پەیوەندی نێوان ئایین و سیاسەت لەسەردەمی جیهانگیریدا
ئەلیزابێس کاتلین باگێت | و. لە ئینگلیزییەوە: عەزیز ڕەئووف

پوختە
ئایین لە سیاسەتی مۆدێرندا ڕۆڵێکی گرنگی هەیە و پەیوەندی نێوان ئایین و سیاسەتیش هەمیشە لە گۆڕاندایە. حوکمڕانی دەوڵەتێک ناتوانرێت لە بۆچوونە ئایینیەکانی خەڵکەکەی جیا بکرێتەوە کە کاریگەری لەسەر سەرکردە و یاسادانەرانی وڵاتەکە هەیە. یاسا ئاوێنەی کۆمەڵگەیە. ئەم توێژینەوەیە لەو ڕێگایانە دەکۆڵێتەوە کە بیروباوەڕی کۆمەڵگە ئایینییەکان لەلایەن چاوەڕوانی سیاسییەکان و پێویستییەکانی نەتەوەیەکەوە لە قاڵب دەدەن، ئەمەش بە بەکارهێنانی نموونەی ئایینە گەورەکانی جیهان. خوێنەران بە خوێندنەوەی ئەم تویژینەوەیە سەبارەت بە تێڕوانینی هەر ئایینێک بۆ پەیوەندی نێوان ئایین و سیاسەت و چۆن لایەنگرانی ئایینی پشتگیریان لەو پەیوەندییە کردووە یان دژایەتیان کردووە زانیارییان دەستدەکەوێت. لەبەرئەوەی ئایین و سیاسەت هەمیشە لە گۆڕان و خۆگونجاندندان، ئایدۆلۆژیا بنەڕەتییەکانی پەیوەندی نێوان ئەم دوانە بەردەوام لەبەردەم ئاڵنگاریدان، بیریان لێدەکرێتەوە و دەستکاری دەکرێن.
پێشەکی
بە بۆچوونی ڕۆبەرت سویرێنگا، “مرۆڤەکان لە ڕووی سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتییەوە بەگوێرەی بیروباوەڕی خۆیان ڕەفتار دەکەن، بەها و ڕەوشت و کردارەکانیان، چ لە سەر سندوقی دەنگدان بێت، چ لە شوێنی کار، یان لە ماڵەوە، دەرئەنجامی ئەو خودایە، یان خودایانەیە کە لەگەڵ خۆیاندا هەڵیانگرتووە” (Wald 2018: 39). . سویرێنگا بابەتێکی گرنگ دەخاتەڕوو، کە چۆن ئایین کاریگەرییەکی بەرچاوی لەسەر هەموو لایەنەکانی ژیان هەیە. ئایین هێزی ئەوەی هەیە کاریگەری لەسەر بڕیارەکانی ڕۆژانەی تاکەکان هەبێت، ئەمەش لە بەرامبەردا کاریگەری لەسەر چۆنێتی مامەڵەکردنیان لە ڕووی سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتییەوە هەیە. سەرنجی ئەم توێژینەوەیە لەسەر پەیوەندی نێوان ئایین و سیاسەت دەبێت. هەردوو ئایین و سیاسەت بوونێکی “زیندوو”ن، واتە وەک بوونەوەرێکی سەربەخۆ کاردەکەن کە خۆیان لەگەڵ ژینگەکەیاندا دەگونجێنن و گۆڕانیان بەسەردا دێت، هەروەک چۆن مرۆڤ گۆڕانی بەسەردا دێت. ئەم دوانە پێکەوە کاریگەرییەکی زۆریان لەسەر تاک و کۆمەڵگە وڵاتان و تەنانەت جیهانیش هەیە. ئایین و سیاسەت وەک پەیوەندییەکی هاوژیانی کاردەکەن، کە هەردووکیان توانای سوودگەیاندن، یان زیانگەیاندنیان بە یەکتر هەیە. ئەم توێژینەوەیە حەوت ئایینی جیهانی بەکاردەهێنێت بۆ نیشاندانی مێژوو و تێکەڵکردنی سیاسەت بۆ ناو ئایینی مۆدێرن.
جێبەجێکردنی چەمکەکان
مرۆڤ پێش ئەوەی بتوانێت لە پەیوەندی نێوان ئایین و سیاسەت تێبگات، دەبێت تێگەیشتنێکی هەبێت لە خودی چەمکەکان. وشەی “ئایین” و “سیاسەت” دەتوانرێت بۆ هەر تاکێک شتێکی جیاواز و ناوازە مانای هەبێت. تێگەیشتن لە پەیوەندی نێوان ئایین و سیاسەت ئاڵنگارییە، بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی هەردووکیان پێناسەی دینامیکییان هەیە. بەپێی فەرهەنگی کامبریج، ئایین بریتییە لە باوەڕبوون و پەرستنی خودایەک، یان خوداوەندێک، یان هەر سیستمێکی باوەڕ و پەرستنی لەو جۆرە. لە کاتێکدا باو و ئاساییە کە ئایین بە سادەیی وەک سیستمێکی باوەڕ پێناسە بکرێت، بەڵام ئایین دەتوانین بڵێین لەوە زیاترە. ئایین شێوازێکە، کە دەسەڵاتی هەیە بۆ کۆی لایەنەکانی ژیان. ئایین ناسێنەرێکە کە تاکەکان بە کۆمەڵگەی دەوروبەریانەوە دەبەستێتەوە. بەو قسەیە مرۆڤ دەتوانێت بزانێت چۆن ئایین دەتوانێت دەستێکی وەها کاریگەری لە سیاسەتدا هەبێت. فەرهەنگی کامبریج سیاسەت بە چالاکییەکانی حکومەت، ئەندامانی ڕێکخراوە یاسادانەرەکان، یان ئەو کەسانە پێناسە دەکات، کە هەوڵدەدەن کاریگەرییان لەسەر شێوازی بەڕێوەبردنی وڵاتێک هەبێت. ئەم پێناسەیە زۆر فراوانترە لە پێناسە باوەکانی سیاسەت. پێناسەکە ئەو لقانەی سیاسەت دەگرێتەوە، کە بە تایبەتی بەشدار نین لە حکومەتدا. بۆ نموونە پێناسەکە ڕێگە بە خوێنەران دەدات، کە ڕێکخراوە ناحکومییەکان و ڕژێمە سەربازییەکان بخەنە ناو کردەی سیاسی ڕۆژانەوە.
جیهانگیریی سیاسی
بە تێپەڕبوونی کات، ئایین و سیاسەت گۆڕان و گونجاندنیان لەگەڵ دەوروبەر هەبووە، ئەمەش بۆ ئەوەی باشتر پێداویستییەکانی کۆمەڵگە لەخۆ بگرن. مۆدیرنە و جیهانگیری ئاسانکاری سەرەکی گۆڕانی پێداویستییە کۆمەڵایەتییەکان بوون. جیهانگیری هێشتا وشەیەکی دیکەیە، کە پێناسەکردنی ئەستەمە. پێناسەیەکی فراوان بۆ جیهانگیری تۆڕێکی ئاڵۆزە لە پرۆسەی کۆمەڵایەتی کە ئاڵوگۆڕ و پەیوەندییە ئابووری و کولتووری و سیاسی و تەکنەلۆژییە جیهانییەکان چڕتر و فراوانتر دەکەن(Campbell 2010: 4). لە پێوەندی لەگەڵ ئاییندا، دەتوانرێت جیهانگیری باشتر بەو پرۆسەیە پێناسە بکرێت، کە مرۆڤ و بیرۆکە و کاڵاکان لە سەرانسەری جیهاندا بڵاودەبنەوە، ئەمەش هاندەری کارلێک و یەکگرتنی زیاتر لە نێوان کولتوور و حکومەت و کاروباری ئابووری دەڕەخسێنێت. لەگەڵ تێکەڵبوونی جیهانگیری و ئایین، ئایینەکان کاریگەریی خۆیان لەسەر سیستمی سیاسی، چ جیهانی و چ لۆکاڵی بێت، زیاتر کردووە. ئایینەکان کاریگەری خۆیان درێژکردووەتەوە بە بڵاوبوونەوەیان لەسەر ئاستی جیهانی، دروستکردنی چەندین شوێنی پیرۆز و دامەزراوەی ئایینی جۆراوجۆر لە سەرانسەری جیهان و بوون بە ئەکتەری جیهانی لە هەوڵەکانی ئاسانکاری بۆ گۆڕانکاری کۆمەڵایەتی. دەستەواژەی جیهانگیریی سیاسی دەتوانێت وەسفی فراوانبوونی دەستڕاگەیشتن بە سیستمی سیاسی بکات. جیهانگیریی سیاسی دەتوانرێت بە پێشکەوتنی سیستمێکی سیاسی بێ سنوور وەسف بکرێت. سیستمەکە بە کاریگەریی حکومەتە نیشتمانییەکان، ڕێکخراوە حوکمڕانەکانیان و ڕێکخراوە ناحکومییەکان و ڕێکخراوەکانی تری بزووتنەوەی کۆمەڵایەتی بنیاتنراوە. جیهانگیریی سیاسی گرنگی ئەکتەرە جیهانییەکانی لە سیاسەتدا بەرەوپێش بردووە، نەک حوکمڕانی بۆ تاکە دەوڵەتە نەتەوەییەکان جێبهێڵێت. جگە لەو سیستمە سیاسییانەی، کە خۆیان وەک جیهانی دەناسێنن، ئێستا تاکەکان خۆیان وەک “هاووڵاتی جیهانی” دەناسێنن. هاووڵاتی جیهانی ئەو تاکانەن کە خۆیان بە خاوەنی جیهان دەزانن، نەک نەتەوەیەکی دیاریکراو. لە کتێبی “هاووڵاتی جیهانی – ئاڵنگاری و بەرپرسیارێتی لە جیهانێکی بەیەکەوە بەستراودا”، سێیلا بنهابیب دەڵێت: هاووڵاتیانی جیهانی، هاووڵاتییەکی نەرم و نیانن. لە هەمان کاتدا هاووڵاتییەکی تەواو نیشتمانین. جیهانگیریی سیاسی و هاووڵاتیانی جیهانی زیاتر کارئاسانی بۆ کارلێکی ئایینە جیهانییەکان لە سیاسەتی جیهانیدا کردووە.
دەستنیشانکردنی مرۆڤ بۆ ئایین لە سیاسەتدا
ئێستا کە بناغەیەک بۆ لێکدانەوە جیاوازەکانی ئایین و سیاسەت و جیهانگیری دانراوە، با سەرنجمان بگۆڕین بۆ پەیوەندیی نێوان ئایین و سیاسەت لە دنیای جیهانگیریدا. گفتوگۆکە بە بەکارهێنانی حەوت ئایینی گەورەی جیهانی وەک چوارچێوەیەک بۆ ڕوونکردنەوەی پەیوەندییە دینامیکییەکان نزیک دەکرێتەوە. هەشت ئایینی جیهانی وەک لەلایەن ستیڤن پرۆتێرۆ لە کتێبی “خودایەک بوونی نییە”دا دەستنیشان کراوە: هەشت ئایینی ڕکابەر، کە جیهان بە ڕێکوپێکی کاریگەری بەڕێوەدەبەن بریتین لە ئیسلام، مەسیحی، کۆنفۆشیۆس، هیندۆسی، بودا، ئایینی یۆرۆبا، جولەکە و تائۆیزم. جگە لە ئایینی یۆرۆبا، لەم توێژینەوەیەدا ئاماژە بە هەموو ئایینەکان دەکرێت. بە گوێرەی پرۆتێرۆ هەر ئایینێک دەستنیشانکردنی تایبەتی خۆی بۆ کێشەی مرۆڤ و ڕەچەتەی تایبەتی خۆی بۆ چارەسەرکردن پێشکەش دەکات (Prothero 2010) .
لە ئیسلامدا کێشەکە شانازییە، چارەسەریش ملکەچبوونە، لە ئایینی مەسیحیدا کێشەکە گوناهە و چارەسەرەکەش ڕزگاربوونە، لە کۆنفۆشیۆسیزمدا کێشەکە ئاژاوەیە و چارەسەرەکەش ڕێکوپێکییە؛ لە ئایینی هیندۆسیدا کێشەکە سەرگەردانییە و چارەسەرەکەش دڵسۆزییە، لە ئایینی بودادا کێشەکە ئازارە، چارەسەرەکەش بەئاگابوونەوەیە (Prothero 2010: 177)؛ لە ئایینی جولەکەدا کێشەکە دەربەدەرییە و چارەسەرەکەش گەڕانەوەیە، لە دائۆیزمدا کێشەکە بێ ژیانە و چارەسەرەکەش لە گەشەکردندایە. (Prothero 2010) مرۆڤەکان ئەم چارەسەرانە وەک وەڵامێک بۆ کێشە زەمینیەکانیان بەکاردەهێنن. جگە لەوەش مرۆڤ چارەسەری ئەو دەستنیشانکردنە مرۆییەی کە ئایینەکەی پێشکەشی دەکات بۆ کێشەکانی ناو سیاسەت بەکاردەهێنێت. ئایین وەک ئامڕازێک لە سیاسەتدا بە چەندین شێوە بەکاردێت. ئەم ڕێگایانە لە گۆڕانی کۆمەڵایەتییەوە دەستپێدەکات تا دەگاتە پێشکەوتنی سیاسی. بە تایبەتیتر، چوار لەو ڕێگایانە بەم شێوەیە دەڕۆن: بزووتنەوە سیاسییەکان بە ناوی ئایین، ئایین وەک سەکۆیەک بۆ پێشکەوتنی سیاسی، کاردانەوەی ئایینی بەرامبەر بە ناعەدالەتی سیاسی و سەرکوتکردنی ئایینی بە ناوی سیاسەتەوە. بە لێکۆڵینەوە لە نموونە تایبەتەکان لە حەوت ئایینی سەرەکیدا، مرۆڤ بە ڕوونی دەبینێت، کە چۆن ئایین و سیاسەت لەم جیهانە جیهانگیرییەدا بە شێوەیەکی باوەڕپێنەکراو تێکەڵاو بوون.
ئیسلام و ئیسلامۆفۆبیا
بە وتەی پرۆتێرۆ، ئیسلام لە هەموو ئایینەکانی جیهان کاریگەرترە. ئیسلام ئایینێکە ڕووبەڕووی مشتومڕی گەورە بووەتەوە. بۆ لایەنگرانی ئیسلام، ئایین شێوازێکی ژیانە. هەندێکی تریش ئەو ئایینە بە مەترسیدار دەزانن. بە تایبەتیتر لەلایەن گەلی ئەمریکاوە وەک مەترسیدار سەیر دەکرێت. ئیسلام ڕۆڵێکی کاریگەری هەبووە لە سیاسەتی مۆدێرن لە ئەمریکادا، بە شێوەیەکی بەرچاو بەهۆی هێرشە تیرۆریستییەکەی نیویۆرک لە ساڵی ٢٠٠١، کە بە شێوەیەکی باو بە ١١ی سێپتەمبەر ناودەبرێت. هێرشەکە لە لایەن تیرۆریستە ئیسلامییەکانی گەلانی عەرەبەوە بووە. لەلایەن ڕێکخراوی تیرۆریستی ئەلقاعیدەی ئوسامە بن لادنەوە پارەی بۆ دابینکرا. گوایە پاڵنەری هێرشەکان تۆڵەسەندنەوەی پشتیوانییەکانی ئەمریکایە لە ئیسرائیل و بەشداریکردنی لە شەڕی کەنداوی فارس و بەردەوامی بوونی سەربازی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
کردەوەکانی ١١ی سێپتەمبەر ترسی لە ئایینی ئیسلام لەلایەن گەلی ئەمریکا و تاکەکانی دیکەی جیهاندا چاند. ئەم توندڕەوە ئیسلامییانە ئایینیان کردە سەکۆیەک بۆ دەربڕینی ناڕەزایی خۆیان لە بڕیارە سیاسییەکانی ئەمریکا. لە دوای هێرشەکەوە موسڵمانانی ئەمریکا خەبات دەکەن بۆ ئەوەی بەبێ گۆشەگیری ئایینەکەیان پەیڕەو بکەن. گۆشەگیری زیاتر بەهۆی چەشنە چەقبەستووەکانی میدیا و کاردانەوەی حکومەتی ئەمریکاوە پەرەی پێدرا. وەڵامی ئەمریکییەکان بۆ هێرشەکان زیاتر بوونی ئایینی لە سیاسەتی ئەمریکادا چەسپاند.
ئایینی مەسیحی لە دادگاکانی ئەمریکا
دوای ئیسلام ئایینی مەسیحی بە کاریگەرترین ئایین دادەنرێت. بە درێژایی مێژوو ئایینی مەسیحی نەخشێکی بێباکی سیاسی هەبووە. بێباکی سیاسی لە جیاوازی ئایینی لە نێوان شوێنکەوتوانی مەسیحیدا سەرچاوە دەگرێت. لێکدانەوە جۆراوجۆرەکانی مرۆڤ بۆ ئایینی مەسیحی و بیروباوەڕەکانی بووەتە هۆی دابەشبوونی زۆر، ئەمەش لە چۆنێتی پراکتیزەکردنی ئایینی مەسیحیدا. نموونە لەوانە ناکۆکییەکانی نێوان ڕۆمانی کاسۆلیک و ئۆرتۆدۆکسی لە سەدەکانی ناوەڕاست و پرۆتستانت و کاسۆلیکەکان لە سەدەی شانزەهەمدا(Prothero 2010). ناکۆکی ئایینی لە نێوان مەسیحییەکاندا وایکرد ئەمریکا دامەزرێت. ڕەخنەگرانی کڵێسای ئینگلتەرا بڕیاریاندا خۆیان لە “حکومەتێکی نوێنەبووەوە، کە بەردەوام بوو لە پاراستنی کڵێسایەکی گەندەڵ” جیابکەنەوە بە جێهێشتنی ئینگلتەرا و بە کەشتی بەسەر زەریای ئەتڵەسیدا تێپەڕین بۆ دامەزراندنی دەوڵەتێکی نوێ کە بە شێوەیەکی دروست ڕێز لە خودا بگرێت (Wald 2018: 40).لە دوای ئەم ڕووداوەوە ئایینی مەسیحی ڕۆڵێکی بنەڕەتی لە سیاسەتی ئەمریکادا گێڕاوە.
وێنە و هێما و لێدوانی ئایینی لە کولتووری سیاسی ئەمریکادا بەردەوام بەکاردەهێنرێن. ئەمەش بەڵگەی ئەوە دەخاتە ڕوو کە بە ئایینی مەدەنی ناوببرێت(Wald 2018: 51). پێشتر زاراوەی ئایینی مەدەنی بە لاهووتێکی گشتی، یان ئایینی سیاسی ناودەبرا. ئامانجی ئایینی مەدەنی بریتییە لە هاوتەریبکردنی بۆچوونەکانی دەوڵەتەکان لەگەڵ بۆچوونە ئایینییە تایبەتەکان، کە لەلایەن دەوڵەتەوە بە گونجاو سەیر دەکرێن. ئایینی مەدەنی بە پرۆژەکردنی مانایەکی پیرۆز بۆ میللەت، خەڵکی خاوەن باوەڕە جۆراوجۆرەکان دەتوانن بیروباوەڕی ئایینی و سیاسی خۆیان تێکەڵ بکەن.(Wald 2018) بیرۆکەی ئایینی مەدەنی لە هەمان کاتدا هەم سەرنجڕاکێشە و هەم سەرنجڕاکێش نییە. بۆ زۆرینەی ئەو تاکانەی کە باوەڕیان بە ئایینی مەسیحی هەیە، ڕێکخستنی کارنامەی دەوڵەتەکان لەگەڵ بۆچوونە مەسیحییەکان ڕێگە بە مەسیحییەکان دەدات باشتر پشتگیری لە کردەوەی دەوڵەت بکەن، بەڵام بۆ غەیرە مەسیحییەکان ئەم بیرۆکەیە ناهاوسەنگی لە تێڕوانینی سیاسی و ئایینییاندا دروست دەکات. ڕەخنەگران دەڵێن ئەمریکییەکان وەک بەریەککەوتنی دژە ئەخلاقییەکان سەیری سیاسەتی نێودەوڵەتی دەکەن. بە ئاساییکردنەوەی سنووردارکردنی یاسایی لەسەر پرسەکانی وەک لەباربردن، دیسیپلین لە قوتابخانە، ڕەفتاری سێکسی، بەکارهێنانی مادە هۆشبەرەکان و ڕۆڵی سێکس، هەندێک لە ئەمریکییەکان پێیان وایە حکومەت وازی لە بناغە مەسیحییەکانی خۆی هێناوە (Wald 2018: 59).لە کاتێکدا دەوڵەت هەنگاو بەرەو یاسای عەلمانیتر دەنێت، هێشتا ڕەگ و ڕیشەی مەسیحی لە سیاسەتی مۆدێرندا ماوەتەوە.
بوونی ئایین لە سیاسەتدا زۆرتر لە ڕێگەی چۆنێتی بەرەوپێشبردنی دادگا و سەرۆکەکانی ئەمریکاوە دەبینرێت، کە ئەجێندا سیاسییەکانیان بەرەوپێش دەبەن. ئایینی مەدەنی بە تایبەتی لە ئەمریکا لە ڕێگەی وتار و نووسینی سەرکردە سیاسییەکانەوە دیارە (Wald 2018: 51). چل و چوار سەرۆک لە وتاری دەستبەکاربوونیاندا ئاماژەیان بە خودا کردووە.
سەرۆکەکان خودا وەک سەکۆیەک بەکاردەهێنن بۆ پەیوەندیکردن لەگەڵ زیاتر لە یەک لەسەر سێی خەڵکی ئەمریکادا. تەنانەت کاندیدەکانی سەرۆکایەتیش زمان بەکاردەهێنن سەبارەت بە پەیوەندی ئەمریکا بە خوداوە بۆ “چالاککردنی هەستی وابەستەیی لەسەر بنەمای گرووپ” لە نێوان خۆیان و دەنگدەرانیاندا(Wald 2018: 57). ئامانجی بەکارهێنانی ئەم زمانە بەدەستهێنانی دەنگی مەسیحییە، کە بە شێوەیەکی گشتی بە گرووپێکی دەنگدەری زۆرینە دادەنرێت. هەڵبژاردنی ئەم دواییە لەگەڵ کاندیدەکانی هیلاری کلینتۆن و دۆناڵد ترەمپ، دەیسەلمێنێت کە نموونەی پەیڕەوکردنی ئایینی مەدەنییە. کەمێک پێش هەڵبژاردنەکانی ساڵی ٢٠١٦، وەزارەتەکانی کاپیتوڵ وتیان، کە دەنگی مەسیحییەکان دەبێت بۆ دۆناڵد ترەمپ کاندیدی سەرۆکایەتی ئەمریکا بێت. سایتەکە ئامۆژگاری سیاسی پێشکەش بەو مەسیحیانە دەکات، کە لە نێوان ئەو دوو کاندیدەدا بوونیان هەیە. ڕالف درۆلینگەر و فرانک سۆنتاگ لە وەزارەتەکانی کاپیتوڵ باس لەوە دەکەن، کە بۆچی دەبێت ترەمپ دەنگی مەسیحییەکان بەدەستبهێنێت. درۆلینگەر ترەمپ وەک تاکێکی دروست دەناسێنێت، چونکە “پێی وایە کە ڕەنگە خودا وەڵامی دوعاکانمان بداتەوە و کاریزمایەکی گەورە لە دۆناڵد ترەمپدا سەرهەڵبدات” (بۆچی دەبێت ترەمپ دەنگی مەسیحییەکان بەدەستبهێنێت). جگە لەوەش، درۆلینگەر هەفتانە خوێندنی کتێبی پیرۆز بۆ ترەمپ دەنێرێت، کە لە واشنتۆن دی سی وانە دەڵێتەوە و دەڵێت ترەمپ بە تێبینی نووسراو وەڵامی باشی داوەتەوە. ئەمەش زیاتر بۆچوونی ترەمپ وەک سەرکردەیەکی مەسیحی بەرەوپێش دەبات. درۆلینگەر لە کۆتاییدا بە هاندانی مەسیحییەکان بۆ دەنگدان بە ترەمپ و داوای دوعاکردن لە ڕۆژی هەڵبژاردن دەکات.
کۆنفۆشیۆسیزم و “ئایینی مەدەنی” چینی
دوابەدوای ئایینی ئیسلام و مەسیحی، ئایینی کۆنفۆشیۆس بە سێیەمین ئایینی کاریگەر دادەنرێت. کۆنفۆشیۆسیزم پەرە بە نەزمێکی کۆمەڵایەتی دەدات، کە ڕێزگرتن لە گەورەکان و خۆشەویستی و هاوئاهەنگی بە نرخ دەزانێت. کۆنفۆشیۆسیزم لەسەر بناغەیەکی ئایینی کۆن بنیادنراوە بۆ دامەزراندنی بەها کۆمەڵایەتییەکان و دامەزراوەکان و ئایدیاڵە زاڵەکانی کۆمەڵگەی تەقلیدی چینی. کۆنفۆشیۆسیزم هەمیشە ڕۆڵی لە کۆمەڵگەی چینیدا هەبووە، هەرچەندە لە سەردەمی ئەمڕۆدا کۆنفۆشیۆس پەیوەندییەکی ناوازەی لەگەڵ دەوڵەتی چیندا هەیە. ڕووداوەکانی ئەم دواییەی چین بۆچوونی ناکۆکیان لەسەر پەیوەندی نێوان چین و کۆنفۆشیۆس نیشانداوە، بۆ نموونە دانان و نەمانی پەیکەری کۆنفۆشیۆس و مشتومڕی کڵێسای چوفۆ. بە تێپەڕبوونی کات چین لە کۆنفۆشیۆسیزم جیابووەوە بۆ ئەوەی دەوڵەتێکی دامەزراوتر دروست بکات، بەڵام ئێستا چین کۆنفۆشیۆسیزمی لە کۆمەڵگەی چینیدا پەرەپێداوە، ئەمەش بۆ ئەوەی کۆنفۆشیۆسیزم وەک ئایینێک بخاتەڕوو کە لەگەڵ ئەجێندا سیاسی و کولتوورییەکانی دەوڵەتدا هاوتەریب بێت.(Sun 2013: 177) کۆنفۆشیۆسیزم توانای ئەوەی هەیە وەک هێمایەکی کولتووری و ئامڕازێکی سیاسی خزمەت بکات، بەڵام دوورە لە هەر ڕێکخراوێکی ئایینی ڕاستەقینە، کە دەوڵەت دەبوو مامەڵەی لەگەڵدا بکات (sun 2013). نزیکترین شت لە ڕێکخراوێکی ئایینی کۆنفۆشیۆس کە بتوانێت بە ئەگەرێکی زۆرەوە دژایەتی دەوڵەت بکات، ناسیۆنالیستە کۆنفۆشیۆسەکانن. ناسیۆنالیستە کۆنفۆشیۆسەکان هەڵوێستی خۆیان لەسەر هەردوو ڕووداوەکەی سەرەوە دەربڕیوە: دانان و نەمانی پەیکەری کۆنفۆشیۆس و مشتومڕی کڵێسای چوفۆ. جگە لەوەش کۆنفۆشیۆسیزم لە ئایینێکی تردا، کە وەک ئایینێکی مەدەنی قسەی لەسەر کراوە. پێدەچێت کۆنفۆشیۆسیزم وەک ئایینێکی مەدەنی ڕۆڵی گەورەی هەبێت بۆ “بنیاتنانەوەی ئاکاری” چین (sun 2013: 178). حکومەتی چین لە کۆنفۆشیۆسیزم وەک فەلسەفەیەک نزیک دەبێتەوە، کە ڕێگە بە حکومەت دەدات لە چوارچێوەیەکی نائایینیدا باس لە کۆنفۆشیۆسیزم بکات. بە گرنگیدان بە کۆنفۆشیۆسی فەلسەفی، ئایین وەک هێزێکی ئەخلاقی و کولتووری و سیاسی جەختی لەسەر دەکرێتەوە. ناکۆکییەکان بەردەوام دەبن لە کاتێکدا چین بیرۆکەی قاڵبدانی کۆنفۆشیۆسیزم بۆ فۆڕمێکی “کۆنفۆشیۆسی دەوڵەتی” دەکۆڵێتەوە. سیاسەتی داهاتووی چین ئەو تاکانە دڵخۆش ناکات، کە ئاواتەخوازن کۆنفۆشیۆسیزم لە دەرەوەی حکومەت بمێنێتەوە.
ئایینی هیندۆسی و ناسیۆنالیزمی هیندی
ئایینی هیندۆسی لە هیندستان ماوەیەکی زۆرە سەکۆیەک بووە بۆ سیاسەت. کارەکانی سەرۆکوەزیرانی ئێستا، نارێندرا مودی نیگەرانی گەشەسەندنی ناسیۆنالیزمی هیندۆسی دروستکردووە. ئەو بانگەشانە لە هەوڵەکانی سەرۆکوەزیران بۆ بانگەشەی هەڵبژاردنەکانی ساڵی ٢٠١٩ سەرچاوە دەگرن. مودی کە بەشێکە لە پارتی بەهاراتیا جاناتا، لەم دواییانەدا بینرا کە لە پیرۆزترین شوێنی هیندۆسی هیندستان کە زیاتر لە ٢٠ هەزار پەرستگای تێدایە، بانگەشەی هەڵبژاردنی دەکرد(Ray 2019). بڕیاری سەرۆکوەزیران بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن لە ڤاراناسییەوە تیشک دەخاتە سەر پرسی بەرزبوونەوەی ناسیۆنالیزمی هیندۆسی. جگە لەوەش مودی شتێکی کەمی کردووە بۆ وەستاندنی کردەوە توندوتیژەکانی ناسیۆنالیزمی هیندۆسی. دوو نموونە بریتین لە باندەکانی “پاراستنی مانگا” و جیاکاری لە دژی ژنان لە پەرستگاکاندا. باندەکانی “پاراستنی مانگا” بەشێکن لە هەڵمەتێکی توندوتیژ دژی بازرگانی و خواردنی ئاژەڵ. لەبەر ئەوەی مانگا لە ئایینی هیندۆسیدا وەک پیرۆز سەیر دەکرێت، ئەم باندانە ئەو تاکانەیان کوشتووە، کە بەشداری بازرگانی و خواردنی مانگا دەکەن. لە ژێر چاودێری مودیدا، باندەکان چالاکتر و ئارامتر بوون(Ray 2019). نموونەیەکی دیکە ئاژاوەگێڕییەکانی شوێنێکی گەورەی زیارەتی هیندۆسەکانە کە پەرستگای سابریمالایە. لە ساڵی ٢٠١٨ دادگای باڵا قەدەغەکردنی حەوت سەد ساڵەی چوونە ژوورەوەی ژنانی بۆ پەرستگا هەڵگرت. نوێنەرانی بی جێ پی بینران، کە ناڕەزایەتییان دەربڕی بەرامبەر بە بڕیارەکەی حکومەتی خۆیان. ناسیۆنالیزمی هیندۆسی لە سیاسەتی هیندستانی ئەمڕۆدا ئامادەیە و زیندووە. هەروەها مودی بوونی خۆی لە پەرستگاکان وەک پڕوپاگەندە بۆ هەڵمەتەکە بەکارهێناوە. مودی بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ ئایینی هیندۆسی لە ویلایەتی هیندستاندا بە پڕۆژە جێگیر دەکات.
ئایینی بودا و بودایی کۆمەڵایەتی
ئایینی بودا ئایینی جیهانی داهاتووە کە کاریگەرییەکی بەرچاوی لەسەر جیهانی ئەمڕۆ هەبووە. بە شێوەیەکی ئاسایی ئایینی بودا وەک ئایینێک هەست پێدەکرێت، کە خۆی لە سیاسەت دەپارێزێت. ئەم تێڕوانینە لەلایەن ئیان هاریسەوە لە کتێبی ئایینی بودا لە جیهانی مۆدێرن پشتڕاستکراوەتەوە، ئایینی بودا دژایەتیکردنی ڕۆحی سیاسەت بەرەوپێش دەبات((McMahan 2012. بەڵام لە سەردەمی نوێدا شوێنکەوتوانی بودایی لە سیاسەتدا هەڵوێستیان هەیە، بە شێوەیەکی بەرچاو لە باشووری ڕۆژهەڵاتی ئاسیا و تبت. سەرەڕای ڕەتکردنەوەی عەقیدەی سیاسەت، ئایینی بودا و دامەزرێنەرەکەی کاریگەرییەکی بەرچاویان لەسەر بیری سیاسی مۆدێرن هەبووە. دەوڵەتە مۆدێرنەکان لە باشووری ڕۆژهەڵاتی ئاسیا هەوڵیان داوە ئایدۆلۆژیا سیاسییەکان بە مانای بودایی بخەنە بەرباس بۆ ئەوەی دەسەڵاتی دەوڵەتی عەلمانی لە چوارچێوەیەکی بوداییدا دابنێن(McMahan 2012: 21). جگە لە ڤێتنام، دەستووری هەموو دەوڵەتانی زۆرینەی بودایی لە باشوور و باشووری ڕۆژهەڵاتی ئاسیا پەیکەرێکی تایبەتی دانپێدانانیان بە ئایینی بودا بەخشیوە. پراکتیزەکردنی بودایی بەردەوامە لە بەهێزکردنی خەیاڵی داهاتووی سیاسی لە باشووری ڕۆژهەڵاتی ئاسیا. بوداییە کۆمەڵایەتییەکان پەرەیان بە بەشداریکردنی بوداییەکان لە کێشە ناوخۆییەکان داوە. کاتێک کێشە ناوخۆییەکان لە نادادپەروەری سیاسییەوە سەرچاوە دەگرن، ئایین و سیاسەت بۆ بوداییە کۆمەڵایەتییەکان یەکدەگرنەوە. ئاونگ سان سوکی کە ناسیۆنالیزمی بودایی بەرەوپێش دەبات، ڕایگەیاندووە، “بۆرمایی بوون بریتییە لە بوداییبوون”(McMahan2012: 183). هاوپەیمانی سان سووکی لەگەڵ ئایینی بودا لە پارتە سیاسییەکەیدا دەبینرێت: کۆمەڵەی نیشتمانی بۆ دیموکراسی. بۆ ئایینێک کە دژی توندوتیژییە، بوونی ڕۆڵی ئایینی بودا لە شەڕ و بزووتنەوە چاکسازییەکان جێی مشتومڕە.
جگە لەوەش، تەنانەت ڕێکخراوە سیاسییە بوداییەکان درووستبوون. پێناچێت ئایینی بودا بەم زووانە لە کایەی سیاسیدا کاڵ بێتەوە، چونکە زۆرێک لە هاووڵاتیانی باشووری ڕۆژهەڵاتی ئاسیا لەلایەن حکومەتەوە بە سەرکوتکراوی دەمێننەوە. ئایینی بودا بەڕاستی سەکۆیەک بۆ چاکسازی کۆمەڵایەتی و سیاسی دابین دەکات.
ئایینی جولەکە و دەوڵەتی نەتەوەیی ئیسرائیل
کاریگەرترین ئایینی جیهانی داهاتوو ئایینی جولەکە. ئایینی جولەکە بە یەکێک لە کۆنترین ئایینە جیهانییەکان و ڕەگی دوو گەورەترین ئایینی جیهانی ئەمڕۆ دادەنرێت: مەسیحیەت و ئیسلام . (Prothero 2010: 247) لە کاتێکدا ئایینی جولەکە ئامڕازی گەشەسەندنی ئایینی جیهانی مۆدێرن بووە، بەڵام شوێنکەوتووانی بەردەوامن لە جێگیربوون. باوترین جێگیربوون لەسەر ئایینی جولەکە لە سەردەمی مۆدێرن لە دەوڵەتی ئیسرائیلدا هەیە.
دەوڵەتی ئیسرائیل بووەتە شوێنی زیاتر لە نیوەی دانیشتوانی جولەکەی جیهان. لەم دواییانەدا دەوڵەتی ئیسرائیل بە فەرمی خۆی وەک دەوڵەتی نەتەوەیی گەلی جولەکە لە یاسایەکی دەستووریدا بە ناوی “یاسای بنەڕەتی: ئیسرائیل: دەوڵەتی نەتەوەیی گەلی جولەکە” ڕاگەیاند. یاسای دەوڵەتی نەتەوەیی جولەکەکان بە ڕاگەیاندنی ئەوە دەست پێدەکات کە “ئیسرائیل نیشتمانی مێژوویی گەلی جولەکەکانە کە دەوڵەتی ئیسرائیل تێیدا دامەزراوە، کە جولەکەکان تێیدا مافی سروشتی و ئایینی و مێژوویی خۆیان بۆ دیاریکردنی چارەنووس بەدی دێنن”(Harkov 2018: 32) یاساکە بەردەوامە بە ڕاگەیاندنی پشووەکانی جولەکەکان وەک ڕۆژانی پشوو فەرمی و ئاماژەدان بە پابەندبوونی بەردەوامی ئیسرائیل بە پشتگیریکردنی جولەکەکان لە سەرانسەری جیهان. لە کاتێکدا یاساکە ناسیۆنالیزمی جولەکەکانی بەهێزتر کرد، گرووپە کەمینەکان لە ئیسرائیل نیگەرانی خۆیان سەبارەت بەو پڕۆژە یاسایە نوێیە دەربڕی. لە چوارچێوەی پڕۆژە یاساکەدا زمانی عیبری وەک زمانی فەرمی دەوڵەت ناوزەد کراوە، زمانی عەرەبیش “پێگەی تایبەتی” هەیە.
کردنی زمانی عیبری بە زمانی فەرمی ڕۆڵی گەلی جولەکە لە ئیسرائیل زیاتر دەکات. بەڵام ئارگیومێنتەکان باس لەوە دەکەن، کە دەوڵەت مافی گرووپە کەمینەکانی ئیسرائیل پێشێل ناکات. بە فەرمی یاساکە هیچ ئیمتیازێکی تاکەکەسی بۆ ئیسرائیلییە جولەکەکان زیاد ناکات، یان ماف لە کەمینەکان ناسەنێتەوە، بەڵام بە ڕەهایی گەلی جولەکەکان وەکو جێگەی سەرنجی ئەجێنداکانی دەوڵەت دادەنێت. گەورەترین نیگەرانی لە ئیسرائیلییە عەرەبەکانەوە دێت. بۆ هەندێک کەس ململانێیەکە ئەوەندە فراوانە کە داوای دوو چارەسەری دەکات. چارەسەری دوو دەوڵەتی بریتییە لە دروستکردنی دەوڵەتێکی سەربەخۆ بۆ فەلەستینییەکان و دەوڵەتێکی سەربەخۆ بۆ جولەکەکان. بەهێزترین ئارگیومێنت بۆ دوو دەوڵەتی سەربەخۆ ئەو بیرۆکەیە کە ئەگەر جولەکە و فەلەستینییەکان جیا نەبنەوە، زۆرینەی عەرەب دەستی بەسەردا دەگرێت، ئەمەش بەو مانایە دێت کە ئیسرائیل بەدیموکراسی نابێت(Harkov 2018: 35)، هێشتا ململانێ لە مڕۆدا لەسەر ئەم مەسەلەیە ماوە.
تائۆیزم و ئاسایشی جیهانی
دواجار باس لە تائۆیزم و ئاسایشی جیهانی دەکرێت. ئاسایشی جیهانی ئاماژەیە بۆ بەرەوپێشبردن و پاراستنی سەروەری دەوڵەت بە ڕێگەی سەربازی و دیپلۆماسی. ئەم لایەنە ڕۆڵی هەیە لە سیاسەتدا، بەتایبەتی کاتێک سەرباز دەوڵەت کۆنترۆڵ دەکات. سەرەڕای ئەوەش، ئاسایشی جیهانی ئاماژەیە بۆ خۆشگوزەرانی تاکەکان، کۆمپانیاکان، بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان، چینە کۆمەڵایەتییەکان، غەیرە سپیپێستەکان، کرێکاران، ژنان، گەلانی ڕەسەن، هەژاران، دوای کۆلۆنیالیزمەکان و ئیکۆسیستم لەخۆ دەگرێت(Pettman 2005: 61) . لە کاتێکدا ئاسایشی جیهانی ناتوانرێت لە چوارچێوەیەکی پیرۆزدا بخوێنرێتەوە، بەڵام تائۆیزم ڕێنماییەکان سەبارەت بە چۆنێتی جێبەجێکردنی ئاسایشی جیهانی پێشکەش دەکات. زانایانی وەک ستیڤن لوکاشێڤیچ و چاد هانسن تائۆیزم بەم شێوەیە پێناسە دەکەن کە “سیستمێکی بەرزی پێکهاتەدار بۆ دوورکەوتنەوە لە ئازار” و “تاکەکان دەستیان دەگاتە ناوەوە بۆ ئەوەی هەندێک تێڕوانینێکی بنەڕەتی سەبارەت بە گەردوون وەربگرن” (Pettman 2005: 66) . وا دەبینرێت تائۆیزم کە توانایەکی تایبەت بۆ ژیانکردن بەرەوپێش ببات. ئەو لێهاتووییە بۆ ژیان بە شێوەیەک کە وەڵامە خۆئاگاکان جێگەی ئەو وەڵامانە دەگرێتەوە کە لانیکەم هەست بە “پێکهاتەی سروشتی شتەکان” دەکەن . تائۆیزم ڕوانگەیەکی بەدیل بۆ عەقڵانیزم دەڕەخسێنێت. بە پەیڕەوکردنی بیروباوەڕی تائۆیزم، سەرکردەکان بۆ باشترکردنی کایەی سیاسی دەتوانن بە شێوەیەکی سروشتی بڕیار بدەن.
ئەنجام
دوای لێکۆڵینەوە لە نموونە تایبەتەکان لە حەوت ئایینی سەرەکیدا، پەیوەندی نێوان ئایین و سیاسەت لە سەردەمی جیهانگیری ئەمڕۆدا ڕوون دەبێتەوە. ئایین دەسەڵاتی ئەوەی هەیە کە کاریگەری لەسەر چۆنێتی مامەڵەکردنی مرۆڤەکان لە ڕووی سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتییەوە هەبێت. سەرنجی ئەم توێژینەوەیە ئەوەیە کە نیشان بدات کە ئایین دەتوانێت لە سیاسەتی مۆدێرندا چەندە بەهێز بێت.
ئایین ناسێنەرێکە کە مرۆڤەکان بە تاکەکانی دیکەی کۆمەڵگەی دەوروبەریانەوە دەبەستێتەوە، مرۆڤ بە تاکەکانی دەرەوەی سنوورەکان، بە باوباپیرانیان و بە جیهانێکی خەیاڵی و بوونگەرایی دەناسێنێت. سیاسەت بریتییە لە چالاکیی حکومەت، لەوانە حکومەتە نیشتمانییەکان، ڕێکخراوە سیاسییە جیهانییەکان و هەروەها ڕژێمە سەربازییەکان و ئەکتەرە ناحکومییەکان. لە کۆتاییدا، جیهانگیری ئەو پرۆسەیەیە کە مرۆڤ و بیرۆکە و کاڵاکان لە سەرانسەری جیهاندا بڵاودەبنەوە، ئەمەش کارلێک و یەکگرتنی زیاتر لە نێوان کولتوور و حکومەتەکانی جیهاندا دروست دەکات. لەگەڵ تێکەڵبوونی جیهانگیری و ئایین، ئایینەکان کاریگەرییان لەسەر سیستمی سیاسی، چ جیهانی و چ لۆکاڵی زیاتر کردووە. هەشت ئایینی جیهانی وەک لەلایەن ستیڤن پرۆتێرۆ لە کتێبی “خودایەک بوونی نییە” دەستنیشان کراوە: هەشت ئایینی ڕکابەر کە جیهان بە ڕێکوپێکی کاریگەری بەڕێوەدەبەن بریتین لە ئیسلام، مەسیحی، کۆنفۆشیۆس، هیندۆسی، بودا، ئایینی یۆرۆبا، جولەکە و تائۆیزم. هەموو ئەم ئایینانە جگە لە ئایینی یۆرۆبا، بۆ پیشاندانی کارلێکی نێوان ئایینە سیاسی و جیهانییەکان بەکارهێنران. بە بڕوای پرۆتێرۆ هەر ئایینێک دەستنیشانکردنی کێشەی مرۆڤ و ڕەچەتەی تایبەتی خۆی بۆ چارەسەرکردن پێشکەش دەکات. ئەم چارەسەرانە لە مانای ئایینی خۆیان دەرهێنراون و لە سیاسەتدا جێبەجێ دەکرێن بۆ ئەوەی جیهانێکی گۆڕاو باشتر بەڕێوەببەن. جیهانگیریی سیاسی و هاووڵاتیانی جیهانی زیاتر کارئاسانی بۆ کارلێکی ئایینە جیهانییەکان لە سیاسەتی جیهانیدا کردووە. ئایین وەک ئامڕازێک بەکاردێت نەک سیستمی بیروباوەڕ. ئامڕازەکە بە چەندین شێوە بەکاردەهێنرێت لە گۆڕانکاری کۆمەڵایەتییەوە تا پێشکەوتنی سیاسی. لە سەردەمی ئەمڕۆدا ئەستەمە ئایین لە سیاسەت و جیهانگیری لە ئایین جیا بکرێتەوە. پەیوەندی نێوان ئایین و سیاسەت بەردەوام دەبێت لە گۆڕانکاری لەگەڵ هاتنی سەردەمی جیهانگیری. بە گشتی جیهانگیری بۆ ئایین و سیاسەت گرنگە، چونکە ڕێگە بە گەشەکردن و ئازادی زیاتر دەدات. نموونە لە سەرانسەری حەوت ئایینی جیاوازی جیهانیدا لێدوانەکەی سویرێنگایان دووپات کردووەتەوە کە “خەڵک لە ڕووی سیاسی، ئابووری و کۆمەڵایەتییەوە بە پێی بیروباوەڕی کۆتایی خۆیان مامەڵە دەکەن” (Wald 2018: 39).
سەرچاوەکان
Aderibigbe, I. S., & Medine, C. M. J. (2015). Contemporary Perspectives on Religions in Africa and the African Diaspora. Palgrave MacMillan.
Campbell, P. J., et al. (2010). An Introduction to Global Studies. United Kingdom: Wiley Blackwell.
Harkov, L. (2018). The Jewish State Declares Itself a Jewish State: …and everybody goes crazy. Commentary. Retrieved from http://search.ebscohost.com.ezproxy.mtsu. edu/login.aspx?direct=true&db=edsglr&AN= dsgcl.554042948&site=eds-live&- scope=site.
“9/11 Attacks.” (2010). History.com. Retrieved from https://www.history.com/topics/21st century/9-11-attacks.
Ichikawa, A. (1979). Compassionate Politics: Buddhist Concepts as Political Guide. Journal of Church and State, 21(2), 247-263.
Marranci, G. (Ed.). (2014). Studying Islam in Practice. Routledge. McMahan, D. L. (Ed.). (2012). Buddhism in the Modern World. Routledge.
Pettman, R. (2005). Taoism and the concept of global security. International Relations of the Asia-Pacific, 5(1), 59-83.
Prothero, S. R. (2010). God Is Not One: 7e Eight Rival Religions 7at Run the World.
HarperCollins.
Ray, S. (2019, April 30). Hindu Nationalism Is Reshaping Indian Politics. Can It Propel Modi to Another Victory? World Politics Review. Retrieved from https://www. worldpoliticsreview.com/articles/27802/hindu-nationalism-is-reshaping Indian-politics-can-it-propel-modi-to-another-victory.
Sanneh, L. O. (2008). Disciples of All Nations: Pillars of World Christianity. Oxford University Press.
Schonthal, B. (2016). Legal Battles for Buddhism. In Buddhism, Politics and the Limits of Law: 7e Pyrrhic Constitutionalism of Sri Lanka (pp. 149-187). Cambridge University Press.
Sterri, A. B. (2014). Global Citizen—Challenges and Responsibility in an Interconnected World.
Sun, A. X. D. (2013). Confucianism as a world religion. [electronic resource]: contested histories and contemporary realities. Princeton University Press.
Wald, K. D., & Calhoun-Brown, A. (2018). Religion and politics in the United States. Rowman & Littlefield.
Why Trump Should Get the Christian Vote. (2016, November 5). Capitol Ministries. Retrieved from https://capmin.org/resources/ministry-updates/trump-get-chris- tian-vote/.
كوردی

