پەیوەندیی نێوان سۆفیگەری و سیاسەت لە جیهانی ئیسلامی و کوردستاندا
د. سالار تاوگۆزی

پێشەکیی
سۆفیگەری تەنیا ڕێبازێکی ئایینی ڕۆحی نییە، بەڵکو ڕۆڵێکی گرنگیشی لە کایەی سیاسیدا هەیە، هەر ئەمەش هۆکاری هەڵبژاردنی ئەم توێژینەوەیە بەناونیشانی: (پەیوەندیی نێوان سۆفیگەری و سیاسەت لە جیهانی ئیسلامی و کوردستاندا) . گرنگیی توێژینەوەکە لەوەدایە ئاوڕ لە ڕەهەندێکی کەمباسکراوی سۆفیگەری – بەتایبەتی لە کوردستاندا – دەداتەوە کە تێیدا توێژەر دەیەوێت وەڵامی ئەم پرسیارانەش بداتەوە:
- سۆفیگەریی ئیسلامی چییە و کەی لەجیهانی ئیسلامی و کوردستاندا سەریهەڵداوە؟
- پەپوەندیی نێوان سیاسەت و سۆفیگەری لەجیهانی ئیسلامی و کوردستاندا چۆنە؟
- هەڵوێستی سۆفیگەری لە بەرانبەر دەسەڵاتی سیاسیدا چی بووە؟
- خاڵی لێکچوون و جیاوازی ئیسلامی سیاسی و سۆفیگەری سیاسی چییە؟
كێشەی توێژینەوەکە ئاڵۆزی پەیوەندیی نێوان سۆفیگەری و سیاسەت و سۆفیگەریی سیاسی و ئیسلامی سیاسییە کە دەمانەوێت ڕوونیان بکەینەوە و دەستنیشانیان بکەین.
توێژینەوەکە پشتی بە ڕێبازی مێژوویی و شیکاری بەستووە. لە پێشەکییەک و کورتەیەک سەبارەت بە پێناسەی سۆفیگەری و مێژووی سەرهەڵدانی و پەیوەندیی نێوان سۆفیگەری و سیاسەت پێکدێت، ئەمە جگە لە دیاریکردنی خاڵی لێکچوون و جیاوازی نێوان ئیسلامی سیاسی و سۆفیگەری سیاسی.
کۆتایی توێژینەوەکەش بۆ ئەنجامەکان تەرخان کراوە کە دیارترینیان ئەوەیە، بەپێچەوانەی بۆچوونە باوەکان، گەیشتووین بەوەی هۆکاری سەرەکی دەرکەوتنی سۆفیگەریی ئیسلامی کاردانەوە بووە بەرانبەر ستەمی سیاسەتمەداران، نەک کاریگەربوون بە سەرچاوەی دەرەکی وەک فەلسەفەی یۆنانی و ئایینی بوودایی و جوولەکە و مەسیحی، یان کاریگەربوون بە سەرچاوەی ناوخۆیی وەک قورئان و سوننەت. هەروەها پەیوەندیی سۆفیگەریی ئیسلامی و سیاسەت بەپێی شوێنکات گۆڕانکاری بەسەردا هاتووە و لە چوار حاڵەتدا بەرجەستە دەبێت کە بریتین لە ( بێلایەنی و دوورەپەرێزی، هاوکاری و پشتیوانی، بەرەنگاری، دەسەڵات گرتنە دەست).
کورتەیەک سەبارەت بە پێناسەی سۆفیگەری و مێژووی سەرهەڵدانی
سۆفیگەری (التصوف) ڕێبازێکی خودا پەرستییە و ڕیشەی لەناو زۆربەی ئایینەکانی وەک بودایی و جوولەکە و کریستیان و ئیسلامدا هەیە. بەڵام ئەو سۆفیگەرییەى ئێمە لەسەر ڕادەوەستین (سۆفیگەریی ئیسلامی)یە کە پێناسەیەکی دیاریکراو و کۆنکرێتی نییە، بەڵام زۆربەی پێناسەکان سۆفیگەری لە ڕوو لە خوداکردن و ناخپاکی و ئاکار و لایەنی ڕۆحی و پەروەردەیی و دەروونیدا کۆدەکەنەوە، لە پێناسەیەکدا گوتراوە: سۆفیگەری ناسینی خودای گەورەیە لە ڕێگەی دڵەوە. پێناسەیەکی دیکە دەڵێت: قوتابخانەیەکی مەعنەوییە بۆ پەروەردەکردنی دەروونی مرۆڤ و خاوێنکردنەوەی دڵ لەسەر دەستی پەروەردەکارانی ڕاستەقینە و میراتگرانی پێغەمبەران سەلامی خودایان لێبێت (١).
لە پێناسەیەکی دیکەدا هاتووە کە سۆفیگەری بریتییە لە چەشتن (التذوق) و هەڵهاتن و درەوشانەوە (إشراق)ی نوری خوداوەند لە ناو دڵاندا(٢). هەروەها (ئەبو عەباس ئەحمەدی بورنوسی) لەباسی پێناسەی سۆفیگەریدا دەڵێت: “سۆفیگەری لە دوو هەزار ڕووەوە دیاریکراوە و وێنەی کێشراوە و لێکدراوەتەوە، مەرجیعی هەموو ئەمانەش یەک شتە، ئەویش ڕووکرنە خودایە”(٣). ئامانجی سەرەکی سۆفیگەریش ئەوەیە خەڵک بە خوداناسیی (معرفة الله) بگەیەنێت، جگە لەمەش گشت ئامانجەکانی دیکەی لاوەکین(٤). ئامانجە سەرەکییەکەی سۆفیگەری ش لە گەڵ ئەو ئایەتەی قورئاندا یەک دەگرێتەوە کە دەفەرمووێت: ﴿ وَمَا خَلَقْتُ الْجِنَّ وَالْإِنْسَ إِلَّا لِيَعْبُدُونِ ﴾ (٥) کە بەپێی لێکدانەوەی (عەبدوڵڵای کوڕی مەسعود) مەبەست لێی ئەوەیە خودا جنۆکە و مرۆڤی بۆ ئەوە دروست کردووە، کە بیناسن(٦).
مێژووی پەیدابوونی سۆفیگەری ئیسلامیش وەک پێناسەکەی جێی مشتومڕە، هەندێک ڕیشەکەی بۆ (أهل الصُّفَّة)ى دەگەڕێننەوە کە لە کۆمەڵێک هاوەڵی هەژار و بێدەرەتانی پێغەمبەر موحەممەد (د.خ) پێکهاتوون کە لە مزگەوتدا دەمانەوە. هەندێکی دیکە بۆ دەوروبەی ساڵانی (٢٠٠ک) دەگەڕێنێتەوە کە ئەوکات مسوڵمانان بەسەر چەند کۆمەڵە و تاقمێکدا دابەش ببوون و هەریەکەو بانگەشەی ئەوی دەکرد کە زوهد و خواپەرستی لەناو کۆمەڵەکەی ئەواندا زیاترە. لەناو ئەو کۆمەڵانەشدا، خەڵکانێک دەرکەوتن کە ناوی (صوفیة)، یان (متصوفة)یان لە خۆیان نا. هەروەها بڕێک لە توێژەران هەندێک لێکچوونیان لەنێوان سۆفیگەریی ئیسلامی و فەلسەفەی یۆنانی و ڕەهبانییەتی مەسیحیدا دیاری کردووە، هەیشیانە پێیوایە سەرچاوەی سۆفیگەری بیروباوەڕی ئایینی (بودایی)یە، ئەم بۆچوونە سۆفیگەریی ئیسلامی بە سەرچاوەی دەرەکیییەوە دەبەسترێتەوە، بەڵام بۆچوونی پێچەوانەش هەیە کە بوونی هەر سەرچاوەیەکی دەرەکی ڕەتدەکاتەوە و سۆفیگەری بەسەرچاوەی ناوخۆیی دەبەستێتەوە، بۆ نموونە: ڕۆژهەڵاتناسی ئینگلیزیی ڕینۆڵدز ئەلین نیکڵسن (Reynold Alleyne Nicholson) کە پسپۆڕی سۆفیگەرییە و لويس ماسینیۆن (Louis Massignon) کە ڕۆژهەڵاتناسێکی فەرەنسییە و بایەخی بە نووسین و لێکۆڵینەوە سەبارەت بە ئیسلام و سۆفیگەری داوە، پەیدابوونی سۆفیگەریی ئیسلامی لە ژێر کاریگەریی هەر فاکتەرێکی دەرەوەی ئیسلام ڕەتدەکەنەوە، توێژینەوەکانی ئەمانیش زیاتر لەسەر بنەمای بۆچوونی مسوڵمانناسە کۆنەکان سەرچاوەی گرتووە. بە بۆچوونی نیکڵسن، عیرفانی سۆفیگەریی ئیسلامی شوێنکەوتەو تەواوکەری ئەو ڕێبازی زاهیدانەیە کە لە سەدەی یەکەمی کۆچیدا لەناو مسوڵماناندا سەریهەڵدا. هەروەها ماسینیۆنیش پێیوایە کە سۆفیگەریی ئیسلامی بەتەواوەتی لە ناخی ئیسلامدا پەیدا بووە. ئاماژەیش بەچەند ئایەتێکی قورئانی پیرۆزیش دەکات کە باس لە زوهد و عیرفان دەکەن(٧).
سۆفیگەریی ئیسلامی بەسەر چەند گروپ و ڕێباز(طريقة)ێکدا دابەش بووە، لەوانە: (سوهرەوەردی، مەولەوی، کوبرەوی، چەشتی، قادری و نەقشبەندیی) ئەم ڕێبازانەش هەریەکەیان لە زەمان و زەمینێکدا پەیدابوون. ئەوکەسەش لەسەر یەکێک لە ئەم ڕێبازانەیە بەزمانی کوردی پێی دەگوترێت (سۆفی). بەزمانی عەرەبیش بە (صوفي) ناوزەد دەکرێت کە بەواتای (خوریپۆش) دێت و کاتی خۆی بە ئەو کەسانە دەگوترا کە وازیان لە دنیا هێنابوو، پۆشاکێکیان لەبەر دەکرد کە لە خوری ئاژەڵ (صوف) دروستکرا بوو، کە زبر و قورس بوو. ئامانجیان لەوەش ئەوە بوو خورییە کە زبر و قورسەکە جەستەیان ئازار بدات نەهێڵێت بحەوێـتەوە تاوەکو هەمیشە مژوڵی یادی خودابن(٨). بەگوێرەی بۆچوونی (خەتیبی بەغدادی) و (هنری کۆربین) یەکەمین کەس لە ئاستی تاکەکەسیدا بە سۆفی ناسرا بێت(عەبدەکی سۆفی) بووە، کە کەسێکی خوریپۆش بووەو گۆشتیشی نەخواردووە. وەلێ مامۆستاو گەورەی ڕۆژهەڵاتناسەکان (ماسینۆن) پێیوایە یەکەمین سۆفی (جابری کوڕی حەیان)ە. ڕایەکی دیکەش هەیە (ئەبو هاشمی کوفی) بە یەکەم سۆفی لەقەڵەم دەدات، بەڵام ئەم ناوانە کە بەیەکەم سۆفی دانراون، هەموویان خەڵکی کوفەن (٩).
سەرهەڵدانی سۆفیگەری لە کوردستاندا
لەبەر ئەوەی کوردستان زۆربەی دانیشتووانەکەی مسوڵمانە، بەدەر نەبووە لە شەپۆلی ئەو گروپ و ڕێباز و ڕەوت و قوتابخانە سۆفیگەری و فیکری و سیاسییانەی کە لە جیهانی ئیسلامیدا سەریانهەڵداوە، بۆیە کە سۆفیگەریی ئیسلامی پەیدا بوو، وردە وردە گەشەی کرد، لە ڕێگەی تەریقەتەکانەوە پەلوپۆیشی بۆ کوردستان هاویشت. لەباریی ژینگەی کوردستان وەهای کرد سۆفیگەری لە قۆناغێکی زووتردا هەر لە سەدەی نۆیەمی زاینییەوە، ڕۆڵی ئایینی و کۆمەڵایەتیی گرنگی لە پانتاییە کوردییەکەدا هەبێت و وەک گرنگترین کایەی ئایینی و نزیکترین دەرکەوتەی ئیسلام لە کۆزەینی کورددا جێگەی خۆی بکاتەوە و ببێت بە بنەمایەک بۆ تێگەیشتنی کورد لە ئیسلام، بەجۆرێک زۆر لە ڕەهەندەکانی تێگەیشتنی کوردانە بۆ ئیسلام لەسەر بنەمای باوەڕی سۆفییانە دامەزراوە (١٠).
بۆچوونی جیاواز سەبارەت بە یەکەم ڕێبازی سۆفیگەری لە کوردستاندا هەیە ، بۆچوونێک دەڵێت: یەکەم ڕێبازی سۆفیگەری لە وڵاتی کورداندا (سوهرەوەردی) بووە کە دواتر جێگەکەی خۆی بە (ڕێبازی نووربەخشی) داوە(١١).
بەڵام بۆچوونێکی دیکە هەیە کە پێیوایە نووربەخشی یەکەم ڕێباز بووە کە لەلایەن کەسێکەوە بەناوی (سەیید محمد نووربەخش)ەوە لە ناو کورداندا بڵاوکراوەتەوە، ئەم کەسەش برای (شێخ عیسا) و (شێخ موسا)ی بەرزنجی بووە و لەگەڵ باوکیاندا کە (بابا عەلی هەمەدانی) بووە لە ساڵی (٨٦٠) هيجری مانگیی هاتوونەتە بەرزنجە (١٢).
تەریقەتی نووربەخشی تا سەردەمی بابا ڕەسوڵ (١٠٥٦ک/ ١٦٤٦ز کۆچی دوایی کردووە) بەردەوام بووە. بابا ڕەسوڵ ڕێبازی (العلویة) کە بەشێک بووە لە ڕێبازی (الخلوتیة)ی تێکەڵ بە نووربەخشی کردووە، تەریقەتەکەش لەناو ساداتی بەرزنجەدا برەوی پەیدا کرد و لەڕێگەی ئەوانەوە بەگشت کوردستاندا بڵاو بوویەوە.
بارودۆخی ئەم ڕێبازە سۆفیگەرییە تا سەردەمی (شێخ موحەممەدی نۆدێی) بەردەوام بوو، پاشان کوڕەکەی جێگەی گرتەوە کەناوى (سەیید ئیسماعیل قازانقایی) بوو، کە لە هەندێک سەرچاوەدا بە (ئیسماعیل ولیانی)ش ناوی هاتووە. ئەمیش گەشتێک بۆ بەغداد دەکات و لەوێ (ڕێبازی قادری) لە سەردەستی (شێخ ئەحمەد ئەحسانی) وەردەگرێت، ئەم ڕێبازەش دەبرێتەوە سەر (شێخ عەبدولقادری گەیلانی). سەیید ئیسماعیل پاش گەڕانەوەی لە گوندی (قازانقایە) نیشتەجێ دەبێت و خەڵکانێکی زۆر لە گشت ناوچەکانەوە ڕووی تێدەکەن و بەیعەتی پێدەدەن، ئەویش چوار لە کوڕو براکانی خۆی دەکات بە خەلیفە، ئیتر لەوساتەوە تا ئەمڕۆ ڕێبازی قادری بەکوردستاندا بەردەوام بڵاو دەبێتەوە، لەوەشدا شێخ و سەییدەکانی بەرزنجە ڕۆڵی دیاریان هەبووەو (١٣) لەپاڵ ئەوانیشدا بنەماڵەکانی (تاڵەبانی، سۆڵەیی، بریفکانی، کەسنەزانی و شێخەکانی نەهری) لەگرنگترین ئەو بنەماڵانەن کە ڕۆڵی گەورەیان لە بڵاوبوونەوەی ڕێبازی قادری لە ناو کورداندا هەبووە و (١٤) بەهۆی ئەوانەوە ڕێبازی قادری تا ئەمڕۆ یەکێکە لە ڕێبازە گەورە و بەربڵاوەکانی سۆفیگەری لە کوردستاندا. لەدوای ئەویش (ڕێبازی نەقشبەندی) دێت کە لەلایەن (مەولانا خالیدی نەقشبەندی)یەوە هێنراوەتە کوردستان، هەرچەندە قسەوباس سەبارەەت بەوەش هەیە کە پێش مەولانا ڕێبازی نەقشبەندی لە کوردستاندا هەبووە، بەڵام لاواز بووە. مەولانا ڕێبازی نەقشبەندی لە هیندستان لە سەر دەستی (شاعەبدوڵڵای دەهلەوی) وەرگرتووە، بنەوانگەی ئەم ڕێبازەش بۆ (عەبدولخالق غەجدەوانی) دەگەڕێتەوە، بەڵام دوای ئەو شێخ بەهائوددین موحەممەدی کوڕی موحەممەدی بوخاری ناسراو بەشاهی نەقشبەند یان بەهائوددین نەقشبەند (٧١٧–٧٩١ک) بەزیادکرنی هەندێک ڕێسا ڕێبازەکەی پێکهێنا و گەشەی پێدا(١٥).
- پەیوەندیی نێوان سۆفیگەریی ئیسلامی و سیاسەت
هەرچەندە سۆفیگەریی ئیسلامی بانگەشە بۆ وازهێنان لە دونیاویستی دەکات و سیاسەتیش خۆی بە کاروباری دونیاییەوە سەرقاڵ دەکات، بەڵام سۆفیگەری لە سیاسەت بەدوور نەبووە و دوور و نزیک سەروکاری لەتەکیدا هەبووە.
سۆفیگەریی ئیسلامی لەدوای سەرهەڵدانیەوە، هەمیشە یەکێک بووە لە قوتابخانە کاریگەرەکانی ئیسلام، کە تەنیا ڕۆڵی لە لایەنی ئایینی و ڕۆحی و جیهادی دەروونی و باشکردنی ئاکاردا نەبینوە، بەڵکو کاریگەریی دیاریشی لە کایەی سیاسیدا هەبووە، تەنانەت هەندێکجار بانگەشەی جیهادی مەیدانیشی کردووە و سەرکردایەتی چەندین جوڵانەوە و ڕاپەڕین و شۆڕشی چەکداریی کردووە و لەهەندێک وڵاتیش توانیویەتی دەسەڵات بگرێـتە دەست، ئەمەش بووە بەهۆی دروستبوونی (سۆفیگەری سیاسیی) کە لەپاڵ ئەرکە ڕۆحییەکەیدا، ئەرکی دونیاییشی جێبەجێ کردووە. هەندێک جاریش سۆفیگەری خۆی لە سیاسەت بەدوور گرتووە یان هەر هیچ نەبێ بێلایەن بووە.
سۆفیگەریی ئیسلامی لە بنەڕەتدا، لەدوای شەهیدکردنی خەلیفەی مسوڵمانان عەلی کوڕی ئەبو تاڵیبەوە لە ساڵی (٦٦١ک)دا چەکەرەی کرد، ئاخر شەهیدکردنی ئەو خەلیفەیە، بوو بەهۆی دەرکەوتنی ڕەوتی جۆراوجۆر، یەکێک لە ئەو ڕەوتانە سۆفیگەری بوو کە سەرەتا بە دوورکەوتنەوەی زاهیدەکان لە دونیا، بەتایبەتی لە دونیای سیاسەتی ئەو ڕۆژگارە دەستیپێکرد کە تێیدا بەنو ئومەییە باڵادەست بوون و لە دونیاپەرستیدا ڕۆچوون و لە خوداپەرستی دوور کەوتنەوە، ئەمەش بوو بەهۆی دورستبوونی ڕەوتی سۆفیگەری – کە بەپێچەوانەی ئومەوییەکانەوە- بانگەشەیان بۆ خوداپەرستی و دوورکەوتنەوە لە حەز و ئارەزووەکانی دونیا دەکردەوە و ڕەخنەیان لە دەسەڵاتداران دەگرت (١٦) بەتایبەتی لە شاری کوفەو بەسرەدا کە ژینگەیەکی لەباریان بۆ لە دایکبوونی سۆفیگەریی ئیسلامی هەبوو. سۆفییەکان سەرەتا بە زوهد و گۆشەگیری و بیرکردنەوە و خۆپارێزی لە ئارەزووبازی دونیایی و نزیکبوونەوە لە خوداو خۆئامادەکردن بووە بۆ دیداری خودایی لە دوای مردن دەستیانپێکرد، چونکە زوهد لە بنچینەدا بریتییە لە بزووتنەوەی گۆشەگیری و دوورکەوتنەوە لە دنیا و ڕووکردنە خواپەرستییەکی بەردەوام (١٧).
لەو سەردەمانەدا، کوفە جگە لەوەی تایبەتمەندیی کولتووریی خۆی هەبوو، ناوەندێکی بوو بەرەنگاریی سیاسیش بوو، خەڵکە ناڕازییەکەی دژ بە دەسەڵاتی ئومەوی و عەباسییەکان وەستانەوە؛ بۆیە دەتوانین بڵێین: سەرەتای پەیدابوونی سۆفیگەریی ئیسلامی ئەم هەڵوێستە بووە بەرانبەر بە سیاسەتی دەسەڵاتدارانی فەرمانڕەوا، ئەمەش ڕایەکەو (د.حەسەن حەنەفی) پشتگیری دەکات و گشت ئەو بۆچوونانە ڕەت دەکاتەوە کە سەرەتای پەیدابوونی سۆفیگەریی ئیسلامی بەسەرچاوەی فەلسەفی و بودایی و هیندی و یۆنانی و فارسی و مەسیحی و شیعی و سوننی تەنانەت قورئانیشەوە دەبەستنەوە. حەنەفی پێیوایە سۆفیگەریی ئیسلامی وەک ئاراستەیەک بەرەو ڕۆژی دوایی و کاردانەوەیەک لە دژی دونیاویستی و شەڕوشۆڕ لەسەر دەسەڵات و خوێنڕژان لە میانی ململانێ سیاسییەکان لەسەر خیلافەت لەسەردەمی فیتنەی گەورەدا، پەیدا بووە.(١٨)
هەروەها لە کوردستانیشدا، سیاسەت فاکتەرێکی بەهێزی دەرکەوتنی سۆفیگەری بووە لە سەدەی چوارەمی کۆچیدا، سۆفیگەری کوردییش کاردانەوە بووە بەرانبەر سیاسەت و خراپبوونی بارودۆخی کۆمەڵگەی ئیسلامی و کوردستانی و دوورکەوتنەوەی دەسەڵاتدارانی دەوڵەت لە ڕۆحی ئایینی ئیسلام و گەندەڵیکردنی فەرمانڕەواکان و چەندین کاری نابەجێ و ناشەرعی دیکە (١٩).
لەسەردەمی نوێشدا، چیرۆکی پەیوەندیی سۆفیگەری و سیاسەت ئاڵۆزترە و شوێنی سەرسامیی زیاترە و هەڵبەز و دابەزی زۆری بەخۆیەوە بینوە، بۆیە سۆفیگەری لە ناو سیاسەتدا بەچەند ڕوویەکەوە دەردەکەوێت، لەکاتێکدا گروپە سۆفییەکان لە هەندێک وڵاتی دراوسێکدا لەگەڵ دەسەڵاتە داگیرکەر و گەندەڵەکاندا دۆستە، لە هەندێک وڵاتی دیکەی وەک باکووری ئەفریقا دژ بە دەسەڵاتی داگیرکەرو ستەمکاران خەبات دەکات و لە پێناو دادپەروەریی و ئازادیدا تێدەکۆشێت (٢٠) .
بەگشتی دەتوانین بڵێین: پەیوەندیی نێوان سۆفیگەری و سیاسەت ناجێگیر و ئاڵۆزە، بۆ کردنەوەی گرێکوێرەی ئەو ئاڵۆزییەش، لە خوارەوە پەیوەندییەکە لە ئەم چوار حاڵەتەی خوارەوەدا بەرجەستە دەکەین:
١- بێلایەنی و دوورەپەرێزیی
سۆفیگەری لە بنەڕەتدا زوهد و دوورکەوتنەوەیە لە دونیا بە سیاسەت و دەسەڵاتی سیاسیشەوە، بۆیە زۆرێک لە سۆفییەکان بێلایەنانە لە ململانێ سیاسییەکانیان ڕوانیوە، هەشیانە کە بەیەکجاریی لە سیاسەت دوورە پەرێز بووە، ئەم تایپە لە سۆفییەکان پێیانوایە سیاسەت سەرچاوەی گەندەڵی و خراپەکارییە و لە خودا دووریان دەخاتەوە. ئەمانە هیچکات ڕێگەیان نەداوە سیاسەت پێگە کۆمەڵایەتییەکەیان لەبەرژەوەندیی خۆی بەکار بهێنێت، خۆیشیان هیچ نیازێکیان بە سیاسەت نەبووە وەک: (جونەیدی بەغدادی، ئەبو یەزیدی بەستامی و عەبدولقادری گەیلانی) بەڵام هەندێک لەوانە کە لە دونیاو سیاسەت دوور کەوتوونەتەوە لە ژیانی گشتیی خەڵکی دابڕاو نەبوون، بۆ نموونە شێخ عەبدولقادری گەیلانی (١٠٧٧ – ١١٦٦ز) هەوڵی چاکسازی میللی لە کۆمەڵگەدا داوە و قسەکانیشی ڕێزیان لێگیراوە، بەجۆرێک لە کۆتاییەکانی سەردەمی دەسەڵاتی عەباسییەکاندا کاریگەرترین کەسێتی بووە، کاتێک لە لە دنیا دەرچوو، تەواوی خەڵکی بەغداد بۆی خرۆشان و بەشدارییان لە ڕێوڕەسمی ناشتنەکەی کرد(٢١).
هەندێک لە شێخ و کەسایەتیی و مورید و مەنسوبەکانی سۆفیگەری ، لەگەڵ ئەوەدا کە دوورە پەرێز بوون لە سیاسەت، هەندێک جار بەشێوەیەکی نەرم ئامۆژکاری دەسەڵاتدارانیان کردووە وەک (مەولانا خالیدی نەقشبەندی) و ئامۆژگارییەکانی بۆ فەرمانڕەوا بابانییەکان. جاریواش هەبووە بەشێوەیەکی ڕاشکاو تاڕادەیەکیش ڕەق ڕەخنەیان لە دەسەڵاتداران گردووە و قسەیان لەگەڵدا کردوون، یەکێک لە ئەو کەسایەتییانە (ئیمامی غەزالی)یە کە وەک زانایەکی ئایینی تەسەوف درێخی لە ڕەخنەگرتن لە سیاسەتی زاڵم و کاربەدەستان نەکردووە، پێیوابووە هۆکاری سەرەکیی لەڕاستەڕێ لادانی ستەمکاران و دەسەڵاتداران گەندەڵیی داراییانە. ئەو بەڕوون و ئاشکرا گوتوویەتی کە هەڵسوکەوتکردن لەگەڵ سوڵتانە ستەمکارەکان حەرامە، زۆر بە توندیش ڕەخنەی لە ئەو زانایانە گرتووە کە لە فەرمانڕەواکان نزیک بوون. هەڵسوکەوتیشی لەتەک ئەو دادوەرانەدا قەدەغە کردووە کە پەیوەندییان بە دەسەڵاتدارە زاڵمەکانەوە هەبووە. بە حەرامیشی داناوە سوود لە ئەو دامەزراوانە ببینرێت کە بە ماڵی حەرام دروستکراون. ئەمە جگە لە نامەکانی بۆ میرو سوڵتانەکان کە پڕن لە ڕەخنەی بوێرانەی تفت و تاڵ و ڕەق، وەک نامەکانی بۆ (فخر الملك) و ( مجبر الدين) کە بە توندی ڕەخنە لە ستەمکارییەکەیان دەگرێت (٢٢).
لە کوردستانیشدا لە هەندێک کات و سەردەمدا سۆفیگەری دوور بووە لە سیاسەت وەک سەردەمی دەسەڵاتی میرە کوردەکان، بۆیە دەتوانین بڵێین: بەگشتی ئەو قۆناغە قۆناغی جەختکردنەوەی شێخەکان بووە لە دەسەڵاتی ڕۆحی خۆیان و زیاتر بە کاروبارەی تەریقەتەکانی خۆیانەوە سەرقاڵ بوون و نەبوون بە هەڕەشە و مەترسی بۆ سەر دەسەڵات. هەروەها ئاراستەی گشتی شێخەکانی بیارەش هەر دوورەپەرێزی بووە لە سیاسەت، بۆ نموونە هەندێک شێخی وەک شێخ (عوسمانی سیراجەدینی دووەم) داوای ئەوەیان کردووە ڕێبەرانی ئایین خۆیان لە سیاسەت بەدوور بگرن، ئەگەر نا دەبنە ڕێبەری دونایی. هەر لەبەر ئەوەیشە ڕۆڵی ئەم شێخانە لەناو بزاوتە سیاسییەکاندا کەمتر دیارە، کەمتریش بوون بە مایەی سەرئێشە بۆ بەرپرسە سیاسییەکان، بۆیە زۆربەی کات لەگەڵ دەسەڵاتی سیاسیدا تەبا بوون (٢٣).
٢. هاوکاری و پشتیوانیی
زۆر جار پەیوەندیی نێوان سۆفیگەری و سیاسەت دووسەرە بووە و لە سەر بنەمای بەرژەوەندیی هاوبەش دامەزراوە، بەو مانایەی دەسەڵاتدارو سیاسەتمەداران پێگەی ئایینی و سیاسی شێخ و کەسایەتییە سۆفییەکانیان بۆ بەرژەوەندیی خۆیان بەکارهێناوە تاوەکو پشتیوانییان بکەن و شەرعیەتی ڕۆحی بەدەسەڵاتەکەیان بدەن، لەبەرانبەریشدا هاوکاریی شێخ و سۆفییەکانیان کردووە، بۆ نموونە خەلیفەی عەباسی (الناصر لدین الله) کاتێک زانی شێخی ڕێبازی سوهرەوەردیی تەسەوف (شیخ شیهابەددینی باوکی حەفس عومەری سوهرەوەردەی بەغدادی شافیعی) چ کاریگەرییەکی کۆمەڵایەتی هەیە، لەخۆی نزیک کردەوە و زۆر رێزی لێگرت، تەنانەت کردیشی بە نوێنەری خۆی. هەروەها خەلیفە کاروانسەرایەکی تایبەت بە سۆفییەکانی دامەزراند و شوێنێکی تایبەتیشی بۆ شێخ دابینکرد کە باخ و خانووی تێدا بوو. ئەم شێخە هەرچەندە کەڵکی لە سیاسەت وەرگرتووە، بەڵام زۆر دونیا ویست نەبووە، بەبەڵگەی ئەوەی پێش کۆچی دوایکردنی هەموو موڵک و ماڵی بەسەر هەژاراندا دابەش کردووە (٢٤) .
هەروەها سوڵتانی ئیسلامی بە ڕەگەز کورد (سەلاحەدینی ئەیووبی) نێوانی لەگەڵ سۆفییەکاندا باش بووە، بەشێوەیەک کاتێک لە دیمەشقەوە بەرەو میسر بەڕێکەوت، خانووەکەی خۆی لە دیمەش کردە خانەقا بۆ سۆفییەکان. کە گەشتە قاهیرەش پەیوەندیی لەگەڵ ئەهلی تەسەوفدا نەبچڕا، ڕەنگە یەکەمین فەرمانڕەواش بوو بێت کە لە قاهیرەدا خانەقای بۆ سۆفییەکان بەناوی (خانەقای سەلاحیە) داناوە. سۆفییەکانی ناو خانەقاکەش بە زیرەکیی و چاکییی ناسران و چاوەڕوانی بەرەکەتیان لێدەکرا. خانەقای سۆفییەکان لە میسر توانی خزمەت بە کۆمەڵگەو دەسەڵاتی ئەیوبییەکان بکات، لە کۆمەڵگەدا ڕۆڵی دامەزراوەی ئایینی و کۆمەڵایەتیی و کولتوورییان دەبینی، خودی سەلاحەددینیش ڕاوێژی پێدەکردن (٢٥) .
لە کوردستانیش کاتێک مەولانا خالیدی نەقشبەندی گەڕایەوە سلێمانی (مەحموود پاشای بابان) خزمەتێکی زۆری کرد، خانەقایەکی بۆ کردەوە و هەندێک موڵکی باشیشی وەک گوندی (کەماڵان) و چەند گوندێکی دیکەی لەسەر خانەقاکە وەقفکرد (٢٦) .
مەولانا ویستی ئەم نێوانخۆشییەی لەگەڵ میرانی باباندا بخاتە خزمەت پرۆژە چاکسازییەکەوە و ئاشتەوایی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئایینیش بەرقەرار بکات، بەڵام پرۆژە کەی بەهۆی دژایەتیکردنی لەلایەن هەندێک مەلا و دەسەتدار و شێخی دیکەی وەک (شێخ مارفی نۆدێ) شکستی هێنا، مەولاناش لە دەسەڵاتدارانی بابان دوور کەوتەوە. ئاخر ئەو کات شێخ مارف خۆیشی شێخی تەریقەتی قادری بوو، لە دەسەڵاتدارانی بابانییەکان و عوسمانییەکان نزیک بوو، بۆیە بوونی شێخێکی دیکەو تەریقەتێکی دیکەی وەک نەقشبەندیی لە نزیک پادشای بابانەکان بە مەترسی بۆ سەر خۆی و ڕێبازەکەی دەزانی، تا کار گەیشتە ئەوەی نامیلکەیەک دەربکات و مەولانا کافر بکات. تەنانەت لە ئەو سەردەمەدا هەوڵی تیرۆرکردنی مەولاناش درا و ئەوەندەی دژایەتی کرا، ناچار بۆ یەکجاریی کوردستانی بەجێهێشت کە ئەمەش زیانێکی گەورە بوو بۆ کورد؛ چونکە ” زۆربەی ئەوانەی لەڕوی سیاسییەوە لە مەولانا خالیدیان ڕوانیوە، بڕوایان وایە: ئەگەر دەسەڵاتی بابانەکان بەربەستیان لەبەردەم بڵاوکردنەوەی تەریقەتەکەی دا دروست نەکردایە، یارمەتییان بدایە، شێخ مارفی نۆدێ و هەندێ مەلای تری کوردستان بەو شێوە زەقە دژایەتییان نەکردایە، مەولانا خالید ڕۆڵێکی گەورەی دەبینی بۆ ئایندەی کوردو بناغەی قەوارەیەکی گەورەی بۆ کوردستان بنیات دەناو پارێزگاری لە ڕوخانی بابانەکان دەکرد و فەرمانڕەواییان پتر پەرەی دەسەند، بە تایبەتی: کە ئەو کاتە دەوڵەتی عوسمانی نەخۆش کەوتبوو، دەسەڵاتی بەسەر زۆربەی وڵاتانی ژێردەستەی نەما بوو”(٢٧) .
کە مەولاناش لە دونیا دەرچوو، لە وڵاتی غەریبیدا ئەسپەردەی خاک کرا، هەندێک لە ئەو خەلیفانەی کە پێشتر لە ئەستەمبوڵ نیشتەجێ بوو بوون، بەشێوەیەکی خێرا و دوور لە چاودێری و کۆمەکی دارایی عوسمانییەکان لەسەر پێی خۆیان ڕاوەستان و ڕێبازی نەقشبەندییان زیاتر بڵاو کردەوە، کە ئەمەش پێچەوانەی خواستی (سوڵتان مەحموود)ی عوسمانیی بوو، کە لەسەرەتاوە هەوڵیدا تاوەکو ڕێگا لە بڵاوبونەوەی ڕێبازەکە بگرێت و لەتەک خۆیاندا بیانسازێنێت، ئەوە بوو هەندێک لە شوێنکەوتووانی مەولانا بە پلەو پۆست فریو دران و پێگەیان پێدرا (٢٨) . بەڵام سەرباری دوورکەوتنەوەی مەولانا خالید، ڕێبازەکەی لە کوردستاندا هۆشیارییەکی سیاسی لەناو کۆمەڵانی خەڵکدا دروست کرد، هەندێک لە شێخ و خەلیفە و مەلاکانی سەر بە ڕیبازی نەقشبەندی بوون بە سەرکردەو کاریگەرییان لە ڕەوتی ڕووداوەکان کرد. لەبەرانبەردا هەندێک لە سۆفییە نەقشبەندییە خالیدییەکان پەیوەندیی خۆیان لەتەک عوسمانییەکاندا نەبچڕاند، بۆ نموونە: پەیوەندیی نێوان عوسمانییەکانی و شێخەکانی هەورامان لەسەر بنەمای بەرژەوەندی هاوبەش بەردەوام بووو. جگە لەوەش، شێخەکانی هەورامان پەیوەندییان لەگەڵ دەسەڵاتدارانی قاجاری و پەهلەویدا هەبووە بەتایبەتی دوای ڕووخانی دەسەڵاتی ئەردەڵان و هەوڵەکانی دەوڵەتی قاجار بۆ کۆنترۆڵکردنی ناوچەکانی بندەستی ئەردەڵانییەکان و ناردنی فەرهاد میرزای ناسراو بە موعتەمیدوددەولە (١٨١٨-ر١٨٨٨ز) بۆ فەرمانڕەوایی سنەو ناوچەکانی کوردستان. ڕۆڵی سیاسی شێخەکان لە ڕووداو وپێشهاتە سیاسییەکانی ناوچەکەدا لە نیوەی دووەمی شانشینی قاجارەوە کە دەکاتە سەردەمی ناسرییەکان زیاتر بوو، لە ئەو مێژووەوە بەدواوە پەیوەندییە ڕاستەوخۆکانی شێخانی نەقشبەندیی هەورامان و بەرپرسانی دەوڵەتی قاجار دەستپێدەکات (٢٩).
کە دەسەڵاتی عوسمانییەکان ڕووخا و وڵاتی عێراق دروستکرا، هەمیشە دەسەڵاتدارانی ڕژێمە یەک لەدوای یەکەکان ئەو وڵاتە هەوڵی ئەوەیان داوە ڕێبازەکانی سۆفیگەری لە کوردستان لە بەرژەوەندی خۆیان بەکاربهێنن. بەڵام ئەمە مانای ئەوە نییە کە هیچ شێخ و دەروێش و موریدو مەنسووب و مەلایەکی سەر بە ڕێبازەکانی قادری و نەقشبەندی نە بووبێت کە بەرەنگاریی ڕژێمە عێراقییەکانی کردبێت، یان مزگەوت و خانەقاو تەکیەکانیان نەبووبێت بە پەناگەی پێشمەرگە، بۆ نموونە لەسەردەمی خەباتی شاخدا (تەکیەی هیران) کە هی تەریقەتی قادرییە و نێوانیشی لەگەڵ نەقشبەندیدا خۆشە، بوو بوو بە پەناگەی پێشمەرگە، بەو هۆیەیشەوە باجی داوە و بۆمباران کراوەو پەرتووکخانەکەی سووتاوە کە چەندین دەستنووسی بەنرخی تیادا بووە (٣٠).
لەدوای ڕاپەڕینەکەی ئاداری (١٩٩١ز)یشەوە، دروستبوونی حکومەتی هەرێمی کوردستان، سۆفیگەری بەرەنگاریی دەسەڵاتی نەکردووە؛ چونکە ئەم دەسەڵاتەی بە دەسەڵاتێکی کوردیی خۆماڵی زانیوە و خۆشی بەخاوەنی ئەو دەسەڵاتە زانیوە کە لە خەباتکردن بۆ بەدیهێنانیدا بەشدارییەکی چالاکی کردووە، بەپێچەوانەی ئیسلامی سیاسییەوە کە چ لە ڕێگەی خەباتی چەکداریی و جیهادەوە بێت یان خەباتی مەدەنیی هەوڵیداوە دەسەڵاتی هەرێمی کوردستان بڕوخێنێـت و خۆی ببێـتە شوێنگرەوەی.
لەماوەی دەسەڵاتی حکومەتی هەرێمی کوردستاندا، سۆفییەکان یان هاوکار و پشتیوان بوون، یان بێلایەنانە هەڵسوکەوتیان لەگەڵ سیاسەتدا کردووە. بەڵام لەهەمان کاتدا بەهەمانشیوەی فەرمانڕەوایانی هەرێم کەوتوونەتە بەر شاڵاوی تەکفیرکردنی ئیسلامی سیاسی توندڕەوە، ئەمەش هاوکاری و هەماهەنگی لەنێوان سۆفییەکان و دەسەڵاتدا زیاد کردووە و هەردووکیان لەسەر بنەمای بەرژەوەندیی هاوبەش مامەڵەیان کردووە، دەسەڵات ویستوویەتی سۆفییەکان بۆ پێدانی شەرعیەتی ڕۆحی و بەرەنگاربوونەوەی توندڕەوی هەندێک حیزب و گروپ و کەسایەتی توندڕەوی ئیسلامی سیاسی لەخۆی نزیک بکاتەوە، سۆفییەکانیش ویستوویانە بۆ پاراستنی خۆیان و بەرژەوەندیی ماددی لە دەسەڵات نزیک ببنەوە.
٣. بەرەنگاریی
یەکێک لە ئەو تۆمەتانەی خراوەتە پاڵ سۆفییەکان ئەوەیە لە هەمبەر داگیرکەران و هێرشکاراندا بێدەنگییان هەڵبژاردووە و هیچ بەرەنگارییەکیان نەکردووە و خۆیان داوەتەوە دەست قەزاو قەدەر، وەلێ ئەگەر سەرچاوە مێژووییەکان بپشکنین ناڕاستی ئەم تۆمەتەمان بۆ ڕوون دەبێتەوە کە چۆن شێخ و مورید و مەنسوبەکانیان لە قۆناغە جیاجیاکانی ژیانی سیاسیدا ڕۆڵی پێشەنگیان نواندووە و خەباتیان لە دژی داگیرکەران کردووە، نموونەی ئەمانەش زۆرن وەک: (شێخ نەجمەدینی کوبرەوی، شێخ شامیلی داغستانی، شێخ عوبەیدوڵڵای نەهری و شێخ سەعیدی پیران) ئەمە جگە لە شێخانی هەورامان کە وابەستەییان بە دەوڵەتی عوسمانی وایکرد لە سەروبەندی جەنگی یەکەمی جیهانیدا دژ بە ڕووسەکان جاڕی جیهاد بدەن(٣١).
جگە لەوەش، سۆفییەکان لە چەندین شوێن و کاتی جیاوازدا لەسەرتاسەی جیهانی ئیسلامیدا ڕۆڵی بەرەنگارییان لە کایەی سیاسیدا دژ بە دەسەڵاتی سەرکوتکار و داگیرکەر بینیوە و مزگەوت و خانەقاو تەکیەکانی خۆیان وەک پەناگەیەک بۆ شۆڕشگێڕان و ناوەندێکی کۆکردنەوە و هاندانی جەماوەری بەکارهێناوە کە ڕەنگە یەکێک لە دیارترینیان لە ئەفریقا بوو بێت کە لەوێ (ڕێبازی سەنوسیی) کە بۆ شێخ موحەممەدی کوڕی عەلی سەنوسی (١٧٨٧- ١٨٥٩ز) دەگەڕێتەوە، شوێنکەوتووانی خۆی لەسەر بنەمای مەنهەجێکی پەروەردەیی ڕاهێنا و خانەقاکانیشی کرد بە مەڵبەندی سیستمی بزووتنەوەیەکی سیاسی کە بەشێوەیەکی زانستی فیکرەکانی شێخی تەریقەتەکەی تیادا جێبەجێ دەکرا، بەمەش ڕێبازی سەنوسی بناغەیەکی تۆکمەی دامەزراند و سیاسەتی کرد بە یەکێک لە ڕەهەندەکانی خۆی (٣٢) .
یەکێک لە پیاوە گەورەکان و کەسایەتییە بوێرەکانیی ڕێبازی سەنوسیی (عومەر موختار) بوو کە تا دوا هەناسەی ژیانی و لەسێدارەدانی بەشێوەیەکی شێرانە بەرەنگاریی کۆڵۆنیاڵی ئیتالیی بوویەوە (٣٣). ڕۆڵی سیاسی سەنووسییەکان بە شەهیدکردنی عومەر موختار و ئەو چورتمانەی ڕووبەڕوویان بوونەوە کۆتایی نەهات، ئەوان بەبێ کۆڵدان بەردەوامبوون تا گەیشتن بە دەسەڵات و دەوڵەتی (شانشینی لیبیا)یان دامەزراند، یەکەم پادشاش موحەممەد ئیدریسی کوڕی موحەمەد مەهدی سەنوسیی (١٨٩٠- ١٩٨٣ز) بوو، ئەو لە گوتارێکیدا کە لە (٢٤)ی دیسەمبەری ساڵی (١٩٥١ز) پێشکەش کرد، سەبارەت بە سەربەخۆیی لیبیای ڕاگەیاند (٣٤).
هەروەها شێخ (عەبدولقادری جەزائیری) یەکێکە لە ئەو شێخە سۆفییانەی کە لە (٢٧- ١١- ١٨٣٧ز) بوو بە میری بەرەنگاریی میللی جەزائیر و دژ بە داگیرکاریی فەرەنسییەکان جەنگا و بوو بە جێی سەرسامی دۆست و نەیارەکانیشی (٣٥) . ئەو جگە لەوەی بەرگریکارێکی جەربەزە و سەرکردەیەکی سەربازی و دامەزرێنەری دەوڵەتی جەزائیری نوێ بوو، شاعیرێکی گەورەو بیرمەندێکی بەتوانا و شوێنکەوتەیەکی ڕێبازی قادری بوو، کە سایەتییەکی ڕۆشنبیر بوو کە خوێندنەوەیەکی فراوانی لە بواری فەلسەفە و ژیربێژی و مێژوو جوگرافیاو زمانی و لایەنی دیکە هەبوو، هەروەها لەلایەن باوکییەوە پەروەردەیەکی باش کرابوو. گەشەی بە بواری پەروەردە و فێرکردنیش لە وڵاتەکەی دا و مووچەیشی بۆ مامۆستایان بڕییەوە(٣٦).
هەروەها لە سودانیش، ڕێبازی (سەمانی) کە ناوەکەی لە شێخ موحەممەد عەبدولکەریم سەمان (١٧١٨- ١٧٧٥ز) وەرگیراوە، ڕۆڵی لە چاکسازی لە ولایەتەکانی باشووری دەوڵەتی عوسمانی هەبوو (٣٧).
لە عێراقیش، لە دوای پرۆسەی ئازادییەوە (سوپاسی پیاوانی نەقشبەندی) کە لە سۆفییە نەقشبەندییە عەرەبە سونییەکان پێکهاتبوو، بەرەنگاری سوپای ئەمەریکا بوویەوە. كاتێکیش داعش بەشێکی زۆر لە ناوچە سوننە نشینەکانی داگیر کرد، جارێکی دیکە سوپای نەقشبەندی لە پێشەوەی گۆڕەپانی سیاسییدا دەرکەوتەوە و پێکدادان لەنێوان ئەوان و داعشدا ڕوویدا (٣٨).
لە کوردستانیش شێخ و سۆفییەکان دیرۆکێکی کۆنیان لە بەرهەڵستکردنی داگیرکەران و ستەمی دەسەڵاتدارانی زۆردار هەیە، بۆ نموونە : “لە نیوەی یەکەمی سەدەی بیستدا شێخەکانی نەقشبەندی لە نەهری و شێخ عەبدولسەلامی بارزان و شێخ مەحموودی بەرزنجی و شێخ سەعیدی پیران، لە نێو پرۆسەی سیاسی و کۆمەڵایەتیی و مێژوویی ئەوکاتەدا، لە سەرکردایەتی جوڵانەوەی سیاسی و ڕاپەڕینەکانی کورددا دژ بە ستەم و بێدادی دەسەڵاتە جیاوازەکانی ناوچەکە… ڕۆڵ و کاریگەری گەورەیان هەبووە” (٣٩) . نابێت ئەوەشمان لە بیر بچێت کە زۆرێک لە ئەو سەرکردەو ڕۆشنبیرانەی خەباتیان لە پێناو ڕزگاریی و ئازادی و سەربەخۆییدا کردووە، یان سەر بە ڕێبازەکانی سۆفیگەری بوون، یان پێیان کاریگەر بوون، یانیش خۆیان نەوەی شێخێک لە شێخەکانی ڕێبازی سۆفیگەری بوون بەتایبەتی ڕێبازی قادری و نەقشبەندیی.
٤. دەسەڵات گرتنەدەست
هەندێکجار خەباتی سیاسی سۆفییەکان بووە بەهۆی ئەوەی دەسەڵات بگرنە دەست، ئەویش بەڕابەرایەتی کەسایەتیی و شێخانی تەریقەت کە خاوەن کەسایەتییەکی کاریزمی بوون، ئەمەش وایلێکردوون کە ببنە سروشبەخشی خەباتکاران و هێزێکی گەورەش لە دەوری خۆیان کۆبکنەوە و لەگەڵ هێزە ڕۆحییەکەیاندا یەکانگیری بکەن و چاونەترسانە بەگژ گەورەترین هێزی داگیرکەردا بچنەوە، باشترین نموونەش شێخ و سۆفییەکانی سەر بە ڕێبازی سەنوسییە کە پێشتر باسمان کردن.
هەروەها لە سودانیش بزووتنەوەیەکی سۆفیگەری بەناوی بزووتنەوەی مەهدییە (١٨٨١- ١٨٩٩ز) دەرکەوت کە ڕۆڵێکی گرنگی لە بواری سیاسەتدا بینی. بزووتنەوەکە پشتی بە خانەقاو خەڵوەتگا وەک بنکەی پەروەردەی ڕۆحی و ئایینی دەبەست و بانگەشەی بۆ پاککردنەوەی ئیسلام لە بیدعەو کاری پێچەوانەی شەریعەت دەکرد و جەختی لە جێبەجێکردنی لە دادپەروەری و شەریعەت و چاکسازیش لە کۆمەڵگەدا دەکردەوە. ڕابەری بزووتنەوەکەش کەسێک بوو بەناوی موحەممەد ئەحمەد عەبدوڵڵا (١٨٤٤- ١٨٨٥) کە خۆی بە مەهدی چاوەڕوانکراو (المهدي المنتظر) ناساند بوو، موريدی ڕێبازی سەمانی بوو، دواتر بوو بەشێخی ڕێبازەکەش و سوپایەکی کۆکردەوە و لە دژی حکومەت و سوپای میسر و تورکیا و بەریتانیا لە وڵاتەکەی جەنگا و دەسەڵاتێکی سەربەخۆیشی دامەزراند و دواتر خەلیفەکانی درێژەیان بە ڕێبازەکەیدا. مەهدی لە سودان دژ بە داگیرکاری تورکی و میسری و پاشان بەریتانی جەنگا و هەوڵی دروستکردنی دەوڵەتێکی ئیسلامی سەربەخۆی لە ژێر سایەی سەرکردایەتی خۆی دا. دەوڵەتەکەشی بەکردەیی لە ساڵی (١٨٨٥ز) دامەزراند و تا کۆچی دوایی کرد سەرکردایەتی بزووتنەوەی مەهدییەی کرد، لەماوەی خەباتی سیاسیدا توانی هۆزە سودانییە جیاوازەکان لە ژێر ئاڵای ئایین و جیهاددا کۆبکاتەوە و میراتێکی سیاسی و ئایینی دوور مەودایشی لە سودان بەجێهێشت (٤٠).
لە عێراق و کوردستانیش هەرچەندە سۆفیگەری نەیتوانیوە دەسەڵاتی سياسى بگرێتە دەست، بەڵام شانبەشانی دەسەڵاتی خۆماڵیی کاریان کردووە و لە خێروبێری دەسەڵات بێبەش نەبوون. ئەگەر هەندێک بگەڕێینەوە بۆ دواوە دەبینین لە نیوەی دووەمی سەدەی نۆزدەدا کە کۆتایی بە دەسەڵاتی میرە کوردەکان هات، شێخە سۆفییەکان توانییان ئەو بۆشاییە سیاسییە پڕ بکەنەوە. ئەوان ئەگەر لەسەروەختی دەسەڵاتی میرە کوردەکاندا زیاتر خۆیان بە دیوە ڕۆحانییەکەی ئایین سەرقاڵ کردبێت، دوای نەمانی میرەکان وەک هێزێکی کاریگەر و خاوەن پێگەی کۆمەڵایەتی بەهێز لە ڕووی سیاسی و ئۆرگانیزەکردنی خێڵە کوردییەکان، دەرکەوتن(٤١). کە ڕاپەڕینەکەی بەهاری (١٩٩١ز)یش لە باشووری کوردستاندا ڕوویدا، دوو حیزبی سەرەکیی کە (یەکێتی نیشتیمانی کوردستان) و (پارتی دیموکراتی کوردستان) بوون بەشداربوون، ئەم دوو حیزبە هەرچەند نەتەوەیین، بەڵام مێژووی خەباتی سیاسییان لە کاریگەریی سۆفیگەری دابڕاو نییە، دامەزرێنەری یەکێتی نیشتیمانی کوردستان (مام جەلال)ـە کە نەوەی شێخانی تاڵەبانییەو لەسەر ڕێبازی قادری ئەژمار دەکرێن. هەروەها سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستانیش (مەسعود بارزانی)یە کە لە بنەماڵەیەکی نەقشبەندییە.
- ئیسلامی سیاسی و سۆفیگەری سیاسیی
گەیشتنی هەندێک لە ڕێباز و کەسانی سەر بە سۆفیگەری بەدەسەڵات، پرسیارێک دەوروژێنێـت ئەویش ئەوەیە: جیاوازیی لەنێوان ئیسلامی سیاسی وسۆفیگەری سیاسیدا چییە؟
بۆ وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارە دەبێت ئاماژە بەوە بکەین کە بێگومان سۆفیگەری سیاسی بەتەواوەتی لە ئیسلامی سیاسی ناچێت، بەڵام چەند خاڵێکی لێکچوون و جیاوازی لەتەکیدا هەیە کە لەخوارەوە دەیانخەینە ڕوو. بەڵام سەرەتا دەبێت ئاماژە بۆ ئەوە بکەین (ئيسلامی سیاسی) زاراوەیەکی تازەیەو لەناو فەزای میدیاوە هاتووەتە ناو فەزاسی سیاسەت، زاراوەکە ئاماژە بۆ ئەو بزووتنەوە فیکری و سیاسییانە دەکات کە لە چوارچێوەی تێڕوانینێکی سەراپاگیر بۆ ژیانی مرۆڤ کاری سیاسی دەکەن، دەیشیانەوێت ئەو ژیانە بەشێوەیەک دابڕێژێنەوە کە لەگەڵ ئاراستەکانی ئیسلامدا بگونجێت و لە چوارچێوەى وڵاتێک یان حیزبێک یان هەر دامەزراوەیەکی کۆمەڵایەتی ڕێکی بخەن (٤٢) . هەروەها ئیسلامی سیاسی بە ئەرکی خۆی دەزانێت بەرەنگاری دەسەڵاتی ستەمکار و داگیرکەر ببێتەوە. ئەو پێیوایە ئیسلام تەنیا ئایینێک نییە کە لەپەیوەندیی نێوان تاک و خودا و هەندێک ڕێوڕەسم و خوداپەرستیدا کورتی بکەینەوە، بەڵکو سیستمێکی گشتگیری ژیانە کە سیاسەت و دەسەڵات و یاساو بەها کۆمەڵایەتییەکانیش دەگرێتەوە. بۆیە دەشێت هەر حیزب و گروپ و ڕێبازێک کە سەر بە قوتابخانەی (ئیخوان) و (سەلەفی) و (سۆفی)بن کار بۆ بەدیهێنانی ئەو ئامانجانەی سەرەوە بکەن، بە ئیسلامی سیاسی ناو ببەین. هەرچەندیشە دامەزراندنی دەسەڵاتێکی ئیسلامی ئامانجی هەندێک لە قوتابیانی ئەو سێ قوتابخانە ئیسلامییە بێت، بەڵام هیچکات ئەوان بەتەواواەتی یەکترییان قەبوڵ نیییە و هەریەکەو بەپێی تێگەیشتنی خۆی لە ئیسلام دەسەڵاتداری دەکات. بەگشتی دەتوانین هەندێک خاڵی لێکچوون و جیاوازی نێوان ئیسلامی سیاسی و سۆفیگەری سیاسی دەستنیشان بکەین کە ئەمانەن:
خاڵی لێکچوون:
- مەرجیعی هەردوکیان ئیسلامە و دەیانەوێت ئەو ئایینە لە فەزای گشتی و سیاسیدا بەکاربهێنن و تەنیا لە خوداپەرستی تاکەکانی کۆمەڵگەدا کورتی نەکەنەوە.
- هەردووکیان خودان مەرجیعێکی ئایینی سیاسین.
- بەرگری و جیهاد لە دژی دەسەڵاتی ستەمکارو داگیرکەران دوو ڕێگەن کە هەریەک لە ئیسلامی سیاسی و سۆفیگەری سیاسی پشتیان پێدەبەستن.
- ئیسلامی سیاسی لە هەندێک وڵاتدا وەک میسرو تونس گەیشتووەتە دەسەڵات، هەروەها سۆفیگەری سیاسیش وەک بزووتنەوەی مەهدییە لە سودان و سنوسییە لە لە لیبیا گەیشتووەتە دەسەڵات.
خاڵی جیاواز:
- سۆفیگەری سیاسی پشت بە ئەزموونی ڕۆحی و شێخ و خانەقاو تەکیەکان دەبەستێت. بەڵام ئیسلامی سیاسی وەک ئیخوان و بزووتنەوە سەلەفییەکان پشت بە دەقە شەرعییە ڕاستەوخۆکان و فیقهی سیاسی دەبەستن.
- هەڵوێستی سۆفیگەری ، لەدەسەڵاتدا بەرانبەر بە ئەوی دیکەی جیاواز نەرمترو لەسەر بنەمای مرۆڤدۆستی و لێبوردەیی سەیری ئەوی دیکە دەکات. بەڵام ئیسلامی سیاسی لەسەر بنەمای (الولاء) و (البراء) سەیری دەکات و مامەڵەیەکی توندی لەتەکدا دەکات.
- سۆفیگەری هەوڵی چاکسازی لە دەروونی تاکەکان و کۆمەڵگەدا لە ڕێگەی زوهد و زیکرو پەروەردەی ڕۆحییەوە دەدات، بەڵام ئیسلامی سیاسی لە ڕێگەی جێبەجێکردنی دەقاودەقی شەریعەتەوە ئەم کارە دەکات.
- گوتاری سۆفیگەری سیاسی ڕۆحی و جیهادییە، بەڵام گوتاری ئیسلامی سیاسی یاسایی و ئیدارییەو جەخت لە دەوڵەت و دەستووری ئیسلامی و شەریعەت دەکات.
- سۆفیگەری سیاسی زیاتر لە ڕۆحی کۆمەڵگەی ئیسلامی نزیکە. کەچی ئیسلامی سیاسی لە دەستەبژێری کۆمەڵگە نزیکە.
كۆتايـــــــى
١. هۆکاری سەرەکی دەرکەوتنی سۆفیگەریی ئیسلامی کاردانەوە بووە بەرانبەر ستەم و گەندەڵی و خۆشگوزەرانی لە ڕادەبەدەری دەسەڵاتداران و سیاسەتی نادادپەروەرانەیان بەرانبەر بە خەڵک، نەک کاریگەربوون بە سەرچاوەی دەرەکی یان سەرچاوەی ناوخۆیی وەک قورئان و سوننەت.
٢. هەرچەندە سۆفیگەری بانگەشەی دوورکەوتنەوە لە دونیای کردووە و سیاسەتیش خۆی بەکاروباری دونیاوە مژۆڵ دەکات، بەڵام مێژووی سۆفیگەری لە تێکەڵاوبوون بە سیاسەت خاڵی نییە.
٣. پەیوەندیی سۆفیگەریی ئیسلامی و سیاسەت بەپێی زەمان و زەمینی جیاواز و بارودۆخی کۆمەڵگا ئیسلامییەکان گۆڕانکاری بەسەردا هاتووە. بەڵام بەگشتی پەیوەندییەکە لە چوار حاڵەتدا بەرجەستە دەبێت کە بریتین لە ( بێلایەنی و دوورەپەرێزی، هاوکاری و پشتیوانیی، بەرەنگاریی، دەسەڵات گرتنە دەست).
٤. لە نێوان سۆفیگەری سیاسی و ئیسلامی سیاسییدا خاڵی هاوبەش و جیاواز هەیە.
٥. هیچکاتێک سۆفیگەری سیاسی لەکوردستاندا خەونی ڕووخاندنی دەسەڵاتی کوردیی نەبووە، چونکە بە هی خۆی زانیوە، بەڵام ئیسلامی سیاسی بەردەوام خەونی ڕووخاندنی دەسەڵاتی کوردیی هەبووە، لە ئەو پێناوەشدا خەباتی مەدەنیی و تەنانەت جیهاد یان خەباتی چەکداری کردووە.
٦. سۆفیگەری لە کوردستاندا تەنیا ئەزموونێکی ڕۆحی یاخود ڕەوتێکی ئایینی نەبووە، بەڵکو دامەزراوەیەکی کۆمەڵایەەتی و سیاسییش بووە کە کاریگەریی لە دروستبوونی هۆشیاریی دەستەجەمعی و ئاراستەی ڕووداوەکان کردووە، لەدوای ڕووخانی دەسەڵاتی میرەکوردەکانیش بۆ شایی سیاسی پڕ کردووەتەوە.
٧. هەندێک جار دەسەڵاتی سیاسی بێگانە، لە پێناو بەرژەوەندیی خۆی، سۆفیگەری لە کوردستاندا بەکارهێناوە، بەڵام جاریواش هەبووە هەندێک لە شێخ و سۆفییە کوردەکان نەچوونەتە ژێرباری سیاسەتی بێگانە و بگرە سۆفیگەری ان بۆ بەرژەوەندیی گەلی کورد بڵاوکردنەوەی بیری نەتەوەیی و بەرەنگاربوونەوەی داگیرکەر و ستەمکاران بەکارهێناوە.
–لیستی پەراوێز و سەرچاوەکان :
(١) عوسمان نووری تووباش، ٢٠٢١، تەسەووف کۆششکردنی موسڵمانە لەگەڵ نەفسی خۆیدا، هەولێر: ناوەندى ڕەها بۆ چاپ و بڵاوکردنەوە، ل ٢٨.
(٢) ئەمین شێخ علاء الدین نەقشبەندی ، ٢٠١٥، تەصەووف چی یە؟ چاپی سێیەم، چاپخانەی چوارچرا، ل ٦٠، ٧٠.
(٣) أبو العباس أحمد بن احمد بن محمد بن عيسى زروق الفاسي البرنسي ، ٢٠٠٥، قواعد التصوف، تقديم وتحقيق: عبد المجيد خيالي، ط2، ، بیروت: دار الکتب العلمیة، ل ٢١.
(٤) شێخ موحسین موفتی، ٢٠٢٤، زانستی تەصەوف و ئاداب و ڕێبازی نەقشبەندی، هەولێر: چاپخانەی ڕۆژهەڵات، ل١٦.
(٥) الذاريات: ٥٦.
(٦) موفتی، شێخ موحسین، ٢٠٢٤، زانستی تەصەوف و ئاداب و ڕێبازی نەقشبەندی، هەولێر: چاپخانەی ڕۆژهەڵات، ل١٦.
(٧) محەمەد رەئووف تەوەککولی، ، ٢٠٢٥، مێژووی تەسەوف لە کوردستان، وەرگێڕانی: یوسف زاهیر هەورامی، هەولێر: دەزگای چاپ و بڵاوکردنەوەی ڕۆژهەڵات، ل: ٤١- ٤٢، ٥٤، ٥٦، ٦٣.
(٨) بوشرا کەسنەزانی، سەباح بەرزنجی ، ٢٠٢٣، فەرهەنگی پیران سەبارەت بە زاراوەی تەسەوف و عیرفان، سلێمانی: چاپخانەی سەردەم، ل ١١.
(٩) جەمال حسێن، ئایینی خۆشەویستی دەروازەیەکی گشتی، سلێمانی: ناوەندی غەزەلنووس، ل ٥٨.
(١٠) حەیدەر لەشکری، ٢٠٢٥، کورد و بەجیهانیکردنی تەسەوفی ئیسلامی چەند سەرنجێک لەسەر مێژوویەکی جیهانگەرای نەگێڕدراوە، گۆڤاری ئایینناسی، ساڵی سێیەم، ژمارە ١١، ل ١٣.
(١١) کەیومەرس عەزیمی، ٢٠١٧، مێژووی شیعەکەری لە کوردستاندا، سلێمانی: ماڵی سوهرەوەردی، ل ٣٨٨.
(١٢) محەمەد رەئووف، تەوەککولی، ، ٢٠٢٥، مێژووی تەسەوف لە کوردستان، وەرگێڕانی: یوسف زاهیر هەورامی، هەولێر: دەزگای چاپ و بڵاوکردنەوەی ڕۆژهەڵات، ل: ١٦٦- ١٦٧.
(١٣) هەمان سەرچاوەی پێشوو: ل: ١٠٦.
(١٤) کەیومەرس عەزیمی، ٢٠١٧، مێژووی شیعەکەری لە کوردستاندا، سلێمانی: ماڵی سوهرەوەردی، ل ٣٩١.
(١٥) هەمان سەرچاوەی پێشوو، ل ٣٩٢.
(١٦) آنا ماري شیمل، ، الأبعاد الصوفیة في الإسلام وتاريخ التصوف، ترجمة: محمد إسماعل السيد، رضا حامد قطب، كولونيا: منشورات الجمل، ل ٣٨.
(١٧) جەمال حسێن، ٢٠٢٠، ئایینی خۆشەویستی دەروازەیەکی گشتی، سلێمانی: ناوەندی غەزەلنووس، ل ٥٤، ٥٩- ٦٠.
(١٨) حسن حنفي ، 2009، من الفناء إلى البقاء: محاولة لإعادة بناء علوم التصوف، بيروت: دار المدار الإسلامي، ل ٢٨- ٣١.
(١٩) حسام الدين علي غالب النقشبندي، 2011، الکرد في لرستان الصغرى (الشمالية) وشهرزور خلال العصر الوسيط (348- 11ه/ 959-117م) دراسة سياسية وحضارية، السليمانية: مكتبة شڤان، ل ٣٤٣.
(٢٠) سبحانی، محمدتقی،٢/ ١٠/ ٢٠١٨، فرقه های صوفی با دنیای سیاست یک ساز نبوده اند/ چهره چندگانه تصوف، https://www.mehrnews.com/news/4412510/%D9%81%D8%B1%D9%82%D9%87-%D9%87%D%%86%D9%- (قابل دسترسی:١٩/ ٩/ ٢٠٢٥).
(٢١)Marwan Al-Jubouri,( March 2, 2024), “The Dervish and the Sultan”: The Relationship between Sufism and Politics in Iraq, https://nirij.org/en/2024/03/02/the-dervish-and-the-sultan-the-relationship-between-sufism-and-politics-in-iraq, (accessed: 19-09-2025)./
(٢٢) شێخ موحسین موفتی ، ٢٠٢٤، زانستی تەصەوف و ئاداب و ڕێبازی نەقشبەندی، هەولێر: چاپخانەی ڕۆژهەڵات ل ٤٤.
(٢٣) لقمان محمد، پێگەی شێخانی نەقشبەندی لە هەورامان و هەڵەبجە (١٩١٨- ١٩٥٨)، ماستەرنامە، زانکۆی سلێمانی، ل ٦٢.
(٢٤) محەمەد رەئووف، تەوەککولی، ، ٢٠٢٥، مێژووی تەسەوف لە کوردستان، وەرگێڕانی: یوسف زاهیر هەورامی، هەولێر: دەزگای چاپ و بڵاوکردنەوەی ڕۆژهەڵات، ل: ١٠٦. هەروەها بڕوانە: حلوتهم جمال جمعە فلیفل، ٢٠٢٤، اهتمام الخلیفة الناصر لدين الله العباسي (٥٧٥- ٦٢٢ه / ١١٨٠/١٢٢٥م) بالعمارة الدينية (رباط الأخلاطية والمرزبانية أنموذجا)، جامعة الأزهر، كلية التربية بأسيوط، المجلة العلمية، الجزء الثاني، العدد ٤٣. ل: ١٧٨٤،
(٢٥) عەبدوڵڵا قەرەداغی، سۆفیگەری و لێبوردەیی سەلاحەددینی ئەییوبی بە نموونە، ٢٠١٨، گۆڤاری خاڵ، ژمارە ١٦، ل ٢٩.
(٢٦) مەلا عەبدولکەریم مودەڕیس، ٢٠١١، یادری مەردان مەولانا خالیدی نەقشبەندی، بەرگی یەکەم، چاپی دووەم، هەولێر: دەزگای چاپ و بڵاوکردنەوەی ئاراس ، ل ٣٢.
(٢٧) پیرەمێرد، ڕۆحی مەولانا خالید، ٢٠١٦، ئامادەکردن و لێکۆڵینەوەی: مەلا مەحمووودی گەڵاڵەیی، چاپی چوارەم، سلێمانی: کتێبخانەی ئارام، ، ل ٢١.
(٢٨) ماجید خەلیل ، سۆفیزمی کوردی لە گەمەی سێکولاری ستەمکار و سەلەفیزمی ڕادیکاڵدا، گۆڤاری خاڵ، ژمارە ١٦، ل ٤٨.
(٢٩) لقمان محمد، پێگەی شێخانی نەقشبەندی لە هەورامان و هەڵەبجە (١٩١٨- ١٩٥٨)، ماستەرنامە، زانکۆی سلێمانی، ل ٦٨.
(٣٠) سالار تاوگۆزی، مێژووی خوێندن لە حوجرەی هیران و پاشخانی زانستیی صافی هیرانی، صافی هیرانی نەوای شیعر و چرای نیشتمان، توێژینەوەکانی یەکەمین کۆنفرانسی زانستیی نێودەوڵەتیی کۆلێژی پەروەردەی شەقڵاوە، ٢٠٢٤، هەولێر، چایخانەی زانکۆی سەلاحەدین، ل ١٧٥.
(٣١) لقمان محمد، پێگەی شێخانی نەقشبەندی لە هەورامان و هەڵەبجە (١٩١٨- ١٩٥٨)، ماستەرنامە، زانکۆی سلێمانی، ل ٦٤، ٦٧.
(٣٢) علي محمد الصلابي، ٢٠٠٩، تاريخ االحركة السنوسية في أفريقا، ط٣، بيروت: دار المعرفة، ل ٨٠.
(٣٣) علي محمد الصلابي ، (ب.ت)، الشيخ الجليل عمر المختار نشأته وأعماله واستشهاده، بيروت: المكتبة العصرية، ل: ١٣، ١٥.
(٣٤) علي محمد الصلابي ، ٢٠٠٩، تاريخ االحركة السنوسية في أفريقا، ط٣، بيروت: دار المعرفة، ل ٥٦٥.
(٣٥) سامیة أبو عمران، ٢٠٢٤، الأمير عبد القادر الجزائري رمز المقاومة الجزائرية، جامعة الجزائر، مجلة المصادر، العدد 11، ل ٧٣.
(٣٦) هەمان سەرچاوەی پێشوو، ل ٨٠.
(٣٧) عبد الجلیل عبدالله صالح ، ٢٠١٩، الطريقة السمانية، المنهج- التاريخ والمستقبل دراسة وصفية تحليلة تاريخية، الراوي للنشر والتوزيع، ل ١١.
(٣٨) علي رجب، ٣/١٠/٢٠٢٠، جيش “الطريقة النقشبندية”.. “الرقم المبهم في العراق”، https://www.islamist-movements.com/2872، (بەردەستە: ١٩/٩/٢٠٢٥).
(٣٩) جەعفەر عەلی، شوێنی سۆفیزم لە جوڵانەوەی سیاسی کورددا، ٢٠١٨، گۆڤاری خاڵ، ژمارە (١٦)، ل: ٢٢.
(٤٠) حنان دباخ ، ٢٠١٣، الثورة المهدية في السودان (١٨٨١- ١٨٩٩ز))، رسالة ماجستير، جامعة محمد خيضر*بسكرة*، ، ل ٣٦، ٣٨، ٤٥، ٤٧، ٥٠.
(٤١) جەعفەر عەلی، شوێنی سۆفیزم لە جوڵانەوەی سیاسی کورددا، ٢٠١٨، گۆڤاری خاڵ، ژمارە (١٦)، ل ١٩.
(٤٢) أحمد القاسمي، ١٣/٦/ ٢٠٢٠، في مفهوم الإسلام السياسي.. مقاربات نظرية وتجارب عملية،
https://arabi21.com/story/1278040/%D9%81%D9%8A-
(بەردەستە: ١٨- ٩- ٢٠٢٥).
كوردی

