ڕۆڵ و كارایی ئایین لە ڕەوشی سیاسیی هەرێمی كوردستاندا
ئلیاس تاهیر

پێشه‌كى:
كۆمه‌ڵگە مرۆییه‌كان له سه‌ره‌تای مێژووەوه بۆ به‌رده‌وامبوون و پێشكه‌وتن پشتیان به چه‌ند ڕه‌گه‌زێك به‌ستووه، هه‌رچه‌نده جۆر و شێوازی ئه‌م ڕه‌گه‌زانه له كۆمه‌ڵگەیه‌ك بۆ كۆمه‌ڵگەیه‌كی تر و كاتێك بۆ كاتێكی تر جیاوازن، به‌ڵام هه‌ندێك له‌م ڕه‌گه‌زانه هه‌ر له سه‌ره‌تاوه هه‌تا سه‌رده‌می ئێستاش به‌رده‌وام ڕۆڵیان له‌سه‌ر لایه‌نه‌كانی ژیانی كۆمه‌ڵگە وه‌ك ئابووری و سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی و کولتووری و ….هتد ماوه و په‌یوه‌ندییه‌كی ڕاسته‌وخۆیان به ژیانی ناو كۆمه‌ڵگەوه هه‌یه. ئایین یه‌كێك له دیارترین و گرنگترین ئه‌م ڕه‌گه‌زانه‌یه كه كاریگه‌ری و ڕۆڵی دیاری هه‌یه له‌ناو كۆمه‌ڵگە، به‌تایبه‌ت له بواری دروستكردنی ڕای گشتی و كۆكردنه‌وه‌ی ده‌نگ له كاتی هه‌ڵبژاردن.
ئایینی ئیسلامیش وه‌ك یه‌كێك له گه‌وره‌ترین و كاریگه‌رترین ئایینه ئاسمانییه‌كانی ئه‌م جیهانه ڕۆڵ و كاریگه‌ری ڕوون و ئاشكرای له‌سه‌ر گۆڕانكاری و شێوازی ژیان و بڕیاردان هه‌بووه له نێو كۆمه‌ڵگە مرۆییه‌كان به تایبه‌ت له ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست، كه ئایینی ئیسلام ئایینی زۆرینه‌ی خه‌ڵكی ئه‌م ناوچانه‌یه و ده‌سه‌ڵاتی سیاسی له وڵاتانی ئه‌م ناوچه‌یه‌ش زۆر كات په‌نایان بۆ ئایینی ئیسلام بردووه بۆ به‌ده‌ستهێنانی ڕای گشتی و پشتگیری جه‌ماوه‌ری، یاخود به‌كاریان هێناوه وه‌ك پاڵپشت بۆ هه‌نگاوه یاسایى و سیاسی و كارگێڕی و كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان. له به‌رامبه‌ر ئه‌مه‌شدا هه‌ندێك جار لایه‌نه‌كانی ئۆپۆزسیۆن له‌م وڵاتانه په‌نایان بۆ ئایین بردووە وه‌ك پاڵپشت و هۆكار بۆ ڕووبەڕووبوونەوە‌ی ده‌سه‌ڵات و لێدان له هه‌ر هه‌نگاو بڕیارێك كه به‌رهه‌م دێت.
هه‌رێمی كوردستانیش كه زۆرینه‌ی ڕه‌های دانیشتوانی كوردن و هه‌ڵگری بیروباوه‌ڕی ئایینی ئیسلامن، ڕۆڵ و كاریگه‌ری ئه‌م ئایینه‌ی زۆر به ڕوونی پێوه دیاره. به زۆرینه‌ی لایه‌ن و گرووپ و پارته سیاسییه‌كانه‌وه و زۆر كات په‌نا بۆ ئایین ده‌برێت و وه‌ك ئامڕازی پاڵپشت بۆ سیاسه‌ته‌كان به‌كاردێت .
له‌به‌ر ئه‌وه‌ی له هه‌رێمی كوردستاندا زیاتر له بیر‌و باوه‌ڕێكی جیاواز هه‌یه له‌نێولایه‌ن و گرووپه ئیسلامییه‌كان و هه‌ریه‌ك به شیكردنه‌وه و لێكدانه‌وه‌ی تایبه‌ت به خۆی ئاڕاسته‌یه‌كی جیاوازی دروست كردو‌وه و هه‌وڵی بەده‌ستهێنانی ڕابه‌رایه‌تی ئایینی ئیسلام ده‌دات و له وێشه‌وه كۆكردنه‌وه‌ی لایه‌نگرو ئه‌ندام و دۆست بۆ به‌هێزكردنی ئه‌م ئاڕاسته‌یه، به پێویستی ده‌زانم له‌م نووسینه‌دا ڕۆڵ و كاریگه‌ریی ئایینی ئیسلام له ڕوانگه‌ی ئه‌م گرووپ و لایه‌نانه و كاریگه‌ری له‌سه‌ر ڕای گشتی بڕیار و هه‌نگاوی سیاسی له هه‌رێمی كوردستان شیبكه‌مه‌وه.
لەکاتی ئێستا دا لەهەرێمی کوردستان چەندین تەوژم ڕەوت و گرووپی، ئیسلامی بوونیان هەیە، هەر چەندە لە بنەڕەتدا یەک سەرچاوەیان وەک بەرنامە هەیە، بەڵام لە چەندین خەسڵەت و دیدی تێڕوانینی جیاوازی ڕوون و ئاشکرایان هەیە ڕەوتی ئیسلامی لە کوردستان دەرئەنجام و هەڵقوڵاوی داب و نەریتی کۆمەڵگەی کوردییە و لەوێوە سەرچاوەی گرتووە، هەرچەندە کاریگەری دەرەکیش کارتێکردنی لەسەری هەبووە.
کەواتە لێره‌دا ده‌بێت ئه‌وه ڕوونبكه‌مه‌وه كه به گشتی سێ ئاڕاسته‌ی سه‌ره‌كی هه‌یه، كه تایبه‌تن به په‌یوه‌ندی ئایین به ژیان و دواتر به تایبه‌ت كایه‌ی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی، یه‌كه‌میان ئاڕاسته‌ی زاڵبونی ڕه‌های ئایینه به‌سه‌ر سیاسه‌ت و هه‌موو لایه‌ن و بواره‌كانی ژیان به كایه‌ی سیاسیشه‌وه. دووه‌میان ئایین ده‌به‌ستێته‌وه به په‌یوه‌ندی تاك به خودای خۆی و دووره له تێكه‌ڵبوونی سیاسه‌ت و كۆمه‌ڵگە، سێهه‌م ئاڕاسته‌ی تێكه‌ڵكردنی ئایین به ژیانی گشتی كۆمه‌ڵگە و ده‌رخستنی ڕۆڵی كاریگه‌ری ئایین به‌ڕوونی له ژیانی ڕۆژانه‌دا، به‌ڵام به خۆپاراستن له تێكه‌ڵبوونی كاری سیاسی.
خاڵێكی گرنگ هه‌یه كه ده‌بێت له‌م باسه‌دا جێگه‌ی تێڕوانین و وردبینی بێت ئه‌ویش ئه‌وه‌یه كه مه‌به‌ست له په‌یوه‌ندیی ئایین و سیاسه‌ت ته‌نیا لایه‌ن و پارتی سیاسی و گرووپه‌كان نییه، كه له كاری ڕۆژانه و په‌یڕه‌وی نێو خۆیاندا ده‌ربكه‌وێت، به‌ڵكو ئه‌م په‌یوه‌ندییه ده‌وڵه‌ت و ده‌سه‌ڵاتی سیاسیش ده‌گرێته‌وه وه‌ك یه‌كه‌ی ئیداری خاوه‌ن سه‌روه‌ری و ڕێكخه‌ر و جێبه‌جێكاری یاسا.
له‌م نووسینه‌دا هه‌وڵ ده‌ده‌ین كه چۆنێتی و شێوازی سوود وه‌رگرتن له ئایینی ئیسلام له‌لایه‌ن پارت و گرووپه‌كانی هه‌رێمی كوردستان بۆ هه‌نگاو و بڕیاره‌كانیان بكۆڵینه‌وه و ئه‌وه ده‌ربخه‌ین كه ئایا هه‌تا چه‌ند ئه‌م پارت و لایه‌نانه توانیویانه ئایین وه‌ك سه‌رچاوه و ئامڕاز به‌كاربهێنن بۆ به‌ده‌ستخستنی سوودی سیاسی و ئابووری؟ ئایا ئه‌م هه‌وڵانه بۆ دروستكردنی په‌یوه‌ندی نێوان ئایین و سیاسه‌ت ڕاست و دروست بوون؟ یاخود گرفت و كێشه‌ی دروستكردووه؟ وه ئایا تا چه‌ند تاكی كوردی له هه‌رێمی كوردستان كاریگه‌ری ئه‌م شێوازه‌ی سیاسه‌تكردنی پێوه دیاره و كاریگه‌ر بووه؟ یاخود بڵێن ئایا كاریگه‌ری ئه‌رێنی هەبووه؟ بۆ ڕوونكردنه‌وه‌ی ئه‌م پرسیارانه و وه‌رگرتنی وه‌ڵامی دروست باسه‌كه‌مان ده‌كه‌ین به چوار خاڵی سه‌ره‌كی و ده‌رئه‌نجامێك.
باسي یه‌كه‌م: ڕه‌وته سۆفیه‌كان:
سۆفیگه‌ری و ئه‌هلی ته‌سه‌وف له كوردستاندا ڕه‌گ و ڕیشه‌ی مێژوویی هه‌یه و زۆر به‌باشی ناسراوه، وشه‌ی ته‌سه‌وف و ده‌روێشیش ئاماژه‌یه بۆ كه‌سانێك كه زیاتر په‌یوه‌ستن به خودا په‌رستی و زیكركردن و گرنگی زۆر ده‌ده‌ن به ڕۆح و به‌هاكان و ڕێزیان بۆ پیاو چاكان زۆره به تایبه‌ت خاوه‌ن ته‌ریقه‌ت و شێخه‌كانیان.
سۆفییه‌كان له كوردستان به ئاسانی جێگای خۆیان له دڵی خه‌ڵكدا كردووه‌ته‌وه به هۆی ئه‌وه‌ی كه دوورن له هه‌موو كرده‌وه‌یه‌كی توندوتیژ و ته‌نیا حه‌زیان به‌كاری چاكه و ئامۆژگارییه و هیچ دژیه‌ك بوون و ڕووبهڕووبوونه‌وه‌یه‌ك دروست ناكه‌ن، هه‌روه‌ها له ڕووی جێبه‌جێكردنی شه‌ریعه‌ته‌وه مه‌زهه‌بی ئیمامی شافیعی په‌یڕه‌و ده‌كه‌ن و ده‌مارگیریان نییه بۆ بابه‌ته جیاوازه‌كانی شه‌ریعه‌تی ئیسلامی.
ڕه‌وتی سۆفیگه‌ری له كوردستان به گشتی دابه‌ش ده‌بن بۆ دوو به‌ش، ته‌ریقه‌تی نەقشبەندی و قادری، کە بریتین لە ته‌ریقه‌تی شیخانی بیاره كه زیاتر په‌یوه‌ستن به مزگه‌وت و خزمه‌تكردنی مزگه‌وته‌كان و دانانی حوجره‌ی فه‌قێ و پێگه‌یاندنی مامۆستای ئایینی به بیر‌و هزری سۆفیگه‌ری و كه‌متر كۆری زیكری گشتی دروست ده‌كه‌ن و لایه‌نی زانستی و ڕۆحی به‌باشی به‌یه‌كه‌وه گرێده‌ده‌ن. به شێكی تری ته‌ریقه‌ت له كوردستان زۆرتر ته‌كیه‌ی ته‌ریقه‌تیان هه‌یه و گرنگی به كۆكردنه‌وه‌ی ده‌روێش و لایه‌نگرانی ته‌ریقه‌ت و شێخ ده‌ده‌ن و كۆڕی زیكری گه‌وره دروست ده‌كه‌ن و وه‌ك عیباده‌تێكی گرنگ ته‌ماشای ده‌كه‌ن و سیمایه‌كی دیاری ده‌رخستنی ته‌ریقه‌ت و بیروباوه‌ڕه‌كه‌یانه.
ئامانجی سه‌ره‌كی سۆفیگه‌ری دروستكردنی مرۆڤى عاريفه، واته مرۆڤی خاوه‌ن ئه‌خلاق كه ده‌توانێت به دروستی مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ خودا و خه‌ڵكدا بكات، بتوانێت ئه‌خلاق خودایی بێت و بتوانێت خۆی بڕازێنێته‌وه به خزمه‌ت و هاوكاری مرۆڤه‌كانی تر و قبوڵی هه‌موان بكات. به‌م شێوه‌یه بۆمان ده‌رده‌كه‌وێت كه ئه‌هلی ته‌سه‌وف خزمه‌تێكی گه‌وره‌یان به هزری ئیسلامی كردو‌وه و له‌م بواره‌دا شێوازێكی نوێ و جیاوازیان دروستكردووه، كه تێڕوانینی كه‌سی موسڵمان بۆ ژیان به گشتی تێڕوانینێكی مرۆڤانه‌ی دروستە.
سه‌باره‌ت به ڕۆڵی سۆفیگه‌ری له‌سه‌ر لایه‌نی سیاسی له هه‌رێمی كوردستان ده‌بێت ئه‌وه‌مان بیرنه‌چێت كه‌له قۆناغه‌كانی مێژووی شۆڕشی كوردستاندا ڕۆڵ و كاریگه‌ری ته‌واویان هه‌بووه و پاش میرو خانزاد و سه‌ركرده‌كانی هۆزه‌كان، شێخ و مه‌لاو ئه‌هلی ته‌سه‌وفی زۆرمان هه‌یه كه سه‌ركردایه‌تی شۆڕ‌شیان كردو‌وه و له‌م ناوه‌نده‌دا جێگه‌ی ده‌ستیان به‌باشی دیاره.
به‌ڵام له واقیعی ئێستای هه‌رێمی كوردستاندا ڕاسته‌وخۆ هیچ به‌شداریه‌كیان نییە و هیچ كات هه‌وڵی ئه‌وه‌یان نه‌داوه وه‌ك گرووپ پارت و ڕێكخراوی سیاسی ده‌ربكه‌ون و به‌شداری پرۆسه‌ی سیاسی بكه‌ن، ئه‌مه‌ش مانای ئه‌وه نییە كه له ئاسته‌كانی تردا هیچ ڕۆڵیان نه‌بێت، به‌ڵكو هه‌ندێك كات ده‌ركه‌وتنی كه‌سی یه‌كه‌می ته‌ریقه‌ت له كاتێكی هه‌ستیاری سیاسی، یاخود هه‌ڵبژاردن له شوێنێكی تایبه‌ت، یاخود له‌گه‌ڵ سه‌ركرده‌ی پارت و لایه‌نێكی سیاسی، ده‌كرێت خوێندنه‌وه‌ی ئه‌وه‌ی بۆ بكرێت كه وه‌ك نامه‌یه‌ك، یاخود په‌یامێك وایه بۆ شوێنكه‌وتوان و لایه‌نگرانی بۆ پشتگیری ئه‌م پارت، یاخود لایه‌نه، یان ده‌ركه‌وتنی شێخانی ته‌ریقه‌ت و پێدانی ئامۆژگاری به شوێنكه‌وتوانی هه‌ندێك جار په‌یامه و خزمه‌تێك ده‌كات كه به شێكی سیاسییه و ده‌بێته خاڵێكی ته‌واو كه‌ر بۆ سیاسه‌تی گشتی ناوچه‌كه.
هه‌رچه‌نده ئه‌وه‌ی گرنگه ڕوونبكرێته‌وه ئه‌وه‌یه كه سۆفیگه‌ری و ئه‌هلی ته‌سه‌وف ڕاسته‌وخۆ هیچ هه‌نگا و ومه‌یلێكی سیاسیان نییە و به‌ژداری له هیچ كایه‌یه‌كی سیاسی‌دا ناكه‌ن و ته‌نیا لایه‌نی ڕۆحی و ئه‌خلاقی مرۆڤه‌كان ئامانجه و كاری له‌سه‌ر ده‌كرێت. به‌ڵام جارێكی تر ده‌بێت ئه‌وه‌مان بیرنه‌چێت له ده‌رئه‌نجامدا تاكی سۆفی به‌هۆی په‌روه‌رده‌ی ڕۆحی و ئه‌خلاقی و مرۆڤ دۆستانه‌ی و پشت به ستن به ئایینی ئیسلام و نواندنی گه‌وره‌ی به‌رامبه‌ر مرۆڤه‌كانی تر، كاریگه‌رده‌بن به‌هه‌ر هه‌نگاو سیاسه‌تێك كه باكگراوندێكی ئیسلامی هه‌بێت، یاخود بۆی دروست بكرێت و زیاتر لایه‌نگری و هاوسۆزی ئه‌هلی ته‌سه‌وف به‌ده‌ست ده‌هێنێت به‌تایبه‌تتر له‌كاتی پڕۆسه‌ی هه‌ڵبژاردن.
كه‌واته بۆمان ده‌رده‌كه‌وێت ئه‌هلی ته‌سه‌وف له كوردستان به هه‌ردوو ته‌ریقه‌تی گه‌وره و به‌ناوبانگ و هه‌موو مورید و ده‌روێش و شوێنكه‌وتوانی به‌هیچ جۆرێك به‌ژداری سیاسی ناكه‌ن و كاری سه‌ره‌كیان له دونیا بریتییه له زیكر و په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ خودا و یارمه‌تی و خزمه‌تی مرۆڤه‌كان له‌سه‌ر زه‌وی.
باسي دووه‌م :- ڕه‌وته سه‌له‌فییه‌كان:
زاراوه‌ی سه‌له‌ف به مانای پێشین دێت و له ڕووی مانای تایبه‌تیه‌وه بریتییه له خه‌ڵكانی سه‌رده‌می پێغه‌مبه‌ر (د.خ) كه هاوه‌ڵانن و شوێنكه‌وتوانی ئه‌وان ،كه به تێگه‌یشتنی زانایانی ئایینی ئیسلام باشترین ئومه‌تی ئیسلامین و ده‌بێت په‌یڕه‌وی له هزر و كار‌و كرده‌وه‌یان بكرێت.
تا ئێرە سەلەفییەكان هاوڕا و كۆكن، بەڵام كاتێك قسە دێتەسەر ئەوەی تێگەیشتنی پێشین بۆ قورئان و سوننەت كامەیە؟ ناكۆكی لە نێوانیان دروست دەبێت و هەریەكەیان تێگەیشتن، دونیابینی و مومارەسەی ئاییندارییانەی خۆی بە دروست دەزانێت، سەلەفییەت چەندین خەسڵەتی هەیە، یەكێك لەو خەسڵەتانە تێگەیشتنی ڕووكەشیانە لە ئایین و گرنگیدانی زۆر بە پەرستش و ڕەفتارە ڕووكەشییەكان، بۆیە هەندێكجار بە سەلەفی ڕووكەشی ناودەبرێن.
هه‌ندێک كات زاراوه‌ی ئوسوڵی-یان بۆبه‌كاردێت كه ئاماژه‌یه بۆ گرووپێك، یاخود كه سانێك كه په‌یڕه‌وی ئایینی ئیسلام دەكەن و ده‌گه‌ڕێنه‌وه سه‌ر بابه‌ته ئه‌سڵی و بنه‌ڕه‌تیه‌كانی ئه‌م ئایینه. به‌گشتی سه‌له‌فییه‌كان به هه‌موو ڕه‌وت و بۆچوونه جیاوازه‌كانه‌وه ده‌گه‌ڕێنه‌وه سه‌ر (شێخ ڕبیع هادی المدخلی) كه به دامه‌زرێنه‌ر و پێشڕه‌وی گشتی سه‌له‌فییه‌كانی جیهان دا ده‌نرێت و پاش مردنی هێشتا نووسراو و فه‌تواكانی هه‌ر به‌رنامه و سه‌رچاوه‌ن بۆ سه‌له‌فییه‌كان له هه‌موو وڵاتانی جیهان و شانشینی عه‌ره‌بی سعودیش زۆر به‌هێزه‌وه پشتیوانی ئه‌م گرووپه ده‌كات.
گرنگترین ئه‌و بنه‌مایانه‌ی كه فیكری سه‌له‌فییه‌تی له‌سه‌ر دامه‌زراوه ئه‌مانه‌ن:
1- گرنگیدانی ته‌واوه‌تی به شوێن كه‌وتن و په‌یڕه‌ویكردن له هه‌موو پاشماوه ئایینییە‌كانی وه‌ك وته و كرده‌وه كه‌له پێشینانی ساڵح به جێماوه و جێبەجێکردنی وه‌ك خۆی. هه‌ر به‌م هۆكاره‌شه زۆرێك پێیان ده‌ڵێن شوێن كه‌وته‌ی ده‌ق، چونكه زۆر به وردی ده‌قه‌كان وه‌ك خۆی جێبەجێ ده‌كه‌ن و مه‌جالی لێكدانه‌وه و تێكه‌ڵكردنی واقیع به‌كه‌می نه‌بيت ناهێڵێته‌وه.
2- ڕه‌خنه‌گرتن و خۆپاراستن له (بدعه) داهێنراوه‌كان له ئاییندا و دژایه‌تی كردنی و خوێندنه‌وه‌ی وه‌ك گومڕایی و له‌ڕێ لادان.
3- گوێڕایه‌ڵی (ولی الامر) كاربه‌ده‌ستان كه ده‌سه‌ڵاتیان به‌ده‌سته‌وه‌یه و ڕێگه نه‌دان به دژایه‌تی كردنیان.
4- ڕه‌تكردنه‌وه‌ی ڕه‌های هه‌موو بیر‌و بۆچوون و گرووپ و لایه‌نه‌كانی تر كه جیاوازن له تێڕوانینی ئایینی له‌گه‌ڵ سه‌له‌فییه‌كان.
5- دژایه‌تی كردنی ده‌رچوون له فه‌رمانی ده‌سه‌ڵاتدارو ڕه‌تكردنه‌وه‌ی شۆڕش و دروستكردنى كێشه و گرفتی سیاسی.
6- گرنگیدان به‌لایه‌نی بیروباوه‌ڕ و ئاداب و ئاكاری ئیسلامی و جێبەجێکردنی له ژیانی ڕۆژانه‌دا.
له‌گه‌ڵ ئه‌مانه‌شدا چه‌ند ڕه‌خنه‌یه‌ك ڕووبه‌رروی سه‌له‌فییه‌كان ده‌بێته‌وه كه له‌م خاڵانه‌دا كورتی ده‌كه‌ینه‌وه:
1- تۆمه‌تی حیزبایه‌تی، هه‌رچه‌نده سه‌له‌فییه‌كان بنه‌مایه‌كی زۆر گرنگی بیروباوه‌ریان بریتییه له دژایه‌تی حزب و سیاسه‌ت و خۆیان زۆر به‌دوور ده‌زانن له‌م بابه‌ته، به‌ڵام زۆرێك له‌وانه‌ی كه به‌دواداچون بۆ شێوازی كاری سه‌له‌فییه‌كان ده‌كه‌ن پێیان وایه زۆر ڕێكخراو و گوێڕایه‌ڵ و تۆكمه‌ن، كه نه‌ك هیچی له حیزب كه‌متر نییە، به‌ڵكو كه‌م له پارته سیاسییه‌كان هه‌یه به‌م شێوه‌یه كاری خۆیان ئه‌نجام بده‌ن.
2- تۆمه‌تی ده‌مارگیری، سه‌له‌فییه‌كان زۆر به‌ده‌مارگیر و توندڕه‌و بۆ بیروباوه‌ڕو ئه‌ندامانی خۆیان ده‌ژمێردرێن و كه‌مترین لێبوردنیان بۆ كه‌سانه‌ی به‌رامبه‌ر و جیاواز هه‌یه له فیكر‌و بۆچووندا، ته‌نانه‌ت له زۆر كاتدا به‌رامبه‌ر به‌ته‌واوه‌تی ڕه‌ت ده‌كه‌نه‌وه.
3- تۆمه‌تی پاساو هێنانه‌وه بۆ ده‌سه‌ڵاتدار له كاتێكدا كه ئه‌و ده‌سه‌ڵاته مافی گه‌ل و هاووڵاتییانی پێشێل ده‌كات و بنه‌ماكانی مافی مرۆڤ و ئازادی ده‌به‌زێنێت.
4- سه‌له‌فییه‌كان به نزیكه‌یی به ته‌نیا شیخ ڕه‌بیع هادی مەدخەلی به زانا ده‌زانن و زیاده‌ی ڕۆی له گرنگیدان به فه‌توا و بیر‌و بۆچوونه‌كانی ده‌كه‌ن.
هه‌رچه‌نده مەلا حەمدی سەلەفی دوای هه‌ره‌سی شۆڕشی ئه‌یلوول ده‌ستیكرد به بڵاوكردنه‌وه‌ی بیری سه‌له‌فییه‌ت له كوردستان، به تایبه‌ت له ده‌ڤه‌ری دهۆك و موسڵ و چه‌ند شوینێكی تر، ئه‌میش له ڕێگه‌ی وانه‌وتنەوەوە، دواتر به هه‌وڵ و كۆششی مەلا حەمدی و چه‌ند كه‌سایه‌تییه‌كی تر دوای ڕاپەڕینی (ئازاری 1991) كولێژی شه‌ریعه و قوتابخانه‌یه‌كی زانستە شەرعییەكان لە دهۆك دروست ده‌كرێت، ئەمەش یەكەمین كۆلێژە له‌و سنووره كرابێته‌وه کە زۆربه‌ی مامۆستاكانی سه‌له‌فیی بوون و پاڵپشتییه‌كی زۆریشی له لایه‌ن سعودیه‌وه لێ ده‌كرا.
دوای ئەمە دەتوانین بڵێین سه‌ره‌تای سه‌رهه‌ڵدان و ده‌ركه‌وتنی فیكری سه‌له‌فییه‌ت له كوردستان ده‌گه‌رێته‌وه ناوه‌ڕاستی ساڵانی هه‌شتاكانی سه‌ده‌ی ڕابردوو كه یه‌كه‌م قوتابخانه به پێشه‌وایه‌تی (عمر سه‌له‌فی) ده‌مه‌زرا به‌ناوی قوتابخانه‌ی عومه‌ری كوری خه‌تاب و له‌م قوتابخانه‌یه‌دا فیكر‌و به‌رنامه‌ی سه‌له‌فییه‌ت ده‌خوێندرا و په‌ره‌ی پێدرا.
به‌ڵام ده‌ركه‌وتنی فيكرى ڕاسته‌قینه‌ی سه‌له‌فییه‌كان له هه‌رێمی كوردستان له كۆتایی ساڵانی نه‌وه‌ده‌كانی سه‌ده‌ی ڕابردوودا بووه و دواتر له سه‌ره‌تای ساڵانی دوو هه‌زاره‌وه به ته‌واوه‌تی وەك گرووپ ده‌ركه‌وتن و بڵاوه‌یان كرد، لە پاش ساڵی (2000) قۆناغێكی تازە بۆ سەلەفییەكانی كوردستان هاتە پێش، دەموچاوی تازەی كەسایەتی سەلەفیی وردە وردە دەركەوتن و سیماكانی مەدخەلی زاڵبوون، لە سەرەتای سەدەی بیستویەك خۆری كەسایەتییەكانی دیكە وردە وردە ئاوابوو. ئەمەش بە دەركەوتنی د. عەبدوللـەتیف ئەحمەد مستەفا (عەبدوللـەتیف سەلەفی) مەدخەلییەكان دیدێكی تایبەتیان بۆ كۆمەڵگە هەیە، بە تێڕوانینی مەدخەلییەكان كۆمەڵگە دابەش بووە بەسەر ئەم سێ چینەدا: هەڵگرانی مەنهەجی سەلەفییەت كە مەبەستیان (مەدخەلییەت)ە، موبتەدیع كە مەبەستیان حزب، ڕەوت و ڕێكخراو و كۆمەڵە ئیسلامییەكانە، كافر كە مەبەستیان ڕێباز و هەڵگرانی ئایینەكانی ترە، لەسەر ئەم بنەمایەش مامەڵە دەكەن، بەلام ڕەوتەکەی تری سەلەفیەکان کە حەلەبییەكانن لەو دابەشكارییەدا هاوڕایانن، بەڵام لەوەدا جیاوازن كە خۆیان بە سەلەفیی ڕاستەقینە دەزانن و مامەڵەشیان لەگەل حزب و ڕێكخراوە ئیسلامییەكان نەرمە و هێندەی مەدخەلییەكان توند نین.
كه ده‌توانین بڵێین لاوازبوونی فیكری سۆفیگەری له‌لایه‌ك و گه‌ڕانه‌وه و پاشه‌كشه‌ی لایه‌نه سیاسییه ئیسلامییه‌كان هۆكاری دیاری زیادبوون و بڵاوبوونه‌وه‌ی فیكری سه‌له‌فییه‌ت بوون.
سه‌له‌فییه‌كان هه‌ر زوو پاش ده‌ركه‌وتن و بڵاوبوونه‌وه یان وه‌ك گرووپێكی خاوه‌ن هزری ئیسلامی دابه‌شبوون جیاوازی ڕوون له نێوانیاندا ده‌ركه‌وت كه بوه هۆكاری سه‌رهه‌ڵدانی چه‌ند گرووپێكی خاوه‌ن ڕاڤه‌ی جیاواز بۆ بنه‌ماكانی ئایینی ئیسلام ، به‌تایبه‌ت بابه‌ته‌كانی په‌یوه‌ست به بیروباوه‌ڕی ئیسلامی و ئه‌م جیاوازیانه‌ش سیمای جیاوازیان به‌خشی به هه‌ریه‌ك له‌م گرووپانه.
لێره‌یدا ده‌بێت تێبینی ئه‌وه بكه‌ین كه مه‌به‌ست له گرووپ و تێڕوانینی جیاوازی سه‌له‌فییه‌كان گرووپه سه‌له‌فییه جیهادییه‌كان نییە، چونكه هه‌ندێك پێیان وایه كه گرووپه چه‌كدار و جیهادییه‌كانیش سه‌رچاوه‌یان له سه‌له‌فییه‌كانه‌وه هاتووه و كاتێك باسی گرووپی سه‌له‌فی ده‌كرێت دابه‌شی ده‌كه‌ن بۆ سه‌له‌فی مه‌دخه‌لی و سه‌له‌فی جیهادی، به ووردبوونه‌وه له مێژووی سه‌رهه‌ڵدان و تێڕوانینی هزری هه‌ریه‌ك له‌م دوو گرووپه ده‌رده‌كه‌وێت زۆر دوورن له یه‌كتر و به بۆچوونی من هیچ خاڵێكی هاوبه‌ش به‌یه‌كیانه‌وه نابه‌ستێته‌وه ته‌نیا ئه‌وه نه‌بێت بنه‌مای سه‌ره‌كی فیكر‌و هزریان ده‌گه‌رێننه‌وه بۆ ئایینی ئیسلام.
سه‌له‌فییه‌كانی كوردستان هه‌رچه‌نده له ڕووی دابه‌شبوونی په‌یوه‌ست بوون (گرووپی) زۆر ورد بوونه‌ته‌وه و هه‌ندێك جار مزگه‌وتێك به ته‌نیا بۆ خۆی گرووپێكه و مامۆستای وتاربێژوو پێش نوێژ سه‌ركرده‌یه،له‌به‌ر ئه‌مه ناتوانرێت به وردی تێڕوانینی هه‌موو ئه‌م ورده گرووپانه‌ش سه‌باره‌ت به واقیعی سیاسی و ئیداره‌ی ده‌سه‌ڵات ڕوونبكرێته‌وه.
ده‌توانین به گشتی سه‌رنج بخه‌ینه سه‌ر سێ ڕه‌وتی سه‌ره‌كی كه له‌كوردستاندا دیارن و لایه‌نگر و شوێنكه‌وته‌ی زۆریان هه‌یه و هه‌ندێكیان خاوه‌نی كه‌ناڵی ڕاگه‌یاندنی بینراو یاخود بیستراون و به‌گشتی به هه‌موو ناوچه‌كانی هه‌رێمی كوردستاندا بڵاوبنه‌ته‌وه.
گه‌وره‌ترین و بڵاوترین ڕه‌وتی سه‌له‌فی له كوردستان ئاماژه‌ی بۆ بكه‌ین ڕەوتی دکتور عەبدوللەتیفە لەمزگەوتی بەهەشت كه خاوه‌نی شوێنكه‌وتوی زۆره و كه‌ناڵی ئاسمانی و ڕادیۆ و بڵاوكراوه‌شیان هه‌یه و ده‌ركه‌وتنیان زۆرتره له هه‌موو سه‌له‌فییه‌كانی تر.
ئه‌م ڕه‌وته هه‌رچه‌نده ڕاسته‌وخۆ هیچ په‌یوه‌ندییه‌كان به سیاسه‌ت و ئیداره‌دانی ده‌سه‌ڵاتی سیاسی نییە و ئه‌مه‌ش له هزر و بیر‌و باوه‌ڕیاندا چه‌سپاوه و پێیان وایه حیزبایه‌تی به تایبه‌ت به باكگراوندی ئیسلامی گومڕایيه و نابێت به هیچ شێوه‌یه‌ك هه‌بێت، له به‌رامبه‌ر ئه‌مه‌شدا ده‌بێت ئه‌وه‌مان بیرنه‌چێت كه‌وه‌ك بنه‌ماكانی پارتی سیاسی ئه‌م ڕه‌وته هه‌موو بنه‌ما سه‌ره‌كی و گرنگه‌كانی پارتی سیاسیان هه‌یه، ته‌نیا ئه‌وه نه‌بێت به‌شداری سیاسی ناكه‌ن، واتا ته‌نیا یه‌ك بڕیار و ئاڵایه‌كیان پێویسته یه‌كسه‌ر ده‌بنه پارتی سیاسی و به‌شداری هه‌ڵبژاردنیش ده‌كه‌ن، باشترین نمونه‌ش سه‌له‌فییه‌كانی وڵاتی میسره كه له‌سه‌رده‌می ده‌سه‌ڵاتی حوسنی موباره‌ك ته‌نیا ڕه‌وتێكی ئایینی بوون و هیچ به‌شدارییه‌كی سیاسیان نه‌بوو، به‌ڵام پاش شۆڕش و ده‌ستپێكردنی قۆناغی نوێ یه‌كسه‌ر به‌یه‌ك بڕیار‌و دانانی ئاڵایه‌ك بوونه پارتێكی سیاسی و ڕۆڵ و كاریگه‌ری گه‌وره‌یان هه‌بوو له پشتگیری سه‌رۆكی ئێستای میسر و نزیكه‌ی چواریه‌كی كورسییه‌كانی په‌رله‌مانی میسریان برد.
هه‌ردوو ڕه‌وته‌كه‌ی تری سه‌له‌فییه‌تیش كه بریتین له‌ڕه‌وتی مزگه‌وتی ئیمان به پێشه‌وایه‌تی مه‌لا عبدالكریم و ڕه‌وتی شوێنه‌كه‌و توانی محمدی مه‌لا فائیق شارەزووری، هه‌مان بیروبۆچوونی ڕه‌وتی یه‌كه‌میان هه‌یه سه‌باره‌ت به ده‌سه‌ڵاتی سیاسی و به‌شداری هه‌ڵبژاردن، به‌ڵام جیاوازییه‌كانیان زیاتر په‌یوه‌ندی به لایه‌نی بیروباوه‌ڕو لێكدانه‌وه‌ی ده‌قه‌كانه.
سه‌له‌فییه‌كان زۆر به كورتی و پوختی ده‌رگای كێشه و ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌یان سه‌باره‌ت به سیاسه‌ت داخستووه ئه‌ویش به بنه‌مایه‌كی فیكریان كه بریتییە لەوەی هه‌ر كه‌سێك به‌هه‌ر شێوه‌یه‌ك ببێته سه‌ركرده و كار به‌ده‌ستی وڵات ئه‌وه وه‌لی ئه‌مره و لادان له فه‌رمانی و دژایه‌تیكردنی نادروسته و سه‌رده‌كێشێت بۆ گومڕایی، هه‌رچه‌نده ئه‌م سه‌ركرده‌یه خراپیش بێت.
به‌ڵام به تێڕوانینی ئێمه سه‌له‌فییه‌كان به چه‌ند شێوازێكی ناڕاسته‌وخۆ به‌شداری سیاسی ده‌كه‌ن، یاخود بڵێین به شێكن له واقیعی سیاسی له هه‌رێمی كوردستان و ڕۆڵیان هه‌یه لە شێوازی ئیداره‌دانی ده‌سه‌ڵاتی سیاسی لەم هه‌رێمەدا.
زۆری ئه‌ندام و شوێنكه‌وتوانی سه‌له‌فییه‌كان كه له‌كاتی ئێستادا به‌شێكی دیاری كۆمه‌ڵگەن به هۆی ڕه‌فتاری دوور له كێشه و خراپه‌كاریان بوونه‌ته هۆكارێكی گرنگی ئارامی و چه‌سپاوی ئه‌منی و ئاسایش و به‌رقه‌راربوونی یاسا و به‌هێزی بواری كۆمه‌ڵایه‌تی له هه‌رێمی كوردستان، كه‌ئه‌مه خاڵێكی گرنگ و باش به‌رێوه‌چونی كاروباری ده‌سه‌ڵاتی سیاسییه.
له‌لایه‌كی تره‌وه به‌هۆی دژایه‌تیان بۆ به‌شداری سیاسی و ده‌نگدان له هه‌ڵبژاردنه‌كان وا ده‌كات به‌شێكی زۆری ئه‌م كۆمه‌ڵگه‌یه به‌شداری سیاسی نه‌كات،كه له ئه‌نجامدا به سوودی ده‌سه‌ڵاتێكی سیاسییه كه مه‌به‌ستی مانه‌وه و درێژه‌دان بێت به‌م شێوازەی به‌ڕێوه‌بردن.
به‌هه‌مان شێوه به هۆی ئه‌وه‌ی كه پێیان وایه خاوه‌ن ده‌سه‌ڵاته‌كان وه‌لی ئه‌مرن و ده‌رچوون له فه‌رمان و شۆڕش دژیان نادروسته و هه‌ندێك جار ده‌بێته كوفر ، وه له‌به‌ر ئه‌وه‌ی خه‌ڵكانێكی زۆر له هاووڵاتییان به هۆی فیكری ئیسلامی و كاریگه‌ری ئه‌م ئایینه گوێڕایه‌ڵی ئه‌م ڕه‌وته سه‌له‌فیانه ده‌كه‌ن و له پڕۆسه‌ی هه‌ڵبژاردندا زۆری ده‌نگه‌كان ده‌چنه گیرفانی ده‌سه‌ڵاتداران.
هه‌روه‌ها به‌هۆی ڕێگه‌نه‌دان به دژایه‌تی و شۆڕش و خۆپیشاندانیش دژی ده‌سه‌ڵات ، جارێكی تر سه‌له‌فییه‌كان ده‌بنه‌وه هۆكاری كه‌م بوونه‌وه‌ی ئه‌م كارانه و كاڵ‌بوونه‌وه‌ی لای زۆرینه‌ی خه‌ڵك و لایه‌نه‌كانی تر ناتوانن ئه‌م كارانه وه‌ك ئامڕاز به‌كاربهێنن دژی ده‌سه‌ڵات ، هه‌موو ئه‌مانه‌ش ڕۆژانه و هه‌فتانه له مزگه‌وته‌كانه‌وه به گوێی خه‌ڵكدا ده‌درێت.
له‌لایه‌كی تره‌وه سه‌له‌فییه‌كان ده‌بنه‌وه هۆكاری به هێزی ده‌سه‌ڵات و لاسه‌نگی ده‌سه‌ڵاتدارێتی به‌لای ده‌سه‌ڵاتداران ئه‌ویش به‌هۆی ده‌ركه‌وتنی هه‌ندێك له سه‌ركرده‌ی ئه‌م ڕه‌وتانه لەگەل سەرکردەی لایەنەکانی تر له سه‌روبه‌ندی هه‌ڵبژاردن یاخود هه‌ر گۆڕانكاریه‌ك كه له وڵات دێته پێش ،كه ئه‌مه‌ش وا خوێندنه‌وه‌ی بۆ ده‌كرێت كه پشتگیری ناراسته‌وخۆیه و له‌كه‌ناڵه‌كان ڕه‌واجی پێ ده‌درێت.
به‌گشتی سه‌له‌فییه‌كان به هه‌موو ڕه‌وت و گرووپ و بیروبۆچوونه جیاوازه‌كانیان به هۆی به‌فه‌رززانینی گوێڕایه‌ڵی فه‌رمانڕه‌وا له وڵات‌دا و ڕێگه نه‌دان بۆ دژایه‌تیكردنیان ده‌بنه هۆكاری ئارامی سیاسی و به‌هێزبوونی ده‌سه‌ڵات دژی هه‌موو لایه‌نه‌كانی تری ئۆپۆزسیۆن.
سێهه‌م:- ڕه‌وته ئیسلامییه جیهادییه‌كان:
مه‌به‌ست له‌م ڕه‌وتانه ئه‌و لایه‌ن و گرووپه ئیسلامیانه‌ن كه خاوه‌نی بیروباوه‌ڕێكی جیاوازن له‌گه‌ڵ سه‌له‌فییه‌كان و پێیان وایه به شێكی گرنگی بیروباوه‌ر ئه‌وه‌یه كه ده‌بێت هه‌ڵوێست هه‌بێت به‌رامبه‌ر هه‌موو بوار و لایه‌نه‌كانی ژیان به تایبه‌ت سیاسه‌ت و ده‌سه‌ڵات و له كاتی پێویستدا دژایه‌تی و هه‌وڵدان بۆ گۆڕینی ده‌سه‌ڵاتی سیاسی ئه‌گه‌ر پێویست به توند و تیژیش بكات.
به‌ڵام ئه‌م ڕه‌وتانه‌ش دابه‌شبوونیان هه‌یه له‌ڕووی تێڕوانین بۆ ئه‌و شێوازه‌ی كه پێویسته بگرێته به‌ر بۆ ڕووبه‌روو بوونه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی سیاسی كاتێك له ماف و ئازادیه‌كان لایدا و ئایین و دابوونه‌ریتی هاووڵاتییانی خسته مه‌ترسیه‌وه، به‌شێك پێیان وایه پێویسته ته‌نیا ڕێگا یاسایی و كارگێریه‌كان به‌كاربهێندرێت و به هیچ شێوه‌یه‌ك په‌نا بۆ هێز نه‌برێت، به‌ڵام به‌شێكی تر پێچه‌وانه‌ی ئه‌م بۆ چونه‌ن و پێیان وایه پاش ئه‌وه‌ی ڕێگا یاسایی و ڕێگه پێدراوه‌كان سوودی نه‌بوو یاخود كاریگه‌ری نه‌بوو، پێویسته په‌نا بۆ هێز ببرێت.
بانگەشەكردن بۆ فەرمانڕەوایەتی ئیسلام و جێبەجێكردنی حوكمی شەریعەت لەلایەن حزبە ئیسلامییەكانەوە، بووەتە بەشێك لە ناسنامە و دونیابینی ئەوان، ئەمەش زۆرتر ئەوەی تێدا دەخوێندرێتەوە كە ئەو حزبانە بڕوایان بە یەكجۆر بیركردنەوە و یەك مۆدێڵی حوكمڕانی هەیە و دەستاودەستكردنی دەسەڵات ڕەتدەكەنەوە، بە گەڕانەوە بۆ ئەدەبیاتی حزبە ئیسلامییەكان ئەم بابەتە بۆ خوێنەر ڕۆشنتر دەبێتەوە.
له هه‌رێمی كوردستاندا ئه‌م دوو ڕه‌وته له سێ پارتی سیاسی‌دا ده‌ركه‌وتووه، كه بریتین له یه‌كگرتووی ئیسلامی كوردستان و كۆمه‌ڵی دادگه‌ری كوردستان و بزووتنه‌وه‌ی ئیسلامی كوردستان.
یه‌كگرتووی ئیسلامی كوردستان پارتێكی سیاسی ئیسلامییه كه بنه‌مای سه‌ره‌كی هزر و تیۆریان له حه‌سه‌ن به‌نا وه‌رگرتووه، كه له چاره‌كی یه‌كه‌می سه‌ده‌ی ڕابردوو له وڵاتی میسر ژیاوه و به خاوه‌نی بیرۆكه‌ی سه‌ره‌كی برایانی موسڵمان (ئیخوان مسلمین) داده‌نرێت و پاش ماوه‌یه‌كی كه‌م ئه‌م تیۆره‌ی حه‌سه‌ن به‌نا به خێرایی له وڵاتانی ئیسلامی بڵاوه‌ی كرد و له زۆرینه‌ی ئه‌م وڵاتانه وه‌ك پارت و گرووپ ده‌ركه‌وتن.
بیروباوه‌ڕی سه‌ره‌كی برایانی موسڵمان بریتییه له تێكۆشان بۆ زیندووكردنه‌وه و گه‌یاندنی ئیسلام به هه‌موو تاكێكی ئه‌م جیهانه به هه‌موو شێوازێكی شیاو و گونجاو ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر پێویست به دروستكردنی پارتی سیاسیش یكات، چونكه به شێكی گرنگی هزری برایانی موسڵمان بریتییه له چاكسازی له ده‌سه‌ڵاتی سیاسی و هه‌وڵی گۆڕین و وه‌رگرتنی ده‌سه‌ڵات ده‌دات، ئه‌مه‌ش ده‌گه‌رێته‌وه بۆ ئه‌وه‌ی كه پێیان وایه ناتوانرێت خزمه‌تی هاووڵاتی بكرێت و شه‌ریعه‌ت بچه‌سپێت ئه‌گه‌ر ده‌سه‌ڵاتت به ده‌سته‌وه نه‌بێت.
بیرۆكه‌ی ئیخوان موسلمین پاش ماوه‌یه‌كی زۆر كه‌م له ده‌ركه‌وتنی حه‌سه‌ن به‌نا له وڵاتی میسر كاتێك محمد محمود سه‌واف سه‌ردانی وڵاتی میسری كردوو چاوی به حه‌سه‌ن به‌نا كه‌وت له ساڵی 1944 گه‌رایه‌وه وڵاتی عێراق و ئه‌م ڕه‌وته‌ی دامه‌زراند به‌ناوی (گرووپی برایانی موسڵمان) كه شێخ أمجد زوهاویش هاوكاری بووه و پاش ئه‌و سه‌ركردایه‌تی ئه‌م ڕه‌وته‌ی وه‌رگرت و به‌رده‌وام بوون هه‌تا دواتر و له ساڵی 1954 كه‌وتنه به‌ر ڕاوه‌دونان و داخستنی شوێن و باره‌گاكانیان، به‌ڵام ئه‌م ڕه‌وته زیاتر بره‌ویان به‌كاریان داوبڵاوه‌یان كرد بۆ هه‌موو عێراق به هه‌رێمی كوردستانیشه‌وه.
له هه‌رێمی كوردستان ئه‌م ڕه‌وته ده‌ستیان به‌كاری نهینی و ڕێكخستن كرد و له زۆربه‌ی ناوچه‌كان زۆرێك مامۆستای ئایینی و كه‌سایه‌تی ناوداریان بۆ لای خۆیان ڕاكێشاو ئه‌م كاره به نهێنی مایه‌وه هه‌تا دوای ڕاپه‌ڕینی 1991 له كوردستان و پاش زه‌مینه‌سازی له ساڵی 1994 به فه‌رمی وه‌ك پارتێكی سیاسی ده‌ركه‌وتن.
یه‌كگرتووی ئیسلامی كوردستان جگه له هه‌وڵدان بۆ په‌نا بردن بۆ هێز هه‌موو شێواز و ڕێگایه‌كی مه‌ده‌نیانه‌ی گرتوه‌ته به‌ر بۆ گه‌یشتن به ئامانجه‌كانی كه له دوو خاڵی سه‌ره‌كیدا ده‌رده‌كه‌وێت كه بریتین له بانگه‌وازی خه‌ڵك بۆ ئایینی ئیسلام و گه‌یشتن به ده‌سه‌ڵات.
بە درێژایی تەمەنی سیاسیی، یەكگرتوو هەوڵیداوە لە ئەدەبیاتی خۆیدا وەك حزبێكی كوردستانی خۆی نمایش بكات، بۆیە لە پەیڕەوی ناوخۆدا بە سادەیی و ناڕاستەوخۆ باس لە بابەتی خیلافەت و ئوممەتی ئیسلام دەكات، لە بنەما گشتییەكانی كاری یەكگرتوودا لە بڕگەی چوارەم هاتووە كە “گەلی كورد بەشێكە لە ئوممەتی ئیسلام و مافی خۆیەتی خاوەنی گشت مافە ڕەواكانی بێت وەك هەموو گەلانی تری موسڵمان
لایه‌نێكی گرنگی سیاسه‌تی یه‌كگرتووی ئیسلامی بریتییه له گرینگی‌دان به ڕێكخراوه خێرخوازییه‌كان، كه خزمه‌تی هاووڵاتییان ده‌كه‌ن بێ به‌رامبه‌ر و به‌شێك له ژێر خانی ئابووری زیندوو ده‌كه‌نه‌وه له ڕێگه‌ی خزمه‌تگوزاری ته‌ندروستی و كۆمه‌ڵایه‌تی و ئابووری…..هتد
هه‌روه‌ها ڕۆڵ و كاریگه‌ریان له واقیعی سیاسی هه‌رێمی كوردستاندا به ڕوونی دیاره به هۆی هه‌بوونی لایه‌نگری زۆر و به ده‌ستهێنانی ڕێژه‌یه‌ك كه بوونیان له په‌رمان بسه‌پێنێت و چه‌ند جارێك وه‌رگرتنی پۆستی وزاری و به‌شداری له حكومه‌ت بوه‌ته هۆی هه‌بوونی ڕۆڵیان له چه‌سپاندنی هزری ئیسلامی وه‌ك باكگراوندێك له هه‌ندێک یاسا و بڕیاردا كه حكومه‌ت ده‌ری ده‌كات. به گشتی ڕۆڵی له‌سه‌ر سیاسه‌تی هه‌رێمی كوردستان هه‌بووه.
هه‌ردوو پارته ئیسلامییه‌كه‌ی تری كوردستان له بنه‌ڕه‌تدا یه‌ك پارتی سیاسی بوون كه‌له ساڵی 1987 له‌سه‌ر ده‌ستی مامۆستا شیخ عبداللطیف و مامۆستا مه‌لا عوسمان عبدالعزیز و چه‌ند زانا و ناودارێكی كورد دامه‌زرا وه‌ك بزووتنه‌وه‌یه‌كی دژ به‌رژێمی به‌عس به تێڕوانین و بنه‌مای فیكری ئایینی ئیسلام ، ئه‌م پارته به‌رده‌وام بوو هه‌تا دوای ڕاپه‌ڕینی ساڵی 1991 كه وه‌ك هێزێكی سیاسی چه‌كدار ده‌ركه‌وتن و به‌شداری یه‌كه‌م هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی هه‌رێمی كوردستانیان كرد، بزووتنه‌وه‌ی ئیسلامی وه‌ك هێزێكی سیاسی مایه‌وه له هه‌رێمی كوردستان هه‌تا به‌هۆی هه‌ندێك ناكۆكی ناوخۆیی و پاشان دروستكردنی بزوتنەوەی یەكبوونی ئیسلامیی، دواتر پارتێكی سیاسی لێ جیابوه‌وه به ناوی كۆمه‌ڵی دادگه‌ری كوردستان و هه‌تا كاتی ئێستاش هه‌ردوو پارته‌كه له‌كاری سیاسیان له هه‌رێمی كوردستان به‌رده‌وامن.
له سه‌رتای دروستبوونی ئه‌م پارته ئیسلامییه‌وه بنه‌مای فیكریان به‌روون و ئاشكرایی له په‌یڕه‌وی ناوخۆی پارته‌كه‌دا چه‌سپاندووه، كه بریتییه له هه‌وڵدان بۆ چه‌سپاندنی شه‌ریعه‌ت و دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌ت، یاخود ده‌سه‌ڵاتێك له‌سه‌ر بنه‌مای ئایینی ئیسلام و هێزی چه‌كداریش وه‌ك زه‌روره‌تێكی گه‌یشتن به‌ئه‌م ئامانجه له‌كاتی پێویست ته‌ماشا كراوه.
هه‌رچه‌نده وه‌ك بنه‌مای فیكری له‌نێو په‌یڕه‌وی ئه‌م دوو پارته به ئاشكرایی باسی هێزی چه‌كدار نه‌ماوه، به‌ڵام به‌روونی ئه‌وه دیاره كه بیروباوه‌ڕی جیهاد و تێكۆشان دژی زوڵم وسته‌م ئه‌گه‌ر به‌هێزیش بێت هێشتا له هزرو فیكریان ڕه‌نگدانه‌وه‌ی هه‌یه و به هۆی گۆڕانكاری ناوخۆی و هه‌رێمی له‌كاتی ئێستادا ده‌ستبه‌رداری ئه‌م هه‌نگاوه بوون.
ده‌توانین ڕوونتر ئه‌وه بڵێین كه بزووتنه‌وه ئیسلامییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان به تێپه‌ڕبوونی كات و گۆڕانكارییه ناوخۆی و هه‌رێمییه‌كان زۆرێك له بیروباوه‌ڕ بنه‌ما فیكرییه‌كانیان گۆڕیوه، یاخود هه‌مواریان كردووەته‌وه، یان هه‌ڵیان په‌ساردوه، ئه‌مه‌ش ئه‌وه ده‌گه‌یه‌نێت به ته‌ماشا كردنی ئه‌زموونی ساڵانی ڕابردووی خه‌باتی ئه‌م هێزانه ده‌رده‌كه‌وێت كه هه‌ر چه‌نده قورسیش بوو بێت توانای خۆڕاگری و خۆگونجاندنیان هه‌یه بۆ ژینگه‌ی جیاواز و به‌رامبه‌ر فشاره‌كان هێزی مانه‌وه‌یان هه‌یه.
له واقیعی سیاسی هه‌رێمی كوردستاندا ئیسلامییه‌كان ڕۆڵی گه‌وره‌یان هه‌بوه به به‌شداری به‌هێزیان له په‌رله‌مان و پاشان له حكومه‌ت و ده‌ستكردن به خزمه‌ت وه‌ك هه‌موو پارته‌كانی تر به تایبه‌ت ده‌سه‌ڵاتی سیاسی، به‌ڵام ئه‌وه‌ی كه زۆر گرنگه به‌لای سیاسییه ئیسلامییه‌كان ئه‌وه‌یه به توندی بانگه‌شه‌ی ئه‌وه ده‌كه‌ن كه ئه‌وان به‌شێك نین له هه‌موو ئه‌م كاره‌سات و گه‌نده‌ڵی و كێشه و گرفته‌ی كه ده‌سه‌ڵاتی سیاسی هه‌رێمی كوردستاندا هه‌یه‌و ئه‌مان هیچ به‌رپرسیاریه‌تیه‌ك له ئه‌ستۆ ناگرن،به‌ڵكو به پێچه‌وانه‌وه زۆر هه‌وڵی ئیسلامییه‌كان به ته‌نیا یاخود له‌گه‌ڵ پارته كانی تریشدا هه‌بوه بۆ چاكسازی ،به‌ڵام وه‌ڵام نه‌دراوه‌ته‌وه‌و ئه‌نجامی نه‌بوه.
هه‌رچه‌نده پارته ئیسلامییه‌كان هه‌تا ئێستا له‌كاری سیاسی ماون و ڕۆڵیان هه‌یه،به‌ڵام ئیسلامییه‌كان خۆیان و نه‌یاره‌كانیشیان پێیان وایه كه ئه‌م پارتانه پێویستیان به پێداچونه‌وه‌ی ڕاسته‌قینه هه‌یه به‌كارو به‌رنامه‌یان هه‌تا بتوانن له واقیعی سیاسی هه‌رێمدا ڕۆڵی به‌رچاوترو بگێڕن و نزیكتربن له شێوازی به‌ڕێوه‌بردنی سیاسه‌ت و هه‌ڵبژاردن.
چوارم: پارته سیاسییه عالمانییە‌كان:-
به گشتی وه‌ك پله‌به‌ندی هه‌موو ئه‌و پارتانه‌ی كه ڕاسته‌وخۆ له په‌یڕه‌وی ناوخۆیاندا ته‌نیا سه‌رچاوه‌ی هزر و كاریان ئایینی ئیسلام نه‌بێت و ئامانجیان چه‌سپاندنی شه‌ریعه‌تی ئیسلام نه‌بێت به ته‌نیا، ئه‌م پارتانه وه‌ك پارتی سیاسی عەلمانی وه‌سف ده‌كرێن كه زیاتر هه‌ڵگری بیروباوه‌ڕی سوشیال و دیموكراتن و كار له‌سه‌ر ئازادی و مافه‌كانی مرۆڤ و سه‌روه‌ری یاسا ده‌كه‌ن.
هه‌رێمی كوردستان به‌هۆی ئه‌وه‌ی زۆرینه‌ی ڕه‌های خه‌ڵكه‌كه‌ی هه‌ڵگری ئایینی ئیسلامن، ئه‌گه‌ر ئه‌ندام و لایه‌نگری ڕه‌وته ئیسلامییه‌كانیش نه‌بن، ئه‌مه وایكردوه ئه‌م پارته سیاسیانه‌ش هه‌ر ئیسلام وه‌ك بنه‌مایه‌ك له‌كارو په‌یڕه‌ویان سه‌یر بكه‌ن و له ژێر كاریگه‌ری گشتی داب و نه‌ریتی كۆمه‌ڵگەدا بن، هه‌ر له‌به‌ر ئه‌مه هه‌ندێ كات په‌نا بۆ ئایینی ئیسلام ده‌به‌ن بۆ ساغكردنه‌وه‌ی سیاسه‌تێك یاخود ڕازیكردنی میلله‌ت له كاتی پێویست و به‌ده‌سهێنانی ڕای گشتی، هه‌روه‌ها زۆر كات بۆ وه‌ڵامدانه‌وه و به‌ره‌نگاری پارته ئیسلامییه‌كان پێویستیان به ئه‌مه ده‌بێت.
بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش زۆر ڕێگا ده‌گرنه‌به‌ر، وه‌ك گرنگی دان به هه‌ندێك مامۆستای ئایینی و شێخ و كه‌سایه‌تی ئیسلامی گه‌وره و ده‌رخستنیان له‌كاتی پێویست و هه‌ندێك كات پێدانی پله‌وپایه‌ش له پارته‌كاندا یاخود له حكومه‌ت.
هه‌روه‌ها له ڕێگه‌ی مینبه‌ری مزگه‌وته‌كانه‌وه زۆر كات ئامانج و مه‌به‌ستێك بڵاو ده‌كرێته‌وه كه كاریگه‌ری له‌سه‌ر ڕای گشتی هه‌بێت و ئایینی ئیسلام وه‌ك ڕێزلێگراو موقه‌ده‌س سه‌یربكرێت.
به‌هه‌مان شێوه له كه‌ناڵه‌كانی ڕاگه‌یاندنه‌وه هه‌رچه‌نده كه‌میش بێت به‌رنامه‌ی ئایین و موناجات و چاوپێكه‌وتن له‌گه‌ڵ كه‌سایه‌تی ئایینی و یادكردنه‌وه‌ی بۆنه ئایینییه‌كان به‌شێكی تری ئه‌م گرینگی‌دان و ده‌رخستنی نزیكیانه له ئایینی ئیسلام
له‌لایه‌نی په‌یوه‌ندییه سیاسییه‌كانیشه‌وه به‌رده‌وام هه‌وڵ ده‌ده‌ن په‌یوه‌ندی باش و ڕێكه‌وتنیان له‌گه‌ڵ لایه‌نە ئیسلامییه‌كاندا هه‌بێت و وه‌ك یه‌ك هه‌ڵوێست و به‌رنامه ده‌ربكه‌ون.
جگه له‌مانه‌ش ئه‌م پارتانه چه‌ند ڕێكخراوێكی خێرخوازیان دروستكردوه كه هاوكاری كه‌م ده‌رامه‌ت و هه‌ژاران و لێقه‌ومان ده‌كات و به‌مه‌ش هه‌ست و سۆزی هاووڵاتییان ڕاده‌كێشێت و سۆزیان به ده‌ست ده‌هێنێت كه ئه‌م هه‌نگاوه وه‌ك كارێكی ئایینی سه‌یر ده‌كرێت.
كه‌واته پارته سیاسییه عەلمانییە‌كان زۆر كات هه‌وڵ ده‌ده‌ن و به‌رنامه‌ڕێژیی ده‌كه‌ن كه بتوانن به شێك بن له ڕای گشتی هاووڵاتییان به دروستكردنی پردێكی پته‌و بنه‌ما له‌سه‌ر ئایینی ئیسلام ، كه دواتر ده‌بێته هۆكارێكی دیار بۆ نزیكیان له ئایینی ئیسلام و وه‌ڵامدانه‌وه‌ی ئه‌وانه‌ی كه به دژ یاخود نه‌یاری ئایین وه‌سفیان ده‌كه‌ن.
ده‌رئه‌نجام
1- ئایین كاریگه‌ری ڕوونی هه‌یه له‌سه‌ر هه‌موو كایه‌كانی سیاسه‌ت له هه‌رێمی كوردستان و هۆكاره بۆ زۆرێك له ڕووداو و هه‌نگاو و هه‌ڵوێسته‌كان.
2- ڕەوتە ئیسلامیەکان به زۆر قۆناغی جیاوازی یەکگرتن و لێکترازان و به ڕز و نزمی تێپەڕیون، بەڵام هەر بەشێك بوون له بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی گەلی کورد و لە شۆڕشە یەک لەدوای یەکەکان ڕۆڵیان هەبووە .
3- ڕه‌وتی سۆفیگه‌ری هه‌ر چه‌نده بنچینه‌ی مێژووی هه‌یه له هه‌رێمی كوردستان و خاوه‌ن پێگه و مورید و ته‌كیه و ته‌ریقه‌تن، به‌ڵام له مه‌یدانی سیاسه‌تدا ڕۆڵێكی زۆر كه‌م و لاوازیان هه‌یه ناگاته ئاستی كاریگه‌ری و گۆڕانكاری دروستكردن.
4- سه‌له‌فییه‌كان به‌هه‌موو دیدو تێڕوانینی جیاوازه‌وه له كاتی ئێستادا له هه‌رێمی كوردستان زۆرینه‌یه‌كی ئیسلامی پێكده‌هێنن و له زۆرلایه‌نی ژیانی كۆمه‌ڵگەدا ڕۆڵیان دیارە، سیاسه‌تیش وه‌ك بوارێكی گرنگ سه‌له‌فییه‌كانی له خۆی نزیك كردووه‌ته‌وه و ناراسته‌وخۆ ڕۆڵیان له‌م مه‌یدانه‌دا ده‌ركه‌وتووه.
5- ڕه‌وته جیهادییه‌كان وه‌ك پارتی سیاسی كاریان ئه‌نجام ده‌ده‌ن له هه‌رێمی كوردستان و هه‌وڵیان بۆ به‌شداریكردنه له بواری سیاسه‌ت و ده‌سه‌ڵات، ڕۆڵیان دیاره و به هۆی به‌شداریان له په‌رله‌مان و حكومه‌ت و ڕێككه‌وتن و لێكتێگه‌یشتنی نێوان پارته سیاسییه‌كان بوونیان له سیاسه‌ت و ده‌سه‌ڵات له هه‌رێمی كوردستان به ڕوونی دیاره و له زۆر كاتدا هۆكاری گۆڕانكاری، یاخود چاكسازی بوون.
6- پارته سیاسییه عالمانییە‌كانیش كه خاوه‌ن ڕۆڵی سه‌ره‌كین له سیاسه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌هۆی باڵابوونی ئایینی ئیسلام له‌م هه‌رێمه زۆربه‌ی كات پشت به ئایین ده‌به‌ستن و به‌كاری ده‌هێنن وه‌ك هۆكاری پاڵپشت بۆ بریارو یاسا و سیاسه‌ته‌كانیان.
سه‌رچاوه‌كان
1- أحمد خمیس و محمد الطیار ،إستخدام ا‌لدین فی الحیاه السیاسییه،من الانترنیت
http://journals.ekb.eg.
2- یاسر الزعاتره ، إستخدام ا‌لدین فیی الحیاه السیاسییه أم السیاسییه للدین؟من ألانترنیت
https://www.aljazeera.net/opinions/2014.
3- محمد ابوبكر،الاسلامیون فی كوردستان التحدیات والتطلعات ،انترنیت.
4- د. محسن عبدالحمید ، الاخوان المسلمون فی العراق (1945-2003) دار الأمون للنشر والتوزیع ،الطبعه الاولی ،2011
5- إیمان عبدالحمید الدباغ ،نشأه حركه الاخوان فی العراق(1959-1971) ڕساله دكتوراه ، دار الأمون للطباعه والنشر،الطبعە الاولی ،2011
6- إیمان الدباغ ،إنجازات الاخوان المسلمین فی العراق التربویه،مجله جامعه كركوك ،م7 ،العدد3 ، سنه 2012.
7- د.خدیجه النبراوی، موسوعه اصول الفكر السیاسی و الاجتماعی والاقتصادی من نبع السنه الشریفه و هدی الخلفاء الراشدین، دار السلام للطباعه والنشرو التوزیع والترجمه ، الطبعه الاولى،2004.
8- محمد عابد الجابری ، ا‌لدین والدوله و تطبيق الشریعه، مركز دراسات الوحده العربیه، بیروت ، الطبعه الثانییە،2004
9- أبوبكرعلی،ئيسلام وته‌وژمی ئيسلامی له‌به‌رده‌م جه‌نگی شێواندنی وێنه‌كاندا،چاپی یەکەم،٢٠٠٣.
10- د.قحطان عبدالرحمن,بيروباوه‌ری ئيسلامى و مه‌زهه‌به‌كانی,وه‌رگێڕانی:زێبارعزيزخان مهاجر,نوسینگه‌ی ته‌فسیر, هه‌ولێر,چاپی یه‌كه‌م, 2015
11- ئیدریس سیوەیلی، ڕەوتی ئیسلامی لە باشووری کوردستان 1964-1991 چاپی دووەم، 2009.
12- ئیدریس سیوەیلی، سەلەفییەت لە باشووری کوردستان مێژوو قەبارە و دونیا بینی ، وەرزنامەی ئایینناسی ، سەنتەری لێکوڵینەوەی ئاییندەیی ژماره / 4 ، سالی یه که م، تشرین یەکەم / 2023 .
13- مەولود باوه مراد ، حزب و کۆمەڵە که سیاسییه ئیسلامیەکان و پرسی نوێگیری، وەرزنامه یا ئایینناسی، ژماره /9، سالی سێهەم ، کانونی دووه م، 2025 .
14- ئیدریس سیوەیلی، له دەوڵەتی خیلافەتەوه بۆ دەستاو دەستکردنی دەسەڵات دیدگای حزبه ئیسلامیەکانی کوردستان ، وەرزنامەی ئایینناسی، ژماره (7) سالی دورەم ، تەمموزی 2024
15- لقمان محمد قادر ، پێگەی شێخانی نەقشبەندی لە هەڵەبجەو هەورامان (1918-1958) نامەی ماستەر ، زانکۆی سلێمانی ، کۆلێژی زانستە مرۆڤایەتیەکان ، بەشى ميژوو ,2023
كوردی

