە هۆی هەڵئاوسان، بەڵکوو ئەگەرێکیش هەیە کە ململانێکان هەڕەشە لە هێڵە دەریاییە کراوە و ئازادەکان بکەن، ئەمەش کێشە و گۆڕانکاری بۆ كۆریدۆرەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان دروست دەکات. دووەم و لێکەوتەی هەرە گرنگ لە دوو لێکەوتە سەرەکییەکەی ململانێ ئاڵۆزەکە، بە لەبەرچاوگرتنی کاریگەرییەکانیان لە سەر ئابووریی جیهان، بریتییە لە پێناسەکردنەوەی كۆریدۆرە بازرگانییە وشکانییەکان، چونکە هاتوچۆی بار لە كۆریدۆرە کۆنەکانی ئۆراسیاوە لە ساڵی (٢٠٢٢)ەوە بە شێوەیەکی بەرچاو کەمی کردووە.
سەرکەوتنی ئەم تێڕوانینە دەکەوێتەوە سەر ڕۆژئاوا و بە تایبەتی توانای ئەمەریکا لە ڕووبەڕووبوونەوەی ئاڵۆزییەکان لە ئەنجامی یەکگرتنە نافەرمییەکەی نێوان چین، ئێران، ڕووسیا و بە هاوکاریی کۆریای باکوور و هەروەها دانانی ستراتیژی کاریگەر بۆ دۆزینەوەی ڕێگەچارەی پێویست.
كۆریدۆری باکوور، یان پردی وشکانیی نوێی ئۆراسیا، هەر لە کۆنەوە وەک شادەماری سەرەکیی گواستنەوە کار دەکات کە ئاسیا و ئەورووپا بەیەکەوە دەبەستێتەوە. ئەم سیستمە هێڵی ئاسنینی نێوان کیشوەرەکانە، لە چینەوە درێژ دەبێتەوە بەرەو کازاخستان، ڕووسیا و بیلاڕووسیا و کۆمەڵێ شوێن بەیەکەوە دەبەستێتەوە بە هۆی بوونی هێڵی ئاسنینی یەکگرتوو و هەروەها لێهاتوویی لە ڕێکخستنەکاندا لە ژێر چاودێریی ڕێکخراوی هاوکاریی هێڵە ئاسنینەکان. ئەم ستانداردە تەکنیکییە گونجاوانە و هەماهەنگیی میکانیزمەکانی حوکمڕانی، لە ڕووی مێژووییەوە گرنگیی ستراتیژیی كۆریدۆرەکەیان لە گواستنەوەی بازرگانیی ئۆراسیادا پتەو کردووە. بەڵام جەنگی ئۆکراین بووە هۆی سەپاندنی سزاکان و دروستبوونی جۆرێک لە نادڵنیایی، کە بووە هۆی کەمبوونەوەی گواستنەوە بە ڕێرەوەکەدا بە شێوەیەکی بەرچاو. لە ساڵی ٢٠٢٣دا قەبارەی گواستنەوە بەرەو ڕۆژئاوا لە سەر ئەم كۆریدۆرە بە بەراورد بە ساڵی پێشوو بە ڕێژەی لە سەددا ٥١ کەمتر بوو، هەروەها قەبارەی گواستنەوە بەرەو ڕۆژهەڵات بۆ چین لە سەددا ٤٤ لە خوار ئاستەکانی ساڵی (٢٠٢٢)ەوەوە بوو.
لە ئەنجامدا هەردوو كۆریدۆری باشوور (کە لە چینەوە دەست پێ دەکات، بە ئاسیای ناوەڕاست، ئێران و تورکیادا تێدەپەڕێت تا دەگات بە دەریای ناوەڕاست و ئەورووپا) و كۆریدۆری ناوەڕاست (کە لە چینەوە دەست پێ دەکات، بە کازاخستان، دەریای قەزوین، ئازەربایجان، گورجستان، تورکیا و دەریای ڕەشدا تێدەپەڕێت)؛ كۆریدۆری بازرگانیی گرنگن لە نێوان ئەورووپا و چیندا و هێڵی سەرەکیی گواستنەوە و بازرگانیی جیهانن. لە کاتێکدا چین چەندین كۆریدۆری بازرگانیی خۆی گۆڕیوە، ڕووسیا لە ساڵی (٢٠٢٢)ەوە هەوڵەکانی بۆ کاراکردنی كۆریدۆری گواستنەوەی نێودەوڵەتیی باکوور-باشوور (INSTC) خێراتر کردووە، کە بەندەرەکانی باکووری ڕووسیا و ئێران لە ڕێگەی قەوقاز و دەریای قەزوینەوە بەیەکەوە دەبەستێتەوە. هەروەها ”INSTC” ڕێگایەکی کورتتر و کەم تێچووترە بە بەراورد بە كۆریدۆرە باوەکانی تری وەک نۆکەندی سوێس.
ئەگەر سەرنج بدەینە جوگرافیای ئەم كۆریدۆرانە، دەکرێت چەند شتێک تێبینی بکرێت. یەکەم، تورکیا وەک خاڵێکی هاوبەش دەبینرێت بۆ كۆریدۆری ناوەڕاست و كۆریدۆری باشوور. دووەم، هەر چەندە یەکێک لە لقەکانی كۆریدۆری ناوەڕاست؛ تورکیا لەخۆ ناگرێت و پشت بە دەریای ڕەشی کراوە و ئازاد دەبەستێت، بەڵام كۆریدۆری ناوەڕاست و باشوور بەشێکی گرنگن لە پلانە ستراتیژییەکەی چین کە لە ساڵی (٢٠١٣)وە کاری لە سەر دەکات بۆ بەستنەوەی ئاسیا و ئەورووپا و ئەفەریقا. سێیەم، ئێران لە چوارڕێیانی پەڕینەوەی باشوور و ”INSTC”یە.
هەروەها، بە لەبەرچاوگرتنی ئەو هەماهەنگییەی نێوان ئەندامانی ”CIRN”، بۆی هەیە تاران هاوکاریی ڕووسیا و چین بکات لە بنیاتنانی كۆریدۆری باکوور-باشوور و بەشدار بێت لەو كۆریدۆرە ستراتیژییەی کە چین بە پشتێنە و ڕێگەی ئاوریشم ناوی دەبات و هەوڵی دروستکردنی دەدات. لە بنەڕەتدا ئێران چەندین ساڵ پێش ٢٠٢٢ بەدوای دامەزراندنی تۆڕ و سیستمی بازرگانیی هاوتەریبدا گەڕاوە، ئەمەش بۆ چارەسەرکردنی کێشە ئابوورییەکانی خۆی کە لە لایەن ویلایەتە یەکگرتووەکان و هەندێک وڵاتی تری ڕۆژئاواوە سزا دراوە بە هۆی بەرنامە ئەتۆمییەکەیەوە.
لە هاوینی ٢٠٢٤دا، مۆسکۆ و تاران ئامادە بوون نزیکەی ٢٥ ملیار دۆلار بخەنە وەبەرهێنانەوە بۆ پەرەپێدانی كۆریدۆرە ئاوییە ناوخۆییەکان و هێڵە ئاسنینەکان بۆ بەستنەوەی سەینت پیتەرسبێرگ بە بەندەرەکانی چابەهار و بەندەر عەباسەوە. هەر لەم کاتەدا بوو ئێران یەکەم شەمەندەفەری بارهەڵگری بەرەو چین بەڕێ کرد، بە بەشێک دادەنرێت لە ڕێرەوی هێڵی ئاسنی چین-ئێران-ئەورووپا. لە ڕێگەیدا بۆ چین، شەمەندەفەرە ئێرانییەکە بە کازاخستان و تورکمانستاندا تێدەپەڕێت، کە بەشێکە لە پڕۆژەی ڕێرەوی باشوور.
بەم پێیە ئێران دەبێتە ئەڵقەیەکی پەیوەندیی لە هاوپەیمانێتییە نافەرمییەکەی ”CIRN”، ئەمەش بناغەی پەیوەندییەکان پتەوتر دەکات، وا دەکات هەر چوار وڵاتە هاوپەیمانەکە کاریگەرتر بەرەنگاری ڕۆژئاوا ببنەوە. ئەگەرچی دەکرێت وەک کاردانەوەیەکی ڕووسیا بۆ سزاکانی ڕۆژئاوا و ئامرازێک بۆ چین ببینرێت تا لەبەر هۆکاری ئابووری لە هاوکاریکردن لەگەڵ ڕووسیا بەردەوام بێت، بەڵام وەبەرهێنان لە ڕێرەوە بازرگانییە نوێکان ئامانجێکی ستراتیژیی درێژخایەنی هەیە. خستنەگەڕ و سەرخستنی ئەم كۆریدۆرانە تەنها واتای دروستکردنی كۆریدۆری نوێ نییە، بەڵکوو پڕۆسەیەکە بۆ جیابوونەوەیان لە ڕۆژئاوا و لەم نێوەندەشدا زەمینە دەسازێنێت بۆ هاوبەشیی فرەلایەنە و وڵاتانی تر هان دەدات بۆ ئەوەی پەیوەندییان پێوە بکەن.
تورکیا لە ساڵی (٢٠١٨)ەوە بە ئاشکرا ئارەزوومەند بووە بچێتە ڕیزەکانی گرووپی بریکس (BRICS). لەو ساڵەدا هەنگاوێکی نا کە مەبەست لێی دەرخستنی هێزی هەرێمیی وڵاتەکە بوو لەگەڵ ڕێبازە فرەڕەهەندەکەی لە سیاسەتی دەرەوەدا. لەم دواییانەشدا، لە ئەیلوولی ٢٠٢٤دا، ڕاپۆرتەکان ئاماژەیان بەوە کرد کە تورکیا بە فەرمی داواکاریی پێشکەش کردووە، بەڵام هیچ پشتڕاستکردنەوەیەکی فەرمی لەئارادا نەبوو.
لە هەمان کاتدا تورکیا و چین لێک نزیکتر بوونەتەوە، ئەوەش لەگەڵ پەرەسەندنی بازرگانی و وەبەرهێنانی دووقۆڵی و زیاتربوونی سەردانی سەرانی باڵا لە ساڵانی ڕابردوودا. جگە لەوەش، ڕێککەوتنە چینییەکە کە لە کۆسکۆ پاسیفیک، چین مێرچانتس هۆڵدینگس ئینتەرناشناڵ و سی ئای سی کاپیتەڵ پێک هاتووە، لە ساڵی ٢٠١٥دا لە سەددا ٦٥ی پشکەکانی کومپۆرتی بەدەست هێنا، ئەمەش بە گرنگترین وەبەرهێنانی چینی دادەنرێت لە یەکێک لە بەندەرەکانی دەریای ڕەشی تورکیا، کە ئەوکات بەشێک بوو لە دەستپێشخەرییەکان بۆ دروستکردنی پشتێنەکەی چین و ئێستا چالاکانە بەشێکە لە كۆریدۆری ناوەڕاست.
سیاسەتی پاراستنی هاوسەنگیی ستراتیژی لە لایەن تورکیاوە لە نێوان ڕووسیا، چین و ڕۆژئاوا و هەڵکەوتەکەی لە سەر كۆریدۆرە بازرگانییە گرنگەکانی ڕۆژهەڵات-ڕۆژئاوا، دەرئەنجامی گرنگی هەیە بۆ كۆریدۆرە جێگرەوەکان. تورکیا دەتوانێت توانای ئەم كۆریدۆرانە بەهێز بکات لە ئاسانکردنی شەپۆلە بازرگانییە ناڕۆژئاواییەکان، ئەمەش لەگەڵ ئامانجەکانی ”CIRN”دا یەک دەگرێتەوە. بە لەبەرچاوگرتنی پەیوەندییە ئاڵۆزەکەی لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکان، تورکیا پەیوەندییە لەمێژینەکانی لەگەڵ ڕووسیا و پەیوەندییە بەهێزەکەی ئێستای لەگەڵ چین بەکار هێناوە بۆ پیشاندانی کاریگەریی ستراتیژیی خۆی لە لای واشنتن. بە دوورکەوتنەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکان لە ئۆراسیا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، کە ئەنقەرە وەک لاوازبوونی ئەمەریکا لە ناوچەکە لێکی دەداتەوە، بە دەرفەتی دەزانێت تا پەیوەندییەکانی لەگەڵ چین و ڕووسیا بەکار بهێنێت بۆ بەرژەوەندییە ئابوورییەکانی و لە پاڵیشیدا بۆ دڵنیابوون لەوەی کە هاوتەریب دەمێنێتەوە لەگەڵ هێزە بەهێزەکانی ناوچەکە.
لە دەریای ڕەشدا تورکیا تەنها نییە لە پێشوازیی وەبەرهێنانەکانی چیندا کە ئامانجیان پەرەپێدانی ڕێرەوە بازرگانییەکانە. لە ساڵانی ڕابردوودا چین شوێنپێی ئابووریی خۆی لە جۆرجیا داکوتیوە، ئەوەش لە ڕێگەی پێشینەدان بەو پڕۆژە ستراتیژیانەی کە کاریگەریی هەرێمیی گرنگیان هەیە. لە ئایاری ٢٠٢٤دا، کۆنسۆرسیۆمێک بە سەرکردایەتیی چین گرێبەستی پەرەپێدانی بەندەری ئاوە قووڵەکانی ئاناکلیای لە کەناراوەکانی دەریای ڕەشی جۆرجیا واژۆ کرد، پڕۆژەیەک کە ڕۆڵی جۆرجیا بەهێز دەکات لە كۆریدۆری ناوەڕاست و هەروەها پشتێنە ستراتیژییەکەی چین و ڕێگە بنەڕەتییەکەی چین. لە پاڵ ئەمەدا، کۆمپانیا چینییەکان چەندین پڕۆژەی گەورەیان دەست پێ کردووە، وەک دروستکردنی تونێلی کڤێشێتی-کۆبی، کە گەورەترینە لە جۆرجیا و وڵاتەکە زیاتر تێکەڵ بە تۆڕی بازرگانیی گەشەسەندووی ئۆراسیای چین دەکات. ئەم هەوڵانە جەخت لە بەرژەوەندیی ستراتیژیی چین دەکەنەوە لە دیاریکردنی پێگەی جۆرجیا وەک ناوەندێکی گرنگی گواستنەوە، کە یەک دەگرێتەوە لەگەڵ ئامانجە فراوانەکانی چین لە بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی و جێدەستی لە سەرانسەری ئۆراسیادا.
مەبەستی چین لە فراوانکردنی كۆریدۆرە بازرگانییەکانی ئۆراسیا تەنها بۆ دروستکردنی كۆریدۆری نوێ نییە، بەڵکوو دەیەوێت دڵنیایی بدات کە توانای ڕکابەریی ڕۆتینەکانی تری هەیە و بۆ گوێزەرەوەکانیش سەرنجڕاکێشە. هەڵسەنگاندنی توانای ڕکابەریی ئەم كۆریدۆرانە گرنگە بۆ ئەوەی بزانین کامیان بۆ نێوان ئاسیا-ئەورووپا گونجاوترن. لە لێکۆڵینەوەیەکی تەممووزی ٢٠٢٤، هەڵسەنگاندن کراوە بۆ كۆریدۆرە جیاوازەکان. دەرەنجامەکان ئەوەیان دەرخست کە كۆریدۆرە دەریاییە کۆنەکە لە پێشەنگدایە بە ڕێژەی ڕکابەریی .٧٢٠٣ (لە سەر پێوەرێک لە ٠ بۆ ١). بەدوای ئەمدا كۆریدۆری ترانس-سیبیریا دێت بە ڕێژەی ٠.٤٠٥٦، دواتر كۆریدۆرەکانی ناوەڕاست و باشوور کە ژمارەیان لە یەکەوە نزیکە و ڕێژەیان ٠.٢٨٦٤ و ٠.٢٦٦٢یە.
بۆ بەرەنگاربوونەوەی چین و هاوپەیمانێتییە نافەرمییەکەی ”CIRN” کە هەوڵ دەدەن بۆ فراوانکردنی دەسەڵاتیان بەسەر ئۆراسیادا و کار دەکەن بۆ داڕشتنەوەی داینامیکی بازرگانیی جیهان لە ڕێگەی ڕێرەوەکانی وەک كۆریدۆری باکوور-باشوور، کە ڕووسیا پەرەی پێ دەدات و تۆڕەکانی ڕۆژهەڵات-ڕۆژئاوا دەبەستێتەوە بە كۆریدۆرە دەریاوانییە جیهانییەکانەوە، ئەوا پێویستە ڕۆژئاوا بە چالاکی کار بکات بۆ بەهێزکردنی خۆی لە سەر ئەم كۆریدۆرە ستراتیژییانە. بەدەستهێنانی ئەمەش تەنها بە زیادکردنی وەبەرهێنانەکانی لەم كۆریدۆرانەدا ناکرێت، بەڵکوو پێویستە بە شێوەیەکی ستراتیژییش گرنگی بدرێت بەو كۆریدۆرانەی کە کەمتر لە ژێر کاریگەری و مەترسیی هەژموونی ”CIRN”دان. وەبەرهێنان لەم كۆریدۆرانەدا قازانجێکی بەهێزی دەبێت، نەک تەنها لەبەر ئەوەی پاساوێکی بازرگانیی ڕوون هەیە بۆ جێگرەوەکانی كۆریدۆری باکوور کە بە ئەگەری زۆرەوە بە کەمی بەکار دەهێنرێن، بەو پێیەی تەنانەت دوای کۆتاییهاتنی جەنگی ئۆکراینیش، تێکەڵبوونەوەی ڕووسیا بە بازرگانیی ئەورووپا ڕووبەڕووی کێشەی گەورە دەبێتەوە، بەڵکوو لەبەر ئەوەش کە وەبەرهێنانی لەو شێوەیە دەسەڵات دەدات بە ڕۆژئاوا کە دەسەڵاتی خۆی لە کاتی گۆڕانکارییە خێراکاندا بپارێزێت و دڵنیایی دەدات لە داڕشتنی هاوسەنگیی كۆریدۆرە ئابووری و بازرگانییە جیهانییەکاندا.
لە ڕووی جیۆستراتیژییەوە چین دەکەوێتە نێوەندی هەموو ئەو كۆریدۆرە بازرگانییانەی کە ئاسیا بەیەکەوە دەبەستنەوە، ئەمەش وادەكات دەکات ”CIRN” پێویستی بە هاوکاریی ڕۆژئاوا نەبێت لە دروستکردنی كۆریدۆرە جێگرەوەکاندا، بە جۆرێک کە لە ئێران لا بدەن و پشتبەستن بە تورکیاش سنووردار بکەن. ڕێبازەکەی تورکیا کە بریتییە لە هاوسەنگیی ڕاگرتنی نێوان هاوپەیمانەکان و پێشینەدان بە دەستکەوتە خێراکان، وای کردووە زیاتر لە چین نزیک بێتەوە، هێندێک جار لەگەڵ ڕووسیا سازش بکات، ئەمەش جۆرێک لە نادڵنیایی دێنێتە ئاراوە. دەکرێت ئەورووپا بەرگەی ئەم ناڕوونییە بگرێت، بەو پێیەی کاریگەریی کردەوەکانی هاوپەیمانێتییەکەی ”CIRN” لە سەر كۆریدۆرە بازرگانییە جیهانییەکانی کەمتر لە سەرە، بەڵام ویلایەتە یەکگرتووەکان ناتوانێت هیچ نەرمییەک بنوێنێت، لەبەر ئەوەی پشت بە کارکردنی كۆریدۆرە دەریاییە جیهانییەکان دەبەستێت کە یەکێکە لە پێویستییە جیۆپۆلەتیکییە سەرەکییەکانی. بۆیە پێویستە ویلایەتە یەکگرتووەکان ئاگادار بێت و ڕێگری لە هەر گۆڕانکارییەک بکات کە لەوانەیە ”CIRN” لە هاوکێشە بازرگانییەکانی ئێستادا بیهێنێتە کایەوە.
خاڵی بەیەکگەیشتنی كۆریدۆری باکوور-باشووری ڕووسیا و كۆریدۆرەکانی ناوەڕاست و باشوور، کە چین دەسەڵاتی خۆی تیایاندا فراوان دەکات، نەک تەنها بۆ ئۆراسیا کێشە دروست دەکات، بەڵکوو بۆ تەواوی سیستمی بازرگانیی نێودەوڵەتییش. بە لەبەرچاوگرتنی ئامانجە درێژخایەنە ڕاگەیەنراوەکەی چین و ڕووسیا بۆ کەمکردنەوەی دەسەڵاتی ڕۆژئاوا لە بازاڕە جیهانییەکاندا، بناغەی دیزاینکردنی ئەم كۆریدۆرانە بە جۆرێکن کە بە ئاڕاستەی ئەو ئامانجە کار بکەن. ئەگەرچی بۆ مەودای کورت یان مامناوەند دانەنراون، بەڵام ئەگەر ئەم كۆریدۆرە نوێیانە ڕێسایەک جێگیر بکەن کە نۆرمە باوەکانی ئێستای کەشتیوانیی کراوە و ئازاد؛ لاواز بکات، کە لە ئێستادا لە لایەن رۆژئاواوە دەپارێزرێن، ئەوا کاریگەرییەکەی لە سەر بازرگانیی جیهان دەردەکەوێت.
بۆیە ئەگەری هەیە ئەورووپا و ویلایەتە یەکگرتووەکان بەدوای ڕێگەچارەدا بگەڕێن بۆ بەرەنگاربوونەوەی دەسەڵاتی هاوپەیمانێتیی ”CIRN ” لە ئۆراسیادا، لەوانەش لێکۆڵینەوەی ورد لە پەرەسەندنی كۆریدۆرە بازرگانییەکانی ئێستا. كۆریدۆری ناوەڕاست دوو جۆری هەیە: یەکێکیان لە ڕێگەی تورکیا و دەریای ناوەڕاستەوە دەگاتە ئەورووپا، ئەوی دیکەیان لە ڕێگەی دەریای ڕەشەوە بە ئەورووپاوە دەبەسترێتەوە و دەگاتە بەندەرەکانی ڕۆمانیا و بولگاریا. لە پاڵ كۆریدۆری باشووردا، دەکرێت ئەم كۆریدۆرانە وەک كۆریدۆری ناوەڕاستی ”A” و ”B” پۆلێن بکرێن، لەگەڵ بەراوردکارییەک کە تیشک دەخاتە سەر ئەو هەرێم و وڵاتانەی پێیدا تێدەپەڕن. ئەم شیکارییە دەریدەخات کە گونجاوترین كۆریدۆری ڕۆژهەڵات-ڕۆژئاوا بۆ ڕۆژئاوا، لە ڕووی کۆنترۆڵ و کەمترین ئاڵۆزییەوە بریتییە لە كۆریدۆری ناوەڕاستی ”B”. ئەم كۆریدۆرە لە چینەوە درێژ دەبێتەوە بە ناو ئاسیای ناوەڕاست و قەوقازدا، پاشان بە ناو دەریای ڕەشدا ڕاستەوخۆ دەچێتە ناو ئەورووپا، ڕێگەیەکە جێی متمانەیە و مەترسییە جیۆپۆلەتیکییەکان تێیدا کەم کراونەتەوە.
ئەو جۆرە كۆریدۆری بازرگانییەی کە لە ئێران و تورکیا لا دەدات؛ بە دەریای ڕەشدا تێدەپەڕێت، کە ناوچەیەکە لە ئێستادا مەترسیی ململانێی لە سەرە. ئامانجی ستراتیژیی ڕووسیا بۆ کۆنترۆڵکردنی کەناراوەکانی باشووری ئۆکراین کە بە هۆی زیادبوونی هێرشەکان بۆ سەر بەندەری ئۆدێسا لە مانگەکانی ڕابردوودا جەختی لێ کراوەتەوە، نیگەرانییەکانی سەر ئەم كۆریدۆرەی زیاتر کردووە. ئەگەرچی لە ئێستادا كۆریدۆری ناوەڕاست کەمێک زیاتر توانای ڕکابەریی هەیە بە بەراورد بە كۆریدۆری باشوور بە لەبەرچاوگرتنی دۆخی ئێستای گواستنەوەی هەمەجۆر، بەڵام پشتیوانییە بەردەوامەکەی ڕۆژئاوا بۆ وەبەرهێنان دەتوانێت زیاتر شیاوی بکات. لە هەمان کاتدا ئەگەری ئەوە هەیە لە ڕێگەی ئەم پڕۆسەیەوە و لەگەڵ کۆتاییهاتنی جەنگی ئۆکراین بە شێوەیەک کە لە بەرژەوەندیی ڕۆژئاوادا بێت، دەریای ڕەش بگەڕێتەوە دۆخی دەریایی کراوە و ئازاد، ئەوەش بە لەبەرچاوگرتنی بەرژەوەندییەکان بۆ ڕێگەدان بە تێپەڕبوونی بازرگانی.
هەوڵەکانی ڕۆژئاوا بۆ پەرەپێدانی كۆریدۆری ناوەڕاست و برەودان بە “ئاسیای ناوەڕاستی کراوە” کە لە دەرەوەی چین و ڕووسیا وەبەرهێنان دەکات، لە ئێستاوە دەرەنجامەکانی دەرکەوتوون. ستراتیژیی یەکێتیی ئەورووپا بۆ ئاسیای ناوەڕاست و بەشداریکردنی ویلایەتە یەکگرتووەکان لە پڕۆژەکانی پێکەوەبەستنی هەرێمیدا، ڕۆڵیان هەبووە لە بڕیارەکەی کازاخستان بۆ نەچوونە ناو بریکس (BRICS) لە ساڵی ٢٠٢٤دا و لە بریی ئەوە جەخت لە گەشەی ئابووریی خۆی بکاتەوە. لە بەرامبەردا هاوکاریی هەرێمیی ڕۆژئاوا بە بێ سیاسەتی ئاشکرای هاوپەیمانی، بە باشی لەگەڵ هەڵوێستی سەربەخۆی سیاسەتی دەرەوەی کازاخستاندا دەگونجێت. کازاخستان ئارەزووی بۆ دەستپێشخەری “دەروازەی جیهانی”ی یەکێتیی ئەورووپا نیشان داوە کە ژێرخانی پڕۆژەکان پارەدار دەکات، ئەمەش نیشانەی پێشوازییە بە ڕووی ئەو گەشەسەندنەی کە لە لایەن ڕۆژئاواوە پشتیوانی دەکرێت.
پەرەپێدانی كۆریدۆری ناوەڕاستی ”B”، ئەو كۆریدۆرەی لە ڕێگەی دەریای ڕەشەوە دەگاتە ئەورووپا، دەتوانێت ڕۆڵێکی یەکلاکەرەوە ببینێت لە هێشتنەوەی قەوقازی باشوور بە کراوەیی بە ڕووی گەشتەکانی ڕۆژئاوادا، سەرەڕای هاوپەیمانییەکەشی لەگەڵ ڕووسیا و چین. ئەم توانایەش لە سەر دوو هۆکار وەستاوە:
یەکەم: تا ئەو کاتەی ئاسیای ناوەڕاست، بە تایبەتی کازاخستان، هاوکاریی ڕۆژئاوا دەکات لە دانانی بەردی بناغەی پڕۆژەکاندا، قەوقازی باشوور لەم کراوەییە سوودمەند دەبێت. دووەم: فراوانکردنی كۆریدۆری ناوەڕاستی ”B” لەگەڵ “هێڵی گەمارۆدان”ی ڕۆژئاوادا یەک دەگرێتەوە کە لە دەریای بەڵتیکەوە درێژ دەبێتەوە بۆ دەریای ڕەش و دەریای ئەدریاتیک. ئەم یەکگرتنە ستراتیژییە کە بە ڕەوتە گرنگەکەی سێ دەریاکەش ناسراوە، ئامانجی ئەوەیە پەرە بە وەبەرهێنان بدات بۆ هەردوو مەبەستی ئابووری و سەربازی. لەوەتەی جەنگی ئۆکرانیاش دەستی پێ کردووە، گرنگییەکەی زیاتر بووە.
ئەم گرنگییە ستراتیژییە لە ئێستاوە پەرەی بە وەبەرهێنانی داوە لە بەندەرە سەرەکییەکانی وەک گدانسک و کۆنستانتا، لەگەڵ پەرەپێدانی هێڵێکی پەیوەندیی ئاسنین لە نێوانیاندا. لە ئایندەدا دەکرێت ئەم هەوڵانە ببە هۆی گۆڕینی ڕووباری دانووب بۆ كۆریدۆرێکی بازرگانی لە پاڵ بەکارهێنانی بۆ مەبەستی سەربازی. لە هەمان کاتدا، ڤیا کارپاسیا، کە ڕێگای خێرای نێوان نەتەوەکانە و دەریای بەڵتیک بە دەریاکانی ئیجە و ڕەشەوە دەبەستێتەوە بۆ بەهێزکردنی گواستنەوەی باکوور-باشوور و بازرگانیی هەرێمی، وەک كۆریدۆری سەرەکی بۆ سێ دەریاکە دەمێنێتەوە. ئەگەرچی زۆرێک لە پڕۆژەکان پارە لە یەکێتیی ئەورووپا وەردەگرن، بەڵام لە هەمان کاتدا وەبەرهێنانی بەرچاوی کەرتی تایبەت ڕادەکێشن، ئەمەش ئەو بیرۆکەیە دەچەسپێنێت کە داهاتی وەبەرهێنان تێیاندا بەرزترە لە زۆربەی پڕۆژە کلاسیکییەکانی دیکە.
سەرکەوتنی ئەم جۆرە لە بیرکردنەوە بەندە بە توانای ڕۆژئاواوە، بە تایبەتی ویلایەتە یەکگرتووەکان، لە تێگەیشتن لەو کێشانەی کە لە ئەنجامی هاوپەیمانێتییە نافەرمییەکەی ”CIRN”، چین، ئێران، ڕووسیا و پشتیوانیی کۆریای باکوور دروست دەبن، هەروەها بەندە بە داڕشتنی ستراتیژیی کاریگەر بۆ ڕووبەڕووبوونەوەیان. لە بنەڕەتدا بەشێکی زۆری ئەمە لە سەر ئەوە وەستاوە کە ئایا دەریای ڕەش وەک ناوچەیەکی دەریاوانی و دەستپێگەیشتوو دەمێنێتەوە یان نا؟ ئەگەر ململانێکان لە ئۆکراین لە مانگەکانی داهاتوودا پەرە بسێنن و ڕووسیا دەست بەسەر بەشێکی زیاتری کەناراوەکانی ئۆکراینادا بگرێت، ئەوا بۆی هەیە دەریای ڕەش ڕەوشێکی ستراتیژیی نوێ بەخۆیەوە ببینێت کە زۆر جیاواز دەبێت لەو سیناریۆیەی تێیدا ڕووسیا ناچار بە کشانەوە دەکرێت و ڕێگە بە ئۆکراین دەدات ناوچەی ئابووریی تایبەتیی خۆی لەوێ وەربگرێتەوە. لە حاڵەتی یەکەمدا هاوپەیمانێتییەکە (CIRN) نەک تەنها خاک بەدەست دەهێنن، بەڵکوو کاریگەریی بەهێزتریشیان دەبێت لە سەر پێناسەکردنی كۆریدۆرە بازرگانییە “ئازاد و کراوەکان”، ئەمەش کاریگەریی دەبێت بۆ بازرگانیی دەریاوانی لە ناوچەکە و سەرانسەری جیهانیشدا.
ئەنتۆنیا کۆلیباسانو/ ئەندامی باڵا لە سەنتەری توێژینەوەی جیهانی دێلفی و شرۆڤەكاری باڵای جیۆپۆلەتیک لە Geopolitical Futures.
سەرچاوە: The Foreign Policy Research Institute (FPRI)
لینك: https://www.fpri.org/article/2024/12/trade-corridor-wars-china-russia-iran-west/
كوردی

