گرنگیی ستراتیژی و کاریگەریی جیۆئابووریی ڕێگە بازرگانییەکان لە سەر عێراق و هەرێمی کوردستان
ئامادەكردن: د. ژیلوان لەتیف یارئەحمەد

ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە قۆناغێکی نوێی ململانێی جیۆئابووری و ستراتیژیدایە، کە تێیدا پڕۆژە گەورەکانی گواستنەوەی وشکانی و دەریایی وەک ئامرازێکی سەرەکی بۆ گۆڕینی هاوکێشەی هێز بەکار دەهێنرێن. ئەم ڕاپۆرتە بە پشتبەستن بە دەیتا و شیکاریی دامەزراوە نێودەوڵەتییەکان، سێ ڕێڕەوی ستراتیژیی سەرەکی شی دەکاتەوە، ئەوانیش: ڕێگەی گەشەپێدان (Development Road)ی عێراق، دەستپێشخەریی پشتێنە و ڕێگەی ئاوریشمی نوێی چین (BRI) و ڕێگەی داوود (David’s Corridor). تیشکی سەرەکیی شیکارییەکە لە سەر پێگەی عێراق و هەرێمی کوردستانە لە نێو ئەم پڕۆژانەدا، بە تایبەت پرسی دوورخستنەوەی هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی گەشەپێدان و کاریگەرییەکانی لە سەر ئایندەی ئابووری و سیاسیی هەرێم. ڕاپۆرتەکە جەخت لە سەر ئەوە دەکاتەوە کە ئەم ڕێگایانە تەنها بازرگانی نین، بەڵکوو بزوێنەری گۆڕانکاریی قووڵی سیاسی، ئابووری و کولتوورین. لە کۆتاییدا سیناریۆ جیاوازەکانی ئایندە بۆ ناوچەکە دەخاتە ڕوو.
عێراق وەک دڵی ململانێی ڕێڕەوە ستراتیژییەکان
عێراق بە هۆی هەڵکەوتە جوگرافییە جێبایەخەكەیەوە، کە وڵاتانی کەنداو و ئاسیا بە تورکیا و ئەورووپاوە دەبەستێتەوە، لە مێژووی نوێدا بووەتە خاڵی یەکلاکەرەوەی پڕۆژە ستراتیژییە جیهانییەکان. لە دوای چەندین دەیە لە ناسەقامگیریی سیاسی و ململانێی ناوخۆیی، ئێستا عێراق هەوڵ دەدات پێگەی خۆی وەک ناوەندێکی گواستنەوەی جیهانیی بەهێز و كاریگەر بکاتەوە، کە ئەمەش لە پڕۆژەی گەورەی ڕێگەی گەشەپێداندا ڕەنگی داوەتەوە. ئەم پڕۆژەیە و پڕۆژە ڕکابەرەکانی وەک ”IMEC” و ”BRI”، هێمای ئەوەن کە لایەنی جیۆئابووری (Geo-economics) بووەتە ئامرازی سەرەکیی جیۆپۆلەتیکی لە ناوچەکەدا. ئەم ڕاپۆرتە بە وردی شیکاریی ئەم پڕۆژانە دەکات و کاریگەرییەکانیان لە سەر ئایندەی عێراق و هەرێمی کوردستان دەخاتە ڕوو، بە تایبەت لە ڕوانگەی وەڵامدانەوەی ئەو پرسیارانەی کە پەیوەندییان بە پێگەی هەرێمی کوردستانەوە هەیە لەم هاوکێشە ستراتیژییەدا.
گرنگیی جیۆئیكۆنۆمیی ڕێگە بازرگانییە ستراتیژییەکان
لە ئێستادا چەندین ڕێڕەوی بازرگانیی گەورە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا لەئارادان، کە هەریەکەیان خاوەنی تایبەتمەندیی سیاسی، ئابووری و کولتووریی جیاوازن و کاریگەریی قووڵیان لە سەر ناوچە جیاجیاكانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەیە، لەوانە:
١. ڕێگەی گەشەپێدان (Development Road Project)، کەناڵی وشکانیی عێراق-تورکیا
ڕێگەی گەشەپێدان، کە بە تێچووی سەرەتایی ١٧ ملیار دۆلاری ئەمەریکی خەمڵێنراوە، پڕۆژەیەکی ژێرخانیی فرەمۆدێلە (Multi-modal) کە بریتییە لە دروستکردنی هێڵێکی ئاسنی خێرا و ڕێگەیەکی خێرای هاوتەریب بە درێژایی ١٢٠٠ کیلۆمەتر. ئەم ڕێڕەوە لە بەندەری گەورەی فاو (Grand Faw Port) لە باشووری عێراقەوە دەست پێ دەکات، کە بە یەکێک لە گەورەترین بەندەرەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دادەنرێت و توانای وەرگرتنی گەورەترین کەشتییەکانی جیهانی دەبێت. ڕێگەکە بە ناوەڕاستی عێراقدا تێدەپەڕێت و لە دەروازەی سنووریی (فیشخاپوور/ئۆڤاکۆی) لە سەر سنووری تورکیا کۆتایی دێت، کە لەوێوە بە تۆڕی گواستنەوەی تورکیا و پاشان ئەورووپاوە دەبەسترێتەوە. لایەنە سەرەکییەکانی ئەم پڕۆژەیە بریتین لە عێراق و تورکیا، لەگەڵ پشتگیریی دارایی و ستراتیژیی وڵاتانی کەنداو وەک قەتەر و ئیمارات.
تایبەتمەندی و گرنگیی ڕێگەی گەشەپێدان
لە ڕووی ئابوورییەوە ڕێگەی گەشەپێدان وەک جێگرەوەیەکی ستراتیژی بۆ کەناڵی سوێس تەماشا دەکرێت، بە تایبەت لە ڕووی کەمکردنەوەی کاتی گواستنەوەی کاڵا لە نێوان ئاسیا و ئەورووپا. بە پێی شیکارییە ئابوورییەکانی كەناڵی ”The National News”، ئەم ڕێگەیە دەتوانێت کاتی گواستنەوە بە نزیکەی ١٥ ڕۆژ کەم بکاتەوە. بە پێی ڕاپۆرتێكی ”Iraqi News”، حکومەتی عێراق پێشبینی دەکات کە پڕۆژەکە توانای گواستنەوەی ساڵانەی ٢٢ ملیۆن تۆن کاڵای وشکانیی هەبێت لە قۆناغی یەکەمدا و لە درێژخایەندا ١.٦ ملیۆن هەلی کار دروست بکات و ١٥٠ ملیار دۆلار وەبەرهێنان بۆ ناوچە پیشەسازییەکانی دەوروبەری ڕێگەکە ڕابکێشێت. ئەم دەیتایانە کە لە لێکۆڵینەوەکانی حکومەتی عێراقەوە سەرچاوە دەگرن، ئاماژە بە گۆڕانکارییەکی بنەڕەتی لە پێکهاتەی ئابووریی عێراقدا دەکەن کە لە ئابوورییەکی یەک سەرچاوەیی (نەوت)ەوە بەرەو ئابوورییەکی هەمەچەشن و خزمەتگوزاریی فرەلایەن دەڕوات.
لە ڕووی سیاسییەوە ئەم پڕۆژەیە ئامرازێکە بۆ بەهێزکردنی سەربەخۆیی ئابووریی عێراق و بەرزکردنەوەی پێگەی جیۆپۆلەتیکیی لە ناوچەکەدا، هاوبەشیی ستراتیژیی لەگەڵ تورکیا بەهێزتر دەكات و بایەخێكی ستراتیژیی ناوازەی پێ دەدات، وەک یەکێک لە ئەکتەرە هەرێمییە سەرەکی و كاریگەرەكانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. هەمان كات پڕۆژەکە وەک وەڵامێک بۆ ڕێڕەوی ”IMEC /India-Middle East-Europe Economic Corridor” تەماشا دەکرێت، کە لە لایەن ئەمەریکا و هیندستانەوە پشتگیری دەکرێت و تورکیا تێپەڕ دەکات. سەرباری ئەوانە بۆ تورکیا، ڕێگەی گەشەپێدان دڵنیایی دەدات کە لە نەخشەی بازرگانیی جیهانیدا دوور ناكەوێتەوە. لە لایەکی ترەوە پڕۆژەکە گرژیی لەگەڵ ئێراندا دروست کردووە، چونکە ئێران لە پڕۆژەکەدا نییە و ڕەنگە لە ڕێگەی هاوپەیمانەکانی لە عێراقەوە هەوڵ بدات کێشە بۆ پڕۆژەکە دروست بكات.
لە ڕووی کولتوورییەوە پڕۆژەکە تەنها گواستنەوەی کاڵا نییە، بەڵکوو هێڵی ئاسنی گواستنەوەی سەرنشینیش لەخۆ دەگرێت، ئەمەش دەبێتە هۆی ئاسانکاری لە بواری گەشتیاری و ئاڵوگۆڕی کولتووری لە نێوان وڵاتانی کەنداو، عێراق، تورکیا و ئەورووپا. ئەم بەیەکگەیاندنە کولتوورییە دەتوانێت کاریگەریی ئەرێنیی لە سەر تێگەیشتنی نێوان گەلانی ناوچەکە هەبێت، بەڵام لە هەمان کاتدا مەترسیی تێکەڵبوونی ناسەقامگیر و گواستنەوەی کێشە سیاسی و ئەمنییەکانیش لەگەڵ خۆیدا دەسازێنێت، هەر بۆیە پڕۆژەكە پێویستی بە هەماهەنگیی ئەمنیی هەرێمی هەیە بۆ دڵنیابوون لە سەلامەتیی هێڵی ئاسن و ڕێگە خێراکان لە ناوچە ناسەقامگیرەکاندا.
٢. دەستپێشخەریی پشتێنە و ڕێگەی ئاوریشمی نوێ (BRI)
دەستپێشخەریی پشتێنە و ڕێگەی ئاوریشمی نوێ (BRI)، کە پڕۆژەیەکی جیهانیی وڵاتی چینە، عێراقی وەک خاڵێکی ستراتیژی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دیاری کردووە. چین لە ساڵی (٢٠١٥)ەوە بە شێوەیەکی بەرچاو وەبەرهێنانی لە عێراقدا کردووە، کە بە پێی ڕاپۆرتێكی ”fairobserver” كە نوێنەرایەتیی دامەزراوەیەكی نزیک لە حكومەتی چین دەكات، بڕی وەبەرهێنانەکانی لە چوارچێوەی پڕۆژەی ”BRI”دا زیاتر لە ١٠ ملیار دۆلار بووە، ئەم وەبەرهێنانانەش زیاتر لە کەرتی وزە و ژێرخاندا چڕ بوونەتەوە.
گرنگیی ”BRI” بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان لەوەدایە کە جێگرەوەیەکی دارایی و سیاسیی جیا لە کاریگەرییە ڕاستەوخۆكانی ڕۆژئاوا دابین دەکات، بەو پێیەی چین وەک ئەکتەرێکی بێلایەن لە ململانێ سیاسییە ناوخۆییەکانی عێراقدا تەماشا دەکرێت، کە هێزێكی هەژموونخواز نییە و تەنها گرنگی بە بەرژەوەندییە ئابوورییەکانی دەدات. بۆ هەرێمی کوردستانیش ”BRI” دەتوانێت دەروازەیەک بێت بۆ وەبەرهێنانی گەورە لە ژێرخانی ئابووری و بازرگانی و پیشەسازیدا، بە تایبەت ئەگەر هەرێمی كوردستان بتوانێت خۆی وەک ناوەندێکی لۆجستی بۆ گەیشتنی کاڵای چینی بە سووریا و دەریای ناوەڕاست نیشان بدات.
٣. ڕێگەی داوود (David’s Corridor)، ڕێڕەوێکی جیۆپۆلۆتیکیی شاراوە
ڕێگەی داوود پڕۆژەیەکی بازرگانیی فەرمی نییە بەراورد بەوەی زیاتر وەک چەمکێکی جیۆپۆلەتیکی لە شیکارییە ستراتیژییەکاندا باس دەکرێت. ئەم ڕێگەیە وەک پڕۆژەیەکی ئیسڕائیلی پێشنیار کراوە کە ئامانجی دروستکردنی ڕێڕەوێکی وشکانییە لە بەرزاییەکانی جۆلانی داگیرکراوەوە بە ناوچەکانی باشووری سووریا و ناوچەی تەنەفدا تێدەپەڕێت و تا دەگاتە هەرێمی کوردستانی عێراق.
بایەخی ستراتیژیی ئەم ڕێگەیە لەوەدایە کە تایبەتمەندیی سیاسی و سەربازیی بەسەر لایەنی ئابوورییدا زاڵە. بە پێی شیکارییەکانی دامەزراوەی ”The Cradle”، ئامانجی سەرەکیی ئەم ڕێڕەوە بریتییە لە دروستکردنی “هاوپەیمانیی هەرێمی” لەگەڵ پێكهاتە نەتەوەییەكانی ”وەک کورد و درووز” و گەمارۆدانی نەیارێكی جەمسەریی وەک ئێران و ڕێڕەوی “هیلالی شیعی”، هەر چەندە ئەم پڕۆژەیە لە واقیعدا جێبەجێ نەکراوە، بەڵام ئاماژەدان بە هەرێمی کوردستان وەک خاڵی کۆتایی ڕێڕەوەكە؛ گرنگیی ستراتیژیی هەرێمی كوردستانی عێراق لە هاوکێشە هەرێمییەکاندا دەردەخات و نیشانی دەدات کە هەرێم وەک کارتێکی جیۆپۆلەتیکی لە ململانێی نێوان زلهێزە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکاندا تەماشا دەکرێت.
پێگەی عێراق و هەرێمی کوردستان لە نەخشەی ستراتیژیی نوێدا
پێگەی عێراق و هەرێمی کوردستان وەک ناوچەیەكی جیۆپۆلەتیكی گرنگ و جێبایەخ لەم ڕێڕەوە ستراتیژییانەدا پرسیارێکی سەرەکییە کە پێویستی بە شیکاریی قووڵ هەیە. دەكرێت لە چەند ڕوویەكەوە تیشكی بخەینە سەر:
١. عێراق لە جوگرافیای سروشتییەوە بۆ ستراتیژیەتی چالاک
عێراق لە ڕووی جیۆپۆلەتیکییەوە خاوەنی هەڵکەوتەیەکی سروشتییە کە بە شێوەیەکی خۆکارانە سوودی لێ وەرگیراوە. بە پێی ڕاپۆرتێكی ”Arab Center DC”، لە ئێستادا حکومەتی عێراق بە سەرۆکایەتیی محەمەد شیاع سوودانی هەوڵ دەدات ئەم هەڵکەوتە سروشتییە بگۆڕێت بۆ ستراتیژیەتی چالاکانە. ئەم گۆڕانکارییە لە ڕێگەی پڕۆژەی ڕێگەی گەشەپێدانەوە دەکرێت، کە ئامانجی ئەوەیە عێراق لە وڵاتێکی تەنها هەناردەکاری نەوتەوە بۆ ناوەندێکی لۆجستی و بازرگانیی سەرەکی بگۆڕێت. ئەم هەوڵە لە لایەن دامەزراوە نێودەوڵەتییەکانەوە پشتگیری دەکرێت، بۆ نموونە؛ بە پێی ڕاپۆرتێكی ”Middle East Council on Global Affairs” (ئەنجوومەنی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ كاروباری جیهانی)، ئاماژە بۆ ئەوە دەكات كە بانکی جیهانی لە ساڵی ٢٠٢٥دا بڕی ٩٣٠ ملیۆن دۆلاری بۆ پڕۆژەی نوێکردنەوە و فراوانکردنی هێڵی ئاسنی عێراق تەرخان کردووە، کە ئەمەش بەشێکە لە هەوڵە گشتییەکانی عێراق بۆ بەهێزکردنی ژێرخانی گواستنەوە. هەروەها بە پێی ڕاپۆرتێكی ڕێكخراوی ”UNDP”، حکومەتی عێراق لە چوارچێوەی پلانی گەشەپێدانی نیشتمانی (٢٠٢٤-٢٠٢٨) و بینینی عێراق (٢٠٣٠)، جەخت لە سەر پەرەپێدانی کەرتی تایبەت و هەمەچەشنکردنی ئابووری دەکاتەوە، کە ڕێگەی گەشەپێدان وەک بزوێنەری سەرەکیی ئەم گۆڕانکارییە ستراتیژییە تەماشا دەکرێت. لەگەڵ ئەوەشدا، دامەزراوەی ”Arab Center DC” ئاماژە بەوە دەکات کە پڕۆژەکە ڕووبەڕووی ئاستەنگی گەورە دەبێتەوە، لەوانە: گەندەڵی، کارایی نزم، و نەبوونی شەفافیەت لە دامەزراوە عێراقییەکاندا، کە ئەمەش دەتوانێت سەرکەوتنی پڕۆژەکە بخاتە ژێر پرسیارەوە. جیا لەوانە، مەترسیی ئەمنی یەکێکی ترە لە ئاستەنگە سەرەکییەکان، بە تایبەت لە ناوچەکانی نزیک لە ڕێڕەوەکە کە پێویستی بە هەماهەنگیی ئەمنیی هەرێمی هەیە بۆ دڵنیابوون لە سەلامەتیی هێڵی ئاسن و ڕێگا خێراکان. هەروەها بە پێی ڕاپۆرتێكی شیكاریی ”ناوەندی خوێندنی كەنداو لە زانكۆی قەتەر”، پڕۆژەكە لە ڕوانگەیەکی جیۆپۆلەتیکییەوە وەک “وەبەرهێنانێکی جیۆپۆلۆتیکی” سەیر دەکرێت، کە تورکیا و وڵاتانی کەنداو بۆ دروستکردنی هاوسەنگییەک لە بەرامبەر کاریگەریی ئێراندا بەشداریی تێدا دەکەن. هەروەها بە پێی شیکارییەکانی دامەزراوەی ”Middle East Council on Global Affairs” (ئەنجوومەنی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ كاروباری جیهانی)، “ڕێگەی گەشەپێدان پڕۆژەیەکی عێراق-ناوەندە، کە جەخت لە سەر پێگەی جوگرافیی عێراق دەکاتەوە بۆ ئەوەی ببێتە وڵاتێکی ترانزێتی سەرەکی و ناوەندێکی ژێرخان بۆ بەهێزکردنی پێگەی ستراتیژی و ئابووریی خۆی”.
ئەم ستراتیژیەتە چالاکانەیە لە سەر بنەمای “هەمەچەشنکردنی ئابووری” و کەمکردنەوەی پشتبەستن بە داهاتی نەوت دامەزراوە. هاوكات بەشداریکردنی وڵاتانی کەنداو و تورکیا لە پڕۆژەکەدا نیشانەی ئەوەیە کە عێراق توانیویەتی ئەم ستراتیژیەتە بکاتە واقیعێکی هەرێمیی كاریگەر.
٢. هەرێمی کوردستان، هەڵکەوتەی جیۆپۆلەتیکی و ستراتیژیەتی خۆبەڕێوەبەری
هەرێمی کوردستانی عێراق، بە هۆی بوونی سنوورێکی درێژ لەگەڵ وڵاتانی تورکیا و ئێران، بە شێوەیەکی مێژوویی وەک ”دەروازەیەکی بازرگانی”ی گرنگ بۆ عێراق کاری کردووە. لە ڕووی ئابوورییەوە هەرێم بە شێوەیەکی سروشتی سوودی لەم هەڵکەوتەیە وەرگرتووە، بە تایبەت لە ڕێگەی دەروازە سنوورییەکانەوە کە بوونەتە سەرچاوەی سەرەکیی هاوردەکردنی کاڵا بۆ عێراق. بە ئاماژەدان بە ئامارەكانی ڕاپۆرتێكی ”COMTRADE”ی ئەمەریكی بۆ ساڵی ٢٠٢٤ و كەناڵی ”شەفەق نیوز”، پشکی هەرێمی کوردستان لە کۆی بازرگانیی تورکیا-عێراق (کە گەیشتووەتە ١٣.٤ ملیار دۆلار) لە نێوان (٢٠% بۆ ٢٥%)دایە، ئەم دابەشبوونە بە شێوەیەکی گرافیکی لەم پای چارتەدا ڕوون کراوەتەوە:

لەگەڵ ئەوەشدا هەرێمی کوردستان بە شێوەیەکی چالاکانە هەوڵی داوە پلانی ستراتیژیی خۆی بۆ سوودوەرگرتن لەم پێگەیە دابنێت. بە پێی ڕاپۆرتێكی شیكارییانەی ”UNDP”، لە نێو پڕۆژەی ”Vision 2030”ی حکومەتی هەرێمی كوردستاندا ئامانجی ئەوەیە کە هەرێمی كوردستان بۆ ناوەندێکی پیشەسازی و بازرگانیی گەورە لە ناوچەکەدا بگۆڕێت. زیاتر لەوانە، یەکێک لە ستراتیژییە سەرەکییەکانی هەرێمی كوردستان بریتییە لە پەرەپێدانی کەرتی گەشتیاری، بە ئامانجی گەیشتن بە نزیکەی ٢٠ ملیۆن گەشتیار تا ساڵی ٢٠٣٠. بە پێی دەیتاکانی ”media 964”، لە ماوەی پێنج ساڵی ڕابردوودا زیاتر لە ٧ ملیار دۆلار لە پڕۆژەکانی گەشتیاریی وەبەر هێنراوە. ئەم ستراتیژیەتە جەخت لە سەر گەشەپێدانی کەرتی کشتوکاڵ و پیشەسازی دەکاتەوە بۆ ئەوەی هەرێمی كوردستانی عێراق لە هاوردەکارەوە بگۆڕێت بۆ هەناردەکار. هەروەها بە پێی ڕاپۆرتێكی ماڵپەری ”Peregraf”، هەرێمی كوردستانی عێراق پێشنیاری ڕێڕەوێکی کورتتری بۆ ڕێگەی گەشەپێدان کردووە، ئەویش ڕێگەی (موسڵ-دهۆک-تورکیا) کە ٣٢ کیلۆمەتر لە ڕێڕەوەکەی بەغداد کورتترە، ئەمەش نیشانەی هەوڵێکی چالاکانەیە بۆ بەشداریکردن لەم پڕۆژە ستراتیژییەدا. بەڵام، وەک گۆڤاری ”Newlines Magazine” ئاماژەی پێ دەکات، ناکۆکیی ناوخۆیی لە نێوان لایەنە سیاسییە ڕکابەرەکاندا وای کردووە کە پڕۆژەکانی ژێرخان و گەشەپێدانی هەرێمی كوردستانی عێراق بە شێوەیەکی خاو و ناتەواو بەڕێوە بچن، کە ئەمەش کاریگەریی نەرێنیی لە سەر توانای هەرێم بۆ بەدەستهێنانی پێگەیەکی ستراتیژی لەم ڕێڕەوانەدا دەبێت. لە بەرامبەر دوورخستنەوەی لە ڕێگەی گەشەپێدان، بە پێی ڕاپۆرتێكی ”Chatham House”، هەرێمی كوردستانی عێراق هەوڵی داوە “ڕێڕەوی جێگرەوە” بدۆزێتەوە، لەوانە بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئێران و کردنەوەی دەروازەی سنووریی نوێ، هەروەها بەردەوامیدان بە هەناردەکردنی نەوت و گاز بۆ تورکیا وەک کارتێکی ستراتیژی بۆ پاراستنی پێگەی خۆی.
پرسی ڕێگەی گەشەپێدان و هەرێمی کوردستان
یەکێک لە پرسیارە هەستیارەکان ئەوەیە کە ئایا ڕێگەی گەشەپێدان، کە بە هەرێمی کوردستانی عێراقدا تێپەڕ دەکات، سوودی بۆ هەرێمی كوردستان هەیە یان نا؟ و ئایا ئەم دوورخستنەوەیە چ کاریگەرییەکی لە سەر ئایندەی هەرێمی كوردستان دەبێت؟ لەم سۆنگەیەوە دەكرێت لە خستنەڕووی چەند خاڵێكی ستراتیژی؛ وەڵامی ئەو پرسیارانە بخەینە ڕوو، لەوانە:
١. دوورخستنەوەی هەرێمی کوردستان بە پاساوی تەکنیکی بەرامبەر بڕیاری سیاسی
ڕێڕەوی فەرمیی ڕێگەی گەشەپێدان بە شێوەیەکی ئاشکرا بە هەرێمی کوردستانی عێراقدا تێپەڕ دەکات و بە ناوچەکانی نەینەوا و تەلەعفەردا دەڕوات بەرەو سنووری وڵاتی تورکیا. بە پێی ڕاپۆرتێكی ”carnegieendowment”، حکومەتی عێراق پاساوی تەکنیکی و ئابووریی بۆ ئەم بڕیارە هێناوەتەوە، بەو پێیەی کە تێپەڕبوون بە هەرێمدا بە هۆی سروشتی ناوچە شاخاوییەكەیەوە ٣ ملیار دۆلار تێچووی زیاتر و ٢ ساڵ کاتی زیاتری دەویست.
بەڵام شیکارییەکانی دامەزراوە ئەکادیمییەکان و ماڵپەری ”Peregra” ئەم پاساوە ڕەت دەکەنەوە و جەخت لە سەر لایەنی سیاسیی بڕیارەکە دەکەنەوە. ”پەیمانگای کارنێگی بۆ ئاشتیی نێودەوڵەتی”، لە شیکارییەکی قووڵدا ئاماژە بەوە دەکات کە دوورخستنەوەی هەرێم لەم پڕۆژەیە “جووڵەیەکی سیاسیی بێگومانە”. هەروەها ”Washington Institute” (پەیمانگای واشنتن بۆ سیاسەتی ڕۆژهەڵاتی نزیک) شیکارییەکی قووڵتر دەخاتە ڕوو و ئاماژە بەوە دەکات کە “ئۆپەراسیۆنی دژەپەکەکە و ڕێگەی گەشەپێدان لە عێراقدا دوو ڕووی یەک دراون”. بە پێی ئەم شیکارییە، ڕێگەکە بە شێوەیەک دیزاین کراوە کە هەرێمی کوردستان تێپەڕ بکات و پەیوەندیی وشکانیی هێزە نزیک لە پەکەکە لە ناوچە سنوورییەکانی عێراق-تورکیا بپچڕێنێت. ئەمەش نیشانەی ئەوەیە کە بڕیارەکە تەنها پەیوەندیی بە ناکۆکیی نێوان هەولێر و بەغداوە نییە، بەڵکوو پەیوەندیی بە “ستراتیژیەتی ئەمنیی هەرێمی”ی تورکیاوە هەیە کە بەغداد بەشدارە تێیدا. ئەم لایەنە ئەمنییە کە لە لایەن ”Luminint”شەوە پشتڕاست کراوەتەوە، ئاماژە بەوە دەکات کە پڕۆژەکە لەگەڵ “مەترسیی ئەمنی”ی گەورەدا ڕووبەڕوو دەبێتەوە، بە تایبەت لە ناوچە ناسەقامگیرەکانی وەک نەینەوا و ئەنبار، کە ئەمەش پێویستی بە “هاوکاریی ئەمنی”ی نێوان هەولێر و بەغدا هەیە، سەرەڕای ناکۆکییە سیاسییەکان.
بە پێی لێکۆڵەرانی ”کارنێگی”، ئەم بڕیارە وەک “تۆڵەسەندنەوەیەکی سیاسی” لە ڕیفراندۆمی ساڵی ٢٠١٧ و هەوڵێک بۆ کەمکردنەوەی پێگەی نێودەوڵەتیی هەرێمی كوردستانى عێراق دێت، ئەمەش بەشێکە لە ستراتیژییەکی گەورەتری بەغداد بۆ “ناگەشەپێدان” (De-development)ی هەرێمی كوردستان، کە ئامانجی لاوازکردنی دەسەڵاتی ئابووریی هەرێمە، بە تایبەت دوای بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی سەبارەت بە نەوت و گاز.
لەم ڕوانگەیەوە پرسیارەکە تەنها لە سەر ڕێڕەوێکی جوگرافی نییە، بەڵکوو لە سەر دابەشکردنی دەسەڵاتی ئابووری و سیاسی لە نێوان هەولێر و بەغدادایە. هەر بۆیە بە پێی هەمان ڕاپۆرتی ئاماژەپێكراو، وەزیری گواستنەوە و گەیاندنی هەرێمی کوردستان بە ڕوونی ئاماژەی بەوە کردووە کە “هیچ ڕێگەیەکی گەشەپێدان لە عێراقدا نابێت بە بێ کوردستان”، کە ئەمەش نیشانەی تێگەیشتنی هەرێمە لە مەترسییەکانی ئەم دوورخستنەوەیە.
٢. ئایا ڕێگەی گەشەپێدان سوودی بۆ هەرێمی کوردستان هەیە؟
ڕێگەی گەشەپێدان بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ سوودی بۆ هەرێمی کوردستان نییە، بەڵکوو مەترسیی لاوازبوونی پێگەی ئابووریی لە سەر دروست دەکات، بەڵام هاوتای ئەوە چەندین سوودی ناڕاستەوخۆی هەیە. گرنگترین مەترسی و دەرفەتەكانی پڕۆژەكە بریتین له:
کەمبوونەوەی بایەخی دەروازە سنوورییەکان: دروستبوونی ڕێڕەوێکی خێرا و مۆدێرن لە باشوورەوە بۆ تورکیا، دەبێتە هۆی ئەوەی بازرگانان و کۆمپانیاکان ڕێگەی هەرێم بەکار نەهێنن کە ئەمەش داهاتی گومرگیی هەرێمی كوردستان بە شێوەیەکی بەرچاو کەم دەکاتەوە و بایەخی دەروازە سنوورییەکانی وەک ئیبراهیم خەلیل و پەروێزخان لاواز دەکات.
بێبەشبوون لە وەبەرهێنانی گەورە: هەرێمی كوردستانی عێراق لەو ١٥٠ ملیار دۆلاری وەبەرهێنانە بێبەش دەبێت کە پێشبینی دەکرێت بۆ ناوچە پیشەسازییەکانی دەوروبەری ڕێگەکە بڕوات، ئەمەش دەبێتە هۆی گەشەی نایەکسانیی ئابووری لە نێوان ناوچەکانی عێراقدا.
هەمان كات لە گرنگترین سوودە ناڕاستەوخۆکانی پڕۆژەكە بۆ هەرێمی كوردستانی عێراق؛ گەشەی ئابووریی عێراقە، بەو پێیەی سەرکەوتنی پڕۆژەکە دەبێتە هۆی گەشەی ئابووریی گشتیی عێراق، کە ئەمەش بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ لە ڕێگەی زیادبوونی بودجە و داهاتی گشتییەوە کاریگەریی ئەرێنیی لە سەر هەرێم دەبێت.
پەیوەندیی لەگەڵ تورکیا: تورکیا وەک ئەکتەرێکی سەرەکیی پڕۆژەکە؛ پەیوەندییەکانی لەگەڵ هەرێمدا بەهێزە. تورکیا بۆ دابینکردنی ئاسایشی ڕێگەکە لە ناوچە سنوورییەکاندا، پێویستی بە هاوکاریی هەرێم دەبێت، کە ئەمەش دەتوانێت ببێتە کارتێکی فشار بۆ هەرێم بۆ بەدەستهێنانی پشکی خۆی لە پڕۆژەکەدا.
٣. ئایا هەرێمی کوردستان لە سەر ئەم ڕێگەیە نامێنێت و بایەخی نامێنێت؟
ئەگەرچی ڕێگەی گەشەپێدان هەرێم تێپەڕ دەکات، بەڵام ئەمە بە مانای ئەوە نییە کە هەرێمی کوردستان لە ڕووی ستراتیژییەوە بایەخی نامێنێت، بەو پێیەی بایەخی ستراتیژی و جیۆئیكۆنۆمیی هەرێمی كوردستانی عێراق لە سەر چەندین فاکتەری تر وەستاوە، ئەوانیش:
- بایەخی جیۆپۆلەتیکیی سنوور لەگەڵ ئێران: هەرێم تاکە دەروازەی وشکانیی عێراق نییە، بەڵام دەروازەیەکی سەرەکییە بۆ بازرگانی لەگەڵ ئێران و تورکیا.
- سەرچاوەی وزە: هەرێم خاوەنی سەرچاوەی گەورەی نەوت و گازە، کە لە درێژخایەندا دەتوانێت ببێتە هەناردەکاری سەرەکیی گاز بۆ تورکیا و ئەورووپا.
- پڕۆژەی ”BRI”: هەرێمی كوردستانی عێراق دەتوانێت لە ڕێگەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ چین؛ خۆی وەک بەشێک لە ڕێڕەوی ”BRI” دابنێت و وەبەرهێنانی گەورە بۆ ژێرخانی خۆی ڕابکێشێت.
لە سەر ئەو بنەمایانەی سەرەوە، دەكرێت بوترێت كە بایەخی هەرێم کەم نابێتەوە، بەڵکوو جۆری بایەخەکەی دەگۆڕێت. لە بریی ئەوەی ببێتە دەروازەی سەرەکیی گواستنەوەی کاڵا لە باشوورەوە بۆ باکوور، دەبێتە “ناوەندێکی وزە و بازرگانیی هەرێمی” کە لە ڕێگەی ستراتیژیەتی خۆیەوە (Vision 2030) گەشە دەکات. ”پەیمانگای واشنتن” ئاماژە بەوە دەکات کە هەرێمی کوردستان دەتوانێت خۆی وەک “ناوەندێکی جێگرەوەی وزە” بۆ ئەورووپا دابنێت، بە تایبەت لە ڕێگەی پڕۆژەی هەناردەکردنی گازەوە کە ئەمەش وەک کارتێکی ستراتیژی لە بەرامبەر گوشارەکانی بەغداد و تورکیادا بەکاری دەهێنێت، ئەمەش نیشانەی ئەوەیە کە هەرێم خاوەنی “سەرچاوەی هێزی جیۆئابووری”ی جێگرەوەیە کە بایەخی خۆی دەپارێزێت.
ئەنجام و سیناریۆی ئایندەی ڕێگە بازرگانی و ستراتیژییەكان
ڕێگە ستراتیژییەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا تەنها پڕۆژەی ئابووری نین، بەڵکوو بزوێنەری گۆڕانکاریی قووڵی سیاسی و ئابوورین کە نەخشەی ناوچەکە دەگۆڕن، هەر بۆیە پێشبینیی گۆڕانکاریی سیاسی و ئابووریی بەردەوامیان لێ دەكرێت، لەوانە:
لە چوارچێوەی گۆڕانکارییە ئابوورییەكاندا، سەرکەوتنی ڕێگەی گەشەپێدان دەبێتە هۆی دروستبوونی “ئابووریی ڕێڕەو” (Corridor Economy) لە عێراقدا، ئەمەش بە واتای ئەوە دێت کە ناوچەکانی دەوروبەری ڕێگەکە وەک (بەسڕە، بەغدا، موسڵ) گەشەیەکی خێرا بەخۆیانەوە دەبینن، لە کاتێکدا ناوچەکانی تر وەک هەرێمی کوردستانی عێراق پێویستە ستراتیژیەتی جێگرەوە بدۆزنەوە، ئەمە دەبێتە هۆی گۆڕینی نەخشەی دابەشبوونی سامان و هێزی ئابووری لە ناو عێراقدا.
جیا لەوە، لە نێو نەخشەی گۆڕانکاریی سیاسیدا پڕۆژەکە دەبێتە هۆی بەهێزبوونی پەیوەندییەکانی عێراق و تورکیا و وڵاتانی کەنداو، کە ئەمەش هاوسەنگیی هێز لە ناوچەکەدا دەگۆڕێت. لە لایەکی ترەوە پڕۆژەکە گرژییەکانی نێوان عێراق و ئێران زیاتر دەکات، چونکە ئێران وەک ڕکابەرێک سەیری ئەم ڕێگەیە دەکات کە دەیەوێت کاریگەریی ئابووریی ئێران لە عێراقدا کەم بکاتەوە. لە ناوخۆی عێراقیشدا پڕۆژەکە دەبێتە خاڵێکی ململانێی نوێ لە نێوان حکومەتی فیدراڵی و هەرێمی کوردستاندا، کە ڕەنگە ببێتە هۆی دروستبوونی تەنگەژەی نوێی سیاسی.
سیناریۆی ئایندە، ڕکابەریی ناوخۆیی یان تەواوکاریی هەرێمی
دەکرێت دوو سیناریۆی سەرەکی بۆ ئایندەی ئەم ڕێڕەوانە و کاریگەرییان لە سەر عێراق و هەرێمی کوردستان پێشبینی بکرێت، ئەوانیش:
سیناریۆی یەکەم: ڕکابەریی ناوخۆیی و گۆشەگیربوونی هەرێم (The Internal ConflictScenario)، لەم سیناریۆیەدا وەها پێشبینی دەكرێت كە ڕێگەی گەشەپێدان بە سەرکەوتوویی تەواو دەبێت، بەڵام بەغداد بەردەوام دەبێت لە سیاسەتی دوورخستنەوەی هەرێمی كوردستانی عێراق و گۆشەگیركردنی، لە ئەنجامدا هەرێمی کوردستان دووچاری تەنگەژەیەكی ئابووریی قووڵتر دەبێت بە هۆی کەمبوونەوەی داهاتی گومرگی و بێبەشبوون لە وەبەرهێنانی گەورە، سەرئەنجام ئەمەش دەبێتە هۆی زیادبوونی ناکۆکیی سیاسی و نیشتمانی لە نێوان هەولێر و بەغداد و ڕەنگە ببێتە هۆی ناسەقامگیریی ئەمنی لە ناوچە جێناکۆکەکاندا کە ڕێگەکە بە لایاندا تێدەپەڕێت. ئەم سیناریۆیە مەترسیی لە سەر سەقامگیریی درێژخایەنی پڕۆژەکە دروست دەکات، چونکە بە بێ ئاسایشی تەواوی باکووری عێراق، پڕۆژەکە بە تەواوی سەرکەوتوو نابێت.
سیناریۆی دووەم: تەواوکاریی هەرێمی و ستراتیژیەتی فرەڕێڕەو (The Multi-Corridor Strategy)، كە بە پێی ئەم سیناریۆیە وا پێشبینی دەكرێت كە بەغداد و هەولێر بە ناچاری دەگەنە ڕێککەوتنێک بۆ ئەوەی هەرێمی کوردستان بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ یان ڕاستەوخۆ لە پڕۆژەی ڕێگەی گەشەپێداندا بەشدار بێت، بۆ نموونە: دروستکردنی هێڵێکی لاوەکی یان بەکارهێنانی ژێرخانی هەرێمی كوردستانی عێراق. لە هەمان کاتدا هەرێم لە ڕێگەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ كۆماری میللیی چین (BRI) و ستراتیژیەتی ”Vision2030”ەوە دەبێتە “ناوەندێکی بازرگانیی جێگرەوە”، بەم پێیە لە ئەنجامدا عێراق وەک ناوەندێکی فرەڕێڕەو دەردەکەوێت کە ڕێگەی گەشەپێدان و ”BRI” تێیدا یەک دەگرنەوە، لەم نێوەندەشدا هەرێمی کوردستان سوود لە هەڵکەوتەی جوگرافیی خۆی وەردەگرێت و دەبێتە خاڵی بەیەکگەیاندنی ڕێڕەوە جیاوازەکان، کە ئەمەش دەبێتە هۆی گەشەی ئابووری و بەهێزبوونی پێگەی سیاسی. ئەم سیناریۆیە پێویستی بە سەقامگیریی سیاسیی ناوخۆیی و هاوکاریی هەرێمی هەیە بۆ ئەوەی بەدی بێت.
بە لەبەرچاوگرتنی سیناریۆكان، دەگەینە ئەوەی كە سەرکەوتنی پڕۆژەی ڕێگەی گەشەپێدان و کاریگەرییەکانی لە سەر عێراق و هەرێمی کوردستان بەندە بەوەی کە ئایا حکومەتی عێراق دەتوانێت لە “لۆژیکی سیاسیی تۆڵەسەندنەوە” دوور بکەوێتەوە و بەرژەوەندیی “نیشتمانیی درێژخایەن” بخاتە پێش. دوورخستنەوەی هەرێم لە پڕۆژەکە هەر چەندە لە ئێستادا وەک سەرکەوتنێکی سیاسی بۆ بەغداد سەیر دەکرێت، بەڵام لە درێژخایەندا مەترسیی لە سەر سەقامگیریی پڕۆژەکە و تەواوکاریی نیشتمانیی عێراق دروست دەکات، هەرێمی کوردستانیش دەبێت بە شێوەیەکی چالاکانە ستراتیژیەتی خۆی پەرە پێ بدات بۆ ئەوەی لەم هاوکێشە نوێیەدا بایەخی خۆی بپارێزێت.
سەرچاوەكان
- Iraq’s Development Road Project: A Path to Prosperity or Instability? Middle East Council on Global Affairs, 24-12-2025,https://mecouncil.org/publication/iraqs-development-road-project-a-path-to-prosperity-or-instability/.
- Iraq Development Road: A Game-Changer for Global Trade,Supply Chain Digital, 24-12-2025, https://supplychaindigital.com/news/iraq-development-road-global-trade-impact.
- What to Know About the Iraq-Turkey-Europe Development Road Project,Wilson Center, 24-12-2025, https://www.wilsoncenter.org/article/what-know-about-iraq-turkey-europe-development-road-project.
- Iraq Development Road Project., Arab Urban, 24-12-2025, https://araburban.org/en/infohub/projects/?id=9838.
- Iraq launches $17bn road and rail project to link Asia and Europe Reuters, 25-12-2025, https://www.reuters.com/world/iraq-launches-17bn-road-rail-project-link-asia-europe-2023.
- Can Iraq’s Development Road challenge US and China trade routes? The National News, 25-12-2025,https://www.thenationalnews.com/business/2024/04/24/can-iraqs-development-road-challenge-us-and-china-trade-routes/.
- Iraq’s Development Road study reveals 6 million jobs, $150 billion investment,Iraqi News, 25-12-2025, https://www.iraqinews.com/iraq/development-road-project-1-6-million-jobs-150-billion-investment/
- IMEC vs. Development Road, Amwaj.media, (n.d.). 25-12-2025, https://amwaj.media/data/imec-vs-development-road)
- Iraq’s Development Road Project: A Path to Prosperity or Instability? Middle East Council on Global Affairs, 25-12-2025, https://mecouncil.org/publication/iraqs-development-road-project-a-path-to-prosperity-or-instability/.
- Power Beneath the Sands: The Investment Approaches of the US and China in Iraq, Fair Observer, 26-12-2025, https://www.fairobserver.com/economics/power-beneath-the-sands-the-investment-approaches-of-the-us-and-china-in-iraq/.
- David’s Corridor: Israel’s shadow project to redraw the Levant,The Cradle, 26-12-2025, https://thecradle.co/articles/davids-corridor-israels-shadow-project-to-redraw-the-levant.
- The David Corridor and Kurdistan’s Future,Times of Israel Blogs, 27-12-2025, https://blogs.timesofisrael.com/the-david-corridor-and-kurdistans-future/
- Geopolitical Dynamics Surrounding Iraq’s Ambitious Development Road Project,Arab Center DC, 27-12-2025, https://arabcenterdc.org/resource/geopolitical-dynamics-surrounding-iraqs-ambitious-development-road-project/.
- Iraq’s Development Road Project: A Path to Prosperity or Instability? Middle East Council on Global Affairs, 27-12-2025, https://mecouncil.org/publication/iraqs-development-road-project-a-path-to-prosperity-or-instability/.
- National Development Plan, UNDP, 2024-2028, https://www.undp.org/sites/g/files/zskgke326/files/2024-12/national-development-plan-2024-2028.pdf.
- Geopolitical Dynamics Surrounding Iraq’s Ambitious Development Road Project, Arab Center DC, 27-12-2025,https://arabcenterdc.org/resource/geopolitical-dynamics-surrounding-iraqs-ambitious-development-road-project/)
- Iraq’s Development Road plagued by economic and security challenges, Majalla, ,27-12-2025, https://en.majalla.com/node/322080/infographics/iraq%E2%80%99s-development-road-plagued-economic-and-security-challenges)
- Rethinking Türkiye – Iraq Connectivity in a Shifting Region,Qatar University Gulf Studies Center, 27-12-2025, https://www.qu.edu.qa/en-us/research/gulfstudies-center/documents/policy%20brief%20revised%202025.pdf.
- Turkey Exports to Iraq,United Nations COMTRADE Database, 26-12-2025, https://tradingeconomics.com/turkey/exports/iraq.
- Kurdistan’s share of Iraq-Turkiye trade reaches $4.25 billion, Shafaq News, 22-12-2025 ,https://shafaq.com/en/Economy/Kurdistan-s-share-of-Iraq-Turkiye-trade-reaches-4-25-billion.
- Kurdistan Investment Reform Map, UNDP Evaluation, 22-12-2025,https://erc.undp.org/api/download?filePath=%2Fdocuments%2F12518%2Fmgmtresponse%2Fkeyaction%2Fdoc_7700683833458038493pdf
- Kurdistan Region tourism projects top $7 billion over five years,media 964, 22-12-2025,https://en.964com/41248/.
- Peregraf, Iraq Moves Forward with First Phase of Development Road Project , 22-12-2-25, https://peregraf.com/en/news/9478.
- The Road That Embodies Iraqi Kurdistan’s Dysfunctional Politics, Newlines Magazine, 21-12-2025,https://newlinesmag.com/reportage/the-road-that-embodies-iraqi-kurdistans-dysfunctional-politics/.
- Rivals within: How Iran and Turkey compete inside Iraq’s fractured politics,Chatham House, 22-12-2025, https://kalam.chathamhouse.org/articles/rivals-within-how-iran-and-turkey-compete-inside-iraqs-fractured-politics/.
- Iraq’s Development Road: No Place for Kurdistan? Carnegie Endowment for International Peace, 12-12-2025, https://carnegieendowment.org/sada/2023/08/iraqs-development-road-no-place-for-kurdistan?lang=en.
- Turkey’s Anti-PKK Operation and “Development Road” in Iraq Are Two Sides of the Same Coin, Washington Institute, 23-12-2025, https://www.washingtoninstitute.org/policy-analysis/turkeys-anti-pkk-operation-and-development-road-iraq-are-two-sides-same-coin.
- Risk and Iraq Reconstruction: Examining the Development Road Megaproject,Luminint, 12-12-2025,https://intsights.luminint.net/risk-and-iraq-reconstruction-examining-the-development-road-megaproject-2/.
- KRI, Iraq Top Destination for Turkish Exports,Kurdistan24, 22-12-2-25, https://www.kurdistan24.net/en/story/851532/kri-iraq-top-destination-for-turkish-exports.
- Kurdistan’s Gas Strategy: A Geopolitical Lifeline,Washington Institute, 12-12-2025, https://www.washingtoninstitute.org/policy-analysis/kurdistans-gas-strategy-geopolitical-lifeline.
كوردی

