• Google Plus
  • Rss
  • Youtube
November 9, 2025

کۆماری قوبرسی تورکی یان نیمچەدوورگەی دۆسیە هەستیارەکان

ئەحمەد سیروانی/ فەرزان چاڵشکان

کاتێک گوێمان لە وشەی “قوبرس” دەبێت، بیرمان بە لای کۆمارێکی تورکیدا دەڕوات، کە تەنها لەلایەن کۆماری تورکیاوە دانیپێدانراوە. لە هەمان کاتدا “قوبرس” ئاماژەیە بۆ نیمچەدوورگەیەک لە “سێکس، سپیکردنەوەی پارەو بازرگانیی خوێندن”.

دوای ئازادکردنی دوورگەی قوبرس‌و ڕاگەیاندنی سەربەخۆیی لە ساڵی (١٩٦٠)، کودەتای سەربازیی یۆنانییەکانی قوبرس دوورگەکەی دابەشکرد بۆ دوو نیمچەدوورگە لە ڕووی سیاسی‌و کارگێڕییەوە، ئەوانیش قوبرسی باشوورو قوبرسی باکوورن.

ئێستا کێشەی قوبرس تەنها وەک بابەتی دوو وڵاتی دانپێدانەنراوی نێودەوڵەتی‌و بەستراو بە تورکیاو یۆنانەوە تەماشاناکرێت، بەڵکو ڕەهەندی فراوانی هەرێمی‌و جیهانیی وەرگرتووە. بە جۆرێک هەردوو جەمسەری ڕۆژئاوا (ئەمریکا، ئەوروپاو ئیسرائیل)و ڕۆژهەڵات (چین، ڕووسیاو تورکیا) دەستدەخەنە کاروباری ئەو دوو نیمچەدوورگەیەوە بۆ بەرژەوەندیی خۆیان، دژی بەرەی نەیار بەکاریدەهێنن.

لەم توێژینەوەیەدا لەگەڵ ناساندنی کێشەی قوبرس‌و خستنەڕووی ڕەهەندە مێژووییەکانیدا، دوایین پێشهاتەکانی پەیوەست بەم کێشەیەو دەستتێخستنی وڵاتانی هەرێمی‌و ناوچەیی‌و کاریگەریی لە سەر پەیوەندییەکانی تورکیاو یۆنان‌و ئاسایشی ناوچەی دەریای ئیجەو دەریای ناوەڕاست خراوەتەڕوو.

دوورگەیەکی جوگرافی‌و دوو نیمچەدوورگەی سیاسی

دوورگەی قوبرس دەکەوێتە باشووری ڕۆژئاوای ئاسیاوەو بە سێیەم دوورگەی نزیک لە تورکیا دادەنرێت لە دەریای سپی/ ناوەڕاست لە دوای دوورگەکانی سیجیلیەو سەردینیا. دوورگەکە کەوتووەتە (٦٥کم) لە باشووری تورکیا، (١١٢کم) لە ڕۆژئاوای سوریاو (٢٦٧کم) لە ڕۆژئاوای ئیسرائیل‌و (١٦٢کم) لە ڕۆژئاوای لوبنان، (٤١٨کم) لە باکووری میسرو (٩٦٧کم) لە باشووری ڕۆژهەڵاتی یۆنان.

بە گوێرەی سەرژمێریی ساڵی (١٩٦٠) دوای بەدەستهێنانی سەربەخۆیی‌و ڕاگەیاندنی کۆماری قوبرس (٨٢٪)ی دانیشتوانی دوورگەکە ڕۆم بوون‌و (١٨٪)ی تورک بوون. تا ساڵەکانی (١٩٨٠) ڕێژەیەکی زۆر کەم لە ئینگلیزو ئەرمەنی‌و مارۆنیی تێدا ژیاوە. دوای ڕاگەیاندنی کۆماری قوبرسی باکووری تورکی Kuzey Kıbrıs Türk Cumhuriyeti (KKTC))) بە هۆی کۆچکردنی ژمارەیەکی زۆری هاوڵاتیی نیمچەدوورگەکەوە بۆ تورکیا، بەریتانیا، ئوسترالیاو ئەمریکا. لە هەمان کاتدا کۆچی هاوڵاتیانی تورکیا بۆ نیمچەدوورگەکە دیمۆگرافیای ناوچەکە بە تەواوی گۆڕاوە‌و ژمارەی ئەو تورکانەی لە بنەڕەتدا خەڵکی تورکیان نەک قوبرس زیادیکردووە.

ژمارەی دانیشتوانی نیمچەدوورگەکە لە ساڵی (٢٠٢٣) بە گوێرەی ئاماری دەزگای ئاماری قوبرسی باکوور، (٤٧٦) هەزارو (٢١٤) کەسە، بەڵام بەرەی ئۆپۆزسیۆن بڕوای بەو ئامارانە نییەو پێیوایە ژمارەی دانیشتوان نزیکەی ملیۆنێک‌و (٢٠٠) هەزار کەس دەبێت(١) لەگەڵ ئەوەشدا باس لەوە دەکرێت نزیکەی نیوەی دانیشتوانی قوبرسی باکوور لە تورکیاوە کۆچیانکردووە بۆ نیمچەدوورگەکە.(٢)

پاش دامەزراندنی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی بۆ ماوەی چەند سەدەیەک، دوورگەکە لەلایەن عوسمانییەکانەوە کۆنترۆڵکراوە. پێش ڕووخانی ئیپراتۆریەتەکە، قوبرس لەلایەن بەریتانیاوە داگیرکراوە. پاش بەدەستهێنانی سەربەخۆیی لە ساڵی (١٩٦٠) کۆماری قوبرس دادەمەزرێنرێت، بەڵام دوای تێپەڕینی کەمتر لە سێ ساڵ، بەرپرسانی قوبرسی نزیک لە یۆنان کودەتادەکەن‌و بە تەواوی جومگەکانی دەسەڵات‌و بەڕێوەبردنی تەواوی دوورگەکە کۆنترۆڵدەکەن، پاش سەرهەڵدانی شەڕی ناوخۆ لە نێوان تورکەکانی دوورگەکە لە بەشی باکوورو قوبرسییەکانی نزیک لە یۆنان لە بەشی باشوور، لە ئەنجامی ئۆپەراسیۆنی سەربازیی ڕاستەوخۆی تورکیا لە ساڵی (١٩٧٤) دوورگەی قوبرس دابەشبوو بە سەر دوو کۆماری جیاوازدا. قوبرسییەکانی نزیک لە یۆنان کۆنترۆڵی نزیکەی (٥٩٪)ی دوورگەکەیان کردو کۆماری باشووری قوبرسیان دامەزراند. تورکەکانی دوورگەکەش کۆنترۆڵی بەشی باکووریان کردو نزیکەی (٣٦٪)ی قوبرس بەڕێوەدەبەن. ڕێژەی (٥٪)ی دوورگەکەش وەک ناوچەی قەدەغەکراو ماوەتەوە.

هەرچەندە قوبرسی باشوور لەلایەن زۆرێک لە دەوڵەتانی جیهانەوە وەک کۆمارێک دانیپێدانراوەو لە ساڵی (٢٠٠٤)یشەوە بووە بە ئەندامی یەکێتیی ئەوروپا، بەڵام قوبرسی باکوور تەنها لەلایەن تورکیاوە دانیپێدانراوەو هاوڵاتیانیشی بە پاسپۆرتی کۆماری تورکیا گەشتی دەرەوەی وڵاتەکەیان دەکەن. سەرەڕای دانپێدانانی چەند وڵاتێکی تورکی_زمان‌و دۆست‌و هاوپەیمانی تورکیا بە کۆماری قوبرسی باشووردا، بەڵام هەمان ئەو وڵاتانە ئامادە نین دان بە کۆماری قوبرسی باکووردا بنێن.

تورکیا چۆن دەستوەردانی لە کاورباری قوبرسدا کردووە

دەستوەردانی ئەنقەرە لە کاروباری قوبرسدا دەگەڕێتەوە بۆ پێشێلکردنی ڕێککەوتننامەی زوریخ (Zürih Antlaşması)ی نێوان کۆماری قوبرس، یۆنان، تورکیاو بەریتانیا، کە لە (١١)ی شوباتی (١٩٥٩) واژۆکراوە(٣)، لە هەمان کاتدا پێشێلکردنی دەستووری ساڵی (١٩٦٠)ی کۆماری قوبرس(٤) بە تایبەت پێشێلکردنی ماددەی (١٨١)ی دەستوورەکە، کە تێیدا ئاماژە بە ڕێگەدان بە دەستوەردانی تورکیا دەکات لە کاروباری کۆماری قوبرس “لە دۆخی دروستبوونی مەترسی لە سەر سەربەخۆیی کۆماری قوبرس‌و یەکپارچەیی خاکەکەی‌و جێبەجێنەکردنی ماددەکانی دەستوور”، ئەمەش بە گرەنتیی بەریتانیاو یۆنان‌و تورکیا.

دوای کودەتاکەی بەرەی ڕاستڕەوی توندی ڕۆمی لە ساڵی (١٩٧٤)و چڕبوونەوەی فشارو هێرشەکان بۆ سەر تورکەکانی قوبرس، سوپای تورکیا لە تەمموزی ئەو ساڵەدا ئۆپەراسیۆنی ئاتیلا-١ (Atilla-1)ی بۆ سەر باکووری قوبرس ئەنجامدا. لەم هێرشەدا سوپای تورکیا پشتیوانی ناوخۆیی باکووری قوبرس‌و ڕەوایەتیی نێودەوڵەتییشی بەدەستەوەبوو. سەرەڕای دەستپێکردنی دانوستان لە نێوان ڕۆم‌و تورکەکانی قوبرس، بەڵام سوپای تورکیا ئۆپەراسیۆنێکی دیکەی بە ناوی ئاتیلا-٢ (Atilla-2) کرد. بەم جۆرە تورکیا دەستیگرت بە سەر نزیکەی (٣٦٪)ی خاکی قوبرسدا لە بەشی باکوورەوە(٥). هەرچەندە ڕەوایەتیی نێودەوڵەتی بۆ ئۆپەراسیۆنی دووەمی سوپای تورکیا دەستەبەر نەبوو، لەگەڵ ئەوەشدا سوپای تورکیا لەو ناوچانە نەکشایەوەو وەک بەشێک لە خاکی تورکیا پارێزگارییلێدەکات.

دوای نزیکەی (٩) ساڵ بێدەوڵەتی، لە (١٥)ی تشرینی دووەمی (١٩٨٣)، کۆماری تورکیی قوبرسی باکوور ڕاگەیەنرا، بەڵام جگە لە تورکیا، هیچ دەوڵەتێکی دیکە بە فەرمی دانیپێدانەناوە.

بوونی سەربازیی تورکیا لە قوبرسی باکوور

ئێستا (٤٠) هەزار سەربازی سوپای تورکیا لە ژێر ناوی هێزی ئاشتی (Barış Gücü) لە قوبرسی باکوور هەن. بەم پێیە هەر (٨) هاوڵاتیی نیمچەدوورگەکە لەلایەن سەربازێکی تورکیاوە پارێزگارییانلێدەکرێت. لە لایەکی دیکەوە هێزێکی ئەمنی بە ناوی فەرماندەیی هێزە ئەمنییەکان (Güvenlik Kuvvetleri Komutanlığı (GKK)) دامەزرێنراوە. ئەم هێزە پێکهاتووە لە دانیشتوانی تورکی قوبرسی باکوورو پێویستە هەر هاوڵاتییەک (٨) بۆ (١٥) مانگ لە چوارچێوەی خزمەتی سەربازیی ناچاریدا بەشداریی تێدا بکات. ژمارەی ئەم هێزە بە نزیکەی (٥) هەزار سەرباز دەخەمڵێنرێت. هێزەکانیش پۆلیسیش سەر بەم فەرماندەییەن. ئەم فەرماندەییەش بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ پەیوەستە بە سەرۆکایەتیی ئەرکانی سوپای تورکیاوە(٦). واتە هیچ هێزێکی ئەمنی‌و سەربازی لە نیمچەدوورگەکەدا بوونی نییە، کە فەرمان لە سەرۆککۆمارو سەرۆکوەزیران‌و بەرپرسە باڵا ئەمنی‌و سەربازییەکانی کۆماری تورکیی باکووری قوبرس وەربگرێت. ئەمەش مەترسییەکی گەورەی بۆیان دروستکردووەو لە هەر ئەگەرێکی دژایەتیی حکومەت‌و خەڵکی ناوچەکە بۆ تورکیا، دەکرێت ئەنقەرە لە ڕێگەی هێزی سەربازییەوەو لە چوارچێوەی یاسا بەرکارەکانی وڵاتەکەیدا سەرکوتی دەنگە ناڕازییەکان بکات.

هەرچەندە لە ماددەی سەدوحەڤدەیەمی دەستووریی کۆماری تورکیی قوبرسی باکوور هێزەکانی پۆلیس، ئەمنی‌و سەربازی گرێدراون بە دەسەڵاتی مەدەنیی کۆمارەوە(٧) بەڵام دواتر بە زیادکردنی “ماددەی دەیەمی کاتی” بۆ ماددەی سەدوحەڤدەیەم، تەواوی بڕگەکانی ماددەی سەدوحەڤدەیەم “بە شێوەیەکی کاتی هەڵپەسێردران”و دەسەڵاتی فەرمانکردن بە سەر هێزە ئەمنی‌و سەربازییەکان‌و پۆلیسی قوبرسی باکوور درایە دەست سوپای تورکیا(٨).

هەوڵەکان بۆ دانپێدانانی نێودەوڵەتیی هەردوو کۆمار

دوای ڕاگەیاندنی کۆماری تورکیی قوبرسی باکوور وەک دەوڵەت لە ساڵی (١٩٨٤)، تا ئێستا جگە لە تورکیا، هیچ دەوڵەتێکی دیکە بە فەرمی دانیپێدانەناوە، هەرچەندە بەنگلادیش‌و چەند وڵاتێکی دیکەی دۆستی تورکیا لە سەرەتاوە دانیان بە کۆماری تورکیی قوبرسی باکووردا ناوە، بەڵام بە فشاری ئەمریکاو چەند هۆکاری دیکەشەوە ئەو بڕیارەیان هەڵوەشاندووەتەوە(٩). سەرەڕای هەوڵە دیبلۆماسییەکانی تورکیا لەم بوارەدا، تەنانەت ئەو دەوڵەتانەی کە خۆیان بە تورک دەزانن‌و لە چوارچێوەی ڕێکخستی دەوڵەتە تورکییەکان (Türk Devletleri Teşkilatı)دا وەک هاوپەیمانی نەتەوەیی‌و دەوڵەتیی تورکیا خۆیان دەناسێنن، نەک دان بە قوبرسی باکووردا نانێن، بەڵکو لە نوێترین پێشهاتدا سێ دەوڵەتیان دانیان بە کۆماری قوبرسی باشووردا ناوەو باڵیۆزخانەیان لەو وڵاتەدا کردووەتەوە.

قوبرسی تورکی؛ فاحیشە، سپیکردنەوەی پارە، مافیاو قومارخانە

هەرچەندە بەرپرسانی قوبرسی باکوورو تورکیاش دەیانەوێت ئەو ناوچەیە وەک دەوڵەت بناسێنن، بەڵام کاتێک بە وردی لێیدەکۆڵرێتەوە، قوبرس گوزارشتە لە نیمچەدوورگەیەک، ئەگەر قۆڵبادانی مافیاکان، بازرگانی بە خوێندن‌و زانکۆوە، فاحیشەو سپیکردنەوەی پارەی لێدەربکرێت، هیچی نامێنێتەوە.

ئێستا نزیکەی (٢٧) یانەی شەوانە لە قوبرسی باکوور هەیە، هەرچەندە ئامارێکی دروست لە بەردەستدا نییە، بەڵام باس لە بوونی (٢٥٠-٣٥٠) ئافرەت دەکرێت، کە بە شێوەیەکی ڕەسمی‌و یاسایی کاریان خواردن‌و خواردنەوەو سەماکردنە لەو یانانەدا، بەڵام باس لەوەش دەکرێت بەدەر لە یاسا، کاری لەشفرۆشییشیان پێدەکرێت. تەنانەت نرخی یەک کاتژمێر مانەوە لە نێوان (١٧٥-٢٠٠) دۆلارو شەوێک مانەوە لەگەڵ ئەو ئافرەتانە لە نێوان (٣٥٠-٤٠٠) دۆلاردایە(١٠).

زۆرێک لەو کەسانەی بە گەشت یاخود بۆ بازرگانی‌و خوێندن ماوەیەک لە قوبرسی باکوور ماونەتەوە، باس لەو شوێنە دەکەن وەک نیمچەدوورگەیەک بۆ “فاحیشە، سپیکردنەوەی پارە، قومارخانەو بازرگانیی خوێندن”. چاودێرانی ناوچەکەیش جەخت لە هەمان شت دەکەنەوە.

ئەم دۆخە تەنانەت لەلایەن دانیشتوانی قوبرسی باکوورو میدیاو کەسایەتییەکانییەوە خراوەتەبەر باس‌و بووە بە ڕۆژەڤی نیمچەدوورگەکەو تەنانەت تورکیا. هەروەک وتارە توندەکەی دۆغوش دەریا (Doğuş Derya)؛ ئەندامی پەرلەمانی قوبرسی باکوور لە سەر لیستی پارتی کۆماریی تورکی (Cumhuriyetçi Türk Partisi (CTP))، لە کۆبوونەوەی (٥)ی ئاداری ئەمساڵی پەرلەمانی قوبرسی باکووردا ئاماژەی بەوە داوە(١١)، کە “چارەکە سەدەیەکە لە سایەی دەوڵەتدا لە قوبرس بازرگانی بە مرۆڤەوەو کۆیلایەتیی سێکسی بە ئافرەتانەوە دەکرێت. لە یانە شەوانەکاندا بەزۆر کار بە ئافرەتان‌و منداڵان دەکرێت”. ئەو پەرلەمانتارە جەختی لەوە کردووەتەوە، کە “ئەو کەسانەی ناتوانرێت لە یانە شەوانەکاندا کاریانپێبکرێت، ئاپارتمانی تایبەتیان بۆ گیراوەو  وەک خوێندکار ناویان تۆمارکراوە، بەڵام لە ڕاستیدا کاری فاحیشەیان پێدەکرێت”.

دۆغوش دەریا ڕەخنەی توندی لە حکومەت گرتووە، کە لە ڕێگەی یاسای یانەشەوانەکان‌و هاوشێوە کاتبەسەربەرییەکان (7/2000 tarihli Gece Kulüpleri ve Benzeri Eğlence Yerleri Yasası)ەوە، لیژنەیەک بۆ سەرپەرشتیی یانەشەوانەکان‌و هاوشێوەکانیان دانراوە، بەڵام لە ڕاستیدا ئامانجی سەرەکیی ئەو لیژنەیە کاری دیکەیە!

ئەو پەرلەمانتارە جەختی لەوە کردووەتەوە، کە “تەنانەت کەسانی خوار (١٨) ساڵ دەبرێنە یانە شەوانەکان‌و وەک کۆیلە سێکسیان پێدەکرێت. بە پشتیوانیی دەوڵەت دەستبەسەر پاسپۆرتی ئەو کەسە بیانییانەدا دەگیرێت، کە لەو یانە شەوانانەدا کاریانپێدەکرێت”. تەنانەت باسی لەوەش کردووە، کە “بۆئەوەی ئافرەتان زیاتر بەرگەی ئەو دۆخە ناهەموارە بگرن، مادەی هۆشبەریان پێدەدرێت”. هەندێک سەرچاوە باس لە تێوەگلانی دەزگا ئەمنییەکان‌و پۆلیس دەکەن بەو کارە نایاساییەوە، بە جۆرێک “بە بیانووی ڕێگری لە دەستبەسەرداگرتنی پاسپۆرتی ئەو ئافرەتانەی کە لە دەرەوەی قوبرسی باکوورەوە دەهێنرێنەناو باڕو قومارخانەکانەوەو کاری سەماو لەشفرۆشییان پێدەکرێت لەلایەن خاوەنی قومارخانەکانەوە، پۆلیس خۆی ئەو ئەرکە جێبەجێدەکات”(١٢)

هەرچەندە لە ساڵی (٢٠٢٠)ەوە “بازرگانیی قاچاخی بە مرۆڤەوە” لە قوبرسی باکوور بە تاوانی قورس دانراوەو سزای سەخت بە سەر بکەرانیدا دەسەپێنرێت، بەڵام لەو کاتەوە تا ئێستا “خاوەنی هیچ یانەیەکی شەوانە بەو تۆمەتانە سزانەدراوە، ئەمەش بە هۆی دەستتێکەڵکردنی دەوڵەتەوە لەگەڵیاندا”.

بە گوێرەی ڕاپۆرتی وەقفی مافی مرۆڤی تورکی/ قوبرسی (Kıbrıslı Türk İnsan Hakları Vakfı)، لە ساڵی (٢٠٢٠-٢٠٢٥) لە یانەشەوانەو قومارخانەکانی قوبرسی باکوور زانیاری دەربارەی (١٦) حاڵەتی توندوتیژی دژی ئەو ئافرەتانەی کاری تێدا دەکەن، گەیشتووەتە پۆلیس‌و هێزە ئەمنییەکان، کە دوانیان حاڵەتی خۆکوشتن بووە. هەرچەندە زۆرینەی حاڵەتەکان لەلایەن خودی ئەو ئافرەتانەوە گەیەنراوەتە لایەنە ئەمنییەکان، کە توندوتیژیان بەرانبەر کراوە، بەڵام تەنها دوو دۆسییەیان گەیەنراوەتە داواکاری گشتی‌و لەو دوانەش یەکێکیان بەرزکراوەتەوە بۆ دادگای پەیوەندیدار(١٣)

دۆخەکە گەیشتووەتە ئاستێک، ئێستا دەستەواژەی “گەشتی سێکسی” لە قوبرسی باکوور هاتووەتەکایەوە. ئەمەش بەو واتایە دێت “لە ژێر ناوی گەشت‌و گەڕان خەڵکی تەنها بۆ کاری سێکسی ڕوو لەو نیمچەدوورگەیە دەکەن”و بە هەمان شێوە “ئافرەتانیش لە ژێر ناوی کارکردن لە بواری گەشتیاریدا سێکسیان پێدەکرێت”.

لە لایەکی دیکەوە قوبرسی باکوور بووەتە مەیدانی یەکلاییکردنەوەی ململانێ‌و کێشەکانی سەرکردەی مافیاکانی تورکیاو هەندێک جار جیهانیش. بۆ نموونە ساڵی (٢٠٢٠)، دوای دەستگیرکردنی خەلیل فاڵیاڵی (Halil Falyalı)، کە خاوەنی یەکێک لە قومارخانە بەناوبانگەکانی قوبرسی باکوورە، دەستبەجێ سەدات پێکەر (Sedat Peker)، کە بە یەکێک لە سەرکردە گەورەکانی مافیاو گرووپە تاوانکارییە نێودەوڵەتییەکان دادەنرێت‌و خەڵکی تورکیایە، هەڕەشەی بڵاوکردنەوەی ڤیدیۆی ئابڕووبەرانەی سەرکردەکانی حکومەتی قوبرسی باکووری کرد. ڕۆژێک دواتر گرتەڤیدیۆیەکی ئێرسان سانەر (Ersan Saner)؛ سەرۆکوەزیرانی قوبرسی باکوورو سەرۆکی پارتی یەکێتیی نەتەوەیی (Ulusal Birlik Partisi (UBP)) لەلایەن پێکەرەوە بڵاوکرایەوە. سانەریش لە (١٠)ی تشرینی یەکەمی (٢٠٢١) دەستیلەکارکێشایەوەو تەنانەت بە یەکجاری وازی لە کاری سیاسی هێنا(١٤).

چەندین نموونەی دیکەی لەم جۆرە هەیە، کە ئاماژەن بۆ قۆڵبادانی مافیاکان لە قوبرسی باکوورو دروستکردنی فشار لە سەر بەرپرسانی حکومەتی ئەو وڵاتە بۆ چاوپۆشی لە کارە نایاساییەکانیان.

لە کاتێکدا قومارخانەکان لە تورکیا قەدەغەکراوە، بەڵام لەگەڵ ناوهێنانی قوبرسی تورکی “فاحیشەو قومارخانەو سپیکردنەوەی پارە” بە خەیاڵدا دێت. ئەمە جگە لەوەی (١٠٠) هەزار خوێندکار لە (٢٦) زانکۆی ئەو نیمچەدوورگەیە دەخوێنن، کە ژمارەی دانیشتوانەکەی کەمترە لە (٥٠٠) هەزار کەس(١٥).

بە ڕووکەش ئاییندارو لە بنەڕەتدا فاحیشە

دوای هاتنەسەر تەختی پارتی دادو گەشەپێدان (ئاکپارتی) لە تورکیا لە ساڵی (٢٠٠٢)، وتاری دەوڵەت‌و دامەزراوە باڵاکانی بە ئاڕاستەی ئیسلامی ڕۆیشتوون. بە جۆرێک لە سەرجەم یادو بۆنە ئاینییەکاندا بەیاننامە بڵاودەکرێتەوە، پیرۆزبایی ئەو بۆنەیە لە هاوڵاتیان دەکرێت. ئەم دۆخە بۆ قوبرسی باکووریش بە هەمان شێوە، لەگەڵ ئەوەشدا تەوژمی دژە ئایینی بە هەمان جۆری تورکیا لە قوبرسیش بەردەوامە لە هەوڵەکانی خۆی.

ئەوەی مایەی سەرنجە، لێدوانە ئایینییەکانی بەرپرسانی قوبرسی باکوورو دۆخی یانە شەوانەکانی ئەو نیمچەدوورگەیەیە، کە یەنکانگرێتەوە. لە هەمان کاتدا بێدەنگی بەرپرسانی باڵای سیاسی‌و ئایینیی حکومەتی تورکیاو ئاکپارتییە بەرانبەر بەو دۆخە.

لە کاتێکدا بەرپرسانی باڵای قوبرسی باکوور لە بۆنەو یادە ئاینییەکاندا نامەی پیرۆزبایی بۆ حکومەت‌و گەلی تورکیا دەنرێن، “کەچی نیمچەدوورگەکەیان خەریکە لە زۆنگاوی کۆیلایەتیی سێکسیدا دەخنکێت”(١٦).

کێشەی قوبرس

دوورگەیەک لە کۆتاییەکانی فەرمانڕەوایی عوسمانی‌و دەستبەسەرداگرتنی لەلایەن بەریتانییەکانەوە بووە بە کێشەیەکی گەورە لە نێوان دانیشتوانی باکوورو باشووری دوورگەکەو تورکیاو یۆنان. سەرەڕای ڕێککەوتنی نێوان تورکیاو یۆنان‌و بەریتانیا بۆ ئاساییکردنەوەی دۆخی دوورگەکە دوای بەدەستهێنانی سەربەخۆیی لە ژێر دەستی بەریتانیا، کودەتای هێزە ڕۆمییەکانی باشووری دوورگەکەو پاشان ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی تورکیاو دواتر ڕاگەیاندنی کۆمار تورکیی قوبرسی باکوور لە ساڵی (١٩٨٤)، وەک دیفاکتۆ لە سەر خاکی قوبرس دوو دەوڵەت هاتوونەتەکایەوە.

هەرچەندە گفتوگۆکانی نێوان قوبرسی باکوورو باشوور بەردەوامبووە، بەڵام تا ئێستا هیچ بەرەوپێشچوون‌و دەرئەنجامێکی ئەرێنی بەدینەهاتووە. قوبرسی ڕۆمیی باشوور بە پشتیوانیی ئەوروپا بە گشتی‌و یۆنان بە تایبەتی، جەخت لە سەر سیستەمی یەک_دەوڵەتی‌و باڵادەستیی ڕۆمەکان بە سەر دەوڵەت‌و جومگە سەرەکییەکانی فەرمانڕەوایی دەکاتەوە، تورکەکانی دوورگەکەش وەک کەمینەیەک مافی خۆیان پێدەدرێت. لە بەرانبەردا قوبرسی باکوور بە پشتیوانیی تورکیا جەخت لە شێوازی فەرمانڕەوایی دوو دەوڵەتی بۆ باکوورو باشووری دوورگەکە دەکاتەوە. هەردوولا بەڵگەو بەهانەی خۆیان بۆ سەلماندنی بۆچونەکانیان هەیە، بەڵام بەڵگەی بەهێز بریتییە لە بوونی هێزی پشتیوانی‌و باڵادەست‌و دەوڵەتی دۆست‌و خاوەندار بۆیان.

هەرچەندە دەیان جار کۆبوونەوەی دووقۆڵی‌و پێنجقۆڵی‌و سێقۆڵی بۆ ئەم کێشەیە کراوە، جگە لە هەردوو قوبرس‌و یۆنان‌و تورکیاو بەریتانیا، تا ئێستا ئەمریکاو یەکێتیی ئەوروپاو نەتەوە یەگرتوەکان دەستوەردان یاخود پێشنیاری جیاوازیان بۆ چارەسەری کێشەی قوبرس کردووە. کۆتا جار لە (١٧-١٨)ی ئاداری (٢٠٢٥)، لە جنێفی پایتەختی سویسرا بە بە چاودێریی نەتەوە یەکگرتووەکان‌و بەشداریی تورکیاو یۆنان‌و بەریتانیا وەک دەوڵەتی گەرەنتیکارو پشتیوانیی دانوستان‌و ڕێککەوتنەکان قوبرسی باکوورو باشوور کۆبوونەوە، بەڵام لەو کۆبوونەوەیەشدا بە هۆی جەختکردنەوەی ڕۆمەکانی باشوور لە جێبەجێکردنی سیستەمی تاک_دەوڵەتی‌و پەیوەندیی توند لەگەڵ یۆنان‌و یەکێتیی ئەوروپا، لە بەرانبەردا جەختکردنەوەی تورکەکانی باکووری قوبرس لە سیستەمی دوو دەوڵەتی لە دوورگەی قوبرس(١٧) هیچ ئەنجامێکی ئەرێنی لە کۆبوونەوەکانەوە بەدەستنەهات.

ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیی تورکیایش (Milli Güvenlik Kurulu (MGK)) لە کۆتا کۆبوونەوەیدا لە (٣٠)ی ئەیلوولی ئەمساڵ جارێکی تر جەختی لە “سیستەمی دوو_دەوڵەتی” بۆ چارەسەری کێشەی قوبرس کردووەتەوە(١٨)

ئەگەرچی تا ساڵانی (٢٠١٥) بنەمای یەکگرتوویی گەلان‌و ئەندامبوون لە یەکێتیی ئەورپا لەلایەن باشووری قوبرسەوە وەک بەهانە بۆ جەختکردنەوە لە سیستەمی تاک_دەوڵەتی‌و باڵادەستیی ڕۆمەکان بە سەر دەوڵەت‌و جومگە سەرەکییەکانی فەرمانڕەوایی بەکارهێنراوەو بەشی تورکی ڕەتیکردووەتەوە، ئێستا دۆزینەوەی سەرچاوە سروشتییە جیاوازەکانی وەک “هایدرۆکاربۆن‌و غازی سروشتی” لە سنوورە ئاوییەکانی دوورگەکە لە دەریای ناوەڕاست، هەردوولا زیاتر هاندەدات بۆ هەوڵدانیان بە ئاڕاستەی گفتوگۆو دانوستان(١٩) لەگەڵ ئەوەشدا سووربوونی باکوورو باشووری قوبرس لە سەر تێڕوانینی خۆیان بۆ بەڕێوەبردنی دوورگەکە بووە بە هۆی بە بنبەست گەیشتنی گفتوگۆکانیان. بە تایبەت بە هۆی سووربوونی تورکیا لە سەر جێبەجێکردنی سیستەمی دوو_دەوڵەتی، لەبەرئەوەی لە سەرجەم ڕووەکانەوە، بە تایبەت لە بواری ئابووریدا قوبرسی تورکی بەستراوەتەوە بە کۆماری تورکیاو ساڵانە بەشێک لە خەرجیی نیمچەدوورگەکە لە بودجەی تورکیاوە دەستەبەردەکرێت. لە بوجەی ساڵی (٢٠٢٥)ی تورکیا نزیکەی (٣٥٠) ملیۆن دۆلار بۆ خەرجیی گشتی‌و وەبەرهێنان لە قوبرسی باکوور تەرخانکراوە(٢٠) بەڵام بە دانپێدانانی کۆماری قوبرسی باکوور لەلایەن نەتەوە یەگرتووەکانەوە ئیدی تورکیا نەک ڕزگاریدەبێت لە دابینکردنی بودجەی ساڵانە بۆ قوبرس، بەڵکو لە ڕێگەی دەرهێنان‌و فرۆشتنی سامانی سروشتیی سنوورە ئاوییەکانی قوبرسی باکوورەوە داهاتێکی زۆر باشی دەستدەکەوێت.

دەکرێت هۆکارێکی دیکەی بە بنبەست گەیشتنی دانوستانەکان پەیوەندیی بە تورکیاوە هەبێت، لەبەرئەوەی لە جێبەجێکردنی باشترین بژاردەی دڵخوازی تورکیا، کە سیستەمی دوو_دەوڵەتییە، قوبرسی باکووریش سەروەریی خۆی لە ئاستی نێودەوڵەتیدا وەردەگرێت. لە دۆخێکی لەم جۆرەدا ئاسانە بەرپرسانی قوبرسی تورکی دەستخستنە کاروباری وڵاتەکەیان لەلایەن تورکیاوە ڕەتبکەنەوەو ڕێگەنەدەن بە ئاسانی ئەنقەرە مامەڵە بە سامانی ژێرزەوی‌و دەریاییانەوە بکات. بە ڕەچاوکردنی ئەوەی بەردەوام تەوژمێکی دژەئەنقەرە لە قوبرسی باکوور هەیەو دەکرێت بەردەوام لە چالاکیدان.

کۆتاییهاتنی کۆبوونەوەکەی جنێفی (١٧-١٨)ی ئاداری ئەمساڵ لە کاتێکدایە، پەیوەندییەکانی تورکیاو یۆنان لە ساڵی (٢٠٢٣)وە بەرەو باشی دەڕوات‌و دیدارو کۆبوونەوەی سەرۆککۆماری تورکیاو سەرۆکوەزیرانی یۆنان ساڵانە دەکرێت‌و هەردوولا جەخت لە “سوودوەرگرتن لە دەرفەتەکان بۆ ئاشتی‌و کاری هاوبەش لە بریی ڕکابەری‌و دژایەتی یەکدی”، دەکەنەوە(٢١)

ئەزموونی زیاتر لە (٤٠) ساڵی کۆماری تورکیی قوبرسی باکوور (هەرچەندە لە ئاستی نێودەوڵەتیدا دانپێدانراو نەبێت)و پشتیوانیی بەردەوامی تورکیا لێیان، زیاتر هانیاندەدات بۆ جەختکردنەوە لە جێبەجێکردنی سیستەمی دوو_دەوڵەتی بۆ دوورگەی قوبرس. لە بەرانبەردا مەترسیی ڕۆمەکانی قوبرسی باشوورو یۆنان لە ئەگەری دانپێدانانی نێودەوڵەتی بە قوبرسی باکووردا هیچ جۆرە پێشنیارو دەستپێشخەرییەکی قوبرسی باکوورو تورکیا قبوڵناکەن‌و ئامادە نین وەک هاوئاستی خۆیان بیانبینن، بەڵکو تا ئێستا وەک هاوڵاتیی دوورگەی قوبرس هەژماریاندەکەن، نەک کۆماری تورکیی قوبرسی باکوور.

دۆخەکە بەم جۆرە بێت‌و تەنها لە سەر بانگهێشتی نەتەوە یەکگرتووەکان‌و بە گرەنتیی تورکیاو یۆنان‌و بەریتانیا باکوورو باشووری قوبرس کۆببنەوە، ئومێدی گەیشتنە ئەنجام‌و ڕێککەوتنێکی فراوان‌و چارەسەرکردنی کێشەی قوبرس نییە.

دەستوەردانی نێودەوڵەتی لە کێشەی قوبرسی باکوور

ئێستا کێشەی قوبرسی باکوور تەنها لە نێوان دانیشتوان‌و بەرپرسانی دوورگەکەو تورکیاو یۆناندا چوارچێوەدار نییە، جگە لە بەریتانیا، کە خۆی بە میراتگری دوورگەکە دەزانێت، هەریەک لە ئەمریکا، یەکێتیی ئەوروپاو ئیسرائیل لە لایەک‌و ڕووسیا، وڵاتانی تورکی_زمان‌و چین لە لایەکی دیکەوە هەوڵدەدەن بۆ بەرژەوەندیی خۆیان، دەستوەردان لە کاروباری قوبرسی باکووردا بکەن.

ئێستا باس لە پلانێکی ئەمریکی، ئەوروپی، یۆنانی‌و ئیسرائیلی دەکرێت دژی قوبرسی باکوور‌و تورکیا، بە جۆرێک ئەو هێزانە دەیانەوێت ئەندامیەتیی قوبرسی باشوور لە یەکێتیی ئەوروپا وەک بەهانە بەکاربهێنن(٢٢) دژی قوبرسی باکوورو تورکیا بۆ دەستبەسەرداگرتنەوەی قوبرسی تورکی.

سەرەتای ئەیلوولی ئەمساڵ وەجبەی دووەمی سیستەمی بەرگریی (Barak missile)ی ئیسرائیلی گەیشتە باشووری قوبرس‌و دەستکراوە بە جێگیرکردنی(٢٣) ئەمەش بەڵگەیەکی دیکەیە لە سەر گەورەبوونی زیاتری کێشەی قوبرس. لە هەمان کاتدا هاتنەناوەوەی ئیسرائیل بۆ ناو کێشەکە، دوژمنەکانی قوبرسی باکوور زیاترو بەهێزتردەکات‌و ئەگەری ناچارکردنی ئەنقەرەو قوبرسی تورکی بۆ گەڕانەوە بۆ سەر مێزی دانوستان‌و ڕەزامەندی لە سەر پێشنیاری یۆنان‌و قوبرسی باشوور لە سەر یەکگرتنەوەی هەردوو قوبرسی باڵادەستی ڕۆمەکان بە سەر دوورگەکەدا بەهێزتردەکات، بە پێچەوانەوە ئاماژەکانی پێکدانانی تورکیا لەگەڵ یۆنان‌و ئیسرائیل زیاتردەکات.

بیرمەندانی ئەمنی‌و سەربازیی ئیسرائیل بە دوای هاوپەیمانییەکی ناوچەیی فراوانتردا دەگەڕێن دژی ئەنقەرە، کە قوبرسی باشوورو یۆنان‌و وڵاتانی دیکەش لەخۆبگرێت. ڕۆژنامەی هایۆمی ئیسرائیلی پێشنیاریکردووە، کە ئیسرائیل بە هەماهەنگی لەگەڵ یۆنان‌و قوبرسی باشووردا، ئامادەکاریبکات بۆ ئۆپەراسیۆنێک بۆ ڕزگارکردنی باکووری دوورگەی قوبرس لە ژێر دەستی تورکیا(٢٤)

لە لایەکی دیکەوە ململانێکان گەیشتووەتە ئاستی فشارخستنەسەر دەوڵەتان لە ڕێگەی پاکێجی دیبلۆماسی‌و ئابوورییەوە، لە نوێترین پێشهاتدا هەریەک لە کازاخستان، ئۆزباکستان‌و تورکمانستان لە (٣١)ی ئاداری (٢٠٢٥) باڵیۆزخانەیان لە پایتەختی قوبرسی باشوور کردەوە(٢٥). لە لایەکی دیکەوە ئەو سێ وڵاتە، کە ئەندامی “ڕێکخستنی دەوڵەتە تورکییەکان”ن، لە کۆبوونەوەی لوتکەیان لەگەڵ یەکێتیی ئەوروپادا لە (٤)ی نیسانی ئەمساڵ، “پەیوەستیی خۆیان بە بانگهێشتی ژمارە (٥٤١)ی ساڵی (١٩٨٣)و بانگهێشتی ژمارە (٥٥٠)ی ساڵی (١٩٨٤)ی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە بۆ ئیدانەکردنی ڕاگەیاندنی کۆماری تورکیی قوبرسی باکوورو بانگەواز بۆ داننەنانی دەوڵەتان بەو کۆمارە” ڕاگەیاندووە. بڕیارەکەش بە ڕاشکاوی لە ڕاگەیەنراوی کۆتایی  کۆبوونەوەی لوتکەی نێوان یەکێتیی ئەوروپاو وڵاتانی ئاسیای ناوەڕاست لە سەمەرقەندی پایتەختی ئۆزباکستان لە (٣-٤)ی نیسانی ئەمساڵ ڕاگەیەنرا(٢٦).

هەر  لەو کۆبوونەوەیەدا یەکێتیی ئەورپا بەڵێنیدا بە دابینکردنی پاکێجێکی وەبەرهێنان لە وڵاتانی ئاسیای ناوەڕاست بە بڕی (١٢) ملیار یۆرۆ(٢٧).

ئەم هەنگاوەی سێ دەوڵەتی دۆستی تورکیاو ئەندامی ڕێکخستنی دەوڵەتە تورکییەکان زیانێکی گەورە بە بەرژەوەندییەکانی تورکیاو قوبرسی باکوورو پێشنیاری ئەنقەرە بۆ “چارەسەری دوو_دەوڵەتی بۆ دوورگەی قوبرس” دەگەیەنێت. بە جۆرێک هەم لە ڕوانگەی یاسای نێودەوڵەتی‌و هەم لە ئەرزی واقیع دەرفەتێکی زێڕینی بە قوبرسی باشوورو ڕۆمەکان داوە بۆ هەنگاونان بەرەو دەستبەسەرداگرنتەوەی قوبرسی تورکی‌و دەرکردنی سوپای تورکیا لەو ناوچەیە.

دژایەتیی تورکیاو ئاکپارتی

هەرچەندە حکومەتی قوبرس‌و بەرپرسانی باڵای خۆیان بە دۆستی تورکیاو پارتی دادو گەشەپێدان (ئاکپارتی)ی دەسەڵاتداری تورکیا نیشانبدەن، ئەمە هیچ لە تەوژمی دژەتورکیاو ئاکپارتی‌و بەرەی ئیسلامی‌و پارێزکار لەلایەن بەشێک لە دانیشتوانی قوبرس‌و هێزە سیاسییەکانەوە کەمناکاتەوە، هەروەک پارتی کرێکارانی چەپ (Sol İşçi Partisi (SİP))و پارتی کۆماریی تورکیا (Cumhuriyetçi Türk Partisi (CTP)) وەک دوو حیزبی ئۆپۆزسیۆن لە (٢٣)ی حوزەیرانی (٢٠٢١) خۆپیشاندانی فراوانیان لە لیفکۆچیای پایتەختی قوبرسی باکوور دژی دەستوەردانی تورکیا لە کاروباری ناوخۆی وڵاتەکەیان‌و هەڵمەتی هەڵبژاردنەکان ڕێکخست. بەرپرسانی ئەو دوو حیزبە جەختیان لە ڕادەستبوونی تەواوەتیی بەرپرسانی قوبرسی باکوور بە تورکیا کردووەتەوە. لە لایەکی دیکەوە باسیان لەوە کردووە لە هەڵبژاردنەکانی (٢٠٢٠)ی سەرۆکایەتیی کۆماری قوبرسدا دەزگای هەواڵگریی نیشتیمانی تورکیا (میت) هەڕەشەی لە مستەفا ئاکنجی (Mustafa Akıncı)؛ یەکێک لە کاندیدانی سەرۆکایەتیی کۆمار کردووە. لە لایەکی دیکەوە باڵیۆزخانەی تورکیا لە لیفکۆشیا داوای لە ڕۆژنامەنووسانی قوبرس کردووە پشتیوانی لە ئێرسین تاتار (Ersin Tatar)ی کاندیدی سەرۆککۆمار بکەن(٢٨).

لە لایەکی دیکەوە ڕۆژنامەنووسی بەناوبانگی قوبرسی؛ کوتڵو ئاداڵی (Kutlu Adalı)، کە بانگەشەی دەستبەرداربوونی لە “سیاسەتی نیشتیمانی دایک، نیشتیمانی بەبە”(٢٩) دەکردو ڕۆژێک پێش کوشتنی بابەتێکی لەو بارەیەوە بڵاوکردبووەوە(٣٠). لە (٦)ی تەمموزی (١٩٩٦)دا کوژراوە، بە گوێرەی گێڕانەوەکانی سەدات پێکەر (Sedat Peker)، کە بە یەکێک لە سەرکردە گەورەکانی مافیاو گرووپە تاوانکارییە نێودەوڵەتییەکان دادەنرێت‌و خەڵکی تورکیایە، ئاداڵی “لەلایەن دەزگای ئەمنی‌و هەواڵگریی تورکیاوە” کوژراوە(٣١). لە کاتێکدا ساڵی (٢٠١٨) تەواوی میدیای تورکیا بەبێ جیاوازی پشتیوانیی تەواویان لە ئۆپەراسیۆنی سەربازیی سوپای ئەو وڵاتە بۆ عەفرین نیشاندا، ڕۆژنامەی ئەفریقا (Afrika Gazetesi) کە لە قوبرسی باکووری چاپ‌و بڵاودەکرێتەوەو ئێستا ناوەکەی گۆڕاوە بۆ ڕۆژنامەی ئەوروپا (Avrupa Gazetesi) لە لاپەڕەی یەکەمدا بە مانشێتی سەرەکی نووسیویەتی: “جوڵەیەکی دیکەی داگیرکارانە لەلایەن تورکیاوە (Türkiye’den bir işgal harekatı daha)”(٣٢). ئەمەش نیگەرانییەکی زۆری لە لای بەرپرسانی باڵاو ڕایگشتیی تورکیا دروستکرد. خودی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان؛ سەرۆککۆماری تورکیا، بە توندی ئیدانەی ڕۆژنامەکەی کردو داوای لە هاوڵاتیانی قوبرسی باکوور کرد لە دژی ڕۆژنامەی ئەفریقا خۆپیشاندان بکەن.

هەمان ڕۆژنامە کە بە دەزگایەکی میدیایی ئۆپۆزسیۆنی دەسەڵاتی کۆماری قوبرسی باکوورو تورکیاش دادەنرێت، بە هۆی بڵاوکردنەوەی کاریکاتێرو چەند گرتەیەکی تێکەڵکراو لە سەر ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، لەلایەن داواکاری گشتیی قوبرسی باکوورەوە داوای یاسایی لە سەر تۆمارکرا، بەڵام دادگا لە بەرژەوەندیی ڕۆژنامەکە بڕیاریدا(٣٣)

لە دوای هاتنەسەر تەختی ئاکپارتی لە تورکیا، مەیلی ئەنقەرە بەرەو گێڕانەوەی سیمای وڵاتەکە بۆ ئیسلامیەت‌و عوسمانی بەردەوامبووە. لەم پێناوەشدا ئاکپارتی‌و ئەردۆغان هەوڵی زۆریان داوە لە هەمواری دەستوورو دەرکردنی یاسای نوێ لە پەرلەمان‌و ڕێنمایی، ئەمە جگە لە گۆڕانکاری لە سیستەمی کارگێڕی، پەروەردەو بنیاتنانی چەندین مزگەوت‌و دامەزراوەی ئیسلامی، کە هێمایە بۆ گەڕانەوەی فەرمانڕەوایی‌و شارستانیەتی ئیسلامی بۆ تورکیا.

ئەوەی مایەی سەرنجە، لە قوبرسی باکوور ڕێگەی بە هاتنەناوەوەی تەوژمی ئیسلامی‌و پارێزکار بە ڕابەرایەتیی ئاکپارتی نادرێت. هەرچەندە دەسەڵاتی سیاسی‌و کارگێری لە نیمچەدوورگەکە دژی ئەم باوەڕە بێت، بەڵام بەشێکی زۆر لە دانیشتوانەکەی‌و بەرەی ئۆپۆزسیۆنیش پشتیوانی لەم بیرۆکەیە دەکەن. هەر ئەمەش یەکێکە لە هۆکارەکانی زیادبوونی مەیلی دانیشتوانی قوبرسی تورکی بۆ یەکگرتنەوە لەگەڵ قوبرسی باشوورو خواستیان بۆ “دەرکردنی سوپای تورکیا”و ناوبردنی وەک “هێزێکی داگیرکەر لە خاکەکەیاندا”.

لە نوێترین پێشهاتدا دادگای دەستووریی قوبرسی باکوور ئەو ڕێنماییەی وەزارەتی پەروەردەی بە نایاسایی هەژمارکرد، کە تێیدا ڕێگەدراوە بە خوێندنی کچانی باڵاپۆش لە قوتابخانەکاندا. لە نیسانی ئەمساڵدا وەزارەتی پەروەردەی قوبرسی باکوور لە ڕێنماییەکدا بە ناونیشانی ڕێنماییەک لە ئاستی یاسادا (Kanun Gücünde Yönetme)، ڕێگەیداوە بە کچانی باڵاپۆش لە قوتابخانەکاندا درێژە بە خوێندن بدەن، بەڵام دەستبەجێ سەندیکای مامۆستایانی خوێندنی بنەڕەتیی تورکی قوبرسی لە دادگای دەستووری داوای یاسایی لە سەر ڕێنماییەکەی وەزارەتی پەروەردە بەرزکردەوە. دادگاکەش لە ڕۆژی (٢٥)ی (٩)ی ئەمساڵ ڕێنماییەکەی وەزارەتی پەروەردەی پوچەڵکردووەتەوەو ڕایگەیاندووە: “بڕیارێکی لەو جۆرە پێویستە بە شێوەی یاسا لە پەرلەمانەوە دەربکرێت”(٣٤) بەم جۆرە بەرەی دژەئیسلامی‌و ئەنقەرەیی لە قوبرسی باکوور سەرکەوتن بە سەر حکومەتەکەی ئێرسین تاتاردا، کە هەوڵەکانی بۆ نزیکبوونەوەی زیاتر لە تورکیاو ئاکپارتی چڕکردووەتەوە.

دەرەنجامی هەڵبژاردنەکان ئاماژەن بۆ فیدراڵی، بەڵام…

دەرەنجامی هەڵبژاردنەکانی کۆماری تورکیی قوبروسی باکوور پێمان دەڵێت دانیشتوانی دوورگەکە بێزاربوون لە سیاسەتی ئەنقەرە. لە هەڵبژاردنەکانی ٢٠ی تسرینی یەکەمی ٢٠٢٥ی سەرۆکایەتی کۆماری قوبروسی تورکی، توفان ئێرهورمان Tufan Erhürman کاندیدی پارتی کۆماریی تورکی کە گەورەترین پارتی ئۆپۆزسیۆنە لە قوبروسی باکوور و پشتیوانی لە بیرۆکەی پێکەوەژیانی ڕۆم و تورکەکانی قوبروس لە چوارچێوەی دەوڵەتێکی فیدراڵیدا دەکات، بە بەدەستهێنانی %62.83ی(٣٥)  دەنگەکان سەرکەوتنێکی گەورەی بەسەر ئێرسین تاتار Ersin Tatar کاندیدی پارتی یەکێتی نەتەوەیی Ulusal Birlik Partisi بەدەستهێنا.

هەرچەندە تاتار لە ساڵی ٢٠٢٠ەوە سەرۆک کۆماری قوبروسی تورکییەوە نزیکە لە ئاک پارتی و ئەردۆغان و تورکیا و ئاک پارتیش بە تەواوی تواناکانیانەوە هەوڵیاندا بۆ پشتیوانی لە تاتار و جارێکی دیکە هەڵبژاردنەوە، بەڵام زۆرینەی دانیشتوانی قوبروسی باکوور توفان ئێرهورمانیان وەک کاندیدی بەرەی ئۆپۆزسیۆنی قوبروسی تورکی هەڵبژارد کە درێژکراوەی بەرەی ئۆپۆزسیۆن تورکیان و پەیوەندییەکانیان لەگەڵ پارتی گەلی کۆمرای (جەهەپە) زۆرباشە.  هەربۆیە جەهەپە و بەرەی ئۆپۆزسیۆن لە تورکیاش بردنەوەکەی ئێرهورمانیان بە بەشیک لە سەرکەوتنەکانی خۆیان لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی ٢٠٢٣ی تورکیا لە قەڵەمدا و پێیان وایە ئەم سەرکەوتنەی قوبروسی باکوور موژدەی سەرکەوتنیانە لە هەڵبژاردنەکانی پەرلەمان و سەرۆکایەتی کۆماری ساڵی ٢٠٢٨ی تورکیا.

هەرچەندە ئاماژەکانی ئەم دەرەنجامەی هەڵبژاردنەکانی قوبروسی تورکی چاوەڕوانکراو بوون و ئاماژەکانی لەو پێشهات و ڕووداوانەوە دەرکەوتن کە لەماوەی دو ساڵی ڕابروودا لە قوبروسی باکوور ڕوویاندا، لە خۆپیشاندانەکانی هاوڵاتیان دژی دەسەڵاتی ئێستای قوبروس و هەژموونی ئەنقەرە بەسەر لیفکۆشیا و بەستنەوەی قوبروسی باکوور بە بڕیارەکانی ئەنقەرە و تەنانەت هەنگاونان و بڕیاردانی دەسەڵاتی دادوەری پێچەوانەی ئاراستە و سیاسەتی ئەنقەرە و ئاک پارتی.

چوار ساڵی ئایندەی قوبروس لەژێر فەرمانڕەوایی توفان ئێرهورمان کە خوازیاری پێکەوەژیانە لەگەڵ ڕۆمەکان لەچوارچێوەی دەوڵەتی فیدراڵیدا و ئامادەی دانوستان و گفتووگۆیە لەگەڵ قوبروسی ڕۆمی، هاوکاتە لەگەڵ باڵادەستی پارتی یەکێتی نەتەوەیی بەسەر زۆرینەی پەرلەمانی ٢٤ کورسی لەکۆی ٥٠ کورسی(٣٦)  لە قوبروسی باکوور کە پشتیوانی لە بیرۆکەی “دوو دەوڵەتی” بۆ تورک و ڕۆمەکانی دوورگەکە بۆ هەریەکەیان دەوڵەتێک بەجیا دەکات.

هەربۆیە پێناچێت بە ئاسانی پشتیوانانی دەوڵەتی فیدراڵی بۆ دوورگەی قوبروس و پێکەوەژیان لەگەڵ ڕۆمەکان بتوانن سیاسەتەکانیان کە دژی سیاسەتی ئێستای ئەنقەرەیە لە قوبروسی باکوور جێبەجێ بکەن.

ئەنجام

سەرەڕای “ڕزگارکردنی تورکەکانی باکووری قوبرس” لە ژێر دەستی ڕۆمەکانی دوورگەکەو دواجار دامەزراندنی دەوڵەتێکی لەرزۆک بۆیان، بەڵام ئاڕاستەی ڕوداوەکان‌و خواستی دانیشتوانی باکووری قوبرسیش بە جۆرێک نییە مایەی دڵخوازی ئەنقەرە بێت.

پشتیوانیی بەهێزی یەکێتیی ئەوروپاو یۆنان لە ڕۆمەکانی قوبرس، ڕێککەوتن‌و هاوکارییەکانی ئیسرائیل‌و فرۆشتنی تەکنەلۆژیای سەربازی‌و بەرگریی پێشکەوتوو بە قوبرسی باشوور، هەماهەنگیی بەشێک لە دەوڵەتانی دۆستی تورکیاو ئەندامی “ڕێکخستنی دەوڵەتە تورکییەکان” لەگەڵ قوبرسی باشوورو دژایەتیی بەشی باکووریدا، هەم لە ڕوانگەی یاسای نێودەوڵەتی‌و هەم لە ئەرزی واقیعەوە دەرفەتێکی زێڕینی بە قوبرسی باشوورو ڕۆمەکان داوە بۆ هەنگاونان بەرەو دەستبەسەرداگرنتەوەی قوبرسی باکوورو دەرکردنی سوپای تورکیا لەو ناوچەیە.

سەرەڕای خواستی بەشێک لە دانیشتوانی نیمچەدوورگەکەو ئاڕاستەی پێشهاتە سیاسی، دیبلۆماسی‌و سەربازییەکان بۆ چارەسەری پڕۆسەی سیاسی‌و فەرمانڕەوایی ناوچەکەیان لەگەڵ قوبرسی باشوورو پێکەوەهەڵکردن لە چوارچێوەی دەوڵەتێکی فیدراڵی یاخود دەوڵەتێکی ناوەندیی بەهێزدا، کە ڕۆمەکان تێیدا باڵادەست دەبن، بەڵام دەسەڵاتی فەرمانڕەوای قوبرسی باکوور بە پشتیوانیی بەشێک لە دانیشتوانەکەی لە ئاستی ناوخۆو پشتیوانیی کۆماری تورکیا لە ئاستی دەرەوە، سیاسەتی مانەوەی بەم دۆخەی ئێستاو بانگەشەی بۆ چارەسەری دوو دەوڵەتی پەیڕەودەکات.

لەگەڵ ئەوەشدا گۆڕانکاریی سیاسەتی تورکیا بە ئاڕاستەی گێڕانەوەی وڵاتەکە بۆ سیستەمێکی ئیسلامی‌و دەرکەوتنی ئاماژەکانی ئەم هەوڵە بە ڕوونی لە دەستوورو پەروەردەو سیمای دامەزراوە ئایینی‌و کارگێڕییەکانی دەوڵەتدا، پاڵنەرێکی بەهێزبووە بۆ زیادبوونی مەیلی دانیشتوانی قوبرسی تورکی بۆ یەکگرتنەوە لەگەڵ قوبرسی باشوورو خواستیان بۆ “دەرکردنی سوپای تورکیا”و ناوبردنی وەک “هێزێکی داگیرکەر لە خاکەکەیاندا”.

ئێستا دوورگەی قوبرس تەنها وەک قوربانییەکی ململانێ نەتەوەیی، ئایدۆلۆژی‌و ئابوورییەکان نەماوەتەوە، ئیدی ئەم دوورگەیە دەبێتە مەیدانی قۆڵبادانی هێزە هەرێمییەکانی سەر دەریای ئیجەو دەریای ناوەڕاست‌و هێزە نێوەدەوڵەتییەکان.

سەرچاوەکان

ANKA Enstitüsü, anavatan-yavruvatan nereden çıktı, 19.10.2017 http://ankaenstitusu.com/anavatan-yavruvatan-nereden-cikti/, 10.10.2025.

 

 

Send this to a friend